هاوڵاتى کۆمپانیاکانى خۆڵ و خاشاک لە سنوری پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى راپەڕین و گەرمیان حەوت رۆژ مۆڵەت دەدەنە وەزارەتى دارایی بۆ خەرجکردنى پێشینەکانیان. لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەى وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمیان کردوە، کۆمپانیاکانى خۆڵ و خاشاک لە سنوری پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى راپەڕین و گەرمیان و سەرجەم قەزاو ناحییەکانى ئەو سنورە رایدەگەیەنن کە پێشتر لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بریار دراوە کە لە ٦٠%ی پێشینەکانیان بۆ خەرج بکرێت و دواتریش لە ٤٠%ی دیکە، بەڵام تائێستا بۆیان خەرج نەکراوە، بۆیە کارەکانیان وەستاوە. ئەو کۆمپانیایانە هۆشداریان داوەتە وەزارەتى دارایی ئەگەر لەماوەى حەوت رۆژدا پێشینەکانیان بۆ خەرج نەکرێت ئەوا کارەکانیان رادەگرن.

ئارا ئیبراهیم سەرەڕای كۆبوونەوەی چوار جاری سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان، لەبارەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجام و سبەینێ پێنجشەممە وەك دوا وادە دانراوە بۆ وەرگرتنی بۆچوونەكانیان. كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان، بەپێی یاسای ژمارە (4) ی ساڵی 2014 پێكهاتووە، لە نۆ ئەندامی ئەنجومەنی كۆمیسیاران كە بەسەر پێنج لایەندا دابەشكرابوون، كە پارتی سێ ئەندام و یەكێتی دوو ئەندام و گۆڕان دوو ئەندام و یەكگرتوو یەك ئەندام و كۆمەڵی دادگەری یەك ئەندام  پێكهاتوون. هەروەها لە 12 بەڕێوەبەری گشتیی كۆمسیۆن، چواریان پارتی، سێ یان یەكێتی، سێ یان گۆڕان، یەك كۆمەڵ و یەك یەكگرتووە. كۆمیسیۆن پێش تەواوبوونی وادەی یاسایی خۆی بە دوو نووسراو لەدوو كاتی جیادا داوای لەسەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە یان كۆمیسیۆنەكە بگۆڕێت یان وادەكەیان بۆ درێژبكرێتەوە، بەڵام پەرلەمانی كوردستان تائێستا وەڵامی نەداونەتەوە.  فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان ناكۆكیەكانیان لەبارەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن و بازنەكانی هەڵبژاردنە كە هەندێك لەگەڵ یەك بازنەیین و هەندێك لەگەڵ چوار بازنەیی یان فرە بازنەیی دان. رۆژی 10ی شوباتی 2022 وەك دوا وادە لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە دیاری كراوە بۆ بۆچوونی كۆتایی فراكسیۆنەكان لەبارەی كۆمسیۆن و هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان و پرۆژەی دەستور. پارتی: لەگەڵ گۆڕینی ئەنجومەنی كۆمیسیارانین پێشەوا هەورامی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كۆمسیۆن كارا بكرێتەوە لەبەرئەوەی ماوەی دوو ساڵە وادەكەیان تەواو بووەو ئێمە واژۆی 56 پەرلەمانتارمان كۆكردەوەو تەسلیمی سەرۆكایەتی پەرلەمانمان كرد كە پەلە بكرێت لەو پرسەدا». هەروەها وتیشی:» پارتی دیموكراتی كوردستان لەباشترین دۆخی خۆیدایەو لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانین لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا، دەبێت پەرلە بكرێت لەكاراكردنەوەی كۆمسیۆن یان گۆڕینی بەهەندێ دادوەر، چونكە كۆمسیۆن ماوەی شەش مانگی پێویستە بۆ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان». لەبارەی داوایەكی فراكسیۆنی یەكێتی كە بازنەی هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان بكرێت بەچوار بازنە، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی وتی:»هەرێمی كوردستان رووبەرو جوگرافیایەكی گەورە نییە تا دهۆك لەهەڵەبجە داببڕیت و هەولێر و سلێمانی لەیەك داببڕیت، ئەوە قوتدانی حزبە بچووكەكانە، چونكە حزب هەیە لەهەڵەبجە هەزار دەنگی هەیە لەهەولێر دوو هەزارو لەشارەكانی دیكە بەهەمان شێوە، لەقازانجی حزبە گەورەكاندایە، بەڵام پارتی تەنها سوود بۆ خۆی نابینێت و ئێمە لەگەڵیدا نین». یەكێتی: لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانین فراكسیۆنی یەكێتی لەبارەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی چەند سەرنجێكی داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و داوای كردووە پێكهاتەی ئێستای كۆمسیۆن وەكو خۆی بمێننەوە و بازنەی هەڵبژاردنیش بكرێتە چوار بازنەو بەسەر پارێزگاكانی (سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە، دهۆك) دابەش بكرێت. زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992 داین، لەبەرئەوەی ئەو یاسایە لەكاتێكدا بووە كە بەرەی كوردستانی هەبووە زیاتر لە 30 ساڵ بەسەریدا تێپەڕ بووەو بڕگەكانی چەندین كێشەی هونەرییان تێدایە». ناوبراو جەختی لەوەشكردەوە پرسی دەستورو هەڵبژاردنی پەرلەمان و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و راپرسی گفتوگۆی نێوان فراكسیۆنەكان و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بووەو بەگشتی هەموو فراكسیۆنەكان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندان لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا، وتیشی:» روئیای یەكێتی ئەوەیە كە هەڵبژاردنەكان لەهەرێمی كوردستان لەیەك بازنەوە بكرێتە چوار بازنەو هەر پارێزگایەك بازنەیەكی تایبەت بێت و ژمارەی كوردسییەكانی بەسەردا دابەش بكرێت». سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی پێشیوابوو وادەیەكی كەم ماوە لەبەردەمیاندا