هاوڵاتی ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستان رایگەیاند:" له‌داهاتودا هیچ پیاوو ژنێکی نەجیب جورئەتی ئەوەناکات بێتە ناو ئەم پەرلەمانە"، ده‌شڵێت:"ئه‌وه‌ى ڕویدا به‌شێكه‌ له‌پیلانى نائومێدكردنى خه‌ڵكى كوردستان". ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌دانیشتنى ئه‌مڕۆى په‌رله‌ماندا ڕایگه‌یاند، "ده‌بوایه‌ ئه‌م په‌رله‌مانه‌ پڕبوایه‌ له‌دادوه‌ره‌كانى كوردستان، دواتر ئه‌وه‌ى ڕویدا به‌شێكه‌ له‌پیلانى نائومێدكردنى خه‌ڵكى كوردستان". جه‌ختده‌كاته‌وه‌، لەداهاتودا هیچ پیاوو ژنێکی نەجیب جورئەتی ئەوەناکات بێتە ناو ئەم پەرلەمانە". ئه‌و ئه‌ندامه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان له‌كاردانه‌وه‌ به‌قسه‌كانى دوێنێى جه‌لال په‌رێشان وتى:"کەس حورمەت‌و کەرامەت‌و شکۆی خۆی لێ زیاد نییە بێ حورمەتی  پێبکرێت".

 هاوڵاتی  یانەی برایەتی کە یانەیەکە لە خولی کوردستان یاری دەکەن، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و دەستەی کارگێڕی یانەکە هەڵبژاردنی ئەنجامدا، لە هەڵبژاردنەشدا وه‌زیرێكی حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان بوو بە سه‌رۆكی یانه‌یه‌كە. ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی تشرینی یەکەمی 2021 هه‌ڵبژاردنی یانه‌ی وه‌رزشی برایه‌تی ئه‌نجامدرا و تێیدا به‌ شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو دكتۆر دارا ره‌شید، وه‌زیری پلاندانان له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ سه‌رۆكی یانه‌كه‌ هه‌ڵبژێردراو دەستەی کارگێڕی یانەکەش دیاری کران.  جێی ئاماژەیە، هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتیی لیژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن دوێنێ سێشه‌م له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، كه‌ ده‌سته‌ی نوێ و هه‌ڵبژێردراوی یانه‌ی برایه‌تی به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ڵبژێردران: 1- دکتۆر دارا ڕەشید (71) دەنگ  2- هەڵمەت عەبدولرەزاق (71 )دەنگ  3- دارا عەزیز (71) دەنگ  4- ڕامان ڕەشید (67 )دەنگ  5- فاروق خزر (65 )دەنگ  6- دەرباز حەیدەر (53 )دەنگ  7-  دەران غازی( 51 )دەنگ. یانه‌ی وەرزشی برایه‌تی یه‌كێكه‌ له‌ یانه‌ ناوداره‌كانی كوردستان و ساڵی 1984 له‌ هه‌ولێر دامه‌زراوه‌. یانه‌كه‌ وه‌رزی رابردووی بووه‌ پاڵه‌وانی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان.

 هاوڵاتی  جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی لەهەولێر ئەوە ئاشكرا دەكات كە بەم نزیكانە كۆبوونەوەی لوتكە لەنێوان هەردوو هاوسەرۆكی یەكێتی ئەنجامدەدرێت، دەشڵێت:» ئێستا لەناو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی دوای دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئەوە روونبووەتەوە كە پاشەكشەی یەكێتی بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانەوە بووە». رەشاد گەڵاڵی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 3ی یەكێتی لەهەولێر لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی  وت:» تەسەور دەكەین لەماوەیەكی نزیكدا كە رەنگە لەماوەی 72 كاتژمێری داهاتوودا بێت هەردوو هاوسەرۆك كاك بافڵ تاڵەبانی و كاك لاهور شێخ جەنگی كۆبوونەوە ئەنجامبدەن، ئەگەر شتی دیكە روونەدات ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجامدەدرێت». ناوبراو وتیشی:» دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كە یەكێتی هەم بەدەنگ و هەم بەكورسی پاشەكشەی كردووە، ئەوەتا كاك شاڵاو عەلی عەسكەری و كاك فەرید ئەسەسەردیش باسی ئەوەیان كردووە ئەگەر یەكێتی كێشەی ناوخۆیی نەبوایە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەم شێوەیە نەدەبوو كورسییەكان و ژمارەی دەنگەكانی یەكێتیش زۆر زیاتر دەبوو». رەشاد گەڵاڵی ئەوەشی دووپاتكردەوە یەكێتی كەهاوپەیمانێتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەبووە، ئەگەر كێشە ناوخۆییەكانی نەبوایە 25 بۆ 26 كورسی بەدەستدەهێناو 150 هەزار دەنگیش زیاتری بەدەستدەهێنا، وتیشی:» ئێستا لەناو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی تەسەورێك دروست بووە كە پاشەكشەی یەكێتی بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانەوە بووە، بۆیە كۆبوونەوەی هەردوو هاوسەرۆك خاڵێكی ئیجابیە بەئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان». بەرپرسەكەی یەكێتی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە جارێ نازانرێت كۆبوونەوەی هەردوو هاوسەرۆك دەرئەنجامەكەی چی دەبێت، بەڵام ئەوە بۆ یەكێتی و هەموو لایەك روونبووەتەوە كە كێشە ناوخۆییەكان زیانی گەورەی بەیەكێتی گەیاندووە.  

