پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) زنجیرەیەک چالاکی و گردبوونەوەی جەماوەری لە دوو رۆژی داهاتوودا لە 20 شاری باکووری کوردستان و تورکیا ئەنجام دەدات. (دەم پارتی)، جەخت لە پاراستنی پرۆسەی ئاشتی لە هەر هەوڵێکی قۆستنەوەی سیاسی ناوخۆیی یان لادان لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی دەكاتەوە. دەم پارتی، لە بەیاننامەکەدا رایگەیاندووە:هەنگاوەکان بەرەو چارەسەری دیموکراسی نابێت تەنها لە کاری لیژنە پەرلەمانییەكەدا كورت بكرێتەوە، بەڵکو پێویستی بە بەشداریی فراوانی دامەزراوە جیاوازەکان هەیە، لە پێشیانەوە، رێکخراوەکانی پارێزەران، لە ڕێگەی پێشنیازەکانی پەیوەست بە دادپەروەری راگوزەرو بەهێزکردنی ئازادی رادەربڕین و، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و، پێداچوونەوە بە چەمکی هاوڵاتیبون لەسەر بنەمای یەکسانی و گشتگیری. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: ئەم نزیكبونەوانە نمایندەی بەهایەکی مێژوویی دەکەن کە دیدگای ئەمنی بۆ پرسی کورد تێدەپەڕێنێت و هەوڵدەدات رەگ و ریشەی کێشەکە چارەسەر بکات و، ژینگەیەکی لەبار بۆ چارەسەرێکی هەمەلایەنەی دیموکراسی دروست بکات. راشیدەگەیەنێت: دانیشتنەکانی ئەم دواییەی لیژنەكەی پەرلەمان بەشدارییان کردووە لە چەسپاندنی گوتارێک کە لەسەر بنەمای دیالۆگ و گەڕان بەدوای چارەسەرەکاندا بێت، جەختیش دەكاتەوە، جیاوازییەكانی کۆمەڵگا سەرچاوەی دەوڵەمەندی و بەهێزین و، زمانی خەڵک دەبێ پردی ئاشتی بن نەک ئامرازی دابەشبوون.
نێردەی تایبەتی ئەمریكا لە سوریا دەڵێت، هەسەدە بەشێك نییە لە پەكەكە و هاوپەیمانێكی سەرەكی ئەمریكایە و پاڵپشتی گفتوگۆی مەزڵوم كۆبانێ و هاكان فیدانیش دەكەن. تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا رایگەیاند، گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا و لێپرسراوانی تری ئەو وڵاتە هەیە و وەك ئەمریكاش پاڵپشتی ئەو گفتوگۆیانە دەكەن. وتیشی، توركیا هاوپەیمانێكی سوریایە، بەڵام روبەڕوی پەكەكە و هەسەدە دەبێتەوە، هەسەدەش لە شەڕی دژی داعشەوە هاوپەیمانێكی سەرەكی ئەمریكایە و ئەو ئاڵۆزییەش سەرئێشە بۆ ئەمریكا دروست دەكات. باراك ئاماژەی بەوەشكرد، پەیوەندی و ململانێی توركیا و هێزە كوردییەكانی سوریا سەرەڕای ململانێ و ناكۆكی قوڵی نێوانیان، بەڵام دەرخەری ئەو راستییەیە كە هەموو ئەگەرێكی گفتوگۆ كراوەیە بۆئەوەی خوێنی زیاتر نەڕژێت. دەشڵێت، ئەحمەد شەرع كێشەی ناوخۆیی گەورەی هەیە و دروزەكان و كورد و عەلەویەكانیش خاكیان دەوێت، لە كاتێكدا ئەو سورە لەسەر حكومەتێكی ناوەندیی لە سوریا.
