رۆژنامەی "الشرق الاوسط": سیپان حەمۆ، فەرماندە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، پێشنیازی پێکهێنانی ئەنجومەنێکی سەربازی هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی راگوزەر سوریا دەكات وەك هەنگاوی یەکەم بۆ بونیادنانەوەی سوپایەکی نیشتمانی نوێ، کە هەموو سورییەکان لە باوەش بگرێت و لەسەر بنەمای پڕۆژەیەکی گشتگیری دیموکراسی. حەمۆ رایگەیاندووە: تێكەڵاوبون لە سوپای سوریادا ناكرێت بە شێوەیەکی نەریتی یان ناوەندگەرایی ئەنجام بدرێت، بەڵکو دەبێت لە رێگەی پرۆسەیەکەوە بێت کە لەسەر بنەمای دیموکراسی و نا ناوەندی و ئازادی ژنان بێت. ئاماژەی بەوەشداوە، هێزەکانی سوریای دیموكرات چوونە ناو سەپای سوریا رەتناكاتەوە، بەڵكو دەیەوێت لەسەر بنەمایەكی سیاسی و روون بێت و زامنی مافی تەواوی سورییەكان بكات. ئەو سەرکردە سەربازییە باسی لەوەشكردووە: هەسەدە خاوەنی ئەزمونێكی گەورەی سەربازی و سیاسیە كە لە ماوەی ساڵانی شەڕی داعشدا بەدەستهێناوە، ئەوەش وایکردووە ببێتە یاریزانێکی سەرەکی کە دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت لە بونیادنانەوەی سوپای نیشتمانی، وتوشەیەتی: ئەو هێزانە توانای خۆیان لە بەڕێوەبردنی شەڕە ستراتیژییەکان و پاراستنی ناوچەیەكی بەرفراوانی سوریا سەلماندووە.
بەرەی گەل ڕایدەگەیەنت یەكێتی نوێ، رۆژی (22) ئاب بەبێ بوونی هیچ پاساوێكی سیاسی و یاسایی هەڵیانكوتایە سەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی قەوارەی بەرەی گەل و ئەندامی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش، داوای شەهیدكردنی چەند پاسەوانێكی تایبەتی ماڵەكەی، خۆی و ژمارەیەك لە هەڤاڵەكانی دەستگیركراون، كە تائێستا چارەنوسیان نادیارە. لە راگەیەندراوێكدا کە ئەمڕۆ یەکشەمە بڵاویانکردوەتەوە بەرەی گەل ئاماژە بەوەشدەکەن رەشبگیری و هەڵیانكوتانە سەر ماڵی لایەنگرانی بەرەی گەل بەردەوامە. هەروەها دەڵێن: لێرەوە داوا لە حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم دەكەین، بەتایبەت سەرۆكی هەرێم كە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە، بەزوترین دەستوەردان بكات و ئەكردەوە نامرۆڤانە رابگرێت، داواش دەكەین یاسا بەبێ هەژمونی حزبی و كەسی كاری خۆی بكات.
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە گردبوونەوەی ١ـی ئەیلول، ڕۆژی جیهانیی ئاشتی، وتی: ئاشتی لە تورکیا، دەرفەتێکی مێژووییە. بوێر و جددیی بن و هەنگاوبنێن. هەر لەو وتارەیدا ئەوەشدەخاتەڕوو ئەم پرۆسەیە بۆ ئێمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئاشتی لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویست ناکات بترسن، دوودڵ بن، یان تەنها دوای بەرژەوەندییەکانی لایەنەکانتان بکەون، بۆیە جارێکی تر دەڵێین، بوێر بن، ڕاستگۆ بن و هەنگاو بنێن. گردبوونەوەی ١ـی ئەیلول لە ئیستەنبوڵ بە بەشداریی هەزاران کەس بەڕێوەچوو. گردبوونەوەکە بە پێشەنگایەتی هێزەکانی ڕەنج و ئاشتی و دیموکراسیی ئیستەنبوڵ لە گۆڕەپانی ڕیتم لە کادکۆی ئیستەنبوڵ بە درووشمی "دیموکراسی و ئاشتی لە بەرانبەر شەڕ و داگیرکارییدا، سەردەکەون"، ئەنجامدرا. چەندین نوێنەری پارتی سیاسی و ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی ژنان و پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی گەنجان و سەندیکاکان و کەسانی تر بەشداربوون. درووشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە گۆڕەپانەکەدا دەنگی دایەوە گۆڕەپانەکە بە جۆشێکی مەزنەوە پڕبوو لە جەماوەر، درووشمی "نا بۆ شەڕ، ئاشتی لە ئێستەدا" بەرزکرایەوە و پێداگریی لەسەر ئاشتی نیشاندرا. پۆستەری گەورەی ڕێبەر ئاپۆ هەڵگیرا و وێنەی ساکینە جانسز و جیهان بیلگین و چەندین ژن کە لە تێکۆشانی ئازادیدا شەهیدبوون، بەرزکرایەوە. ژنان بە جلوبەرگی نەتەوەییەوە بەشداریی گردبوونەوەکەیان کرد، درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە سەرانسەری کادکۆ دەنگی دایەوە. جۆشوخرۆش و هەڵپەڕکێی ژنان و گەنجان تەواوی گۆڕەپانەکەی گرتەوە. گردبوونەوەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێ کرد، ڕاگەیاندراوی هاوبەشی هێزەکانی ڕەنج و ئاشتی و دیموکراسی بە زمانی کوردی لەلایەن زەینەب یەڵدرم و بە زمانی تورکی لەلایەن نەبیل ساریکایا خوێنرایەوە. 