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند:"لە شاری سلێمانی لە ماوەی مانگێكدا 256 حاڵەتی سوتاوی تۆماركراوە، هەر لە ماوەی مانگی ڕابردوودا 1180 نەخۆش سەردانی بەشی ڕاوێژكاری نەخۆشخانەی سوتاوی و نەشتەرگەری جوانكاریان کردووە". ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی تشرینی یەکەمی 2021، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردووە، "بەپێی ئامارێكی بەرێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی لەماوەی مانگی ڕابردوودا لە نەخۆشخانەی سووتاوی و نەشتەرگەری جوانكاری ئیمێرجنسی لەشاری سلێمانی 256 حاڵەتی سووتاوی تۆماركراوە و  چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە". ئەوەشخراوەتەڕوو، 182 نەشتەرگەری گەورە و سەرووگەورە ئەنجام دراوە، هەروەها 4475 پشكنینی تاقیگەیی و 282 چارەسەری سروشتی لەو نەخۆشخانەیە ئەنجام دراو". ئاماژەی بەوەشکرد "لە ماوەی مانگی ڕابردوودا 1180 نەخۆش سەردانی بەشی راوێژكاری نەخۆشخانەی سووتاوی و نەشتەرگەری جوانكاری یان كردووە. 

  هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی رایگەیاند:" سبەینێ لە ماوەت و شارباژێڕ دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێت". ​ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 27ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی رایگەیاند: بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە، نەوت لە قەزاکانی شارباژێڕ و ماوەت دابەشبکرێت و لەبارەی نرخەکەشییەوە ئاماژەی بەوەکردووە، نرخەکەی بۆ 200 لیتر 55 هەزار دینار دەبێت. ماوەی چەند رۆژێکە حکومەتی هەرێم دەستی بە دابەشکردنی نەوتی سپی کردووە و لە ناوچە ساردەکانەوە دەستی پێکردووە، وەک دەڵێن، بەردەوام دەبن. ساڵی رابردوو تەنها چەند مەڵبەندێک نەوتی سپییان وەرگرت و نەوت نەدرا بە هەموو مەڵبەندەکان، هاوڵاتیان ناچاربوون سەرەڕای سەختی دۆخی دارایی و نەبوون و دواکەوتنی موچە؛ خۆیان بە نرخێکی بەرز "کە لە هەندێک شوێن بۆ بەرمیلێک (200 لیتر) دەگەیشتە 150 هەزار نەوت بکڕن.