بۆ گۆڕینی پێكهاتەی ئێستای كۆمسیۆن، وتیشی:» لەگەڵ مانەوەیداین بەم شێوازەی ئێستا، بەڵام ئەوانەی لەگەڵ گۆڕینیدان گرفتمان نییە وتوومانە، پرسی دەستورو كۆمسیۆن و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان رەهەندی نیشتمانییان هەیەو نابێت لایەنێك بەزۆرینەو كەمینە تێی پەڕێنێت». كۆمەڵی دادگەری: لەگەڵ هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانین عەبدوستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی داگەری لە پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» كۆبونەوەكانمان  لەسەر پرسی رەشنوسی دەستور و یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن بووە كە رەهەندی نیشتمانی و سیاسی هەیەو پەیوەندی بە هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە پێویستە بە سازان بێت و بە زۆرینەو كەمینە نەبێت، دیارە بە یەك ئاراستە و بەزۆرینە بێت پێموایە دیكتاتۆر دروست دەكات». ناوبراو باسی لەوەشكرد كۆمەڵی دادگەری لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردن لەواەی دیاری كراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و یاسای هەڵبژاردنەكان هەمواربكرێتەوە كە ماددەو بڕگەی هەمواركراو ئامادەیە، وتیشی:» ئەم یاسایە هەندێ كەموكوریی تێدایە پێویستە هەموار بكرێتەوە دەتوانرێت بە هەفتەیەك هەموو لامان لەسەر بڕگەو مادەكانی رێككبكەوین دواتر ببرێتە هۆڵی پەرلەمان و خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ بكرێت». سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ ئەوەشی روونكردەوە كە  لەبارەی پرۆژەی دەستور رێككەوتووین كە یان ئەو 21 كە لەیاسای 4ی 2015 ئامادەكردنی رەشنوس هاتووە بە سازان ئەم رەشنوسە ئامادە بكرێت یان دەبێت لەسەر بنەمای سازان و خەڵك زیاد بكرێت و یاساكە هەمواربكرێتەوە. لەبارەی مانەوەی پێكهاتەی ئێستای كۆمسیۆن، عەبدوستار مەجید ئەوەی روونكردەوە كە ئەو كۆمسیۆنە راستە ماوەی بەسەرچووە و لەگەڵ ئەوەدان هەر دامەزراوەیەك كاعتەكەی تەواو بوو بگۆردرێن، بەڵام پێویستی بە گفتوگۆی زۆر هەیە تا كۆمسیۆنێكی دیكە دروست دەكرێتەوە، وتیشی:» لەم سەرو بەندەی هەڵبژاردن كارەكانی خۆی بكات تا دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان و ئەگەر لایەنێك نوێنەری نییە دەتوانرێن نوێنەرێكی بۆ زیاد بكرێت». بزوتنەوەی گۆڕان: لەگەڵ مانەوەی ئەم پێكهاتەیەی كۆمسیۆندان گوڵستان سەعید، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئێمە لەگەڵ مانەوەی ئەم پێكهاتەیەی كۆمسیۆنین لەبەرئەوەی هەڵبژاردنیان ئەنجامداوەو ئەزموونیان هەیە، ئەگەر ئەم كۆمسیۆنە بگۆڕن كەواتە لەگەڵ ئەوەدانین هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت». ناوبراو باسی لەوەشكرد، لەماوەی 18 مانگی رابردوودا پرۆژەی هەمواركراوی یاسای هەڵبژاردنەكانیان ئامادە كردووەو دراوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمان نەیكردووەتە بەرنامەی كارەوە. وتیشی:» وەك فراكسیۆنی گۆڕان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنین لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا». نەوەی نوێ: هەڵبژاردن لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت. نەوەی نوێ پێشنیازەكانی لەبارەی كۆمسیۆنەوە گەیاندووەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان، داوایان كردووە  ژمارەیەك دادوەر سەرپەرشتی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بكەن و كۆمیسیاران سەر بەلایەنەكان نەبن. سیپان ئامێدی، ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»كۆمسیۆنێكی سەربەخۆی بێلایەن پێكبێت و یاسای هەڵبژاردنەكان هەمواربكرێتەوەو هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت». بەپێی ماددەی یەكەم لەبڕگەی یەكەمدا لەیاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2017ی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم بەسەر دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێم، بەمەرسوومی ژمارە 1ی ساڵی 2018 رۆژی 30/9/2018 دیاری كرد وەك وادە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی دەستەیەكە هەڵبژاردن و راپرسییەكان لەهەرێمی كوردستان بەڕێوەدەبات، راستەوخۆ پەیوەستە بەپەرلەمانی كوردستان، بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی پێنجەمی یاساكەی، ئەنجومەنی كۆمیسیاران لە 9  ئەندام پێكدێت، كە لەلایەن پەرلەمانەوە بە زۆرینەی رەهای ئەندامانی هەڵدەبژێردرێن دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتەوە كە پەرلەمان پێكیدەهێنێت پێشنیاز دەكرێن، بەمەرجێك دوو ئەندامی ئەنجوومەن بەلایەنی كەمەوە یاساناس بن، هەروەها دەبێت نوێنەرایەتی ئافرەتان و پێكهاتەكان مسۆگەر بكرێت و ماوەی كاركردنی ئەنجوومەنەكەش  پێنج ساڵی رۆژژمێرییە. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەلانی كەمەوە شەش مانگی پێویستە بۆ ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێك، لەوانەش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بەپێی یاسا دەبێت لەمانگی ئەیلوولی ئەمساڵی 2022 بكرێت، بەو پێیە دەبێت تا 31ی ئاداری 2022 كۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە راسپێردرابێت، لەئێستاشەوە بۆ ئەو كاتە نزیكەی دوو مانگمان لەبەردەستدا ماوەتەوە.  

