هاوڵاتى ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا ماوەی یەک کاتژمێریک  بەربزین‌و گەروەزین‌و بێجوانی بۆردومانكردو  ئێستاش فڕۆکەكان بەئاسمانی دەڤەرەکەدا دەسوڕێنەوە. ئەمڕۆ سێشەممە لەدوای کاتژمێر 10ى به‌یانى، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا هەریەک لەکوێستانی بەربزین‌و گەروەزین‌و بێجوانی بۆردومانكردو ماوەی یەک کاتژمێریش فڕۆکەكان بەئاسمانی دەڤەرەکەدا سوڕاونەته‌وە. بۆردومانەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبوە، چونکە  ئه‌و شوێنانەی بۆردومانکراون دورن لەگوندو ئاواییەکان.  

هاوڵاتى قایمقامیەتی سلێمانی رەتی دەکاتەوە باخی گشتی سلێمانی بکرێتە پڕۆژەی بازرگانی و دەڵێت:"  رێگەش بەوەنادرێت ئەم شوێنە گرنگ و مێژوویەی شار بکرێتە ئامانج یان زیانی پێ بگەیەندێت".  ئەمڕۆ سێشەممە 8ی شوباتی 2022، قایمقامیەتی سلێمانی راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و  و ڕایگەیاند:" بەتوندی دەنگۆی کردنی باخی گشتی سلێمانی بە پڕۆژەی بازرگانی رەتی دەکاتەوە و ھەموو لایەک دڵنیادەکاتەوە بەھیچ شێوەیەک ھیچ ھەوڵێک لەم رووە لە ئارادا نییەو رێگەش بەوەنادرێت ئەم شوێنە گرنگ و مێژوویەی شار بکرێتە ئامانج یان زیانی پێ بگەیەندێت، بەنیگەرانیشەوە لە ھەموو ئەو دەنگۆیانە دەڕوانین". لەبەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەدا دەڵێت:" لێرەوە بە رای گشتی و ھەموو لایەکی رادەگەیەنین تا ئەو کاتەی دڵسۆزانی ئەم شارە مابن باخی گشتی و سەرجەم شوێنە گرنگ و مێژوویەکانی سلێمانی وەک ناسنامەی سلێمانی و خەڵکەکەی ھەر بە پارێزراوی دەمێنێتەوە". دەقی راگەیاندراوەكەی قایمقامیەتی سلێمانی قائیمقامیەتی سلێمانی رەتی دەکاتەوە باخی گشتی سلێمانی بکرێتە پڕۆژەی بازرگانی روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی لە بارەی باخی گشتی سلێمانی ھاوڵاتیانی شاری ھەڵمەت و قوربانی و دڵسۆزان و خەمخۆرانی پایتەختی رۆشنبیری قائیمقامیەتی سلێمانی بەتوندی دەنگۆی کردنی باخی گشتی سلێمانی بە پڕۆژەی بازرگانی رەتی دەکاتەوە و ھەموو لایەک دڵنیادەکاتەوە بەھیچ شێوەیەک ھیچ ھەوڵێک لەم رووە لە ئارادا نییەو رێگەش بەوەنادرێت ئەم شوێنە گرنگ و مێژوویەی شار بکرێتە ئامانج یان زیانی پێ بگەیەندێت، بەنیگەرانیشەوە لە ھەموو ئەو دەنگۆیانە دەڕوانین. باخی گشتی سلێمانی کە لە ساڵی 1937 دروست کراوە دێرینترین و گرنگترین باخەکانی ئەم شارەیە ، بەشێکی گرێدراوە لەگەڵ مێژووی شارستانی سلێمانی و یادەوەری خەڵکەکەی، لەبەر دەیان ھۆکاری دیکە رێگەنادرێت ئەم سیما جوان و دیارەی شار لە ناوببرێت یان زیانی پێ بگەیەندرێت، لێرەوە بە رای گشتی و ھەموو لایەکی رادەگەیەنین تا ئەو کاتەی دڵسۆزانی ئەم شارە مابن باخی گشتی و سەرجەم شوێنە گرنگ و مێژوویەکانی سلێمانی وەک ناسنامەی سلێمانی و خەڵکەکەی ھەر بە پارێزراوی دەمێنێتەوە. راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی  

