هاوڵاتی باندێکی قاز دزین لە سەنتەری ناحیەی رۆڤیای سەر بە قەزای بەردەڕەش لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکران کە پێشتریش سکاڵایان لەسەر بووە لەسەر دزینی کێبڵی کارەبا. منهل موەفەق بەڕیوەبەری ناحیەی رۆڤیا بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئاسایشی ناحیەکەمان دوو کەسیان دەستبەسەر کردووە کەچەند قازێکیان دزیوە، ئەو دوو کەسە خەڵکی ناحیەی گردەسێنن و تەمەنی یەکێکیان 22 ساڵە ئەوەی تریان 18 ساڵە." مەنهەل موەفق دەشڵێت، "ئەمانە وەکۆ باندێکن و دانیان بەتاوانەکەی خۆیاندا ناوە کە قازیان دزیووە هاوکات کێبڵێکی زۆری کارەبا و محاویلەی کارەبا یان دزیوە، پێشتر نزیکەی 20 کەس هاتوونەتە لامان و داوایان کردوە کە بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانە بکەن کە دزیان لێکردوون."
هاوڵاتی مەلا بەختیار، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانی سبەینێی مامۆستایان و فەرمانبەران راگەیاند و دەڵێت خۆپیشاندانەکیان "رەوایە" و داواشیان لێدەکات ئاراستەی خۆپیشاندەکە نەگۆڕێت و پەلاماری هیچ دامودەزگایەکی فەرمی نەدرێت. دوای ئەوەی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم لە پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند پێویستە بایکۆت بشکێندرێت و مامۆستایان بگەڕێنەوە بۆ دەوامی خۆیان، مامۆستایانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان وەڵامی وەزیری پەروەردەیان دایەوە و رایانگەیاند کە یەکشەممە خۆپیشاندانێکی گەورە ساز دەکەن. خۆپیشاندانی مامۆستایان لەسەر وەرنەگرتنی مووچەکانیانە و دەڵێن هەتا مووچە لەکاتی خۆی نەدرێت ناگەڕێنەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن. لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکە مەلا بەختیار پەیامێکی بڵاوکردەوە و دوو داواکاری لە خۆپیشاندەران کرد و دەڵێت، "رێگه مهدهن ئاڕاستهی خۆپیشاندانهكه مۆری حیزبایهتی لێ بدرێ، خۆپیشاندانهكه مهدهنی بێ و گهلێ دوور بێ له پهلاماردانی فهرمانگهو بارهگاو دهزگا مهدهنیهكانو كاسبی ناو بازاڕ." مەلا بەختیار دەشڵێت، "كورد دهمێكه وتویهتی: برسێتی رهگی هاری پێوهیه. خۆشبهختانه، نهبونی موچه و برسێتی، نهگهیشتۆته رهگی هاری." دەقی پەیامەکەی مەلا بەختیار: خۆپیشاندانی موچهخۆران رهوایه دوای ههوڵێكی زۆر، له بایكۆتهوه بۆ ناڕهزایی، موچهخۆره بێبهشكراوهكان له مافه مهدهنیهكانیان، بڕیاریانداوه كه سبهینێ (22/10/2023) بهناوی دهیان ههزار فهرمانبهرو مامۆستاوه، خۆپیشاندان بكهن. لهكاتێكدا، مافی مهدهنی و دیموكراسی خۆیانه، موچهخۆر، داكۆكی له مافی پیشهیی بكهن و هیوادارین، حكومهت، بهزووترین كات، دانیشتنێكی تایبهتی بۆ چارهسهری ئهم كێشه پیشهییه بدۆزێتهوه. كورد دهمێكه وتویهتی: برسێتی رهگی هاری پێوهیه. خۆشبهختانه، نهبونی موچه و برسێتی، نهگهیشتۆته رهگی هاری و تهنها به خهباتی مهدهنی موچهخۆران داوای مافی خۆیان دهكهن. لهكاتێكدا بهنده پشتیوانیانم، لهههمان كاتدا دوو پێشنیاز دهخهمه بهردهم ئهم موچهخۆره خاوهن مافی رهوایه: یهكهمیان: رێگه مهدهن ئاڕاستهی خۆپیشاندانهكه مۆری حیزبایهتی لێ بدرێ. دووهمیان: خۆپیشاندانهكه مهدهنی بێو گهلێ دوور بێ له پهلاماردانی فهرمانگهو بارهگاو دهزگا مهدهنیهكانو كاسبی ناو بازاڕ. ئومێدهوارم.. ئهم خۆپیشاندانه، سهرهتای چارهسهری ریشهیی بۆ كێشهی پیشهیی موچهخۆران بێ.
هاوڵاتی رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە ناوەراستی هەفتەی داهاتوو 700 ملیار دینارەکەی بەغدا دەگاتە هەرێمی کوردستان و ئامادەکاری کراوە دەستبەجێ مووچە دابەش بکرێت. لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رێباز حەملان لەسەر دابەشکردنی مووچە باسی لەوە کرد، "وهزارهتی دارایی عێراق له دوای 20ی مانگهوه موچهی خۆیان دابهشدهكهن، بۆیه لهدوای ئهوهش به چهند رۆژێك ئهو تهمویلهی ههرێم دهنێرێت كه به قهرزه و ئهمه دووهمین جار دهبێت كه بڕی 700 ملیار رهوانه بكات پێموایه ناوهڕاستی ههفتهی داهاتوو دهگاته ههرێمی كوردستان و وهزارهتی دارایی لیستی ئامادهیه و دهستدهكات به دابهشكردنی موچهی مانگی ههشت." رێباز حەملان وتیشی کە مووچە کێشەی بۆ دروست نابێت چونکە له دوا كۆبونهوهی شاندی حكومهتی ههرێم لهگهڵ لیژنهی دارایی پهرلهمانی عێراق باس لەوە کراوە "كه 700 ملیارهكه بهردهوام بێت بۆ ئهوهی موچهی مۆچهخۆران نهوهستێت، ههروهها هەمواری یاسای بودجهی 2024 بكرێت." دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و سەردانی شاندی هەرێم بۆ لای شاندی حکومەتی عێراق لە مانگی رابردوودا، رۆژی یەكشەممە 17ی ئەیلولی 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەی هەفتانەیدا بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ و هەر مانگێک بڕی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، واتە بۆ سێ مانگ بڕی دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆران دەنێرێت و تا ئێستا تەنها یەک جار ئەو بڕە پارەیە رەوانە کراوە کە بۆ مووچەی مانگی حەوت دابەشکرا.
هاوڵاتی بەرێوبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ رایگەیاند، بەهۆی روداوێکی هاتوچۆوە لەسەر رێگای ئاخجەلەر شەش کەس برینداربوون. تەندروستی چەمچەماڵ باس لەوە دەکات کە تیمی فریاکەوتنی مەڵبەندی تەندروستی ئاخجەلەر و تەکیە "بەمەبەستی بەهاناوەچوون و چارەسەری بەپەلە گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکە و بریندارەکانیان گواستەوە بۆ سەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵ." نوێدەکرێتەوە...
هاوڵاتی هاوڵاتییەک بەناوی زیاد بامەڕنێی دوای 48 ساڵ لە دەرەوەی وڵات بۆ یەکەم جار گەڕایەوە هەرێمی کوردستان و رووی لە زێدی خۆی کرد و دەڵێت دەیەوێت ئەو ژیانەی ماویەتی لە بامەڕنێ بەسەری ببات. زیاد ماوەی 41 ساڵە لە لوبنان دەژی و لەساڵی 1975ەوە بێسەروشوێن بووە کاتێک دەست بە خەباتی پێشمەرگایەتی دەکات و ماوەیەک لە تورکیا و ئێران دەبێت و دواتر روو لە لوبنان دەکات و لەساڵی 1982 تا 2023 لەوێ دەمێنێتەوە. نێروان سولەیمان بامەڕنێی، کەسوکاری زیاد، بە هاوڵاتی راگەیاند، "زیاد هەر لەدوای 1975وە بێسەرشوێن بووە، هیچ هەواڵێکمان لێی نەبوو چونکە ئەو هیچ تەلەفون و شتێکی پێ نەبووە تا پەیوەندیمان لەگەڵ بکات، ئێمەش بەتەواوی لێی بێ هیوا بووین، لەکاتی پێشمەرگایەتی ناسنامە و هەمووشتێکی لەناوچوو بوون." سەبارەت بە دۆزینەوەی زیاد، نێروان بامەڕنێی وتی، "بەم دوایە چەند کەسێک هەوڵی دۆزینەوەی زیادیان دا، دواجار زانیان لە لوبنان دەژی، بەوشێوەیە جارێکی تر گەرایەوە بامەرنێ." بامەڕنێ شارۆچکەیەکی بچوکە و دەکەوێتە سنوری پارێزگای دهۆکەوە. زیاد لە تەمەنی 19 ساڵی دەچێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و دواتر کە لە لوبنان نیشتەجێ دەبێت لەلای کوردێکی کۆبانێ کار دەکات. زیاد ئێستا تەمەنی زیاد لە 60 ساڵە و دایک و باوکی لە ژیاندا نەماون و چوار برای هەیە کە سیانیان لە دەرەوەی وڵات دەژین و تەنها برایەکی لە بامەڕنێ دەژی. زیاد تا ئێستا ژیانی هاوسەرگیری پێکنەهێناوە و لەرێی نێروانەوە بە هاوڵاتی وت کە ئەو ژیانەی ماویەتی دەیەوێت لێرە بژی و دەڵێت، "هاتوومەتەوە بامەرنێ تا لێرە بژیم."
هاوڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، کاردەکەن بۆ بەرەوپێشبردن و چاکسازیکردن لە سیستەمی بانکیدا و لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا "هاوڵاتییان هەست بە گۆڕانکاری لە ژیانیاندا دەکەن." ئەمڕۆ شەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی ساڵانەی بانکیی عێراقی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و تێیدا مەسرور بارزانی باسی لە سیستەمی بانکی کرد لە هەرێمی کوردستان و وتی، "دروستکردنی سیستەمێکی بەهێز و کاریگەر و چالاکی بانکی ئامانجێکی گرنگی کابینەی نۆیەم بووە، بۆیە کار دەکەین بۆ چاکسازیکردن لە سیستەمی بانکی و بنیادنانی ژێرخان و بنەمایەکی هاوچەرخ و بەهێز بۆ ئابوری هەرێمەکەمان." سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی لەوەشکرد کە "هاوڵاتییانی ئێمە لەماوەی داهاتوودا بەخێرایی هەست بە گۆڕانکاری لە ژیانیاندا دەکەن، بۆ نمونە لە شێوازی پارەدان و کڕینی خۆراک و سووتەمەنی لەرێگەی کارتی بانکییەوە، خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش چیتر ناچار نابن چەندین کاتژمێر لە گەرمای هاویندا و سەرمای زستاندا بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان لە سەرەدا بن، بەڵکو لە رۆژێکی دیاریکراودا، پارەکانیان دەچێتە سەر حیسابە بانکییەکانیان. لەدوای راگەیاندنی پرۆژەی "هەژماری من" لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە کە مەبەست لێی مووچە وەرگرتنە لەرێی سیستەمی بانکییەوە، تا ئێستا 100 هەزار فەرمانبەر هەژماری بۆ کراوەتەوە و بەپێی بەدواداچوونێکی هاوڵاتی هەر فەرمانبەرێک لە هەرێمی کوردستان 10 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت بۆ کردنەوەی هەژمارەکە کە دەکاتە زیاتر لە 12 ملیار دینار بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم. هەرکاتێکیش فەرمانبەر مووچەی خۆی راکێشێت عمولەی دەچێتە سەر.
هاوڵاتی رۆژنامەنوسانی کەرکوک رایانگەیاند، چوار کارمەندی وێبسایتی کەرکوک نیوز لەلایەن ئاسایشی نیشتمانییەوە دەستگیرکراون و داوای ئازادکردنیان دەکەن، پۆلیسی کەرکوکیش دەڵێت، "پەیوەندیمان بە دەستگیرکردنی ئەو چوار کەسەوە نییە." رۆژنامەنوسانی کەرکوک لە راگەیەنراوێکدا بڵاویان کردەوە، لە ئێوەرای دوێنێ پێنجشەممە هێزێکی ئاسایشی نیشتمانی چوار کارمەندی وێبسایتی کەرکوک نیوزیان دەستگیرکردوە. ئاماژە بەوەشکراوە، دەستگیرکردنی ئەو چوار کارمەندەی کەرکوک نیوز بە هەر هۆکارێک بێت، زیان بە ناوبانگی دەزگا ئەمنییەکان دەگەیەنت و متمانەی میدیاکار و هێزە ئەمنییەکام کەمدەکاتەوە. رۆژنامەوانە دەستگیرکراوەکان بریتین لە ئەسکەندەر عەبدولخالق، عەبدولحەمید ئەحمەد، محەممەد قاسم و دلێر دەروێش. هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا دیار نییە ئەو رۆژنامەوانانە لە کوێن و لە کوێ دەستبەسەرکراون. لەم پەیوەندەدا، رێکخەری سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند، "هێزەکە بە فەرمانی راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک ئەو چوار رۆژنامەڤانەیان دەستگیرکردووە بە پاساوی نەبوونی مۆڵەت".
هاوڵاتی ئەمڕۆ (هەینی 20ـی تشرینی یەکەم 2023 )، لە دادگای مێردینی باکووری کوردستان، دووەم دانیشتنی دادگاییكردنی بکوژانی رووداوەکەی شارۆچکەی نسێبین بەرێوەچوو. نەجم عەبدوڵا کەسوکاری قوربانییەکان بە میدیاکانی راگەیاند، بەھۆی ئەوەی ھەندێک زانیاری نوێ ھاتووەتە کەیسەکەوە و چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئاشکرا کراون، دادگایی بکوژانی ئەو دوو خێزانە کوردەی خەڵکی دھۆک کە لە تورکیا کوژران، بۆ ناوەڕاستی مانگی کانونی دووەمی ساڵی داھاتوو دواخرا. بە گوێرەی وتەی خێزانی قوربانیانی ڕوداوەکە دانیشتنی دادگا لە کاتژمێر 9:00ـی سەر لە بەیانی ئهمڕۆ لە دادگای مێردین بە ئامادەبوونی بکوژان کە دوو تاوانبارن، بەرێوهچوو دەشڵێن، لەسەر داوای پارێزەران، دادگا دانیشتنهكهی بۆ 20ـی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو دواخست. رووداوەکە لە ١٩ی کانونی دووەمی ئەمساڵ لە شارۆچکەی نسێبین سەر بە پارێزگای مێردین لە باکوری کوردستان روویدا کە تێیدا، پێنج ھاووڵاتی شاری دھۆک لە ئۆتۆمبێلێکدا لەلایەن چەند کەسێکەوە کوژران، کە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشی چووبوونە تورکیا. لەدوای رووداوەکە، ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا پێنج تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە بە گوێرەی زانیارییەکانیان دووانیان تاوانباری سەرەکین و سێی دیکەش هاوکارن .
هاوڵاتی خەڵاتی ساخارۆڤ بەخشرایە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە ئێران. پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادی رادەربڕینی بەخشییە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە روبەڕووی توندوتیژی و سەرکوتکردن بوونەتەوە. ڕۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەڕلەمانی یەکێتی ئەوروپا کاتی راگەیاندنی هەواڵە وتی :" کوشتنی ژینا ئەمینی، دەرخەری خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە ئێران و ئەم کوشتنە بوو بە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەک بە رێبەری ژنان کە مێژوو دروست دەکات و کردی". سەرۆکی پەڕلەمانی یەکێتی ئەورووپا لە بەشێکی تری قسەکانیدا وتی :" پەڕلەمانی ئەوروپا شانازی ئەکات بەوەی پشتیوانی ئەو خەڵکە بوێرەیە بۆ یەکسانی، سەربەرزی و ئازادی خەبات ئەکەن. ئێمە پشتیوانی ئەو کەسانەین کە تەنانەت لە زیندانەکاندا بەردەوامن بۆ زیندوو هێشتنەوەی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی و کۆڵ نادەن". ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، بەخشینی ئەم خەڵاتەی بە ژینا و بزووتنەوەی ژن، ژیان ، ئازادی بەرز نرخاندووەو وەک نیشانەی گرینگیدانی کۆمەڵگای جیهانی بە بێتاوانی ژینا و بەشێکی زۆر لە هاوتەمەنەکانی ژینا ناوی بردووە کە تەنها لەبەر ئەوەی دەیانەوێ ئازاد بژین، بێتاوانانە دەکوژرێن و گیانیان لە دەست ئەدەن". باوکی ژینا لە راگەیاندنێکدا کە بە زمانی فارسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردۆتەوە روو دەکاتە نوێنەرانی پەڕلەمانی ئەورووپا و لێژنەی داوەرەکانی خەڵاتی ساخارۆف و دەنووسێت:" ئێمە تەنها وەک دایک و باوکی ژینا تازیەبار نین، بەڵکوو خەمباری هەموو ئەو ئازیزانەین لە ئێران و لە هەموو دونیا گیانیان لە دەست داوە و لە رێگای ئازادیدا گیانیان بەخت ئەکەن و هەموو رۆژ برینمان دەکولێتەوە." ئەمجەد ئەمینی لەگەڵ ئەوەی جەخت لەسەر ئەوە ئەکاتەوە هاوسۆزی خەڵک و پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە هەموو دونیا، ئەبێ دونیا بکات بە شوێنێکی ئارامتر و پارێزراوتر بۆ مناڵان و لاوان و ژیانی مرۆیی. لە کۆتایی نامەکەیدا ئەنووسێت :" ژینای ئێمە نەمردووە، ئێمە لەگەڵیدا ئەژین. خۆشحاڵین کە ناوی ژینا بووە بە رەمزی ئازادی و یەکسانی خوازی لە دونیا و هەست دەکەین ئەویش وەک ئێمە رازی و خۆشحاڵە".
عەممار عەزیز دوای تێپەڕبوونی زیاتر لەحەوت مانگ بەسەر ئازادكردنی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی دهۆك ئامادەنییە جارێكی تر رێگا بە شڤان سەعید، ناسراو بەمەلا شڤان بەرۆشكی بدات وتاری هەینی بدات و زیاتر لەدوو ساڵیشە مووچەكەی بڕاوە. شڤان سەعید، یەكێك بوو لەزیندانكراوانی بادینان، لە 20ی تشرینی یەكەمی 2020 بەتۆمەتی «سیخوڕیکردن و تێکدانی ئاسایشی گشتی» لەگەڵ چەند رۆژنامەنوس و چالاکوانێکی تردا دەستگیركرا. هەر لەو مانگەدا بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی دهۆك فەرمانی لادان (فەسڵ) كردنی مەلا شڤانی دەركرد. لەوکاتەوە تائێستا مووچەكەی بڕاوە، زۆر جار هەوڵیداوە بگەڕێتەوە سەر دەوامی خۆی بەڵام بێسوود بووە . شڤان سەعید بەروشكی، باسی وردەكاری کێشەکەی خۆی دەكات بۆ هاوڵاتی و دەڵێت،»دوای ئازادبوونم رۆژێك چوومە ئەوقافی دهۆك بەو نیازە رۆیشتم كەهەموو شتێك كۆتایی هاتووە بەئاسانی دەگەڕێمەوە سەر دەوامی خۆم، بەڵام بەداخەوە مامەڵەیەكی زۆر خراپیان لەگەڵ كردم، بەڕێوەبەرەكە وتی تۆ دەمێكە فەسڵكراوی تازە تەواو، نابێت جارێكی تر وتار بدەی و پێشنوێژی بكەی، منیش وتم مافی خۆمە بگەڕێمەوە سەر دەوام بەڵام بێسوود بوو «. شڤان سەعید بەرۆشكی، كۆڵنادەت و بێهیوا نابێت بۆیە جارێکی ترلەگەڵ پارێزەرەكەی دەچنە لای وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی تابگەڕێتەوە بۆ سەر سەردەوامی خۆی، بەڵام ئەو هەنگاوەشی هیچ ئەنجامی نەبوو. مەلا شڤان دەڵێت، «پێش سێ مانگ لەگەڵ پارێزەرەكەی خۆم سەردانی وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینیمان كرد، باسی بابەتەكەی خۆم كرد لەگەڵ وەزیر، ئەویش زۆر بەشێوەیەكی جوان و رێكوپێك وتی مافی خۆتە بگەڕێیتەوە بۆ سەر دەوام و هەوڵت بۆ دەدەم ئەو مووچانەی لێت بڕاون جارێكی تر بۆت بگەڕێنینەوە». رۆژێک دوای سەردانەکەی بۆ لای پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف، شڤان سەعید پەیوەندییەکی تەلەفونی لەبەڕێوبەرایەتی ئەوقافی قەزای دهۆکەوە بۆ دێت و پێی دەڵێن، «سەردانمان بکە تامامەڵەکانت بۆ تەواوبکەین. «ئەوقافی دهۆک لەوێ هەموو شتێكیان بۆ کردم و دواتر وتیان بڕۆ مامەڵەكەت ببە بەڕێوەبرایەتی گشتی ئەوقافی دهۆك تا نووسراوەكە لای خۆیان (هاتوو و رۆشتوو -واردە و سادیرە) بكەن، هەفتەیەک هاتوچۆیان پێکردم و نەیانهێشت بچمە لای بەڕێوەری گشتی، ئیتر مامەڵەكەی من هەڵواسراوەو دیار نییە دەگەڕێمەوە یان نا»، شڤان سەعید وای وت. شڤان سەعید بەرۆشكی لە 2003 تاوەكو 2013 بەشێوەیەكی خۆبەخش وتاربێژ و پێشنوێژ بووە. لەساڵی 2013 فەرمانی دامەزراندنی دەرچووەو دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ لە 2018 ئەوقافی دهۆك بڕیاری راگرتنی دەدات لەوتاربێژی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زۆرجار لەوتارەكانی رەخنەی لەحكومەت و لایەنی پەیوەندیدار دەگرت. دوای زیاتر لەدوو ساڵ زیندانیكردن لەئاداری 2023 ئازاد كرا. شڤان سەعید دەڵێت بێدەنگ نابێت لەسەر دۆسیەکەی و لەکۆنگرەیوەکی رۆژنامەوانیدا هەموو شتێک ئاشکرا دەکات تامافەکەی بگەڕێننەوە. بەدەل بەرواری، شێروان تەها، مەسعود شنگالی، جەمال زاخۆیی لەگەڵ بەڕێوەبەری خوێندنگایەكی ئاكرێ، کە سەرجەمیان زیندانیکراوی بادینان بوون، گەڕاونەتەوە سەركاری خۆیان دوای ئازادکردنیان. رێڤینك یاسین، پارێزەری خۆبەخش لەدۆسیەی زیندانكراوانی بادینان بەهاوڵاتی وت، «پێویستە مەلا شڤان سکاڵایەکی ئیداری كردبا بۆ گەڕانەوەی خۆی چونكە ناكرێت ئەوانەی تر گەڕانەوتەوە بۆ سەر دەوامی خۆیان و تەنیا ئەو مابێت، پێشكەشكردنی سکاڵای ئیداری لەسنوری كاری ئێمەدا نییە وەكو تیمی پارێزەران و دەبێت ئەو خۆی بەدواداچوون بۆ كێشەكەی بكات». « نەگەڕانەوەی ئەو بۆ سەر دەوام مەبەستێكی سیاسی لەپشتەوە هەیە، هەروەها مەلا شڤان تائێستاش هەڵوێستەكانی خۆی لەسەر نادادوەری و گەندەڵی نەگۆڕیوەو هەر بەردەوامە لەسەر ئەم پرسانە بۆیە رێگای پێنادرێت جارێكی تر بگەڕێتەوە سەر دەوامی خۆی»، رێڤینك یاسین وای وت. رێبەر نێروەیی، بەڕێوەبەری ئەوقافی قەزای دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند کەبڕیاری گەڕانەوەی مەلا شڤان بۆ وتاربێژی لەدەسەڵاتی محەممەد خالید، بەڕێوبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی دهۆکەو ئەوان نووسراویان بۆ کردووە تا بیباتە لای و «ئەوەی لەسەر شانی» ئەوان بووە کردوویانە. رێبەر نێروەیی جەخت لەوەدەكاتەوە كە مەلا شڤان دوورخراوەتەو دەڵێت، « ئێمە بەسیاسەت ئیش ناكەین، بەپێچەوانەوە رێز لەهەموو مامۆستایانی ئایینی دەگرین، مەلا شڤان فەسڵ كراوە بۆچی تائێستا نەگەڕاوەتەوە سەر دەوامی خۆی ئەوە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی دهۆكەوە هەیە لەدەستەڵاتی ئەودایە «. پەیامنێری هاوڵاتی چەند جارێك پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی دهۆكەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەكەی نەدایەوە. بەشدار حەسەن، پارێزەری تیمی بەرگری لەڕۆژنامەنوسان و چالاکوانی بادینان بە هاوڵاتی وت، «لەگەڵ مەڵا شڤان سەردانی وەزیری ئەوقاف و بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتمان كرد، هەردووكیان بەڵێنیاندا ئەو ماوەیەی مووچەی لێی بڕاوە جارێكی تر بۆی خەرج بكەن و جارێكی تر بگەڕێتەوە سەر دەوامی خۆی، وەزارەت نووسراوی فەرمی بۆ ئەوقافی دهۆك كردووە بەڵام بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی دهۆك نووسراوەكەی راگرتووەو وەڵام ناداتەوە».
شەنای فاتیح ٣٥ رۆژ بەسەر دەستپێكی وەرزی نوێی خوێندنی قوتابخانەو پەیمانگاكانی سەر بەوەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تێپەڕدەبێت، بەڵام لەبەشێكی زۆری قوتابخانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی بایكۆتی خوێندن كراوە، لەهەندێ قوتابخانەش خوێندكارانی پۆلی ١٢ دەوام دەكەن. پاش وەرگرتنی موچەی مانگی تەمموز لەسنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان مامۆستایان بەردەوامن لەبایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندن، دابەشكردنی موچەكانی مانگی ئاب و ئەیلول بەمەرجی چوونەوە ناو هۆڵەكانی خوێندن دادەنێن، سەرەڕای بایكۆتكردنیش لەبەشێكی قوتابخانەكان خوێندكارانی پۆلی ١٢ دەوام دەكەن. هەفتەی رابردوو وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا داوای لەمامۆستایان كرد بایكۆت بشكێنن و بچنەوە ناو هۆڵەكانی خوێندن، هاوڵاتی لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی بەوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەوە كرد، ئامادەنەبوو لێدوان لەو بارەیەوە بدات. ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» یەكێتی مامۆستایانی كوردستان رێگر نەبووە لەبایكۆتكردنی مامۆستایان، لەسەرەتای پڕۆسەی خوێندن ژمارەیەك لەمامۆستایان بایكۆتیان كردووەو ژمارەیەكی دیكەش لەمامۆستایان بایكۆتیان نەكردووە، ئێمە رێزمان لەهەڵوێستی هەردوولا گرتووە، هەڕەشەش لەكەس نەكراوە». وتیشی:» مامۆستا هەیە لەفەیسبووكی خۆی یان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان توانج دەدات و هەڕەشە دەكات، ئەوە كیشەی بۆ مامۆستاكە خۆی دروستكردووەو رەنگە رێكارێك بەرامبەری گیرابێتە بەر». ئەحمەد گەرمیانی وتی: «لقەكانمان لەسنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو راپەڕین و گەرمیان پشتگیری بایكۆتكردنی مامۆستایانیان كردووە، بەڵام لەلایەكی دیكەشەوە پێیان خۆشە خوێندن دەستپێبكاتەوە». « دیارە لەوێش جۆرە هەڕەشەیەك لەمامۆستایان هەیە كەئەوەی دەوام بكاتەوە وێنەی لەفەیسبووك بڵاودەكرێتەوەو تەشهیری پێدەكرێت كەئەوەش كارێكی خراپە». سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان وای وت. سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان باسی لەوەشكرد « ئێمە ئەزموونێكمان هەیە لەبایكۆتكردن كەدوو مانگیش بایكۆتكراوەو هیچ سوودی نەبووە، حكومەت كەپارەی نەبێت بەچی دوو موچەو سێ موچە بدات؟ زۆرجار مامۆستایان دەڵێن بایكۆتمان دژی حكومەتی عێراق كردووە، حكومەتی عێراق پێی خۆشە دەرگای قوتابخانەكان دابخرێن و نەخوێندەواری و نەهامەتی لەناو گەلی كورددا هەبێت، بۆیە جەنگەكە دارایی و بەڕێوەبردن نییەو سیاسییە». بەوتەی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان بایكۆتكردن لەوە زیاتر مەترسییەكی گەورە دەخاتە سەر خوێندن دەشڵێت «ئێمە ناڵێین هەرێمی كوردستان شامی شەریفە، دەكرێ كۆمەڵێک كێشەو كەموكوڕی هەبێت، بەڵام بەگفتوگۆ چارەسەر دەبێت و پێویستە پێشوەختە چۆن مامۆستایانی بەسرەو بەغداو ئەنبار موچەیان پێدەدرێت ئێمەش موچەمان پێبدرێت». عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بایكۆتكردن بڕیارێكی خۆرسكانەی مامۆستایان بووە، چەند داخوازییەكی شەرعی و رەوای خۆیان هەیە كەموچەكانی مانگی ئاب و ئەیلوولە، تائێستا حكومەت یەك هەنگاوی نەناوە بۆ ئەوەی داخوازییەكانیان جێبەجێبكات، هەر ئەمەش وایكردووە كەزۆربەی مامۆستایان بەردەوام بن لەبایكۆتكردن». جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان وتیشی: «ئێمە پشتگیری سەرجەم داواكارییەكانی مامۆستایانین، ئومێدەواریشین حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارانەتر مامەڵە بكات و هەنگاوێكی جددی و كرداریانە بنێت بۆ جێبەجێكردنی داواكاریەكانی مامۆستایان». هاوڵاتی پەیوەندی بەلقی دهۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانەوە كرد، بەڵام ئامادەنەبوون لێدوان لەو بارەیەوە بدەن بەبیانووی هەستیاری بارودۆخەكەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی بەشێك لەقوتابخانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی قوتابیانی پۆلی نۆو ١٢ دەوام دەكەن، ئەمە لەكاتێكدایە كەساڵانی رابردووش مامۆستایان بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان دەكرد خوێندكارانی پۆلی ١٢ دەوامیان دەكردو پاش ماوەیەكیش لەبایكۆتكردن مامۆستایان بۆ خوێندكارانی پۆلی نۆیەم بایكۆتیان دەشكاند. ئەحمەد فازیل، مامۆستا لەسنووری پەروەردەی كۆیە بەهاوڵاتی وت: «لەسنوری پەروەردەی كۆیە ٢١٥ قوتابخانە بایكۆتیان كردووە، لەبەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكەی ئێمەدا هیچ مامۆستایەك هەڕەشەی لێنەكراوەو بایكۆتكردن لە ١٣ی ئەیلوولەوە بەردەوامە، خوێندكارانی پۆلی١٢ هەر لەسەرەتای دەستپێكردنی وەرزی نوێوە دەوام دەكەن». عادل حەسەن، مامۆستای ناڕازی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «لەكۆبوونەوەی بەڕێوەبەری پەروەردەكاندا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی داوای لەبەڕێوەبەری قوتابخانەكان و مامۆستایان بەتایبەت ئامادەییەكان كردووە كەدەرگای خوێندنگاكان بكەنەوە، ئەوەش راگەیەندراوە كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەرەوەردەی سلێمانی رێكار دژی هەر كەسێك دەگرێتەبەر كە بێڕێزی بەرامبەر مامۆستایان ئەنجامبدات». ئەو مامۆستایە وتیشی: «ئێمە درێژە بەبایكۆت دەدەین تا ئەوكاتەی كەداواكارییەكانمان جێبەجێدەكرێن، لەو باوەڕەشدا نین كەقۆناغی بنەڕەتی و قۆناغەكانی دیكە وا زوو دەست بەدەوام بكەنەوەو ئومێدیشمان هەیە كەدەستپێنەكاتەوە تا ئەوكاتەی لەبەغداوە پرسی موچە چارەسەری ریشەیی بۆ دەدۆزرێتەوەو مامۆستایان و فەرمانبەران لەمساڵدا هیچ موچەیەكیان نەفەوتێت». هاوكات، دەستەی مامۆستایانی وانەبێژی ناڕازی لەڕاگەیەندراوێكدا شكاندنی بایكۆتیان رەتكردەوەو رایانگەیاند «پەكخستنی پڕۆسەی خوێندن لەئەستۆی سەرۆكی حكومەت و لایەنە بەشداربووەكانی حكومەتە، بایكۆت و خۆپیشاندانەكان بەردەوام دەبن تا ئەوكاتەی حكومەت بەفەرمی وەڵامی داواكاریەكانیان دەداتەوە». لەساڵی ٢٠١٤وە پاش سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەهەرێمی كوردستان و پاشەكەوت و لێبڕینی موچە، ساڵانە مامۆستایان بەتایبەت لەسنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بۆ ماوەیەك بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن دەكەن و دواتر دەچنەوە ناوەندەكانی خوێندن و بەشێكی پڕۆگرامی خوێندنیش كەمدەكرێتەوە. زۆرترین بایكۆتیش ساڵی خوێندنی ٢٠١٦-٢٠١٧ بوو كەمانگی (11) كانوونی دووەمی ٢٠١٧ مامۆستایان بایكۆتیان شكاند
دلێر عەبدوڵڵا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، وەك تاكە هێزی عەلمانی لەهەرێمی كوردستان لەسەر شەڕی حەماس و فەلەستین هاتەدەنگ، ئیسلامییەكانیش وەك هەمیشە كەوتنەبەر رەخنەو توانجی عەلمانییەكان بەوەی كە بەرامبەر پرسە نەتەوەییەكان بێهەڵوێستن و تەنها دەنگیان بۆ جیهانی ئیسلامی هەیە، سەركردەیەكی كۆمەڵی دادگەری رایگەیاند «هیچ هێزێك هێندەی ئیسلامییەكان هەڵوێستی نەتەوەییان نییە». گرژی و شەڕی سەختی ئەمدواییەی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، ناكۆكی و ململانێی لەنێوان لایەنگری حزبە سیاسیەكانی كوردستاندا دروستكردووە، هەرێمی بۆ دوو بەرەی جیاواز دابەشكردووە، بەرەیەكی هاوسۆز لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس و چالاكییەكانی ئەو گروپە دژی ئیسرائیل كەخۆیان لەئەندام و لایەنگری ئیسلامییەكان و زۆرینەی موسڵمانانی هەرێم دەبینێتەوە، بەرەیەكیش دژی هەڵوێست و بیركردنەوەی بەرەی یەكەم، كەزیاتر كەسانی بێلایەن و ئەندامانی حزبە عەلمانی و نیشتمانییەكانن. لایەنە ئیسلامییەكان، پشتگیری و هاوسۆزی خۆیان بۆ حەماس و پرسی فەڵەستین دەربڕیوەو هەڵوێستی خۆیان بۆ پاڵپشتیكردنی كارەكانی بزووتنەوەی حەماس راگەیاندووە، لەوبارەوە رۆژنامەنووس هێمن مامەند بەهاوڵاتی وت : «ئیسلامییەكان بۆ فەڵەستین و غەززە شین و رۆڕۆیانە، ئێمەش پێمان ناخۆشە ئەوەی بەسەر فەڵەستین دێت، بەڵام بۆچی ئەوان بێدەنگن لەبەرامبەر گەلی خۆیان كە رۆژانە لەلایەن توركیای داگیركەر سزا دەدرێت، توركیا لە رۆژئاوا نانەواخانەو نەخۆشخانە وێران دەكات، دارە زەیتونەكانی عەفرین دەبڕێتەوە، ئەوان بۆ دەنگیان نییە؟ هەرلەبەر ئایەتی التین والزیتون حەقە دەنگیان هەبێت.» بەپێچەوانەوە ئیسلامییەكان پێیان وایە كە لەهەموو پرسە نەتەوەییەكاندا هەڵوێستیان هەبووەو زیاتر لەعەلمانی و نەتەوەییەكان بەرگریان لەدۆزی رەوای كورد كردووە، لەوبارەیەوە رێبوار حەمە، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری بەهاوڵاتی وت: «ئێمە پێمان وایە كەئەركی هەموو خاوەن ویژدانێكە بەرگری لەستەملێكراو بكات، گەلی فەڵەستینش وەك ئێمە سزا دەدرێن و خاكیان داگیركراوەو لەژێر حوكمی ئاگرو ئاسندان، حەقە ئەوانە بخرێنە ژێر پرسیارەوە كەبەرگری لەستەملێكراو ناكەن». ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری وتیشی:» ئەوانەی كە داوا دەكەن گەلانی دونیا هاوسۆزیان بن لەپرسە نەتەوەییەكانی كورددا، بەڵام خۆیان لەگەڵ ستەمكاران هاوسۆزن و لەگەڵ ستەملێكراو هاوسۆز نین، ئێمە وەك كۆمەڵی دادگەری هەر بابەتێك پەیوەندی بەهەر میللەتێكی ستەملكێراوەوە هەبێت بەواجبی خۆمانی دەزانین هاوسۆزبین لەگەڵیان، ئەوانەی رەخنە لەئێمە دەگرن پێموانییە لەهیچ هەڵوێستێكی نیشتمانی و نەتەوەیی لەپێش ئێمەوە بن.» ئیسلامییەكان بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە لەپرسە نەتەوەییەكاندا وەك پێویست هەڵوێستیان نییە، لەبەرامبەردا بۆ كێشەی فەڵەستین زیادەڕەوی دەكەن بە رادەی هاندانی گەنجان بۆ چوونە غەززەو پەیوەندیكردن بەبزووتنەوەی حەماس، بەڵام سەركردەكەی كۆمەڵ پێی وایە كەئەو قسانە هیچ بنەمایەكی نییەو بۆ لەبیربردنەوەی قەیران و دۆخی خراپی ئیدارەدانی هەرێمە، هەروەك ئەوەی رێبوار حەمەد دەڵێت: «ئێمە ئەركی خۆمان بەزیادەوە بەجێهێناوە، چەندین كەمپەینمان كردووە بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ كوردانی رۆژئاوا، ئێمە لەڕێگەی دەزگا خێرخوازییەكانمان هاوكاریمان كۆكردووەتەوەو بەڕێگەی سەخت و دژوار خۆمان گەیاندووەتە رۆژئاوا، ئەو دەسەڵاتەی كە رەخنەمان لێدەگرێت خۆیان بوونەتە رێگر لەگەیاندنی دەستی هاوكاریمان بۆ كوردانی رۆژئاوا، هەروەها بۆ كوردانی باكوور هەڵوێستمان هەبووە هەر كارەساتێك روویدابێت ئێمە رۆڵمان هەبووە لەهاوكاریكردنیان، لەبۆردومانەكانیشدا هەڵوێستمان هەبووەو فراكسیۆنەكانمان بەیاننامەیان دەركردووە.» جیاواز لەئیسلامییەكان، كە باكگراوندی ئاینی پاڵنەرە بۆ پشتگیریكردنی دۆزی فەڵەستین. یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش پشتگیری خۆی بۆ فەڵەستین دەربڕی و سەركۆنەی هێرشەكانی ئیسرائیلی كرد بۆسەر غەززە، لەوبارەیەوە هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق، بڵاویكردەوە:» داوا لەكۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەكەین بەئەركی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی خۆیان هەستن لەپێناو رێگریكردن لەپێشێلكارییەكان و هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر كەرتی غەززە.» یەكێتی بەم هەڵوێستەی، بووە یەكەمین حزبی نیشتمانی و عەلمانی لەهەرێمی كوردستان كەدەنگ بۆ غەززە هەڵببڕێت و دژی هێرشەكانی ئیسرائیل بوەستێتەوە، لەوبارەوە ستران عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت «هەڵوێستی یەكێتی ئەو بەیاننامەیەیە كە فراكسیۆنەكان دەریكردووە، لەبەرئەوە هیچ قسەیەكی ترمان نییە.» بەڵام هێمن مامەند پێی وایە «یەكێتی وابەستەیە بەئێران، ئێرانیش دژی ئیسرائیلە بۆیە دەبێت ئەو حزبە پشتگیری فەڵەستین بكات و دژی هێرشەكانی ئیسرائیل بوەستێتەوە.» میدیاكانی نزیك لەدەسەڵات بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان، رەخنەیەكی زۆر لەئیسلامییەكان دەگرن و بەشێوەی كاریكاتێر توانج لەسەرۆكی كۆمەڵ و ئەو حزبە دەدەن، بەوەی كە هانی گەنجان دەدەن بچنە غەززە، بەڵام منداڵی خۆیان لەئەوروپا ژیان بەسەر دەبەن، لەوەڵامی ئەو رەخنەو توانجانەدا، رێبوار حەمەد دەڵێت: «رەخنەمان لێدەگرن كە بۆچی ناچین بۆ غەززەو بەرگری بكەین، ئەی باشە بۆچی خۆیان ناچنە رۆژئاوا، كێیە رێگەی رۆژئاوای گرتووەو ناهێڵێت هاوكاری بگاتە كوردانی رۆژئاوا؟ كۆمەڵ و ئیسلامییەكانن؟ بۆیە ئێمە پێمان وایە ئەم قسانە چەواشەكارییەو شێواندنی واقیعەكەیە لای خەڵكی.» لەگەڵ بەردەوامی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل و مقۆمقۆی نێوان ئیسلامی و نەتەوەییەكانی باشوری كوردستان، توركیا بۆردومانەكانی بۆسەر خاكی رۆژئاوا چڕتركردووەتەوەو بەپێی راپۆرتی میدیاكانی توركیا، لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 180 هێرشی ئاسمانی بۆسەر ناوچە جیاوازەكانی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامدراوە.
هاوڵاتی وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، خوێندنی ئەمساڵ لە مەترسیدایە و دەبێت خوێندن لەسەرجەم ناوەندەکان دەستپێبکاتەوە. ئەمڕۆ ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند پێویستە مامۆستایانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆت بشکێنن و دەست بە خوێندن بکرێتەوە "چونکە ئەگەر 100 رۆژی تر خۆپیشاندان بکرێت هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت" ئەگەر حکومەتی هەرێم نەتوانێت مووچە دابەش بکات. وەزیری پەروەردەی حکومەت هەرێم وتیشی، نزیکەی 650 ھەزار خوێندکار لە سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و کۆیە و ھەڵەبجە بێبەشن لە خوێندن و خوێندن لەو سنورانە لە مەترسیەکی گەورەدایە و ئەمە "بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویە و من نزیکەی مانگێکە هەوڵ دەدەم بۆ مووچەی مامۆستایان و پشتیوانی تەواو مامۆستایان دەکەم و لە دۆخیان تێدەگەم." ئالان حەمەسەعید باسی لەوەشکرد کە ئەمڕۆ فەرمانێکی وزاری ئیمزا دەکات بۆ ئەوەی لە رۆژی 22ی مانگ واتە یەکشەممەی داھاتوو خوێندن دەستپێبکاتەوە. لە رۆژی 13ی ئەیلولەوە سالی نوێی خوێندن دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام مامۆستایانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان بایکۆتیان کردووە و ناچنە هۆڵەکانی خوێندەوە. ئالان حەمەسەعید جەختی لەوە کردەوە کە مووچەی مانگەکانی پێشوو نافەوتێت بەڵام "خوێندن دەفەوتێت" و قوتابیانی نوێی بنەڕەتی "بێبەش بوون لە چێژی چوونە نێو خێندنگاکان" و ئێمە لە خەمی مامۆستایان و خوێندکارانداین.
هاوڵاتی د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر پشکی یەکێتی رایگەیاند، 700 ملیار دینارەکەی بەغدا لە هەفتەی داهاتوودا دەگاتە هەرێمی کوردستان و هیچ کێشەیەک لەبەردەم ناردنیدا نییە. د.نەرمین مەعروف بە میدیای حزبکەی راگەیاندووە، "ھیچ کێشەیەک لەبەردەم ناردنی 700 ملیارەکە نییە و پێدەچێت لە رۆژی یەکشەممەوە دەست بە ناردنی بکرێت، ئەگەر پارەی پێویست لە بانکەکان ھەبێت." ئەمە دووەم قەرزی 700 ملیار دینارییە کە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی عێراق وەریدەگرێت و بڕیارە بۆ مووچەی مانگی هەشت خەرج بکرێت. قسەکانی پەرلەمانتارەکەی یەکیتی دوای ئەوە دێت کە دوێنێ شاندی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکەش ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کیشەی مووچەخۆرانی هەرێم بەیەکجاری چارەسەر بکرێت و هیچ رێگرییەک نییە بۆ ناردنی 700 ملیار دینارەکە.
هاوڵاتی دوای ئەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیاریدا کە هێزەکانی وڵاتەکەی بۆ ماوەی ساڵێکی تر لە عێراق و هەرێمی کوردستان بهێڵێتەوە، سەرۆکی هەرێم سوپاسی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند هێشتا لەبەردەم هەڕەشەیەكی هاوبەشدان و شكستی یەكجاریی داعش مسۆگەر دەكەن. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم پەیامێکی ئاراستەی پەرلەمان و حکومەتی ئەڵمانیا کرد و رایگەیاند، "سوپاسی خۆم بۆ حکوومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنێرم بۆ درێژكردنەوەی ماوەی ئەركی هێزەكانیان لە عێراقدا. ئێمە هێشتا لەبەردەم هەڕەشەیەكی هاوبەشداین و پێكەوە شكستی یەكجاریی داعش مسۆگەر دەكەین." ئەمڕۆ چوارشەممە پەرلەمانی ئەڵمانیا بەزۆرینەی دەنگ مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی بۆ ساڵێکی تر درێژ کردەوە واتە تا 31ی تشرینی یەکەمی 2024. ئەڵمانیا لەساڵی 2014ەوە بەشێکە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نزیکەی 250 راوێژکاری سەربازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە کە گرنگترین ئەرکەکانیان بریتین لە راهێنان بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراقو یارمەتیدانی حکومەتی هەرێم بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.