هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بزوتنەوەی حەماس لە شەڕەکەیدا لەگەڵ ئیسرائیل بە ئاگربەست قایلبوو؛ ئەوەش دوای ئەوەی قەتەر و میسر پێشنیازیان بۆ کرد. دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 6-5-2024، بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس بە سەرۆکوەزیرانی قەتەر و وەزیری زانیاریی میسری راگەیاندووە، پێشنیازی ئاگربەستیان قبووڵە. تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە ئیسرائیل هیچ لێدوان و وەڵامێکیان لەبارەی هەنگاوەکەی حەماسەوە باس نەکردووە و میدیا ئەمریکی دەڵێت پێداچوونەوەی بۆ دەکەن. لە ئاگربەستەکەدا ژمارەیەک مەرج لەلایەن هەردوولاوە دانرابوو، یەکێک لەوانە بەردانی 20 بۆ 33 بارمتەی ئیسرائیلی کە لەلای حەماس دەستبەسەرن بەرامبەر ژمارەیەک زیندانیی فەڵەستینی کە لەلای دەوڵەتی ئیسرائیلن. دوای ئەوەی ئیسرائیل ئاگربەست پەسەند دەکات، چەند هەفتەیەک تێدەپەڕێت تاوەکو تەواوی ئاڵووگۆڕەکان دەکرێن. سەرچاوە ئەمریکییەکان دەڵێن، قایلکردنی حەماس بە ئاگربەست دوای رۆژێکی دوورودرێژ لە گفتووگۆی نێوان ویلیام بەرنس، بەڕێوبەری دەزگای سی ئای ئەی ئەمریکا و شێخ محەممەد بن عەبدولرەحمان ئەل سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر هاتووەتە بەرهەم. ئێستا رەشنووسی ئاگربەستەکە لەبەردەست بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلە و پێداچوونەوەی بۆ دەکات. ماتیو میڵەر دەڵێت، ئەمریکاش بە هەمان شێوە بە وەڵامەکە حەماسدا دەچێتەوە و لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکە گفتووگۆی دەکات. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، فەڵەستینییەکانی غەززە دەستیان بە ئاگەنگگێڕان لە شەقامەکانی تەواوی کەرتی غەززە کردووە. ئاگربەستەکەی حەماس و ئیسرائیل لە دوای شەڕێکی خوێناوی حەوت مانگە دێت کە لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد. تاوەکو ئێستا 34 هەزار و 735 فەڵەستینی لە شەڕەکەدا کوژراون، 78 هەزار و 108 کەسی دیکەش برینداربوون. نزیکەی 1 ملیۆن و 700 هەزار فەڵەستینیش ئاوارەی نێوخۆی کەرتی غەززە بوون کە 1 ملیۆن و 200 هەزار کەسیان تەنیا لە شاری رەفەحن.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم جارێکی دیکە سەردانی ئێرانی کرد بە مەبەستی پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە. ئەو بەرپرسە رۆژئاواییە لەم دواییانەدا هۆشداری دابوو کە ئێران ئێستا دەتوانێت "چەند چەکێکی ئەتۆمی" دروستبکات. رۆژی دووشەممە 6-5-2024، رافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بە سەردانێکی دوو رۆژە گەیشتە تاران و ئەمڕۆ لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبێتەوە. گرۆسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، لە سەردانەکەیدا داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکات پابەندی "ئەو رێنماییە کۆنکرێتییانە بن" کە ساڵی رابردوو لەگەڵ ئاژانسەکەی لەسەری رێککەوتوون. لە 2023دا ئاژانسەکە و ئێران لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن کە تایبەت بوو بە رێگەدانی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە لەلایەن ئێرانەوە بۆ پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکان، بەڵام ئێستا ئێران پێشێلی ئەو خاڵانەی کردووە. پێش گەڕانەوەی بۆ ڤیەننا بڕیارە سبەینێ سێشەممە، گرۆسی سەردانی ئەسفەهان بکات و بەشداری لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە ئەتۆم بکات. کێشەکانی نێوان ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و ئێران لە 2018ـەوە سەری هەڵدا کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاکلایەنانە ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی هێنایە دەرەوە. لە دوای ئەوەوە ئێران تەواوی سنوورەکانی پەیوەست بە رێککەوتنەکەی شکاندووە و پوختی یۆرانیۆمەکەی گەیاندووەتە نزیک 90٪ کە رێژەی پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی. ترسی ئاژانسە ئەتۆمییەکە لە بەرەوپێشچوونی زیاتری پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە چەکی ئەتۆمەوە دوای کێشەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیلی نەیاری سەریهەڵداوەتەوە. ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل ژمارەیەک بنکەی سەربازیی ئەسفەهانی مووشەکبارانکرد و وا بڵاوبوویەوە کە بنکەی ئەتۆمی بوون.

