هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە گفتوگۆکردن لەسەر پشکی هەرێمی کوردست لە بودجەی عێراق، سەردانی بەغدا دەکات. ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی ئابی 2023 شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکەنەوە بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر پرسی موچە و پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق. ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ سێشەممە ئاوات جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی پابەندنەبوونی حکومەتی عێراەقەوە بە رێککەوتنەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بودجە نانێردرێت. چوونی شاندەکەی هەرێم بۆ بەغدا چەندین جارە دووبارە دەبێتەوە و پێشتر لە چەندین دانیشتندا نەگەشتوونەتە رێککەوتن، تا ئێستاش فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگی حەوتیان وەرنەگرتووە. دوێنێ سێشەممە پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، رایگەیاند حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەی بۆ موچە نییە.
هاوڵاتی حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، ئەمساڵ زیاتر لە 20 هەزار کەس بەرێگای نایاسایی هاتوونەتە بەریتانیا و هەزار و 671 پەنابەری عێراقیش داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە. بەپێی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، تا سەرەتایی مانگی ئابی ئەمساڵ 20 هەزار و 100 کەس بەشێوەیەکی نایاسایی لەرێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە روویان لە بەریتانیا کردووە. ئامارەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە رێگەی قاچاخ و نایاسایی بۆ بەریتانیا کەمینەکردووە و ئەو یاسا نوێیانەی بەریتانیا دژی کۆچکردنی نایاسایی دەریکردوون نەبوونەتە بەربەست لەبەردەم کۆچبەراندا. دوای دەستبەکاربوونی ریشی سوناک لە کۆتایی ساڵی رابردوو، حکومەتی بەریتانیا چەند یاسایەکی نوێی دەرکرد دژی کۆچکردنی نایاسایی کە گرنگترینیان رێگرتن بوو لەو کەسانەی دەچنە نێو بەریتانیەوە لەرێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە. بەپێی یاساکە، کە هێشتا جێبەجێنەکراوە، ئەو کۆچبەرانە یان دیپۆرت دەکرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان یان رەوانەی وڵاتی سێیەم دەکرێن کە رواندایە. بەڵام بەپێی ئامارەکەی حکومەتی بەریتانیا، لە هەشت مانگی ئەمساڵدا سێ هەزار و 366 پەنابەری ئەفغانی داوای مافی پەنبەرێتییان کردووە و دوای ئەوانیش ئێرانین کە سێ هەزار و 200 کەسن. هاوکات ئامارەکە دەریدەخات کە هەزار و 671 کۆچبەری عێراقی داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە.
هاوڵاتی گواستنەوەی نەوت لەبۆرییە نەوتییەکانی تورکیا بەڕێژەی لەسەدا %31 کەمیکردووە، ئەمەش بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوەیە. کۆمپانیای گواستنەوەی نەوتو بۆرییەکانی تورکیا (بۆتاش) رایگەیاند، لەمانگی رابردوودا 25 ملیۆنو 164 هەزار بەرمیل نەوت لەبۆرییە نەوتییەکانی تورکیاوە گواستراوەتەوە، ئەمەش کەمترە بەبەراورد بەمانگی تەمموزی ساڵی رابردوو کەزیاد لە 31 ملیۆن بەرمیل نەوت لەهەمان بۆرییە نەوتییەکانی تورکیاوە گواستراوەتەوە، هۆکاری ئەمەش راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمە. بەهۆی کێشەی بەغداو ئەنقەرەوە ماوەی پێنج مانگە هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوەو نەوتی هەرێم لەبۆریی نەوتی کەرکوک جەیهان رەوانە ناکرێت کەیەکێکە لەو چوار بۆرییە نەوتییەی تورکیا لەعێراقەوە نەوتی پێ دەگوازێتەوە.