نزیکەی 20 هەزار خانەنشینی پلە باڵای پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان مەترسیی کەمبوونەوەی مووچەکانیان لەسەرە، ئەمەش بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق کە لە ساڵی 2014 دەرچووە، لەبری یاسای خانەنشینی ساڵی 2007ی هەرێم. وەزارەتی دارایی عێراقیش وادەی بۆ حکومەتی هەرێم داناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە تا کۆتایی ئەمساڵ. بەگوێرەی بەدواداچوونێکى ڕۆژنامەوانى کە لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینان دەستکەوتووە، نزیکەی بیست هەزار خانەنشینی پلە باڵای پێشمەرگە مووچەکانیان کەمدەبێتەوە. ئەم گۆڕانکارییە بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق دەبێت، کە یاسایەکی نوێترە لەچاو یاسا کارپێکراوەکەی ئێستای هەرێم. وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کردووە، کە تا کۆتایی ئەمساڵ پرسی خانەنشینانی پێشمەرگەی هەرێم لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقدا چارەسەر بکرێت. تاوەکو ئێستا خانەنشینانی پێشمەرگە لەسەر بنەمای یاسای ژمارە 38ـی ساڵی 2007ی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان وەردەگرن. لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پێشمەرگە داوایکردووە کە خانەنشینی پێشمەرگە لەبری یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، بەگوێرەی یاسای راژە و خانەنشینی ساڵی 2007 بێت. هۆکاری ئەم داواکارییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەرماڵەی ژن و منداڵ و مەترسی لە یاسای 2007دا ماوەتەوە، بەڵام لە یاسای عێراقیدا نییە. بەدواداچوونەکان ئەوەیان دەرخستووە کە نزیکەی 20 هەزار پلەداری خانەنشینی پێشمەرگە، لە پلەکانی (ڕائید و موقەدەم و عەقید و عەمید و لیوا و فەریق ڕوکن و فەریق)، مووچەکانیان کەمدەبێتەوە. ئەم کەمبوونەوەیە بەهۆی ئەوەیە کە لە یاساکەی عێراقدا دەرماڵەی مەترسی و هاوسەرگیری و منداڵ بوونی نییە. بەمەش مووچەی پلەدارەکان لەنێوان 500 هەزار دینار تاوەکو نزیکەی دوو ملیۆن دینار کەمدەبێتەوە. لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم بڕیاردراوە ڕاپۆرتێکی ورد ئامادە بکرێت. پاشان گفتوگۆکانیان لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتمانی عێراق دەستپێدەکەنەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک.
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: عێراق پێویستی بە یاسا و دادگا هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیا و لە یاسا دەرچووان. هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی( ناشناڵ) ڕایگەیاند: عێراق دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت، ئێستا دۆخی ئەمنی لە تەواوی عێراق باشترە و هێرشی تیرۆریستی کەمتر بووەتەوە، بۆیە دەتوانێت وەبەرهێنەری بیانی ڕابکێشێت. زێباری ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆخی عێراق هاندەر بووە بۆ کۆمپانیاکانی ئەمەریکا بەتایبەتی لە بواری نەوت، بێنە عێراق و وەبەرهێنان بکەن. سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستانیش، هۆشیار زێباری دەڵێت: حکوومەتی عێراق نیازێکی پاکی هەیە و لێکۆڵینەوەی کردووە، بەڵام دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، بکەرانی هێرشە درۆنییەکانی ئاشکرا نەکردووە. هاوکات وتیشى: حکومەتی عێراق نیازى پاکە، هەرچەندە دۆخەکە بە تەواوی سەقامگیر نەبووە، هێرشی فڕۆکه بێفڕۆکەوانەکان كە وەبەرهێنانەکانی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستانی به ئامانجگرت، رەنگە زیان بە متمانەی وەبەرهێنەران بەگەیەنێت. ئەوەشى باسکرد کە حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوەی لەم دۆسیەیە کرد، بەڵام کاتێک لێکۆڵینەوەکە تەواو بوو، ناوی تاوانبارانی دەستنیشان نەکرد، ئەوەش بۆ وەبەرهێنەران بێهیواکەرە. ئاشکراشیکرد، عێراق لە هەموو شتێک زیاتر، پێویستی بە ژینگەیەکی باش و ئارام هەیە بۆ وەبەرهێنەران، هەروەها پێویستی بە یاسا و دادگا هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیا و لە یاسا دەرچووەکان.
کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆ لەسەر شەقامی پشتێنەی کەرکوک نزیک هەفتەبازاڕ، پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و سێی دیکەش برینداربوون سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 13ـی ئەیلوولی 2025، ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ لەڕێگای بازنەیی کەرکووک ڕوویدا، سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکوک وتى: پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و سێی دیکەش برینداربوون. بەپێی وتەی شاهێدحاڵەکان ،بارهەڵگرێک کە لەقەراغ ڕێگاکە وەستاوە و شۆفێرەکەی خەریکی خواردنی نانی بەیانی بووە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵ کەشەش سەرنشین و شۆفێرەکەی تێدابووە، کۆنترۆڵی خۆی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە بارهەڵگرەکە، بەهۆی ڕووداوەکەوە پێنج کەس لەسەرنشینانی ئۆتۆمبێڵی ئۆپڵەکە گیانیان لەدەستداوە و سیانی دیکەش بەسەختی برینداربوونە.
