دوای دواکەوتنێکی زۆر، بارانی پاییز دەستیپێکرد و هیوا گەڕایەوە بۆ جووتیاران. ڕاوێژکارێکی وەزارەتی کشتوکاڵیش ئەو ناوچانە ئاشکرا دەکات کە بەشی پێویست بارانیان لێ باریوە و "پەڵەیان داوە"، هاوکات ڕوونیدەکاتەوە کام ناوچانە هێشتا چاوەڕێی بارانی زیاترن. ڕزگار حەمە خدر، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، "بەگوێرەی داتای کەشناسی و بڕی بارانبارین، لە پارێزگای دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ و سۆران و ڕاپەڕین، پەڵەی داوە." بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، "لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، هێشتا پەڵەی نەداوە، چونکە ڕێژەی بارانبارین نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی پێویستە." بە وتەی ڕاوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ، بۆ ئەوەی زەوی بە تەواوی تێرئاو بێت و پەڵە بدات، پێویستە لە نێوان 40 بۆ 60 ملم بارانی لێ ببارێت. بارانبارینی ئەمساڵ لە شەوی 14 لەسەر 15ی تشرینی دووەم دەستیپێکرد، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر دواکەوتووە، لە کاتێکدا لە کەلتووری کوردیدا "حەقەپەڵە" ڕۆژی 5ی تشرینی دووەمە. واباوە کە بارانی پەڵەدان دەبێت نەرم و هێواش بێت و بۆ ماوەی دوو شەو و دوو ڕۆژ بەردەوام بێت تا زەوی بە جوانی تێرئاو بێت. شارەزایانی کەشناسیش پێیان وایە بارانی بەخوڕ سوودی کەمترە بۆ پەڵەدان، چونکە زۆربەی ئاوەکە بەسەر ڕووی زەویدا دەڕوات و ناچێتە قووڵاییەوە.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران عێراق ڕایگەیاند، بە ئەگەرێکی زۆر سبەی بڕیار لە ناردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت، دەشڵێت: سەرۆک وەزیرانی عێراق نایەوێت بە دەست بەتاڵی بێتە هەرێمی کوردستان. یەکشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2025، بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، بەهۆی سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژێک پێشخراوە و بڕیارە سبەی دووشەممە کۆبوونەوەکە بکرێت، هەروەها لە سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ هەرێم، بڕیارە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و پرسی مووچە تاوتوێ بکەن. لە کارنامەی کۆبوونەوەکە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی تێیدا نییە، بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئەنجوومەنی وەزیران بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاندووە، ئەگەرێکی زۆر هەیە لە کۆبوونەوەکەی سبەی بڕیار لە سەر خەرجکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێم بدرێت. دەشڵێت: ئەگەر هاتوو بڕیار لە خەرجکردنی مووچە درا، ئەوا ڕۆژی دواتر وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی نۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕادەسپێررێت. هاوکات پەیامنێری کوردستان24 زانیویەتی، وەزیرە کوردەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕادەستکردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی پیشاندەدەن، بەمەش ناردنی مووچە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردووەتەوە کە 120 ملیار دینار بۆ نارد ئامادەیە و چاوەڕێ بڕیاری خەرجکردنی مووچەن.
