لەزیندانەوە لاهور شێخ جەنگی پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: هیوادارم لە چوارچێوەی دەستووردا نوری مالیکی هەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی. دەقى پەیامەکەى لاهور شێخ جەنگی: پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی نوری مالیکی دەکەم بەبۆنەی کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق هیوادارم لە چوارچێوەی دەستووردا، هەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان
وەزارەتی دارایی عێراق نوسراوێکی بە واژۆی تەیف سامی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا داوا لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتەکانی حکومەتی فیدڕاڵ دەکات لیستی مووچەی مانگی یەک بنێرن. وەزارەتی دارایی عێراق نوسراوێکی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم وەزارەتەکانی دیکەی فیدڕاڵ کرد و تیایدا بە کۆمەڵێک مەرج و ڕێنمایی تازەوە، داوا دەکات لیستی مووچەی مانگی یەکی ساڵی 2026 بۆ ڕەوانە بکرێت. بەگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق کە ئەمڕۆ بە واژۆی تەیف سامی، وەزیری دارایی بڵاوکراوەتەوە، ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم وەزارەت و دەستە سەربەخۆکانی دیکەی عێراق کراوە، ئاماژە بەوەکراوە، لە چوارچێوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات، داوا لە هەموو وەزارەتەکان دەکەن لیست و خشتەی مووچەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی، گرێبەست و گرێبەستی ڕۆژانە کە خەرجی ڕاستەقینەیان هەبووە لە ساڵی ڕابردوودا، دوای وردبینی فەرمانگەی یاسایی و ژمێریی وەزارەت و دەستە سەربەخۆکان بە CD، بۆ وەزارەتی دارایی بنێرن. وەزارەتەکە دەشڵێت: ئامانج لەم نوسراوە بۆ ئەوەیە هەر کات لیستەکە گەیشت، مووچەی مانگی یەکی ساڵی 2026ـی فەرمانبەران خەرج بکرێت، چونکە لیستی پێشووی وەزارەتەکان ئەم وردەکارییانەی تێدانەبووە. هەر لە چوارچێوەی ڕێنماییەکاندا، دەبێت لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست بەپەلە ئامادە بکرێت، گۆڕانکاریی لە شایستەی دارایی فەرمانبەران و بەتایبەت بڕگەی خزمەتی زانکۆیی دەکرێت، بەجۆرێک ئەم پارەیە تەنیا بۆ ئەوانە خەرج دەکرێت کە بە کرداری وانە دەڵێنەوە، لەگەڵ چەندین ڕێکاری دیکە لە وەزارەتەکانی نەوت، کارەبا و سەرچاوەکانی ئاو بە ئامانجی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهات. 13ـی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزاری عێراق بۆ کاروباری ئابووری نوسراوێکی بە پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەرکرد، تیایدا ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهاتی پەسەندکرد، لەوانەش ئیتر 80% داهاتی کۆمپانیا حکومییەکان و وەزارەتەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێتەوە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرایکرد، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق لە کاتژمێر دووی بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە هێرشی چڕیان بۆ سەر دوو شارەدێ لە باشووری کۆبانێ دەستپێکردووە و داواش لە وڵاتانی نێوەندگیر دەکات سنوورێک بۆ پەلامارەکانی سوپای عەرەبیی سووریا دابنێن. هێرشی چەتەکان بۆسەر گوندەکانی سنووری کۆبانێ بەردەوامە، لە ئەنجامی هێرەشەکاندا چوار مەدەنی بریندابوون کە یەکێکیان منداڵە، شەڕڤانان وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە و ژمارەیەکی زۆر لە تانک و ئۆتۆمبیلی سەربازییان تێکشاندووە. چەتەکانی دەوڵەتی تورک، داعش و هەتەشە وێڕای ئاگربەست لە دوێنێوە لە هێرش و بۆردوومانی چڕی گوندەکانی سنووری شاری کۆبانێدان کە گەمارۆدراوە. هەڵهاتنی چەتەکان و تێکشکاندنی چەندین ئۆتۆمبیلی سەربازیی لە گوندی چەلەبەی سەر بە خراب عشک هێرشی چەتەکان بە شەش تانک، چەندین زرێپۆش و ژمارەیەکی زۆر لە چەتە لە بەرەبەیانەوە درێژەی هەیە. وەڵامدانەوەی کەمەرشكێنی شەڕڤانان لە دژی هێرشەکان بەردەوامە و زیانێکی زۆری بە چەتەکان گەیاندووە، کە تەنها لە سنووری گوندی خراب عشك ٧ ئۆتۆمبیلی سەربازیی، ٢ تانک، ژمارەیەکی زۆر لە پانزەر و ئۆتۆمبیلێ دۆشکە لەسەریان تێکشکاندووە. هەروەها لە ئەنجامی وەڵامی کەمەرشكێنی شەڕڤانانەوە، چەتەکان جار بە دوای جار هەڵدێن. لە گوندی زێرکێی کۆبانێیش ٥ ئۆتۆمبیلی چەتەکان تێکشکێندران. ئەمەش لە کاتێکدایە شەڕ و پێکدادان لە گوندەکانی قاسییە و چەلەبە بە سەختی بەردەوامە. بۆردوومانی گوندی زەرکتکێ؛ ٤ مەدەنی بوونەتە قوربانی لە ئەنجامی هێرشی چەتەکان بۆسەر گوندی زەرکتکێی کۆبانێ، تا ئێستا چوار گوندنشین برینداربوون، کە یەکێکیان منداڵە.
سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی تێکشکاندنی داعش لە کۆبانێ پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەوە "سەرکەوتنی هەموو گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی" بوو. لە پەیامەکەدا هاتووە: "لە یازدەهەمین ساڵیادی تێکشکاندنی تیرۆریستان لە کۆبانێدا، سڵاو بۆ شەڕڤان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەنێرین کە بە پشتیوانیی هاوپەیمانان لە بەرگرییەکی قارەمانانەدا رێگەیان نەدا کۆبانێ بکەوێتە دەست تیرۆریستانی داعش." سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو بەرگرییە "سەرکەوتنێکی گەورەی لە مێژووی گەلی کورد تۆمار کرد." دەشڵێت، "ئەو سەرکەوتنە سەرکەوتنی هەموو گەلی کوردستان بوو، سەرکەوتنی مرۆڤایەتی بوو بەسەر تیرۆر و تاریکیدا." دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی: لە یازدەهەمین ساڵیادی تێكشكاندنی تیرۆریستان لە كۆبانێدا، سڵاو بۆ شەڕڤان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەنێرین كە بە پشتیوانیی هاوپەیمانان لە بەرگرییەكی قارەمانانەدا رێگەیان نەدا كۆبانێ بكەوێتە دەست تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنێكی گەورەیان لە مێژووی گەلی كورد تۆمار كرد. ئەو سەركەوتنە سەركەوتنی هەموو گەلی كوردستان بوو، سەركەوتنی مرۆڤایەتی بوو بەسەر تیرۆر و تاریكیدا.
کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ دوو شەممە 26- 01- 2026 کەش / ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێـت بەگشتی . خێراى با / لەسەرخۆ دەبێت ( 5– 10 ) کم/ک. ئاراستەی با / باکوری خۆرهەڵات دەبێت مەوداى بینین / (9 – 10 ) دەبێت. پلەکانی گەرما / بەرزترین کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنی . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ ئەمڕۆ : هەولێر : 15 پلەی سیلیزی پیرمام : 12 پلەی سیلیزی سۆران : 7 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 3 پلەی سیلیزی سلێمانی : 13 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ : 15 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 13 پلەی سیلیزی دهۆک : 15 پلەی سیلیزی زاخۆ : 14 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 13 پلەی سیلیزی سبەی سێ شەممە 27- 01- 2026 کەش/ ئاسمان لەنێوان پەڵە هەورو نیمچە هەور دەبێت . خێراى با / لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت ( 10– 15 ) کم/ک. ئاراستەی با / باکوری خۆرئاوا دەبێت مەوداى بینین / (9 – 10 ) دەبێت. پلەکانی گەرما/ بەرزترین و نزمترین کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی: هەولێر : 16 پلەی سیلیزی پیرمام : 13 پلەی سیلیزی سۆران : 8 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 3 پلەی سیلیزی سلێمانی : 14 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 16 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 13 پلەی سیلیزی دهۆک : 15 پلەی سیلیزی زاخۆ: 15 پلەی سیلیزی ئاکرێ: 14 پلەی سیلیزی
ئەمڕۆ دووشەممە، بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دابەزینێکی پێوانەی تۆمار کرد، شارەزایانی بواری ئابووری هۆکارەکەی بۆ هەڕەشەکانی ئەمریکا لەسەر بەشداری پێنەکردنی گرووپە چەکدارەکان لە حکومەتی نوێی عێراق دەگەڕێننەوە. چەند ڕۆژێکە، بەهۆی ناسەقامگیری بازاڕ، لەدوای هەڕەشەکانی ئەمریکا لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق، بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەردەوامە لە دابەزین. کەیفی خۆشناو، وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر بە ئاڤای ڕاگەیاند: لەگەڵ کرانەوەی بازاڕدا 100 دۆلاری ئەمریکی بە 151 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرا، ئێستا بە 151 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت و پێشبینی دەکرێت دینار زیاتر بەهای خۆی لەدەست بدات. سەبارەت بە جیاوازی بەهای دۆلاری سپی و شین و ڕێژەکەی لە بازاڕدا، کەیفی خۆشناو دەڵێت: زۆرینەی ئەو دۆلارە سپیەی هەبوو بۆ تورکیا گواستراوەتەوە، بۆیە ئێستا ڕێژەیەکی کەم لە بازاڕدا هەیە، ئێستا جیاوازی بەهای دۆلاری سپی و شین هەندێکجار هەزار دینار، یان 750 دینار، یان 600 دینارە، جیاوازی هەیە، بە تێپەڕینی کات ئەم جیاوازیە نامێنێت. شارەزایانی بواری ئابووری هۆکاری دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بە دینار، هەروەها هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق و هەوڵەکانی بۆ ڕێگریکردن لە بەشداریکردنیان لە حکومەتی داهاتووی عێراق دەگەڕێننەوە.
کۆمپانیای دانە غاز و نەوتی هیلال، لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە هاوپەیمانی پترۆلیۆم، ڕێککەوتنی فرۆشتنی غازی درێژخایەنیان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ دابینکردنی 142 ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتی ڕۆژانە بۆیان. کۆمپانیای دانەغاز و نەوتی هیلال، لە ڕاگەێینراوێکدا ئاماژەیان بەوە کرد:" چەند ڕێکەوتنێکیان واژۆ کردووە، بەپێی ئەم ڕێککەوتنانە ڕۆژانە 142 ملیۆن پێ سێجا غاز بە کۆمپانیاکانی چیمەنتۆ و پۆڵا دەفرۆشرێت، بۆ ماوەی 10 ساڵ و دابینکردنی غازەکە لەگەڵ دەستپێکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی چەمچەماڵ لە نیوەی دووەمی ساڵی 2027 دەست پێدەکات، لەگەڵ پلانی دروستکردنی هێڵی بۆری نوێ کە لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەکرێت بۆ کێڵگەگە". لە ڕاگەێینراوەکە هاتووە:" ئەم ڕێککەوتنانە لەگەڵ کۆمپانیاکانی ماس چیمەنتۆ، بازیان چیمەنتۆ، دێڵتا چیمەنتۆ، گاسن چیمەنتۆ، چیمەنتۆی سلێمانی، کە هەموویان لە ناوچەی پیشەسازی بازیان لە پارێزگای سلێمانین، هەروەها کۆمپانیای ڤان ستێل لە پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستان واژۆ کراون". هاوکات بەشدارانی پترۆلیۆم بەهۆی توانای زۆری کێڵگەی چەمچەماڵ کێڵگەکە ئامادە دەکەن بۆ دەستپێکردنی زیاتری بەرهەمهێنانی غاز، هاوبەشەکان بڕیاریانداوە 160 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەبەرهێنان بکەن بۆ لێدانی سێ بیری دیکە، بە ئامانجی دابینکردنی غازی زیاتر. کۆمپانیای دانەغاز، لە ساڵی 2005 دامەزراوە و یەکەم و گەورەترین کۆمپانیای تایبەتی کەرتی غازی سروشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە ئێستادا لە بوارەکانی گەڕان و بەرهەمهێنان و گواستنەوەی غاز لە هەریەک لە ئیمارات، میسر و هەرێمی کوردستان کار دەکات.
