ئەحمەد شەرع ملی بۆ زۆربەی داواکارییەکانی ترەمپ و نەتانیاهۆ داوە ئامادەکردنی هاوڵاتی لە کاتێکدا هێرشی چڕ دەکاتە سەر رۆژاڤا و چەندین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەری خۆسەری کۆنترۆڵکردووە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سوریا، خەریکە بە تەواوی مل بۆ داواکارییەکانی ئیسرائیل دەدات. ئەحمەد شەرع، بە پشتیوانی ئەمریکا و بەتایبەتی تۆم باراک، نێردەی ترەمپ بۆ سوریا، لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی خەریکی جەنگە دژی کورد، بەڵام لە رۆژئاوای وڵاتەکەی چیرۆکێکی دیکە هەیە و بەشێکی زۆری داواکارییەکانی ئیسرائیلی جێبەجێکردووە. بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی "میدڵ ئیست ئای"ـی بەریتانی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تەنها مانگێکی داناوە بۆ دیمەشق و تەلئەبیب تاوەکو بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی و لێکتێگەیشتنی 6ـی مانگ، کە لە پاریس واژۆکرا، جێبەجێ بکەن، بەمزووانەش رێککەوتنەکە ڕادەگەیەنرێت. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ترەمپ فشاری لە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەحمەد شەرع کردووە تاوەکو سەرەتای مانگی سێ کۆتایی بە هەموو شتێک بهێنن. ڕێککەوتنەکە چۆنە؟ سەرچاوەیەک کە قسەی بۆ میدڵ ئیست ئای کردووە، دەڵێت، هەردوولا لەسەر هەموو شتێک ڕێککەوتوون و تەنها لەسەر چیای جەبەل شێخ ناکۆکن کە تەنها 40 کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە دوورە و ئیسرائیل لەدوای ڕووخانی ئەسەد داگیری کردووە. بەرپرسێکی باڵای یەکێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلییەکان هەیە، بە میدڵ ئیس ئای گوتووە، ئیسرائیلییەکان ئەمریکییەکانیان ئاگادارکردووەتەوە هەرگیز سازش لەسەر جەبەل شێخ ناکەن و بە "هێڵی سووری" دەزانن. ئەو بەرپرسە پێیوایە، ئیسرائیل هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو بابەتە هەرگیز لە ماوەی مانگێکدا ناگۆڕێت کە ترەمپ دیاریکردووە. ئەو بەرپرسە باس لەوەش دەکات، ئیسرائیل دەزانێت ئیستا بەرپرسانی ئەمریکا بوونەتە دوو بەش لەسەر بابەتی کوردانی سوریا و وا لە جەبەل شێخ دەڕوانێت کە کێشەیەکی ئاسایشی نیشتمانییە، بەپێچەوانەی رۆژاڤاوە. ئەو بەپرسە دەشڵێت، "ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا و سیناتۆری کۆمارییەکان دژی هێرشی سوریان بۆ سەر کوردەکان، بەڵام تۆم باراک و دۆستەکانی پشتگیری" لە هێرشەکەی ئەحمەد شەرع دەکەن، بۆیە ڕۆژاڤا لای ئیسرائیل هێڵی سوور نییە وەک جەبەل شێخ. لەبارەی دروزەکانەوە، ئەو بەرپرسە دەڵێت، بەپێی ڕێککەوتنەکەی دیمەشق و تەلئەبیب، حکومەتی سوریا ڕازیبووە بەوەی لە ڕووی سەربازییەوە نەچێتە نێو سوەیدا، بەڵام بە پشتگیری ئیسرائیل دانوستان دەستپێدەکات بۆ ئەوەی سوەیداش تێکەڵی حکومەتی سوریا بکرێت، هەروەک ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ بەرپرسانی هەسەدە کراون بۆ تێکەڵبوون بە سوپا. ئیسرائیل ئێستا کوێی سوریای بەدەستەوەیە؟ لەدوای ڕووخانی ئەسەد لە کۆتایی 2024، ئیسرائیل 400 بۆ 600 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی سوریای داگیرکرد، ئەمە جگە لەو هەزار و 200 کیلۆمەتر چوارگۆشەیەی بەرزاییەکانی جۆلان کە لە ساڵی 1967ـەوە دەستی بەسەرداگرتووە. ئێستا ئیسرائیل بنکەی سەربازیی لە پارێزگای دەرعە و قونەیتەرەی سوریا هەیە، ئەمە جگە لەوەی کە سوەیدا بەدەست دروزەکانەوەیە کە ئەمیش وەک پێگەی ئیسرائیل هەژمار دەکرێت. بەپێی رێککەوتنەکەی 6ـی مانگ لە پاریس، هەردوولا ڕێککەوتن میکانیزمێکی هاوبەش دابمەزرێنن بۆ دروستکردنی شانەیەکی پەیوەندی تا بتوانن زانیاریی سەربازیی و هەواڵگری ئاڵوگۆڕ بکەن. لە ڕێککەوتنەکەدا حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع ڕازی بوو بەوەی نووسینگەیەکی ئیسرائیل لە دیمەشق بکرێتەوە بەبێ ئەوەی سیفەتی دیبلۆماسی پێ بدرێت، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی ئای 24 نیوزی ئیسرائیلی، "گفتوگۆی گەشبینانە هەیە لەسەر ئەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ ئیسرائیل باڵیۆزخانەیەک لە دیمەشق بکاتەوە." ڕاپۆرتی کەناڵە ئیسرائیلییەکە باس لەوە دەکات، سوریا جگە لەوەی ملی بۆ ئەو داواکارییانە داوە، بەوەش ڕازی بووە بچێتە ڕێککەوتنی ئیبراهیمییەوە و ماوەی 25 ساڵیش بەرزاییەکانی جۆلان بداتە ئیسرائیل، ئەمانەش هەمووی لەژێر فشاری ئەمریکایە و داوای لێکردوون جارێکی دیکە بەزوویی لە پاریس کۆببنەوە بۆ تەواوکردنی ڕێککەوتنەکە.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە هەنگاوێکی "یەکلاییکەرەوە"یان ناوە و سوپای پاسدارانی ئێرانیان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە. رۆژی پێنجشەممە 29-01-2026 کالاس لە هەژماری خۆی لە ئێکس نووسی: "سەرکوتکاری ناتوانێ بێ وەڵام بمێنێتەوە. وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ئێستا هەنگاوێکی یەکلاییکەرەوەیان نا، بە ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی." بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا هۆشدارییەکی تووندیشی دایە بەرپرسانی باڵای تاران و رایگەیاند: "هەر رژێمێک هەزاران کەس لە گەلی خۆی بکوژێ، کار بۆ لەنێوچوونی خۆی دەکات." ئەم بڕیارەی یەکێتیی ئەورووپا دوای چەندین هەفتە لە گوشاری سیاسی و دیپلۆماسی دێت و بە وەرچەرخانێک لە مامەڵەی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنرێ. ئەم بڕیارە رێگە بە وڵاتانی ئەورووپی دەدات کە تەواوی دارایی و سەرمایەکانی ئەو هێزە لە ئەورووپا سڕ بکەن، چوونە ناو خاکی ئەورووپا لە ئەندامانی قەدەخە بکەن و هەر جۆرە مامەڵەیەکی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسداران بە "تاوانی تیرۆریستی" هەژمار بکرێ. ئەم هەنگاوەی برۆکسل هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشە تووندەکانی دۆناڵد ترەمپ و ناردنی کەشتیی جەنگی بۆ ناوچەکە.
