بڕیارە بەمزوانە لە پاریس؛ گەڕی گفتوگۆ لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)و حكومەتی سوریا دەستپێدەكات بۆ جێبەجێكردنی تەواوەتی رێككەوتنی 10ی ئازار (رێككەوتنی مەزڵەم عەبدی و ئەحمەد شەرع) وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، میوانداریی هەسەدە و حکومەتی سووریا دەکەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوانیان.   وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەشڵێت، ئەمریکا، فەرەنسا و سووریا رێککەوتن لە زووترین کاتدا گەڕێکی دانوستاندن لە پاریس لەنێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە بکرێت.   وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئاماژە بەوەش دەکات، هەوڵی جیددی بدرێت بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی قۆناخی راگوزەری سووریا و پاراستنی یەکڕیزی، سەقامگیری، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا. وەزارەتی دەرەوەی سوریاش لەبەیاننامەیەکیدا جەخت دەکاتەوە کە ڕێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی خولێکی ڕاوێژ لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پاریس بە زووترین کات. لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دا، کۆبوونەوەکە بە "زۆر راشکاو و بەرهەمدار" وەسفکراوە و لە کاتێکی "هەستیار"دا بۆ سوریا ئەنجامدراوە.   لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەژێر رۆشنایی "گفتوگۆ و کەمکردنەوەی گرژییەکان"، فەرەنسا، ئەمریکا و سوریا لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی چەند خاڵێکی گرنگ رێککەوتوون، کە بریتین لە:     دەستپێکردنی هەوڵی خێرا و جددی بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی قۆناغی گواستنەوەی سیاسی و پاراستنی یەکێتی، سەقامگیری، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا. بەهێزکردنی هەماهەنگیی هاوبەش لە دژی تیرۆر بە هەموو شێوەکانییەوە و پتەوکردنی تواناکانی حکومەتی سوریا بۆ روبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان لە رێگەی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە. پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی سوریا بۆ گواستنەوەی سیاسی و گەیشتن بە ئاشتەوایی نیشتمانی، بەتایبەتی لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا و سوەیدا. میوانداریکردنی گەڕی داهاتووی راوێژکاری لە پاریس لەنێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە نزیکترین کاتدا، سەبارەت بە جێبەجێکردنی تەواوەتی رێککەوتنی 10ی ئازار. پشتگیریکردن لە هەوڵەکان بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی توندوتیژییەکان و پێشوازیکردن لە ئەنجامی راپۆرتە شەفافەکان، لەنێویاندا راپۆرتی ئەم دواییەی لیژنەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە توندوتیژییەکانی ناوچە کەنارییەکان. دڵنیابوونەوە لەوەی کە وڵاتانی دراوسێی سوریا هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی ئەو وڵاتە دروست نەکەن و لە بەرامبەردا، دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی سوریا بەوەی نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی، لەپێناو سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە.

دوابەدوای ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان لە بەرزاییەکانی چیای ئاویەر لە شاری سنە، کەسێک گیانى لەدەستداو لانیکەم شەش چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی سووتان و گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە. هەروەها ژمارەیەک خۆبەخشی دیکەش بەهۆی هەڵمژینی دوکەڵەوە برینداربوون و چارەسەر کران. بەپێى زانیاریەکانى رێکخراوى هەنگاو بۆ مافەکانى مرۆڤ، ڕایدەگەیەنێت ئێوارەى ڕابردوو ئاگرێکی بەرفراوان لە کێوی ئاویەری شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتەوە و بووە هۆی برینداربوونی شەش ژینگەدۆستی ئاگرکوژێنەوە. بەوتەى ئەو رێکخراوە بەهۆى سەختى برینى بریندارەکانەوە یەکێکیان بەناوى حەمید مورادی گیانی لەدەستدا و دۆخی تەندروستیی دوو برینداری دیکەش بە ناجێگیرى ماوەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان لە کاتی هەوڵەکانی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری ئەبیدەر، ٦ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی بە ناوەکانی موحسین حوسێنیپەناهی، حەمید مورادی، خەبات ئەمینی، چیاکۆ یوسفین نەژاد، ئاریاس سەلیمی، و سەید مستەفا هۆجباری، تووشی سوتان بوون. ڕەوشی جەستەیی دوو کەسیان بە ناوەکانی چیاکۆ یوسفین نەژاد و حەمید مورادی باس لەوە دەکرێت کە گوازراونەتەوە بۆ بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی کووسەر. ئەم ئاگرکەوتنەوەیە لە دەوروبەری کاتژمێر ١:٣٠ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٠٢٥، لە ناوچەکانی پشت پارکی منداڵانەوە دەستی پێکردووە و بە خێرایی بۆ ناوچەکانی دەوروبەری شارۆچکەی زاگرۆس و حەسەن ئاباد بڵاوبووەتەوە. سەرەڕای بڵاوبوونەوەی خێرای ئاگرەکە، ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنتڕۆڵکردنی بە تەواوی لەلایەن هێزە گشتییەکان و چالاکانی ژینگەپارێزییەوە ئەنجامدرا.

ژمارەیەک کورد لەناو ئەو کەسانەدان کە رۆژی چوارشەممە لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە بەتۆمەتی هاوکاریکردنی قاچاخچییەکان و گەیشتنی کۆچبەران بۆ ناو خاکی بەریتانیا سزادران. وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا راپۆرتێکی لەوبارەوە بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بۆ ناوی 10 هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان کردووە کە سیانیان کاری حەواڵە و گەیاندنی پارەیان بۆ قاچاخچییەکان کردووە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەو سێ سزادراوەی هەرێمی کوردستان کە کاری حەواڵەیان کردووە لە ڕێگەی تورکیاوە پارەی کۆچبەرانیان رەوانەی ئەوروپا کردووە. وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ناوی هەموو ئەو کوردانەی هێناوە کە هاوکاری راستەوخۆی قاچاخچییەکانیان کردووە و تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بەشێکیان لە فەڕەنساوە هاوکاری گواستنەوەی پەنابەرانیان لە ڕێگای بەلەم و لەناو لۆری بۆ ناو بەریتانیا کردووە. بەشێکی دیکەی کوردەکان بەوە تێوەگلاون کە لە دەرەوەی بەریتانیا هاوکاری پرۆسەی گواستنەوەی کۆچبەرانیان کردووە، لەناو فەڕەنسا خانوو و شوێنی مانەوەیان ئامادە کردووە یاخود هاوکاری گواستنەوەی کۆچبەرانیان کردووە لە ئاسیاوە بۆ ئەوروپا. لەبارەی ئەم هەنگاوە نوێیەی بەریتانیاوە کە سزادانی قاچاخچیان و هاوکارەکانیانن، پێشڕەو عەبدوڵا نوێنەری پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا راگەیاند، ئەو هەنگاوەی بەریتانیا گەیشتنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا سەختتر دەکات و دەریدەخات بەریتانیا جدییە لە رێگرتن لە چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی. جەختیشیکردەوە ، هەنگاوێکی کاریگەرە بۆ رێگرتن لە کۆچی نایاسایی و بازرگانیکردن بەو مرۆڤانەی کە بەخەونی ژیانێکی خۆشتر روولە ئەوروپا دەکەن.

