هاوڵاتی دادگای فیدڕاڵی عێراق سكاڵایەکی بەرپرسێکی سیاسی عێراقی لەسەر محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ مانگێکی تر دواخست کە پەیوەندیدار بوو بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم. سکاڵاکە لەلایەن محەمود حوسێن رەزا عەگیلی، ئەمینداری گشتی پارتی ئوممەی عێراقییەوە تۆمارکرابوو دژی مححەمەد شیاع سودانی کە تێیدا داوای کردووە حکومەتی عێراق پابەند بکرێت بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە وادەی خۆیدا بەبێ دواکەوتن وەک پاریزگاکانی تری عێراق. سکاڵاکە دواخرا بۆ 28ی تشرینی دووەمی 2023. ئەمە لەکاتێکدایە کە ناردنی 700 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دواکەوتووە و بڕیارە سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم، سەردانی بەغدا بکات لەسەر ئەو پرسە. تا ئیستا تەنها یەک جار 700 ملیار دینار لەلایەن بەغداوە نردراوە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج کرا. هاوکات بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە ئەمڕۆ یەکشەممە لە زیاتر لە 13 شار و شارۆچکەی هەرێم خۆپیشاندان بەڕێوەچوو کە تێیدا مامۆستایان و فەرمانبەران داوای مووچەکانیان کرد و رایانگەیاند بایکۆت ناشكێنن هەتا مووچە ئاسایی نەبێتەوە. چەند رۆژێک لەمەوبەر حکومەتی عێراق پێدانی مووچەی مانگی 10ی بە فەرمانبەرانی عێراق تەواوکرد لەکاتێکدا کە مووچەخۆرانی هەرێم هێشتا مووچەی مانگی هەشتیان وەرنەگرتووە. لە رۆژی 15ی ئەیلولی 2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەردانی بەغدایان کرد و دوای کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ناردنی مووچە. دوو رۆژ دواتر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ دوو ملیار و 100 ملیۆن دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت، واتە بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دینار.
هاوڵاتی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند سەردانەکەی بۆ سلێمانی بۆ چەند مەبەستێکە کە یەکێکیان چاودێریکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان حکومەتی عێراق و ئێرانە بۆ چەککداماڵینی حزبەکانی رۆژهەڵات، دەشڵێت، "لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی کۆدەبمەوە" ئەمڕۆ دووشەممە 29ی تشرینی یەکەمەی 2023، قاسم ئەعرەجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی رایگەیاند، لەگەڵ بافڵ تالەبانی، سەرۆکی یەکێتی کۆدەبێتەوە مەبەستی "لێکنزیکبوونەوەی زیاتر و بەهێزکردنی پەیوەندی نێوانمان." راویژکاری ئاسایشی نیشتمانی وتیشی، ئامانجێکی تری سەردانەکەی بۆ "چاودێریکردنی ئەو رێککەوتنە ئەمنییە لەنێوان عێراق و ئێراندا هەبووە و بەهاوکاری هەموو لایەنەکان بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیووە و لە قۆناغی کۆتاییدایە." لە 19ی ئاداری 2023، بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، رێككەوتننامەیەكی ئەمنیی ھاوبەش لەنێوان عێراق و ئێران واژوو كرا كە قاسم ئەعرەجی و عەلی شەمخانی سكرتێری گشتیی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، واژوویان كرد، یەكێك لەخاڵەكانی نێو رێككەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، تایبەتە بەكۆنترۆڵكردنی سنوورەكانی نێوان ھەردوو وڵات. لە 19ی ئەیلولی ئەمساڵ دوا وادە دیاریکرا بۆ حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کە چەک دابنێن و لەبارەگاکانیان دووربکەونەوە. دواتر بەشیکی زۆریان بەناچاری پابەندی رێککەوتنەکە بوو ن و لە بارەگاکانیان دوورکەوتنەوە و بەپێی رێککەوتنەکە چوونە ئەو بارەگایانەوە کە حکومەتی عێراق بۆی دیاریکردوون. هاوکات لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا قاسم ئەعرەجی لەسەر پێکدادانەکەی رۆژی 22ی ئەم مانگەی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە مەخموور، وتی، لێکۆڵینەوەکان لەو رووداوە کۆتاییھاتوون و چاوەڕوانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن بۆ ئاشکراکردنی.
