حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوونی رێکار و هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە کرد. لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە حکومەتی فیدراڵ کرا "مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخات." رۆژی دووشەممە، 15-09-2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ژمارەیەک بڕیاری گرنگ بۆ خێراترکردنی چاکسازییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە دران. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لەو پێشکەوتنانە کرد کە تا ئێستا لە پرۆسەی چاکسازییەکانی پێشمەرگە کراون؛ جەختیشی لە پێویستیی تەواوکردن و سەرخستنی پرۆسەکە کردەوە. هاوکات لەمبارەیەوە ژمارەیەک بڕیاری گرنگ بۆ خێراترکردنی چاکسازییەکان دران لەوانە: یەکخستنی یەکە ژمێریارییەکان کە پێویستە هەموو پێکهاتەکانی پێشمەرگە، تەنیا یەک یەکەی ژمێریاری هەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت لە ڕووی ژمێریاریی و داراییەوە، بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییە داراییەکان. هەروەها بڕیاری ڕێکخستنەوەی پێکهاتە و بەیکەربەندیی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە درا بە جۆرێک کە لەگەڵ چاکسازییەکانی حکوومەت بگونجێت. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە ئاسانکاریی لە ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە کە پێویستە بەرژەوەندی پێشمەرگە لەبەرچاو بگیرێت ، لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد پەلە بکەن لە ڕاییکردنی مامەڵەکان و جەختی کردەوە کە نابێت کێشە یاسایی و تەکنیکیەکان ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچە و شایستەکانیان. هاوکات لە کۆبوونەوەکە داواش لە حکوومەتی فیدراڵ کرا ، مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخات، چونکە بە پێی دەستوور، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق و پێویستە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانیان لەم چوارچێوەیەدا بێت.
ڕۆژی دووشەممە 15ی ئەیلوولی 2025 سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتیی ئاشوریی نیشتەجێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی بەڕێز سام دەرمۆ سەرۆکی دامەزراوەی ئاشورییەکان لە پێناو دادوەریدا کرد. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى لە دیدارەکەدا باس لە پەیوەندیی دێرینی نێوان ئاشورییەکان و گەلی کوردستان کرا و سەرۆک بارزانی دڵنیایی دا کە کۆمەڵگەی ئاشوری و تەواوی پێکهاتەکانی دیکەی کوردستان خەڵکی رەسەنی ئەو وڵاتەن و چارەنووسیان بەیەکەوە بەستراوە، هەم لە ڕابردوو و هەمیش لە داهاتوودا بەیەکەوە و بە ئازادی و سەرفرازی دەژین. سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە تەواوی دام و دەزگاکان لە هەرێمی کوردستان هاوکار و پاڵپشت دەبن بۆ تەواوی ئەو ئاوارانەی کە دەربەردەربوونە و ئێستا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و دەبێ هەست بە هەبوون و مانەوە و ئاشتی و سەقامگیری و داهاتووی پڕشنگداری خۆیان بکەن لە هەرێمی کوردستان. لای خۆیانەوە شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە دیداری سەرۆک بارزانی و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان دا و ئاماژەیان بەوەدا کە ئێستا هەست بە خۆشحاڵییەکی زۆر دەکەن کە لە وڵاتی خۆیان و لەنێو کەسوکاری خۆیاندان و خۆیان بە جیا لە خەڵکی هەرێمی کوردستان نازانن. بارودۆخ و دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
وەزیری سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کونسوڵی چین کۆبووەتەوە و باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کراوە، وەزیری سامانە سروشتییەکان دەڵێت: بەمنزیکانە ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبن. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کردووە لە لیوجیون، کونسوڵی گشتیی کۆماری میللی چین لە هەرێمی کوردستان. لە دیدارەکە کونسولی چین نزیکبوونەوە لە چارەسەری دۆسیەی نەوتی نێوان هەرێمی کورستان و عێراقی بەرز نرخاندووە و پاڵپشتی چینیشی بۆ ئەم هەنگاوانە نیشانداوە. ئەگەرچی لە یەکنزیبوونەوەی زۆر لەسەر دۆسیەی نەوتی کوردستان هەیە، بەڵام هێشتا چەند خاڵێک ماون بۆ چارەسەر، چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەفتەیە کۆتایی بەم چەند گرفتەش بێت. وەزیری سامانە سروشتییەکان لە دانیشتنەکە وتویەتی، کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەمنزیکانە ڕوو لە چارەسەرکردن دەچێت. لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە بەهۆی سکاڵایەکی حکومەتی عێراق لە دادگای ناوبژیوانی پاریس، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جیهان وەستاوە. دوای هەموارکردنەوەی بودجە و دیاریکردنی شایستەی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان چەندین کۆبوونەوە کراون بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.