بڕیارە هەفتەى داهاتوو وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان رێنمایی بۆ لێخۆشبوونى لە 15%ى قەرزى سەر هاونیشتمانییان دەربکات، کە لە کۆبوونەوەى رۆژى چوارشەممەى ئەنجوومەنى وەزیران بڕیارى لەبارەوەدرا. بەگوێرەى زانیارییەکان، هەفتەى داهاتوو وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدات و لە کۆبوونەوەکە رێنمایی بۆ لێخۆشبوونى 15% قەرزە حکومییەکانى سەر هاونیشتمانییان دەردەکات. هەربەگوێرەى زانیارییەکان، لە رێنماییەکاندا مەرجى لێخۆشبوونى لە 15% قەرزەکان، دانەوەى سەرجەم قەرزەکانى کەڵەکەبووە تاوەکو کۆتا رۆژى ئەمساڵ. لێبخۆشبوونەکە قەرزی خانووبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی، نیشتەجێکردن و گەشتیاری دەگرێتەوە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە رۆژى چوارشەممە رایگەیاند، بەمەبەستى ئاسانکاریی دانەوەى پێشینە و قەرزەکانی تایبەت بە بوارەکانی (خانووبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و نیشتەجێکردن و گەشتیاری) کە پێشتر بە هاونیشتمانییان دراوە بڕیاردرا بە لێخۆشبوونى 15٪ ئەو پێشینە و قەرزانە، سەرەڕای لێخۆشبوون لە تەواوی سوودی بانکی و پێبژاردنی دواکەوتنی دانەوەی قەرزەکان. ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ئەوەشى راگەیاند، لێخۆشبوونەکە تاوەکو 31ى کانوونى یەکەمى ئەمساڵ بەرکاردەبێت. باسی لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیری و بازرگانی و قەرزی بچووک نەکراوە لە راگەیەندراوە فەرمییەکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان تەنیا باس لە پێنج جۆر قەرز و پێشینەکراوە و هیچ باسێک لە لێخۆشبوونى 15% پێشینەى هاوسەرگیرى، پێشینەى بازرگانى و قەرزى پرۆژە بچووکەکان نەکراوە و تاوەکو دەرکردنى رێنماییەکان نازانرێت لێخۆشبوونەکە ئەو قەرزانە دەگرێتەوە یاخود نا.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە)، لە لێدوانێکدا، داوای کرد ئەحمەد تورک، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی مێردین، بگەڕێندرێتەوە سەر کارەکەی وەک بەشێک لە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر". هاوکات پشتگیریی خۆی بۆ بەردەوامبوونی ئەردۆغان تا ساڵی 2028 و داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دووپاتکردەوە. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "سەباح"ی تورکی، چەندین لێدوانی گرنگی لەسەر ئەمڕۆی سیاسەتی تورکیا دا، کە گرنگترینیان پەیوەست بوو بە سیاسەتمەدارە کوردەکانەوە. لە بەشێکی قسەکانیدا کە بە هەڵوێستێکی چاوەڕواننەکراو دادەنرێت، باخچەلی رایگەیاند: "ئاشتی باڵندەیەکی یەک باڵ نییە. بۆ ئەوەی ئاشتی بفڕێت، پێویستی بە باڵی دووەمە. باڵی یەکەمی ئاشتی لەلایەن ئۆجەلانەوە جێبەجێ کرا، پەکەکە هەڵوەشێنرایەوە و چەکەکان دانران. ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغی ئەوەی کە مەرجەکانی پێکەوەژیان چی بن." لەو چوارچێوەیەدا، بە ئاماژەدان بە ئەحمەد تورک وتی: "ئەحمەد تورک سەرۆکی شارەوانیی مێردین بوو بەڵام لە کارەکەی دوورخرایەوە. ئەو کەسێکە کە بەشداریی کردووە لە دروستکردنی دیالۆگ لەگەڵ پەکەکە بۆ دابینکردنی ئاشتی و ئارامی لە تورکیا. لە دۆخێکی وەهادا، پێویستە ئەحمەد تورک بگەڕێندرێتەوە سەر کارەکەی و بە شارەوانییەکەی شاد ببێتەوە. ئەمە بەشداریی لە گەشەپێدانی هەستی برایەتی و ئاشتیدا دەکات." باخچەلی هەمان بۆچوونی بۆ ئەحمەد ئۆزەر (سەرۆکی پێشووی شارەوانیی وان) دووپاتکردەوە و وتی: "ئەگەر لە شارەوانیدا گەندەڵی یان رەفتاری نایاسایی هەبێت، ئەوە بابەتێکی جیاوازە، بەڵام ئەوەی لە رابردوودا هەندێک بۆچوونی پەیوەست بە پەکەکەی لەگەڵ رای گشتیدا باسکردووە، بابەتێکی ترە. ئەگەر تورکیا چووەتە ناو پرۆسەی ئاشتییەوە، پێویستە ئەحمەد ئۆزەر ئازاد بکرێت." سەبارەت بە پرۆسەی "ئاشتی"، باخچەلی ئاماژەی بە راگەیەندراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد و وتی: "دامەزرێنەری پەکەکە، ئۆجەلان، لە 27ی شوباتدا راگەیەندراوێکی دەرکرد... پەکەکە هەڵوەشێنراوەتەوە و چەکەکان دانراون. بۆیە پەکەکە و پێکهاتەکانی سەر بەو رێکخراوە لە هەر کوێیەک بن، ناچارن ملکەچی ئۆجەلان بن، رێزی لێبگرن و بەپێی رێنماییەکانی بجوڵێنەوە." پشتگیری بۆ ئەردۆغان: رایگەیاند کە لە هەڵبژاردنی 2028دا بە تەواوی پشتگیریی کاندیدبوونەوەی ئەردۆغان دەکەن. داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: وتی: "پێویستە رەگ و ریشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەربهێنرێت. ئەگەر بەدەست من بووایە، لە ماوەی نیو کاتژمێردا هەموویان دادەخەم." لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆک شارەوانییەکانی جەهەپە: داوای کرد تا مانگی تشرینی یەکەم، ئیدعانامەی سەرۆک شارەوانییە دەستگیرکراوەکانی جەهەپە ئامادە بکرێت و دادگاییکردنەکان دەستپێبکەن.
وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: ھیوامان بە گفتوگۆ ھەیە تا ڕێککەوین، بەڵام ئەگەر نەکرا کۆمەڵێک بژاردەمان لەبەردەمە، وەکو کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی و بەشدارینەکردن لە ھەڵبژاردن. پێشەوا ھەورامی، وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "بڕیاری ٥٥٠ ھەیە، لەم بڕیارە چەند مەرجێک بۆ حکومەتی ھەرێم دیاری کراوە، ئەوان داھاتی نانەوتی و ھەناردەکردنەوەی نەوتیی ھەرێمی کوردستان دەکەنە مەرجی ناردنی مووچە، ئەوە چارەسەری کێشەی ناردنی مووچەکانی ئەمساڵ دەکات، چونکە ناکرێت مووچەی چەند مانگێک ڕەوانە نەکرێت و بەو شێوەیە تەماشا بکەین و بێ دەنگ بین. وتەبێژی حکومەت جەختى لەسەر ئەوەکردەوە ئێمە ھیوامان بە گفتوگۆ ھەیە تا ڕێککەوین، بەڵام ئەگەر نەکرا کۆمەڵێک بژاردەمان لەبەردەمە، ئەو وتیشى: وەکو کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی و بەشدارینەکردن لە ھەڵبژاردن و بەشدارینەکردن لە پرۆسەی سیاسی، بۆیە ئەگەر گەیشتینە ئەو قۆناغە ئەوکات ھیچ گفتوگۆ نامینێت. لەبەشێکى دیکە قسەکانیدا هێماى بۆ ئەوەشکرد حکومەت ئەو داھاتەی لەبەردەستی دایە بە عادیلانە بەسەر خەڵکدا دابەشی دەکات، ئەوە باشترە لەوەی پێشێلی زیاتری مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکرێت و وەزیرێک بە کەیفی خۆی بیەوێت وەکو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات. پێشەوا ھەورامی وتیشی "لە یاسای ئیدارەی مالی لە ماددەی ٢٩ زۆر بەئاشکرا باس لەوە کراوە گومرگ و باج ٥٠%ی بۆ عێراق بێت، ڕسومات ئەوانەی بەپێی یاساکانی ھەرێمی کوردستان دیاریکراون ١٠٠%ی بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبن، ئەوانەی بەپێی یاسای عێراق جێبەجێ دەکرێن ئەوان ٥٠%ی بۆ عێراق دەبن، ئێمە لەوە کێشەمان نیە و لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران سەرۆک وەزیران باسی لەوە کردووە ١٠٠%ی ئەو داھاتەمان دەوێت." ھەورامی باسی لەوەش کرد "ئەنجوومەنی دەوڵەت بڕیار لەسەر ھەرێمی کوردستان نادات، تەنیا ڕایان وەردەگیرێت، ئەویش حکوومەتی عێراق داوای کردووە نەک ئێمە، تەنیا بەرچاوڕوونییە و دەدرێتە حکوومەتی عێراق، پێشتر دادگای فیدراڵی یەکلایی کردەوە، ئێستاش ئەنجوومەنی دەوڵەت، نازانین دواتریش چی لێ دێت، بۆیە دەستی دەستی پێدەکرێت، بەپێی یاسا ھەمووی دیاری کراوە وڕوون وئاشکرایە."
