سەرۆک بارزانی لە کۆڕبەندی مێپس گوتی، "سیاسەتی خۆسەپاندن نە لە عێراق و نە لە جیهان سەرکەوتوو نەبووە." لە دەستپێکی کۆڕبەندی مێپس 2025، سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووانی کۆڕبەندەکە کرد و ڕایگەیاند: ئەم کۆڕبەندە لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت، هیواخوازین ڕاسپاردەکانی کۆتایی ئەم کۆڕبەندەیە ئەنجامێکی ئەرێنی بەدوای خۆیدا بهێنێت. رایگەیاند، "پەیماننامەی سایکس پیکۆ گۆڕانکارییەکەی گەورەی لە ناوچەکە دروست کرد. سایکس پیکۆ ئەمن و ئاسایشی بۆ ناوچەکە نەهێنا، لەو کاتەوە ئێمە بەدەستییەوە دەناڵێنین." سەرۆک بارزانی دەشڵێت، زۆر ئاساییە هەڵە بکرێت، بەڵام بەردوام بوون لەسەری "تاوانە" و "حەقە ئەو کێشانەی دێنە بەردەممان بۆ جیلی داهاتوو بەجێنەهێڵین." ئاماژەی بەوە دا، "ئەو هەلەی 2003 هاتە پێش هێشتا ماوە و دەبێت لەدەستی نەدەین." لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد، "هیوادارین ئەو هەڵبژاردنەی ئەنجامدرا رێگەخۆشکەر بێت بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی عێراق بگەڕێتەوە سەر رێچکەیەکی راست و دروست." لەبارەی پرۆسەی چارەسەری تورکیا، سەرۆک بارزانی گوتی، "پشتیوانییەکی باشمان لێکردووە و بەردەوام دەبین." هەروەها لە سووریاش دەرفەتێکی زێڕین هاتووەتە پێش. سەرۆک مەسعود بارزانی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "لە رووی تەکنیکییەوە زۆر پێشکەوتوو بوو، لە هیچ شوێنێک نەمبیست کەشی هەڵبژاردن ناخۆش بکات. بەڵام هیوادام یاسای هەڵبژاردن بگۆڕێت." سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا لە مێپس 2025، گوتی: ئەم کۆڕبەندە لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت، هیودارین لێکۆڵینەوەکانی ئەم کۆڕبەندە ئەنجامێکی ئەرێنی لێبکەوێتەوە و ئەم ئامانجانە بەدەست بهێنێت، کە ئەم کۆڕبەندەی بۆ دەبەسترێت. گوتیشی: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیرانی زۆر و مەترسیدار هەیە، ئومێدەوارین ئەم جۆرە کۆڕبەندانە ببێتە ڕێگەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو قەیرانانە، ئاماژەی بەوەشدا، هەندێ ڕووداو، گۆڕانکاریی و مێژوو دروست دەکەن. سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، پەیماننی سایکس پیکۆ گۆڕانکاریی گەورەی بەسەر ناوچەکەدا هێنا، ئەم سیستەمەی لە ئەنجامی پەیماننامەی سایکس پیکۆ هاتە کایەوە، بەداخەوە سەقامگیریی بۆ ناوچەکە نەهێنا، گرفتی گەورەی دروست کرد، تاوەکوو ئێستاش میللەتانی ئەم ناوچەیە بەدەست ئەم پەیماننامەیەوە دەناڵێنین. سەرۆک بارزانی باسی لەوەشکرد، پێویستە میللەتی ئەم ناوچەیە زۆر بە جددی بیربکەنەوە کێشەکە لە کوێیە، تاوەکوو ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، هیچ گونجاو نییە ئێمە بەیەکەوە بژین و ناتەبابین، ئەگەر گرفتەکان بدۆزینەوە و نیاز و ئیرادە هەبێت، چارەسەری کێشەکانیش زۆر ئاسان دەبن. سەرۆک بارزانی گوتیشی: زۆر ئاساییە هەڵە بکرێت، بەلام تاوانە لەسەر هەڵەکە بەردەوام بی، سیاسەتی خۆسەپاندن بەسەر هەموو جومگەکان سەرکەوتوو نەبووە، لە نە عێراق نە لە هیچ وڵاتێکی دیکەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، نەوەی داهاتوو پێویستیان بەوەیە ژیانێکی خۆش و بەختەوەریان هەبێت، بۆیە نابێت ئەو کیشانەی ئێستا هەیە بۆ نەوەکانی داهاتوو جێبێڵین. سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، دەوڵەتی عێراق لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی لەسەر بنەمای هاوبەشی دامەزرا، دوای ئەو لە شۆرشی 14ـی تەممووزی 1958 بڕگەیەک نووسرایەوە کە تێیدا هاتبوو (کورد و عەرەب لەو نیشتمانە هاوبەشن)، ئەمەش هێزێکی دیکەی بەخشییە عێراق و ڕۆژانێکی زۆر خۆش هاتە ئاراوە ژینگەیەکی ئارام دروست بوو، بەڵام دیسان ئەمە سەری نەگرت، لە 11ـی ئادار ڕێککەوتن لە نێوان سەرکردایەتی شۆرش و حکوومەتی عێراق کرا، پاش ماوەیەکی دیکە ئەوەش سەری نەگرت. لە درێژەی گوتارەکەیدا سەرۆک بارزانی دەشڵێت: هیچ کاتێک سەرکردایەتی شۆرش هیچ دەرفەتێکی چارەسەری ئاشتیی لەدەست خۆی نەداوە، لە ساڵانی 1963، 64، 66، 70 و 91 هەرکات دەرفەتی ئاشتی هەبووبێت سەرکردایەتی شۆڕش دەستی بۆ درێژکردووە، ئێمە وەکوو کورد سەلماندوومانە ئاشتیی خوازین، ئەو شتانەی بەسەر ئێمەشدا هات بیرمان ناچێت بەڵام ئێمە تۆڵە ناکەینەوە، چونکە ئێمە زۆر باش دەزانین برایەتی ئێمە و عەرەب و پێکهاتەکان زۆر لەوە بەرزترە لەو کێشە و تاوانانەی لەلایەن حکوومەتەوە ئەنجام دەدرێت.
