سەرکۆ جەمال لەدوای ساڵی 2017 ەوە بۆ یەكەمجار بەشێوەیەكی كتوپڕ شەڕ لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق روویدا، بەدیاریكراویش لەبەرزاییەكانی قەرەچووغ لەنزیك مەخمور، كە بەهۆیەوە چەند پێشمەرگەو سەربازێك لەهەردوولا بوونە قوربانی، فەرماندەیەكی پێشمەرگەش هۆكاری شەڕەكە بۆ هاوڵاتی ئاشكرادەكات. شەڕی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق، 22ی تشرینی دووەمی 2023 لەچیای قەرەچووخ لەنزیك كەمپی ئاوارەكانی مەخمور روویدا، تێیدا دوو پێشمەرگە شەهیدبوون و هەشت پێشمەرگەی تریش برینداربوون، دوو كوژراویش لەسوپای عێراق بوونی هەیە، لەسەر چەند پێگەیەك لەچیای قەرەچووغ كەهەفتەیەك پێش شەڕەكە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) چۆڵكردنیانی راگەیاند. غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزی خۆبەخشی سنوری چیای قەرەچووخ لەمەخموور لەسەر شەڕەكەی نێوان هێزەكانی 80ی وەزارەتی پێشمەرگە كە سەر بەپارتییە لەگەڵ سوپای عێراق بەهاوڵاتی وت: «كێشەكە لەسەر گرتنەوەی دوو خاڵی چاودێری بووەو كێشەیەكی گەورە نییە، هەردوولا پەشیمان بوونەتەوە لەسەر بابەتەكە.» دوای رووداوەكە لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند: محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەپێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای ئەمنی بۆ بەدواداچوون و هۆكاری ئەو رووداوەی لەمەخمور روویدا لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق. لەسەر بڕیاری لیژنەكە غازی فەیسەڵ وتی: «دواین سەردانی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بۆ هەولێر و كۆبوونەوەی لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم بۆ ئەو مەبەستە بووە و سەردانی شوێنی شەڕەكەیان كردووە بەڵام هێشتا سوپای عێراق لەو شوێنانەن كە بۆی هاتوون و بڕیاری نوێ نەدراوە بەڵام دۆخی مەخمور جێگیرە و هیچ نائارامییەك نییە.» چەند رۆژێك لەمەوبەر فەرمانداری بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە)، رایگەیاند «هێزەكانمان لەكەمپی پەنابەرانی مەخمورو ئەو ناوچانە كشاندووەتەوە.» غازی فەیسەڵ دەڵێت «لەدوو ساڵی رابردوودا توركیا زۆر هێرشی كردووەتەسەر ئەو خاڵە چاودێرییانە بۆیە پەكەكە داوای كردووە سوپای عێراق بیانپارێزێت و ئەو خاڵانە رادەستی ئەوان بكاتەوەو سوپای عێراقیش وتوویەتی كە رادەستی ئێمەی بكەنەوە دەتانپارێزین.» لەسەر هێرشەكە فەرماندەی هێزی خۆبەخشی قەرەچووخ ئەوەی ئاشكراكرد كە «هێزەكانی 80 ویستوویانە ئەو خاڵە چاودێرییانە بگرن». «گەریلا كیشەی هەیە لەگەڵ برادەرانی پارتی و حەزیان نەدەكرد پارتی ئەو خاڵە چاودێرییانە وەربگرێت و داوایان كرد سوپای عێراق دەوروپشتی كەمپەكە وەربگرێت، پارتی زنجیرە شاخی قەرەچووخ بەسنوری خۆی دەزانێت و هێزەكانی 80 ویستیان خۆیان دەستی بەسەردابگرن و حەزیان نەكردووە سوپای عێراقی لێبێت و نزیكیان بێت، بۆیە پارتی هەوڵیدا لەڕێگەی پەیوەندییەكانیەوە وەریبگرێت و نەیانتوانیوە بۆیە هێرشێكی لەناكاویان كردو ئەوە روویدا»، غازی فەیسەڵ وای وت. دوای دروستبوونی ئەو گرژییە لەنێوان هەردوولا، چەند ڤیدیۆیەك لەسۆشیال میدیا بڵاوبووەوە كە باس لەوە دەكرا هێزی حەشدی شەعبی بێت بەرەو مەخمور جووڵەیان پێكرابێت. غازی فەیسەڵ ئەوەی بۆ هاوڵاتی پشتڕاستكردەوە كەئێستا لیوایەكی حەشدی شەعبی هاتوونە نزیك مەخمورو جێگیركراون هەرچەندە چەندین