هاوڵاتی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ حكومه‌تی ئیسرائیل بریاریدا په‌خشی كه‌ناڵی جزیره‌ی قه‌ته‌ری به‌ هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی رابگرێت. ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكره‌وه‌ كه‌ راگرتنی په‌خشی كه‌ناڵی جزیره‌ به‌هۆی هه‌ڵكشانی ناكۆكی نێوان كه‌ناڵه‌كه‌ و حكومه‌تی ئیسرائیلە له‌سه‌ر شه‌ڕی غه‌ززه‌. له‌سه‌ر ئه‌و ناكۆكییانه‌، وه‌ك فرانس پرێس ئاماژه‌ی پێداوه‌، حكومه‌تی ته‌لئه‌بیب ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ بریاری راگرتنی په‌خشی كه‌ناڵه‌كه‌ی به‌ هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی بۆ ماوه‌ی 45 رۆژ داوه‌و ئه‌گه‌ری درێژكردنه‌وه‌ی ئه‌و ماوه‌یه‌ش به‌رده‌سته‌. دوای چه‌ند كاتژمێرێكیش له‌ ده‌رچونی بریاره‌كه‌، شاشه‌ی كه‌ناڵی جزیره‌ له‌ ئیسرائیل ره‌ش كرا و له‌سه‌ری نوسرا "په‌خش له‌ ئیسرائیل راگیراوه‌". هاوکات بەرپرسێکی ئیسڕائیل و سەرچاوەیەکی ئەلجەزیرە بە ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاندوە، دوای فەرمانێکی حکومەتی ئیسڕائیل بۆ داخستنی کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلجەزیرە، پۆلیسی ئیسڕائیل هەڵیانکوتاوەتە سەر ژوورێکی هۆتێلێکی ئۆرشەلیم کە لەلایەن ئەلجەزیرەوە وەکو ئۆفیسێکی نافەڕمی بەکارهێندراوە. بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە لە ئۆنلاین بڵاوبووەتەوە، ئەفسەرەکان کەلوپەلی کامێراکان لە ژووری هۆتێلەکەدا لادەبەن، سەرچاوەکەی ئەلجەزیرە وتی هۆتێلەکە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم بووە. لە وڵامی ئەم ڕێوشوێنانەی حکومەتی ئیسرائیلیش ئەلجەزیرە ڕایگەیاندووە، ئەو هەنگاوەی حکومەتی ئیسڕائیل " تاوانکارییە " و ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە گوایە کەناڵەکە مەترسی لەسەر ئاسایشی ئیسڕائیل دروست کردبێت و وتی " تۆمەتەکان درۆیەکی مەترسیدار و بێمانان " و ڕۆژنامەنووسەکانیشی دەخەنە مەترسییەوە و ئاماژەی بەوەشداوە کە مافی خۆیەتی " سەرجەم هەنگاوە یاساییەکان " بگرێتەبەر. لەم بارەیەوە ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی " بە داخەوەین بۆ بڕیارەکەی کابینەکە بۆ داخستنی ئەلجەزیرە لە ئیسڕائیل. میدیای ئازاد و سەربەخۆ زۆر گرنگن بۆ دڵنیابوونەوە لە شەفافییەت و لیپێچینەوە. ئازادی ڕادەربڕین مافێکی مرۆڤی سەرەکییە." داخستنی ئەم کەناڵە دوای ئەوە هات مانگی ڕابردوو پەرلەمانی ئیسڕائیل یاسایەکی پەسەند کرد کە تێیدا ڕێگە بە داخستنی کاتی ئەو کەناڵە بیانییانەی ناو ئیسڕائیل دەدات کە وەکو مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی دادەنرێن ،یاساکە ڕێگە بە حکومەتی ئیسڕائیل دەدات بۆ ماوەی 45 ڕۆژ ئۆفیسەکانی کەناڵەکان لە ئیسڕائیل دابخات، دەکرێت ئەو ماوەیە درێژیش بکرێتەوە.

