مەسرور بارزانی: قۆناغێکی نوێی پەیوەندییمان لەگەڵ ئەمەریکا دەست پێدەکات

3 مانگ لەمەوپێش
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، جەخت لەوە دەکاتەوە، بەو دوو ڕێککەوتنامەیەی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکایی ئیمزایان کردووە، قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئەمەریکا دەست پێ دەکات.
سێشەممە، 20-05-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند "قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئەمەریکا دەست پێ دەکات بە ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لەگەڵ (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس)."
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە، بەهای ئەو دوو ڕێککەوتنامەیە "دەیان ملیار دۆلارە، کارەبا بۆ ملیۆنان کەس دابین دەکات و هەلی کار دەڕەخسێنێت و ئابووریی کوردستان بەهێزتر دەکات."
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 19-05-2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە ڕێوڕەسمێکدا دوو ڕێککەوتننامەی بواری وزە، لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس) ئیمزا کران.
لەوبارەوە ستیف لوتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا وێڕای پیرۆزبایی، گوتی: مەسرور بارزانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکای بەهێزتر و فراوانتر کردووە. پەیوەندییەکی زۆر باش و بەهێزمان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەیە، هاوکات سەرکردایەتیی سەرۆک وەزیران پەیوەندییە بازرگانییەکانی باشتر کردووە.

