هاوڵاتى بەیانی ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر تەرمی منداڵێكیان دۆزییەوە بۆ دڵنیابونەوە مامی دانەر رایگەیاند:"بە جلەكانیدا دەیناسینەوە كە تەرمی دانەرە". بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویانکردەوە، کاتژمێر ٦ بەیانی دوای گەڕانیکی ورد و چڕ لەنزیک گوندی سیاو تەرمی منداڵێکیان دۆزیوەتەوە، کە پێکهاتبووە لە کەلەسەر و ئێسک و پروسک لەکاتی ئێستادا خەریکی لێکۆڵینەوەن لە ناسنامەی مندڵەکە . هاوکات، هاوڕێ ساڵح، مامى دانەرى تەمەن ١٠ مانگ، کە بەهۆى لافاوەکەى ١٧-١٢-٢٠٢١ لە شارى هەولێر تەرمەکەى بێسەروشوێن بوو، ڕایگەیاند، کە “ئەوە تەرمى دانەرە”. لە پاش دروستبوونى لافاوەکەوە تەرمى دانەر ونبوو، پاش گەڕانێکی زۆر نەتواندرا بدۆزرێتەوە، ماوەی چوار ڕۆژیشە دەست بە گەڕان کراوەتەوە و ئەمڕۆ ڕاگەیەندرا، کە تەرمەکەی دۆزراوەتەوە. هاوکات، هاوڕێ ساڵح، مامى دانەرى تەمەن ١٠ مانگ، کە بەهۆى لافاوەکەى ١٧-١٢-٢٠٢١ لە شارى هەولێر تەرمەکەى بێسەروشوێن بوو، ڕایگەیاند، کە “ئەوە تەرمى دانەرە”. تەرمی دانەری تەمەن 10 مانگ لە لافاوەكەی شاری هەولێر لە 17ی مانگی 12دا ونبوو، تائێستا بە بەردەوامی بە دوایدا گەڕاون، تا ئەمڕۆ دوای مانگێك و 15 ڕۆژ دۆزرایەوە.
هاوڵاتى سهرۆكی شارهوانی سلێمانی رایگەیاند: " بڕیارماندا بە ڕاگرتنی کاری کۆکردنەوە و وەرگرتنی ئاژەڵانی بێلانە لە ئێستادا". لهیلا عومهر، سهرۆكی شارهوانی سلێمانی ئهمڕۆ شهممه له راگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، "زۆر دڵگرانین بە ڕودانی ئەو کارەساتەی دوێنێ شەوی شێڵتەری ئاژەڵانی بێلانە و لەناوچونی کۆمەڵێک ئاژەڵ، وەک سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بڕیارماندا بە ڕاگرتنی کاری کۆکردنەوە و وەرگرتنی ئاژەڵانی بێلانە لە ئێستادا". سهرۆكی شارهوانی سلێمانی باسی لهوهشكردوه: "چەند رۆژێکە کە شایەنی سوپاس و دەستخۆشییە کەمپینێکی خۆبەخشانە لەو بارەیەوە ڕاگەیەندراوە و ئەوانیش لای خۆیانەوە ھەستاون بە کۆکردنەوەی ھاوکاری ماددی و مرۆیی بەمەبەستی باشتر بەڕێوەبردن و چاودێری کردنی ئاژەڵانی بێلانە لە شێڵتەرەکەدا، ھەر ئەمڕۆ نوێنەر و بەرپرسی پەیوەندیدارمان راسپاردوە بەدواداچونی پێویست بکات و چەند سامپڵ و نمونەیەک بنێردرێت بۆ پشکنین بۆ ڤێرتینەری و تاقیگە بۆ ئەوەی ھۆکارەکانی ئەو کارەساتە دیاری بکەین". لهیلا عومهر، ئاماژهی بهوهشكردوه: "ئێمه چەند کاتژمێرێکی کەم بەر لەو ڕوداوەو لە ڕۆژی پێنجشەممە دەست بەکاربوین، لەھەمان ڕۆژدا داوامان لە بەرپرسی شێڵتەرەکە کرد ڕاپۆرتێکی کورت و پوختمان بۆ ئامادە بکات و پێشنیار و داواکاری پێداویستی و کەم و کوڕییەکانی شێڵتەرەکەمان بۆ بکاتە پاکێجێک تا ئەوەی ئێمەش لای خۆمانەوە ھەرچیمان پێ بکرێت جێ بەجێی بکەین". ئەمەش لەكاتێكدایە بەهۆی نزمبونەوەی پلەی گەرما و وەرزی ساردو سەرماوە كۆمەڵێكی خەڵكی ئاژەڵدۆست و خەمخۆر هەستاون بە كەمپینی كۆكردنەوەی ئاژەڵانی بێ لانە و كۆكردنەوەیان لە شەڵتەرێكدا. یەكێك لەو شەڵتەرانەی ژمارەیەكی زۆر سەگی بێلانەی تێدا كۆدراوەتەوە لە نزیك ناوچەی عەربەتی شاری سلێمانییە، بەڵام ماوەی هەفتەیە جۆرە نەخۆشییەك تیایاندا بڵاوبۆتەوە و ژمارەیەكی زۆر لەو سەگانە لەناوچوون.
