رۆژنامەی (الشرق الاوسط) لەزاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردووەتەوە: رەنگە دانوستانی ئەمجارەی نێوان هێزە سیاسیەكانی عێراق هەندێك گۆڕانكاری تیادا رووبدات، كە پێشتر لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتەكانی پێشوودا پیادەكراوە. بەوتەی سەرچاوەکە، پێدەچێت مالیکی پێشنیازی ئەوە بکات، پۆستی سەرۆکایەتی كۆمار بدرێت بە پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەپێچەوانەی نەریتی خولەكانی پێشوو، بەدووريش نازانرێت ئەمە لە بەرامبەر پاڵپشتیی هەولێر بێت بۆ داواکاری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت. ئەو سەرچاوەیە دووپاتی كردووەتەوە، دیارترین کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی ئێستایە، کە كاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی پۆستی سەرۆکایەتی كۆمار بە شێوەیەکی نەریتی دەدرێت بە كورد، بەڵام قۆرغ نییە بۆ یەکێتی. رۆژنامەی (الشرق الاوسط) ئاشكرایدەكات، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لەلایەن هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بە تەواوی سەرپشكراوە بۆ بەڕێوەبردنی دانوستانەکانی ناونانی کاندیدەكانی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەو پشتیوانیکردن لە کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق. رۆژنامەكە لەزاری سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بڵاویكردووەتەوە، ئەو کاندیدەی کە مالیکی پشتیوانی دەکات، ئێستا لە پێشەنگی ئەو ناوانەیە كە کێبڕکێی لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق دەكەن و پابەندیش دەبێت بە جێبەجێکردنی ئەو پێشمەرجانەی کە گەورەترین كوتلەی پەرلەمان لەسەری رێککەوتوون. حزبی دەعوەی ئیسلامی دوێنێ بە کۆی دەنگ بڕیاریدا نوری مالیکی، ئەمینداری گشتی حزبەكە كاندید بكات بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەڵام سەرچاوەکان جەختدەكەنەوە ئەم کاندیدکردنە تەنها بۆ بەهێزکردنی پێگەیەتی لە دانوستانەکانداو بەهێزکردنی چانسی کاندیدەکەیەتى، تا دواتر وای نیشان بدات سازش لەسەر کاندیدبونەكەی دەكات لە بەرژەوەندی كەسێكی پەسەندکراوتر كە لەبنەمادا كاندیدی خۆیەتی. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، کاندیدەکەی مالیکی رەنگە لە دەرەوەی حزبەكەی بێت و کۆدەنگییەکی بەرفراوانی بەدەستهێناوە، دوای دانوستانێكی چڕی نێوان لایەنە شیعەکان کە کورسی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوەو رۆڵی هەر لایەنێکی لەناو حکومەتی داهاتوودا دیاریکردووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی کوردستان وەڵامێکی تووندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەداتەوە و ڕایدەگەییێت، ئەگەر بیانەوێت کورسی لایەنەکان بکڕن ئەوا زۆربەی کورسییەکانی یەکێتی لە هەموویان هەرزانترن. لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی کوردستان چەند ڕۆژێکە بەرپرسانی یەکێتی باس لە کڕینی کورسی حیزبەکان دەکەن لەناویاندا نەوەی نوێ. سەرچاوەیەکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیێنراوێکی تایبەت بۆ ئاڤا میدیا ڕایگەیاند: ـ ئێمە وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن، هەر لە سەرەتاوە دەرگامان کراوە بووە بۆ لایەنە براوەکانی دیکە، ئێستاش دەرگامان کراوەیە بۆیان، بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن پێشوازی لە هەر لایەنێک دەکەین بێتە ناو حکومەت". ـ پارتی هیچ کاتێک هەوڵی نەداوە و نەیویستووە پەرلەمانتارانی حیزبەکانی تر بکڕێت، ئەمە هەوڵێکی بێبنەمایە دژی پێکهێنانی کابینەی دەیەم، هەوڵی لایەنێکە کە هەر لە سەرەتاوە دەیانوسیت پێکهێنانی حکومەتی نوێ دوابکەوێت. ـ ئەگەر پارتی بیەوێت کورسی لایەنەکان بکڕێت، ئەوا زۆربەی کورسییەکانی یەکێتی لە هەموو لایەنێک هەرزانترن.