لە هەنگاوێکدا بۆ کۆنترۆڵکردنی تیژڕەویی شۆفێران و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ، کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە دوو رێگەی سەرەکیی ئیدارەی گەرمیان دادەنرێن. گوتەبێژی هاتوچۆی گەرمیانیش ئاماژە بەوە دەکات، کە تاوەکو ئێستا هیچ کامێرایەکی جێگیر لەم ئیدارەیەدا نییە. سامان عەلی داود، وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان، ڕاگەیاند، کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی کەلار- کفری و رێگەی کەلار- گردەگۆزینە دادەنرێن. ناوبراو گوتیشی، کۆمپانیای جێبەجێکاری دانانی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ سەرجەم ئەو شوێنانەی لە رێگەی کەلار- کفری و رێگەی کەلار- گردەگۆزینە، لە فولکەی مستەفا بەگەوە تاوەکو فولکەی گردەگۆزینە دیارییان کردووە. لەبارەی دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی کەلار- دەربەندیخان کە ماوەیەکی کەمە کارکردن تێیدا تەواو بووە، گوتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان رایگەیاند، کە کۆمپانیای جێبەجێکار چاوەڕوانی تەواوبوونی پڕۆژەی رێگەکە بووە و لەو رێگەیەش کامێرای چاودێریی تیژڕەوی جێگیر دەکرێت. کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە ئێستادا لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە رێگەکانی سلێمانی- دوکان، سلێمانی- چەمچەماڵ و سلێمانی - وارماوا دانراون. ئەم کامێرایانە بە جۆرێک کار دەکەن، کە شۆفێر پێویستە لەسەرجەم رێگەکە پابەندی خێرایی دیاریکراو بێت، نەک تەنیا لە نزیک کامێراکان. ئەم سیستەمە مەودایەکی زیاتر لە رێگەکە دەگرێتەوە و تیژڕەوی لە نێوان دوو خاڵی دیاریکراودا دەپشکنێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی پەروەردە بە فەرمی ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکانی بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 بڵاوکردەوە. ئەم ساڵنامەیە قوتابخانە و خوێندنگە حکوومی و ناحکومییەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە دەگرێتەوە. لەلایەکى دیکەوە لە چوارچێوەی ئامادەکاری بۆ ساڵی نوێی خوێندن، هەڵمەتی شوشتنی قوتابخانەکانی هەولێر دەستی پێکرد، هەڵمەتەکە لەلایەن شەش تیمەوە جێبەجێ دەکرێت. ساڵانە هەفتەی یەکەمی پێش دەستپێکی ساڵی خوێندن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکرێت بۆ پێشوازی لە قوتابیان. بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە، دەستپێکی پرۆسەی خوێندن لە 21ـی ئەیلوولی 2025 دەبێت و هەفتانە پێنج ڕۆژ خوێندن بەردەوام دەبێت. خشتەی تاقیکردنەوە و پشووەکان بەم شێوەیەیە: خوێندنی تاقیکردنەوەی نیوەی وەرز لە 16ـی تشرینی دووەمی 2025 دەستپێدەکات و تاقیکردنەوەکان لە 23ـی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجام دەدرێن. تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم لە 15ـی کانوونی یەکەمی 2025 دەستپێدەکات و تاوەکوو 24ـی کانوونی یەکەمی 2025 بەردەوام دەبێت. پشووی وەرزی یەکەمیش لە 25ـی کانوونی یەکەم 2025 دەستپێدەکات و تا 3ـی کانوونی دووەمی 2026 کۆتایی دێت. کۆی گشتیی ڕۆژانی خوێندن لە وەرزی یەکەمدا 67 ڕۆژ دەبێت. تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی دووەم لە 12ـی نیسانی 2026 دەستپێدەکات و تا 23ـی نیسانی 2026 بەردەوام دەبێت، کە تێیدا چوار ڕۆژ پشوو دەبێت. تاقیکردنەوەی وەرزی دووەم لە 9ـی ئایاری 2026 دەستپێدەکات و تا 21ـی ئایاری 2026 بەردەوام دەبێت. کۆی گشتیی ڕۆژانی خوێندن لەم وەرزەدا 96 ڕۆژ دەبێت. ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزیی هەولێر وتى: شەش تیممان ئامادەکردووە لە سنووری هەر شەش شارەوانیی هەولێر، ئەو تیمانە ڕۆژانە 12 بۆ 15 باڵەخانەی قوتابخانەکانی سەنتەری شاری هەولێر خاوێن دەکەنەوە. لە سەنتەری شاری هەولێر نزیکەی 200 باڵەخانەی قوتابخانە هەیە و بەشی زۆری ئەو باڵەخانانە لە هەڵمەتەکەدا خاوێن دەکرێنەوە. بەپێی ئامارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان حەوت هەزار و 531 قوتابخانە هەن، ساڵانەش پێش دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن ئەو قوتابخانانە ئامادەکاری پێویستیان بۆ دەکرێت وەک شوشتن و خاوێنکردنەوە و ڕێکخستنەوەی پۆل و هۆبەکان.