سێ رۆژە ئاگر لە دارستانەکانى پێنجوێن کەوتووەتەوە و بەهۆى ئاگرەکەوە زیاتر لە هەزار و 500 دۆنم لە پووش و پاوان و دارستانى ناوچەکە سوتاون. بەهۆى تەقەمەنی پاشماوەکانى جەنگى عێراق - ئێرانیش پێشنیوەرۆى ئەمڕۆ تواندراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵبکرێت بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی ناوچەکە دەڵێت، "تەندروستیی بریندارێک ناجێگیرە." هێمن ئیبراهیم، قایمقامی پێنجوێن ڕاگەیاند، بەشێکى زۆرى ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە و بەشێکى کەمى ماوە کە بەهۆى مین و پاشماوەى جەنگییەوە نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەن. ئاماژەى بەوەشکرد، بەدرێژایى شەوى رابردوو تیمەکانى پۆلیسى دارستانى سلێمانى، سەیدساق، شارەزوور، پێنجوێن، رێکخراوى ملەکەوە و ژمارەیەک لە هاونیشتمانیان لە ئەرکدابوون بۆ کۆنترۆڵکردنى ئاگرەکە و هیواشى خواست لە چەند کاتژمێرى داهاتوودا ئاگرەکە کۆنترۆڵبکەن. لە بارەى هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکەش، هێمن ئیبراهیم، گوتى، تاوەکو ئێستا هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە رووننەبووەتەوە بەڵام پەراوى لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و دواى کۆنترۆڵکردنى ئاگرەکە لێکۆڵینەوەکان دەستپێدەکەن. لەلایەکى دیکەوە سەردار ئەحمەد، بەڕێوبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەزای پێنجوێن ئەمڕۆ شەممە وتى، "نزیک کاتژمێر دەى ئەمڕۆ ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ کرا ئاگرەکە چیاکانی سنووری قەزای پێنجوێنی لە پارێزگای سلێمانی گرتبووەوە، لەوانە چیای کچێ، نزارا و کێلوو. لە ماوەى دوو رۆژى رابردوودا بەهۆى ئاگرەکە دوو هاونیشتمانى کە تیمى خۆبەخشبوون برینداربوون و رەوانەى نەخۆشخانە کراون و بەگوێرەى زانیارییەکان، یەکێک لە هاونیشتمانییەکان زیاتر لە 70%ى جەستەى سوتاوە و دۆخى تەندروستى جێگیرنییە. 17ی ئەم مانگە لە رووداوێکی هاوشێوەدا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، ژینگەپارێزێک و پۆلیسێکی دارستان گیانیان لەدەستدا و شەش کەسیش بریندار بوون.
هێلیکۆپتەرێکی فریاگوزاریی هاتوچۆی سلێمانی لە چیای ئەزمڕ کەوتەخوارەوە و لێپرسراوی تیمی فڕۆکەوانیی سلێمانی و ئەفسەرێکی هاتوچۆ برینداربوون. هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، پاش ئەوەی ئۆتۆمبێلێک لە چیای ئەزمڕ کەوتەخوارەوە بەوهۆیەوە شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا، راستەوخۆ دوای ڕووداوەکە بەهۆی سەختیی شوێنەکەوە هێلیکۆپتەرێکی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ دەچێت تەرمەکەی بهێنێتەوە، بەڵام هێلیکۆپتەرێکە دەکەوێتەخوارەوە و دوو سەرنشینەکەی برینداردەبن. بەختیار محەمەد، گوتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی وت، تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە. تەرمى شۆفێرەکە لە پزیشکی دادە و بریندارەکانیش لە نەخۆشخانەی شار چارەسەریان بۆ دەکرێت. لەلایەکى دیکەوە هاتوچۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت لە کاتی هەوڵدان بۆ رزگارکردنی شۆفێر و سەرنشینانی ئۆتۆمبێلێک کە بە رووداوی هەڵدێران لە شاخی هەڕووتە کەوتبووەخوارەوە، هێلیکۆپتەرێکی فریاگوزاریی سلێمانی بەهۆی هەڵەی تەکنیکییەوە کەوتەخوارەوە. یەکێک لە بریندارەکانی هێلیکۆپتەرەکە عەمید حسێن فەیزوڵا، لێپرسراوی تیمی فڕۆکەوانیی سلێمانییە و بریندارەکەی دیکە ئەفسەرێکی هاتوچۆیە و تەندروستیی هەردووکیان جێگیرە. چۆنیەتیی رووداوەکە لە زاری یەکێک لە کەسوکاری قوربانییەکە ئەحمەد رەسوڵ لە دایکبووی 1973ـیە، شەوی رابردوو پاش تەواوبوونی لە کارەکەی لە یەکێک لە تاوەرەکانی چیای ئەزمڕ، دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و تووشی رووداوی هاتوچۆ دەبێت، ئەوە بەگوێرەی گێڕانەوەی قودسی ئیسماعیل، کە کەسوکاری قوربانییەکەیە. قودسی ئیسماعیل دەڵێت، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی کاتژمێر 12.00 ئاشكرابوو لە چیای هەڕووتەی ئەزمڕ بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە کەوتووەتەخوارەوە و گیانی لەدەستداوە. دەشڵێت، لەبەر سەختیی شوێنی کەوتنەخوارەوەی ئۆتۆمبێلەکە، پاش هەماهەنگی لەنێوان ئاسایش و پۆلیس و هاتوچۆی سلێمانی، بڕیاردرا بە هێلیکۆپتەر تەرمەکە بهێننەخوارەوە، بەڵام هێلیکۆپتەرە فریاگوزارییەکە لەکاتی نیشتنەوەدا بۆ هاریکاری وهێنانەوەی تەرمی هاونیشتمانییەکە کەوتووەتە خوارەوە. پاش وەرگرتنەوەی تەرمی هاونیشتمانیەکەش لە پزیشکی داد، کەسوکارەکەی راستەوخۆ دەیبەن بۆ گۆڕستانی گوندی خەمزە و لەوێ بەخاک دەسپێردرێت.