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی ھەرێم رونکردنەوەیەکی لەبارەی رەتکردنەوەی وەرگرتنی پارە لە بەغداد بۆ موچە بڵاوکردەوە و ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاگادار نەکراونەتەوە لەبوونی پێشنیارێکی لەو جۆرە تا رەتکرابێتەوە. وەزارەتی دارایی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاگادار نەکراونەتەوە لەبوونی پێشنیارێکی لەو جۆرە تا رەتکرابێتەوە و پابەندی خۆیان بەجێبەجێکردنی سەرجەم ماددە و بڕگەکانی یاسای گشتی بودجە دوپاتدەکەنەوە. وەزارەتی دارایی ھەرێم ئاشکراشیکرد، ھەرکات بڕیاری ناردنی ھەر بڕە پارەیەک درا بەرەسمی ڕایدەگەیەنین. وەزارەتی دارایی چوار خاڵی خستووەتەڕوو، دەقەکەی: 1- ئێمە لە وەزارەتی دارایی بەرپرس نین لە هیچ زانیاری و لێدوانێک بەناوی سەرچاوەی نادیار بڵاوبکرێتەوە، هەر لێدوان و زانیارییەک لەپەیجی فەرمیی خۆمان بڵاونەکرێتەوە جێی متمانە و باوەڕ نییە. 2- بە هیچ جۆرێک لەلایەن تیمی تەکنیکیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئاگادار نەکراوینەتەوە لە بوونی پێشنیارێکی لەو جۆرە تا رەتکرابێتەوە. 3- وەکو وەزارەتی دارایی پابەندیی خۆمان بە جێبەجێکردنی سەرجەم مادە و بڕگەکانی یاسای گشتیی بودجەی عێراق دووپات دەکەینەوە و هیوادارین حکومەتی عێراقیش یاساکە وەکو خۆی جێبەجێ بکات. 4- هەرکات بڕیاری ناردنی هەر بڕە پارەیەک لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان درا و خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتمان، بە شێوەیەکی فەرمی رایدەگەیێنین وەکو چۆن پێشتر رامانگەیاندووە.
هاوڵاتی وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی، ئاوات شێخ جەناب گوتوویەتی، هەرێمی کوردستان لەگەڵ چارەسەری کێشەکانە بەگوێرەی دەستوور، بەڵام عێراق پابەندی رێکەوتنەکان نەبووە. بهپێی راگهیهندراوی كۆبونهوهكه، ئهمڕۆ سێشەممە ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازی کرد لە شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا کە پێکهاتبوون لە نوێنەرانی پارتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە. دەربارەی پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا، وهك له راگهیهندراوهكهدا هاتوو: ئاوات جەناب نوری ڕونیکردەوە سیاسەتی کابینەی نۆیەم سفرکردنەوەی کێشەکان بووە لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستور لەو چوارچێوەیەشدا چەندین ڕێکەوتنیان لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجامداوە، بەلام دواتر بەهۆی پابەند نەبونی حکومەتی عێراقەوە ڕێکەوتنەکان جێبەجێ نەکراون. وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر یاسای بودجەی عێراق وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەشێکی زۆر لە کێشەکانی چارەسەر بکات. ئاوات شێخ جەناب باسی لەوەش کردووە، چەندین هەوڵی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا هەن و داوای لە شاندی پەرلەمانی کەنەداش کردووە لەو بارەیەوە رۆڵیان هەبێت. له بهشێكی دیكهی راگهیهندراوهكهدا هاتوه كه "شاندی پەرلەمانی کەنەدا خۆشحاڵی خۆیان بەسەردانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕایانگەیاند دەیانەوێت هاوکار بن بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندی بازرگانی و هاریکاری ئابوری لەنێوان کەنەداو هەرێمی کوردستان، هیواشیان خواست کێشەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان بەزوترین کات چارەسەر بکرێت. " لە کۆتایی مانگی ئابداین و تاوەکو ئێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەممووزیان وەرنەگرتووە، ئەوە لە کاتێکدایە مووچەخۆرانی عێراق مووچەی مانگی ئابیشیان وەرگرتووە.