'تاکە ڕێگە تێکۆشانە' زەینەب یڵدرم ئاماژەی بەوەدا کە ناکۆکی و شەڕ دەبنە هۆی هەژاری، چەوسانەوە و کۆچبەری، وتیشی ئەوان دژی هەموو ئەمانە دەجەنگن بۆ ئەوەی هەمووان بە شێوەیەکی یەکسان و دیموکراسی بژین. زەینەب یڵدرم ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "نوێترین نموونەی وێرانییەک کە بەهۆی شەڕەوە دروست دەبێت لە فەلەستین ڕوودەدات، جینۆساید لەبەرچاوی جیهان بە ئاشکرا ئەنجام دەدرێت، دامەزراوە نێونەتەوەییەکان هەڵوێستێکی کاریگەر بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی نیشان نادەن، هەروەها لە دراوسێی ئێمە کە سووریایە، حکومەتی کاتی لە هێرش و هەوڵەکانی کۆمەڵکوژی دژی درووز و عەلەوییەکان خۆی دەدزێتەوە، تاکە ڕێگە بۆ ڕاگرتنی کۆمەڵکوژییەکان لە ناوچەکەمان، تێکۆشانی گەلانە بۆ جیهانێکی یەکسان، دادپەروەر و ئاشتییانە." بوێر و ڕاستگۆ بن، هەنگاو بنێن هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند: "یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان کە دەبێت کۆمیسیۆن چارەسەری بکات، کۆبوونەوەی دەستبەجێیە لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، پێویستە بەپەلە ژینگەیەک دروست بکرێت کە بەڕێز ئۆجالان بتوانێت بە ئازادی خەبات بکات و بژی، وە بتوانێت لەگەڵ کۆمەڵگە کۆبێتەوە، ئێمە هەموو هەوڵ و خەباتی خۆمان لەم بارەیەوە درێژە پێدەدەین، نەک تەنها کۆمیسیۆن، بەڵکو حکومەت، دەوڵەت و ئۆپۆزیسیۆنیش دەبێت زۆر باش لەمە تێبگەن و جێبەجێی بکەن. ئەم پرۆسەیە بۆ ئێمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئاشتی لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویست ناکات بترسن، دوودڵ بن، یان تەنها دوای بەرژەوەندییەکانی لایەنەکانتان بکەون، بۆیە جارێکی تر دەڵێین، بوێر بن، ڕاستگۆ بن و هەنگاو بنێن. "دانانی قەیوم قبوڵ ناکەین" شاندی ئێمە پێنجشەممەی ڕابردوو لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان کۆبووەوە، سڵاو و خۆشەویستی بەڕێز ئۆجالان لێرەوە بە ئێوە ڕادەگەیەنم. ئێمە دانانی قەیوم قبوڵ ناکەین، گەورەترین ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە دیموکراسی لەم وڵاتەدا بنیاد بنێین، دەزانین کە ئاشتی بێ دیموکراسی نابێت، و دیموکراسی بێ ئاشتی نابێت، وەرن جارێکی تر بەڵێن بدەین بە هەموو ئەو کەسانەی کە قوربانییان داوە و بە هەموو دایکان، کە ئێمە ئاشتی پێکەوە، شان بە شانی یەکتر دروست بکەین." 'دەمانەوێت هەموو قەدەغەکردن و ئازارێک کۆتایی بێت' دوای ئەم قسانە، ئەندامی دەستپێشخەری دایکانی ئاشتی بەدیعە گۆکیوز ئاماژەی بەوەدا، دایکان شەڕیان ناوێت و وتی: "ساڵانێکە شەڕ هەیە، بەڵام هیچ لایەنێک لەم شەڕەدا سەرنەکەوتووە، ئەمڕۆ ڕۆژی ئاشتییە. نامانەوێت منداڵەکانمان بمرن، ئاشتییەکی شکۆمەندمان دەوێت، وەک دایکانی ئاشتی تا کۆتا دڵۆپی خوێنمان چاوەڕێی ئاشتی دەبین، دەمەوێت ئەمە دووپات بکەمەوە: زمانی ئێمە قەدەغەیە، زمانی خۆمان دەوێت".
هەرچەندە چەند کەناڵێکى ڕاگەیاندن ئەوەیان بڵاوکردەوە کە ئەمشەو ئەوانەى لەهەژمارى من تۆمارن دەتوانن موچەکانیان وەربگرن، بەڵام وەزارەتى دارایی ڕایدەگەیەنێت هیچ مووچەیەک دابەشناکرێت تاسبەینێ پارەى تەواو دەگات. پڕۆژەی (هەژماری من) دەڵێ، هەر کاتێک بڕیاری دابەشکردنی مووچەدرا، پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری ئەوانەی لە پرۆژەکەدا تۆمارکراون. بەگوێرەی پڕۆژەی (هەژماری من)، 465 هەزار مووچەخۆری هەرێمی کوردستان دەتوانن لە رێگەی هەژماری بانکییەوە مووچەی مانگی 6 وەربگرن. بەپێى زانیاریەکان ئەمڕۆ ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەستی پێکردوەو 690 ملیار دینار خراوەتەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە پارەیەی دەمێنێتەوە سبەینێ ڕێکارەکانی تەواو دەکرێت و ڕەوانە دەکرێت. پێشتر بڕیاردرابوو ئەمشەو لە رێگەی (هەژماری من) مووچەی 6 دابەش بكرێت، بەڵام بە بریارێك دابەشكردنەكە راگیرا. سەرچاوەیەکى ئاگادار لەوەزارەتى دارایی وتى: بەغدا 300 ملیار دیناری مووچەی نەناردووە و چاوەروانین سبەی بنێرێت. تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگەکانی شەش، حەوت و هەشت لە هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە. ئەو کەسانەی لە رێگەی پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە مووچە وەردەگرن، دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن دوای ئەوەی لە رێگەی کورتەنامەوە ئاگادار کرانەوە کە مووچە خراوەتە سەر هەژمارەکەیان. لە پڕۆژەی (هەژماری من)دا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 900 هەزار کەس خۆیان تۆمارکردووە و 540 هەزاریان کارتی بانکییان بۆ کراوە.