ساڵە حەشدی شەعبی نەهاتووەتە ئەو ناوچەیە. بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، دوای ئەوەی گەریلاكانی پەكەكە لەكامپی مەخموورو چیای قەرەچووخ كشانەوە، لەماوەی ٤٨ كاتژمێردا شوێنەكەیان رادەستی فیرقەی ١٤ـی سوپای عێراق كردووە، بەڵام دواتر لەسەر ئەو شوێنانە شەڕ لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەو هێزێكی سوپای عێراق روویدا، هەر بەپێی زانیاریەكان ئەو پێگانە بەسێ جار و لەسەرەتای مانگی ئەیلولی ئەمساڵەوە چۆڵكراون دواین كشانەوەش دوای 10 كاتژمێر سوپای عێراق و پێشمەرگە پێیان زانیوە». لە ١٩ـی تشرینی یەكەم فەرماندەی ناوەندیی هێزەكانی پاراستنی گەل-نەپەگە، لەڕاگەیاندراوێكدا كشانەوەی خۆی لەكامپی مەخموورو رادەستكردنی بەسوپای عێراق راگەیاند، بەمەبەستی ئەوەی هیچ بۆشاییەكی ئەمنی لەو ناوچەیە درووست نەبێت. چیای قەرچووغ دەكەوێتە پشت كامپی شەهید رۆستەم جودی (مەخموور)، كەتیایدا هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە لەساڵی ٢٠١٤ەوە «بۆ بەرگرییكردن لەخەڵكی ناوچەكە لەهێرشی چەكدارانی داعش جێگیربوون» وەك سەرچاوەیەك لەپەكەكە بۆ هاوڵاتی ئاشكرایكرد «هەر هێزێك ئەو چیایە كۆنتڕۆڵ بكات، دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر دەشتی مەخموورو هەولێردا بسەپێنێت». وتیشی:» زیاتر لە نۆ ساڵە ئەم خاڵە ستراتیژییە لەلایەن گەریلاكانی هەپەگەوە پارێزراوە، لەكاتی هێرشی چەكدارانی داعش لەو ناوچەیە گەریلا هەرێمی كوردستان و هەولێری بەتایبەت پاراست، نەیانهێشت چەكدارانی داعش بچنە ناو هەولێرەوە، هەروەها چیای قەرەچووخ بەیەكێك لەناوچە دەوڵەمەندەكانی نەوت دادەنرێت، چونكە بیری نەوتی زۆری تێدایە».
هاوڵاتی ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی بڕیاریدا بایکۆت بشکیندرێت و خوێندنی ساڵی نوێ لە رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو دەستپێبکاتەوە. ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت لە کۆبونەوەی هەفتانەیدا بڕیاری ئەوە دراوە، "رۆژی شەممە (28ی 10ی 2023) وەک دەستپێکی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی نوێی خوێندن" دیاریبکرێت ئەمەش "لە پێناو خەمخۆریمان بۆ ئایندەی خوێندکاران و هەڵنەسپاردنی ساڵی خوێندنی 2023 -2024 بەپێی پێوەرە زانستییەکانی بۆڵۆنیا پڕۆسێس، کە ئەم پرسە پەیوەندیدارە بە چارەنوسی زیاتر لە 23 هەزار خوێندکار و خێزانەکانیان." لە راگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە ئەنجومەن جەخت لە سەرجەم ماف و شایستە داراییەکانی مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکاران دەکاتەوە، لە لایەکی دیكهوه جەخت لە بەرپرسیارییەتی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتە داراییەکانی بەردەم پڕۆسەی خوێندن لە زانکۆكه دەکاتەوە. ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی داوا لە خوێندکاران دەکات "بەپێی خشتەی وانەی کۆلێژەکان و خشتەی دابەشکردنی بەشە ناوخۆییەکان سەردانی زانکۆ بکەنەوە." بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە، خوێنی ساڵی نوێ لە سنوری پارێزگای سلیمانی و هەڵەبجە و سنوری گەرمیان پەکیکەوتووە دوای ئەوەی کە مامۆستایان چەندین جار رەتیانکردووەتەوە کە ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن هەتا مووچەکانیان لەکاتی خۆیاندا پێندرێت. تا ئێستا مووچەی مانگی هەشتی ئەمساڵ دابەشنەکراوە.
هاوڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، دابنیکردنی مووچە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم نییە و دەبێت مامۆستایان رەخنەکانیان ئاراستەی بەغدا بکەن، دەشڵێت، "رێگە نادەین مافی هیچ مامۆستایەک بفەوتێت." ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2023، مەسرور بارزانی لەکاتی مەراسیمی کردنەوەی باخچەیەکی ساوایان لە هەولێر باسی لە بایکۆتی مامۆستایان کرد و وتی، "من لێرە دەمەوێت پاڵپشتیی خۆم بۆ ئەو مامۆستایانە دەرببڕم و منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەوان کە پێویستە هەموو ماف و شایستە داراییەکانیان دابین بکرێت، بەڵام دەبێت رووی رەخنەکانمان لەو لایە بێت کە هۆکارە بۆ بڕینی مووچەکانیان یان دواخستنی مووچەکانیان؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە و زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی بە زووترین کات مووچەکانیان بۆ دابین بکات." لە سەرەتایی ساڵی نوێی خوێندنەوە مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی وهەڵەبجە و سنوری گەرمیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و داوا دەکەن مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا دابین بکرێت کە تا ئیستا مووچەی مانگی هەشتیان وەرنەگرتووە. لە پێنجشەممەی رابردوو ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند پێویستە بایکۆت بشکێندرێت و دەبێت خوێندن دەستپێبکاتەوە کە ئەم قسانەی وەزیری پەروەردە نارەزایەتییەکی گەورەی لێکەوتەوە و مامۆستایانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و چەند ناوچەیەکی تر خۆپیشاندانی بەرفراوانیان لەسەرەتایی ئەم هەفتەیەدا ئەنجامدا. مەسرور بارزانی لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، "رێگە نادەین مافی هیچ مامۆستایەک بفەوتێت، هەموویان قەرەبوو دەکرێنەوە، پێش ماوەیەکیش گوتم ئەوەی قەرەبوو ناکرێتەوە، ئەم تەجروبەیەیە، ئەم تاقیکردنەوەیەیە، خوێندنی منداڵانە کە هیوادارم مامۆستا بەڕێزەکان بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەکان و لەگەڵ قوتابییە خۆشەویستەکان بەردەوام بن لە وانە گوتنەوە و پەروەردەکردنی قوتابییان لەسەر بنەمایەکی تەندروست."
دلێر عەبدوڵڵا كۆبوونەوەكەی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەپێشنیارو داواكاری بزووتنەوەی گۆڕان بووە، بەرپرسێكی پارتی بڵاویكردەوە كە لەهەوڵی ئەوەدان یەكێتی و لایەنەكانی تر پەلكێشی ناو رێكەوتنێكی سیاسی بكەن كەئامانج لێی یەكدەنگی كوردو پاراستنی قەوارەی هەرێمە، بەرپرسێكی یەكێتی نییشتمانی كوردستانیش پێی وایە كەئەوەی كراوە خواستی حزبەكەی ئەوانەو لەكۆنگرەی پێنجەمدا لەلایەن سەرۆكی حزبەكەیەوە قسەی لەسەر كراوە. رۆژی سێشەممە لەبارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپیرمام، كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامدرا. كەتێیدا جەخت لەسەر كۆكردنەوەی تواناكان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و پاڵپشتیكردنی حكومەتی هەرێم بۆ رێكەوتن لەگەڵ بەغدا كرایەوە. بەپێی راگەیەنراوی هاوبەشی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی، هەردوو حزب كۆكبوون لەسەر دانانی ستراتیژیەتی هاوبەشی نیشتمانی هێزو لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی قۆناغەكە بەتایبەت ئەو مەترسییانەی روویان لەهەرێم كردووە. هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كەكۆبوونەوەكە لەسەر داواكاری و پێشنیاری بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجامدراوەو ئامانجی بزووتنەوەكە بۆ ئەوە بووە كەبەرەیەكی فراوان لەهێزو لایەنە سیاسییەكانی دروستبكرێت تا پێكەوە بەرپرسیارێتی قۆناغەكە هەڵبگرن، لەوبارەوە عیسمەت رەجەب ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهاوڵاتی وت «كۆبوونەوەكە لەسەر پێشنیاری