دیپلۆماتكارانی یەكێتیی ئەوروپا رایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی یەكێتییەكە سزای نوێیان دژ بە ژمارەیەك كەسایەتی و قەوارەی ئێراندا سەپاندووە، بەهۆی تێوەگلانیان لە سەركوتكردنی خۆپیشاندەران و پەیوەندییان بە پاڵپشتییەكانی ئێرانەوە بۆ روسیا. یەكێك لەوانەی تایبەت بە سەركوتی خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییە سزادراوە، وەزیری ناوخۆی ئێرانە. بەپێی هەواڵی ئاژانسی رۆیتەرز، پێشبینی دەكرێت وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا بگەنە رێككەوتنێكی سیاسی بۆ ئەوەی (سوپای پاسدارانی ئێران) بخەنە لیستی یەكێتیی رێكخراوە تیرۆرستییەكانەوە، ئەمەش وادەكات سوپای پاسداران بچێتە ناو هەمان خانەی رێكخراوەكانی وەكو "داعش"و قاعیدەوە، كە ئەمەش گۆڕانكارییەكی رەمزییە لە سیاسەتەكانی ئەوروپادا بەرامبەر بە سەركردایەتی ئێران. ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپا، لەسەروو هەمووشیانەوە فەرەنسا بۆ ماوەیەكی زۆر دوودڵ بوون لەوەی سوپای پاسداران بخەنە ناو ئەم لیستەوە، بەڵام دوێنێ پاریس رایگەیاند پاڵپشتی ئەم هەنگاوە دەكات، ئەمەش رێگای كردەوە بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر بدات. ئەم جۆرە بڕیارانەی پێویستیان بە كۆدەنگی وڵاتانی ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا هەیە كە ژمارەیان 27 وڵاتە. سوپای پاسداران كە دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1979 بۆ پاراستنی دامەزراوەی شیعەی دەسەڵاتدار دروستكراوە، خاوەنی قورساییەكی گەورەیە لە ئێراندا، كۆنترۆڵی كەرتێكی بەرفراوانی ئابوری و هێزە چەكدارەكانی كردووە، هەروەك بەڕێوەبردنی پرۆگرامی موشەكە بالستییەكان و بەرنامە ئەتۆمییەكەشی لەئەستۆدایە.
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند، کراوەن بۆ ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ هەر پاڵاوگەیەک لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، هاوکات جەخت لە سەرکەوتنی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە. عەلی نزار ئەلشاتری، بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ ئاشکرای کرد، کۆمپانیاکەیان سیاسەتێکی نەرم پەیڕەو دەکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ کڕیارە باوەڕپێکراوەکان، بەتایبەت لە پرسی بەبازاڕکردنی نەوتی خاودا. بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاماژەی بەوەشدا، ئامادەن گرێبەست لەگەڵ خاوەن پاڵاوگەکان لە هەر شوێنێک بن واژۆ بکەن، بەمەرجێک دوو ئامانجی سەرەکییان بۆ بەدی بێت: فرۆشتنی تەواوی ئەو بڕە نەوتەی بۆ هەناردەکردن بەردەستە. بەدەستهێنانی بەرزترین بڕی داهات. سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڕێوبەرەکەی سۆمۆ، رێککەوتنە مێژووییەکەی نێوانیان بۆ بەبازاڕکردنی نەوتی هەرێم بە "سەرکەوتوو" وەسف کرد و رایگەیاند، کارکردن بەو رێککەوتنە تا کۆتایی مانگی ئاداری ئەمساڵ درێژ کراوەتەوە. جەختیشی کردەوە، هەموو لایەنەکان کار بۆ ئەوە دەکەن رێککەوتنەکە نوێ بکرێتەوە و درێژە بە سەرکەوتنەکان بدەن. هاوکات رۆژی یەکشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2026، کۆمپانیای سۆمۆ، ئاماری فەرمیی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاوکردەوە، کە زیاتر لە 107 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە، لەو بڕەش 5 ملیۆن و 997 هەزار و 527 بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە کراوە. هەروەها داهاتەکەشی 6 ملیار و 388 ملیۆن و 429 هەزار و 610 دۆلار بووە.
