میدیای سووریا دەڵێ، حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی نوێ. بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنە "کۆتایی بە هەموو پێکدادانە سەربازییەکان دەهێنرێ و بەرپرسیارێتی بواری ئاسایشی رۆژئاوای کوردستانیش دابەش دەکرێ. ئەمشەو تەلەڤزیۆنی سووریا بڵاویکردەوە، بەپێی لێکتێگەیشتنەکە "بڕیاردراوە کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا (پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ) لەنێو شارەکانی قامشلۆ و حەسەکە و ناوچە گرنگ و ستراتیژییەکانی دیکەدا جێگیربن بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ." لە بەرامبەردا، شەڕڤانانی هەسەدە لەنێو گوند و شوێنەکانی ئێستای خۆیان لە دەرەوەی شارەکان دەمێننەوە. وەک تەلەڤزیۆنی سووریا دەڵێ، خاڵێکی دیکەی لێکتێگەیشتنەکە بریتییە لە "راگرتنی یەکجاریی کردە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکانی شەڕ؛" هەروەها بڕیاردراوە دەست بە رێکارەکانی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا بکرێ، کە بڕیارە وردەکارییەکانی ئەم پڕۆسەیە لە داهاتوودا رابگەیێندرێ. تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمیی سووریا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هەسەدەش قسەیان لەبارەی ئەم "لێکتێگەیشتنە" نەکردووە، واتە نە رەتیان کردوەتەوە و نە پشتڕاستیشیان کردوەتەوە.
تومەن دیسان نزمترین نرخی لە مێژوودا تۆمار کرد، هەر دۆلارێک بە 150 هەزار تومەن مامەڵەی پێوەکرا. ماوەیەک بوو بەهای تومەنی ئێران جێگیر ببوو، بەڵام چەند رۆژێکە جارێکی دیکە رووی لە دابەزین کردووە و بە نزمترین بەهای لە مێژوودا مامەڵەی پێوە دەکرێت. لە 28ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بەهای هەر دۆلارێک گەیشتە 144 هەزار تومەن و بەهۆیەوە بازاڕەکانی تاران داخران و دواتر ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدواوە هات. مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بۆ چارەسەری ئەم دۆخە سەرۆکی بانکی ناوەندی گۆڕی و توانی کەمێک بەهای تمەن بەرز بکاتەوە و بیگەیەنێتە 135 هەزار تومەن و دواتر دیسان دابەزی. ئەمە تەنیا چەند رۆژێک بەردەوام بوو و لە دوو هەفتەی رابردوودا بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی تاران لە نيوان 138 هەزار تومەن تا 141 هەزار تومەن جێگیر ببوو. لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە رۆژ لە دوای رۆژ بەهای تومەن زیاتر دابەزیوە و ئەمڕۆ سێشەممە بە 150 هەزار تومەنیش بۆ هەر دۆلارێک مامەڵەی پێوەکراوە، کە لە مێژووی ئەو دراوەدا بێوێنەیە. بەردەوامیی سزاکان، ئەگەری روودانی جەنگ، لێدوانی توندی بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا لە دژی یەکتر و بێ متمانەیی لە نيو بازاڕەکانی ئێران بوونەتە هۆی ئەوەی تومەن بەهاکەی زیاتر دابەزێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی پاراستنی گەل( هەسەدە) بڵاویکردەوە، چەکدارانی سوپای عەرەبی سووریا بە حەوت درۆنی خۆکوژی هێرشیان کردە سەر گوندەکانی چل ئاغا. هەسەدە باس لەوە دەکاتەوە، ئەم هێرشانە وەک پێشێلکارییەکی نوێ و ئاشکرای ئاگربەست و ڕێککەوتنەکان هەژمار دەکرێن. هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە هێزەکانمان بە هەموو توانایەکەوە بەرگریی دەکەن. لەلای خۆیەوە، پەیامنێری کوردستان24، رایگەیاند: لە گوندەکانی چل ئاغا شەڕی هەسەدە و چەکدارانی سوپای عەرەبی سووریا بۆ ماوهیهكی درێژ بەردەوام بوو و، 40 چەکداری دیمهشق کوژران و 15 كهسی مهدهنیش کوژران و برینداربوون. لە گوندەکانی چل ئاغا، هەسەدە هێرشێکی چەکدارانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریای تێکشکاند. پەیامنێری کوردستان24 لە چل ئاغا و بەتایبەت لە گوندی باقلە ڕایگەیاند، هەسەدە لە گوندی باقلە کە یەک کیلۆمەتر لە گوندی سەفا دوورە شەڕ لەنێوان ئەوان و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمهشق ڕوویداوه.