هاوڵاتى وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی کردووە بۆ راکێشانی بۆڕییەکی 36 ئینجی لە کێڵگەی گازی کۆرمۆرەوە بۆ هەولێر و بۆڕییەکی دیکەی 52 ئینجیش لە هەولێرەوە بۆ دهۆک. بەوپێیەش تەنیا 35 کیلۆمەتر دەمێنێت تاوەکو بۆڕی گازی سرووشتیی هەرێمی کوردستان بگاتە سنووری نێوان تورکیا". بەپێی ماڵپەڕی "ئیراک ئۆیل ریپۆرت" وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە مانگی 12 ی ساڵی 2021 گرێبەستێکی کردووە لەگەڵ  کارگرووپ بۆ راکێشانی بۆڕییەکی 36 ئینجی لە کێڵگەی گازی کۆرمۆرەوە بۆ هەولێر و بۆڕییەکی دیکەی 52 ئینجیش لە هەولێرەوە بۆ دهۆک. بەوپێیەش تەنیا 35 کیلۆمەتر دەمێنێت تاوەکو بۆڕی گازی سرووشتیی هەرێمی کوردستان بگاتە سنووری نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان. بەپێی گرێبەستەكەش ماوەیەكە  دامەزراندنی ئەو بۆرییانە دەستی پێکردووە، پێشبنینی دەکرێت لە ماوەی 16 مانگدا تەواوبکرێت. ئەمەش لەكاتێكدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2013 دا رێککەوتنێکی بۆ هەناردەکردنی گازی سرووشتیی لەگەڵ تورکیا واژۆکرد، بەڵام هێرشی داعش لە ساڵی 2014 دا و بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بووە هۆی ئەوەی کە کیڵگە گازییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی پێویست پەرەیان پێنەدرێت.  

هاوڵاتى ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید، په‌رله‌مانتاری كورد له‌ خولی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق رایگەیاند:" هاوكێشه‌كانی به‌رده‌م پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا بێت". ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید، په‌رله‌مانتاری كورد له‌ خولی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق له‌ نوسینێكدا كه‌ به‌ناونیشیانی "رەنگە بنەمای گەمەکە (قواعد اللعبه‌)بگۆڕێت؟؟" له‌ لاپه‌ڕه‌ی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید ده‌لێت: "چوارچێوەی هەماهەنگی دوای کۆبونەوەی لەگەڵ ئیسماعیل قائانی سەقفی داخوازیەکانیان بەرز کردوەتەوەو ده‌ڵێن هەردوو پۆستی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار دەبێت بەڕێکكەوتن بێت". به‌وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ی خولی پێشوی په‌رله‌مان، ڕەنگە ئه‌م داواكارییانه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ببێتەهۆی ئەوەی موقته‌دا سه‌در، رابه‌ری ره‌وتی سه‌در بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوون بدات . له‌ كۆتاییشدا ده‌ڵێت:"ڕەنگە هاوپەیمانی چوار قۆڵی درزی تێبکەوێت و لێک هەڵوەشێتەوە، به‌وه‌ش پرۆسەی سیاسی بەرەو چەقبەستویی زیاتر دەروات ."