  جەمیل بایك، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بە پێویستی دەزانێت هەلومەرجی ئازاد و کارکردن بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڕەخسێندرێت بۆ سەرخستنی پرۆسەى ئاشتى و دەڵێت: "وەک پەکەکە ئەو هەنگاوانەمان ناوە کە پێویست بووە، بۆیە داوا لە تورکیا ناکەین بڕیاری لێبوردنمان بۆ دەربکات، بەڵکوو داوای یاسای ئازاد و دیموکرات دەکەن بۆ هەموو گەلانی تورکیا". ڕۆژنامەی یەنی یەشام بەشی دووەمی ئەو چاوپێکەوتنەی بڵاو کردەوە کە لەگەڵ جەمیل بایك لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و پێکهێنانی لیژنە پەرلەمانییەکەی تورکیا لەگەڵیدا ئەنجامی دابوو. بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەی جەمیل بایک لەم بەشەدا جەمیل بایک بە تایبەت سەرنجی خستەسەر ئەو تێگەیشتنەی کە دەوڵەت یان دەسەڵاتداری لەم پرۆسەیەدا دەیەوێت بیئافرێنێت و گوتی: "هەوڵدەدەن تێگەیشتنێکی لەو شێوە دابهێنن کە بێژن، 'لە دژی پەکەکە تێکۆشاین و لەناومان برد. ئیدی هیچ ڕێگەیەکی جیاواز لە پێش پەکەکەدا نەماوەتەوە، بۆیە ملکەچییان دەکەین.' پەکەکە تەڤگەرێکی شکستخواردوو نییە، بە پێچەوانەوە تەڤگەرێکی لەو شێوەیەیە کە گەیشتووەتە ئاستێکی نێونەتەوەیی. ڕێبەر ئاپۆ بووە بە هیوای ئەو هێزانەی لە جیهاندا لە دژی سەرمایەداری تێدەکۆشن. یانی لەمڕۆدا حەقیقەتێکی لەم شێوەیە هەیە، گرووپێکی بچووک ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئاستی نێونەتەوەیی. گۆڕاوە بۆ تەڤگەرێک کە لەمڕۆدا لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێونەتەوەییدا هاوسەنگییەکان دەگۆڕێت، هاوسەنگی درووستەکات. بەبێ ڕێبەر ئاپۆ، بێ تەڤگەری ئاپۆیی، بێ کوردان، بێ ژنانی کورد ئیدی سیاسەت ناتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت. ئەم ڕوون و ڕەوانە. بۆیە هەموو ئەو قسە و باسوخواسەی دەسەڵات و دەورووبەرەکەی خواستیانە بیئافرێنن، هیچ و بێ مانایە. جەمیل بایک لە درێژەدا باسی لەوەدەکات حکومەتی ئاکەپە هەوڵدەدات بڵێت 'پلانڕێژی ئەم پرۆسەیەم کرد، هەنگاوەکان بە گوێرەی پلانەکانم بەڕێوەدەچێت' ژینگەیەک بئافرێنێت و گوتی، "هەوڵدەدەن بێژن، 'گوایە ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە ئەو هەنگاوی لەو جۆرە دەنێت، کە ئێمە ناچاری ئەو هەنگاوانەیان دەکەین'. بەڵام پێویستە ڕای گشتی زۆر باش ئاگاداری ئەمەبێت. هەموو ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا نراون بە دەستپێشخەری کەسی ڕێبەر ئاپۆ هەڵگیراون. تەڤگەریشمان بۆئەوەی هەنگاو و خواستەکانی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ بکات، بووە پشتیوانی ڕێبەر ئاپۆ و دەستی بەهێز کرد. ئەوەی ئەنجام دراوە هەر ئەمەیە و هیچی دیکە. هەموو هەنگاوەکان یەکلایەنە گیراونەتەبەر. ئەو ژینگە و شێوە تێگەشەیشتنەی دەوڵەتی تورک خواستێتی بیئافرێنێت، دوورە لە ڕاستییەوە. ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرمان هانگاویان ناو و گەیشتە ئاستێک. ئەو هەنگاوە یەکلایانانەی ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرمان ناوێتی هەر ئەمانە بوون. بەرپرسیارێتی خۆمان لە پێش گەلاندا جێبەجێ کرد. جگە لەمەش بۆئەوەی پرۆسەکە پێشکەوێت دەبێت دەوڵەتی تورک، حکومەت هەنگاو بنێت. تاوەکو ئێستا هەنگاوێکی نەناوە. بەشێوەیەک لە شێوەکان کەمێک گۆشەگیرییان سوک کردووەتەوە، هەر ئەوەندەیە. لەبەرئەوەی گۆشەگیری درێژەی هەیە، ئیدی هەنگاوی نوێی لەم شێوەیە ناتوانرێت بنرێت. بۆئەوەی هەنگاوی نوێ بنرێت، دەبێت هەلومەرجی کارکردنی ڕێبەر ئاپۆ بگۆڕن و کۆتای بە سیستەمی ئیمراڵی بهێندرێت." جەمیل بایک پەیوەست بەو باسوخواسانەی لە نێو کۆمەڵگەدا دەکرێت گوایە پارتەکانی دەم پارتی، جەهەپە و ئاکەپە لە ڕێککەوتندان؟ ئەمەی گوت: "ئەوەی شتەکان دیاری دەکات کوردە، ئەمە ڕوونە. بۆ دەسەڵات و بۆ ئۆپۆزسیۆنیش. بەڵام کورد لە پێگەیەکی ئەوتۆدا نییە هەندێک لایەن بکاتە دەسەڵات و هەندێکیش لە دەسەڵات بخات. ئامانجی کوردان دیموکراتیزەکردنی تورکیایە. پێکهێنانی یاسای ئازادییە. نووسینەوەی دەستورێکی دیموکراتیکیییە بە گوێرەی خواستەکەی. ئەو پێگەیەیی کورد هەیەتەی پێگەیەکی وایە. ناوی دەنێین 'ڕێگەی سێهەم'. نە دەکەوێتە خزمەتی دەسەڵات و نە دەکەوێتە خزمەتی ئۆپۆزسیۆنەوە. وەک تەڤگەر ئەمە خەمەکەمانە. هەرگیز هەڵگری ئەو تێگەیشتنە نین هەندێک بکەینە دەسەڵاتدار. تێکۆشانمان بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیایە. بۆئەوەش دەمانەوێت ئەمە بە هێزی خاوەن ئامانجی دیموکراسی پێکبهێنن. پێویستە بەم شێوەیە ئامانجەکەمان لێکبدرێتەوە. ئێمە لە بەرەیەکدا نین. ناجوڵێینەوە تا ئەوەی هەندێک لایەن بکەینە دەسەڵاتدار. ئەو شتەیی تێیداین چییە؟ بێگومان دیموکراتیکبوونی تورکیایە. پێویستە هەنگاوە پێویستەکانی ئەمە بنرێت. کام لایەن لەم ڕووەوە هەوڵبدات ئێمە لەگەڵ ئەودا دەبین و تێکۆشانمان بۆ ئەو ئامانجەیە. مەراسیمە مێژووییەکەی گەریلا جەمیل بایک باسی لەوەکرد پێویستە زۆر بە درووستی لێکدانەوە بۆ بکرێت و ئەم هەڵسەنگاندنەی بۆ مەراسیمی چەک سووتاندنی 'گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' کرد: "سەرنج بدەین جیهان بەرەو بەرتەسکبوونەوە و بچووکبنەوە دەچێت، ناتۆ بچووک دەبێتەوە. بەراورد بە پێشوو پێ بە پێ ڕێژەی چەک زیاد بووە. لە جیهانێکی لەم شێوەیەداین. هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ناوین چەک قسەدەکات، بووە بە نموونەی گۆمی خوێن، گۆڕانکاری کاریگەر لە ئارادایە. لە بارودۆخێکی لەم شێوەیەدا ئێمە چەکەکانمان سووتاند. بێگومان ئەمەش مانادارییەکی هەیە. بەم بۆنەیەوە ویستمان ئەم پەیامە بدەین؛ لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا کە جیهان بەرەو بچووکبوونەوە دەچێت، ناتۆ بەرەو بچووکبوونەوە دەچێت، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین شەڕ ڕوودەدات، ئێمە چەکەکانمان سووتاند. ئەمە چ مانایەک دەگەیەنێت؟ بەو مانایە دێت 'ئێمە دەمانەوێت جیهان لە چەک ڕزگار بکەین'. هەروەها پەیامێکی دیکەشی هەیە؛ ڕابردوو، نەرێت، چاندی کوردی هەیە. نەورۆز هەیە. ئاگر.. ئێمە ڕۆڵەی ئاگرین. بە سووتاندنی چەکەکان بەڕوون و ئاشکرایی نیشانماندا کە دەمانەوێت سەردەمێکی نوێ بێنینە ئاراوە. نیشانی هەمووانماندا کە جارێکی تر نامانەوێت چەک هەڵبگرین، نامانەوێت بەردەوامی بە تێکۆشانی چەکداریی بدەین. واتا کە چەکانمان سووتاند، لەبەرئەوە کردمان. هەڤاڵ بەسێ و ئەوان چیان وت؟ وتیان، 'ئێمە دەمانەوێت بچینە تورکیا، بەشداریی لە سیاسەتی دیموکراتیک بکەین. ئێمە دەمانەوێت لە سیاسەتی دیموکراتیکدا تێبکۆشین. دەمانەوێت ئەم شێوازە لە سیاسەت پەرە پێ بدەین. بەڵام لەبەرئەوەی هەلومەرجەکانی، زەمینەکەی بوونی نییە، جارێکی تر دەگەڕێینەوە ئەو جێیەی لێی هاتووین'. ئەمانەمان بە ڕوون و ئاشکرا وتووە. لەئێستادا ئەگەر ئەو هەڤاڵانەی کە چەکەکانیان سووتاند بگەڕێنەوە تورکیا، هەموویان دەخەنە زیندانەوە. پراکتیکی گرووپەکانی ئاشتیی پێشوومان لەبەرچاوە. چۆن بچن؟ بۆئەوەی بتوانن بچن پێویستە یاساکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت. گۆڕانکاریی لە یاساکاندا نەکراوە. یاساکانی 'دژە تیرۆر' بەردەوامن. هێشتاش ژنێکی کورد لەبەرئەوەی لە ئیستەمبوڵ گوێی لە موزیکی کوردی گرتووە هێرشی دەکرێتە سەر. لەو هەلومەرجانەدا چۆن بچن؟ چیتر ناتوانن لەوێ بمێننەوە. ساڵانێک بە چەکەوە لە چیا مانەوە، تێکۆشان، ئەو کەسانە ئێستا چەکەکانی خۆیان دەسووتێنن. بە هەرحاڵ لە ناوەڕاستێکی لەو شێوەیەدا نامێنێتەوە. چی بکات؟ ئەگەر جارێکی تر بگەڕێتەوە ئەو شوێنەی لێی هاتووە، بێگومان پێویستی بە گەرەنتییە. لەبەرئەوەی بارودۆخێکی ئارام نییە. ئەگەر هاتبن لەبەرئەوە هاتوون. لەئێستادا ئەو هەڤاڵانە چەکەکانی خۆیان سووتاند و نایانەوێت جارێکی تر چەک هەڵبگرن. هەرخۆی ئێمەش وەکو تەڤگەر، بە ڕاستی نازانین ئەم هەڤاڵانە جارێکی تر چەک هەڵبگرنەوە. بێگومان ئەم هەڤاڵانە کێشەی ئەمنییان هەیە. ئێمە ئاساییشیان لە ئەستۆ دەگرین و پێکێ دەهێنین. ئەوان جارێکی تر چەک هەڵناگرن. چەکەکانیان سووتاند. ئیتر بێ چەکن. هەنگاوی پراکتیکیی ئەمەیان نا. وتیان، ئێمە چیتر چەک بەکارناهێنین. دەمانەوێت لە گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتیکدا کاربکەین. ئەگەر ئێوە زەمینەی یاسایی ئەمە بسازێنن، ئێمە چیتر نامانەوێت چەک بەکاربهێنین. لەبەرئەوە ئەو هەڤاڵانە ئێستا لەنێو ئێمەدا لە ئاسایشدان و بێ چەکن." جەمیل بایک لەو چوارچێوەیەدا جەختی لەوەکردەوە، ویستێتی یاساکان گۆڕانکارییان بەسەردابێت.

  ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی لەگەڵ یان برایم، کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، گفتوگۆمانکرد لەبارەی دۆخی گشتی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە. پرسی گۆڕانکارییەکان و کاریگەرییەکانی تاوتوێ کران.  باسمان لە بابەتی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، كە ناکرێت هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بەم جۆرە بێباک بن وە داهاتوی هەرێمی کوردستان بخەنە مەترسییەوە لەپێناو ڕێکنەکەوتنیان لەسەر پۆستە وەزاریەکان. هەروەها جەختمانکردەوە لەسەر پێویستی چارەسەری ریشەیی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەتایبەت کێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم. مانەوەی کێشەکان بەم جۆرە وا لە هەموو دڵسۆزانی ئەم نیشتیمانە دەکات کە بەدوا ڕێگەچارەسەری تر لەدەرەوەی خەباتی مەدەنی و خەباتی پەرلەمانی بکەینەوە،  چونکە لەکاتێکدا کە دەسەڵات بەم جۆرە بێباک بێت و بەداخەوەش هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەر یەکەو  کلکی بەشوێنێکی تر گرێدرابێت و جگە لە قسەی بێکردار بەیەکەوە ئامادەی  بەشداریکردنی هیچ پرۆژەیەک نەبن دژ بەم هەموو نادادیە. بۆیە ئێمەو مانان ناچار دەبین کە بیر لە شێوازی تر بکەینەوە بۆ گەڕاندنەوەی مافی خەڵک و بوون بە بەدیلی ئەوەی کە لەئێستادا لەسەر ئەرزی واقع داهەیە. لە تەوەرێکی تردا باسمان لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار و گونجاومان بەپێویست زانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، ئەگەر نا وەک بەرەی گەل ئامادەی بەشداریکردنێکی دووبارە دیزاینکراو نابینەوە سەرەڕای ئەوەی کە هەموو ئامادەکاریەکیشمان ئەنجامداوە لە ئێستادا.