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا هۆشدارییەکی تووندی دایە کۆماری ئیسلامیی ئێران و رایگەیاند، "ئەو رژێمە چەند رۆژێکی ماوە [زۆری نەماوە]." ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هەڕەشەی دەستوەردانی لە دژی تاران نوێ کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "کات خەریکە تەواو دەبێت." مێرتس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ ئیلی بۆلۆجان، سەرۆکوەزیرانی رۆمانیا گوتی: "رژێمێک کە تەنیا لەرێگەی تووندوتیژی و تیرۆرەوە دژی دانیشتووانەکەی خۆی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، چەند رۆژێکی کەمی ماوە. رەنگە ئەوە بابەتێکی چەند هەفتەیی بێت، چونکە ئەم رژێمە هیچ شەرعییەتێکی بۆ حوکمڕانیی وڵات نەماوە." راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بە کوژرانی هەزاران کەس کرد لە خۆپێشاندانەکانی دواییدا و گوتی، ئەمە نیشانەی ئەوەیە "رژێمی مەلاکان تەنیا لەرێگەی تیرۆرەوە دەسەڵاتی گرتووە". بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی (HRANA)، زیاتر لە شەش هەزار و 200 کەس لە شەپۆلی خۆپێشاندانەکاندا کوژراون، کە زۆربەیان لە رۆژانی 8 و 9ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بووە. مێرتس پاڵپشتیی خۆی بۆ داواکارییەکەی ئیتاڵیا دەربڕی بۆ ئەوەی یەکێتیی ئەورووپا "سوپای پاسدارانی ئێران" وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت. راوێژکاری ئەڵمانیا نیگەرانیی خۆی نیشاندا کە هێشتا یەک یان دوو وڵات لە ناو یەکێتیی ئەورووپادا ئامادە نین پشتگیری لەو هەنگاوە بکەن. لە کۆتایی ساڵی 2025ـەوە ئێران رووبەڕووی شەپۆلێکی فراوان و بێ وێنەی خۆپێشاندان بووەتەوە. خۆپێشاندانەکان لە سەرەتای کانوونی دووەمی 2026 گەیشتنە لووتکە و هێزە ئەمنییەکان بە تووندی بەرپەرچیان دانەوە. بەپێی راپۆرتە نافەرمییەکان، ژمارەی کوژراوان زۆر زیاترە لەوەی رادەگەیێندرێت، بەڵام بڕینی ئینتەرنێت پڕۆسەی پشتڕاستکردنەوەی ئامارەکانی قورستر کرد. گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە ساڵی 2025، بووەتە هۆی گەڕانەوەی سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" بۆ سەر تاران. ترەمپ چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا رێگە نادات دەسەڵاتی ئێران بەو شێوەیە بەردەوام بێت و هەڕەشەی دەستوەردانی کردووە ئەگەر "سەرکوتکردن و لەسێدارەدانی خەڵک" رانەگیرێت. هەڵبژاردنی مێرتس وەک راوێژکاری ئەڵمانیا گۆڕانکارییەکی گەورەی لە سیاسەتی دەرەوەی بەرلین بەرامبەر تاران دروست کردووە. ئەڵمانیا کە پێشتر رۆڵێکی میانڕۆی هەبوو، ئێستا بووەتە یەکێک لە تووندترین رەخنەگرەکانی ئێران لە ئەورووپا و بە ئاشکرا داوای رووخانی دەسەڵاتی ئایینی لەو وڵاتەدا دەکات.
لە وەڵامی هۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ دژی کاندیدکردنەوەی نووری مالیکی، ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی مالیکی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدات و بۆ ڕێگریکردن لە هەر پەرچەکردارێکی نەخوازراو و بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو وەڵامی دەستوەردانەکانی واشنتن بدەنەوە. چوارشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، ئەمشەو کاتژمێر 7 ئێوارە لە ماڵی نووری مالیکی کۆبوونەوە دەکرێت و تاوتوێی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکرێت. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەشی دا، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پشتگیری و دەستگرتنی چوارچێوەی هەماهەنگی بە کاندیدکردنی مالیکی دەکرێتەوە. هەروەها سەرچاوەیەکی دیکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای کرد، ڕێنماییەکی توند دەرکراوە کە تێیدا ڕێگری لە سەرجەم سەرکردە و ئەندامانی چوارچێوەکە دەکرێت هیچ جۆرە لێدوانێکی میدیایی بدەن سەبارەت بە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، کە دژایەتی خۆی بۆ کاندیدبوونی نوری مالیکی