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، پارتەکەیان "مێزی قەیران"ـی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی مرۆیی لە ڕۆژئاوای کوردستان پێکهێناوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە دەست بە جموجووڵێکی چڕی دیپلۆماسی دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە گەورە مرۆییەی لە ناوچەکەدا دروست بووە. گوتەبێژی دەم پارتی بە وەبیرهێنانەوەی 11یەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی کۆبانێ لە دەستی داعش لە 26ی کانوونی دووەمی 2015، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئێستا شارەکە دووبارە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سووریاوە گەمارۆدراوە. دۆغان جەختی کردەوە کە پرسی کۆبانێ پرسێکی مرۆییە و ئازادیی ئەو شارە بە ئازادیی گەلان دادەنرێت. سەبارەت بە ڕێکارە پێویستەکان، ئایشەگوڵ دۆغان داوای لە حکومەتی تورکیا کرد دەروازە سنوورییەکانی "مورشدپنار" و "نسێبین" بەڕووی هاوکارییە مرۆییەکاندا بکاتەوە. ناوبراو هۆشدارییدا کە ناتوانن وەک سیاسەتڤان تەنیا تەماشاکەر بن کاتێک منداڵان لەبەر نەبوونی سووتەمەنی و سەرما ڕەقدەبنەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە شارەوانییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان ئامادەن بۆ گەیاندنی کۆمەک، بەڵام داخستنی دەروازەکان ڕێگرە. دۆغان نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بەکارهێنانی هێز دژی ئەو چالاکییانە دەربڕی کە بۆ پشتیوانیی ڕۆژئاوا ڕێکدەخرێن، بەتایبەتی برینداربوونی پەرلەمانتار جەلال فرات لە ئیستەنبووڵ. هەروەها ڕەخنەی لە سزادانی ئەو ژنانە گرت کە وەک ناڕەزایەتی پرچی خۆیان بڕیوە و ئەو هەنگاوەی بە بەرگریی ڕووناکی دژی تاریکی وەسف کرد. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی دەم پارتی داوای لە ئەنقەرە کرد واز لە تاکتیکی کات بەفیڕۆدان بهێنێت و ڕۆڵێکی بنیاتنەرانە لە سووریا بگێڕێت. دۆغان پرسیاری ئەوەی ئاراستەی بەرپرسانی تورکیا کرد کە ئایا دەستکەوتەکانی کورد وەک هەڕەشە دەبینن یان وەک دەستکەوتی خۆیان، جەختیشی کردەوە کە بە عەقڵییەتێکی سەربازی سەقامگیری لە سووریا مسۆگەر نابێت.