هاوڵاتى فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ''ھەسەدە'' رایگەیاند: " مەترسی و هەڕەشەکانی داعش لەناوچەکە زیادیان کردووە، ئەگەر ڕێکاری پێویست نەگیرێتەبەر جارێکی دیکە گەشەدەکاتەوە". ئەمڕۆ شەممە 12ی شوباتی 2022، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ''ھەسەدە'' لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئاسۆشێتد پرێس ڕایگەیاندووە:" مەترسییەکانی داعش هێشتا زۆرن "ئێمە بە داعش دەورەدراوین چەندین جار ئەمەمان وتووە، ئەگەر ئێستا هەوڵنەدەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش جارێکی دیکە بڵاودەبنەوە. دەشڵێت، ئێمە ڕێکارە بەپەلەکانیان گرتووەتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە چالاکبوونەوەی شانە نوستووەکانی داعش، بەڵام ڕێکخراوەکە سەلماندی کە "لەدۆخی یاخیبووندا نەرمی نانوێنێت”. فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات باسی لەووشكردووە: "ڕێکارە پێویستەکانیان گرتووەتەبەر لەوانە، چۆڵکردنی ئەو ناوەندانەی دەستگیرکراوەکانی تێدابووە و ئەگەری هێرشی هاوشێوەیان لەسەربووە، هەروەها ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان بەردەوامن لەو ناوچانە و لە حەسەکەش شەوانە هاتوچۆ سنووردارکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا مەترسییەکان بەردەوامن". مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: "هێزەکانی سوریای دیموکرات هاوکارییان کردوون بە ئاسانکاری لە تێپەڕین و خزمەتگوزاری لۆجیستی بە هێزەکانی ئەمریکا بەڵام لەسەر زەوی هێزە شەڕکەرەکانمان بەشدارییان نەکردووە وتیشی، "ئاسایش و پارێزراویمان بۆ ئەوانە دابینکردووە کە تێپەڕیون، ئەمە هەموو ئەوەیە کە دەتوانین بیڵێین". ناوبراو ئەوەشیخستۆتەڕوو: "بەرپرسیارێتیی بەشێک لە هێرشەکەی سەر زیندانی حەسەکە لە ئەستۆ دەگرین”، لەو هێرشەدا 121 لە هێزەکانی سوریای دیموکرات شەهیدبوون و بە خوێناویترین هێرشی داعش دادەنرێت لەدوای ساڵی 2019ـەوە کە ڕێکخراوەکە زۆرینەی ناوچەکانی لەدەستدا عەبدی دەڵێت، "ئەرکەکانمان بەباشی جێبەجێ نەکردبوو".
هاوڵاتى رۆژی شەممە نرخی نەوت بۆ سەرووی 95 دۆلار بەرزبووەوە و نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە 95 دۆلار و 5 سەنت. رۆژی هەینی، بەهۆی مانۆری سەربازی روسیا و ئەمریكا لە سەر سنورەكانی ئۆكرانیا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت زیاتر لە سێ دۆلار بەرزبووەوە و بە 94 دۆلار و 81 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرا. بەرزبوونەوەکەی نرخی نەوت بەردەوام بوو و ئەمڕۆ شەممە گەیشتە 95 دۆلار و 5 سەنتە.
