سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕایدەگەیەنێت هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری دەستوری و یاسایی گونجاوی داوە، بۆ پرسی شایستە داراییەکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاوڵاتیانى هەرێم. ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی، پێشوازی کرد لە سەرۆکی کۆمەڵەی دادگەری کوردستان عەلی باپیر. لە میانی دیدارەکەدا هەردوولا پێداچوونەوەیان بە دۆسییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد، لەوانە ڕێککەوتنەکانی پەیوەست بە شایستە داراییەکان و ڕەنگدانەوەی پابەندبوون بە جێبەجێکردنیان لەسەر هاوڵاتیانی هەرێم، جگە لە تاوتوێ کردنی پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. ئاماژەی بەوەدا کە حکومەت لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە هاووڵاتیانی لە سەرتاسەری عێراق، هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری دەستوری و یاسایی گونجاوی داوە، بۆ پرسی شایستە داراییەکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاوڵاتیان لە هەرێم و جەختیشی لەوە کردەوە کە نابێت ڕێگە بدرێت ناکۆکییەکان ببنە بارگرانی بەسەر هاووڵاتیانەوە، چ لە هەرێم بێت یان لە پارێزگاکانی تر. لەلای خۆیەوە عەلی باپیر سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەربڕی، لە دەستەبەرکردنی مافەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان عێراق و پابەندبوونی بە پاراستنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە سەرتاسەری وڵات.
حکومەتی بەریتانیا بەرنامەی یەکگرتنەوەی خێزانی پەنابەرانی نایاسایی بە کەسوکاریان هەڵپەسارد و چی دیکە کەسوکاریان ناتوانن بەمەبەستی بینین و یەکگرتنەوەیان سەردانی ئەو وڵاتە بکەن. ئیڤێت کوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، رۆژی دووشەممە، رایگەیاند، بەشێوەیەکی کاتی بەرنامەى یەکگرتنەوەی خێزانی پەنابەرانی نایاساییان بە کەسوکاریان هەڵپەساردووە و داواکاریی نوێ بۆ هاتنی کەسوکاری پەنابەرانی نایاسایی وەرناگرن. وەزیری ناوخۆی بەریتانیا راشیگەیاند، تەواوی سیستمەکە نوێدەکەنەوە و ئامانجیان کەمکردنەوەی فشاری زۆری هاتنی بەلێشاوی پەنابەرانە، کە هەندێک جار تاوانباری مەترسیداریشیان تیادایە. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 111 هەزار کەس داوای وەرگرتنی ڤیزایان پێشکەشکردووە و لەو ژمارەیەش، نزیکەی 21 هەزار ڤیزا دراوەتە کەسوکاری پەنابەرانی نایاسایی و لە بەریتانیا ماونەتەوە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. ئاشکراشیکرد، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، گۆڕانکاری لە سیستمی هاتنی کەسوکاری پەنابەراندا دەکەن و ماوەی مانەوەی پەنابەرەکانیش درێژدەکەنەوە و مەرجەکانیش قورستر دەکەن. ئیڤێت کوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لەوبارەیەوە گوتی، "لەچوارچێوەی سیستمی مافی داواکردنی مانەوە لە بەریتانیا، کۆتایی ئەمساڵ سیستمێکی نوێ بۆ یەکگرتنەوەی خێزان دادەنێین، مەرجی زیاتر و ماوەی زیاتر بۆ داواکاریی یەکگرتنەوەی خێزانیی دادەنێین، بەتایبەتی بۆ ئەو پەنابەرانەی منداڵیان بەجێهێشتووە یان داوایەکی یاساییان لەسەرە و خێزان و کەسوکاریان لە بەریتانیایە، دەمانەوێت تاوەکو بەهاری داهاتوو ئەو گۆڕانکارییانە بکەین." لە ئێستادا، پارتی کاری فەرمانڕەوای بەریتانیا لە ژێر فشاری ناڕەزایەتی دەنگەکانی دژە پەنابەردایە و پێش وەرگرتنی دەسەڵاتیش بەڵێنیدابوو لە دەرەوەی سنوورەکانی بەریتانیا و پێش گەیشتنیان بۆ وڵاتەکەیان، رێگری لە هاتنی نایاسایی بۆ وڵاتەکەیان دەکەن.