هاوڵاتی راوێژكاری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ئێستا جیهان تەنیا لە ئەمریکا، روسیا و چین پێکنایەت، ئێستا ئێران و تورکیا گرنگن. عێراق و هەرێمی کوردستانیش گرنگن. ئێستا بووەتە ئاراستەیەکی ئاسۆیی کە هەموو وڵاتان دەگرێتەوە. ئێستا هەرێمی کوردستان خۆی لایەنێکە، کێ دەتوانێت ئەم لایەنە رەتبکاتەوە؟ ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 27ی تشرینی یه‌كه‌می 2021،  لە پانێلێکدا لە رۆژی دووەمی دیداری مێری کە لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت، سەید كازم سەجادپوور، راوێژكاری وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوە کرد، لەبارەی وڵاتەکەیەوە دەوترێت ئێران جێگەی مەترسییە و دەبێت هۆشیاربن و ئەوانە دەیانەوێت دەستبەسەر ناوچەکەدا بگرن، لەوبارەیەوە وتی، "ئەمانە هەڵەن و پێویستە رەتبکرێنەوە". سەجادپوور دەڵێت، "نزیکەی 50 دراوسێمان هەن، ئێمە دراوسێی عەرەبەکانین، بەڵام عەرەب نین. من کە خواردنی عەرەبی و کوردی دەخۆم هەست بەوە دەکەم کە هاوبەشییەکمان هەیە، راستە جیاوازین، بەڵام هاوبەشییەکی زمانەوانی و کولتووری و میراتیمان پێکەوە هەیە". لە بەردەوامیی قسەکانیدا راوێژكارەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەی خستەڕوو، "ئێستا جیهان تەنیا لە ئەمریکا، روسیا و چین پێکنایەت، ئێستا ئێران و تورکیا گرنگن. عێراق و هەرێمی کوردستانیش گرنگن. ئێستا بووەتە ئاراستەیەکی ئاسۆیی کە هەموو وڵاتان دەگرێتەوە. ئێستا هەرێمی کوردستان خۆی لایەنێکە، کێ دەتوانێت ئەم لایەنە رەتبکاتەوە؟" لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیاوە، سەید كازم سەجادپوور باسی لەوە کرد، "پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێران زۆر لایەن دەگرێتەوە، ئێمە ناکۆکیمان هەیە، بەڵام پێکەوە کارکردنی زیاتریشمان هەیە، کە چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانەش ئاسانتر دەکەن. لەگەڵ عێراقیش هەمان شتمان هەیە". راوێژكارەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی زۆر رێز لە عێراق دەگرێت و لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقیشەوە گوتی، "هەندێک کەس دەڵێن ئێرانییەکان یان تورکیا شکستیانهێنا لە ‌هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێموایە ئەم کەمکردنەوەیە لە توانای عێراق زۆر هەڵەیە. سەرکەوتن و سەقامگیریی عێراق گرنگە، ئەگەر هەڵوێستی جیاوازیشمان هەبێت، هەموو ئێرانییەکان رێز لە عێراق دەگرن و هەر ئەنجامێکی هەڵبژاردنەکان دەبێت عێراقییەکان خۆیان بزانن چۆن قسەی لەسەر دەکەن". سەبارەت بە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و ئێرانیش ئەو بەرپرسەی ئێران ئەوەی خستەڕوو، "پەیوەندیی نێوان ئێران و کورد زۆر قووڵە، پێموایە ئێمە هاوڕێی یەکدین و لە کاتی پێویستیشدا بەهانای یەکترەوە چووین، لە مێژوو و لە ئەمڕۆشدا، بەتایبەت کاردانەوەی ئێران دژی کردەوەکانی رژێمی بەعس بەرامبەر بە کورد، هەروەها ئەو سزا نادادپەروەرانەی بەسەر ئێراندا سەپێندراون، هەڵوێستی کورد زۆر هاوسۆزانە بوو بەرامبەر ئێران، ئەو پەیوەندییانە رەنگدانەوەی دۆستانە بوو، پێموایە هیچ شتێک ناتوانێت زیان بەم پەیوەندییە ریشەییە بگەیێنێت". سەید كازم سەجادپوور باسی لەوە کرد، ئەوەی ئەمریکا لەم ناوچەیە ئەنجامی دەدات "رەنگە بە دڵی کولتووری کوردیش نەبێت". گوتیشی، ئەو زیانەی ئەمریکا لە ئەفغانستان کردی، "زۆر گەورە بوو"، ئەوان وڵاتەکەیان وێرانکرد و جێیانهێشت.

ئارا ئیبراهیم پرسی كاندیدی سەرۆك كۆمارو پارێزگاری كەركوك لەناو پارتی و یەكێتی گفتوگۆی چڕی لەسەر دەكرێت و هەر لایەنەو كاندیدی خۆی بۆ دیاری كردووە، بەڵام هێشتا رێككەوتنیان لەسەر نەكردووە. لەساڵی 2005 لەو كاتەی جەلال تاڵەبانی بووەتە سەرۆكی كۆماری عێراق، پارتی پۆستی سەرۆكی هەرێمی وەرگرتووەو تائێستاش دوای كۆچی مام جەلال بەو شێوەیە بووە، بەڵام دوای دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كە پارتی 33 كورسی بەدەستهێناوەو یەكێتی 16 كورسی بەدەستهێناوە، هەوڵێك لەنێو پارتی لەئارادایە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار. سەرچاوەیەكی باڵای پارتی كەتایبەت بۆ هاوڵاتی دوا ئەوەی راگەیاند كە پارتی كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دیاری كردووەو ناوەكەشی ئاشكرا دەكات. سەرچاوەكەی ناو پارتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلایكردووەتەوەو كاك وشیار زێباری دیاری كردووە». هەروەها باسی لەوەشكرد كە پارتی دەیەوێت كاندیدی سەرۆك كۆمار ببات، بەڵام لەنێوان پارتی و یەكێتی گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، وتیشی:» لەناو یەكێتی مەلا بەختیارو عەدنان موفتی كاندیدن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار». هەروەها ئەو بەرپرسەی ناو پارتی وتیشی:»ئەگەر مەلا بەختیار لای یەكێتی مەقبول بێت ئەوا لەناو پارتیش كەسێكە مەقبولە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار». هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە ئەگەر یەكێتی جەخت لەپۆستی سەرۆك كۆمار بكاتەوە، ئەوكات پۆستی پارێزگاری كەركوك دەبێت بۆ پارتی بێت، وتیشی:» رێبوار تاڵەبانی یەكێكە لەكاندیدەكانی پارێزگاری كەركوك، بەڵام لەوانەیە لای یەكێتی مەقبول نەبێت و پێی رازی نەبێت، یەكێتی گلەیی زۆریان لێی هەیەو لەناوچەوانی ئەوی دەزانن كە دوای 16ی ئۆكتۆبەر نەچووە ژێر داواكارییەكانی یەكێتی و دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا بكات، یەكێتیش رێبوار تاڵەبانی لەسەر پارتی حساب دەكات». سەرچاوەكەی ناو پارتی ئەوەشی خستەڕوو كە یەكێكی دیكە لەكاندیدەكانی پارێزگاری كەركوك فەرەیدون عەبدولقادر، كەسێكی مەقبولە لای یەكێتیش، وتیشی:» فەرەیدون عەبدولقادر بژاردە بەهێزەكە دەبێت و یەكێكە لەدامەزرێنەرانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و یەكێكە لەدامەزرێنەرانی یەكێتیش كەسێكە زۆر نزیك بووە لە مام جەلال و هەموو ژیانی لەكەركوك بووەو خەڵكی ناو پێكهاتەكانی كەركوك باش دەناسێت». فەرەیدون عەبدولقادر لەساڵی 2004 لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان هاتۆتە دەرەوەو وەك كەسێكی بێلایەن خۆی دەناسێنێت. بەرپرسەكەی پارتی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە یەكێك لەو خاڵانەی كورد لەگەڵ لایەنی پێكهێنەری داهاتووی حكومەتی عێراق باسی دەكات ئەوەیە كە «وەرگرتنەوەی پارێزگاری كەركوك لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق ئەنجامبدرێت». بەرپرسەكەی پارتی پێشیوابوو ئەگەر سەرۆك كۆمار بۆ پارتی بێت، ئەوكات پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك مەرجی دەبێت بۆ كاندیدەكەی یەكێتی كە «بەشدارینەكردبێت لە 16ی ئۆكتۆبەردا»، ئەوكات ئامادەیە پشتیوانی لێ بكات. هاوڵاتی پەیوەندی کرد بەچەند ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتییەوە، یەکێک لەو ئەندامانەی سەرکردایەتی کە نەیویست ناوی بهێنرێت لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارو پۆستی پارێزگاری كەركوكەوە بەهاوڵاتی وت: »پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەرانبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمدا لەنێوان پارتی و یەكێتیدا دابەشكراوە، بۆیە ئەگەر پارتی پۆستی سەرۆك كۆماری دەوێت، دەبێت پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ یەكێتی بێت». هەروەها لەبارەی كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، جەختی لەوەكردەوە كە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی ئەوەی راگەیاندووە كە تاكە كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار»بەرهەم ساڵح» دەبێت، وتیشی:» هەندێ ناوی دیكە باس دەكرێت بەڵام پێویستی بەگفتوگۆو دانوساندنە لەنێوان كورد خۆیدا». دەربارەی پرسی پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەوەی دووپاتكردەوە كە پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی دەبێت، وتیشی: »خالید شوانی یەکێکە لەکاندیدە بەهێزەکانی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک، بەڵام ئاساییە یەكێتی و پارتی گفتوگۆ بكەن و رێكبكەون لەسەر كاندیدێك، بەڵام دواجار دەبێت پارێزگار یەكێتی بێت». هاوكات، رەشاد گەڵاڵی جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی لەهەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» پارتی حەق نییە باسی پۆستی سەرۆك كۆمار بكات، چونكە ئەو پۆستە بەرانبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، ئاساییە یەكێتی تەنازول لەپۆستی سەرۆك كۆمار بكات تا سەرۆكی هەرێم وەربگرێت». رەشاد گەڵاڵی پێشیوابوو كە پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەرانبەر پۆستی پارێزگاری كەركوكدا نییە بۆ پارتی، وتیشی:» یەكێتی پێشتر هەوڵیداوە كە پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرێت».  «یەكێتی هیچ كات تەنازول لەپۆستی پارێزگاری كەركوك ناكات، چونكە دەزانین داواكاری پارتی بۆ ئەو پۆستە داوای توركیایە كە عەرەب و توركمانەكانی كەركوكیش لەگەڵیدان»، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی وای وت. رەشاد گەڵاڵی جەختی لەوەشكردەوە كە «رێبوار تاڵەبانی و فەرەیدون عەبدولقادر بوونەتە پارتی و هەردووكیان راوێژكارن لەناو حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمدا».

  هاوڵاتی  سەرۆك وەزیرانی عیراق  رایگەیاند: " تا ئەوان دەستیان بچێتە خوێنی بێتاوانەكان، سورتر دەبین لەسەر بنەبڕكردنیان. مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق له‌ تویتێكدا له‌ تویته‌ری خۆی رایگەیاندوە: "تیرۆریستان ئێمەیان بە كردەوە تاقی كردووەتەوە، پابەندین بەوەی سوێندمان لەسەر خواردووە و كێوماڵیان دەكەین بۆ هەركوێ بڕۆن چ لە ناوەوە یان دەروەی عیراق، تاوانەكەی میقدادییە بەبێ تۆڵە تێناپەڕێت".جەختیكردوەتەوە:" تا ئەوان دەستیان بچێتە خوێنی بێتاوانەكان، سورتر دەبین لەسەر بنەبڕكردنیان". شەوی رابردوو چەکدارانی داعش هێرشێکی چەکدارییان بۆسەر گوندێکی دیالە ئەنجامدا و بەهۆیەوە، 15 كەس برینداربوون.  

هاوڵاتی سەرۆکی گشتی جەهەپە رایگەیاند :"لەگەڵ سوریا شەڕ ناکەین، بەڵکو ئاشت دەبینەوە. باڵیۆزخانە لای یەکدی دەکەینەوە. ئاشتی لە سوریا بەرقەرار دەکەین، هەروەها تورکیا، سوریا، عێراق و ئێران. لەگەڵ هەموو دراوسێکانماندا ئاشتدەبینەوە". کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە رەخنەی لە سیاسەتی تورکیا لە سوریا گرت، روی دەمی کردە ئەردۆغان و وتی:"کاتێک روسیا 33 سەربازی تورکیای کوشت تۆ چیت کرد؟ لەجیاتی ئەوەی پوتین بێتە تورکیا، تۆ چویتە دەوێ. هاوکات بە ئەردۆغانی وت؛ بیلالی کوڕت بنێرە، نەک کوڕی هەژار! سەرۆکی گشتی جەهەپە دەشڵێت "ئێمە نامانەوی هیچ سەرباز و پۆلیسیکمان لە سوریا شەهید بێت. پۆلیس و سەربازمان چووە سوریا. دەڵێ بەرەنگاربوونەوە! بەرەنگاربونەوەی چی براکەم؟ تا ئاشتی هەبێت بۆ شەڕ بکەین؟" لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی جەهەپە، عومەر چەلیک، وتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند کە ئەو ئیرادەیەی ئەوان لە پەرلەمان نیشانیانداوە، رێگریی لە دروستبونی دەوڵەت لە باشوری تورکیا کردووە، چەلیک ئاماژەشیکردووە کە ئەوان لەڕێی ئەم هەڵوێستەیان رێگری لە پەکەکە و داعش دەکەن. هاوسەرۆکی هەدەپە لە کۆبونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان وتی؛ ئەم پرۆژەبڕیارە دووژمنایەتیکردنی کوردە و هاوکات پرۆژەبڕیاری رۆیشتنی ئەم دەسەڵاتەی ئێستای تورکیایە.  پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند "دەسەڵات کە هەموو جارێک ماوەی یەک ساڵ مانەوەی سەربازان لە عێراق و سوریا درێژدەکردەوە، ئەمجارە دەیەوێ ماوەکە بکاتە دوو ساڵ. ئەمە بەو مانایە دێ دەسەڵات نیگەرانە لە مان یان نەمانی فراکسیۆنی ئاکپارتی و نیگەرانیشە لەوەی دوای ساڵێکی دیکە ناتوانێت دەنگ لە پەرلەمان کۆبکاتەوە. خۆشیان لێیان روونە کە دەڕۆن". پرۆژە بڕیاری ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا ساڵی 2013 لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە پەسندکرا و تاوەکو ئێستا شەش جار دریژکراوەتەوە.

هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "هێرشە جارێکی دیکە "جەختدەکاتەوە لەسەر پێویستی پێکەوە وەستانمان بە بەهێزی بۆ پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکانمان لەدژی ئەم هەڕەشەیە کە هێشتا دەمانکاتە ئامانج". ​ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 27ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە تویتێکدا بە زمانی عەرەبی، رایگەیاند :"بە تووندترین دەستەواژەکان سەرکۆنەی هێرشە خوێناوییە تاوانکارەکەی داعش دەکەین بۆسەر کەسوکارمان لە دیالە". نێچیرڤان بارزانی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو هێرشە جارێکی دیکە "جەختدەکاتەوە لەسەر پێویستی پێکەوە وەستانمان بە بەهێزی بۆ پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکانمان لەدژی ئەم هەڕەشەیە کە هێشتا دەمانکاتە ئامانج". سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "رەحمەت بۆ شەهیدەکان و چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانمان. دڵمان لەگەڵ کەسوکارمانە لە شارەبان، هاوبەشی کۆستە بەئازارەکەیانین". شەوی رابردوو، ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیان کردەسەر گوندی قەزای شارەبانی سەر بە پارێزگای دیالە، کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری بەغدا بە دووری 90 کیلۆمەتر.لە هێرشەکەدا 11 کەس کوژران.

  هاوڵاتی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم ئه‌مڕۆ كۆده‌بێته‌وه‌و له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا سێ ته‌وه‌ر باس ده‌كرێت یه‌كێكیان گرانبونى سوته‌مه‌نى و هه‌وڵه‌كانى حكومه‌ته‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى. ​ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 27ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، فه‌رمانگه‌ى میدیاو زانیارى حكومه‌تى هه‌رێم ڕاگه‌یه‌ندراوێكى له‌باره‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌ بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات. لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ: یەکەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی کارەبا سەبارەت بە هەنگاو و پڕۆژەکانی وەزارەت لە بواری ڕێکخستنەوەی کەرتی کارەبای نیشتیمانی لە هەرێمی کوردستان (بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکان)، و پڕۆژەی تایبەت بە هاوبەشیپێکردنی کەرتی تایبەت لە قۆناغەکانی دابەشکردن و گواستنەوەی کارەبا و کۆکردنەوەی داهاتی کارەبا.  دووەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە دوا ئامارەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم و ڕێژەی کوتانی هاووڵاتیان بە ڤاکسین بە تایبەتیش فەرمانبەران و مامۆستایان، لەگەڵ خستنەڕووی بڕیارەکانی دوا کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا. سێیەم: خستنەڕووی بابەتی گرانبوونی نرخی سووتەمەنییەکان لە هەرێمی کوردستان و دوا هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروسشتییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ لەم بوارە. هه‌وڵه‌كانى حكومه‌ت له‌ ڕابردوو بۆ چاره‌سه‌رى دۆخى سوته‌مه‌نى ته‌نها له‌ڕێگه‌ى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق بوه‌و داواكراوه‌ به‌غدا ڕێژه‌یه‌ك به‌نزین هه‌نارده‌ى هه‌رێم بكات

هاوڵاتی یوسف محەمەد، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند:" بەهۆی دیزاینكردنی بازنەکانی ھەڵبژاردن و ژمارەی کورسیی ھەر بازنەیەک لەلایەن سەدر و پارتی و تەقەدوم، كە دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتی لیژنەی یاسایی لە نوێنەرانی ئەم سێ ھێزە پێکھاتبون، توانیان ژمارەی زۆری كورسی بەو تەكنیكە ببنەوە. ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 26ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، لە نوسینێكدا كە لە پەیجی خۆی بڵاویكردووەتەوە، یوسف محەمەد، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ناونیشانی "دیزاینی بازنەکانی ھەڵبژاردن بە دڵخوازی سێ لایەن" نوسیویەتی: دەرئەنجامی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ١٠/ ١٠ی عێراق تا ئێستاش مشتومڕی زۆری لەسەرە و، باس لە ژمارەیەک ھۆکار دەکرێ بۆ ناھاوسەنگیی دەرەنجامەکان و، لەوانەش فەرامۆش کردنی تەکنیکی گونجاوی ھەڵبژاردن لەگەڵ سیستمی نوێی ھەڵبژاردن، کە ھەمو ئەو ھۆکارانە راستییان تێدایە. باس لە ھۆکارێکی گرنگی تری سەرنج نەدراودەكات، کە رۆڵی گەورەی ھەبووە لە زیاد بونی نائاسایی کورسییەکانی سێ ھێزی یەکەمی براوەی ھەڵبژاردنەکان، کە ئەوانیش کوتلەی سەدری و پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی «تقدم»ن، دەڵێت: شێوازی دیزاینی بازنەکانی ھەڵبژاردن و دابەش کردنی کورسییەکانی  بەرکەوتەی پارێزگاکان بەسەر بازنەکانی ھەڵبژاردن لە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران.  هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە، لەخۆڕا نییە ئەم سێ ھێزە ھەر یەکەیان براوەی یەکەمی ھەر سێ پێکھاتەکەی عێراقن، دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتیی لیژنەی یاسایی لە نوێنەرانی ئەم سێ ھێزە پێکھاتبون کە ئەوان رێکەوتنی کۆتاییان کرد لەسەر چۆنیەتیی دیزاینی بازنەکانی ھەڵبژاردن و ژمارەی کورسیی ھەر بازنەیەک و  دواتریش ھەندێ کوتلەی تر لێرەو لەوێ رازی کران.  نمونەی بازنەی دوی ھەولێری هێناوەتەوە وباسی لەوەكردووە، ئەو بازنەیە لە سێ قەزای دوور لە یەکی دابڕاو دروست کرا بۆ ئەوەی کاریگەریی دەنگی ھێزەکانی تر و لە ناویشیان یەکێتی لە قەزای کۆیە لەسەر ژمارەی کورسییەکانی پارتی لە پارێزگای ھەولێر کەم بکاتەوە، ئەمە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش راستە. لە كۆتایی نوسینەكەیدا دەلێت: دەبو بازنەکانی ھەڵبژاردن لە لایەن دامەزراوە و کەسانی شارەزا و بێلایەن دیزاین بکرانایە بۆ ئەوەی دادپەروەرتر و واقیعییانە تر بن.

هاوڵاتی وه‌فدێکى باڵای هەماهەنگی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە هاوبەشەکانی عێراقی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کۆبوونەوە و باسیان لە دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق کرد. ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 26ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، کۆبوونەوەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەڕێوەچوو. شاندی باڵای هەماهەنگی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی فەریق جەمال محەممەد، سەرۆکی ئەرکان و شاندی باڵای هێزە هاوبەشەکانی عێراق بە سەرۆکایەتیی فەریق ئەول روکن، عەبدولئەمیر شەممەری، جێگری فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی عێراق کۆبوونەوە. بەپێی راگەیێنراوێکی سەنتەری میدیا و زانیاریی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا کە بەئامادەبوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بەڕێوەچوو، باس لە دوایین هەنگاوەکانی دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراقی کرا. لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەرکی ئەم دوو لیوایە تایبەت دەبێت بە پڕکردنەوە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە بۆشایی ئاسایش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لەناوچە جێناکۆکەکان. هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەڕێوەچوونی کارەکانی بنکەکانی هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان هەردوولا کرا. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، تاوتوێی "سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و سەرکەوتنی پلانی ئاسایشی هەڵبژاردن" کرا. لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە هێزەکانی هاوپەیمانان بەڵێنیاندا کە بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی کردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراقی بەتایبەت بۆ دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش. هەردوولاش جەختیان لە بەردەوامی هەماهەنگی و کاری هاوبەش کردەوە.

  هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و پۆستی پارێزگاری کەرکووک وتی، تاوەکو ئێستا قسەیان لەسەر ئەو بابەتە نەکردووە و وتیشی "بۆ ئێمە گرنگە کورد بە یەکدەنگی بچێتە بەغدا." دوای کۆتاییهاتنی رۆژی یەکەمی دیداری مێری، نێچیرڤان بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند "لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئەوەین کە هەموولایەنە سیاسییەکان بانگهێشت بکەین، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە کە دەمانەوێت کورد یەکدەنگ بێت لە بەغدا." سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و پۆستی پارێزگاری کەرکووک، نێچیرڤان بارزانی وتی "ئەو گرژییەی هەیە سۆشیال میدیا دروستیکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئێمە دانەنیشتووین گفتوگۆی لەسەر بکەین و چ پۆستێک بۆ کێ بێت و بە چ شێوەیەک دەبێت. ئەوەی دەمانەوێت ئەوەیە کە کورد سەرکەوتوو بێت، گرنگ پۆست نییە گرنگ یەکدەنگییە بۆ بەغدا." سەبارەت بە ژمارەی کورسی سوننەکان لە عێراق سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا" شێوەی هەڵبژاردن بەمشێوەیە بووە، زیاتر ئەو حیزبانەی کە تەنزیمیان هەبووە و بە رێکوپێکی خەڵکی خۆیان بردووەتە سەر سندووقی دەنگدان ئەوانە براوەن، خۆشحاڵین کە هێزەکانی دیکە و سوننەکانیش بەشێوەیەکی باش لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بەشدارییان کرد." سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەولەویەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە بەغدا وتی "ئەولەویەتی ئێمە ئەوەیە کە دابنیشین لەگەڵ بەغدا، بێگومان جێبەجێکردنی دەستوور سەبارەت بە ئێمە گرنگە و وەکو هەرێمی کوردستان هەم ئەرکمان هەیە و هەم ماف و دەبێت لەم چوار ساڵەدا کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین." لە وەڵامی پرسیارێکی دیکە لەبارەی نیگەرانی بەشێک لە لایەنەکان لەبارەی هەڵبژاردن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لە ئەنجامدا دەبێت کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بەجیدی کار لەسەر ئەوەبکات نیگەرانی لایەنەکان بڕەوێنێتەوە، ئەوە بۆچوونی ئێمەیە و لەنێو خۆیاندا ئەوانە دەگەنە رێککەوتن و لەڕووی یاساییەوە دەتوانن داوای مافەکانی خۆیان بکەن."

هاوڵاتی خالید شوانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند:" پارێزگاری کەرکووک پشکی کوردە و لەنێو کوردیش پشکی یەکێتییە؛ بۆیە پێویستە پارێزگار بە رێککەوتنی کورد و نەتەوەکان دابنرێت". ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 26ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، خالید شوانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند:" کەرکووک بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت و خەڵکەکەی لە دۆخێکی دەروونی خراپدان، "بۆیە دەبێت وەکو کورد واز لە ململانێ بهێنین و هەموومان بەرنامەیەکی نیشتمانی و نەتەوەییمان هەبێت و پەیامی بۆ پێکهاتەکانی دیکەش پێبێت". خالید شوانی، کە هاوکات وەزیری هەرێمە بۆ دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، ئاماژەی بەوەش کرد، پارێزگاری کەرکووک پشکی کوردە و لەنێو کوردیش پشکی یەکێتییە؛ بۆیە پێویستە پارێزگار بە رێککەوتنی کورد و نەتەوەکان دابنرێت، "کێشەی کەرکووک پرسێکی سەختە، چونکە پرسێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشە، پێویستە پرسەکە لە میدیا دووربخرێتەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆی راستەقینە". خالید شوانی هۆشداریی دا لەبارەی خراپتربوونی دۆخی کەرکووک و وتی، "ئەگەر حیزبەکان بەم عەقڵیەتە ئیدارە بدەن، کەرکووک لە ئێستا باشتر نابێت و خەڵکیش قبووڵی ناکات"، ئاماژەی بەوەش کرد، "پۆستی پارێزگار هی کوردە و بەپێی دەنگیش یەکێتی زۆرینەیە و دەبێت بۆ یەکێتی بێت، بەڵام ئێمە دەڵێین با بە گفتوگۆ بێت". لەژێرناونیشانی "عێراقیکی سەقامگیر بۆ هەرێمێکی سەقامگیر"، ئەمڕۆ سێشەممە 26-10-2021  لە هەولێر دیداری مێری دەستی بە کارەکانی کرد؛ لە دیدارەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بەرپرسی عێراق و هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک باڵیۆزی وڵاتان لە عێراق و کۆنسوڵەکانیان لەهەرێمی کوردستان بەشداردەبن؛ دیدارەکە دوو رۆژ دەخایەنێت و هەشت تەوەر لەخۆدەگرێت.