موراد قەرەیلان، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ کەناڵی "ستێرک تیڤی" سەبارەت بە هێرشی گروپە چەكدارەكانی حکومەتی کاتی سوریا بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا راگەیاند، ئەو هێرشانەی لە 6ی 1ی بەکرێگیراوانی دەستەی تەحریر شام و دەوڵەتی تورکیا لە حەلەبەوە دەستیپێکرد، شتێکی ئاسایی نین، روونە کە ئەمە پیلان و پلانێکی گەورەیە. قەرەیلان وتیشی: ئەوان دەیانویست بە پێی رێککەوتنی سایکس پیکۆ نەخشەی ناوچەکە بکێشنەوە، ئێستاش دەستیان کردووەتەوە بە دووبارە کێشانەوەی نەخشەکە، ئەمجارەیان لە ناوخۆی سوریاوە، نەخشە نوێیەکە هیچ شوێنێک بۆ کورد ناهێڵێتەوە، هێرشەکانی سەر رۆژئاواش ئامانجیان دروستکردنی مەهابادی دووەمە. قەرەیلان دووپاتی کردەوە، ئەم هێرشانە رەزامەندی وڵاتانی هەرێمایەتی و هێزە نێودەوڵەتییەكانی هەیە، ئەم پلانە لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەیی وەک تورکیا و سعودیە و قەتەر و تەنانەت ئوردنیشەوە پاڵپشتیكراوە، جگە لە زلهێزە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا. ئاماژەی بە بانگەوازەکەی عەبدوڵان ئۆجەلانیش كرد لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ کرد و وتی: ئامانجی بنەڕەتی ئەم بانگەوازە برایەتی نێوان گەلانە، لە کاتێکدا ئەم پیلانگێڕییە هەوڵی چاندنی دوژمنایەتییە لە نێوانیاندا. پەیامێکی روونیشی ئاڕاستەی دەوڵەتی تورکیا کردو رایگەیاند، پێویستە سەرۆک ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی لەوە تێبگەن، ئاشتی لەگەڵ کورد لەسەر جەستەی کوردانی رۆژئاوای کوردستان بەدی نایەت.
منداڵانی داعش چۆن پەروەردە کراون؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی دوای ئەوەی حکومەتی سوریا دەستی گرت بەسەر بەشێک لە بەندیخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، مەترسییەکی گەورە دروستبووە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش، بەهۆی ئەوەی حکومەتی سوریا سەدەها زیندانی جیاوازی داعشی بەناوی جیاوازەوە ئازاد کردووە و بە بێتاوان لە قەڵەمیان دەدات. بەڵام ئەوەی زیاتر جێی مەترسییە منداڵانی تیرۆریستانی داعشن لە کەمپی هۆل کە بوونەتە جێی مەترسییەکی گەورە. کەمپی هۆل گەورەترین کەمپە لە سوریا و نزیکەی 30 هەزار خێزان و منداڵانی تیرۆریستانی داعشی لەخۆ گرتووە. لەنێو کەمپەکەدا چەندین ساڵە کەشێکی ترسناک رەخساوە بۆ بڵاوکردنەوەی بیری داعش، بەو پێیەی ژنانی ناو کەمپەکە منداڵەکانیان لەسەر بیری تیرۆریستی گەورە دەکەن. ئەم منداڵانە جگە لە بیر و ئایدۆلۆجیای داعش هیچی دیکە نازانن، هەموو کەسێکیش بە کافر دەزانن و دەڵێن کوشتنیان حەڵاڵە. ---- منداڵەکان هێندە بیرکردنەوەیان مەترسیدارە کە بیر لەوە دەکەنەوە گەورە ببن لەسەر دەستی خۆیان داعش بگەڕێننەوە و خەلافەت دروستبکەن، دەشڵێن، هەر ژنێک حیجاب نەکات و هەر کەسێک نوێژ نەکات دەیکوژین. ---- تەنانەت بەشێک لە میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 15 رۆژ بۆ ئاسانکردنی گواستنەوەی حەوت هەزار زیندانی داعشە بۆ عێراق، کە ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا خۆی دەڵێت عێراق رازیبووە بە وەرگرتنیان. پێشتریش هاکان فیدان باسی لەوە کرد درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ گواستنەوەی زیندانییە داعشەکان کارێکی گرنگ و پێویستە.
ڕێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە ئەمریکا ڕایگەیاند، پێنج هەزار و 848 کەس لە خۆپيشاندانەکانی ئێراندا کوژراون و لێکۆڵينەوە لە ئەگەری کوژرانی هەزاران کەسی ديکە دەکەن. ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ ناسراو بە (هرانا) ڕایگەیاندووە، لەناو ئەو ژمارەيەی کە کوژراون پێنج هەزار و 520 کەسيان خۆپيشاندەر بوون، 77 کەسيان مێرد منداڵ بوون، 209 کەسيان ئەندامی هێزە ئەمنييەکان بوون و 42 کەسيشيان لە دەوروبەری ئەو شوێنانەبوون، کە خۆپيشاندانەکانيان تێدا ئەنجامدراوە. ڕێکخراوەکە ئەوەشی خستەڕوو، هێشتا لێکۆڵینەوە لە ئەگەری کوژرانی 17 هەزار و 91 کەسی دیکە دەکات، بەلایەنی کەمەوە 41 هەزار و 283 کەس دەستگیرکراون. هەفتەی رابردوو دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاند، سێ هەزار و 117 کەس لە خۆپيشاندانەکاندا کوژراون، کە دوو هەزار و 427 کەسيان ئەندامی هێزە ئەمنييەکان بوون. ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە چاودێری ژمارەی کوژراوان دەکەن دەڵێن بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێتەوە بۆ ماوەی 18 ڕۆژ لێکۆڵينەوەکانيان پەکيکەوتووە و هۆشداری دەدەن کە ژمارەی کوژراوان زۆر کەمترە لە ژمارەی ڕاستەقینە.
🔴 وەزارەتی پەروەردەی سوریا چەند رێنماییەکی تایبەت بە جێبەجێکردنی مەرسومی سەرۆکایەتی سوریا لەبارەی خوێندنی کوردی دەرکرد و تێیدا ئەم خاڵانە هاتووە: ♦️ لەماوەیەک کە زیاتر نەبێت لە شەش مانگ، پرۆگرامی خوێندن بە زمانی کوردی کوردی بۆ هەموو قۆناغەکان ئامادەبکرێت. ♦️ راهێنانی پەروەردەیی ئەنجامبدرێت بۆ ئەو کەسانەی وانەی زمانی کوردی دەڵێنەوە. ♦️ دابینکردنی کارمەندی شارەزا و پەروەردەیی بۆ وتنەوەی زمانی کوردی لەسەر میلاک یاخود لە دەرەوەی میلاک. ♦️ وانەی زمانی کوردی وانەیەکی بژاردە دەبێت و لە سەرجەم پۆلەکاندا هەفتانە دوو وانەی زمانی کوردی دەخوێندرێت. ♦️ وانەی زمانی کوردی کەوتن و دەرچوونی لەسەر نییە. ♦️ زمانی کوردی بە زمانێکی نیشتمانی هەژماردەکرێت و لە خوێندنگە حکومی و ئەهلییەکان لەو ناوچانەی کوردی زۆرینەیە رێگەپێدراوە. ♦️ پەروەردەی پارێزگاکان رادەسپێرین بەوەی ئەو خوێندنگایانە دیاریبکەن کە زمانی کوردییان تێدا دەخوێنرێت.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرایکرد، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق لە کاتژمێر دووی بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە هێرشی چڕیان بۆ سەر دوو شارەدێ لە باشووری کۆبانێ دەستپێکردووە و داواش لە وڵاتانی نێوەندگیر دەکات سنوورێک بۆ پەلامارەکانی سوپای عەرەبیی سووریا دابنێن. هێرشی چەتەکان بۆسەر گوندەکانی سنووری کۆبانێ بەردەوامە، لە ئەنجامی هێرەشەکاندا چوار مەدەنی بریندابوون کە یەکێکیان منداڵە، شەڕڤانان وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە و ژمارەیەکی زۆر لە تانک و ئۆتۆمبیلی سەربازییان تێکشاندووە. چەتەکانی دەوڵەتی تورک، داعش و هەتەشە وێڕای ئاگربەست لە دوێنێوە لە هێرش و بۆردوومانی چڕی گوندەکانی سنووری شاری کۆبانێدان کە گەمارۆدراوە. هەڵهاتنی چەتەکان و تێکشکاندنی چەندین ئۆتۆمبیلی سەربازیی لە گوندی چەلەبەی سەر بە خراب عشک هێرشی چەتەکان بە شەش تانک، چەندین زرێپۆش و ژمارەیەکی زۆر لە چەتە لە بەرەبەیانەوە درێژەی هەیە. وەڵامدانەوەی کەمەرشكێنی