سەرۆکى هەرێمى کوردستان و بهڕێوهبهرى گشتيى كاروبارى عێراق و ئێران له وهزارهتى دهرهوهى توركيا دۆخى ئهمنيى ناوچهكه و دوايين پێشهاتهكانى سووريا و ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست و كاريگهرى و لێكهوتهكانى تاوتوێ دەکەن. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، بهيانيى ئهمڕۆ سێشهممه 2025/9/2 نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له باڵيۆز عهلى ڕزا گوينهى، بهڕێوهبهرى گشتيى كاروبارى عێراق و ئێران له وهزارهتى دهرهوهى توركيا و شاندێكى ياوهرى كرد. له ديدارێكدا پهيوهندييهكانى توركيا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان، دۆخى ناوخۆى عێراق و ههرێمى كوردستان، پهيوهندييهكانى ههولێر ـ بهغدا و ههڵبژاردنهكانى داهاتووى عێراقيان تاوتوێ كرد. ههردوولا ستايشى ئاستى پهيوهندييهكانى نێوانيان كرد و جهختيان له برهودان به فراوانكردنى هاريكاريى هاوبهشيان له بواره جياكاندا، كردهوه. دۆخى ئهمنيى ناوچهكه و دوايين پێشهاتهكانى سووريا و ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست و كاريگهرى و لێكهوتهكانى، لهگهڵ چهند پرسێكى جێى بايهخى هاوبهش، تهوهرێكى ديكهى ديدارهكه بوو كه بهڕێز كونسوڵى گشتيى توركيا له ههولێر، ئامادهى بوو.
ڕۆژنامەی الشرق الاوسط لەژمارەى ئەمڕۆیدا بڵاویکردەوە سەرچاوەکان لە دیمەشق ڕایانگەیاند، دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریا لەسەر ئاستی سەرکردایەتی دووەم دەستپێدەکاتەوە، سەرەڕای پەرەسەندنی لێدوانەکانی بەرپرسانی کورد کە پابەندبوونیان بە لامەرکەزی دووپات دەکەنەوە. پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) جەختدەكاتەوە: رێگاکەیان دیالۆگ و دانوستانە لەگەڵ دیمەشق و چارەسەرێکی سیاسی دادپەروەرانەیە، ئەوەش بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە لە رۆژی جیهانی ئاشتیدا بڵاویكردووەتەوە. ئەو لێدوانانە لە کاتێکدایە، چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەت دەکرێت لە دیمەشق لەسەر ئاستی بازنەی دووەمی سەرکردایەتی، سەرەڕای هەڵكشانی لێدوانی بەرپرسانی کورد کە پابەندبونی خۆیان بە نا ناوەندێتی دووپات کردەووتەوەو، دیمەشقیان بە کشانەوە لە رێککەوتنی ١٠ی ئازار تۆمەتبار كردووە. ساڵح موسلیم، ئەندامی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) دوێنێ ڕایگەیاند، ئیدارەی خۆسەری گەڕانەوە بۆ ناوەندگەرایی لە سوریا قبوڵ ناکات و داوای چارەسەری دادپەروەرانەی نێودەوڵەتی بۆ پرسی کورد دەکات. ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر دیمەشق لامەرکەزی ڕەت بکاتەوە، ئێمە داوای سەربەخۆیی دەکەین". لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان لە دیمەشق جەخیتان كردووەتەوە، دانوستانەکانی نێوان حكومەتی سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرەو باسکردنی پرسە زۆر گرنگەکان هەنگاو دەنێت. بەگوێرەی زانیارییە دزەپێكراوەكان، ئیلهام ئەحمەد لە دیمەشقەو گفتوگۆ لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دەكرێت کە ماوەی دوو مانگە وەستاون، ئەوەش دووەمین سەردانی ئەو بەرپرسە کوردەیە لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا بۆ پایتەخت. سەرچاوەکان لە دیمەشق باسیان لە فشاری ئەمریکا و فەرەنسا کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، هەرچەندە کۆبونەوەکانی ئەو بەرپرسە کوردە لە دیمەشق هیچ پێشکەوتنێکی بەدەست نەهێناوە، بەڵام هەردوولادا خواستیان خۆیان دووپاتکردووەتەوە بۆ گرنگی بەردەوامبونی دانوستانەکان، لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی، دوور لە فشاری دەرەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. هەڵوێستەکانی کورد لە لێدوانەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیادا لە کۆبوونەوەی لوتکەی شەنگەهای لە چین دووپاتی کردەوە کە تورکیا دژی هەر هەوڵێک دەبێت بۆ هەڕەشەکردن لە یەکڕیزی سوریا، هەروەها پشتیوانیکردن لە پێشکەوتن و یەکڕیزی سیاسی سوریا "لە بەرژەوەندی هەموو ناوچەکەماندایە". لە پەراوێزی لوتکەکەدا ئەردۆغان باسی لە هێرشەکانی ئیسرائیل و پەرەپێدانی سوریا و پاراستنی یەکێتی سیاسی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا کردووە، بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی تورکیا.
