هاوڵاتی  لە سێ روداوی جیای هاتوچۆدا لە سنوری پارێزگای دهۆک، کە دوانیان لە قەزای سێمێل و ئەوی تریش لە قەزای ئامێدی رویدا، 10 کەس برینداربوون. دەوروبەری کاتژمێر 9:00ی ئەمشەو هەیینی لەسەر رێگای گشتی ئامێدی لە روداوێکی هاتووچۆدا چوار کەس برینداربوون. لەبارەی روداوەکەوە نەقیب کاوە محەمەد، لە راگەیاندنی هاتۆچووی ئامێدی بە هاوڵاتی راگەیاند، "روداوەکە لە جۆری پێکدادان بووە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل و بەهۆی روداوەکەوە چوار کەس برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانه کراون." هاوکات لەسەر شەقامی سەرەکی لە کۆمەڵگای شاریای سەر بەقەزای سێمێل بەهۆی روداوێکی هاتۆچوۆوە لەنیوان دوو ئۆتۆمبێل پێنج کەس برینداربوون. هەر لە قەزای سێمیل لەسەر رێگای جەمبور  بارهەڵگرێکی پڕ لە گەنم وەرگەڕا  و بەوهۆیەوە کەسێک برینداربوو.  

هاوڵاتی  ئەحمەد هۆشیار، بەرێوبەری فڕۆکەخانەی هەولێر رایگەیاند گەشتەکانی فرۆکەخانەکە بەهۆی کەمی ئاستی بینین لەئەنجامی دروستبوونی تەمێکی زۆر راگیراون و کاتی دەستپێکردنەوەشیان نادیارە.  ئەحمەد هۆشیار دەڵێت، لە کاتژمێر 6:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ هەیینی سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر راگیراون بەهۆی ئەو کەشە ناسەقامگیرەی دروستبووە و تەم ئاسمانی شاری هەولێری داپۆشیووە.  بەرێوبەری فڕۆکەخانەی هەولێر باس لەوەش دەکات، کاتی دەستپیکردنەوەی گەشتەکان دیار نییە و هیچ وادەیەکی بۆ دیارینەکراوە، بەڵام لە حاڵەتی کەمبوونەوەی تەمەکە و ئاساییبوونەوەی مەودای بینین گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە.  راگرنتی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر دوای ئەوە دێت کە تەمێکی زۆر لە چەند ناوچەیەکی هەرێم دروستبووە و کەشناسی هەرێم رایگەیاند، لە هەندێک ناوچە ئاستی بینین بۆ 200 مەتر کەمبووەتەوە.

هاوڵاتی  لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی کەرکوک کرد و داوایان لیدەکات لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەشداربن، دەشڵێت، "بەشداریکردنی فراوانی ئێوەی ئازیز ئێجگار گرنگ و پڕ بایەخە، تکایە با ململانێی ناپەسەندی سیاسی و قۆڵبادانی حیزبی ساردتان نەکاتەوە لەوەی بڕۆن بەشداری بکەن." لاهور شێخ جەنگی لە پەیامەکەیدا کە ئاراستەی کوردانی کەرکوکی کردووە دەڵێت، "ململانێ لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان تەنها ڕەهەندی حیزبی و سیاسی نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانیشی هەیە، بۆیە بەشداریکردنی فراوانی ئێوەی ئازیز ئێجگار گرنگ و پڕ بایەخە، تکایە با ململانێی ناپەسەندی سیاسی و قۆڵبادانی حیزبی ساردتان نەکاتەوە لەوەی بڕۆن بەشداری بکەن، بەشداریکردنی هەموو دەنگێکی کورد گرنگ و پڕ بایەخە بۆ پاراستنی سەنگ و پێگەی کورد لەو شارەدا." لاهور شێخ جەنگی دەشڵێت، گرنگ نییە دەنگ بە چ کاندیدێکی کورد دەدەن، بەڵکو گرنگ ئەوەیە "بە فراوانی بەشداری بکەن، جا دەنگ دەدەن بەکێ ئازادن و دەرفەتتان هەیە لە نێوان کاندیدە کوردەکاندا هەرە باش و دڵسۆزەکان جیابکەنەوە و سەریانبخەن." دەقی پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی: کەرکوکییە ئازا و بەهەڵوێستەکان، خەڵکی خۆڕاگری شاری کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی شەنگال و شێخان و