هاوڵاتى ئەمڕۆ وەزیری دارایی هاتە سلێمانی و سەردانی دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخى کرد و رایگەیاند:" هەوڵی چارەسەرکردنی كێشەكانی خاوی دابەشکردنی موچە دەدەین". ئەمڕۆ دووشەممە 7ی شوباتی 2022، وەزارەتی دارایى هەرێم لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردووە، "ئامانجى سەردانەکەى وەزیرى دارایى بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوونە لە چۆنیەتى بەڕێوەچونى رێکارەکان و تاوتوێکردنى میکانیزمى زیادکردنى جوڵەى بازرگانى و زیادکردنى داهات لەو دەروازە سنورییە." باسی لەوەشکردووە: "ئەم سەردانە بە ئامانجى باش راییکردنى کاروبارى هاوڵاتییان و تاوتوێکردنى کێشە و ئاڵنگارییەکانى بەردەم دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و چارەسەرکردنیانە."  لەکاتێکدا تەواوی موچەی فەرمانبەران پێویستی بە نزیکەی ٩٠٠ ملیار دینارە، بەڵام حکومەت مانگانە چاوی لە ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدایە و بەو بیانووەوە دابەشکردنی موچە دوادەکەوێت و لەکاتی خۆیدا دابەشناکرێت.

 هاوڵاتى ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری ڕاوێژکارێکی ئاسایشی نیشتیمانیی کۆشکی سپییەوە رایگەیاند:" بەم نزیکانە ڕوسیا هێرش دەکاتە سەر ئۆکرانیا، بەڵام هێشتاش ئەمریکا و هاوپەیمانانی هەڵبژاردەی ڕێککەوتنی دیپلۆماسیی دەخەنە بەردەم مۆسکۆوە.  ئەمڕۆ دووشەممە 7ی شوباتی 2022، جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی کۆشکی سپی، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "جەنگ لەم چەند ڕۆژەدا، یاخوود لەم چەند هەفتەیەدا ڕوودەدات، بەڵام دەرگای گفتوگۆی دیپلۆماسیی دانەخراوە".  لە درێژەی قسەکانیشیدا وتی، "ئەگەر جەنگ ڕووبدات، ئەوا خەسارەیەکی گەورەی مرۆیی لە ئۆکرانیا ڕوودەدات؛ بەڵام ئێمە بڕوامان وایە و بەپێی ئەو ئامادەکارییانەی بۆ وەڵامدانەوە دەمان بێت، ڕووسیا باجێکی ئێجگار گەورە دەدات".  تا ئێستاش ڕێککەوتنی دێپلۆماسیی دەرگایەکی کراوەیە؛ وڵاتانی ئەوروپاش هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک دەدەن؛ بۆ ئەم مەبەستەش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، ئەمڕۆ دووشەممە سەردانی ڕووسیا دەکات و لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی کە ڤڵادیمێر پوتینە، کۆدەبێتەوە؛ سبەی سێشەممە 8ی شوباتی 2022، سەردانی ئۆکرانیاش دەکات و چاوی بە سەرۆکی ئۆکرانیاش دەکەوێت.