دوای پێدانی زانیاری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی)، وەزارەتی ناوخۆی عێراق و لایەنی ئەمنیی سعودیە توانیان "دوو گەورە بازرگانی نێودەوڵەتیی مادەی هۆشبەر" بە 142 کیلۆگرام کریستاڵەوە لە سعودیە دەستگیربکەن. گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) گوتی: "ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی وردی ئێمە بووە." عەباس بەهادلی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "بە سەرپەرشتی راستەوخۆی وەزیری ناوخۆ و دوای هاوکاری و هەوڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە پارێزگای سلێمانی، توانرا دوو گەورە بازرگانیی نێودەوڵەتی لە شاری مەدینەی سعودیە دەستگیر بکرێن." عەباس بەهادلی گوتی: "دوای هاوئاهەنگییەکی باڵا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەری سعودیە، توانرا دەست بەسەر 142 کیلۆگرام مادەی کریستاڵی شل لەناو ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەکاندا بگیرێ." عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) راگەیاند: "ئەم ئۆپەراسیۆنە لەسەر بنەمای زانیارییەکانی ئێمە بوو لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەهۆشبەرەکان." عەقید سەلام عەبدولخالق گوتی: "ئەو دوو کەسە خەڵکی پارێزگای سەلاحەدینن، پێکەوە خاوەنی کۆمپانیای تایبەت بە حەج و عومرەن و نزیکەی شەش ساڵە خەریکی بازرگانیی مادەی هۆشبەرن لە نێوان عێراق، سعودیە، تورکیا و چەند وڵاتێکی کەنداو کە لە رێگەی پاسەکانی تایبەت بە حەج و عومرەوە مادەکانیان گواستووەتەوە بۆ سعودیە." بە گوتەی عەقید سەلام، ئەو بڕە کریستاڵە شلەی دەستی بەسەردا گیراوە لە نێو یەکێک لە پاسەکاندا بووە و "بایی ملیۆنێک و 270 هەزار دۆلارە." گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لە وڵاتی سعودیەوە داوایان کرد نوێنەرێک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی سەر بە دەزگاکەمان بچێتە ئەو وڵاتە، بۆ هاوکاریکردنیان لە لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە و دۆسیەکانی دیکەی پەیوەست بەو بازرگانییانە." گوتەبێژی دەزگای ئاسایش دڵنیایی دەدات لەوەی، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بەردەوامە لە هاوئاهەنگی و هاوکاری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ بنبڕکردنی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان و دەستگیرکردنی بازرگانان.
بەرەبەرانى ئەمڕۆ دووشەممە دوای شەش ساڵ، پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجەلان بەرەو ئیمراڵی بەڕێکەوتن. پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ عەبدولا ئۆجەلان بەرەو ئیمراڵی کەوتنەڕێ، لەنێو شاندەکەی پارێزەراندا کە دیدارەکە ئەنجام دەدەن، جەنگیز یورەکلی و ڕازیە ئۆزتورک و ئیبراهیم بیلمەز هەن. عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە 26 ساڵ لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمراڵی لە پارێزگای بورسا زیندانیکراوە. دواینجار پارێزەرانى عەبدوڵا ئۆجەلان رۆژى دووى مانگى پێنجى ساڵى ٢٠١٩ رێگەیان پێدراوە سەردانى ئیمرالى بکەن و چاویان بە ئۆجەلان بکەوێت. بەر لە دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی پرۆسەی چارەسەری، هەر چوار پارێزەرەکەی ئۆجەلان لە ماوەی چوار ساڵدا زیاتر لە 300 داواکارییان پێشکێش کردبوو بۆ دیداری ئۆجەلان، سەرجەمیان رەتکرانەوە. ئەم سەردانە لەکاتێکدایە هەفتەى پێشوو وتەبێژی دەم پارتی، وتى: لە هەفتەی داهاتوودا، شاندێکی بەرفراوانی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵی دەکات، کە هاوسەرۆکانی گشتی پارتەکەشمانی تێدادەبێت. ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد لە پلانسازییداین بۆ ڕێکخستنی سەردانییەکە، بەڵام ڕۆژی سەردانەکەی دیاری نەکرد. عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە ساڵی 1978 دا پەکەکەی دامەزراند و لە 1984ـەوە شەڕی چەکداری لە دژی تورکیا راگەیاند. ئۆجەلان لە 15ـی شوباتی 1999 لە کینیا دەستگیرکرا و گوازرایەوە تورکیا. ماوەی 26 ساڵە لە زیندانی ئیمراڵی بەندکراوە.