  هاوڵاتى  وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم لە نووسراوێكی فەرمیدا كەواژۆی ساسان عەونی لەسەرە رۆژی 6ی شوباتی 2022 بڕیاریداوە بە گواستنەوەی راژەی توانا كەمال لەسەرۆكی شارەوانی بۆ نووسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم. هەروەها بڕیاریاندا بە دانانی لەیلا عومەر، وەك سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و گواستنەوەی راژەكەی لە جێگری پارێزگاری سلێمانی/ وەزارەتی ناوخۆ بۆ سەر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار. دیاری كردنی لەیلا عومەر وەك ژنێك بە سەرۆكی شارەوانی سلێمانی پاش بوونی پەنجا پیاو دێت كە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانیان كردووە. لەیلا عومەر عەلی  لەدایكبووی 1975  كەسایەتییەكی سیاسی و ئەندامی یەدەگی   ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.  لە 28ی تەمموزی 2020 وەك جێگری پارێزگای سلێمانی دیاریكراو لە 31 كانوونی دووەمی 2021 دەستبەكار بووەو یەكەمین ژن بووە لەمێژووی شارەكە ئەو پۆستە وەربگرێت. لەیلا عومەر دوای تەواوكردنی قۆناغەكانی بنەڕەتی و ئامادەیی، لەكۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵاحەدین درێژە بەخویندن دەدات و ساڵی 1996 بڕوانامە لەبواری یاسا بەدەستدەهێنێت.  لەبەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی لەساڵی 1997 دامەزراوە، لەساڵی 2000 بووە جێگری هەمان بەڕێوەبەرایەتی. هەروەها لەساڵی 2005 بووە بەڕێوەبەرو دوای بەشداری كردنی لەسیاسەت بووە ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی و لەچوارەمین كۆنگرەی یەكێتی بووەتە ئەندامی  یەدەگی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی. لەیلا عومەر پاش پەنجا سەرۆک شارەوانی دەبێتە یەکەم ژن وەک سەرۆکی شارەوانی لەمێژووی دروستبوونی سلێمانیدا. پێنج سەرۆك شارەوانی پیاو كە لەساڵی 2000 تا 6ی شوباتی 2022 پۆستی سەرۆكی شارەوانییان هەبووە * حاكم قادر حەمەجان  2ی نیسانی 2000 تا 2007 * عومەر مەحوی 16ی نیسانی 2007 تا 2010 * خەسرەو كەمال 19ی كانونی دووەمی 2010 تا 31ی كانونی دووەمی 2013 * یوسف یاسین لە 31 كانونی دووەمی 2013 تا 2018 * توانا كەمال 26ی ئابی 2018 تا 6ی شوباتی 2022  

  هاوڵاتى  دەستەی وەبەرهێنان ڕایگەیاند:" داوا له‌ هاووڵاتییانی خۆشه‌ویست ده‌كه‌ین، خۆیان بەدووربگرن له‌ كڕینی و فرۆشتنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبووه‌كان". دەستەی وەبەرهێنان لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "داوا له‌ هاووڵاتییانی خۆشه‌ویست ده‌كه‌ین، خۆیان بەدووربگرن له‌ كڕینی و فرۆشتنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبووه‌كان، ئه‌وانه‌ی تاوەکو ئێستا مۆڵه‌تیان لە دەستەکەمان وه‌رنه‌گرتووه‌ و مامەڵەى پرۆژەکانیان لە قۆناغى راییکردندان". ئەو کەسانەی بەنیازی کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون، دەستەی وەبەرهێنان داوایان لێدەکات، "پێویستە پێش کڕینى یەکەکەکان سەردانى  فەرمانگەکانى وەبەرهێنان لە شار و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بە مەبەستى دڵنیابوون".  

