بەگوێرەی داتاکانی پێگەی "شەفافییەت"، داهاتی نانەوتیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، لەگەڵ ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بۆ مانگی کانوونی دووەمی 2026 کەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. کۆی گشتیی داهاتەکە گەیشتووەتە 44,752,000,000 دینار، کە لەو بڕە 38,518,000,000 دیناری بە کاش و 6,233,000,000 دیناریشی بە شێوەی چەک بووە. داهاتی نانەوتیی ئەم ناوچانە بەراورد بە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2025، کە بڕەکەی 62,005,000,000 دینار بووە، بە ڕێژەی 28% کەمیکردووە. هەروەها داتا گشتییەکان نیشانی دەدەن کە کۆی داهاتی نانەوتیی سلێمانی و هەڵەبجە لە تەواوی 12 مانگی ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە 900,820,000,000 دینار. ئەم داتایانە لە ڕێگەی 6 گەنجینە، 28 وەزارەت و دەستە، لەگەڵ سەدان بەڕێوەبەرایەتی کۆدەکرێنەوە. ڕۆژانە تیمێکی تایبەت کە لە 828 فەرمانبەر پێکهاتوون، وردەکاریی داهاتەکان لە پێگەی شەفافییەت تۆمار دەکەن. ئەم پڕۆژەیە لە تەممووزی 2022ـەوە بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە. پڕۆژەی شەفافییەت وەک هەنگاوێک بۆ ڕوونیی دارایی لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین جێبەجێ دەکرێت. سیستمەکە ڕێگە دەدات هاووڵاتییان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە شێوەیەکی ڕۆژانە ئاگاداری قەبارەی کۆکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکان بن و چاودێریی جموجۆڵە داراییەکانی ئەو ناوچانە بکەن._
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ئاماژە بە دەستپێکردنی شەپۆلێکی باران لە زۆربەی ناوچەکان دەکات. ئەمڕۆ شەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2026، بەگوێرەی راپۆرتی کەشناسی، ئەمڕۆ ئاسمان بە گشتی بە هەوری تەواو دەمێنێتەوە. سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی باکووری هەرێم نمە باران دەست پێدەکات، هاوکات لە ناوچە سنوورییەکان بەفرێکی کەم دەبارێت. کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە درەنگانی شەودا کاریگەری دابارینەکە زیاد دەکات و زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە، کە بە شێوەی نمە باران و بارانی مامناوەند دەبێت. پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ کەمێک بەرز دەبنەوە و خێرایی با لە نێوان (10-20) کم/ک دەبێت. بۆ سبەی یەکشەممە،1ـی شوباتی 2026، پێشبینی دەکرێت ئاسمان بە هەوری باراناوی بمێنێتەوە و لە زۆربەی ناوچەکان بارانی مامناوەند ببارێت. لە دوای نیوەڕۆوە کاریگەری شەپۆلەکە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، بەڵام نمە بارانی پچڕپچڕ لە هەندێک کات و شوێندا بەردەوام دەبێت. پلەکانی گەرماش نزیک دەبن لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ بە پلەی سیلیزی: هەولێر : 15 پلەی سیلیزی پیرمام : 9 پلەی سیلیزی سۆران : 6 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 2 پلەی سیلیزی سلێمانی : 12 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ : 12 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 12 پلەی سیلیزی دهۆک : 11 پلەی سیلیزی زاخۆ : 11 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 11 پلەی سیلیزی بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بە پلەی سیلیزی؛ هەولێر : 15 پلەی سیلیزی پیرمام : 13 پلەی سیلیزی سۆران : 7 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 3 پلەی سیلیزی سلێمانی : 12 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 14 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 13 پلەی سیلیزی دهۆک : 12 پلەی سیلیزی زاخۆ: 12 پلەی سیلیزی ئاکرێ: 13 پلەی سیلیزی
جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ کەناڵی روناهی: *دوای ئەنجامدانی پەیوەندی لەگەڵ سەرۆك ئەحمەد شەرع، رێککەوتنەكەمان واژۆ کردو بۆ گەلی سوریامان راگەیاند. *رێککەوتنەکە شەڕی راگرت و مافە رەواکانی گەلی کورد دەپارێزێت. *هێزێکی سنوردار لە کارمەندانی ئاسایشی ناوخۆ دەچنە چوارچێوەی ئەمنی حەسەکەو قامیشلۆ بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی یەکگرتن. *هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان ئەرکی خۆیان لە پاراستنی ئاسایشی ناوچە کوردنشینەکان جێبەجێ دەکەن، ئێمەش بەردەوام کاردەکەین بۆ تێکەڵکردنیان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی سوریا. *بەرپرسانی خۆجێی و دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکانی کۆبانی و جزیرە ئیدارەی ناوچەكانی خۆیان دەکەن. *ئەوەی سەبارەت بەو ناوچانە رێککەوتنی لەسەر کراوە، لە عەفرین سەرێ كانیش جێبەجێ دەكرێت. *هێزەکانی دیمەشق هیچ رۆڵێکیان لە شارەکاندا نابێت؛ گەلەکەمان با دڵنیا بێت. *لە جەزیرە و کۆبانی هێزەکانی هێزەکانی سوریای دیموكرات لە چوارچێوەی لیوادا دەمێننەوە. *رێککەوتنەکە لە 2ی شوباتەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەوپێیەش هێزەکانمان و هێزەکانی حکومەت لە بەرەکانی پێشەوەی کۆبانی و جزیرە دەکشێنەوە. *هێزە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لە رێککەوتنەکەمان دەکەن و گەرەنتی ڕێککەوتنەکە دەکەن، بە پەیوەندییەكەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریاشەوە. *سەبارەت بە پرسی ڕفێندراوان، دیل و بێسەروشوێنەکان لەگەڵ لە پەیوەندیداین. *هیچ پۆستێکی حکومی قبوڵ ناکەم، لە ناو گەلەکەمدا دەمێنمەوە، لەگەڵیان دەوەستم و کار بۆ دامەزراندنی مەرجەعییەتێكی سیاسی بۆ کورد لە سوریا دەکەم. زۆر پۆستم پێشکەش کرا، بەڵام هەڤاڵەکانم بۆ ئەو پۆستانە کاندید کرد. *هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ یەکخستنی ریزەکانی کورد و دروستکردنی جەستەیەكی کوردی بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە خەبات بکەین بۆ گەیشتن بە مافەکانمان.