هاوڵاتی توركیا بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ قەدەغەی هاتووچۆی لە ١٤ ناوچەی شاری شرناخی باكووری كوردستان ڕاگەیاند. لە ڕاگەیەندراوێكی قایمقامێتی شرناخ بڵاو كراوەتەوە، قەدەغەی هاتووچۆی لە ١٤ ناوچەی شاری شرناخی باكووری كوردستان دەستپێدەكات، بەشێك لەو ناوچانەش كە قەدەغەی هاتووچۆیان تێدا دەسەپێنرێت، بریتین لە ناوچەكانی شارۆچكەی (جەزیر، سلوبی، قەلبان، باسا و ئەیلك)ـی سەر بە شاری شرناخ لە باكووری كوردستان. ئاماژە بەوەشكراوە، بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ قەدەغەی هاتووچۆ بەردەوام دەبێت، كە لە ٢٩ی تەمموز دەستپێدەكات تا ١٢ی ئەیلوول، بیانووی ئەم قەدەغەی هاتووچۆیە دۆخی ئەمنییە.
هاوڵاتی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی ملیارێکو 500 ملیۆن دۆلار لە تورکیا زەرەری پێنج ملیار دۆلاری لە خۆی و هەرێم داوە. سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێم، رایگەیاند، "تورکیا لایەنگری ئەوەیە دوبارە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەبکرێتەوە، هەرێمی کوردستانیش بێگومان زۆر پەرۆشە، بەرپرسانی بەغدا بە فەرمی باس لەوە دەکەن کە ئامادەن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت. و دەشڵێت،" بەڵام تا ئێستا هەنگاوی پراکتیکی نەنراوە و پێویست بو کە هەرسێ لا (هەولێر، بەغدا و ئەنقەرە) لە یەکتر نزیکببنەوە و ئەو کۆبونەوانەی کە کران بەمەبەستی ئەوەبون بۆ ئەوەی ئاستەنگەکان نەمێنن، و بتوانین دوبارە نەوتی هەرێم هەناردە بکرێت." بەوتەی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لە 25ـی ئادارەوە تاوەکو ئێستا و لە ئەنجامی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، بەهۆی بڕیارەکەی دادگای نیوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، "نزیکەی پێنج ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیانی دارایی بەر عێراق گەیشتووە.هاوکات " دەشڵێت:" لەرووی ماتماتیکەوە، لۆژیک نییە، بۆ وەرگرتنی ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە تورکیا، پێنج ملیار دۆلار زیان بەخۆت بگەیێنیت". ئەوەشی خستەڕوو، کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانیان لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و نەناردنی شایستە داراییەکان لەلایەن بەغداوە ئاگادار کردوەنەتەوە، "چونکە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدایان بەلاوە گرنگە، داوامان لێ کردون هاوکاری هەردولا بن (هەولێر و بەغدا)، بەتایبەتی ئەوانەی کاریگەرییان لەسەر هەردولا هەیە". پەیوەست بە کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەڕوی ئاسمانی تورکیا، سەفین دزەیی دەڵێت، "دو فڕۆکەخانەی سەرەکیمان لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە هاوڵاتییان لێی سودمەندن و زۆریش جێگەی نیگەرانیمانە کە خەڵکی سلێمانی و ئەو ناوچەیە بە گشتی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی سودمەندنەبن، هەوڵدەدرێت ئەو کێشەیە چارەسەربکرێت، تورکیا نیگەرانی خۆی و هۆکاری خۆی هەیە، هیوادارین ئەو هۆکار و نیگەرانییە نەمێنن، بۆ ئەوەی دوبارە ئاسمانی تورکیا بەڕوی فڕۆکەخانەکەدا بکرێتەوە بە مەبەستی خزمەتکردنی هاوڵاتییان". سهفین دزهیی ئاشكراشیكرد كه سبهینێ چوارشهممه 30ی ئابی 2023، ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان كۆدهبێتهوه و دهرئهنجامی گفتوگۆكانی لهگهڵ بهغدا و ههنگاوهكانی داهاتووی حكومهت تاووتوێ دهكرێن.