هاوڵاتى سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی رایگەیاند: " ئەمڕۆ لەگەڵ وەفدی هەدەپە كۆبوینەوە وباسمان لە بڕوابونی یەکێتی بە دیموکراسی و مافی گەلان و بەردەوامبونی خەباتی فراکسیون لەسەرهێڵی نەتەوەی و یەکڕیزی ماڵی کوردی لە هەر چوار بەشی کوردستان کراوە". وەفدێكی پەرلەمانتارانی هەدەپە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆبونەوە. سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی لە هەژماری فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ فراکسێونی یەکێتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە وەفدێكی پەرلەمانتارانی هەدەپە کرد کە پێکهاتبوون لە فەلەکناس ئوجا نوێنەری شاری باتمان و هودا کایا، نوێنەری ئەستەنبوڵ و حەسەن ئۆزگونێس نوێنەری شرناخ وموراد نوێنەری ئیزمیر . ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ڕاسیگەیاند لە کۆبونەوەکەدا باس لە بڕوابونی یەکێتی بە دیموکراسی و مافی گەلان و بەردەوامبونی خەباتی فراکسیون لەسەرهێڵی نەتەوەی و یەکڕیزی ماڵی کوردی لە هەر چوار بەشی کوردستان کراوە. هەر لەو کۆبونەوەیەدا گفتوگۆی ڕەوشی مرۆیی و ئاسایشی کەمپی مەخمور و خەڵکی شەنگال کراوە بە پێویست زانرا ژیانی هاوڵاتیانی سیڤیل پارێزراوبیت. وەفدی پەرلامانتارانی هەدەپە دوای سەردانیان بۆ شەنال و ناوچەکانی دەروبەری لە ئێوارەی دوینێوە گەیشتوونەتە شاری سلێمانی و لەگەڵ چەند لایەنێکی جیاواز کۆدەبنەوە.
هاوڵاتى بهڕێوهبهرایهتی هاتوچۆی سلێمانی داخستنی شەقامەکانی سهركهوتنی بۆ بهرزایهكانی دهباشانو ئهزمهڕ راگەیاند، ئەوەش بەهۆی شەپۆلی بەفر و بهستهڵهكو بهستنی شهقامهكانهوه. ئهمڕۆ ههینی 11ی شوباتی 2022، بهڕێوهبهرایهتیی هاتوچۆی سلێمانی له ئاگادارییهكدا راگهیاند كه لهئێستادا بههۆی بهستهڵهك و بهستنی شهقامهكانهوه، لهههردولای سهركهوتن بۆ بهرزایهكانی دهباشانو ئهزمهڕ واته لهپردی دهباشانو چاڤی لاندهوه، ڕێگهنادرێت شۆفێران بچنه سهر چیاو بهرزاییهكانو بهربهستكراوه. ئهوهش لهكاتێكدایه كه بەرێوەبەری کەشناسی سلێمانی رایگەیاند، ئەو شەپۆلی بەفرەی ناوچە شاخاوییەکانی گرتووەتەوە پێشبیندەکرێت تا درەنگانی ئەمشەو بەردەوام بێت و سەنتەری شارەکان ناگرێتەوە. دەشڵێت: شەپۆلی بەفر بارین ناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی، بەتایبەتی پێنجوێن و قەرەداغ و بناری ئەزمەڕ و چەند ناوچەیەکی دیکەی گرتووەتەوە.
هاوڵاتى یەکێتی زانایانی کوردستان داوا لە ناسر رەزازی دەکات داوای لێبووردن لە موسڵمانان بکات و دەڵێت:" ئازادە چۆن بیردەکاتەوە، بەڵام ئازاد نییە لەوەی سوکایەتی بە ئایینی ئیسلام بکات". تۆمارێکی دەنگیی ناسر رەزازی لە چەند رۆژی رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا کە تێیدا ناوبراو دەڵێت، لەسەر ئایینی یارسانە، هاوکات مەککە و مەدینەی سعودیە کە دوو شوێنی پیرۆزن لەلای موسڵمانان بە "پیس و چڵکن" ناودەبات و ئاماژە بەوەش دەکات، "رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لەناو کورد" دەکات. قسەکانی ئەو هونەرمەندە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێک لە هونەرمەند و کەسایەتییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ناسر رەزازی دەربڕی، لە بەرامبەردا بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتی و رۆشنبیرانی دیکەش ناڕەزاییان دژی بەشێک لە قسەکانی هونەرمەندەکە دەربڕیوە. یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا ئەو هونەرمەندە "هەستی موسڵمانانی بریندار کرد، ئێمە لە یەکێتیی زانایانەوە سەرکۆنەی ئەو سووکایەتییانە دەکەین و پێمانوایە ئەم جۆرە کارانە هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان و پێویستی بە داوای لێبووردن لە موسڵمانان هەیە، خەڵک بۆ خۆی ئازادە چۆن بیردەکاتەوە، بەڵام ئازاد نییە لەوەی سووکایەتی بە ئایینی ئیسلام بکات و، ناکرێت رێگە بەوە بدرێت ئەو پێکەوەژیانەی هەیە لەباربچێت و ئاشتیی کۆمەڵگە بشێوێندرێت". یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، چاوەڕوانیی ئەوەیان لە سەندیکای هونەرمەندان هەبووە لە بەیاننامەکەیاندا "سەرکۆنەی ئەو جۆرە رەفتارانەی کردبووایە، کە بووەتە هۆکاری برینداربوونی هەستی موسڵمانان، لە هەمان کاتدا ئەرکی داواکاری گشتییە رۆڵی خۆی ببینێت و لەو حاڵەتانە بێتە دەنگ و بە ئەرکی پێویست هەڵبستێت".
هاوڵاتى نوری مالیکی رایگەیاند: "مەترسی شەڕی ناوخۆ هاتووەتە بەردەرگا ". داوا دەکات هەمووان بەهۆشیارییەوە مامەڵە بکەن. ئەمڕۆ هەینی 11-2-2022، نوری مالیکی لە پەیامێکدا رایگەیاند: " مەترسی شەڕی ناوخۆیی هاتووەتە بەردەرگا و داوا دەکات هەمووان بەهۆشیارییەوە مامەڵە بکەن، لەبارەی کوژرانی دادوەر ئەحمەد فەیسەڵ ساعدی لەپارێزگای میسانیش لەرۆژی 5ی ئەم مانگەدا، سوپاسی سەرکردایەتی رەوتی سەدر و "والعصائب" دەکات بۆ زوو کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە. ئاماژەی بەوەشکردووە، داوا لە هەردوولایەن دەکات کاربکەن بۆ دووبارەنەبوونی رووداوی هاوشێوە لە میسان و ناوچەکانی دیکەی عێراق، هەروەها داوا دەکات تۆمەتباران رووبەڕووی سزابکرێنەوە و رادەستی دادگا بکرێن. شەممەی رابردوو 05-02-2022 دادوەر ئەحمەد ساعدی، پسپۆڕی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەکان لە دادگەی تێهەڵچوونەوەی میسان لە هێرشێکی چەکداریدا کوژرا. سێ رۆژ پێش ئەو، حیسام عەلیاوی، ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ بە پلەی رائید کوژرا. حیسام عەلیاوی برای ویسام عەلیاوی، سەرکردەی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق بوو کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2019دا لە میسان کوژرا. رۆژی چوارشەممە 09-02-2022ش ئەندامێکی رەوتی سەدر بەناوی کەڕاڕ ئەبو رەغیف لە گەڕەکی مامۆستایان لەگەڵ هاوژینەکەی تەقەیان لێکرا و کوژران. خراپیی دۆخی میسان وایکرد رۆژی چوارشەممە 09-02-2022 مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بە یاوەریی وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و فەرماندە باڵا ئەمنی و سەربازییەکان سەردانی میسان بکات و ژمارەیەک بڕیار بۆ باشترکردنی دۆخی ئەمنیی میسان دەربکات. یەکێک لە بڕیارەکان بریتییە لە دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی میسان. شارەزایانی ئەمنی رووداوەکانی میسان بۆ لاوازیی دەسەڵاتی دەوڵەت و هەبوونی چەکی زۆر لای هۆزەکان دەگەڕێننەوە.
هاوڵاتى سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:" بەگوێرەی بڕیارێکی حکومەتی هەرێم نرخی گومرگی سەر ئارد بۆ هەر تەنێک لە 32 دۆلارەوە بۆ 65 دۆلار زیاد دەکرێت، ئەوەش لەپێناو ساغکردنەوەی ئاردی دوو کۆمپانیای ناوخۆی هەرێم بۆیە باوەڕی وایە بڕیارەکە نرخی نان لەسەر خەڵک گران دەکات و "دەسەڵاتیش خەڵک برسی دەکات". ئەمڕۆ هەینی 11ی شوباتی 2022، عەبدولستار مەجید، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بەگوێرەی بڕیارێکی حکومەتی هەرێم نرخی گومرگی سەر ئارد بۆ هەر تەنێک لە 32 دۆلارەوە بۆ 65 دۆلار زیاد دەکرێت، ئەوەش لەپێناو ساغکردنەوەی ئاردی دوو کۆمپانیای ناوخۆی هەرێم بۆیە باوەڕی وایە بڕیارەکە نرخی نان لەسەر خەڵک گران دەکات و "دەسەڵاتیش خەڵک برسی دەکات". عەبدولستار مەجید لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئەنجامی بەدواداچوون بە ئێمە گەیشتووە، ئەم دەسەڵاتە لە ڕێگەی زیادکردنی گومرگ لەسەر ئاردی هاوردە، نرخی نان لەسەر خەڵک گران بکات . بەجۆرێک ئێستا بۆ هەر تەنێک ئاردی هاوردە، بڕی 32 دۆلار وەردەگیرێ، بەڵام نوسراویان کردووە کە زیادی بکەن بۆ 65 دۆلار واتە بە ڕێژەی 100% و زیاتریش". ئاماژەی بەوەشکردوە، "بۆ نمونە ئێستا هەر تەنێکی ئارد کە لە تورکیاوە هاوردەی هەرێم دەکرێت، بە گومرگ و کرێی گواستنەوەشەوە، هەر تۆنێک 470 دۆلار دەکەوێت، بەڵام لە بەرژەوەندی دوو کۆمپانیای سەربە خۆیان، گومرگ زیاد دەکەن تا ئاردی هاوردەی ئەو دوو کۆمپانیایە ساغ ببێتەوە کە هیچ باج و ڕسوماتێکیش نادەن و تەنی ئاردیش بە 500 دۆلار دەفرۆشنەوە لە بازاڕ ." سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لەپەرلەمانی کوردستان بڕیارەکە بە "ترسناک" ناو دەبات و باسی لەوەشکردوە، "ئەم ڕەفتارەی دەسەڵات خەتەرناکە و برسێتی زیاتری خەڵکی لێدەکەوێتەوە چونکە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نان".
هاوڵاتى لەگەڵ ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا بۆ راگرتنی گرژییە سەربازییەکانی سەر سنوری ئۆکرانیا بەردەوامن لە كۆبونەوە، بەڵام ئەمڕۆ روسیا و بیلاڕوسیا مانۆڕی سەربازی هاوبەشیان لەنزیک سنورەکانی ئۆکرانیا ئەنجامدا. مانۆڕەکەی ئەمڕۆی روسیا و بیلاڕوسیا لەکاتێکدایە، ناتۆ مەرجەکانی روسیای بۆ راگرتنی بڵاوکردنەوەی هێزەکانی لە ئۆکرانیا و رۆژهەڵاتی ئەوروپا رەتکردوەتەوە، لەبەرامبەریشدا روسیا دەیان هەزار سەربازی لەسەر سنوری ئۆکرانیا جێگیرکردووە، هەروەها روسیا و بێلاڕوسیا لەلایەک و ئۆکراینا و ناتۆش لەلایەکی دیکەوە بەردەوامن لە مانۆڕی سەربازیی و پێشاندانی توانای سەربازیی خۆیان. لای خۆیەوە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، هۆشداریی، هەڕەشە و وانەی ئەخلاقی گفتوگۆکان ناگەیەنێتە ئەنجام، کە هاوکارە رۆژئاواییەکانی مۆسکۆ سەرقاڵی ئەو چالاکیانەن و "من بەمە ناڵێم دیپلۆماسی". دوێنێش بۆریس جۆسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لەم کاتەدا پێویستە هەموو لایەنەکان کاربکەن بۆ هێورکردنەوەی دۆخی سەر سنوری ئۆکرانیا، هەروەها دەبێت ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیاش رازی بکەن کە گرژییەکان رابگرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، لەرێگەی رەوانەکردنی هێزی سەربازییەوە دەیانەوێت بەشی رۆژهەڵاتی ئەوروپا بەهێزبکەن لەبەرامبەر هەر مەترسییەک، چونکە "ئێمە جیهانێک قبوڵ ناکەین کە دراوسێیەکی بەهێز بتوانێت دراوسێکانی بترسێنێت و هێرش بکاتەسەری".
هاوڵاتى دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ جاری دووەم دەرگای خۆ كاندید كردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كردەوە سێ كورد خۆی بۆ پۆستەكە كاندید كرد. رۆژی سێ شەممەی رابردوو سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق دهرگاى خۆپاڵاوتن بۆ كاندیدى پۆستى سهرۆك كۆمار کردەوە کە ماوهى سێ ڕۆژە، بەپێی ئەو بریارە هەریەکە لە لەتیف رەشید و رێبوار ئاوڕەحمان و ئومێد پاڵانى وەک سێ کاندیدی کورد دوبارە خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید کردەوە. سبەینێ هەینى دوا وادەیە بۆ خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار. لەڕۆژی 7ی ئەم مانگە بۆ دانیشتنی پەرلەمان دیاریكرا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق بەڵام ئەوەی دادگای فیدراڵی رۆژی پێشووتر كاندید بونی هۆشیار زێباری كاندیدی پارتی بۆ پۆسەتەكە بۆ ماوەیەكی كاتی هەڵپەسارد، بۆیە لە رۆژی دانیشتنەكەدا زۆربەی فراكسیۆنەكان بایكۆنیان كردو بەهۆیەوە كۆبونەوەی پەرلەمان بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
هاوڵاتى سەرۆکی نوێی شارەوانی سلێمانی، پاش وەرگرتنی پۆستەکەی یەکەم پەیامی بڵاوکردەوە و باس لە جێبەجێكردنی نەخشە رێگەیەكی گشتگیری ھەمەلایەنە دەکات بۆ بەرەو پێشبردنی شاری سلێمانی. لەیلا عومەر عەلی، سەرۆکی نوێی شارەوانیی سلێمانی، پاش ئەوەی لە سەرەتای پەیامەکەیدا سوپاسی قوباد تاڵەبانیی دەکات بۆ بەخشێنیی ئەم ئەرکە پێی و ڕایگەیاند، "ئامانجە سادەكەمان خۆی لە خزمەتكردنی شار و كوچە و كۆڵان و خەڵكەكەی دەبینێتەوە". ڕاشیدەگەیەنێت، ئەرکە تازەکەی کاری ئاسان نییە و پشودرێژی دەوێت و نامۆنییە بە ئیش و كارو یاسا و رێنماییەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانی سلێمانی و ئەمەش ھاوكار دەبێت لە باش تێپەڕاندنی کارەکانی. ڕۆژی چوارشەمەمە 9ی شوباتی 2022 كۆتا رۆژی كاركردنی بوو وەك جێگری پارێزگای سلێمانی و لە ئێستادا لەیلا عومەر بووە بە سەرۆکی شارەوانی سلێمانی.
هاوڵاتى سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نووسرانی کورد رایگەیاند: " بۆ ئێستا و داهاتووش چاومان له يهكێتيى نووسهرانى كورد و تهواوى نووسهران و ئهديبانى كوردستانه كه رۆڵى كاراى خۆيان له برهودان به گيانى وابهستهيى به نيشتمانهوه، مرۆڤسازى، ئازادى و پاراستنى مۆرك و ناسنامه و كولتوورى كورد و كوردستاندا بگێڕن". نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نووسرانی کورد رایگەیاند، "لەم یادە شكۆدارەدا، بە رێزەوە لە خەباتی زیاتر لە نیو سەدەی یەكێتییە سەنگین و تێكۆشەرەكەتان دەڕوانین. ئەو رێكخراوە پڕ بەرهەم و بەخششەی كە خزمەتێكی بەرچاو و بەردەوام و بێ دابڕانی بە ئەدەب و زمان و كولتووری كوردی كردووە، لە مەیدانی خەباتیشدا نموونەی چاونەترسی و سیمبولی بەرەنگاربوونەوەی ستەم و سەرکوتکاری و هەمیشە لە سەنگەری گەل و نەتەوەكەیدا بووە". سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، "بۆ ئێستا و داهاتووش چاومان له يهكێتيى نووسهرانى كورد و تهواوى نووسهران و ئهديبانى كوردستانه كه رۆڵى كاراى خۆيان له برهودان به گيانى وابهستهيى به نيشتمانهوه، مرۆڤسازى، ئازادى و پاراستنى مۆرك و ناسنامه و كولتوورى كورد و كوردستاندا بگێڕن، ئێمهش به ههموو شێوهيهك هاوكار و پشتيوانيان دهبين". نێچیرڤان بارزانی یادی زیندووی ئەو نووسەرە شەھیدانەی بیرهێناوەتەوە کە لە سەنگەری خەبات و داكۆكی لە ئازادی و مافەكانی گەلدا شەهید بوون و دەڵێت، "سەری بەرزی قەڵەمەكانیان نەوی نەكرد و بە هەڵوێستەوە گیانی پاکیان بەخشی".
هاوڵاتى جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێم، رایگەیاند:" ئەگەرچی ڕەنگە بۆ هەندێک ئەمە ڕووداوێکی ئاسایی بێت، بەڵام بۆ من جێگەی شانازییە کە لەسەردەمی كاری ئێمەدا خاتوونێك ئەم پۆستەی وەرگرتووە. متمانەم بە لەیلاخان هەیە کاری جوان بکات و لە زۆرێک لەوانەی پێش خۆی سەرکەوتووتر بێت. قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" ئەوەی پەیوەندی بەئێمەوە هەیە، بەڵێن دەدەین پێكەوە كاری جددی بكەین بۆ خزمەتکردنی زیاتر و نەهێشتنی زیادەڕۆیی و سەرپێچی یاسایی لە سنووری شارەوانی سلێمانیدا، هەتا بەندەش لە ئەركدابم هەموو توانا و هەوڵێك دەخەمەگەڕ لەپێناو پێشخستنی ژنان و کچانمان و بە شایستەیان دەزانین بگەن بە پۆستە باڵاکان چ لە کەرتی حکومی بێت یاخود کەرتی تایبەت، تا پێمان بکرێت پشتیوانیان دەبین". لەیلا عومەر كە پێشر پۆستی جێگری پارێزگاری سلێمانی هەبووە، ئەمر|شۆ بە فەرمی وەك سەرۆكی شارەوانی سلێمانی دەستبەكاربوو.
هاوڵاتى وهزارهتى دارایی و ئابووری گشتاندنێكى بڵاوکردەوە کە واژۆی ئاوات شێخ جەنابی لەسەرە و تێیدا هاتووە، ئاماژه به كۆنووسى ژماره 46 له 7/12/2021 لیژنهى پێداچوونهوه و دهركردنى رێنماییه داراییهكان، ئهو فهرمانبهرانهى كه خانهنشین كراون و پاداشتى خانهنشینییان وهرگرتووه، بهڵام دووباره دامهزراونهتهوه و خانهنشین كراون، پێویسته رهچاوى ئهم نووسراوە بکەن. لە نووسراوەکەدا هاتووە "ئهو فهرمانبهرانهى كه دامهزراونهتهوه و یان گهڕاونهتهوه سهر كار و پاداشتى خانهنشینییان بۆ خهرجكراوه، بهپێى یاسا و رێنماییه كارپێكراوهكان دهبوایه پاداشتى خانهنشینییان بگهڕاندبایهتهوه بۆ گهنجینهی حكومهتی ههرێمى كوردستان لهلایهن فهرمانگهكهیهوه، بهڵام نهیانگهڕاندووهتهوه و دووباره خانهنشین كراونهتهوه، دهتوانن ئهو پاداشته بگهڕێننهوه دووباره لهسهر خانهنشینكردنی دووهمجار پاداشتیان بۆ خهرج بكرێتهوه له ماوهی 60 شهست رۆژدا له رێكکهوتی دهرچوونی ئهم گشتاندنه".