بنەماڵەی شەهید ئەحمەد هێمن گوتیان : "شەهید ئەحمەد سەربەرزی کردین کە ئێمە خاوەن شەهیدی هەر چوار بەشی کوردستانین، شەهید ئەحمەد تەنها کوڕی ئێمە نیە و کوڕی هەر چوار بەشی کوردستانە". شەهید ئەحمەد هێمن عومەر خەڵکی شاری کەرکووکی باشوری کوردستانە، لە ٢٠ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە چوارچێوەی سەفەربەریی گشتیدا چووە ڕۆژئاوای کوردستان و لە ٢٧ـی هەمان مانگ لە بەرخۆدان دژی هێرشی چەتەکانی جۆلانی-داعش و دەوڵەتی تورک لە سنووری حەسەکە شەهیدبوو، سەبارەت بە شەهادەتی شەهید ئەحمەد، بنەماڵەکەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوان و ڕایانگەیاند، "کە شەهید ئەحمەد تەنها شەهیدی بنەماڵەکەی نیە بەڵکو شەهیدی هەر چوار بەشی کوردستانە و سەربەرزن و شانازی پێوەدەکەن". 'شەهیدی هەر چوار بەشی کوردستانە' جەمال حەداد، مامی شەهید ئەحمەد سەبارەت بە شەهیدی ئەحمەدی برازای گووتی: "دوو هەفتە لەمەوبەر کاتێک شەهید ئەحمەد درک بە مەترسی کۆمەڵکوژی خوشک و براکانی لە رۆژئاوای کوردستان، ئەویش هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات و خوی دەگەینێتە رۆژئاوای کوردستان بەمەبەستی بەرگری کردن لە گەلەکەی، شەهید ئەحمەد تەنها شەهیدی بنەماڵەکەی نیە بەڵکو شەهیدی هەر چوار بەشی کوردستانە و شانازی بە تەواوی شەهیدانی کوردستان دەکەین کە هەموویان شەهیدی ئێمەن، شەهید ئەحمەد یەکەم شەهیدی ئێمە نیە و دواینینش نابێت، پێویستە بە خوێن و قوربانی خاک وگەلەکەمان بپارێزین". 'بەردەوام بن لە سەفەربەری بۆ رۆژئاوا' لە درێژەی قسەکانیدا، جەمال حەداد گووتیشی: "هیوادارین شەڕڤانان خۆڕاگربن لەدژی هەموو مەترسییەکانی سەر گەلەکەمان، وە داواکارین هەموو گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان بەردەوام بن لە سەفەربەری بۆ رۆژئاوای کوردستان، منیش وەکو پێشمەرگەیەکی دێرین ئامادەم بچم بۆ بەرگری لە رۆژئاوای کوردستان". دڵدار خاک، ئامۆزای شەهید ئەحمەد هێمن، جەختی لەوەکردەوە کە شەهید ئەحمەدی ئامۆزای وەکو کوردێکی کەرکوکی ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییەی پێ قەبووڵ نەکرا کە دژی گەلی کورد لە رۆژئاوا بەڕێوەدەچوو بۆیە ڕووی کردە بەرەکانی جەنگ لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پاراستنی نشتیمان ، دڵدار خاک ووتیشی : "هەواڵی شەهیدبوونی تەواوی کەرکوکی خەمبار کرد، ئێمەش وەکو بنەماڵەی شەهید ئەحمەد سەربەرزین بە شەهیدبوونی کە لەپێناو نیشتیمانەکەی شەهیدبووە". 'لەپێناو ئەو ڕێبازە چووە سەنگەرەکانی بەرگری لە رۆژئاوا' لە کۆتایی قسەکانیدا، دڵدار خاک ئامۆزای شەهید داوای لە شەڕڤانان و هاوسەنگەرانی شەهید ئەحمەد کرد کە تۆڵەی شەهید ئەحمەد بکەنەوە و خوێنی بەفیڕۆ نەچێت چونکە شەهید ئەحمەد لەپێناو پاراستنی ئەوان و ئەو ڕێبازە چووە سەنگەرەکانی بەرخۆدان لە رۆژئاوای کوردستان".
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا پێشوازیی لە ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا دەکات و سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکات کە ڕۆڵیان لەم پرۆسەیەدا هەبووە. راگەیەندراوی سەرۆكی یەكێتیی لەبارەی رێككەوتنی نێوان (هەسەدە)و حكومەتی سوریا: پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا دەکەم بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان و کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان. هیوادارم ببێتە سەرەتایەک بۆ دابینکردنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان بە تایبەتی کورد. سوپاسی خۆم ئاڕاستەی ئەمریکا و فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی نێوەندگیر دەکەم و هیوادارم رێککەوتنەکە ببێتە هۆی سەقامگیریی و گەشەسەندن بۆ رۆژئاوای کوردستان و سووریا. لە ناخی دڵمەوە سوپاسی تەواوی هاونیشتمانییانمان بە تایبەتی گەنجان لە کوردستان و تاراوگە دەکەم بۆ پاڵپشتییان لە رۆژئاوا، کە بە جیهانیان وت، کورد یەکە. هەوڵ و بەرخۆدانی بەردەوامی برام جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی بۆ گەلەکەمان لە رۆژئاوا بیردەهێنمەوە و پێی دەڵێم، شانازیی بە هەڵوێستەکانتەوە دەکەم و وەک هەمیشە پشتیوانتم. بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، بە ناوی خۆی و سەرۆکی ئەمریکا، سوپاس و پێزانینی گەیاندە سەرۆک بارزانی، ئەوەش بەرانبەر بەو هەوڵە چڕانەی سەرۆک بارزانی خستوویەتییە گەڕ بۆ سەرخستنی دیالۆگ و گەیشتن بە ئاشتی لە سووریا. ڕۆژی هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری سووریا ئەنجام درا. بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، تۆم بەڕاک بە ناوی خۆی و دۆناڵد ترەمپەوە، سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ئەو رۆڵ و هەڵوێستە بەرچاوانەی لە هێنانەدی ئاگربەست و پشتیوانی دیالۆگ لە نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکراتدا خستوویتییە ڕوو. هەروەها رۆڵی سەرۆک بارزانی لە هێنانەدی رێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان حکوومەتی سوریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات بەرز نرخاند. لای خۆیەوە، سەرۆک بارزانی، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ سەرۆکی ئەمریکا و سەرجەم ئەو لایەنانەی بەشدارییان لە پرۆسەی ئاشتییەکەدا کردووە، پشتیوانیی تەواوەتی خۆی بۆ رێککەوتنەکەی ئەمڕۆ (30ـی کانوونی دووەمی 2026) دووپات کردەوە و بە هەنگاوێکی گرنگی دانا لە پێناو چەسپاندنی سەقامگیری و کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکان. هەروەها سەرۆک بارزانی ڕۆڵی تۆم بەڕاکی لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و گەیشتن بەم ئەنجامە بەرز نرخاند. تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، تەرخان کرابوو بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سیاسیی عێراق، تۆم بەڕاک بە فەرمی داوای لە سەرۆک بارزانی کرد، وەک چۆن لە دۆسیەی سووریادا رۆڵی ئەرێنی هەبووە، ئاواش ڕۆڵی کاریگەر و پێشەنگانەی خۆی لە دۆخی سیاسیی ئێستای عێراقدا بگێڕێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان. لە وەڵامدا، سەرۆک بارزانی تێڕوانینی خۆی بۆ چارەی ڕیشەیی کێشەکانی عێراق خستەڕوو و جەختی کردەوە کە: "مەرجی سەرەکی بۆ سەقامگیری و چارەی کێشەکان، بریتییە لە جێبەجێکردنی تەواوەتی دەستوور، پاراستنی سەروەریی وڵات و ڕێزگرتن لە پرەنسیپی ئەوەی کە پێکهاتەکانی عێراق خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن."
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ناوەڕۆکی ڕێککەوتنە نوێیەکەیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا خستەڕوو و ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە زەمانەتی ئاگربەستی هەمیشەیی دەکات و تێیدا بڕیار لەسەر تێکەڵکردنەوەی هەسەدە بە سوپای سووریا و مانەوەی زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی خوێندن دراوە. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئیلهام ئەحمەد باسی لەوە کرد کە ئامانجی سەرەکیی واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە ڕێگریکردن بووە لە قڕکردنی هاووڵاتییان و گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی. بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، دەبێت ئەو گرووپە چەکدارانەی لەم دواییانەدا پێشڕەوییان کردووە، بە گەرەنتیی وڵاتانی نێوەندگیری پرۆسەکە، بۆ شوێنەکانی خۆیان بکشێنەوە و هێڵەکانی بەرکەوتنی نێوان سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دیاری کراون. سەبارەت بە چارەنووسی هێزە سەربازییەکان، ئیلهام ئەحمەد ئاشکرای کرد کە پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هەسەدە بە سوپای سووریا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەپێی پلانەکە، سێ لیوا لە حەسەکە و کۆبانێ دروست دەکرێن کە تایبەت دەبن بە ناوچەکە و لە چوارچێوەی سیستەمی بەرگریی سووریادا دەبن، بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەک لە هێزەکانی سوپای سووریا دەچنە ناو حەسەکە. لەبارەی دۆسیەی ئەمنی و ناوخۆییەوە، بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دڵنیایی دا کە "هێزەکانی ئاسایش لە ناوچەکە دەمێننەوە و دەبنە هێزێکی فەرمی و کەس شوێنی ئەوان پڕ ناکاتەوە." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئیلهام ئەحمەد تیشکی خستە سەر لایەنی ئیداری و ڕۆشنبیریی ڕێککەوتنەکە و ڕایگەیاند: دیاریکردنی پارێزگاری حەسەکە لە دەسەڵاتی ئێمەدا دەبێت و دامەزراوەکانی وەک پەروەردە ڕێکدەخرێنەوە، بەجۆرێک زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی لە خوێندندا دەمێنێتەوە؛ ڕاشیگەیاند کە بڕیارە مەرسوومێک لە سەرۆکایەتیی سووریاوە دەربچێت، کە تێیدا بەشێوەیەکی فەرمی دان بە هەموو ئەو بڕوانامانەدا دەنێت کە بە زمانی کوردی بەدەست هێنراون. لەبارەی ئەو مەرسوومەی پێشتریش کە دەرچووە، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بەوە دا کە تێبینییان لەسەری هەیە و پێیان وایە کەموکوڕی تێدایە و هەندێک خاڵ پێویستی بە گۆڕانکارییە، بۆیە گفتوگۆکان لەو بارەیەوە بەردەوام دەبن. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە کارمەندانی دامەزراوەکانی ناوچە کوردییەکان دەبێت سەرجەمیان دانیشتووی خودی ناوچەکە بن. سەبارەت بە دەروازە سنووری و خاڵەکان، ئیلهام ئەحمەد ئاشکرای کرد کە هێشتا ناکۆکی لەسەر ئەو پرسە ماوە و گفتوگۆکان بەردەوامن، چونکە داوای ئەوان ئەوەیە کە ئەرکی پاراستنی خاڵە سنوورییەکان لە دەستی دەسەڵاتدارانی ناوچەکەدا بێت. ئاماژەی بەوە دا، بەو پێیەی ئێستا سووریا لەبەردەم هەڵبژاردن و قۆناغێکی نوێی سیاسی و دەستووریدایە، بۆیە پێویستە دەسەڵاتەکان دابەش بکرێن و هاوبەشییان تێدا بکرێت. هەر بۆیە ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ تێکۆشانمان دەکەوێتە قۆناغێکی نوێوە و دەست بە تێکۆشانی سیاسی، یاسایی و دەستووری دەکەین،" هەروەها بەڵێنی دا هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ زامنکردنی مافی شەهیدان و بەدیهێنانی ئامانجەکانیان.
زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی کـ .ـەجـ ـەکـ،ــە پەیامێکی لەبارەی دۆخی رۆژاڤا و گەلی کورد لە ناوچەکە بڵاوکردەوە: 🔻 ئەوەی هەیە دارشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەبێ هەژمارکرنی ئیرادەی گەلان. 🔻 ئەمریکا ئیرادەی گەلان دەداتە دەست دیکاتۆرەکان. 🔻 گرووپە تیرۆستییەکان دەهێنرێنە دەسەڵات و چاکەت و پانتۆڵیان بۆ لەبەر دەکەن وەک(قـ.،ـائـ.ـیدە لە ئەفغانستان و د،ا،عـ،.ـش لە سوریا). 🔻 مەرسوکەی جۆلانی کۆپی قسەکانی ئەردۆغانە، کە باسی تورکیای بێتیرۆر دەکات. لێدان لە برایەتی گەلان، لێدانە لە رۆژئاوا زاگرۆس هیوا ئەوەی لە رۆژئاوا دەگوزەرێت جێبەجێکردنی پلانێکە لە چوارچێوەی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گوێرەی بەرژەوەندی زلهێزەکان. لەم داڕشتنەوەدا ئیرادەی گەلان بە نەبوو هەژمار دەکرێت و چارەنوسیان، وەک تۆم باراک وتەنی ئەدرێتە دەستی 'دیکتاتۆرە خێرخوازەکان'. ئەم دیکتاتۆرانە لە چوارچێوەی پلانێکی درێژخایەندا لە مێژە ئامادە کراون. ئەمە مۆدێلێکی بەڕێوەبەرییە کە ئەمریکا شایستەی رۆژهەڵاتی ناوینی دەبینێت. ئێدی هاوپەیمانی دژ بە داعش گۆڕاوە بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ داعش. ئەفغانستان رادەستی ئەلقائیدە کرایەوە و سوریاش رادەستی داعش. ئەو زیندانییانەی داعش جارێکی دی رێکدەخرێنەوە، پەروەردە و پڕچەک دەکرێن و لە سەر ناوێکی جیاواز بەریان دەدەنە گیانی هەر وڵات و هەرگەلێک کە بیانەوێت. ئێدی هێزی پرۆکسی بچووک و پەرتەوازە نامێنێت، هەموویان کۆ دەکەنەوە و دەوڵەتێکیان پێدەدەن، بەم شێوەیەش رەوایەتی و فەرمییەتیان پێدەبەخشن. بۆ ئەوەی بۆگەنی تاوانەکانیانیش بشارنەوە، جلی جیهادییان لەبەر دادەکەنێن، قات و بۆینباخیان لەبەر دەکەن و لە کۆشکی سپی عەتری بۆنخۆشیان پێا دەکەن. لەم کۆنتێکستەدا، هەر مۆدێلێک کە فاشیزمی نەتەوەپەرستی و ئایینپەرستی و رەگەزپەرستی پەسند نەکات و بیەوێت ژیانێکی ئازاد بە دوور لەم چەمکانە بونیاد بنێت، وەک دوژمن سەیر دەکرێت. ئەو شەڕەی کە لە رۆژئاوا هەیە پێویست دەکات لەم چوارچێوەیەدا واتای پێبدەین. شەڕی رۆژئاوا شەڕی حەقە لە دژی ناحەقی، شەڕی مرۆڤایەتییە لە دژی دڕندەیی، شەڕی ڕەوشتە لە گەڵ بێڕەوشتی، شەڕێکە لە پێناو بەهاکانی مرۆڤایەتی. هێرشی سەر رۆژئاوا تەنیا هێرشێکی سەربازی نییە، بەر لە هەموو شتێک هێرشێکی زیهنییەتی، سیاسی و ئابووری و کەلتوورییە. راستە، عەرەبێکی شۆڤێنی و جیهادی بۆتە بەڵێندەری ئەنجامدانی ئەم هێرشانە، بەڵام ئەو بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی گەلی عەرەب وەک کەلتوور، وەک ئۆنتۆلۆژی ناکات. زاتەن یەکەم کاری ئەبوو محەمەد جۆلانی فرۆشتنی هێماکانی قەزیەی عەرەبی واتە جۆلان (گوڵان)، فەلەستین و قودس بوو. ئەو نوێنەرایەتی زلهێزەکانی جیهان دەکات و بۆ ئەوەی کە رەوایەتی بەم هێرشە ببەخشێت دەمامکی نەتەوەپەرستی عەرەب و ئایینپەرستی ئیسلامی سوننە بەکار دەهێنیت. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە لەم سەرلەنوێ داڕشتنەوەدا پێگەی کورد چی بە سەر دێت؟ کورد چ مافێکی دەبێت؟ پەرەسەندنەکانی ئەم دوو ساڵەی دوایی ئاماژە بەوە دەکەن کە کورد سایکس-پیکۆ و لۆزانێکی دی بە سەردا سەپێنراوە. پەیماننامەی پاریس تەنیا پەیمانێک نییە لە نێوان سوریا و ئیسرائیلدا. رەزامەندی و بەرژەوەندی زۆر لایەنی نێودەوڵەتی و هەرێمی تێدایە. لە کاتی شەڕی حەلەبدا وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە بەیاننامەیەکدا سوپاسی هەموو ئەم لایەنانەی کرد. هێشتا ماددەکانی پەیمانی پاریس ئاشکرا نەکراون، بەڵام ئەو بڕیارنامە (مەرسومە) کۆمارییەی کە جۆلانی بڵاوی کردەوە، هێڵە گشتییەکانی ئەم رێککەوتنە نوێیە سەبارەت بە کورد ئاشکرا دەکات. ئەم هێڵە گشتییانە کۆپی کراوی هەمان سیاسەتی تورکیا و ئەردۆغانن، سیاسەتی "تورکیای بێ تیرۆر و هەرێمی بێ تیرۆر"، کە ئەمەش سیاسەتی پاکتاوکردنی کوردە. لەم چوارچێوەیەدا سەرەتا بۆ ئەوەی کە گەلی کورد هەڵخەڵەتێنن، دەست دەکەن بە ئەدەبیاتی برایەتی و دەڵێن "کوردمان وەها خۆش دەوێت و وەها لە دڵ و دەروونماندایە" و ئەگەر پێویستیشی کرد فرمێسکیشی بۆ دەڕێژن. تەنانەت جارجار هەوڵ دەدەن لە شەجەرەی بنەماڵەدا رەگێکی کوردیش بۆ خۆیان بدۆزنەوە. بەڵام ئەم حەز کردن و خۆشەویستییە بۆ کورد، تەنیا هەڵخەڵەتاندنە و هیچ رەنگدانەوەیەکی لە یاسا و دەستووردا نییە. تەنیا پەیامێکی خۆشەویستییە کە لە سەر چەو و لمی کەناراوەکانی دەریای مێدیترانە نووسرابێت. بە شەپۆلێک دەسڕدرێتەوە. زاتەن ئەردۆغان بە کێ گوت برا، پێویستە بزانین کە چاڵی بۆ هەڵدەکەنێ. کە دێتە سەر ماددەکانی مەرسومەکە دەبینین کە هەمان سیاسەتی نکۆڵی و جینۆساید بە شێوەیەکی زۆر زیرەکانە تیایدا شاردراوەتەوە. راستە، دوای سەد ساڵ خەباتی کورد ئێدی ناتوانن بە راشکاوانە نکۆڵی لە هەبوونی بکەن، بە گوتنیش بێت دانی پێدا دەنێین. بەڵام لەم لۆزانە نوێیەدا کورد هیچ مافێکی نییە. نە مافی دەستووری هەیە، نە مافی یاسایی. نە مافی سیاسی هەیە نە مافی کۆمەڵایەتی. نە مافی ناسنامەی هەیە، نە مافی پەروەردە بە زمانی کوردی و نە مافی خۆپاراستن. تەنیا ئەمە بە کورد دەڵێین: "ئێمە ئەوە سەد ساڵە لە بەر گورانی گوتن، فیکە بە کوردی و هەڵپەڕکێ کوردی ئێوەمان دەکوشت، ئەشکەنجە و زیندانیمان دەکردن. ئێدی واناکەین. پێویستە بۆ ئەمە سوپاسمان بکەن. دەتوانن بۆ خۆتان گورانی بڵێنەوە و هەڵپەڕن. بۆ ڤستیڤاڵ و شتی وا ئەمەمان پێویستە. پێویستە