هاوڵاتی سەرۆكایەتی فڕەنسا (ئیلیزێ) ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، ئەفسەرێكی هێزە تایبەتەكانی سوپای فڕەنسا لە كاتی ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆر بۆ پشتیوانی لە سوپای عێراق كوژراوە. كۆشكی ئیلیزێ لەپەیامێكدا بڵاویکردەوە، "ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە، دوێنێ دوشەممە لە عێراق كوژرانی نیکۆلاس مازیری ئەفسەری سوپای فڕەنسای پێگەیشت، كە لە لە ئۆپەراسیۆنێكی دژە تیرۆردا كۆتایی بەژیانی هات". لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی ئێلیزێدا هاتووە، "سەرۆککۆمار سڵاو لە بوێریی سەربازانی فەرەنسا لە عێراق دەکات و جەختدەکاتەوە لەوەی شان بەشانی عێراق، فەرەنسا پابەندە بە شەڕی دژی تیرۆر." نیکۆلاس دەبێتە سێیەمین سەربازی فەرەنسا کە لەماوەی 11 رۆژی رابردوودا لە عێراق گیانلەدەستبدات. فەرەنسا ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و یەکێکە لەو وڵاتانەی لە شەڕی دژی داعش پشتیوانێکی دیاری هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و عێراق بووە.
هاوڵاتی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) وەڵامی دەزگای دژە تیرۆری كوردستان (پارتی) دەداتەوە و رایدەگەییەنێت،" پێویستە گەلی كورد لەبەرامبەر ئەو دەزگایە هۆشیار بێت." پارتی ژیانی ئازادی كوردستان لەوەڵامێكدا بۆ دەزگای دژە تیرۆری كوردستان (پارتی) بڵاویكردۆتەوە، "دو ڕۆژ لەمەو بەر دەزگای دژە تیرۆری پارتی هەواڵێكی بڵاوكردەوە كە گوایە لە هێرشێكی ئاسمانیدا لە گوندی زەنگیدەری سەر بە گەرمكی پێنجوێن سێ گەریلا شەهید بون، وێڕای رەتكردنەوەی ئەو هەواڵە، پێویستە سەرنج بۆ سەر هەندێك لە كارەكانی ئەو دەزگایە ڕابكێشین". پژاك تۆمەتێك ئاڕاستەی دەزگای دژە تیرۆر دەكات و دەڵێت، "ئەو دەزگایە وەك وتەبێژی دەزگای سیخوڕی میتی توركیا دەجوڵێتەوە، دوای هەر هێرشێكی دوژمن، دەستبەجێ هەواڵەكەی بڵاودەكاتەوە و هەندێكجار لە كاتی وەكو دیدارەكەی هاكان فیدان لە عێراق و باشوری كوردستان، هەواڵی چەوت و درۆ بڵاودەكاتەوە كەچی ڕێك لەوكاتەدا بە هۆی هێرشی فرۆكە بێفرۆكەوانەكانی دەوڵەتی توركیا مەرتەع و باخ و ڕەزەكانی پێنجوێن ئاگریان گرتبو و پێویست بو هەمولایەن بەهانای خەڵكەوە بچن بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە بەڵام ئەوە نەك بایەخیان پێی نەدا، بەڵكو دەستیان كرد بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی چەوت و ناڕاست، بۆیە پێویستە گەلی كورد لەبەرامبەر ئەو دەزگایە هۆشیار بێت". دەقی ڕاگەیەنراوەکەى پژاک بەم جۆرەیە: بۆ ڕای گشتی و گەلەکەمان؛ سەبارەت بە دوژمنایەتی دەزگای دژە تیرۆری پ.د.ک دوو ڕۆژ لەمەوبەر دەزگای دژە تیرۆری پ.د.