جیهان قەرزارییەتی و دەبێت ئێستا بەهانایەوە بچن ئامادەکردنی هاوڵاتی لە پایزی 2014 جیهان خەریکبوو هیوای لەدەست دەدا. داعش لە لوتکەی خۆیدا بوو؛ بەهیچ نەدەوەستێنران، بێبەزەیی بوون و وەک هەورە بروسکە شارەکانی سوریایان داگیردەکرد. موسڵ کەوتبوو، ڕەققە بووە پایتەختی خەلافەتەکەی و شار بە شاری سوریا و عێراق دەکەوتە دەست گروپە چەکدارەکانی داعش. زۆرێک پێیان وابوو گرتنی تەواوی سوریا لەلایەن گروپە تیرۆریستییەکانەوە تەنها لەسەر کات وەستاوە. شرۆڤەکاران باسی بەحەتمیبوونی گرتنی سوریایان دەکرد لەلایەن داعشەوە و ترس هەموو سەردێڕی میدیاکانی تەنیبوو. ئا لەو کاتەدا بەرخۆدانی کۆبانێ دروستبوو. شارێکی کوردی کە لە هەموو لایەکەوە دەورەدرابوو. هەمووان کۆبانێیان بە لەدەستدراو لەقەڵەم دەدا. تانکەکانی داعش بەلیشاو دەهاتن، ئاڵا رەشەکەیان لەسەر شوێنە بەرزەکان هەڵدەکرا و تەواوی کامێراکان چاویان لەسەر کەوتنی کۆبانێ بوو. تەنانەت بەشێک لە شەڕڤانان دەیانوت بەرگریی سوودی نییە، بەڵام کۆبانێ خۆی بەدەستەوە نەدا. ئا لەو کاتەدا 80%ـی شارەکە بەدەست چەکدارانی داعشەوە بوو. بەڵام بە بڕیارێکی سەرۆک بارزانی هەموو شتێک گۆڕا. لە 22ـی 10ـی 2014 لەسەر داوای سەرۆک بارزانی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری ناردنی پێشمەرگەی بۆ کۆبانێ دا و دوای شەش رۆژ یەکەم کاروانی پێشمەرگە بەرەو شارەکە بەڕێکەوت. تەنها بە چەکی سووک و ئیرادەیەکی پۆڵاین، شەڕڤانان و پێشمەرگە شارەکەیان کردە قەڵای بەرخۆدان، شەقام بە شەقام و خانوو بە خانوو بەرگەیان گرت. ئەوەی داعش چاوەڕیی دەکرد بە چەند رۆژێک داگیری بکات، بووە شەرمەزاری چەندین مانگی گروپەکە. کۆبانێ بووە مەیدانی یەکەم گەورەترین شەڕ کە داعش نەتوانێت تێیدا براوە بێت. ئا لێرەوە ئەفسانەی نەکەوتن و پتەویی داعش تێکشکینرا. لە کۆبانێوە شکانی داعش وەک پوولی دۆمینە دەستیپێکرد. تەنها بە نزیکەی دوو مانگ شارەکە لە چەکدارانی داعش پاککرایەوە. ئێستا هەمان شار ئابڵوقەیەکی تووندی لەسەرە، ئەمجارە داعش نییە کە گەمارۆی شارەکەی داوە، بەڵکو پاشماوەکانی گروپەکە و بەکرێگیراوانی تورکیان بەناوی سوپای عەرەبیی سوریا، کە ئابڵووقەیەکی تووندیان خستووەتە سەر شارەکە و لە هەموو لایەکەوە دەورە دراوە. شارەکە لە دۆخێکی سەختدایە. ئاو، سووتەمەنی و خۆراک بۆ خەڵکی سڤیل بڕاوە. کارەبا نییە و نەخۆشخانەکانی پێداویستی پزیشکییان تێدا نەماوە، چەکدارەکانی دیمەشقیش ناهێڵن هیچ شتێک بڕوات بۆ شارەکە. ئەو شارەی هەموو جیهان قەرزاربارییەتی ئێستا لەژێر بەزەیی چەکدارە دڕندەکانی سوپای سوریایە. هەموو ئەوانەی خۆیان بە هاوپەیمانی کورد دەزانی پشتیان تێکرد و بێدەنگن، هەروەک ساڵح موسلیم دەڵێت، ئەمە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتییە و ئەمریکا، ئیسرائیل، تورکیا، بەریتانیا، فەرەنسا و وڵاتە عەرەبییەکان تێیدا بەشدارن. بۆیە تەنها کورد دەتوانێت بەرگریی لە خۆی بکات، لەبەرئەمەشە سەرۆک بارزانی رۆژی