شەڕڤانان لە دژی هێرشەکان بەردەوامە و زیانێکی زۆری بە چەتەکان گەیاندووە، کە تەنها لە سنووری گوندی خراب عشك ٧ ئۆتۆمبیلی سەربازیی، ٢ تانک، ژمارەیەکی زۆر لە پانزەر و ئۆتۆمبیلێ دۆشکە لەسەریان تێکشکاندووە. هەروەها لە ئەنجامی وەڵامی کەمەرشكێنی شەڕڤانانەوە، چەتەکان جار بە دوای جار هەڵدێن. لە گوندی زێرکێی کۆبانێیش ٥ ئۆتۆمبیلی چەتەکان تێکشکێندران. ئەمەش لە کاتێکدایە شەڕ و پێکدادان لە گوندەکانی قاسییە و چەلەبە بە سەختی بەردەوامە. بۆردوومانی گوندی زەرکتکێ؛ ٤ مەدەنی بوونەتە قوربانی لە ئەنجامی هێرشی چەتەکان بۆسەر گوندی زەرکتکێی کۆبانێ، تا ئێستا چوار گوندنشین برینداربوون، کە یەکێکیان منداڵە.
خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینی مووچەخۆرانی عێراق، ئەنجوومەنی وزاری ئابووریی فیدراڵی هێنایە دەنگ و رایگەیاند، پاشەکشەیان لە بڕیاری پێشووتری خۆیان نەکردووە، جەختی لەوەکردووەتەوە، مووچە و دەرماڵەی مووچەخۆران دەستکاری ناکرێت. دووشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی وزاری ئابووریی عێراق، بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە، رایگەیاندووە، دووپاتی دەکەینەوە، لە بڕیاری پێشووماندا بڕیامان لەسەرداوە، بە هیچ شێوەیەک دەستکاری مووچە و دەرماڵەی مووچەخۆران ناکەین، هاوکات هیچ لێبڕینێک لە مووچە ناکرێت. لە بەیاننامەیەکدا هاتووە، وەزارەتی دارایی داوای کردووە یەکەکانی خەرجکردن لیستی مووچەی تەواو پێشکەش بکەن، سەبارەت بە دانپێدانانی بڕوانامەی ئەکادیمی، بڕیارەکە ئەو کەسانەش ناگرێتەوە کە ڕەزامەندی پێویستیان بۆ خوێندن بەدەستهێناوە. دوای ئەوەی دەنگۆی بڕینی دەرماڵە و لێبڕین لە مووچە بڵاوکرایەوە، بە خێرایی کاردانەوەی هاووڵاتییانی لێکەوتەوە، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، چاودێری ئەو زانیارییانە دەکات، کە لە هەندێک سەکۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەربارەی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (40)ی ساڵی 2026 بڵاودەکرێنەوە. وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندووە، پێویستە لەسەر هەموو یەکەکانی خەرجی (چ ئەوانەی بودجەیان ناوەندییە یان خۆژێن، چ قازانجکار بن یان زیانبەخش) ئەم هەنگاوانە بگرنە بەر؛ 1- ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی (میلاکی هەمیشەیی، گرێبەست و کرێکاری رۆژانە) بۆ فەرمانگەی ژمێریاری. 2- ئاگادارکردنەوەی فەرمانگەی ناوبراو لە بڕی بڕینە باجییەکان بۆ گەڕانەوەیان بۆ خەزینەی گشتیی دەوڵەت. 3- ناردنی پشکە خانەنشینییەکان بۆ سندوقی خانەنشینی فەرمانبەران بە ئامانجی زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان، چونکە ئەمە مافێکی یاساییە و هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بەردەوام دەبێت. روونکردنەوە سەبارەت بە دەرماڵەی خزمەتی زانکۆیی وەزارەت چەند خاڵێکی گرنگ سەبارەت بە بڕگەی (7) لە بڕیاری ژمارە (40) ڕوون دەکاتەوە: 1- تەرخانکردن بۆ مامۆستایان: خەرجکردنی دەرماڵەی خزمەتی زانکۆیی بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی (خوێندنی باڵا، تەندروستیی و لایەنەکانی دیکە) تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بۆ وانەوتنەوە تەرخانکراون (متفرغ)، و پێدانی ئەم دەرماڵەیە بەو کەسانەی تەرخاننەکراون ڕادەگیرێت، ئەمەش جێبەجێکردنی دەقی یاسای خزمەتی زانکۆیی ژمارە (23)ی ساڵی 2008ە. 2- مافی کارگێڕی و تەکنیکییەکان: ئەم بڕیارە بە هیچ شێوەیەک دەستکاری دەرماڵەی خزمەتی زانکۆیی کارگێڕییەکان 75% و تەکنیکییەکان 100% ناکات کە لە یاساکەدا چەسپێنراوە، چونکە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ناتوانێت دەقە یاساییە کاراکان هەموار بکاتەوە. 