محەمەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانان ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، لە ساڵی 2018 تا ساڵی 2024 ڕێژەی هەژاری بۆ 10.8% دابەزیوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاپۆرتی پێوەرەکانی هەژاری فرە ڕەهەندی نیشتمانی سەرجەم پارێزگارەکانی گرتەوە، بەوانەی هەرێمی کوردستانیشەوە. لە میانی پێشکەشکردنى ڕاپۆرتێک لەسەر پێوەرەکانی هەژاریی فرەڕەهەندی نیشتمانی ڕۆژی چوارشەممە، تەمیم ڕایگەیاند، پێى چەند پێوەرێکی هەژاری فرەڕەهەند لە 11.4% لە ساڵی 2018 بۆ 10.8% لە ساڵی 2024 دابەزیوە، بەڵام حکومەت بەنیازە سیاسەت و پلانی هەیە بۆ ئەوەی بەردەوام ئەم ڕێژەیە زیاتریش کەمبکاتەوە. ئەو ئەوەشى خستەڕوو پێوەرەکانی هەژاری دەستنیشانکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان و باشترکردنی ئاستی ژیانی هاوڵاتیان لە پارێزگاکان، بە پشتبەستن بەو ئەولەویەتانەی کە ڕەنگدانەوەیان هەیە، چ لە ڕووی جوگرافیەوە. وەزیری پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق گرنگیی چارەسەرکردنی هەژاری و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دەزانێت، بەو پێیەی لە ڕیزبەندی ئەولەویەتە سەرەکییەکانی بەرنامەی حکومەتەکەی داناوە، سەرەڕای دابەزینی ڕێژەی هەژاری لە عێراق بۆ 17.5% بە بەراورد بە زیاتر لە 20% لە ساڵانی ڕابردوودا، ئەمە نەبووەتە ڕێگری لە فراوانبوونی لێکۆڵینەوەی ئەم دیاردەیە. ئاماژەی بەوەشکرد، "عێراق لە پێشەنگی جیهاندایە لە ئامادەکردنی پێوەرێکی فرەڕەهەندی هەژاری منداڵان، بەو پێیەی پێشتر یەکەم ڕاپۆرت لە ساڵی 2022دا بڵاوکرایەوە، هەروەها بەرەو ئامادەکردنی پێوەرێکی نوێ بۆ هەژاریی منداڵان لە ماوەی ساڵی 2026دا دەڕۆین، دوای تەواوبوونی خولی حەوتەمی ڕاپرسیی پۆلی پێوەرە فرە نیشاندەرەکان" وتیشى: سیاسەتەکان بە ئامانجی باشترکردنی توانای تاک یان خێزانی عێراقی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتەکانیان، بەڵام لە گەڕان بەدوای ئاستەنگە سەرەتاییەکانی گەشەپێدان کە دەبێت ڕێگاکانیان هەڵسەنگێندرێت و بۆشاییەکانی بەردەم کۆمەڵگەی عێراقی دەبێت چارەسەر بکرێن. ڕوونیشیکردەوە، وەزارەتی پلاندانان هەوڵیدا هاوکار بێت لەگەڵ هەردوو بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەستپێشخەریی هەژاری و گەشەپێدانی مرۆیی بۆ کارکردن لەسەر تەواوکردنی ڕاپۆرتێکی نیشتمانی هەژاری لەژێر ڕۆشنایی ئەوەی کە ڕووپێوی کۆمەڵایەتی و ئابووریی عێراقی بۆ ماڵان دابینیکرد لەڕووی نیشاندەری سەردەمیانە و هەمەلایەنە لەسەر بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی خێزانی عێراقی. ژمارەکان وادەڵێن: ڕێژەی هەژاری بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە: -ڕێژەی هەژاری ساڵی 1995 - 75% بووە. -ڕێژەی هەژاری ساڵی 2007 - 22.9% بووە. -ڕێژەی هەژاری ساڵی 2012- 18.9% بووە. -ڕێژەی هەژاری ساڵی 2018 - 20.1% بووە. -ڕێژەی هەژاری ساڵی 2024 - 17.5% بووە. پێوەرە سەرەکییەکانی ڕاپۆرتەکە: -بژێویی ژیان. -خوێندنی باش. -تەندروستیی باش و خۆشگوزەرانی. دیارترین ڕواڵەتەکانی هەژاری لە عێراق بەگوێرەی پێوەرە جیهانییەکان: -بێبەشبوون لە خوێندن 61%. -بێبەشبوون لە تەندروستی 33.1%. -بێبەشبوون لە داهات (ناوخۆیی) 18.9%. -بێبەشبوون لە خزمەتگوزاتگوزارییەکان بەگشتی 6%. ئەو پارێزگایانەی باشترین پێوەرەکانیان بۆ دابەزاندنی هەژاری جێبەجێ کردووە: -پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان -بەغدا و کەرکووک ئەو پارێزگایانەی ڕێژەی هەژاری فرەڕەهەند تیایاندا بەرزە: -موسەننا لە باشووری عێراق. -پارێزگا ڕزگارکراوەکانی دەستی داعش.
کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کەجەکە ڕایگەیاند، پێویستە بە تێکۆشانی هاوبەش بەها هاوبەشەکانمان، دارستانەکانمان و ئاو و خاکەکەمان بپارێزین. هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەمساڵدا لە تورکیا و کورستان زیاتر لە سێ هەزار ئاگرکەوتنەوەی دارستان ڕوویداوە و تەنها لە مانگی حوزەیران و تەمووزدا لانیکەم ٦٥٠ سووتانی دارستانەکان کەوتووەتەوە. کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، پەیوەست بە سووتاندنی دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کورستان و تورکیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. دەقی بەیاننامەکەی کەجەکە بەم شێوەیەیە: “کوژاندنەوەی ئەم ئاگرە بە تێکۆشانی هاوبەش دەبێت! لە تورکیا و کوردستان هەر ڕۆژە و سووتانی دارستانێک و قڕکارییەکی نوێی ژینگەیی ڕوودەدات و لە ئەنجامدا باجێک دەدەین کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانین قەرەبووی بکەینەوە. دوای ئەوەی لە ئەسکیشەهیر ١٠ کرێکار لە ئاگری دارستانەکەدا گیانیان لە دەستدا، بەداخەوە لە بورسایش قوربانی لێکەوتەوە. هەروەها پێش چەند ڕۆژێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سووتانی دارستانەکاندا لە گیان لەدەستدانی لێکەوتەوە. ئەم لە دەستدانە مەزنانەی کە لە تورکیا و کوردستاندا کەوتەوە زۆر غەمگین و دڵگرانی کردین. پێش هەموو شتێک بە ڕێزدارییەوە یادی ئەم ڕۆڵانەی گەل دەکەینەوە کە لە پێناو پاراستنی ژینگەدا گیانی خۆیان کردە قەڵغانێک و گیانی خۆیان بەخشی. سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵەکانیان دەکەین لە تورکیا و کوردستان. هەروەها بۆ پاراستنی دارستانی بەهای هاوبەشی مرۆڤایەتی، بە فیداکارییەکی مەزن لە ڕیزی پێشی پێشەوەدا پێزانینی خۆمان لە ڕۆشتنی هاوڕێکانمان دەردەبڕین. ئەم ڕۆڵانەی گەل کە لە سووتانی دارستانەکاندا گیانیان لە دەستدا نیشاندەری بەپێزترین نموونەی وڵاتپارێزی و تێکۆشانی ئیکۆلۆژییە. ڕایدەگەیەنین لە هەموو بارودۆخێکدا بە مەزنکردنی تێکۆشانی ئیکۆلۆژی ئەو سرووشتە بپارێزین کە لە پێناویدا گیانمان بەخشیووە. بێگومان ئەم دۆخە سەختەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا ئەوە دەردەخات کە ناتوانین وەک دەسەڵاتداران بانگەشەی ئەوە بکەین کە ئەمە بگەڕێنینەوە بۆ گەرمبوونی هەوا یان نەبوونی هۆشیاری. وەک زیانەکانی ئێستا، ئەو زیانانەی لە ساڵی ڕابردوودا لە ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی ئامەد و ماردیندا تووشی بوون، بە ڕوونی بەرپرسیارێتی دەوڵەت نیشان دەدەن. بۆیە وەک گەلەکەمان لە دوای ئەم ڕووداوانە لە ناڕەزایی خۆیدا دەریخست، کەسی سەرەکی بەرپرسیار لەم دەرئەنجامە سەختانە، حکومەتی ئاکەپەیە. هەرچەندە خەباتکار گیانی خۆیان بەخت کرد و چوون بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بەڵام کەرەستەی پێویستیان پێنەدرا بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، هەلومەرجی کارکردنی سەلامەتیش ئامادە نەکرابوو. بەرپرسانی حکومەت خۆیان لە لێدوانەکانیاندا دانیان بەوەدا ناوە کە هیچیان لەبارەی ئاگرەکەوە نەکردووە و تەنها سەیری ئاگرەکەیان کردووە. هەموو ئەمانە بەرپرسیارێتی حکومەت لەم زیانانەدا ئاشکرا دەکات. بۆ شەڕ پارە هەیە بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەمساڵدا لە تورکیا و کورستان زیاتر لە سێ هەزار ئاگرکەوتنەوەی دارستان ڕوویداوە و تەنها لە مانگی حوزەیران و تەمووزدا لانیکەم ٦٥٠ سووتانی دارستانەکان کەوتووەتەوە و لە ئەنجامدا بە دەیان هەزار هێکتار لە دارستان لە ناوچوون. وێڕای ئەوەی دەزانرێت ساڵ بە ساڵ گەرمی هەوا زیاتر دەبێت و ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان، بەڵام حکومەتی ئاکەپە هیچ ڕێوشوێنێکی بەرانبەر ئەم مەترسییە نەگرتووەتەبەر. هاوشێوەیی کارەستی بوومەلەرزە، لافاو و کارەساتەکانی دیکە، سووتاندنی دارستانەکانیش بێخەم جێهڵدراوە، دەوڵەت ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات و ئەم هەڵوێستە خەمساردییە بووە هۆکاری کەوتنەوەی کارەسات و لە دەستدانی نوێ. دەوڵەت کە ساڵانێکە بە پاساوی ئاسایشی جەنگەوە ملیۆنان دۆلاری خەرجکردووە و خۆیی هەڵدەنێت بەوەی یەکێکە لە سوپا هەڵبژاردێراوەکانی ناتۆ، بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان پارەی نییە، بێ چارە ماوەتەوە. دەسەڵاتداری ئاکەپە کە بۆ کڕینی فڕۆکەی نوێی جەنگی ئامادەکاری دەکات و خەرجی سەربازی زیاتر دەکات، لە بەرانبەر سووتانی دارستانەکان هیچ هەنگاوێکی نەناوە. حکومەتی ئاکەپە، نەک هەر بێباکە لە سووتانی دارستانەکان، بەڵکوو بە سیاسەتەکانی دژ بە گەل و سروشت، ساڵانێکە هێرشی گەورە ئەنجام دەدات و ڕیکۆردی نوێ لە سیاسەتەکانی قڕکردنی ئیکۆلۆژیدا دەشکێنێت. لەوەتەی هاتۆتە سەر دەسەڵات، چاوپۆشی لە ئاو و دارستان و زەوی و زاری گەل دەکات بە یاسای دژ بە گەل و سروشت و بە سیاسەتی بەرفراوانی کرێخۆری ئەمانە دەسەپێنێت. سەرەڕای دووبارەبوونەوەی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان، دارستانەکانی شارەکانی تورکیا پێشکەش بە کۆمپانیاکان دەکرێن. بەهەمان شێوە لە کوردستان، لە شرناخ، ساڵانێکە تاڵانکردنی دارستانەکان لەلایەن سەرباز و جەردەوانی گوندەکانەوە بەبێ پچڕان بەردەوامە و ئەمەش لە سەرتاسەری بۆتاندا بڵاودەبێتەوە. بە تایبەتی لەگەڵ یاسا نوێیەکانی سەردەمی دەسەڵاتداری حکومەتی ئاکەپەدا، گۆرەپانی دارستانەکان پێشکەش بە کۆمپانیاکانی کانگا و وزە دەکرێت. لە لایەکی ترەوە ناوچە دارستانە سووتاوەکان لە دۆخی دارستانەکان لادەبرێن و ڕێگە بە دروستکردنی بینای نوێ دەدرێت. هەموو ئەمانە پرسیار و نیگەرانییەکان لەسەر ئەم ئاگرکەوتنەوانە زیاتر دەکەن. وێڕای فیداکاری پێویستە ڕێکخستنبوونیش پێشکەوێت هەروەها ئەم ئاگرانەی کۆتاییە پێمان دەڵێت بەهیچ جۆرێک ناتوانین گیان و دارستانەکانمان بسپێرینە ئەم دەوڵەتە کە قڕکردنی ئیکۆلۆژی سەختتر دەکات و بۆ کرێخۆری، ڕووبار، خاک و دارستانەکانی گەل پێشکەشی کۆمپانیاکان دەکات. تا ئێستا ئەو ئاگرانە زیاتر بە فیداکاری و خەباتی ئەو خەڵکە کوژاوەتەوە کە لە پێناویدا گیانیان بەخشیوە نەک لە ڕێگەی خودی دەوڵەتەوە. دۆخی ئێستا ئەوە نیشان دەدات کە چاوەڕوانییەکان لە دەوڵەت، دەتوانن دەرئەنجامەکانی ئەگەری کارەسات خراپتری لێ بکەوێتەوە. بۆیە زۆر گرنگە، وەک هەموو ئەو کارەساتانەی کە ئەگەری ڕوودانی هەیە، ئەم