برایانی بزووتنەوەی گۆڕان بووە، چونكە ئەوان بەدەر لەوە پرسی تر هەبووە كەویستوویانە قسەی لەسەربكەن، هەروەها برادەرانی گۆڕان لەحكومەتن و وەزیریان هەیەو بەشێكن لەدەسەڵات.» یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك هێزێكی هاوبەش و پێكهێنەری كابینەی نۆیەمی حكومەت، گەشبینە بەم كۆبوونەوەیەو پێیان وایە ئەوەی كەكراوە بەشێكە لەسیاسەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەوبارەیەوە لەتیف نێروەیی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت «دەتوانین بڵێین ئەو كۆبوونەوەیەی نێوان پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان جێبەجێكردنی بەشێكی سەرەكی سیاسیەتی فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە كە لەكۆنگرەی پێنجەم سەرۆك بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی هەمان پەیامی خستەڕوو بۆ هێزو لایەنە سیاسییەكانی تر، ئومێدەوارین بابەتی هەنگاونان بەرەو ئاشتەوایی سەرتاسەری لەنێوان هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەئایندەیەكی نزیكدا بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، چونكە ئەم قۆناغە وادەخوازێت كورد ناوماڵی خۆی رێكبخات و بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی بخرێتە پێش بەرەژەوەندیە حزبییەكان.» بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، لەكۆبوونەوەكەدا چەند پرسێكی تر گفتوگۆی لەسەر كراوە، لەوانە پرسی یاسای نەوت و هەناردەكردنی نەوت بۆ دەرەوەی هەرێم، لەوبارەیەوە سەركردەكەی پارتی بەهاوڵاتی وت «بەشێكی تری كۆبوونەوەكە لەسەر وەزعی ئەمڕۆی هەرێم و حكومەت و مەسەلەی بودجە بووە كەحكومەتی ناوەند لەو رووەوە ئاستەنگی لەبەردەم هەرێم دروستكردووە، هەروەها مەسەلەی قانونی نەوت كە لەم مانگەدا تەواو دەبێت بۆ ئەوەی جارێكی تر هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە.» بزووتنەوەی گۆڕان رووبەڕووی رەخنەی بەشێك لەچاودێران بووەتەوەو بەوە تۆمەتبار دەكرێت كەهۆكاری مانەوەی دەسەڵاتی یەكێتی و پارتییە، لەوبارەیەوە عومەر عەلی چاودێری سیاسی بەهاوڵاتی وت «هاووڵاتیانی ناڕازی و بەشێك لەئۆپۆزسیۆن چاوەڕێی ئەوەبوون ئەمجارە گۆڕان پاشەكشە لەحكومەت بكات و بێتەوە بەرەی گەل، بەڵام ئەم كۆبوونەوەیە ئەوە دەسەلمێنێت كە گۆڕان توانای ئەوەی نییە جارێكی تر بێتەوە بەرەی خەڵك، وەستانەوە بە رووی مەترسییەكان بەكۆبوونەوەو راگەیەنراوی هاوبەش نابێت، دەبێت بە رێگەچارەیەكی سیاسی ئەوتۆ كە بتوانیت جەماوەری ناڕازیی دڵخۆش بكەیت و متمانەی بۆ بگەڕێنیتەوە، لەلایەكی ترەوە كۆتایی هێنان بەو دۆخە ناهەموارەی لەنێوان حكومەت و بەغدا هەیە.» بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، لەداهاتوویەكی نزیكدا كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان یەكێتی و پارتی بەڕێوەدەچێت و ئەو بەرەیە فراوان دەكرێت كە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان پێكهێنراوە، لەوبارەیەوە سەركردەكەی پارتی بەهاوڵاتی وت «پاش ئەوە، بەتایبەت بەكۆتایی هاتنی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی، بەرنامەی یەكێتی وایە كەسەردانی ئێمەش بكەن و لەسەر وەزعی عام و هەرێم و بەغدا كۆبوونەوە بكەین و پێكەوە كاری هاوبەشمان هەبێت.» هاوڵاتی هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی لێدوان و وتەی بزووتنەوەی گۆڕان وەربگرێت، بەڵام زۆرێك لەسەركردەكانی ئەو حزبە بەپاساوی جۆڕاوجۆر رەتیانكردەوە قسە لەسەر ئەو پرسە بكەن. كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی لەكاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان نوقمی قەیران و گرفتی بەردەوام بووەو هاوڵاتیانی كوردستان گرفتاری چەندان كێشەو ئاریشەی دروستكراون، بەتایبەت دابین نەكردنی مووچەی فەرمانبەران و خراپی ئیدارەدانی هەرێم كە بووەتە مایەی بێزاری و توڕەیی هاوڵاتیان.