هاوڵاتی میدیای پارتی بڵاویکردەوە، سبەینێ دووشەممە شاندێکی حکموەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات بۆ تاووتوێکردنی پرسی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق، لەکاتێکدا کە پێشتر بەرپرسانی هەرێم رایانگەیاند لێکتێگەشتنی باش دروستبووە لەگەڵ بەغدا. شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری سەردانی بەغدا دەکەن و بڕیارە گفتوگۆ لەسەر پرسی مووچە و بودجە بکەن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق. سەردانی شاندەکەی هەرێم لەکاتێکدایە کە جارێکی تر ناردنی 700 ملیار دینارەکە دواکەوتووە کە بەپێی وتەی وتەبێژی حکومەتی هەرێم بڕیاربوو هەفتەی پێشوو بگەشتایە. پێشتر لە 18ی ئەم مانگە شاندێکی هەرێم بۆ وردبینی کردن لە داتا و زانیاری مووچەخۆران و داهاتەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق کۆبوویەوە و دوای کۆبوونەوەکەش ئاوات شێخ جەناب وتی کە "لێکتێگەشتنێکی هاوبەش هەبووە بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە بەیەکجاری." هاوکات بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە ئەمڕۆ یەکشەممە لە زیاتر لە 13 شار و شارۆچکەی هەرێم خۆپیشاندان بەڕێوەچوو کە تێیدا مامۆستایان و فەرمانبەران داوای مووچەکانیان کرد و رایانگەیاند بایکۆت ناشكێنن هەتا مووچە ئاسایی نەبێتەوە. چەند رۆژێک لەمەوبەر حکومەتی عێراق پێدانی مووچەی مانگی 10ی بە فەرمانبەرانی عێراق تەواوکرد لەکاتێکدا کە مووچەخۆرانی هەرێم هێشتا مووچەی مانگی هەشتیان وەرنەگرتووە.
هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، مووچەی زیاتر لە ٦٠ ھەزار فەرمانبەری کوردستان دەگوازرێتەوە سەر بەغدا و وەفدی هەرێم رازیبووە لەسەری. موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، رێککەوتن لەسەر ئەوەی کراوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقەوە بدرێت ئەمەش لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان و وەفدی حکومەتی ھەرێم بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی و چاودێری دارایی باسی لێوە کراوە. موعید کازمی باسی لەوەشکرد، هەرچەندە گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم پێویستی بە رێکاری دارایی و پێداچوونەوە بە ناوی فەرمانبەراندا ھەیە و کاتی دەوێت، بەڵام وەفدەی هەرێم رەزامەندی لەسەری هەبووە. موعین کازمی ئاشکرای کرد، لە قۆناغی یەکەمدا مووچەی نزیکەی 60 ھەزار فەرمانبەری ھەرێم دەگوازرێتەوە سەر وەزارەتی دارایی عێراق، ناردنی 700 ملیار دیناریش بۆ ھەرێم چارەسەرێکی کاتییە و بە قەرزە لەڕێی بانکەکانەوە.
هاوڵاتی وتەبێژى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، بڕیاربوو هەفتەى پێشو حکومەتى ناوەندى 700 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام جارێکی دیکە پێچەوانەی هەموو لێدوان و قسەو باسی ناو کۆبوونەوەکان و ڕێککەوتنەکان ناردنی پارەکە دواکەوت. پێشهوا ههورامانی وتهبێژی حكومهتی ههرێم له راگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، "بڕیار وابو ههفتهی پێشو بڕی 700 ملیار دیناری موچهی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان بنێردرێت و دهست به دابهشكردنی موچه بكهین، بهڵام جارێكی دیكه پێچهوانهی ههمو لێدوان و قسهو باسی ناو كۆبونهوهكان و ڕێككهوتنهكان ناردنی پارهكه دواكهوت". دەشڵێت: ئەم هەفتەیە شاندی هەرێم دەچنەوە بەغداو ڕۆژی سێ شەممە، حکومەتی فیدراڵ کۆبوونەوەی هەیە، دەمانەوێت کە بڕیارێکی کۆتایی و ڕیشەیی لەم بارەیەوە بدرێت و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەخرێنەوە ناڕەحەتی و سەختی. ئەوەشی ڕونکردەوە، "له ماوهی ڕابردو نیهتی ڕونی حكومهتی ههرێم نیشاندرا بۆ ڕێككهوتن و گهیشتنه ئهنجام لهگهڵ حكومهتی فیدڕاڵ، هیچ شتێك لهسهر ئێمه نهماوه كه ئهنجامیبدهین، بهڵام ئهگهر دۆخهكه بهمجۆره بهردهوامبێت ، لهبهرانبهر پێشێلكردنی مافی دهستوری خهڵكی ههرێمی كوردستان ناتوانین بێ دهنگ بین".