بەلەمێکی گواستنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە کەناراوەکانی مۆریتانیا ژێرئاو کەوت و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم، 49 کەس گیانیان لەدەستداوە. بەرپرسێکی باڵای هێزی پاسەوانی دەریایی مۆریتانیا کە نەیویستووە ناوی بهێنرێت لەوبارەیەوە رایگەیاند، جگەلە گیانلەدەستدانی 49 کەس، هاوکات نزیکەی 100 کەسیش بێسەروشوێنن. ئەو بەرپرسەی مۆریتانیا ئاشکراشیکرد، بەلەمەکە 160 کۆچبەری نایاسایی لەسەر بووە، کە زۆربەیان خەڵکی سینیگال و گامبیا بوون. گوتیشی، هێزەکانیان توانیویانە تەنیا 17 کەس لە مردن رزگاربکەن و گەڕان و پشکنین بەدوای ونبووەکاندا بەردەوامە. ساڵی رابردوو، مۆریتانیا رێککەوتنی پەنابەرانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا واژۆکرد و بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، رێگە لە پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی دەگرێت و لە بەرامبەردا 210 ملیۆن پاوەند وەردەگرێت. بەگوێرە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش لەو وڵاتە، لەچوارچێوەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئەوروپا تەنیا مانگی ئازاری ئەمساڵ هەزار و 200 پەنابەر لە مۆریتانیاوە دیپۆرتکراونەتەوە. سەرەتای ئەم هەفتەیەش، هەڵمەتێکی گرتن و دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانیان دەستپێکرد و تاوەکو ئێستا سەدان کۆچبەری نایاسایی لە کەناراوەکاندا دەستگیرکراون.
شاندی ئیمرالی کە دوێنێ بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆبووەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو دەڵێن ورە و تەندروستییەکی زۆر باشی هەیە ئاپۆ ڕایگەیاند، "کۆمەڵگەی دیموکراسی، ئاشتی و یەکگرتن سێ چەمکی سەرەکی ئەم پرۆسەیەن". عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاندووە: "کێشەکەی ئێمە وەک برینێکی قووڵ بووە کە پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی تایبەت هەیە و بەو هەستیارییە پڕۆسەکەیان تائێستا بەڕێوە بردووە." هاوکات رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەڵێت: "ئامانجمان ئەوە بوو کە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ کۆتاییهێنان بە پڕۆسەیەکی پڕ ئازار." لە کۆتایی شاندەکە باس لەوە دەکەن کە ئۆجەلان، "دووبارە جەختی لەسەر باوەڕی گەورەی بە دۆستایەتی هەمیشەیی و ئاشتیی نێوان گەلان کردەوە." لێدوانی شاندی ئیمرالی بەم شێوەیەیە: "بۆ ڕۆژنامەگەری و جەماوەر." لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٥ لەگەڵ کاک ئۆجالان لە ئیمرالی کۆبوونەوەیەکی سێ کاتژمێریمان ئەنجامدا، کاک ئۆجالان تەندروستییەکی نایاب و ڕۆحی بەرز بوو. لە میانی دیدارەکەدا هەڵسەنگاندنێکی گشتگیری بۆ قۆناغەکانی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی کرد و بارودۆخی ئێستای کرد. ئەو ڕایگەیاند کە ئەو کێشەیەی ئێمە تووشی بووین ئەوەندە گەنگرین بووە