شاخەوان عەبدوڵا كاندیدی دەرچووی پارتی لە كەركوك وەڵامی ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنی یەكێتی لە كەركوك دەداتەوە كە رایگەیاندبوو: هۆکارەکانی کەمکردنی کورسی کورد لەکەرکوک ئەوەیە پارتی دەنگی بەکۆتایی مەسیحی داوە شاخەوان عەبدوڵا وەڵامێک بۆ کاک ئاسۆ مامەند …. ئەمڕۆ لە شاری کەرکوک کاک ئاسۆ مامەند بەرپرسی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کەرکوک لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە باسکردنی هۆکاری کەمکردنی کورسی کورد لەکەرکوک باسی لەچەند هۆکارێک کرد کەبەداخەوە وەک هەمیشە ئامانج تەنها چەواشە کردنی خەڵکی کەرکوک و شاردنەوەی راستییەکانە ،بۆ راستکردنەوەی ئەم بابەتە خاڵ بەخاڵ وەڵامتان دەدەمەوە : یەکەم / کاک ئاسۆ لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکە دەڵێت یەکێک لە هۆکارەکانی کەمکردنی کورسی کوردو پارتی لەکەرکوک ئەوەیە پارتی دەنگی بەکۆتایی مەسیحی داوە ، منیش لێرەوە تەحدات دەکەم و بەرپرسی ئۆفیسی کەرکوکی کۆمسیون لەحزبەکەی خۆتە و سەرۆکی کۆمسیونی عیراقیش بەهەمان شێوە لە یەکێتین فەرموو شریتی دەنگدەرانی کەرکوک بڵاوبکەنەوە بزانم کام دەنگدەری کەرکوک دەنگی بەکۆتایی مەسیحی داوە ، وەئەگەر پارتییەکانی کەرکوک دەنگیان بە کۆتای مەسیحی بدایا دەبو دەنگی پارتی کەم بکات نەک زیادبکات بە نزیکەی ١٠ هەزار دەنگ ، خۆ ئەگەر پارتیش لە شوێنێکی ترەوە و بەدەنگی دهۆک یان هەولیر یان هەرجێگایەک دەنگی بە کۆتایی مەسیحی دابێت ئەوە من سەدجار سوپاسی پارتی دەکەم چونکە کورسی کۆتایی مەسیحی لەژێر دەستی رەیان کلدانی دژە کورد دەرهێناو دژە کوردێک لەناو پەرلەمان کەم دەبێتەوە ، وابزانم هۆکاری نیگەرانییەکانی جەنابیشت ئەوەیە کە رەیان شکستی هێناوە نەک ئەوەی کورسی کورد کەمی کردبێت ، دووەم / کاک ئاسۆ باسی ئەوە دەکات گوایە یەکێکی تر لە هۆکاری نەهاتنەوەی خەڵک بۆ کەرکوک دروست کردنی ئەو قەرەباڵغی یە کە لەسەر رێگای هەولیر دروست بوە ، راستە لەوێ چەند کاژمیریک قەرەباڵغی دروست بو بەڵام دواجار خەڵک هات و رێژەیەکی کەم گەراوە ، بەڵام خۆ خەتی چەمچەماڵ و سلێمانی دانەخرابو فەرموو ئاماری گەراوەکانی ئەو سنورە بخەنە روو بزانە چەند هەزار نەهاتوەتەوە ئەوکات بۆت دەردەکەوێت هۆکارەکە شتێکی ترە نەک قەرەباڵغی ، هۆکاری سەرەکی نەگەرانەوەی خەڵک بەرێژەیەکی زۆر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ماوەی ٤ مانگە ڕەزامەندیمان هێناوە لە بەغداوە زەوی دابەش بکریت بەسەر ئەو خێزانانەی مادەی ١٤٠ یان کردوەو ٨٠٪ ی ئەو خەڵکەش ئەوانەن کە لە هەولیرو سلیمانین و لەسەردەمی بەعس تەرحیل کراون ، بەڵام یەک پارچە زەویتان دابەش نەکرد ، ئەوە ئەگەر پرۆژەیەکی نیشتەجێ بون بوایا دەجار ئیفرازاتان دەکردو تەسلیمی وەبەرهێنەرەکەتان دەکرد چونکە سودی بۆ خۆتان هەبوو . سێیەم / لەکاتی بانگەشە میدیاکانی ئێوە و بەتایبەتیش ئەوانەی سۆشیال میدیا کەمانگانەکەیان بەشەخسی لەلایەن جەنابتەوە پییان دەدرێت ئەوەندەی خەریکی شکاندنی پارتی و کاندیدەکانی پارتی بون ، نیو ئەوەندە خەریکی هوشیارکردنەوەی خەڵک بونایا و کاریان لەسەر مەترسی بەشداری نەکردنی کورد بکردیا دڵنیام خەڵک بەپیادەش رووی لەکەرکوک دەکرد ، بەتایبەتی ئەو هەموو پارەی لە دژایەتی پارتی و بەتایبەتی من سەرفکرا لەسۆشیال میدیاو بەکرێ گرتنی قەڵەم فرۆش بۆ ئەوەی دەرنەچین لەخەڵکە ڕەشو ڕوتەکەی خۆتان سەرفتان بکردایا کورسییەکی ترتان زیادی دەکرد . چوارەم / فەرموو جەنابت وەڵامی دەنگدەری کەرکوک بدەوە بزانم خێرە حزبەکەی حلبوسی واتە تەقەدوم لە لەداخستنی وێزگەکان تا رۆژی