هاوڵاتی سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی عێراق هۆشداری دەدات لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئایدز لەرێگەی سەنتەرەکانی جوانکارییەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ی ئایاری 2024، حەسەنین سەفا شوبەر، سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی عێراق رایگەیاند، "نەخۆشی درێژخایەنی ئایدز ئەگەر چارەسەرنەکرێت مەترسی لەسەر ژیان دروستدەکات، بەو پێیەی بەهۆی ڤایرۆسێکەوە دروست دەبێت کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی سیستەمی بەرگری لەش". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو سەنتەر و کلینکانەی کاری جوانکاریی یان تاتۆیان تێدا دەکرێت و بەدەر لە رێنماییە پزیشکییەکان کاردەکەن و مۆڵەتی کارکردنیان نییە هۆکارێکن بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە". سەندیکای پزیشکانی عێراق بڵاویکردەوە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دوو هەزار و 638 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی ئایدز تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش 470 تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە.  

هاوڵاتی بە پێی راپۆرتی " پێوەرەکانی ئازادی نووسین" لە ساڵی ٢٠٢٣ کە  ئەمریکا بلاوی کردۆتەوە، ئێران گەورەترین زیندانی نووسەران بووە دوای چین و هەر لەم ساڵەدا زۆرترین ژمارەی ژنی نووسەر لە ئێران دەستگیر کراون. بە پێی راپۆرتی پێوەرەکانی ئازادی نووسین لە ساڵی ٢٠٢٣، کۆماری ئیسلامی گەورەترین زیندانی نووسەرە ژنەکان و دووهەمین زیندانی گەورەی نووسەرەکانە لە هەموو دونیا. ئەم راپۆرتە کە ئەنجومەنی قەڵەمی ئەمریکا ئامادەی کردووە، رۆژی هەینی ٣ی ئەیار هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانی ئازادی راگەیاندن بڵاو کراوەو تێیدا هاتووە:" لە ساڵی ٢٠٢٣ ناوی ئێران وەک هەمیشە لە لوتکەی ئەو وڵاتانەیە کە نووسەرە ژنەکان زیندانی ئەکات." باسلەوەشکراوەکە ،"لەم ساڵەدا ١٥ ژنی نووسەر دەستگیرکراون کە زۆربەیان بە هۆی نووسینەکانیانەوەو دژایەتی لەگەڵ حیجابی زۆرەملێ و یاسا دژە ژنەکانیتر دەستگیرکراون و هێشتا لە زیندانن".

هاوڵاتی حەماس رایگەیاندووە شاندێکی بۆ درێژەدان بە گفتوگۆگانی پەیوەست بە ئاگربەست لە غەزە سەردانی قاهیرە دەکەن. ئەمریکاش دەڵێت بزوتنەوەکە رێگرن لە ئاگربەست. رۆژی شەممە 5-4-2024، بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، "ئێمە و گرووپە فەڵەستینییەکانی دیکە سوورین لەسەر ئەوەی رێککەوتنێک بۆ راگرتنی جەنگ، چوونە دەرەوەی هێزە داگیرکەرەکان لە غەزە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و ژیانی خۆیان بکرێت". شەوی رابردووش، ویلیام بۆرنز، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا بۆ بەشداری لەم گفتوگۆیانە گەیشتە قاهیرە. هەمان رۆژ، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، تەنیا شتێک ئێستا بووەتە رێگر لە نێوان خەڵکی غەزە و ئاگربەستدا حەماسە. وڵاتانی نێوانگریش تاوەکو ئێستا چاوەڕێی وەڵامی حەماس بۆ پێشنیارەکانی ئیسرائیل دەکەن بۆ ئاگربەستێکی ٤٠ رۆژە، ئەویش بەرامبەر ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان کە لەلای فەڵەستینن و ئەو فەڵەستینیانەش ئیسرائیل زیندانی کردوون. یەکێک لە رێگرییەکانی گەیشتن بە رێککەوتن بۆ ئاگربەست ئەوەیە، حەماس خوازیاری راگرتنی تەواوەتی جەنگە، لە بەرامبەردا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، لە ئەگەری رێککەوتنی ئاگربەست و ئازادی بارمتەکان، ئیسرائیل هێرشی زەمینی بۆ سەر رەفەح و لەناوبردنی تەواوەتی حەماس دەست پێدەکات. ئەنتۆنی بلینکنیش دەڵێت، هەرچەندە ئەوان پاڵپشتی لە ئاگربەست دەکەن، بەڵام هێشتا بەوە رازی نەبوون ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر باشووری غەزە. ئەوەش چونکە هێشتا ئیسرائیل پێشنیازێکی قایلکەری بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سیڤیل پێشکێشی ئەمریکا نەکردووە. نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی دۆخی ١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار فەڵەستینییە کە ئاوارەی کەمپی رەفەح بوون.