هاوڵاتى بافڵ تاڵه‌بانى ڕایگەیاند:" کەرکوک‌و کەرکوکییەکان وەک وتومانە ھێڵی سورەو سازش لەیەک بستی خاکی خۆمان ناکەی". ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی شوباتی 2022، بافڵ تاڵه‌بانى له‌په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ى ساڵڕۆژى مورافه‌عه‌كه‌ى جه‌لال تاڵه‌بانى سه‌رۆكى كۆچكردوى عێراق په‌یامێكى له‌باره‌ى كوردستانیبونى كه‌ركوكه‌وه‌ بڵاوكردۆته‌وه‌و جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "کەرکوک‌و کەرکوکییەکان وەک وتومانە ھێڵی سورەو سازش لەیەک بستی خاکی خۆمان ناکەین کە بەخوێن کوردستانیبونمان دوپاتکردەوە"، قوباد تاڵه‌بانیش ده‌ڵێت:"كه‌رکوک لەدیدی سەرۆک مام جەلال‌و یەکێتیدا، مەسەلەیەکی گرنگی ستراتیژییەو سازشی لەسەرناکرێت، ئێمەش ھەمان ڕوئیامان ھەیە". بافڵ تاڵه‌بانى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى لەپەیامێکدا نوسیویەتى:"18 ساڵ لەمەوبەر سەرۆک مام جەلال، یەکەمین بەردی بناغەی خەباتی یاسایی، دەستوریی‌و مێژویی کوردستانییبونی کەرکوک‌و ناوچە دابڕێندراوەکانی لەمێژوی عێراقی نوێی پڕ ململانێ‌و کێشمەکێشی سیاسی داناو بەپشتبەستن بەبەڵگەو نەخشەی مێژویی، کوردستانیبونی کەرکوکی سەلماند". تاڵه‌بانى له‌باره‌ى كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌ڵێت:"کەرکوک بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان‌و ئێمەش بەشێکی دانەبڕاوە لەخەباتی بەردەواممان‌و خۆمان بەخاوەنی ڕاستەقینەی کەرکوک دەزانین، چۆن باوک‌و باپیرانمان جێیان نەھێشت‌و قوربانییان بۆداوە، ئێمەش جێی ناھێڵین‌و پارێزگاری لەکوردبونمان‌و پێکەوەژیانی ھەموو نەتەوەو پێکھاتەو ئاینزاکان دەکەین". جه‌ختیشیكردۆته‌وه‌ : "ئاشتی کۆمەڵایەتی لەوشارە لەپێشینەی کارەکانمان دەبێت، ئەمڕۆش لەپاڵ ڕاپەڕاندنی ئەرکە نەتەوەیی‌و نیشتمانییەکان، خەممان خەمی ژیان‌و ئارامی خەڵکی کەرکوک دەبێت". بافڵ تاڵه‌بانى ده‌شڵێت:"کەرکوک‌و کەرکوکییەکان وەک وتومانە ھێڵی سورەو سازش لەیەک بستی خاکی خۆمان ناکەین کە بەخوێن کوردستانیبونیمان دوپاتکردەوە". لەلایەکى دیکەشەوە قوباد تاڵەبانى له‌په‌یامێكدا نوسیویەتى:"كه‌رکوک لەدیدی سەرۆک مام جەلال‌و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، مەسەلەیەکی گرنگی ستراتیژییەو سازشی لەسەرناکرێت، ئێمەش ھەمان ڕوئیامان ھەیەو دەبێت لەو چوارچێوەیە‌شدا بەپلانێکی نیشتمانییانەوەو دور لەموزایەدە، کار بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئاڵۆزی ئێستای کەرکوک‌و ناوچە‌ جێناكۆكە‌كانی تر بكە‌ین".  ئه‌وه‌شى به‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌، "مام ھیچ بوارێکی نەھێشتەوە بۆ نکوڵیکردن لەو حەقیقەتە، ھەر ئەمەش بوە فاکتەرێکی سەرەکی چەسپاندنی مادەی 58 لە قانونی ئیدارەی کاتیی دەوڵەت‌و دواتریش مادەی 140 لەدەستوری ھەمیشەیی عێراقدا".  

