هاوڵاتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند:" راستەوخۆ دەستوەردان لە پلانی وەرگرتن دەکات و زیادی دەکات". داوا لە قوتابیانیش دەکات بچنەوە ماڵەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 31ی تشرینی یەکەمی 2021، ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و تیمی وەزارەتی خوێندنی باڵا سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەگەڵ لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر پرسی ناڕەزایەتی قوتابیان و خوێندکارانی دەرچووی 12 ئامادەیی لە زانکۆلاین کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە د. ئارام محەممەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "پلانی وەرگرتن بەپێی یاسا پلان بەشی زانستی دایدەڕێژێت و دەیداتە ئەنجوومەنی کۆلێژ، ئەنجوومەنی کۆلێژ بەرزی دەکاتەوە بۆ ئەنجوومەنی زانکۆ، ئەنجوومەنی زانکۆش دەینێرێت بۆ ناوەندەی وەرگرتن، بۆیە پلانی وەرگرتن دەسەڵاتی منی تێدا نییە وەکو وەزیر زیادی بکەم یان کەمی بکەم. بەڵکو زانکۆکان پلانیان ناردووە و ئێستاش گوێم لێدەبێت دەیانەویت من تۆمەتبار بکەن." وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەشی وت کە "من بەرپرسیارم لەو کارەی دەیکەم، بە کارێکی دادپەروەرانەی دەزانم، راستەوخۆ دەستوەردان دەکەم و پلانی وەرگرتن زیاد دەکەم، پرۆسەکەش دەخەمە سەر راستەرێگەی خۆی، هەموو خوێندکارانی کوردستانیش دڵنیا دەکەمەوە کەسیان لەسەر جادە نامێننەوە، هەموو ئەوانەی نمرە هاوشێوەکانیان لەکوێ وەرگیراوە و ئەو وەرنەگیراوە لە رێگەی پرۆسەی زانکۆلاین بەوپەڕی دادپەروەری و شەفافیەت و راستگۆییەوە جێبەجێی دەکەین." لەدوای گەڕانەوەی ناوی قوتابیانی 12ـی ئامادەیی، بەشێک لە قوتابیان لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان خۆپێشاندان دەکەن. بەشێکیان نمرەی 99یان بەدەستهێنابوو و لە بەشی پزیشکیی گشتی وەرنەگیرابوون، بەشێکی دیکەیشیان گلەیی ئەوەیان دەکرد کە سەرەڕای ئەوەی نمرەکانیان لە سەروو 95ـەوەیە، بەڵام ئەو بەشەیان بۆ نەگەڕاوەتەوە کە خۆیان دایاننابوو. وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند، "بڕۆنەوە ماڵەکانی خۆتان، تاوەکو ئێمە لێرە بین ناهێڵین هیچ کەسێک و هیچ سیستەمێک ستەمیان لێ بکات، هەڵە و کەموکورتیش رووبدات، کۆتایی دونیا نییە و دێینەوە سەر رێگە راستەکە و بۆیان چاک دەکەینەوە، دڵنیاشیان دەکەمەوە هیچ گرفت و کێشەیەک نامێنێت، هەر کێشە و گرفتێکیشیان هەبێت من لە سەنگەری داکۆکیکردنیان بووم و دەمێنمەوە، هەرچیشیان ویست با بێنە لای من لە ماڵەوە و لە وەزارەت لە خزمەتیان دەبم."
هاوڵاتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" گرنگی ھەمانگی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و ھاوکاریی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دووپات دەکاتەوە بۆ روبەڕوبونەوەی ھەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش و پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان." مەسرور بارزانی لە تویتێکدا نووسیویەتی، "زۆر خهمباربووم به شههیدبوونی دوو پێشمەرگەی قارەمان (خالید حەمید ھەیاس کاکەیی و ئاکۆ کەریم قادر) لە هێرشی شەوی رابردووی تیرۆریستانی داعش لە پردێ. پرسە و سەرەخۆشی لە كهسوكاریان و هەڤاڵەکانیان دەکەم و هاوبەشی خەمیانم." ئەو ھێرشە بە وتەی مەسرور بارزانی، "جارێکی دیکە گرنگیی ھەمانگیی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و ھاوکاریی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دووپات دەکاتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش و پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان." شەوی رابردوو لە بەرزاییەکانی زورگەزراو لە سنووری شارۆچکەی پردێ داعش هێرشی کردەسەر پێشمەرگە و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی (خالید حەمید ھەیاس و ئاکۆ کەریم قادر) له لیوای 10ـی پیادهى سهر به وەزارەتی پێشمەرگە شەهیدبوون.