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە وتاردانێکدا داوای لە وڵاتانی عەرەبی کرد دژ بە کۆماری ئیسلامی یەکگرتووبن. ئەمڕۆ دووشەممە 29ی نیسانی 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کە لە گەشتەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی سعودیەی کرد و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتانی هاوکاری کەنداو، بە ئاماژە بە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل وتی، "ئەم هێرشە ئەوە دەخاتەڕوو ئێران هەڕەشەیەکی جیدییە و ئەمە وادەکات ئێمە هاوکار بین دژی هێرشەکانی ئێران". وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد، "لە چەند هەفتەی داهاتوودا بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی و بەهێزکردنی ئاسایشی دەریایی، لەگەڵ شەش وڵاتی ئەنجومەنی وڵاتانی عەرەبی کەنداو وتووێژدەکەین". ئێران ١٣ی نیسانی 2024، وەک وڵامدانەوەی کوشتنی حەوت ئەفسەری باڵای سوپای پاسداران بە 170 درۆن، 120 مووشەکی بالێستیک و 30 مووشەکی کرۆز هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بەرپرسانی ئیسرائیلی باسیان لەوە کرد %99ی ئەم مووشەک و درۆنانە، پێش ئەوەی بگەنە ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەردەن خرانەخوارەوە. جێگەی ئاماژەیە، ئەمە یەکەم گەشتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.

هاوڵاتی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت، پێدەچێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت، ئاماژە بەوەشدەکات، دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی نیسانی 2024، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "پێدەچێت سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ مانگی 10ی ئەمساڵ دوابخات، بەڵام بابەتەکە هەندێک کێشەی تەکنینی هەیە دەبێت کۆمسیۆن و سەرۆکایەتی هەرێم گفتوگۆی لەسەر بکەن و چارەسەری بکەن و ئێمەش بە جدی چاودێری پرۆسەکە دەکەین". لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە مالیکی وتی، "ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت"، وتیشی، " هەر کێشەیەک هەبێت بە لێکتگەیشتن و پابەندبوون بە دەستووەرەوە چارەسەری دەکات". ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین خاکی عێراق بە ئامانج بگیرێت لەلایەن هیچ دەوڵەتێکەوە". بەپێی ئەو وادەیەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە بڕیارە رۆژی 10ی حوزەیرانی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارتی بڕیاریداوە بەشداری لە هەڵبژاردن نەکات، هەروەها بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان پێدەچێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابکەوێت بۆ مانگی 10ی ئەمساڵ.

هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری رۆژی شەممە، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 170 ئەندام پەرلەمان یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی و هاوڕەگخوازی پەسەندکرد و ئەمەش ناڕەزایەتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای لێکەوتەوە. هەر سەبارەت بەم بابەته رێکخراوی لێبوردنی جیهانی رایگەیاند، "ئەم یاسایە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات" هەروەک چۆن رێکخراوەکە چاکسازییەکانی ناو یاساکەی بە هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر عێراقییەکان وەسفکرد.  وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش نیگەرانی خۆی لە دەرکردنی یاساکەی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە قەدەغەکردنی لەشفرۆشی و هاوڕەگخوازی دەربڕی و یاساکەی بە هەڕەشەیەکی جدی بۆسەر ئازادییە تاکەکەسییەکان وەسفکرد، هەر لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە "پەسەندکردنی ئەم یاسایە، هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئازادی رادەربرین و دەسکەلایەکە بۆ سەرکوتکردنی رێکخراوە ناحکومییەکان لە سەرتاسەری عێراقدا". لە یاسا نوێیەکەی قەدەغەکردنی لەشفرۆشی و هاوڕەگخوازیدا هاتووە، سزای هاوڕەگخوازی یان گۆڕینەوەی ژن بەمەبەستی چێژی سێکسی لە 10 ساڵ تا 15 ساڵە و هەروەک چۆن لە یاساکەدا هەموو ئەو لایەن و رێکخراوانەی کە بانگەشەی لەشفرۆشی و هاوڕەگەزخوازی دەکەن لە عێراقدا قەدەغە دەکرێن و ئەوکەسانەش کە بەم بانگەشەیه هەڵدەستن سزای حەوت ساڵ زیندانییان بەسەردا دەسەپێنرێت. هەر لە یاسا تازەکەدا گۆڕینی رەگەز بەپێی حەز و ئارەزووی کەسەکان قەدەغەکراوە و گەر بێتۆ کەسێک ئەم کارە ئەنجام بدات و هەر پزیشکێکیش نەشتەرگەریی گۆڕینی رەگەز ئەنجام بدات ئەوا سزای یەک ساڵ تا سێ ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت. هەر لەیاساکەدا باس لە کۆمەڵگەی پەلکەزێرینە (هاوڕەگەزخوازی) کراوە و بە پشت بەستن بە یاسای ساڵی 1969، سزاکەیان لە چەند ساڵێک بۆ زیندانی هەتاهەتایی درێژ دەبێتەوە. لەلایەن خۆیەوە رائد مالکی، خاوەن بیرۆکەی دەرکردنی ئەم یاسایە بە میدیاکانی راگەیاند،"بڕیاربوو لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا، دەنگ لەسەر ئەم پرۆژە یاسایە بدرێت، بەڵام بەهۆی سەفەرەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ واشنتۆن ،بە باشمانزانی دەنگدانەکە دوابخەین، چونکە ئاگاداربووین نە یەکێتی ئەوروپا و نە ئەمەریکا بە پەسەندکردن و دەرکردنی یاسایەکی بەم جۆرە رازی نابن". لەلایەکی دیکەوە عەلی تەمیمی، یاساناسی عێراقی رەخنەی تووندی لە یاساکە گرت و بەناڕوون وەسفی کرد. عەلی تەمیمی باسی لەوە کردوو، "لە یاساکەدا ئەوە روون نەکراوەتەوە کە ئاخۆ خۆشوبهاندن تەنها ئەو پیاوانە دەگرێتەوە کە خۆیان بۆ ژن دەگۆڕن و مکیاژ و قژی سەناعی و جلوبەرگی ژنان لەبەردەکەن و هەڵسوکەوتیان وەک ژنانە، یان خودی ئەو ژنانەش دەگرێتەوە کە پیاوانە هەڵسوکەوت دەکەن". "لە یاساکە ئەوەش روون نەکراوەتەوە کە ئاخۆ مەبەست لە هاوڕەگەزبازی، نێر لەگەڵ نێر دەگرێتەوە، یان خود لێزبییەنەکانیش (ژن لەگەڵ ژن) دەگرێتەوە" عەلی تەمیمی وادەڵێت. هەربۆیە تەمیمی داوایکرد کە خاڵ بە خاڵی یاساکه روون بکرێتەوە تا لە داهاتوودا لایەنی پەیوەندیدار دووچاری کێشەی یاسایی و سەرلێشێواوی یاسایی نەبن. لەلایەن خۆیەوە موحسن مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عیراق بە وەکالەت پەسەن کردنی ئەم یاسایەی بە پێویستییەکی گرنگ زانی و رایگەیاند، "لەناو عێراقدا جێی هاوڕەگخوازەکان نابێتەوە". دوێنێ شەممە 28ی نیسانی 2024 لە راگەیەندراوێکدا فەرمانگەی میدیایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "بەمەبەستی پاراستنی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگەی عێراقی لە هەموو هەڵدێرێکی ئەخلاقی، پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای چاکسازی لە یاسای قەدەغەکردنی لەشفرۆشی ژمارە 8ی ساڵی 1988 پەسەندکرد تا بەم جۆرە تاکی عێراقی و نەوەکانی داهاتوو لە مەترسییەکانی لەشفرۆشی و هاوڕەگخوازی بپارێزرێن.