هاوڵاتی دوای ئەوەی ئەمڕۆ ٢٨ی تشرینی یەکەم ، دوای ٢٨ رۆژ بێهۆش بوون ، ناوەندە ئەمنییەکان رایانگەیاند ئارمیتا گەڕاوەند، گیانی لەدەستداوە، هەواڵەکان باس لەوە ئەکەن لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە گوشار خراوەتە سەر بنەماڵەکەی بەوەی نابێ تەرمی کچەکەیان بگەڕێننەوە بۆ گوندەکەی خۆیان نزیک کرماشان و ناچاریان ئەکەن لە تاران بینێژن. لەم پەیوەندەدا هاوڵاتی پەیوەندی بە کەسێکی نزیک بە بنەماڵەی ئارمیتاوە کرد، ئەو کەسە کە نەیویست ناوی ببرێت بە هاوڵاتی راگەیاند :' هەر لە یەکەم ساتەکانی رووداوەکەوەو دوای ئەوەی ئارمیتا بە هۆی ئەوەی لە لایەن پۆلیسی حیجابەوە پاڵی پێوەنرا و لە مێترۆ ئەو رووداوە روویدا، گوشار بۆ سەر بنەماڵەکەی بوونی بووە. بنەماڵەکەی بەردەوام لە ژێر گوشاردا بوون کە نابێ لەگەڵ میدیاکان قسە بکەن." وتیشی،" دایک و باوکیان ناچارکرد لە بەردەم تەلەفیزیۆن بڵێن ئارمیتا خۆی بووراوەتەوە. تەنانەت هاوڕێکانی قوتابخانەی ئارمیتاشیان ترساندبوو، هەڕەشەیان لێکردبوون کە دەبێ بڵێن ئارمیتا خۆی بووراوەتەوەو باری تەندروستی باش نییە، بەڵام ئەمە ناڕاستە. من جارێکیتریش کە لەگەڵ ئێوە قسەمکردووە ئەو دەنگۆیەم بە درۆ خستۆتەوە. لەگەڵ میدیاکانیتریش بە هەمانشێوە وتوومە ناکرێت کچێک وەرزشکار بێت لە ئاستی باڵا و نەخۆشی درێژخایەنی ببێت". ئەم کەسە نزیکەی بنەماڵەی گەڕاوەند دەربارەی ناشتنی ئارمیتا بە هاوڵاتی وت:" ئێمە وەک بنەماڵەی گەڕاوەند ژمارەیەکی زۆرمان لە تاران نیشتەجێین، بە هۆی کارمانەوە دانیشتووی ئەوێین. بەڵام لە جێژنەکاندا ، لە بۆنەکاندا، سەردانی ناوچەکەی خۆمان ئەکەین. مردووەکانی خۆمان ئەگەڕێنینەوە بۆ گوندەکەمان. بەڵام لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە هەڕەشە لە دایک و باوکی کراوە نابێ تەرمی ئارمیتا لە تارا ببرێتە دەرەوە. بە مەرجێک ئامادەن تەرمی ئارمیتا بدەنەوە بە بنەماڵەکەی کە لە تاران و لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا بێژرێت. بەلام کچەکەمان لە غوربەتدا دەنێژرێت". ئەم کەسە کە بە هۆی باری ئەمنی نەیدەویست ناوی ببرێت هەروەها وتی :' سەرەڕای ئەوەی هەڕەشە لە بنەماڵەی کراوە نابێ تەرمەکەی ببرێتە دەرەوەی تاران ، بەڵام تا ئێستە تەرمەکەی لە نەخۆشخانە نەدراوەتەوە بە بنەماڵەکەی". ئەم کەسە لە قسەکانیدا وتی :" ئارمیتا بە هەمانشێوەی ژینا ئەمینی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە. لە ماوەی ئەم ٢٨ رۆژەدا بنەماڵەی بەردەوام لە ژێرگوشاردا بوون و هەن. دایکی بۆ ماوەی کاتی دەستبەسەر کرا. تەنانەت بنەماڵەکەی نەیاندەتوانی لە نەخۆشخانە سەردانی مناڵەکەیان بکەن. بۆیە گومانمان هەیە لەوەی رۆژی یەکەم نەمردبێت و لەترسا رایان نەگەیاندووە". ئارمیتا گەڕاوەند، تەمەن ١٦ ساڵ و کچەکوردێکی دانیشتووی تاران، رۆژی یەکشەممە ١ی تشرینی یەکەم لە مێترۆی (شوهەدا)ی تاران، بە هۆی ئەوەی حیجابی نەپاراستووە، لە لایەن پۆلیسی حیجابەوە پاڵی پێوەنرا و بە هۆی ئەوەی سەری بەر شتی قورس کەوتبوو، بورایەوەو دوای ٢٨ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، راگەیەنرا کە گیانی لە دەستدا.
هاوڵاتی پیاوێکی تەمەنی 78 ساڵ کە چەندین نەخۆشی لەگەڵە، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی رێکخراوی تیرۆرستی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکرا. پێگەی TR724ـی تورکی بڵاویکردەوە پیاوێكی تەمەن 78 ساڵی کورد لە پارێزگای شرناخ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە بە تۆمەتی هاوکریکردنی رێکخراوی تیرۆرستی دەستگیرکراوە. بەپێی هەواڵەکەی پێگە تورکییەکە، ئەو پیاوە کوردە ناوی ئەمین سۆیاڵە و چەندین نەخۆشی لەگەڵە، ئەمە جگە لەوەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتە. ئەمین سۆیاڵ لە رۆژی 19ی ئەم مانگە لەگەڵ چوار کەسی تر دەستگیرکراوە و کوڕەکەی دەڵێت، باوکی ناتوانێت بە خۆی رابگات و دەبێت کەسێک گرنگی پێ بدات. "باوکم هێزی ئەوەی نەبوو ماڵەوە بەچی بهێڵێت، تەنها هەفتانە دوو جار دەچووە دەرەوە ئەویش بۆ ئەنجامدانی پشکنینی گشتی لە نەخۆشخانە، باوکم دوو مانگ لەمەوبەر نەشتەرگەری بۆ کراو و ناشتوانێت خۆی نان بخوات"، مەسعود سۆیاڵ، کوڕی ئەمین سۆیاڵ، وای وت. بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان ئەمین سۆیاڵ چەند گرفتێکی تەندروستی هەیە لەوانە، کیشەی دڵ، کێشەی هەناسەدان، کیشەی بینایی و بیستن. لە راپۆرتێکی پزیشکیدا لە مانگی ئازاری ئەمساڵ وەک کەسێکی تەواو خاوەن پیداویستی تایبەت وەسفکراوە کە ناتوانێت بە پێداویستییەکانی خۆی رابگات. دەسەڵاتدارانی تورکیا بە بیانوی جیاواز خەڵک دەستگیر دەکەن بەتیابەتی لەو پاریزگایەنەی کە زۆرینە دانیشتوانی کوردن و زۆربەی تۆمەتەکانیش یاریمەتیدانی پەکەکەیە. وێنەی ئەمین سۆیاڵ:
هاوڵاتی پهرلهمانتارێكى كورد لهبهغدا ڕایدهگهیهنێت، وەزیری دارایی عێراق ناتوانێت ڕێگریی لەناردنی 700 ملیارەکە بکات بۆ موچهخۆرانى ههرێم و ئەندامێکی لیژنەی دارایی عێراقیش دەڵێت تا ئێستا حکومەتی بەغدا بڕیاری لە ناردنی ئەو پارەیە نەداوە. د. جهمال كۆچهر ئهندامى لیژنهى دارایی لهپهرلهمانى عێراق ڕونكردنهوهیداوه سهبارهت بهدهنگۆى ئهگهرى ڕاگرتنى 700 ملیارهكهى بهغدا بۆ موچهخۆرانى ههرێمى كوردستانو ڕایگهیاندوه، "ئهگهر دهسهڵاتهكه لاى وهزیرى دارایی عێراق بێت پاره بۆ ههرێم نانێرێت، بهڵام ڕاستیهكه ئهوهیه ئهو مافى ڤیتۆى نییه". بهوتهى ئهو پهرلهمانتاره كورده، "مافى ڤیتۆ تهنها لاى محهمهد شیاع سودانى سهرۆك وهزیرانى عێراقه، ئهویش واژۆى لهسهر ناردنى پارهكه بهشێوهى قهرز بۆ موچهى فهرمانبهرانى ههرێم كردوه". هاوکات جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت ، بڕی ئەو 700 ملیار دینارە لە بەغداوە بۆ هەرێم دەنێردرێت راستە وەک موچە دابەش دەکرێت بەڵام لە ژێر ناوی قەرز دەنێردرێت. دەشڵێت، تا ئێستا دیار نییە حکومەتی عێراقی وادەیەکی بۆ ناردنی 700 ملیار دینار بۆ هەرێم دیاری کردبێت، بەڵام لە روسی یاساییەوە دەبێت ئەو پارەیە پێش رۆژی 1ی مانگی (تشرینی دوەم/11) بگاتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان ئەم لێدوانانەش دوای ئەوە هات پێنجشهممهى ڕابردوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ناردنی داهاتو خەرجی سێ مانگی تری هەرێمی كوردستانی كردوە بەمەرج بۆ ناردنی (700 ملیار) دینارەكەو ئهوهش ڕونكرایهوه كه وەزارەتی دارایی هەرێمیش بەپەلە خەریكی ئامادەكردنی ڕاپۆرتە. بە گوێرەی زانیارییەکان حکومەتی هەرێم دەیەوێت تا یەكشەممە ڕاپۆرتەكە تەواو بكات، بۆ ئەوەی تەیف سامی لەهەفتەی داهاتودا یەكەم گوژمەی 700 ملیار دینار قەرزەكەی بۆ بنێرێت.
هاوڵاتی ئارمیتا گراوەند، کچە تەمەن 16 ساڵەکەی خەڵکی کرماشان کە ماوەی نزیکەی مانگێک بیهۆش بوو لە نەخۆشخانە، دواجار گیانی لەدەستدا. رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند دوای 28 ڕۆژ ئارمیتا گراوند لە نەخۆشخانەی فەجری تاران گیانی لەدەستدا دوای ئەوەی پزیشکەکان هیچ هیوایەکیان بە چاکبوونەوەی نەمابوو. رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، رۆژى 1ى ئەم مانگە ئارمیتا لە مێترۆی شەهۆدای تاران بەهۆی سەرپێچیکردن لە یاسای حیجابی زۆرەملێ، لەلایەن چەند کارمەندێکى پۆلیسەوە هێرشی کرایەسەر و بەتوندی لێی درا، بەڵام ئێران رەتیدەکاتەوە لە ئارمیتا درابێت و میدیاى فەرمى وڵاتەکە دەڵێت، بەهۆى بورانەوەوە لە میترۆکەدا کەوتبوو. ئاژانسی ئێرناى ئێران رایگەیاندووە ئارمیتا لەوکاتەى لەگەڵ هاوڕێکانى بۆ نێو شەمەندەفەرەکە سەردەکەوت بوراوەتەوە و پشتى سەرى بەر لێوارى شەمەنەفەرەکە کەوتبوو. پێشتر هاوڵاتی بڵاویکردەوە کە ئارمیتا دوای ئەوەی کەتووەتە دۆخی کۆماوە، بەرپرسانی ئێران رێگەیان نەداوە دایک و باوکی لە نەخۆشخانە سەردانی بکەن.