زۆریش سوپاسگوزار بن کە رێگەمان داوە ئەمە بکەن". بەمەش دەڵێین گوایە دەستەبەر کردنی مافی کەلتووری گەلی کورد. شەڕی رۆژئاوا بۆ سەپاندنی ئەم مەرجانەیە. گەلەکۆمەیەکی نوێ دژ بە کورد لە رۆژئاواوە دەستی پێکردووە و ئەگەر بەری لێنەگیردرێت بڵاوی هەموو بەشەکانی کوردستان دەبێتەوە. ئەو جیهادییەی کە ئێستا لە سنووری حەسەکە و قامشلۆ و کۆبانی مڵازی گرتووە، سبەینی دێتە بەردەم ماڵی هەر کوردێک. ئەم گەلەکۆمە فۆرمێکی نوژەنکراو و درێژکراوەی گەلەکۆمەی نێو دەوڵەتییە دژ بە رێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٨-١٩٩٩. گەلەکۆمەیەکە لە دژی عەقڵی ستراتژیکی کورد. هەربۆیە کوردیش هاوشێوەکی خۆڕاگرییەکانی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ خۆڕاگرییەکی ستراتژیک دەکات و بە عەقڵی ستراتیژیکی خۆی وڵام دەداتەوە. هەموو کوردێک لە ناخی خۆیدا هەست بەمە دەکات و ئەم هەستە دەکاتە کردار و چالاکی. ئەم گەلەکۆمە نوێیە کەی دەستیپێکرد؟ ئەم گەلەکۆمە لە ٢٧ی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٢٤ دەستی پێکرد. لە ساڵرۆژی دامەزراندنی پەکەکەدا، جۆلانی هێرشی کردە سەر حەلەب و پۆلیسی بەریتانیاش هەڵیکوتایە سەر کومەڵەی کوردی لەندەن. لە رۆژی ٩ی ژانویەدا، هەمان رۆژی تیرۆرکردنی سەکینە جانسز لە پاریس، هەر دوو تاخی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب داگیرکران. ئەو دەستەی کە شەهید سەکینە جانسزی لە پاریس تیرۆر کرد هەمان ئەو دەستەیە کە لە هەمان رۆژدا تەرمی شەهید دەنیزی لە بیناکەی حەلەب فڕە دایە خوارەوە. لێرەدا پرسیار ئەمەیە کە ئایا ئەم گەلەکۆمەیە دەچێتە سەر؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بە تەواوی گرێدراوی تێکۆشانی کورد و دۆستی کوردە، بە هەموو چین و توێژەکانیەوە. پلانەکە تازە خەریکە دەکەوێتە واری جێبەجێ کردنەوە و هێشتا لە سەر ئەرزی واقیع نەگرساوە. پێویستە رێگە نەدەین بگرسێت. لایەنی پیلانگێڕ کاتێک کە ببینێت تێکۆشانێک هەیە لە بەرامبەری، ناچارە بە پلانەکەی خۆیدا بچێتەوە. ئەوەی تا ئێستا روویداوە هەر ئەمەیە. تۆم باڕاک ویستی لە هەولێر پلانەکەی بە تەواوی بسەپێنێت و بیکات بە ئەمری واقیع. ئەوەی ئەو دەیویست بەسەر کورددا بیسەپێنێت خۆ بەدەستەوەدان و رادەستکردنی هەموو دەسکەوتەکان بە جۆلانی جیهادی بوو. وای دانابوو کە کۆتا چاوپێکەوتنی بێت لە گەڵ هەسەدە. بەڵام کاتێک کە رۆژئاوا بڕیاری خۆڕاگری دا و هەموو گەل لە هەموو بەشەکانی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات هاتنە سەر شەقام، ناچار دووبارە هەم لە شام و هەم لە هەولێر لە گەڵ هەسەدە دانیشت. ئەوەی کە تۆم باڕاکی هێنایە سەر مێزی دانۆستان داستانی خۆڕاگری قارەمانانەی شەرڤان و پشتیوانی گەل بوو و بەس. هەموو خۆڕاگرییەک قارەمانی خۆی هەیە. قارەمانی ئەم خۆڕاگرییەش ژنانی هەر چواربەشی کوردستان و سەرتاسەری جیهان بوون کە بە هۆنانی کەزی ترسیان خستە هەناوی جۆلانی و هاوپەیمانەکانی. قارەمانی ئەم خۆڕاگرییە ئەو کیژوڵە جوانەیە کە بە گوتنەوەی دروشم لە سەر هەر دوو شانی باوکی خۆپشاندانەکانی سلێمانی دەسۆڕێنێت. قارەمانی ئەم خۆڕاگرییە ئەو دایکەیە کە لە ڕانیەوە بە دەستی خۆی کوڕەکەی دەنێریت بۆ بەرەکانی جەنگ لە رۆژئاوا، ئەو باوکەیە کە خۆی و کوڕەکەی پێکەوە دەچن بۆ جەنگ، ئەو مامۆستا ئایینیەیە کە مینبەری کردۆتە سەرنگەر دژ بە داگیرکەران، ئەو راگەیاندنکارانەن کە هەموو چەواشەکارییەکان میدیای قەتەری و سعوودییان پووچەڵ کردۆتەوە، ئەو دایکەیە کە پارەی دەرمانی شێرپەنجەی خۆی دەنێرێت بۆ رۆژئاوا، ئەو منداڵەیە کە پارەی دەخیلەکەی خۆی دەنێرێت بۆ منداڵانی رۆژئاوا، ئەو گەنجانەن کە نموونەی شەهید ئەحمەد هێمن کەرکووکی لە باکوور و باشور و رۆژهەڵاتەوە سنووریان بەزاند و چەکی خۆڕاگرییان کردە شان. کەس نکۆڵی لە گرنگی دیپلۆماسی ناکات، بەڵام لایەنی بەرامبەر بەرلەوەی گوێ لە دانۆستانکاری کورد بگرێت، ئاوڕێک لە هەڵوێستی ئەم قارەمانانە دەداتەوە و بە گوێرەی ئەوە بڕیار دەدات. زۆر بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە ئەم قارەمانێتییەی گەل تا ئێستا نەیهێشتووە ئەم گەلەکۆمە بگرسێت. ئەم خۆڕاگرییە کاریگەرییەکی وەهای دروست کردووە کە بەشداربووانی ئەم گەلەکۆمەیە هەر یەکەو کەوتوونە پەلەقاژەی پاکانە کردن بۆ خۆی. هەر یەکە و بە جۆرێک دەڵێین "وەڵا من تێدا نییم" و لێدوان دەدەن و پلانی دەرچوون لەم ئابڕوچوونە دادەنێن. دەسکەوتێکی دیکەی خۆڕاگری رۆژئاوا و پشتیوانی گەل لە هەر چواربەشی کوردستان لە دەرەوی وڵات دروست بوونی یەکێتی نەتەوەیی بوو. مانگی رێبەندان بوو بە مانگی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد. گەلی کورد لە ساڵیادی کۆماری مەهاباددا کۆنگرەی نەتەوەیی بەست. ئەم کۆنگرەیە نەک لە هۆڵ و سالۆنەکاندا و بە بەشداری نوخبەی سیاسی، بەڵکۆ لە هەموو ماڵ و شەقام و کۆچە و کۆڵان و یاریگا وقوتابخانە و مزگەوتەکانی کوردستان، لە شەقام و مەیدانەکانی ئەوروپا و ئەمریکا، بە بەشداری کارا و راستەقینەی ملیۆنان کورد لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، لە ژێر باران و بەفر و سەرما و سەقەم و گازی فرمێسکڕێژ و زەختی پۆلیسدا، بە گەواهی و چاودێری رای گشتی هەموو دونیاوا بەسترا. ئەوە سەلمێنرا کە دیالێکتیکی یەکێتی نەتەوەیی و کۆنگرەی نەتەوەیی لە ناو کورددا، نەک پەیمانێکی سیاسییە کە چەند کەسێک واژۆی بکەن، بەڵکۆ پەیمانێکی کۆمەڵایەتییە لەسەر بنەمای پاراستنی نرخ و