هاوڵاتی سەرۆکى حکومەتى هەرێم رایدەگەنێت؛ دەنگى خۆم دەخەمە پاڵ دەنگى مامۆستایان بۆ وەرگرتنى ماف و شایستە داراییەکانیان، دەشڵێت: موچە قەرەبو دەکرێتەوە، بەڵام خوێندن و پەروەردە قەرەبو ناکرێتەوە. مهسرور بارزانی لهمیانهی كردنهوهی قوتابخانه و باخچهیهكی منداڵان له شاری ههولێر رایگهیاند، قوتابخانه تهنها فێركردنی خوێندن نییه، بهڵكو پهروهردهكردنیش كه قوتابی دێته قوتابخانه دهبێت فێری ئهوه بێت كه دواتر چۆن له ژیاندا مامهڵه لهگهڵ گرفتهكانی رۆژگار بكات وتیشی ، دەزانم دۆخى ژیانى مامۆستایان بەهۆى موچەوە سەخت بووە، بەڵام سوپاسیان دەکەم کە بە لەخۆبردویى وانەدەڵێنەوە و بەردەوامن لە پەروەردە. مەسرور بارزانی لەبارەی ئەو مامۆستایانەی لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان و پەروەردەی کۆیە بایکۆتیان راگەیاندووە، وتی، "ئەو مامۆستایانەی تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بەردەوام بن لە خوێندن و داوای مافەکانی خۆیان دەکەن، پاڵپشتیی خۆمیان بۆ دەردەبڕم؛ دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەوان. پێویستە هەموو ماف و شایستە داراییەکانیان دابین بکرێت". مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد ، هەندێ لایەن یارى بە هەستى مامۆستا دەکەن و هانیان دەدەن نەیەنەوە، وتیشى،" موچە قەرەبو دەکرێتەوە، بەڵام پڕۆسەى خوێندن و وانەى قوتابیان و پەروەردە قەرەبو ناکرێتەوە". سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هۆکاری نەدانی موچەی مامۆستایان وتی، " با رووی رەخنەکانمان لەو لایەنە بێت کە هۆکارە بۆ بڕین یان دواخستنی مووچەکانیان. حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە، بەڵکو زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی بە زووترین کات مووچەکانیان بۆ دابین بکات. بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی بەیەکەوە داوای مافی مامۆستایان، فەرمانبەران و هەموو خەڵکی کوردستان بکەین". 13ـی ئەیلوول، ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە دەرگەی قوتابخانەکان بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە بە داخراوی ماوەتەوە. داواکاریی مامۆستایان بۆ کردنەوەی دەرگەی قوتابخانەکان دوو بەشە؛ وانەبێژان داوای دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست دەکەن و داواکاریی مامۆستایانی میلاکیش مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوولە پێکەوە.
هاوڵاتی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە کارگەیەکی قیر لە عەربەت کەوتەوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و سێ کەس برینداربوون. لە ئێستاشدا ئاگرەکە بۆ تەواوی بەشەکانی کارگەکە تەشەنەی سەندووە. سامان نادر، بەڕێوەبەرى سەنتەرى فریاکەوتنى خێراى سلێمانى 122 رایگەیاند؛ ئاگر لە کارگەیەکى دروستکردنى قیر لەسەر رێگاى عەربەت-سلێمانى کەوتوەتەوە و بەهۆیەوە هاوڵاتییەک گیانى لەدەستداوە و سێ کەسی دیکە بریندار بوون کە ڕێژەی سوتاوییەکەیان زۆرە و باری تەندروستیان ناجێگیرە. لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە، سەرچاوەیەک لە ناو کارگەکەوە بە هاوڵاتی وت ، هۆکاری ئاگرەکە گڕگرتنی خەزانەکانی نێو کارگەکە بووە، وتیشی " یەکێک لەوانەی گیانی لەدەست داوە سایەق تەنکەر بووە" . هاوکات وتیشی، ئەو هاوڵاتییەی گیانی لەدەستداوە خەڵکی شاری هەولێرە و شۆفێری تەنکەرەکان بووە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ویستوویەتی سووتەمەنی ناو تەنکەرەکەیان بەتاڵ بکەن بەڵام لەکاتی بەتاڵکردنەکەدا ئاگرەکە کەوتووەتەوە. بەپێی وتەی سامان نادر بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی ، دوو بریندارەکەی دیکە لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی شارن و دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی. وتیشی، برینی بریندارەکان سەختە و دووکەڵێکی زۆریشیان هەڵمژیوە. ئەو دوو کەسەی کە برینداربوون خەڵکی سلێمانین و کارمەندی کۆمپانیاکە بوون.
هاوڵاتی محهمهد شیاع سودانی، سهرۆك وهزیرانی عێراق رایگهیاند، ناردنی 700 ملیار دینارهكه بۆ پارهی موچهی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان تا كۆتایی ئهمساڵ بهردهوام و بهم نزیكانه گوژمهیهكی دیكه رهوانهی ههولێر دهكرێت. محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " هەر سێ 700 ملیار دینارەكە لە كاتی خۆی رەوانە دەكرێت و تا كۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، دوای سەری ساڵ لەگەڵ هەرێم حسابات دەكرێت، كە چەند پارەی بۆ ڕەوانە كراوە و پاشان كۆدەكرێتەوە". دەشڵێت "بەپێی رێككەوتنمان لەگەڵ هەرێم دەبێت سێ ٧٠٠ ملیاری بۆ دابەشكردنی مووچە بنێرین و دواتر بەپێی یاسای بودجە پشكی هەرێم دەنێرین". سودانی باسی لهوهشكرد، بهم نزیكانه شاندی حكومهتی فیدڕاڵی و حكومهتی ههرێم پهیوهست به پرسی موچهی فهرمانبهرانی ههرێم كۆدهبنهوه و لهمانگی 12ی ئهمساڵیشدا پاكتاوی دارایی له نێوان ههردولادا دهكرێت.