پرۆژەی رووناکی دەستیکردووە بە بڕیینی کارەبای ئەو هاوبەشانەی پارەیان نەداوە، هەر هاوبەشێکی پرۆژەی رووناکی لە 50 رۆژدا پارە نەدات کارەباکەی دەبڕدرێت. بەپێى بەدواداچونێکى ڕۆژنامەوانى لە گەڕەکی بەهاری نوێ لە شاری هەولێر کە کارەبای 24 کاتژمێریان هەیە، ماوەی دوو بۆ سێ رۆژە کارەباکەیان بە بیانووی نەدانی پارە بڕدراوە، بەشێک لەوانەی کارەباکەیان بڕاوە، ئەوان دەڵێن، بڕینی کارەباکەیان پەیوەندی بە نەدانی پارەی کارەبای مانگەکانی 4 و 5ـەوە هەیە. ئەردەڵان دۆسکی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان راگەیاند، بڕینی کارەبای ئەو هاوبەشانەی گەڕەکی بەهاری نوێ راستە و هەر هاوبەشێکی پرۆژەکە لە ماوەی 50 رۆژدا پارەی کارەبا نەدات سەرەتا بە کورتە نامە یان پەیوەندی تەلەفونی ئاگادار دەکرێتەوە، ئەگەر دواتریش پارەکەی نەدا ئەوا سیستمەکە خۆی راستەوخۆ کارەبا لەسەر هاوبەشەکان دەکوژێنێتەوە. بۆ دووبارە پێدانەوەی کارەبا، پێویستە ئەو هاوبەشانە تەواوی قەرزەکانیان بدەنەوە. بەپێى بەدوادچوونێکى زیاتر لەوبارەیەوە جگە لە  بەشدارانی گەڕەکی بەهاری نوێ، لە گەڕەکی شادی کە کارەباکەیان 24 کاتژمێرییە، بەشێک لە هاوبەشەکان کارەبایان بڕاوە. دانیشتوویەکی ئەو گەڕەکە وتی، هاوبەش هەیە پەیوەندی پێوەکراوە قەرزەکەی بدات، بەڵام تا گەیشتووەتە فەرمانگە، کارەبای ماڵەکەی بڕدراوە. بەگوێرەی سەرچاوةیەک ئەو ماڵانەی کارەبایان بڕدراوە "سێ مانگ و زیاتر لەوەشیان تێدایە کە پارەی کرێی کارەبایان نەداوە و پێش بڕینیش هۆشدارییان پێدراوە".   خاوەن موەلیدەی یەکێک لەو گەڕەکانەی کارەبای چەند ماڵێکی تێدا بڕاوە ئەمڕۆ وتى، "لە گەڕەکێک دوو بۆ سێ ماڵ کارەبای ببڕدرێت ناتوانین موەلیدە کار پێبکەین، چونکە موەلیدەکە تێکدەچێت".   تاوەکو ئەمڕۆ پڕۆژەی رووناکی بە فەرمی روونی نەکردووەتەوە، کە تاوەکو چەند مانگ لەسەر بەشداربووانی پڕۆژەکە دەوەستن بۆ پارەنەدان.   بەگوێرەی پڕۆژەی رووناکی، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 500 هەزار هاوبەش، کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس دەبن، لە پڕۆژەی کارەبای 24 کاژێری سوودمەند بوون.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان: ئەمڕۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی سێ وەزارەت لەڕێی 'هەژماری من' دابەشدەکرێت لەڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتی داراییدا هاتووە وەزارەتی تەندروستی، پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە ئێستاوە دەتوانن مووچەکانیان لەڕێی ATMـەکانەوە وەربگرن. ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەمڕۆ پێنج شەممە ( ٢٤ ی تەمووزی ٢٠٢٥ ) مووچەی سەرجەم ئەو خانەنشین و فەرمانبەرانەی سەر بەوەزارەتی تەندروستی و پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستین لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری من مووچە وەردەگرن دەتوانن سەردانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە ( ATM ) بکەن و مووچەکانیان ڕابکێشن.  ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ راگەیەندرا ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ( ٢٥ ی تەمووزی ٢٠٢٥ ) دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار دەکرێت و ڕۆژی یەک شەممە (٢٧ ی تەمووز ٢٠٢٥ ) کۆتایی بەدابەشکردنی مووچە دێت. تێبینی؛ ئەو خانەنشینانەی لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری من مووچە وەردەگرن، دەتوانن هەر ئەمڕۆ پێنج شەممە مووچەکانیان لە ڕێی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) وەربگرن. وەزارەتی دارایی رایگەیاند، تەمویلی مووچەی مانگی ئایار خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، "لە چەند خولەکى داهاتوودا لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە." رۆژی پێنجشەممە، 24ی تەممووزی 2025، وەزارەتی داراییی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بڕی 974 ملیار و 813 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق."   وەزارەتی دارایی دەڵێت، "سبەی، هەینی، 25ی تەممووز دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت." دەقى ڕاگەیەندراوەکە. تەمویلی مووچەی مانگی ئایار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.                                                                                                     ڕۆژی پێنج شەممە  ( ٢٤ تەمووزی ٢٠٢٥ ) بڕی ( ٩٧٤،٨١٣،٠٠٠،٠٠٠ ) نۆ سەدو حەفتاو چوار ملیارو هەشت سەدو سیانزە ملیۆن  دینار وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.       سبەی هەینی ( ٢٥ ی تەمووزی ٢٠٢٥ ) دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.  

هەپەگە ڕایگەیاند، لە ١٣بۆ ٢٣ـی تەممووز سوپای داگیرکەری تورک هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەردەوام بووە. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، سەبارەت بە ئاماری هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک بۆسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، ١٣، ١٧، ١٩ و ٢١ـی تەممووز لە هەرێمی مەتینا، تونێلەکانمان لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بێشیلی و سەری مەتینا شەش جار بە درۆنی بۆمب هەڵگر بۆردوومان کراوە. هەروەها، ١٧، ١٨ و ٢١ـی تەممووز لە هەرێمی مەتینا، گۆڕەپانی بەرخۆدانی سەرێ مەتینا ٣٦٢ جار بە چەکی قورس، تۆپ و مو٣شەک بۆمبباران کراوە. ئاماژەیان بەوەشکردووە، ١٣، ١٧ و ١٩ـی تەمووز لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوا زاپ، گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی بەهار ١١ جار بە چەکی قورس، تۆپ و مووشەک بۆمبباران کراوە. ئەوەشخراوەتەڕوو، ٢٠ـی تەممووز لە هەرێمی مەتینا، بە چەکی کەسی وەڵامی داگیرکەران درایەوە کە هەوڵیان دەدا بپەڕنەوە بۆ تونێلی شەهید خەمگین لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی دەرگەلێ. لەپاش دەستوەردانەکانی هێزەکانمان داگیرکەران ناچاربوون بکشێنەوە. هەپەگە دەشڵێت:لە نێوان ١٣-٢٣ـی تەممووزدا لەکاتە جیاوازەکانی ڕۆژدا بە درۆن، فرۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشەکەر، فرۆکەی بێفڕۆکەوانی سیخووڕی لەسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، سیخوڕییان کرد و هێرشیان ئەنجام دا. هەروەها، لە نێوان ١٣-٢٣ـی تەممووزدا لە هەرێمەکانی زاپ، مەتینا و خواکوڕک بە ئامانجی داگیرکاری ڕێگە درووستکرا. هاوکات، لە نێوان ١٣-٢٣ـی تەمووزدا لە هەرێمەکانی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوا زاپ و مەتینا بانگەوازی خۆڕادەستکردن لە هێزەکانمان کرا. هەپەگە لەکۆتاییدا ڕایگەیاند، لە هەرێمی مەتینا بە تەکنیک وەڵامی هەوڵدانەکانی گەمارۆدان و هێرشی لەناوبردن لەسەر تونێلەکانمان درایەوە.