بافڵ تاڵەبانی راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکەی لالەزار بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هیچ کەسێک و هیچ گرووپێکی میلیشیایی لە سەرووی یاساوە نییە." بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی رووداوەکەی لالەزار دەڵێت، "گرووپێکی میلیشیای نایاسایی، کە لە دەرەوەی یاسا کاریان دەکرد، چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان بە سەربازگە کردبوو، هێرشیان کردە سەر هێزە فەرمییە ئەمنییەکان." سەرۆکی یەکێتی لەبارەی هێزە ئەمنییەکانەوە دەڵێت، "لەو کاتەدا ئەرکی دەستگیرکردنی داواکراوانیان پێ سپێردرابوو، کە ئەرکیان پاراستنى گیان و ماڵى هاووڵاتیان و سەقامگیریی شارەکەیە. ئەم کارانەى گرووپەکە ژیانی خەڵکی بێتاوانی خستە مەترسییەوە و بوونە هۆی ئەوەی ئەو دامەزراوانەش، کە ئەرکیان پاراستنی کۆمەڵگەیە بە کەم بزانرێن." دەقى نوسینەکە.. هەفتەی رابردوو، سلێمانی شاهێدی کۆمەڵە رووداوێک بوو، کە بووە هۆی خەم و پەژارە بۆ خێزانەکانیان و نیگەرانیی بۆ رای گشتی. گرووپێکی میلیشیای نایاسایی، کە لە دەرەوەی یاسا کاریان دەکرد، چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان بە سەربازگە کردبوو، هێرشیان کردە سەر هێزە فەرمییە ئەمنییەکان، کە لەو کاتەدا ئەرکی دەستگیرکردنی داواکراوانیان پێ سپێردرابوو، کە ئەرکیان پاراستنى گیان و ماڵى هاووڵاتیان و سەقامگیریی شارەکەیە. ئەم کارانەى گرووپەکە ژیانی خەڵکی بێتاوانی خستە مەترسییەوە و بوونە هۆی ئەوەی ئەو دامەزراوانەش، کە ئەرکیان پاراستنی کۆمەڵگەیە بە کەم بزانرێن. لەم بارودۆخانەدا، ئاسانە کە دەنگۆ و زانیاریی نادروست بڵاوببێتەوە. رکابەریی دامەزراوە میدیاییەکان زۆر جار لەجیاتی ئەوەی کە ناڕوونییەکان روون بکەنەوە، دەبنە هۆی سەرلێتێکدان. دەبێت بەڕوونی بڵێم؛ کە هیچ کەسێک و هیچ گرووپێکی میلیشیایی لە سەرووی یاساوە نییە. چارەنووسی ئەو کەسانەی کە ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی کە قوربانییەکی زۆرمان لە پێناویدا داوە، دەخەنە مەترسییەوە، دەبێت لە رێگەی پرۆسەی یاسایی و دیموکراسییەوە بڕیاری لێبدرێت، نەک لە رێگەی مەزەندەکردن و بانگەشەی میدیایی. ئاسایش، وەک دامەزراوەیەکی ئەمنیی یاسایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە رووداوەکە راپۆرتی خۆی بۆ راى گشتی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا زانیارییەکانى بە تەواوى باسکردووە، کە ئەرکی هەموومانە رێگە بە دەسەڵاتى دادوەرى بدەین، بەبێ هیچ دەستتێوەردانێک بەردەوام بن لە کارەکانی خۆیان. هەربۆیە داوام لە هەموو دامەزراوە میدیاییەکانی سەر بە حزبەکەمان کردووە، هیچ جۆرە بەرپەرچدانەوەیەکیان نەبێت بۆ گەورەکردنی ئەو بانگەشە بێبنەمایانەی کە میدیاکانی دیکە بڵاوی دەکەنەوە. ئێمە خۆمان بۆ ئاستێکی وا دانابەزێنین، ئەرکی ئێوە ئەوەیە کە بەرپرسیارانە راستییەکان بخەنەڕوو و متمانەی گشتی بپارێزن. دەبێت پێشینەى کارەکانمان پاراستنی ژیان و مافی هاووڵاتیانمان بێت، پارێزگاریی لە سەروەریی یاسا و رێگریی لەو کەسانە بکەین کە پشت بە هێز و تۆقاندن دەبەستن، نەک متمانەی گشتی. داوا لە دەسەڵاتی دادوەریی دەکەین، ئەرکی خۆیان بە پابەندبوون بە یاسا جێبەجێ بکەن و دادپەروەر و شەفاف بن، لە هەمانکاتدا دڵنیاببنەوە لەوەی کە مافی هەموو تاکێک پارێزراوە. نابێت کاری گرووپێکی میلیشیایی زاڵ بێت بەسەر ویستی هاونیشتمانیان بۆ ئاشتی، یەکڕیزیی و دیموکراسی. بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەبۆنەى ڕۆژی جیهانی ئاشتی (یەکى ئەیلول) عەبدوڵا ئۆجەلان ڕایگەیاند بانگەوازی ئێمە بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراسی، هەنگاوێکی سیاسی ئاسایی نییە؛ هەنگاوێکی ستراتیژی و وەرچەرخانێکی مێژووییە. ئەوەش دەخاتەڕوو بەم بانگەوازە دەرگاکانی سەردەمێکی نوێ، سەردەمێک کە تێیدا شەڕ و کاولکاری بە ژیانێکی ئارام و دیموکراسی دەگۆڕدرێن، چ لە تورکیە و چ لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کراوەن. لە پەیامێکدا کە لە زیندانی ئیمراڵیەوە بڵاویکردووەتەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەواز بۆ چارەسەری ئاشتی و دیموکراتیانە دەکات و بە "هەنگاوێکی ستراتیژی و خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی" ناودەبات. ئۆجەلان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم بانگەوازە تەنیا هیوا نییە، بەڵکو دەبێت بە هەنگاوی جددی و پراکتیکی بونیاد بنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکان. عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە کە تێیدا داوای چارەسەری ئاشتی و دیموکراسی بۆ کێشەکان دەکات. لە پەیامەکەیدا کە ناونیشانی "بۆ ئەوانەی بۆ ئاشتی و دیموکراسی تێدەکۆشن..."