دواتر بەقودرەتی قادر دەنگەکانیان بەڕێژەی زیاتر لە ٢٠ بیست هەزار دەنگ لەسنوری حەویجە زیادی کردو ئەویش بوە هۆی ئەوەی ئەوان ببنە سێ کورسی لەسەر حسابی کورسی دووەمی پارتی . پێنجەم / خەڵکی بەشەرەفی کەرکوک و دەوروبەری دڵنیادەکەمەوە پشتیوان بەخودای گەورە بەتەنهاش بین لەناو پەرلەمان ناهێڵین هیچ بڕیارێک لەدژی ئێوە لەپەرلەمان دەربچیت و بەنەفەسی سێ ساڵی ڕابردوو کاردەکەین بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی شارەکەو جێ بەجێ کردنی ئەو یاسایانەی لەخولی پێنجەم دەرچون لەگەرانەوەی زەوییەکان و یاساکانی تری ئەم خولە . شەشەم / کاک ئاسۆ پێم سەیرە ئێوە لەخولی چوار ٦ کورسیتان هەبو ئێستا ژمارەی کورسییەکانتان بوەتە چوار و کەچی خۆیشتان بەبراوە دەزانن تێبینی / هەرچەندە دەبوو ئەم ڕونکردنەوەیە برایانم لەمەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکوک /گەرمیان ئامادەی بکەن ، بەڵام من وەکو کوڕە کەرکوکییەک و نوێنەرێکی شارەکە وەڵامم داوەتەوە نەک وەک ئەرکی حزبیم کە لە سنووری پارێزگای بەغداو خانەقینە .
ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرجەم سەرکردەکانی کۆبووەوە، سەرکردەیەکی بەشدار لە کۆبوونەوەکەش بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەیەک بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران پێکهێنرا، چوار پێوەریش بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیران دانران. عامر فایز، سەرۆکی هاوپەیمانی تەسمیم و یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، هەموو ئەو ناوانەی لە میدیاکان وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ناویان دەهێنرێت، ورد و ڕاست نین و لە کۆبوونەوەکەی ئەمشەودا باسی هیچ ناوێک نەکراوە، بەڵکو بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی ناوخۆیی درا تا هەڵسەنگاندن بۆ ناوی کاندیدەکان بکات، کاری لیژنەکەش ئەمڕۆ و دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان دەستیپێکردووە. ئەمشەو ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ڕاگەیێنرا، دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکانیش چاوەڕێ دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا خولی تازەی پەرلەمان کۆببێتەوە، بۆیەش ئەمشەو سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە. ئەوەشی خستەڕوو، بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی ئەمشەو ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەو لایەنانەی تیایدا بەشدارن، گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانە و مافی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی هەیە، بۆیە کۆبوونەوەکە گفتوگۆی لەسەر چواری پێوەری سەرەکی کرد بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران ئەوانیش بریتین لە بەهێزی کەسایەتی، دەستپاکی، ئەزموون و بەردەوامی و پابەندبوون بەو ئاڕاستەی چوارچێوە دایدەڕێژێت. پەیوەست بە وادەی یەکلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆکوەزیرانیش، عامر فایز وتی، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران بە یەک کۆبوونەوە یەکلایی نابێتەوە بەڵکو پێویستی بە دوو بۆ سێ دانیشتن و ڕاوێژیی ناوخۆیی زیاتر هەیە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ دووشەمە، لە هەولێر پێشوازی لە وەفدێکی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمریکا – کوردستان کرد بە سەرۆکایەتی دەیڤد تەفوری و رایگەیاند، حکومەتی هەرێم ئامادەیە هەموو کارئاسانییەک پێشکەش بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بکات. لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کرا. قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان خوازیارە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەشدارییەکی گەورەتر و کاریگەرتریان لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابوریی هەرێمدا هەبێت. تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی نەوت و گاز. لەمبارەیەوە، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران روونیکردەوە کە پێویستە لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز، بە جۆرێک کە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا یەکلابکاتەوە و دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت. قوباد تاڵەبانی دووپاتیشیکردەوە، ئەولەویەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە گازی سروشتی لە خزمەتی هاووڵاتیان و گەشەپێدانی بونیادی پیشەسازی و ئابوریی کوردستاندا بەکاربهێنرێت.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی کردەوە کە عێراق پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکات، هیوای خۆی دەربڕی کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە ) و حکومەتی تورکیا بگەنە لێکتێگەیشتن کە ببێتە هۆی سەقامگیری و ئاشتى تەواو. ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا وەزیرى دەرەوەى عێراق ئەوەى خستەڕوو، بوونی هێز و گروپ و ئەندامانى پەکەکە لە شنگال و مەخموور و چیای قەندیل بۆ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان قبوڵکراو نییە. هاوکات فواد حسێن جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی ئەم پرسە بە شێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا مسۆگەر بکات. ئەم لێدوانانەى وەزیرى دەرەوەى عێراق دوای ئەوە هات، پێشتر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کشانەوەی خۆی لە ناوچەیەکی هەرێمى کوردشتان کە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا کە "مەترسی ململانێی لێکەوتەوە" ڕاگەیاند، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئەنقەرە بوو. شایانی باسە، دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ڕێگەی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، پارتی کرێکارانی کوردستان لە مانگی ئایاردا هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند لە وەڵامی بانگەوازێکی دامەزرێنەری، عەبدوڵڵا ئۆجالان، دوای زیاتر لە چوار دەیە لە شەڕکردن لەگەڵ هێزەکانی تورکیا، کە نزیکەی ٥٠ هەزار کوژراوی لێکەوتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد، لەو چوارچێوەیەشدا لە ٥-٧ـی ئایار، پەکەکە کۆنگرەی ١٢ـیەمینی خۆی ئەنجام دا و کۆتایی بە هەموو ئەو چالاکییانەی بەناوی پەکەکە و کۆتا بە ڕێبازی خەباتی چەکداریی هێنا. هەروەها لە ١١ـی تەمووز، گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لە ٣٠ گەریلای ژن و پیاو پێکهاتبوون و لەلایەن بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی گشتیی کەجەکەوە پێشەنگایەتی دەکرا، لە ئەشكەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی، لەبەردەم ڕای گشتییدا چەکەکانیان سووتاند، هەر لە چوارچێوەی بانگەوازییەکەدا، لە ٢٦ـی تشرینی یەکەم، گرووپێکی ٢٥ گەریلایی، بۆ ئەوەی شەڕ و پێکدادانیان دروستنەبێت لەو ناوچانەی کە مەترسییان لەسەر هەیە، لە سنووری تورکیاوە کشانەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستی مەدیا.
