هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند، بازرگانێکی نێودەوڵەتی ماددە هۆشبەرەکان لەشاری هەولێر دەستگیرکرا و هەروەها  دوو بازرگانی دیکە لەپارێزگای (ذی قار) لەگەڵ بڕی (100 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری کەپتاگۆن) دەستی بەسەردا گیراوە. ئەمڕۆ دووشەممە  بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک لە هەولێر و سێ تۆمەتبار لە پارێزگای زیقار بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی راگەیاند.  بە گوێرەی دەزگەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەو سێ تۆمەتبارەی لە پارێزگای زیقار دەستگیرکراون بازرگانی مادەی هۆشبەر بوون، لە کاتی دەستگیرکردنیاندا دەستگیراوە بەسەر 100 کیلۆگرام حەپی کەپتاگۆن (جۆرێکی مادەی هۆشبەر)ـدا. هاوکات ئاسایشی کوردستانیش ڕایگەیاند  لە ئەنجامی هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچون بۆ دەستگیرکردنی سێ بازرگانەکەی پارێزگای زیقار توانیویانە بازرگانێکی نێودەوڵەتیش لە شاری هەولێر دەستگیربکەن

هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ژمارەیەک کارگەو کۆگای لە چەند ناوچەیەکی جیاواز لە قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بە ئامانج گرت و بە گوێرەی زانیارییەکان بریندار هەیە. پەیامنێری هاوڵاتی لە ڕۆژئاوا سەبارەت بە هێرشەکان ڕایگەیاند، هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە ٢٥-١٢-٢٠٢٣ کاتژمێر ١٠:٣٠ بەیانی لە شاری کۆبانێ کارگەیەکی چیمەنتۆ بۆمباباران کراوە. دوابەدوای ئەو هێرشە لە شاری قامیشلۆ لەنێوان کاتژێر ١١.٠٠--١٢:٣٠ ٥-٦ جار لەلایەن فرۆکەی بێ فرۆکەوانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆمبباران کراوە . وتیشی، هێرشەکان لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ زیاتر لە ٣٣ پارت لە ڕۆژئاوای کوردستان ویستویانە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەنجام بدەن بۆ ئیدانە کردنی هێرشەکانی تورکیا کە ڕۆژی شەممە کردیانە سەر دامەزراوەکانی ژێرخانی ئابوری ڕۆژئاوا . سەبارەت بە زیانە مادی و گیانییەکان و ئەو ناوچانەی بە ئامانج گیراون، پەیامنێری هاوڵاتی دەڵێت، تا ئێستا حەوت کەس برینداربوون و ژمارەیەکی زۆر کارگەو کۆگا سوتاون و زیانێکی ماددی زۆری هەبووە و ئەو شوێنانەی بە ئامانج گیراون  شوێنی بیناسازی و کارگە و کۆگای شتومەکی ڕۆژانە وچاپەمەنی و کارگەی چیمەنتۆ و دوورمانن. لەهەمان کاتتدا لەسەر گوندەکانی شێراوە کە سەر بە کانتۆنی عەفرینە. بەهەمان شێوە هێرشی ئاسمانی بەردەوامە. بە گوێرەی زانیارییەکان  یەکێک لەو ناوچانەی هێرشی کراوەتە سەر ناوچەیەکی سەربازی بووە و تا ئێستاش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چاودێری بەسەر ئاسمانی قامیشلۆدا دەسوڕێتەوەو بە ئاسانی دەنگی دەبیسترێت. هاوکات لە هێرشێکی هاوشێوەدا ئێوارەی  شەممە، فڕۆکەکانی تورکیا بۆردوومانکردنەوەی دامەزراوەکانی ژێرخانی ئابووری رۆژئاوایان دەستپێکردەوە، لەگەڵ چەندین هێرشی ئاسمانی و بۆ سەر دامەزراوەکانی خزمەتگوزاری و نەوتی لە گوندەواری قامشلۆ و دێریک. فەرمانگەی وزە لە رووپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، وێستگەکانی گۆڕین و دامەزراوەی غازی سویدییە لە گوندەواری دێریک، بەهۆی بەرکەوتنیان بە بۆردومانی تورکیاوە، لە خزمەتگوزاری دەرچوون. ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەو دامەزراوە غاز و نەوتیانەی کە سووتەمەنی بۆ تۆرباینەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا دابین دەکەن لەکارکەوتوون. هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان چڕبونەوەی بە خۆوە بینی کاتێک دوای سێ ساڵ لەگفتوگۆو راگۆڕینەوە ئەنجومەنی یاسادانانی رۆژئاوای كوردستان رۆژی 12-12-2023 لەشاری رەققە ئەنجوومەنی گشتی بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باكوورو رۆژهەڵاتی سووریا كۆبوونەوەی ژمارە 90ی خۆی ئەنجامداو ئەو رێككەوتنە كۆمەڵایەتییەی پەسەند كرد، كە لەلایەن لیژنەی بەرفراوان بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانێتییەكە پێشكەش كرا و ڕۆژئاوا بووە خاوەن دەستوری خۆی.         لەم لینکەوە تەواوی زانیارییەکان لەسەر دەستورەکەی ڕۆژئاوای کوردستان بزانە:  دەستوری ڕۆژئاوا

هاوڵاتی  نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق لە بەغدا ڕایگەیاند دوو لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سەرەتای مانگی سێ دەستبەکار دەبن و لە خانەقین و کەرکووک و مەخمور بڵاوەیان پێدەکرێت، دەشڵێت "چیتر تەعدا لە کورد ناکرێت و زەویەکانیشیان داگیر ناکرێت"، ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ نوێنەری جوتیارانی تۆپزاوا و جوتیارێكی دیكەی كورد لەسەر سكاڵای فیرقەی 11 ی سوپای عێراق لەكەركوك بەندكران. لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی وتووە:" دوو لیوای ھاوبەشی  پێشمەرگە و سوپای عێراق  نزیکەی مانگێکە دەستیان بە مەشق و ڕاھێنان کردووە و بۆ ماوەی سێ مانگ لە مەشق و ڕاھێنان بەردەوام دەبن، دواتریش دەستبەکار دەبن و لەناوچە کوردستانییەکان، لە خانەقین  و کەرکووک و مەخمور بڵاوەیان پێدەکرێت، بەپێی ڕێککەوتن ئەو شوێنانەیان بۆ دیار کراوە کە بۆشایی ئەمنیان ھەیە، بارەگای سەرەکییان لە کەرکووک لە سەربەشاخ دەبێت کە نزیکە لە سەرگەڕان" . لیوا عەبدولخالق تەڵعەت وتیشی:" ھەبوونی ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە ھاوکارییەکی باش دەبێت بۆ خەڵکی کورد بۆ ئەوەی کەس نەتوانێ تەعدایان لێ بکات و زەویان داگیر بکات، چونکە لەو دوو لیوایە یەکێکیان ئامر لیوایەکەی کورد دەبێت و جێگریشی عەرەب و لیوای دووەم  ئامر لیوا عەرەب دەبێت و جێگری کورد دەبێت، ئەمە یەکلایی کراوەتەوە و دیاریش کراون، بڕیاریشە سەرەتای مانگی ٣/٢٠٢٤لە ناوچە کوردستانییەکان ھەردوو لیوا دەستبەکاربن". وتەكانی نوێنەری حكومەتی هەرێم لەفەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی عێراق لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ ساتیع ناسیح نوێنەری جوتیارەكانی تۆپزاوا لەسەر سكاڵای فیرقەی 11ی سوپای عێراق رۆشتە بەردەم دادگای كەركوك و بە فەرمانی دادوەر لەگەڵ جوتیارێكی تر بەندكران. فیرقەی 11ی سوپای عێراق كۆمەڵێك تۆمەتیان ئاراستەی كردووەو لەنێویدا بانگەوازكردن بۆ كۆبونەوەی خەڵك لەسەربازگەی تۆپزاوا بۆ بینینی شانۆگەری، یەكێكی تر لەدەستگیركراوەكان سۆران مام نازمە كە ماوەیەك پێش ئێستا باوكیشی دەستگیركراو دواتر بە كەفالەت ئازادكرا.  