بەهای هاوبەشی مرۆڤایەتی کە هەر کوردێکی نیشتمانپەروەر و هەر مرۆڤێکی خاوەن رەوشت تیایدا بەشداری دەکات و یەک بڕیاریشی وەرگرتووە: بەرخوەدان. یەکێتییەک کە بەم شێوەیە بێتە ئاراوە بە هیچ شتێک خراپ نابێت. ئەوەی کە دەکەوێتە سەر حزبەکان و هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەوەیە کە وەفایان بۆ ئەم پەیمانە کۆمەڵایەتییە هەبێت و بە هەموو شێوەیەک پابەندی بڕیارەکانی بن. پاراستنی رۆژئاوا تێکۆشانێکی هەمە لایەنەیە. گوتاری نەتەوایەتی و کوردبوون بۆ پاراستنی رۆژئاوا زۆر گرنگە و پێویستە بەردەوام بێت. ئەمە گوتاری یەکێتی و خوشک و برایەتی گەلی کورد لە هەر چواربەشی کوردستاندا. نەتەوایەتی و شەڕی مان و نەمان بۆ نەتەوە یەکێکە لە رەمزەکانی رۆژئاوا. بەڵام رۆژئاوا هەڵگری پەیامێکە بۆ هەموو مرۆڤایەتی و گوتاری نەتەوایەتی تەنیا یەکێکە لە رەمزەکانی رۆژئاوا. کوردبوون، ئازادی ژن، پاراستنی ژینگە، پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان، ئازادی هەموو گەلان، ئازادی ئایینەکان، برایەتی گەلان، و هتد هەموو رەمزی کوردستانی رۆژئاوان و کۆی هەموو ئەم رەمزانەیە کە هەبوون و ئۆنتۆلۆژی رۆژئاوایان پێکهێناوە. هەر یەکێک لەم رەمزانە سەنگەرێکن، مینبەرێکن. رۆژئاوا ئەوە زیاتر لە ١٤ ساڵە بە پشت بەستن بە کۆی ئەم رەمزانە، بەم سەنگەر و مینبەرانە هاتووەتە بوون و خۆڕاگری دەکات. قەتیس کردنەوەی رۆژئاوا تەنیا لە گوتارێک و لە رەمزێکدا، دێتە واتای خنکاندنی رۆژئاوا. دێتە واتای ئەوەی کە تەنیا لە سەنگەرێکەوە شەڕ بکەیت، لە مینبەرێکەوە وتار بدەیت و هەموو سەنگەر و مینبەرەکانی دیکە چۆڵ بکەیت. رۆژئاوا قەڵای خۆڕاگری کوردانە. قەڵایەک چەندە سەنگەری زۆر بن، ئەوەندە بەهێزتر خۆی دەپارێزێت. هەر رەمزێکی رۆژئاوا سەنگەرێکە و هەر مرۆڤێکی ئازادیخوازێک لە یەکێک لەم سەنگەرانەوە و لەپێناو رەمزێکدا یان کۆی رەمزەکاندا خۆڕاگری دەکات. چۆنکە رۆژئاوا هەروەکو چۆن بەرجەستەکردنی هیوای ئازادییە بۆ گەلی کورد، لە هەمان کاتدا بۆ گەلانی دیکە و بۆ هەموو مرۆڤایەتیش هیوابەخشی ئازادییە و ئەو شتەی کە تا ئێستا رۆژئاوای لە سەر پێی راگرتووە، ئەوەیە کە گوتاری رۆژئاوا پەیامی بۆ هەموو مرۆڤایەتی هەیە، هیوای رزگاری هەموو مرۆڤایەتییە. هەربۆیە زۆربەی گەلانی جیهان، لە چوار لای دونیاوە، رۆڵەکانیان هاتن لە رۆژئاوا گیانی خۆیان لە پێناو مانەوەی ئەم ئەزموونەدا فیدا کرد. ئەوان ئازادی خۆیان لە ئازادی رۆژئاوا دەبینن. ئێستاش لە هەموو جیهاندا، بە هەزاران دۆستی گەلی کورد لە پێناو پاراستنی رۆژئاوادا لە سەر شەقامەکانن. هەڵبەت مرۆڤ کاتێک کە تووشی کێشە و نەهامەتییەک ببێت، لە هۆکارەکانی دەکۆڵێتەوە. ئەمە شتێکی زۆر ئاساییە و بۆ دەرس وەرگرتن و پێشکەوتن گرنگە. لێرەدا گرنگ ئەوەیە کە بتوانین رۆژئاوا لە ناو زەمین و سیاقی خۆیدا و لە چوارچێوەی پارادایمی خۆیدا هەڵبسەنگێنین. ئەزموونی رۆژئاوا لە سەر بنەمای دوورکەوتنەوە لە نەتەوەپەرستی، ئایین پەرستی و جنسیەتپەرستی و داهێنانی پارادیمێکی نوێ گەشەی کردووە و تا رۆژگاری ئەمڕۆمان هاتووە. هەربۆیە ناتوانین بە پشتبەستن بە نەتەوەپەرستی و رەگەز پەرستی و ئایین پەرستی رەخنە لە رۆژئاوا بگرین. هەندێک کەس بە ناوی ئاکادیمی و رۆشنبیر یان مامۆستای ئایینی بەئەنقەست یان لە رووی بێ ئاگاییەوە هەڵمەتێکیان دژ بە چەمکی برایەتی گەلان، دژ بە ئازادی ژن، دژ بە ئایین، دژ بە عەرەب و هتد دەستپێکردووە. گوایە "چەمکی برایەتی گەلان فەشلی هێناوە و پێویستە بگەڕینەوە بۆ نەتەوەپەرستی؛ نەتەوایەتی فەشەلی هێناوە پێویستە و بگەڕینەوە بۆ ئایین؛ رێبازی ئازادی ژن فەشەلی هێناوە، ژن ناتوانێت شەڕ بکات و پێویستە لە ماڵەوە خزمەتی مێردەکەی بکات؛ عەرەب هێرشمان دەکاتە سەر و پێویستە ئێمە هێرش بکەینە سەر عەرەب، موسوڵمان هێرشماندەکاتە سەر پێویستە ئێمەش ئێدی ئیسلام نەبین" و هتد. هەمووی ئەم بۆچوونانە هەڵەن و بە ئەندازەی هێرشەکەی سوپای جۆلانی زەرەر لە رۆژئاوا دەدەن، چۆنکە گورز لە رەمزەکان دەدەن. لێدان لە برایەتی گەلان، لێدانە لە رۆژئاوا. لێدان لە ئازادی ژن لێدانە لە رۆژئاوا. لێدان لە رەمزەکان لە هێرشی سەربازی مەترسیدارترە. ئەگەر سەنگەرێک شکا مرۆڤ دەتوانێت دوبارە بیگرێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو رەمز و بەهایەی کە جەنگاوەرێک لەو سەنگەرەدا لە پێناویدا خۆڕاگری دەکات تووشی لێدان و شکان بێت، هەرگیز تۆ ناتوانیت کەسێکی دیکە لەو سەنگەرەدا دانیت و رازی بکەیت کە بۆ ئەو رەمزە شەڕ و بەرخودان بکات. لێدان لە برایەتی گەلان، تەنیا لێدان لە رۆژئاوا نییە. لێدانە لە باشور، لە ئەزموون و دەسکەوت و رەمزەکانی باشوری کوردستانیش. چۆنکە لە ئەزموونی باشوریش دا برایەتی گەلان هەیە. خوالێخۆشبوو مام جەلال لە سەر ناوی کورد سەرۆککۆماری هەموو گەلانی عێراق بوو، سیمبۆلێکی برایەتی گەلان بوو، هەموو لایەک وەک چەتری ئاشتی سەیری دەکرد. ئێستاش هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ ئەوەی کە بچنە پەرلەمانی عێراق و لە هاوکاری و پەیوەندی و هاوپەیمانی لە گەڵ عەرەبدا باشوری کوردستان بپارێزن لەگەڵ یەک کێبڕکێ دەکەن. تەنانەت ئامادەن دەست لە دەنگی برای کورد هەڵبگرن بۆ ئەوەی کە دەنگی فڵان برای عەرەب، یان کریستیان، یان ئاسوور و یان تورکمان لە کەرکووک و مۆسڵ و دیالە و سەلاحەدین بەدەست بهێنن. لایەنێک ئامادەیە بۆ ئەوەی پۆستێک لە دەستی برا کوردەکەی دەربهێنێت، هەموو ئیمتیاز و بە ملیۆنان دۆلار ببەخشێت بە برا عەرەبەکانی. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئایا برایەتی گەلان بۆ باشور حەڵاڵە و بۆ رۆژئاوا حەرامە؟ راستەکەی ئەوەی کە بۆ هەر دوویان حەڵاڵە. چەمکی برایەتی گەلان هەڵە نییە، رەنگە رۆژئاوا ئەگەر هەڵەیەکی هەبێت ئەوەیە کە وەک پێویست پەرەی بە برایەتی گەلان نەداوە. هەمان شت بۆ برایەتی ئایینەکان و ئازادی ژنیش ڕاستە. فاشیزمی عەرەبی و تورکی و فارسی بە فاشیزمی کوردی وڵام نادرێتەوە. فاشیزم فاشیزمە، رەنگ و بۆنی جیاوازیشی هەبێت، گەوهەرەکەی ناگۆڕێت. فاشیزمی نەتەوەپەرستی و ئایینپەرستی و رەگەزپەرستی ئایدیۆلۆژیای رەسەن و خۆماڵی نیین، لەگەڵ ئۆنتۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی ئەم ئاو و خاکەدا ناگونجێن. ئەمانە ئایدۆلۆژیای هاوردە و لەقوتوونراون و وەک خواردنێک بۆ مێشکی مرۆڤەکان بەکار دەهێنرێن. کاتێک لە مرۆڤ برسی دەبێت و دەیەوێت خواردنێک بخوات، دوو رێگا هەیە کە خۆی تێر بکات. تەندروسترین رێگا ئەوەیە کە مرۆڤ لە بەرهەمە خۆماڵییەکان بە دەستی خۆی چێشتێک لێنێت و بیخوات. ئەگەر مرۆڤ کاتی نەبوو، تاقەتی نەبوو، نەیویست خۆ ماندوو بکات، رێگای دووەم ئەوەیە کە خواردنی ئامادە و لەقوتوونراو بکڕێت و بیخوات. ئەم خواردنە کەسێکی دی ئامادەی کردووە و لە قوتووی ناوە و بەرواری بەسەرچوونیشی هەیە. هەموو لێکۆڵینەوە زانستییەکان ئەوە دەردەخەن کە خواردنی لەقوتوو نراو شێرپەنجەی لێدەکەوێتەوە، بە تایبەت ئەگەر ماوەکەی بەسەر چووبێت. ئەمە بۆ ئایدیۆلۆژیای لە قوتوونراویش وایە. نەتەوەپەرستی، ئایینپەرستی، رەگەزپەرستی، و زانست پەرستی ئایدیۆلۆژیای لەقوتوونراون. ئەمانە ئایدیۆلۆژیای ئامادەن، لە هەموو شوێنێک هەن، سەرئێشەی ناوێت کە خۆتی لە سەر پەروەردە بکەیت، هەموو میدیای سیستەم ٢٤ سەعاتە ریکلامی بۆ دەکەن و دەیوروژێنن. تەنیا بڵێی "بژی فڵان نەتەوە، فڵان ئایین، فڵان رەگەز" یان "بمرێ فڵان نەتەوە، فڵان ئایین، فڵان رەگەز" بەسە. ئێدی پێویست ناکات زۆر سەری خۆتی پێوە بێشێنیت. جا ئەم نەتەوەیە دەتوانێت عەرەب بێت، کورد بێت یان تورک، یان فارس، فەرق ناکات. دەتوانێت موسڵمان بێت، جوولەکە یان مەسیحی، فەرق ناکات. لەم ئادیۆلۆژیا لەقوتوونراوەدا کەس ناپرسێت کە نوێنەرانی ئەم نەتەوە یان ئایینە پێویستە تایبەتمەندییەکەی چۆن بێت؟ زیهنییەتی چۆن بیت ؟ ژنکوژە یان نا؟ پیاوکوژە یان نا؟ دز و گەندەڵە یان نا؟ ژینگە دەپارێزێت یان نا؟ پێویست ناکات خۆت بە پەروردەکردنی ئەم کەسەوە سەرقاڵ بکەیت. تەنیا دروشمت بۆ بڵێتەوە بەسە. هەروەکو چۆن خواردنی لە قوتوونراو شێرپەنجەی جەستەی لێدەکەوێتەوە، ئایدیۆلۆژیای لەقوتوونراویش (نەتەوە پەرستی، ئایین پەرستی، رەگەز پەرستی و زانست پەرستی) شێرپەنجەی کۆمەڵایەتییان لێدەکەوێتەوە. شێرپەنجەی کۆمەڵایەتی دایکی هەموو شێرپەنجەکانە. هەروا بە ئاسانی دەرمان ناکرێت. چ پێویست دەکات کۆمەڵگای کوردیش، هاوشێوەی کۆمەڵگای تورکی و عەرەبی تووشی شێرپەنجەیەک بکەین کە نەوە دوای نەوە ئاسەوارەکانی بمێنێت؟ کێشەکە ئەوەیە کە ئەم ئایدیۆلۆژیا لە قوتوونراوانە لە هەر کوێیەک دروستکرابێتن، لای خۆیان ماوەکەی بەسەر چووە، بەڵام بە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوینی دەفرۆشنەوە. هەرکەسێک نەتەوەپەرستی کرد، پێویستە بزانین کە ئەو کەسە لە شوێنێکدا نەتەوەی خۆی دەفرۆشێت. هەرکەسێک ئایین پەرستی کرد، پێویستە بزانین کە ئەو کەسە لە شوێنێکدا ئایین دەفرۆشێت. سروشتی ئەم کارە وایە. ئێستا لە سەر راگەیاندن و لە ناو شەقامدا شاڵاوێک لە دژی برایەتی گەلان لە رۆژئاوای کوردستان لە لایەن چەن کەس و گروپێکەوە دەستی پێکردووە. گوایە چەن عەشیرەتێکی عەرەب خیانەتیان لە قەسەدە کردووە و ئێدی پێویستە کورد متمانە بە عەرەب نەکات. بەڵام ئەم بەناو ئەکادیمی و رۆشنبیرانە توزێک سەری خۆیان نایشێنن کە لە دۆخەکە تێبگەن و بزانن برایەتی گەلان چ دەسکەوتێکی بۆ رۆژئاوا هەبووە. ئەوەی لە رۆژئاوادا خیانەتی لە کورد کردووە عەرەب نییە، بەڵکۆ چەن سەرۆک عەشیرەتێکن کە سعوودیە و قەتەر بەر لە چەند مانگ بە ڕینمایی تورکیا چەندین ملیارد دۆلار پارەیان بۆ ڕژاندوون بۆ ئەوەی لە دژی هەسەدە بوەستەوە. بەڵام لە ئەندامەکانی ئەم عەشیرەتانە بە هەزاران کەس بەشداری قەسەدە بوون و بەهەزران شەهید و برینداریان لە ناو ریزەکانی هەسەدە و یەپەگە و یەپەژەدا هەیە. ئێستاش زۆرێک لەم شەرڤانە عەرەبانە لە ناو هەسەدە دا ماونەتەوە و لەدژی چەتەکانی جۆلانی لە شەڕدان. یەکەم شەهیدی تێکۆشانی ئازادیخوازی رۆژئاوای کوردستان شەهیدێکی عەرەبە و خەڵکی رەققایە. (شەهید عەزیز عەرەب). فاشیزم بە فاشیزم وەڵام نادریتەوە. ئەگەر ئەردۆغان پەرە بە فاشیزمی تورکچێتی دەدات، یان جۆلانی ئاڵای فاشیزمی عەرەبچێتی بەرزکردۆتەە چ پێویست دەکات ئێمەش پەرە بە فاشیزمی کوردچێتی بدەین؟ ئەمە وەک ئەوەیە تەوەر لە قاچی خۆمان بدەین، لقەداری ژێرپێ خۆمان ببڕینەوە. برایەتی گەلان هێندە رەمزێکی گرنگە کە تەنانەت ئەوانەش وا بڕوایان پێ نییە، ناچارن بەکاری دەهێنن. ئەردۆغان رۆژ و شەوی خستۆتە سەر یەک بۆ ئەوەی کە لە نێوان گەلاندا شەڕ بنێتەوە. بەڵام هەر جارێک کە دەچێتە سەر مینبەر باسی برایەتی کورد و عەرەب و تورک دەکات. ئەی باشە، ئێمە کورد کە هیچ دوژمنایەتییەکمان لەگەڵ هیچ گەلێک نییە، بۆ دەست لە برایەتی گەلان بەردەین؟ رێگای بەرەنگاربوونەوەی فاشیزمی ئەردوغان و جۆلانی، فاشیزمی تورکچێتی و عەرەبچێتی، ئەوە نییە کە ئێمەش کوردچێتی بکەین. تاکە رێگای بەرەنگار بوونەوەی ئەمانە پێداگرییە لە سەر کوردبوونمان، سەرلەنوێ پێناسەکردن و بونیادنانی کوردبوون. کوردبوونێک کە ئازادی ژن بە بنەما دەگرێت، رێز لە مافی مرۆڤ دەگرێت، گرنگی بە گەنجان دەدات، ژینگە دەپارێزێت، دەتوانێت خۆی بپاریزێت، رێکخستنی کۆمەڵایەتی خۆی بەهێز دەکات، پەرە بە ئابووری خۆماڵی و هەرەوەزی بدات و پەیوەندییەکانی لە گەڵ گەلانی دراوسێ لە سەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری پێناسە دەکات و رێکدەخاتەوە.