هاوڵاتى په‌رله‌مانتارێكی عێراق رایگه‌یاند: " موقته‌دا سه‌در داوای‌ له‌ نێچیرڤان كردوه‌  خۆی‌ بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار كاندید بكات. مەشعان جبوری، په‌رله‌مانتارو كه‌سایه‌تی‌ ناسراوی‌ عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا رایگه‌یاند: "ئەگەر دادگای فیدراڵی هۆشیار زێباری رەتبکاتەوە، ئەگەر هەیە پارتی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ یان فوئاد حسێن کاندیدبکات، چونکە موقتەدا سەدر بەفەرمی‌ داوای لە نێچیرڤان بارزانی‌ کردوە خۆی کاندید بکات". جبوری ده‌شڵێت: "لەسبەینێوە جارێکی دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی‌ سەرۆک کۆمار دەکرێتەوە، بۆیە پێویستە پارتی‌ کاندیدی یەدەگی هەبێت، چونکە ئەگەر هەیە کێشەیەک بۆ کاندیدبونەکەی‌ هۆشیار زێباری دروستبێت". پێشتر لەکاتی‌ سەردانەکەی‌ بۆ لای موقتەدا سەدر، سەدر بەفەرمی‌ داوای لەنێچیرڤان بارزانی‌ کردوە خۆی کاندیدبکات، به‌ڵام نێچیرڤانی‌ بارزانی‌ تائێستا ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ نیشان نه‌داوه‌.  موقتەدا سەدر، زیاتر لەژێر کاریگەری‌ لایەنگرانی‌ خۆیدایە، بۆیە پرسی‌ بە پارتی‌‌ و سیادە نەکردوە کە بایکۆتی‌ کۆبونەوەی‌ پەرلەمان بکات، بەڵام سەدر بەبارزانی‌ راگەیاندوە، کە پابەندی هەموو ئەو شتانەیە کە بەیەکەوە لەسەری‌ رێککەوتون. له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ی‌ سه‌درو نێچیرڤان بارزانیشدا، سەدر پێیوابوە کە هۆشیار زێباری کێشەی یاسایی هەیە، بۆیە وتویه‌تی‌، تا دادگای فیدراڵی ئەو پرسە یەکلایی دەکاتەوە بایکۆتی‌ دانیشتنی‌ پەرلەمان دەکات. هاوكات عەرەفات کەرەم، په‌رله‌مانتاری‌ خولی‌ پێشوی‌ پارتی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی‌، هیچ کێشەیەک لەسەر کاندیدبونی‌ هۆشیار زێباری نییە، وتوشیه‌تی‌:"کاندیدی‌ ئێمە هەر هۆشیار زێبارییەو نایگۆڕین‌ و سورین لەسەر کاندیدکردنی‌ زێباری، چونکە ئەوە تەنها کاندیدی پارتی‌ نییە، بەڵکو کاندیدی‌ هاوپەیمانێتی‌ ئێمە و سەدر و سیادەیە".

هاوڵاتى  لةئيَستادا زیاتر لە كاتژمێرێك بەسەر كاتی ئەنجامدانی كۆبونەوەی ئەمڕِۆی پەرلەماندا تێپەڕیوە، بەڵام ژمارەیەكی كەمی پەرلەمانتار چونەتە هۆڵی پەرلەمانەوە. پاش ئەوەی دوێنێ سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کاتژمێر ١٢ی ئەمڕۆی بۆ دانیشتنی پەرلەمان دیاریکرد، لە ئێستادا بەشێک لە فراکسیۆنەکان گەیشتنە بینای پەرلەمانی عێراق. لەگەڵ ئەوەشدا زەنگی دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقەوە لێدرا بەڵام لەبەر كەمی ژمارەی پەرلەمانتاری ئامادەبوو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی جێهێشت. هاوكات سۆران عومەر سەرۆكی فرامسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لە پەیجی خۆی نوسیویەتی: لەکۆی ٣٢٩ پەرلەمانتار تەنھا ٥٨ پەرلەمانتار چوینە ھۆڵی کۆبوونەوە. لە پێشتردا، هەریەک لە فراکسیۆنی سەدر و هاوپەیمانی سەروەری سوننەکان و چوارچێوەی هەماهەنگی و پارتی بڕیاریاندا، بەشداری دانیشتنەکە نەکەن. بۆ تەواوبوونی نیسابی یاسایی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، دەبێت لەکۆی ٣٢٩ پەرلەمانتار، ٢٢٠ پەرلەمانتار ئامادەبن. دوێنێ یەکشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رێوشوێنەکانی دیاریکردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق راگرت، کە پەیوەندیدارە بە کەیسی لێسەندنەوەی متمانە کاتێک وەزیری دارایی عێراق بوو.  