هاوڵاتی جوتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند پێشبینی دەكرێت بەمزوانە وەفدێكی هەرێم سەردانی بەغدا بكاتەوە و لەسەر چەند پرسێك دەست بەكۆبونەوەكانیان بكەنەوە.  فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویكردەوە: ڕۆژی 24ـی كانوونی یەكەمی 2023 جوتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەگەڵ بەشێك لە میدیا عەرەبییەكان كۆ بووە و لە کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەکەشدا، جگە لە پرسە میدیاییەكان، وردەكاریی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقی ڕوون كردەوە. لەكۆبوونەوەكەدا جوتیار عادل وتوویەتی:" گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەردەوامە، ئامانجمان جێبەجێكردنی دەستوور و پاراستنی فیدڕاڵیزمە، پێشبینییش دەكرێت جارێكی دیكە شاندێكی هەرێمی كوردستان بچێتەوە بەغدا، لەسەر كۆمەڵێك پرسی یاسای بودجە و مووچە و نەوت و غاز و ناوچە جێناكۆكەكان گفتوگۆ بكەن." لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش ڕایگەیاندووە: "پرسی دووبارە ناردنەوەی نەوت، پەیوەندیی بە گفتوگۆی نێوان توركیا و عێراقەوە هەیە، ئەوەی پێویست بووە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە پێشكەش كراوە، لە پرسە یاساییەكان و گرێبەستەكان؛ بەڵام پرسەكە لە نێوان ئەنكەرە و بەغدا ماوەتەوە." هەروەها لەبارەی بودجەوە، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری باسی لەوەشكردووە: "ئێمە جەخت لە ناردنی بەشەبودجەی هەرێم دەكەینەوە، كە لە یاسای پەسندكراوی بودجە دەرچووە. لە ماوەی ڕابردوودا بڕی پێویستی نەوت ڕادەستی سۆمۆ كراوە؛ ڕۆژانە 85 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا كراوە. بۆیە هەموو پابەندییەكان جێبەجێ كراون؛ گرنگە پرسەكە بە بابەتە سیاسییەكانەوە نەبەسترێتەوە و چارەسەر بكرێت." لە وەڵامی ئەو پرسەی كە بەغدا لە بەرانبەر ناردنی بودجەدا، داوای گەڕانەوەی داهاتە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات،   جوتیار عادل دەڵێت: "ئێمە یاسای ئیدارەدانی دارایییمان هەیە، لە ماددەی 29ـدا دەڵێت: <ئەگەر پارێزگایەك یان هەرێمێك داهاتەكانی ڕادەست نەكات، لە بەشی خۆیدا لە بودجە لێی دەبڕدرێت>. ئەمە یاسایە و ئەو پرسەی چارەسەر كردووە؛ كەواتە پێویستە جێبەجێ بكرێت. بەڵام بەداخەوە تەنیا جەخت لە ڕادەستكردنی داهاتەكان دەكرێتەوە و ئەو یاسایە پشتگوێ خراوە." یەكێك لە پرسەكانیی دیكە، بریتی بوو لە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، لەوبارەیەوە جوتیار عادل ڕایگەیاندووە:"حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، خودی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هەموو ئاسانكارییەكی دووپات كردووەتەوە تاكوو هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، بۆ ئەو مەبەستە حكومەت بڕیاری ئاسانكاری و ڕێوشوێنی هەڵبژاردنی بۆ تەواوی دامودەزگە پەیوەندیدارەكان گشتاندووە."  

