سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خوشک و براکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامی دەدەن. جەختی لەوەش کردەوە، هەرگیز ناهێڵن هاووڵاتییانی ڕۆژئاوای کوردستان بە تەنیا بمێننەوە، هاوکات بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی و هاوکاریکردنیان. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا گوتی: لە داڤۆس چەندین تەوەر هەبوو قسەی لەسەر بکەین، تەوەری یەکەم بریتی بووە لە؛ پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و کۆمپانیاکانی جیهان باشتر بکەین و دەرگای زیاتر بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەینەوە. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکانماندا لە داڤۆس؛ باسمان لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان کرد، سەرنجمان لەسەر ئەوە بوو پشتیوانی نێودەوڵەتی پەیدا بکەین بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ و پێکدادان بێت، هەروەها ئەو هێرشە ناڕەوانەی کە دەکرێتە سەر کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕابگیرێت، لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان ئەو بابەتەمان بە جیددی باس کرد هیوادارم ئەنجامی هەبێت و سەقامگیریی لە ناوچەکە بەرقەرار بێت. هاوکات باسی لەوە کرد، ئێمە توانیمان لە کۆبوونەوەکاندا لە داڤۆس، ئەو دۆخەی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە بیخەینە ڕوو، لە لایەکی دیکەوە هەوڵی جیددی بدەین بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت و شەڕ بەرەو کۆتایی بڕوات، هیوادارم ئەو ترسە لە ناو خەڵک نەمێنێت و ئاشتی بەرقەرار بێت، هەر چەندە ئێمە بۆ بابەتی ئابووری هاتین بۆ داڤۆس، بەڵام دۆخی ڕۆژئاوا و ڕاگرتنی شەڕ لەو ناوچەیە بووە بە بابەتی سەرەکی گوفتوگۆ و دیدارەکانمان لە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک لە هەولێر لە نێوان مەزڵووم عەبدی و تۆم بەڕاک کراوە، ئەوەی من زانیوومە، هەردوولا تەقریبەن گەیشتن بەو ڕێککەوتنەی بۆ ئەوەی ئاگربەست لە ڕۆژئاوا بەردەوام بێت، هەروەها دەرفەتێک بدرێت بۆ ئەوەی بگەن بە تێگەیشتنێکی دوولایەنە تا ئاشتی و سەقامگیری بەرپا بێت، هیوادارم شەڕ دووبارە بەرپا نەبێتەوە. مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند: هیچ کەسێک لەگەڵ شەڕ و ئاڵۆزی نییە، لەگەڵ کێ لە داڤۆس دیدار و کۆبوونەوەمان هەبوو، باسیان لەوە کرد کە دەبێت بە خێرایی کۆتایی بە شەڕ بێت، ئەوەی ئێستا گرنگە دەبێت ئاگربەست بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ئەو فشارە دەروونییە لەسەر خەڵکی کوردستان نەمێنێت. لە بارەی ئابوورییەوە، مەسرور بارزانی، دەڵێت: بووژانەوەی ئابووری لە هەر وڵاتێک هەبێت، سەقامگیری سیاسی و ئەمنی زیاتر بەرقەرار دەبێت، بۆیە ویستم بازرگانانی ئێمە و سەرمایەدارانمان، بەشدار بن لە داڕشتنی سیاسەتی ئابووری، هەروەها بەشدار بن لەو چالاکییانەی کە ئێمە لە ئاستی نێوەدەوڵەتییدا دەیکەین، بۆیە سێیەمین ساڵە ئێمە ماڵی کوردستان لە داڤۆس دەکەینەوە، ئەم جارە زیاتر لە 20 بازرگان و وەبەرهێنەری کوردستان بەشدار بوون، ئەوانیش دیداریان لەگەل کۆمپانیا جیهانییەکان هەبووە، هیوادارم ئەمەش ببێتە ئەنجامێکی باشتر بۆ کرانەوەی کوردستان بە ڕووی بازرگانی و ئابووریی جیهانی. لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، بازرگان و سەرمایەدارانمان، بیانەوێت و ئارەزووی ئەوەیان هەبێت لە چ کەرتێک کار بکەن، ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتییان دەکەین. لە بارەی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: سەرۆک بارزانی هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە هەوڵێکی جیددی داوە بۆ راگرتنی شەڕ، بۆیە لە هەولێر میوانداریی مەزڵووم عەبدی و تۆم بەڕاکی کرد، بۆ ئەوەی هەردوولایان بگەن بە ئەنجامێک تا ڕێگری لە شەڕەکە بکرێت، دواتر لە چەندین گفتوگۆی تەلەفۆنیدا، سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەحمەد شەرع قسەی کردووە و داوای