نێچيرڤان بارزانى پێشوازی له ڕێككهوتنى حكوومهتى سووريا و (ههسهده) دهكات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی له رێككهوتنى حكوومهتى سووريا و (ههسهده) دهكات و دەڵێت، "ئەم رێککەوتنە هەنگاوێکی گرنگ و دروستە بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتییانە و کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان". دەقی راگەیێندراوەکە: پێشوازی و پشتيوانى لە ڕێککەوتنى نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (ههسهده) دهكهين بۆ ڕاگرتنی شەڕ، تێکەڵکردنەوەی دامەزراوە سەربازی و كارگێڕييهكان، مسۆگەرکردنی مافە مەدەنی و پەروەردەیيیەکانی گەلی کورد و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان. ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی گرنگ و دروستە بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتییانە و کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان. ئێمە هەمیشە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە دیالۆگ، لێکگەیشتن و ڕێگەچارەی سیاسی، تاکە دەرچەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەردەوام کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا بێت. ئهم ڕێککەوتنه زەمینەیەکی بەهێز بۆ سەقامگیری، ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکان دەکاتەوە. هیوادارین ببێتە مایەی بنیاتنانەوەی سووریایهکی یهکگرتوو، پاراستنی مافهكانى گهلى كورد و هەموو پێکهاتەکان له دهستووری داهاتوودا و بەدیهێنانی ئارامی بۆ سووريا و ناوچەکە بهگشتى. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
کەشناسی هەرێم، رایگەیاند، بارانبارین بەردەوامی دەبێت و لە نوچە شاخاویەکانیش بەفر دەبارێت و پلەکانی گەرماش نزیک دەبێت لە تمارکراوەکانی دوێنێ، لەبارەی کەشی سبەینێشەوە ئاماژەی بەوەکردوە، باران بارین بەردەوامی دەبێت و پلەکانی گەرم دوو بۆ چوار پلە بەرز دەبنەوە. ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم پێشبینی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردوەتەوە و بە گوێرەی پێشبینییەکانیش باران بارین لە ناوچەکانی هەرێم بەردەوامی دەبێت. ئاماژەیان بەوەکردوە، ئاسمان بە گشتی هەور دەبێت و سەرەتا لە رۆژئاوا و باکوری هەرێم نمە باران دەبارێت، دواتر نمە باران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت. لەبارەی کەشی سبەینێ شەممەشەوە، کەشناسی رایگەیاندوە، هاوشێوەی ئەمڕۆ بارانبارین لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بەردەوام دەبێت پلکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ دوو بۆ جوار پلە بەرز دەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ رۆژی شەممە بەمشێوەیەی بە پلەی سیلیزی؛ هەولێر : 13 پلەی سیلیزی پیرمام : 7 پلەی سیلیزی سۆران : 6 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 1 پلەی سیلیزی سلێمانی : 12 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ : 15 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 13 پلەی سیلیزی دهۆک : 10 پلەی سیلیزی زاخۆ : 10 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 10 پلەی سیلیزی
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر، رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق بە "هەنگاوێکی گرنگ" بۆ سەقامگیری وەسف دەکات و داوا لە ئەمریکا و فەرەنسا دەکات رۆڵی زامنکار بگێڕن لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکەدا. لە راگەیێندراوێکدا ئیلهام ئەحمەد سوپاسی هەوڵەکانی واشنتن و پاریسی کرد بۆ گەیشتن بەم لێکتێگەیشتنە. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە هاتنی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناوەندی شارەکان، پرۆسەیەکی "بەرپرسیارانە و قۆناخ بە قۆناخە" و ئامانجی پاراستنی کەرامەتی هەموو پێکهاتەکان و زامنکردنی هاوبەشیی راستەقینەیە. دەشڵێت: "ئەم رێککەوتنە رێ خۆش دەکات بۆ گەشەپێدانێکی دادپەروەرانە و گەڕانەوەی بەکەرامەتی ئاوارەکانی عەفرین و سەرێکانی بۆ زێدی خۆیان." بەگوێرەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە کە رۆژی هەینی، 30ی کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکرایەوە، هەردوولا لەسەر راگرتنی شەڕ و کشانەوەی هێزەکان لە هێڵەکانی بەریەککەوتن رێککەوتوون. بڕیارە فیرقەیەکی سەربازی پێکبهێنرێت کە سێ لیوای لە هێزەکانی هەسەدە بێت، لەگەڵ پێکهێنانی لیوایەکی تایبەت بە کۆبانی لە چوارچێوەی سوپای سووریا لە پارێزگای حەلەب. لە لایەکی دیکەوە، دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکرێن و فەرمانبەرانی مەدەنی لە شوێنەکانی خۆیان جێگیر دەکرێن. رێککەوتنەکە بەڵێنی یەکلاکردنەوەی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی گەلی کورد دەدات، وەک هەنگاوێک بۆ یەکخستنی خاکی سووریا و بونیاتنانەوەی وڵات.