بۆیەکەمجار دوێنێ دووشەممە ١ - ٩ چوار پارێزەر چونەتە زیندان و چاویان بە لاهور شێخ جەنگى کەوتووەو لەسەر تەندروستى خۆى و دۆسیەکەى و ئەو دانپێدانانەش کەبڵاوکرایەوە قسەى کردوە. بورهان ڕەشید یەکێک لەو چوار پارێزەرەى کە بینیویەتى و سەبارەت بەو یەکتر بینینە، دەڵێت: لەزیندانى ئاسایش چوینە لاى کاک لاهورو بینیومانەو ماوەى چل خولەک لاى ماینەوەو قسەمانکرد، هیچ لێدان و ئاسەوارێکى ئەشکەنجەى پێوە دیارنەبووەو تەندروستى زۆرباشە. ئەو پارێزەرەش وتی: کاک لاهور لەبارەى دۆسیەکەیەوە وتویەتى دۆسیەیەکى سیاسیە نەک یاسایی و دەستى دەرەکى تێدابووە، هەروەها وتى ئێمە لەماڵەوە دانیشتوین و هێزهاتوەتە سەرمان. سەبارەت بەودانپێدانانەش کە لەچەند ڕۆژى ڕابردوو بڵاوکراوەتەوە، بورهان ڕەشید یەکێک لەپارێزەرەکانى وتى: بەلێ ئەو دانپێدانانەى بینیوەو بەئێمەشى وتوە کە بەوشێوەیە نیەو لەداهاتوودا قسەى لەسەر دەکات و هێشتا دۆسیەکەى لێکۆڵینەوەى تێدا دەکرێت و کۆتایی نەهاتووە. لەبارەى ئەوەى جگە لەپارێزەکانى کێى تر لاهور شێخ جەنگیان بینیوە، بورهان ڕەشید وتى: هیچ ئاگامان لەوەنییە کە هاوسەرەکەى یان خوشک و براکانى دیکەى سەردانیان کردبێت و بینیبێتیان. ماوەی (11) رۆژ بەسەر دەستگیركردنی لاهور شێخ جەنگی گرتنی لالەزاردا تێپەڕ دەبێت، دوێنێ بۆ یەكەمجار تیمی پارێزەرانی، كە لە چوار پارێزەر پێكهاتوون لاهور شێخ جەنگیان بینی، ئیفادەی لێوەرگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی دەکرێت. بە پێی بەدواداچوونەكان هەریەك لە هیوا شێخ جەنگی و ئاواز شێخ جەنگی خوشك وبرای لاهور شێخ جەنگی رێگەیان پێنەدراوە لاهور شێخ جەنگی ببینن، تا ئێستا هاوسەرەكەشی نەیتوانی لاهور شێخ جەنگی ببینێت، هەرچەندە بە تەلەفۆن قسەی لەگةڵ كردووەو لەدەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە سلێمانی و بڕیارە بەم زووانە رێگەی پێبدرێت بیبینێت. هیوا شێخ جەنگی برا گەورەی لاهور شێخ جەنگی زانیارییەكانی پشتڕاست كردەوە كە ئەمڕۆ پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگیان بینیوە، بەڵام پۆڵاد و رێبوار و ئەوان پارێزەر نەیانی بینیوە، هیوا شێخ جەنگی ئەوەشی وت، كە ئەمڕۆ رێگەیان نەداوە خۆی و ئاوازی خوشكی لاهور شێخ جەنگی ببینن. وتیشی بەشێك لەو پارێزەرانەی كە لە هەولێرو لە كەناڵەكانەوە لێدوان دەدەن هیچ وەكالەتێكی لاهور شێخ جەنگیان نیەو رێگەپێدراویش نین بەناوی لاهورەوە قسە بكەن، ئێمە سوپاسیان دەكەین بەڵام ناتوانن بەناوی لاهور شێخ جەنگییەوە قسە بكەن و بنەماڵەكەشیان ئاگادار نین، دەتوانن وەك مافپەروەرێك قسە بكەن و بەرگری بكەن و ئێمە سوپاسیان دەكەین.