دوای هەفتەیەک لە دیارنەمانی گەنجێکی دانیشتووی قەزای کەلار لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە. مەهدی محەممەد، تەمەن 25 ساڵ، دانیشتووی کەلار، لە ئێوارەی 16ی ئەم مانگەوە دوای ئەوەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆ چوو، لە ماڵ دەرچوو و چووە نزیک رووباری سیروان. دوای گەڕانێکی زۆر، ئەمڕۆ نزیک کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە. عارف عادل، قایمقامی قەزای کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەرمی مەهدی لە رووباری سیروان دۆزرایەوە و رەوانەی دادپزیشکی دەکرێ". قایمقامی کەلار گوتی، "تاوەکو ئێستا دیار نییە رووداوەکە خنکان، تاوانکارییە یان چۆنە؛ دواتر روون دەبێتەوە کە پزیشکی دادوەری بڕیاری لەسەر دەدات." لەبارەی ونبوونی مەهدی، محەممەد خالیدی باوکی رۆژی 20ـی ئەم مانگە بە رووداوی راگەیاند، "نزیکەی کاژێر 04:35 خولەک مەهدی دەچێتە چایخانەیەک لە بازاڕ. تەلەفۆنێکی بۆ هاتبوو و دەڕوا لەودیو پردەکەی ساڵح ئاغاوە کە بازگەیەکی لەبەردەمە و جادەیەکی لێ جیادەبێتەوە بۆ کانی ماسی و ئەو ناوە، ئیدی لەوێ دیار نامێنێت." مەهدی کوڕە گەورەی خێزانەکە بوو و خوێندکاری قۆناخی چواری بەشی فیزیا بوو لە زانکۆی گەرمیان. جگە لە کەسوکاری، بۆ دۆزینەوەی، هێزەکانی پێشمەرگە ناوچەکەیان کێوماڵکرد.
سەرۆک بارزانی و نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا، لە کۆبوونەوەیەکدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و قۆناغی دوای هەڵبژاردنیان تاوتوێ کرد. بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، ڕۆژی شەممە 22ی تشرینی دووەمی 2025 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا کرد. لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و قۆناغی دوای هەڵبژاردن کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە، پێویستە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بخرێنە خزمەتی خەڵکی عێراق. هەر لە کۆبوونەوەکەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و هەروەها بڕیار لەسەر بەردەوامیی ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕاکان و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسیەکانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق درا. ئەم دیدارە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2025، لە ڕاگەیەنراوێکدا کە لەلایەن هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا دەرچووە و میدیای (ئەلرابیعە) وەریگرتووە، ئاماژە بەوە کراوە: ئەنجوومەنی شوورای حزبی دەعوەی ئیسلامی بە کۆی دەنگ بڕیاری داوە، نووری مالیکی، ئەمینداری گشتیی حزب، وەک کاندیدی فەرمیی حزبەکە، بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کاندید بکات.
بەرپرسێکى باڵاى نەوەى نوێ ڕایدەگەیەنێت، لەو مەرجە پەشیمان بوینەتەوە کە داوا پۆستی سەرۆکوەزیران و هەر 23 وەزارەتەکەمان دەکرد. لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ، زۆرترین ڕا لەسەر ئەوە بووە کە جوڵانەوەکە بەشداری کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات. لەم هەفتەیەدا سەرۆکی جوڵانەوەکە لەنێو زیندانەوە بڕیاری کۆتایی دەدات. بەرپرسێکى باڵاى نەوەى نوێ بە ماڵپەرى ئاڤاى ڕایگەیاندووە: ڤیتۆمان لەگەڵ هیچ لایەنێکی سیاسی نییە، تەنانەت ئەو مەرجەی پێشتر داوامان کردبوو کە پۆستی سەرۆکوەزیران لەگەڵ وەرگرتنی هەر 23 وەزارەتەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیچ یەکێک لەمانەمان ناوێ. ئەو بەرپرسەی نەوەی نوێ ئەوەشى خستوەتەڕوو "چاوەڕوانی ئەوەین ئاخۆ لە پێکهێنانی حکومەت وەکو شایستەی هەڵبژاردن چیمان پێدەدرێت، بۆیە چاوەڕوانی کۆتا بڕیاری شاسوار عەبدولواحیدین لەنێو زیندانەوە دەیدات". ڕۆژی هەینی 21-11-2025، ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ بە سەرپەرشتی سروە عەبدولواحید و بە بەشداری هەردوو فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق لە ماڵی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە شاری سلێمانی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بەشداریکردنی جوڵانەوەکە لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و ڕاسپاردەکە بە سەرۆکی جوڵانەوەکە گەیێنرا.