هاوڵاتى لە قەڵادزێ نزیکەی 500 کەس بەهۆی سکچوون و رشانەوەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراون وەزیری تەندروستی هەرێم سەردانی ئیدارەی راپەڕینی کرد و رایگەیاند:" نەخۆشی سکچون و رشانەوە کە لەئێستادا لەم سنورەدا بڵاوبوەتەوە نەخۆشییەکی نوێ نیە و جۆرەها جۆری هەیە کە دەگوازرێتەوە، بۆیە بڕیاردراوە روپێوی فراوان و پشکنینی تاقیگەیی بکرێت". ئەمڕۆ دووشەممە 7ی شوباتی 2022،  سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی راپەڕینی کرد و رایگەیاند:" پشکنینی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە و هەندێک جۆری خۆراک دەکرێت کە بەهۆی پاکرانەگرتنیان دەبنەهۆکاری بڵاوبونەوەی نەخۆشی سکچون و رشانەوە، ئەوە جگە لەپشکنینی بڵاوبونەوەی ئەو نەخۆشییە لە قوتابخانەکان و ناوچەکان بەمەبەستی دیاریکردنی هۆکارو شوێنی بڵاوبونەوەی پەتاکە. وەزیری تەندروستی ئەوەشی خستەڕو، لەئێستادا داوا لەهاوڵاتیان دەکەن سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە بەپاکی رابگرن، ئاو پێش خواردنەوەی بەباشی بیکوڵێنن و سەوزە و میوەش بەجوانی پاک بکەنەوە، دواتریش رێنمایی دیکەی تایبەت بە خۆپاراستن لەم پەتایە بڵاودەکەنەوە.    

هاوڵاتى سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێریی پەرلەمانی هەرێم ڕایگەیاند:" بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە بە قەدەغەكردنی هاوردەكردنی كەپەك، هەر تۆنێك ٣٠ هەزار دیناری چووەتە سەر و دەشڵێت: ڕێگە بۆ كۆمپانیایەك خۆشكراوە هاوردەی بكات بە ١٠٠ هەزار زیاتر لە نرخی پێشووی بۆ هەر تۆنێك". وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێریی ڕۆژی دووی ئەم مانگە داوای لە وەزارەتی دارایی كردووە، هاوردەكردنی پاشماوە ڕووەكییەكان قەدەغە بكات، بەو پێیەی پێچەوانەی یاسای كەرەنتینەی كشتوكاڵییە و هۆكارێكە بۆ بڵاوبونەوەی دەرد و نەخۆشی. لەسەر ئەو بڕیارە، عەبدولستار مەجید، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێریی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە پەیجی خۆی لە فەیسبووك نوسیویەتی: کەپەک کە زیاتر بۆ ئالیکی ئاژەڵ بەکاردەھێنرێت و بەشی زۆری لە دەرەوەی ووڵات ھاوردە دەکرێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی دارایی لەسەر ڕاسپاردە و داواکاری وەزارەتی کشتوکاڵ لە ٢/٢/٢٠٢٢، ھاوردەکردنی قەدەغە کراوە و تەنھا تا ٧/٢/٢٠٢٢، مۆڵەت بە بازرگانانی ھاوردەکردنی کەپەک دراوە، کە ئەگەر کەپەکیان کڕیوە لەو ماوە کورتەدا بیھێننە ناوەوەی کوردستان. دەشڵێت: لەگەڵ ئەم بڕیارە ھەر تۆنێک کەپەک زیاتر لە ٣٠ ھەزار دیناری چووەتە سەر، پاشان ئەو کۆمپانیایەی، کە ئەو ڕێگەیەی بۆ خۆشکراوە و تەندەری ئامادەکردووە تۆنی بە ٥٥٠ ھەزار، لە کاتێکدا ئەو کەپەکەی لە دەرەوە ھاوردە دەکرێت بە ٤٥٠ ھەزار لە بازاڕ دەفرۆشرێت، ئایا ئەمە لە قازانجی مەڕدار و ئاژەڵدارەکانە؟ یان تەنھا لە قازانجی کۆمپانیاکانە؟. سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێریی، دەشپرسێت، چ نەخۆشیەک؟ ئایا نەخۆشی بەھۆی ھاوردەکردنی ئەو ھەموو ماددە و دەرمانە بەسەرچوانە و بەقاچ ھێنانی ئەو ھەموو کەلوپەل و ماڕوماڵاتەیە یان بەھۆی کەپەکەوەیە، کە بە ڕێگەی یاسای دەھێنرێت؟ دیارە دەزگای پشکنینتان نییە.