لەکاتێکدا وەرزی پێگەیشتنی هەنارە و هاوردەکردنی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە قەدەخە کراوە، بەرپرسانی عەلوەکانی سلێمانی و هەولێر دەڵێن: 'بە قاچاخ هاوردە دەکرێت و لە عەلوەکانی هەولێر و سلێمانی دەفرۆشرێت". بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی هەناری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 80 هەزار تۆنە کە نزیکەی 30 هەزاری لە پارێزگای هەڵەبجەیە، بەهۆیەوە لە کاتی پێگەیشتنیدا ساڵانە تاوەکو 30ـی مانگی 12 هاوردەکردنی قەدەخە دەکرێت. ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ هەناری هەڵەبجە بەردەستە و رۆژانە رەوانەی بازاڕەکان دەکرێت". سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەناری هەڵەبجە زۆرە؛ نزیکەی 15 هەزار تۆن لە ساردخانەکان دانراوە و رۆژانە دەفرۆشرێت". سەروەر عەلی گوتی: "هەناری هەڵەبجە جگە لەوەی دەنێردرێتە بازاڕ و عەلوەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک، هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت". لە عەلوەکاندا کیلۆیەک هەناری هەڵەبجە بە گوێرەی جۆرەکەی بە کۆ بە هەزار بۆ هەزار و 250 دینارە. بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتی: "لەکاتێکدا هەناری خۆمان باشترینە، بە قاچاخ هەناری سووریا و تورکیا لە پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دەهێندرێتە عەلوەکانی هەرێمی کوردستان". سەروەر عەلی گوتی: "هەناری هاوردەکراو لە هەناری کوردستان گرانترە و کیلۆی دەگاتە هەزار و 750 دینار، ئەو هاوردەکردنە لەکاتی قەدەخەکردندا زیانێکی زۆر بە بەرهەمی خۆماڵی گەیاندووە". رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەناری سووریا لە عەلوەکەمان هەیە، نرخیان زیاتر لە هەزار و 300 دینارە و لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاوردە دەکرێت". سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر گوتی: "ئەگەر هەناری هاوردەیە نەبێت نرخی کیلۆیەک هەناری هەڵەبجە و کوردستان بە گشتیی دەگاتە سێ هەزار دینار، ئەوەی هاوردە دەکرێ نرخی دابەزاندووە". بەگوتەی رەجەب حاجی عەلی، "لە هەرێمی کوردستان خواست لەسەر هەنار زۆر زۆرە و سێ هێندەی بەرهەمی نێوخۆ لە دەرەوە هاوردە دەکرێت".
هاوسەرۆکی گشتیی پێشووی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش نامەیەکی بۆ کۆنگرەی گشتی ئیهەدە نارد و گوتی: "پێکەوە داهاتوویەکی ئازاد، یەکسان و دادپەروەرانە بنیات دەنێین." دووەمین کۆنگرەی گشتی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) لە دووەم ڕۆژییدا لە هۆڵی یەڵمازی گونەی لە شارەوانی چانکایا بەردەوامە. کۆنگرەی گشتی بە ڕەشنووسی بڕیارنامەکان بەردەوامە. هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) سەلاحەدین دەمیرتاش پەیامێکی بۆ کۆنگرەکە نارد. سەڵاحەدین دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند، ئەوکەسانەی لە نێو ئیهەدەدا کار دەکەن ویژدانی وڵات و هیوای بندەستانن. دەمیرتاش سوپاسی هەموو ئەندامی ئیهەدەی کرد و گوتی: "ئەوکەسانەی لەم ڕێگەیەدا گیانی خۆیان فیدا کرد، بە ڕێزەوە یادیان دەکەمەوە. میراتی تێکۆشانی ئیهەدە بە بڕیارە نوێیەکانی ئەمڕۆ زیاتر بەهێزتر دەبێت. هیوای سەرکەوتن بۆ ئیدارەی نوێ دەخوازم و پیرۆزباییان لێ دەکەم. پێکەوە بە دڵنیاییەوە داهاتوویەکی ئازاد، یەکسان و دادپەروەرانە بنیات دەنێین. بە خۆشەویستی و ڕێزدارییەوە سڵاوم دەنێرم. هیوادارم لە ڕۆژانی ئازادییدا یەک ببینین."