هاوڵاتی موقەدەم پوشۆ خالید، جێگری فەرماندەی فەوجی 1ی لیوای 18ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە كه لە شەڕەکەی هەفتەی رابردوویی نێوان هێزەکانی پێشمەرگو سوپای عێراق برینداربوو، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. لە راگەیاندراوێکدا وهزارهتی پێشمهرگه دەلێت، "بەداخەوە بەیانی ئەمرۆ موقەدەم پوشۆ خالید، جێگری فەرماندەی فوجی 1ی لیوای 18ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە كە چەند رۆژێكە بە برینداری لەنەخۆشخانە لە ژێر چارەسەردابوو، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە شەهید بوو، گەیشتە كاروانی شەهیدانی كوردستان." پۆشۆ خالید چوارەم شەهیدە لە رووداوەکە کەئێوارەی رۆژی یەکشەممە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ روویدا کە تێیدا هێزەکانی یەکەی 80ی پێشمەرگە، کە سەر بە پارتییە، و سوپای عێراق رووبەرووی یەک بوونەوە لە چیای قەرەچووخ لە نزیک کەمپی ئاوارەکانی مەخمور. رۆژی پێنجشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2023، فەریق عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمەرگە لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ساڵح زراری، فەرماندەی لیوای 18ی پیادەی پێشمەرگە، رایگەیاند، هۆکاری دروستبوونی پێکدادان لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە پلەی یەک نەبوونی هەماهەنگی بووە و "پەلەکردن بووە لە گرتنی ئەو خاڵانە [خاڵی چاودێریی] کە دەستێکی دەرەکیی تێدابووە، ئێستا سەرقاڵی ئەوەین کێشەکان چارەسەر بکەین." پێشتر فەرماندەی هێزی خۆبەخشی پێشمەرگە لە قەرەچووغ بە هاوڵاتی راگەیاند کە شەڕەکە لەسەر دوو خاڵی چاودێری بووە و هێزەکانی 80ی سەر بە پارتی ویستوویانە بیگرن، بەڵام هێزەکانی پەکەکە داوایان کردووە سوپای عێراق بێتە ئەو خاڵە چاودێرییانە. دوای شەڕەکە لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند: محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەپێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای ئەمنی بۆ بەدواداچوون و هۆكاری ئەو رووداوەی لەمەخمور روویدا لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق. لەسەر کاری لیژنەکە، فەریق عیسا عوزێر وتی، کاری لیژنەکە کۆتاییهاتووە و چاوەڕێی ئەنجامەکەی دەکەن، بەڵام هێشتا دۆخی چیای قەرەچووغ ئاسایی نەبووەتەوە و چاوەڕێ دەکەن بە زووترین کات بگاتەوە دۆخی ئاسایی خۆی. لەسەر ژمارەی بریندارەکانیش سوپاسالاری پیشمەرگە ئاشکرایکرد کە 17 پێشمەرگە برینداربوون کە ئێستا دووانیان لە نەخۆشخانەن.
هاوڵاتی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە پەیامێکدا رایگەیاند، بەردەوامی بە بایکۆت دەدات تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن، دەشڵێت، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو خۆپیشاندانی "سەرتاسەری" دەستپێدەکاتەوە. لە گۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند، "دوای کۆبونەوەمان لەسەر پێشهاتەکان لەسەر بەردەوامی بایکۆت و نارەزایەتییەکان، بڕیارماندا وەک ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی نارازی درێژە بە خەباتی بایکۆت بدەین تاوەکو داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێت." ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی دەشڵێت، "رۆژی یەکشەممە 29ی 10ی 2023 لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان هاوشێوەی خۆپیشاندانە مەزنەکەی 22ی ئۆکتۆمبەر شەقامەکان پڕ دەکەین لە زریان و زایەڵەی نا بۆ ستەمکاری، نا بۆ ملکەچی." ئەنجومەنەکە چەند داواکارییەکی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا راگەیاند کە بریتین لەمانە، "پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچە 30 رۆژ جارێک و رێککردنەوەی مووچە بە یەکجاری، دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان." هاوکات باس لەوەشکرا "هیچ دەنگۆ و فشار و چەواشەکارییەک" بایکۆت ناشكێنێت و بایکۆتکردن بەردەوام دەبێت.