3- بەردەوامی تەرخانکردنی دارایی: وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا، تەندروستیی، پەروەردە و هەر لایەنێکی دیکە کە یاساکە دەیانگرێتەوە، بەردەوامن لە جێبەجێکردنی یاساکە و بودجەی پێویستیان بۆ تەرخانکراوە. لای خۆیەوە وەزارەتی دارایی داوا لە هاووڵاتییان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات؛ ورد و وشیار بن لە گواستنەوەی هەواڵەکان و تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن، ئەم رێکارانە تەنیا بۆ ڕێکخستنی کارە داراییەکان و پاراستنی مافە یاسایی، خانەنشینی و باجییەکانە.
وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئامارە بەراییەکانی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی کانوونی دووەمی 2026 ڕاگەیاند، کە تێیدا داهاتەکەی 6 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە. بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی وەزارەتەکە، کە پشت بە ئامارەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەبەستێت، کۆی گشتی هەناردەی نەوتی خاو (بە کۆندێنسێتیشەوە) لەو مانگەدا بڕی 107 ملیۆن و 651 هەزار و 61 بەرمیل بوە. داهاتی بەدەستهاتوو لەو بڕەش گەیشتووەتە 6 ملیار و 388 ملیۆن و 429 هەزار دۆلار. دەربارەی سەرچاوەی هەناردەکردنەکە، وەزارەتەکە وردەکارییەکانی بەم شێوەیە خستووەتەڕو: کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوور: 100 ملیۆن و 420 هەزار و 48 بەرمیل. هەرێمی کوردستان (لە ڕێگەی بەندەری جەیهان): 5 ملیۆن و 997 هەزار و 527 بەرمیل. هەروەها ئەو بڕەی هەناردە کراوە بۆ ئوردن بڕی 309 هەزارو 712 بەرمیل بوە وە بڕی هەناردەکراو لە کێڵگەی قەیارە: 923 هەزار و 774 بەرمیل بوە.
ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ڕۆژى سێشەممەى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار دیاریکرد و سبەیش پرسە ئابوورییەکان و بابەتى مووچە تاوتوێ دەکرێن. دانیشتنى تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار لە کاتژمێر 11:00ـى پێشنیوەڕۆ دەستپێدەکات و 18 بەربژێریش ڕکابەرى لەسەر پۆستەکە دەکەن، یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بە نزار ئامێدى و پارتى دیموکراتى کوردستان بە فوئاد حسێن دەچنە ناو پرۆسەکەوە. کارنامەى دانیشتنى سبەى دووشەممەش لە یەک بڕگە پێکهاتووە، ئەویش تاوتوێکردنى پرسە ئابوورییەکان و مووچەیە. دانیشتنەکە پاش ئەوە دێت لە کۆتاییەکانى ساڵى 2025، حکومەتەکەى محەممەد شیاع سوودانى هەوڵەکانى بۆ چاکسازى دارایى دەستپێکرد، بە ئامانجى کەمکردنەوەى خەرجییەکان و زیادکردنى داهات. هەر ئەمڕۆش ئەنجوومەنى نوێنەران ئاڵنگاری و پێشهاتەکانى سووریا و ڕەوشى سنوورەکانى تاوتوێکرد، جێگرى یەکەمى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکات، هەنگاوى خێرا بنێن بۆ وەرگرتنەوەی ئەو هاوڵاتیانەیان کە چەکداری داعشبوون و ئێستا لە گرتووخانەکانی عێراق و سووریادابوون.