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئێوارەی هەینی چەکدارانی داعش چەند خاڵێکی ئەمنیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی ئاسایشی سووریا لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور کردووەتە ئامانج. گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنی سووری کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، "چەکدارانی داعش بە نارنجۆکێک و موشەک بنکەیەکی ئەمنیی هێزەکانی هەسەدەیان کردووەتە ئامانج. ئەمەش بووەتە هۆی پێکدادانی چەکداری لەنێوان هەردوولادا لە شارۆچکەی دیبان لە گوندەکانی دێرەزوور. لەلایەکی دیکەوە گرووپەکە بە چەکی مامناوەند هێرشیان کردووەتە سەر خاڵی پشکنینی عەرقووب کە سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکراتە، دواتر تەقینەوەیەکی بەهێز لە شارۆچکەی سوسە لە ڕۆژهەڵاتی گوندەکانی دێرەزوور ڕوویدا". و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی گیانی و ماددی ڕانەگەیێندراوە". لەلایەکی دیکەشەوە ڕوانگە بڵاوی کردەوە، "شانەکانی داعش بە دۆشکە خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی سووریان کردە ئامانج، لە ئەنجامدا ڕووبەڕوو پێکدادان لە شارۆچکەی ئابرێحە لە ڕۆژهەڵاتی گوندەکانی دێرەزوور ڕوویدا. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی گیانی و ماددی ڕانەگەیێندراوە. ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڵاوی کردووەتەوە، 224 ئۆپەراسیۆن لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە لەلایەن شانەکانی داعشەوە لەو ناوچانەدا ئەنجامدراون و لەلایەن ئیدارەی خۆسەرەوە کۆنترۆڵکراون. هەموو ئەو ئۆپەراسیۆنانە بریتی بوون لە هێرشی چەکداری، تیرۆرکردنی ئامانجدار و بۆردومان. بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی ڕوانگە، ئەم ئۆپەراسیۆنانە بوونەتە هۆی کوژرانی 98 کەس: 69 ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و پێکهاتە سەربازییەکانی سەر بە خۆی؛ 13 ئەندامی داعش؛ 15 هاووڵاتی مەدەنی؛ و هاووڵاتییەکی دیکە کە هاوکاریی هەسەدەی کردووە.
سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، نووری مالیکی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤیزیۆنیدا، گوتی:"گرووپە چەکدارەکان ئامادەن تێكەڵ بە حكومەت ببن و چەکە قورسەكانیان ڕادەست بکەن". نووری مالیکی ڕەخنەی لە سیستەمی ئێستای هەڵبژاردن گرت و جەختی کردەوە کە پێویستی بە پیاچوونەوەیە، هەروەها دووپاتی کردەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی پێوەرێکی دیاریکراوی بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق داناوە، بەڵام بڕیاری نەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی لە خولی دووەمی سەرۆکوەزیران بێبەش بکرێت. سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، گوتی: "ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی عێراق بە رێککەوتنی کاتی چارەسەر ناکرێن، بەڵکوو پێویستیان بە داڕشتنی یاسایە و پڕۆسەی سیاسیی دوای ھەڵبژاردن وا دەخوازێت بچمە هەرێم بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە ئاڵۆزییەکان". لەکۆتاییدا گوتی: "ئێمە نامانەوێت بەشێک بین لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئەمریکا؛ بەڵکو دەمانەوێت ڕۆڵی نێوەندگیری ببینین، عێراق نابێتە بەشێک لە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام یان هیچ ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل".