، ئۆجەلان ڕایگەیاندووە کە بانگەوازی چارەسەری ئاشتی و دیموکراتیانە، "هەنگاوێکی ستراتیژی و خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووییە نەک تەنیا لە تورکیا، بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بە گشتی، کە دەرگای قۆناغێکی نوێی ژیانی دیموکراتیانەی لەسەر بنەمای ئاشتی بەدوای شەڕ و کاولکارییەکاندا دەکاتەوە." ئۆجەلان ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمە تەنیا "خواستێک نییە"، بەڵکو "حەقیقەتێکە کە دەبێت بە توانای بەهێز و هەنگاوی کردەیی جدی بونیاد بنرێت." ئەو ڕوونیکردەوە کە ئاشتی ڕاستەقینە تەنیا بە بێدەنگبوونی چەکەکان کۆتایی نایەت، بەڵکو "ئاشتی ڕاستەقینە تەنیا کاتێک مومکینە کە ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەرجەستە ببن." بە بڕوای ئۆجەلان، "ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە تەنیا مافێک نییە بۆ گەلەکەمان، بەڵکو ئەرکێکی سەرەکیشە لە قۆناغی نوێی ئێستاماندا." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان جەختی لەوە کردەوە کە "بە تێکۆشانی گەلەکەمان، بەهاکانی ئاشتی، دیموکراسی و ئازادی بە دڵنیاییەوە ڕەگ دادەکوتن و لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا جێگەی خۆیان دەدۆزنەوە." وتیشی، "ئیتر ئەم وڵاتە دەبێتە نیشتمانی ئەوانەی کە ماف و ئەرکی خۆیان دەبینن لە برەودان بە ژیانی ئاشتیانە و دیموکراتیانە." لە کۆتایی پەیامەکەیدا، بە بۆنەی یەکی ئەیلوولەوە (ڕۆژی جیهانیی ئاشتی)، ئۆجەلان بانگەوازی گەلانی کرد بۆ ئەوەی "ئەم ئەرکە مێژووییە لە ئەستۆ بگرن و زیاتر لە جاران هەڵمەتی ئاشتی و ئازادی گەشە پێبدەن." ئەو پەیامەکەی بەم وشانە کۆتایی پێهێنا: "بەو بڕوایەوە کە هەمووان جددیەتی ئەم قۆناغە تێدەگەن و بە ڕۆحی ئاشتی و یەکسانی کار دەکەن، سڵاو و خۆشەویستی بێ پایانم ئاراستەی هەمووتان دەکەم." پەیامی ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیەیە: ئاماژەی بەوەشکردووە، “بۆ ئەوانەی خەبات بۆ ئاشتی و دیموکراسی دەکەن... بانگەوازی ئێمە بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراسی، هەنگاوێکی سیاسی ئاسایی نییە؛ هەنگاوێکی ستراتیژی و وەرچەرخانێکی مێژووییە. بەم بانگەوازە دەرگاکانی سەردەمێکی نوێ، سەردەمێک کە تێیدا شەڕ و کاولکاری بە ژیانێکی ئارام و دیموکراسی دەگۆڕدرێن، چ لە تورکیە و چ لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کراوەن. ئەمە تەنیا ئاواتێک نییە؛ واقیعێکی کۆنکرێتییە کە دەبێت بە ئەگەری بەهێز و هەنگاوی پراکتیکی جددی بنیات بنرێت. چونکە ئاشتی ڕاستەقینە تەنها بێدەنگکردنی چەک یان وەستاندنی ململانێ نییە. ئاشتی ڕاستەقینە تەنها لە ڕێگەی بەرجەستەکردنی ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا مومکین دەبێت. ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە تەنیا مافێک نییە بۆ گەلەکەمان؛ هەروەها ئەرکێکی بنەڕەتی سەردەمی نوێی پێشەوەیە. بێ گومان لە ڕێگەی خەباتی گەلەکەمانەوە بەهاکانی ئاشتی و دیموکراسی و ئازادی ڕەگ داکوتێت و ڕەنگدانەوەی خۆیان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەدۆزنەوە. لەمەودوا ئەم وڵاتە دەبێتە ماڵی ئەو کەسانەی کە ئاشتی و ژیانێکی دیموکراسی هەم وەک مافی خۆیان و هەم بە ئەرکی خۆیان دەزانن. بەبۆنەی یەکی ئەیلوولەوە داوا لە گەلەکەمان دەکەم ئەم ئەرکە مێژووییە لە باوەش بگرێت و ڕێپێوانی ئاشتی و ئازادی زیاتر فراوانتر بکات. بە خۆشەویستی و ڕێزی بێکۆتایی خۆم سڵاو لە هەمووتان دەکەم، باوەڕم وایە هەمووان لە جددیەتی ئەم قۆناغە تێدەگەن و خۆیان دەپشکنن و بەپێی ڕۆحی ئاشتی مامەڵە دەکەن. عەبدوڵڵا ئۆجەلان "دوورگەی ئیمرالی."