هاوڵاتی دژی پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەیاننامەیەکی دەرکرد و ئاماژەی بەوەکرد، ئەو یاسایە دژی مافی مرۆڤە. ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی نیسانی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "ئەمەریکا زۆر نیگەرانە لە پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بە فەرمی ناوی یاسای دژە لەشفرۆشی و هاوڕەگەزبازییە، ئەم یاسایە هەڕەشە لە مافە دەستورییە پارێزراوەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان دەکات". ئاماژە بەوەشکراوە، "یاساکە پەیوەندی هاوڕەگەزبازان بە غەرامەکردنی زۆر و زیندانیکردن قەدەغە دەکات و سزای ئەو کەسانە دەدات کە ئەو کارە دەکەن، سنووردارکردنی مافی هەندێک تاک لە کۆمەڵگایەکدا، مافی هەمووان تێکدەدات". وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا روونیدەکاتەوە، "ئەم یاسایە هەڕەشە لەسەر لاوازترین خەڵکی عێراق دەکات، دەتوانرێت کاربهێنرێت بۆ سنووردارکردنی ئازادی بیروڕا دەربڕین و بۆ سەرکوتکردنی چالاکییەکانی ڕێکخراوە نا حکوومییەکان لە سەرانسەری عێراق، هەروەها ئەم یاسایە توانای عێراق لاواز دەکات بۆ هەمەچەشنکردنی ئابوورییەکەی و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی". لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا هاتووە، "رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و گشتگیری سیاسی و ئابووری بۆ ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی عێراق زۆر گرنگە. ئەم یاسایە لەگەڵ ئەم بەهایانەدا ناتەبایە و هەوڵەکانی چاکسازی سیاسی و ئابووری حکومەت تێکدەدات". دوێنێ شەممە 27ی نیسانی 2024 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی و لەشفرۆشی پەسەندکرد و وەک لە یاساکە ئاماژەی پێدراوە هەرکەسێک ئەم کارانە بکات سزا دەدرێت بە زیندانیکردن و پێبژاردن، هەروەها سزای زیندانیکردن لە نێوان 10 بۆ 15 ساڵ بۆ پەیوەندی هاوڕەگەزخوازی و هەروەها ئاڵوگۆڕی ژنان دیاری کراوە، جگە لەوە یاساکە چالاکیی هەر رێکخراوێک کە پەرە بە لەشفرۆشی و هاوڕەگەزبازی بدات لە عێراق قەدەغە دەکات، هەروەها سزای حەوت ساڵ زیندانی دەکات بەهۆی "بەرەوپێشبردنی" پەیوەندیی هاوڕەگەزبازان و لەشفرۆشی.

هاوڵاتی پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی لەشفرۆشی و لادانی سێكسی پەسەندكرد، جگە لە سزاى زیندانى لە حەوت ساڵ تا ١٥ ساڵ سزاى مادیش دیاریکراوە. ئەمڕۆ شەممە 27-4-2024، پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتی موحسین مەندەلاوی كۆبووەوە و بە زۆرینەی دەنگی زیاتر لە 170 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، یاسای هەمواری یەكەمی یاسای نەهێشتنی لەشفرۆشی ژمارە 8ی ساڵی 1998ی  پەسەند كرد و ناوی یاساكەی لە یاسای رووبەڕووبوونەوەی لەشفرۆشی گۆڕی بۆ یاسای رووبەڕووبوونەوەی لەشفرۆشی و لادانی سێكسی. بەپێی هەمواری یاساکە، هەر کەسێک پەیوەندى دروست بکات کە بچێتە چوارچێوەى “لادانى سێکسى”، سزاکەى کە لەسێدارەدان بوو گۆڕا بۆ 15 ساڵ زیندانیکردن. هەر کەسێک یانەی شەوانە یان شوێن دابین بکات بۆ کاری سێکسی و هەر پیاوێک ژنەکەى لەگەڵ ژنی پیاوێکى دیکە بگۆڕێتەوە بەمەبەستى سێکسی، هەمان سزا دەیانگرێتەوە.  