ئەمڕۆ دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە سلێمانی بەڕێوەچوو. سەرچاوەیەک ڕاگەیاند، شاسوار عەبدولواحید بە پێنج مانگ بەندکردن سزادراوە. دواى چوار جار دواخستن ئەمڕۆ سێ شەممە دادگای سلێمانی دانیشتنێکى دیکەى بۆ دۆسیەکە ئەنجامداو سزای پێنج مانگ بەندکردنی بەسەر شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و خاوەنی کۆمپانیاکانی نالیا و چاڤیدا سەپاند، ئەم سزایەی بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرکراوە، لەسەر سکاڵای شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ بووە. ئەندامانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق کە لەبەردەم هۆڵی دادگا ئامادەبوون لەم بارەیەوە دەڵێن" سەرۆکی جووڵانەوەکەمان چ لە زیندان بێت یان دەرەوە، ئێمە بە شانازییەوە پشتیوانی دەکەین". باس لەوەش دەکەن دەستگیرکردنی سەرۆکی گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆن بە سیاسیی کراوە و دوورە لە یاسا، هەروەها ئەم دۆسیەیە کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکیی بەدوای خۆیدا هێناوە. رۆژی 12ـی ئابی 2025، شاسوار عەبدولواحید لە ماڵەکەی خۆی لە گوندی ئەڵمانی شاری سلێمانی لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیرکرا. رۆژی 21ـی ئابی 2025 شاسوار عەبدولواحید برایە بەردەم دادوەری ووتەی لێوەرگیرا لەسەر ئەو سزایەی پێشتر دادگا بە غیابی بۆی دەرکردبوو. دواتر دادگایی کردنی شاسوار عەبدولواحید بۆ ئەمڕۆ سێشەممە (2ـی ئەیلولی 2025) دواخرا، ئەمڕۆش دادگای بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ماوەی 5 مانگ بۆ دەرکرد.
لەکاتێکدا واشنتن پلانى داناوە بۆ سفکردنەوەى پێدانى هاوکاریی دارایی بە پێشمەرگە لە ساڵى داهاتوودا، وەزیری پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەڵێت، دڵنیابوونەتەوە کە هاوکارییەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت. شۆڕش ئیسماعیل، وەزیرى پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و تیمێکی سەربازیی ئەو وڵاتەدا کۆبووەوە. بەگوێرەى راگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، وەزیرى پێشمەرگە لەبارەى دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چاکسازی و بونیادنانی دوو ناوچەی سەرکردایەتیی سەربازی رایگەیاندووە، "پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە و هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی چاکسازی چڕترکردووەتەوە". شۆڕش ئیسماعیل راشیگەیاندووە، "هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە قۆناغی گەشەسەندن و بەهێزبووندایە، بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاوکاری دۆستەکانمانە لە سەروو هەموویانەوە ئەمریکا". وەزیرى پێشمەرگە جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هاوکاری و پشتیوانیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبن. هاوکات کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک، رایگەیاندووە، بەردەوام هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەبن بۆ بونیادنانی ژێرخانێکی سەربازیی نیشتمانیی بەهێز و بە ئامانج گەیاندنی پرۆسەی چاکسازی.
جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان رایگەیاند" دەستگیرکراوانی رووداوەکانی ئەمدواییە، بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و وەک هەر تۆمەتبارێکی دیکە مافە یاساییەکانیان پارێزراو دەبێت". قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ محەمەد ئەلحەسان، نوێنهرى تايبهتى سكرتێرى گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان له عیراق کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی دواین پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق گفتوگۆیان کرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران باسی لە پێویستیی سەروەری یاسا و رێزگرتن لە دامەزراوەکان کرد و رایگەیاند، ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە سلێمانی رویدا لە درێژەی هەوڵەکانی چەسپاندنی سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا و پاراستنی ئارامی و ئاسایشدا بووە. قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند وەک چۆن سلێمانی هەمیشە بە شاری ئازادی کاری سیاسی و ئازادی رادەربڕین لە کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا ناسراوە، لە ئێستا و لە داهاتووشدا هەر وەک شاری ئازادییەکان دەمێنێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا رێگە بە دروستبوون و جموجوڵی میلیشیا و هێزی چەکدار لە دەرەوەی یاسا نادرێت. سەبارەت بە دەستگیرکراوانی روداوەکانی ئەم دوایە، قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و وەک هەر تۆمەتبارێکی دیکە مافە یاساییەکانیان پارێزراو دەبێت.