هاوڵاتی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا دوێنێ وەزیری دەرەوە ئەمریکا داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات بەدوای ئەو كەسانەدا بگەڕێن كە بەرپرسن لە هێرش و هەڕەشەكان لە دژی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق و سزایان بدەن. هاوکات سوپای ئەمریکا رێوشوێنی نوێ دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی ھێزەکانی. لە دوای سەرهەڵدانی گرژییەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماس لە رۆژی 7ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) گروپە چەکدارییەکانی عێراق چەندین هێرشی ئاسمانیان ئاڕاستەی بنکەی سەربازی هێزەکانی ئەمریکا کردوە تەنها لە عێراق و هەرێم حەوت جار هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكرد لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا، بلینكن لە ڕۆژی دووشەممەدا پێشوازی لە ئیدانەكردنی هێرشەكانی سەر هێزەكانی ئەمریكا لەلایەن بەغداوە كردووە. لەم پەیوەندەدا ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە سوپای ئەمریکا رێوشوێنی نوێ دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی ھێزەکانی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، یەکێک لە رێوشوێنەکان بریتییە لە کۆکردنەوەی زانیاری ھەواڵگریی لەرێگەی درۆن و کامێرای چاودێرییەوە. ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، رێوشوێنە نوێیەکان دوای زیادبوونی مەترسییەکان دێن لەبارەی ھێرشەکانی سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، یەکێک لە رێوشوێنەکان بریتییە لە توندکردنەوەی رێوشوێنەکانی چونە ناو بنکە سەربازییەکان. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، رێوشوێنێکی دیکە بریتییە لە کۆکردنەوەی زانیاری ھەواڵگریی لەرێگەی درۆن و کامێرای چاودێرییەوە.
هاوڵاتی لهپارێزگاى هەڵەبجەو لەکاتی دەستگیرکردنیدا، تۆمەتبارێک چەند پۆلیسێک بەفیشەک برینداردەکات، ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگاكهش زانیاریى زیاتر لهوبارهیهوه ئاشكرادهكات. بەشی ڕاگەیاندنو پەیوەندیهكانى پۆلیسی هەڵەبجە ئاشكرایكردوه، ئەمڕۆ سێ مەفرەزەی هاوبەشی بنکەی پۆلیسی هەڵەبجەو بنکەی پۆلیسی فریاکەوتن، هەوڵی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکیانداوه كه تهمهنى 38 ساڵهو دانیشتوی پارێزگای هەڵەبجەیه لەگەڕەکی شێخ ئیسماعیل کە دوو فەرمانی دەستگیرکردنیشى هەبووە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە لە کاتی دەستگیرکردنیدا رووبەڕووبونەوە رویداوەو تۆمەتبارەکە بە چەکى جۆرى کڵاشینکۆف تەقەی لە پۆلیس کردووە و بەهۆیەوە دوو پۆلیس بە گولـلە بریندار بوون و تۆمەتبارەکە دواتر لەلایەن هێزەکانى پۆلیسەوە دەستگیرکرا و بە بڕیارى دادوەر بەندکراوە و دەست بەسەر چەکەکەشیدا گیراوە. سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە پۆلیسی هەڵەبجە دهڵێت، "تۆمەتبار لەدادگای کەتنی هەڵەبجەو بەگوێرهى مادەی 229 لهیاسای سزاکانو بهتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێری پەیوەندیکردن لەدادگای لێکۆڵینەوەی هەڵەبجە داواکرابوو، لەکاتی بەجێهێنانی ئەرکەکانی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنی، لەلایەن داواكراوهوه بەچەکی جۆری کڵاشینکۆف تەقە لەمەفرەزەکانی پۆلیس کراو بههۆیهوه دوو کارمەندی هێزەکانی پۆلیس بەفیشەک برینداربون. بە گوێرەی ئامارە ناڕەسمییەکان تەنها ئەمساڵ لە سەرەتای ساڵەوە تا مانگی حەوت 67 کەس لە هەرێمی کوردستان کوژراون؛ کە 55 کەسیان بە چەک بووە.