هاوڵاتی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە کۆی نزیکەی 62 هەزار کورسی خوێندنی زانکۆو پەیمانگا، نزیکەی 26 هەزار کورسی حکومی بێبەرانبەر تەرخانکراون، ئەوانیتر تەرخانن بۆ پارە لە نێوان زانکۆی حکومی و زانکۆی ئەهلی. ئەمڕۆ یەکشەممە 31ی تشرینی یەکەمی 2021، عومەر گوڵپی لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبوک باسی لەوەشکردوە، ئەمڕۆ لەهەڵەبجە "پێشوازی و پشتیوانمان لە قوتابیانی دەرچووی دوانزەی ئامادەیی کرد کە بەهۆی هەڵەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو نەبوونی پلان و بەرنامەی نیشتیمانی حکومەت، ستەمیان لێکراوە." ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێمە دژی بە پارەکردنی خوێندنی زانکۆو پەیمانگاین، لە کاتێکدا دەستوور لەسەر حکومەتی پێویست دەکات کورسی خوێندن بێ بەرانبەر بۆ قوتابیان تەرخان بکات و دەرفەتی گونجاو بڕەخسێنێت."
هاوڵاتی سەرۆکی دامەزراوەی بەرگریی ئەلکترۆنیی ئێران ڕایگەیاند:" ئەو هێرشە ئەلکترۆنییە بۆ سەر سیستەمی دابەشکردنی بەنزینخانەکان، هاوشێوەی هێرشێکە کە کرایە سەر ڕێگەی ئاسن و بەندەری شەهید ڕەجایی و بەڕای ئێمە ئەم هێرشە کاری ئەمریکا و ئیسرائیلە بووە". غوڵامڕەزا جەلالی، سەرۆکی دامەزراوەی بەرگریی ئەلکترۆنی ئێران ڕایگەیاند:"لە وتووێژێک تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاند: "بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کراون و ئەو بەڵگانەی بەدەست هاتوون، ئەو هێرشە ئەلکترۆنییە بۆ سەر سیستەمی دابەشکردنی بەنزینخانەکانی ئێران لەلایەن دوو وڵاتی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە جێبەجێ کراوە، ئێمە ئێستا بە وردی سەرقاڵی بەدواداچوونی ئەم پرسەین و لە هۆکارەکانی دەکۆڵینەوە و پاشان بە وردی ڕایدەگەیەنین". ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەو هێرشە کە زۆر ئاڵۆز بووە، کراوەتە سەر بەشێکی سیستەمی دابەشکردنی بەنزین کە چاککردنەوەی ئاڵۆزە و هاوشێوەی هێرشەکەی بەندەری شەهید ڕەجایی بووە و بێگومان کاری ئەمریکا و ئیسرائیلە". ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەی هەفتەی پێشوو بەهۆی هێرشێکی ئەلکترۆنی بۆ سەر سیستەمی دابەشکردنی بەنزینی ئێران، سەرەنجام چوار هەزار و 300 بەنزینخانە لە سەرتاسەری ئێران لەکار کەوتن و هاوکات تابلۆ و بەنێرە ئەلکترۆنییەکانی سەرشەقامەکانیش لەکار کەوتن و لەکارکەوتنی بەنزینخانەکانی ئێران بووەتە هۆی گرفتی زۆر لە ئێران و هەتا ئێستا چارەسەر نەکراوە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا هێرشی هاوشێوە کراوەتە سەر چەند بنکەیەکی ئەتۆمی و ناوەندی توێژینەوەی ئەتۆمی و سەربازی لە شوێنە جیاجیاکانی ئێران و هەموو کات ئەمریکا و ئیسرائیلی بەو هێرشانە تۆمەتبار کردووە. ساڵی 2018 بەهۆی گرانی بەنزین، لە سەرتاسەری ئێران خۆپیشاندانێکی بەربەڵاو دەستی پێکرد و خۆپیشاندانەکەش گرژی و ئاڵۆزیی زۆری لێ کەوتەوە و بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) و ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لەو خۆپیشاندانەدا هەزار و 500 کەس لە ئێران کوژران کە 50 کەسیان کورد بوون.
هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند:" داعش هێشتا مهترسييهكى ڕاستهقينهيه و ههڕهشه له ئارامى و سهقامگيريى وڵات دهكات، بۆيه دهبێ به ئيراده و دهستێكى پۆڵايينهوه، به هاوكاريى و ههماههنگيى پێشمهرگه و سوپاى عيراق و هێزه ئهمنييهكان و به پشتگيريى هاوپهيماني نێودهوڵهتى تا لهناوبردنى يهكجارييان، ڕووبهڕوو و بهرهنگاريان ببينهوه". درەنگانی شەوی شەممە چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە سنووری شارۆچکەی پردێ لە پارێزگای کەرکووک و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە شەهید بوون. ئەمڕۆ یەکشەممە 31ی تشرینی یەکەمی 2021، ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە کەسوکاری هەردوو شەهید (خالید حەمید هەیاس و ئاکۆ کەریم قادر) کردووە و هاوسۆزی بۆ هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان دەربڕیوە. نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە: ”دووبارهبوونهوهى بهردهوام و فراوانبوونى پهلامارهكانى تيرۆرستان، ئهو ڕاستييه دهسهلمێنێت كه داعش هێشتا مهترسييهكى ڕاستهقينهيه و ههڕهشه له ئارامى و سهقامگيريى وڵات دهكات“. سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێویستی دەزانێت ”بە ئیرادە و دەستێکی پۆڵایین“ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ”تا لهناوبردنى يهكجارييان، ڕووبهڕوو و بهرهنگاريان ببينهوه“. دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:.. پرسه و سهرهخۆشى له خێزان و كهسوكارى سهربهرزى ههردوو شههيدى گيانفيدا خالید حەمید ھەیاس و ئاکۆ کەریم قادر له لیوای ۱۰ی پیادهى سهر به وەزارەتی پێشمەرگە دهكهم كه شهوى ڕابردوو دواى ڕووبهڕووبوونهوهيهكى قارهمانانه له كاتى ڕاوهدوونانى تيرۆرستانى داعشدا له ناوچهى پردێ شههيد بوون و گيانى پاكيان به نيشتمان بهخشى. له دڵهوه هاوسۆز و هاوخهمى خێزان و كهسوكاريان و تهواوى هاوڕێ و هاوسهنگهرانيان و پێشمهرگه قارهمانهكانم. له نزيكهوه ههست به ئێش و ئازاريان دهكهم. له پهروهردگارى مهزن داواكارم گيانى شههيدان به بهزهيى و ميهرهبانيى خۆى شاد بكات و سهبوورى و دڵنهوايى به ئهوان و ئێمه و ههمووان ببهخشێت. دووبارهبوونهوهى بهردهوام و فراوانبوونى پهلامارهكانى تيرۆرستان، ئهو ڕاستييه دهسهلمێنێت كه داعش هێشتا مهترسييهكى ڕاستهقينهيه و ههڕهشه له ئارامى و سهقامگيريى وڵات دهكات، بۆيه دهبێ به ئيراده و دهستێكى پۆڵايينهوه، به هاوكاريى و ههماههنگيى پێشمهرگه و سوپاى عيراق و هێزه ئهمنييهكان و به پشتگيريى هاوپهيماني نێودهوڵهتى تا لهناوبردنى يهكجارييان، ڕووبهڕوو و بهرهنگاريان ببينهوه. سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكى شههيدان. نێچيرڤان بارزانى سهرۆكى ههرێمى كوردستان 2021/10/31
هاوڵاتی بههۆی بارانبارین و دروستبوونی لافاوهوه، ئەمڕۆ دابەشكردنی موچە راگیرا و سبەینێ دووشهممه مووچه دابهش دهكرێ. سبهی دووشهممه مووچەی وەزارەتی ناوخۆ و ب. گشتی رەگەزنامە بۆ مانگی 10 دهكرێ، ئهوهش بههۆی بارینی ڕێژهیهكی زۆری باران و بهو هۆیهوه له فهرمانگهكانی سنووری پارێزگای هەولێر كرایه پشوو. بەهۆی ئەوەی بڕیاری تەمویل و خەرجکردنی مووچە لە وەزارەتی دارایی لە هەولێرەوە بۆ هەموو شوێنەکان و پارێزگاکان دەنێزدرێ، بۆیە مووچەی ناوخۆ و ڕەگەزنامە سبهی دووشهممه دهدرێ شەوی ڕابردوو، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:" بەهۆی ئەو شەپۆلە باران بارین و لافاوەی کە دوو ڕۆژە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە هەندێک شوێن زیانی بە شەقامە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر گەیاندووە، بۆیە بەمەبەستی پاککردنەوەی شەقامەکان، ڕۆژی یەکشەممە لە گشت دامەزراوەکانی حکوومەت لە سنوری پارێزگای هەولێر پشووی فەرمییە".
هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند:" "لە رۆژانی کۆتایی هەفتەدا لە هاکاری، لە تونجەلی لە بەرزایی سێ هەزار پێدا، سەردانی ئەو رۆڵانەمان دەکەین کە ئێشکگرن. دەڕۆینە ناو هاووڵاتیانەوە. هیچ کەسێک لە کاتی گەڕانمان بە ناو هاووڵاتیاندا پەنجەی لە ئێمە رانەوەشاند و نەیتوانی بڵێت ئێرە فڵان شوێنە، یان ئێرە کوردستانە". سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پارێزگای تۆکات رەخنەی تووندی لە ئاکشەنەر گرت بەوەی بەرپەرچی ئەو ئەو هاوڵاتیەی نەداوەتەوە. سۆیلو وتی، "لە رۆژانی کۆتایی هەفتەدا لە هاکاری، لە تونجەلی لە بەرزایی سێ هەزار پێدا، سەردانی ئەو رۆڵانەمان دەکەین کە ئێشکگرن. دەڕۆینە ناو هاووڵاتیانەوە. هیچ کەسێک لە کاتی گەڕانمان بە ناو هاووڵاتیاندا پەنجەی لە ئێمە رانەوەشاند و نەیتوانی بڵێت ئێرە فڵان شوێنە، یان ئێرە کوردستانە." لەکاتێکدا مێراڵ ئاکشەنەر پێشتر لە ساڵانی 90 کاندا ماوەی نزیکەی شەش مانگ وەزیری ناوخۆی تورکیا بووە، پێشتر لەلایەن سولەیمان سۆیلو دەستەواژەی [وەزیری راهێنراو]ی بۆ بەکارهێنرا کە ئەمە ناڕەزایی ئاکشەنەری لێکەوتەوە. ئاکشەنەر لای هاونیشتمانیان لە سێرت باسی لەوەش کرد و رەخنەی لە سۆیلو گرت. سولەیمان سۆیلو کە رووی دەمی لە ئاکشەنەر بوو رایگەیاند، "ناتوانیت بڵێیت لەبەر یەکێتیی ئەم وڵاتە چۆن قسەیەکی وەها دەکەیت؟ ناتوانیت بڵێیت تۆ چۆن هەڵوێستیکی وەها نیشان دەدەیت؟ هەروەک چۆن نەتتوانی بەو 10 باڵیۆزە بڵێیت سنوورتان بزانن، بە هەمان شێوە دوێنێ بەرامبەر ئەو کەسەی هێرشی کردە سەر یەکێتیی ئەم وڵاتە، لاڵ بوویت لاڵ! بێدەنگ بوویت و نەتتوانی هیچ بڵێیت، بۆچی؟ حسابی هاوپەیمانییەک دەکەیت بۆ ساڵی 2023؟"
هاوڵاتی هەپەگە ناسنامەی شەهیدبونی گەریلایەکی بەناوی تێکۆشەر زاگرۆس ڕاگەیاند کە بەهۆی چەکی کیمیایی سوپای توركیاوە لە مەیدانی وەرخەلێ شەهیدبووە. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل(هەپەگە) ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی شەهیدبوونی گەریلایەک کە بە چەکی کیمیایی لهلایهن سوپای توركیاوە شەهیدبووە بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، سوپای توركیا لەبەرامبەر بەرخۆدانی مێژوویی گەریلاکانی ئازادی کوردستان ناتوانێ بەرەوپێش بچێت، بۆيە هەموو تەکنەلۆژیاکانی بەکاردێنێت، ١٠/١٠/٢٠٢١ بە سەختی مەیدانی بەرخۆدانی وەرخەلێی بە چەکی کیمیایی و گازی ژەهری بۆردوومان کرد، لەئەنجامی ئەم هێرشەدا (تێکۆشەر زاگرۆس) شەهید