قوربانیدان و پشتیوانییەی کە گەل لە بەرانبەر ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکاندا نیشانی دەدەن، ببێتە ڕێکخستن و بەدامەزراوەییکردنی هەمیشەیی و درێژخایەن. ئەوەی سروشت و ژیان ڕزگار دەکات، ئەو دەوڵەتە نییە کە چاوی لە بەهاکانمان بڕیووە، بەڵکوو تێکۆشانی هاوبەشمانە. بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، دەبێت ئەم سیاسەتانەی کرێ و بێباکی دەوڵەت ئاشکرا بکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەم بەها هاوبەشانە کە لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ گەیشتوونەتە دەستمان، تەنیا لە ڕێگەی هاوکاری و ڕێکخستنی فراوان و بەدامەزراوەییکردنەوە دەتوانرێت بپارێزرێن. ئەو گەلانەی ئەم فیداکارییەیان نیشان داوە بە دڵنیاییەوە دەتوانن بە بەهێزترین شێوە ئەو خەباتە ئیکۆلۆژییەی کە بناغەی داهاتوومان پێکدەهێنن ئەنجام بدەن و وەڵام بۆ هەموو کێشەکان بدەنەوە. تێکۆشانی هاوبەش مسۆگەری ئایندەیە بێگومان ئەو زیان و لەدەستدانانەی تاوەکوو ئێستا لە سووتانی دارستانەکان و تێکۆشانی ئیکۆلۆژییدا داومانە، وێڕای بەرپرسیارێتیمان پێمان دەڵێت پێویستە چی هەنگاوێک بگرینەبەر. گرنگی پشتیوانی هاوبەش کە پێویستە لە هەموو لایەکی تورکیا و کوردستاندا بەهێزی بکەین، ئەو تێکۆشان، ڕێکخستنبوون و چالاکییە جۆربەجۆرانە نیشان دەدات کە دەبێت ئەنجامی بدەین. دەبێت پارێزگاری لە بەهای هاوبەش، دارستان و ئاو و خاکەکەمان بکەین. وەک پارێزەرانی ژینگە، ئیکۆلۆژیست، ڕۆشنبیر، گەنج، ژن، بە کورتییەکەی وەک هەموو گەلان کە لەسەر ئەم خاکە دەژین، لە بەرانبەر ئەم کۆمەڵکوژی و قڕکردنانەی کە ڕوودەدەن، دەبێت پەرە بە تێکۆشانمان بدەین و بەبێ ئەوەی ئەم میراتییە کەم و لەناوبەرین بگەینینە ئایندە و نەوێ نوێ، تێکۆشانی هاوبەش لە بەرانبەر مەترسییەکان مەزنترین مسۆگەرییە.”
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، هیوادارم پارە و هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەزە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت، حەماسیشى تۆمەتبارکرد بە دزینى ئەو پارەو هاوکارییانە. ترەمپ لە لێدوانێکى بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، رۆژانە پارە و هاوکارییەکى زۆر دەنێردرێت بۆ غەزە، حەماسیش دەیدزێت. جەختى کردەوە پارەیەکی زۆر دەنێردرێت و گوتى: هیوادارین دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئەم پارەیە لە ناوچەکەدا هەبێت، باسى لەوەش کرد، وەڵامی باشمان وەرگرتووە سەبارەت بە دابەشکردنی پارە و هاوکارییەکان، دەمانەوێت هەمووان دەستیان بە خۆراک بگات. ترەمپ ئاماژەی بەوەدا، کە بڕیارەکەی بەریتانیا بۆ دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستین لەگەڵ کیر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا تاوتوێ نەکردووە، روونیشیکردەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و ستارمەر هەمان هەڵوێستیان هەیە لەسەر ئیسرائیل، ئەمەش بەو مانایە نییە، کە ئەمریکا لەگەڵیان هاوڕا بێت. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ماکرۆن کارێکی باش دەکات، بەڵام من لەگەڵ راگەیاندنەکەیدا نیم، کە دان بە دەوڵەتی فەلەستین دەنێت، پێموایە ستارمەریش کارێکی باش دەکات و هەمان لێدوانی داوە و ئەوەش باشە، مەرج نییە من رازی بم.
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دووبارە پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، تاوەکو بۆ پەسەندکردنی بیخاتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی داهاتووەوە. بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتەكانی پرۆژەیاسای (دەستەی حەشدی شەعبی)، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە. ئەم لیژنەیە كە پەرلەمانتار (كەریم علێوی) سەرۆكایەتیی دەكات، بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ میوانداریی فەریق روكنی یەكەم (تەحسین عەبدولمەتەر) ئەمینداری گشتی دەستەی حەشدی شەعبی و بەرپرسی فەرمانگەی یاسایی دەستەی حەشدی كرد. لە كۆبوونەوەكەدا لەبارەی بڕگە سەرەكییەكانی پرۆژەیاسای (دەستەی حەشدی شەعبی) گفتوگۆ كرا، پرۆژەیەك كە پێشتر لە پەرلەمانەوە خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوەو بەمدواییە ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەفەرمی و لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا هۆشداری بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دا، لەبارەی دەركردنی ئەو یاسایە. سەرباری هەڕەشەكانی ئەمریكا، سودانی سورە لەسەر تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی و وەكو بەشێك لە بەرنامەی كاری حكومەتەكەی ناوی دەبات. لە كۆتایی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقدا پێشنیاری ئەوە كراوە پرۆژەی یاسای (دەستەی حەشدی شەعبی) بەرزبكرێتەوە بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگرەكانی بۆ ئەوەی بیخەنە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی ئایندەی پەرلەمانەوە بەمەبەستی دەنگدان لەسەری. رۆژی 23ـی ئەم مانگە مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، رۆبیۆ لەبارەی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبییەوە نیگەرانیی ئەمریکای بە سودانی گەیاند و پرۆژەکەی بە زیاترکردنی هەژمووی ئێران و گرووپە چەکدارەکان بەسەر عێراقەوە دەزانێت. لە نوێترین پەرەسەندندا، ژمارەیەك چەكداری حەشدی شەعبی چونە سەر فەرمانگەی كشتوكاڵی ناوچەی كەرخ، ئەمە كاردانەوەی ئەمریكای بەدوای خۆیدا هێناو سودانیشی توشی شەرمەزاریی كرد، بەتایبەتی لەكاتێكدا مشتومڕ لەسەر دەركردنی یاسای حەشد هەیە. بەگوێرەی ڕەشنوسی یاساکە وەک ئەوەی ڕۆژنامەکە ئاماژەی پێداوە، حەشدی شەعبی وەک دامەزراوەیەکی سەربازی فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، دەزگای هەواڵگریی تایبەت بەخۆی دەبێت و دەتوانێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت ئەنجام بدات، هاوکات هێزەکانی حەشدی شەعبی نوێترین ئامێری تەکنەلۆژیای سەربازییان بۆ دابین دەکرێت و ئەکادیمیایەکی تایبەت بۆ ئەندامەکانی دادەمەزرێت. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی پلەی وەزیری پێدەدرێت و دەبێتە ئەندامی هەمیشەیی لیژنەی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، هەر بەو پلەیەش خانەنشین دەکرێت.