هاوڵاتی دوای نزیكەی دوو ساڵ لە زیندانیكردنی، ئەمڕۆ 24ـی تشرینی دووەمی 2023 دادگای پێداچونەوەی هەولێر بڕیاریدا بە ئازادكردنی كچە میدیاكار و وەرزشكار ناڵە سوپەر.  ناڵە سوپەر لە ڕۆژی 12-5-2022 دەستگیركرا و لە مانگی نۆی هەمان ساڵ بە دۆسیەی ساختەكردنی ساڵنامەی ئۆتۆمبێلێك سزا درا. ناڵە پێشتر بە مادەی 289ی تایبەت بە ساختەكردن و 298ی بەكارهێنانی نوسراوی فەرمی ساختە، دۆسیەی بۆ كرابویەوە، بەڵام دواتر بڕیارەكە  تەمیز كرایەوە و هەڵوەشایەوە،  جگە لەوە بە دۆسیەی هەڵگرتنی چەك  سێ مانگ زیندانی كرا. دوای تەواوكردنی ئەم سزایانە، دەبوو  ناڵە سوپەر ڕۆژی 12-11-2023 ئازادبكرێت، بەڵام ئەمجارە لە ژێر بڕگەی یەك لە یاسای 21ـی ساڵی 2003 بۆ پێنج ساڵ و مانگێكی تر بەتۆمەتی سیخوڕیكردن زیندانییەكەی درێژكرایەوە.  بەڵام دوای چەند ڕۆژێك لە سەپاندنی سزاكەی، ناڵە سوپەر لە تۆمارێكی دەنگیدا سەرجەم تۆمەتەكانی ڕەتكردەوەو تیمی پارێزەرانی  لە دادگای تەمیزی هەولێر، داوای دووبارە پێداچوونەوەیان كرد بە بڕیاری پێنج ساڵ زیندانیكردنی ناوبراو، دواجار ڕۆژی 24ی كانونی دووەم، دادگای تەمیزی هەولێر، بڕیاری سزادانی ناڵەسوپەری بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو زیندانیكردنی بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵوەشاندەوەو دەستبەجێ ناوبراو ئازادكرا.  

 هاوڵاتی  ڕۆژنامەنوس محەمەد هەڵەبجەیی كە كار بۆ میدیایەكی پارتی دەكات، لەسەر كۆمێنتێك بۆ تەندروستی هەڵەبجە ئەمڕۆ كاتێك چووەتە بەردەم دادوەر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركراوە. هاوڵاتی قسەی لەگەڵ برایەكی محەمەد هەڵەبجەیی كرد، پشتڕاستیكردەوە كە كار بۆ میدیایەكی پارتی دەكات و لەسەر نوسینی كۆمێنتێك بۆ پەیجی تەندروستی هەڵەبجە لەلایەن بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجەوە سكاڵای لەسەر تۆماركراوە، كاتێكیش محەمەد چووەتە بەردەم دادوەر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركردووە تا هەشتی مانگی یەكی ساڵی 2024 بەڵام وەك براكەی دەڵێت هەوڵدەدەن سبەینێ بە كەفالەت ئازادی بكەن. هاوڵاتی چەند جارێك پەیوەندیكرد بەبەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بەڵام پەیوەندیەكانی بەردەست نەبوون.  

هاوڵاتی بەهۆی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی تورکیا بۆ سەر ناوچه‌ى ترپه‌سپى له‌ڕۆژئاواى كوردستان چه‌ند شارێكى ڕۆژئاوا به‌ته‌واوى بێ كاره‌با بون. شەوی ڕابردوو فڕۆکەجەنگیەکانی تورکیا زیاتر لە سێ جار چەند کێڵگەیەکی نەوتیان لە نزیک شارەکانی دێرک و تربەسپی رۆژئاوای کوردستان بۆردومان کرد. بە گوێرەی زانیارییەکان شه‌وى ڕابردوو فڕۆكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانى توركیا 3 جارو له‌سه‌ریه‌ك بۆردومانى كێڵگه‌ى نه‌وتى (سەیدا)یان كردوه‌ لەنزیک گوندی گردەم هاوكات هێرشیش كراوه‌ته‌سه‌ر كێڵگه‌ى (ئێودایا)و کارگەی پلاستیکیش له‌نزیک بەنزینخانەی شابۆ. هاوکات وێستگەیەکیشیان لەگوندی بانیشیکێفت کە سەر بەناوچەی سنوریی دێرکه‌ لەسەر سنوری باشوری کوردستان بۆردومانکردوە. ئەمەش لە کاتێکدایە لەڕۆژى 5ی ئۆکتۆبەرى ئه‌مساڵدا تورکیا هێرشێكى قورسى کردەسەر ژێرخانی ڕۆژئاوای کوردستان‌و سه‌رجه‌م وێستگەکانی نەوت‌و کارەباو ئاوو بەنزینەکانی کردە ئامانج‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زیانێکی گه‌وره‌ى لێكه‌وته‌وه‌.  