شاندێکی بەریتانی بە سەرۆکایەتیی کۆنسووڵی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان، سەردانی لاهوور شێخ جەنگییان کردووە و پێى ڕاگەیاندوون کەس ناتوانێت بەزۆر دانپێدانان لەمن وەربگرێت و من هیچ شتێک (تاوان)م لەسەر نییە. سەرچاوەیەکی باڵا لە بەرەی گەل ڕاگەیاند، ڕۆژى یەکشەممە، کۆنسووڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەلیان کردووە لە گرتووخانە. هەمان شاندو کۆنسووڵی بەریتانیا، سەردانی پۆڵاد شێخ جەنگیشیان کردووە. بەپێی زانیارییەکان، ماوەی دوو کاتژمێر و نیو گفتوگۆیان لەگەڵ هەردووکیان کردووە و کۆمەڵیک پرسیاری تایبەتیان لێکردوون لەبارەی کۆی رووداوەکەی 22ی ئاب بەتایبەت لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی و هەروەها پرسیاری ئەوەیان کردووە ئایا ئەشکەنجە دراون یان هەوڵدراوە بە زۆر دانپێدانانیان لێ وەربگیرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، لاهوور شێخ جەنگی پێی گوتوون من هیچ شتێک (تاوان)م لەسەر نییە، بابەتەکە ململانێی سیاسی و هەرێماییەتییە، بۆیە بەو جۆرە رووبەرووم بوونەتەوە و سەرجەم ئەو تۆمەتانەش رەتدەکەمەوە کە ئاراستەی من وهاورێیانم کراون. لاهوور شێخ جەنگی، بەشێکی زۆری تەمەنی لە بەریتانیا بەسەربردووە و وڵاتینامەی ئەو وڵاتەی هەیە. بەرەبەیانیی 22ـی ئابی 2025، دوای زیاتر لە سێ کاتژمێر پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی لە هۆتێل لالەزاری سلێمانی، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان ئەندامی هێزەکەی دەستگیرکران.
شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بە ئۆنلاین پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد. بەگوێرەی زانیارییەکان لە چوارچێوەی بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران، کە دەبێت بڕی نەوتی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی کوردستان بدرێت بە کۆمپانیای سۆمۆ جگە لە گلدانەوەی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ، تاوەکوو کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و حکوومەتی عێراق ڕێک دەکەون، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی ئەیلوولی 2025، شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لەڕێگەی ئۆنلاینەوە لەگەڵ سێ وەزیری کوردی حکوومەتی عێراق پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا. هاوکات هەر دوو شاندەکە گفتوگۆیان لەسەر ئەوە کردووە کە دەبێت لەدەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت تا ئەو کاتەی وەزارەتی نەوت و ئەپیکۆر دەگەنە ڕێککەوتن پەلە بکرێت، هاوکات دەبێت و قۆناغ بە قۆناغیش ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت و تا دەگاتە ئاستی پێشووی. شاندی حکومەتی هەرێم پێکهاتبوون لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و محەممەد کەمال، وەزیری سامانە سروشتییەکان، هەروەها شاندی حکومەتی عێراق لە بەنگین ڕێکانی و خالید شوانی و هەڵۆ عەسکەری پێکهاتبوون. ئەنجوومەنی دەوڵەت، ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، 16ـی ئەیلوولی 2025، دیاریکرد بۆ پێداچوونەوە و پێدانی ڕاوێژی یاسایی بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی کێشەی داهاتی نانەوتی لە نێوان هەردوو حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ ئەندرو بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان سەردانی لاهور شێخ جەنگی کردووە لە زیندانی کانی گۆمەی سلێمانی. سەرچاوەیەک لە بەرەی گەل ڕاگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە ئەندرو بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان سەردانی لاهور شێخ جەنگی لە زیندان کردووە، لە تەندروستییان پرسیوە و لاهوور شێخ جەنگی وتویەتی دۆخی باشە. سەرچاوەیەکەی بەرەی گەل راگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 14-9-2025، کۆنسووڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەلیان کردووە لە گرتووخانە. دواتر