بڕیاربوو ئەمڕۆ لە دادگاى دوبز دادبینی بۆ سێ سکاڵا لە دژی جوتیارانی کورد بکرێت، سکاڵایەکی دواخرا بۆ سبەی و دوو سکاڵاکەی دیکەشیان، کە یەکێکیان لەسەر نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕانە، بۆ 21ـی ئەیلول دواخرا. لە پاش چوونیان بۆ بەردەم دادگا، محەمەد ئەمین، نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ دەبوو لە دادگای دووبز سکاڵاکار ئامادەی دانیشتنەکە بێت، بەڵام ئامادەنەبووە و ئەوە دووەمجارە ئامادەی دانیشتنەکە نابێت. نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان دەڵێت، داوایانکردووە دادوەر بڕیار بدات، وەکخۆی دەڵێت، ناکرێت تۆمەتبار ئامادەی دانیشتنەکانی دادگا بێت، بەڵام سکاڵاکار ئامادەنەبێت. سکاڵایەکی دیکە لە دژی جوتیارە کوردەکان لەلایەن عەرەبێکی هاوردەی دیکەوە بەناوی "ئەحمەد وەسمی سەعلەب"ـەوە لەسەر جوتیارێکی کورد بەناوی "سامان رەزا" تۆمارکراوە، ئەویش دواخراوە بۆ 21ـی ئەیلول. سکاڵاى سێیەمیش لەلایەن عەرەبێکی هاوردەوە بەناوی "ساڵح مشەوەت"ەوە لەسەر "دەشتی خدر جەمیل" تۆمارکراوە کە جوتیارێکی کوردی خەڵکی گوندی "پەڵکانە"یە و ئەویش دواخراوە بۆ سبەی دووشەممە. بەگوێرەی پارێزەری جوتیارە کوردەکان، یەکێک لە سکاڵاکان ماددەی 457ـی بۆ دانراوە، سزاکەی چوار مانگ زیندانیکردنە، سکاڵاکەی سەر سامان رەزاش عەرەبێکی هاوردەیە و داوای قەرەبوو دەکات، بەجۆرێک دەڵێت؛ لە 2017ـەوە بۆ 2025 دەبێت ساڵی 25 بۆ 30 ملیۆن دینار قەرەبوو بکرێتەوە. ئەو سکاڵایەشی دژی نوێنەری جوتیارانی کورد لە سەرگەڕان تۆمارکراوە، لەلایەن فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق تۆمارکراوە و پەیوەستە بە رووداوەکانی 17ـی شوباتی رابردوو، کە لە گوندی "شەناغە" روویاندا، کاتێک سەربازێکی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق پەلاماری ئەم جوتیارەیاندا و ویستیان لەسەر تراکتۆرەکەی بیهێننە خوارەوە، بەڵام ئامادە نەبوو خۆی رادەستبکات.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنى هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بڵاویکردەوە، چالاکییە هێرشبەرییەکانی سوپای تورکیا کە ناوچەکانی پاراستنی میدیا دەکاتە ئامانج و ڕۆژانە بەردەوامە. هەپەگە لە بەیاننامەکەیدا ئەم زانیاریانەی لە بارەی چالاکییەکانی هێرشی سوپای داگیرکەری تورکیا دژی هێزەکانی گەریلا لە ناوچەکانی پاراستنی مێدیا لە نێوان ٨ بۆ ٣١ی ئابدا بڵاوکردەوە: لە ٨ی ئابدا ناوچەی بەرخۆدانی سێرێ مێتینەی ناوچەی مێتین ٤ جار بە چەکی قورس بۆردومان کرا. — لە ٩ی ئابدا دەستێوەردانێکی تەکنیکی لە دژی داگیرکەران ئەنجامدرا کە دەیانویست شوێنێکی نوێ لە ناوچەی بەرخۆدانی سێرێ مێتینەی ناوچەی مێتینە داگیربکەن و بە چەکی قورس تونێلەکانیان بۆردومان کرد. — ڕۆژی ١١ی ئاب، ناوچەی دێشتە کافیا لە ناوچەی گارێ پێنج جار بە چەکی قورس بۆردومان کرا. — ڕۆژانی 18 و 19ی ئاب، ناوچەی بەرخۆدانی گیرێ بەهار لە ناوچەی شەحید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ سێ جار بە چەکی قورس بۆردومان کرا. — لە نێوان 8 بۆ 31ی ئابدا، لە زاپ، مێتینە، خاکورکێ، گارێ و قەندیل بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکدار چالاکی سیخوڕیی چڕ ئەنجامدرا”.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وێندی گرين، كونسوڵى گشتيى نوێی ئهمهريكا له ههرێمى كوردستان، تاوتوێی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستانیان کرد. ئهمڕۆ يهكشهممه 31ـی 8ـی 2025، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی له وێندی گرين، كونسوڵى گشتيى نوێی ئهمهريكا له ههرێمى كوردستان كرد. له دیدارەکەدا، سەرۆکی حکوموەت پیرۆزبایی دهستبهکاربوونی لە کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا کرد و ههموو پشتيوانييهكی بۆ سهرخستنى ئهركهكهى دەربڕی. سەرۆکی حکوومەت، سوپاسى هاوكارى و پشتگيريى ئهمهريكاى بۆ ههرێمى كوردستان له هەموو بوارەکاندا کرد. كونسوڵى گشتيى ئهمهريكا، خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەکاربوونی لە هەرێمی کوردستان نیشان دا و ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوولا کرد و خواستی وڵاتەکەی بۆ زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات كردهوه، ئاماژەی بە هاتنی شاندێکی بازرگانیی ئەمەریکی کرد کە بەم نزیکانە سەردانی هەرێم دەکەن. کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا، هەروەها ستایشی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بە تایبەتی ئاماژەی بە گرنگیی هەردوو پڕۆژەی ( ڕووناکی ) و ( هەژماری من ) کرد. پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کودستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێت لەسەر داواکارى ئەوان دەستگیراوە بە سەر ژمارەیەک موڵکی کۆمپانیای نالیا و چاڤی کە پێکهاتوون لە ٦٠ موڵک. لەڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانیدا وەزارەتى دارایی دەڵێت: لەزیادکردنێکی ئاشکرادا سەرجەم ئەو موڵکانەی کۆمپانیای نالیاو چاڤی دەفرۆشرێت کە دەستیانبەسەرداگیراوە و ژمارەیان ٦۰ موڵکە. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو، قەرزەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەسەر کۆمپانیای نالیا گەیشتووەتە نزیکەی ٩٢ ملیار دینار. دەقى ڕاگەیەندراوەکە. لەسەر داوای وەزارەتی دارایی و ئابووری دەستگیرا بە سەر ژمارەیەک موڵکی کۆمپانیای نالیا و چاڤی. لەزیادکردنێکی ئاشکرادا سەرجەم ئەو موڵکانەی کۆمپانیای نالیاو چاڤی دەفرۆشرێت کە دەستیانبەسەرداگیراوە و ژمارەیان ٦۰ موڵکە. قەرزەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەسەر کۆمپانیای نالیا گەیشتووەتە نزیکەی ٩٢ ملیار دینار. پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان و دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە ژمارە ( ٩٠ / دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە / ٢٠٢١ / ڕاستکردنەوە ) لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢١/١٠/٢٠ ) تایبەت بە یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری ، وە ئاماژە بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی ژمارە ( ٢٠٢٤/٦٨٤ ) لەڕێکەوتی ( ٢٠٢٤/٩/٢٢ ) تایبەت بە دانانی نیشانەی گلدانەوە ( حجز ) لەسەر سەرجەم موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا و کۆمپانیای چاڤی. وە ئاماژە بەبڕیاری داگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی ژمارە ( ٧٣٢/پ/٢٠٢٤ ) لەڕێکەوتی ( ٢٠٢٤/١١/٢٦ ) تایبەت بەڕاستاندنی بڕیاری ئاماژە بۆکراوی جێبەجێکاری داد لە سلێمانی لەبەرژەوەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری وە ڕەتکردنەوەی تانەی پێداچوونەوەی کۆمپانیای نالیا. وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو هەڵدەستێت بە فرۆشتنی موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکانی کۆمپانیای نالیاوچاڤی کە ژمارەیان ( ٦٠ ) موڵکە و پێکهاتووە لە چەندین پارچە زەوی و هۆتێل و کافتریا و کابینەی گەشتیاری و هتد.....کە پێشتر دەستی بەسەرداگیراوە بەمەبەستی وەرگرتنەوەی سەرجەم قەرز و سوودە کەڵەکەبووەکانی کە لەئێستادا گەیشتووەتە بڕی ( ٩١٫٧٦٠٫٦٦٫٣٥٠ ) ملیار دینار. شایەنی باسە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی وەزیر بەشێوەی چڕوپڕ کاری لەسەر ئەو دۆسیەیە کردووە، دواجار لەساڵی ( ٢٠٢١ ) دوای بردنەوەی دۆسیەیەکی یاسایی لەکۆمپانیای نالیا لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری و ئەنجامدانی سەرجەم ڕێکارەکان، لەلایەن لیژنەیەکەوە چوار پارچە زەوی دانرابوو بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا بفرۆشرێت، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو پارچە زەویانە لە بنەڕەتدا بۆ سەوزایی و خزمەتگوزاری تەرخان کراوە و ناتوانرێت ڕەگەزەکانیان بگۆڕدرێت و بخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە، وەخەمڵاندنێکی نادروست بۆ نرخەکانیان کرابوو وە ڕێگری یاسایی هەبوو بۆ فرۆشتنیان ، بۆیە بەبڕیاری بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری سەرجەم پرۆسەکە ڕاگیراو جارێکی تر لەلایەن تیمێکی پسپۆڕەوە کار لەسەر دۆسیەکە کرایەوە و سەرجەم ئەو موڵکانەی کە شایستەی فرۆشتنن نیشانەی گلدانەوەیان خرایە سەر. دواجار لەسەر داوای (بانکی سلێمانی یەک) سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتمان و دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوەی کۆمپانیای نالیا بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکان و پابەند نەبوونی لایەنی پەیوەندیدار، وەزارەتمان بەمافی یاسایی خۆی دەزانێت لە ڕێگای زیادکردنی ئاشکراوە سەرجەم ئەو موڵکانە بفرۆشێت کە نیشانەی گلدانەوەیان خراوەتە سەر و داواکارین هەرکەس و لایەنێک ئارەزوومەندە بەشداری لەو زیادکردنەدا بکات دوای بڵاوبوونەوەی ئاگاداریەکە لە ڕۆژنامەی فەرمی دەتوانێت ڕێکارە یاسایی و کارگێڕیەکان جێبەجي بکات و بەشداری لە پرۆسەکەدا بکات. بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان/ وەزارەتی دارایی و ئابووری ٢٠٢٥/٨/٣١