هەیینی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئەگەر لە توانامدا بوایە وەک ساڵی 2014 پێشمەرگەم دەناردە کۆبانێ. سەرۆک بارزانی لە ئیتاڵیاوە بە بیر هەموو جیهانی هێنایەوە کە ئەوە کۆبانێ بوو ئێوەی لە دەستی تیرۆر رزگارکرد و گوتی: کۆبانێ شارێکی کوردییە و نابێت دەستی لێ بدرێت، من هەرچەند بتوانم بۆ ئەو شارەی دەکەم و ئەوەی لە دەسەڵاتمدا بێت ئەنجامی دەدەم. ئەو شارەی کە تەنها زمانی بەرخۆدان دەزانێت و ئاشنا نییە بە دۆڕان، ئێستا بە بەرچاوی وڵاتانەوە دەخنکێنرێت. ئەمە چیرۆکی کۆبانێ بوو کە تەواوی جیهان لە ئاستیدا لاڵ بووە.
وەزارەتی دارایی و ئابوریی ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە هیچ بریارو ڕێنماییەک بؤ خەرجکردنی مووچە بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٦ نەگەیشتۆتە وەزارەتی دارایی هەرێم. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو، هیچ ڕێکەوتن و بڕیارێکی نوێ بۆ دابەشکردنی مووچە لە ئارادا نییە ڕاگەیەنراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە. سەبارەت بەڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٦ ، ماوەی چەند ڕۆژێکە چەندین لێدوان و شیکردنەوەو لێکدانەوەی نادروست لەسەر ئەو بابەتە لە بەشێک لە میدیاکانەوە بڵاو دەبێتەوە، بەپێویستمان زانی ئەم بەرچاورونیانە بخەینە روو. ١- تا ئێستا لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە هیچ بریارو ڕێنماییەک سەبارەت بە ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچە بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٦ نەگەیشتۆتە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان. ٢- تا ئێستا هیچ ڕێکەوتن و بڕیارێکی نوێ بۆ دابەشکردنی مووچە لە ئارادا نییە. ٣- وەزارەتی دارایی و ئابووری هەروەک ساڵانی پێشوو بەردەوامە لەسەر جێبەجێکردنی هەموو هەنگاوەکانی دابەشکردنی مووچە. ٤- هیچ کێشەیەک لەبەردەم وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمدا نییە بۆ ناردنی راپۆرتی تەرازووی پێداچونەوەو لیستی مووچە و چاوەڕێی ئەنجامەکانی خاڵی یەکەمە ( واتە بڕیارو ڕێنمایی نوێ بۆ خەرجکردنی مووچە لەساڵی ٢٠٢٦ ). بۆیە تکایە هەرکەس و لایەنێک کە شارەزای ئەم ڕێکەوتن و ڕێنمایی و ڕێکارانە نییە، زانیاری هەڵە لەسەر لیستی مووچە و بابەتی (١٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سەدو بیست ملیار دینارەکە بڵاونەکاتەوە ، تا لەو ڕێگایەوە بیەوێت بۆ دەستکەوتی کەسی یان سیاسی یاری بەهەست و سۆزی فەرمانبەران و مووچەخۆران بکات. بۆ چەندهەمین جار چەند بارەی دەکەینەوە هەر کەس و لایەنێک پێویستی بە زانیاری هەیە لەو بارەیەوە دەرگای وەزارەتمان ئاوەڵایە. وەزارەتی دارایی و ئابووری ٢٥ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە کۆبانێ رایگەیاند، مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکی کۆبانێ هەیە و مزگەوت و قوتابخانەکان