روانگەی سوری بڵاویکردەوە، لە هەڵمەتێکی چاوەڕواننەکراودا، دەسەڵاتدارانی دیمەشق نزیکەی 200 دادوەریان لە پارێزگا جیاوازەکانی سوریا لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە. روانگەکە لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لە دۆسیەی بەشێک لەو دادوەرانەدا نوسراوە عەلەوی، ئەوەش ئاماژەیەکی روونە کە هۆکاری تائیفیی لەپشت دوورخستنەوەیانە. وەک سەرچاوەکان ئاماژەیان پێداوە، چوار دانیشتنی دادگایی بەڕێوەچووە و لەو ماوەیەدا ژمارەیەک دادوەر لەژێر فشار و هەڕەشەدا ناچاربوون دەستلەکاربکێشنەوە، ئەمەش وەک هەوڵێکی حکومەت بۆ خۆدزینەوە لە لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی و خستنەڕووی بابەتەکە وەک دەستلەکارکێشانەوەی خۆبەخشانە. هەندێک دادوەری دیکەش، تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیلیان دراوەتە پاڵ و لە دۆسیەکانیاندا ئاماژەی پێدراوە وەک بیانوویەک بۆ دوورخستنەوەیان. روانگەی سوری هۆشداریداوە لەو پێشێلکارییانە کە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەخاتە مەترسییەوە، داواشدەکات لایەنە نێودەوڵەتییەکان لێکۆڵینەوە لەو رێوشوێنانە بکەن کە بەرامبەر دادوەرەکان گیراوەتەبەر.
سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەكان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوەی تیرۆریستین. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس"، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران وتى: حکومەتی فیدراڵی عێراق لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم و هێزەکانی هاوپەیمانان کاردەکات، بۆ دەستنیشانکردن و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەكان. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دامەزراوە نەوتییەکانى لە هەرێمى کوردستان کردە ئامانج، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان گرووپەکانی حەشدى شەعبیان بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار کرد. دەسەڵاتدارانی بەغداش ناکۆکییان لەسەر ئەمە بوو، بەڵام تاوانباریان دەستنیشان نەکردوە. یەکێک لە کێشە هەرە ئاڵۆزەکان بۆ ئەلسودانی، چۆنیەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ هێزەکانی حەشدى شەعبى، کە هاوپەیمانییەکی زۆرینەی شیعە و میلیشیاکانی سەر بە ئێرانە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێکهێنراون. ئەم هاوپەیمانییە لە ساڵی ٢٠١٦ بە فەرمی خرایە ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقەوە، هەرچەندە لە پراکتیکدا هێشتا بە ئۆتۆنۆمییەکی بەرچاوەوە کاردەکات. ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێی ئەو یاسایانە دەکات کە پەیوەندی نێوان سوپای عێراق و ئەو گروپانە ڕێکدەخات، ئەمەش ناڕەزایەتییەکانی واشنتۆنی بەدوای خۆیدا هێناوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە ئەم یاسایە "کاریگەری ئێران و گروپە تیرۆریستییە چەکدارەکان کە سەروەری عێراق تێکدەدەن بەدامەزراوەیی دەکات". سودانی بەرگری لە یاسا پێشنیار کراوەکە کرد و وتی کە ئەمە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە کۆنترۆڵ دەکرێت. وتیشی:”دەزگا ئەمنییەکان دەبێت بەپێی یاساکان کاربکەن و ملکەچی ئەو یاسایانە بن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت”.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، لەدوو هەفتەى داهاتوودا شانێکى ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە دوو هەفتەی داهاتوو سەردانی ئەو وڵاتە دەکات. ئەمڕۆ دووشەممە 28ی تەممووزی 2025 ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بڕیار لەسەر دەستپێکردن یان دەستپێنەکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەدات. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، چەند ڕۆژێکە بەڕێوەبەری چاودێری ئەتۆمی تاران ئامادەی دەربڕیوەو ئامادەیە گفتوگۆ تەکنیکیەکان دەستپێبکاتەوە، وتیشى: لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ڕێکخراوی چاودێری ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانێک بۆ ئێران دەکات. بەقائى باسی لەوەکرد دەستوورێک سەبارەت بە داهاتووی هاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، بە پشتبەستن بە گەڵاڵەیەکی ئەم دواییەی پەرلەمانی کە سنووردارکردنی ئەو جۆرە هاوکارییە، دەخرێتەڕوو. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە دانوستاندنەکانی شاندی ئەو وڵاتە لەگەڵ نوێنەرانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا کرد و رەتیکردەوە، دۆسیەی مووشەکی و پرسە بەرگرییەکان بەشێک بن لە دانوستاندنەکان. ئیسماعیل بەقایی رایگەیاند، "ئێران تەنیا لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی گەمارۆکان دانوستاندن دەکات و دانوستاندنەکانمان بە هیچ شێوەیەک توانا بەرگرییەکان ناگرێتەوە." سەبارەت بە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمیش، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەگەر ئێران لە مافە ئەتۆمییەکانی بێبەش بکرێت، تاران کشانەوە لە پەیماننامەی رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی چەکە کۆمەڵکوژەکان تاوتوێ دەکات. بەقایی روونیکردەوە، "هەڵوێستی ئێمە لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم زۆر بە روونی لەلایەن وەزیری دەرەوە خرایەڕوو. ئێمە پێمانوایە مەسەلە زۆر سادەیە؛ ئەگەر بڕیارە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکو ئەندامی پەیمانی قەدەخەکردنی چەکە کۆمەڵکوژییەکان (ئێن پی تی) بمێنێتەوە، دەبێ بەهرەمەند بێت لەو ماف و قازانجانەی بەهۆی ئەو ئەندامێتییە دێتە ئاراوە. ناکرێت چاوەڕوانییەکی وا هەبێت کە وڵاتێک وەکو ئەندامی پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکە کۆمەڵکوژییەکان بمێنێتەوە، لە هەمان کاتدا لەو مافانەی کە لە پەیماننامەکەدا هاتوون، بە تایبەتی لە بواری بەکارهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمدا، بێبەش بکرێت. بۆیەش چارەنووسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بە پیتاندنی یۆرانیۆمیشەوە، تەواو روونە." بەقایی ئاماژەی بە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیش کرد و رایگەیاند، رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە خەریکی هەڵسەنگاندنی زیانەکانە و دواتر قەبارەی زیانەکان لە لایەن رێکخراوەکەوە بڵاو دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ، لەمەراسیمی ماڵئاوایی کردن لە زیاد ڕەحبانی لە کەنیسەی ڕەقاد، فەیروز ئامادەبوو کە ئاپۆڕایەکی گەورەی میوزیککاران، ئاوازدانەران، گۆرانیبێژان، شانۆکاران و هونەرمەندانی بوارەکانی دیکەی هونەر ئامادەبوون. فەیروز، کە گەلێک نازناوی هەیە و هەندێکیان لە ناوی گۆرانییەکانیەوە وەرگیراون، لەوانە: خانمی بەیانیان، دەنگی سپێدە، شاژنی گۆرانی عەرەبی، پاساری خۆرهەڵات، یاسەمینەکەی شام، باڵیۆزی نێو ئەستێرەکان، هاوسێی مانگ و ..هتد زیاد ڕەحبانی (١-١-١٩٥٦ – ٢٦-٧-٢٠٢٥) کوڕی عاصی ڕەحبانی (١٩٢٣-١٩٨٦)، ئاوازدانەر و میوزیکژەنی بەتوانا و بەنێوبانگی لوبنانی و خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی بەنێوبانگ نیهاد حەدداد کە ناسراوە بە فەیروز (١٩٣٥ - ....) ە. عاصی ڕەعبانی، هاوسەرری فەیروز، برای مەنسوور ڕەحبانی (١٩٢٥-٢٠٠٩) بوو، کە ئەویش ئاوازدانەر و میوزیکژەنێکی بەتوانا و بەنێوبانگ بوو. کە باوکیشیان حەنا ئیلیاس ڕەحبانی، ئاوازدانەر و میوزیژەنێکی بەتوانا و بەنێوبانگ بوو. کە ئەم دوو برایە ناسرابوون بە دوو برا ڕەحبانییەکە. خانەوادەی ڕەحبانییەکان، داهینەری میوزیک و گۆرانیی شانۆیی بوون و قوتابخانەیەکی میوزیکی تایبەت بوون لە جیهانی میوزیک، گۆرانیی و هونەری عەرەبییدا. بەشێک لە گۆرانییەکانی فەیروز، لە ئاواز و میوزیکی زیاد ڕەحبانیین. یەکەم ئاوازی زیاد بۆ دایکی لە تەمەنی ١٧ ساڵییدا بوو، کە یەکێک لە گۆرانییە هەرە بەنێوبانگ و جوانەکانی فەیروزە بە ناوی "سالونی الناس عنک یا حبیبی". هەروەها گۆرانییەکانی "سلم لی، انا عندی حنین ..." شایانی ئاماژەپێدانە، ئەوەی کە لە چاوپێکەوتنێکدا، زیاد ڕەحبانی جگە لە پیانۆ و ڤایۆڵین سەرسامی ئامێری میوزیکی سازە. پێشکەشکارەکەش، دەڵێت ساز سەر بە خێزانی عودە؟ زیاد دەڵێت: نەخێر، چونکە ساز تاڵە ژێیەکانی کانزایین "ئاسنن" وجیاوازە لە عود. پێشکەشکارەکە دەڵێت: ساز ئامێرێکی میوزیکی لە بنەڕەتدا تورکییە. زیاد ڕەحبانی، دەڵێت: نەخێر تورکی نییە و بە بنەڕەت "ئەصڵ" کوردییە.. بەڵام تورکەکان دەیانەوێت بیکەن بە هی خۆیان. بەڵام ساز بە بنەڕەت "ئەصڵ" کوردییە. زیاد ڕەحابی، دوای ماوەیەک لە نەخۆشکەوتنی، بە هۆکاری نەخۆشی بەمۆمبوونی جگەر، کۆچی دواییکرد.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئەمڕۆ جارێکى دیکە هۆشدارى و هەڕەشەى توندى ئاڕاستەى بزوتنەوەى حەماس کرد، دەڵێت: ئەگەر بارمتەکان ئازاد نەکەن، دەروازەکانی دۆزەخ لە غەززە دەکرێنەوە. یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری هەڕەشەی ئەوەشی کردووە: "من ئەمە بە ڕوونترین زاراوە دەڵێم و مەبەستم لە هەموو وشەیەک ئەوەیە لەدەرەوەی ئەوەی بە هێزێکی زۆرەوە دەیکەن، ئێمە زۆر زیاتریش دەکەین، بارمتەکان دەپارێزین و کاریگەریمان لەسەر هەموو شتێک کە پەیوەندی بە حەماسەوە هەیە، تا ئەوکاتەی بارمتەکان ئازاد دەکات هەموو شتێک دەکەین. بە وتەی ئەو، ئیسرائیل تا ئەو جێگایەی لە توانایدا بێت بۆ ڕێگریکردن لە زیانگەیاندن بە خەڵکی سڤیل مامەڵە دەکات. دەشڵێت: "ئێمە بە هێز مامەڵە دەکەین، پێویستە بزانن. کاتێک پێویست بوو بچنە ناو ناوچەکە، بۆ خان یونس، پێش هەموو شتێک ئاگادارییەک دەدەینە دانیشتووان، دڵنیابن لەوەی هیچ بارمتەیەک نییە، هۆشداری دەدەین بە دانیشتوانی فەڵەستینی بۆ چۆڵکردن و دوای ئەوە لە ئاسمانەوە، لە وشکانییەوە و ئەگەر پێویست بوو لە دەریاوە مامەڵە دەکەین- بۆ ئەوەی زیان بە هەر هەڕەشەیەک بگەیەنین بۆ سەربازانی سوپاکەمان. بەرپرسەکەى حکومەتى ئیسرائیل ئەوەدەخاتەڕوو، کاتێک سەربازانی سوپا دەچنە غەززەوە هەموو ناوچەکان پاک دەکەنەوە، وەک جاران نابێت دەمێننەوە و لەئاسمان و زەویەوە چاودێرى دەکرێن بۆ ئەوەی حەماس هیچ شوێنێکی نەبێت بۆ گەڕانەوە و هەڕەشەکردن. گوتیشی: "ئەمە شەڕێکی ئاڵۆزە لەوە زیاتر لەوەی لە ڕابردوودا کراوە، و وەک وتم ئێمە بە قۆناغ نزیک دەبینەوە. پێویستە بڕیارەکان بدرێت. ناوبەناو سەرکردایەتی پێویستی بە بڕیاردان هەیە- چی بە هاوکاری ئازاد دەکەیت، چی ئازاد ناکەیت، بۆ ئەوەی بتوانیت مانۆڕ بکەیت و ئامانجە سەرەکییەکانت بەدەست بهێنیت.