شاناز حەسەن هێشتا بكوژانی نەقیب محەمەد لەتیف دەستگیرنەكراون و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەڵێت:» بكوژانی نەقیب محەمەد سنوری هەرێمی كوردستانیان بڕیوە و لەئێستادا لەدەرەوەی وڵاتن». شەوی شەممە (4ی كانونی یەكەمی 2021) لەشاری سلێمانی داواكراوێك رووبەڕووی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان بووەوەو لەئەنجامدا ئەفسەرێك شەهید كراو چوار پۆلیسی دیكەش برینداربوون، بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ژنان لەسلێمانیش دەڵێت، داواكراوەكە هەڵهاتووە و تائێستا دەستگیرنەكراوە. ئاڵا لەتیف، برای نەقیب محەمەد لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» هەر لەسەرەتای كەیسەكەوە وەك كەیسێكی حكومی سەیرمان كردووە كەئیشی جددی لەسەر بكات». ناوبراو باسی لەوەشكرد كە تائێستا بەفەرمی پێیان نەوتراوە كە بكوژانی نەقیب محەمەد سنورەكانی هەرێمی كوردستانیان تێپەڕاندووە، بەڵكو تەنها وتوویانە»گومانیان هەیە لەدەرەوەی هەرێم بن». خوشكی نەقیب محەمەد دەشڵێت:» پرسیارمان هەیە ئەو تاوانبارانە دەسەڵاتیان چۆن هەبووەو توانیویانە سنورەكانی هەرێم ببڕن و خۆیان دەرباز بكەن لەكاتێكدا ئێمە متمانەمان بە ئیمكانییەتی دەزگای ئەمنی و ئاسایش  هەیە كە بێ پشت و پەنا دەربازیان بووە. «حكومەت لە كەیسی زۆر توندترو خامزتر بتوانن كەیسەكان بدۆزنەوە، كە تێوەگلاون كە دەموچاوەكان دیارە دامودەزگاكان دواكەوتن بۆ ئەوەی ناوی تاوانبارەكان ئاشكرا بكەن، بەڵام ئێمە بەئارامی چاوەڕێی ئەوەین دامودەزگا حكومییەكان كاری خۆیان بكەن، حكومەت كاری لەسەر بكات و كەیسەكە كەیسێكی خێزانی نییە، بەڵكو كەیسی حكومەتە»، ئاڵا لەتیف وا دەڵێت. هاوكات خوشكی نەقیب محەمەد جەختی لەوەشكردەوە كە بێدەنگ بوون لێی پرسیاری جددی دروست دەكات لەسەلامەتی و ئاسایشی هاووڵاتیان، لەكاتێكدا هێرشكردنە بۆ سەر كارمەندێكی ئەمنی لەناو ئوتومبێلی پۆلیس لەگەڵ چوار كەسی دیكە كە برینداربوون و  وەرەقەی دادوەریان پێبووە، وتیشی:»ناكرێت تاوانباران قوتار ببن لەیاسا، وەك وتمان ئێمە چاوەڕێی هەوڵەكانی دەزگا ئەمنییەكان و وەزارەتی ناوخۆین كە تاوانباران دەستگیربكەن». بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەڵێت:» لەئێستادا لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون بەردەوامەو بۆ دەستگیركردنیان پەیوەندیمان بەپۆلیسی ئینتەرپۆڵەوە كردووە». سەركەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەهاوڵاتى وت:» بكوژانی نەقیب محەمەد سنوری هەرێمی كوردستانیان بڕیوە و لەئێستادا لەدەرەوەی وڵاتن». هەروەها وتیشی:» لەئێستادا لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون بەردەوامە و بۆ دەستگیركردنیان پەیوەندیمان بەپۆلیسی ئینتەرپۆڵەوە كردووەو زانیاری پێویستمان پێداون بۆ هاوكاریكردنمان». هاوكات، مقەدەم  هیوا كەریم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» لەئێستادا كەیسەكە لەدەستی ئاسایشی سلێمانیدایە و بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ دەستگیركردنی بكوژەكە». مقەدەم  هیوا كەریم ئەوەشی دووپاتكردەوە كە» ئاسایش زۆر بەباشی بەدەم كەیسەكەوە دێن و كاری لەسەر دەكەن».

هاوڵاتى وەزیری دەرەوەی تورکیا  ڕایگەیاند:" تورکیا بەردەوامدەبێت لەئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆسەر ئەو هێزە کوردیە". وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد، مەولود چاوش ئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکنی هاوتا ئەمریکییەکەی ئەنجامداوەو تێیدا باسیان لەدوایین پێشهاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و هەڵکشانی ئاستی گرژییە سەربازییەکان لەناوچەکەدا کردوە. لەبەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتوە، هەردولا گفتوگۆیان لەسەر دوایین پێشهاتەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردوەو ئۆغڵو ئاماژەی بەهێرشە سەربازییەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بۆسەر هێزەکانیان‌و کەسانی مەدەنیی لەناوچەکەدا کردوە، جگەلەوەی جەختی لەوەکردۆتەوە، تورکیا بەردەوامدەبێت لەئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆسەر ئەو هێزە کوردیە.  تورکیا لەڕێگای تۆپبارانکردن‌و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، ڕۆژانە هێرشدەکاتەسەر ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستان‌و کەسانی مەدەنی‌و سەرکردە سەربازییەکانی سەر بەهەسەدە بەئامانج دەگرێت.