کۆمپانیای DNOی نەرویجی زانیاریی نوێی لەسەر قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەرهەمهێنانیان کەمی کردووە.   ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی رایگەیاند، لە سێ مانگی دوومی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان تێکڕا 74 هەزار و 760 بەرمیل نەوتیان بەرهەمهێناوە کە بەراورد بە چارەکی یەکەم، 6.3٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.   کۆمپانیاکە لە کێڵگەی تاوکێ و پێشابوور و کۆمپانیای سەرکارە، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 79 هەزار و 783 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنابوو.   لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا پشکی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ، لە بەرهەمهێنانی نەوت 18 هەزار و 675 بەرمیل نەوت بووە.   کۆمپانیای دی ئێن ئۆ رایگەیاندووە تەواوەی وردەکاریی راپۆرتی دارایی خۆی لە رۆژی 21ی 8 لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسێکەوە بڵاودەکاتەوە.   کۆمپانیاکە دەڵێت، هەموو ئەو نەوتەی کە بەرهەمی دەهێنێت لە بازاڕی نێوخۆیی دەفرۆشرێت، بەهۆی ئەوەی هێشتا بۆریی عێراق تورکیا بۆ هەناردەکرنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەکراوەتەوە.

فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت: رادەستکردنی چەک هێڵی سورەو سازش لەسەر پرنسیپەكانمان ناکەین.  جەختیشی کردەوە: هەسەدە وەک لایەنێكی هاوتا دانوستان لەگەڵ دیمەشق دەکات، نەک وەک لایەنێکی ملکەچ و بچوكتر، حکومەتی سوریاش هیچ ئیرادەیەکی نییە بۆ چارەسەرکردن. شامی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەشوەدا: تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا، داوای لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە، هاوکاری بکەن لە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی سوەیدا.  ئاشکراشیکرد، ئۆپراسیۆنەکانی دژ به داعش له باکوری رۆژهەڵاتی سوریا پەرەی پێدەدرێت و رەنگە بە هەماهەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی هەسەدە بگرێتەوە. لەچەند ڕۆژى ڕابردوشدا ئەبجەر داود وتەبێژى هەسەدە بە میدیا کوردییەکانی ڕاگەیاندووە، "بە لەبەرچاوگرتنی گرژییە بەردەوامەکانی سووریا و پەرەسەندنی توندوتیژییەکان و هەڕەشەکانی داعش، مەحاڵە هێزەکانمان چەکەکانیان ڕادەست بکەن". هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "هەسەدە دەتوانێ لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی دەستورییەوە پەیوەندی بە سوپای سوریاوە بکات کە دان بە تایبەتمەندی پێکهاتەی کوردیدا بنێت". داود لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "هەسەدە لەگەڵ شەڕدا نییە، بەڵکو لە هەر شوێنێک ئامادە بێت بەرگری لە گەلەکەی دەکات". لەلایەکى دیکەوە تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا لەم مانگەدا ڕایگەیاند، واشنتۆن داواکاری هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ خۆبەڕێوەبەری ڕەتدەکاتەوە و پشتیوانی لە سوریایەکی یەکگرتوو دەکات کە یەک سوپا و یەک دەوڵەت و یەک گەل بێت. دوای پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی گشتی و گروپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا، لەژێر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی سویدا، هێزەکانی پاراستنی گەل، زیاتر لە یەکە سەربازییەکانی خۆیان بۆ ناوچەی بەرکەوتن لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی لادێکانی پارێزگای حەلەب و لادێکانی باکور و ڕۆژئاوای پارێزگای دێرەزۆر لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە.  لە 10ی ئازارى ئەمساڵدا ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا و مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە چەکدارە کوردەکان دەخرێنە ناو هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ڕاگوزەرەوە.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ( ٢٥ ی تەمووزی ٢٠٢٥ ) دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار دەکرێت و ڕۆژی یەک شەممە (٢٧ ی تەمووز ٢٠٢٥ ) کۆتایی بەدابەشکردنی مووچە دێت. تێبینی؛ ئەو خانەنشینانەی لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری من مووچە وەردەگرن، دەتوانن هەر ئەمڕۆ پێنج شەممە مووچەکانیان لە ڕێی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) وەربگرن. وەزارەتی دارایی رایگەیاند، تەمویلی مووچەی مانگی ئایار خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، "لە چەند خولەکى داهاتوودا لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە." رۆژی پێنجشەممە، 24ی تەممووزی 2025، وەزارەتی داراییی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بڕی 974 ملیار و 813 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق."   وەزارەتی دارایی دەڵێت، "سبەی، هەینی، 25ی تەممووز دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت." دەقى ڕاگەیەندراوەکە. تەمویلی مووچەی مانگی ئایار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.                                                                                                     ڕۆژی پێنج شەممە  ( ٢٤ تەمووزی ٢٠٢٥ ) بڕی ( ٩٧٤،٨١٣،٠٠٠،٠٠٠ ) نۆ سەدو حەفتاو چوار ملیارو هەشت سەدو سیانزە ملیۆن  دینار وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.       سبەی هەینی ( ٢٥ ی تەمووزی ٢٠٢٥ ) دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.  

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی قەسەدە، گه‌یشته‌ پاریس و وابڕیارە هه‌ینی به‌نێوه‌ندگیری ئه‌مریكا و فەڕه‌نسا و بەریتانیا له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا كۆببێته‌وه‌، پاشانیش ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فەڕه‌نسا به ‌فه‌رمی له‌ كۆشكی ئه‌لیزێ پێشوازی لێ ده‌كات. ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی قەسەدە، به ‌سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ پاریسی پایته‌ختی فڕه‌نسا، بڕیاره‌ ڕۆژی هه‌ینی ٢٥ـی ته‌مووز به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی فەڕه‌نسا، ئه‌مریكا و بەریتانیا له‌گه‌ڵ ئه‌سعه‌د شه‌یبانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا كۆببێته‌وه‌. وابڕیارە له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ پڕۆسه‌ی چارسه‌ری و گفتوگۆكان له‌ سووریا ده‌كه‌ن، كه‌ به‌مدواییانه‌ كۆبوونه‌وه‌كان هه‌ڵگیران و گه‌یشتنه‌ بنبه‌ست. ‌هەروەها وابڕیارە جگه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌، ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فەڕه‌نسا له‌ كۆشكی ئه‌لیزێ به‌فه‌رمی پێشوازی له‌ مه‌زڵوم عه‌بدی ده‌كات و پێكه‌وه‌ هه‌ردوولا كۆده‌بنه‌وه‌.