هاوڵاتى: بەرەی گەل داوا لە سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەكات، هەوڵی خۆیان بدەن بۆ دیاریكردنی چارەنوسی بێسەروشوێنانی شەڕەكەی لالەزار. بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەرەی گەل، ئەمڕۆ دوشەممە، شادمان مەلا حەسەن، سەرکردە لە بەرەی گەل سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستانی کردو لەلایەن مونا یاقو، سەرۆکی دەستە و هاوکارانی پێشوازی لێكرا. لە کۆبونەوەکەدا باس لە ڕەوشی گیراوان و بێسەروشوێنانی شەڕەکەی لالەزار كراوەو وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، شادمان مەلا حەسەن داوای لە سەرۆکی دەستە کرد هەوڵی بەردەوامی خۆیان بدەن بۆ دیاریکردنی چارەنوسی بێسەروشوێنان و باشکردنی ڕەوشی گیراوەکان و دادگاییکردنیان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە. بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا پەیامێك ئاراستەی کەسوکاری گیراوان ئەوانەی تاکو ئێستا چارەنوسیان نادیارە، كراوە كە پەیوەندی بە ناوەندەکانی دەستەی مافی مرۆڤ بکەن بۆ دیاریکردنی چارەنوسیان. لەلایەکى دیکەوە هەر ئەمڕۆ تیمی پارێزەرانی لە ئاسایشی سلێمانی لاهور شێخ جەنگیان بینیوە، بەڵام تا ئێستا كەسوكارو خوشك و براو خێزانەكەی نەیان بینیوە، بڕیارە هاوسەرەكەی بیبینێت. ماوەی (10) رۆژ بەسەر دەستگیركردنی لاهور شێخ جەنگی گرتنی لالەزاردا تێپەڕ دەبێت، ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار تیمی پارێزەرانی، كە لە چوار پارێزەر پێكهاتوون لاهور شێخ جەنگیان بینی، ئیفادەی لێوەرگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی تەواو بوووە. بە پێی بەدواداچوونەكان ئەمڕۆ هەریەك لە هیوا شێخ جەنگی و ئاواز شێخ جەنگی خوشك وبرای لاهور شێخ جەنگی رێگەیان پێنەدراوە لاهور شێخ جەنگی ببینن، تا ئێستا هاوسەرەكەشی نەیتوانی لاهور شێخ جەنگی ببینێت، هەرچەندە بە تەلەفۆن قسەی لەگةڵ كردووەو لەدەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە سلێمانی و بڕیارە بەم زووانە رێگەی پێبدرێت بیبینێت.
دوای 7 ساڵ، بکوژی رەحیم زەبیحی و کەیوان زەبیحیی برای لە زیندانی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە درا. ئەمڕۆ دووشەممە 1ی ئەیلوولی 2025 تەیب زەبیحی، کوڕی کەیوان زەبیحی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە 31-08-2025، بکوژی کەیوان زەبیحیی باوکی و رەحیم زەبیحیی مامی، لە گرتووخانەی ناوەندی سنە لەسێدارە درا. تەیب زەبیحی گوتی، "تاوانبار خزمێکی خۆمان بووە، ساڵی 2018 بەهۆی کێشەی داراییەوە باوکم و ماممی سووتاند و گیانیان لەدەستدا، بەڵام هەر زوو تاوانەکە ئاشکرا بوو و تاوانبار دەستگیرکرا، دواتر سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و دوێنێ سزاکەی جێبەجێ کرا." لە 07-12-2018 رەحیم زەبیحی و براکەی بەناوی کەیوان زەبیحی، لەناو ئۆتۆمبێلەکەیان بە سووتاوی دۆزرانەوە، سەرەتا گومان دەکرا کە رووداوی هاتووچۆ بێت، بەڵام دواتر دەرکەوت رووداوەکە بە ئەنقەست بووە. دوای 24 کاژێر ئەکبەر عەباس پوور، خزمی ئەو دوو برایە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا و دانی بە تاوانەکەیدا نا. بكوژەكە باسی لەوە کردبوو، "رۆژی رووداوەكە رەحیم زەبیحی و براكەی دەعوەت كردووە بۆ قاوەخانەیەك و لەوێ حەبی بێهۆشكەری پێداون، دواتر بۆ ماوەی یەك كاژێر بە دەوروبەری شاردا پیاسەی لەگەڵ كردوون و دوو براكەی لەناو ئۆتۆمبێلەكەیاندا بردووەتە شیوێكی كەناری رێگاكە و بەنزینی پێدا كردوون سووتاندوونی." رەحیم زەبیحی كوڕی (مستەقا زەبیحی) یەكێك لە كەسایەتی و بنەماڵە ناسراوەكانی شاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستانە. زەبیحی ساڵی 1971 لە شاری بانە لەدایكبووە، ئەو 20 ساڵ ئەزموونی كاركردنی هەبوو لە بواری دەرهێنان و سیناریۆدا. لە هەرێمی كوردستان رەحیمی زەبیحی زیاتر دوای دەرهێنانی درامای کۆمیدی "ماڵەكەی مەعرووف" ناسرا، كە بینەرێکی زۆری هەبوو لە هەرێمی کوردستان، هەردوو ئەکتەری کۆمیدی ماهیر حەسەن و ئەحمەد جۆڵا رۆڵی سەرەکییان لە درامەکەدا بینیوە.