سندووقی مناڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) ڕایگەیاند، هەموو دانیشتوانی کەرتی غەززە بەدەست برسێتی دەناڵێنن، بەڵام منداڵان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت و کەمترین خۆراک دەخۆن. یونیسێف لەنوێترین ڕاپۆرتیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، کچان و کوڕان لەبری ئەوەی بچنە قوتابخانە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ گەڕان بەدوای خۆراکدا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە گەمارۆی بەردەوام و تێکچوونی بارودۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە بەردەوامە. ڕاپۆرتەکە ئەوە دەخاتەڕەە لەگەڵ زیادبوون و فراوانتربوونى برسێتی منداڵان لەبەردەم چاوى چاودێرانى ئەوان (دەمرن)، بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کارمەندانی فریاگوزاری هۆشداری دەدەن لەوەی کە ڕێوشوێنەکان زۆرن و بەئاسانى دەستناگات بەخواردن و هاوکارییە مرۆییەکان. ئاژانسەکە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "تەواوی دانیشتوانی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە غەززە بە شێوەیەکی توند نائاسایی خۆراکیان هەیە، لە هەر سێ کەس یەکێکیان چەند ڕۆژێکە خواردنی نەخواردووە و لەسەدا ٨٠ی هەموو ئەو مردنانەی کە بەهۆی برسێتیەوە گیانیان لەدەستداوە منداڵن". ئەمە لەکاتێکدایە ئیسرائیل بەردەوامە لەهێرش و بۆردومانەکانى بۆ سەردانیشتوانى ئەو کەرتە، سەرچاوە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەکانی غەززە ڕایانگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ژمارەی کوژراوان بەهۆىهێرشەکانى سوپای ئیسرائیل بۆ 26 کەس بەرزبووەتەوە، لەنێویاندا پێنج کەسیان کە لە نزیک ناوەندێکی دابەشکردنی کۆمەک کەوتوونەتە خوارەوە. دوێنێ، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "دەست بە بەردانەوەی یەکەم بڕی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە دەکەین". گوتیشی، "ئەم هەنگاوە بۆ ئاسانکاری گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانە". پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی پاڵپشتی لە هەنگاوەکەی ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، "هاوکاریی خۆراکی تاکە سەرچاوەی راستەقینەی خواردنی زۆربەی خەڵکی ناو غەززەیە. سێیەکی دانیشتووان بۆ چەندین رۆژ هیچ ناخۆن. نزیکەی 470 هەزار کەس لە برسێتیی سەختدان". رۆژی یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی لە ئێکس راگەیێندراوێکی سەبارەت بە رێگەدانی سوپای ئیسرائیل بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە غەززە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی پێشوازی لەو هەواڵە دەکات کە ئیسرائیل ئامادەیە ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە جێبەجێ بکات و رێگەی مرۆیی بۆ ئاسانکاریی گواستنەوەی سەلامەتیی هاوکاریی مرۆیی بەپەلە بۆ خەڵکی غەززە بکاتەوە". دەشڵێت، "پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی خۆراکی پێویستی لە ناو یان لە رێگەدان بەرەو ناوچەکە بۆ تەواوی 2.1 ملیۆن دانیشتووی غەززە بۆ نزیکەی سێ مانگی داهاتوو هەیە".
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دەڵێت: لیژنە تەکنیکییەکانیان لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا وردبینیکردنی ناوی کاندیدەکان تەواو دەکەن، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ناردنیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ لێكۆڵینەوەی ئەمنی و یاسایی، لە هەنگاوێكدا پێش پەسەندکردنی کۆتایی لیستی کاندیدەکان. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی رایگەیاند: ژمارەی کاندیدەکان (٧٩٠٠) کەسی تێپەڕاندووە، کە ٤٦ کەسیان بەهۆی تەواونەكردنی ئەو مەرجە یاساییانەی کە لە ڕێسای کاندیدکردن ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢٥دا هاتووە، بێبەشکراون، جگە لەوەش ١١ کاندید کە بڕوانامەی خوێندنی ئامادەییان هەبووە بە دەرچووانی زانکۆ گۆڕدراون، هەروەها سێ پیاو بە ژنان گۆڕدراون بۆ زامنكردنی بەدیهێنانی نوێنەرایەتیکردنی رێژەی ژنان کە 25%یە. ئاماژەی بەوەشکرد: كۆمسیۆن پەیوەندی بە وەزارەتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵاوە دەکات بۆ دروستی بڕوانامەكان، هەروەها دەسەڵاتی ئەمنی و دادوەری، کۆمیسیۆنی دەستپاکی و لێپرسینەوە و کۆمیسیۆنی لێپرسینەوەو دادپەروەری بۆ دڵنیابون لە تەواوکردنی رێکارەکانی وردبینی پێش پەسەندکردنی کۆتایی. لە بواری تەكنیكیشدا بڕیارە لە (٥)ی ئاب تیروپشکی ریزبەندی کاندیدەکان ئەنجام بدرێت، لە هەمان کاتدا کۆمیسیۆن بەردەوامە لە راهێنانی ستافەکەی لەسەر بەکارهێنانی ئامێری ژماردن و هەڵاوێردنی ئەلیکترۆنی و پشتڕاستکردنەوەی بایۆمەتری، بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەیەکی میدیایی هاوبەش کە پێکهاتووە لە وەزارەتەکان و دامەزراوە حکومییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: لیژنە تازە پێکهێنراوەكەی پەرلەمان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کورد دوای چەکداماڵینی پەکەکە، لە سەرەتای مانگی ئابەوە دەست بە کارەکانی دەکات. کورتوڵموش، لەمیانی بەشداریكردنی لە بۆنەیەكدا رونیکردەوە: ئەم لیژنەیە لەماوەیەکی کەمدا پرسی دیموکراسی تورکیا تاوتوێ دەکەن و، بە پەرۆشەوە