کە پێویستی بە دەستێوەردانی نەشتەرگەری تایبەتمەند هەبووە، و ئەوان بەو وردبینییە وردە پرۆسەکەیان بەڕێوەبردووە بۆ ئەوەی بیگەیەننە ئەم ئاستە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجمان ئەوە بوو هەموو شتێک لە تواناماندا بکەین بۆ کۆتاییهێنان بەم پرۆسەیە بە ئازارە. ناوبراو ڕایگەیاند کە کۆمەڵگەی دیموکراسی و ئاشتی و یەکگرتن سێ چەمکی سەرەکی ئەم پرۆسەیەن و ئەنجامەکان تەنیا لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت. جەختی لەسەر پێویستی قۆناغێکی نوێ کردەوە کە تێیدا هەنگاو بەپەلە لەسەر هەموو ڕەهەندەکان بنرێت. ئۆجالان ئاماژەی بەوەدا کە حەزی ئەو هەمیشە بۆ یەکگرتن بووە لەسەر بنەمای کۆمارێکی دیموکراسی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و تێگەیشتن و ئامێزگرتنی ئەم هەنگاوە ستراتیژییە سوودی بۆ هەموومان و هەموومان بۆ تورکیە دەبێت. ڕوونە کە سادەکردنەوە یان نەزانینی ئەم هەڵبژاردنە لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی بازنەی سیاسی و ڕۆژنامەوانییەوە زیان بەم پرۆسەیە دەگەیەنێت. هەر بەم بۆنەیەوە جارێکی دیکە باوەڕی گەورەی خۆی بە دۆستایەتیی هەمیشەیی و ئاشتی نێوان گەلان دەربڕی. لەگەڵ ڕێز و ڕێزدا شاندی ئیمرالی پارتی دیموکرات
هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، جەخت لە گرنگی لە گرنگی ئاشتەوایی یەپەگە لەگەڵ دیمەشق دەكاتەوەو دەڵێت: زۆر حزبی کوردی سوریا هەن دۆستی تورکیان و دەیانەوێت هاوکاری تورکیا بکەن. هاکان فیدان، لە چاوپێكەوتنێكدا لە گەڵ کەناڵی (TGRT News) رایگەیاند: لە هەموو شتێک گرنگترە ئەوەیە یەپەگە لەگەڵ دیمەشق ئاشتەوایی بکات، هەمووان پێکەوە سوریایەکی نوێ دابمەزرێنن، یەک هێزی چەکدار هەبێت، رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی ناسنامە و زمانی گروپەکان جیاوازەكان و نوێنەرایەتی یەکسانیان لە ئیدارەدا هەبێت، ئەمەیە ئەوەیە كە ئێمە داوای دەكەین. فیدان وتیشی: کاتێک ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەمەش تا دێت روونتر دەبێتەوە، کاتێک مافی گەلانی دەرەوەی سنورەکانمان كە هاوبەشی برایەتیمان هەیە لەگەڵیان، بەتایبەتی کوردو تورکمان و عەرەب، دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەوە بەرپرسیارێتی و ئەرکی مێژوویی ئێمەیە دەستی هاوکاریان بۆ درێژ بکەین و هێزێکی کاریگەر بین بۆ پاراستنی سیستم و ئاسایش، ئەمە ئەرکی ئێمەیە بەرامبەر بە خوشک و براکانمان. وەزیری دەرەوەی توركیا لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد: تەنها یەپەگە نییە لە سوریا؛ زۆر حزبی کوردی لە سوریا هەن دۆستی تورکیان و دەخوان هاوکاری تورکیا بکەن، چەند رۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ هاوکارەکانمان کۆبونەتەوەو وتویانە، ئێمە دەچینە ئەنقەرە، بۆ ئەوەی ئەنقەرە بێت و هاوکارمان بێت، ئەمە خاڵێکی گرنگە، ئێمە پشتگیری لە چالاکییەکانی ئەو لایەنانە دەکەین کە کێشە بۆ کەس دروست ناکەن.
