هاوڵاتی  بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند بەتۆمەتی فریودانی هاوڵاتیان و ئەنجامدانی نوشتە و جادوو 19 کەسیان دەستگیرکردووە و دەستگیراوە بەسەر کەلوپەلەکانیاندا. ئاسایشی سلێمانی لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، "هێزەکانی ئاسایش دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی وورد، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ڕێگریکردن لە فریودانی هاوڵاتیان، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەچەند هەڵمەتێکدا (نۆزدە) کەسیان بەتۆمەتی ئەنجامدانی کاری نوشتە و جادوو دەستگیرکرد." ئاسایشی سلێمانی دەشڵێت، لە سەروبەندی دەستگیرکردنیاندا دەستگیراوە بەسەر ئەو کەلوپەلانەی کە بۆ "نوشتە کردن و هەڵخەڵەتاندنی هاوڵاتیان بەکاریان هێناوە" لەپێناو دەستکەوتنی بڕێک پارە. لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە لەئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بە ماددەی (٤٥٦) لەیاسای سزادان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.

هاوڵاتی  د.سەیوان عەلی رەزا رایگەیاند گۆڕان زیانی بەخۆی دەگەیەنێت بە دوورخستنەوەی ئەو و ئەوەی کردوویەتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە، دەشڵێت، "شتم زۆر لایە هەر لە مەسج و تەلەفۆنەوە هەتا دەکاتە دیکۆمێنت کە بۆ من نێردراوە." د.سەیوان عەلی، کە دوێنێ هەیینی لە ریزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دووخرایەوە بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "گۆڕان زەرەری کرد لە دوور خستنەوەی من، بەڵام درەنگە تازە، ئەنواع و ئەشکاڵ شتم لەلایە، ئەوە نییە کابرایەک بم هیچ نەزانم بزوتنەوەی گۆڕان دورم بخاتەوە، ئەنواع و ئەشکاڵ شتم لەلا هەیە هەر لە مەسج و تەلەفۆنەوە هەتا دەکاتە دیکۆمێنت کە بۆ من نێردراوە، بەڕای من بزوتنەوەی گۆڕانم شتێکی خراپی کردووە." دوێنی هەیینی 3ی تشرینی دووەمی 2023، دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا وتی، "بەهۆکاری دوبارە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی (د.سەیوان عەلی ڕەزا) بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان، بڕیارماندا بە دوورخستنەوەی ناوبراو لە ڕیزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان." د.سەیوان عەلی دەڵێت ئەو بڕیارەی دژی ئەو دراوە هەنگاوی گۆرانە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و بڕیاری گرنگتر هەبوو گۆڕان بیدات. "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وا تێک دەچێت، کێشە لە ناو خۆی عێراق هەیە، دەبوو بزوتنەوەی گۆڕان گرنگی بدات بە شتە چارەنووس سازەکان ئەوەی پەیوەندی بە تاک تاکی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بڕیارێکی بدایە چۆنیەتی لەسەر داهاتووی کوردستان بدایە، نەک وەڵا سەیوانمان دوور خستۆتەوە، ئەمەی گۆڕان یەکەم هەنگاوی بانگەشەیە بە دوور خستنەوەی من، بە دەرکردنی من گۆڕان هیچ زیاد ناکات، بە پێچەوانەدە دەنگی کەم دەکات."

هاوڵاتی  بەرپرسی لقی سێی پارتی-گەرمیان رایگەیاند سبەینی شاندێکی پارتی سەردانی کەرکوک دەکات بۆ رادەستکردنی باڵەخانەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک بە زانکۆی کەرکوک. محەممەد کەماڵ، بەرپرسی لقی سێی پارتی-گەرمیان رایگەیاند، "بەبڕیاری مەسعود بارزانی سبەی شاندێكی پارتی دێتە كەركوك‌ و باڵەخانەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركوك- گەرمیان وەردەگرینەوەو پێشكەشی زانكۆی كەركوكی دەكەین. محەممەد کەمال دەشڵێت، "بارەگاكانی دیكەش وەردەگرینەوەو بڕیاری گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دراوە." رۆژی پێنجشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2023 کۆمیتەی ناوەندی پارتی لە کۆبونەوەیەکدا بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی، بڕیاریدا بارەگای سەرکردایەتی خۆی ببەخشێت بە زانکۆی کەرکوک.  رۆژێک دواتر لەسەر بڕیارەکەی پارتی، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات بۆ پێشکەشکردنی بارەگاکەی خۆی بە زانکۆی کەرکوک  و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم دەستپێشخەرییە بەرز دەنرخێنێت. ئەو بارەگایە هەمان بارەگا بوو کە سەرەتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ گرژیی لەسەر دروستبوو و دواتر بوویە هۆی ئەوەی چوار خۆپیشاندەری کورد بەدەستی هێزە عێراقییەکان شەهید بکرێن و زیاد لە 15 کەسی تریش بریندار بکرێن.  پێشتر هاوڵاتی ئەوەی ئاشکرا کرد کە پارتی دوای رووداوەکەی ئەم دواییەی کەرکوک بەنیاز نییە بارەگاکەی وەربگرێتەوە و لەو پرسە پاشەکشەی کردووە.  لە 27ی مانگی ئابی 2023 بەشێک لەتورکمان و عەرەبی کەرکوک بەهاوکاری کۆمەڵێک لەهێزەکانی حەشدی شەعبی ماوەی هەفتەیەک خۆپیشاندانیان ئەنجامداو رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێریان گرت بەهۆی بڕیاری محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە رادەستکردنەوەی بارەگاکانی کەرکوک بەپارتی کە لەنێویاندا بارەگاکەی هێزە هاوبەشەکانی عێراقی تیدا بوو. دواترو لەڕۆژی دووی ئەیلولی 2023 کوردانی کەرکوک دژی داخستنی رێگاکە خۆپیشاندایان ئەنجامدا کەتێیدا گرژی دروستبوو و هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک تەقەیان لەخۆپیشاندەران کرد. لایەنە نەیارەکانی پارتی لەعێراق و هەرێمی کوردستان تۆمەتی ئەوەیان دروستکرد کەخۆپیشاندانەکە پارتی لەپشت بووە بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکان بەحزبەکە. لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکان هێزە عێراقییەكان رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵیان گرتەبەرو هەڵمەتی دەستگیركردنی كوردانی كەركوك دەستیپێكرد. دوای گرژییەکانی کەرکوک بەچەند رۆژێک دادگای فیدڕاڵی دژی بڕیارەکەی محەممەد سودانی بڕیاریداو رادەستکردنی بارەگاکانی بەپارتی راگرت. دواتر دادگای باڵای فیدراڵی  لە 12ی ئەم مانگە بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا بە گەڕانەوەی بارەگاکە بۆ پارتی، بەڵام پارتی وەرینەگرت.  پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە زۆرینەی خاكی كوردستان كەوتەوە دەست هێزە عێراقییەكان، بنكەو بارەگای حزبە كوردستانیەكان لەشاری كەركوك دەستی بەسەردا گیراو هێزە عێراقییەكان تێیدا جێگیركران، لەناویاندا بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە هێزێكی فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی عێراق دەستی بەسەردا گرت.

هاوڵاتی  سەعید ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند بەمزوانە لەگەڵ پارتی کۆدەبنەوە و لەبارەی کات و شوێنەکەوە هەردوولا لە گفتوگۆدان. ئەمڕۆ شەممە 4ی تشرینی دووەمی 2023، سەعید ئەحمەد پیرە رایگەیاند، "بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆببنەوە، تا ئێستا کات و شوێنی کۆبوونەوەکە دیاریی نەکراوە و بۆ ئەو مەبەستە هەردوولا لەگفتوگۆداین." پێشتر هاوڵاتی بڵاویکردەوە هەوڵی ئەنجامدانی رێكەوتنێكی نوێ لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیپێكردووە و بە دەستپێشخەری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی، رێککەوتنێکی نوێی ستراتیژی واژۆ دەکەن.

هاوڵاتی  بەرێوبەرایەتی کەشناسی پارێزگای دهۆک بڵاویکردەوە, لە 24 کاتژمێری رابوردودا زۆرترین رێژەی باران بارین لەسنوری ناحیەی بامەرنێی سەر بەقەزای ئامێدی باریووە کە 28 ملم بووە و لە تەواوی سنوری پارێزگای دهۆکیش 40 ملم باران باریووە. بەرێوبەرایەتی کەشناسی دهۆک دەڵێت، کەمترین رێژەی باران بارین لە ناحیەی قەسرۆک بووه کە 0،3 ملم باران باریووە. کۆی گشتی رێژەی باران لەسنوری پارێزگای دهۆک تا ئێستا گەیشتووەتە 40 ملم، ئەمەش بە بەروارد بە ساڵی رابردوو تا ئەم کاتانە زیاترە لە پێنج هێندەی کە تەنها 7.2 ملم باران باریبوو.

هاوڵاتی  ئەمرۆ گەنجێکی 20 ساڵی دانیشتووی کۆمەڵگای سیبا لەسەنتەری شەنگال بە دەسترێژی گولە بریندارکراو و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا، ئەمەش ژمارەی کوژراوان لە دە ڕۆژی ڕابردوودا بەرزدەکاتەوە بۆ چوار هاوڵاتی. پۆلیسی شەنگال ڕایگەیاند ئەو گەنجەی ئێوارەی ئەمڕۆ بە دەستڕێژی گوولە لە شەنگال کوژرا ناوی سەعد شەکر مەحلوو و، خەڵکی کۆمەڵگای سیبا شێخ خدر ە. وتیشی، "تا ئێستا هۆکاری کوشتنی ئەو گەنجە دیار نییە و هیچ کەسێکیش لەسەر کەیسەکە دەستگیر نەکراوە". سەعد چوارەم هاوڵاتییە لە ماوەی 10 ڕۆژدا لە شەنگال بکوژرێت بەوپێیەی لە چەند ڕۆژی رابوردووش بەهەمانشێوە سێ کەسی دیکە کوژران کە دایک و باوکێک و منداڵەکەیان بوون . چێگەیباسە لەو ڕوداوەدا کە چەند ڕۆژێک لەمەو پێش ڕویدا ئەو خێزانە لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژرابوون بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری هاوڵاتی لە پۆلیسی ناوچەکەوە  چەندکەسێکی نزیک لەکەسوکاری قوربانیەکان دەستگیرکراون  بەڵام تا ئێستا نە هۆکاری کوشتنەکەیان ئاشکرا بووە نە هیچ کەسێکیش لەسەر ڕوداوەکە دەستگیرکراوە.  

هاوڵاتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵسوڕاوێکی خۆی لەڕیزەکانی دوورخستەوە، هۆکارەکەشی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پۆستەکەی لەوەزارەتی پەروەردە دەگەڕێنێتەوە. دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: بەهۆکاری دوبارە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی (د.سەیوان عەلی ڕەزا) بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان، بڕیارماندا بە دوورخستنەوەی ناوبراو لە ڕیزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان. بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ جاری دووەم تەمەنی خزمەتی د. سەیوان عەلی بریكاری وەزارەتی پەروەردە درێژكرایەوە، هەرچەندە بزووتنەوەی گۆڕان ئاگاداری كردۆتەوە كە تەمەنی گەیشتووەتە خانەنشینی و نابێت تەمەنی خزمەتی بۆ درێژبكرێتەوە، بەڵام د. سەیوان عەلی پابەندی بڕیاری بزووتنەوەی گۆڕان نەبووە.

هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانى پاراستنى گەل- هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا ناسنامەی چوار گەریلای شەهیدى بڵاوکردەوە، کە لە خواکورک شەهید بوون. دەقی بەیاننامەکەی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە: لە ٢٤ـی ئابی ٢٠٢٣ دوژمن هێرشی کردە سەر هەرێمی خواکورک و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا هەڤاڵانمان ڕزگار، گەرناس و هەژار شەهید بوون. هەڤاڵانمان ڕزگار، گەرناس و هەژار لە باکوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ ئازادی گەلەکەمان ڕوویان کردە ناو ڕیزەکانی پەکەکە و بە زانستێکی گەورەی نەتەوەیی تێکۆشانیان کرد، هاوکارەکانمان نوێنەرایەتی گەلەکەمانیان دەکرد، لە دژی سیاسەتی شەڕی  تایبەتی دوژمن، هاڤاڵانمان ڕزگار کە بە دیمیلکی قسەی دەکرد، گەرناس کە بە کرمانجی قسەی دەکرد و هەژار کە بە سۆرانی قسەی دەکرد، پێکەوە لەسەر بنەمای ڕۆح و فکرێکی هاوبەش بۆ ئازادی گەلەکەمان تێکۆشانیان کرد، هەڤاڵانمان ڕزگار، گەرناس و هەژار هەموو ساتەکانی ژیانیان بە بێ وەستان و ماندووبوون بۆ گەورەکردن و پێشخستنی تێکۆشان بەسەر برد، وەک جەنگاوەرێک کە نموونەبوون بۆ هەموو گەنجانی کوردستان ، لە مێژووی ئازادی ئێمەدا جێگەی خۆیان کردەوە. سەرەتا سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ئازیزی هەڤاڵانمان ڕزگار و گەرناس و هەژار دەکەین و بەڵێنمان دووپات دەکەینەوە کە یادەوەرییەکانیان بە پێشخستنی تێکۆشان زیندوو بهێڵینەوە. هەڤاڵمان سینجەر دێهگولان کە لە ٢٣ـی ئابی ٢٠٢٣ لە ناوچەی خواکورک لە ئەنجامی هێرشی دوژمندا بە سەختی بریندار بوو، سەرەڕای هەموو هەوڵێک بۆ زیندوومانەوەی هەڤاڵمان لە ٣٠ـی ئاب شەهید بوو. ڕۆڵەی قارەمانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جەنگاوەری شایستە، هەڤاڵمان سینجەر ژیانی خۆی لە پێناو گەلەکەمان و تێکۆشانمان فیدا کرد، بەو تێگەیشتنەی کە تا گەلەکەمان ئازاد نەبێت، مرۆڤ خۆی هەرگیز ئازاد نابێت، لەسەر بنەمای ژیانی سۆسیالیستی، ئازادی و کۆمەڵایەتیبوون، بەهایەکی گەورەی دا بە هەڤاڵێتی، هەڤاڵمان بێگۆمان دەیزانی کە دەبێت بۆ ئەمە تێکۆشان بکرێت، بە تێگەیشتن لە ئەرکی جەنگاوەری ئاپۆیی بە فیداکاری و ماندووبوونی خۆی لە هەموو بوارێکدا بوو بە نموونە. سەرەتا سەری بنەماڵەی ئازیزی هەڤاڵمان سینجەر و تەواوی گەلی کوردی وڵاتپارێز سەلامەت بێت، بەڵێنمان دووبارە دەکەینەوە کە بە تێگەیشتن لە پیرۆزی خوێنی شەهیدانمان، ئاڵای شۆرش کە هەڤاڵمان سینجەر ڕادەستی کردووین بە بەرزی ڕایدەگرین. زانیاری دەربارەی ناسنامەی هەڤاڵانی شەهیدمان بەم شێوەیەیە: نازناو: ڕزگار سیوار ناو و  پاشناو: یادین بولوت شوێنی لەدایکبوون: خارپەت ناوی دایک – باوک: خەدیجە – عەلی شوێن و بەرواری شەهیدبوون: ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣ / خواکورک نازناو: گەرناس قەندیل ناو و پاشناو: کاوە مەمۆ شوێنی لەدایک بوون: دەربێسی ناوی دایک – باوک: ساجیدە – احمد شوێن و بەرواری شەهیدبوون: ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣ / خواکورک نازناو: هەژار بێکەس ناو و پاشناو: سیروس ڕاستەقیز شوێنی لەدایک بوون: تیکاب ناوی دایک – باوک: ئامین – تۆفیق شوێن و بەرواری شەهیدبوون: ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣ / خواکورک نازناو: سینجەر دێهگولان ناو و پاشناو: نعمەت ڕضایی شوێنی لە دایک بوون: بیجار دایک-باوک: مەریەم-عەبدوڵڵا کات و شوێنی شەهیدبوون: ٣٠ی ئابی ٢٠٢٣ / خواکورک

هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پاریس رایگەیاند، "کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن هەبوو." ، وتیشی، لەم هەفتەیەدا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فڕەنسا گفتوگۆی باشیان لە بارەی برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ فرەنسا کردوە. ئاماژەی بەوەشکرد، وەک دیارە رێککەوتنێکی ستراتیژی لە نێوان فڕەنسا و عێراق هەیە، بۆیە پێویستە هەمولایەنەکان پابەندنی حەو رێککەوتنە بن، فڕەنسا لایەنێکی گرنگ و هاوکاری عێراق بوە لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و زۆربەی پرسەکانی دیکە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، "سەرۆک ماکرۆن پابەندە بەوەی سەردانی عێراق بکات، بانگهێشتم کردووە کە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات و بە خۆشحاڵییەوە بانگێشتەکەی قبووڵ کرد." لەبارەی پرسی هەڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی گوتی، "پابەندی ئەنجامدانی هەڵبژاردنین لە کاتی خۆیدا و لەگەڵ یەکێتی هیچ رێککەوتنێک بۆ دواخستنی نەکراوە. دەبێت هەموو لایەنەکان پابەندبن بەوەی لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت." سەرۆکی هەرێم ڕونیشیکردەوە کە، "هیچ رێککەوتنێک لە نێوان یەکێتی و پارتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییە، سەرۆکایەتی هەرێم وادەی هەڵبژاردنی دیاریکردوە و مەرجە هەمو لایەنێک پابەندبێت بە ئەنجامدانی لە وادەی خۆیدا "ولەم هەفتەیدا لەگەڵ یەکێتی کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لە بارەی سەرجەم پرسە هەستیار و گرنگەکانی هەرێم دەکەن، لەوانە شایستە داراییەکان و پرسی هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمان. تیشی، ھەناردە نەکردنەوەی نەوت تەنیا زیانی بۆ ھەرێم نییە بەڵکو بۆ ھەموو عێراقە، کێشەکە تەکنیکییە نەک سیاسی، لەسەر ئەو بابەتەش گفتوگۆکان بەردەوامە، کێشەکانیان لەگەڵ عێراق لەسەر تێچوی دەرھێنانی نەوتە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە. سەبارەت بە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدادیش رایگەیاند، دەبێت کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت، بە زووترینکات کێشەی مووچەی مووچەخۆران چارەسەر بکرێت، چونکە حکومەتی ھەرێم بە ھەموو شێوەیەک لەگەڵ عێراق چووەتە پێش و داتا و زانیاری دروستی داوە بە بەغداد.

هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی  لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا کۆبونەوەو باسیان لە پەیوەندییەکانی هەولێر، بەغدا و پاریس کرد. نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی "X" (پێشتر تویته‌ر) نوسیویه‌تی، "خۆشحاڵ بوم به‌ دیداری هاوڕێی ئازیزم سه‌رۆک ماکرۆن له‌ پاریس، بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ فڕه‌نسا و دوایین پێشهاته‌کانی عێراق و ناوچه‌که‌مان تاوتوێ کرد". نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ "فڕه‌نسا قوڵ و مێژویین و به‌ڵگه‌ی پابه‌ندیی هاوبه‌شمانن به‌ ئاشتی و سه‌قامگیری و پێشکه‌وتنه‌وه‌". دوێنێ پێنجشەممە سەرۆکی هەریم به‌ یاوه‌ری شاندێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ پێكهاتبون له‌ فه‌وزی هه‌ریری، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم (له‌ پشكی پارتی)، فه‌لاح مسته‌فا و دڵشاد شه‌هاب  (له‌ پشكی پارتی) گه‌یشته‌ پاریس .ئەمڕۆ هەینی، 3ـی تشرینی دووەمی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە کۆشکی ئێلیزێ و لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنساوە پێشوازیی لێکرا.        

ڤانە حەمە باب شەرجی، یەکێکە لەناوچە کۆن و مێژووییەکانی بەغداد، بەڵام دوای زیاتر لەمێژوویەکی پێنجسەد ساڵی هیچ سیمایەکی شارستانی پێوە دیار نیە، روو لەهەر گۆشەیەکی دەکەیت بەزبڵ و خاشاکێکی زۆر دەورە دراوە کەوەک « کێوێک لەزبڵ دەردەکەون». سەرەڕای کۆنی باڵەخانەکانی کەڕەنگە مێژووی سەردەمی ئیمپراتۆری عەباسیەکانیشت بۆ بگێڕێتەوە، کەچی هیچ نۆژەنکردنەوەو خزمەتگوزاریەکی پێوە دیارنیە، باڵەخانەکانی کەهەندێکیان بەتەواوی رووخاون و هەندێکیان سەرەڕای نەگونجاوییان بۆ ژیان، بەڵام نرخێکی زۆریان هەیەو دانیشتوانێکی زۆری هەیە، ئەمەش وایکردووە ئەو گەڕەکانەی باب شەرجی دوای ئەو مێژووە پڕ ئاڵنگاریەی رووبەڕووی عێراق و بەتایبەتیش پارێزگای بەغداد بووەتەوە هێشتا بەپێوە بمێنێت. باب شەرجی سەرەڕای کۆنی و ئەو ژینگە ناخاوێنەی هەیەتی، بەفرەنەتەوەییەکەی دانیشتوانەکەی ناسراوە، کوردانی فەیلی و تەنانەت خەڵكی سودانیشی تێدا دەژین.  لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بوونی مزگەوتی موسوڵمانەکان، کەنیسەی کریستیانەکان لەوانەش کەنیسەی ئەرمەنیەکان، گوزارشت لەبەشێکی دیکەی مێژووی ئەم ناوچەیەی بەغداد دەکەن. ئەم ناوچەیە (باب شەرجی) بەهەریەک لەناوچەی سەوز، گۆڕەپانی تەحریر دەورە دراوە، کەئەمەش وایکردووە قەرەباڵغیەکی زۆر دروست ببێت لەم گەڕەکانە ئەوەش بەهۆی کۆبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لەپاس، تەکسی (توک توک) بۆ گەیشتن بەهەر گەڕەک و ناوچەیەکی بەغداد، هاوکات ناتوانرێت ئاماژە بەوە نەکرێت ئەو توك توكانەی باب  شەرجییان تەنیوە رێگەیان پێنادرێت بچنە ناوچەکانی مەنسور یان ناوچەی سەوز کەئەمەش وایکردووە بەسمبولی ناوچە کۆن و بێخزمەتەکانی بەغداد دابنرێت. لەناو هەموو ئەو شوێنانەی کەکەوتوونەتە نزیک باب شەرجی گرنگترینیان گۆڕەپانی تەحریرە، چونکە ئەو گۆڕەپانە  بەسەکۆی دەنگە ناڕازیەکان و خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی دەناسرێتەوە  لەوانەش « خۆپیشاندانی بەرفراوانی تشرینیەکان» لەساڵی ٢٠١٩  کە داوای هەرە سەرەکییان چاکسازی و گۆڕانی دەسەڵاتی سیاسی بوو،  تێیدا سەدان خۆپیشاندەر کوژران و بەهەزارانیش برینداربوون. لەگەڵ ئەوەی باب شەرجی تەنها چەند سەد مەترێک دوورە لەم گۆڕەپانە « تەحریر» بەڵام ئەوەش نەیتوانیوە تروسکاییەک بێت بۆ نۆژەنکردنەوەو خزمەتگوزاری بۆ دانیشتوانەکەی. ئەم پشتگوێخستنەی ناوچەیەکی وەک باب شەرجی لەوڵاتێکدایە کەدوای سعودیە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی خاوە لە ئۆپێک، بەڵام بێخزمەتی و کێوێک لەزبڵ بووەتە دیاترین سیمبولی ئەم ناوچەیە.    

هاوڵاتی گەریلا تیڤی دیمەنی چالاکییەکی نیشانەشکێنی بڵاوکردەوە، کە لە ١٩ـی ئەیلول لە شاخی جودی ئەنجامدراوە . هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا لەسەر چالاکییەکە دەڵێت: " ١٩ـی ئەیلول لە کاتژمێر ٢٠:٠٠ بە تاکتیکی نیشانەشکێنی، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی لە داگیرکەران درا و داگیرکەرێک سزادار، ئەم چالاکییە لەلایەن هێزەکانی یەژاستارەوە ئەنجامدراوە."  

هاوڵاتی  گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت دوو دراوسێ لە بەردەڕەش دەبێتە شەڕیان و دوو کەس بە چەکی دەمانەچە تەقە لە یەکر دەکەن و دواتر بەهۆی رووداوەکەوە سێ کەس بریندار دەبن. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، شەڕەکە پێش دوو رۆژ روویداوە لە ئەنجامی دەمەقاڵێی نێوان دوو دراوسێ کە تێیدا سێ کەس بە گولـلە بریندار دەبن و بریندارێکیان ژنە. نێچیرڤان فەخرەدین، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی قەزای ئاکرێ بە هاوڵاتی راگەیاند، "لەئەنجامی شەڕەکەی قەزای بەردەڕەش سێ کەس برینداربوون، لەنەخۆشخانە چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە."  

هاوڵاتی  نۆ کۆڵبەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەقەی هێز ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە سنوری نەوسوو برینداربوون. بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکان، رۆژی پێنجشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2023، هێزە ئەمنییەکانی سەر سنوور بە شێوەی راستەوخۆ تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەر کردووە لە سنووری نەوسوو و بەوهۆیەوە  نۆ کۆڵبەر بریندار بوون کە فیشەک بەر پێ و پشت و کەمەریان کەوتووە.  بەپێی زانیارییەکان، کۆڵبەرەکان خەڵکی شارەکانی سەلاس، باوەجانی و جوانڕۆن و برینی هەندێکیان سەختە و باری تەندروستیان ناجێگیرە. تەقەکردن لەو کۆڵبەرانە لە سەر سنوور لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی پارێزگای سنەی کرد و لە قسەکانیدا باسی لە چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری ئەکرد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. باسکردن لە چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری یەکێکە لە  دروشمە سەرەکییەکانی بەرپرسانی ئێران، بەڵام بێکاری و هەژاری تا دێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر ئەبێت. بەشێکی زۆری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان  بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان پەنا بۆ کاری مەترسیدار و دژواری کۆڵبەری ئەبەن، رۆژانە هەواڵی کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەر لە سەر سنوورەکان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاو ئەبێتەوە.

هاوڵاتی  کوڕێکی وەستا حەسەنی کەبابچی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کەیسی برا کوژراوەکەی بەلاڕێدا دەبرێت و لایەنی بەرامبەر دەیەوێت بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی کۆتایی بە کەسیەکە بهێنێت، دەشڵێت، "سوڵح ناكه‌م و خوێن به‌خوێن ده‌كه‌ین." شه‌وی 28ی ئه‌یلولی 2023 روداوێكی ته‌قه‌كردن له‌گه‌ڕه‌كی سه‌رچنار له‌ شاری سلێمانی  روویدا و دواتر دەرکەوت دوو كوڕی وه‌ستا حه‌سه‌نی كه‌بابچی برینداركراون کە یه‌كێكیان له‌ به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ لە نه‌خۆشخانه‌ گیانی له‌ده‌ستدا. محەممەد یەکێک لە کوڕەکانی وەستا حەسەن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، سێ جار لایەنی بەرامبەر "هەڵە" یان بەرامبەر کردوون و "شەوی رابردووش جارێكی دیكه‌ ته‌قه‌ له‌ ماڵه‌كه‌مان كراوه‌، ئه‌مجاره‌ش له‌به‌رخاتری پیاوماقوڵ و ریش سپیه‌كان و هه‌روه‌ها حزبه‌كه‌مان (یه‌كێتی) وه‌ڵام ناده‌ینه‌وه‌، به‌ڵام ببێت به‌چواره‌م لێتان خۆش نابین و ده‌سته‌وه‌ستان ناوه‌ستین."  ئەو کوڕەی وەستا حەسەن دەشڵێت، "كاتی روداوه‌كه‌ داوامان له‌ كاك بافڵ كرد كه‌یسه‌كه‌ به‌لاڕێدا نه‌برێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی بكوژه‌كه‌ خۆی له‌كۆماندۆ ده‌وام ده‌كات و باوكیشی پله‌ی سه‌ربازی عه‌میدی هه‌یه‌ ده‌یانه‌وێت كه‌یسه‌كه‌ به‌لاڕێدا ببه‌ن و ده‌یانه‌وێت به‌رله‌وه‌ی كه‌یسه‌كه‌ بگاته‌ دادگا سوڵحی بۆ بكرێت، چه‌نده‌ها پیاویان ناردوه‌ و باسی پاره‌ش ده‌كه‌ن."  محەممەد باسی لەوەش کرد کە "ئەوان ئه‌گه‌ر 100 ده‌فته‌ر دۆلار ده‌ده‌ن، من 200 ده‌فته‌ر ئه‌ده‌م و كوڕه‌كه‌یان ئه‌كوژمه‌وه‌ و شت به‌دزیه‌وه‌ ناكه‌ین، تا 500 ده‌فته‌ر ئاماده‌م كه‌ له‌ماڵه‌كه‌مدایه‌ و كوڕه‌كه‌یان ئه‌كوژمه‌وه‌، به‌ڵام سوڵح ناكه‌م و خوێن به‌خوێن ده‌كه‌ین."