دەربڕیوە. سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە، ئەم بڕیارە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و ڕێگریکردنە لە هەر هەڵوێستێکی تاکەکەسی کە ڕەنگە لە ڕووی میدیایی یان سیاسییەوە بەشێوەیەکی نەرێنی بەکاربهێنرێت. ئاماژەی بەوەش دا، چوارچێوەی هەماهەنگی لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە و گەیشتن بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو بەرانبەر بەم پێشهاتە. هەروەها سەرچاوەکە جەختی کردەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی لێدوانەکانی ترەمپ بە دەستوەردانی قبووڵنەکراو و ڕاستەوخۆ لە کاروباری ناوخۆی عێراق و هەوڵێک بۆ سەپاندنی ئیرادەی دەرەکی دەزانێت. ئاشکراشی کرد، وەڵامدانەوەیان بە شێوازێکی سیاسی و دیراسەکراو دەبێت و دوور دەبێت لە لێدوانی بەپەلە، بڕیارە دوای کۆتایی هاتنی گفتوگۆکان هەڵوێستی فەرمی ڕابگەیەنن. ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ چوارشەممە نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق؛ پەیامێکی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' لەبارەی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، بڵاوکردبووە؛ بەڵام پاش تێپەڕبوونی چەند خولەکێک پەیامەکەی سڕییەوە؛ دواتر جارێکی دیکە پەیامەکەی بە هەندێک گۆڕانکارییەوە داناوە. لە پەیامە نوێیەکەی مالیکیدا هاتووە: ئێمە بە تەواوی دەستوەردانی ئاشکرای ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆی عێراق ڕەت دەکەینەوە. ئەم کارە بە پێشێلکردنی سەروەری و پێچەوانەی سیستەمی دیموکراتیی عێراق لەدوای ساڵی 2003 دەزانین، هەروەها بە دەستدرێژی بۆ سەر بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دیاریکردنی کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دایدەنێین. دوێنێ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ،، هۆشداری دایە دەسەڵاتدارانی عێراق سەبارەت بە ئەگەری دووبارە دەستبەکاربوونەوەی نووری مالیکی وەک سەرۆکوەزیران، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیبووی: گەڕانەوەی مالیکی بۆ لووتکەی دەسەڵات، هەڵەیەکی کوشندە دەبێت و واشنتن ناچار دەکات تەواوی هاوکارییە سەربازی و ئابوورییەکانی بۆ عێراق ڕابگرێت، ئەمەش وڵاتەکە بەرەو شکستێکی هەمیشەیی دەبات.
چاوەڕێ دەکرێت چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ وەڵامدانەوەی ترەمپ کۆببێتەوە. سەرکردەیەکی شیعەش رەتیدەکاتەوە، مالیکی بگۆڕن و دەڵێت "تاکە کاندیدی ئێمەیە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران". ئەبو مسیاق مەساری، سەرکردە لە رێکخراوی بەدر بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، تا ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی بە فەرمی بڕیاری کۆبوونەوەی نەداوە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت ئەمشەو (چوارشەممە، 28ـی کانوونی دووەم) کۆببێتەوە و گفتوگۆ لە بارەی پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بکات. ئەو سەرکردەیەی رێکخراوی بەدر، رەتیکردەوە کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە نووری مالیکییە؛ بگۆڕدرێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی (تروس سۆشیال) هۆشداری دابووە دەسەڵاتدارانی عێراق سەبارەت بە ئەگەری دووبارە دەستبەکاربوونەوەی نووری مالیکی وەک سەرۆک وەزیران. ترەمپ نووسیبووی: "بیستوومە رەنگە عێراق بژاردەیەکی زۆر خراپ هەڵبژێرێت بە دووبارە دانانەوەی نووری مالیکی وەک سەرۆکوەزیران". هەروەها ئاماژەی بەوە دابوو، گەڕانەوەی مالیکی بۆ لووتکەی دەسەڵات بژاردەیەکی هەڵەیە. ئەمە واشنتن ناچار دەکات تەواوی هاوکارییە سەربازی و ئابوورییەکانی بۆ عێراق رابگرێت و وڵاتەکە بەرەو شکستێکی هەمیشەیی دەبات. ئەم کاردانەوەیەی ترەمپ دوای ئەوە هات، چوارچێوەی هەماهەنگی لە سەرەتای هەفتەی رابردوودا، بەفەرمی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای، وەک کاندیدی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دەستنیشان کرد.
راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری لە بازاڕی رەش ئاشکرا کرد و جەختی کردەوە، ئەو بەرزبوونەوەیە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی بژێوی هاووڵاتیان نییە. مەزهەر محەممەد ساڵح، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند، "بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دۆلار یەکێکن لەو بازاڕانەی زۆرترین کاریگەریی زانیارییان لەسەرە، تەنانەت دەکرێت وەک بازاڕی زانیاری وەسف بکرێن، بەتایبەت کاتێک زانیارییەکان لە جۆری دەنگۆبن. راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران روونیشیکردەوە، لە ئێستا دراوی بیانی هاوتەریب لەگەڵ نرخی زێڕ لە جیهاندا دەڕوات، بەو پێیەی خواست لەسەر هەردوکیان زیاد بووە، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی دۆلارە لە بازاڕی رەشدا. سەبارەت بە کاریگەریی ئەم دۆخە لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان، مەزهەر محەممەد ساڵح دڵنیایی دا کە "ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەریی جەوهەرییان لەسەر ئاستی بژێوی نییە"، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ فراوانیی بنکەی دابینکردنی کاڵا بە نرخی فەرمی و جێگیر، کە لەلایەن یەدەگێکی بەهێزی بیانییەوە پشتیوانی دەکرێت، جگە لە سیاسەتی بەرگریکردن لە نرخی کاڵا سەرەکییەکان. لە کۆتاییدا راوێژکاری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و دۆلار زیاتر پەیوەستە بە رەفتاری ئەو کەسانەی خاوەنی پارەی زیادەن و وەک پاشەکەوت بەکاری دەهێنن، وەک بەڵگەیەکیش گوتی: "تۆمارکردنی ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە کۆتایی ساڵی 2025دا، کە %1.5ی تێنەپەڕاندووە، بەڵگەیە لەسەر مانەوەی نرخەکان لە چوارچێوەیئاساییدا."
ئەبو ئەسعەد (ئەبو موسعەبی شنان)، ئەندامی پێشووتری د.ا.ع،ش و چەکداری پێشووی تەحریر شام، کە ئێستا لە سوپای سوریا وەک ئەندازیاری تونێلەکان سەرپەرشتنی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی دەکرد، ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن شەڕڤانانەوە لە کۆبانێ کوژرا. شنان، بە ئەندازیاریی تونێلەکان ناسراو بوو و بەڵێنی چوونە نێو کۆبانێی دابوو. کلیک بکە بۆ بینینى ڤیدیۆکە https://www.facebook.com/reel/1616719016182778/?s=single_unit
کوردانی باشووری کوردستان لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگن؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی هەرچەندە ئاگربەست درێژکراوەتەوە، بەڵام چەکدارانی دیمەشق ڕێککەوتن پێشێل دەکەن و ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژاڤا. شەڕڤانان لەئێستادا بەرگرییەکی سەخت دەکەن و ناهێڵن بەهیچ جۆرێک چەکدارانی دیمەشق پێشڕەوی بکەن. سۆران ئەردەڵانی، ناسراو بە سۆرانی مەڵکەندی کە خۆبەخشانە چووەتە ڕۆژاڤا، باسی دۆخی ڕۆژاڤای بۆ هاوڵاتی کرد و گوتی، ئێمە ئاگادارکراوینەتەوە پیشڕەوی نەکەین و تەنها بەرگری بکەین، بەڵام ناشهێڵین چەکدارانی دیمەشق بێنە پێشەوە و پێشڕەوی بکەن. ---- قسەکانی سۆران مەڵکەندی هاوکاتە لەگەڵ ئەو هێرشانەی چەکدارانی دیمەشق کە دوێنێ دووشەممە کردیانەسەر چەند ناوچەیەکی کۆبانێ و چلاغا لە حەسەکە. لە هێرشەکانیان بۆ سەر گوندێکی کۆبانێ ماڵی خێزانێکی کوردیان بە ئامانج گرت و بەپێی ڕاگەیاندراوی هەسەدە، پێنج ئەندامی خێزانەکە شەهید بوون و پێنجی دیکەش برینداربوون. هەر لە دەستپێکی شەڕەوە، گەنجانی باشووری کوردستان بە جۆشوخرۆشەوە ڕوویان لە ڕۆژاڤا کرد بۆ بەرگریی کردن و دەستیان بە هەڵگرتنی چەک کرد. سەرەتا وا بڵاوکرایەوە کە شەڕڤانان ناهێڵن ئەو گەنجانەی باشوور بچنە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ بەهۆی ئەوەی شارەزای شوێنەکان نین، بەڵام سۆران ئەردەڵانی ئەوەی بۆ هاوڵاتی پشتڕاستکردەوە کە ئێستا بەو جۆرە نییە و بە خواستی خۆتە بچیتە بەرەکانی پێشەوە هاوشانی شەڕڤانان بیت یان لە دواوە وەک هێزی پشتیوانی بمێنێتەوە. سۆران ئەردەڵانی باسی لەوەشکرد، زۆربەی ئەوانەی چوونتە ڕۆژاڤا شارەزای شەڕن و پێشتر شەڕیان بینیوە.