کۆنسووڵی بەریتانیا، سەردانی پۆڵاد شێخ جەنگیشی کردووە. بەپێی زانیارییەکان، ماوەی دوو کاتژمێر و نیو گفتوگۆیان لەگەڵ هەردووکیان کردووە و کۆمەڵیک پرسیاری تایبەتیان لێکردوون لەبارەی کۆی رووداوەکەی 22ی ئاب بەتایبەت لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی و هەروەها پرسیاری ئەوەیان کردووە ئایا ئەشکەنجە دراون یان هەوڵدراوە بە زۆر دانپێدانانیان لێ وەربگیرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، لاهوور شێخ جەنگی پێی گوتوون: "من هیچ شتێکم لەسەر نییە، بابەتەکە ململانێی سیاسی و هەرێماییەتییە، بۆیە بەو جۆرە رووبەڕووم بوونەتەوە و سەرجەم ئەو تۆمەتانەش رەتدەکەمەوە کە ئاراستەی من وهاوڕێیانم کراون". دواتر، کۆنسووڵی بەریتانیا بۆ ماوەی 30 خولەک بەتەنیا لەگەڵ کەسێکی دیکە کە نێردراوی بەریتانیا بووە لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی دانیشتوون و گفتوگۆیان کردووە، تەنانەت ئەندامانی دیکەی شاندە بەریتانیەکە و هێزە ئەمنییەکانیش لەو گفتوگۆیەدا ئامادە نەبوون. لاهوور شێخ جەنگی، بەشێکی تەمەنی لە بەریتانیا بەسەربردووە و وڵاتینامەی ئەو وڵاتەی هەیە. بەرەبەیانیی 22-8-2025، هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی دوای رووبەڕووبوونەوەیەکی سێ کاژێری، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی و هێزێکی تایبەتی سەربە لاهوور شێخ جەنگییان دەستگیرکرد. دواتر دەزگای ئاسایشی هەرێم - سلێمانی، دانپێدانانی چەند کەسێکی بڵاوکردەوە کە گوتیان بە فەرمانی لاهوور شێخ جەنگی پلانی کوشتنی بافڵ تاڵەبانییان هەبووە. سەبارەت بەو دانپێدانانە، بورهان رەشید گوڵە، کە یەکێکە لە پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی رایگەیاندووە: "کاک لاهوور هەمووی بینیوە و بە ئێمەشی گوت بەو شێوەیە نییە کە بڵاوکراوەتەوە." ئەو ئاماژەی بەوەشدا کە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە هێشتا تەواو نەبووە.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا تەرخانکراوی دارایی وەزارەتی جەنگ بۆ ساڵی 2026 پەسەندکرد بڕی ( 130) ملیۆن دۆلاری بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات تەرخانکردووە. لەو ژمارەیە بڕی (65) ملیۆن دۆلاری بۆ موچەی هێزەکانی هەسەدەیە، بڕی (15) ملیۆن دۆلاری بۆ راهێنان و کڕینی چەکە، بڕی (32) ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاری لۆجستی و چاککردنەوەو وەرشەیە. جیا لەوەش هەر ئەمڕۆ ئەمریکا لە دەروازەی وەلیدی سنوری نێوان رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان،30 بارهەڵگری پڕ لە چەک و پێداویستی لۆجیستی رەوانەی بنکەی قەسرک لە دەوروبەری حەسەکە کردوە. پنتاگۆن، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە: ئەمریکا پابەندە بە بەدیهێنانی شکستی هەمیشەیی داعش لەڕێگەی پشتیوانیکردنی هێزە هاوبەشە متمانەپێکراوەکان، بۆ پاراستنی فشارە بەردەوامەکان لەسەر ئەو رێکخراوە. جەختیشكردووە لە بەردەوامبونی ئەمریکا لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سوریای دیموكرات، لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و سوپای سوریای ئازاد، کە لە سێگۆشەی سنوری نێوان سوریا و ئوردن و عێراق جێگیرن، ئامانجی ئەم پشتیوانییەش بەرپەرچدانەوەی سەرهەڵدانەوەی رێکخراوەکە و رێگریکردنە لە سەرلەنوێ بڵاوبونەوەی. ئەو بودجەیەی ئەمریكا بۆ ساڵی دارایی (٢٠٢٦) بۆ هاوكاریكردنی هێزە هاوپەیمانەكانی لە سوریا دیاریكردووە، نزیکەی (١٣٠) ملیۆن دۆلارە، کە بڕێك کەمترە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو. بودجەكەی پنتاگۆن بۆ پاڵپشتیی هاوپەیمانەكانی لە سوریا بۆ شەڕی روبەڕوبوونەوەی پاشماوەكانی داعش و پاراستنی كامپەكانی هۆل و رۆژ تەرخان دەكرێت. وەزارەتی جەنگى ئەمەریكا وردەكاریی زیاتری لەبارەی بودجەی ساڵی 2026 بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت، ئەو 130 ملیۆن دۆلارە بەشێكی تەرخانكراوە بۆ موچەی ئەو هێزانە كە بڕەكەی 65 ملیۆن دۆلارە، بودجەی پڕچەككردن و مەشقی سەربازییش 15 ملیۆن و 600 هەزار دۆلارە و بودجەی پاڵپشتی لۆجستی 32 ملیۆن دۆلار و بودجەی فریاگوزاریش یەك ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە. راشیگەیاندووە، بودجەیەك تەرخانكراوە بۆ تێچووی دابینكردنی چەكی سوك و قورسی ئەی كەی 47 و پی كەی ئێم و دۆشكە و گوللە و ئۆتۆمبیلی سەربازیی و گواستنەوە، جلوبەرگ، ئامرازی پەیوەندیكردن بە بەهای شەش ملیۆن و 500 هەزار دۆلار. ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر پیت هێگست وەزیری جەنگى ئەمریكا رایگەیاند، بەمزوانە بۆ یەكەمجار بودجەی وەزارەتی بەرگری دەگاتە یەك تریلیۆن دۆلار. لە مانگی نیسانی رابردووش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەكاتی پێشوازیی لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بودجەی بەرگریی بۆ نزیكەی یەك ترلیۆن دۆلار بەرز دەكەنەوە و دەبێتە گەورەترین بودجە كە تائێستا بۆ كەرتی سەربازیی تەرخان كرابێت. هەر لەچوارچێوەى ئەو هاوکاریانەى وەزارەتی جەنگی ئەمریکادا وەزارەتى بەرگری و دژەتیرۆری عێراق 114 ملیار دینارو وەزارەتی پێشمەرگەى حکومەتى هەرێم 61 ملیار دینار تەرخانکراوە لەساڵى ٢٠٢٦دا.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک داوا لە سەرجەم زانکۆ حکومییەکان دەکات، ناوی دەرچووانی سێ یەکەمەکان، هەموو دەرچووانی پزیشکی، تەندروستی و بەشە پزیشکییەکانی ساڵانی خوێندنی 2017-2018 تاوەکو ساڵی 2024-2025یان بۆ بنێرن بۆ ناردنیان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بە مەبەستی دامەزراندن. نووسراوەکە ژمارە 17010 و رێککەوتی 14-09-2025 و واژۆی د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و بۆ هەموو زانکۆکان نێردراوە. د. توانا نەجەف بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوانەی لە بەشەپزیشکی و تەندروستییەکان داوای ناوەکانیان کراوە، سەرجەم دەرچووانی ئەو بەشانەن لەو ساڵانەدا نەوەک تەنیا یەکەمەکان". بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: "دوای گەڕانەوەی ناوەکان، سەرجەمان دەگەیێنینە وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ بۆ رەزامەندیدان بە دامەزراندنیان". لەبارەی دەرچووانی پێش ئەو ساڵانەی لە نووسراوەکەدا دیاری کراوە، د. توانا نەجەف گوتی: "ئەوانەی پێش ساڵی 2017 لە رابردوودا نێردراون بۆ وەزارەتی دارایی عێراق". دەقی نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا: ئاماژە بە نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بودجە/ بەڕێوەبەرایەتی میلاک ژمارە (3859) لە رێککەوتی 19-08-2025، ئاراستەی نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران/سەرۆکایەتیی دیوان کراوە، ئاماژە بە نووسراوی سەرۆکایەتی دیوان/فەرمانگەی کاروباری کارگێڕی و دارایی ژمارە (10547) لە رێککەوتی 28-08-2025 کە هاوپێچەکەی نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری/بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بودجە/ بەڕێوەبەرایەتی میلاکات ژمارە (3859) لە رێککەوتی 19-08-2025 کە هاوپێچەکەی نووسراوی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ ژمارە (31453) لە رێککەوتی 08-04-2025 تایبەت بە دەرچووانی (سێ یەکەمەکان) زانکۆکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و دەرچووانی (پزیشکی گشتیی و بەشە تەندروستی و پزیشکییەکان) کە لە خشتەی بودجەی ئیتیحادی دیاریکراوە دەنێرین بۆتان. داوا لە بەڕێزتان دەکەین لە ماوەی یەک مانگدا ژمارەی کۆی گشتیی دەرچووانی سێ یەکەمەکان و دەرچووانی (پزیشکی گشتی و بەشە تەندروستی و پزیشکییەکان) هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا کە تاوەکو ئێستا دانەمەزراون، ناوەکانیان بنێرن بۆ ساڵانی (2017-2018) تاوەکو (2024-2025) بە زمانی عەرەبی و بە فایلی ئەکسڵ لەسەر سیدی بە گوێرەی خشتەی هاوپێچ بۆمان رەوانە بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین لە پێویستی میلاکات و رەشنووسی بودجەی خەمڵێندراوی ساڵی 2026 جێگای بکەینەوە.