هاوڵاتی بزوتنەوەى گۆران و پارتى دیموکراتى کوردستان، کۆبونەوەو لە ڕاگەیەندراویکی هاوبەشدا جەخت لە بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و حکومەتى ناوەند دەکەنەوە. ئەمڕۆ، 24ى 10ى 2023، لەبارەگاى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پیرمام، کۆبونەوەى هاوبەشى نێوان بزوتنەوەى گۆران و پارتى دیموکراتى کوردستان ئەنجامدرا، بەپێى راگەیەنراوى هاوبەشى نێوانیان، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی هەستیاری ناوچەکە بە گشتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. ئهوهشیانخستۆتهڕو، ههردولا كۆك بون بۆ كۆكردنهوهی ههمو هێز و تواناكان بۆ پاراستنی قهوارهی ههرێمی كوردستان و دانانی ستراتیژیهتی هاوبهشی نیشتمانی هێز و لایهنه سیاسییهكان بۆ ههڵگرتنی بهرپرساریهتی قۆناغهكه. وێنەیەک لە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی نێوان ئەو دوو حیزبە:
هاوڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوبەری رۆژئاوای کوردستان بەڵگەنامەیەکی ئاراسەتەی چەند رێکخراوێکی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەند دامزراوەیەکی تر کردووە کە تێیدا ئاماژە بە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا دەکات بۆ سەر ژێرخانی ناوچەکە و دەڵێت 224 پێگە بۆردومان کراوە و زیانی 56 ملیۆن دۆلار بووە. بەپێی ئەو راپۆرتەی ئیدارەی خۆبەرێوبەری ئامادەی کردووە، سوپای تورکیا 224 پێگەی بۆردومان کردووە لەرێی 304 هێرشی زەمینی و ئاسمانییەوە کە 221 هێرشیان لەڕێی تۆپهاوێژەوە بووە و 83 هێرشی تریش لەڕێی فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە بووە لە رۆژانی 4-5-6-7-8-9-10ـی تشرینی یەکەمی 2023. لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە کە 47 کەس بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە و 55 کەسی تریش برینداربوون، زیانی هێرشەکانیش بە 56 ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە کە تێیدا کێڵگەی نەوت، وێستگەی کارەبا و ئاو، کلینیکی پزیشکی و ناوچەی پیشەسازی و ناوەندی دارایی بەئامانج گیراوە. راپۆرتەکە نێردراوە بۆ چەند رێکخراوێک لەوانە، ئۆفیسی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، ئۆفیسی نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، نوێنەری، ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، سوید، فینلەندا، هۆڵەندا و یۆنان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ و ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان و چەند ئۆفیس و رێکخراوێکی تریش.
هاوڵاتی درەنگانی شەوی رابردوو لە قەزای شەنگال دوو هاوسەر لەگەڵ منداڵەکەیان کوژران و لەسەر رووداوەکە کەسێک دەستگیرکراوە. سەرچاوەیەک لە پۆلیسی قەزای شنگال بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەو سێ هاوڵاتییە شەوی رابردوو کوژراون کە ئێزیدین و خەڵکی ناحیەی سنونن، رووداوەکە لە ناوچەی عێن غەزال بووە کە 9 بۆ 10 کێلومەتر دوورە لە سەنتەری شەنگال." سەرچاوەکە باسی لەوەشکرد، "ئەم خێزانە کاریان شوانی بووە و چەند مانگێکە کار بۆ خاوەن کێڵگەیەک دەکەن لە عێن غەزال بۆیە دوای رووداوەکە خاوەن کێڵگەکە دەستگیرکراوە و لێکوڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت." ئەو سەرچاوەیە ووتیشی هیشتا هۆکاری رووداوەکە دیار نییە، تەمەنی ژن و مێردەکە سەروو 40 ساڵ بووە و منداڵەکەشیان 5 بۆ 6 ساڵ بووە.
هاوڵاتی وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، لە چەند هێرشی ئەم دواییانەدا بۆ سەر بنکەکانیان لە عێراق و سوریا ئێران "بەکردەیی ئاسانکاری کردووە" تییاندا و سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کردووە بەشێوەیەکی دروست وەڵامی هێرشەکانی داهاتوو بدرێنەوە. جۆن کێربی، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا ئەو هێرشانە زیادیان کردووە و واشنتن ناهێڵێت ئەم هێرشانە بە ئاسانی تێپەڕێت، هەرچەندە ئێران دەیەوێت "نکوڵی لێ بکات." لەدوای هێرشە لەناکاوەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئەم مانگە، هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا زیادیان کردووە. لەماوەی هەفتەی رابردوو و ئەم هەفتەیەش چەند جارێک هێرشکرایەسەر بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق و چەند بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە سوریا. تەنانەت جارێکیش هێرشکرایەسەر بنکەی سەربازی هەریر لە هەولێر کە هێزی ئەمریکای تێدایە. جۆن کێربی لەسەر هێرشەکان دەڵێت، "دەزانین کە ئێران لەنزیکەوە چاودێری ئەم رووداوانە دەکات و لە هەندێک رووداوەکاندا بەکردەیی ئاسانکاری بۆ ئەم هێرشانە دەکات و هانی لایەنی تر دەدات کە رەنگە بیانەوێت ململانێکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان یان ئێران بقۆزنەوە." بەهۆی ناجێگیری دۆخەکەوە، رۆژی یەکشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2023، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری بە هاوڵاتیانیدا کە سەردانی عێراق نەکەن لەبەر چەند هۆکارێکی مەترسیدار کە یەکێک لەوانە هێرشە بۆ سەر هیزەکانی وڵاتەکە لە عێراقدا. لە ئاگادارییەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "سەردانی عێراق مەکەن بە هۆکاری هەبوونی تیرۆریزم، رفاندن، ململانێی سەربازی، پشێوی ناوخۆیی و توانای سنورداری ئەرک [بالیۆزخانە و کونسوڵخان]ی ئەمریکا بۆ پارێزگاریکردن لە هاوڵاتیان."