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، ڕۆژی یەکشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆك مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە عرفان سدیق باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد. لە دیدارەکەدا باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەو سەرکەوتنە مەزنەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەستی هێنا کە زیاتربوو لە یەک ملیۆن دەنگ. هەروەها هیوای خواست کە پڕۆسەی سیاسیی دوای هەڵبژاردن لە عێراق ڕێچکەی خۆی بگرێت لە پێناو پێکهێنانی حکوومەتێکی فیدڕاڵی بە بەشداری هەموو لایەنە سیاسییەکان. لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی باڵیۆزی بەریتانیای کرد، و رایگەیاند، کە سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە بۆ پارتی دروستکران بەڵام بە متمانەی بەهێزی گەلی کوردستان، پارتی توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت. هەروەها سەرۆک بارزانی قۆناغی دوای هەڵبژاردنی بە گرنگ وەسفکرد و ئاماژەی بەوەدا، پێویستە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی لە عێراق و جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور، هەموو لایەنە سیاسییەکان بە جددی کار لەسەر ئەم پرسە بکەن و لێکنزیک ببنەوە و ئەزموون لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرن. هەروەها سەرۆک بارزانی رایگەیاند، پەیوەست بە پارتی و هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی دەستوور دەبێتە بنەمای سەرەکی بۆ گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق و ڤیتۆمان لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە، لای ئێمە خاڵی گرنگ ئەوەیە هەر کەس و لایەنێک بڕوای بە فیدڕاڵی تەواو هەبێت لەسەر بنەمای دەستوور، هەروەها بڕوایان بە جێبەجێکردنی دەستوور و دەرکردنی یاسا بۆ ئەو برگانەی لە دەستووردا هاتوون و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە لەسەر بنەمای دەستوور دەرکراون هەبێت کە تا ئێستا جێبەجێنەکراون، وەکو یاسای ئەنجوومەنی ئیتحادی و یاسای نەوت و گاز. هەر کەس و لایەنێک پابەندبێت بەجێبەجێکردنی دەستوور نزیکترین کەس و لایەن دەبێت لە ئێمە و لە هەرێمی کوردستان. پەیوەست بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی رایگەیاند کە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئێمە هەموو نەرمییەکمان نواند، پێشتریش ڕامانگەیاندبوو، مەرج نییە ئەو هەڵومەرجەی پێش هەڵبژاردن هەبوو دوای هەڵبژاردن بمێنێت. بەڵام گرنگە دەرگاکانی گفتوگۆ کراوەبن تا بتوانین بەیەکەوە کێشەکان چارەسەر بکەین. لەسەر پرسی یەکڕیزی کورد لە بەغدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا، بنەمای یەکڕیزیی کورد لە بەغدا ئەوەیە کە باوەڕێکی هاوبەشمان هەبێت لەسەر پرسە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و لەسەر بابەتی فیدڕاڵییەت و پابەندبوونی بەغدا بە تەواوی بڕگەکانی دەستوور. پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا لەگەل هەرێمی کوردستان و عێراق تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەبوون، هەردوولا هاوڕابوون لە گرنگی بەردەوامی ئەو پەیوەندییانە و بەرەوپێشبردنی لە هەموو بوارەکاندا.
سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوەدەدات، کە بەر لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق؛ چەند لایەنێک داوای هاوپەیـمانێتییان لە پارتەکەیان کردووە، بەڵام ڕەتیانکردووەتەوە. پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق؛ لەچەند بازنەیەکی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لیستی هەبوو، بەڵام هیچ کورسییەکانیان مسۆگەر نەکرد، سەرەڕای بەدەستهێنانی نزیکەی 8 هەزار دەنگ. محەممەدی حاجی محموود، سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان؛ بە ئاڤای گوت، "بەشێکی لایەنەکان لەچەند بازنەیەک داوای هاوپەیمانێتییان لێکردین، بەڵام ئێمە ڕازی نەبووین و ناچینە نێو هاوپەیمانێتییەک کە پارتی و یەکێتی تێدا نەبێت." سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، هەر لەمیانەی قسەکانیدا باسی لە چەند بابەتێکی دیکەی گرنگ کرد: ــ ئەگەر پارتی و یەکێتی بەیەکەوە نەبن، ئێمە ناچینە هیچ هاوپەیمانییەک. ــ ئێمە لەگەڵ ئەوە بووین، هەموو لایەنە کوردستانییەکان لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەک بەشداربن. ــ فشاری زۆرمان لەسەر بوو، کە بوونە هۆکاری ئەوەی دەنگەکانمان کەم بکات. ــ لە کەرکووک و خانەقین کێشەی زۆرمان بۆ دروستکرا و لە خانەقین سەرۆکی لیستەکەیان بە پارە کڕی.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دەست دەکرێت بە هەژمارکردنی کورسیی لایەنە سیاسییەکان، کۆتای ژنان و پێکهاتەکان. هەروەها ئەمڕۆ یان سبەی، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕادەگەیەنن. ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەرجەم وێستگەکانی دەنگدان کە مابوونەوە، هەژمارکراون و ئەنجامەکانیان بە ڕێژەی 100% هاوتای ئەنجامی هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەستی بوون. بە گوتەی جومانە غەلای، ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆمیسیۆن دەست دەکات بە هەژمارکردنی کورسییەکانی هەموو لایەنە سیاسییەکان، لەنێویاندا کورسییەکانی کۆتای ژنان و پێکهاتەکان. وەک ئەوەی غەلای باسی کرد، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ یان سبەی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕابگەیەنرێت؛ دواتر کۆمیسیۆن بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەرگای تانەلێدان دەکاتەوە، کە لە ڕۆژی دوای بڵاوکردنەوەی لە ماڵپەڕی فەرمی کۆمیسیۆنەوە دەست پێدەکات. گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئەوەشی خستەڕوو، نووسینگەکانی پارێزگاکانی هەڵبژاردن دەستیان کردووە بە پێدانی شریتی ئەنجامەکان بە هاوپەیمانێتییەکان، پارتە سیاسییەکان و کاندیدەکان. بە گوتەی غەلای، کۆی گشتی 102 سکاڵا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تۆمار کراون کە 59ـیان سکاڵای دەنگدانی گشتی و 43ـیان، سکاڵای دەنگدانی تایبەت بوون. ئەوەشی خستەڕوو، بەشی سکاڵا و تانەکان لە کۆمیسیۆن دەستیان بە پۆلێنکردنی سکاڵاکان کردووە و زۆربەیان "زەرد"ـن، لەکاتێکدا کەمینەیەکیان "سەوز"ـن. گوتەبێژی کۆمیسیۆن شێوازی پۆلێنکردنی سکاڵاکانی بەم شێوەیە ڕوون کردەوە: سکاڵا زەردەکان: ئەو سکاڵایانەن کە مەرجە سەرەکییەکان یان بابەتییەکانیان تێدا نییە، ئەمەش وادەکات لە سەرەتاوە ڕەتبکرێنەوە. سکاڵا سەوزەکان: ئەو سکاڵایانەن کە ئاماژە بە بوونی سەرپێچی دەکەن لەلایەن فەرمانبەرانی کۆمیسیۆنەوە، یان بانگەشەی هەڵبژاردن لە ڕۆژی دەنگداندا، یان سەرپێچیکردنی ڕێنماییەکان لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی پاراستنی بنکەکان. جەختیشی کردەوە کە ئەم جۆرە سکاڵایانە کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نییە، بەڵام پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد هەیە. ڕۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتی و ڕۆژی یەکشەممەش، 09ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت، 82.42% و لە دەنگدانی گشتیش، نزیکەی 54.35% بوو. ڕۆژی چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجامە بەراییەکانی هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی بڵاوکردەوە. لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەک حزب، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەوپێیەی زیاتر لە یەک ملیۆن و 90 هەزار دەنگی بردووەتەوە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (A haber)ی توركی، ڕایدەگەیەنێت گفتوگۆکان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی سوریا، لەسەر پلانێک بوو بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سوریا و کۆتاییهێنان بەو مەترسیانەی کە بەهۆی داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا دروستیکردووە. هاوکات باس لەوەش دەکات پرسی یەکخستنی هێزەكانی سوریای دیموكرات پرسێکی سەرەکییە بوو کە لەگەڵ ئەمریکییەکان باسمان کردو دەبێت لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشدا بەرەوپێش بچێت، دەشڵێت: گفتوگۆکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە گرنگییەکی بایەخێكی هێجگار گەورەیان هەیە. وەزیری دەرەوەی تورکیا باس لە دانوستانەکان دەکات و وتیشى: ئەم دانوستانانە بۆ ماوەیەک راگیرا، بەتایبەتی دوای دەستوەردانەکانی ئیسرائیل لە باشور و هەندێک پێشهاتی ناوچەکە، ئێستا پرسى سەرەکی ئێمە لەگەڵ ئەمریکییەکان تیشکی دەخەینە سەر، دوورخستنەوەی ئیسرائیلە لە هاوکێشەکەدا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سوریاو، پێدانی دڵنیاییە بەوەی سوریا هەڕەشە نییە بۆ سەر ئیسرائیل. هاکان فیدان پێشى وایە پێویستە هەمووان رێز لە یەکپارچەیی خاکی سوریا و سەروەری سوریا بگرن و ئیدارەی ئەمریکا فشار لە ئیسرائیل بكات لەوبارەیەوە.، پێشبینی دەکەین گفتوگۆکانی نێوان هەسەدەو دیمەشق بگاتە قۆناغێکی پێشکەوتوو. هەروەها دەشڵێت: تورکیا بە وردی چاودێری هەموو ئەم پێشهاتانە دەکات و هۆشداری دەدات لە قۆستنەوەی دۆخی سوریا لە قۆناغی راگوزەرو و دروستکردنی مەترسی، کە دەکرێت لە ناوخۆی وڵاتەوە سەرهەڵبدات یان لەلایەن هەندێک لایەنی دەرەکییەوە پاڵپشتی بکرێن کە بەرژەوەندییان لە ئاژاوەگێڕیدا هەیە. وەزیرى دەرەوەى تورکیا وتیشى : لە ئێستادا دانوستان و گفتوگۆ لە ئارادایە، چ لەگەڵ ئەمریکییەکان و چ ئەوانەی خۆمان بەڕێوەی دەبەین. کاردەکەین بۆ ئەوەی هەموو ئەم هەوڵانە بەرەو دەرئەنجامێکی دیاریکراو و نەخشە بۆ كێشراون بڕۆن.
ئەو جووتیارە کوردەی گرتە ڤیدیۆییەکەی کە تێیدا لەلایەن سەربازێکی عێراقییەوە بە ملپێچەکەی ڕادەکێشرا کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە لەسەر دوو سکاڵا لە دادگای دووبز دادگایی دەکرێت. محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کورد لە سەرگەڕان، کە لە هەمانکاتدا قوربانیی ڕووداوەکەیە، ئەمڕۆ لەسەر سکاڵای هەریەک لە: محەممەد ئەمین بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، "ئەمە پێنجەمین جارە لەسەر ئەو کەیسە بانگێشتی دادگا دەکرێم، بەڵام هیچ کاتێک سکاڵاکارەکان ئامادە نەبوون، بۆیە تا ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە." ڕۆژی 17ی شوباتی 2025، کاتێک محەممەد ئەمین دەیویست زەوییەکەی بکێڵێت، هێزەکانی سوپای عێراق ڕێگرییان لێکرد. کاتێک ئەو بەرگریی لە خۆی کرد و لە تراکتۆرەکەی نەهاتە خوارەوە، سەربازێک بەناوی "کەرار شاکر" بە ملپێچەکەی ڕایکێشا و هەوڵی خنکاندنی دا. ئەم ڕووداوە کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە و لەلایەن هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانەوە سەرکۆنە کرا. محەممەد ئەمین، تەمەن 56 ساڵ، نوێنەری جووتیارانی کوردە لە سەرگەڕان. لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، لە ساڵی 1986 سزای زیندانیی هەتاهەتایی بۆ دەرکراوە و پێنج ئامۆزاشی لەسەردەستی ڕژێمی بەعس شەهیدکراون.