  هاوسەرۆکی کەجەکە، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە پەکەکە لە هیچ لایەنێکەوە هێز وەرناگرێت، پەکەکە خودی خۆی سەرچاوەی هێزێتی. فەلسەفە، ئایدۆلۆژ، هێڵ و  پرەنسیپی خۆی هەیە.  هەروەها باس لەوەش دەکات کە لە ڕێگەی ڕێبەر ئاپۆوە ئاشنای خۆمان بووین، شتەکە بۆمن و گەلی کوردیش بەو شێوەیە. ئەوەیمان بە دەستهێناوە لە سایەیی ڕێبەر ئاپۆوە بووە، گەل باش ئەم ڕاستییە دەزانێت. لە چاوپێکەوتنێکییدا لەگەڵ ڕۆژنامەی یەنی یەشامدا، جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، وەڵامی پرسیارەکانی نەزاهەت دۆغانی ژنە ڕۆژنامەوانی دایەوە دەربارەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک. دەقى چاوپێکەوەتنەکە.. لە وەڵامەکانییدا جەمیل بایک سەرەتا سەرەنجی خستەسەر تێکۆشانی پڕ لەدەستکەوتی ڕێبەر ئاپۆ و گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵە و منداڵی بنەماڵەیەکی پەرتەوازە بوو. منداڵی بنەماڵەیەکی هەژار بوو. ڕێبەر ئاپۆ خاوەنداری لە کۆمەڵگە و گەلێکی لەو شێوەیە دەکات کە هیچ هیوایەکییان نەماوە و هەموو شتێکییان لە دەستداوە. هەرخۆی ڕێبەر ئاپۆ لە خۆی دەپرسێت؛ 'چۆن دەتوانم کۆمەڵگەیەک زیندوو بکەمەوە کە پەرتەوازەیە و هیچ هیوایەکی نەماوە، چۆن بتوانم ژیانی بە بەردا بهێنمەوە، بیکەمەوە بە خودی خۆی و بیکەم بە خاوەن هێزی خۆی؟، ڕێبەر ئاپۆ وەڵامی ئەم پرسیارانەی پەیدا کرد. هەموو هەوڵێکی بۆئەوە بوو لە سەختترین هەلومەرجدا گەل بکاتەوە خاوەن ئیرادە و ئاشنای کاتەوە بە ئازادی خۆی. لەسەر ئەم بنەمایە تێکۆشانی دەستپێکرد و هەنگاوی هەڵگرت." جەمیل بایک پەیوەست بە داگیرکاری کورسستان ئاماژەی بەوەدا لە جیهاندا نموونەی ئەم داگیرکارییە نییە و نەبووە و ئەمەی گوت: "ڕەنگە وڵاتگەلێکی زۆر داگیرکرابێتن و لە نێو ستاتۆی کۆڵۆنیالییدا هێڵدرابێتنەوە، بەڵام کوردستان وڵاتێکی زۆر جیاوازە. نەک بە تەنها داگیرکراوە، بەڵکو هەموو شتێکی لێ وەگیراوە. بە تەواوەتەی ڕوو لە نەمان بووە. بە تەواوەتی هیوای لە دەستدابوو. هیچ ژیانێکی تایبەت بەخۆی نەماوە. خاوەنداریکردن لە گەل و خاکێکی لەم شێوەیە شتێکی لەو جۆرە نییە هەموو کەسێک بتوانێ و بوێری هەبێت. بەڵام بینیمان ڕێبەر ئاپۆ خاوەنداری لە گەل و وڵاتێکی لەم شێوەیە کرد. دۆزی ئازادی گەلێکی لەم شێوەیەیی لە ئەستۆ گرت. پەیوەست بە دۆزی ئازادی گەلێکی لەم شێوەیەوە، ڕێبەرێتی، ڕێکخستنی، کادرایەتی، شێواز و ڕێبازێکی گونجاوی ئافراند. وە لە ئەنجامی ئەم هەوڵانەییدا گەلێکی کۆکردەوە و گەیاندییە ئاستی نەتەوە، کە هیچ کەسێک دانی پێدا نەدەنا و بە جددیەتی نەدەبینی." لە بەردەوامییدا بایک سەرەنجی خستەسەر کاریگەری ڕێبەر ئاپۆو و گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ چی گوت؟ گوتی، 'بەرگرینامەکانم لە هەر جێگەیەک بێت، ئەوا من لەوێم'. پەیوەست بە ئێمەوە هاوشانی ئافراندنی ئازادی جەستەیی ڕێبەرمان، گرنگترین شت بەلامانەوە ئافراندنی یەکێتی و یەکگرتووییە بە گوێرەی فەلسەفە، ئایدۆلۆژیا، هێڵ، ئامانج، ڕۆح و ڕێبازی کارکردنی ڕێبەرمانە. دوای پێکهێنانی ئەمە، بەبێ ئازادی جەستەیی هەموو ئەمانە هێندە مانادار نابن. بێگومان ئازادی جەستەیی و هەموو ئەو پێکهێنانە بۆ گەل و دۆستانمان گرنگە. ئێمە بە ڕێبەر ئاپۆ ئاشنای خۆمان بووین. ئەم شتە بۆ من و گەلەکەشمان هەمان شتە. ئەوەیمان بە دەستهێناوە لە سایەیی ڕێبەر ئاپۆوە بووە. گەلیش ئەم ڕاستییە دەزانێت. میلیتان و ئەندامانی ئەم تەڤگەریش ئەم ڕاستییە دەزانن. بۆیە هەرچەندی گۆشەگیری بە سەختی سەپێندرابێت، ئەوا هیچ کاتێک ڕێبەرێتی لە گەل و تەڤگەری دانەبڕیەوە. گوتیان، 'ئەم تەڤگەرە تەڤگەری ڕێبەرێتییە، گەر ڕێبەرەکەیان بگرین، ئەوا کاریگەری لەسەر تەڤگەرەکە دادەنێین و ناتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت. ئێمە ناتوانین بە ئاسانی ئامانجەکانمان پێکبهێنین.' بۆیە لەم پێناوەدا هەموو دەرفەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیان بەکارهێنا. خواستییان ڕێبەر ئاپۆ لە بیری گەل و ڕێکخستن بەرنەوە. بەڵام نەیاتوانی و بە پێچەوانەی ئەوەوە دڵسۆزی گەل و ڕێکخستن بۆ ڕێبەر ئاپۆ زۆر بەهێزتر بوو." پەیوەست بە بابەتی هۆکاری بەهێزی دڵسۆزی بە ڕێبەرێتی، جەمیل بایک ئەمەی گوت: "چونکە هەر کەسێک ئاگاداری ژیانی ڕێبەر ئاپۆ بێت و زانیبێتی چی کردووە، ئەوا تێدەگات لەوەی ئەوەی بە دەستی هێناوە لە سایەیی ڕێبەر ئاپۆوە بووە. باش دەزانن بوون بە خاوەنی ڕێبەرێتی چ مانایەک دەگەیەنێت، وە لە دەستدانی ڕێبەرێتی چ دەرنجامێکی لێ دەکەوێتەوە. بەم هۆکارە پەیوەندی خۆمم لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ئەوەندە بەهێز کرد. لەم تێکۆشانەدا تورکیا دووچاری کێشەی زۆر قورس بووەوە. تورکیا لە ڕووی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە کەوتە نێو کێشەی زۆرەوە. یانی بە چاوی خۆیان ئەوەیان بینی ئەو سیاسەتەی دەیکەن مایەپوچ بووە. زانیان گەر جەخت لەسەر ئەو سیاسەتە بکەنەوە ئەوا بە سەختتر بەسەریاندا دەشكێتەوە. هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا پێشهاتی نوێ دەقەومێت. ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر دادەنێت. هەستییان بەمە کرد؛ 'گەر لەگەڵ کورداندا پەیوەندی دانەنێین، نەتوانین پشتگیری کوردان بەدەست بهێنین، ئەوا پرسە ناوخۆیی و هەرێمییەکان کە لە ئارادان دەتوانن کۆتایمان پێبهێنن.' چونکە پێشتریش دووچاری دۆخێکی لەو شێوەیە هاتبوون. ئەو دۆخەی بەسەر ئیمپراتۆرێتی عوسمانییدا هات. دەزانرێت بێ گەلی تورک، دەوڵەتی تورک ئەم پرۆسەیەیی چۆن تێپەڕ کردووە. موستەفا کەمال لەگەڵ کوردان و سۆڤێتدا پەیوەندی دانا. پەوەیست بوو بەوەوە و کاری کرد و ڕۆشتە لۆزانەوە. ئەمانە ئاشکران. بۆئەوەی جارێکی دیکە دووچاری کێشەیەکی لەم شێوەیە نەیتەوە، پێویستییان بە کورد کەوت، پێویستییان بە ڕێبەرێتی کەوت. گوایە ویستییان ناوی ڕێبەرێتی لە ناواندا نەهێڵنەوە، قڕکردنی کوردان بگەیەنن بە ئەنجام، بەڵام کەچی دەبینین پێویستییان کەوت بە کورد و ڕێبەرێتی. لە نکۆڵی و لەناوبردنەوە هاتنە هەبوون. ڕێبەر ئاپۆ لە دەستپێکردنی تێکۆشانیەوە لە ئەنقەرەوە تا ئێستا گۆڕین و وەرچەرخاندی بە بنەمای خۆی گرتووە. ڕەنگە کەسانێک بڵێن گۆڕانکاری و وەرچەرخاندیان خستووەتە ڕۆژەڤەوە، بەڵام شتەکە بەو جۆرە نییە و مێژووییەکی هەیە. تەڤگەرمان هەر لەسەرەتاوە گۆڕانکاری کردووە بە بنەمای خۆی. هۆکاری پەرەسەندن و پێشکەوتنشی هەر ئەمە بووە. گەروانەبوایە ئەوا هەر زوو تەسفییە ببوو." جەمیل بایک جەختی لەوەکردەوە زیندوێتی تەڤگەری ئازادی کوردستان پەیوەست بووە بە گۆڕانکارییەکانییەوە و ئەمەی گوت: "لە ئێستا هەندێک قوت دەبنەوە ئێژن 'پەکەکە لە کێ وە وەردەگرێت. گوایە لە فڵان لاینەوە هێز وەردەگرێت.' پەکەکە لە هیچ لایەنێکەوە هێز وەرناگرێت. پەکەکە خودی خۆی سەرچاوەی هێزێتی. فەلسەفە، ئایدۆلۆژ، هێڵ و  پرەنسیپی خۆی هەیە. لەبەرئەوەی ئەم تەڤگەری ڕوویکرد ئازادی، هەمیشە هێزی خۆی دەئافرێنێت. هەموو ئەو جۆرە ژیانەی ڕەتکردەوە کە خزمەتی ئەم ئامانجەی نەدەکرد، هەمیشە خۆی سەرچاوەی هێزی خۆی بووە. هەموو لایەنە ئەرێنێ و نەرێنییەکانی هەڵسەنگاندووە و گۆڕاندوونی بۆ ئەرێنی و بەم شێوەیە خستوویەتییە خزمەتی تەڤگەرەوە. لە جیهاندا هێزێکی دیکە نییە خاوەنی ئەم فەلسەفەیە بێت." هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە کۆتاییدا ئەمەی گوت: "ئەم تەڤگەرە خاوەن پرەنسیپی خۆیەتی، بێگومان یەک لەو پرەنسیپانە ڕەخنە و ڕەخنەکردنی خۆیەتی. لەم ڕێگەیەوە خۆی دابڕکردووە لە هەموو کەموکوڕییەکانی. هەمیشە خۆی بەهێز کردووە و خۆی زیندوو ڕاگرتووە. بەم شێوەیە هەموو ڕەهەندەکانی سەرکەووتن و هەتا ناسەرکەوتنەکانیش دەخاتە خزمەتی پێشکەوتنی تەڤگەرەوە. لە جیهاندا هیچ بزووتنەوەیەک نییە ئەمە بکات. تا وەک ئێستا بەرچاوم نەکەوتووە و نەمخوێندووەتەوە. ئەم تەڤگەرە بە دیوی ئەرێنی و نەرێنیشەوە خۆی بەهێز دەکات. لەبەرئەوەی لایەنی نەرێنی لە نێو ئەم تەڤگەرەدا دەبێتە پاساوی  چارەسەری دۆزینەوە. هەموو ئاستەنگی، هەڵە و کەموکوڕی، نەرێنییەکان پێویستی چارەسەرکردنییان تێپەڕاندنیانە. ئەوەی هەمیشە پەرە بە تەڤگەر دەدات و زیندووی دەیهێڵێتەوە ئەم خاڵەیە. ڕێبەر ئاپۆ هیچ کاتێک شتێکی لەکەس داوا نەکردووە. بۆ ئامانجی ئازادی پێویستی بە هەرچی بووبێت، جێگیری کردووە و بەجێی هێناوە. ڕێبازێکی لەم شێوەیەیی کردووە بە بنەمای خۆی. هیچ کاتێک نەبووە بە خاوەن بیرکردنەوەک کە بڵێت، 'با فرسەتێک بێتە دەستەوە، هەندێک دەرفەت بڕەخسێت، ئەوا پەرە بە تێکۆشان دەدەم.' وی خودی خۆی دەرفەتەکانی ئافراندووە."

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەموو پابەندییەکانیان بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە و 120 ملیار دیناریان بە کاش ناردووە، ئەمە سەرەڕای ناردنی لیستی مووچەی پەسەندکراوی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران و وردبینیکردنی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی دارایی و ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە. رۆژی چوارشەممە، 23-07-2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی رێککەوتنی نوێ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە، بەڵام بەغدا تاوەکو ئێستا مووچەی سێ مانگی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە." تەوەری سەرەکی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی جێبەجێکردنی دوا ڕێککەوتن و لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، کە حەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا پەسەند کراوە و تایبەتە بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم و هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتیی نانەوتی و میکانیزم و ڕێکاری تایبەت بە هەنگاوەکانی هاتوو لە ڕێککەوتننامەکە لەلایەن وەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنە هاوبەشەکانی هەردوولا. ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان تەواوی پابەندییەکانی خۆی لەچوارچێوەی لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش جێبەجێکردووه‌ بۆیە دەبێت حکومەتی فیدراڵیش لە زووترین کاتدا مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بنێرێت ئەنجومەنی وەزیران بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، هەڵوێستی بەرپرسانە و خۆراگریی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت کە تێگەیشتنی پێویستیان بۆ ئەم دۆخە ناهەموارە هەیە کە بە سەر هەرێمی کوردستان سەپێنراوە و بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیەکی بەرزەوە، داکۆکی لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەن.  ئەنجومەنی وەزیران داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان دەکات، بە شێوەیەکی ڕاستگۆییانە و بەرپرسانە کار بکەن و نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و دوور لە چەواشەکاری ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن و نەبنە بڵندگۆی ئەو کەسانەی کار بۆ پشێوی و ئاشووب نانەوە دەکەن و هەمیشە پاساو و بیانوو بۆ ئەو زوڵم و ستەمە دەهێننەوە کە لە مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان بە گشتی دەکرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. تەوەری سەرەکی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی جێبەجێکردنی دوا ڕێککەوتن و لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، کە حەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا پەسەند کراوە و تایبەتە بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم و هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتیی نانەوتی و میکانیزم و ڕێکاری تایبەت بە هەنگاوەکانی هاتوو لە ڕێککەوتننامەکە لەلایەن وەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنە هاوبەشەکانی هەردوولا. ئەنجومەنی وەزیران، دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە. سەبارەت بە بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی وئابووری هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دیناری بە کاش خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وەک لە ڕێککەوتنە هاوبەشەکە هاتووە، ئەمە سەرەڕای ناردنی لیستی مووچەی پەسەندکراوی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران و وردبینیکردنی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی دارایی و ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە و بەردەوامیی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم لە وردبینی وەرزیی داهات و خەرجییەکان ، لەم ڕووەشەوە، هەرێمی کوردستان هەموو داهات و خەرجییەکانی، شەفافانە خستووەتە بەردەمیان. سەبارەت بە نەوتیش، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە ڕێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە، هەموو ئاسانکارییەکی پێشکەشی لیژنەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و کۆمپانیای سۆمۆ کردووە لە بەردەستخستنی زانیاریی و داتاکان و سەردانی ڕاستەوخۆیان بۆ سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان لە هەرێم، لیژنەی تەکنیکی هەردوو وەزارەت، لەسەر پڕۆتۆکۆلی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ گەیشتونەتە لەیەکگەیشتنی هاوبەش بۆ ئەو بڕە نەوتەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت ، چونکە بەهۆی هێرشە درۆنییە تیرۆریستی و ناڕەواکانی ئەم دواییە بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم ، بەرهەمهێنانی