هێزەکانی سوریای دیموکرات [هەسەدە] رێکەوتنی لەگەڵ حکومەتی سوریا لەبارەی ئاگربەست و تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سوریا راگەیاند. بەگوێرەی راگەیەندراوە، هێزەکانی سوپا دەکشێنەوە و لەبری ئەوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ناوچەکانی حەسەکە و قامیشلۆ جێگیر دەکرین و سێ لیواش بۆ هێزەکانی هەسەدە دروستدەکرێت. دەقی راگەیەندراوەکە. دەقی ڕێککەوتننامەی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی گشتگیردا، بڕیار لەسەر ڕاگرتنی شەڕ لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات درا، لەگەڵ لێکتێگەیشتن بۆ پڕۆسەیەکی یەکخستنی قۆناغ بە قۆناغی هێزە سەربازی و کارگێڕییەکانی هەردوولا. خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە: • کشانەوەی سەربازی: کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لە خاڵەکانی بەریەککەوتن، چوونە ناوەوەی هێزەکانی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ناوەندی شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ، و دەستپێکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا. • پێکهاتەی سەربازی: پێکهێنانی فیرقەیەکی سەربازی کە سێ لیوا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات لەخۆ بگرێت، جگە لە پێکهێنانی لیوایەکی هێزەکانی کۆبانێ لە چوارچێوەی فیرقەیەکی سەر بە پارێزگای حەلەب. • کارگێڕی و دامەزراوەکان: یەکخستنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا، لەگەڵ جێگیرکردنی فەرمانبەرانی مەدەنی. • مافەکان: ڕێککەوتن لەسەر یەکلاکردنەوەی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی گەلی کورد، و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان. ئامانجی ئەم ڕێککەوتنە یەکخستنەوەی خاک و تەواوکردنی پڕۆسەی تێکەڵبوونی گشتگیرە لە ناوچەکەدا، لە ڕێگەی بەهێزکردنی هاوکاری نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات 30ـی کانوونی دووەمی 2026
سبەی هەینی، زیاتر لە 23 شار و شارۆچکەی هەرێمی کوردستان، هاوشانی کوردانی باکوور و تاراوگە، بۆ پشتیوانیی لە ڕۆژئاوای کوردستان دێنە سەر شەقام. ئەم جووڵە جەماوەرییە و یەکگرتنی هاونیشتمانییانی شارەکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکووک و دهۆک لەگەڵ وان و پایتەختەکانی ئەوروپا، پەیامێکی پۆڵایینە بۆ جیهان کە دۆزی کورد بەیەکپارچەیی ماوەتەوە. ڕێکخستنی ئەم خۆپیشاندانانە لەلایەن خودی خەڵک و بەبێ ڕەنگی حیزبیی، گوشارێکی ئەخلاقیی و سیاسیی گەورە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دروست دەکات تاوەکو ڕێگریی لە هەرەسهێنانی مرۆیی و سیاسیی ڕۆژئاوا بگرن. سبەی لە هەرێمی کوردستان لە چەند شوێنێکی جیاواز خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت بەمشێوەیە؛- هەولێر: "هەینیی ملیۆنی" کاتژمێر 3:00ـی دوای نیوەڕۆ لەبەردەم قەڵا. سلێمانی: گردبوونەوەی جەماوەریی فراوان بۆ ئیدانەکردنی زوڵم لە دژی ڕۆژئاوا. ڕاپەڕین: کاتژمێر 2:30 لە پارکی گشتیی ڕانیەوە بەرەو مۆنۆمێنت. گەرمیان: خەڵکی کفری و خانەقین کاتژمێر 2:30 لە کەلار کۆدەبنەوە. کەرکووک: کاتژمێر 3:00 لە پردی عەلی عەسکەرییەوە بەرەو باروتخانە. ناوچەکانی دیکە: سۆران، چەمچەماڵ، هەڵەبجە، زاخۆ و سەیدسادق کات و شوێنی تایبەتیان بۆ ڕێپێوان دیاری کردووە. جیاواز لە گردبوونەوە و خۆپیشاندانی پشتیوان، لە زاخۆ قوتابیان و مامۆستایان 40 ملیۆن دیناریان بۆ قوتابیانی ڕۆژئاوا کۆکردووەتەوە. هاوكات وەزارەتی ئەوقاف بڕیاری داوە وتاری هەینیی سەرجەم مزگەوتەکان لەژێر ناونیشانی "یەکڕیزیی ڕێگەی سەرکەوتنە" بێت، تاوەکو لایەنی ئایینییش پاڵپشتیی ئەم بزووتنەوە نەتەوەییە بکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە رووداوی راگەیاند، وەزیری دارایی بۆ ناردنی مووچەی مانگی یەک، داوای تەرازووی پێداچوونەوەی سێ مانگی کۆتایی پار دەکات. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داواکارییەکانی تەیف سامی بە بیانوو بۆ دواخستنی مووچە دەزانێت. بە گوێرەی زانیارییەکان کە رووداو لە سەرچاوەیەکی باڵاوە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەستی کەوتووە، تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی، ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگەکانی 10، 11 و 12ـی پاری کردووەتە مەرج بۆ ناردنی مووچەی مانگی 1ـی ئەم ساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. هەر لەو بارەیە ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش بە رووداوی راگەیاند، پێشتر ئەوان تەرازووی پێداچوونەوەی ئەو سێ مانگەیان ناردووە بەغدا، ''بەڵام داوکارییەکانی تەیف سامی بیانوون و تەنیا دەیەوێ پڕۆسەی ناردنی مووچە دوابخرێت. ئەگەرنا پێشتر تەرازووی پێداچوونەوەی هەر سێ مانگیان وەرگرتووە و رەزامەندییان لەسەر داوە.'' بە گوێرەی زانیارییەکان هەرچەندە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گۆڕینی تەرازووی پێداوچوونەوەی مووچەی مانگی 12ـی بەو شێوەیەی کە تەیف سامی داوای دەکات بە نایاسایی زانیوە، بەڵام لەبەر ئەوەی وەزیری دارایی عێراق بیانووی زیاتر نەگرێ، بەو شێوەیەی ویستوویەتی، گۆڕانکارییان تێدا کردووە. لەبارەی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان رووداو لە سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی زانیاری وەرگرتووە، کە چاوەڕێ دەکرێ یەکشەممە یان دووشەممەی داهاتوو داهاتەکە ئامادە بکرێ، کە وەک مەرجێکی سەرەکییە بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆران.
هەسەدە دەڵێت، دوو کچە شەڕڤانەکە بەناوەکانی ئاکرێ زاگرۆس و دیالا کۆرۆ لە 18ـی ئەم مانگە لە رەققە شەهیدبوون. یەکێکی دیکە لەشەڕڤانەکان بەناوی کیڤارا کۆبانێ هەر لە 18ـی مانگ شەهیدبووە لە دێرەزوور و شەڕڤانەکەی دیکە بەناوی کێنداڵ کۆرتەک لە 25ـی مانگ لە شەڕی کۆبانێ شەهید بووە. شەهید بوونیان وەک پەیمانێکی نوێ لەسەر ڕێگای ئێمە دەمێنێتەوە، کە بەردەوامی خەبات و ئیرادەی ئێمە بۆ خۆڕاگری تا کۆتایی دووپات دەکاتەوە. خوێنی پاکیان بۆ هەمیشە دەبێتە ئەمانەتێک لەسەر شانمان، ڕێگای ئەو سەرکەوتنە ڕووناک دەکاتەوە کە ئەوان پێشبینیان دەکرد. قوربانیدانی ئەوان میراتی ئێمەیە، کە ئێمە بە دڵسۆزانە بەرزی دەگرین و بەم بەڵێنەشەوە بەرەو پێشەوە دەڕۆین تا ئەم خاکە خەونی ئازادی و کەرامەتی خۆی بەدەست دەهێنێت. هەڤاڵانی شەهید بریتین لە: 1- سیاجین/ دیالە کۆرۆ، 2- ئاکری زاگرۆس/ زەینەب عەتۆ، 3- کەڤرا کۆبانی/ دیار مەحمود، 4- کەنداڵ کورتەک/ محەمەد ئەحمەد.