لهژێر ناڕهزایهتى و گردبوونهوهى دهرچوانى دانهمهزراو، دهستبهكاربوون بۆ ٥٢ فهرمانبهر له پارێزگاى ههڵهبجه ڕاگیرا، نوێنهرى دهرچووانى دانهمهزراویش دهڵێت: دهبێت دامهزراندنهكه ههڵبووهشێتهوه له دهسهڵاتى سهرهوه بێت یاخود لهخوارهوە. نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە بڕیاریدا دەستبەكاربوونی (52) فەرمانبەر تازەدامەزراو بۆ دیوانی پارێزگای هەڵەبجە رابگرێت، ئەمە بەهۆی ناڕەزایەتی و گردبوونەوەی دەرچووانی دانەمەزراوی پارێزگاكە. بۆ چوارەم رۆژ، ئەمڕۆ جارێكی تر دەرچووانی دانەمەزراوی هەڵەبجە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی چوونەوە بەردەم بینای پارێزگا. محهمهد یاسین نوێنهرى دهرچووانى دانهمهزراوی هەڵەبجە دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ نوخشە ناسیحی پاریزگار، ئاشكرایكرد، پارێزگار دەستبەكاربوونی ئەو 52 فەرمانبەرەی راگرتووە. وەكو خۆیان دەڵێن، پارێزگاری هەڵەبجە داوای لە دەرچووانی دانەمەزراو كردووە نوسراوێك بنوسن بۆ ئەوەی لەرێگەی پاریزگاری هەڵەبجەوە بەرزبكرێتەوە بۆ (ئومێد سەباح)ی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، تێیدا داوای لێبكرێت دەستبەكاربوونی ئەو 52 فەرمانبەرە رابگرێن، چونكە وەكو ئەوان دەڵێن" ئهم دامهزراندنانە پێشێلى پێنج ماددهى یاسایی کردووە". بەپێی زانیارییەكان، ئەو 52 كەسی دامەزراون، بەشێكیان پێشتر وەكو خۆبەش كاریان كردووەو ئێستا بەشێوەی هەمیشەیی دامەزراندنیان بۆ كراوە.
ئەنجومەنی دەوڵەت بڕیاریدا بانگهێشتی دوو راوێژكاری یاسایی لە وەزارەتی دارایی و دادی هەرێم بكات، بۆ كۆبوونەوەی داهاتوو لە رۆژی سێشەممە . لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە 9-9-2025ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی پرسی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت نارد، بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو بابەتە بدەن. بەپێى زانیاریەکان ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئیدارەی دەوڵەت ناکرێت، چاوەڕوان دەکرێت بکەوێتە ڕۆژی سێ شەممە. بەپێى زانیاریەکان ئەنجومەنی دەوڵەت هەوڵدەدات رۆژی سێ شەممە بەر لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رونكردنەوەی خۆی بخاتەڕوو، ئەگەر ئەنجومەنی دەوڵەت بەر لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران نەیتوانی راپۆرتی خۆی پێشكەش بكات، ئەوا رۆژی چوار شەممەی جارێكی تر كۆدەبێتەوە. بەگوێرەی یاسای ئەنجوومەنەکە ڕێژەیەکی دیاریکراوی ئامادەبوونی ئەندامان نییە بۆ بەستنی کۆبوونەوە واتە؛ دەکرێت کۆبوونەوە لەبارەی دۆسیەیەک بکرێت بە ئامادەبوونی دەیان ئەندام و زیاتر هاوکات دەکرێت بە ئامادەبوونی 10 ئەندام و کەمتر کۆبوونەوە ببەسترێت، بەڵام هەندێک ڕێکاری کارگێڕی و یاسایی هەن گرنگ و پێویست بگیرێنەبەر بۆ شەرعیەتیدان بە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی دەوڵەت. مەرج نییە بابەتێک لەوانەش پرسی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان لە کارنامە هەبێت تاوەکو کۆبوونەوە و بڕیاری لەسەر بدرێت بەشێوەیەک دەکرێت بابەتێک لە کارنامە نەبێت و ئەنجوومەنەکە گفتوگۆی لەبارەوە بکات. ئەنجومەنی دەوڵەت (مجلس الدوله) لە عێراقدا، کە یەکێکە لە دامەزراوە یاساییەکانی وڵات، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت لە ڕێکخستنی ژیانی گشتی و دابینکردنی دادپەروەریی کارگێڕیی. ئەم دامەزراوەیە وەک دەستەیەکی سەربەخۆ كاردهكات، سهرۆكهكهى عهرهبێكى شیعهیه و ناوى د. كهریم خهمیس خهسباكه. هاووڵاتیان، فەرمانبەران و دامەزراوە حکومییەکان، دەتوانن پەنا ببەنە بەر ئەنجومەنی دەوڵەت کاتێک بڕیارێکی کارگێڕی بە نایاسایی دەزانن، یان کێشەیەکیان لەگەڵ فەرمانگەکەیاندا هەیە، یان پێویستیان بە ڕاوێژ و شیکردنەوەی یاسایی هەیە. هەروەها لە کاتی ناکۆکی نێوان وەزارەتەکانیشدا.