کارەکانی بەڕێوەدەبات و دەگاتە پوختەیەكی روون، بە پاڵپشتی گەل ئەم پڕۆسەیە لە ماوەیەکی کورتدا تەواو دەبێت. جەختی لەوە شکردەوە: ئەم پرۆسەیە پێویستی بە نزیكبونەوەی بونیادنەر هەیە نەک گفتوگۆی درێژخایەن، لیژنەكە زەمینەیەكی گرنگ دەڕەخسێنێت بۆ قوڵکردنەوەی پرۆسەی دیموکراسی لە تورکیاو، بڕیارەکان لە بەرژەوەندی دەوڵەت و گەل دەدرێن، لە ژینگەیەکدا کە گفتوگۆ لەبارەی بیرۆکە جیاوازەکان و ئاڵوگۆڕی دیدگاکان دەكرێت. وتیشی: تورکیا بە ئیرادەی سیاسی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیەوە، ئەم دەرفەتە مێژووییە دەقۆزێتەوە. سەرۆكی پەرلەمانی توركیا راشیگەیاند: لە ماوەی سەد ساڵی کۆماری توركیادا، نیوەی ئەو ماوەیەی لە شەڕدا بەسەر بردووە، ئەو دەیان ساڵە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی دەیان هەزاران کەس و زیانی ئابوریشی بە دوو ترلیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت. لە پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنێک بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکهێنراوە و لە 51 ئەندام پێکدێت، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) زۆرترین ئەندامی هەیە. رۆژی هەینی، 25ـی تەممووز، ژمارەی ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان لە کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بڵاوکرایەوە و بەمشێوازە دابەشبوون: - ئاکپارتی: 21 ئەندام - جەهەپە : 10 ئەندام - دەم پارتی:4 ئەندام - مەهەپە: 4 ئەندام - ئیی پارتی: 3 ئەندام - یەنی یۆڵ: سێ ئەندام - 6 ئەندامی دیکە لە دەرەوەی پەرلەمان دەبن هاوکات، ئیی پارتی و DP بە فەرمی رایانگەیاندووە نابنە بەشێک لە کۆمیسیۆنەکە. نوعمان كورتولموش سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، نامەیەکى ئاراستەی گروپ و حزبە سیاسییەکان کردووە. داوایکردوە تا کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارەی ٣١ی تەمموز ناوى ئەندامانى خۆیان بۆ کۆمسیۆنەکە پێشکەش بکەن. بەپێى میدیاکانى تورکیا، تا جەهەپە بەشدارى کۆمسیۆنەکەدەکات یان نا، ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی جەهەپە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە مەرج و بێ مەرج ئەندامان نانێرن. وتیشی: لە ڕۆژانی داهاتوودا هەموو ئەمانە دەبینین. "ئێمە هەڵوێستی خۆمان خستۆتە ڕوو، و گوێبیستی ئەوە دەبین کە سەرۆک دوای کارەکەی چی ئەنجام دەدات، دواتر بڕیاری خۆمان دەدەین". دوابەدوای ئەو هەنگاوە پێشبینیکراوەی سەرۆکی پەرلەمان، ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن کە کام لایەن ناوی خۆیان پێشکەش دەکەن. بڕیارە لە ماوەی نزیکەی هەفتەیەکدا لیژنەکە دامەزرێت و بە درێژایی مانگ کاربکات. دروستكردنی ئەم كۆمسیۆنە مەرجی سەرەكی (دەم پارتی)یە وەكو نوێنەری كورد لە توركیا؛ تایبەت بە چارەسەری دۆزی كوردو لابردنی بەربەستە یاساییەكان.
هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، جەختى کردەوە چەکدانان بۆ ئێمە لە رۆژەڤ دا نییە، دۆخی سوریا دۆخێکە کۆمەڵکوژی روودەدات. لەدیدارێکى ڕۆژنامەوانیدا ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، دەڵێت: کاتێک گفتوگۆکان دەستیان پێکرد، لەسەر چ شێوازێک رێکدەکەوین، ئەوە بە بنەما دەگیرێت. هەروا نییە کە بێن و بڵێن 'وەرن چەکەکانتان تەسلیم بکەن' یان 'ئەم شەڕڤانانەی لاتانن هەموویان بێنن تەسلیمیان بکەن و خواحافیز، تەواو بوو.' بابەتەکە ئاوا نییە." ئەو وتیشى: چەکدانان بۆ ئێمە لە رۆژەڤ دا نییە، بە هیچ شێوەیەک لە رۆژەڤ دا نییە. دۆخی سووریا دۆخێکە ئەوەندە دڕندایەتیی تێدا هەیە کە لەبەرچاوی هەمووان، لەبەرچاوی دنیادا، مرۆڤ دەکوژرێت، کۆمەڵکوژی روودەدات. لەم دۆخەدا داواکردنی چەکدانان لە هێزی سووریای دیموکرات وەک ئەوەیە بەخۆت بڵێیت "بڕۆ بۆ مردن". ناوبراو باسى لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا ئێمە بە هێزی هاوپەیمانان و هێزی سەرەکی و بنەڕەتیی خۆمان لێرە پارێزگارییمان لە خۆمان کردووە، بە پشتگیری و پاڵپشتیی هێزە کوردییەکان. بۆ ئەوەی خۆمان بپارێزین، کۆمەڵگەکەمان هەیە، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان هەن، پەیوەندییە کوردییەکانمان هەن. سەبارەت بە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند: "رۆڵی ئەو بەڕاستی جێگەی سوپاسە. رۆڵەکەی ئەرێنییە بەتایبەت بەو کێشانەی کە ئێستا رۆژئاوای کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت". لەبارەی گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق، ئیلهام ئەحمەد جەختی کردەوە کە ئامانجیان گەیشتنە بە "هاوبەشییەکی راستەقینە" نەک تەنها تەسلیمکردنی دامەزراوەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). ئەو گوتی: "بابەتەکە هەروا نییە کە بێن و بڵێن 'وەرن چەکەکانتان تەسلیم بکەن'." روونیکردەوە کە دەبێت حکومەتی نوێی سووریا دان بە ئیرادەی خەڵکی ناوچەکە و ئەو سیستمە ئیداری و ئەمنییەدا بنێت کە لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا دامەزراوە. ئیلهام ئەحمەد دەشلێت "دانوستاندنێک هەیە لەگەڵ تورکیادا. لەم دانوستاندنەدا، ئێمە وایدەبینین کە شتێکی باشە، ئەرێنییە... دەمانەوێت بزانین چۆن ئەو بەربەستانەی کە هەن لایانبەرین." ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا، کە پێشتر گرژی و ئاڵۆزیی زۆری بەخۆیەوە بینیبوو.
ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆستی ئەمریکی ڕاپۆرتێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەدەخاتەڕوو، لەکاتى جەنگى ١٢ رؤژەدا ئێران کارى لەسەر پەرەپێدانی موشەکێکى جۆرى کارۆموگناتیسی کردوە کە دەکرا لەکاتى هەڵدانیدا ژێرخانی کارەبایی ئیسرائیل بەتەواوەتى پەک بخات. دەیڤید ئیگناتیۆس شرۆڤەکار بە رۆژنامەکەى ڕاگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ لە 13ی حوزەیراندا هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران پەسەند کرد، بەڵام بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ئەمریکا تەنها لە حاڵەتێکدا بەشداری هەڵمەتەکە دەکات کە هێرشەکە سەرکەوتوو بێت. بەرپرسانی ئیسرائیل کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێکراوە، بانگەشەى ئەوەیانکردووە کە ئێران شانبەشانی پڕۆژەی بۆمبى ئەتۆمییەکەی، هەوڵی پەرەپێدانی بۆمبێکی پەستانی کارۆموگناتیسی (EMP)یش دەدات، کە لە بەرزایییەکی زۆر بەرزدا دەتەقێتەوە و شەپۆلى کارۆموگناتیسی بەهێز دروست دەکات کە توانای پەکخستنی ژێرخانی کارەبایی لە ئیسرائیل هەیە. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەى واشنتۆن پۆست، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە هێرشەکەدا زیانی پێگەیشتووە تا ئەو ڕادەیەی کە لانیکەم ساڵێک پاشەکشەی کردووە، بەڵام چەند ساڵێک نەبووە وەک ئەوەی ئیسرائیل لە سەرەتادا بانگەشەی بۆ دەکرد. سەرەتای ئەم مانگە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە کە ئێران توانیویەتی لە کاتی ئۆپەراسیۆنی شێری هەڵساودا لاوازییەکانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل دەستنیشان کردوەو ئەم بۆشاییانەى قۆستوەتەوە بۆ بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل و ببێتە هۆی قوربانی. شارەزایانی بەرگری مووشەکی ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئێران لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا تاکتیکەکانی خۆی ڕێکخستووە و پرۆسەیەکی "تاقیکردنەوە و هەڵە"ی بەکارهێناوە بۆ باشترکردنی هەڵدانی مووشەکەکان. دۆزینەوەکانیان لەسەر بنەمای شیکاری پارچە مووشەکەکان و شوێنەکانی کاریگەری کۆکراونەتەوە کە لە زانیارییە بەردەستەکانی گشتی کۆکراونەتەوە. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ڕێبازە ڕێگەی بە ئێران داوە کە لاوازییەکانی سیستەمی بەرگری ئیسرائیل دەستنیشان بکات. بە تێپەڕبوونی کات، ئێران مووشەکی پێشکەوتووتری بە مەودای زیاتر لە چەند شوێنێکەوە هەڵدا، ئەمەش کاریگەری سیستەمی بەرگری ئیسرائیلی لە ڕێگریکردن لە مووشەکەکاندا کەمکردەوە. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ململانێکان، شارەزایان تێبینیان کرد کە لەکاتێکدا کەمتر مووشەک هەڵدەدرێت، بەڵام ڕێژەیەکی زیاتریان بە سەرکەوتوویی ئامانجەکانیان دەپێکێت. ئەوان دانیان بەوەدا نا کە لە کاتێکدا سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل لە پێشکەوتووترین سیستەمەکانی جیهانە کە بە هاوکاری ئەمریکا پەرەی پێدراوە، بەڵام هیچ سیستەمێک توانای ئەوەی نییە پارێزگارییەکی تەواو پێشکەش بکات. سەرەڕای ئەوەش، لە ڕاپۆرتەکەدا تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی کە لە سەردەمی جەنگدا، ئێران کات و جۆراوجۆری هەڵدانی مووشەکی باشتر کردووە و لە هەمان کاتدا مەودای ئامانجەکانی فراوانتر کردووە، ئەمەش زیاتر تەحەدای تواناکانی بەرگری ئیسرائیلی کردووە. لە نیوەی یەکەمی شەڕەکەدا تەنها 8%ی مووشەکەکان بەرگریی ئیسرائیلیان تێپەڕاندوە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە نیوەی دووەمدا بۆ 16% بەرزبووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە لە کاتی شەڕی ئەم دواییەی لەگەڵ ئیسرائیلدا یەکێک لەو ئامانجانەبووەو هەوڵی ئەوەدراوە (تیرۆر)ى بکەن، بەڵام دووجار ڕزگاری بووەو هەوڵەکان شکستیان هێناوە. ٢٠ى حوزەیرانى ڕابردوو لەگەرمەى شەڕى ئیسرائیل ئێراندا، ڕاوێژکارێکى باڵاى وەزارەتى دەرەوەى ئێران باسى لەوەکرد کەلە کاتێکدا عەباس عێرقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەرقاڵى ئامادەکاری بوە بۆ ئەوەى بەرەو جنێڤ بەڕێبکەوێت، ئیسرائیل هەوڵیداوە بیکوژێت، بەڵام (پیلانەکە) پووچەڵ کراوەتەوە. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئێران، عەباس عێراقچى وەزیرى دەرەوەى ئێران، ئەوەى خستەڕوو لەکاتى شەڕەکەدا ئیسرائیل لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو بینایەکى بۆردومانکردوە، عەباس وتى: ئەو خانووەی کە کراویە ئامانج بەرامبەر ماڵەکەم بوو، بەڵام خۆشبەختانە سەلامەت بووین. عێراقچی ئەوەشى زیاد کرد کە بەردەوام چاودێریکراوەو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان "لەکاتی ڕۆشتن و گەڕانەوەماندا چەندین جار بەسەر سەرماندا دەفڕی"، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە "هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیسرائیلەوە پێنەگەیشتووە هەڕەشەى لێبکات". وەزیرى دەرەوەى ئێران ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی شەڕی ناوێت بەڵکو ئامادەیە بۆی. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی CGTN ی چین لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، ئاماژەی بەوەدا کە ئێران "هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە بەکارهێنانی مافی بەرگریکردن لە خۆی". ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە ئەم شەڕەمان نەدەویست، بەڵام ئامادەبووین بۆی، ئێمە نامانەوێت ئەم شەڕە بەردەوام بێت، بەڵام دووبارەی دەکەمەوە: ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆی. جێگای سەرنجە کە لە ١٣ی حوزەیران ئیسرائیل هەڵمەتێکی بۆردومانی دژی ئێران دەستپێکرد و پێگە سەربازی و ئەتۆمیەکانی ئێرانی لێدا، هەروەها سەرکردە باڵا سەربازییەکان و زانایانی ئەتۆمی تیرۆر کرد. لەکاتێکدا ئێران وەڵامی دایەوە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. شەڕەکە بووە هۆی دەستوەردانی ئەمریکا لەو ململانێیەدا، لە کاتێکدا ئەمریکا لە ٢٢ی حوزەیران شوێنی ژێرزەمینیی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە فۆردۆ لە باشووری تاران و دوو دامەزراوەی ئەتۆمی لە ئیسفەهان و ناتەنز (ناوەندی ئێران) بۆردومان کرد.