هاوڵاتی دادگای فیدڕاڵی ئەمڕۆ یەکشەممە  دانیشتنی تایبەت بە دو سکاڵای موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەنجامدەدات، هەردو سکاڵاکە لەلایەن کۆمەڵێک فەرمانبەرانی هەرێمەوە تۆمارکراوە و داوا دەکەن سەرۆکی حکومەتی هەرێم و عیراق پابەندبکرێن بە یاسای بودجە و موچە. بە گوێرەی خشتەی کاروبارەکان، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە دادگای فیدڕاڵی دانیشتنی تایبەت  لەبارەی دوو سکاڵا لەبارەی "پێدانی مووچە لە وادەی خۆی" و "دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە"ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. سکاڵاکە لەلایەن ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەران تۆمار کراوەو ئەمڕۆ دانیشتنی دووەمی بۆ دەکرێت  یەکێکیان تایبەتە بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و لەلایەن ئەژی بەرزان عارف، محەممەد حوسێن کەریم، خەبات لەتیف مارف، نەجمەدین محەممەد ساڵح، دلاوەر عەلی محەممەد ساڵح، ئاوات ئازاد محەممەد، دڵشاد محەممەد ئەمین سەعید، سامان عەلی ساڵح و رێبوار باهر ئەحمەد تۆمار کراوە کە فەرمانبەر و مامۆستان لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەو مامۆستایانە لە سکاڵاکەیاندا، داوایان کردووە حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پابەند بکرێن بە جێبەجێکردنی دروستیی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتیی ژمارە 22ی ساڵی 2018ی هەموارکراوی فیدراڵی و داوا ئەکەن ئەو بڕیار و رێنوێنییانەی لە حکومەتی هەرێمەوە لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەرچوون، هەڵبوەشێنەوە. هەروەها سکاڵای دووەم، کە بڕیارە دادگەی فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، تاوتوێی بکات، لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە تۆمارکراوە لەنێویاندا د. رەعد رەفعەت، سەرۆکی بۆردی توێژینەوەی دەزگای ستاندەر، بەدەل بەرواری، ئاکۆ محەممەد مەحموود، عەلی ئەحمەد و عەلی بابان داوایانکردووە دادگاکە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی بڕگەی دووی مادەی 12 و هەشتەمی مادەی 13ی یاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و2025 پابەند بکات، شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدرێت و مانگانە مووچەکانیان بێ دواکەوتن وەربگرن. هەر ئەمشەویش ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنەکەدا گەشتنە بەغداد و دڵشاد میرانی نوێنەری دەستەی داكۆكیكار لە مامۆستایانی ناڕازی بە هاوڵاتی وت : هاتنمان بۆ دووەم دانیشتنی ئەو  سكاڵایەیە كە پێشتر تۆمارمان كردووە.  وتیشی: دەمانەوێت لەسەر پلەبەرزكردنەوەو دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژو گەڕانەوەی موچەپاشەكەوتكراوەكان لەگەڵ دادگای باڵای فیدراڵی كۆبینەوە تاوەكو دەرچەیەك بدۆزینەوە بۆ كێشەی مامۆستایان.  زیاتر لە سێ مانگە مامۆستایان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین، بەهۆكاری پێنەدانی موچەكانیان لە كاتی خۆیدا و ڕاگرتنی پلە بەرزكردنەوەیان، بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندیان كردووە تا ئێستاش دیار نیە لە دووەم وەرزی خوێندن دەرگای قوتابخانەكان بەڕووی خوێندكاراندا دەكەنەوە یاخودنا.  