مەخموور و دووزخورماتوو و خانەقین و مەندەلی. چەند ڕۆژێکی کەممان ماوە بۆ ئەوەی ئێوەی خۆشەویست، ئێوەی قوربانی و ماندوو و برینداری دەیان ساڵەی سیاسەتە نامرۆڤانەکانی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و سیاسەتە هەڵە و نابەرپرسیارەکانی دەسەڵاتەکانی دوای ڕژێمی دیکتاتۆری عێراق، بڕۆنە بەردەم سندووقەکانی دەنگدان و نوێنەرەکانتان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکەتان دیاری بکەن. بەم بۆنەیەوە دەمەوێت وەک بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەرشانم بە تکایەکی برایانە پێتان بڵێم؛ کە ململانێ لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان تەنها ڕەهەندی حیزبی و سیاسی نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانیشی هەیە، بۆیە بەشداریکردنی فراوانی ئێوەی ئازیز ئێجگار گرنگ و پڕ بایەخە، تکایە با ململانێی ناپەسەندی سیاسی و قۆڵبادانی حیزبی ساردتان نەکاتەوە لەوەی بڕۆن بەشداری بکەن، بەشداریکردنی هەموو دەنگێکی کورد گرنگ و پڕ بایەخە بۆ پاراستنی سەنگ و پێگەی کورد لەو شارەدا. لە کاتێکدا جارێکیتر جەخت لەوە دەکەمەوە کە هەنگاوی هەرە گرنگ بەشداری ئێوەی ئازیزە لە هەڵبژاردنەکاندا، تکا لە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و تەواوی دەنگدەران دەکەم کە بۆ دەنگدان بە کاندید ئێوە دەتوانن بە هۆشیاریی و ئاگاییەکی باڵاوە دەنگ بەو کاندیدە کوردانە بدەن کە پێتان وایە دەتوانن دڵسۆزانە خزمەتی خۆتان و شارەکەتان بکەن، گرنگ ئەوەیە بە فراوانی بەشداری بکەن، جا دەنگ دەدەن بەکێ ئازادن و دەرفەتتان هەیە لە نێوان کاندیدە کوردەکاندا هەرە باش و دڵسۆزەکان جیابکەنەوە و سەریانبخەن کە شایستەی ئەوە بن لە ئەنجوومەنێکى خزمەتگوزاریی و بە هاوبەشى لەگەڵ ئەندامانى دیکەى ئەنجوومەن لە نەتەوە و ئایین و ئایینزا جیاوازەکان و پاڵپشت بە بنەماکانى ئاشتی و پێکەوەژیان ئەنجوومەنى پارێزگا کارا بکرێتەوە . لە کۆتاییدا جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئێوە بەرپرسیارانەتر لەو حیزب و کەسانە مامەڵە بکەن کە هیچ ڕێزیک بۆ پێگەی کەرکوک و قوربانییەکانی ئێوە دانانێن، ئێوە ببنە پارێزەری سەنگ و پێگەی خۆتان لە ئێستا و ئایندەی شارەکەتاندا. برا و دڵسۆزتان لاهور شێخ جەنگی

هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە ساڵی 2021 بەدواوە پێنج هەزار و 400 تۆمەتبار دەستگیركراون و 1422 تۆمەتبار دەستگیر نەكراون. تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ژوری ئۆپەراسیۆنی باڵای هاوبەش لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكومەت لە ساڵی 2021 دامەزراوە لەنێوان وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە، ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەكان. بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم وتیشی: تا كاتی دانەمەزراندنی ئەم ژوورە پێنج هەزار و 920 تۆمەتبار چەندین ساڵ فەرمانی گرتنیان هەبوو نەگیرابوون، لەو ژمارەیە تەنها 1422 تۆمەتبار ماوە دەستگیر بكرێن، پۆلیسی هەولێر تەنها 582 تۆمەتباری ماوە دەستگیری بكات. بەوتەی تاریق ئەحمەد "لە سلێمانی 681 تۆمەتبار ماون، لە دهۆك 13 تۆمەتبار ماون، لە هەڵەبجە 13 تۆمەتبار ماون، لە سۆران 50 تۆمەتبار ماون، لە گەرمیان 43 تۆمەتبار ماون، لە زاخۆ 9 تۆمەتبار ماون، لە ئاكرێ 4 تۆمەتبار ماون".