میدیای سووریا دەڵێ، حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی نوێ. بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنە "کۆتایی بە هەموو پێکدادانە سەربازییەکان دەهێنرێ و بەرپرسیارێتی بواری ئاسایشی رۆژئاوای کوردستانیش دابەش دەکرێ. ئەمشەو تەلەڤزیۆنی سووریا بڵاویکردەوە، بەپێی لێکتێگەیشتنەکە "بڕیاردراوە کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا (پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ) لەنێو شارەکانی قامشلۆ و حەسەکە و ناوچە گرنگ و ستراتیژییەکانی دیکەدا جێگیربن بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ." لە بەرامبەردا، شەڕڤانانی هەسەدە لەنێو گوند و شوێنەکانی ئێستای خۆیان لە دەرەوەی شارەکان دەمێننەوە. وەک تەلەڤزیۆنی سووریا دەڵێ، خاڵێکی دیکەی لێکتێگەیشتنەکە بریتییە لە "راگرتنی یەکجاریی کردە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکانی شەڕ؛" هەروەها بڕیاردراوە دەست بە رێکارەکانی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا بکرێ، کە بڕیارە وردەکارییەکانی ئەم پڕۆسەیە لە داهاتوودا رابگەیێندرێ. تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمیی سووریا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هەسەدەش قسەیان لەبارەی ئەم "لێکتێگەیشتنە" نەکردووە، واتە نە رەتیان کردوەتەوە و نە پشتڕاستیشیان کردوەتەوە.
تومەن دیسان نزمترین نرخی لە مێژوودا تۆمار کرد، هەر دۆلارێک بە 150 هەزار تومەن مامەڵەی پێوەکرا. ماوەیەک بوو بەهای تومەنی ئێران جێگیر ببوو، بەڵام چەند رۆژێکە جارێکی دیکە رووی لە دابەزین کردووە و بە نزمترین بەهای لە مێژوودا مامەڵەی پێوە دەکرێت. لە 28ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بەهای هەر دۆلارێک گەیشتە 144 هەزار تومەن و بەهۆیەوە بازاڕەکانی تاران داخران و دواتر ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدواوە هات. مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بۆ چارەسەری ئەم دۆخە سەرۆکی بانکی ناوەندی گۆڕی و توانی کەمێک بەهای تمەن بەرز بکاتەوە و بیگەیەنێتە 135 هەزار تومەن و دواتر دیسان دابەزی. ئەمە تەنیا چەند رۆژێک بەردەوام بوو و لە دوو هەفتەی رابردوودا بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی تاران لە نيوان 138 هەزار تومەن تا 141 هەزار تومەن جێگیر ببوو. لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە رۆژ لە دوای رۆژ بەهای تومەن زیاتر دابەزیوە و ئەمڕۆ سێشەممە بە 150 هەزار تومەنیش بۆ هەر دۆلارێک مامەڵەی پێوەکراوە، کە لە مێژووی ئەو دراوەدا بێوێنەیە. بەردەوامیی سزاکان، ئەگەری روودانی جەنگ، لێدوانی توندی بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا لە دژی یەکتر و بێ متمانەیی لە نيو بازاڕەکانی ئێران بوونەتە هۆی ئەوەی تومەن بەهاکەی زیاتر دابەزێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی پاراستنی گەل( هەسەدە) بڵاویکردەوە، چەکدارانی سوپای عەرەبی سووریا بە حەوت درۆنی خۆکوژی هێرشیان کردە سەر گوندەکانی چل ئاغا. هەسەدە باس