هاوڵاتى پارتی دیموكراتی كوردستان فوئاد حوسێن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید دەكات هاوشان لەگەڵ كاندیدبوونی هۆشیار زێباری لەپێناو بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار سەرەڕای ئەوەی كە بەرهەم ساڵح تاكە كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە بۆ ئەو پۆستە. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتى، كە لەبەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی كەوتووە، دادگای فیدراڵی عێراق رۆژی پێنجشەممە یان رۆژی یەكشەممە رەزامەندی لەسەر پرسی كاندیدبووونی هۆشیار زێباری یەكلاییدەكاتەوە كە هاوكاتە لەگەڵ داخستنی ناو تۆماركردن كە ماوەی سێ رۆژی دیكە دیاری كراوە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەسەر داواكاری هاوپەیمانی نێوان (موقتەدا سەدر، محەمەد حەلبوسی، مەسعود بارزانی)دا بووەو فوئاد حوسێن وەك كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ناوی خۆی تۆمار بكات. ساڵی 2018 یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرهەم ساڵح-ی كاندید كرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو پارتی دیموكراتی كوردستانیش فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی ئێستای عێراق، لە خولی یەكەمدا بەرهەم ساڵح دەنگی زۆرینەی نەهێنا، بەڵام لەخولی دووەمی دەنگداندا بووە سەرۆك كۆماری عێراق. هەریەك لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان خەریكی لۆبی كردنن بۆ كاندیدەكانیان و گفتوگۆی چڕ لەبەغدا لەنێوان لایەنەكاندا بوونی هەیەو زەمینەسازیی ئەنجامدراوە بۆ كۆبوونەوەی وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی تا لەسەر پرسی كاندیدی سەرۆك كۆمار بگەنە رێككەوتن تا ئەوەی لە 2018 روویدا دووبارە نەبێتەوەو كاندیدێك هەبێت كە رەزامەندی هەردوو لایەنەكەی لەسەر بێت. یەكێتی نیشتمانی كوردستان سوورە لەسەر كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری ئێستای عێراق، لەئێستاشدا گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەنێوان بەرپرسانی یەكێتی و پارتی دەستی پێكردووەو زەمینەسازی دەكرێت بۆ كۆبوونەوەیەك تا پرسی سەرۆك كۆمار یەكلابكرێتەوە. بەرپرسێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە نەیویست ناوی بهێندرێت بۆ هاوڵاتى ئەوەی دووپاتكردەوە كە تاكە كاندیدی یەكێتی كە لەكۆبوونەوەی سەركردایەتی هەموو ئەندامان دەنگیان پێداوە (دكتۆر بەرهەم ساڵح)ەو هیچ كاندیدێكی دیكە پێشنیاز نەكراوەو یەكێتی لەهەوڵدایە لەگەڵ دۆستەكانی لەبەغداو بەتایبەت لەگەڵ پارتی بگاتە رێككەوتن، وتیشی:» لەئێستادا گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ بوونی هەیە لەنێوان یەكێتی و پارتیداو زەمینەسازی دەكرێت بۆ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی هەردوولا تا پرسی سەرۆك كۆمار یەكلایبكرێتەوە». هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە یەكێتی بە ئیستحقاقی خۆی دەزانێت پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت لەبەر ئەوەی رێككەوتن لەنێوان یەكێتی و پارتی پێشتر ئەنجامدراوە كە پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ پارتی بێت و پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت. لەلایەكی دیكەوەهاوڵاتى پەیوەندی بە دوو بەرپرسی پارتییەوە كرد ئەوەیان بۆ هاوڵاتى ئاشكراكرد كە سەرەڕای ئەوەی كە هۆشیار زێباری كاندیدی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەڵام دوای كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ماوەی سێ رۆژی دیكە، پارتی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ موقتەدا سەدرو سوننەكان كە فوئاد حوسێن كاندید دەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. دەربارەی ناوهێنانی فازڵ میرانی، بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، یەكێك لەبەرپرسانی پارتی ئەوەیان خستەڕوو كە فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتییەو یەكێكە لە ستونەكانی پارتی، سەركردایەتی پارتی ناتوانێت بەئاسانی دەستبەرداری فازڵ میرانی ببێت. هاوكات ئەوەشی باسكرد كە دادگای فیدراڵی دادگایەكی بێلایەن نییەو نزیكە لەكۆماری ئیسلامی ئێران و ئەجێندای نوری مالكی جێبەجێ دەكات، وشیار زێباری كەیسەكەی سیاسییە نەك یاسایی كە چەند پەرلەمانتارێكی یەكێتی سكاڵایان گەیاندووەتە ئەو دادگایە. لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەكی باڵای ناو پارتی جەختی لەوەكردەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمجارە لەگەڵ هاوپەیمانەكانی كە موقتەدا سەدرو محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەرە لە سوننەكان كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار سەردەخەن، وتیشی:» ئەگەر بڵێن هۆشیار زێباری دادگای فیدراڵی بڵێن ناتوانێت كاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەوە دڵنیابن لەوەی كە  جارێكی دیكە بەرهەم ساڵح نابێتەوە بەسەرۆك كۆمارو پارتی دەیەوێت كاندیدی خۆی سەربخات «.

  هاوڵاتى وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایگەیاند:" لە مانگی داهاتووەوە بڕی ئەمپێرەكانی پێوەری زیرەك لە 30 ئەمپێرەوە بۆ 40 ئەمپێر زیاد دەكرێتەوە". ئەمڕۆ سێشەممە 8ی شوباتی 2022، لە ڕاگەیاندراوێکدا وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ژمارەیەک بڕیاریانداوە کە بریتیین لە بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای ئیدارە سەربەخۆکانی نوێی سۆران، ڕاپەڕین و زاخۆ بە وەزارەتی کارەباوە دەبەسترێنەوە و لە سەرەتای مانگی ئازارەوە، (40) ئەمپێر کارەبا بە هاوبەشانی کارەبا دەدرێتەوە. ئەوەش هاتووە، ''کار بە سیستەمی ئەلکترۆنی و  ماڵپەڕی پسوڵە (pswla.com) دەکرێت و لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان جێبەجێ دەکرێت.'' هاوکات باس لەوەشکراوە، ''بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کارەبای شارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەرپرسن بۆ بەدواداچوون و نەهێشتنی سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران، بۆ ئەم مەبەستە سیستەمی پێوەری زیرەک، سەرجەم سەرپێچیەکانی دیاری کردووە.'' ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، ''پێویستە تەواوی هاوبەشانی کارەبا، پێوەری زیرەکیان هەبێت، لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەک (1,480,000) هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەبوون، بەڵام ئێستا بۆ (1,800,000) هاوبەش بەرزبووەتەوە.''