بوو. لە بەشێكی تری ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ڕۆژی 26ی مانگ، هێزەکانمان بە چالاکی تەقەمەنی لە سوپای توركیایاندا، لەو چالاکیەدا لانی کەم سەبازێك كوژرا و چەند سەربازێكیش برینداربوون، پاش چالاکییەکەش سوپای توركیا بە هێلیکۆپتەر بریندارەکانیان لەناوچەکە گواستەوە. هەفتەی ڕابردوو، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل(هەپەگە) بڵاویكردەوە، تەنها لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ٣٢٣ جار چەکی کیمیایی لەلایەن توركیاوە دژ بە گەریلا بەکارهاتووە.
هاوڵاتی لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوشدا 700 منداڵ سەردانی کلینیکی ڕاوێژکاری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکارییان له شاری سلێمانی کرووە. لە لێدوانێکیدا پشدەر عهبدوڵا، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاری و پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان ڕایگەیاند:" زیاتر لە 100منداڵ لەم نەخۆشخانەیە بەهۆکاری توشبون بە پەتاوەرزییەکان بەمەبەستی چارەسەرکردن داخڵکراون". هەر لە بەشی کلینیکی ڕاوێژکاری نەخۆشخانەکە له ماوهی 24 كاتژمێری رابردودا 700 منداڵ سەردانی ئەو بەشەیان کردوە و لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی مناڵانەوە بینراون و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتى نهوتو كانزاكانى سلێمانى ڕایگەیاند:'سبهینێ یهكشهممه دابهشكردنى نهوتى سپى دهستپێدهكاتو سهرهتاش لهسنورى قهزاى پشدهرو ناحیهكانى دهوروبهریهوه دهبێت. ئەمڕۆ شەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2021، لە ڕاگهیاندراوێکدا بهڕێوهبهرایهتى نهوتو كانزاكانى سلێمانى ڕایگەیاند، لە سبەینێەوە یەكشەممە لەسنوری قەزای پشدەرو ناحیەکانی دەستدەکرێت بە دابەشکردنی نەوتی سپی بۆ ماڵان و بۆ هەر خێزانێکو لهبهرامبهر بڕی 200 لیتردا 55 هەزار دینار لهههر خێزانێك وهردهگیرێت". ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، "ڕۆژی دووشەممە 1ى 11ى 2021، لەناو سەنتەری شار لهسلێمانى دابەشکردنی نەوتی سپی لەسنوری مەڵبەندەکانی پێنجو شەش دهستپێدهكات". جێی ئاماژەیە، پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان لە هەرێمی کوردستاندا بەگوێرەی پێداویستی هاوڵاتییان نەبووە و ساڵی رابردووش، لە هەندێک ناوچە دابەشکرا و لە هەندێک ناوچەی دیکەش دابەشنەکرا، سەرباری ئەوەی هاوڵاتییان گازەندەی گرانی نرخی نەوتەکەیان دەکرد.
شاناز حەسەن پزیشكێكی كورد كەپسپۆری جەراحیە لەبەریتانیا گروپێك پزیشكی هێناوە بۆ هەرێمی كوردستان و بڕیارە چەندین نەشتەرگەری ئەنجامبدەن و دەڵێت:" وەك پزیشكێك دەمزانی كوردستان شوێنێكە پێویستی بەخزمەتكردنە بەتایبەت لەبواری تەندروستی". دیاری فەرەیدون قادر، پسپۆری جەراحی لەبەریتانیا لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:" وەك پزیشكێك دەمزانی كوردستان شوێنێكە پێویستی بەخزمەتكردنە بەتایبەت لەبواری تەندروستی، بۆیە میوانداریی ئەم گروپەم كردووە ". ئەم پزیشكە ئەوەشی رونكردەوە كە كەسێك بیەوێت بچێت سەردانیان بكات بە چ رێگایەك دەتوانێت و وتی:" نەخۆشەكان لەڕێگەی خێرخوازەكانەوە سەردانمان دەكەن، یاخود لەڕێگەی كەمپەكانەوە یان دەزگای خێرخوازی بارزانیەوە لەوێوە نەخۆشەكان دەنێرن، بەڵام ئێمە وەك گروپەكە ژمارە مۆبایلمان هەیە هەر كەس ویستی سەردانی پزیشكەكان بكات دەتوانێت پەیوەندی بكات و سەردانیان بكات، ئێمە دەمانەوێت زۆرترین خەڵكی هەژار سودمەند بن لەئێمەو نەشتەرگەری پێویستان بۆ بكرێت یاخود دەرمانی پێویست وەربگرن". ئەم گروپە زیاتر لە 50 پزیشكن كاری خێرخوازی دەكەن، هەر مانگەو گروپێكیان دێنە كوردستان و خزمەت دەكەن، بەپسپۆری جیاواز، ئەم گروپەی ئێستا هەفتەیەك لە هەولێرن، چوار پسپۆرن، پسپۆری ئێسقان و شكاوی، پسپۆری جوانكاری رووداوەكان، پسپۆری سوتاوی، پسپۆری شەویلگە لەشاری هەولێر رۆژانە نەخۆش دەبینن بەبێ بەرامبەرو نەشتەرگەری پێویستیان بۆ دەكرێت. ئەم پزیشكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ڕۆژانە زیاتر لە 80 نەخۆش دەبینن چارەسەری پێویستیان بێ بەرامبەر بۆ دەكەن. لەبارەی خەرجی ئەم گروپەوە دكتۆر دیار فەرەیدون جەختی لەوە كردەوە:" ئەم گروپە پزیشكە لەبەرنامەماندایە ساڵانە دوو ملیۆن دۆلار خەرج بكەین لەكوردستان لەبواری تەندروستیدا، ئەو پارەیە خێرخوازی گەورە گەورەیە لەوڵاتە جیهانیەكاندا وەك ئیمارات و بەریتانیا و ئەم پارانە بەكاردەهێنرێت بۆ نەخۆش.ئێمە زیاتر جەختمان لەسەر ئەوەیە بەگروپێكی كەم بتوانین زۆرترین نەخۆش ببینین بۆ ئەوەی زۆرترینی بەشە پارەكە بۆ نەخۆشەكان بێت نەك ستافێكی زۆر".
هاوڵاتی ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند:" دوای ئەوەی بەڕێوەبەری دەروازەی باشماخ لەسەر قسە و لێدوانەکانی ئێمە بە تۆمەتی ناوزڕاندن، لە دادگای لێکۆڵینەوەی پێنجوێن سکاڵای لە دژ تۆمارکردبووین، دوای لێکۆڵینەوەو بەدواداچونی دادوەرو سەلماندنی بەڵگەکانی ئێمە، سکاڵاكهر سکاڵاکەی ڕەتکرایەوەو دۆسیەکەش لەبەرژەوەندی ئێمە داخرا. ئەمڕۆ شەممە 30ی تشرینی یەکەم2021، دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی، "دوای ئەوەی کاری قاچاخچێتیمان لەدەروازە سنورییەکان ئاشکراکردو ڕامانگەیاند، لەسەر بونی کاری قاچاخی لەدەروازەی باشماخ، وەزیری دارایی مینحەی بەڕێوەبەری دەروازەی باشماخی بڕیووە، دەشڵیت، بەڕێوەبەری دەروازەی باشماخ لەسەر قسە و لێدوانەکانی ئێمە بە تۆمەتی ناوزڕاندن، لە دادگای لێکۆڵینەوەی پێنجوێن سکاڵای لە دژ تۆمارکردین، بۆ سەلماندنی قسە و لێدوانەکانمان، لەبەردەم دادوەری دادگایی لێکۆڵینەوەی پێنچوێن ئامادەبووین و بەڵگەکانمان خستەڕوو.'' باسیلەوەشکردووە، ''دوای لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی دادوەر و سەلماندنی بەڵگەکانی ئێمە، سکاڵاکەر، سکاڵاکەی ڕەتکرایەوە و دۆسیەکەش، لەبەرژەوەندی ئێمە داخرا.'' ئەوەشیختەڕوو، ''ھەمولایەک دڵنیا دەکەینەوە، ئەوەی وتومانە، لەبەر ڕۆشنایی بەدواداچونی ورد و بابەتیانە و زانیاری ڕاست و دروست بووە، لە پاێناو بەرژەوەندی گشتی بووە، بۆ ئەمەش ساڵی ڕابردوو کۆی دۆسیەکانمان ڕادەستی داواکاری گشتی و لایەنەکانی پەیوەندیدار بەو پرسە کردوە.''
هاوڵاتی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" شێوەزارەكانی خەڵكی كوردستان سەرمایەیەكی فەرهەنگی مرۆڤایەتین، وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانی خۆمان بۆ هەر هەوڵێكی نیشتیمانی و زاستی دەردەبڕین چونكە بنەمان بۆ بەهێزبوونی زمانی كوردی ئەوەش كاریگەری لەسەر بەهێزبوونی حكومڕانی هەرێم دەبێت". ئەمرۆ شەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2021. دیداریی شاعیریی نێوداریی كورد مامۆستا عوسمان محەمەد هەورامی، لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەچوو، لەو دیدارەدا کە بەرپرسانی حکومەت بەشداریانکردبوو، جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە میانەی بەڕێوەچوونی دیدارەکەدا وتی، "شێوەزارەكانی خەڵكی كوردستان سەرمایەیەكی فەرهەنگی مرۆڤایەتین، وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانی خۆمان بۆ هەر هەوڵێكی نیشتیمانی و زاستی دەردەبڕین، پێویستە پەرە بە گەشەسەندنیان بدرێت، چونكە بنەمان بۆ بەهێزبوونی زمانی كوردی ئەوەش كاریگەری لەسەر بەهێزبوونی حكومڕانی هەرێم دەبێت". وتەبێژی حكومەت باسی لەوەشكرد، "وەك حكومەتی هەرێم بە بیروباوەڕێكی تەواو بەپاڵشتی نوسەران و ڕۆشنبیران، دەتوانین پەرە بەزمانی باڵایی نەتەوەكەمان لە چوارچێوەی زمان و ئەكادیمیدا زیاتر گەشەی پێبدەین، هەورامانیش یەكێكە لە ناوچە دەوڵەمەندەكانی كوردستان، بە پاشخانێكی گەورەی ئەدەبی و فەرهەنگی، بەشاعیرانی مەولەوی، بێسارانی، شێخانی نەقشبەندی پشكی گەورەی لەزمان و فەرهەنگی كوردی بەردەكەوێت". لە لایەکی دیکەوە، محەمەد حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێم لە وتەیەکیدا ڕایگەیاند:"دەستێك هەیە بۆ دابڕینی هەورامان لەنەتەوەی كورد و كورد بوون و كوردایەتی، ئەوەش سەر لێتێکدانە لە بەشێك لەڕۆشنبیرانی كورد". وتیشی، "دوو ئاراستە بۆ بابەتی زمان و فەرهەنگی هەورامان كاردەكات، ئاراستەیەكیان ئەوەیە، شێوەزاریی فەرهەنگ و كەلتوری گۆران، یەكێكە لە شێوەزارە ڕەسەنە دەوڵەمەندەكانی زمانی كوردی و نەتەوە، وەك وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەشێك لە نوسەران و ڕۆشنبیران، بەو ئاراستەیە كاردەكەن هەورامیەكان خۆیان بە كوردی ڕەسەن دەزانن، خۆیان جیاناكەنەوە لەنەتەوەی كورد، لەگەڵ ئەوەشدا ئاراستەیەكی دیكەشیان هەیە بۆ دابڕینی هەورامان لە نەتەوەی كورد و كورد بوون و كوردایەتی". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو ئاراستەیە سەری لە بەشێكی كەم لەڕۆشنبیرانی كورد تێكداوە، یان ڕۆشنبیران هەستیان بەئەوە نەكردوە ئەو بابەتە دەستی لەپشتە، بۆیە هەورامیەكان خۆیان بەڕەسەنترین شێوازی كورد لەقەڵەم دەدەن".
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:' بۆ ئەمڕؤ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و لە دوای نیوەڕۆوە بارانی پچڕ پچڕ دەبارێت و هەندێک جار هەورەتریشقەشی لەگەڵدا دەبێت". ئەمڕۆ شەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2021، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و لە دوای نیوەڕۆوە بارانی پچڕ پچڕ دەبارێت و هەندێک جار هەورەتریشقەشی لەگەڵدا دەبێت. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ''پلەی گەرما لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمڕۆ بەم شێوەیە دەبێت، بەرزترین پلەی گەرما لە هەولێر 24 پلە، سلێمانی 20 پلە, دهۆک 21 پلە، هەڵەبجە 22 و کەرکوک 26 پلە. لە هەفتەی رابردووەوە کەشناسی هەرێم و عێراق بڵاویانکردەوە، پێشبینیدەکرێت ئێوارە رۆژی هەینی بارانبارین دەستپێبکات، لە دوێنێەوە ئاسمانی هەرێم هەوراوی بوو دواتر لە عەسرەوە نمەباران دەستی پێکردو لەشەودا رێژەی باران بارینەکە زیاتربووە.
شاناز حەسەن دوو ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە هیچ بیانوویەك بۆ راگرتنی پلە بەرزكردنەوەی قەرمانبەران نەماوەو حكومەت داهاتەكەی دەگاتە ترلیۆنێك و 240 ملیار دینار. عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەئێستادا داهاتی هەرێم گەیشتۆتە ئەو ئاستەی حكومەت پابەندە داراییەكانی موچەخۆران دەستپێبكاتەوە لەموچەی پاشەكەوتكراوو شایستەی دارایی و هەموو پلەبەرزكردنەوەكان دەستپێبكاتەوە». لەبارەی داهاتی حكومەتی هەرێمەوە، پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ ئەوەی دووپاتكردەوە كە بەشێوەی خەمڵاندن داهاتی هەناردەی نەوتی خاوی حكومەتی هەرێم دەگاتە ترلیۆنێك و 400 ملیار دینار زیاتری مانگانە، بەڵام دوای دەركردنی خەرجییەكانی زیاتر لە 700 ملیار دیناری مانگانە دەمێنێتەوە. عومەر گوڵپی وتیشی:» نزیكەی 150 ملیار دینار لەگومرگەكان و 90 ملیار لەباجەوەو 100 ملیار دینار لەڕوسمات و كرێی خزمەتگوزاری و 200 ملیاریش لەبەغداوە بۆ هەرێم رەوانە دەكرێت، كۆی گشتی داهاتی فعلی نەوتی ناو نانەوتی دەگاتە یەك ترلیۆن و 240 ملیار دینار ئەگەر موچەی فەرمانبەرانیش بدرێت هێشتا زیاتر لە 300 ملیار دیناری دەمێنێتەوەو دەتوانن پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستپێبكەنەوە». پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران كە بە « عەلاوەو تەرفیع،» ناودەبرێت لەساڵی 2014 و دوای راگەیاندنی قەیرانی دارایی لەلایەن حكومەتی هەرێمی ئەوكات راگیراوە كە ماوەی حەوت ساڵە بەردەوامە. هاوكات، شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»بەدڵنیاییەوە پلە بەرزكردنەوە مافێكی یاساییەو بەیاسا رێكخراوە، بەڵام بەداخەوە حكومەت پێشێلی ئەو مافەی كردووەو بۆ فەرمانبەرانی دابین نەكردووە». ئەم پەرلەمانتارە وتیشی:» بودجەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران زۆر نییە، بەڵام بەبیانووی نابەجێ حكومەتی هەرێم رایگرتووە». شێركۆ جەودەت ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:»ئێمە وەك پەرلەمانتاران بەردەوام هەوڵدەدەین و كۆڵنادەین، بەڵام پێویستە حكومەت وەڵام بداتەوە بۆ رایگرتووەو دەستپێناكاتەوە؟».