ک هەواڵێکی بڵاو کردەوە کە گوایە لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە ئاوایی زەنگیدەری سەر بە گەرمکی پێنجوێن سێ گەریلا شەهید بوون. وێڕای بەدرۆخستنەوەی ئەو هەواڵە، پێویستە سەرنج بۆ سەر هەندێ لە کارەکانی ئەو دەزگا بەدناوە ڕابکێشین. لە ڕێکەوتی ١١ی ئەو مانگەدا دوای ئەوەی لە هێرشێکی ئاسمانی فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی تورکیادا لە ڕێگەی پێنجوێن بۆ ناڵپارێز، سێ هاووڵاتی عەڕەبی خەڵکی موسڵ کە لە دهۆک نیشتەجێ بوون و کارمەندی ئاسیا سێڵ بوون شەهید بوون، دەزگای بە ناو دژەتیرۆری پارتی ڕایگەیاند ئەوانە گەریلا بوونە. کەچی بە ڕوونکردنەوەی فەرمی کۆمپانیای ئاسیاسێل ئەو دەزگایە بەدرۆ کەوتەوە و دەرکەوت کە بۆ دژە تیرۆری پارتی ڕەزامەندی دەوڵەتی تورکیا لە گیانی مرۆڤەکان گرنگترە. دەزگای بەدناوی دژە تیرۆری پارتی کە وەک مافیایەک دەستی لە سەرکوتی خەڵک ناپارێزێ و دەستی لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و بە تایبەت چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووساندا هەیە، هاوتەریبی ئەو کردەوانەی، وەک وتەبێژی دەزگای سیخوڕی میتی تورکییە دەجوڵێتەوە. ئەو ناوەندە مافیاییە دوای هەر هێرشێکی دوژمن، دەستبەجێ هەواڵەکەی بڵاو دەکاتەوە و هەندێ جار لە کاتی وەکوو دیدارەکەی هاکان فیدان لە عێراق و باشووری کوردستان، هەواڵی چەوت و درۆ بڵاو دەکاتەوە کەچی ڕێک لەو کاتەدا بەهۆی هێرشی فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکیا مەرتەع و باخ و ڕەزەکانی پێنجوێن ئاگریان گرتبوو و پێویست بوو هەموو لایەن بەهانای خەڵکەوە بچن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەڵام ئەوە نەک تەنیا بایەخیان پێ نەدا، بەڵکوو وەک بەشێک لە دەزگای میتی تورکیا دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەوت و ناڕاست. بۆیە پێویستە گەلی کورد لە بەرامبەر ئەو دەزگایە هۆشیار بێ. هەرچەندە ئەوە چاوەڕوانکراو بوو و هەموو دەزانن کە ئەوە دەزگای حیزبێکە کە لە دانیشتنەکانی دوای ئاشبەتاڵ لە جیاتی وێنەی شەهیدانی ڕێگەی شۆڕشی کوردستان، وێنەی خومەینییان لە شوێنی کۆبوونەوەکان هەڵواسیبوو. بەڵام لەبەر ئەوەی هەواڵەکە لەسەر زاری دەزگایەکی وەها لە ڕاگەیاندنەکان بڵاو بۆتەوە، بە پێویستمان زانی کە ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ئەو بابەتە بدەین. ئێمە ڕایدەگەیێنین ئەو دەزگایە بۆتە بەشێک لە دەزگای تیرۆریستی میت و وەک دەزگای هەواڵنێرییەکی سەر بە میت کار دەکات و تەمرین و ڕاهینانی جۆرێکی نوێ لە بەکرێگیراوی دەبینێ. هەر بۆیە داوامان لە دەزگای ڕاگەیاندن و چاپەمەنییەکان هەیە ئاستی خۆیان نەهێننە ئاستی دەزگای تیرۆریستی بە ناو دژە تیرۆری پارتی و ئەگەر بە ناچاریش پێویستە قسەکانی ئەوان بڵاو بکەنەوە، پێویستە بەردەوام جەخت بکەنەوە کە هەواڵەکانی ئەو دەزگایە گومانی لەسەرە. ئەوە پێویستیی ڕاگەیاندنێکی ڕاستەقینە و ئەخلاقی ڕۆژنامەوانییە. ڕۆژنامەوانی پیشەیە بەڵام ئەوە ڕێگر نییە لە پشتیوانی تێکۆشانێکی بە حەق. شێوازێکی پشتیوانی لە ئێمە دەکرێ بە ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاستی دوژمنانی تیرۆریست بێ دەرحەقی ئێمە و ئەوەش لە بەرامبەر پیشەی ڕۆژنامەوانی بەربەست نییە. ئێمە لە شۆڕشداین و بەردەوام هەموو هەواڵە خۆش و ناخۆشەکانی تێکۆشانمان بە زووترین کات بە ڕای گشتی و گەلەکەمان ڕادەگەیەنین. بۆیە داوامان لە گەلەکەمان ئەوەیە بە بیستنی هەر هەڤالیک، بە سەبرەوە چاوەڕوانی ئەوە بکەن کە ڕاگەیاندنەکانی ئێمە هەواڵەکە پشتڕاست یان بەدرۆی بخەنەوە. بە هیوای ڕۆژانێک کە ناڕاستی و ناپاکی لە ژیانی مرۆڤەکان سەر ڕووی زەوی بسڕدرێتەوە. سڵاو و ڕێزی شۆڕشگێڕی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ٢٩/٠٨/٢٠٢
هاوڵاتی لە یەکێک لە گەڕەکەکانى شارى هەولێر لە کاتى کارکردندا داڕمان لە ئاوەڕۆیەکدا رویدا و سێ کرێکار کەوتنە ژێرە و کرێکارێک گیانى لەدەستدا. بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لەمیانەی كاركردن لەگەلە پرۆژەیەكی گەڕەكی تەیراوا، سێ كرێكار كەوتونەتە ناو چاڵێكەوە كە بەمەبەستی مەنهۆڵ هەڵكەندراوە، پاش گەیشتنی تیمەكانی بەرگری شارستانی توانراوە دەربهێندرێن. هاوکات یەكێك لە كرێكارەكان لەكاتی كەوتنە خوارەوەیدا بۆ ناو مەنهۆڵەكە گیانی لەدەستداوە و دو كرێكارەكەی دیكەش برینداربون كە برینی یەكێكیان سەختە و لەئێستاشدا گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە. بەگوێرەی زانیارییەکان کاتێک یەکێک لە کرێکارەکان کەوتۆتە مەنهۆڵەکەوە دو كرێكارەكەی دیكەش هەوڵیانداوە دەریبهێنن، بەڵام ئەوانیش كەوتنەتە ناو چاڵەكەوە.
هاوڵاتی بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە لە تیمی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەواژۆی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، كە دەستلەكاركێشانەوەی قبوڵ نەكراوە و دەوامیش ناكات، بەرپرسێكی باڵای یەكێتی لە پۆستەكەی دوردەخاتەوە، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەش لە پشكی یەكێتی ڕەتیدەكاتەوە پابەندبن بەو بڕیارەوە. بەگوێرەی هەواڵێكی دەنگی ئەمریكی، عەبدولخالق باپیری، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە لە تیمی پارتی، بە نوسراوی ژمارە (16799) لە ڕۆژی 22ی (ئاب/8)ی 2023 عەمید نزار قادر مەجید، بەڕێوەبەری موچە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەكان، كە لە تیمی یەكێتییە دورخستوەتەوە. لەبارەی بڕیارەكەوە، عەمید نزار قادر بە دەنگی ئەمریكای ڕایگەیاندوە،"بڕیارەكە لەسەر ئەوەیە كە من لێپرسراوی موچەم و پەیوەست نابم بەو بڕیارەوە كە باس لە دابەشكاری بودجەی هێزە هاوبەشەكان دەكات بە ڕێژەی 57 بە 43؛ بۆیە ئەو بڕیارە لە دژم دراوە". لەوەڵامی نوسراوەکەی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ دوورخستنەوەی پلەدارەکەی یەکێتی، لیوا بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە تیمی یەکێتی بەنوسراوێکی فەرمی کە ئاراستەی بریکاری