هاوسەرۆکانى دەم پارتى ڕایدەگەیەنن پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمڕۆی کۆمیسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی دەکەین بۆ چوون بۆ ئیمرالی، سەردانەکەی داهاتووی ئیمرالی هەنگاوێکی مێژوویی دەبێت بەرەو کۆتایی هاتنی هەمیشەیی ئازاری دەیان ساڵە و دامەزراندنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی. بناغەی دیالۆگ و پەرەپێدانی کەناڵە شەفافەکانی پەیوەندی لە ئیمرالی پەنجەرەیەکی ناوازەی دەرفەت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیە دەخەنە ڕوو. کۆمیسیۆنی ئاشتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیا بڕیاری دا سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکات و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆببێتەوە. دەم پارتی پێشوازی لە بڕیارەکە دەکات و بە "هەنگاوێکی مێژوویی" ناوی دەبات، هاوکات رەخنە لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەگرێت بۆ رەتکردنەوەی بەشداریکردن لە شاندەکەدا. لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا، ئێوارەى ئەمڕۆ هەینى، تولای هاتیمۆغولاری و تونسێر باکرخان هاوسەرۆکانی دەم پارتی، سەبارەت بە بڕیاری کۆمیسیۆن بۆ چوون بۆ ئیمرالی ڕاگەیاند: سەردانەکەی کۆمیسیۆن بۆ ئیمرالی سەردەمێکی نوێ لە تورکیە دەستپێدەکات؛ سیاسەتی ترس جێگەی هیوا و متمانە بە پێکەوەژیان دەگرێتەوە. ئەم کۆبوونەوەیە شەفافیەت و دڵسۆزی پرۆسەکە بەهێزتر دەکات و بەشداری هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە بنیاتنانی ئاشتیدا بەهێزتر دەکات. هاوسەرۆکانى دەم پارتى دەشڵێن : ئێمە متمانەی تەواومان هەیە کە کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن لە دڵنیابوون لە پێشکەوتنی پرۆسەکە بە شێوەیەکی تەندروست و سەلامەت. بە دڵ و گیان دەستخۆشی لە ئەندامانی کۆمسیۆن دەکەین کە ئەم سەردانە ئەنجام دەدەن و سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و سەرۆکی پەرلەمان نومان کورتولموش دەکەین بۆ ڕۆڵی بنیاتنەریان لە کارەکانی کۆمسیۆن. کۆمیسیۆنی "پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" کە لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، ئەمڕۆ هەینی بڕیاری دا شاندێک رەوانەی زیندانی ئیمراڵی بکات. ساروهان ئۆلوچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە هەر فراکسیۆنێکی نێو کۆمیسیۆنەکەدا یەک ئەندام بەشدار دەبێت و بڕیارە کۆمیسیۆنەکە چاویان بە ئۆجەلان بکەوێت." گوتیشی، "ئەم هەنگاوە بۆ چارەسەری کێشەی کورد و ئاشتیی تورکیا گرنگە." جەهەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنە رایگەیاند، بەشداریی سەردانەکە ناکات.
هەردوو فراکسیۆنی نەوەی نوێ پرۆژەیەکی تۆکمەیان ئامادەکردووە بۆ چارەسەری یەکجارەکیی کێشەی مووچەو داهاتی هەرێم و ئالیەتی چاودێریی ئەو داهاتە لە یاسای بوودجەدا. ئەمڕۆ هەینی ٢١ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، دەستەی بەڕێوبردنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە، تێیدا باس لە چۆنیەتیی چارەسەری دۆخی هاوڵاتییان و مووچە و شێوازی چاودێریی دەسەڵات و حکومەت لە داهاتوودا کرا. هاوکات، لە کۆبونەوەکەدا باس لە کۆمەڵێک هەنگاو و رێکار کرا، لەوانە هەردوو فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە هەرێم و لە بەغداد دەیگرنەبەر، کە پرۆژەیەکی تۆکمە لەخۆدەگرێت بۆ چارەسەری یەکجارەکیی کێشەی مووچەو داهاتی هەرێم وئالیەتی چاودێریی ئەو داهاتە لە یاسای بوودجەدا. هەروەها فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بریاریاندا جوڵانەوەکە و سەرۆکی جۆڵانەوەکە لە زیندانەوە هەر بریارێک بدات ئەوە هەمووان پابەند دەبن پێیەوە.
کۆمسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کۆبویەوەو دەنگ بە بەڵێ دا و شاندێک دەچێتە ئیمرالى. بەپێى هەواڵى میدیاکانى تورکیا، کۆمیسیۆنەکە دەنگی دا بۆ چوون بۆ ئیمرالی. دەنگدانەکە ٣٢ "بەڵێ" و ٢ "نەخێر" و ٣ ئەندام ئامادەنەبوون. کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بڕیاری دا شاندێک رەوانەی ئیمراڵی بکات بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە. دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ هەینى کۆبوونەوەى کۆمسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بەرێوەچوو دەنگدانەکەش بەنهێنى بووە. میدیاکانى تورکیا بڵاویانکردەوە، پێش دەنگدانەکە، ئەندامانى جەهەپە کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشتووە. پارتی گەلی كۆماری توركیا (جەهەپە) وەكو یەكەم لایەن هەڵوێستی خۆی ئاشكراكردو رایگەیاند، ئامادە نییە ئەندامەكانی خۆی لە كۆمسیۆنەكە بنێرێت بۆ ئیمرالی. بۆ ئەوەی كۆمسیۆنەكە بڕیار لەسەر چوونی بدات بۆ دیدار لەگەڵ ئ.ۆ.ج.الان پێویستە لەكۆی (51) ئەندام 31 ئەندامیان بە (بەڵێ) دەنگ بدەن.