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ڕایدەگەیەنێت نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق دوو تۆمەتباریان دەستگیركردووە بەتۆمەتى دزینى بڕی ٢٠ هەزار وسەد دۆلاری ئەمریكی کەبەناوى دەرۆزەكردنەوە چونەتە ماڵەكەی و پارەكەیان بردووە. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەك دوو تۆمەتبار دەستگیركران لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەك و لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقی سەر بە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە دوو تۆمەتبار دەستگیركران. دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە لەماڵەكەی خۆیدا دزی لێكراوەو بڕی ٢٠ هەزار وسەد دۆلاری ئەمریكی لێدزراوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتباران دەستپێكرد، دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە دوو تۆمەتبار دەستگیربكرێن كە بەناوی دەرۆزەكردنەوە چونەتە ماڵەكەی و پارەكەیان بردووە. لەئێستادا هەریەك لەتۆمەتباران ( ز،ف،أ لەدایكبووی 1986 و پ ،چ ف لەدایكبووی 1984 ) كە پیشەیان دەرۆزەكردنە بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 444 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و دانیان ناوە بەتاوانەكەیاندا، لەكاتی دەستگیركردنیشیاندا دەستگیراوە بەسەر بڕێك لەپارە دزراوەكەدا. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی
بەپێى وتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار، دواى تێپەڕبوونى هەفتەیەک بەسەر ڕوداوەکانى شەڕەکەى لالەزار چارەنوسى ١٤ کەس نادیارەو بێسەروشوێنن و لەلای هێزە ئەمنیەکانیش دەستگیرنەکراون. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان، دوای هەماهەنگی کردن لەگەڵ دەزگای ئاسایشی گشتی، سلێمانى ئەمڕۆو بەیانى (یەکشەمەو دووشەمە) یەکەم دیدارو سەردانى فەرمى ئەنجامدەدرێت بۆ کەس و کاری گیراوانى شەڕەکەى لالەزار. بەوتەى پەیامنێرى هاوڵاتى، ئەمڕۆ ڕێگەدراوە نزیکەى ١٠٠٠ کەس لەکەسوکارى گیراوان سەردانى کوڕەکانیان بکەن و بۆ ماوەى پێنج تا دە خولەک چاویان پێیان کەوتوە لەتەندروستى و بارودۆخیان پرسیون کە ژمارەیان ١٦٠ کەسە لەشەوى ڕوداوەکە لەلایەن هێزەئەمنیەکانەوە دەستگیرکراون، ئێستا لەلاى ئاسایش لە بەندینخانەى کانى گۆمە دەسبەسەرن تا ڕۆژى دادگاییکردن و یەکلایی بونەوەى دۆسیەکانیان. بەوتەى سەرچاوەیەکى ئاگاداریش تائێستا چارەنوسى ١٤ کەس لەوانەى لەلازاربوون نادیارەو نازانرێت لەکوێن و بێسەروشوێنن، هەربەوتەى ئەو سەرچاوەیە بەشێک لەوانە ناسنامەکانیان لەلاى هێزە ئەمنیەکانەو هەندێک لەوانەش پێدەچێت لەشەوى ڕوداوەکە لەلازارە هەڵهاتبن و مۆبایلەکانیان کوژاندبێتەوە بۆ ئەوەى نەزانرێت لە چ جێگەیەک خۆیان حەشارداوە. لەڕۆژى هەینى ڕابردووە 22ـی ئاب لاهور شێخ جەنگى و پۆلاتى براى و ژمارەیەکى دیکە لە ئەندامانی هێزەکەی لەلالەزار دواى شەڕێکى چوارسەعاتى دەستگیرکراون ئێستا لەزیندانن. لەلایەکى دیکەوە سەرچاوەیەکی باڵای بەرەی گەل کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە ماڵقەرى پەنجەرەی ڕاگەیاندوە: "لەبارەی ژمارەی ئهو چەکدارانهمان كه بوونهته قوربانى، هێشتا پێش چاومان ڕوون نییە، بەڵام چەند ژمارەیەک باس دەکرێت." سەرچاوەکە وتی: "بیستومانە گوایە 8 چەکدارمان لهو ڕووداوهدا گیانیان لهدهستدابێت، ژمارەیەکی ترمان پێگوتراوە کە زۆر ترە، بەڵام تا ئێستا وەکو بەڵگە و ناو، تەنها کوژرانی دوو کەسمان بۆ پشتڕاست بووەتەوە." گومانی بەرپرسانی بەرەی گەل لەبارەی ژمارەی کوژراوەکانیان لەکاتێکدایە، بەرپرسانی یەکێتی دەڵێن لە ڕووداوەکەی لالەزاردا پێنج کەس گیانیان لە دەستداوە، دوو چەکداری لالەزارو سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان. یەکێک لە تیمى پارێزەرانى لاهور شێخ جەنگی ڕایدەگەیەنێت هێشتا نەیانتوانیوە ناوبراو ببینن و دواین زانیاریش ئەوەیە دوینێ لەگەڵ خێزانەکەى قسەى کردوەو وتویەتى تەندروستیم باشەو کێشەم نییە. لەچاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا ئەحمەد خەسرەو یەکێک لەتیمى پارێزەرانى لاهور شێخ جەنگی، دەڵێت: ئەوەندەى ئێمە بزانین وەزعى باشە، بەڵام هێشتا وەک پارێزەرەکانى نەمانتوانیوە بیبینین، بەبیانووى ئەوەى ئەوشوێنەى ئەوى لێیە هێشتا گونجاونیە سەردانى بکەن و چوار پارێزەرمان لەسلێمانى لەیەکەم ڕۆژەوە هەوڵدەدەن پەنجەمۆرى لێوەربگرین و ڕێکارەیاساییەکانى بۆ ئەنجامبدەین، بەڵام نەیانهێشتوە، ئەو پارێزەرانەش بەخۆبەخشانە سەرجەم کارەکان دەکەن. سەبارەت بەدانپێدانانى ئەو کەسانەى کەلەچەند ڕۆژى ڕابردوودا بڵاوکرایەوە، ئەو پارێزەرە جەختى کردەوە هەموو ئەوانە سیناریۆن و نەبەرەى گەل نەهێزى دوپشک هیچ یەکێک لەوکەسانە ناناسن پەیوەندیان بەوانەوە نییەو دواین پۆستى یەکێک لەوانە لەگەڵ یەکێک لەکەسە دیارەکانى هێزەئەمنیەکانە.
