هاوڵاتی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق كۆتایی هاتنی واده‌ی ده‌نگدانی تایبه‌تی له‌ كاتژمێر6ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ راگه‌یاند و ده‌ڵێت كه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌ و پێشێلكاریی تێدا نه‌كراوه‌. كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند كه‌ ئامێره‌كانی ده‌نگدان خۆیان به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی له‌كاتژمێر 6ی ئێواره‌ له‌كار وه‌ستاون و بڕیاره‌ له‌ كاتژمێر 7 ئامیره‌كان بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان دابگیرسێنه‌وه‌. كۆمسیۆن ده‌ڵێت كه‌ پڕۆسه‌كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتویی و به‌بێ هیچ پێشێلكارییه‌ك به‌ڕێوه‌چووه‌ و ئه‌نجامه‌كانیش له‌ رێگه‌ی مانگی ده‌ستكرده‌وه‌ ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كرێن و هاوكات چه‌ند سندوقێك به‌ ده‌ستی جیاده‌كرێنه‌وه‌ تا بزانرێت له‌گه‌ڵ ده‌نگدانی ئه‌لیكترۆنیدا هاوكاته‌ یان نا. دوپاتیشیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ دزه‌پێكردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌ تاوان داده‌نرێت و هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك له‌ پشتییه‌وه‌ بێت، سزا ده‌درێت. كاتژمێر 7ی سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 8ی تشرینی یه‌كه‌می 2021،  دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدەستیپێکرد و تاوەکو كاتژمێر 6ی ئێواره‌ پرۆسه‌كه‌ كۆتایی هات. ئەمڕۆ هەینی 08-10-2021 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و لە تەواوی عێراق یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار و 600 دەنگدەر دەتوانن بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن. بڕیاریشه‌ یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو 10ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، دەنگدانی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و به‌پێی ئاماره‌كان نزیکەی 24 ملیۆن و 907 هەزار و 679 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

هاوڵاتی  مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق فەرمانی كردووە رێگەنەدرێت بە فشاركردن لە هێزە ئەمنییەكان و ئەوانەی مافی بەشداریكردنیان هەیە لە دەنگدانی تایبەت.   ئه‌مڕۆ هه‌ینی 8ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، به‌پێی هه‌واڵی ئاژانسی فەرمی عیراق، مستەفا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق فەرمانی كردووە رێگەنەدرێت بەهیچ جۆرە فشارێك لە هێزە ئەمنی و سەربازییەكان لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەتدا.   سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت دەستی پێكردووە بۆ هەڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، لە سەرتاسەری عیراقیش یەك ملیۆن و 75 هەزار و 727 كەس بەشداری پرۆسەی دەنگدانی تایبەت دەكەن كە كارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە. هاوكات 120 هەزار و 126 ئاوارەش ئەمڕۆ مافی دەنگدانیان هەیە، لە گرتووخانەكانیش 671 كەس مافی دەنگدانیان هەیە.                 

 هاوڵاتی  نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق - یونامی رایگەیاند:" چاودێرەکانیان ئەمڕۆ هیچ سکاڵایەکیان نەگەیاندووەتە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان". یونامی دەڵێت، "ئێمە راپۆرتی رۆژنامەوانیمان بینیوە، گوایە چاودێرێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ سکاڵای گەیاندووەتە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان سەبارەت بە چەند نادروستییەکی هەڵبژاردن. ئەمە سەرلەبەری ناڕاستە". ئەو راگەیێندراوەی یونامی کە لە پێگە فەرمییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوەش کراوە، "ئەگەر چاودێرانمان هەر شتێکی جێی نیگەرانی ببینن، بە راپۆرت بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەینێرن". هەر ئەمڕۆ یونامی ئاماژەی بەوەش کرد، "لە رۆژی هەڵبژاردندا، پێویستە عێراقییەکان بە متمانەوە و بە دڵی خۆیان دەنگ بدەن لە کەش و هەوایەکی خاڵی له پاڵەپەستۆ و تۆقاندن و هەڕەشە"، هاوکات داوا لە هەموو لایەنەکانیش دەکات "رێز لە ئازادیی هەموو عێراقییەکان بگرن لە دەنگدانیان بۆ ئەو نوێنەرانەی کە خۆیان هەڵیاندەبژێرن". ئەمڕۆ هەینی 08-10-2021 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و لە تەواوی عێراق یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار و 600 دەنگدەر دەتوانن بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.