هاوڵاتی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە لە ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و لوید ئۆستن وەزری بەرگری ئەمریکا پەیوەندییان بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد. لە راگەیەنراوەکەی نوسینگەی سەرۆک وەزیراندا هاتووە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا گفتوگۆلە بارەی پێشهاتی گرژییەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماس وهێرشەکانی سەر بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کراوە. لە دوای سەرهەڵدانی گرژییەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماس لە رۆژی 7ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) گروپە چەکدارییەکانی عێراق چەندین هێرشی ئاسمانیان ئاڕاستەی بنکەی سەربازی هێزەکانی ئەمریکا کردوە تەنها لە عێراق و هەرێم حەوت جار هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا. سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاندوە ھێرشكردنە سەر ئەو بنكە سەربازییانەی عێراق كە ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش تیایاندا جیگیركراون ڕەت دەكەنەوە و ئاماژەی بەوەیشداوە كە لەبەرامبەر ئەو ھێرشانەدا، بێ دەنگ نابن. لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، هەردوو وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریکا هەوڵەکانی عێراقیان لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە هاوڵاتییانی غەززە بە گرنگ هەژمارکرد، هەروەها جەخت لەسەر هەوڵی هاوبەش بۆ گرەنتیکردنی سەقامگیری ناوچەکە و رێگریکردن لە فراونبونی گۆڕەپانی جەنگەکە کرا. هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پابەندبونی وڵاتەکەی بە بەردەوامی و پتەویی هاوبەشییان لەگەڵ عێراق بۆ محەمەد شیاع سودانی دوپاتکردوەتەوە، ئەویش بە پشتبەستن بە بنەماکانی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا. هەر ئەمڕۆش وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، لیوا یەحیا ڕەسول لەبارەی ئەو ھێرشانە كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا كرانە سەر بنكەی عەین ئەسەد و بنكەی ھەریر لە ھەولێر رایگەیاند، فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكان، فەرمانی بە ھێزە ئەمنییەكان كردووە ئەركەكانیان بۆ پاراستنی بنكە سەربازییەكان و بارەگاكانی نێردە دیپلۆماتییەكان جێبەجێ بكەن و ئەنجامدەرانی ھێرشەكانی سەر بنكە سەربازییەكان دەستگیر بكەن و ڕێگایش بە ھیچ لایەنێك نەدەن زیان بە ئاسایش و سەقامگیری وڵات بگەیەنن.
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر هێزەکانیان لە بنکەی سەربازی تەنەف لە سوریا، بەڵام هیچ زیانی نەبوە و پوچەڵکراوەتەوە، جگە لەوەی هەر ئەمڕۆ هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازی مالکیة لە حەسەکە. پاتریک رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پێنتاگۆن" لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەر هێزە ئەمریکییەکان لە بنکەی سەربازی تەنەف لە سوریا. لە دوای سەرهەڵدانی گرژییەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماس لە رۆژی 7ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) گروپە چەکدارییەکانی عێراق چەندین هێرشی ئاسمانیان ئاڕاستەی بنکەی سەربازی هێزەکانی ئەمریکا کردوە تەنها لە عێراق و هەرێم حەوت جار هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا، بەڵام زۆربەیان زیانیان کەمبوە یاخود پوچەڵکراونەتەوە، هێرشەکانیش بۆ سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەدی پارێزگای ئەنبار و بنکەی سەربازی هەریر لە پارێزگای هەولێر بوە. هاوکات رۆژی (22ـی تشرینی یەکەمی 2023) وهزارهتی دهرهوهی ئهمهریكا، هۆشداری دایه دیپلۆماتكار و هاووڵاتییانی، كه له رێگهی فڕۆكهخانهی نێودهوڵهتی بهغداوه گهشت نهكهن. لەدوای پەرەسەندنی ململانێکان لەنێوان ئیسرائیل و حەماس، گرووپ و هێزە چەکدارییەکان، چەند جارێک هەڕەشەیان لە هێزەکانی ئەمەریکا کردووە و لەبەرامبەریشدا، وتەبێژی پنتاگۆن، پات رایدەر رایگەیاندبوو، ژمارەی فڕۆکە جەنگییەکانیان لە ناوچەکە زیاد دەکەن، هەروەها دوای هێرشەکانی سەر عێراق و سووریا رێوشوێنی پێویست دەگەرنەبەر.