وەزارەتەکەی کردووە، بڕیاری دوورخستنەوەی ئەفسەرەکەی بە نایاسایی وەسفکردووە و ڕەتیکردووەتەوە پابەندبن پێوەی. لە نوسراوەکەی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەدا، کە بە ژمارە 3028 و لە بەرواری 28/8/2023 ئاڕاستەی بریکاری وەزیری پێشمەرگە کراوە و وێنەیەکی تایبەت دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، هاتووە، "فەرمانی لابردنی ئەو ئەفسەرە لەدەسەڵاتی جەنابتان نییە و فەرمانەکەش نایاساییە." بەڵام لیوا عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە پێی وایە بڕیارەکە یاساییە و بە دەنگی ئەمەریکای وتووە، "دوور خستنەوەی ئەو ئەفسەرە لەسەر بنەمای لیژنەی لێکۆڵینەوە بووە، بەڵام ئێمە هیچ لێدوانێکی لەبارەوە نادەین." سەبارەت بە یاسایی بوون یان نەبوونی بڕیارەکەی بریکاری وەزیر سەبارەت بە دوورخستنەوەی عەمید نزار قادر، پسپۆڕێکی یاسا دەڵێت بە پێی یاسای وەزارەتی پێشمەرگە، بریکاری وەزیر ناتوانێت بە واژوی وەزیر بڕیار بدات.
هاوڵاتی کارەباى سلێمانى رایگەیاند؛ لیژنەی باڵای دیاریکردنی نرخی کارەباى کۆمەڵگاکانى نیشتەجێبون (سیتییەکان) کۆبونەوەیەکی سازکردو تیایدا نرخی کیلۆواتی کارەبای موەلیدەی بۆ مانگی ئاب دیاریکرد، کە بریتیە لە (276) دینار بۆ هەر کیلۆواتێک. دەشڵێت: بەگوێرەی نرخی گازوایل لەبازاڕ و ئەو توێژینەوەیەی بۆ خەرجی موەلیدەی ستییەکان ئامادەکراوە نرخی کیلۆوات هاوەرێک کارەباى موەلیدەى ستییەکان بریتیە لە (276) دینار، لە کاتێکدا مانگى تەمموز نرخى کێلۆوات هاوەرێک بە (274) دینار بو. پێویستیشە سەرجەم ستیيەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی پابەندبن بەنرخەکەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر زیاتر لەو نرخە وەربگرن روبەڕوی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە و سزادەدرێن.
هاوڵاتی ھەسەدە بە پشتیوانی ئاسمانی ھاوپەیمانان، ئۆپەڕاسیۆنێکی فراوانی دژی ئەندامانی رێکخراوی داعش ئەنجامدا و کوژرانی سێ کەس و دەستگیرکردنی ١٣ تۆمەتباری راگەیاند. ناوەندی راگەیاندنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە رایگەیاند، لە ئۆپەڕاسیۆنێکدا کە لە پارێزگای دێرەزور ئەنجامدرا ١٣ تۆمەتباری تیرۆر و ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکراون. ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە ئۆپەڕاسیۆنەکەدا کە لەژێر ناوی بەھێزکردنی ئاسایش ئەنجامدرا، پێنج ئەندامی داعش و ھەشت کەسی دیکە بە تۆمەتی ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکراون، ھاوکات سێ کەسیش کوژراون دوای ئەوەی رووبەڕووی ھێزەکانیان بوونەتەوە. ھەسەدە دەڵێت، ئۆپەڕاسیۆنەکە لەکاتێکدا ئەنجامدراوە کە ماوەیەکە دێرەزور روبەڕوی ھێرشی بەردەوامی تیرۆرستان دەبێتەوە، ھەروەھا ئۆپەڕاسیۆنەکە درێژکراوەی ئەو ھەڵمەتە ئەمنییانەیە کە لەماوەی رابردودا لە رەققە و حەسەکە ئەنجامدراون.