 هاوڵاتی  عومه‌رى سه‌ید عه‌لى ڕێكخه‌رى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌كۆتا ڕۆژى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "هاوڵاتیانى كوردستان.. ئێوه‌ى خۆشه‌ویست ده‌زانن بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ماوه‌ى ڕابردودا چ له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم‌و چ له‌سه‌ر ئاستى عێراقیش له‌میانى به‌شداریكردنى له‌پرۆسه‌ى سیاسیدا به‌كارى نایاسایی‌و سه‌فه‌قاتى ژێر به‌ژێره‌وه‌ تێوه‌نه‌گلاوین". ده‌شڵێت:"هه‌ربۆیه‌ به‌ده‌نگێكى زوڵاڵ‌و دلێره‌وه‌ بانگه‌شه‌ى خۆمان ده‌ستپێكردوه‌، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ داوا له‌خه‌ڵكى كوردستان‌و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان ده‌كه‌ین ده‌نگمان پێبده‌ن، چونكه‌ كاندیده‌كانمان خه‌ڵكانى پسپۆڕو شایسته‌ن نوێنه‌رایه‌تیان بكه‌ن". ڕێكخه‌رى گشتى گۆڕان ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، "جارێكى تر داوا له‌هه‌موو كه‌س ده‌كه‌ین به‌شداریی پرۆسه‌ى ده‌نگدان بكه‌ن‌و ده‌نگتان بۆ هاوپه‌یمانى كوردستان‌و له‌ناو ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌شدا ده‌نگتان بۆ كاندیده‌كانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بێت". ده‌شڵێت:"بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا پێویستى به‌هیمه‌ت‌و كۆششى زیاترى هاوڵاتیانى كوردستان هه‌یه‌، ئه‌م ڕۆڵه‌ى ئێوه‌ ده‌بێته‌ هۆى به‌هێزكردنى به‌ردى بناغه‌ى پڕۆژه‌ى سیاسیی ڕه‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا". هه‌روه‌ك به‌هاوڵاتیانى كوردستانى ڕاگه‌یاند، "پاراستنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كه‌ بونى سه‌نگه‌رێكى پته‌وه‌ بۆ خه‌باتى مه‌ده‌نى‌و په‌رله‌مانى‌و به‌هێزبونه‌وه‌ى پێگه‌و سه‌نگى خه‌ڵك له‌هاوكێشه‌ى سیاسى هه‌رێم‌و عێراق".

سازدانی: شاناز حەسەن كاندیدێكی سەبەخۆ داوا دەكات كەخەڵك بگەڕێتەوە بۆ رێزو خۆشەویستی و نەبنە كۆیلەی هیچ كەسێك، دەشڵێت:» لەبەغدا شەڕی پاراستنی كەلتوری نەتەوەكەم دەكەم». ئیبراهیم ئەحمەد، كاندیدی سەربەخۆ لەبازنەی یەكی سلێمانی بەژمارە 29، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ  هاوڵاتی ئەوە دەخاتەڕوو كە»ویستوومە بەردەوام كاربكەم بۆ ئەوەی رێز لەناسنامەی نەتەوە بریندارەكەم بگرین، نەتەوەیەكی گەورە كە نەگەیشتوین بەمافەكانی خۆمان، شەڕی كورد تەنیا شەڕی ئازادی خاك نیە، بەڵكو دەیانەوێت بمانشكێنن و وردە وردە لەناومان ببەن».  هاوڵاتی: ئامانجتان چییە وەك كاندیدێكی سەربەخۆ؟ ئیبراهیم ئەحمەد: گرنگترین شت بۆ هەر تاكێك سەربەخۆییە، حەزم كردووە بەردەوام خۆم خاوەنی خۆم بم، هیچ كات حزبی نەبووم و سەر بەهیچ حزبێك نیم، راستە لەدەزگایەكی حزبیدا كارم كردووە، بەڵام زۆر بێلایەنانە و سەربەخۆو ئازادانە و بێ جیاوازی كارم كردووە، بۆیە شانازی بە ئەوەوە دەكەم كەسەربەخۆم.  هاوڵاتی: دەتانەوێت چی بكەن بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان ئەگەر وەك كاندیدێك سەركەوتن بەدەستبهێنن؟ ئیبراهیم ئەحمەد: ساڵانێكە دروشمم كاركردن بووە بۆ هونەرو كلتور، لەو بوارەدا بەردەوام كارم كردووە، پێشتر كۆمەڵێك كارو پڕۆژەم كردووە، پڕۆژەم هەبووە بۆ كاری دەستی، ئەو پیشەیەی كە لەزۆربەی وڵاتانی دونیادا گرنگی و بەهای خۆی هەیە، هەم لەڕووی دارایی و لەڕووی گەشتیاری گرنگن. زۆر پڕۆژەم هەبووە بۆ فێركردنی گەنجان بەكاری دەستی و پڕۆژەم هەبووە بۆ بەتەمەنەكان و خانەنشینان بتوانین سودیان لێوەربگرین  مێژوویەكیان لێ بنووسینەوە، هەم خزمەتیش بەو چینە بكات،  سلێمانی وەك شارێكی رۆشنبیری بەداخەوە زۆر پشتگوێخراوە، بۆیە دەمەوێت لەناوەندی شارەوە ببێتە ناوەندێك بۆ كلتوری و گەشتیاری.  هاوڵاتی: پێتوایە ئەو بەڵێنانەی دەدرێت لەكاتی بانگەشەدا جێبەجێدەكرێن؟ ئیبراهیم ئەحمەد: ئومێدم دەكرد ئەو بەڕێزانەی كە لەوێن بیانتوانیایە هەر یەكەیان یەك پڕۆژە جێبەجێبكەن، بۆ ئەوەی لەو ناسنامە و كلتورە دەوڵەمەندەی هەمانەو كورد خاوەنیەتی، وەك نەتەوەیەكی ئاشتیخواز و پێشكەوتوو بناسێنرێین، چونكە هونەر ئاستی هۆشیاری نەتەوەیە و ناسنامەی نەتەوەیە.  هاوڵاتی: خەڵكی هەرێمی كوردستان زۆر گلەییان لەوە هەیە لەكاتی بانگەشەدا زۆر بەڵێن بەخەڵك دەدرێت، بەڵام ئەم بەڵێنانە هیچی نابنە كارو پەرلەمانتاران كاری لەسەر بكەن؟ ئیبراهیم ئەحمەد: بەداخەوە خەڵكیان گەوجاندووە، كە جارێك دوو جار دەنگمان پێدان و گرنگیان بە خەڵك نەدا پێویستە خەڵك خۆی هۆشیار بێت، هەڵنەخڵەتێن بە بەڵێنی درۆ، ساڵێك دوان سێ، ئەوە كارەساتە تۆ هەر بڕوا بەئەمانە بكەی، كە هەر بڵێت ئەمە ئەكەم و نایكا، بۆیە بەداخەوە هەڵگرتنی ئەم بەڵێنە گەورەو دروشمە قەبە و زلانە نیشانەی نەكردنیەتی، وەك كورد دەڵێت بەردی زل نیشانەی نەهاویشتنیەتی. بۆیە شەرمە ئەوەندەی كار لەسەر بودجە و پارە دەكرێت، بۆ خەڵك تەنیا بە چاوی پارە سەیر دەكرێت لەكاتێكدا مرۆڤەكان سەرچاوەی هەموو شت ێكن. بۆ رێز لەكەسایەتی مرۆڤەكان ناگیرێت، بۆیە دروشمم بۆ ئەوەیە شۆڕشێكی رۆشنبیری بەرپا بكرێت، پێویستە خەڵك هۆشیار بكرێتە لەوەی چی دەگوزەرێت لەم هەرێمە، بۆچی دەبێت لەهەموو بابەتێكدا باس باسی موچەو پارەبێت لەكاتێكدا ئەوە كاری پەرلەمانتار نیە، ئەوە ئەركی حكومەتە و دەبێت ئەركی خۆی جێبەجێبكات.  هاوڵاتی: پێتانوایە خەڵك متمانە بەكاندیدانی سەربەخۆ دەكات؟ ئیبراهیم ئەحمەد: بەداخەوە ئەوەی ساڵانی رابردوو رویداوە وایكردووە، بەمەبەست وایانكردووە متمانە نەهێڵن و چاك و خراپیان بە یەكەوە سوتاندووە، بەپارە خەڵكیان وا دەستەمۆ كردووە، بەداخەوە بەشێكی زۆری خەڵك تەنیا دوای بەرژەوەندی خۆی كەوتووە، ئێستا خەڵك هەیە زۆر ناڕازییە، بەڵام وەرە پارەی بەرێ بە لایەكی تردا دەیشكێنێتەوە، هەموو پیرۆزییەكان دەشكێنن. هەموو ئەمانەش كاریگەری لەسەر متمانە هەیە، خەڵكیان فێری زۆر شتی ناشرین كردووە كە لە كلتوری ئێمەدا نەبووە، بەڵام ئەوەی لەنزیكەوە دەمناسێت ساڵانێكی زۆرە كاردەكەم و دەرفەتی زۆر گەورە هاتۆتە پێشم، بەڵام نەمكردووە ببومایە بە كۆیلە، نابمە كۆیلەی كەس وپارە و هیچ شتێك، بۆیە دەبێت خەڵك خۆی ئەوە قبوڵ نەكات و نەبێتە كۆیلەی هیچ كەس و شتێك، چونكە ئەمە سەرچاوەی نەهامەتییەكانە.  هاوڵاتی: شێوازی بانگەشەكردنی لایەنەكانت پێ چۆنە؟ ئیبراهیم ئەحمەد: ئەو هێرشكردنانە تەنیا بانگەشەیە و هیچیی تر نیە، چونكە لەسەركردەكانی خۆیانەوە گوێمان لێ بووە، كە وتوویانە لەكاتی بانگەشەدا هێرشی توند دەكەین، بەڵام دواتر كە بانگەشە تەواو بوو ئێمە هەر ئەو براو دۆستەین، كە پێكەوە هاوبەشین و هیچ كێشەمان نیە، تەنیا بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی حەماسی لایەنگرەكانیانە. بانگەشەیەكی تەقلیدیەو دوورم لەو بانگەشەیە، كە بەتەنیا خۆم و چەند كەسوكارێكم بانگەشە دەكەین و كە ئەوانیش چەندان تیمیان هەیە، بەپارەی دزراوی ئەم میللەتە دەیان و سەدان تیمیان دروستكردووە، وێنەكانی منیان لێكردۆتەوە و وێنەی خۆیان هەڵواسیوە، بۆیە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ زمانی خۆشەویستی و بانگەشەیەكی گونجاوو رێزگرتن لەكەسایەتی یەكتری ئەنجام بدەین.  هاوڵاتی: تا چەند وەك كاندیدانی سەربەخۆ لەناو خۆتاندا هەماهەنگیتان هەیە؟ ئیبراهیم ئەحمەد: بەو پێیەی پەیوەندیەكانم باشە تا ئەندازەیەك هەماهەنگم و پەیوەندیەكانم پاراستووەو دژایەتی هیچ كەسێك ناكەم، بەڵام بەگشتی هەماهەنگیمان نیە لەناو هەموو كاندیدەكاندا.  هاوڵاتی: كۆتا پەیامت چییە؟ ئیبراهیم ئەحمەد: شەڕی كورد تەنیا شەڕی ئازادی خاك نیە، بەڵكو دەیانەوێت بمانشكێنن و وردە وردە لەناومان ببەن، با بگەڕێیتەوە بۆ خۆشەویستی و پەیوەندیە توندوتۆڵەكەی كلتوری خۆمان، با متمانە بگەڕێنینەوە و با هەموو كەس وەك یەك سەیر نەكەین و بە چاك بڵین چاك و بە خراپیش بڵێن خراپ، شەڕی من شەڕی ناسنامەی بەرزو پیرۆزی ئەم نەتەوەیەیە.  

هاوڵاتی تۆڕی باڵوێزانی ئازادی ئه‌مڕۆ ده‌ستی به‌ چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایگەیاند:" له‌هه‌ندێك بنكه‌ی ده‌نگدان مامه‌ڵه‌ی كارمه‌ندانی كۆمسیۆن له‌گه‌ڵ چاودێرانی ناوخۆیی خراپ بوو، له‌هه‌ندێكیش رووبه‌ڕووی توندوتیژی و ده‌ركردن بوونه‌وه‌". باسلەوەشکراوە، له‌هه‌ندێ له‌ بنكه‌كان پڕۆسه‌ی ده‌نگدان دواكه‌وت به‌هۆی كه‌م شاره‌زایی فه‌رمانبه‌رانی كۆمسیۆن و به‌هۆی گرفتی ته‌كنیكی ئامێره‌كانه‌وه‌. ئەوەشخراوەتەڕوو، ''پرۆسه‌ی چاودێریكردنی تۆڕه‌كه‌‌ به‌رده‌وام ده‌بێ له‌ رۆژی ده‌نگدانی گشتیش‌ كه‌ بڕیاره‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو رێككه‌وتی 10ی تشرینی یەکەمی 2021 له‌ هه‌موو پارێزگاكان به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ی 500 چاودێره‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌ندامانی ڕێكخراوه‌كانی ناو تۆڕه‌كه‌ پێكهاتوون ‌ له‌ هه‌موو پارێزگاكانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان.'' ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، چاودێره‌كانیان هه‌ندێك لادان و پێشێلكاریان تۆماركردووه‌ کە بەم شیوەیە: 1- له‌هه‌ندێ له‌ بنكه‌كان پڕۆسه‌ی ده‌نگدان دواكه‌وت به‌هۆی كه‌م شاره‌زایی فه‌رمانبه‌رانی كۆمسیۆن و به‌هۆی گرفتی ته‌كنیكی ئامێره‌كانه‌وه‌. 2- له‌هه‌ندێ له‌ بنكه‌كانی ده‌نگدان پڕوپاگه‌نده‌ بۆ هه‌ندێك پاڵێوراو به‌رده‌وام بوو. 3-  له‌هه‌ندێك بنكه‌ی ده‌نگدان مامه‌ڵه‌ی كارمه‌ندانی كۆمسیۆن له‌گه‌ڵ چاودێرانی ناوخۆیی خراپ بوو. له‌هه‌ندێكیش رووبه‌ڕووی توندوتیژی و ده‌ركردن بوونەتەوە.

 هاوڵاتی سەبارەت بە هەڵبژاردن شێخ نەهرۆ كەسنەزانی لەپەیامێكی ڤیدۆیی نوێدا داوا لە دەروێشەكانی و گەلی عێراق دەكات بەپەرۆشیەوە بەرەو سندوقەكانی دەنگدان بڕۆن و عێراق لەئەستۆی ئەوان دایە. ئەمرۆ هەینی 8ی تشرینی یەکەمی 2021، شێخ نەهرۆ كەسنەزانی لە پەیامەكەیدا روویكردە دەروێشەكانی و گەلی عێراق و رایگەیاند:" داواتان لێدەكەم هەڵتان نەخەڵەتێنن، چونكە ئێمە بۆ هەمو گەلی عێراق كاردەكین بەبێ‌ جیاوازی، داوای لە دەروێشەكانیشی كرد هەرچ كەسێك شایستەیە لە برا مەسیحیەكان و سائیبی و شەبكە و ئێزیدیەكان، دەبێت بە دەنگی كەسنەزانیەكان سەربكەون تاوەكو بۆ جیهانی بسەلمێنن كە دەروێشەكانی كەسنەزانی لەبازنەیەكی بچوكدا نین و كەسنەزانی بەیەك چاو سەیری عێراقیەكان دەكات". وتیشی:" ئەو كەسانەی بەدەنگی ئێمە سەر دەكەون ئەگەر كەموكوڕیان هەبێت لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكەین و ئەگەر خزمەتی میللەتیش بكەن پاداشتیان دەكەین، ئێمە بۆ عێراق بەگشتی كاردەكەین و كاركردنمان بۆ هیچ لایەك یان نەتەوەیەك و مەزهەبێكی دیاری كراو نیە، بەڵكو بۆ هەمو عێراق كاردەكەین بەبێ‌ جیاوازی".

هاوڵاتی رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند:" ئومێد دەکەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەبێ ترس و تۆقاندن دەنگ بدەن و ئەوانیش هەر ناڕەزاییەکی هێزە ئەمنییەکان دەگەیەنن کە بەهۆیەوە دەستوردان و پێشێلکاری مافەکانیاندا بکرێت. ئەمرۆ هەینی 8ی تشرینی یەکەمی 2021، موقتەدا سەدر لەپەیامێکدا باسی لەوەشکردوە، ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان لەپێناو وڵات و پرۆسەی چاکسازیدا دەنگ دەدەن و داواکاری ئەوانیش ئەوەیە ئومێد دەکەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەبێ ترس و تۆقاندن دەنگ بدەن. ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەگەر هێزە ئەمنییەکان پارێزگاری نیشتیمان بن، رەوتی سەدر پشتیوانیان دەکات و رێگەش نادات دەستوردان و پێشێلکاری لە مافەکانیاندا بکرێت. کاتژمێر 7:00ی ئەمرۆ هەینی، لە سەرتاسەری عێراق پرۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت ده‌ستیپێكردو ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان به‌ رووی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و ئاواره‌ و زیندانیكراوه‌كاندا كرانه‌وه. لە تەواوی عێراق، یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە. هەروەها لە زیندانەکاندا، 671 کەس ئەو مافەیان هەیە. ئەو ئاوارانەشی کە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق تۆمارکراون و مافی دەنگدانیان هەیە، لە 17 پارێزگا دەنگ دەدەن و ژمارەیان 120 هەزار و 126 کەسە و زۆرینەیان لە هەرێمی کوردستانن. 

 هاوڵاتی وتەبێژی قوباد تاڵەبانى سەرۆکى لیستى هاوپەیمانى کوردستان لەسەر کاندیدەکانى هاوپەیمانى لەکەرکوک ڕونکردنەوە دەدات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "تاكە‌ كاندیدی ھاوپە‌یمانى كوردستان لە‌بازنە‌ی (2)ی كە‌ركوك تە‌نھا گە‌یلان قادرە‌". لەڕونکردنەوەیەکدا سەمیر هەورامى وتەبێژی قوباد تاڵەبانى ئاشكرایكردوه‌، "چە‌ند ڕۆژێكە‌ لە‌ڕێی تە‌لە‌فۆنە‌وە‌، پەیوە‌ندی بە‌ھاوڵاتیانی شاری كە‌ركوكە‌وە‌ دە‌كرێت بە‌ناوی نوسینگە‌ی بە‌ڕێز قوباد تاڵە‌بانییە‌وە‌و داوا لە‌ھاوڵاتییان دە‌كرێت كە‌ دە‌نگبدە‌‌ن بە‌دكتۆرە‌ ئاشتی، بۆیە‌ بە‌پێویستمانزانی بۆ ڕای گشتیی‌و كە‌ركوكییە‌‌ خۆشە‌ویستە‌كان بە‌تایبە‌ت ڕونبكە‌ینە‌وە‌". هەورامى جەختیکردۆتەوە، "بە‌ھیچ شێوە‌یە‌ك‌ ئەوان ئاگاداری ئە‌و پە‌یوە‌ندییانە‌ نین‌و تاكە‌ كاندیدی ھاوپە‌یمانی كوردستانیش لە‌بازنە‌ی (2)ی كە‌ركوك تە‌نھا گە‌یلان قادرە‌ كە‌‌ ژمارەكە‌ی‌ (21)ه‌". وتەبێژی قوباد تاڵەبانى داوا لەکەرکوکیەکان دەکات لەبازنەى 2ی کەرکوک، دە‌نگبدەن بەگەیلان قادر نە‌ك كە‌سی تر کە بەوتەى خۆى، "ئە‌و بڕیارە‌ش لە‌بە‌ر ڕۆشنایی بە‌رژە‌وەندی ھاوپە‌یمانی كوردستان‌و گشتی دراوە‌".

   هاوڵاتی  پارێزگاری هەولێر رایگەیاند:" پرۆسەی دەنگدانی تایبەت زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و لە سێ بنکە کێشەیان هەبووە، ئەوانیش چارەسەرکران. پارێزگاری هەولێر دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی سەردانی بنکەیەکی دەنگدانی کرد  رایگەیاند: "لە سێ بنکەی دەنگداندا لە عەینکاوە، کەسنەزان و کۆیە، کێشەی دەنگدان دروستبوو بەهۆی قەرەباڵخی زۆر و لۆدی زۆری دەنگدەران لەسەر ئامێرەکان، کەمێک پرۆسەکە وەستا، بەڵام دواتر کێشەکان چارەسەرکران".  ئومێد خۆشناو داوای لە دەنگدەران کرد، جەنجاڵی دروستنەکەن و پەلە نەکەن، هەم بۆ خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا و هەروەها بۆ کەمبوونەوەی لۆد لەسەر ئامێرەکانی دەنگدان. سەبارەت بە سستی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانەکە، ئومێد خۆشناو وتی: "پرۆسەکە بە سستی بەڕێوەناچێت، بەڵکو سرووشتیی ئامێرەکان وایە و پرۆسەکە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و هیچ گرفتێکی لۆجیستی و ئامێر و ئەمنی لە پرۆسەکەدا نییە، ئەمەش بەهۆی ئەو ئامادەکارییانەیە کە پێشتر کۆمیسیۆن و هەروەها پارێزگا کردوویانە". لەبارەی دەنگدانی ئاوارەکان لە کەمپەکان، پارێزگاری هەولێر وتی: "دەنگدانی ئاوارەکانی سنووری پارێزگای هەولێر لەنێو کەمپەکان ئەرکی ئێمەی قورسکرد و سەرەتاش بەغدامان ئاگادارکردبووەوە کە ناتوانین پاسی هاتووچۆ بۆ ئاوارەکان دابین بکەین، بەڵام بەغدا وەڵامی نەبوو، بۆیە ناچاربووین هاوکاریان بکەین".

 هاوڵاتی   لەسەر رێگەی کەرکووک - حەویجە بەھۆی روداوێکی ھاتوچۆوە 37 پۆلیسی فیدراڵی بوونە قوربانی، بەرپرسی فەرمانگەی گەیاندن و راگەیاندنی کەرکووک دەڵێت، دوو پۆلیس گیانیان لەدەستدا و 35ی دیکەش برینداربوون. لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک - حەویجە و لە نزیک یەکبڕی ریاز، رووداوێکی ھاتووچۆ لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی سەربازی و کۆستەرێکدا روویدا و بەھۆیەوە 29 کەس برینداربوون و گیانیان لەدەستدا. قوربانییەکان پۆلیسی لیوای ھەشتی فیرقەی پێنجن و لەکاتی گەڕانەوەیان لە بنکەکانی دەنگدانەوە بۆ بارەگای لیوا تووشی ئەو رووداوە ھاتوون. ئەمڕۆ هەینی 08-10-2021 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و لە تەواوی عێراق یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار و 600 دەنگدەر دەتوانن بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.  

 هاوڵاتی  فەرمانگەی میدیا و زانیاریی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی روماڵی میدیاکانەوە داوایەکی ئاراستەی هێزە ئەمنییەکان کرد و داوا دەکات، "رێز لە کاری میدیاکاران بگرن و هاوکارییان بکەن لە چوارچێوەی رێنوێنییەکانی کۆمیسیۆن". ئەمرۆ هەینی 8ی تشرینی یەکەمی 2021، لە راگەیێندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "لە 10ی ئوکتۆبەر 2021 پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سۆنگەی بڕوابوونی بە رۆڵی گرنگی میدیا لە چاودێریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و رووماڵکردنی ئەو پرۆسە دیموکراتییە، داوا لە هەموو دامودەزگا ئەمنییەكانی دەکات رێز لە كاری میدیاكاران بگرن و ھاوکارییان بکەن و لە چوارچێوەی رێنوێنییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان مامەڵە لەگەڵ تیمەكانی راگەیاندن بكەن". حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات، لە قۆناغەكانی دەنگدانی تایبەت و گشتی و جیاكردنەوەی دەنگەكانیش، زەمینە خۆش بكرێت تاوەکو میدیاكارانی ناوخۆ و دەرەوە بە شێوەیەكی ئازادانە و پیشەییانە كارەكانیان ئەنجام بدەن. هاوکات داواش لە میدیا و رۆژنامەنووسان دەکات، "لە چوارچێوەی هەمان رێنوێنی هەڵسوكەوت بكەن و رێز لە ئەركی ئەو هێزانە بگرن كە بۆ پاراستن و سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و سەقامگیری و ئارامی لە ئەركدان". ئەمڕۆ هەینی 08-10-2021 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و لە تەواوی عێراق یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار و 600 دەنگدەر دەتوانن بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.

هاوڵاتی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق  پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاودەکاتەوە و چاوەڕێ دەکرێت پەیامەکەی لەبارەی هەڵبژاردنەکان، بەشداری هاوڵاتیان، جێبەجێکردنی کارنامەکانی حکومەت و قۆناغی داهاتووی دوای هەڵبژاردنەکانی 10ی تشرینی یەکەم بۆچوونی خۆی بۆ رایگشتی بخاتەڕوو. ئەمرۆ هەینی 8ی تشرینی یەکەمی 2021، موشریق عەباس، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لەهەژماری فەرمی خۆی لەتوڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران پەیامێکی "گرنگ و راشکاو" ئاڕاستەی گەلانی عێراق دەکات. دوێنێش مستەفا کازمی لەهەژماری فەرمی خۆی لەتویتەر باسی لەوەکردبو، "ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران كۆتایی بەم خولە هێنا بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەم. هەڵبژاردن ڕێڕەوی بەرهەمهێنانی ئەنجومەنێكی نوێی نوێنەرانە بۆ پاراستنی وڵات و دەوڵەت." ئاماژەی بەوەشکردبوو، "ئازادانە ئەوانە هەڵبژێرن كە لە سۆنگەی بەها نیشتمانییەكانەوە نوێنەرتان دەبن و گۆڕانكاری دروست بكەن." رۆژی یەکشەممەی داهاتو 10ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە 24 ملیۆن کەس مافی دەنگدانی هەیە بۆ هەڵبژاردنی 329 کورسی پەرلەمان. کاتژمێر 7:00ی ئەمرۆ هەینی، لە سەرتاسەری عێراق پرۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت ده‌ستیپێكردو ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان به‌ رووی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و ئاواره‌ و زیندانیكراوه‌كاندا كرانه‌وه. لە تەواوی عێراق، یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە. هەروەها لە زیندانەکاندا، 671 کەس ئەو مافەیان هەیە. ئەو ئاوارانەشی کە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق تۆمارکراون و مافی دەنگدانیان هەیە، لە 17 پارێزگا دەنگ دەدەن و ژمارەیان 120 هەزار و 126 کەسە و زۆرینەیان لە هەرێمی کوردستانن. 

هاوڵاتی نووسینگەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق - یونامی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە عێراقییەکان لە کەشێکی "خاڵی لە پاڵەپەستۆ و تۆقاندن و هەڕەشە" بە دڵی خۆیان دەنگ بدەن. ئەمرۆ هەینی 8ی تشرینی یەکەمی 2021،نووسینگەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق بەبۆنەی بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە رۆژی هەڵبژاردندا، پێویستە عێراقییەکان بە متمانەوە و بە دڵی خۆیان دەنگ بدەن لە کەش و هەوایەکی خاڵی له پاڵەپەستۆ و تۆقاندن و هەڕەشە". هەر لەو پەیامەی یونامیدا هاتووە، "دووبارە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین کە رێز لە ئازادیی هەموو عێراقییەکان بگرن لە دەنگدانیان بۆ ئەو نوێنەرانەی کە خۆیان هەڵیاندەبژێرن". بڕیارە ئەمڕۆ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق سەردانی دهۆک بکات. خالید عەباس، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دھۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دھۆک تاوەکو ئێستا ھیچ کێشەیەک دروستنەبووە و بڕیارە جێنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق سەردانی پارێزگای دھۆک بکات و چاودێریی پرۆسەی دەنگدان بکات". لە تەواوی عێراق، یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە. هەروەها لە زیندانەکاندا، 671 کەس ئەو مافەیان هەیە. ئەو ئاوارانەشی کە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق تۆمارکراون و مافی دەنگدانیان هەیە، لە 17 پارێزگا دەنگ دەدەن و ژمارەیان 120 هەزار و 126 کەسە و زۆرینەیان لە هەرێمی کوردستانن. لەو ژمارە لە هێزە تایبەتەکان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار و 600 دەنگدەر دەتوانن بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن. بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیش لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "هەموو رێوشوێنەکان بۆ دەنگدانێکی ئارام گیراونەتەبەر و هیوادارین زۆرترین کەس بەشداریی دەنگدانی تایبەت و گشتی بکەن".

  هاوڵاتی سەرۆكی كومیتەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی دیموكراتی سوریا رایگەیاند:" ئەمریكا لە سوریادا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی داعش لە ناوبات و ئەیەوێ ناوەندەكانی خزمەتگوزاری سەرەتایی ساز بكات و لایەنێكی چاڵاك بێت بۆ ئەوەی چارەسەرێكی سیاسی بدۆزیتەوە دوای ئەوەی 10 ساڵ شەڕی ناوخۆیی لە سوریادا روویداوە. ئەمرۆ هەینی 8ی تشرینی یەکەمی 2021، ئیلهام ئەحمەد سەرۆكی كومیتەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی دیموكراتی سوریا، كە باڵی سیاسی یەكینەكانی پاراستنی گەلە ڕایگەیاند، ئەمریكا بەڵێنییەكی روونی داوەتە كوردەكان، بۆ ئەوەی لە سوریادا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی داعش لە ناوبات.  باسیلەوەشکردووە، لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا لەگەڵ نوێنەرانی كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوەو وەزارەتی بەرگری كۆبوونەوەی هەبوو هەندێک لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کردووەو بە رۆیتەرزی وتووە، ''ئەوان بەڵێنیاندا ئەوەی لە دەستیان بێت ئەنجامی بدەن بۆ ئەوەی داعش لە ناو ببەن و خزمەتگوزارییەكان لە باكووری خۆرهەڵاتی سوریا دابمەزرێنن.'' سەرۆكی كومیتەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی دیموكراتی سوریا ئەوەشیخستەڕوو، ''ئەوان وتیان دەیانەوێت لە سوریادا بمێننەوەو پاشەكشە ناكەن و بەردەوام لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی داعش شەڕ دەكەن.'' ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ''ئەوان پێشتر لە سەردەمی بەڕیوەبەرایەتی ترامپداو لە ماوەی كێشانەوە لە ئەفغانستان سەبارەت بە ئەم مەسەلەیە روون نەبوون، بەڵام ئەم جارە ئەوان هەموو شتێكیان روون كردۆتەوە.''