عەبدوڵا ئۆجەلان، رابەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان نامەیەکی بۆ كەسایەتی و سەرکردەی هۆزەكانی ناوچەی جزیرە، دەیرزور، رەقە و تەبقە ناردووە. لە نامەکەدا ئۆجەلان رایگەیاندووە: یەکڕیزی و پشتیوانی ئێوە لە کورد لەسەر بنەمای سیستەمی نەتەوەیی دیموکراسی گرنگییەکی گەورەیە. ڕێبەر ئاپۆ لەبەشێکى دیکەى نامەکەى بۆ شیخ و پیرانی هۆزەکانی نیشتەجێی هەرێمەکانی دێرەزۆر، جزیرە، ڕەقە و تەبقا و وتی: "پاڵپشتی و پشتیوانی خوشک-برایەتی و یەکێتی نێوان گەلی کورد و عەرەبم، کە خاوەن بنەمایەکی مێژووییە." پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیەیە: "بۆ شێخ و پیرانی هەرێمەکانی جزیرە، دێرەزۆر، ڕەقە و تەبقا: دۆستانی هێژا: لەسەرەتادا بە دڵخۆشی، خۆشەویستی و ڕێزدارییەوە سڵاوتان لێ دەکەم. یەکێتی و پشتگیریتان لەسەر بنەمای سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک هەڵگری مانادارییەکی مەزنە. ئێوە بەم یەکێتییەتان بناغەیەکی مێژوویی نوێ، کە باوەڕی بە پەیوەندی و هاوپەیمانی نێوان گەلانی کورد و عەرەب بونیاد دەنێن. لە دڵی مێژوو و ڕابردووتاندا، لە نێوان هەردوو گەلانی کورد و عەرەب پەیوەندی هەیە. لە قوڵایی مێژوودا، دۆستایەتی و برایەتی نێوان گەلانی عەرەب و گەلی کورد هەمیشە لە پێشینە بووە. تەنانەت ئەم دۆستایەتییە، لە سەردەمی دەرکەوتنی ئیسلام و بڵاوبوونەوەی بە پێشەنگایەتی پێغەمبەر محەمەد، ڕێگەی بە زۆربەی کوردەکان دا بە ئاسانی بەشداری ناو ئاینی ئیسلام ببن. هۆکاری سەرەکی پەیوەندی پتەوی نێوان گەلانی کورد و عەرەبە. ئەم پەیوەندییە خوشک-برایەتییە لە نێوان ئەو دوو گەلەدا بۆ چەند سەدەیەک لە دوای ئیسلام بەردەوام بوو و گەشەی کرد. ئەم پەیوەندییە کە ئەمڕۆ ئێوە بەڕێوەی دەبەن لەلایەنێکەوە مێژووییە و لەلایەنێکی دیکەوە کۆمەڵایەتییە. هەروەها خاوەن بناغەیەکی سیاسیشە، هەربۆیە واتا و گرنگییەکی گەورە بەم هەڵوێست و یەکێتییە لە سووریا دەدەن. پشتگیریی لە خوشک-برایەتی و هاوپەیمانی نێوان گەلانی کورد و عەرەب دەکەم، چونکە بناغەیەکی مێژوویی هەیە. لەسەر ئەم بنەمایە، خۆمان پێشخست و دیداگامان لەسەر بنەمای خوشک-برایەتی و نەتەوەی دیموکراتیک خستەڕوو. دەبێت هەمووان یەکسان بن، ئازاد بن، پێکەوەبژێن، خۆیان بەڕێوەببەن. دەبێت لەسەر ئەم بنەمایە یەکسانی و دادپەروەریی بونیادبنرێت. دەبێت کورد و عەرەب پێکەوەبژێن. ئەمەش گرێدراوە بە پشتگیرییتان بە قەسەدەوە. پشتگیریتان بۆ قەسەدە هەڵگری واتایەکی گەورەیە. دۆستانی هێژا: ئێوە دەتوانن ڕۆڵیکی گرنگ و مێژوویی لە بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک، ئارام، یەکگرتوو و دادپەروەر بگێرن. گرنگە عەرەب، کورد، سوریان-ئاشووری و هەر کەسێک کە لەسەر ئەم خاکە پیرۆزە دەژێت بۆ ئەم برایەتییە مێژووییە تێبکۆشێت. من بەم هیوا و باوەڕییەوە لەباوەشتان دەگرم. جارێکی دیکە بەڕێزدارییەوە سڵاو لە هەمووتان دەکەم. هیوای سەرکەوتن و تەندروستیتان بۆ دەخوازم. سڵاوی دۆستانە و برایەتی ٢٨ـی تەمووزی ٢٠٢٥ عەبدوڵا ئۆجالان دوورگەی ئیمراڵی."