هاوڵاتی وتەبێژی بەنزیخانەکانی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ لە کاتژمێر 4:00ی ئێوارە نرخی هەر لیترێک بەنزین و نەوتی سپی بە بڕی 25 دینار دادەبەزێت. بەهمەن قادر وتەبێژی بەنزیخانەکانی سلێمانی  راگەیاند، لە کاتژمێر 4:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەنزیخانەکانی شاری سلێمانی نرخی هەر لیترە بەنزینێک بە بڕی 25 دینار دادەبەزێت. وتیشى:"له‌گه‌ڵ دابه‌زینى سێ جۆره‌كه‌ى به‌نزیندا، نه‌وتى سپى بازرگانیش به‌هه‌مانشێوه‌ 25 دینار داده‌به‌زێت". وته‌بێژى به‌نزینخانه‌كانى سلێمانى هۆكاره‌كه‌شى ئاشكراكردو ڕایگه‌یاند، "له‌ئێستادا له‌كۆگاكانى سوته‌مه‌نى (ساحه‌) سوته‌مه‌نى زۆره‌و خواستیش كه‌مه‌ له‌سه‌رى، هاوكات ئه‌و نه‌وته‌ش كه‌ حكومه‌ت دابه‌شیكردوه‌ له‌گه‌ڵ دابه‌زینى به‌هاى دۆلار، وایكردوه‌ نرخى نه‌وتیش داببه‌زێت". نرخی ئێستای بەنزین لە سلێمانی:   نۆرماڵ 925 محسن 1150 سوپەر 1300

هاوڵاتی دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا ڕێگرییان لێكرا بۆ خۆپیشاندان بچنە بەغدا، بڕیارە سبەی بەشێك لە دەستەی داكۆكیكار لە مامۆستایانی ناڕازی لەسەر پرسی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوە و نەدانی مووچە و  دانەمەزراندی مامۆستایانی وانەبێژ بچنە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و ئێستا گەیشتوونەتە بەغدا. دڵشاد میرانی نوێنەری دەستەی داكۆكیكار لە مامۆستایانی ناڕازی بە هاوڵاتی وت : هاتنمان بۆ دووەم دانیشتنی ئەو  سكاڵایەیە كە پێشتر تۆمارمان كردووە.  وتیشی: دەمانەوێت لەسەر پلەبەرزكردنەوەو دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژو گەڕانەوەی موچەپاشەكەوتكراوەكان لەگەڵ دادگای باڵای فیدراڵی كۆبینەوە تاوەكو دەرچەیەك بدۆزینەوە بۆ كێشەی مامۆستایان.  زیاتر لە سێ مانگە مامۆستایان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین، بەهۆكاری پێنەدانی موچەكانیان لە كاتی خۆیدا و ڕاگرتنی پلە بەرزكردنەوەیان، بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندیان كردووە تا ئێستاش دیار نیە لە دووەم وەرزی خوێندن دەرگای قوتابخانەكان بەڕووی خوێندكاراندا دەكەنەوە یاخودنا.  

هاوڵاتی  بڕیارە لەئاییندەیەكی نزیكدا وەفدی‌ حكومەتی‌ هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكاتەوە و گفتوگۆكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق دەستپێبكاتەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت كاری جدی دەكرێت بۆ هەمواركردنەوەی یاسای بودجەو جیاكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم‌و موچەی فەرمانبەران لەخەرجی كرداری تاوەكو مانگانە بەپێی یاسای بودجە پشكی هەرێم لە بەغداوە رەوانە بكرێت.   