هاوڵاتى  پەرلەمانی عێراق  دەرگای خۆبەر کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کردەوە و دەڵێت، لە رۆژی چوارشەممەوە دەستپێدەکات و سێ رۆژ دەخایێنێت. ئەمڕۆ سێشەممە فەرمانگەی کاروباری پەرلەمان لە ئەمنیدارێتی گشتی پەرلەمانی عیراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەھۆی کۆتایی ھاتنی کاتی دەستووری ھەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆمار جارێکی تر دەرگای خۆکاندیدیکردنی کردەوە. لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بە پشتبەستن بە یاسایی ژمارە 8ی ساڵی 2012 بۆ جارێکی دیکە دەرگای خۆپاڵاوتنی کردەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار. دەشڵێت، وادەی کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 9ی 2ی 2022 دەستپێدەکات و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت. ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ دانیشتنی پەرلەمان بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عیراق بە هۆکاری بایکۆت کردنییەوە لەلایەن رەوتی سەدر و پارتی و سوننە وچوارچێوەی هەماهەنگییەوە پەکی کەوت و نەتوانرا ساز بکرێت. پێشتریش بەهۆکاری تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر هۆشیار زێباری کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لەسەر دۆسیەی گەندەڵی و خراپی ناوبانگییەوە، دادگای فیدڕاڵی عیراق سەرجەم رێکارەکانی هەڵبژاردنی زێباری بەشێوەیەکی کاتی راگرت و بەهۆیەوە فراکسیۆنە گەورەکانی پەرلەمان بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان کرد.

هاوڵاتى ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا ماوەی یەک کاتژمێریک  بەربزین‌و گەروەزین‌و بێجوانی بۆردومانكردو  ئێستاش فڕۆکەكان بەئاسمانی دەڤەرەکەدا دەسوڕێنەوە. ئەمڕۆ سێشەممە لەدوای کاتژمێر 10ى به‌یانى، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا هەریەک لەکوێستانی بەربزین‌و گەروەزین‌و بێجوانی بۆردومانكردو ماوەی یەک کاتژمێریش فڕۆکەكان بەئاسمانی دەڤەرەکەدا سوڕاونەته‌وە. بۆردومانەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبوە، چونکە  ئه‌و شوێنانەی بۆردومانکراون دورن لەگوندو ئاواییەکان.  

هاوڵاتى قایمقامیەتی سلێمانی رەتی دەکاتەوە باخی گشتی سلێمانی بکرێتە پڕۆژەی بازرگانی و دەڵێت:"  رێگەش بەوەنادرێت ئەم شوێنە گرنگ و مێژوویەی شار بکرێتە ئامانج یان زیانی پێ بگەیەندێت".  ئەمڕۆ سێشەممە 8ی شوباتی 2022، قایمقامیەتی سلێمانی راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و  و ڕایگەیاند:" بەتوندی دەنگۆی کردنی باخی گشتی سلێمانی بە پڕۆژەی بازرگانی رەتی دەکاتەوە و ھەموو لایەک دڵنیادەکاتەوە بەھیچ شێوەیەک ھیچ ھەوڵێک لەم رووە لە ئارادا نییەو رێگەش بەوەنادرێت ئەم شوێنە گرنگ و مێژوویەی شار بکرێتە ئامانج یان زیانی پێ بگەیەندێت، بەنیگەرانیشەوە لە ھەموو ئەو دەنگۆیانە دەڕوانین". لەبەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەدا دەڵێت:" لێرەوە بە رای گشتی و ھەموو لایەکی رادەگەیەنین تا ئەو کاتەی دڵسۆزانی ئەم شارە مابن باخی گشتی و سەرجەم شوێنە گرنگ و مێژوویەکانی سلێمانی وەک ناسنامەی سلێمانی و خەڵکەکەی ھەر بە پارێزراوی دەمێنێتەوە". دەقی راگەیاندراوەكەی قایمقامیەتی سلێمانی قائیمقامیەتی سلێمانی رەتی دەکاتەوە باخی گشتی سلێمانی بکرێتە پڕۆژەی بازرگانی روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی لە بارەی باخی گشتی سلێمانی ھاوڵاتیانی شاری ھەڵمەت و قوربانی و دڵسۆزان و خەمخۆرانی پایتەختی رۆشنبیری قائیمقامیەتی سلێمانی بەتوندی دەنگۆی کردنی باخی گشتی سلێمانی بە پڕۆژەی بازرگانی رەتی دەکاتەوە و ھەموو لایەک دڵنیادەکاتەوە بەھیچ شێوەیەک ھیچ ھەوڵێک لەم رووە لە ئارادا نییەو رێگەش بەوەنادرێت ئەم شوێنە گرنگ و مێژوویەی شار بکرێتە ئامانج یان زیانی پێ بگەیەندێت، بەنیگەرانیشەوە لە ھەموو ئەو دەنگۆیانە دەڕوانین. باخی گشتی سلێمانی کە لە ساڵی 1937 دروست کراوە دێرینترین و گرنگترین باخەکانی ئەم شارەیە ، بەشێکی گرێدراوە لەگەڵ مێژووی شارستانی سلێمانی و یادەوەری خەڵکەکەی، لەبەر دەیان ھۆکاری دیکە رێگەنادرێت ئەم سیما جوان و دیارەی شار لە ناوببرێت یان زیانی پێ بگەیەندرێت، لێرەوە بە رای گشتی و ھەموو لایەکی رادەگەیەنین تا ئەو کاتەی دڵسۆزانی ئەم شارە مابن باخی گشتی و سەرجەم شوێنە گرنگ و مێژوویەکانی سلێمانی وەک ناسنامەی سلێمانی و خەڵکەکەی ھەر بە پارێزراوی دەمێنێتەوە. راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی  