لێکردووە کە کۆتایی بە شەڕ بێت، ئەوانیش بەڵێنیان داوە کە کەسیان لەگەڵ شەڕ نەبن و دەیانەوێت شەڕ بەرەو کۆتایی بچێت، بەڵام دەبێت ڕێککەوتنێک بکرێت لە لایەن هەردوولاوە کە جێگەی ڕێز و قبووڵکردن بێت. دەشڵێت: سەرۆک بارزانی ئێستاش لە سەردانەکەیدا بۆ ئیتاڵیا، سەرنجی لەسەر ئەوە بووە کە پەیامەکانی بە هەموو جیهان بگەیەنێت کە دەبێت ئەو شەڕەی ڕۆژئاوای کوردستان کۆتایی پێ بێت. ئینشائەڵڵا بەرەو کۆتایی دەڕوات، دیدارەکانی ئەمڕۆش لە هەولێر لەنێوان مەزڵووم عەبدی و تۆم بەڕاک بۆ ئەوە بووە دەرفەتێکی زیاتر هەبێت تا ئاگربەست بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی ئاشتی و سەقامگیری ببێتە شوێنگرەوەی شەڕ و پێکدادان. لەبارەی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتی: پارتی هەر لە یەکەم رۆژەوە ئامادەبووە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بەڵام لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردن، پارتی لەسەر ڕای خۆی بەردەوامە، دەشبێت ڕێز لە ڕای خەڵکی کوردستان بگیرێت. لە کۆتاییدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، دوا چەندین ساڵ کە هەوڵی جیددیمان تا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بتوانێت بچێت بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، دەزگاکە دوێنێ توانییان یەکەم کاروانی هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان ببەن، بەردەوامیشن لە هاوکاریکردنی هاووڵاتییان لە ڕۆژئاوا، ئەوەی پێمان بکرێت ئەنجامی دەدەین و ناهێڵین خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە تەنیا بمێننەوە.
ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، ئەو کۆبوونەوانەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە دیمەشق و پاریس و عێراق ئەنجام دراون، ڕێگەخۆشکەربوون، بۆ هێرشی چەتەکانى هەتەشە و داعش بۆ ناوچەکانى باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەبێ ناڕەزایی ڕاستەوخۆی ئەمریکا. حکومەتی سووریا لە پاریس پێشنیازی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ناوچەکانی ژێردەستی هەسەدە کردووە، نە ئەمریکا و ئیسرائیل، رێگر نەبوون و رەتیان نەکردەوە هێرش بکرێتە سەر هەسەدە، لەوێوە رێگە خۆشکرا بۆ هێرشی سوپای عەرەبی سووریا و گرووپەکان بۆ ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. بەپێی قسەی بەرپرسانی ئەمریکاش ' زێدەڕۆییەکانی ئەحمەد شەرع' لە هێرشەکانی وایکرد کۆنگرێسمانانی ئەمریکا بیر لە سەپاندنەوەی سزا بکەنەوە، بەڵام بە راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ هەسەدە، شەرع نەکەوتە ژێر ئەو هەنگاوە. رۆیتەرز بە پشت بەستن بە زانیاری 9 سەرچاوە وردەکاریی بڕیار و گفتوگۆی پشت دەرگە داخراوەکانی باس کردووە، بەپێی راپۆرتەکە: "ئەمریکا هیچ رێگر نەبووە لە ئۆپەراسیۆنەکان کە هاوسەنگی هێزی بەشێوەیەکی ریشەیی لە سووریا دژی هاوپەیمانێکی 10 ساڵەی ئەمریکا گۆڕی.'' راپۆرتەکە ئەو هەنگاوانە باس دەکات لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نراون دژی هەسەدە لە کۆبوونەوەکاندا، بەپێی سەرچاوەیەکی سووری: "ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا لەو کۆبوونەوانە دوو سەرکەوتنی سەرەکی بەدەستهێناوە، بەهێزکردنی بەڵێنەکەی بە یەکخستنی هەموو خاکی سووریا لەژێر یەک سەرکردایەتیدا و بوون بە هاوپەیمانی دڵخوازی ئیدارەی ئەمریکا بە سەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپ." هێرشی گرووپەکانی سەر بە دیمەشق ناوچەیەکی زۆری لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لەدەستی هەسەدە دەرهێنا، بەپێی راپۆرتەکە: "تاقیکردنەوەیەکیش بوو بۆ سنووری پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ شەرع، کە پێشتر سەرکردایەتی لقی قاعیدەی لەو وڵاتە دەکرد.'' ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە نۆ سەرچاوەی دیپلۆماسیی و سیاسیی سەبارەت بە چۆنییەتى ڕێککەوتن لە سەر هێرشکردنە سەر ڕۆژئاواى کوردستان لەلایەن دەوڵەتى داگیرکەرى تورک و چەتەکانى هەتەشەوە، زانیارى نوێی نەبیستراوی ئاشکرا کرد. ئاژانسەکە بڵاوى کردەوە، کۆبوونەوەی دیمەشق لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ٤ـی کانوونى دووەم بە کتوپڕی کۆتایی پێهات، بەمەش گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا کۆتایی پێهات، دوو بەرپرسی سووریا ئاماژەیان بەوە کرد، کۆبوونەوەیەکی دواتر لە پاریس تۆمەتبارکردنی ئیسرائیل بە پشتیوانیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەخۆگرتبوو. پەیامی تورکیا لە کۆبوونەوەکانی پاریس لە بەرچاوگیراوە سەرچاوەیەکی سووری ڕایگەیاند، گفتوگۆکانى پاریس دەستی خستووەتە سەر هێرشی سنووردار دژی هێزەکانی قەسەدە، بەبێ ئەوەی هیچ ناڕەزایەتییەکی ڕوون و ئاشکرا بێتە ئاراوە و پەیامێکی تورکیاش گەیاندووە، کە ئاماژە بەوە دەکات واشنتۆن دژایەتی کردەوەی سەربازی ناکات بە مەرجێک هاووڵاتیانی مەدەنی کورد پارێزراو بن. ئاڕاستەی بەرژەوەندی ئەمریکا؛ پشتیوانی لە دیمەشق بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی ڕایگەیاندووە، واشنتۆن ئاماژەی ناردووە بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە پشتگیرییەکانی دەکشێنێتەوە، سێ سەرچاوە پشتڕاستیان کردووەتەوە، تۆم باراک نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانى سووریای دیموکراتی ئاگادار کردووەتەوە کە “بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن لەلای حکومەتی جۆلانییە نەک لای ئەوان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە ئەولەوییەتەکانی ئەمریکا، سەبارەت بە نەخشەی سووریا. گواستنەوەی ٧ هەزار زیندانی داعش بۆ عێراق؛ دیار نییە براونەتە کوێ ئەم پێشهاتانە هاوکاتە لەگەڵ کۆمەڵێک هەنگاوی ئەمنیی و سیاسیی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویانداوە، لەوانە ڕاگەیاندنی پلانی گواستنەوەی حەوت هەزار دەستگیرکراوی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق لە چالاکییەکى ڕێکخراو و ئەمنى بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا. هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا و وتەی سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانى عێراق، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر گواستنەوەی وەجبەی دەستگیرکراوانی داعش لەو زیندانانەی کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە) کۆنترۆڵکرابوون.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتویی ئیسلامی کوردستان لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. میدیای یەکگرتوو دەڵێت: بە فەرمی یەکگرتوو دەستی کرد بە هەوڵەکانی بۆ بەرپاکردنی ئاشتی و کۆتایی هێنان بە شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان. شاندی یەکگرتوو بریتین لە هەریەک لە محەممەد هاودیانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكان و لوقمان باسکەدێری، بەرپرسی نووسینگەی یەکگرتوو لە ئەنقەرە و لەلای ڕاستەوە دانیشتوون. شاندی تورکیاش کە لای چەپی هاکان فیدانەوە دانیشتوون، عەلی ڕەزا گونەی، باڵیۆزی پێشووی تورکیای لە بەغداد تێدایە. وەزارەتەکە هیچ شتێکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی فیدان و سەڵاحەدین بەهادین بڵاونەکردووەتەوە. بەڵام میدیای فەرمیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ڕێگەی هەژماری خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک، لەبارەی کۆبوونەوەکە نووسیویەتی "بە فەرمی یەکگرتوو دەستیکردووە بە هەوڵەکانی بۆ بەرپاکردنی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان". سەردانەکەی سەڵاحەدین بەهادین بۆ تورکیا لەکاتێکدایە، ڕۆژئاوای کوردستان لەژێر هێرشێکی چڕی سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارە نزیکەکانی ئەنقەرەیە کە لە ڕۆژی 6ـی ئەم مانگەوە بە پەلاماردانی هێزە کوردییەکان لە گەڕەکەکانی حەلەب دەستیپێکرد و لە ئێستادا کۆبانێیان گەماردۆداوە و هێرشەکانیان بۆ سەر حەلەب سەرەڕای ئاگربەستی چوار ڕۆژە، درێژەی هەیە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، سەرەڕای چوونە واری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست، بەڵام سوپای عەرەبیی سووریا هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی جزیرە و کۆبانێ بەردەوام کردووە و ئافرەتێک شەهید بووە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی هەسەدە، ئاگربەستەکە لە کاتژمێر 08:00ی ئێوارەی دوێنێ سێشەممە دەستیپێکردووە، بەڵام ئەو گرووپانە سەرەڕای ئاگربەستەکە زنجیرەیەک هێرشیان ئەنجامداوە، کە وردەکارییەکەی بەم شێوەیەی خوارەوەیە: 1. کاتژمێر 08:10ی ئێوارەی دوێنێ: سوپای عەرەبیی سووریا شارۆچکەی زرگانی باکووری حەسەکەیان بە تۆپی قورس تۆپباران کرد و تۆپبارانەکە بۆ زیاتر لە کاتژمێرێک بەردەوام بوو. 2. کاتژمێر 08:20ی ئێوارە: سوپای عەرەبیی سووریا بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر گوندی تل بارود لەسەر ڕێگای (ئەبیەز - ئەبیەز) لە باشووری حەسەکە. 3. کاتژمێر 11:30ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە: سوپای عەرەبیی سووریا هێرشیان کردە سەر هێزەکانی هەسەدە لە دەوروبەری شارۆچکەی سرین، هێزەکانی هەسەدە بەرپەرچی هێرشەکەیان دایەوە و شکستیان پێ هێنا. 4. کاتژمێر 11:45ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ: ڕەتڵێکی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا لە گوندی باسل لەسەر ڕێگای (ئەبیەز - ئەبیەز) لە باشووری حەسەکە، هێرشیان کردە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات. 5. کاتژمێر 02:10ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ: سوپای عەرەبیی سووریا هێرشێکی دیکەیان کردە سەر هێزەکانی هەسەدە لە دەوروبەری شارۆچکەی سرین لە باشووری کۆبانێ، هێزەکانی هەسەدە توانییان بەرپەرچی هێرشەکە بدەنەوە. 6. کاتژمێر 02:45ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ: سوپای عەرەبیی سووریا بە چەکی قورس گوندی حەمدونی باشووری کۆبانێیان تۆپباران کرد، کە بەو هۆیەوە ژنێک شەهید بوو. لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات جەخت لە پابەندبوونی خۆیان بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و دوورکەوتنەوە لە گرژییەکان دەکەنەوە. هەروەها داوا لە لایەنە زامنکارەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن و بەدواداچوون بۆ ئەم پێشێلکارییانە بکەن بۆ پاراستنی مەدەنییەکان و سەقامگیری ناوچەکە.
ئەردۆغان پیرۆزبایی لە حکومەتی سوریا دەکات بۆ هێرشکردنە سەر رۆژاڤا و دەشڵێت: هەسەدە گۆشەگیرکراوە و ناتوانێت هیچ بکات. سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: "لە کاتێکدا کەس باسی مافی کوردی سووریای نەدەکرد، چەندین جار داوای لە بەشار ئەسەد و بەرپرسانی پێشووی سووریا کردووە کۆتایی بە ستەمکارییەکانی سەر کوردانی سووریا بهێنرێت". ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: ئۆپەراسیۆنی سوپای سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە جێی خۆیدا بووە و هەسەدە یاری بەکات کردووە و وازی لە داواکارییە زۆرەکانی نەدەهێنا. - ئەردۆغان باس لەوە دەکات ئەوان وەک تورکیا بەردەوام داکۆکیان لەگەڵ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا کردووە و جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە ڕێگا بە هیچ هەوڵێکی جوداخوازی نادەن لە باشووری سنوورەکانمان. رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە وتارێكدا لەبەردەم فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمان: *سوریای دراوسێمان لە دوای شۆڕشی 8ی کانوونی دووەمەوە خەریکی خەباتێکی چڕ و پڕە بۆ بەدەستهێنانی یەکێتی لە وڵاتەکەدا. *لە 10ی ئازاری ساڵی ڕابردوو ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەو پێکهاتەیەی کە ناوی (هەسەدە)یە، کە خاکی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا داگیرکردووە، واژۆ کرا. بەگوێرەی ئەم ڕێککەوتنە، هێزەکانی (هەسەدە) چەکەکانی دادەنێن و ناوچە داگیرکراوەکانی ڕادەستی حکومەتی سوریا دەکەن، بەمەش یەکگرتوویی