هاوڵاتی دوای ئەوەی پارتی بارەگاکەی لە کەرکوک رادەستی حکومەتی عێراق کردەوە، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند دەستخۆشی لەو دەستپێشخەرییەی پارتی دەکەن. رۆژی پێنجشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2023 کۆمیتەی ناوەدنی پارتی لە کۆبونەوەیەکدا بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی، بڕیاریدا بارەگای سەرکردایەتی خۆی ببەخشێت بە زانکۆی کەرکوک. لەسەر بڕیارەکەی پارتی، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات بۆ پێشکەشکردنی بارەگاکەی خۆی بە زانکۆی کەرکوک و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم دەستپێشخەرییە بەرز دەنرخێنێت. ئەو بارەگایە هەمان بارەگا بوو کە سەرەتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ گرژیی لەسەر دروستبوو و دواتر بوویە هۆی ئەوەی چوار خۆپیشاندەری کورد بەدەستی هێزە عێراقییەکان شەهید بکرێن و زیاد لە 15 کەسی تریش بریندار بکرێن. پێشتر هاوڵاتی ئەوەی ئاشکرا کرد کە پارتی دوای رووداوەکەی ئەم دواییەی کەرکوک بەنیاز نییە بارەگاکەی وەربگرێتەوە و لەو پرسە پاشەکشەی کردووە. لە 27ی مانگی ئابی 2023 بەشێک لەتورکمان و عەرەبی کەرکوک بەهاوکاری کۆمەڵێک لەهێزەکانی حەشدی شەعبی ماوەی هەفتەیەک خۆپیشاندانیان ئەنجامداو رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێریان گرت بەهۆی بڕیاری محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە رادەستکردنەوەی بارەگاکانی کەرکوک بەپارتی کە لەنێویاندا بارەگاکەی هێزە هاوبەشەکانی عێراقی تیدا بوو. دواترو لەڕۆژی دووی ئەیلولی 2023 کوردانی کەرکوک دژی داخستنی رێگاکە خۆپیشاندایان ئەنجامدا کەتێیدا گرژی دروستبوو و هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک تەقەیان لەخۆپیشاندەران کرد. لایەنە نەیارەکانی پارتی لەعێراق و هەرێمی کوردستان تۆمەتی ئەوەیان دروستکرد کەخۆپیشاندانەکە پارتی لەپشت بووە بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکان بەحزبەکە. لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکان هێزە عێراقییەكان رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵیان گرتەبەرو هەڵمەتی دەستگیركردنی كوردانی كەركوك دەستیپێكرد. دوای گرژییەکانی کەرکوک بەچەند رۆژێک دادگای فیدڕاڵی دژی بڕیارەکەی محەممەد سودانی بڕیاریداو رادەستکردنی بارەگاکانی بەپارتی راگرت. دواتر دادگای باڵای فیدراڵی لە 12ی ئەم مانگە بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا بە گەڕانەوەی بارەگاکە بۆ پارتی، بەڵام پارتی وەرینەگرت. پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە زۆرینەی خاكی كوردستان كەوتەوە دەست هێزە عێراقییەكان، بنكەو بارەگای حزبە كوردستانیەكان لەشاری كەركوك دەستی بەسەردا گیراو هێزە عێراقییەكان تێیدا جێگیركران، لەناویاندا بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە هێزێكی فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی عێراق دەستی بەسەردا گرت.
شەنای فاتیح- عەممار عەزیز خانمان لەڕۆژی هاوسەرگیرییاندا خوازیاری ئەوەن بەجوانترین شێوە دەربكەون بۆ ئەم مەبەستەش باشترین ئارایشتگاكان هەڵدەبژێرن، ئەوەی جێگای پرسیارە ئارایشتگاكانی هەولێرو دهۆك نرخێكی خەیاڵییان هەیە بەپێچەوانەی شاری سلێمانی كەهەزارو 200 دۆلار گرانترین نرخە. بەشێوەیەكی گشتی لەئارایشتگاكاندا پاكێج هەیەو بەپێی داواكاری بووكەكە نرخەكانیش دەگۆڕێن، تا داواكاری و پێداویستییەكانی زیاتر بێت نرخی چاككردنەكەشی زۆرتر دەبێت. نرخی چاككردنی بووك لە 100 دۆلارەوە دەستپێدەكات و گرانترین نرخیش لەئارایشتگاكانی هەرێمی كوردستاندا تۆماركرابێت 5 هەزار دۆلارە. خاوەنی یەكێك لەئارایشتگاكانی شاری هەولێر كەنەیویست ناوی ئاشكرابكرێت و ماوەی زیاتر لەپێنج ساڵە كاری ئارایشتكردن دەكەن بەهاوڵاتی وت:» لەئارایشتگاكەی ئێمەدا نرخی چاككردنی بووكێك بەپێی ئەو پاكێجەكەی داوای دەكات دەگۆڕێت، ستافی ئارایشتگاكەش چەند بەناوبانگتربێت نرخەكەی گرانتر دەبێت». وتیشی:» بەشێوەیەكی گشتی بووك لەو رۆژەدا تەنها قژو نینۆك و میكیاجی پێویستە، بەڵام هەندێكجار هەیە بووك قژی چاكدەكات، لێزەر دەكات، پیدیكیۆر مینیكیۆر دەكات، ئەمانە بەشێك نین لەپاكێجی بووك بێگومان لەو كاتەدا نرخەكەی زیاتر دەبێت». خاوەنی ئەو ئارایشتگایە باسی لەوەشكرد چاككردنی بووك لای ئەوان لە 500 دۆلارەوە دەستپێدەكات تا 1000 دۆلار، نرخی بەشی ڤی ئای پیش لەهەزار و 200 تا هەزارو 500 دۆلاردایە. «هەندێكجاریش بووك هەیە لەسلێمانی یان لەدهۆكە رۆژی پێنجشەممەو هەینی حیجز كردووە 3 هەزار تا 5 هەزار دۆلاری داوە، چونكە ستافی ئارایشتگاكەی بردووە بۆ شارێكی دیكە ئەوكاتە ئیشەكە جیاوازە». خاوەنی ئەو ئارایشتگایە وای وت. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی لەشاری سلێمانی نرخی چاككردنی بووك تاڕادەیەك جێگیرەو لە 100 دۆلارەوە دەستپێدەكات تا 700 دۆلار. هاوڵاتی لەگەڵ چەند ئارایشتگایەكی شاری سلێمانیدا گفتوگۆی كردو خاوەنی یەكێك لەئارایشتگاكانی گەڕەكی بەختیاری ئەوەی بەهاوڵاتی وت: « نرخەكانیان تاڕادەیەك جێگیرن و نرخی چاككردنی بووك لای ئێمە لە 200 دۆلارەوە دەستپێدەكات تا 300 دۆلار، بەشی ڤی ئای پی-شمان هەیە ستاف دەچێتە دەرەوەی ئارایشتگاو نرخەكەی 500 دۆلارە». هاوكات یەكێكی دیكە لەئارایشتگاكانی شاری سلێمانی بەهاوڵاتی وت:» لەئارایشتگاكەی ئێمەدا نرخی چاككردنی بووكی مارەبڕین و گواستنەوە جیاوازە، بووكی مارەبڕین لە 300 هەزارەوە دەستپێدەكات تا 750 هەزار دینار، بووك گواستنەوەش لە 450 هەزارەوە تا 750هەزار دینارە». وتیشی: «بەشی «ڤی ئای پی» یشمان هەیە كە ستافەكەمان دەچنە لای بووكەكەو هەندێكجاریش دەچنە دەرەوەی شاری سلێمانی كە لەم كاتەدا نرخەكە زۆرتر دەبێت و دەگاتە هەزارو 200 دۆلار». لە دهۆك تێچوووی رازاندنەوەی بووك لەنێوان 800 بۆ 2 هەزارو 500 دۆلارە. لەدهۆك خاوەن ئارایشتگاكان بەئارەزووی خۆیان پارە لەبووك و زاوا وەردەگرن، نرخەكانیان وەكو یەك نین، لە 800 دۆلارەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە 2 هەزارو 500 دۆلار، تائێستا لیژنەكانی چاودێری و قایمقامیەت لەسەر ئەم بابەتە هیچ كەسێكیان سزا نەداوە. زانا سەعید، دانیشتووی گەرەكی بەرۆشكێ-یە، زیاتر لەساڵێكە هاوسەرگیری كردووە، خێزانەكەی لەڕۆژی زەماوەندەكەی بە 1000 دولار كاری جوانكاری بۆ كراوە، بە هاوڵاتی وت «خاوەن ئارایشتگاكان بووك و زاوا ( ئیستغیلال ) دەكەن بەئارەزوی خۆیان نرخ دادەنێن، زاواكەش ئەو رۆژە لەوانەیە شەرم بكات بڵێت كەمێك هاوكاریم بكە یان بەئەوەندە گرانە ناچاردەبێت پارەكە بدات «. «خاوەن ئارایشتگاكان رەچاوی دۆخی زاوا ناكەن بەتایبەت لەم بارودۆخەدا، لەلایەك دۆلار زۆر بەرزبووەتەوە بەرامبەر نرخی دینار لەلایەكی تر كێشەی مووچەو نەبوونی هەلیكارو دەیان كێشەی تر، لایەنی پەیوەندیداریش خۆیان بێدەنگ كردووە، چۆن دەكرێت هەركەسێك بەئارەزوی خۆی پارە لەزاوا وەربگرێت یەكێك هەزارو 500 دۆلار یان كەسێكی تر 2 هەزار دولار، هەمووشی بۆ چەند كاتژمێرێك « زانا سەعید وای وت. عومەر كەریم ، خاوەنی ئارایشتگای ئاریسایە لەشاری دهۆك تایبەت بەبووك و زاوا بەهاوڵاتی وت: «نزیكەی دوو ساڵە ئارایشتگایەكی تایبەت بەجوانكاری بووكمان كردووەتەوە، لای ئێمە هەموو جۆرە جوانكارییەك بۆ ژنان و بووكەكان دەكرێت، حەمامی مەغریبیمان هەیە كەتایبەتە بەخۆشوشتنی بووك پێش ئەوەی جوانكاری بۆ بكرێت، دواتر لەلایەن ستافێكی راهێنراوو شارەزا كاری جوانكاری بۆ دەكرێت». «بۆ جوانكاری هەر بوكێك ئێمە تەنها 800 دۆلار وەردەگرین، ئەمە نرخی ئێمەیەو جێگیرە كەم و زیاد ناكرێت، بەڵام لەئارایشتگاكانی تر تا 2 هەزارو 500 دۆلاریش وەردەگرن كە رەنگە هەمان ئەو شتە بێ كەئێمە بۆیان دەكەین، ئێمە دەزانین لەو رۆژە كەسوكاری زاوا زۆر پارە خەرج دەكەن، بۆیە نامانەوێت زیاتر باری ئەوان گرانتر بكەین»عومەر كەریم وای وت. شوكری شەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی چاودێری بازرگانی لەشاری دهۆك بەهاوڵاتی وت: «لیژنەكانمان بەردەوام سەردانی ئارایشتگاكان و سەنتەرەكانی جوانكاری دەكەن، بەشێكیان سزادراون بەگوژمەیەك پارە، بەڵام بۆچەند رۆژێك یان هەفتەیەك دانەخراون تەنها سزاكەیان پارە بووە، هەندێكیان دوو تا سێجار سزادراون «. لەبارەی دەركردنی هەندێك رێنمایی تایبەت بۆ نرخی ئارایشتگاكانی تایبەت بەبووك و زاوا، شوكری شەفیق دەڵێت: « گفتوگۆو دانیشتنمان لەسەر ئەم بابەتە كردووە، كارێكی ورد لەسەر ئەم پرسە دەكرێت، چاوەڕێی