بەپێی هەمواری یاساكە، لەشفرۆشی بریتییە لە ئەنجامدانی زینا لەگەڵ زیاتر لە كەسێكدا لەبەرامبەر پاداشتێكدا یاخود بێبەرامبەر و هەروەها لادانی سێكسی یان هاوڕەگەزخوازی بریتییە لە پەیوەندی سێكسی لەنێوان دوو كەس لە یەك رەگەز، نێر و نێر یاخود مێ و مێ. یاساكە ئاڵوگۆڕی ژنان بەمەبەستی سێكسی وەكو لادانی سێكسی دیاریكردووە و هەروەها نێوەندگیری بە مەبەستی كاری سێكسی و ماڵی لەشفرۆشی قەدەغە كردووە و بەتاوان هەژماری كردووە. یاساى بەرەنگاربوونەوەى لەشفرۆشى لە ساڵى 1988 دەرچووە و مشتومڕى لە ناوخۆ و دەرەوەى عێراق لەسەر دروستبووە، لە ئێستاشدا نیگەرانیى ژمارەیەک لە وڵاتانى جیهانى لێکەوتووەتەوە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، ستۆکهۆڵم ماڵپەڕی یوگۆڤی بەریتانی راپرسییەکی کردووە تاوەکو بیروڕای گەلی بەریتانیا لەسەر بڕیارە نوێیەکەی حکومەت بۆ ناردنی پەناخوازان بۆ بەریتانیا وەربگرێت. 6 لە هەر 10 هاووڵاتییەکی بەریتانی لایان وایە پلانەکە کاریگەر نییە و لە کۆتاییدا شکست دێنێت. رۆژی 24-4-2024، ماڵپەڕی یوگۆڤ کە سەر بە حکومەتی بەریتانیایە و تایبەتە بە راپرسی و کۆکردنەوەی ئامار لەبارەی مژارە گەرم و جیهانییەکان، راپرسییەکی کردووە لەبارەی بڕیارە نوێیەکەی حکومەتی بەریتانیا. دەرکەوتووە، 57٪ی بەشداربووانی راپرسییەکە کە ژمارەیان 4 هەزار و 527 کەسە، لایان وایە پلانەکە سەرناگرێت و نابێتە بەربەست لەبەردەم رێڕەوی کۆچبەران بە نۆکەندی ئینگلیزدا بۆ بەریتانیا. 23٪ی بەشداربووان کە نزیکە حکومەت و پارێزگارن دەڵێن سەردەگرێت و 19٪یشیان دەڵێن نازانین. 72٪ی چینی کرێکار کە بەشێکی ئەوانە پێکدێنن لە راپرسییەکە بەشداربوون دەڵێن سەرناگرێت. 23ی ئەم مانگە پەرلەمانی بەریتانیا لە کۆتاییدا یاسای ناردنی پەناخوازانی بۆ رواندا پەسەندکرد، یاساکە رێگە بە حکومەتی بەریتانیا دەدات ئەو پەناخوازانەی مەبەستییەتی بنێرێت بۆ رواندا و لە وڵاتەکەی بیانکاتە دەرەوە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، ستۆکهۆڵم میدیای ئەمریکی دەڵێت، ئیسرائیل لە باشووری غەززە ئەو ناوچانە بۆردوومان دەکات کە رایگەیاندبوو لە هێرشەکانی ئەوان پارێزراون و هاووڵاتیان دەتوانن تێیاندا بمێننەوە. ژمارەی هێرشەکان 7 هێرشی ئاسمانی بوون کە لە نێوان کانوونی دووەم بۆ نیسانی ئەمساڵ بۆ سەر کەمپی رەفحە بە فەرمانی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کراون کە ئێستا لانیکەم یەک ملیۆن ئاوارەی تێدا نیشتەجێن. تۆڕی میدیایی ئێن بی سی ئەمریکی دەڵێت، ئەنجامی تەواوی ئەو حەوت شەڕەیان لە کامێراکانیانەوە تۆمارکردووە کە شەشیان لەسەر کەمپی رەفحە بوون و ئەوی دیکەش لە بەشی باشووری کامپەکەوە بووە لە ناوچەی مەواسی، کە بە هەمان شێوە ئیسرائیل لە پێشووتردا گوتبووی هێرش ناکاتە سەریان. میدیاکە دەڵێت، تەواوی ئەو شوێنانەی بۆردومان کراون لە چوارچێوەی ئەو نەخشەیەدان ئیسرائیل لە 1ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بڵاویکردووەتەوە و بە ناوچەی دژە شەڕ و مرۆیی ناوی بردوون. گوایە کە دوای ئەو هێرشانەش پرسیاریان لە سوپای ئیسرائیل لەبارەی ناوچە مرۆییەکانەوە کردووە، سوپاکە رایگەیاندووە، وەک خۆیان ماونەتەوە. ساری باشی، بەڕێوبەری هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکان تەنیا هۆکاری مردنی خەڵکی سیڤیلی غەززە نین، "خەڵک تەنیا بەسەر ئەو شەقامانەدا هاتووچۆ دەکەن کە حکومەت پێی گوتوون سەلامەتە، بەڵام کاتێک دەچنە سەر ئەو شەقامانە، دەکوژرێن". بەرپرسانی تەندروستی غەززە باس لەوە دەکەن، تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی شەڕەکەدا 34 هەزار هاووڵاتی سڤیل لە غەززە کوژراون. شەڕەکە لە دوای ئەوە دەستیپێکرد، لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و 1200 هاووڵاتی سیڤیلی کوشت و 240 کەسی دیکەشی بە بارمتە گرت. حکومەتی ئیسرائیل بەڵێنی داوە حەماس بە تەواوی لەناوبەرێت و بۆ ئەو مەبەستەش دەڵێت دەبێت تەواوی رەفحە داگیربکات. ئیسرائیل لۆمەی حەماس دەکات بۆ جموجووڵ لە نێو هاووڵاتیان و خەڵکی سڤیل و خۆ جیانەکردنەوە لێیان و هاندانی خەڵک بۆ چۆڵنەکردنی ئەو جێگایانەی ئیسرائیل داوای چۆڵکردنیان دەکات. سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، "بە هەموو جۆریک دژی حەماس دەوەستینەوە لە هەر شوێنێک شەڕ بکەن".