و یەکپارچەیی وڵاتەکە مسۆگەر دەکات. بەڵام (هەسەدە) هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی نەناوە لەو ماوەیەی کە بۆ ئەم یەکگرتنە دانراوە. *(هەسەدە) نەک هەر پابەند نەبووە بە ڕێککەوتنی 10ی ئازار، بەڵکو بەردەوام بووە لە چەوساندنەوەی خەڵکی مەدەنی لە ناوچە داگیرکراوەکان و هێرشکردنە سەر ئامانجە مەدەنی و سەربازییەکانی دەرەوەی ئەو خاکانە. *بەداخەوە دانوستانەکانی نێوان سەرکردەکانی (هەسەدە)و حکومەتی دیمەشق لە مانگی کانوونی دووەمدا سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەرئەنجامی نەرێنی لێکەوتەوە. *چەندین جار ڕامانگەیاندووە کە ناتوانین تەحەمولی پێکهاتەیەکی جوداخوازانە بکەین کە هەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتەکەمان دەکات لەسەر سنورەکانی باشوری تورکیا. وەک تورکیا هەر لە سەرەتاوە بە توندی بەرگریمان لە بوونی یەک دەوڵەتی سوریا کردووە لەچوارچێوەی یەكگرتووی سیاسیدا. *زۆر خۆشحاڵین بەو ڕێککەوتنە ئاگربەستەی دوێنێ ئەنجامدرا، هیوامان ئەوەیە کە ئەم بابەتە بەبێ خوێنڕشتنی زیاتر بۆ هەمیشەیی چارەسەر بکرێت. *ئێمە وەک خوشک و براکانیان باشتر دەزانین خوشک و برا کوردەکانمان لە سوریا لە ژێر دەسەڵاتی ستەمکاری پێشوودا چ چەوساندنەوەیەکیان بەسەردا هات. تەنانەت ناسنامەشیان پێنەدرا؛ ڕێگەیان پێنەدەدرا بە زمانی دایکی خۆیان قسە بکەن، یان کولتور و نەریتەکانیان بپارێزن. *کاتێک سەرۆک وەزیران بووم، لە ساڵی 2008 بەدواوە، لە هەموو ئەو کۆبوونەوانەدا کە ئەنجاممدا، ئەم نادادپەروەریانەم وروژاند. ئێمە بە بەردەوامی مافی خوشک و برا کوردەکانمان لە سوریا دەخستەڕوو. ئێمە لە هەموو دەرفەتێکدا جەختمان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە مافە بنەڕەتییەکانی کورد بدرێن. لە کاتێکدا کەس تەنانەت باسی ئەو بابەتانەی نەکرد، لە کاتێکدا کەس باسی مافەکانی کورد لە سوریا نەکرد، ئێمە بە ئاشکرا ئەمانەمان بۆ هاوتاکانمان دەربڕی و زۆر لەوە زیاترمان کرد کە دیارە یان دەزانرێت. *لە هەموو ئەو کۆبوونەوانەدا کە پێش پچڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕژێمی کۆن ئەنجامدرا، مافی خوشک و برا کوردە سوورییەکانمان لە سەرووی کارنامەی ئێمەوە مایەوە. بە واتایەکی تر ئێمە هەرگیز لە ڕوانگەیەکی خۆپەرستانە سەیری ئەم بابەتەمان نەکردووە، بەڵکو هەمیشە لە ڕوانگەی مرۆڤدۆستانەوە سەیری ئەم بابەتەمان کردووە. *دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ لە سوریا لە ساڵی 2011، خوشک و برا کوردەکانمان کەوتنە بەر چەوساندنەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان. منداڵان و لاوانی کورد لە سوریا لە پێناو خواستی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکاندا کێشرانە نێو ململانێکان و چەکیان پێدرا و ڕەوانەی مردن کران.. شێوازێکی ژیان کە لەگەڵ گەلی کورد و بیروباوەڕ و داب و نەریتی ناگونجێت بەسەریدا سەپێنرا. لەو ماوەیەدا تیرۆریستانی داعش شانبەشانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا خوشک و برا کوردەکانمانیان کردە ئامانج و کوشتیان. *گرنگە بزانین حکومەتی نوێی سوریا، دوای شۆڕش، کوردەکانی سوریای وەک هەموو گروپە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکەی ئەو وڵاتە لە باوەش گرت و زۆر بنیاتنەرانە بە ئاڕاستەی یەکگرتنی ڕاستەقینە مامەڵەی کرد. ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا، لە ڕێگەی ئەو فەرمانانەی کە دەریکرد، دانی بە مافی کورد لە سوریادا نا بۆ بوونیان و پاراستنی زمان و کولتووری خۆیان و بەشداریکردن لە حکومەتی سوریادا. 🔹ئەو راگەیەندراوەی کە لە 16ی كانونی دووەم ڕاگەیەندرا، بەیاننامەیەکی مێژووییە کە لەسەر بنەمای پرەنسیپی بەشداری یەکسان و دادپەروەرانەی خوشک و برا کوردەکانمان لە سوریا دامەزراوە. 🔹ئێمە هیچ دیزاینێکمان لەسەر خاکی هیچ وڵاتێک نییە، دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی هیچ وڵاتێکدا ناکەین؛ بەڵام ڕێگە نادەین زیان بە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەمان بگەیەنین.