ئەمڕۆ تیمی پارێزەرانی لە ئاسایشی سلێمانی لاهور شێخ جەنگیان بینیوە، بەڵام تا ئێستا كەسوكارو خوشك و براو خێزانەكەی نەیان بینیوە، بڕیارە هاوسەرەكەی بیبینێت. ماوەی (10) رۆژ بەسەر دەستگیركردنی لاهور شێخ جەنگی گرتنی لالەزاردا تێپەڕ دەبێت، ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار تیمی پارێزەرانی، كە لە چوار پارێزەر پێكهاتوون لاهور شێخ جەنگیان بینی، ئیفادەی لێوەرگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی تەواو بوووە. بە پێی بەدواداچوونەكان ئەمڕۆ هەریەك لە هیوا شێخ جەنگی و ئاواز شێخ جەنگی خوشك وبرای لاهور شێخ جەنگی رێگەیان پێنەدراوە لاهور شێخ جەنگی ببینن، تا ئێستا هاوسەرەكەشی نەیتوانی لاهور شێخ جەنگی ببینێت، هەرچەندە بە تەلەفۆن قسەی لەگةڵ كردووەو لەدەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە سلێمانی و بڕیارە بەم زووانە رێگەی پێبدرێت بیبینێت. هیوا شێخ جەنگی برا گەورەی لاهور شێخ جەنگی زانیارییەكانی پشتڕاست كردەوە كە ئەمڕۆ پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگیان بینیوە، بەڵام پۆڵاد و رێبوار و ئەوان پارێزەر نەیانی بینیوە، هیوا شێخ جەنگی ئەوەشی وت، كە ئەمڕۆ رێگەیان نەداوە خۆی و ئاوازی خوشكی لاهور شێخ جەنگی ببینن. وتیشی بەشێك لەو پارێزەرانەی كە لە هەولێرو لە كەناڵەكانەوە لێدوان دەدەن هیچ وەكالەتێكی لاهور شێخ جەنگیان نیەو رێگەپێدراویش نین بەناوی لاهورەوە قسە بكەن، ئێمە سوپاسیان دەكەین بەڵام ناتوانن بەناوی لاهور شێخ جەنگییەوە قسە بكەن و بنەماڵەكەشیان ئاگادار نین، دەتوانن وەك مافپەروەرێك قسە بكەن و بەرگری بكەن و ئێمە سوپاسیان دەكەین. لە كاتی گرتنی لالەزاردا: - 3 كارمەندی هێزە ئەمنییەكان كوژران - 19 كەس لە هێزە ئەمنییەكان برینداربوون - 12 كەس هێزەكەی لاهور شێخ جەنگی كوژران - 22 كەس لە هێزەكەی لاهور شێخ جەنگی برینداربوون - 162 كەس لە لالەزار دەستگیركران
ئاسۆ فەرەیدوون ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لە فراکسیۆنی یەکێتی، لەبارەی شەڕەکەی لالەزار چەند داوایەکی لە بافڵ تاڵەبانی هەیە و نووسیویەتی: رێگە بدەن بە پارێزەرانی (تۆمەتباران)ی لالەزار کە بیانبینن و بەرگریی یاساییان لێبکەن. دادگایی كردن لەو كەیسانە ئاشكرابن و یاسا سەروەر بێت و دەستێوردانی سیاسی نەبێت تاوەکو متمانەی هاووڵاتییانیش زیاتربێت بە دادگەكانمان. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو كاری جددی بكرێت كە كەناڵی زووم و كارمەندانی ئازادانە كاری خۆیان بكەن و كەلو پەل و ئۆفیسی كەناڵەكەیان بۆ بگەڕێنرێتەوە . دەقى نوسینەکە... نامەیەكی كراوە بۆ بەرێز / بافڵ جەلال تاڵەبانی سڵاو و رێزی بێ پایانم ... ساڵی ١٩٨٩ خوالێخۆشبووی خاڵم (موكەرەم تاڵەبانی) لەسەر ڕاسپاردەی حكومەتی ئەوكاتەی عێراق دەچێتە دەرەوەی وڵات بۆ بینینی خوالێخۆشبوان (مام جەلال) لەشاری لەندەن و (عەزیز محمد) لە شاری پراك ، بە مەبەستی دروستكردنی دەرچەیەك بۆ دانوستان لەدوای شاڵاوی ئەنفالی ساڵی ١٩٨٨ . هەر لەوسات و وەختەدا ئامۆزایەكمان بەناوی (پیرۆت تاڵەبانی) لەگەڵ كاك (كەمال شاڵی) لای حكومەتی عێراق دەسگیركرابوون و حوكمی لە سێدارەدانیان بۆ دەركرابوو ، (موكەرەم تاڵەبانی) داوای لێخۆشبوون و ئازادكردنی حوكمدراوەكانی لەلای رژێمی لەناوچوو كرد. سەدام حسێن : ئەم گیراوانە تۆمەتبارن یان تاوانبار ؟ موكەرەم تاڵەبانی : بێگومان لە دیدی تۆدا تاوانبارن ، بۆیە هاتووم داوات لێ ئەكەم لێیان ببوریت و بیانبەخشیت . لەپاشان ، ئازاد كران . *(لە بیرەوەریەكانی موكەرەم تاڵەبانیەوە) ( الأمثال تضرب و لاتقاس) لەو ڕووبەڕو بونەوەی شەوی ٢١/٢٢ مانگی ئاب ، لەبەردەم هۆتێل لالەزاردا سلێمانی شەوێكی ئێجگار سەخت و تاڵ و خوێناوی بەڕێكرد ، شەوێكی كەم وێنەبوو كەبە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو دانیشتوانی شاری سلێمانی نەیانبینیبوو . هەموو ئەوانەی لە شەوی ڕووبەڕوبونەوەكەی لالەزاردا دەستگیركران تۆمەتبارن هەتا تاوانەکانیان بەسەردا ساغدەبێتەوە ، وە باوەڕمان وایەكە كە دادگا تۆمەتەكان یەكلایی دەكاتەوەو بڕیاری كۆتایی ئەدات . لەسۆنگەی بەرپرسیارێتی و خەمخۆریەوە و بە حوكمی دۆستایەتی نێوانمان و وە بەو پێیەی جەنابتان جگە لەوەی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانن ، هاوكات هەڵگری ڕەگەزنامەی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیان ، كە بێگومان (ئیمتیازات)و ماف و ئەركی هەیە ، وەك پارێزگاری پێشووی پارێزگای سلێمانی و نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، داواكارم لە بەرێزتان : ١/ جەنابتان كەسی یەكەمی باڵادەستن لەم ناوچەیەو سەنگ و پێگەتان پەیوەستە بە خەڵك و دانیشتوانی ئەم شارەوە ، تكایە خەڵك و شاری سلێمانی ئاشت بكەنەوەو گرنگی بەو نیگەرانییەی خەڵكەكەی بدەن . ٢/لە شەوی ڕووبەڕوبونەوەكەی لالەزاردا چەندین كەس هەن كە ڕەنگە تەنها لە لالەزار بۆ بژێوی ژیان كاری ئاساییان كردبێت وە ئێستا دەستبەسەركراون و كەسوكارو خانەوادەكانیان لە دڵەڕاوكێی چارەنوسی كوڕو ڕۆڵەكانیاندان ، كە دەكرێت پەلە لە (لێكۆڵینەوە)كانیان بكرێت و بگەرێنەوە ناو كەسوكارو خێزانەكانیان ، ئەمەش رۆڵێكی گرنگی دەبێت بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە . ٣/ لەبەر هۆكاری قورسی ڕوبەڕوبونەوەكەی لالەزار، وون بوو و قوربانی و كوژراو لە ئەندامانی هێزەكەی لالەزاردا هەیە ، داواكارم چارەنوسیان ئاشكرابكرێت و ڕاستی مان و نەمانیان بە كەسوكار و خانەوادەكانیان بووترێت ، وە كار بۆ ڕەواندنەوەی خەمەكانی ئەوانیش بكرێت ، چونكە دواجار ئەوانیش ڕۆڵەو هاوڵاتی ئەم نیشتمانەن . ٤/ رێگە بدەن بە پارێزەرانی (تۆمەتباران)ی لالەزار کە بیانبینن و بەرگری یاسایان لێبکەن و دادگایی كردن لەو كەیسانە ئاشكرابن و یاسا سەروەر بێت و دەستێوردانی سیاسی نەبێت تا متمانەی هاوڵاتیانیش زیاتربێت بە دادگاكانمان. ٥/ كاری جددی بكرێت كە كەناڵی زووم و كارمەندانی ئازادانە كاری خۆیان بكەن و كەلو پەل و ئۆفیسی كەناڵەكەیان بۆ بگەڕێنرێتەوە . لەکۆتاییدا هەموو ئەو ڕوداوانەی کەلەڕابردوو ڕوویاندا ، متمانەو خەمخۆری و سەقامگیری لای تەواوی هاوڵاتیان لاوازدەکات ، جگە لە درووستبوونی تێڕوانینێکی نەرێنی دۆستەکانمان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا . سوپاس بۆ تێگەیشتنی جەنابتان. د.ئاسۆ فەرەیدوون علی ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
لێدوانی رۆژنامەوانی دوێنێ، 31ی ئابی 2025، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، هەڵمەتێكی تازەی لە دەستگیركردنی هاوڵاتیان ئەنجامداوە، جارێ نازانین تۆمەتەكانیان چین و گووتەبێژی ئاسایشی سلێمانیش لەبارەی هۆكاری هەڵمەتەكەیان روونكردنەوەمان ناداتێ. تۆڕی هاوپەیمانی 19، ناوی سیانی 9 هاوڵاتی بۆ دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و ئۆفیسی مافەكانی مرۆڤی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاریكاری عیراق (یونامی) ناردوو كە دوو لایەنی خەمخۆرن بۆ چاودێری مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، بە ئامانجی سۆراغی ئەو دەستگیركراوانە. تۆڕی هاوپەیمانی 19 نیگەرانە لە داخستنی دەرگای زانیاری لەبارەی كەیسی