هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی ترەمپ بۆ سوریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، کۆبوویەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، هاکان فیدان وەزیری دەروەی تورکیا و تۆم بەڕاک نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا هاکان فیدان و تۆم بەڕاک دۆخی سووریایان تاوتوێ کرد. ئەمڕۆ سێشەممە، حکوومەتی تورکیا هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند؛ بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە "ئیستفزاز و هاندان" نادەن سەبارەت بەو ئاڵۆزییانەی لە سووریا ڕوودەدەن. لای خۆیەوە عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' جەختی لەسەر ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان کردەوە و ڕایگەیاند: "تورکیا بە وردی و لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنەکانی ناو خاکی سووریا و هەموو جووڵەکان لەسەر سنوورەکانمان دەکات." وەزیری ناوخۆ لە درێژەی پەیامەکەیدا هۆشداریی دا و گوتی: "ڕێگە بە هیچ جۆرە دەسپێشخەرییەک یان ئیستفزازێک نادەین کە ئارامی و ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەمان بکاتە ئامانج." ئەم لێدوانانەی وەزیری ناوخۆی تورکیا دوای ئەوە دێت کە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاری ئەمنیدا تێپەڕ دەبێت و مەترسیی گواستنەوەی ئاڵۆزییەکانی سووریا بۆ ناوخۆی تورکیا بووەتە جێی بایەخی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو هێرشی چەکدارانی دیمەشقیان لە بەرەی سەرین لە باشووری کۆبانێ تێکشکاندووە و لەئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆشیان لەناوچوون و ئەوانەشی لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا بوون کوژران. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە: - بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، رووبەڕووی دوو هەوڵی هێرشی یەک لە دوای یەکی هێزەکانی حکومەتی سووریا لە بەرەی سرینی باشووری کۆبانێ بوونەتەوە و تێکیانشکاندوون. - بەرەبەیانی ئەمڕۆ كاتژمێر 3:00 تاوەکو 06:00ـی بەیانیی هێزەکانمان بە ئازایەتی و توانایەکی بەرزەوە بەرپەرچی هێرشەکانیان دایەوە." - لە پێکدادانەکانی بەرەی سریندا "ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆشی هێزەکانی حکومەتی سووریا تێکشکێندراون و سەرنشینەکانیان کوژراون." - لە بەرەی "ئەبو سوڕە"، هێزەکانیان بە وردی گورزێکیان لە کاروانێکی سەربازیی هێزەکانی حکومەتی سووریا داوە و ناچاریان کردوون "بکشێنەوە و هەڵبێن." - لە بەرەی گوندی "خان مامەد" لە باشووری رۆژهەڵاتی کۆبانێ، هەوڵێکی دیکەی پێشڕەوی تێکشکێندراوە و "دوژمن گورزی کەمەرشکێنی بەرکەوتووە و پلانەکەی شکستی هێناوە و ناار بە کشانەوە کراوە." - هێزەکانی سووریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) لە ئامادەیی تەواودان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەک، بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە گەل و خاکەکەیان
موراد قەرەیلان فەرماندەی هەپەگە، پەیامێکی بۆ گەلی کورد و بەرخۆدانی ڕژئاوای کوردستان نارد و گوتی: "گرنگ نییە بەلامانەوە چی ڕوودەدات، بە هەر جۆرە قوربانیدانێک بێت گەلی ڕۆژئاوا دەپارێزین. وەک گەلی کورد و تەڤگەری ئازادیمان؛ چی پێویست بکات ئەنجامی دەدەین." فەرماندەی هێزەکانی پاراستی گەل (هەپەگە) موراد قەرەیلان لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فوارات (ANF)ـەفەوە پەیامێکی بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کورستان نارد و گوتی: "ئەوەی پێویست بکات وەک گەلی کورد و تەڤگەری ئازادیمان بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەنجامی دەدەین. دوور نییە سبەی یان کاتێکی گونجاو ئەم شەڕە باشووری کوردستانیش بگرێتەوە و بکرێتە ئامانج و ئامانجە تەواوی کوردستان و دەستکەوتەکانی کوردانە." "بۆ هەموو گەلی هێژا و گەلی ڕۆژئاوای کوردستانمان؛ سەرەتا بەڕێزدارییەوە سڵاوتان لێ دەکەم. دیارە وەک گەل بە قۆناغێکی مێژووییدا تێپەڕ دەبین. لە حەلەب تا حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان شەڕ لە ئارادایە. لە کەسێتی فەرماندە زیاد حەلەب و دەنیز چیاکاکاندا هەموو شەهیدانی ئەم شەڕە بەڕێزدارییەوە یاد دەکەینەوە. ئەمەی لە ڕۆژئاوا دەگوزەرێت بە تەنها شەڕێک نییە لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەڵکو شەڕە لەسەر تەواوی کوردستان. سبەی یان لە کاتێکی دیکەی گونجاودا، دوور نییە باشووری کوردستان وستاتۆکەی بکرێتە ئامانج وەک دەردەکەوێت لە دیزاینکردنەوەی ناوچەکەدا نایانەوێت گەلی کورد جێگە و پێگەی هەبێت. نایانەوێت گەلی کورد ببێتە خاوەن ئیرادە و ستاتۆی خۆی. سبەی یان لە کاتێکی دیکەی گونجاودا، دوور نییە باشووری کوردستان و ستاتۆکەی بکرێتە ئامانج. هەرخۆی ئەم شەڕ و هێرشەی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بۆ تەنهاکردن و دوورخستنەوەی ستاتۆی باشووری کوردستانە...
هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێكدا: - لە 6ـی کانوونی دووەمەوە گەلەکەیان رووبەڕووی هێرشی دڕندانە بووەتەوە، ئەمرۆ دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی کە خاوەن بیری داعشن، هێرشەکانیان بۆ سەر گەلەکەمان چڕ کردووەتەوە، بەو خەیاڵەی کە بتوانن ئیرادەی ئێمە بشکێنن. - وەک چۆن لە ساڵی 2014 کۆبانێمان کردە گۆڕستان بۆ ئەو داعشانەی تورکیا پشتیوانی دەکرد، ئەمرۆش بە هەمان ئیرادەوە رایدەگەیێنین کە شارەکانمان لە دێرکەوە تاوەکو حەسەکە و کۆبانێ، دەکەینە گۆڕستان بۆ داعشە نوێیەكان کە لە لایەن تورکیاوە ئاراستە دەکرێن." - سنورەكان تێكبشكێنن و یەكلگرن ئەمرۆ رۆژی کەرامەت و بەرپرسیارێتیی مێژووییە؛ ئێمە جارێکی دیکە نیشانی دەدەین کە ئیرادەی گەلان لە هەر جۆرە داگیرکارییەک بەهێزترە.
هەسەدە چۆن تێکەڵ بە سوپای سوریا دەکرێت؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی لەماوەی 48 کاتژمێردا کورد لە رۆژاڤا خاکێکی زۆری لەدەستدا و ناچارکرا بە کشانەوە، بەڵام چەندین هۆکار هەبوون کە گرینگترینیان ئەمریکای لەپشتە. هەروەک چۆن واشنتن لەساڵی 2019 گڵۆپی سەوزی بۆ ئەنقەرە هەڵکرد تا گرێسپی و سەرێکانی لە رۆژاڤا داگیربکات، ئەمجارەش وادەردەکەوێت ئەمریکا هەمان کاری بۆ دیمەشق کردبێت چونکە لە راستیدا ئەمریکا هەسەدە وەک هاوپەیمانێکی نابینێت، بەڵکو تەنها وەک هاوبەشێکی بازرگانی تەماشای دەکات و هەرکات بەرژەوەندی لەگەڵ نەما وازی لێدەهێنێت. ئەمە قسەی خودی چەند بەرپرسێکی ئەمریکییە کە خۆیان لەبارەی هەسەدەوە کردوویانە. ئێستا لەنێو کورد تووڕەیەکی زۆر دژی ئەمریکا دروستبووە، بەتایبەتی لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەم هەنگاوەی واشنتن بە "خیانەت" ناوزەند دەکەن، بەڵام من پێتان دەڵێم بەشێک لە بەرپرسە ئەمریکییەکان پێشتر چۆن باسی کورد و هەسەدەیان کردووە. ساڵی 2017 جۆناسان کۆوهن، کە بەرپرسێکی خانەنشینی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە، لە پانێڵێکدا باسی سیاسەتی ئەمریکای بەرامبەر هەسەدە کرد و گوتی، سیاسەتێکی کاتی، مامەڵەکاری و تاکتیکییە. هەر ئەمە نییە، بەڵکو ئیدارە یەکلەدواییەکەکانی ئەمریکا هەڵوێستیان بەمجۆرە بوو بەرامبەر کورد و هەسەدە چونکە پێشتریش جەیمس جێفری، نێردەی پێشووی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا، لە کۆتایی ساڵی 2018 لەبارەی هەسەدەوە گوتی، پەیوەندییەکی هەمیشەییەمان لەگەڵ قەوارەی خوار دەوڵەت نییە، پەیوەندی ئێمە بە هەسەدەوە تەکتیکییە و سروشتێکی مامەڵەکاری هەیە. تەنانەت تۆم باراک، کە ئێستا نێردەی ترەمپە بۆ کاروباری سوریا، لەناوەراستی ساڵی رابردوو قسەیەکی تووندتری کرد و گوتی: هەسەدەیە یەپەگەیە، یەپەگەش بەشێکە لە پەکەکە، ئەمریکا پشتگیری لە دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ هەسەدە یان کوردستانێکی ئازاد ناکات. لەبەر ئەم هۆکارەیە ئەمریکا هەرکات کاری بە هەسەدە نامێنێت بەمجۆرە پشتی تیێدەکات، هەر بۆیە بەرپرسێکی باڵای یەکێک لە وڵاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە پێگەی ئەلمۆنیتەری گوتووە، ئەمریکا وەک "کۆمپانیایەکی سیکیوریتی" تەماشای هەسەدە دەکات. هۆکارێکی دیکەی لەدەستدانی ئەو خاکەی بەدەست بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرە بوو، هەڵگەڕانەوەی هۆزە عەرەبەکان بوو لە تەبقا، رەققە و دێرەزوور کە پێشتر هەسەدە لەدەستی داعش پاراستنی، بەڵام بە رۆژێک خیانەتیان کرد و پشتیان تیکرد. پێگەی ئەلمۆنیتەر دەڵێت، هەر ئەمە بوو وای لە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە کرد، بە ناچاری رێککەوتنەکەی حکومەتی سوریا واژۆ بکات. بەشێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ بێدەنگی ئیسرائیل، چونکە ئەلمۆنیتەر دەڵێت، ئەو رێککەوتنەی ئیسرائیل لەگەڵ سوریا لە شەشی ئەم مانگە واژۆیکرد بەجۆرێک ئیسرائیلی قایلکردووە کە خیتابەکانی لەسەر سەربەخۆی کورد و دروزەکان کەمبکاتەوە. ئەوەی لە رێککەوتنەکەدا سوودێکی زۆر دەکات تورکیایە چونکە جێبەجێکردنی بەشێکی زۆری خواستەکانی تورکیایە، بەتایبەتی لەبارەی تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سوریا. پێنجشەممەی رابردوو هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هەسەدە هێشتا کیشەیە لە سوریا و لەساڵی 2026 ئەو کێشەیە ناهێڵین. پێش ئەم قسەیەی هاکان فیدان، سوریا بەوە رازیبوو بوو هەسەدە بە سێ فیرقەی جیاواز بچێتە نێو سوپاوە، بەڵام لەدوای ئەم قسەیەوە هەموو شتەکان گۆران و لە رێککەوتنەکەدا ئەوە چەسپێنراوە کە دەبێت سەرجەم هێزەکانی هەسەدە بە تاک بچنە نێو سوپای سوریا، واتە هەسەدە هەڵدەوەشێتەوە و شەڕڤانانیش تاک تاک دابەش دەبن بەنێو سوپا و کاریگەرییان نامێنێت، ئەمە جگە لەوەی رەنگە بەهۆی پاساو و تۆمەتی "تیرۆر" لە پرۆسەی هەڵسەنگاندندا بەشێکیان لە سوپای وەرنەگیرێن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تەواوی هێزەکانی لە سەرجەم سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا لەوپەڕی ئامادەباشی و چاودێریدان بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی دزەکردنی تێرۆریستان. لیوا میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا جەختی کردەوە: "سەرجەم سنوورەکانی عێراق ئارامن و ناوچە هاوبەشەکان لەگەڵ سووریا لەوپەڕی پتەویی و چاودێریدان و هیچ مەترسییەک لەسەر سنوورەکان نییە". ئەم دڵنیاییەی بەغدا لە کاتێکدایە کە هەڕەشەی هەڵاتنی هەزاران چەکداری داعش لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە زیاد بووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ڕاگەیەندرا کە زیندانی "شەدادی" لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە کوردییەکان نەماوە. هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەرێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و چاودێریی وردی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، هەر جووڵەیەکی گوماناوی لەسەر هێڵی سنووریی دەکەن. حکومەتی عێراق ئامادەکاریی تەواوی کردووە تاوەکو ڕێگریی لە هەر هەوڵێکی بەکۆمەڵ یان تاکەکەسیی تێرۆریستان بکات کە بیەوێت سوود لە ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەربگرێت بۆ تێپەڕبوون بەرەو ناو خاکی عێراق. دۆخی ناوخۆی سووریا و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی هەندێک زیندانی داعش، فشاری ئەمنیی لەسەر عێراق دروست کردووە، بەڵام بەرپرسانی ناوخۆ جەخت دەکەنەوە کە سوپا و هێزەکانی سنوور لە حاڵەتی "ئامادەباشیی پێشوەخت"دان و هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست گیراوەتە بەر تاوەکو ئاسایشی نیشتمانیی بپارێزرێت. عێراق لە چەند ساڵی ڕابردوودا ملیارەها دیناری بۆ دروستکردنی دیوار و خەندەقی سنووریی لەگەڵ سووریا خەرج کردووە؛ ئەم هێڵە سنوورییە کە درێژییەکەی زیاتر لە 600 کیلۆمەترە، هەمیشە وەک مەترسیدارترین ڕێڕەوی گواستنەوەی تێرۆریستان لەنێوان هەردوو وڵاتدا بینراوە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ کاروباری ئابووریی کرد و جەختی لەسەر پێویستیی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی داهات کردەوە. حکومەتی عێراق دەیەوێت لەرێگەی توندکردنەوەی ڕێکارە داراییەکان و فرەجۆرکردنی داهاتەکان، ڕزگاری بێت لە وابەستەیی تەواوەتیی بە نەوت؛ ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ هەوڵێکی جدیی بۆ ڕێکخستنەوەی خەزێنەی دەوڵەت و کەمکردنەوەی بارگرانییە داراییەکان لە کاتێکدا کە بازاڕی وزە بەردەوام لە گۆڕاندایە. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ تاوتوێکردنی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان، بەتایبەتیش پێشنیازی دیاریکردنی نرخی پاڵپشتیی حکومەت بۆ بەرهەمە نەوتییەکان و چارەسەرکردنی دۆخی دارایی وڵات". لەم کۆبوونەوەیەدا کە هەریەکە لە عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی و وەزیرانی دارایی، پلاندانان و بازرگانیی تێیدا بەشدار بوون، چەندین پێشنیازی گرنگ تاوتوێ کران. یەکێک لەوانە پاڵپشتییکردنی هەناردەی کاڵای عێراقیی بوو لەرێگەی پێدانی قەرز و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ ئابووریی نانەوتیی، تاوەکو داهاتەکان تەنها لە یەک سەرچاوەوە نەبن. سوودانی بڕیاریدا لیژنەی جیاواز و پسپۆڕ پێکبهێنرێن بۆ ئەوەی بە وردیی لێکۆڵینەوە لەسەر هەموو پێشنیازەکان بکەن و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدەن، بە جۆرێک کە هەموو هەنگاوەکان پاڵپشتیی لە پلانی چاکسازیی ئابووریی حکومەت بکەن و خەرجییە ناپێویستەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکەنەوە. حکومەت دەیەوێت نرخی بەرهەمە نەوتییەکان و شێوازی پاڵپشتییە داراییەکان ڕێکبخاتەوە. بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا زنجیرەیەک بڕیاری نوێ بۆ زیادکردنی داهاتی دەوڵەت و کەمکردنەوەی کورتهێنان دەربچێت کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بودجە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەبێت. ئابووریی عێراق بە ڕێژەی زیاتر لە 90% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەمەش هەمیشە حکومەتەکانی ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی کردووەتەوە لە کاتی دابەزینی نرخەکاندا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا ڕایگەیاند دەوڵەتی ئێران لە بەرانبەر پێدانەوەی تەرمی خۆپیشاندەران کە لە ٢٢ ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون، بەڵێننامە بە کەسوکارەکانیان پڕدەکاتەوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا لەبارەی سەرکوتکارییەکانی دەوڵەتی ئێران بەرانبەر گەلانی ئێران و گەلی کورد کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ بە خواستی 'نان و ئازادیی' لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد ڕایگەیاند، "لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران تا ئێستا ٢٤ هەزار و ٦٦٩ کەس دەستبەسەر کراون، سێ هەزار و ٩١٩ کەس کوژراون، دوو هەزار و ١٠٩ کەسیش بریندار بوون." لە کۆی ٣ هەزار و ٩١٩ کوژرا و ٢٥یان منداڵن لە درێژی ئامارەکەدا هاتووە: "لەو ژمارەیە ٢٥ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ کوژراون، هەروەها لە میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتدارانی ئێران تا ئێستا ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێ خۆپیشاندەران گەیشتووەتە ١٤٥ خۆپیشاندەر، تا خۆپیشاندانەکان بە ئاژاوەگێری پێناسە بکەن." بە پڕکردنەوەی بەڵێننامە تەرمەکان وەردەگیرێتەوە ڕێکخراوەکە جەختی کردووەتەوە وەک چۆن لە پێشتر بەرانبەر وەرگرتنی بڕێک پارە تەرمی خۆپیشاندەران ڕادەستی کەسوکارەکانیان دەکرایەوە، لە ئێستاشدا گوشارەکانی دەسەڵاتی ئێران بەردوامەو و دەڵێت: "هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە کوژراوەکان لە پزیشکەکانی داد دەبیندرێت، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە دەوڵەت فشار لەسەر خێزانەکان هەیە بۆ بێدەنگ بوون و ناشتنیان بە شەوانە ئەنجام بدرێت. تەنانەت بە مەرجی واژۆکردنی دەتوانن تەرمی کەسوکارەکانیان وەربگرن."