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد ئەندامێکی لیژنەی ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت هەوڵ هەیە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی، ئاماژە بەوەشدەکات زوڵم لە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کراوە. ئەمڕۆ شەممە 27ی نیسانی 2024، دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند، "هەوڵێک هەیە و پێشنیاز کراوە بۆ ئەوەی بەشێک لە مادەکانی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق هەموار بکرێتەوە". ئاماژەی بەوەکرد، "یەکێک لە مادەکان زیادکردنی تەمەنی خانەنشینییە کە لە ئێستادا لە عێراق لە تەمەنی 60 ساڵییەوەیە دوا دەکرێت بکرێتەوە 63 ساڵ، چونکە لە یاسا کۆنەکەدا هەر 63 ساڵ بوو کاتی هەموار کردنەوەی یاساکە تەمەنی خانەنشینی بووە 60 ساڵ، هەروەها پێشنیازی دووەمیش بۆ زیادکردنی بڕی مووچەی خانەنشینییە". لەبارەی ئەوەی هەمواری ئەو یاسایە خانەنشینی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە دارا سێکانیانی وتی، "لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق ئومێدێکی زۆر هەیە کە خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش مووچەکانیان چاک بکرێت، چونکە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی زۆر روونە لەوبارەیەوە، بەڵام تائێستا هەرێمی کوردستان کاری بەو یاسای نەکردووە و کار بە یاسای ژمارە 27ی ساڵی 2006 دەکات کە زوڵمێکی زۆری لە خانەنشینان کردووە لە هەرێمی کوردستان". حکومەتی هەرێمی کوردستان تائێستا کار بە یاسای ژمارە 27ی ساڵی 2006 یاسای خانەنشینی یەکگرتووی هەڵوەشێندراوەی فەرمانبەرانی فیدڕاڵی دەکات، بەبێ ئەوەی یاسای بەرکارکردنی بۆ دەرکردبێت.

هاوڵاتی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوا لە بەرپرسانی عێراق دەکات لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن. ئەمڕۆ شەممە 27ی نیسانی 2024، ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشەدەکەین کە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج". ئاماژەی بەوەشکردووە، "ژمارەیەک کرێکار لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، دوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن و ئەوانەی بەرپرسیارن لەم رووداوە بدرێنە دادگا". ئەوەشی وت، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کاردەکات بۆ پاڵپشتیکردنی ئاسایشی عێراق و سەقامگیری و سەروەری خاکی عێراق". ئێوارەی دوێنێ هەینی 26ی نیسانی 2024 لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی ‌غازی کۆرۆمۆر لە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە ئەنجامی ‌هێرشەکە چوار کرێکار گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش برینداربوون، هەروەها زیانێکی مادی زۆریشی لێکەوتەوە و کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا کرد و بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان.