هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاکرێ دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری ڕاگەیاند کە قسەی ناشیاویان بە خەڵک وتووە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێناوە، یەکێک لە تۆمەتبارەکان چووەتە بەردەم خوێندنگای کچان و بێڕێزی بە مامۆستا و خوێندکاران کردووە. رائید عیماد حسێن، وتەبێژی پولیسی ئاکرێ بە هاوڵاتی راگەیاند "ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی شوباتی ٢٠٢٤ کەسێکمان دەستگیرکردووە کە چووەتە بەردەم خوێندنگایەکی کچان و بێ رێزی بەرامبەر خوێندنکاران و مامۆستایان کردووە، لەبەردەم دادوەر دانی بەتاوانەکەی خوی داوە و بەپێی مادەی ٤٠٢ لە یاسای سزادان دەستگیرکراوە و لێکوڵینەوە بەردەوامە". وتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ وتیشی "تۆمەتبارەکە تەمەنی ٣٥ ساڵە خەڵکی ئاکرێیە و دوو خوێندکار سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووە، سزای ئەم جۆرە تاوانانە بەپێی یاسای زیندانیکردنە بۆسێ مانگ یان پێبژاردنە". ئەوەشی خستەڕوو "هاوکات لەلایەكی دیكەوە دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (أ.ن.أ.) و (أ.ئ.أ.) كە ویستوویانە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ ئەنجامدانی كاری نەشیاو بەكاربهێنن دەستگیركراون رێكارە یاساییەكانیان بەرامبەر گیراوەتەبەر".
هاوڵاتی دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازیی پێنجوێن وەڵامی پەیامەكەی پەروەردەی قەزاکەیان دەدەنەوە و دەڵێن "بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان". ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی شوباتی ٢٠٢٤ پەروەردەی پێنجوێن ئاگاداریی مامۆستایانی کردەوە کە رۆژی چوارشەممە دەوامی قوتابخانەکان دەستپێدەکاتەوە، بەڵام دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازیی پێنجوێن ڕایانگەیاند "دوای ئەوەی پەروەردەی پێنجوێن بڵاویان کردەوە، کە چوارشەممە دەوام دەسپێدەکاتەوە، ئێمە وەک مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژانی پێنجوێن بە هیچ جۆرێک ناچینە ژێرباری ئەو بڕیارە". ئاماژەیان بەوەشکرد "ڕۆژی چوارشەممە لە بەردەم بینای پەروەردەی پێنجوێن گەورەترین خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین و داواکارین لە مامۆستایانی سنوورەکە ئامادەبن".
هاوڵاتی شەوی ڕابردوو لە سنووری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوار کۆڵبەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بریندارکراون. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند "شەوی یەکشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ چوار کۆڵبەری خەڵکی شاری بانە لەکاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە بە سەختی بریندارکراون". وەک ڕێکخراوەکە ئاماژەی پێکردووە، ئەو چوار کۆڵبەرە ناویان (خالق ئەبوبەکری تەمەن ٣٧ ساڵ، عەلی ئەبوبەکری تەمەن ٣٠ ساڵ، ناسر بەری تەمەن ٤٣ ساڵ و هێمن)ە. ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو چوار کۆڵبەرە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شاری بانە.
هاوڵاتی بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە لە دوێنێوە لە گوندی بۆڵێ حەوت هاوڵاتی گیریان خواردبوو، بەرگریی شارستانی سۆرانیش دەڵێت "توانیومانە رزگاریان بکەین". ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی شوباتی ٢٠٢٤ ڕەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "ئەو هاوڵاتییانە ژمارەیان حەوت کەس بووە و دانیشتووی سۆرانن و بە مەبەستی گشت روویانکردووەتە گوندی بۆڵی، بەڵام بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە رێگەیان لێگیرابوو و خواردنی پێویستییان پێنەبوو". ئاماژەی بەوەشکرد "دوای ئاگادارکردنەوەمان تیمەکانمان ناردە گوندەکە بۆ ڕزگارکردنیان، تیمەکانمان توانیان ئەو حەوت هاوڵاتییە ڕزگار بکەن و خواردنی پێویستییان بۆ بەرن". ماوەی چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین ناوچە جیاوازەکان هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە لە بەشێکی ناوچە شاخاوییەکان ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبووە.
هاوڵاتی وابڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، یەکەمین کۆبوونەوەی خولی سێیەمی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجام بدرێت؛ بەڵام بەهۆی نەبوونی رێککەوتنی سیاسی لەنێوان لایەنەکان بۆ دابەشکردنی پۆستەکان، پێشبینی ناکرێت کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت. ئەمرۆ دووشەممە 5/2/2024 لە کاتژمێر ٢ ئەوە زۆرینەی ئەنجوومەنە نوێیەکانی پارێزگاکانی عێراق یەکەمین کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام دەدەن و سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنەکان هەڵدەبژێردرێن بەڵام لە بەشێک لە پارێزگاکان، بەهۆی نەبوونی رێککەوتنی سیاسی، چاوەڕێ ناکرێت رێژەی یاسایی ئامادەبوونی ئەندامان تەواو ببێت و کۆبوونەوەکە بکرێت. بە گویرەی زانیارییەکان عەرەب و تورکمانەکان بایکۆتی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان کردووەو گەر سەرجەم لایەنە کوردییەکانیش بەشداری بکەن کە هەشت کورسییان هەیە ڕێژەی "نیسابی یاسایی" تەواو نابێت و ناتوانن کۆبوونەوەکە بەڕێوەببەن، ئەمە لە کاتێکدایە هەموو لایەنەکان داوای پۆستی پارێزگار دەکەن و تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی سیاسی لەنێوانیاندا نییە. هاوکات لەم بارەیەشەوە فراکسیۆنی قیادە لە کەرکوک ڕایگەیاند لەگەڵ یەکیتی نیستیمانی کۆبونەتەوەو لە بارەی پۆستەکان لە ئەنجومەنی پارێزگاکە بەڵآم نەگەیشتوون بە ڕیککەوتن. ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 ئەندام و ئەندامێکی کۆتای کریستیان پێکدێت. یەکێتی 5 کورسی و پارتی 2 کورسی هەیە، کورسییەکەی کریستیانیش نزیکە لە یەکێتی. لایەنە عەرەبییەکان شەش کورسی و تورکمانیش دوو کورسییان هەیە. بڕیاریدان بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکان پێویستی بە 50 کۆ یەک هەیە، بەمەش دەبێت نۆ ئەندام لە کۆبوونەوەکان ئامادەبن.
هاوڵاتی بە پێی بڕیارێکی فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک هەر کەسێک بە دەمامک یان هەر پارچە قوماشێک دەموچاوی بشارێتەوە دەستگیردەکرێت. فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەمەدوا مامەڵەی یاسایی لەگەڵ هەرکەسێک دەکەن کە دەموچاوی داپۆشێت یان بیشارێتەوە بە دەمامک، یان هەرپارچە قوماشێک کە بۆ شاردنەوەی دەموچاو بەکاردەهێندرێت. ئاماژەی بەوەشکردوە، هەرسێک دەموچاوی بشارێتەوە ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و وەک دوژمن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. بڕیارەکەی پۆلیسی کەرکوک لەکاتێکدایە، لەمانگی 12ی ساڵی ڕابردو لەناو بازاڕی لەنگەی شاری کەرکوک، دوو پۆلیس لەلایەن کەسێکی نەناسراوە کە روخساری شاردبۆوە، دەستڕێژی گولـلەیان لێکراو یەکێکیان راستەوخۆ گیانی لەدەستدا.
هاوڵاتی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەمرۆ دوشەممە رایگەیاند " ئەمڕۆ شەش شەڕڤانمان بەهۆی فڕۆکەیەکی بۆمبڕێژکراو کە سەرچاوەکەی بەکرێگیراوەکانی رژێمی سووریا بووە، شەهید بوون." ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەمڕۆ دوشەممە 2/5/2024 لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو ناوچەیەی بۆردومانکراوە ئهكادیمیایهكی مهشق و ڕاهێنانی له مهیدانی له كێڵگهی عومهر له ڕۆژههڵاتی دێرهزۆر . ڕاشیگەیاندووە، بنکەکەیان لهڕێگهی فڕۆكهیهكی بێفڕۆكهوانهوه كراوەتە ئامانج كه سهرچاوهی فڕۆكه بێفڕۆكهوانهكه ناوچهكانی ژێر دهسهڵاتی بهكرێگیراوانی سوریا بو. لەگەڵ ئیدانەکردنی هێرشەکە هەسەدە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات و دەڵێت، "وەڵامی گونجاومان بۆ سەرچاوەی هێرشەکە دەبێت. هاوکات بەیانی ئەمڕۆ دووشەممەش گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیانکردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازانی ئەمەریکا لە سنوری دێرەزور لەناو خاکی سوریادا و بەرپرسیاریتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ. هێرشەکەی موقاوەمەی ئیسلامی، سێ رۆژ دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا دێت.
هاوڵاتی دوای ئەوەی مەڵبەندی هەولێری حیزبی شیوعی کوردستان لە بانگەوازێکدا ڕایگەیاند ئەمرۆ دووشەممە لە هەولێر بۆ داواکردن و گەیاندنی داواکاری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی کۆدەبنەوە و خۆپیشاندان دەکەن لە ئێستادا لە لایەن هێزێکی ئەمنییەوە بارەگای حیزبەکە گەمارۆدراوە. سەرچاوەیەکی تایبەت بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، "لە ئێستادا هێزێکی ئەمنی زۆر گەمارۆی بارەگای مەڵبەندی چواری حزبی شیوعی لە هەولێر داوە و ڕێگە نادەن بچنە دەرەوە"، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو حزبە لە بانگەوازێکدا داوای لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر کرد ئەمڕۆ دووشەممە کاتژمێر ١٠ بەرەوە ئەنجومەنی وەزیران بەڕێبکەون و خۆپیشاندان ئەنجام بدەن. دوێنێ یەکشەممە حزبی شیوعی کوردستان لە بانگەوازێکدا ڕایگەیاند "ڕۆژی دووشەممە، ٥/٢/٢٠٢٤، کاتژمێر ١٠ی بەیانی، بەمەبەستی داکۆکیکردن لەداخوازیەکانی سەرجەم چین و توێژەکان وبەتایبەتی لە خواستی مامۆستایان و فەرمانبەران گردبوونەوەیەک لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران ڕێکدەخات"، بەڵآم لە ئێستادا بەهۆی گەمارۆدانی بارەگای حزبەکەیانەوە ڕێگری لە دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکە دەکرێت لە پارێزگای هەولێر. هاوکات دوای بانگەوازەکەی حزبی شیوعی کوردستان ،لەلایەن خۆیانەوە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانیش ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی لەم هەنگاوەدەکات، هاوکات "داوا لەسەرجەم ئەندامان و دۆستانی حیزب، هەروها مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی نارازی شاری هەولێر دەکات کە بەتەواوی تواناو ئامادەییەوە لەم گردبونەوەیەدا بەشداری بکەن". ئەمەش لەکاتێکدایە زیاتر لە چوار مانگە مامۆستایانی سنوری سلێمانی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن بۆ داوا کردنی داواکارییەکانیان کە خۆی لە پێدانی شایستە داراییەکان لە کاتی خۆیدا و دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژدا دەگرێتەوە.
هاوڵاتی گروپی مقاومەی ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردووەتە سەر کێڵگەی نەوتی عومەر لە سنوری دێرەزور لە خاکی سوریا، کە بنکەیەکی سەربازییە و هێزەکانی ئەمەریکای تێدا جێگیرکراوە. بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیانکردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازانی ئەمەریکا لە سنوری دێرەزور لەناو خاکی سوریادا. هێرشەکەی موقاوەمەی ئیسلامی، سێ رۆژ دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا دێت. درەنگانی شەوی هەینی رابردوو هێزی ئاسمانی ئەمەریکا وەک تۆڵەکردنەوەی خوێنی سێ سەربازی ئەمەریکیی و برینداربوونی دەیان سەربازی دیکەی بنکەی تاوەر22 لە ئوردن، هێرشێکی فراوانیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا ئەنجامدا، بە گوێرەی ئاماری فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا لە 30 خوولەکدا، 85 ئامانجیان لە حەوت دامەزراوە بۆمببارانکردووە، کە چوار لە سووریا و سێ لە عێراق بوون.
هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە، کە بڕی یەک کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵی پێ بووە. ئەمشەو، دەزگای ئاسایشی هەرێم، ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەی ئاسایشی هەرێمدا هاتووە: هێزەکانی ئاسایشی ڕاپەڕین بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش، دوای بەدواداچوون و چاودێریکردنی وورد بە بڕیاری دادوەر لە ڕۆژی ٢٠٢٤/٢/٢ توانیان بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر لەنزیک ناحیەی (ژاراوە)ی ئیدارەی ڕاپەڕین دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی ( ١ )کیلۆ گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ. هاوکات لە ئێستادا تۆمەتبار بەماددەی (٢٦)لەیاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی بەردەوامە.
هاوڵاتی کەشناسی هەرێم رایگەیاند، لەمرۆوە شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران هەرێم دەگرێتەوە و تا رۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت، و شارەزایەكی كەشناسیش هۆشداری دەداتە ئەو ناوچانەی بەفری لێباریوە. پشتیوان ئیبراهیم، شارەزای كەشناسی و بومەلەرزەزانی بەهاوڵاتی راگەیاند، شەپۆلە بەفربارینەكەی ئێوارەی ئەمرۆ ناوچە شاخاوییەكان دەگرێتەوە و دەڵێت، ئەگەرێكی كەمی هەیە لەهەندێك ناوچە دابەزێتە خوارەوە و دامێنی ناوچە شاخاوییەكان لێی ببارێت . دەشلێت، لەناو شارەكاندا بەفر و باران بەتێكەڵی دەبارێت و شارەكان سپی پۆش نابێت ئەم شارەزایە هۆشداری دەدات، لەو ناوچانەی پێشتر بەفری لێباریوە و پێی وایە بەپێی پێشبینییەكان، بەفرێكی زیاتریان لێدەبارێت . ئەوەشدەخاتەروو، شەپۆلەكە تا پێنج بۆ شەشی ئەم مانگە دەمێنێتەوە و كاریگەری دەبێت وتەكانی ئەم شارەزایە، دوای ئەوەدێت، ماوەی سێ رۆژە شەپۆلێكی بەفر و سەرما زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە
هاوڵاتی یەپەژە لە چوارچێوەی قۆناغی سێیەمی ئۆپراسیۆنی مرۆیی و ئاسایش کە ماوەی ٩ ڕۆژە بەردەوامە ، ژنێکی ئێزدی بە ناوی کۆڤان ئیدۆ خورتۆ لە کەمپی هۆڵ ڕزگار کرد. . یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیاندا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی قۆناغی سێیەمی “ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئاسایش“ لە کامپی هۆڵ کە گیراوانی داعش و کۆچبەرەکانی سوریا و عێراقی تێدایەئەمڕۆ یەکشەممە 4ی شوباتی 2024 , کوڤان ئیدۆ خۆرتوو کە کچێکی ئێزدییە لە کەمپی هۆڵی رۆژئاوای کوردستان ئازاد کرا کە لەساڵی 2014 لە لایەن داعشەوە رفێندرابوو. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی یەپەژە بڵاوی کردۆتەوە، کۆڤان خەڵکی گوندی هێردانی سەر بە شێنگال لە باشووری کوردستانە. هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە و ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان، بەبەشداریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هەفتەی پێشوو ڕۆژی شەممە 27ی کانوونی دووەم، لەناو کامپی هۆڵ قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی "مرۆڤایەتی و ئاسایش" ی لە دژی شانەکانی داعش دەستپێکرد. ئۆپەراسیۆنی "مرۆڤایەتی و ئاسایش" تیایدا هەسەدە بە بەشداری هێزەکانی هاوپەیمانان چەند ئۆپراسیۆنێکی جیاواز لە کەمپەکەدا ئەنجامدەدەن، ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەندامانی شانەکانی داعش و وشک کردنی بازنەکانیان و دەستگیرکردنی خراپەکاران و لەوانەش ئەوانەی بەرپرسن لە هێرشە تیرۆریستیەکان و هاوکارەکانیان و هەروەها ئەوانەی بیرۆکەی ڕادیکاڵ و توندوتیژانە لەنێو منداڵاندا بڵاودەکەنەوە دەکاتە ئامانج.