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە، بەغدا پێویستە مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، چونکە حکوومەتی هەرێم هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە. شەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2025، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: بەغدا هیشتا مووچەی مانگی 9 (ئەیلوول)ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە و پێویستە بینێرێت. جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی هەرێم هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە. هاوکات جەختی لەوە کردووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە. عەزیز ئەحمەد، لە بارەی داهاتی نانەوتییەوەش گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا دەنێرێت. شەممە، 08ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوە کردبوو، هیچ کێشەیەکی تەکنیکی لەنێوان هەولێر و بەغدا نەماوە و لیستی مووچە و میزانی پێداچوونەوە ڕەوانە کراون، ئەوەی لە بەغدا بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت سیاسییە، ستەم و زووڵمە . ناوبراو گوتبووی: زیاتر لە حەوت ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشراوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی مانگانە بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا دەکات. لە بارەی چۆنییەتی چارەکردنی کێشەکان، ڕێباز حەملان ئەوەی خستبووەڕوو، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، شاندێکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە بابەتی مووچە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆکی یەکێتی، جەخت لە هەماهەنگی و هاریکاریی بەردەوامی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بۆ پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار کە وەڵامدەرەوەی پەرۆشی خەڵک و پێویستییەکانیان بێت. ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پاراستنی مافە دەستووری و یاساییەکان کرایەوە، بەشێوەیەک ببێتە مایەی سەقامگیریی زیاتر لە وڵاتدا. ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرۆکی یەکێتی دەستخۆشی و پێزانینی بۆ هەوڵەکانی دەسەڵاتی دادوەری لە دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەربڕی و گوتی، "هەوڵەکانی یەکێتی لە چوارچێوەی یەکخستنی لایەنەکان و یەکڕیزی نیشتمانیدا دەبێت و کاردەکەین بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکە خۆشەویستەکەمان."
عەبدولسەلام ئەحمەد، نوێنەری ئیدارەی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا لە لوبنان، دەڵێت: تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سوپای سوریادا پێویستی بە دامەزراندنی سوپایەکی نیشتمانی یەکگرتوو هەیە کە ملكەچی دەسەڵاتێكی سیاسی شەرعی و یاسای خزمەتکردنی یەکگرتوو و باوەڕی بەرگری نیشتمانی بێت. عەبدولسەلام ئەحمەد، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "ریا نۆفستی" روسیا ئاماژەی بەوەکردووە: یەکگرتن تەنها بابەتێکی سەربازی نییە، بەڵکو پێویستی بە ڕێککەوتنێکی سیاسی هەمەلایەنە هەیە کە دووبارە داڕشتنەوەی بەیاننامەی دەستووری و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر سیستەمی حوکمڕانی و پەیوەندی نێوان حکومەتی ناوەندی و ناوچەكان لەخۆبگرێت، لەگەڵ پێکهێنانی دەسەڵاتێکی راگوزەر کە شەرعیەتی نیشتمانی هەبێت، توانای سەرکردایەتیکردنی قۆناغی داهاتوو و سەرپەرشتیکردنی دامەزراندنی دامەزراوەیەکی سەربازیی یەکگرتووی هەبێت. وتوشیەتی: بەبێ ئەم بناغە دەستوری و سیاسییانە، هەر باسێک لە یەکخستنی هێزەکان تەنیا بە تیۆری دەمێنێتەوە، یەکگرتن پێویستی بەوەیە سەرەتا دەوڵەتێک پێکبهێنرێت نەک گروپی چەكداری پەرشوبڵاو.
لە پارێزگاى هەڵەبجە بەهۆی بارانبارینەوە کارەباى شارەکە ناوەناوە دەکوژێتەوە و شۆرت لە زۆرێک لە فیدەرەکانیاندا ڕوویداوە، لە سلێمانیش بە هەمانشێوە ژمارەیەک فیدەر گرفتیان بۆ دروستبوو. کاوان کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە تایبەت بۆ کەناڵ8 ڕایگەیاند، بەهۆی بارانبارینەوە شۆرتی کارەبا لە زۆرێک لە فیدەرەکانیاندا ڕوویداوە و تیمەکانیان سەرقاڵی چارەسەری گرفتەکەن. هاوبەشانى کارەباشى دڵنیاکردەوە، کە لەکەمترین کاتدا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و کێشەکە چارەسەر دەکەن و کارەبا دەگەڕێتەوە دۆخى ئاسایى خۆى. هەر ئەمڕۆ بەهۆی بارانەوە کارەبای 80 فیدەر لە سلێمانى کوژایەوە، سیروان محەممەد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی کارەبای سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، ساڵانە لەگەڵ دەستپێکی وەرزی بارانباریندا کوژانەوەی کارەبا، بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی چاوەڕوانکراوە، چونکە گرفتى ئەو فیدەرانە لە ڕۆژانی ئاساییدا دەرناکەوێت. لەبارەی پرۆژەی ڕووناکی و توانای لە وەرزی سەرمادا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی کارەبای سلێمانی ئەوەی خستەڕوو؛ نازانن پرۆژەی ڕووناکی چۆن دەبێت، بەڵام ئەگەر کوژانەوەی کارەبا ڕوویدا، گرێبەست لەگەڵ مۆلیدە ئەهلییەکاندا کراوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە و پێدانی کارەبا بە هاونیشتمانییان.
ڕۆژنامەنوسێکی تورکیا ڕایگەیاند، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەسەڵاتی بە لیژنەیەکی پەرلەمانی داوە سەردانی زیندانی ئیمڕاڵی بکەن و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجهلان، ڕێبهری زیندانیكراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆببنەوە. (عەبدولقادر سیلڤی) لە ستونێكدا لە رۆژنامەی (حوڕییەت) نوسیویەتی: رەجەب تەیب ئەردۆغان گڵۆپی سەوزی هەڵكردووە بۆ سەردانی كۆمسیۆنەكەی پەرلەمان بۆ دیداری عەبدوڵا ئۆجالان لە دورگەی ئیمرالی. بەوتەی ئەم نوسەرە، لە كۆبوونەوەی ئەمدواییەی ئەردۆغان و باخچەلیدا بەتەواوەتیی پێداچوونەوە كراوە بە نەخشە ریگای "توركیای بێ تیرۆر"، هەردوولا گەیشتونەتە رێككەوتنی تەواوەتیی بۆ بەردەوامیدان بە هەوڵەكان بەوپەڕی تواناوە. پێشتر دەوڵەت باخچەلی پشتیوانی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی كۆمسیۆنەكەی پەرلەمان تایبەت بە چارەسەری پرسی كورد، سەردانی ئۆجالان بكات، بۆ مێژووی ئەوەی سەلماند كە ئۆجالان لە پرۆسەی ئەمجارەدا بەتەواوەتی پابەندی بەڵێنەكانی بووە. سەرباری ئەمە، وەكو نوسەری (عەبدولقادر سیلڤی) لە وتارەكەیدا باسی لێوەكردووە، لە كۆبوونەوەی كۆمیتەی بەرێوەبەری ناوەندیی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە)دا باس لە ناڕەزایەتی بنكەی جەماوەریی پارتەكە كراوە سەبارەت بە سەردانی كۆمسیۆنەكەی پەرلەمان بۆلای ئۆجالان و وەكو "بارێكی سەخت" ناویان هێناوە، ئەردۆغان وتویەتی: پارتەكەمان ناچێتە ژێر باری شتێكەوە كە بەرگەی نەگرێت، بەڵام سەرباری ئەمەش مۆڵەتی داوە سەردانی ئۆجالان بكرێت، ئەمەش بە واتای هەڵكردنی گڵۆپی سەوزی كۆتایی دێت.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى بارەگاى بارزانى، ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لە پێشوازیی چەند گەنجێکی دوزخورماتووکردووەو جەختی لەوە کردەوە، هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە لەژێر هیچ بیانوویەك سووكایەتی بە ئاڵای كوردستان بكات یان ڕێگری لە هەڵكردنی بكات. ڕۆژی شەممە 15ی تشرینی دووەمی 2025 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لەو گەنجە كوردانە كرد كە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 و لە ڕۆژی هەڵبژاردن بەهۆی هەڵگرتنی ئاڵای كوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە ئازار درابوون. لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای سوپاس و دەستخۆشی بۆ بوێری و كوردپەروەرییان جەختی لەوە كردەوە لەپێناو ئاڵای كوردستاندا خوێن و قوربانییەكی زۆر دراوە، ئاڵای كوردستان ئاڵای هەموو كوردێكە و هەر كوردێك مافی دەستووری و یاسایی خۆیەتی كە شانازی بە ئاڵا و پیرۆزییەكانی گەلەكەی بكات. سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، هیچ كەس و لایەنێك بۆی نیە لەژێر هیچ بیانوویەك سووكایەتی بە ئاڵای كوردستان بكات یان ڕێگری لە هەڵكردنی بكات.