بڕیارە ئەمڕۆ لە دادگای دووبز، پرۆسەی دادبینی بۆ سێ سکاڵا بکرێت کە لەسەر سێ جووتیاری کورد تۆمار کراون. یەکێک لە سکاڵاکان دژی ئەو جووتیارە کوردەیە کە مانگی شوباتی ئەمساڵ لەلایەن سەربازێکی عێراقی هێرشی کرایە سەر و ویستی بە ملپپێچەکەی ملی لە تراکتۆرەکە بیهێنێتە خوارەوە. محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سنووری سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ وتى، "سکاڵای دژی من لەلایەن فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانەوە تۆمار کراوە، ئەویش لەسەر رووداوەکانی 17ی شوباتی ئەم ساڵ." لە 17ی شوباتی ئەم ساڵ، لەسەر زەوییەکەی خۆی لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، محەممەد ئەمین، جووتیاری کورد لەسەر تراکتۆرەکەی سەربازێکی سوپای عێراق بە ملپێچەکەی رایکێشا، بەڵام نەیتوانی جووتیارەکە بهێنێتە خوارەوە. بڵاوبوونەوەی دیمەنەکە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و هاوسۆزی بۆ جووتیارە کوردەکە دروستبوو. محەممەد ئەمین دەڵێت، "سەربازەکان بە پەلاماردان ویستیان لەسەر تراکتۆرەکەم رامکێشنە خوارەوە، ئێستاش دەیانەوێت لە رێگەی دادگەوە سزام بدەن." سکاڵای دووەم کە هەر ئەمڕۆ لە دادگەی دوبز دادبینیی بۆ دەکرێت لەلایەن عەرەبێکی هاوردەوە بە ناوی ساڵح مشوت، دژی جووتیاری کورد دەشتی خەلیل تۆمارکراوە لە گوندی پەلکانە. لە ساڵی 2017ـەوە دووبارە کێشە لەنێوان جووتیارە کوردەکانی گوندەکانی (شەناغە و سەرگەڕان و پەڵکانە و چەند گوندێکی دیکە) و عەرەبی هاوردە سەریهەڵداوە. چەندین جار ڕووبەڕووبونەوە دروست بووە و ئێستاش لە ڕێگای دادگاوە کێشە بۆ جووتیارانی کوردی ئەم گوندانە دروست دەکەن. مانگی یەکی ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق دەنگی دا لەسەر پڕۆژە یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان، ئەم پڕۆژە یاسایە لە 13ـی شوبات لەلایەن سەرۆککۆماری عێراق واژۆی لەسەر کراوە و ڕۆژی 18ـی شوبات لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاو کراوەتەوە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنێکی ئەمنییان لە حەسەکە راگەیاند و 51 داواکراوی سەر بە داعشیان دەستگیرکردووە. لە راگەیەندراوێکدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، زیاتر لە سێ هەزار شەڕڤانی ژن و پیاو بەشدارییان لە ئۆپراسیۆنەکەدا کردووە، کە لەژێر ناوی "ئاسایشی هەمیشەیی گەلاندا" بەڕێوەچوو و نزیکەی 14 کاتژمێری خایاند. ئەوەشیان خستووەتەڕوو، هێزەکانیان سەرکەوتوو بوون لە گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانی ئۆپراسیۆنەکە، بە دەستگیرکردنی 51 داواکراوی سەر بە داعش، کە بەشداربوون لە هێرشکردنە سەر هاوڵاتییانی سڤیل و ناوەندە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان. دەشڵێت، توانیویانە چەند تۆڕێکی مەترسیدار هەڵوەشێننەوە، کە پلانیان هەبووە هێرش بکەنە سەر زیندانی سناعە و کامپی هۆل و توانیویانە دەست بەسەر کۆگای چەک و تەقەمەنی و پاڵپشتیی لۆجستی شانەکانی سەر بە داعشدا بگرن. ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئۆپراسیۆنەکە بە مەبەستی رێگریکردن بووە لە هێرشی پێشوەختەی داعش، هاوکات بۆ رێگریکردن بووە لە خۆڕێکخستنەوەی ئەو رێکخراوە، کە هاوکات بووە لەگەڵ جموجۆڵە چڕەکانی داعش لە سەرانسەری سووریا و هەوڵە ئاژاوەگێڕییەکانیان بۆ قۆستنەوەی بۆشایی ئەمنی لە بیابانەکان و ناوخۆی سووریا.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆران خەرج بکرێت، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری تەواوی کردووە و خشتەی دابەشکردنی مووچە ئامادەیە. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: بە ئەگەری زۆرەوە ئەمڕۆ بڕیاری خەرجکردنی پارەکە دەدرێت، دەبوایە ڕۆژی پێنجشەممە خەرج بکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە دەوام نەمابوو بۆیە کەوتووەتە ئەمڕۆ." وتیشی، "خشتەی دابەشکردنی مووچە ئامادەیە، وەک مانگەکانی ڕابردوو دەبێت ئەگەری چەند گۆڕانکارییەکی کەمی هەیە، ئەمڕۆ پارەکە بێت سبەی دەست بە دابەشکردنی کردنی دەکەین." ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی داوە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش مەرجی خەرجکردنی ئەو مووچەیەی کە ناردنی 120 ملیار دینارە بۆ بەغدا جێبەجێکردووە، ماوەتەوە سەر ئەوەی پارەی مووچە خەرج بکرێت.