هاوڵاتی بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی رایگەیاند، ئەو منداڵەی ئەمڕۆ لە یەکێک لە قوتابخانەکانی تانجەڕۆ گیانی لەدەستداوە، بە مردنی کتوپڕ بووە و هیچ رووداوێکی بۆنی غاز و سۆپا لەو قوتابخانەیە نەبووە. بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ڕۆژهەڵات لە سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی بڵاوی کردەوە: "بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری دەرکەوت کە کۆچی دوایی قوتابی لەوەند کاروان، لە پۆلی شەشەمی بنەڕەتی لە قوتابخانەی چەقڵاوای سنووری پەروەردەکەمان بەهۆی غازی سۆپاوە نەبووە، بەڵکوو هۆکاری نەخۆشی بووە." ئاماژە بەوەش دراوە: "هیچ قوتابییەک لە سنووری پەروەردەکەمان تووشی تەنگەنەفەسی نەبوون و نەبراون بۆ نەخۆشخانە." هاوکات پزیشکی دادی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردوە، کە منداڵەکە کێشەی دڵی هەبوە و دیواری دڵی ئەستور بوەو هەر ئەوەش هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی بووە. ئەمەشلەکاتێکدایە سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی سلێمانی بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ لە قوتابخانەیەکی ناوچەی تانجەرۆ بەهۆی غازی سۆپاوە قوتابییەکی تەمەن ١٢ ساڵ لە ڕەگەزی نێر گیانی لەدەستدا". ئاماژەی بەوەشکرد "ژمارەیەک قوتابی دیکەش بەهۆی غازی سۆپاکەوە تووشی هەناسەتووندی بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون بە مەبەستی چارسەرکردن"، بەڵام بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پەروەردەی ڕۆژهەڵآت ئەو منداڵە بەهۆی نەخۆشی دڵەوە گیانیلەدەستاداوەو هیچ منداڵێکی دیکەش توشی تەنگەنەفەسی نەبوون بەهۆی غازەوە.
هاوڵاتی وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سبەینێ دووشەممە یەکەمین بەشەخۆراکی مانگانەی ئەمساڵ دابەشدەکرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ ئەسیر داود غەریزی، وەزیری بازرگانی عێراق ڕایگەیاند "یەکەمین بەشەخۆراکی مانگانەی ئەمساڵ لە سبەینێ دووشەممەوە بەسەر ھاوڵاتییاندا دابەشدەکرێت". ئاماژەی بەوەشکرد "کۆمپانیای گشتیی بازرگانی مادە خۆراکییەکان سەرجەم ئامادەکارییەکانی تەواوکردووە و مادە خۆراکییەکان لە کۆگای کۆمپانیاکەدا دانراون و داوا لە بریکارانی خۆراک دەکات سەردانیان بکەن بۆ وەرگرتنی پشکی ھاوڵاتییان". ئەوەشی خستەڕوو "ھاوڵاتییان دەتوانن لە سبەینێوە سەردانی بریکارەکانیان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانەیان کە شیر و ھێلکە و گۆشتی مریشک و گۆشتی بە نرخی پاڵپشتیکراو لەخۆدەگرێت". وتیشی "بڕی سێ ملیۆن فەردە ئارد ئامادەکراوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی کۆبۆنی خۆراکەوە بەسەر ھاوڵاتییاندا دابەشبکرێت".
هاوڵاتی لە قوتابخانەیەکی سنووری پارێزگای سلێمانی قوتابییەکی تەمەن ١٢ ساڵان بەهۆی غازی سۆپاوە گیانی لەدەستدا و چەند منداڵێکی دیکەش تووشی هەناسەتووندی بوون. سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی سلێمانی بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ لە قوتابخانەیەکی ناوچەی تانجەرۆ بەهۆی غازی سۆپاوە قوتابییەکی تەمەن ١٢ ساڵ لە ڕەگەزی نێر گیانی لەدەستدا". ئاماژەی بەوەشکرد "ژمارەیەک قوتابی دیکەش بەهۆی غازی سۆپاکەوە تووشی هەناسەتووندی بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون بە مەبەستی چارسەرکردن، هەروەها تەرمی ئەو قوتابییەی گیانی لەدەستداوە براوەتە پزیشکی دادی سلێمانی". هەروەها بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ڕەتیدەکاتەوە ئەو قوتابییە بەهۆی غازی سۆپاوە گیانی لەدەستدابێت، بەڵکو ئاماژەی بەوەکردووە کە خۆی نەخۆشی لەگەڵ بووە.