پڕن لە خەڵکی ئاوارە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرحان حاجی عیسا، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە کۆبانێ بە کوردستان24ـی راگەیاند: کۆبانێ گەمارۆدراوە و هێزەکانی سەربە دیمەشق لە باشووری کۆبانێ ئاگربەستیان شکاندووە، بەڵام با هەموو لایەک باش بزانن و دڵنیایی دەدەینە هەموو کوردێک تاوەکوو قەترەیەک خوێن لە گیانی ئێمە دا بمێنێت ئێمە لێرە دەمینێین و بەرگریی دەکەین، بەشێک لە هاوکارییەکان گەیشتووەنەتە نێو کۆبانێ، مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکی کۆبانێ هەیە. فەرحان حاجی عیسا: مزگەوت و قوتابخانەکانی کۆبانێ پڕن لە خەڵکی ئاوارە، قسە و کرداری دیمەشق یەکناگرتەوە. کۆبانێ و دەوروبەری ماوەیەکە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو حکوومەتەوە گەمارۆ دراون، ئەمەش دوای پاشەکشەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چەند ناوچەیەک و تێکچوونی دانوستانەکان هات. گەمارۆکە بووەتە هۆی پچڕانی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان وەک ئاو، کارەبا، ئینتەرنێت و هێڵەکانی پەیوەندی. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەوانەش رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ لە سووریا، هۆشداریی داوە لە "کارەساتێکی مرۆیی گەورە" و رایگەیاندووە، دانیشتووانی شارەکە رووبەڕووی کەمیی توندی خۆراک، دەرمان و شیری منداڵان بوونەتەوە. ئەم دۆخە لەکاتێکدایە شەپۆلێکی سەرما و بەفربارینێکی "بێوێنە" ناوچەکەی گرتووەتەوە، دیارە لە 50 ساڵی رابردوودا بەفری وا نەباریوە. کۆبوونەوەی ئاوارەیەکی زۆر لە گوندەکانی دەوروبەرەوە لەنێو شاری کۆبانێ، قەیرانەکەی قووڵتر کردووەتەوە. هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی بەردەوامن، بەڵام دۆخەکە هێشتا ناسەقامگیرە و مەترسییەکان لە ئارادان. رێکخراوە خێرخوازییەکانی وەک دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکارییان دەستپێکردووە و چاوەڕێی رەخساندنی دەرفەتن بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە خەڵکی کۆبانێ.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، پێشوازی لە شاندێکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) کرد و پێکەوە تاوتوێی دۆخی ئێستای ناوچەکەیان کرد. لە میانی کۆبوونەوەکەدا، پرسی ڕاگرتنی شەڕ و ئاگربەست بە وردی تاوتوێ کرا. هەروەها هەردوولا گفتوگۆیان دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد. کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر گرنگیی پاراستنی ڕۆژئاوا و خەڵکی سڤیل کردەوە لە هەر شەڕ یان ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی کە ببێتە هۆی دروستبوونی شەپۆلی نوێی ئاوارەبوون، هاوکات دووپاتیان کردەوە پێویستە کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکوومەتی کاتی لە ڕێگەی دیالۆگی بونیادنەرەوە چارەسەر بکرێن.