پەنجەرە لەو کاتەوەی چەرخی شەڕ لە سوریا بە ئاراستەیەکی نوێدا سووڕایەوە و هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکەکانی "شێخ مەقسود" و "ئەشرەفییە" لە حەلەب دەستیپێکرد و دواتر پەلهاوێشتنی هێزە چەکدارەکان بۆ ناوچەکانی وەک "دێر حافر" و دەوروبەری، میدیا زەبەلاحەکانی کەنداو، لە ئەرکی خۆیان کە ڕووماڵە، داماڵراون. کەناڵە زەبەلاحەکانی وەک ئەلجەزیرەی قەتەری، ئەلعەرەبیە و ئەلحەدەسی سعودی، لە ڕووماڵکارێکی هەواڵییەوە بوونەتە "بووقێکی پڕۆفیشناڵ" بۆ شەرعییەت دان بەو گروپانەی کە ئێستا بە "ڕژێمی ئەحمەد شەرع" و جاران بە "ئەبو محەمەد جۆلانی" دەناسرێن. شەڕی شاشەکان؛ کاتێک جیهان لە سوریا کورت دەبێتەوە تێبینییەکی سەرنجڕاکێش کە چاودێرانی میدیایی ئاماژەی پێدەدەن، ئەوەیە کە ئەم کەناڵانە بەشێکی زۆری کارنامەی ڕۆژانەی خۆیان بەتەنها تەرخانکردووە بۆ گواستنەوەی ئەوەی خۆیان پێی دەڵێن "سەرکەوتنە مەیدانییەکانی" گروپە چەکدارەکانی سوریا. ڕووداوە گرنگەکانی تری جیهان، لە شەڕی ئۆکرانیاوە بگرە تا دۆزی فەڵەستین "کە کەناڵێکی وەکو ئەلجەزیرە و وڵاتێکی وەکو قەتەر بە دۆزیی ویژدانیی و ئەخلاقی خۆیانی دەزانن"، خراونەتە پەراوێزەوە. ئەم میدیایانە وەک "ژووری ئۆپەراسیۆنی دەروونی" کار دەکەن؛ بە جۆرێک ڕووماڵەکان تەنها گواستنەوەی هەواڵ نین، بەڵکو "ئاراستەکردنی ڕای گشتیین". ئەوان بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ و لایەندارانە، تیشکدەخەنە سەر هەر پێشڕەوییەک بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و بە زمانێکی زبر و پڕ لە دنەدان، خەڵکی ناوچەکە دژی کورد و پێکهاتەکانی تری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هان دەدەن. هەسەدە لە نێوان بەرداشی ڕژێم و میدیای "شەرع"ـدا ئەوەی جێی تێڕامانە، نزیکبوونەوەی گوتاری ئەم کەناڵانەیە لەگەڵ گوتاری فەرمی گروپەکەی ئەحمەد شەڕع. لە کاتێکدا پێشتر جۆلانی وەک "تیرۆریست" ناودەبرا، ئێستا لە شاشەی ئەلجەزیرە و ئەلعەرەبیەوە وەک "سەرکردەیەکی ڕزگاریخواز" یان "بەدیلێکی سیاسی" نمایش دەکرێت. لە بەرامبەردا، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە هاوبەشی سەرەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتین لە شەڕی داعشدا، لەم میدیایانەدا وەک "هێزێکی داگیرکەر" یان "گرێبەستکار" نیشان دەدرێن. ئەم لایەنگیرییە تەنها هەڵەیەکی میدیایی نییە، بەڵکو وەک شیکەرەوەکان ئاماژەی پێدەدەن، جەنگێکی میدیاییە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا و سڕینەوەی شەرعییەتی سیاسی ئەو قەوارانەی کە لەگەڵ کارنامەی قەتەر و سعودیەدا یەکناگرنەوە. بەرژەوەندیی قەتەر و سعودیە؛ پارە و سیاسەت لە پشت پەردەوە ئەوەی مایەی پرسیار و تێبینییە، ئەوەیە بۆچی قەتەر و سعودیە، سەرەڕای ناکۆکییە مێژووییەکانیان، ئێستا لە پشتگیریی ئەم بزووتنەوە نوێیە لە سوریا یەکدەگرن؟ وەڵامەکە دەکرێت لە چەند خاڵێکدا کورت بکرێتەوە: ١. خەتی سوننی و عەرەبی: سوریا ئەگەرچی بەشی زۆری پێکهاتەکەی سوننە مەزهەبە، بەڵام دەیان ساڵ لەلایەن عەلەوییەکانەوە کە لە بنەماڵەی ئەسەددا خۆی بەرجەستە دەکات، حوکم دەکرا. ئێستا و دوای کەوتنی ڕژێمی ئەسەد، ئەو دوو وڵاتە کە خۆیان بە ڕابەری تەوژمی ئیسلامی سوننی دەزانن، دەیانەوێت ڕووبەرێکی تر بۆ ئەو پانتاییەیان زیاد بکەن. ٢. دژایەتی ئێران: هەردوو وڵات دەیانەوێت بە هەر نرخێک بێت هەژموونی ئێران جارێکی لە سوریا سەرهەڵنەدات، بۆ ئەم مەبەستەش گروپەکەی ئەحمەد شەرع بە ئامرزێکی کاریگەر دەبینن. ٣. دیزاینکردنەوەی ناوچەکە: قەتەر لە ڕێگەی ئیخوان موسلیمین و گروپە ئیسلامییەکانەوە دەیەوێت پێگەی خۆی قایم بکات، سعودیەش دەیەوێت لە ڕێگەی پاڵپشتی دارایی و سیاسییەوە، ڕێڕەوێکی نوێ لە سوریا دروست بکات کە لە بەرژەوەندی هاوسەنگییە هەرێمییە نوێیەکان بێت بە ئاراستەی خۆیان. ٤. لاوازکردنی کورد: هەژموونی هێزە کوردییەکان و مۆدێلی خۆبەڕێوەبەریی، مۆدێلێکی تەواو جیاوازە لەوەی پێشتر پیادە کراوە، چونکە مۆدێلێکی دیموکراسی و جیاواز پێشکەش دەکات کە لەگەڵ سیستەمی