هاوڵاتی وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێری هەرێمی كوردستان رونكردنەوەیەكی لەبارەی گرتنەوەی ئاو لە ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بڵاوكردەوە. وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێری هەرێمی كوردستان ڕەتیدەكاتەوە، هیچ ناكۆكیەك لەنێوان هەرێم و بەغدا سەبارەت بە ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو هەبێت و راشیدەگەیەنێت، "ئەو بابەتانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوكراونەتەوە هیچ بنەمایەكیان نیە، بە پێچەوانەوە پەیوەندییەكانمان لە ئاستێكی زۆر باشدان". وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەڕونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە"بابەتێك بڵاوكراوەتەوە لە سۆشیاڵ میدیا سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردنی هەرێمی كوردستان تایبەت بەدۆسیەی ئاو و گرتنەوەی ئاو لەگەڵ عێراق ، بۆ ڕای گشتی رایدەگەیەنین بە مەبەستی بەردەوامیدان بە پەیوەندیەكانمان ڕۆژی یەك شەممە 2023/8/27 ، كۆبونەوەی تایبەت هەبووە لە نێوان لێژنەی تایبەتمەندی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی مەلەفی ئاو ، لەژێر ڕۆشنایی ئەو تێگەیشتن و هەماهەنگیانەی لە نێوان هەردوولادا هەیە ، هیچ جۆرە ناكۆكیەك لەسەر ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو نییە". وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت، مەلەفی ئاو بەپێی دەستور ڕێکخراوە لە نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەم مەبەستەش ھەردوو وەزارەت پەیوەندییە ھاوبەشەکانیان رێکخستووە و لە سەر بنەمای پێکەوە کارکردن بەردەوام دەبن . ئەوەش لەكاتێكدایە، نەبەز رەفعەت، راوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان بەمیدیای فەرمی پارتی راگەیاندبو، "هەرێمی كوردستان بابەتی بەردانەوەی ئاوی بەرامبەر بە عێراق بەكارهێناوە وەك فشار و ئاومان كردوەتە مەرج ئەگەر بەغدا پابەند نەبێت بە رێككەوتن، ئێمەش ئاو دەگرینەوە لەسەر ناوچەكانی ناوەڕاستو باشوری عێراق.
هاوڵاتی هێزێکی سوپای عێراق بەبێ ئاگاداری پێش وەختە هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی تۆپزاوا، بەپێی زانیاریەکانیش مەبەستیان کۆنترۆڵکردنی بینای کۆنی سەربازگەی گوندەکەیە کە دانیشتوانی ناوچەکە داوایان کردبو بکرێت بە مۆنۆمێنت بۆ ناساندنی تاوانەکانی ئەنفال. بە پێی زانیارییەکان پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە (28ـی ئابی 2023)،15 ئۆتۆمبێلی سەربازی سەر بە فیرقەی 11 ی سوپای عێراق چونەتە تۆپبازاوا و دەیانەوێت سەربازگەی کۆنی تۆپبازاوا زیندو بکەنەوە و ھەڕەشەی چۆڵکردنی گوندەکەشیان کردوە. بە گوتەی دانیشتووانی گوندەکە، هاتنی ئەو هێزەی سوپای عێراق بە مەبەستی داگیرکردنی زەوی گوندەکەیانە کە ماوەیەک پێش ئێستا وەزارەتی بەرگری عێراق ویستی داگیریبکات. گوندی تۆپزاوا دەکەوێتە باشووری کەرکووک و دانیشتووانەکەی کوردن و خاوەنی رەسەنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکەن، چەندین جارە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە لەلایەن سوپای عێراقەوە فشاریان لێدەکرێت گوندەکە چۆڵ بکەن. لە ماوەی رابردووش، هەردوو وەزارەتی شارەوانی و بەرگریی عێراق، لە هەوڵی ئەوەدابوون سەربازگەی کۆنی سەربازی لە ناوچەکە بنیاتبنێتەوە و لەسەر رووبەری چوار هەزار و 500 دۆنم زەوی جووتیارانی گوندی تۆپزاوە