ناوەندى ڕاگەیاندنى هەسەدە ئاشکرایدەکات لە ئەنجامی تۆپبارانە بەردەوامەکانی لایەنەکانی دیمەشق بۆ سەر گوندی ئەلقاسمیە لە ڕۆژئاوای کۆبانی، منداڵێک کوژرا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێککەوتننامەی درێژکردنەوەی ئاگربەستە. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی تۆپبارانی بەردەوامی گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بۆ سەر گوندی قاسمەی ڕۆژئاوای کۆبانێ، منداڵێک شەهید بووە و سێ کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون. ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە تەنیا چەند کاتژمێرێک بەسەر ڕێککەوتنی درێژکردنەوەی ئاگربەستدا تێپەڕ بووە، بەڵام گروپەکانی دیمەشق بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا ڕێککەوتنەکەیان پێشێل کردووە. هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، ئەو گروپانە هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر گوندەکانی زرک و قاسمەی ڕۆژئاوای کۆبانێ، هاوکات گوندی جەلەبییەی باشووری ڕۆژهەڵاتی شارەکەشیان کردووەتە ئامانج. ئەم پەرەسەندنە سەربازییە نوێیە وەک هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر گیانی مەدەنییەکان و تێکدانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان وەسف کراوە، چونکە هێرشەکان ڕێک دوای ماوەیەکی زۆر کەم لە ڕاگەیاندنی درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست دەستیان پێکردووەتەوە. دۆخی شاری کۆبانێ و دەوروبەری لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی گەمارۆ و پێکدادانەکانەوە زۆر هەستیار بووە، درێژکردنەوەی ئاگربەست کە بڕیار بوو بۆ ماوەی 15 ڕۆژ بێت، وەک دەرفەتێک بۆ پاراستنی گیانی مەدەنییەکان و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان دەبینرا، بەڵام بەردەوامبوونی تۆپبارانەکان و بە ئامانجگرتنی گوندە ئاوەدانەکان نیشانەی ئەوەیە کە گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق پابەندی بەڵێنەکان نین، ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر ناوچە کوردنشینەکان دروست دەکات و پڕۆسەی سەقامگیری لە باکووری سووریا ڕووبەڕووی ئاستەنگی جدی دەکاتەوە. زانیارى زیاترhttps://t.me/hawlatinews/32005
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، ئەو شەڕڤانانەی کە شەهید بوون و ئەوانەی کەوتوونەتە دەستیان و بە دیل گیراون [لای هێزەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا]، زۆریان بە مەیدانیی لەسێدارە دراون، واتە هەر کەسێک کە دەستگیر کرابێت، دەستبەجێ گولـلەباران کراوە. ئیلهام ئەحمەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زۆر رووداوی لەو شێوە هەبووە کە هەر لە شوێنی دەستگیرکردن، شەڕڤانەکانیان گولـلەباران کردووە، لە تەبقە، رەققە و دێرەزوور هەبووە، زۆرترین دیمەنەکان لە رەققە و تەبقە دەرکەوتوون، هەندێکیش لە شێخ مەقسوود." بە گوتەی هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئەوانەی گولـلەباران کراون بە سەدان شەڕڤان دەبن و ئاماژەی بەوەشکرد، "رەنگە هەموویان شەڕڤان نەبن، بەڵکو کەسانی سڤیلیشیان تێدایە، بۆ نموونە ئەوانەی شێخ مەقسوود." تاوەکو ئێستا دیارنییە چەند شەڕڤان بە دیل گیراون. ئیلهام ئەحمەد دەڵێت: "هێشتا ژمارەیان دیار نییە، چونکە ئێمە نازانین کێ بە دیلی کەوتووەتە دەستیان و کێش شەهید بووە، هێشتا ئەو ژمارەیەمان پێ نەگەیشتووە."