ئەوەدەكەین كۆمەڵێك رێنمایی دەربكرێن دواتر ئەم رێنماییانە لەسەر خاوەن ئارایشتگاكان دابەشدەكرێت تاوەكو وەك خۆی جێبەجێی بكەن». لەسنوری پارێزگای دهۆك تائێستا ژمارەیەكی دروست لەسەر ئارایشتگاكان و سەنتەرەكانی جوانكاری نیە، بەڵام بەقسەی چاودێری بازرگانی دهۆك ژمارەیان سەرووی 150 شوێنە . میللەت ئەمین، سەرۆكی لیژنەكانی چاودێری بازاڕ لەقایمقامیەتی قەزای دهۆك بەهاوڵاتی وت: « پێش دوو ساڵ لیژنەیەكی تایبەتمان هەبوو لەسەر ئارایشتگاكان، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە ئەمە زیاتر كاری چاودێری بازرگانی و تەندروستییە، وەكو بازاڕ ئێمە سەردانی هەموو شوێنەكان دەكەین بەئارایشتگاو سەنتەرەكانی جوانكاری، لەسەر ئارایشتگاكان سكاڵامان بۆ هاتووەو بەدواداچوونیشمان كردووە». وتیشی: « تائێستا هیچ رێنماییەكی تایبەت بەكاری ئارایشتگاكان و سەنتەرەكانی جوانكاری دەرنەچووە، بۆیە هەر كەسێك بەئارەزوی خۆی نرخ دادەنێت لە 800 دۆلارەوە دەستپێدەكات تا 2 هەزارو 200 دۆلار، بەمدواییە ڤی ئای پی-ش پەیدابووە».
هاوڵاتی رێكخەری پەیوەندییە سەربازییەكانی هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەهێرشێكی فڕۆكەكانی توركیادا ئەمڕۆ هەینی لە دێرك شەهیدبوو. ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەراگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی توركیا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری دێرك یەكێك لە فەرماندەكانیان شەهید بووە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی هەسەدە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی دەوڵەتی توركیا ناوەندی شاری دێركیان لە ڕۆژاڤای كوردستان بۆردومان كرد و لە ئەنجامدا فەرماندەیەكی هەسەدە بە ناوی فەرهاد دێرك (شیبیل شیبیلی) شەهید بوو. هەسەدە دەڵێت، فەرماندەكەیان بەڕێوەبەری نووسینگەی پەیوەندییە سەربازییەكان بووە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دەڤەری دێرەزۆر. لە هەمان كاتدا هەسەدە باس لەوە دەكات كە فەرهاد دێرك بەشداری زۆربەی هێرشە سەربازییەكانی دژ بە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشی كردووە.
هاوڵاتی سەباح سوبحی، پەرلەمانتاری عێراق لەسەر پشکی پارتی رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق لهژێر كاریگهری ناوخۆیی و دهرهكی ناتوانێت بابهتهكانی پهیوهست به ههرێمی كوردستان چارهسهر بكات، دەشلێت، کابینەکەی سودانی "رووبهڕووی چهندین كێشه بووهتهوه، لهوانهش نهبوونی خزمهتگوزارییه سهرهكییهكان و دانهمهزراندنی دهرچووانی زانكۆ و پهیمانگاكان و چهندین كێشهی دیكهی رۆژانهی هاووڵاتییان." سەباح سوبحی بە میدیای پارتی راگەیاندووە كورد بۆ داواكارییهكانی و جێبهجێكردنیان رێگای سیاسی و یاسایی و دهستووری ههیه و بهوپێیهی له پهرلهمان زۆرینه نییه، بۆیه لایهنهكانی دیكه ههر بابهتێكیان بوێت به زۆرینه دهتوانن تێیبپهڕێنن، بۆ دهستوور و سیاسهتیش به ههمان شێوهیه. پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت، حکومەتەکەی سودانی کە ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر تەمەنیدا تێپەڕ دەبێت، لەلایەن ئێرانەوە فشاری لێدەکرێت تا ئەنجێندای خۆی جێبەجێ بکات و لەلایەن ئەمریکاشەوە بە هەمان شێوە تا نەکەویتە ژێر هەژموونی تاران، بۆیە لەگەڵ کاریگەری ناوخۆ ناتوانێت بابەتەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات. لە کابینەکەی سوودانیدا ناکۆکییەکی زۆر دروست بووە لەنێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق. هەرچەندە لە مانگی رابردوو هەردوولا رێککەوتنێکیان کرد بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام تا ئێستا تەنها یەک جار 700 ملیار دینار لە بەغداوە نێردراوە و هێشتا چارەنووسی دوو مانگی داهاتوو دیار نییە. هەفتەی رابردوو رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرکی حکومەتی هەرێم، رایگەیاند بەمزووانە 700 ملیاری دووەم دەگاتە هەرێم بەڵام تا ئێستا نەگەشتووە. ئەمە لەکاتێکدایە مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی عێراق تەواو بووە و لەکاتی خۆیدا وەریانگرتووە، بەڵام تا ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی هەشتیان وەرنەگرتووە.