هاوڵاتى وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی کردووە بۆ راکێشانی بۆڕییەکی 36 ئینجی لە کێڵگەی گازی کۆرمۆرەوە بۆ هەولێر و بۆڕییەکی دیکەی 52 ئینجیش لە هەولێرەوە بۆ دهۆک. بەوپێیەش تەنیا 35 کیلۆمەتر دەمێنێت تاوەکو بۆڕی گازی سرووشتیی هەرێمی کوردستان بگاتە سنووری نێوان تورکیا". بەپێی ماڵپەڕی "ئیراک ئۆیل ریپۆرت" وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە مانگی 12 ی ساڵی 2021 گرێبەستێکی کردووە لەگەڵ  کارگرووپ بۆ راکێشانی بۆڕییەکی 36 ئینجی لە کێڵگەی گازی کۆرمۆرەوە بۆ هەولێر و بۆڕییەکی دیکەی 52 ئینجیش لە هەولێرەوە بۆ دهۆک. بەوپێیەش تەنیا 35 کیلۆمەتر دەمێنێت تاوەکو بۆڕی گازی سرووشتیی هەرێمی کوردستان بگاتە سنووری نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان. بەپێی گرێبەستەكەش ماوەیەكە  دامەزراندنی ئەو بۆرییانە دەستی پێکردووە، پێشبنینی دەکرێت لە ماوەی 16 مانگدا تەواوبکرێت. ئەمەش لەكاتێكدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2013 دا رێککەوتنێکی بۆ هەناردەکردنی گازی سرووشتیی لەگەڵ تورکیا واژۆکرد، بەڵام هێرشی داعش لە ساڵی 2014 دا و بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بووە هۆی ئەوەی کە کیڵگە گازییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی پێویست پەرەیان پێنەدرێت.  

هاوڵاتى ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید، په‌رله‌مانتاری كورد له‌ خولی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق رایگەیاند:" هاوكێشه‌كانی به‌رده‌م پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا بێت". ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید، په‌رله‌مانتاری كورد له‌ خولی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق له‌ نوسینێكدا كه‌ به‌ناونیشیانی "رەنگە بنەمای گەمەکە (قواعد اللعبه‌)بگۆڕێت؟؟" له‌ لاپه‌ڕه‌ی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید ده‌لێت: "چوارچێوەی هەماهەنگی دوای کۆبونەوەی لەگەڵ ئیسماعیل قائانی سەقفی داخوازیەکانیان بەرز کردوەتەوەو ده‌ڵێن هەردوو پۆستی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار دەبێت بەڕێکكەوتن بێت". به‌وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ی خولی پێشوی په‌رله‌مان، ڕەنگە ئه‌م داواكارییانه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ببێتەهۆی ئەوەی موقته‌دا سه‌در، رابه‌ری ره‌وتی سه‌در بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوون بدات . له‌ كۆتاییشدا ده‌ڵێت:"ڕەنگە هاوپەیمانی چوار قۆڵی درزی تێبکەوێت و لێک هەڵوەشێتەوە، به‌وه‌ش پرۆسەی سیاسی بەرەو چەقبەستویی زیاتر دەروات ."

هاوڵاتى ئەمڕۆ وەزیری دارایی هاتە سلێمانی و سەردانی دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخى کرد و رایگەیاند:" هەوڵی چارەسەرکردنی كێشەكانی خاوی دابەشکردنی موچە دەدەین". ئەمڕۆ دووشەممە 7ی شوباتی 2022، وەزارەتی دارایى هەرێم لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردووە، "ئامانجى سەردانەکەى وەزیرى دارایى بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوونە لە چۆنیەتى بەڕێوەچونى رێکارەکان و تاوتوێکردنى میکانیزمى زیادکردنى جوڵەى بازرگانى و زیادکردنى داهات لەو دەروازە سنورییە." باسی لەوەشکردووە: "ئەم سەردانە بە ئامانجى باش راییکردنى کاروبارى هاوڵاتییان و تاوتوێکردنى کێشە و ئاڵنگارییەکانى بەردەم دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و چارەسەرکردنیانە."  لەکاتێکدا تەواوی موچەی فەرمانبەران پێویستی بە نزیکەی ٩٠٠ ملیار دینارە، بەڵام حکومەت مانگانە چاوی لە ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدایە و بەو بیانووەوە دابەشکردنی موچە دوادەکەوێت و لەکاتی خۆیدا دابەشناکرێت.