ببینە منداڵانی کەمپی هۆل لە سوریا چۆن پەروەردەکراون، بەشێوەیەک هەموو کەسێک بە "کافر" دەزانن. ئەم کەمپە نزیکەی 30 هەزار منداڵ و ژنی ئەندامانی داعــ...،،،ــشی تێدایە و دوێنێ بەناچاری هەسەدە چۆڵیکرد، بۆیە مەترسییەکی گەورە دروستبووە بۆ سەرهەڵدانەوەی رێکخراوەکە. کەمپەکە هەشت هەزار چەکداری زیندانیکراوی داعــ...،،،ــشیشی تێدایە.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان محەمەد شەیاع سودانی، دوای چەند ڕۆژێک لە ڕادەستکردنی لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە، دەگاتە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان محەمەد شەیاع سودانی، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، گەیشتە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، لە سەرەتای گەشتێکی مەیدانیدا بۆ هەڵسەنگاندنی ئامادەیی هێزە چەکدارەکانمان بۆ دەستەبەرکردنی سنووری عێراق و سوریا. سودانی پێداچوونەوەی بە ئاستی ئامادەیی و جوڵەی مەیدانی پێکهاتە و یەکەکانی جێگیرکراو کرد، هەروەها بەرزبوونەوەی سربێکی چوار فڕۆکەی جەنگی ئێف 16ی بەخۆوە بینی، وەک بەشێک لە مەشقێکی تاکتیکی و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی چاودێری و وەڵامدانەوەی. هێزە چەکدارەکانمان چەند ڕۆژێک پێشتر بە تەواوی بنکەکەیان لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ بەرنگاربوونەووه داعش وەرگت، بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ساڵی 2024 لە نێوان عێراق و ئەمریکا ئەنجام دراوە و بڵاوەپێکردنیان لە ناوچەی ڕاسپێردراوی ئەرک و ئۆپەراسیۆنەکانیان تەواو کرد، بەپێی پلانە داڕێژراوەکان. نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق تانەی بەربژێرانی سەرۆککۆماری عێراقی یەکلاکردەوە و 4 بەربژێر گەڕانەوە بۆ کێبڕکێکە. بەگوێرەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، دادگەکە لە دانیشتنەکانی رۆژانی 19 و 20ـی کانوونی دووەمی 2026، بڕیاری کۆتایی لەبارەی 28 تانەی ئەو بەربژێرەوە داوە کە ناویان لە لیستی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی پەرلەماندا نەبوو. دادگەی باڵای فیدراڵی لە بڕیارەکەیدا دوورخستنەوەی 24 بەربژێری پەسندکرد و بڕیاری دا بە نادروستیی دوورخستنەوەی 4 بەربژێر و فەرمانی کرد ناویان بۆ لیستی کێبڕکێکە زیاد بکرێ، چونکە مەرجەکانی بەربژێربوونیان تێدایە. ئەو 4 بەربژێرەی تانەکانیان قبووڵ کراوە و گەڕانەوە بۆ کێبڕکێکە بریتین لە: 1- خالید سدیق عەزیز محەممەد 2- ئازاد مەجید حەسەن 3- رافع عەبدوڵڵا حەمید مووسا 4- سالم حەواس عەلی دادگەکە پەرلەمانی عێراقی پابەند کردووە بەوەی ناوی ئەو چوار کەسە بخاتە ناو لیستی کۆتایی ئەو بەربژێرانەی کە مەرجە یاساییەکانیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار تێدایە. بەگوێرەی راگەیێندراوی دادگاکە، بڕیارەکان بە کۆی دەنگ دەرکراون و "کۆتایی و پابەندکەرن" و دانیشتنەکانیش بە شێوەی داخراو بەڕێوەچوون.
سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، گفتوگۆیان لەبارەی مەترسییە ئەمنییەکانی سووریا کرد و سوودانی جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ڕێگری لە هەڵاتنی تیرۆریستانی داعش لە زیندانەکان بکرێت. پوختەی گفتوگۆکە بەپێی راگەیەندراوەکە: * سودانی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لەم قۆناغە هەستیارەدا کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، بە جۆرێک کە مافی سەرجەم پێکهاتەکان (بەتایبەت کورد) پارێزراو بێت و یەکپارچەیی خاکی سوریا تێکنەچێت. * یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان، رێگریکردن بوو لە هەڵاتنی چەکدارانی د.ا*عش لە زیندانەکان؛ سودانی جەختی کردەوە کە نابێت رێگە بدرێت تیرۆریستان بارودۆخەکە بقۆزنەوە بۆ تێکدانی ئارامیی عێراق و سوریا و ناوچەکە. * هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کردەوە وەک بەرژەوەندییەکی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.
هێزەکانی هەسەدە، یەپەژە و یەکینەکانی دژە-تیرۆر کە گرتووخانەی ئەقتان لە شاری ڕەقە دەپارێزن، ڕووبەڕووی هێرشی دژواری چەتەکانی حکومەتی کاتی دەبنەوە. مەترسیی ڕاکردنی دوو هەزار داعش لە گرتووخانەکە هەیە. زیندانی ئەقتان لە شاری ڕەقە نزیکەی دوو هەزار چەتەی داعشی تێدایە. زیندانەکە لە ١٨ـی کانوونی دوومەوە ڕووبەڕووی هێرش دەکرێتەوە لەلایەن چەتەکانی حکومەتی کاتیی سووریاوە. شەڕڤانانی قەسەدە و یەپەژە و یەکینەکانی دژە-تیرۆر هەم بەرەنگاری هێرشەکان دەبنەوە، هەم ڕێگری دەکەن لە ڕاکردنی چەتەکانی داعش. سەرەڕای بانگەوازی بەردەوام لە هێزەکانی هاوپەیمانیی نەتەوەیی و هێزە نێونەتەوەییەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ڕاکردنی چەتەکانی داعش بەهۆی ئەم هێرشانەوە، تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێک نەدراوەتەوە. هەروەها زیندانەکە ڕووبەڕووی هێرشی درۆنێکی تورکی بووەوە کە لە ئەنجامدا زیانی ماددی پێگەیشت. لەگەڵ ئەم هێرشەدا چەتەکان ویستیان ئاڵۆزییەک لە ناو زیندانەکەدا دروستبکەن، بەڵام ئەمە لە ماوەیەکی کەمدا کۆنترۆڵکرا. قەسەدە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە چەن شەڕڤانێکیان لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر زیندانی ئەقتان شەهید بوون و ئاماژەی بەوە کرد کە زیندانی ئەقتان یەکێکە لە زیندانە هەرە ناودارەکان کە چەتەکانی داعش تێیدا زیندانین. ئەمڕۆ ئەو هێزانەی کە زیندانەکە دەپارێزن بانگەوازیان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد کە دەستبەجێ ڕێوشوێن بگرێتە بەر. شەڕڤانان بەڵێنیان دا کە ئەوان بە هەموو شێوەیەک گەلەکەیان لە تیرۆر دەپارێزن.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی ترەمپ بۆ سوریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، کۆبوویەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، هاکان فیدان وەزیری دەروەی تورکیا و تۆم بەڕاک نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا هاکان فیدان و تۆم بەڕاک دۆخی سووریایان تاوتوێ کرد. ئەمڕۆ سێشەممە، حکوومەتی تورکیا هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند؛ بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە "ئیستفزاز و هاندان" نادەن سەبارەت بەو ئاڵۆزییانەی لە سووریا ڕوودەدەن. لای خۆیەوە عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' جەختی لەسەر ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان کردەوە و ڕایگەیاند: "تورکیا بە وردی و لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنەکانی ناو خاکی سووریا و هەموو جووڵەکان لەسەر سنوورەکانمان دەکات." وەزیری ناوخۆ لە درێژەی پەیامەکەیدا هۆشداریی دا و گوتی: "ڕێگە بە هیچ جۆرە دەسپێشخەرییەک یان ئیستفزازێک نادەین کە ئارامی و ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەمان بکاتە ئامانج." ئەم لێدوانانەی وەزیری ناوخۆی تورکیا دوای ئەوە دێت کە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاری ئەمنیدا تێپەڕ دەبێت و مەترسیی گواستنەوەی ئاڵۆزییەکانی سووریا بۆ ناوخۆی تورکیا بووەتە جێی بایەخی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو هێرشی چەکدارانی دیمەشقیان لە بەرەی سەرین لە باشووری کۆبانێ تێکشکاندووە و لەئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆشیان لەناوچوون و ئەوانەشی لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا بوون کوژران. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە: - بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، رووبەڕووی دوو هەوڵی هێرشی یەک لە دوای یەکی هێزەکانی حکومەتی سووریا لە بەرەی سرینی باشووری کۆبانێ بوونەتەوە و تێکیانشکاندوون. - بەرەبەیانی ئەمڕۆ كاتژمێر 3:00 تاوەکو 06:00ـی بەیانیی هێزەکانمان بە ئازایەتی و توانایەکی بەرزەوە بەرپەرچی هێرشەکانیان دایەوە." - لە پێکدادانەکانی بەرەی سریندا "ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆشی هێزەکانی حکومەتی سووریا تێکشکێندراون و سەرنشینەکانیان کوژراون." - لە بەرەی "ئەبو سوڕە"، هێزەکانیان بە وردی گورزێکیان لە کاروانێکی سەربازیی هێزەکانی حکومەتی سووریا داوە و ناچاریان کردوون "بکشێنەوە و هەڵبێن." - لە بەرەی گوندی "خان مامەد" لە باشووری رۆژهەڵاتی کۆبانێ، هەوڵێکی دیکەی پێشڕەوی تێکشکێندراوە و "دوژمن گورزی کەمەرشکێنی بەرکەوتووە و پلانەکەی شکستی هێناوە و ناار بە کشانەوە کراوە." - هێزەکانی سووریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) لە ئامادەیی تەواودان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەک، بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە گەل و خاکەکەیان
موراد قەرەیلان فەرماندەی هەپەگە، پەیامێکی بۆ گەلی کورد و بەرخۆدانی ڕژئاوای کوردستان نارد و گوتی: "گرنگ نییە بەلامانەوە چی ڕوودەدات، بە هەر جۆرە قوربانیدانێک بێت گەلی ڕۆژئاوا دەپارێزین. وەک گەلی کورد و تەڤگەری ئازادیمان؛ چی پێویست بکات ئەنجامی دەدەین." فەرماندەی هێزەکانی پاراستی گەل (هەپەگە) موراد قەرەیلان لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فوارات (ANF)ـەفەوە پەیامێکی بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کورستان نارد و گوتی: "ئەوەی پێویست بکات وەک گەلی کورد و تەڤگەری ئازادیمان بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەنجامی دەدەین. دوور نییە سبەی یان کاتێکی گونجاو ئەم شەڕە باشووری کوردستانیش بگرێتەوە و بکرێتە ئامانج و ئامانجە تەواوی کوردستان و دەستکەوتەکانی کوردانە." "بۆ هەموو گەلی هێژا و گەلی ڕۆژئاوای کوردستانمان؛ سەرەتا بەڕێزدارییەوە سڵاوتان لێ دەکەم. دیارە وەک گەل بە قۆناغێکی مێژووییدا تێپەڕ دەبین. لە حەلەب تا حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان شەڕ لە ئارادایە. لە کەسێتی فەرماندە زیاد حەلەب و دەنیز چیاکاکاندا هەموو شەهیدانی ئەم شەڕە بەڕێزدارییەوە یاد دەکەینەوە. ئەمەی لە ڕۆژئاوا دەگوزەرێت بە تەنها شەڕێک نییە لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەڵکو شەڕە لەسەر تەواوی کوردستان. سبەی یان لە کاتێکی دیکەی گونجاودا، دوور نییە باشووری کوردستان وستاتۆکەی بکرێتە ئامانج وەک دەردەکەوێت لە دیزاینکردنەوەی ناوچەکەدا نایانەوێت گەلی کورد جێگە و پێگەی هەبێت. نایانەوێت گەلی کورد ببێتە خاوەن ئیرادە و ستاتۆی خۆی. سبەی یان لە کاتێکی دیکەی گونجاودا، دوور نییە باشووری کوردستان و ستاتۆکەی بکرێتە ئامانج. هەرخۆی ئەم شەڕ و هێرشەی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بۆ تەنهاکردن و دوورخستنەوەی ستاتۆی باشووری کوردستانە...
هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێكدا: - لە 6ـی کانوونی دووەمەوە گەلەکەیان رووبەڕووی هێرشی دڕندانە بووەتەوە، ئەمرۆ دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی کە خاوەن بیری داعشن، هێرشەکانیان بۆ سەر گەلەکەمان چڕ کردووەتەوە، بەو خەیاڵەی کە بتوانن ئیرادەی ئێمە بشکێنن. - وەک چۆن لە ساڵی 2014 کۆبانێمان کردە گۆڕستان بