هاوڵاتی پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند:" لەگەڵ وەزیری دارایی گفتوگۆ كراوە بۆ رێكخستنەوەی داهاتی سنوری پارێزگای سلێمانی لە پێناو باشتركردن و خێراتركردنی سیستمی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی پارێزگاكە". ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا، پێشوازیکرد لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەفدێک هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لەفەیسبوكی تایبەتی خۆی ڕایگەیاند:" لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر پێداویستیی فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و میکانیزمەکانی باشترکردن و زیادکردنی داهات لەپێناوی دابینکردنی موچەو خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا، کران". ئەمە لەكاتێکدایە پێشتر وەزیری دارایی ئاوات شێخ جەناب رایگەیاند:" بەشێكی زۆری دواكەوتنی دابەشكردنی موچە پەیوەندی بە نەگەڕاندنەوەی داهاتی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەوە هەیە". پێشتریش لە ڕۆژى 25/10/2021، لە دیوانی وەزارەت، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەكانی باجەكان و خانووبەری میری سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین لەسەر نەبوونی سیولەی سنوورەكە كۆ بووەوە.
هاوڵاتی وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند:" پرۆسەی زانکۆلاین زۆر بەباشی سەرکەوتوو بووە بەپێی توانای زانكۆكان و بەشەكان خوێ،دكارانمان دابەش كردووە". ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی رایگەیاند:" پرۆسەی زانکۆلاین زۆر بەباشی سەرکەوتوو بووە سەبارەت بە ناڕەزایی بەشێک لەو قوتابییانەی نمرەی 99یان هێناوە و لە بەشی پزیشکیی گشتیی وەرنەگیراون وتی "راستە بەشێک لەوانەی نمرەکانیان 99ی رێکە کورسییان بۆ دابنین نەکراوە لە پزیشکی گشتیی، بەڵام 99.1 لە هەولێر، گەرمیان و کۆیە وەرگیراوە." دەشڵێت "بە دڵنیاییەوە چارەسەرێک بۆ ئەوانە دەدۆزینەوە کە 99یان هەیە و وەرنەگیروان." وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان وتیشی:"تەنیا ئەوانە وەرنەگیراون کە 99یان هەیە و ژمارەیان زۆر نییە و تەنیا 50 بۆ 60 کەسە، لە دهۆکیش هیچ کێشەمان نییە و لەوێ خوێندکار هەیە بە 98 وەرگیراوە." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند، "ئەو گلەییەی بەشێک لە قوتابیان کردوویانە و 99یان هەیە و وەرنەگیراون رەوایەتی بە داواکانییان دەبینین و لەگەڵ برایانی وەزارەت پێشتر قسەمان کردووە کە پلانەکان زیاتر فراوان بکەین." ئارام محەممەد دڵنیایی دەداتە ئەو قوتابییانەی کە 99یان هەیە و لە پزیشکی گشتیی وەرنەگیراون، دەشڵێت، "ئەوانەی بێبەش بوون لە کورسی خوێندن دڵنیایان دەکەینەوە کە بە چاوی باوکانە سەیری داواکارییەکانیان دەکەین و ئەوانەی 99یان هەیە بتوانین چارەسەریان بکەین." وەزیری خوێندنی باڵا هۆشداریی دەدات لە سیستمی خوێندن لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت "ئەگەر چارەسەر نەکرێت لەبەردەم کارەسات دایە. بۆیە لە ماوەی رابردوودا گوتم کە پێویستمان بە سەربەخۆیی زیاتری زانکۆکان هەیە." داواش دەکات کە هاوکاری وەزارەت بن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رێنمایی نوێی تایبەت بە کرێی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەوانەی دیپلۆمیان هەیە لە گوندەکان 350 هەزار وەردەگرن، بە کالۆریۆس 400 هەزار و باڵاش 425 هەزار وەردەگرن. ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 وهزارهتی دارایی و ئابووری ههرێم رایگەیاند: "ئەوانەی دیپلۆمیان هەیە لە گوندەکان 350 هەزار وەردەگرن، بە کالۆریۆس 400 هەزار و باڵاش 425 هەزار وەردەگرن".
هاوڵاتی وهزارهتی دارایی و ئابووری ههرێم رایگەیاند: " ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو 31ی تشرینی یهكهمی 2021، موچەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی رەگەزنامە و پۆلیسی نەوت و غاز دابەشدەکرێت". ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 وهزارهتی دارایی و ئابووری ههرێم رایگەیاند: "ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو 31ی تشرینی یهكهمی 2021، موچەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی رەگەزنامە و پۆلیسی نەوت و غاز دابەشدەکرێت". وهزارهتی دارایی له 25ی ئهم مانگهوه دهستی به دابهشكردنی موچه كردووه، بهڵام تا ئێستا وهزارهتهكانی تهندروستی، پێشمهرگه و دارایی موچهیان وهرگرتووه.
هاوڵاتی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا سبەینێ هەینی لەگەڵ مانوێل ماکرۆن هاوتا فەرەنسییەکەی کۆدەبێتەوە لە یەکەم دیداردا دوای گرژییەکی دیپلۆماسی لەسەر لەدەستدانی ڕێکەوتنێکی ژێردەریایی پاریس لەگەڵ ئوسترالیا ئەوەش دوای ئەوەی ئوسترالیا لەگەڵ واشنتن رێکەوت. کۆشکی سپی ڕایگەیاندوو، کە بایدن سبەینێ هەینی لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی ئیمانوێل ماکرۆن لە ڕۆما لە پێش لوتکەی جی 20 لە ئیتالیا کۆدەبێتەوە کە بڕیارە ڕۆژی شەممە ئەنجام بدرێت. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە واشنتن هەوڵ دەدات کەمێک رەوشەکە ئارام بکاتەوە دوای گرژییەکی دیپلۆماسی توند لەگەڵ فەرەنسا، لەسەر هاوبەشییەکی ستراتیژی کە لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیا و ئوسترالیاوە ڕاگەیەنرا کە بووە هۆی کۆتایی هێنان بە گرێبەستی کڕینی ژێرئاوی فەرەنسا لە لایەن ئوسترالیاوە . ئەم قەیرانە وای لە سەرۆکەکانی ئەمەریکا و فەرەنسا کردووە کە لە هەفتەی ڕابردوودا دوو گفتوگۆی تەلەفۆنییان هەبێت و لەم دواییەدا بەرپرسێکی کۆشکی ئەلیزێ ئاشکرای کرد کە باڵیۆزی فەرەنسا لە ئوسترالیا لە وادەیەکدا دەگەڕێتەوە بۆ کانبێرا. فەرەنسا لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا باڵیۆزەکانی لە واشنتۆن و کانبێرا ئاگادارکردەوە، دوای ئەوەی ئوسترالیا ڕێکەوتنێکی لەگەڵ ئەمەریکا و بەریتانیا (هاوپەیمانی ئۆکۆس) ئەنجامدا، کە ڕێکەوتنێکی 40 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی ژێر دەریایی دیزاینکراوی فەڕەنسی هەڵوەشاندەوە. وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان یڤ لی دریان بڕیارەکەی ئوسترالیای بۆ هەڵوەشاندنەوەی مامەڵەیەکی 40 ملیار دۆلاری لەگەڵ گروپی دەریایی فەرەنسی بۆ دروستکردنی کەشتییەکی ژێر دەریایی ئاسایی وەک "چەقۆیەک لە پشتەوە" وەسف کرد. پەیوەندییە ئاڵوزەکانی نێوان ئوسترالیا و فەرەنسا لە کاتێکدا دێت کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەدوای پشتگیری زیاتر دەگەڕێن لە ئاسیا و زەریای هادی لە ترسی زیادبوونی کاریگەری وڵاتی چین. بەرپرسانی ئەمەریکا بەدوای گەڕاندنەوەی ئاودان بۆ فەرەنسا کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنتۆنی بلینکن لە سەرەتای ئەم مانگە سەردانی پاریسی کرد و کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی لەگەڵ ماکرۆن ئەنجامدا.
هاوڵاتی وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا توانیومانە 615 مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکەین". دەڵێت:" ئەو پرۆژەیە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر رەوشی کارەبا لە سەنتەری هەولێری پایتەخت دەبێت". ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 لەژێر چاودێری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کارەبا وێستگەیەكی 132 كەی ڤی لە باداوەی شاری هەولێر کردەوە، کە بە گوژمەی 14 ملیۆن و 710 هەزار دۆلار لەلایەن کۆمپانیای زاگرۆسەوە جێبەجێکراوە. لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەکەدا ئەندازیار کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەو پرۆژەیە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر رەوشی کارەبا لە سەنتەری هەولێری پایتەخت دەبێت". بە وتەی کەمال محەممەد، ئەوان کارنامەی حکومەتیان کردووەتە پلان بۆ کارەکانی وەزارەتەکەیان، کە کارکردن بووە لەسەر زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا و وتی: "لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا توانیومانە 615 مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکەین، هەروەها لە بواری گواستنەوەدا 32 پرۆژە لە سەرانسەری هەرێم بە گوژمەی 214 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێن، دەتوانم بڵێم 80٪ی ئەو پرۆژانە جێبەجێکراون و کەوتوونە خزمەتی خەڵک. ئەو پرۆژەیەی ئەمڕۆش لە شاری هەولێر کرایەوە 14یەمین وێستگەیە تەنیا لە پارێزگای هەولێر کەوتووەتە خزمەتی خەڵک". وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات "زیاتر لە 750 پرۆژە لە بواری دابەشکردنی کارەبا بە گوژمەی 100 ملیار دینار لە سەرانسەری هەرێم جێبەجێکراون، ئەمەش دەبێتە رێگەخۆشکەرێکی دیکە بۆ ئەوەی بتوانین کارەبایەکی باشتر بۆ هاووڵاتیانی خۆمان دابەش بکەین". سەبارەت بە پرۆژەی پێوەری زیرەکیش، کەمال محەممەد وتی: "تاوەکو ئێستا ملیۆنێک و هەشت هەزار پێوەر بەستراون، ئەمەش بووەتە ئەگەرێکی دیکە کە رەوشی کارەبا گەشەی پێبدرێت و بەرەو باشتر بچێت". بە وتەی کەمال محەممەد لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا توانیویانە: "زیاتر کە 22 هەزار حاڵەتی سەرپێچی لەسەر تۆڕی کارەبای هەرێم لابدەین، کە ئەمەش بووەتە هۆکارێکی دیکە تاوەکو بتوانین رەوشی کارەبا بەرەو باشتر ببەین". وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات "بەهۆی ئەنجامدانی ئەو پرۆژانە لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا توانیومانە 3 کاژێر کارەبا زیاتر بۆ هاووڵاتیان دابین بکەین".
هاوڵاتی تورکیا سەدان سەربازی لە باکوری سوریا لە دژی هێزە کوردییەکان بڵاوکردووەتەوە، بۆ ئەوەی چەند ناوچەیەک لە باشوری کۆبانێ کۆنتڕۆڵبکات و ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای رووباری فورات بەیەکەوە ببەستێتەوە. ماڵپەڕی بلومبێرگ لەسەر زاری دوو بەرپرس، کە نەیانویستووە ناویان ئاشكرابکرێت بڵاوی کردووەتەوە،دەڵێن تورکیا چەند ئامانجێکی لەو هێرشەدا هەیە، دەیەوێت پاڵپشتی نێوخۆیی بەدەستبێنێتەوە، گوشار بخاتە سەر ئەمریکا و رووسیا بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ هێزە کوردییەکان دابنێن، هاوکات ئامانجێکی دیکەی گرتنی بنکەی ئاسمانی منخە لە نزیک شارۆچکەی ئەعزاز، کە بەدەست یەپەگەوەیە و تورکیا بە شوێنی دەستوەشاندن و خۆحەشاردانی شەڕڤانانی ناودەبات. سەرەتای ئەم مانگە دوو ئەفسەری پۆلیسی تورکی لەسەر سنووری سوریا لە بۆردوومانێکدا کوژران، دوای ئەم هێرشە ئەنقەرە هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی یەپەگە چڕکردەوە، ئەمریکا سەرکۆنەی کوژرانی دوو ئەفسەرە تورکەکەی کرد، بەڵام داوایکرد لایەنەکان رێز لە ئاگربەستی شەڕ بگرن. دوای ئەو هێرشانە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بە پلانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێ دا، ئێستاش کە هێز لە باکوری سوریا کۆدەکاتەوە، بەردەوامە لە هەڕەشەکانی. لە 2019د ئەنقەرە لەگەڵ روسیا و ئەمریکا رێککەوت هێرشەکانی بۆ سەر هێزە کوردییەکان رابگرێت بەو مەرجەی یەپەگە لە تەواوی سنورەکانی بە درێژایی 30 کیلۆمەتر بکشێنەوە، بەڵام ئێستا تورکیا هەردوولا بەوە تۆمەتباردەکات، کە یەپەگەیان بەو بەڵێنانەی پابەند نەهێشتووەتەوە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری لە وەزارەتى ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕایگەیاند:" لەپێنج کورسی کۆتای مەسیحییەکان چواریان لەپاڵێوراوەکانی سەر بەحەشدی شەعبی دەرچوون. بەڵام نزیکەی 90٪ی مەسیحیەکانی عێراق لە ھەرێمی کوردستان دەژین". ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەم2021، مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری دڵنیای جۆری لە وەزارەتى ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی، لەم ھەڵبژاردنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەکۆی پێنج کورسی کۆتای مەسیحیەکان چواریان لەپاڵێوراوەکانی حەشدی شەعبی دەرچوون، دەشڵێت، ئەم ئەنجامە چی دەگەیەنێ؟ھۆکارەکەی چیە؟کێ لێی بەرپرسیارە؟! بەپێی ئامارە فەرمییەکان بزوتنەوەى بابیلۆن کە نزیکە لە حەشدی شەعبییەوە چوار کورسی کۆتای مەسیحییەکانى مسۆگەر کردووە. لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021 ھەڵبژاردنێکی پێشوەختە ئەنجامدرا، ئەمەش یەکەم هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بوو لەدوای داگیرکردنی عێراق و ڕووخانی ڕژێمی بەعس.
شاناز حەسەن نوێنەی فەرمانبەرانی گرێبەست ئاماژە بەوە دەدات حكومەت دوو ملیار دینار قازانج دەكات لە بەهەمیشەیی كردنیان و دەشڵێت ژمارەیان 24 هەزار كەسەو چاوەڕێی كۆبوونەوەی حكومەتی هەرێم دەكەن. لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 24 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەیە، زۆرترینی لەوەزارەتی شارەوانیە كەژمارەیان 14 هەزار فەرمانبەرەو دوای شارەوانی وەزارەتی تەندروستی دێت و كەمترین فەرمانبەری گرێبەستیش لەوەزارەتی ناوخۆیە. لەماوەكانی رابردوودا لەسەر خواستی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران نووسراو ئاڕاستەی سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران كراوە بەژمارە 10432 لە رۆژی 2/9/2021 بەمەبەستی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پرسی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست. سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی 13/9/2021 لەنووسراوێكدا كە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كردووە بەژمارە 10995 داوای تەواوی داتاو زانیارییەكانی تایبەت بەفەرمانبەرانی گرێبەستی كردووە، كە لەداواكارییەكەدا (ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست، خشتەی بەراوردكاری بڕی مووچە بەهەمیشەیی و بەگرێبەستی، رای وەزارەتی دارایی بۆ ئەم پرسە) تێدا جێگە كراوەتەوە. وەزارەتی دارایی لەنووسراوەكەیدا دەڵێت: «بۆ ئەوان تەرخانكراوە كە ئێستا مووچەی گرێبەستی لێ وەردەگرن دەتوانرێت بكرێن بەهەمیشەیی و هیچ بارگرانیەكی دارایی دروست ناكات». ستار سەعید، نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»دامەزراندنمان وەك فەرمانبەری هەمیشەیی باری شانی حكومەت لەڕووی داراییەوە سووك دەكات، چونكە دوو ملیارو هەشت سەد و پێنج ملیۆن دینار بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە». هەروەها فەرمانبەرانی گرێبەست دەڵێن: «ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە نەك بارگرانی بۆ حكومەت دروست ناكەین، بەڵكو لەڕووی دارایی و ئیداریشەوە ئەركی سەرشانی حكومەت ئاسانتر دەكەین». فەرمانبەرانی گرێبەست داوا دەكەین كە پرسی بەهەمیشەییكردنیان بەشێك بێت لەبەرنامەی كاری ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیران و ئەمڕۆ چوارشەممە لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەسەر بدرێت». لەكۆتاییدا هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی دیكە دەكەن، ئەگەر وەڵامنەدرێنەوە، لەوبارەیەوە دەڵێن: «لەكاتی بەدەمەوە نەهاتنی داوا رەواكانی فەرمانبەرانی گرێبەست بەدڵنیاییەوە رێگەی شەقام و گوشاری مەدەنی دەگرینەبەرو گردبوونەوەی سەرتاسەری لەتەواوی هەرێم و بەردەم ئەنجومەنی وەزیران دەكەین». ستار سەعید، باسی لەوەشكرد كەژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست لەهەرێمی كوردستان 24 هەزار فەرمانبەرە، لەو ژمارەیە 14 هەزاریان لەسەر میلاكی وەزارەتی شارەوانین. هەروەها جەختی لەوەشكردەوە فەرمانبەری گرێبەست هەیە كە لەنێوان چوار تا 15 ساڵە خزمەتیان هەیەو هێشتا نەكراوین بەفەرمانبەری هەمیشەیی، لەكاتێكدا هەموو ئەركەكانی فەرمانبەری ئاساییان لەسەر جێبەجێ دەكرێت. موچەكانی فەرمانبەرانی گرێبەست لەنێوان 300 بۆ 700 هەزار دینار دەبێت و پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان رێنمایی هەبووە هەر فەرمانبەرێكی گرێبەست خاوەنی سێ ساڵ خزمەت بێت، دوای ئەو ماوەیە دەبێتە فەرمانبەری هەمیشەیی. نەسرین مەولود، ماوەی هەشت ساڵە فەرمانبەری گرێیەستە سەر بەوەزارەتی شارەوانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ماوەی زیاتر لەهەشت ساڵە وەك گرێبەست كاردەكەم، تائێستا حكومەت بڕیارێكی نەداوە بۆ هەمیشەییی كردنمان، لەكاتێكدا هەمان ئەركی فەرمانبەرەكانی دیكە بەڕێوە دەبەین». « ئەمە ناهەقیەو پێویستە حكومەت بمانكاتە فەرمانبەری هەمیشەیی، چونكە هەموو فەرمانگەكان پێویستیان بەئێمەیە، بۆیە هەمیشەیی كرنمان مافی خۆمانە «، نەسرین مەولود وای وت. دلێر جاسم یەكێكی دیكەیە لەفەرمانبەرانی گرێبەست و بۆ هاوڵاتی، ئەوەی خستەڕوو كە حكومەت نایەوێت بڕیار لەسەر بەهەمیشەیكردنیان بدات، بۆ حكومەت هیچ لەمەسەلەكە ناگۆڕێت». دلێر ئەوەشی دووپاتكردەوە كە بەردەوام دەبن لەسەر داواكردنی بەهەمیشەیی كردنیان وەك فەرمانبەرانی گرێبەست، وتیشی:» موچە لەحكومەت وەردەگرین، بۆیە كە بكرێینە هەمیشەیی زۆر سودی بۆ حكومەت تێدایە، نەك تەنیا بۆ ئێمەی موچەخۆران».
هاوڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقەوە هۆشداری دەداتە كوردو سوننەكان كە نەچنە پاڵ موقتەدا سەدر دژی بەرەیەكی دیكەی شیعەكان. دوای دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە تێیدا موقتەدا سەدر 73 كورسی بردووەتەوەو لایەنەكانی دیكەی شیعە كە لەچەند حزب و لایەنی دیكەی سیاسی پێكدێن و بەنزیك لەئێران هەژمار دەكرێن كە مالكی 35 كورسی و هادی عامری 16 كورسی و كوتلەكانی دیكە چەند كورسییەكیان بەدەستهێناوە، ئێران لەهەوڵدایە بەسەركردایەتی نوری مالكی هاوپەیمانێتییەكیان بۆ پێكبهێنێت لەبەرانبەر سەدر دا. بەرپرسێكی پارتی كە نەیویست ناوی بهێندرێت ئاگادار لەدۆخی ناوخۆی عێراق لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»شیعەی پرۆ ئێرانی ترسی سەدریان لێ نیشتووە كە سەدر تموحی ئەوە نییە بەتەنها كوتلەی گەورەی هەبێت لەپەرلەماندا كە 73 كورسی بەدەستهێناوە، بەڵكو دەزانن تموحی سەدر ئەوەیە كە ببێتە خامنەئی لەعێراقدا». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە تائێستا پرۆ ئێرانییەكان چوار پێنج كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە كە دوانیان لەماڵی نوری مالكی بووەو لە یەكێك لەو كۆبوونەوانەشدا محەمەد رەزا كوڕی سیستانی بەشداری كردووە، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە هیچ دەرئەنجامێك و دەیانەوێت كوتلەی گەورە پێكبهێنن. هاوكات ئاماژەی بەوەشكرد كە لەناو ماڵی شیعە پرۆ ئێرانییەكان كوتلەی گەورە دروست دەكەن، وتیشی:» ئێران هۆشداری داوەتە كوردو سوننەكان كە نەچن لەگەڵ لایەنێكی شیعە لەسەر حسابی ئەوی دیكە هاوپەیمانێتی بكەن بەتایبەت لەگەڵ سەدر حكومەت پێكبهێنن و كەئێرانییەكان وتوویانە ئێمە پێمانخۆش نییە و با لەناو ماڵی شیعە یەكلاببێتەوە». «ئەگەر ئێران نەتوانێت كوتلەی گەورە پێكبهێنێت پەنا دەباتە بەر ئەو هێزە كوردییانەی كە نزیكن لێی بۆ نموونە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەهێزترین حزبی سیاسین، هەروەها جەماعەتی خەمیس خەنجەر بۆ ئەوەی بەرانبەر بە سەدر كوتلەكەیان گەورەتر ببێت»، بەرپرسەكەی پارتی وا دەڵێت
هاوڵاتی ئەمینداری یەکگرتوی پێیوایە ئەوەی لەپەرلەمانی کوردستان دەگوزەرێ، پاشەکشێ و قەیرانە و داوادەکات فریای شکۆی پەرلەمان و "سومعەی" کوردستان بکەون. دوای رووداوەکانی دوو رۆژی رابردوو پەرلەمانی کوردستان کە تێیدا گرژیی و ئاڵۆزیی لەنێوان پەرلەمانتاران دروستبوو، ئەمڕۆ لە تویتێکدا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتو رایگەیاند: "ئەوەی لەپەرلەمانی کوردستان دەگوزەرێ ، پاشەکشێ و قەیرانە، نوێنەرانی میللەت دابەزنە ئەو ئاستە لە پێشێلکردنی پەیڕەو و پشتگوێخستنی هەموونەریت و ئادابێک بەپاساوی داکۆکی لەحیزب ؟!". ئەمیداری یەکگرتو بە پێویستی دەزانێت "سەرۆکایەتی پەرلەمان و لایەنە مەرجەعەکانی ئەم کەسە هەڵەکارانە، فریای شکۆی پەرلەمان و سومعەی کوردستان بکەون". لە دانیشتنی رۆژی 26-10-2021 پەرلەمانی کوردستان گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو، ئەندامانی فراکسیۆنەکانی دیکە دەڵێن، جەلال پەرێشان، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان قسەی نەشیاوی بە پەرلەمانتارانی دژی حیزبەکەی گوتووە. بەڵام خۆی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رەتیکردەوە کە ئەو قسەیەی کردبێت. کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان کە دوو رۆژ بەردەوام بوو و تێیدا بەدواداچوون بۆ نرخی سووتەمەنیی و گرانبوونی بەنزین و گاز دەکرا، ئەمڕۆ بەهۆی گرژی و ئاڵۆزیی و بایکۆتی فراکسیۆنەکان جگە لە فراکسیۆنی پارتی و پێکهاتەکان هەڵگیرا.
سازدانی: شاناز حەسەن پزیشكێكی كورد كەپسپۆری جەراحیە لەبەریتانیا گروپێك پزیشكی هێناوە بۆ هەرێمی كوردستان و بڕیارە چەندین نەشتەرگەری ئەنجامبدەن و دەڵێت:» لەهەرێمدا دەرمان وەرگرتن وەك گوڵەبەڕۆژە بەكاردەهێنرێت ئەوە شتێكی زۆر خراپە». دیاری فەرەیدون قادر، پسپۆری جەراحی لەبەریتانیا لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی كارو چالاكی خۆیان باس دەكات كە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و دەشڵێت:» كەرتی تەندروستی لەهەرێمدا زۆربەی كراوە بەتایبەت، ئەمە كارێكی زۆر خراپە، چونكە خەڵكی بارودۆخی داراییان ئەوەندە باش نیە لەكاتێكدا لەوڵاتێكی وەك بەریتانیا لەسەدا 95 خەڵك بێ بەرامبەر دەرمان و چارەسەری وەردەگرێت». هاوڵاتی: چۆن بوو بڕیارتاندا لەگەڵ كۆمەڵێك گروپ لەپزیشكانی بەریتانی سەردانی كوردستان بكەن؟ دیاری فەرەیدون: وەك پزیشكێك دەمزانی كوردستان شوێنێكە پێویستی بەخزمەتكردنە بەتایبەت لەبواری تەندروستی، بۆیە میوانداریی ئەم گروپەم كردووە بەهاوكاری وەزارەتی تەندروستی و وەزیرو دەزگای خێرخوازی بارزانی و سەندیكای پزیشككان كەهاوكارمانن لەهێنانی گروپەكەو كارئاسانیكردن بۆ كاركردن، بۆیە زۆر سوپاسیان دەكەم. ئێمە گروپێكین زیاتر لە 50 پزیشكی پسپۆری جەراحی، هەر مانگەو گروپێكیان دێنە كوردستان و خزمەت دەكەین، بەپسپۆری جیاواز، ئێستا چوار پسپۆرین، پسپۆری ئێسقان و شكاوی، پسپۆری جوانكاری رووداوەكان، پسپۆری سوتاوی، پسپۆری شەویلگە لەشاری هەولێر رۆژانە نەخۆش دەبینن بەبێ بەرامبەرو نەشتەرگەری پێویستیان بۆ دەكرێت. نەخۆشەكان لەڕێگەی خێرخوازەكانەوە سەردانمان دەكەن، یاخود لەڕێگەی كەمپەكانەوە یان دەزگای خێرخوازی بارزانیەوە لەوێوە نەخۆشەكان دەنێرن، بەڵام ئێمە وەك گروپەكە ژمارە مۆبایلمان هەیە هەر كەس ویستی سەردانی پزیشكەكان بكات دەتوانێت پەیوەندی بكات و سەردانیان بكات، ئێمە دەمانەوێت زۆرترین خەڵكی هەژار سودمەند بن لەئێمەو نەشتەرگەری پێویستان بۆ بكرێت یاخود دەرمانی پێویست وەربگرن. هاوڵاتی: چەند رۆژە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان؟ رۆژانە چەند نەخۆش دەبینن؟ دیاری فەرەیدون: لەئێستادا پێنج رۆژە هاتووینەتە هەولێرو نەخۆشەكان دەبینین، رۆژانە لەشوێنە تایبەتەكانمان 80 نەخۆش دەبینین، بەڵام بەیانیانیش لەڕێگەی كەمپەكانەوە یان ناوەندێكی تایبەت هەبێت دەچین و چارەسەری نەخۆشەكان دەكەین. پلانی جیاواز جیاوازمان هەیە دەچینە نەخۆشخانەكان بۆ نموونە نەخۆشخانەی پێشمەرگە یان هەر شوێنێكی تر، پلانمان هەیە خزمەتی ئێزیدیەكان بكەین كە هاوكارییان زۆر پێویستە كەپسپۆرێكی دەرونیشمان هەبووە بۆ حاڵەتە دەرونییەكان. هاوڵاتی: خەرجیەكانتان لەكوێوە دابین دەكرێت كەنەشتەرگەری بەبێ بەرانبەر ئەنجامدەدەن؟ دیاری فەرەیدون: ئەم گروپە پزیشكە لەبەرنامەماندایە ساڵانە دوو ملیۆن دۆلار خەرج بكەین لەكوردستان لەبواری تەندروستیدا، ئەو پارەیە خێرخوازی گەورە گەورەیە لەوڵاتە جیهانیەكاندا وەك ئیمارات و بەریتانیا و ئەم پارانە بەكاردەهێنرێت بۆ نەخۆش. ئێمە زیاتر جەختمان لەسەر ئەوەیە بەگروپێكی كەم بتوانین زۆرترین نەخۆش ببینین بۆ ئەوەی زۆرترینی بەشە پارەكە بۆ نەخۆشەكان بێت نەك ستافێكی زۆر. لەئێستادا ئەوانەی نەشتەرگەرییان پێویست بێت هەموویان دیاریدەكەین و ئامادەیان دەكەین تا 13ی ئەم مانگە گروپێكی دیكەش دێنەوە كوردستان و پێكەوە نەشتەرگەریەكان بەهەمان شێوە بێ بەرامبەر ئەنجامدەدەین. هاوڵاتی: وەك پزیشكێكی كورد كە لەبەریتانیادا كاردەكەن، چەند ساڵە وەك پزیشكێك لەگەڵ ئەو گروپانەدا كاری پزیشكی خێرخوازی ئەنجامدەدەن؟ دیاری فەرەیدون: ماوەی دە ساڵە كاری خێرخوازی دەكەم و ساڵانە شەش مانگ زیاتر دێمە كوردستان، بەڵام بەداخەوە زۆر كەس ناتوانێت ئاگاداری ئەم گروپە بن و پێویستە لەسەر راگەیاندنەكان هاوكارمان بن بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵكی هەژارو موستەهەق بتوانێت سود لەم گروپە وەربگرێت. ئێمە گروپێكی تەنیا خێرخوزاین و پەیوەندیمان بەهیچ لایەن و حزبێكی هەرێمەوە نیە، تەنیا هاوكاریمان پێویستە بۆ ئەوەی زۆرترین كەس ئاگاداری ئەم گروپە بێت و سودی لێوەربگرێت بۆیە هەر لایەنێك و كەسێك هاوكاریمان بكات دەستخۆشی لێدەكەین، تەنیا ئامانجان ئەوەیە هەژارو كەسانی موستەهەق خزمەت بكرێت. هاوڵاتی: بۆچی هەولێرتان هەڵبژاردووە لەهەرێمی كوردستاندا؟ دیاری فەرەیدون: هەولێر وەك ئەوە هەڵبژێردراوە، كە ئاسانترە بۆ هاتوچۆو زۆربەی لایەنە تەندروستیەكانی لێیە، ئەگینا بۆ ئێمە هیچ شارێك و شوێنێك جیاوازی نیە و حەزدەكەین زۆرترین كەس لەسلێمانی و شوێنەكانی دیكەوە سەردانمان بكەن و خزمەتیان بكەین دهشمهوێت لێرهوه سوپاسى وهزارهتى تهندروستى بهتایبهت دکتۆر سامان و دهزگاى خێرخوازى بارزانى و سهندیکاى پزیشکان بکهم که زۆر هاوکارمان بوون. هاوڵاتی: بۆچوونتان چییە لەسەر ئەوەی لەهەرێمی كوردستان كەرتی تەندروستی بەرەو كەرتێكی تایبەت دەڕوات و كەرتی گشتی كەمبووەتەوە بۆ خزمەتی نەخۆش؟ دیاری فەرەیدون: بەداخەوە كەرتی تەندروستی لەهەرێمدا زۆربەی كراوە بەتایبەت، خەڵكەكە لەحكومەت زۆر كەم دەتوانێت خزمەتگوزاری دەستكەوێت، كەئەمە كارێكی زۆر خراپە، چونكە خەڵكی بارودۆخی داراییان ئەوەندە باش نیە هەموویان بتوانن لەنەخۆشخانە تایبەتەكاندا دەرمان و چارەسەر وەربگرن. لەكاتێكدا لەوڵاتانی دەرەوە وەك بەریتانیا لەسەدا 95 خەڵك بەبێ بەرامبەر دەرمان و چارەسەری وەردەگرێت، دەرمان و بینین و نەشتەرگەری هەمووی بێ بەرامبەر، تەنیا ئەو كەسانەی خۆیان دەیانەوێت بەتایبەت پزیشكەكە ببینن دێنە نۆرینگەی تایبەت و سەردانت دەكەن. هاوڵاتی: نەخۆش كە دەچنە لای پزیشك رەچەتەیەكی دوورودرێژی بۆ دەنووسێت كە دەیان جۆر دەرمان بەكاربهێنێت، لە بەریتانیا ئەمە چۆنە؟ دیاری فەرەیدون: شتێكی زۆر خراپ لەهەرێمدا دەرمان وەرگرتنە، كە وەك گوڵەبەڕۆژە بەكاردەهێنرێت، هەر پزیشكێك دەچیت رەچەتەیەكت بۆ دەنووسێت لەشەش جۆر كەمتر نیە نرخەكەشی 200 هەزارە. زیاتر لە 15 ساڵە پرۆفیسۆری پسپۆری جەراحیم لەلەندەن سێ رەچەتەی ئاوام نەنووسیوە، هەر ناینووسین، چونكە ئەوە كاری ئێمە نیە ئەو دەرمانە زۆرانە بەخەڵك بكڕیت، بۆیە ئەوە زۆر خراپە كەدەرمان زۆر بەكاردەهێنرێت.
هاوڵاتی موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە) ڕایگەیاند:" دەوڵەتی تورک لەبەرامبەر بەرخۆدانی گەریلا لە باشوری کوردستان شکستی هێنا، لەبەرئەوەش دەیەوێت هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، لەوێش شکست دەهێنێت". ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی تشرینی یەکەمی 2021 موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە) لە ڕێگای ئامێری بێتەلەوە بۆ گەریلاکانی ئازادی قسەیکرد و چەند پەیامێکی گرنگی بڵاوکردەوە، کە لەبەشێک لە پەیامەکەدا دهڵێت:"گەریلا تاکتیک و بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە لەسەر هەوڵدانی ڕاست و خوێندنەوەی پارادیگمای ڕێبەر ئاپۆ و ڕاست خوێندنەوەی کات، لەم چوارچیوەیەشدا گەریلای ئازادی کوردستان کەوتە هەوڵدانی گۆڕانکاری لەسەر بنەمای گەریلای نوێ، گەریلای پسپۆڕ لە شیوازەکانی شەڕ دروست بوو، لە مەیدانەکانی ئازاد لەسەر بنەمای پاراستنی ستراتیژ وردبوونەوە دروست بوو، ڕێگاکانی ژێرزەوی و شەڕی تونێل وەک تاکتیک پێشخرا و لەگەڵ دەستپێکردنی هەنگاوی بازەکانی زاگرۆس و جەنگی خابور، گەریلا پیلانەکانی ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپەی خنکاند". فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە) جهختى لهوهشکردهوه:"لەم کاتەدا گەریلا دوو نوێکاری گرنگی درووست کرد: ١-لەناو گەریلادا پسپۆڕییەتی و شەڕی تیم پێشکەوت. ٢-پێشخستنی ڕێبازەکانی شەڕی تونێل بۆ پاراستنی هەرێمە ئازادکراوەکان. موراد قەرەیلان وتیشى:"دووژمن وایدانابوو کە هەمیشە بە سیخوڕی و فڕۆکەی کەشف “سیخوڕی” دەستنیشان بکات و بە موشەک لێبدات، بەڵام کاتێک ئامانج زۆر بچووک بوەوە و لەسەر زەوی نەما ئەوا لای دوژمن شتێک نەما کە لێبدات و پاکتاوی بکات". رونیکردۆتهوه و وتویهتى:" بێگومان ئەمەش بە ئاسانی دروست نەبووە، لەسەرووی هەموویەوە هێڵی ڕێبەر ئاپۆ لە ئایدیۆلۆژی، فەلسەفە، باوەڕی لە هێزەکانمان ئەوە دروست بوو، وردبوونەوە لەسەر پارادیگمای کۆمەڵگای دیموکراتیک-ئیکۆلۆژی کە خۆی دەسپێرێ بە ئازادی ژنانی پێشکەوتوو ئاستی پەکەکەیی بوون کە لەناو گەریلاد ئاوابووە". وتوشیهتى:"بەرخۆدانی گەریلا لە گردی سوور و وەرخەلێ لە شەڕدا ئێمەی گەیاندە ئاستێکی بڵند و نوێ، بەتایبەت لە شەڕی تونێلـدا لاپەڕەیەکی نوێی کردەوە، لە بەرخۆدانی میلیتانی ئاپۆییدا لاپەڕەیەکی نوێیە، هەڤاڵان لە ڕێبازی تونێل و شەڕی ژێر زەویدا بارێکی گرانیان خستە سەر ملی خۆیان، ویستیان ڕۆڵیکی مێژوویی بگێڕن و ئەو ڕۆڵەشیان گێڕا، ئەو هەڵوێستە میلیتانی، بە بڕیارداری و فیدایی بە ڕێبازێکی نوێ چەندین بابەت کە تا ئێستا نادیار بوون و ڕوون نەبوو، ڕوونی کردەوە". بەشیێوەیەکی گشتی ئەم بەرخۆدانییە لەم هەشت مانگ و نیوە زۆر هێژا و شکۆدارە، بەتەنها بۆ ئێمە نا، بۆ هەموو ئەو هێزانەی کە ئەمڕۆ لەژێر هێزە هەژموونگەراکاندا دەچەوسێندرێنەوە، لێرەدا بەتەنها نەک شەڕی تونێل، بەشێوەیەکی گشتی شەڕی گەریلا لەسەر هەموو ئاستەکانی تیمی پسپۆڕە، کە توانیویەتی سیخوڕ و تەکنیکی دوژمن پوچەڵ بکاتەوە، دەوڵەتی تورک لەبەرامبەر بەرخۆدانی گەریلا لە باشوری کوردستان شکستی هێنا، لەبەرئەوەش دەیەوێت هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، لەوێش شکست دەهێنێت. ئاماژهى بۆ ئههوشکرد:" ئێمە قەت نامانەوێت دووژمن بە بچووک ببینین، بۆ سەرکەوتن لە شەڕدا پێوانەی هەرە گرنگ ئەوە کە پێویستە تۆ دوژمنی خۆت باش بناسیت، هەروەها خۆشت باش بناسیت، دوژمنی ئێمە لایەنی بەهێزیشی هەیە، ئەگەر تۆ لەبەرامبەر لایەنە بەهێزەکە تەدبیر وەربگری، ئەوا ئیرادەی شەڕیان نابێ، دوژمن بە چی شەڕ دەکات؟ دوژمن سیخوڕ کۆدەکاتەوە، بە ڕێگای فڕۆکەی کەشف و ڕێگای دیکە و بە هێزی ئاسمانی شەڕ دەکات، ئێمە شێوازی تیم و شێوازی شەڕی تونێلمان پێشخست، لەبەرامبەر هێزی ئاسمانی تا ئاستێک تەدبیرمان وەرگرت، لەبەرئەوەش ئامێرەکانی دوژمن بێ ئەنجام مانەوە و دوژمن بەسەر نەکەوت، بۆ ئەوەی خۆی لەم شکستە ڕزگار بکات، بە شیوازێکی هەرە نامەرد ئەو چەکەی کە بەپێی یاساکانی شەڕ لە تەواوی جیهان قەدەغەن و بەکارهێنانیان وەک تاوان هەژمار دەکرێت، چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت، ئێستا دوژمن لەبەرامبەر شێوازی شەڕی تیمی گەریلا و لەبەرامبەر شێوازی شەڕی تونێلدا تەنها چەکێک لەدەستی ماوە ئەویش چەکی کیمیاییە، یانیش چەکی تاوانە، ئەو دوژمنە ئێستا ناتوانێت شەڕێکی ئاسایی لەگەڵ ئێمە بکات، ئەوەی دەیکات یان بە چەکی ئاسمانی یان چەکی کیمیایی هێرش دەکات، ڕاستی سوپای تورک ئەوەیە، لە پراکتیکدا ئەوەیە، ڕاستی لەبەرچاوە، بێگومان سەرکەوتن بۆ ئێمەیە. لهکۆتایى قسهکانیدا راشیگهیاندووه:" ئەو بەرخۆدانییە کە هەشت مانگ و نیوە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و باکوری کوردتان بەڕێوەدەچێت، ئەو ڕاستییە ئاشکرا دەکات کە ئەگەر ئەو هێڵە بە ڕاستی جێبەجێ بکرێت سەرکەوتن مسۆگەرە".
هاوڵاتی بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند:" لەسەر ھێڵێکی نیشتمانی و نەتەوەیی ستراتیژێکی نوێی کوردستانی دادەڕێژین و دەمانەوێت وەکو کورد بە یەک وەرەقەی سیاسی بچینە بەغدا و داکۆکی لە مافە دەستووری و نەتەوەییەکانمان بکەین و حکومەتێک بنیادبنێین کە بتوانێت خزمەتگوزاری، چاکسازی ریشەیی، بنەبڕکردنی گەندەڵی و بەگژداچوونەوەی بیری تووندڕەوی، نەتەوەیی و مەزھەبی بکاتە سەرمەشقی ئەرکەکانی و لەسەر بنەمای یەکسانی و ھاوڵاتیبوون خزمەت بکات". بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتی لەمیانی پێشوازیکردنی لە مارتن یێگەر، باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق و کلێمێنس زێمنتنەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان باسیان لە قۆناغی دوای هەڵبژاردن لە عێراق کردووە و رایگەیاند، "لەسەر ھێڵێکی نیشتمانی و نەتەوەیی ستراتیژێکی نوێی کوردستانی دادەڕێژین و دەمانەوێت وەکو کورد بە یەک وەرەقەی سیاسی بچینە بەغدا و داکۆکی لە مافە دەستووری و نەتەوەییەکانمان بکەین و حکومەتێک بنیادبنێین کە بتوانێت خزمەتگوزاری، چاکسازی ریشەیی، بنەبڕکردنی گەندەڵی و بەگژداچوونەوەی بیری تووندڕەوی، نەتەوەیی و مەزھەبی بکاتە سەرمەشقی ئەرکەکانی و لەسەر بنەمای یەکسانی و ھاووڵاتیبوون خزمەت بکات و دوور لە ئەجێندای سیاسی بەرنامەکانی جێبەجێ بکات". لەسەر کێشەکانی کەرکوک، ناوچە دابڕێندراوەکان و بۆشایی ئەمنی لە ھەندێک ناوچەی عێراق، بەتایبەت ھەماھەنگی و ھاریکاریی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق، بافڵ تاڵەبانی ھێزە ئەمنییەکانی بە "فاکتەری ئاسایش و ئارامی لە سنوورەکە" لە قەڵەمدا و گوتیشی، "لای یەکێتی کەرکووک قودسی کوردستانە و لە ئەولەویەتی خەباتی حیزبی و سیاسیمانە کە خزمەتی زیاتری شارەکە بەبێ جیاوازی بکەین". ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێتی گۆڕانکاریی لە ئەرکە حیزبییەکانی لە کەرکووک کردووە و "لە داهاتووشدا زیاتر لەگەڵ کەرکووکییەکان دەبین و خزمەتی زیاتریان دەکەین". هاوسەرۆکەکەی یەکێتی جەختی لەوە کردووەتەوە، "سەردەمی فرە بڕیاری و کێشەی تەداخولکردن لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی رێکخراوەیی و سەرکردایەتیکردن کۆتاییھات، و دەبێت یەکێتییەکەمان یەکێتییەکی پتەو، خاوەن ئۆرگانی کاریگەر، کارا، خزمەتگوزار و چالاکتر ئەرکە بنچینەییەکان رایی بکات".
هاوڵاتی دەمیرتاش، لەزیندانەوە رایگەیاند:"دادگا بۆ سزادانی ئەو هاوڕێکانی ئەرکدار کراوە و ئاشکرای کرد، ئێمە ناترسین، ئێمە تاوانبارنین ئێمە ڕۆڵەی بێ گوناهی ئەم گەلەین، جگە لە خودا سەرمان بۆکەس نەچەماندووە. سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی گشتی پێشووی هەدەپە، لە حەوتەمین دانیشتنی دادگا لە بارەی دۆسیەی کۆبانێ کە 108 سیاسەتمەداری کوردی تیادا دادگایی دەکرێت لە دادگای تاوانە قورسەکان لە ئەنقەرە چەند پەیامێکی نوێی راگەیاند. پارێزەران و پەرلەمانتارانی هەدەپە لە دادگاییەکەدا بەشداریان کرد، سیاسەتمەداران لە زیدانی سنجان و زیندانی سەگبیسا بە ڕێگەی ڤیدیۆ دادگاییەکە بەشدار بوون. دەمیرتاش لە دادگا وتی: دادگا خاوەنی هێزێک نییە کە بڕێارێکی دادپەروەرانە بدەن، لە ماوەی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری هەیە بۆ پیلانگێڕی سیاسیش ئەندامانی دادگا ئەرکدار کراون. ئەو وتیشی دادگا هیچ بەڵگەیەکی بۆ تاوانبارکردنی ئەو هاوڕێکانی نییە، بەڵام بەڵگەی درۆ هەیە، شاهیدی درۆ هەیە، سەرۆک کۆمار زیاتر لە نیوەی ئەندامانی دادگای دەستوری بنگەیی ئەرکدار کردووە، ئەندامانی ڕێکخراوی دادگەر و دۆزگەر ئەرکدار دەکات، هەرکاتێک گوشاری سیاسی لەسەر دادگا لابرا ئەوکاتە دەبێتە دادگا. دەمیرتاش ڕاشیگەیاند، هەتا ئەمڕۆ داخوازی بەردانی خۆی نەکردووە وتی: لەبەر ئەوەی ئەوەی منی دەستگیرکردووە ئێوە نین، لە سەرفەرمانی ئەردۆغان ئێمە لێرە ڕاگیراوین، ئێمە باوەڕمان بە گەلی خۆمان هەیە، ئێمە بە سەربەرزی بەرخۆدان دەکەین، ئێمە نوێنەری گەلین هەڵبژێردراوین پێنج ساڵ پێش ئێستا لە لایەن خەڵکانی دەمامکدارەوە لە ماڵی خۆماندا ڕفێندراین. هاوسەرۆکی پیشووی هەدەپە راشیگەیاند: ئێمە ناترسین، ئێمە تاوانبارنین ئێمە ڕۆڵەی بێ گوناهی ئەم گەلەین، جگە لە خودا سەرمان بۆکەس نەچەماندووە، چی بەتاڵکردنەوەیەکە، تۆ کێی کە ئێمە بەتاڵ بکەیتەوە. سەرکردە کوردەکە وتیشی: سەرۆک کۆمار لە پێنج ساڵدا زیاتر لە 150 جار دەربارەی من و دۆسیەی کۆبانێ قسەی کردووە، بەلایەنی کەمەوە باخچەلیش 120 جار قسەی کردووە و حکومەتیش لەسەر ئەم دۆسیەیە زیاتر لە 500 جار قسەی کردووە. ئەو داوای کرد کە هاوڕێکانی ئازاد بکرێن لەبەر ئەوەی کێشەی داواکاران لەگەڵ ئەوە دەشڵێت، من منەتی ئێوە هەڵناگرم من سیاسەتمەدارێکم، من لێرە سیاسەت دەکەم، بەڵام ئازادی هاوڕێکانم بگێڕنەوە.