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێكی دەوڵەتی ئیمارات کرد و سوپاسی حکوومەت و خەڵک و سەرکردایەتیی ئیماراتی کرد کە هەمیشە لەڕێی ڕێكخراوە مرۆییەكان هاوكار و پاڵپشتی هەرێم بوونە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی ئەیلوولی 2025، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازی لە شاندێكی دەوڵەتی ئیمارات بە سەرۆكایەتیی سەعید موبارەك ئەلهاجری وەزیری دەوڵەت و نێردەی تایبەتی ئیمارات بۆ كاروباری ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان كرد. بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، دیدارەكەدا شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەردانیان بۆ هەرێمی كوردستان و دیدار لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، جەختیان لە دۆستایەتی و هەڵوێستی سەركردایەتیی ئیمارات لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد و سڵاوی حاكمی ئیمارات و سەركردایەتیی وڵاتەكەیان بە بارزانی گەیاند. هەروەها سوپاس و پێزانینیان هەبوو بۆ دیدار و كۆبوونەوەكانیان لە هەرێم و ئەو دەرفەتانەی كە خراونەتە بەریان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و بوارەكانی تر لە ئێستا و لە داهاتوو. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، سەرۆک مەسعود بارزانی سوپاسی حكومەت و خەڵك و سەركردایەتیی ئیماراتی كرد، هەمیشە لەڕێی ڕێكخراوە مرۆییەكان هاوكار و پاڵپشتی هەرێم بوونە بە تایبەت لەكاتی هاتنی سەدان هەزار ئاوارە بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها سەرۆك بارزانی پێشوازی لە پتەوتركردنی دۆستایەتی و پەیوەندییەكانی هەردوولا كرد. باس لەوەش کراوە، لە دیدارەکە دا، بارودۆخی ناوچەكە بە گشتیی تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، حکومەتی هەرێمى کوردستان پابەندە بە رادەستکردنی داهاتەکان، بەڵام ئەمە دەبێت بەگوێرەی یاسای بودجە و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی بێت، نەک بە حەز و ویستی کەسی. گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، داوای 100%ی سەرجەم داهاتەکان دەکات، کە ئەمەش پێچەوانەی یاساکانە. پێشەوا هەورامانی لەچاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا، روونیکردەوە، بەگوێرەی ماددەی 29ـی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، داهاتەکانی باج 50% و گومرگ 50% دەبێت. لەبارەى رسوماتەکانیش، ئەو رسوماتانەی بەگوێرەی یاسای هەرێم دیاریکراون، 100%ـیان بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە و ئەو رسوماتانەش کە سەربە عێراق دیاریکراون، 50%ـیان بۆ حکومەتی فیدڕاڵ دەگەڕێتەوە. گوتەبێژی حکومەتی هەرێم، جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی هەرێم ئامادەیە داهات بەم شێوازە رادەست بکات، چونکە ئەمە یاساکەیە. پێشەوا هەورامانی نیگەرانی خۆی دەربڕی لەبارەی لێدوانەکانی ئەم دواییەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق. هەورامانی گوتی: "لەمدواییەدا تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دەڵێت '100% سەرجەم داهاتەکانم دەوێت' واتە نایەوێت بە یاسا داهات وەربگیرێت، بەڵکو بە حەز و میزاجی کەسی." هەورامانی، ئەوەشى خستەڕوو، ئەوەی لەسەر شانی حکومەتی هەرێم بووە بۆ رادەستکردنی داهاتی نانەوتی بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، جێبەجێکراوە. داواشی لە حکومەتی عێراق کرد، لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسادا بێت، نەوەک پەیڕەوکردنی "میزاجی کەسی و نیەتی سیاسی".
سەرۆک مەسعود بارزانى، لە یادی 64 ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، شۆڕشی ئەیلوول لاپەڕەیەكی زێڕینی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و گەورەترین شۆڕشی سەرتاسەریی سیاسی و چەكداری و جەماوەریی كوردستان بوو كە هانی خەڵكی كوردستانی دا بە هێز و بڕوابەخۆبوونەوە بەرەو ئامانجی نوێ و ئاسۆیەكی بەرفراوان هەنگاو بنێن. دەقی پەیامەکە: پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی شەست و چوار ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان شۆڕشی ئەیلوول لاپەڕەیەكی زێڕینی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و گەورەترین شۆڕشی سەرتاسەریی سیاسی و چەكداری و جەماوەریی كوردستان بوو كە هانی خەڵكی كوردستانی دا بە هێز و بڕوابەخۆبوونەوە بەرەو ئامانجی نوێ و ئاسۆیەكی بەرفراوان هەنگاو بنێن و لە ئەنجامدا دۆزی گەلی كوردستان قۆناغی گەورە ببڕێت. ئەم شۆڕشە بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا بناخەیەكی پتەوی