لەوە دەکاتەوە، ئەم هێرشانە وەک پێشێلکارییەکی نوێ و ئاشکرای ئاگربەست و ڕێککەوتنەکان هەژمار دەکرێن. هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە هێزەکانمان بە هەموو توانایەکەوە بەرگریی دەکەن. لەلای خۆیەوە، پەیامنێری کوردستان24، رایگەیاند: لە گوندەکانی چل ئاغا شەڕی هەسەدە و چەکدارانی سوپای عەرەبی سووریا بۆ ماوهیهكی درێژ بەردەوام بوو و، 40 چەکداری دیمهشق کوژران و 15 كهسی مهدهنیش کوژران و برینداربوون. لە گوندەکانی چل ئاغا، هەسەدە هێرشێکی چەکدارانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریای تێکشکاند. پەیامنێری کوردستان24 لە چل ئاغا و بەتایبەت لە گوندی باقلە ڕایگەیاند، هەسەدە لە گوندی باقلە کە یەک کیلۆمەتر لە گوندی سەفا دوورە شەڕ لەنێوان ئەوان و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمهشق ڕوویداوه.
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، پارتەکەیان "مێزی قەیران"ـی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی مرۆیی لە ڕۆژئاوای کوردستان پێکهێناوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە دەست بە جموجووڵێکی چڕی دیپلۆماسی دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە گەورە مرۆییەی لە ناوچەکەدا دروست بووە. گوتەبێژی دەم پارتی بە وەبیرهێنانەوەی 11یەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی کۆبانێ لە دەستی داعش لە 26ی کانوونی دووەمی 2015، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئێستا شارەکە دووبارە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سووریاوە گەمارۆدراوە. دۆغان جەختی کردەوە کە پرسی کۆبانێ پرسێکی مرۆییە و ئازادیی ئەو شارە بە ئازادیی گەلان دادەنرێت. سەبارەت بە ڕێکارە پێویستەکان، ئایشەگوڵ دۆغان داوای لە حکومەتی تورکیا کرد دەروازە سنوورییەکانی "مورشدپنار" و "نسێبین" بەڕووی هاوکارییە مرۆییەکاندا بکاتەوە. ناوبراو هۆشدارییدا کە ناتوانن وەک سیاسەتڤان تەنیا تەماشاکەر بن کاتێک منداڵان لەبەر نەبوونی سووتەمەنی و سەرما ڕەقدەبنەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە شارەوانییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان ئامادەن بۆ گەیاندنی کۆمەک، بەڵام داخستنی دەروازەکان ڕێگرە. دۆغان نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بەکارهێنانی هێز دژی ئەو چالاکییانە دەربڕی کە بۆ پشتیوانیی ڕۆژئاوا ڕێکدەخرێن، بەتایبەتی برینداربوونی پەرلەمانتار جەلال فرات لە ئیستەنبووڵ. هەروەها ڕەخنەی لە سزادانی ئەو ژنانە گرت کە وەک ناڕەزایەتی پرچی خۆیان بڕیوە و ئەو هەنگاوەی بە بەرگریی ڕووناکی دژی تاریکی وەسف کرد. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی دەم پارتی داوای لە ئەنقەرە کرد واز لە تاکتیکی کات بەفیڕۆدان بهێنێت و ڕۆڵێکی بنیاتنەرانە لە سووریا بگێڕێت. دۆغان پرسیاری ئەوەی ئاراستەی بەرپرسانی تورکیا کرد کە ئایا دەستکەوتەکانی کورد وەک هەڕەشە دەبینن یان وەک دەستکەوتی خۆیان، جەختیشی کردەوە کە بە عەقڵییەتێکی سەربازی سەقامگیری لە سووریا مسۆگەر نابێت.