هاوڵاتى پارتی و رەوتی سەدر و هێزە سوننەکان رێککەوتنێک لە نێوانیاندا هەبوو، بەڵام فراکسیۆنی سەدر بڕیاریدا بەشداری دانیشتنەکەی رۆژی ٧ی مانگ نەکات کە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیاریکرابوو. هاوکات، هاوپەیمانی سەروەری سوننەکان کە خاوەنی نزیکەی ٧٠ پەرلەمانتارن لە راگەیەنراوێکدا دەڵێن، بەشداری دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان ناکەن. دواتریش فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند:" بەشداری کۆبونەوەی سبەینێی پەرلەمان ناکەین". دواتر چوارچێوەی هەماهەنگیش بڕیاریدا بەشداری دانیشتنەکەی سبەینێ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار نەکات و چەند کوتلەیەکیش بایکۆتی دانیشتنەکە دەکەن. لەھەمان کاتدا شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک، کە لەگە بزوتنەوەی ئیمتیداد و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ پێکیانهێناوە،رایگەیاند، سبەینێ بەشداری دانیشتنەکە دەکەن و پەیوەندیان بە بایکۆتی هیچ لایەنێکەوە نییە. تا ئێستا لایەنەکانی دیکەی ناو پەرلەمان بە فەرمی بەشداری نەکردن یان بەشداریکردنی خۆیان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار رانەگەیاندووە. بۆ تەواوبوونی نیسابی یاسایی دانیشتنەکەی ٧ی ئەم مانگەی پەرلەمانی عێراق، دەبێت لەکۆی ٣٢٩ پەرلەمانتار، ٢٢٠ پەرلەمانتار ئامادەبن. بەو پێیە ی پارتی و سەدر و سوننەکان و کوتلەی سیادە نزیکەی 150 پەرلەمانتارن کە بە فەرمی رایابگەیاندووە بەشداری ناکەن، پێدەچێت کۆبونەوەکە نەکرێت. 25 کەس خۆیان بەربژێر کردووە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، ململانێی تووند لەنێوان یەکێتی و پارتیدایە لەسەر ئەو پۆستە، رۆژی یەکشەممەش دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا كاندیدكردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رابگیرێت، تاوەکو بڕیاری دادگای لەبارەوە دەردەچێت و زێباریش رایگەیاند، رێز لە بڕیارەکەی دادگا دەگرێت.

هاوڵاتى 50 کۆنگرێسمانی ئەمریکا داواکارییەکی فەرمییان ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کردوەو تێیدا داوادەکەن:"بەهیچ شێوەیەک فڕۆکەی جەنگیی جۆری F-16 بەتورکیا  نەفرۆشرێت". ئەو کۆنگرێسمانانە کە لە4ی ئەم مانگە داواکارییەکەیان واژۆکردوە ڕونیانکردۆتەوە، "نابێت ئەمریکا هیچ جۆرە پاڵپشتییەکی سەربازیی پێشکەشی سوپای تورکیا بکات، تاوەکو ئەوکاتەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا دەست لەتێکدانی ئاسایش‌و سەقامگیریی ناوچەکە هەڵدەگرێت‌و لەناوەوه‌و دەرەوەی تورکیا کۆتایی بەپێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتیی دەهێنێت". ئەو کۆنگرێسمانانە راشیانگەیاندووە:""ئەزمونه‌كانى پێشوو ئەوەیان دەرخستوە کە ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا دەست لەکارو کردەوەکانی هەڵناگرێت تا ئەوکاتەی ئه‌مریكا هەموو ڕێگا دیبلۆماسییەکان لەوانە سەپاندنی سزای ئابوری دژ بەتورکیا بەکاردەهێنێت". ئەمەش لەكاتێكدایە ماوەی رابردوو تورکیا ڕایگەیاند، دەیەوێت بەرامبەر بەهەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی F-35ی بەتورکیاو دەرکردنی ئەو وڵاتە لەبەرنامەی دروستکردنی فڕۆکەکە، ئەمریکا ڕازییبێت بەبەهای چەندین ملیار دۆلار فڕۆکەی جەنگیی جۆری F-16و چەک‌و كه‌ره‌سته‌ى تری سه‌ربازى پێشکەوتوو بەتورکیا بفرۆشێت.

هاوڵاتى ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بانگهێشتی پەرلەمانتاران دەکات بۆ دانیشتنی دووەم، کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق. ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی کاری دانیشتنی رۆژی دووشەممە 7ی شوباتی 2022ی بڵاوکردەوە و تێیدا بانگهێشتی پەرلەمانتاران دەکات بۆ دانیشتنی دووەم، کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق. بەپێی ئەو بەرنامەی کارەی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، دانیشتنی دووەمی پەرلەمان لە کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی رۆژی 7ی شوباتی 2022 بەڕێوەدەچێت، تێیدا ژمارەیەک پەرلەمانتار سوێندی یاسایی دەخۆن. بەپێی بەشێکی دیکەی بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراق، "لە دانیشتنی سبەینێدا سەرۆک کۆماری عێراق هەڵدەبژێردرێت".

  هاوڵاتى هۆشیار زێباری  رایگەیاند:" رێز لە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەگرین لە وەستاندنی کاندیدبوونمان بەشێوەی کاتی تاوەکو یەکلابوونەوەی ئەو داوایەی لەسەرمان تۆمارکراوە". هۆشیار زێباری لە راگەیێندراوێکدا نووسیویەتی "رێز لە بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەگرین لە وەستاندنی بەربژێربوونمان بەشێوەی کاتی تاوەکو یەکلابوونەوەی ئەو داوایەی لەسەرمان تۆمارکراوە." ئەمڕۆ یەکشەممە، دادگای فیدراڵی عێراق رایگەیاند، بەشێوەیەکی کاتی رێوشوێنەکانی کاندیدبوونی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق رادەگیرێت.

هاوڵاتى حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا لە 15٪ی پارەی پێشینەکانی (خانووبەرە، قەرزی بچووک، قەرزی سندووقی نیشتەجێبوون، هاوسەرگیری، کشتوکاڵی، پیشەسازی و گەشتیاری) خۆشبێت، کە لەلای هاووڵاتیانە، به‌و مه‌رجه‌ی لەماوەی 90 ڕۆژدا پێشینەکانی حکومەت کە وەک قەرز لایەتی، بیگەڕێنێتەوە، ئه‌وا 15% لێخۆشبوونی بۆ دەردەکەن.    له‌ نوسراوێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ 6ی شوباتی 2022 ده‌ركراوه‌ و واژووی ئاوات جه‌ناب نوری، وه‌زیری دارایی هه‌رێمی له‌سه‌ره‌، 10 خاڵ بۆ پرسی لێخۆشبون به‌ بڕی 15% له‌و پێشنیانه‌ی حكومه‌ت ده‌ركراوه‌ كه‌ له‌لای هاوڵاتیانه‌. پێشینه‌كان خانوبه‌ره‌ و قه‌رزی نیشه‌جێبون و هاوسه‌رگیری و قه‌رزی بچوك و قه‌رزه‌كانی بانكی پیشه‌سازی و كشتوكاڵی و گه‌شتیاری ده‌گرێته‌وه‌ و بڕیاردراوه‌ ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی 90 رۆژدا هاوڵاتیان پێشینه‌كانیان بگه‌ڕێننه‌وه‌، ئه‌وا به‌بڕی 15% له‌و پێشینانه‌ خۆش ده‌بن. بەپێی نووسراوی ژمارە (1215)ی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 06-02-2022 دەرچووە، تێیدا هاتووە: 1- داشکاندنی 15٪ی لەو پێشینانەی حکومەت، کە لەلای هاووڵاتیانە، وەک پێشینەی (خانووبەرە، قەرزی بچووک، قەرزی سندووقی نیشتەجێبوون، هاوسەرگیری، بانکی کشتوکاڵی، پیشەسازی و گەشتیاری) بە مەرجێک هاووڵاتیان ئامادەبن لە ماوەی 90 رۆژی کار، لە رێکەوتی 19-01-2022 تەواوی پێشینەکان بۆ حکومەت بگەڕێننەوە. 2- دوای جێبەجێکردنی خاڵی (1)ی سەرەوە تەواوی سزای دواکەوتن کە هاتووەتە سەر ئەو پێشینانە، لێخۆشبوونیان بۆ بکرێت. 3- داشکاندنی رێژەی 15٪ی لە بری پابەندی دارایی کەڵەکەبووی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار (شارەوانییەکان، گەشتوگوزار و ئاو) بە مەرجێک کەس و لایەنی بەرپرسیار لەو پابەندییە داراییە ئامادەبن، تاوەکو 90 رۆژ لە رۆژی دەرچوونی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانەوە تەواوی بڕی ئەو پابەندییە داراییە بۆ حکومەت بگەڕێننەوە. 4- بڕگەکانی سەرەوە تەواوی سزای دارایی دواکەوتنی قەرزی بەشدارییەکان تایبەت بە دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە، بە مەرجێک خاوەنکار تەواوی پارەی کەڵەکەبووی بەشدارییەکان بەشێوەی نەقد بە یەکجار بدات لە ماوەی دەستنیشانکراو لە سەرەوە. 5- لێخۆشبوون لە تەواوی سزا و سووی دواکەوتنی پەیوەست بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی باجەکان و خانووبەرەی میری لەسەر رەسم و باجی کەڵەکەبوو بە مەرجێک تەواوی تەواوی باج و رەسم بدرێت لە ماوەی هاتوو لە بڕگەی (1)ی سەرەوە. 6- بڕگەکانی سەرەوە خودی باج و رەسم ناگرێتەوە کە بەپێی دەستوور دەبێت لە چوارچێوەی یاسای لێخۆشبوون لە رەسم و باج رێکبخرێت. قەرزە بازرگانییەکانیش ناگرێتەوە، کە بە بازرگان و وەبەرهێنەران دراون، وەک ئاسانکارییەک لەلایەن بانکە بازرگانییەکانەوە. 7- ئەو باجدەرانەی بەپێی (57 و 58)ی یاسای باجی دەرامەت ژمارە (113)ی ساڵی 1982ی هەموارکراو ئاراستەی دادگاکان کراوە، هەروەها ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن لێژنەی (استئنافیە) دەرچووە، ئەم لێخۆشبوونە نایانگرێتەوە.  8- ئەو پاژە (تسقیط)انەی کە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری، کە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی دەرکراوە و پێیدراوە، لە سزای دواکەوتن و سوو دەبەخشرێن لە ماوەی 90 رۆژی کارکردن بە مەرجێک تەواوی رەسم و باجەکان بگەڕێننەوە. 9- بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە ئاسانکارییەک لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان بە شێوازی (تسقیط)یشەوە بۆ پێدانی باج و رەسمی کەڵەکەبوو، بە مەرجێک داواکاریی بۆ سوودمەندبوون لەو ئاسانکارییە پێشکەش بکرێت لە ماوەی هاتوو لە بڕگەی (1)ی سەرەوە لە دەسەڵاتی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری دایە.