بۆ تێكۆشان و خەباتی هاوبەشی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان و گشت چینوتوێژەكان و پێكهاتەكانی كوردستان دانا، ئەویش لەپێناو بەرگریكردن لە دۆزی ڕەوا و مافەكانی خەڵكی كوردستان. شۆڕشی ئەیلوول بۆ قۆناغەكانی تری خەباتی گەلی كوردستانیش سەرچاوەی هێز و ئیلهام بووە و، ئەزموون و دەستكەوتەكانی ئەو شۆڕشە مەزنە بۆ هەمیشە بەرچاوڕوونی دەداتە خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان. لە یادی شەست و چوار ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولدا دەستخۆشی و پێزانینم بۆ هەموو ئەو كادیر و پێشمەرگە و خەباتگێڕانە هەیە كە بە پێداگری و بوێری و ماندوویەتیی خۆیان مێژوو و شانازییان بۆ گەلەكەیان تۆمار كردووە. هەر لەم یادەدا هەزاران سڵاو بۆ شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان دەنێرین. مسعود بارزانی 11ـی ئەیلوولی 2025
هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ڕێگرییان لە ژمارەیەک چەکداری سەر بە حکوومەتی سووریا کردووە کە، هەوڵیانداوە دزە بکەنە نێو ناوچەکانی دەورووبەری"تل حافر" لە بەرەی باشوور لە ڕۆژهەڵات و نائارامیان دروستکردووە، دوای هێرشەکەشی بۆ سەر ئەو چەکدارانە، جارێکی دیکە ئارامیان بۆ ناوچەکە گەڕاندووەتەوە. هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت: هێزەکانمان لە ناوچەی دێرحافەر بەوپەڕی تواناوە بەرپەرچی هەوڵەكانی دزەکردن و دوژمنكاری تۆپبارانيان داوەتەوە، کە لەلایەن گروپە لە یاسا دەرچووەكانی سەر بە حکومەتی دیمەشقەوە ئەنجامدراوەو، تەواوی ئەو هەوڵانەیان پوچەڵ کردووەتەوە. ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردووەتەوە، رایدەگەیەنێت:هێزەکانمان دووپاتی دەکاتەوە بەرپرسیارێتی تەواوی ئەم هێرشانە لە ئەستۆی ئەو لایەنەیە دەستپێشخەری ئەو پێشێلکارییە دووبارەیەی كردووە، کە هەڕەشە لە سەقامگیری گشتی دەکات. لە هەمان كاتدا، هێزەکانمان دڵنیایی دەداتە سەرجەم دانیشتوان کە دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵی تەواودایەو لە ئامادەباشی بەردەوامدایە، بۆ روبەڕوبونەوەی هەر پێشێلکارییەکی نوێ. ئاماژە بەوەشدەكات: هێزەکانیان جەخت لەسەر پابەندبونی بە ئەرکی نیشتمانی خۆی دەکاتەوە بۆ بەرگریکردن لە خاک و پاراستنی گەل، هەر هەوڵێکی دیکەی دوژمنكاری وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی دەدرێتەوە، بە جۆرێك ئاسایشی ناوچەکە و شكۆی خەڵكەكەی بپارێزێت. لەلایەکى دیکەوە فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕایگەیاند: ئێوارەی دوێنێ 10ـی ئەیلوولی 2025، هێزەکانی سووریای دیموکرات( هەسەدە)، کتوپڕ هێرشێکی فراوانی کردووەتە سەر هێزەکانیان لە فڕۆکەخانەی سەربازیی(جەڕاح) و دەورووبەری شارۆچکەی مەسکەنە لە ڕۆژئاوای حەلەب، لە هێرشەکەشدا، ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی گوندەکانی ئەو ناوچەی وێران کردووە کە، بەهۆیە دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و سێ هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون. وەزارەتی بەرگریی سووریا ئاشکرای کردووە، دوای هێرشەکەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، سووپای سووریا دەستی بە هێرشکردنی پێچەوانەوە بۆ سەر سەرچاوەی هێرشەکە، کردووە.
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی 64ـەمین ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوول رایگەیاند، "چاوەڕوانیمان لە جەماوەری پارتیمان و خەڵکی کوردستان ئەوەیە پشتیوانی لە بەرنامە هەنگاوەکانی پارتیمان بکات." دەقی راگەیێندراوی پارتی دیموکراتی کوردستان: لەو سەردەمە سەخت و دژوارەی ئەوسادا و وەک پێویستییەکی مێژوویی و بەرخودان، شۆڕشی مەزنی ئەیلوول چەشنی جووڵانەوەیەکی سیاسی هەڵگیرسا، بەرپابوونی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر و پێشڕەوی پارتیمان لاپەڕەیەکی پڕشنگداری نوێی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان بە خوێن و گیانفیدایی تۆمار کرد. شۆڕش لەو قۆناخەدا بایەخ و کاریگەرییەکی زۆری هەبوو بەسەر بزاڤی ڕزگاریخوازی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان، لەبەر ئەوەی هەڵگری پەیامێکی ڕاست و دروست و بابەتیانە و ئەقڵانی بوو، هەروەها شۆڕش سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو، کە ڕەگوریشەی ئیرادە و ورەی پۆڵایینی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە بن نایەن و تا بەدیهێنانی ئامانجەکانمان کۆڵ نادەن. ئەو بزووتنەوە سیاسییە بەپێی هەولومەرجی ئەو کاتە خاوەن خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆی بوو لە