هێمن هەورامى، ئەندامى مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان بە کەناڵ8ـى راگەیاند، پێویستە لەو بابەتە ستراتیجییانەى پەیوەندیدارن بە هەرێمى کوردستان، کورد لە بەغداد یەک بێت و جیاوازییەکان وەلابنێت. گوتیشى، جیاوازییە ناوخۆییەکان پێویستە نەبێتە ڕێگر لەبەردەم یەکڕیزى و یەک گوتاریى کورد لە بەغداد و پێکەوە جۆرێک لە تێگەیشتن لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان لەسەر ئەو پرسانە هەبێت. هێمن هەورامى، ئەندامى مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان گوتیشى، کێشەى کورد لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ بابەتى کەسى نییە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و ئەگەر ئەوە بکرێتە پێوەر، ئەوا هیچ کەسێک بە ئەندازەى عادل عەبدولمەهدى دۆستى کورد نەبووە، بەڵام هیچى پێنەکراوە. ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی گوت، جەختکردنەوەى ئێمە لەسەر بەدامەزراوەییکردنى پەیوەندییەکانە کە بەشێوەیەک بێت بە گۆڕانى کەسەکان هیچ گۆڕانکارییەکى تێدا ڕوونەدات.
ڕوانگەی سووری ڕایگەیاند، ئەمریکا چەندین جۆری چەکی قورس و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان گواستەوە. ڕوانگەکە کە بارەگاکەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، تێبینیی جوڵەی نائاسایی فڕۆکەی بارهەڵگری ئەمریکایان لە فڕۆکەخانەی خرابجیر لە پارێزگای حەسەکە کردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، نیوەڕۆی پێنجشەممە، فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئەمریکا لە بنکەکە نیشتووەتەوە و پاشان ئێوارەی هەمان ڕۆژ فڕۆکەیەکی دیکەی بارهەڵگر لە فڕۆکەخانەکە نیشتووەتەوە کە ژمارەیەک تۆپهاوێز و سەکۆی هەڵدانی مووشەک و سیستمی ڕادار و بەرگریی ئاسمانی هەڵگرتووە، هەروەها ژمارەیەک سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیشی تێدابووە. ڕوانگەی سووری ئەوەشی خستووەتەڕوو، هاوکات لەگەڵ نیشتنەوەی فڕۆکە بارهەڵگرەکان، جوڵەی چڕی هێلیکۆپتەرەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان هەبووە بۆ پاراستنی فڕۆکەکان. ڕوانگەکە دەشڵێت، گواستنەوەی ئەو چەک و کەلوپەلە سەربازییانە لە چوارچێوەی جوڵەی لۆجستی بەردەوامی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا دێت لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە، بۆ ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش و درووستبوونی توندوتیژی لە ناوچەکەدا، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاند، پلانیان هەیە بۆ کشانەوەی 600 سەرباز لە سووریا، هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەند جارێک باسی لە کشانەوەی تەواوی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا کردووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند: شەڕ و پێکدادانەکان لە بەرەی (غانم ئەلعەلی) لە دەورووبەری ڕەققە وەستاون، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی حکوومەتی دیمەشق ناوچەکەیان تۆپباران کردبوو. هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کردووە، هێزەکانی حکوومەتی سووریا (دیمەشق) بەرپرسیاری سەرەکیی ئاڵۆزکردنی دۆخی ئەو ناوچەیەن و ئەوەی ڕوویداوە، هەوڵێکە بۆ تێکدانی دۆخی ئەمنی و دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی. لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات هۆشداری دەدەن و جەخت دەکەنەوە، بێدەنگ نابن و وەڵامی هەر هێرش و دەستدرێژییەک دەدەنەوە کە بکرێتە سەر ناوچەکانیان.