نەوت، بە شێوەیەکی بەرچاو لە کێڵگەکان کەمی کردووە. ئەم ڕێکارانەش پابەندیی هەرێم بە ڕێكکەوتنەکە پشتڕاست دەکاتەوە، بۆیە دەبێت لە بەرامبەریشدا حکومەتی فیدراڵ پابەندیی خۆیی بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات بە ناردنی دەستبەجێی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، کە تا ئێستا نەیانناردووە و مووچەخۆرانی هەرێم، سێ مانگە بێ بەشکراون لە شایستەی دارایی خۆیان، کە مافێکی دەستووریی و یاسایی خۆیانە و نابێت لەژێر هیچ بيانوويەک، ئەم مافە پێشێل بکرێت بە تایبەتیش ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە بە زیادەوە، جێبەجێ کراوە. ئەنجومەنی وەزیران، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، هەڵوێستی بەرپرسانە و خۆراگریی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت کە وێڕای بارودۆخی سەختی دارایی کە بوونە قوربانی بڕیارێکی ناڕەوا و نادەستووری، بەڵام تێگەیشتنی پێویستیان بۆ ئەم دۆخە ناهەموارە هەیە کە بە سەر هەرێمی کوردستان سەپێنراوە و بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیەکی بەرزەوە، داکۆکی لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەنجومەنی وەزیران خەڵکی کوردستانیش دڵنیا دەکاتەوە کە لە پێناو دابینکردنی مووچە وشایستەکانی خەڵکـ، هیچ کات درێخی ناکات و دەستبەرداری مافەکانی خەڵکی کوردستان نابێت. ئەنجومەنی وەزیران داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان دەکات، کە بە شێوەیەکی ڕاستگۆییانە و بەرپرسانە کار بکەن و نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و دوور لە تێکدان و خراپەکاری و چەواشەکاری ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن و نەبنە بڵندگۆی ئەو کەسانەی کار بۆ پشێوی و ئاشووب نانەوە دەکەن و هەمیشە پاساو و بیانوو بۆ ئەو زوڵم و ستەمە دەهێننەوە کە لە مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان بە گشتی دەکرێت . لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەدا، کە میوانداریی لیژنەیەکی هاوبەش لە ( وەزارەتی پلاندانان/ دەستەی پێوانەسازیی وکۆنتڕۆڵی جۆریی) و ( وەزارەتی دارایی وئابووری/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگەکان) و ( وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی/ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازیی ) و ( وەزارەتی ناوخۆ) کرابوو، لیژنەکە دەقی ڕێککەوتننامەی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیان خستەڕوو سەبارەت بە دانانی میکانیزمی هاوئاهەنگیی و هاریکاریی نێوان هەردوو دامەزراوەی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆری فیدڕاڵ و هەرێم لە چوارچێوەی تایبەتمەندیی و دەسەڵاتە دەستوورییەکان، بە جۆرێک لە چوارچێوەی ئەو ڕێكکەوتننامە هاوبەشە، بڕوانامەکانی پشکنینی کەلوپەل و بەرهەمەکان لە لایەن هەردوو دامەزراوەی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆریی کاری پێدەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش، ڕێکارەکانیان یەکدەخەن و دەستەی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان، لایەنی تایبەتمەند دەبێت بۆ ئەم بابەتە هاوشێوەی دەزگا هاوتاکەی لە حکومەتی فیدڕاڵ. لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران ، وێڕای دەستخۆشیكردن لە لیژنەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنامەیە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ، بە کۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی ڕێککەوتنامەکەی دا و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ ئەوەی ڕێکاریی پێویست بگرنەبەر لە چوارچێوەی دەسەڵاتە دەستووریەکانی هەرێم و یاسابەرکارەکان لە هەرێم وەک ئەوەی لە کۆنووسی هاوبەشی لیژنەکەدا هاتووە. ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران، ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە ئاسانکاریی و یەکخستنی ڕێکارەکانی پشکنین بە جۆرێک کۆتایی بەو ئاستەنگانە دێت کە هۆکاری کێشەکانی پەکخستنی جووڵەی بازرگانی و جموجۆڵ وئاڵوگۆڕیی بەرهەم و کەلوپەل و پێداویستیەکان بوون لە نێوان هەردوولا کە ببوە مایەی گلەیی وگازندەی هاوردەکاران و بازرگانان و خاوەن پڕۆژە بەرهەمهێنەرەکان لە ناوچەکانی هەرێم و فیدڕاڵ.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندیەکى تەلەفۆنیان ئەنجامداوە، نوسینگەی سودانی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی بڵاوکردەوە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە محەمەد شیاع سودانی، ڕایگەیاندوە سەرمان سوڕماوە لە هێرشە درۆنییەکان کە هاوکاتبوو لەگەڵ رێککەوتنی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان. هەروەها ئەوەى وتووە: گرنگە هەناردەی نەوت لەڕێی تورکیاوە دەستپێبکاتەوە و پابەندبوونی هەرێم بە رادەستکردنی نەوت و داهات چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغداد دەکات.. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی: محەمەد شیاع سودانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشت: سودانی پاڵپشتی عێراق بۆ هەوڵەکانی سەقامگیری ناوچەکەو رێککەوتنەکانی ئاگربەست و راگرتنی دوژمنكارییەكان دووپات كردووەتەوە. دەزگا ئەمنییەکان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چاودێری سەرچاوەی هێرشەکانی ئەم دواییە دەكەن بۆ سەر دامەزراوە نەوتییە گرنگەکان لە هەرێمی کوردستان و لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و کەرکوک. سودانی سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕیووە کە ئەم هێرشانە هاوکات بووە لەگەڵ رێککەوتنی سەرەتایی نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە هەرێم کار دەکەن، بۆ وەبەرهێنان كردن لە چەند کێڵگەیەکی نەوتی لە کەرکوک و سەڵاحەدین. خستنەڕووی یاسای حەشدی شەعبی لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازی ئەمنی كە حکومەت پیادەی دەكات. هێزەکانی حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی سەربازیی فەرمی عێراقە و لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندا کاردەکات. سودانی جەختی لە پابەندبونی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەكاتەوە بە رادەستکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و داهاتە نانەوتیەکان بۆ خەزێنەی گشتی، لە رێگەی بڕیارەکەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە. سودانی جەختی لە دیدگای ئابوری عێراق و گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت كردووەتەوە لە ڕێگەی بۆری عێراق و تورکیاو  راگرتنی هەموو جۆرەکانی قاچاغ و کارێکی نایاسایی کە کاریگەری لەسەر سامانی نەوت هەیە.