ڕووی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و سەربازییەوە، بۆیە شوناسێکی جیاوازیشی هەبوو، کە خەباتێکی نەپساوە بوو بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەوەزەنگی زۆرداری و نەهامەتی بهێنێ. یەکێک لە بنەما گونجاو و ڕەسەنەکانی شۆڕش، ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگای فرەڕەنگی کوردستانیی و کولتووری شۆڕشگێڕی کوردایەتیی و نیشتمانپەروەری بوو، لەسەرینی ئەمەوە شۆڕشێکی درێژخایەن و مەزن و سەرتاسەری بوو، لەو ڕێگایەشدا قوربانی بێشوماری پێشکەش بە خاک و نەتەوە و دۆزە ڕەواکەمان کرد. شۆڕشی ئەیلوول بە ئەجێندایەکی نوێ و ڕێکوپێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوى سەربازى و سیاسى و دیبلۆماسى بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نەتەوەکەمان و خەڵکی کوردستان بە گشتی خۆی دەبینییەوە و هەرگیزاو هەرگیز لەسەر ئەو ڕێچکە و ڕێبازەی لای نەدا و نەک لە پیلانگێڕی و ناپاکییەکان سازش و سڵی نەکردەوە، بەڵکو سوورتر بوو لەسەر جۆشدان و ڕابوونی سیاسیی و باشترکردنى بارى ئابووری و کولتووری هۆشیارى و گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانمان. لە لایەکی دیکەوە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول سەرتاسەری کوردستانی کردە یەکدەست و ھەموو سنوورە ناوچەیی و ئایینی و مەزھەبیەکانی سڕیەوە و تەواوی گەلی کورد و کوردستانى لە چوارچێوەی ھێزی بەرھەڵستکاری دژ بە دیکتاتۆریی یەکخست و هێزى بەخشیە گەلى کوردستان بۆ بەرگرى لە مافەکانى. شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە پێی کارنامە و پلانى داڕێژراوەى خۆی بۆ جاڕدان و بەرپاکردنی شۆڕش و بەردەوام بوونی بۆ بەدیهێنانى مافە ڕەواکانی گەلەکەمان، وەک وەرچەرخانێکی گرینگ ڕۆڵ و سەنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستانی بۆ قۆناغێکی سیاسیی پێشکەوتووتر گواستەوە بە جۆرێك لەسەر گۆڕەپانی سیاسی نێوخۆیی و جیهانیدا ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە وەک هێزێکی کاریگەر تەنیا شۆڕشێکى چەکدارى نەبوو، بەڵکو شۆڕشێک بوو لە بوارى کۆمەڵایەتى بە تایبەتى لە ڕووى پێکهێنان و پاراستنى خێزان و، بوارى پەروەردە و پێگەیاندن و تەندروستى و ئیدارەدانى کۆمەڵگا و ڕێگاوبان و میدیا و پەیوەندییەکان و گۆڕانکارى زۆرى ئەنجامدا و ڕۆڵى نەتەوەیى و نیشتیمانى لە ئاستێکى باڵا گێڕا و، توانى چەندین دەستکەوتی گرنگى نەتەوەیى و نیشتیمانى و سیاسى و ئیدار و ڕۆشنبیرى و مێژووییش بۆ گەلەکەمان بەدیبێنێ لەوانەش: ڕێککەوتننامەى (١١ی ئاداری ١٩٧٠). ئەو بۆنەیە بە دەرفەت دەزانین وەک هەمیشە جەخت لە سەر ڕێبازی ڕەگداکوتاوی کوردایەتیی و نەتەوەیی و پارتایەتیمان بکەینەوە بۆ پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوگوتاری سیاسی و هاوهەڵوێستی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان و پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێم و دەسکەوتەکانمان. لەو یادە پیرۆزەدا و لە سەروبەندی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەخت لەسەر بەشداریکردن و پڕۆسەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازادانە دەکەینەوە، کە بڕیارە لە ١١/١١/٢٠٢٥ بەڕێوەبچێ، بۆ ئەوەی قۆناغی داهاتوو پڕۆسەی سیاسی عێراقى فیدراڵ لەسەر بنەمایەکی ڕاست و دروست دابڕێژرێ و کێشە و قەیرانەکان چارەسەر و بنبڕ بکرێن، بۆ ئەمەش چاوەڕوانیمان لە جەماوەرى دڵسۆزى پارتیمان و خەڵکى بەئەمەکى کوردستان و سەرجەم عێراقە، پاڵپشتیی بەرنامە و هەنگاوەکانى پارتیمان بکەن کە جەختکردنەوەیە لەسەر جێبەجێکردنى دەستوور و چەسپاندنى پڕەنسیپەکانى بنیاتنانەوەى عێراقى نوێیە، وەکوو وڵاتى هەمووان. لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوچەکەش، پارتیمان لەپێناو ئارامی و ئاساییشی خەڵکی کوردستان بەردەوام ھەوڵی داوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە پەیوەندییەکی باش و ھاوسەنگدا بێت، کە بەرژەوەندیی ھەموو لایەکی تێدا پارێزراو بێت. لەم یادە مەزنە مێژووییەدا، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە جەخت لەسەر بنەما سەرەکی و نەگۆڕەکان دەکەینەوە، بەجۆرێک بە هەموو لایەکمان لەسەر پرسە ستراتیژییەكانی كوردستان، لە داكۆكیكردن لە مافە ڕەوا و دەستوورییەكانمان و لە خاكەكەمان و لە دەستكەوت و قەوارە نیشتمانییەكەمان و، لە پاراستنى دامودەزگا شەرعیەکانى کوردستان (سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەت و پەرلەمانى کوردستان) یەکڕیز و هاوئاراستە و هاوگوتار بین. لە بیرەوەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هەمدیسان بەڵێن و ئەمەکداری بۆ گەلی کوردستان و سەرۆک (مەسعود بارزانی) و خوێن و گیانی شەهیدە نەمرەکانمان دووپات دەکەینەوە، کە لەسەر هەمان ڕێبازی کوردایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان نەسرەوین. لەو یادە مەزنەدا پیرۆزباییەکی گەرم لە جەماوەری دڵسۆزی کوردستان دەکەین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی و سەربەخۆیی کورد و کوردستان دادەنوێنین، سڵاو و ڕێز لە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکانمان، سڵاو لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان. سڵاو لە بیرەوەری (٦٤) ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول. سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو. بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان. هەمیشە گەلەکەمان سەربەرز و کوردستانیش هەر ئاوەدان. مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە بەغدا دەکات پێشنیازەکەیان بکاتە "بنەما بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتی داهاتە نانەوتییەکان کە پشتبەستە بە یاسا فیدراڵییەکان و بڕیاری دادگای فیدراڵی." ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تاوتوێی چەند پرسێکی کرد لەنێویندا، هەردوو دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و تاوتوێکردنی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد، پێشنیازەکەیان بکاتە بنەما "بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتی داهاتە نانەوتییەکان کە پشتبەستە بە یاسا فیدراڵییەکان و بڕیاری دادگای فیدراڵی، تاوەکو چیدیکە نەبێتە ئاستەنگی بەردەم خەرجکردنی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم." هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان پرسێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەزارەتی سامانە سرووستییەکان راسپێردرا "بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتە هەڵپەسێردراوەکان و لابردنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک." ئەنجوومەنی وەزیران جەختیکردەوە، پشتیوانی لە هەر راسپاردە و بڕیارێک دەکات لە بەرژەوەنديی هێزەکانی پێشمەرگە بێت، بە ئاراستەی باشترکردنی مووچەی خانەنشینی و شایستەداراییەکانیان. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران، "وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد بۆ ئەوەی بە زووترین کات مووچەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە خەرج بکات کە دواکەوتووە." لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا لێخۆشبوونی پێشینەی هاوسەرگیری، قەرزەکانی (خانووبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و نیشتەجێکردن و گەشتیاری) تاوەکو 31-12-2025 بەردەوام بێت.
لەسەر دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت،؛ بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، تا زووترە پارتی و یەكێتی لەسەر پێكهێنانی حكومەت بگەنە ڕێككەوتن ئەوە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانە، وتەبێژی ئەو حیزبەش ئاماژە بەوە دەكات پەیوەندیی نێوان پارتی و یەكێتی خراپ نییە و ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیش ئەوە دووپات دەكاتەوە. نزیکەی ساڵێک بەسەر دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا حکومەتی نوێ پێکنەهێنراوە، پارتی و یەکێتی وەک براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنەکە بەردەوامن لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانیان لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان. فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، تا زووترە پارتی و یەكێتی لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنن، چونكە ناحەزانی ئەو ئەزموونە، چاوەڕێی ئەوەن هەرێمی كوردستان بە لاوازی ببینن. لای خۆشیەوە، مەحمود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، هەردوو شاندی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی ئاگاداری وردەكاری دوایین هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتن، بەڵام قسەی فەرمی ئەوەیە كە ڕێككەوتوون لەم مانگەدا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرێت، ئیتر ئەوە ڕێككەوتنی لەسەر كراوە. ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی خراپ نییە وەك ئەوەی باسی لێوە دەكرێت. سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن وتی، پەیوەندیمان لەگەڵ پارتی بەرەو باشتر دەچێت، باسی لەوەشكرد شاندی باڵای دانوستانكاری پارتی و یەكێتی بڕیاری كاراكردنەوەی پەرلەمانیان داوە، چاوەڕێ دەكەین بزانین جێبەجێكردنی بڕیارەكە چۆن دەبێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی وڵاتی ئیمارات کۆبووەوە و دانانی نێردهيهكى تايبهتى ئيماراتى بۆ كاروبارى ئابوورى بۆ ههرێمى كوردستان، به "ههنگاوێكى گرنگ" له قهڵهم دا كه بايهخ و گرنگيى پهيوهندييهكانى ههردوولا نيشان دهدات. رۆژی چوارشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2025 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازییکرد لە سهعيد ئهلهاجرى، وهزيرى دهوڵهت و نێردهى تايبهتى ئيمارات بۆ كاروبارى ئابوورى بۆ ههرێمى كوردستان و شاندێكى ياوهرى. لە کۆبوونەوەکە بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: "ههردوولا وێڕاى ستايشكردنى مێژووى دۆستايهتى و پهيوهندييهكان، خۆشحاڵييان به ئاستى پهيوهندييهكانى نێوان ههردوولا دهربڕى و جهختيان له خواستى دوولايهنه بۆ برهوپێدانى زياتر و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبهشى نێوانيان كردهوه، بهتايبهتيش لهو بوارانهدا كه بۆ ههردوولا گرنگن." ههر لهوبارهيهوه ههردوولا بوونى ياسايهكى هاندهر و ژينگهيهكى يارمهتيدهريان بۆ وهبهرهێنان له ههرێمى كوردستان، "به گرنگ ههڵسهنگاند." نێچيرڤان بارزانى وێڕای سوپاسکردنی سهرکردایهتی و حکومهتی ئیمارات بۆ "يارمهتيدان و پشتگيرييان له عێراق و ههرێمى كوردستان"، دهستنيشانكردنى نێردهيهكى تايبهتى ئيماراتى بۆ كاروبارى ئابوورى بۆ ههرێمى كوردستان، به "ههنگاوێكى گرنگ له قهڵهم دا كه بايهخ و گرنگيى پهيوهندييهكانى ههردوولا نيشان دهدات." سهرۆكى ههرێمى كوردستان ههروهها سوپاس و پێزانينى بۆ شێخ محهممهد بن زايد ئال نههيان، سهرۆكى ئيمارات دووپات كردهوه كه نيسانى رابردوو له كۆبوونهوهيهكى دووقۆڵيياندا له ئهبوزهبى، جهختى له ناردنى نێردهيهكى تايبهتى ئيمارات بۆ وهبهرهێنان بۆ ههرێمى كوردستان كردبووهوه. لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە. له كۆبوونەوهكهدا نێچیرڤان بارزانی و سهعيد ئهلهاجرى باسیان له دهرفهتهكانى سهرمايهگوزارى و وهبهرهێنان و كار و چالاكيى كۆمپانياكان و كهرتى تايبهتى ئيماراتى له ههرێمى كوردستان كرد و لەبارەی ئاسۆى فراوانكردنيان له بواره جیاجياكاندا، بيروڕايان گۆڕييهوه. هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان تهواوى ئامادهيى بۆ پێشكێشكردنى "ههموو پشتيوانى و هاوكارييهكى پێويستى لايهنه پهيوهنديدارهكانى ههرێمى كوردستان، دووپات كردهوه." فرهچهشنكردنى ئابوورى، بوونى روانگهيهكى روون بۆ وهبهرهێنانى ئيماراتى له عێراق و ههرێمى كوردستان، ئابووريى بهردهوام، پهيوهندييهكانى عێراق لهگهڵ ئيمارات و چهند پرسێكى ديكهى جێى بایهخى هاوبهش، تهوهرێكى ديكهى كۆبوونهوهكه بوو.
تیمی پرۆژەی هەژماری من ئاگاداریی ئەو مووچەخۆر و فەرمانبەرانە دەکاتەوە کە بەشدارن لە هەژماری من و دەڵێت، "ئەگەر هەستتان بە هەر چالاکییەکی گوماناوی کرد لە هەژمارەکەتاندا دەستبەجێ پەیوەندیی بکەن بە سەنتەری خزمەتگواریی بانک. زیاتر لە 900 هەزار مووچەخۆر خۆیان لە پڕۆژەی "هەژماری من" تۆمار کردووە و 450 ئامێری ڕاکێشانی پارەش لە تەواوی کوردستان دانراون. ئەو کەسانەی خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە تائێستا دیار نییە بۆچی تیمی هەژماری من ئەو ئاگادارییە خێرایەی بۆ فەرمانبەرانی بەشدار لە پرۆژەی هەژماری من بڵاوکردووەتەوە، بەڵام لە ڕێککەوتی 23ـی 7ـی 2025 فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی کردوویەوە کە چهند ڕۆژێكه هەڵمەتێكی هێرشی ئەلیكترۆنی بۆ سەر فەرمانبەران و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەلایەن کۆمەڵێک ڕێکخراو دەستیپێكردووە، بەجۆرێک هاككەران لەژێر ناوی فەرمیی حكومی و دەزگای متمانەپێكراو بەشێوەی هەڕەمەكی ئیمێڵ بۆ هاووڵاتیان دەنێرن. بەگوێرەی ئەو ڕاگەیێنراوەی کە ئەوکاتە فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی بڵاوی کردبوویەوە "لەڕێگەی ئیمەیڵەوە بهستهر و لینکی گوماناوی ڕەوانە دەكرێت، مەبەست لێی هاككردنی ئامێری كارمهندان و فهرمانبهرانی حكومییە بۆ دەستگەیشتن بە داتاكانی نێو مۆبایل و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی دیكە". سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پڕۆژەی "هەژماری من"ـی لە شوباتی ساڵی 2023 ڕاگەیاند، پڕۆژەکە بەشێکە لە ستراتیژیی کابینەی نۆیەم بۆ خزمەتگوزارییە بانکییەکان و کەم کردنەوەی پەیوەندی بە پارەی کاش. بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش بوون: -پارێزگای هەولێر: 401 هەزار و 815 مووچەخۆر. -پارێزگای سلێمانی: 278 هەزار و 630 مووچەخۆر. -پارێزگای دهۆک: 220 هەزار و 600 مووچەخۆر.