هاوڵاتی بەپێی بەدواداچوونێكی هاوڵاتی كە پشتی بە ئامارەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان و فەرمانگەی میدیا و زانیاری بەستووە، داهاتی باج لەهەرێمی كوردستان لەساڵی 2012 تا 2022 لە %600 زیادیكردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم و وەزارەتەكەی سكاڵایان لەسەر بەڕێوەبەری پێشووی باجی هەرێم تۆماركردووە كە وتبووی تا ئەو لەپۆستەكەدا بووە داهاتی باج گەیشتوەتە نزیكەی 800 ملیار دیناری ساڵانە. بەپێی بەدواداچوونەكەی هاوڵاتی، لەساڵی 2012 دا داهاتی باج لەهەرێمی كوردستان 128 ملیار و 796 ملیۆن و 730 هەزار و 635 دینار بووە، لەساڵی 2013 بەرزبووەتەوە بۆ 161 ملیار و 551 ملیۆن و 782 هەزار و 596 دینار، لەساڵی 2014 بووەتە 212 ملیار و 700 ملیۆن و 452 هەزار و 17 دینار، لەساڵی 2015 ش داهاتی باج لەهەرێم 190 ملیار و 164 ملیۆن و 472 هەزار و 407 دینار بووە. هەربەپێی داتاكانی وەزارەتی دارایی و فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم، لەساڵی 2016 داهاتی باج لەهەرێم 179 ملیار و 14 ملیۆن و 265 هەزار و 28 دینار بووە، لە 2017 ش داهاتی باج جارێكی دیكە بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 206 ملیار و 697 ملیۆن و 763 هەزار و 96 دینار، لە2018 شدا زیاتر بەرزبوەتەوە و گەیشتووەتە 308 ملیار و 535 ملیۆن و 562 هەزار و 258 دینار، هاوكات لە 2019 داهاتی باج گەیشتووەتە 627 ملیار و 424 ملیۆن و 94 هەزار و 321 دینار، لە 2020 بەهۆی سەرهەڵدانی كۆرۆنا داهاتی باج لەهەرێم كەمتر بووەتەوە و بووەتە 578 ملیار و 87 ملیۆن و 38 هەزار و 165 دینار، لە2021 یشدا داهاتی باج گەیشتووەتە 796 ملیار و 287 ملیۆن و 671 هەزار و 746 دینار، لە2022 داهاتی باجی ساڵانەی هەرێم بەشێوەیەك بەرزبووەتەوە گەیشتووەتە 912 ملیار و 588 ملیۆن و 802 هەزار و 373 دینار. لەئامارەكەدا دەردەكەوێت، لەگەڵ دەستپێكردنی قەیرانی دارایی لەهەرێم بەهۆی بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە و شەڕی داعش لەساڵی 2014 حكومەتی هەرێم داهاتی باجی زیاتر بووە. ئەو داتایە لەكاتێكدایە زانیار محەمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی پێشوی باجی هەرێم لە پاش ڕونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی كە تێیدا لێدوانێكی ناوبراوی لەبارەی داهاتی باج بە "درۆی شاخدار" ناوبردبوو، ڕایگەیاندووە:"من بەرپرسم و باسی هەتا مانگی چواری ساڵی 2016م كردوە، ئەو ماوەی چوار ساڵەی كە من كارمكردوە بە نزیكەی داهاتی باج دەگەیشتینە 800 ملیار لەگەڵ لە 3%ی باجی گومرگی لەگەڵ (استقتاع مباشر-لێبڕنی ڕاستەوخۆ) ئەمانە لای ئێمە تۆمار نەدەكرا لە باج چونكە لە 3% لە گومرگ تۆمار كرابو، (استقتاع مباشر-لێبڕنی ڕاستەوخۆ) لە خەزێنە تۆمار دەكرا، ئەگەر تۆمارمان بكردنایە سەر لەنوێ لەبەغداد (مەقاسە)یان دەكرد، چونكە عێراق وەك دوژمنێك سەیری ئێمەی دەكرد." وتوشیەتی"لە 2012 نزیكەی 130 ملیار، لە 2013، 160 ملیار، لە ساڵی 2014، 212 ملیار، لە ساڵی 2015، 190 ملیار، ئەو چوار مانگەی ساڵی 2016 نزیكەی 40 ملیار دینار داهات بوو، واتە ئاوەها كە لێكیدەدەینەوە نزیكەی 700 ملیارێك دەكات لە چوار ساڵ و چوار مانگە لەگەڵ 3% كۆی دەكەیتەوە دەكاتە نزیكەی 800 ملیار، من وەهاموت نەك ساڵانە، نەموت بە ڕەسمی، ئیتر نازانم وەزارەتی دارایی بۆ بەوە مشەوەش بوون." جگە لە ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم، خودی وەزیری دارایی لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاندبوو: "دەبێت بەڕێوەبەری