میدیای‌ نزیك لەسەرۆكی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بڵاویكردووەتەوە: گفتوگۆی‌ وەفدی‌ هەرێم لەبارەی سێ تەوەر دەبن، یەكەمیان هەڵگرتنی كۆتوبەندەكانی بەردەم بودجەی هەرێمی كوردستان لەیاسای بودجەی گشتی سێ ساڵەی عێراق كە ئەویش پێویستی بەهەمواركردنەوەی یاسای بودجە دەبێت، هەروەها دووەمیان گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای نەوت‌و غاز دەكرێت. سێیەمیش تایبەتە بەگفتوگۆكردن لەبارەی پرسی تێچوی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێمی كوردستان كە یەكێكە لەئاستەنگەكانی بەردەم دوبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان. لەوبارەیەشەوە ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق بە میدیای حزبەكەی راگەیاندووە: كاری جدی دەكەین بۆ هەمواركردنەوەی یاسای بودجەو جیاكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم‌و موچەی فەرمانبەران لەخەرجی كرداری تاوەكو مانگانە بەپێی یاسای بودجە پشكی هەرێم لە بەغداوە ڕەوانە بكرێت." ڤیان سەبری وتیشی: ھەمواركردنەوەی یاسای بودجە زۆر پێویستەو لەسەر ئەو پرسەش حكومەتی ھەرێم دانوستانی لەگەڵ حكومەتی عێراق كردووە، پێویستە موچەی موچەخۆرانی ھەرێم لەخەرجی سیادی جیابكرێتەوە تاوەكو مانگانە بەپێی یاسای بودجە پشكی هەرێم لەبەغداوە ڕەوانە بكرێت. سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق دەشڵێت: پێشنیاركراوە لیژنەیەك بۆ هەمواركردنەوەی بودجەو جیاكردنەوەی موچە لەخەرجی سیادی پێكبهێندرێت بە بەشداری ژمارەیەك راوێژكاری حكومەت‌و پەرلەمانتار كە حكومەتی ھەرێمیش تێیدا بەشدار دەبێت. سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا لەكاتێكدا ساڵی‌ 2023 چەند ڕۆژێكی‌ كەمی‌ ماوە، بەڵام حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان تەنها نۆ موچەی‌ لەمساڵدا دابەشكردووەو چارەنوسی‌ مانگەكانی‌ 10 و 11 و 12 بەمادیاری‌ ماوەتەوە.  

هاوڵاتی  پۆلیسی كەركوك ڕایگەیاند ئەو كەسەی دەستگیر كردووە كە هێرشی كردبووە سەر گەنجێكی كوردی كەركوك لەكاتی ئاهەنگی هەڵبژاردنەكاندا. لە ڕاگەیەندراوێكی  پۆلیسی كەركوكدا هاتووە: تۆمەتباری سەرەكی روداوی دەستدرێژیكردنە سەر هاووڵاتییەك لە نزیك بینای قایمقامیەت دەستگیركرا. پۆلیسی كەركوك ئەوەشی خستووەتەڕوو: بە سەرپەرشتی لیوا كاوە غەریب فەرماندەی پۆلیس توانرا ئەو كەسە دەستگیر بكەن كە هێرشی كردبووە سەر گەنجە كوردەكەی كەركوك، لە هیچ كەسێك قبوڵ ناكات كە هەوڵی چاندنی ناتەبایی لە نێوان پێكهاتەكانی پارێزگای كەركوك بدات. پۆلیسی كەركوك ئەوەشی خستووەتەڕوو: گەنجێكی كورد بە ناوی عەبدوڵا محەمەد تەمەن 23 ساڵ، دوای تۆماركردنی سكاڵا لیژنەیەكی تایبەت بەو ڕووداوە پێكهێنرا و ئەمڕۆش تاوانباری سەرەكی دەستگیر كرا.

هاوڵاتی شەڕ لەنێوان گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و سوپای توركیا لەناحیەی دێرەلوك سەر بە پارێزگای دهۆك لەهەرێمی كوردستان ڕوویدا و هیچ زانیارییەك لەبارەی زیانەكانی شەڕەكە بڵاونەكراوەتەوە، بەڵام چەند ماڵێك بەهۆی شەڕەكەوە فیشەك بەر چەند ماڵێك كەوتوون. بەپێی زانیاریەكان بەهۆی شەڕی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سەربازانی سوپای تورکیا لە سنووری گوندی سەرگەلیی سەر بە ناحیەی دێرەلووک لە سنووری پارێزگای دهۆک   ژمارەیەک فیشەك بەر دەرگا، دیوار و پەنجەرەی چەند ماڵێک کەوتوون.   لەدوای شەڕەکە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بەردەوام بەسەر ئاسمانی گوندەکەدا دەسووڕێنەوە و ترس و دڵەڕاوکێیان لای هاوڵاتیان دروستکردووە.  ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.  