بولەنت ئارنچ، سەرۆکی خولی 22ی پەرلەمانی تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە وەک ئەوەی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ئاماژەی پێ دابوو دەبێت کار بە پێدانی مافی هیوا بکرێت و دەڵێت: "نابێت بیر لەوە بکەینەوە کێ لەوە سوودمەند دەبێت، 10 ساڵ بەسەر ئەم بڕیارەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپادا تێپەڕیووە". بەمەبەستی وەرگرتنی بۆچوون و پێشنیازەکانیان سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی، لیژنەی هەماهەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی بۆ حەوتەمین جار کۆبووەوە و میوانداریی سەرۆکانی پێشووی پەرلەمانی تورکیای کرد. بولەنت ئارنچ، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی تورکیا گوتی، بە دڵنیاییەوە پێویستە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە پێدانی مافی هیوا جێبەجێبکرێت، چونکە 10 ساڵی تەواوە دادگای ئەوروپا ئەو بڕیارەی داوە و جێبەجێنەکراوە. لە ئازاری 2014 دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا داوای لە تورکیا کرد، رێکخستنەوەی یاسایی ئەنجامبدات و مافی هیوا بە عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە بدات. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەش لە سەرەتای بانگەوازەکانی لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، داوای کرد ئۆجەلان، پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە و سوود لە مافی هیوا وەربگرێت. ئارنچ داواشی کرد، وڵاتەکەی بڕیارەکانی دیکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووریی تورکیا جێبەجێبکات. لە حاڵەتی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەدا، پێویستە هەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە ئازادبکرێن. ئارنچ ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە لیژنە پەرلەمانییەکە هاوشێوەی هەنگاوەکەی باخچەلی، هەنگاوی بوێرانە بنێت و پێشنیاز بۆ هەموارکردنەوەى ژمارەیەک یاسا بکات. سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان گوتیشی، لێبوردنی گشتیی هەنگاوێکی پێویستە و تورکیا پێویستی بەوەیە، دەستوورێکی ئازادیخوازانە دابنێت. ئارنچ باسی لە سەردەمی سیاسەتکردنی لەگەڵ لەیلا زانا، خەتیب دیجلە و ئۆرهان دۆغان کرد و گوتیشی، پێویستە ئەو سیاسییانەی روویان لە دەرەوەی تورکیا کردووە، بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە هیکمەت چەتین (1997-1999)، عومەر ئیزگی (2000-2002)، بولەنت ئارنچ (2002-2007)، کۆکسال تۆپتان (2007-2009)، مەهمەت عەلی شاهین (2009-2011)، جەمیل چیچەک (2011-2015)، ئیسمەت یەڵماز (1ـی تەمموزی 2015-17ی تشرینی دووەمی 2015)، ئیسماعیل کاهرەمان (2015-2018)، بینالی یڵدرم (2018-2019) و مستەفا شێنتۆپ (2019-2023) سەرنج و بۆچوونەکانی خۆیان خستەڕوو. هیکمەت چەتین ئاماژەی بەوەدا کە لەم قۆناغەدا زەحمەتە لێبوردن بۆ ئەو گەریلایانە دەربچێت چەکیان بەکارهێناوە و گوتی: "نزیکەی 15-20 چەکداری پەکەکە دەتواندرێت ڕەوانەی وڵاتی سێیەم بۆ نمونە سوید، نەرویج، دانمارک و وڵاتانی باشووری ئەفریقا بکرێن". عومەر ئیزگی جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر پێویست بکات پەرلەمان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازی یاساکان هەموار بکاتەو ە دەستور بگۆڕێت، بەڵام نابێت دەست بۆ سێ مادە نەگۆڕەکەی دەستوور و مادەی شەشی دەستور ببدرێت، دەڵێت: "دەکرێت مادەی 66ـی دەستوور بگۆڕێت کە دەڵێت هەر کەسێک لەسەر خاکی تورکیا بژی و هاوڵاتی تورکیا بێت، تورکە". عومەر ئیزگی هاوکات باسی لەوەشکرد هەر گەریلایەک بەشداریی لە چالاکی چەکداریدا کردبێت لە بەرامبەر تورکیا دەبێت سزای ئەنجامدانی ئەم کارەی بدات. بولەنت ئارنچ سوپاسی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپەی کرد بۆ دەستپێشخەرییەکەی و پشتیوانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیای بۆ دەستپێشخەرییەکە بە گرنگ زانی و ستایشی ڕۆڵی دەم پارتیشی کرد بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە و نیشاندانی نیازپاکی خۆی و دەڵێت: "ئەگەر بەم بوێرییە زۆرەوە باخچەلی دەستپێشخەرییەکەی پێشکەش نەکردبووایە، ئێستا نەدەگەیشتینە ئەم قۆناغە". بولەنت ئارنچ سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە پرسی کورد بە قسەی هەستبزوێن چارەسەر ناکرێت و هێشتا بەشێک لە سەرۆک شارەوانی و پەرلەمانتارانی کورد لە زینداندان و دەڵێت: "پێویستە زەمینە بۆ هاتنەوەی ئەو سیاسییە کوردانەیش خۆش بکرێت کە بە هۆی گوشارەکانەوە تورکیایان جێ هێشتووە".
هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بگاتەسلیێمانى و بەشدارى کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکرات بکات و دواتریش لەگەڵ بافڵ تاڵەبانى کۆببێتەوە، بەڵام ئەو سەردانە ئەنجامنەدراو هیچ بەرپرسێکى باڵاى پارتیش لەکۆنفرانسەکە ئامادەنەبوون. ئەمڕۆ دووەم رۆژی کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو کە چەندین سەرکردەی ناوخۆیی و جیهانی تیادا بەشداربوون. پێشتر لەمیدیاکان وابڵاوکرایەوە ئەمڕۆ بۆ بەشدارى لەو کۆنفرانسە شاندێکى باڵاى پارتى بەسەرۆکایەتى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم بگاتە سلێمانى، بەڵام ئەو سەردانە ئەنجامنەدراو تائیستاش بەفەرمى هیچ زانیارى وڕونکردنەوەیەک لەوبارەیەوە نەدراوە. لەیەکێک لە بانێڵەکانى ئەمڕۆدا بریاربوو هۆشیار زێباری یەکێکبێت لە پانێڵیستەکانی کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکرات لە سلێمانی، بەڵام ناوبراو بەشدارینەکردو ئامادەنەبوو، هیچ ڕونکردنەوەیەکیشى نەداوە. ئەمڕۆ هەریەکە لە فەرید زەهران، سەرۆکی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی و عەبدول لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتاریان پێشکەشکرد.
ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە پێویستە کورد بەشێک بن لەسوریاى نوێ و بەشداربن لەپرۆسەى سیاسى، دەمانەوێت شەریکى ڕاستەقینەبین لەحکومەتى دیمشق. لەپانێڵێکدا لە دووەم رۆژی کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت ساڵح موسلیم ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراسی (پەیەدە) وتارێکى پێشکەشکردو باسى بارودۆخى سوریا و پرسى ئاشتى و ئۆجەلان و چەند بابەتێکى دیکەى کرد. لەبەشێکیدا وتى: هەموو پێکهاتەکان دەیانەوێت شەریکى بڕیاردانى سیاسى و بڕیاربەدەستبن لەحکومەتى دیمشق، دەمانەوێت شەریکى ڕاستەقینەبین لەحکومەت، دەڵێت: پێویستە کورد بەشێک بن لەسوریاى نوێ و بەشداربن لەپرۆسەى سیاسى، دەمانەوێت شەریکى ڕاستەقینەبین لەحکومەتى دیمشق. ساڵح موسلیم هێماى بۆ ئەوەکرد کە لەئیدلب و ناوچەکانى دیکە گروپەکان و پاشماوەکانى داعش کۆبونەتەوەو هەوڵى ئەوەدەدەن لەناومان ببەن. وتیشى: داعش و گروپەجیهادى و سەلەفیەکان نایانەوێت سەقامگیرى لەسوریاو ڕۆژئاواى کوردستان هەبێت. ساڵح موسلیم ئەوەشى خستەڕوو بەرەو ڕۆژهەڵاتێکى نوێ هەنگاودەنێین، داعش و گروپەکانى دیکەش هێشتا هەڕەشەن و ڵاتانى دیکەیان لەپشتە، هەوڵدەدەن ئەزمونەکەمان لەڕۆئاواى کوردستان سەرکەوتوونەبێت. ناوبراو دەشڵێت: فەلسەفەى ئۆجەلانمان جێبەجێکردو قوربانیماندا، توانیمان نمونەیەکى نوێ لەسوریا پێشکەش بکەین، وتى: ئەزموونێکى نوێمان هەیە کەهیچ کەسێک پێشبینى نەدەکرد ئەوە ڕووبدات. بەشێکى دیکە لە قسەکانى ساڵح موسلیم، لە كۆنفرانسی هاوپەیمانی سۆشیال دیموكراتی وڵاتانی عەرەبی: ــ لە رۆژئاوای كوردستان ئەزمونێكی ناوازەمان هەیە. ــ روبەڕوی گروپی جیهادی سەلەفی بوینەتەوە. ــ توانیومانە بەگری لە پرۆژەكەمان بكەین و سودمان فەلسەفەی ئۆجەلان كردووە. ـ ـلە رۆژهەڵاتی سوریا مۆدلێكی دیموكراسی ناوازەمان بۆ پێكەوە ژیان دروستكردووە. ــ ئەزمونی ئێمە ئەزمونێكی تایبەتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەت لە ناوچەیەكی وەك سوريا كە زۆر كەس چاوەڕێی نەدەكرد. ــ لەگەڵ هەموو ئەو گەمارۆ و هێرشانەی كراوەتە سەر ژێرخانی ناوچەكانمان لەلایەن توركیاوە، بەڵام بە یەكێتی و یەكگرتویمان خۆڕاگرین. ـ ئێمە دەمانەوێت هاوبەشی راستەقینەبین لە رەنگرێژكردنی ئایندەی وڵاتەكەمان بین. ـ ئەو ناناوەندییەی ئێمە دەمانەوێت دەكرێت پرۆژەی ئاشتی بێت بۆ سوریاو ناوچەكەش. ـ ئێمەش هەموو شێوازەكانی ئەو كۆمەڵكوژیانەمان بینیوە كە روبەڕوی فەلەستینیەكان بووەتەوە .
پەیامنێرى هاوڵاتى ڕایگەیاند لەدانیشتنى ئەمڕۆدا دادگاى سلێمانى جارێکى دیکە پرۆسەى دادبینیی شاسوار عەبدولواحیدى دواخست بۆ 02-09-2025. ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ـی ئابی ٢٠٢٥، دوای زیاتر لە دوو هەفتە لە دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەمڕۆ دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، هاوڵاتیانیش بۆ پشتیوانی سەرۆکی جوڵانەوەکە لەناو دادگای سلێمانی ئامادە بوون. پەیامنێری هاوڵاتیش رایگەیاند، دادگای سلێمانی بۆ جاری دووەم دادگاییکردنی سەرۆکی جوڵانەوەکەی بۆ سێشەممە ٢ـی ٩ دواخست. شەوی ١٢ـی ئەم مانگە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەلایەن هێزێکی پۆلیسەوە لەماڵەکەى خۆى لەسلێمانى دەستگیرکرا. پێنجشەممە ٢١ـی ئابی ٢٠٢٥، دواى نۆ رۆژ لە دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بردرایە بەردەم دادگا و وتەی لێوەرگیرا، ناوبراو لەبەردەم دادوەر سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کرابوون رەتکردەوە. چەند رۆژێک لەمەوبەر، کوردەوان جەمال سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لەپەرلەمانى کوردستان، ڕایگەیاند: دایکى و هاوسەرەکەى بینیویانەو بارودۆخى تەندروستى تێکچووە، بەڵام بەهۆى ئەوەى رێگرى دەکرێت و چاودێرییەکى وردو پاسەوانیەتێکى زۆرى لەسەرە نەتوانراوە بیبین. بەڵام دوابەدواى ئەوە پۆلیس ئەو قسانەى ڕەتکردەوە، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی سلێمانی، ڕاگەیاند، دەنگۆی تێکچوونی رەوشی تەندروستی شاسوار عەبدولواحید ناڕاستە، لە ئێستادا ناوبراو لە بەڕێوەبەرایەتی گرتن و گواستنەوەی سلێمانییە و رەوشی تەندروستی جێگیرە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئابیئ 2025، وەزارەتی پەروەردە نووسراوێکی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، زاخۆ، سۆران و ڕاپەرین، خوێندنی کوردی لە کەرکووک کردووە و ڕۆژی دەستبەکاربوونەوەی مامۆستایانی دیاریی کرد. لە نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، ڕۆژی دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025، ڕۆژی دەستبەکاربوونەوەی 'موباشەرە'ـی مامۆستایانی ناوەندەکانی خوێندنی حکوومیە. ئاماژە بەوەکراوە، ئەو مامۆستایانەی وەکوو چاودێر لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیین، هەمان ڕۆژیان بۆ دەستبەکاربوونەوە بۆ هەژمار دەکرێت.
لەرۆژی دووەمی کۆنفراسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبییە لە سلێمانی بافڵ تاڵەبانى دەردەکەوێت و بۆیەکەمجارە دواى ڕوداوەکە قسەدەکات. لەو کۆنفرانسەدا سەرۆکى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان وتارێکى پێشکەش کردو تیایدا دەڵێت: وڵاتانى ئەوروپا چۆن ڕویان دێت و جورئەتیان هەیە باسى مافى دیموکراسیمان بۆ بکەن لەکاتێکدا دەبینن چى لەغەززە ڕوودەدات. لەبەشێکى قسەکانیدا وتیشى: ستەم و تۆقاندن لەفەلەستین ڕودەدات، گرژى و شەڕەکانى ناوچەکە، سیماى ناوچەکەى تێکدا. وتیشى: "هەموو گرژییەکان دەکرێت بە ئاشتی و دیموکراسی چارەسەر بکرێن." سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی وتیشى: ئێمە لە چوار رێیانێکی گرنگ و هەستیاردا کۆبووینەتەوە و کاتێک دیموکراسی گەشە دەکات پرد دروستببێت لەنێوان وڵاتان". بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبەشێکى دیکەى وتارەکەى دەڵێت: تاوەکو دێت ئێش و ئازاری خەڵک لە غەززە زیاتر دەبێت و وڵاتانی رۆژئاوا چۆن روویان دێت باسی دیموکراسی بکەن لەکاتێکدا دەبینین چی لە غەززە روودەدات". بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەشی گوت، "دەزانین باجی شەڕ چییە و دەشزانین خەڵاتی ئاشتی چییە". بەشێکى دیکە لەقسەکانى بافڵ تاڵەبانى: ـ سلێمانی شارێكە مێژوویەكی پڕ شانازی هەیە لە دیموكراسی و روانینێكی ناوازە بۆ ژیان. ـ بۆچوونە جیاوازەكان لە شاری سلێمانیدا بەشێوەیەكی ئازادانە گوزارشتی لێدەكرێت. ـ گرژی و شەڕەكان سیمای ناوچەكەی تێكداوە. ـ تاكڕەوی و توندڕوی بووەتە هۆی پاشكشێكردنی دیموكراسی. ـ چۆن دەكرێت وڵاتانی ئەوروپا رێگە بەو دڕندەییە بدەن ئەمڕۆ لە فەلەستین دەكرێت، لەكاتێكدا بانگەشەی دیموكراسی دەكەن. ـ ئێمە لە كوردستان چەندین دەیە قوربانیبوین و زۆربەباشی لە ماناكانی جەنگ و جیاكاری تێدەگەین. ـ خەڵك لێرە لەم ناوچەیە هەوڵدەدات هەمیشە خاوەن هیوابێت. ـ پێویستە پێكەوە كاربكەین و پەیامی و ئاشتی و برایەتی بە جیهان بگەیەنین. ـ ئێمە دەبێت خۆمان یەكلایبكەینەوەو تەنها قسەمان نەبێت دەبێت كردارمان هەبێت.
شاندەکەی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە بەڕێکەوتن بۆ ئیمراڵی پێکدێن لە؛ پەرلەمانتاری وانی دەم پارتی پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری ڕحای دەم پارتی میدحەت سانجار و پارێزەر لە نووسینگەی یاسایی سەدە فایەق ئۆزگوور ئەرۆڵ. ئەم دیدارە کە بڕیارە ئەمڕۆ لە ئیمراڵیی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجام بدرێت، یەکەم دیداری ئیمراڵییە لە دوای پێکهێنانی 'کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی'. چاوەڕوان دەکرێت لە دیدارەکەدا، ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی کاروبارەکانی کۆمیسیۆن و قۆناغەکانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پەیامی گرنگ بداتە شاندەکە. ئەنجامدانی ئەمدیدارەش لە کاتێکدایە، نزیکەی یەک مانگ بەسەر کۆتا دیداری ئیمرالی و دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا تێپەڕدەبێت. سەردانەكەی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی دوای دێت، تونجەر باكرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە چەند رۆژی رابردودا وتارێكی توندی داو وتی: لە ٢٥ی تەمموزەوە کۆبونەوەکانی نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان و شاندی ئیمرالی لە زیندانی ئیمرالی لە پاشەكشێدان و رایگەیاند: ئایا دەرگاکانی زیندانی ئیمرالی تەنها كەرەستەیەكە لە دەستتدا؟ مانگێک بیکەیتەو و دواتر بۆ مانگی داهاتوو دایبخەیت، ئایا بەم شێوەیە پشتگیری ئەم پرۆسەیە دەکەیت؟ ئایا بەم شێوەیە بە ئاشتی دەگەین؟ ئەم داخستنە بۆ ماوەی مانگێک خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی ناکات.
وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٢٠ ملیار داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی حوزەیران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى داایی پارەکەش بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. پێشتر چەند جارێک وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم جەختى لەسەر ئەوەکردوە کە بۆ ناردنى ١٢٠ ملیار دینارەکە هیچ کێشەیەکیان نییەو ئامادەیە. رۆژی 26ـی ئابی 2025، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا، مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت. هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە کارەکانی لێژنە پێکهێندراوەکان تایبەت بە چارەسەرکردنی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و مووچە بەردەوام بن. لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەنیا یەک مووچەیان وەرگرتووە؛ دوایین جار 24ـی تەممووز بوو کە مووچەی مانگی ئایار نێردرا و رۆژی دواتر دابەشکرا. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى دارایی داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی حوزەیران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ. ڕۆژی پێنج شەممە ( ٢٨ ی ئابی ٢٠٢٥ ) داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیرانی ساڵی ( ٢٠٢٥ ) کە بڕەکەی (١٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سەدو بیست ملیار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.