پاشایەتی و داپڵۆسێنەرانەی ئەواندا ناگونجێت. میدیا وەک چەکێکی کوشندە ئەوەی ئێستا لە شاشەکانی ئەلجەزیرە، ئەلعەرەبیە و ئەلحەدەسـەوە دەبینرێت، تەنها ڕۆژنامەوانی نییە، بەڵکو بە "بەکارهێنانی میدیا بۆ پاکتاوی سیاسی" ناوزەد دەکرێت. پاڵپشتی دارایی، دیپلۆماسی و میدیایی ئەم دوو وڵاتە بۆ گروپە توندڕەوەکان و دنەدانیان دژی هەسەدە، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەوەی کە سوریا بەرەو قۆناغێکی تاریکتر دەبرێت، کە تێیدا ڕاستییەکان لە ژێر پێی بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکاندا دەکرێنە قوربانی. بەمشێوەیە، ئەحمەد شەرع و گروپەکەی، نەک تەنها بە چەک، بەڵکو بەو باڵە میدیاییە بەهێزەی قەتەر و سعودیە بۆیان ڕەخساندوون، خەریکی سەپاندنی ڕژێمێکی نوێن. ڕژێمێک کە مەترسییەکەی کەمتر نییە لەوەی پێشوو، یەکەم ئامانجیشیان تێکدانی ئەو سەقامگیرییە ڕێژەییەیە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا هەبووە و هەیە.
سەرۆکی سووریا، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان، وردەکاریی ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرا کرد، کە خۆی لە گەڕانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات و کۆنترۆڵکردنەوەی سەرچاوەکانی وزە دەبینێتەوە. یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیاند. ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕێککەوتنە بریتییە؛ لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەهێزکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات، و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکانی ململانێدا. وردەکاریی 12 خاڵە سەرەکییەکەی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات دۆسیەی سەربازی و ئەمنی ئاگربەستی گشتگیر: ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دەستبەجێ و هەمەلایەنە لە سەرجەم بەرەکانی شەڕ و خاڵەکانی بەریەککەوتنی نێوان هێزەکانی سوپا و هەسەدە. تێکەڵکردنی هێزەکان: گواستنەوەی سەرجەم هێزەکانی "هەسەدە" بۆ سەر پەیکەری وەزارەتی بەرگریی سووریا. پڕۆسەکە بە شێوەی "تاکەکەسی" و دوای ئەنجامدانی وردبینیی ئەمنی بۆ هەر چەکدارێک جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ گەرەنتیکردنی پاراستنی تایبەتمەندێتیی ناوچە کوردییەکان. دۆسیەی کۆبانی: نەهێشتنی چەکی قورس لە شاری کۆبانی و پێکهێنانی هێزێکی ئەمنیی خۆجێیی بۆ شارەکە کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا بێت. دەرکردنی پەکەکە: هێزەکانی سووریای دیموکرات پابەند دەبن بە دەرکردنی سەرجەم چەکدار و ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) بۆ دەرەوەی سنوورەکانی سووریا. شەڕی داعش: دەوڵەتی سووریا پابەند دەبێت بە بەردەوامبوون لە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش. دۆسیەی کارگێڕی و حوکمڕانی ڕادەستکردنەوەی ناوچەکان: ڕادەستکردنەوەی تەواوەتیی هەردوو پارێزگای دێرەزوور و ڕەققە بە حکوومەتی سووریا (چ لە ڕووی کارگێڕی و چ لە ڕووی سەربازییەوە) بە شێوەیەکی دەستبەجێ. دامەزراوەکانی حەسەکە: تێکەڵکردنەوەی سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە لە چوارچێوەی دامودەزگاکانی دەوڵەتی سووریادا. دانانی پارێزگار: دەرکردنی مەرسوومێکی سەرۆکایەتی بۆ دەستنیشانکردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ پارێزگای حەسەکە. دامەزراندن: پەسەندکردنی لیستێکی ناوی پاڵێوراوانی "هەسەدە" بۆ ئەوەی لە پۆست و پلە جیاوازەکانی دەوڵەتی سووریادا دامەزرێن. دۆسیەی ئابووری و مرۆیی سەرچاوەکانی وزە: ڕادەستکردنەوەی تەواوی کێڵگە نەوتییەکان بە حکوومەتی سووریا. زیندانیانی داعش: دۆسیەی بەڕێوەبردنی زیندانەکان و کەمپی خێزانەکانی داعش دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی سووریاوە. گەڕانەوەی ئاوارەکان: کارکردن لەسەر لێکتێگەیشتن و ڕێکارەکان بۆ زەمینەخۆشکردن بە مەبەستی گەڕانەوەی ئاوارە و کۆچبەران بۆ هەردوو ناوچەی عەفرین و گەڕەکی شێخ مەقسوود.