هاوڵاتی وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و لێدوانانه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ باس له‌ بردنی ژن له‌ چاكسازییه‌كان ده‌كات بۆ كاری له‌شفرۆشی و ده‌ڵێت: بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ لێدوانانه‌ زیانه‌ بۆ ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تیی. ئەمڕۆ شەممە13ـی کانوونی یەکەمی 2023، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی، کوێستان محەممەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وتی: "بەدواداچوون بۆ رەوشی سزادراوەکانی چاکسازی کراوە، ناهێڵین هیچ کەسێک تۆمەتیان بۆ دروست بکات، ئەمە کارێکە ئاشتی کۆمەڵایەتی تێكدەدات". وەزیری کار وتیشی، لە سایتێک زانیاری نادروست لەبارەی کەیسێک بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت "ئەو سایتە سزای یاسایی توندی لەسەرە، کە دەبێتە هۆی تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، داوامان لە بەڕێوەبەرەکانمان کرد لەو کەسە و سایتە خۆش بن کە ئەو زانیارییانەیان بڵاوکردووەتەوە". كوێستان محه‌مه‌د ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت به‌وه‌ی دژی ئازادی راده‌ربڕینه‌ و ده‌ڵێت: ئه‌مه‌ی كراوه‌ ئازادی راده‌ربڕین نییه‌ به‌ڵكو؛ ته‌شهیره‌ و تۆمه‌ته‌ و تێكدانی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی گه‌ر ئه‌و قسه‌ و ته‌شهیرانه‌ ئاڕاسته‌ی خۆی بكرانایه‌ وه‌ڵامی نه‌ده‌بو، به‌ڵام به‌ وته‌ی خۆی ئه‌و به‌رپرسیاره‌ له‌ 263 سزادرا و گه‌ر كه‌رامه‌تیان نه‌پارێزێت ئه‌وا ناتوانێت وه‌زیریان بێت. هه‌روه‌ك باسی له‌ لێدوانه‌ كرد كه‌ له‌باره‌ی چاكسازییه‌كانه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ و وتی: له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا باسی ساڵی 1999 ده‌كرێت و له‌و ساڵه‌دا چاكسازی بونی نه‌بوه‌، جگه‌ له‌وه‌ باس له‌ چاكسازی گه‌وران ده‌كات كه‌ ئه‌و به‌شه‌ ته‌نها تایبه‌ته‌ به‌ پیاو و ژنی تێدا نییه‌. ئەو وەزیرە وتیشی، "هەر کەسێک بیسەلمێنێت ژنێک یان کچێک لەچاکسازی ژنان لەسەردەمی دەسەڵاتی من، بۆ کاری بەدڕەوشتی‌و لەشفرۆشی برابێتە دەرەوە، من بەبەر چاوی ئێوەوە دەستلەکاردەکێشمەوە". هەروەها باسی لەوەشکرد، بەهۆی بڵاوبونەوەی ئەو تۆمەتانەوە فشارێکی زۆر لەسەر چاکسازی ژنانە لە لایەن سزادراوان و خێزانەکانیانەوە هاوکات کارمەندانی چاکسازی هەڕەشەی بایکۆت کردن و مان گرتن دەکەن.

هاوڵاتی پۆلیسی پارێزگای كەركوك زانیاری لەسەر هەوڵی تیرۆركردنی یەكێك لە كاندیدە دەرچووەكانی كەركوك  دەکات و دەڵێت راست نیە وئۆتۆمبێلەكە هی هاوڕێیەكى بووەو كەسیشی تیا نەبووە به‌گوێره‌ى ڕونکردنەوەیەکى فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، لەهەندێک پێگەی سۆشیال میدیا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە هەوڵی تیرۆرکردنی یەکێک لەکاندیدە دەرچوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دراوە کە ئەو هەواڵە ڕاست نییە. ده‌شڵێت، "ئەو ئۆتۆمبێلەی گولەی بەرکەوتون، هی یەکێک لەهاوڕێکانی ئەو کاندیدەیەو کەسیش لەناو ئۆتۆمبێلەکە نەبوە". هاوکات داواش لە میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەكات خۆیان بە دوور بگرن لەو جۆرە هەواڵە ناڕاستانە. ئەم ڕونکردنەوەیه‌ى پۆلیسی کەرکوک دوای ئەوەدێت د. ئەحمەد کەرکوکی کاندیدی دەرچوی یەکێتی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، شه‌وى ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، هەوڵی تیرۆرکردنى دراوە.