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، ئەو شەڕڤانانەی کە شەهید بوون و ئەوانەی کەوتوونەتە دەستیان و بە دیل گیراون [لای هێزەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا]، زۆریان بە مەیدانیی لەسێدارە دراون، واتە هەر کەسێک کە دەستگیر کرابێت، دەستبەجێ گولـلەباران کراوە. ئیلهام ئەحمەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زۆر رووداوی لەو شێوە هەبووە کە هەر لە شوێنی دەستگیرکردن، شەڕڤانەکانیان گولـلەباران کردووە، لە تەبقە، رەققە و دێرەزوور هەبووە، زۆرترین دیمەنەکان لە رەققە و تەبقە دەرکەوتوون، هەندێکیش لە شێخ مەقسوود." بە گوتەی هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئەوانەی گولـلەباران کراون بە سەدان شەڕڤان دەبن و ئاماژەی بەوەشکرد، "رەنگە هەموویان شەڕڤان نەبن، بەڵکو کەسانی سڤیلیشیان تێدایە، بۆ نموونە ئەوانەی شێخ مەقسوود." تاوەکو ئێستا دیارنییە چەند شەڕڤان بە دیل گیراون. ئیلهام ئەحمەد دەڵێت: "هێشتا ژمارەیان دیار نییە، چونکە ئێمە نازانین کێ بە دیلی کەوتووەتە دەستیان و کێش شەهید بووە، هێشتا ئەو ژمارەیەمان پێ نەگەیشتووە."
ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) ئاماری نوێی قوربانییانی خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە ماوەی 28 رۆژدا کوژرانی 5459 کەس پشتڕاست کراوەتەوە؛ ئەمەش نزیکەی دوو هەزار و 400 کەس زیاترە لەو ئامارەی حکومەت بە فەرمی رایگەیاندووە. ئەمڕۆ یەکشەممە 25-01-2026، ئاژانسی هرانا لە راپۆرتێکدا وردەکاریی زیانی گیانیی خۆپێشاندانەکانی بڵاوکردەوە، کە لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە دەستیانپێکرد. بەگوێرەی ئامارەکە، تاوەکو دوێنێ شەممە، کوژرانی 5459 کەس پشتڕاستکراوەتەوە، کە 60ـیان منداڵن و 208 کەسیشیان لە هێزە ئەمنییەکانن. هەرانا ئاماژەی بەوەش کردووە، جیا لەو ژمارەیە، بەدواداچوون بۆ پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی 17 هەزار و 31 کەسی دیکە دەکرێت، کە هێشتا بەڵگەی تەواو لەبارەیانەوە کۆنەکراوەتەوە. لەبارەی دۆخی بریندار و دەستگیرکراوەکان، ئاژانسەکە رایگەیاندووە برینی حەوت هەزار و 403 کەس لە خۆپێشاندەران سەختە. هەروەها ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە، تاوەکو ئێستا 40 هەزار و 887 خۆپێشاندەر لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون. ئاماری حکومەت چییە؟ ئامارەکەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەم، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ژمارەی قوربانییانی بە 3117 کەس راگەیاند. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەت، لەو ژمارەیە "دوو هەزار و 427ـیان خەڵکی بێتاوان و هێزە ئەمنییەکان بوون." خۆپێشاندانەکان کە سەرەتا لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن دەستیپێکرد، دواتر پەرەی سەند و تووندوتیژی زۆری لێکەوتەوە. بەگوێرەی ئامارەکانی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، لە خۆپێشاندانەکاندا زیان بە 250 قوتابخانە، 300 مزگەوت، 90 مەڵبەندی زانستیی شیعە (حەوزەی عیلمییە)، 2221 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان گەیشتووە.