سەرۆکی سووریا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا نەخشەڕێگەی گەڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خستەڕوو و ڕایگەیاند، دەوڵەت ئیدارەی سەرجەم ناوچە و جوگرافیای سووریا دەکات. یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بڕیار بوو ئەمڕۆ پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بکەم، بەڵام بەهۆی نالەباریی دۆخی کەشوهەوا و ئاستەنگی هاتووچۆوە، کۆبوونەوەکە بۆ سبەی دواخراوە. لە بارەی چارەکردنی کێشە ناوخۆییەکان، شەرع جەختی لەوە کردەوە کە سەرجەم دۆسیە هەڵپەسێردراو و ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەت و هێزەکانی سووریای دیموکرات چارە دەکرێن. ئەحمەد شەرع دووپاتی کردەوە، کە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت دەگەڕێنەوە بۆ پارێزگاکانی دێرەزوور، ڕەققە و حەسەکە و دەست بە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان دەکەنەوە. سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند: سبەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆدەبمەوە. ئەحمەد شەرع: بنەمای رێککەوتنمان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی ئاگربەستە و دەبێ دامەزراوەکانی دەوڵەت بچنە سەرجەم پارێزگاکانی سووریا. ئەحمەد شەرع: بڕیار بوو لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆببینەوە، بەڵام بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە نەمانتوانی و بە تەلەفۆن قسەمان کرد. ئەحمەد شەرع لەبارەی دۆخی سوریا: داوا لە هۆزە عەرەبییەکان دەکەم دان بەخۆیاندا بگرن. کۆبوونەوەکەم لەگەڵ مەزڵوم عەبدی بەهۆی خراپی کەشوهەواوە نەکرا. دەبێت دامەزراوەکان لە تەواوی سوریا بگەڕێنەوە و دەوڵەت دەسەڵاتی لە هەموو ناوچە و پارێزگاکان هەبێت. هەموو دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ هەسەدە چارەسەر دەکەین.
سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا دەڵێت، ئەحمەد شەرع و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا کۆبوونەوە. ئەحمەد شەرع "ئاماژەی بە گرنگیی دیالۆگ لە قۆناغی ئێستادا و بونیادنانەوەی سووریا بە بەشداریی هەموو سوورییەکان کرد." دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا ئەمڕۆ لە دیمەشق، بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەرع پێشوازی لە تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا کرد، بە ئامادەبوونی ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوە و کۆچبەران. بەڕێز سەرۆک جەختی لە یەکپارچەیی سووریا و سەروەرییەکەی بەسەر تەواوی خاکەکەیدا کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی دیالۆگ لە قۆناغی ئێستادا و بونیادنانەوەی سووریا بە بەشداریی هەموو سوورییەکان کرد، لەگەڵ بەردەوامبوونی هەماهەنگیی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. هەروەها لە دیدارەکەدا باس لە ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان سووریا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دوایین پێشهاتە ناوچەییەکان کرا.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (خۆسەر)، بڕیاری چەکهەڵگرتنی گشتی ڕاگەیاند و داوای لە هاووڵاتییان کرد بۆ پاراستنی ناوچەکە پشتیوانی هەسەدە و یەپەژە بن. بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمی ڕایگەیاندووە: گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق ڕێککەوتنەکانیان پێشێل کردووە و لە چەندین قۆڵەوە هێرشیان دەستپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە. لەم قۆناغەدا چەکهەڵگرتنی گشتی ڕادەگەیەنن. دیمەشق سوورە لەسەر پەرەدانی زیاتر بە بارگرژی سەربازی و ئامانجیانە برایەتی نێوان پێکهاتەکان تێکبدەن و توندوتیژی و ناکۆکی دروست بکەن. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداریدا، ئەم قۆناغە چارەنووسسازە و هەڕەشەیەکی بوونییە بۆ سەر دەستکەوتەکانی شۆڕش و ناسنامەی کۆمەڵایەتی، بۆیە پێویستە خەڵک بۆ پاراستنی شارەکان و کەرامەتیان یەکدەنگ بن. لە کۆتایی ڕاگەیێنراوەکەی خۆسەر هاتووە، جەخت لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کراوەتەوە. دووپات کراوەتەوە، سەرەڕای نیشاندانی نیازپاکی و کشانەوە لە هەندێک ناوچە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە، بەڵام لایەنی بەرامبەر بژاردەی شەڕی هەڵبژاردووە، ئەمەش پێویستی بە ئامادەباشییەکی گشتگیر هەیە تاوەکو ڕێگری لە هەر هەوڵێک بگیریێت کە ئامانجی تێکدانی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی ناوچەکەیە. ئەم ڕاگەیێنراوە لە کاتێکدایە، سەرەڕای بڕیاری کشانەوەی هەسەدە لە ڕۆژئاوای فورات، بەڵام سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە دوێنێوە هێرشێکی چڕیان بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەستپێکردووە.
شاندی ئیمراڵی رایگەیاند دوێنێ شەممە کۆبوونەوەیکی دوو کاتژمێر و نیویان لەگەڵ رێبەر ئۆجەلان هەبووە و تێدا باسی لە ئاڵۆزییەکانی سوریا کردووە. شاندەکە دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا رێبەر ئۆجەلان نیگەرانی قووڵی خۆی لەبارەی بە ململانێکان و پەرەسەندنی گرژییەکان دەربڕی، ئەو گرژییانەی بە هەوڵێک ناوبرد بۆ تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی و گوتی، کێشەکانی سوریا تەنیا لە رێگەی دیالۆگ و دانوستان و لۆژیكی دروستەوە دەتوانرێت چارەسەر بکرێن. بەیاننامەی شاندی پارتی یەكسانی و دیموکراسی لە ئیمرالی: رۆژی ١٧ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لە ئیمرالی کۆبونەوەیەکمان لەگەڵ بەڕێزعەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجامدا، کە نزیکەی دوو کاتژمێر و نیوی خایاند. لە میانی دیدارەکەدا، بەڕێز ئۆجەلان پابەندبوونی خۆی بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی دووپاتکردەوەو رایگەیاند، دیدگای ٢٧ی شوبات هەر بە دروستی ماوەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا گرنگیی گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ پێشخستنی پرۆسەکە دووپاتکردەوە. سەرنجی سەرەکی کۆبونەوەکە پێشهاتەکانی سوریا بوو، بەڕێز ئۆجەلان نیگەرانی قوڵی خۆی سەبارەت بە ململانێکان و پەرەسەندنی گرژییەکان دەربڕی و ئەوەی بەهەولێك ناوبرد بۆ تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی ، بە توندی جەختی لەوە کردەوە، کێشەکانی سوریا تەنیا لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستان و لۆژیكی دروستەوە دەتوانرێت چارەسەر بکرێن. ئامادەیی خۆشی دووپاتکردەوە بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتیەكانی بۆ دڵنیابوون لە چارەسەركردنی ئەم پرسە لە ڕێگەی گفتوگۆو دوورکەوتنەوە لە ململانێ، داواشی لە هەموو لایەنە چالاكەكان رۆڵی ئەرێنی خۆیان بگێڕن و بەرپرسیارانەو جددی لەم بوارەدا مامەڵە بکەن.
د. عەلی قەرەداغی • سەرۆکى یەكێـتی جیهانی زانایانی مسوڵمان لە راگەیەندراوێكدا سەبارەت بە مەرسومەكەی ئەحمەد شەرع تایبەت بە كورد نوسیویەتی: - من پێشوازی لە بڕیارە سەركەوتووەكانی سەرۆك ئەحمەد شەرع دەكەم و داوا لە پێكهاتەی كوردی دەكەم پشتیوانی لێبكەن و سەرقاڵی بەدیهێنانی سوریایەكی یەكگرتوو بن. - پێشتر بڕیاری وانەبووەو پێشینەی نیە، بانگەوازەكانی روون و سورە لەسەر مافەكانی پێكهاتەی كوردی. - بڕیارەكانی (خوا بیپارێزێت) هەوڵێكە بۆ چاككردنی ماڵی سوری كە بەهۆی نادادی و خراپ بەڕێوەبردن و دابەشبوونی تائیفیەوە وێران بووە. - داننان بە پێكهاتەی كورد و پێدانی مافە رەواكانی كورد، هەنگاوێكە بۆ گەیشتن بە یەكسانی و بونیادنانی دەوڵەتی سەروەری یاسا، پەیامێكە بۆ هەموو لایەك كە دەوڵەت پابەندە بە دادپەوەری و هاوسەنگی ماف و بەرپرسیارێتی. داوا لە فەخامەتی سەرۆكی كۆماری وسریا دەكەم بڕیاری زیاتر دەربكات بۆ حزمەتی هەموو پێكهاتەكانی سوریا. - پەیامێكی روون ئاراستەی كورد دەكەم، كە بڕیارەكانی فەخامەتی سەرۆككۆماری سوریا بانگهێشتێكی روونە بۆ تێكەڵبوونی تەواوەتی لەگەڵ گەلی سوریاییەكی یەكگرتوو.