سەركردایەتیی كۆمەڵ: بەرپرسیارێتیی كەمكردنەوەی دەنگەكان لە ئەستۆ دەگرین و نەخشەی چاوبەخۆداگێڕانەوە دادەڕێژینپەیامئەنجوومەنی سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەری كوردستان كۆبووەوە و ڕایگەیاند، بەرپرسیارێتیی كەمكردنەوەی دەنگەكان لە ئەستۆ دەگرێت و نەخشەی چاوبەخۆداگێڕانەوە دادەڕێژێت. ئەمڕۆ، بە سەرپەرشتیی عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، ئەنجومەنی سەركردایەتیی حزبەكە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا و هەڵسەنگاندنێكی ورد و هەمەلایەنەی بۆ ئەنجام و دەرئەنجامەكانی دواهەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كرد. لە ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە: یەكەم: ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەری سوپاسی ئەندامان و دەنگدەرانی دەكات كە پشتیوانیی كۆمەڵ و كاندیدەكانی بوون و هەوڵی شەو و ڕۆژیان خستە سەر یەك و ئەوەندەی لە توانایاندا بوو ئەنجامیان دا. دووەم: ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەست هات لە ئاست چاوەڕوانیی ئەندامان و دڵسۆزانی كۆمەڵ نەبوو، بەراورد بە ڕابردوو دەنگەكانی كۆمەڵ پاشەكشەی كردووە. ئەنجوومەنی سەركردایەتیی بەرپرسیارێتیی و ئۆباڵی ئەنجامەكان دەخاتە ئەستۆی خۆی و، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت. سێیەم: كۆمەڵی دادگەری بەم دواییانە كۆنگرەی گرێ داوە و هێشتا تەشكیلاتی ئۆرگانەكانی نەكردووە، هەر بۆیە تەشكیل كردن و ڕێكخستنەوەی مەڵبەند و مەكتەب و ئۆرگانەكان بەپێی هەلومەرجی گونجاو بە هەنگاوی یەكەمی خۆڕێكخستنەوە دەزانێت، بۆ ئەو مەبەستەش سەركردایەتی لیژنەیەكی ڕاسپارد دەست بە تەشكیلاتی ئۆرگانەكان بكەن. چوارەم: پشتیوان بە خودا و بە ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوە و پلانی گونجاو كۆمەڵ نەخشەی چاوبەخۆداگێڕانەوە دادەڕێژێت، بە شێوەیەك گوڕوتینی زیاتر بداتەوە بە ئەندامان و دۆستان و دڵسۆزانی. پێنجەم: تایبەت بە نوێنەرەكەی كۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق، بێگومان وەك هەمیشە لە خەمی بیروباوەڕ و مافی خەڵك و بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا دەبێت. هەروەها ئەنجوومەنی سەركردایەتی ڕایسپارد كە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە براوەكانی دەرەوەی دەسەڵات بكات بۆ كاری هاوبەش و پێكەوەیی.
دەزگای ئاسایشی هەرێم روونکردنەوەیەک سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵێکی ناڕاست بڵاوکردەوە. دەزگای ئاسایشی هەرێم روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە، سەبارەت بەدەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ماددەی هۆشبەر لەشاری سلێمانی لە رۆژی 19ـی 11ـی 2025، کە چالاکییەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم و بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی مادە هۆشبەرەکانی کەرکوک سەربە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عیراق بە سەرکەوتوانە ئەنجامدراوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێکی ناڕاست بڵاوکرایەوە کەدەستەی حەشدی شەعبی لە شاری سلێمانی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردبێت، دەزگای ئاسایشی هەرێم رایدەگەیەنێت کە ئەم هەواڵە دورە لە راستییەوە، دوای ئەوەی نوسراوی رەسمی دادوەری لێکۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکانی کەرکوکمان بەدەست گەیشت، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە هەماهەنگی تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی مادە هۆشبەرەکانی کەرکوک کە پێکهاتبوون لە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ناوبرا و بە هاوەڵی سێ ئەفسەری هەمان بەڕێوەبەرایەتی، بەسەرکەوتوانە توانرا بازرگانێکی مادەی هۆشبەر دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی سێ کیلۆگرام حەشیش. دەزگای ئاسایشی هەرێم دەشڵێت: لەئێستادا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر بەماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان لە گرتوخانەی دەزگای ئاسایش لەشاری سلێمانی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.