بارەگاى بارزانى لەراگەیەندراوێکیدا دەڵێت: ڕۆژی یەکشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی و بەڕێز مەزلووم عەبدی فەرماندی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا بیروڕایان لەبارەی دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکان و دۆخی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان ئاڵوگۆڕ کرد.
ساڵح موسلیم دەڵێت تۆم باراک داوای لە کورد کردوە شەڕی حەشدی شەعبی بکات و ڕەتمان کردەوە و وتمان ئێمە بەکرێگیراوی کەس نین و شەڕی گەلی خۆمان دەکەین، لەدوای ئەوەشەوە هێرشەکان دەستیان پێکرد و پلانگێڕییەکە جیهانیی بوو دژی کورد. ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە ڕایگەیاند بە ئاشکرا داواکراوە کورد شەڕی حەشدی شەعبی بکات و تۆم باراک وتویەتی ڕاگرتی شەڕەکان یەکسانە بە هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی لەلایەن کوردەوە. ساڵح موسلیم بە کورد تۆم باراک پێی وتون شەڕی حەشد بکەن و کورد بپارێزن لە شەڕی دیکە، ئێمەش لە کۆبوونەوەکەی دیمەشق بە تۆم باراک-مان وت ئێمە شەڕ و خەبات بە گەلی خۆمان و ئازادیی دەکەین، ئێمەی کورد بەکرێگیراوی کەس نین و شەڕی هیچ هێزێک ناکەین، هێرش نەکاتە سەرمان و ئەگەر هێرشەکان رانەگیرێن بەرگریی لە خۆمان دەکەین. ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشی سەر کورد بە وردی پلانی بۆ دانرابوو، دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکەی پاریس هێرشی سەر گەڕەکە کوردییەکانی سەر شاری حەلەب دەستیپێکرد. ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوەشدا، ئەوانەی لە کۆبوونەوە و رێککەوتنەکەی پاریس ئامادەبوون دەستیان لە پلانی هێرش بۆ سەر کورد هەبوو، ئیسرائیل، تورکیا، فەڕەنسا، ئینگلتەرا و ئەمریکا ئەمەش ئەوە دەردەخات پلانەکە نێودەوڵەتی بوو. سەرکردە کوردەکە لە بەشێکی قسەکانیدا ڕایگەیاند: تورکیا پشتیوانی راستەوخۆی دیمەشقی کرد بۆ هێرشەکان و وڵاتانی کەنداویش لەڕێگەی میدیاوە پشتگیریان لەو پیلانگێڕییە کرد، ئەو گرووپانەی دژی کورد شەڕ دەکەن، بەنزیکەی هەموو پێداویستییەکانیان لە لایەن ئەنقەرەوە دابین دەکرێن. باسی لەوەشکرد، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا هەم هێرش دەکات، هەم زانیاریش بۆ گرووپەکان کۆدەکاتەوە، چەندین چەک و زرێپۆش لەلایەن شەڕڤانان دەستیان بەسەرداگیراوە هی تورکیان، دەشڵێت، "پلانەکە تەنها رۆژاڤا نەبوو، بەڵکو باشووری کوردستانیش بوو، ئامانجەکە نەهێشتنی کورد بوو، هەروەها کشانەوە لە ناوچە عەرەبییەکان بۆ بەرژەوەندی خۆمان بووە و ڕێگریمان کردوە لە شەڕی کورد و عەرەب، هیج زیانێکی گەورەش بەر هێزەکانمان نەکەوتوە.