نێچيرڤان بارزانى و ئۆسمان بايدهمير پرۆسەی ئاشتی تورکیا و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی پرۆسەکەیان لەسەر ناوچەکە تاوتوێ کرد. پاشنيوهڕۆى ئهمڕۆ دووشهممه 17ـی تشرینی دووەمی 2025، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، له ديدارێكدا لهگهڵ سياسهتمهدارى كورد و سهرۆكى پێشووترى شارهوانيى دياربهكر، ئۆسمان بايدهمير، پرۆسهى ئاشتييان له توركيا تاوتوێ كرد. بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لەو دیدارەدا ههردوولا هاوڕا بوون لهسهر گرنگيى سهرخستنى پرۆسهى ئاشتى و جهختيان كردهوه كه ئاشتى له توركيا كاريگهريى ئهرێنيى بهسهر ناوچهكهوه دهبێت. لهمبارهيهوه نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كردهوه كه نابێت دهرفهتى ئاشتى لهدهست بدرێت و ههمووان دهبێت كار بۆ سهرخستنى بكهن. لاى خۆيهوه بايدهمير سوپاس و پێزانينى بۆ ڕۆڵى نێچيرڤان بارزانى له يارمهتيدان و كاركردنى لهپێناو سهرخستنى پرۆسهكهدا دەربڕی و داواى كرد لهسهر ههوڵهكانى بهردهوام بێت. ههڵبژاردنى ئهنجومهنى نوێنهرانى عێراق و دۆخى سووريا، تهوهرێكى ديكهى ديدارهكه بوو.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، بوونی تورکیا لە سووریا زۆر ئاساییە، گفتوگۆکانیش لەگەڵ واشنتن دەربارەی یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سوپای سووریا بەردەوامە. ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، بە کەناڵی "هەبەر"ـی ڕاگەیاندووە، گفتوگۆکان لەگەڵ واشنتن دەربارەی یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سوپای سووریا بەردەوامە. جەختیشی کردەوە، پێویستە کۆتایی بە هەموو جۆرە داگیرکارییەک بهێنرێت کە هەڕەشە لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات، گوتیشی: دەبێت دڵنیابین لەوەی ئیسرائیل هەڕەشە لە سووریا نەکات و ڕێز لە سەروەری ئەو وڵاتە دەگرێت. هاکان فیدان، ئاماژەی بەوەکرد، دانووستانەکانی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" بە هۆی دەستوەردانی ئیسرائیل لە باشووری سووریا بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیراون، هەروەها ئامانجی تورکیا ڕێزگرتنە لە یەکپارچەیی و سەروەری خاکی وڵاتان و کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی. وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەشکرد، ئەوان ئامادەن هێز ڕەوانەی کەرتی غەززە بکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی هێزی نێودەوڵەتی بۆ پارێزگاریکردن لە پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و حەماس، دەشلێت: پاڵپشتی پرۆسەی سیاسی نوێی فەڵەستین دەکەین و ئامادەین لە ڕووی سیاسی و لۆجیستی هاوکاریی ئەو وڵاتە بکەین. ڕوونیشیکردەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، خاوەنی بڕیاری کۆتاییە، لەم ڕوانگەیەوە تورکیا ئامادەیە بەرپرسیاریەتی گەورە لە بارەی هاوکاریی وڵاتان و پرۆسەی ئاشتی کەرتی غەززە هەڵبگرێت. ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کاتێکدایە تورکیا هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسی سووریا چڕ کردووەتەوە، هاوکات هەوڵ دەدات سەقامگیری لەو وڵاتە دەستەبەر بێت، هەروەها گرژییەکان کەمبێتەوە و ئاشتی لە تەواوی ناوچەکە بەدی بێت.
دوای بڵاو بوونەوەی دەنگۆی ئازاد کردنی لاهور شێخ جەنگی بە مەرجی بەجێهێشتنی هەرێمی کوردستان، پارێزەرەکەی دەڵێت ئەو مەرجە لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە قەبوڵ ناکرێت. بورهان رەشید، پارێزەری لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، بە پەنجەرەی راگەیاند: من ئاگادارنیم هیچ مەرجێکی وایان بۆ شێخ لاهور دانابێت، بەڵام دڵنیام مەرجی لەو جۆرە قەبوڵ ناکات. وتیشی: هەفتەی داهاتوو دەیبینم و لێی دەپرسم. تا ئێستا دوو جار سەرم لێداوە و بینیومە، هیچ شتێکی وای باس نەکردوە. لەبارەی دۆخی تەندروستی لاهور شێح جەنگی لە زیندان، پارێزەرەکەی دەڵێت: ئەو کاتانەی من سەردانم کردووە دۆخی باش بوە، بەڵام لە کۆتاییدا زیندان هەر زیندانە و بێ کێشە نابێت.
محەممەد حاجی مەحموود لە کۆبوونەوەی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان: ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی عێراق شکست بوو بۆ حیزبەکەمان و گشت هەڤاڵان، بۆیە دەبێت لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت. ماڵپەرى جەماوەر نیوز بڵاویکردەوە، بەسەرپەرشتی محەمەد حاجی مەحمود کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجومەنی (سەرکردایەتی) و ( ڕاوێژکاری و چاودێری ) و بەرپرسی مەکتەب و مەڵبەندەکان بەڕێوەچووە. محەمەدی حاجی مەحمود، ڕایگەیاندووە، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەتایبەت بۆ حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کە نەیتوانیوە دەنگی پێویست بۆ مسۆگەرکردنی کورسی بەدەستبهێنێت، ئەنجامەکانی شکستە بۆ حزب و گشت هەڤاڵان. هەروەها ئەوەشى خستوەتەڕوو ئەوە لەکاتێکدایە حزبی سۆسیالست خاوەن مێژوویەکی دوور و درێژە لە خەبات و تێکۆشان و زیاتر لە ٤٥٠٠ شەهیدی بەخشیوە لەپێناو ئازادی ئەم خاکەدا. سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا وتویەتى هەڤاڵان ڕادەسپێرم لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت لە هۆکاری کەمبوونەوەی دەنگەکانی حزب و لێپرسینەوە لەو هەڤاڵانە بکرێت کە کەمتەرخەم بوون و وەک پێویست ئەرکەکانیان ڕانەپەڕاندووە و بەشێک بوون لە هۆکارەکان. هەر لەو کۆبونەوەیدا بڕیاردرا بە گۆڕانکاری لە دەزگا و ئۆرگانەکانی حزب و داڕاشتنەوەی پەیکەری ڕێکخستنی مەکتەب و مەڵبەندەکان لەسەر تەرزێکی نوێ کە بگونجێت لەگەڵ دۆخ و قۆناغەکەدا. دەشڵیت: پێویستە بۆ پاراستنی فرەیی حزبی و مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان و بەفیڕۆنەدانی دەنگەکانی کورد، بۆلەمەودوا کۆتایی بە سیستمی سانتلیگۆ بهێنرێت و لەبەرامبەردا سیستمی یەکبازنەیی لە هەڵبژاردنەکان پیادەبکرێت، ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی و بەرقەراربوونی ئاشتی و ئاسایش لە وڵاتەکەدا.
بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی دەڵێت: لە ١٦ـی تشرینی دووەمی، ئەو هێزانەمان کە لە زاپ بوون و مەترسیی شەڕیان لەسەر بوو کشاندمانەوە بۆ ناوچە جیاوازە گونجاوەکان، دەشڵێت: لەو باوەڕەداین ئەم هەنگاوە هاوکاریی چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی لە تورکیا دەکات. تەڤگەری ئازادیی کوردستان لە راگەیەندراوێكدا: لە بەیاننامەکەی ٢٦ـی تشرینی یەکەمماندا کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕاگەیاندرا و بە ئامادەبوونی ٢٥ گەریلامان کە لە سنوورەکانی تورکیاوە کشاونەتەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ڕامانگەیاندووە، کە لەو شوێنانەی مەترسی شەڕیان لەسەرە لەسەر سنوور، ڕێوشوێنی دژە شەڕ دەگرینەبەر. لەو کاتەوە بە پشتبەستن بەو کارانەی ئۆرگانەکانی پەیوەندیدار ئەنجامیانداوە، لە هەرێمی زاپ گەیشتووینەتە ئەنجامێکی گرنگ. لە ئێوارەی ١٦ـی تشرینی دووەم، هێزەکانمان لە هەرێمی زاپ کە مەترسی شەڕی تێدابوو کشانەوە بۆ ناوچە جیاوازە گونجاوەکان. لە دۆخی ئێستادا مەترسی شەڕ لە ناوچەی ئاماژەپێکراودا بە تەواوی نەماوە. دوای کشانەوەی هێزەکانی گەریلامان بەهۆی مەترسی شەڕ لەناو سنوورەکانی تورکیاوە، ئەم خۆگونجاندن و کشانەوەیە لە هەرێمی زاپ بووەتە بەشدارییەکی پراکتیکی گرنگ لە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و ئیرادەی ئێمە بۆ پرۆسەکە نیشان دەدات. لەو باوەڕەداین کە ئەم هەنگاوە نوێیەمان خزمەت بە چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی و دیموکراتیزەکردنی تورکیا دەکات. بە ڕێزەوە ئەم زانیارییانە بۆ ڕاگەیاندنەکان و ڕای گشتی بڵاودەکەینەوە، سڵاوی خۆمان ئاراستەی هەموو لایەنە پەیوەندییدارەکان دەکەین.” ئەمە لە کاتێکدایە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد، لەو چوارچێوەیەشدا لە ٥-٧ـی ئایار، پەکەکە کۆنگرەی ١٢ـیەمینی خۆی ئەنجام دا و کۆتایی بە هەموو ئەو چالاکییانەی بەناوی پەکەکە و کۆتا بە ڕێبازی خەباتی چەکداریی هێنا. هەروەها لە ١١ـی تەمووز، گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لە ٣٠ گەریلای ژن و پیاو پێکهاتبوون و لەلایەن بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی گشتیی کەجەکەوە پێشەنگایەتی دەکرا، لە ئەشكەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی، لەبەردەم ڕای گشتییدا چەکەکانیان سووتاند، هەر لە چوارچێوەی بانگەوازییەکەدا، لە ٢٦ـی تشرینی یەکەم، گرووپێکی ٢٥ گەریلایی، بۆ ئەوەی شەڕ و پێکدادانیان دروستنەبێت لەو ناوچانەی کە مەترسییان لەسەر هەیە، لە سنووری تورکیاوە کشانەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستی مەدیا.
دوای دواکەوتنێکی زۆر، بارانی پاییز دەستیپێکرد و هیوا گەڕایەوە بۆ جووتیاران. ڕاوێژکارێکی وەزارەتی کشتوکاڵیش ئەو ناوچانە ئاشکرا دەکات کە بەشی پێویست بارانیان لێ باریوە و "پەڵەیان داوە"، هاوکات ڕوونیدەکاتەوە کام ناوچانە هێشتا چاوەڕێی بارانی زیاترن. ڕزگار حەمە خدر، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، "بەگوێرەی داتای کەشناسی و بڕی بارانبارین، لە پارێزگای دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ و سۆران و ڕاپەڕین، پەڵەی داوە." بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، "لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، هێشتا پەڵەی نەداوە، چونکە ڕێژەی بارانبارین نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی پێویستە." بە وتەی ڕاوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ، بۆ ئەوەی زەوی بە تەواوی تێرئاو بێت و پەڵە بدات، پێویستە لە نێوان 40 بۆ 60 ملم بارانی لێ ببارێت. بارانبارینی ئەمساڵ لە شەوی 14 لەسەر 15ی تشرینی دووەم دەستیپێکرد، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر دواکەوتووە، لە کاتێکدا لە کەلتووری کوردیدا "حەقەپەڵە" ڕۆژی 5ی تشرینی دووەمە. واباوە کە بارانی پەڵەدان دەبێت نەرم و هێواش بێت و بۆ ماوەی دوو شەو و دوو ڕۆژ بەردەوام بێت تا زەوی بە جوانی تێرئاو بێت. شارەزایانی کەشناسیش پێیان وایە بارانی بەخوڕ سوودی کەمترە بۆ پەڵەدان، چونکە زۆربەی ئاوەکە بەسەر ڕووی زەویدا دەڕوات و ناچێتە قووڵاییەوە.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران عێراق ڕایگەیاند، بە ئەگەرێکی زۆر سبەی بڕیار لە ناردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت، دەشڵێت: سەرۆک وەزیرانی عێراق نایەوێت بە دەست بەتاڵی بێتە هەرێمی کوردستان. یەکشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2025، بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، بەهۆی سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژێک پێشخراوە و بڕیارە سبەی دووشەممە کۆبوونەوەکە بکرێت، هەروەها لە سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ هەرێم، بڕیارە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و پرسی مووچە تاوتوێ بکەن. لە کارنامەی کۆبوونەوەکە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی تێیدا نییە، بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئەنجوومەنی وەزیران بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاندووە، ئەگەرێکی زۆر هەیە لە کۆبوونەوەکەی سبەی بڕیار لە سەر خەرجکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێم بدرێت. دەشڵێت: ئەگەر هاتوو بڕیار لە خەرجکردنی مووچە درا، ئەوا ڕۆژی دواتر وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی نۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕادەسپێررێت. هاوکات پەیامنێری کوردستان24 زانیویەتی، وەزیرە کوردەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕادەستکردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی پیشاندەدەن، بەمەش ناردنی مووچە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردووەتەوە کە 120 ملیار دینار بۆ نارد ئامادەیە و چاوەڕێ بڕیاری خەرجکردنی مووچەن.
لەکاتێکدا وەرزی پێگەیشتنی هەنارە و هاوردەکردنی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە قەدەخە کراوە، بەرپرسانی عەلوەکانی سلێمانی و هەولێر دەڵێن: 'بە قاچاخ هاوردە دەکرێت و لە عەلوەکانی هەولێر و سلێمانی دەفرۆشرێت". بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی هەناری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 80 هەزار تۆنە کە نزیکەی 30 هەزاری لە پارێزگای هەڵەبجەیە، بەهۆیەوە لە کاتی پێگەیشتنیدا ساڵانە تاوەکو 30ـی مانگی 12 هاوردەکردنی قەدەخە دەکرێت. ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ هەناری هەڵەبجە بەردەستە و رۆژانە رەوانەی بازاڕەکان دەکرێت". سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەناری هەڵەبجە زۆرە؛ نزیکەی 15 هەزار تۆن لە ساردخانەکان دانراوە و رۆژانە دەفرۆشرێت". سەروەر عەلی گوتی: "هەناری هەڵەبجە جگە لەوەی دەنێردرێتە بازاڕ و عەلوەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک، هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت". لە عەلوەکاندا کیلۆیەک هەناری هەڵەبجە بە گوێرەی جۆرەکەی بە کۆ بە هەزار بۆ هەزار و 250 دینارە. بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتی: "لەکاتێکدا هەناری خۆمان باشترینە، بە قاچاخ هەناری سووریا و تورکیا لە پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دەهێندرێتە عەلوەکانی هەرێمی کوردستان". سەروەر عەلی گوتی: "هەناری هاوردەکراو لە هەناری کوردستان گرانترە و کیلۆی دەگاتە هەزار و 750 دینار، ئەو هاوردەکردنە لەکاتی قەدەخەکردندا زیانێکی زۆر بە بەرهەمی خۆماڵی گەیاندووە". رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەناری سووریا لە عەلوەکەمان هەیە، نرخیان زیاتر لە هەزار و 300 دینارە و لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاوردە دەکرێت". سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر گوتی: "ئەگەر هەناری هاوردەیە نەبێت نرخی کیلۆیەک هەناری هەڵەبجە و کوردستان بە گشتیی دەگاتە سێ هەزار دینار، ئەوەی هاوردە دەکرێ نرخی دابەزاندووە". بەگوتەی رەجەب حاجی عەلی، "لە هەرێمی کوردستان خواست لەسەر هەنار زۆر زۆرە و سێ هێندەی بەرهەمی نێوخۆ لە دەرەوە هاوردە دەکرێت".
هاوسەرۆکی گشتیی پێشووی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش نامەیەکی بۆ کۆنگرەی گشتی ئیهەدە نارد و گوتی: "پێکەوە داهاتوویەکی ئازاد، یەکسان و دادپەروەرانە بنیات دەنێین." دووەمین کۆنگرەی گشتی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) لە دووەم ڕۆژییدا لە هۆڵی یەڵمازی گونەی لە شارەوانی چانکایا بەردەوامە. کۆنگرەی گشتی بە ڕەشنووسی بڕیارنامەکان بەردەوامە. هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) سەلاحەدین دەمیرتاش پەیامێکی بۆ کۆنگرەکە نارد. سەڵاحەدین دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند، ئەوکەسانەی لە نێو ئیهەدەدا کار دەکەن ویژدانی وڵات و هیوای بندەستانن. دەمیرتاش سوپاسی هەموو ئەندامی ئیهەدەی کرد و گوتی: "ئەوکەسانەی لەم ڕێگەیەدا گیانی خۆیان فیدا کرد، بە ڕێزەوە یادیان دەکەمەوە. میراتی تێکۆشانی ئیهەدە بە بڕیارە نوێیەکانی ئەمڕۆ زیاتر بەهێزتر دەبێت. هیوای سەرکەوتن بۆ ئیدارەی نوێ دەخوازم و پیرۆزباییان لێ دەکەم. پێکەوە بە دڵنیاییەوە داهاتوویەکی ئازاد، یەکسان و دادپەروەرانە بنیات دەنێین. بە خۆشەویستی و ڕێزدارییەوە سڵاوم دەنێرم. هیوادارم لە ڕۆژانی ئازادییدا یەک ببینین."
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، ڕۆژی یەکشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆك مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە عرفان سدیق باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد. لە دیدارەکەدا باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەو سەرکەوتنە مەزنەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەستی هێنا کە زیاتربوو لە یەک ملیۆن دەنگ. هەروەها هیوای خواست کە پڕۆسەی سیاسیی دوای هەڵبژاردن لە عێراق ڕێچکەی خۆی بگرێت لە پێناو پێکهێنانی حکوومەتێکی فیدڕاڵی بە بەشداری هەموو لایەنە سیاسییەکان. لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی باڵیۆزی بەریتانیای کرد، و رایگەیاند، کە سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە بۆ پارتی دروستکران بەڵام بە متمانەی بەهێزی گەلی کوردستان، پارتی توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت. هەروەها سەرۆک بارزانی قۆناغی دوای هەڵبژاردنی بە گرنگ وەسفکرد و ئاماژەی بەوەدا، پێویستە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی لە عێراق و جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور، هەموو لایەنە سیاسییەکان بە جددی کار لەسەر ئەم پرسە بکەن و لێکنزیک ببنەوە و ئەزموون لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرن. هەروەها سەرۆک بارزانی رایگەیاند، پەیوەست بە پارتی و هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی دەستوور دەبێتە بنەمای سەرەکی بۆ گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق و ڤیتۆمان لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە، لای ئێمە خاڵی گرنگ ئەوەیە هەر کەس و لایەنێک بڕوای بە فیدڕاڵی تەواو هەبێت لەسەر بنەمای دەستوور، هەروەها بڕوایان بە جێبەجێکردنی دەستوور و دەرکردنی یاسا بۆ ئەو برگانەی لە دەستووردا هاتوون و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە لەسەر بنەمای دەستوور دەرکراون هەبێت کە تا ئێستا جێبەجێنەکراون، وەکو یاسای ئەنجوومەنی ئیتحادی و یاسای نەوت و گاز. هەر کەس و لایەنێک پابەندبێت بەجێبەجێکردنی دەستوور نزیکترین کەس و لایەن دەبێت لە ئێمە و لە هەرێمی کوردستان. پەیوەست بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی رایگەیاند کە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئێمە هەموو نەرمییەکمان نواند، پێشتریش ڕامانگەیاندبوو، مەرج نییە ئەو هەڵومەرجەی پێش هەڵبژاردن هەبوو دوای هەڵبژاردن بمێنێت. بەڵام گرنگە دەرگاکانی گفتوگۆ کراوەبن تا بتوانین بەیەکەوە کێشەکان چارەسەر بکەین. لەسەر پرسی یەکڕیزی کورد لە بەغدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا، بنەمای یەکڕیزیی کورد لە بەغدا ئەوەیە کە باوەڕێکی هاوبەشمان هەبێت لەسەر پرسە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و لەسەر بابەتی فیدڕاڵییەت و پابەندبوونی بەغدا بە تەواوی بڕگەکانی دەستوور. پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا لەگەل هەرێمی کوردستان و عێراق تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەبوون، هەردوولا هاوڕابوون لە گرنگی بەردەوامی ئەو پەیوەندییانە و بەرەوپێشبردنی لە هەموو بوارەکاندا.