دەستگیركراوانی شەوی رابردوو بە تایبەت و كەیسی دەستگیركراوانی شەڕە خوێناوییەكەی گردی سەرچناری شاری سلێمانی لە 22ی ئاب. دوێنێ لە راگەیەندراوێكیاندا، بەرەی گەل ئاماژەی بەوە كردووە، ماوەی 10 ڕۆژە هێزەكانی یەكێتی بەردەوامن لە دەستگیركردنی لایەنگرانی بەرەی گەل. تۆڕی 19 كۆمەڵێك رێكخراو داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دایانمەزراندوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنیسپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگرێکی گەورە لە ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوونی شاری هەولێر کەوتەوە و بەرگریی شارستانیش دەڵێت؛ ئاگرەکە زیانی گیانی نەبووەو کۆنترۆڵکراوە. ئاگر لە شوقەکانی مامۆستایانی هەولێر لەسەر شەقامی 150 مەتری کەوتەوە، بەهۆی ئاگرەکەوە ژمارەیەک هاونیشتمانی زۆر زەرەرمەند بوون و ماڵ و حاڵیان بەتەواویی سوتاوە. بەپێى زانیاریەکانى پەیامنێری هاوڵاتى ئاگرەکە لە دووکانێکی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە کەوتووەتەوە و دەورووبەری گرتووەتەوە، هەرچەند تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن، بەڵام تا ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە، سەرباری ئەوەش زیانی گیانی لە ئاگرەکە نەزاندراوە. شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ توانراوە زۆر بە خێرایی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت. گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر دەڵێت؛ پشکنینی تەواو بۆ باڵەخانەکە کراوە و هاونیشتمانیان رزگارکراون و باسی لەوەشکرد؛ ئەو کەسانەی بەهۆی ئاگرەکەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون رەوانەی نەخۆشخانە کراون. ئەوەشی خستەڕوو؛ هۆکاری ئاگرەکە هێشتا دیار نییە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن، گومانیش دەکەن رووپۆشی باڵەخانەکە هۆکار بێت لەخێرا تەشەنەکردنی ئاگرەکە. باسی لەوەشکرد، لە ئەگەری بوونی هەر کەمووکوڕییەک لە یەکەی نیشتەجێبوونەکەدا رێکاری یاسایی دەگرنەبەر.
وەزارەتى دارایی لیستى خشتەی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانى بڵاوکردەوەو بەسێ ڕۆژ مووچە دابەشدەکرێت. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ( ٢ ی ئەیلولی ٢٠٢٥ ) دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕۆژی پێنج شەممە ( ٤ ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ ) کۆتایی بەدابەشکردنی مووچە دێت. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى دیکەى وەزارەتى دارایی ڕۆژی دووشەممە ( ٢٠٢٥/٩/١ ) بڕی ( ١،٠٠٧،٣٥٢،٠٠٠،٠٠٠) یەک ترلیۆن و حەوت ملیارو سێ سەدو پەنجاو دوو ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. سەرچاوەیەکى ئاگادار لەوەزارەتى دارایی ئەوەى خستەڕوو هەر ئەمڕۆ لیستى مووچە ڕادەگەیەنرێت و لەسبەینێوە بە ماوەى تەنها سێ ڕۆژ مووچەى سەرجەم فەمانبەرانى دەستەو وەزارەتەکانى حکومەتى هەرێم دابەشدەکرێت. پێشتریش تیمى هەژماری من ئەوەیان خستەڕوو دوابەدواى گەیشتنى تەواوى پارەى مووچە لەبەغداوە ئەو کەسانەی لە رێگەی پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە مووچە وەردەگرن، دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن دوای ئەوەی لە رێگەی کورتەنامەوە ئاگادار کرانەوە کە مووچە خراوەتە سەر هەژمارەکەیان. لە پڕۆژەی (هەژماری من)دا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 900 هەزار کەس خۆیان تۆمارکردووە و 540 هەزاریان کارتی بانکییان بۆ کراوە.