پێشوی باج بۆمان بسەلمێنێت ئەو داهاتی باجەی باسی دەكات چی لێهاتوە و بۆمان بهێنێتەوە." بەڵام بەڕێوەبەری پێشوی باجی هەرێم دەڵێت:" جەنابی وەزیری دارایی ڕێزی هەیە، ناهەقی نییە، ئەویش ڕەنگە وەها بیستبێتی، ناهەقی ناگرم كە لە چەند كەناڵێكی تەلەفزیۆنی بەگەورەیی نوسیویانە ئێمە پارە لە بەغدا دەشارینەوە، دوای ئەوە من باسی 2012 هەتا 2016 دەكەم، دوای ئەوە وەزارەتی دارایی نەدەكرا بەو شێوازە توندە وەڵام بداتەوە." لە ڕونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی كە هەر ڕۆژی پێنجشەممە لەسەر قسەكانی بەڕێوەبەری گشتی پێشوی باجی هەرێم بڵاویكردبوەوە ڕایگەیاندبوو: "خۆی كێشەی یاسایی هەبوە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە كەیسەكەی ڕەوانەی دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكیی هەولێر بۆ گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی كراوە." لە بەرامبەردا زانیار محەمەد قادر وتویەتی"بەڵێ من كەیسم لە دەستەی دەستپاكی، زۆر كەسی تریش كەیسی هەبوە و كەیسەكەش چۆتە دەستەی دەستپاكی، دواتر چۆتە دادگای لێكۆڵینەوە و لە دادگاش (بەرائە)م بۆ هاتەوە هیچم بەسەردا ساغ نەبوەوە و بڕیاری كۆتایی درا بە بێتاوان دەرچونی من لە ساڵی 2019، دواتر بە هەمان پلە گەڕامەوە سەر پلەكەی خۆم بە موچەی خۆم و دەوامی خۆم هەتا ساڵی 2022 لەو پۆستەدا بوم و دواتر داوای خانەنشین بونم كرد، خۆ ئەوە شاراوە نییە."  

هاوڵاتی كونسوڵی توركیا لەهەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە هیچ گۆڕانكارییەك لەهەڵوێستی وڵاتەكەی بەرامبەر كردنەوەی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی بەڕووی توركیادا نییە. مەمەد مەولوود یاقوت كونسوڵی توركیا لە هەرێمی كوردستان بەمیدیای پارتی ڕاگەیاندووە: پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و هەولێر لە ئاستێكی زۆر باشدایە و بەردەوامن دەشڵێت "دەیانەوێت پەیوەندییەكانیان لە هەموو بوارەكاندا پەرە پێبدەن". لەبارەی پرسی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە كونسوڵی توركیا لەهەرێم ئەوەی خستووەتەڕوو" هیچ گۆڕانكارییەك لە هەڵوێستی توركیادا لەمبارەیەوە نییە".  مەمەد مەولود دەڵێت "ئێمە ئێستا پەیوەندییەكی مرۆیی زۆر باشمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە".  توركیا لە سێی نیسانی 2023 بەپاساوی هاتوچۆی بەرپرسانی پەكەكە لە فڕۆكەخانەكەوە، گەشتەكانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ ماوەی سێ مانگ راگرت و دواتریش وادەكەی هەتا سێی كانوونی دووەمی 2024 درێژكردەوە.  

 هاوڵاتی كاتژمێر شەشی بەیانی ئەمڕۆ، ھەڵمەتی بانگەشە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆتاییھات، سبەینێ شەممە دەنگدانی تایبەت دەستپێدەکات. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردەوە: لە كاتژمێر شەشی بەیانی رۆژی ھەینییەوە بانگەشە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆتایی ھاتووە و ھەر کاندیدێک یاخو لایەنێک لە بانگەشە بەردەوام بێت، روبەڕووی سزا و رێکاری یاسایی دەبێتەوە.  هاوكات بڕیارە سبەینێ لە كاتژمێر حەوتی بەیانییەوە تا شەشی ئێوارە دەنگدانی تایبەت بۆ ئاوارە و ھێزە ئەمنییەکان دەستپێبکات.  لەلایەن خۆشیەوە ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش رایگەیاند: رۆژی شەممە نزیکەی ٢٧ ھەزار ئاوارە و ھێزی تایبەت لە سنوری سلێمانی دەنگدەدەن و تەواوی ئامادەکارییەکانیان کردووە.  وتیشی ٢٠ بنکەیان لە سلێمانی و چەمچەماڵ و گەرمیان ئامادەکردووە.   

هاوڵاتی چوار مامۆستای ئایینی لەئێران بەهۆی پاڵپشتیكردنی خۆپیشاندانەكانی ئێران كە بەشۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ناسراوە سزای زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا. چوار مامۆستای ئایینیی خەڵكی شاری پیرانشار بە ناوەكانی شەریف مەحموود پوور، سەید سولەیمان ئەحمەدی، سەید جەمال واژی و یوونس نەوخا لەلایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینییەوە سەرجەمیان سزای ١١ ساڵ بەندكردنیان بەسەردا سەپێنرا، ئەم چوار مامۆستا ئایینییە ساڵی ڕابردوو لە كاتی خۆپیشاندانەكانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر كرابوون. بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤی ئێران، هەریەك لە مامۆستا شەریف مەحموود پوور و مامۆستا سەید جەمال واژی، پێشنوێژی مزگەوتی گوندی “پەسوێ”ی سەر بە شاری پیرانشار، هەر یەكەیان سزای دوو ساڵ بەندكردنیان بەسەردا سەپاوە. هەروەها مامۆستا سەید سولەیمان ئەحمەدی و مامۆستا یوونس نەوخا، مامۆستای قوتابخانەی زانستە ئایینییەكانی سەڵاحەدینی ئەیووبی لە پیرانشار، سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە. وەك ئەو ڕێكخراوە دەڵێت ئەو مامۆستا ئایینییانە بە تۆمەتی “واژۆی بەیاننامەی مامۆستایانی كوردستان بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و بەشداریكردن لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان” وە “هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی نەتەوەیی” و “هەوڵی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی”، لەلایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئورمیە، سزای بەندكردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد کۆتا وەجبەی ئاوارەکانی کەمپی عەربەت کە ١٧٠ خێزان بوو گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان و کەمپەکەش داخراوە. سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: کەمپی ئاوارەکانی عەربەت بە تەواوی داخرا و سەرجەم خێزانەکان گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان. وتیشی: کەمپی ئاوارەکانی عەربەت داخرا و کۆتا وەجبەیان کە ١٧٠ خێزان بوو گەڕانەوە بۆ شاری سەڵاحەدین، ئەم کەمپە لە ساڵی ٢٠١٤ لە سەرەتای پەلامارەکانی داعش کرایەوە. سۆران عومەر دەشڵێت: بەپێی بڕیاری حکومەتی عێراق ساڵی ئایندە کەمپی ئاوارەکان پێویستە هەموویان دابخرێن، لەبەرامبەردا هەر خێزانێک بڕی پێنج ملیۆن دیناری پێ دەدرێت. ئەو ئەندامەی لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاندووە، لە ئێستادا تەنیا کەمپی ئاشتی لە عەربەت و کەمپی تازەدێ لە گەرمیان لەم سنوورە ماوە کە نزیکەی هەزار و ٦٠٠ خێزانی تێدایە.  

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئێران بەوەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانی وتووە دەبێت تەواوی بڕگەكانی ڕێككەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران جێبەجێ بكرێن. رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری جنێڤی سویسرا لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدۆڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەتەوە و تاوتوێی رێککەوتنی ئەمنییان کردووە.  رێبەر ئەحمەد لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیوویەتی :" سەرنجی گفتوگۆکانمان لەسەر پەیوەندیی مێژوویی دەوڵەمەندی نێوان عێراق و ئێران بوو باسمان لە دەرفەتی هاوئاهەنگی زیاتر و جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی رێککەوتنی ئەمنی لەنێوان هەردوو وڵات کرد". هاوكات بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، حوسێن ئەمیرعەبدۆڵڵاهیان خۆشحاڵی خۆی لە بەرامبەر بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق دەربڕیوە و رایگەیاندووە، ئەو کارە لە بەرژەوەندی هەموو ناوچەکەدایە.  بەوتەی میدیای فەرمی ئێران، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەسفی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی نێوان تاران و بەغدا و ڕایگەیاندووە "لە پێناو گەرەنتیکردنی پاراستنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان، دەبێت تەواوی بڕگەکانی رێککەوتنەکە وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن"، هەروەها سوپاسی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئەوەش لە بەرامبەر ئەو پێشوازییەی لە ماوەی دوو ساڵی دواییدا لە زیارەتکارانی ئێرانی کردووە.  هەر بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، رێبەر ئەحمەد باسی لە پەیوەندی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران کردووە و وتویەتی: "ئاسایشی سنوور لە کاری لەپێشینەی ئێمەیە و هەندێک لە کێشە ئەمنییەکان کە پێشتر هەبوون، لەمەودوا لە سنوورەکان نامێنن، سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران بە تەواوی کۆنترۆڵ کراون و خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان نابنە سەرچاوەی هیچ هەڕەشە و مەترسییەک بۆ سەر ئێران".  ڕێبەر ئەحمەد ئەوەشی خستووەتەڕوو:" ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە ئامانجی هاوبەشی ئێران و عێراقە و بۆ ئەم مەبەستەش هاوکارییەکانی نێوان هەردوولا بەردەوام دەبن".  رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، ئەو رێککەوتنەیە رۆژی 19ـی ئاداری 2023، عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەو کاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە بەغدا واژۆیان کرد،  یەکێک لە خاڵەکانی تایبەت بوو بە دوورخستنەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان.

هاوڵاتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لەبەیاننامەیەكدا داواكارییەك ئاڕاستەی حكومەتی عێراق دەكەن و داوا دەكەن پەنا بەرێتە بەر جێبەجێكردنی بڕگەی هەشتەمی مادەی ١٣ی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق كە زامنی مووچەی مووچەخۆرانی پارێزگای ناڕازیی دەكات. مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لەبەیاننامەیەكدا نوسیویانە: لە ئێستادا خەباتی مەدەنی مامۆستایان و فەرمانبەران پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێی كاریگەرەوە، ئەم كاریگەربوونەش وایكردوە دەسەڵاتە شكستخواردووەكە هەموو ڕێگاكان بگرێتەبەر بۆ لاوازكردنی ئەم خەباتە مەدەنییە. ئەوەشیان خستووەتەڕوو: ئێمەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، لێرەوە جارێكی تر دووپاتی دەكەینەوە، هەرگیز سازش لەسەر ماف و داواكارییەكانمان ناكەین و بەردەوامیی بە بایكۆت و ناڕەزایەتیەكانمان دەدەین، چونكە پێمان وایە ئەگەر لە ئێستادا پرسی مووچە لە بەغدادەوە چارەسەر نەكرێت، ئەوا لە ئایندەدا قەیرانەكان و بێ مووچەیی زیاتر دەبێت و ژیانی خەڵك ڕووبەڕووی سەختیی زیاتر دەبێتەوە. "ئێمە وەك چۆن پێشتر باكمان بە فشار و چەواشەكاریی و سزادانی ئیداریی و دارایی و هەڕەشەكانی دەسەڵات نەبووە، بۆ لەمەودواش ئاوڕیان لێنادەینەوە و بە ورەیەكی بەهێزترەوە بەردەوام ئەبین لەم خەباتە مەدەنییە فراوانە. لێرەشدا جێی خۆیەتی سوپاسی ئەو بەڕێوەبەرە بەڕێزانەش بكەین، كە لەسەر هەمان رێبازیی هاوپیشەكانیان، نەچوونە ژێر باری فشارەكانی رۆژانی رابردووی دەسەڵاتەوە و پەیمانی بایكۆتییان نوێ كردەوە". مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی وادەڵێن. باس لەوەشدەكەن "دوای ٧٦ ڕۆژ لە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە فراوانەكان، ئەوە ڕوون بۆتەوە كە دەسەڵاتدارانی هەرێم باكیان بە پەكەوتنی پرۆسەی پەروەردە و خوێندن نییە، بەتایبەت لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان و قەزای كۆیەی سەربە پارێزگای هەولێر".   مامۆستایانی ناڕازی داواكارن حكومەتی عێراقی پەنا بەرێتە بەر جێبەجێكردنی بڕگەی هەشتەمی مادەی ١٣ی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق  بەوتەی ئەوان " زامنی مووچەی مووچەخۆرانی پارێزگای ناڕازیی دەكات، بۆ ئەوەی چیتر پرۆسەی پەروەردە و مووچەی مووچەخۆران نەبێتە قوربانی بێ باكیی و گەندەڵیەكانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان". مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی  جارێكی تر، جەخت لە داواكارییەكانیان دەكەنەوە و بەمشێوەیە لەچەند خاڵێكدا نوسیویانە: ١. دەسپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران ٢. دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ ٣. دیاری كردنی چارەنوسی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ ٤. دیاریكردنی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان ٥. دابەشكردنی مووچەكانمان بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەلایەن بانكە حكومیەكانی وەزارەتی دارایی عێراقەوە. لە كۆتاییشدا مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ڕایدەگەیەنن "درێژەدان بە ناڕەزایەتیەكان زامنی چارەسەر بوونی ڕیشەیی كێشەكانمانە ،بۆیە بەهیچ شێوەیەك سازش لەسەر ماف و داواكارییەكانمان ناكەین و درێژە بە بایكۆت و ناڕەزایەتیەكان دەدەین و بە هەمان گڕوتینی ڕابردوەوە. هەوڵەكانمان لە بەغداد چڕتر دەكەینەوە تا خواستەكانمان دەبنە خەمی بەرپرسانی وڵات و چارەسەر دەكرێن".    

هاوڵاتی بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، هەشت ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبی- کەلتووری نۆژین لە شاری سنە، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە دادگایی کراون و بە گشتی 55 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە. بە پێی زانیارییەکان، ئەو چالاکە مەدەنی و کەلتووریانە بە تاوانی وتنەوەی وانەی کوردی دادگایی کراون و سزا دراون.  ئەو هەشت ئەندامەی ئەنجومەنی ئەدەبی نۆژین کە سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە بریتین لە: زارا محەمەدی، 10 ساڵ سەیوان ئیبراهیمی، 12 ساڵ سروە پوورمحەمەدی، 10 ساڵ ئیدریس مینبەری، 11 ساڵ ئازاد عەباسی، حەوت ساڵ سیروان ئیبراهیمی، سێ ساڵ ڤاران محەممەد نەژاد، یەك ساڵ، هەڵپەسێردراو سروە رەحمانی، یەك ساڵ، هەڵپەسێردراو. ئەنجومەنی ئەدەبی نۆژین، ئەنجومەنێکە لە بواری کەلتووری- کۆمەڵایەتی کار دەکات و لە چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە لاوان و تازەلاوانی شاری سنە و دەورووبەری لە لایەن ئەم ئەنجومەنەوە فێری نووسین و خوێندنەوەی زمانی کوردی کراون. لە ئێران جگە لە زمانی فارسی، رێگە بە خوێندنی هیچکام  لەزمانی نەتەوەکانی دیكە نادرێت لە خوێندنگەكان، بەڵام لەکوردستان ئەنجومەنە کەلتووری و ئەدەبییەکان بوون بە شوێنێک کە خەڵک لەو شوێنانەوە فێری نووسین و خوێندنەوەی زمانی کوردی دەبن.

هاوڵاتی لێپرسراوی بەشی مۆڵەت لەهاتوچۆی سلێمانی ئاشكرایده‌كات، ئەوان ئاگادارن کە چەند کۆمپانیایەکی گەشتیاریی‌و تیکت فرۆشتن، هەستاون بەدەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی بۆ ئەوکەسانەی گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن، ده‌شڵێت، "ئەو مۆڵەتە ساختەیەو لەهیچ شوێنیک کاری پێناکرێت". عه‌قید شیلان عوسمان لێپرسراوی به‌شی مۆڵه‌ت له‌ هاتوچۆی سلێمانی  ڕایگه‌یاند، "ئه‌وان ئاگادارن كه‌ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی گه‌شتیاری و تیكت فرۆشتن، هه‌ستاون به‌ده‌رهێنانی مۆڵه‌تی شۆفێری نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و مۆڵه‌ته‌ ساخته‌یه‌ و له‌هیچ شوێنێك كاری پێناكرێت". لەئێستادا بەشێک لەکۆمپانیا گەشتیارییەکان بانگەشەی ئەوەدەکەن کە مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی دەدەنە گەشتیار، بەڵام ئەو مۆڵەتە ساختەیەو لەفڕۆکەخانەکان دەستیبەسەردادەگیرێت، جگەلەوەی هەندێک لەو هاوڵاتیانە لەدەرەوەی وڵات بەکاریانهێناوەو توشی گرفت بون، بەگوێرەی بەدواداچونێکی ترافیک ئێف ئێم ئەو مۆڵەتانە ڕێگە پێدراونییە. وتیشی، "ئه‌وان وه‌ك هاتوچۆ به‌دواداچونیان بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ كردوه‌ و به‌ نوسراویش وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئاگادارده‌كه‌نه‌وه‌ تاوه‌كو ڕێگه‌ له‌و كاره‌ بگیرێت، چونكه‌ ده‌رهێنانی مۆڵه‌تی شۆفێری نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت له‌ هاتوچۆكان بێت به‌ماوه‌ی كاتژمێرێكیش هاوڵاتی ده‌توانێت مۆڵه‌ته‌كه‌ی بكاته‌ نێوده‌وڵه‌تی." هاوکات ئارام شوانی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی ڕایگەیاند ، "ئەوان وەک بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار ئاگاداری ئەو بابەتەنین‌و تائێستا هیچ کەسێک سکاڵای نەبوە لەسەر ئەو بابەتە، ئێمە داواکارین هەرکەسێک بەڵگەی هەیە بێنێریت بۆمان تاوەکو بەدواداچونی وردی بۆ بکەین".      

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی‌و ئابوری حكومه‌تى هه‌رێم وه‌ڵامى بەڕێوەبەری گشتیی پێشوی باجەكان‌و خانوبەرەی میری ده‌داته‌وه‌و وته‌كانى به‌"ناپاكى‌و درۆى شاخدار ناوده‌بات" زانیار محەمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی پێشوی باجەکان و خانوبەری هەرێم دوێنێ چوارشه‌ممه‌ له‌ لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمریکا-ی ڕاگەیاندبوو، "لە ماوەی رابردو داهاتی باج 800 ملیار دیناربو، بەڵام بۆ بەغدایان دەنوسی 200 ملیار دینارە، ئەو باجەی ئێستا بۆ هاوڵاتیان دانراوە لەگەڵ دۆخی ژیانیاندا ناگونجێت، لە بەرامبەردا جێگری بەرێوەبەری باجی ئێستای هەرێم دەڵێت، سەپاندنی باجەکانی ئێستا بەپێی یاسا کراوە و لەلایەن بەغداوە دیاری کراوە نەک هەرێم". وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لە رونکردنەوەکەیدا دەڵێت: ناوبراو خۆی کێشەیی یاسایی هەبووەو لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە کەیسەکەی ڕەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکیی هەولێر بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی کراوە. ئه‌وه‌شی خستۆتە ڕوو، "وروژاندنی ئەم بابەتە لەم كاتە هەستیارەدا و بەلاڕێدابردن و چەواشەكردنی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی، ئامانجێکی خراپی هەیە و دەیەوێت زیان بە پرسی ڕونی و شەفافییەت بگەیەنێت و هەماهەنگییە داراییەکانی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی لە زیانی خەڵکدا بەرەو خراپی بڕۆن، بەم هۆیەوە بە مافی خۆمانی دەزانین ڕێكاری یاسایی توند لە دژی پڕوپاگەندەکار بگرینە بەر".  

هاوڵاتی عوسمانى حاجى مه‌حمود له‌په‌یامێكدا داوا لە دانیشتوانى كه‌ركوك‌و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان ده‌كات به‌شداریى ده‌نگدان بكه‌ن. عوسمانى حاجى مه‌حمود سیاسەتمەداری دیاری هەرێم ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پەیامێکدا بۆ دانیشتوانى كه‌ركوك‌و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كانى دیكه‌، داوا دەکات هاوڵاتیان بەشداری دەنگدان بکەن و دەشڵێت،"سەرەڕای بونی ناعەدالەتی و گەندەڵی و سەروەرنەبونی یاسا وکەموکورتیە کانیتر، سەرەرای بونی هەر تێروانین و رەخنەیەك كە لەسەر دۆزی سیاسی و خراپی بژێوی كە هەمانە، داواکارم لە هەمو کوردستانیانی ئەو ناوچانە، ڕۆژی ١٨-١٢-٢٠٢٣ بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکەن و دەنگ بدەن". لە پەیامەکەیدا ئەوەش هاتووە، "بەشداریكردن و دەنگدانی ئێوە سەنگی كورد لەوناوچانە بەهێزتر و پایەدارتر دەكات، بۆیە بۆهەموان ئەوە گرنگە كە پرسی نیشتمان و نەتەوەیمان لەو ناوچانە لەپێش هەر شتێكی ترەوەیە و پێویستە نیشتمان و نەتەوە تێكەڵ بەپرسە سیاسی و حزببییەكان نەكرێن و بون و مانەوەیان لامان جێگیر و بەردەوام بن، دیارە تەمەنی هێز و لایەنە سیاسیەکانیش کاتی و کورتن." دەقی  پەیامەکەی  عوسمانی حاجی مەحمود: هاونیشتمانیانی خۆشەویست، كوردانی دانیشتوی كەركوك وناوچە دابرێنراوەكان، هەمووتان دەزانن کێشەی کەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بابەتێکی مێژویی نیشتمانی و نەتەوەییە و ئەرکی هەمو تاکێکی کوردستانییە، بەگرنگی و گیانی نەتەوەییەوە لەسەر ئەو پرسە هەڵوێست وەربگرین، لە هەوڵدان و خەباتکردن بەردەوامبین بۆ یەكلاکردنەوەی چارەنوسی ئەو ناوچانە، بۆیە سەرەڕای بونی ناعەدالەتی و گەندەڵی و سەروەرنەبونی یاسا وکەموکورتیە کانیتر، سەرەرای بونی هەر تێروانین و رەخنەیەك كە لەسەر دۆزی سیاسی و خراپی بژێوی كە هەمانە، داواکارم لە هەمو کوردستانیانی ئەو ناوچانە، ڕۆژی ١٨-١٢-٢٠٢٣ بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکەن و دەنگ بدەن، چونكە بەشداریكردن و دەنگدانی ئێوە سەنگی كورد لەوناوچانە بەهێزتر و پایەدارتر دەكات، بۆیە بۆهەموان ئەوە گرنگە كە پرسی نیشتمان و نەتەوەیمان لەو ناوچانە لەپێش هەر شتێكی ترەوەیە و پێویستە نیشتمان و نەتەوە تێكەڵ بەپرسە سیاسی و حزببییەكان نەكرێن و بون و مانەوەیان لامان جێگیر و بەردەوام بن، دیارە تەمەنی هێز و لایەنە سیاسیەکانیش کاتی و کورتن. عوسمانی حاجی مەحمود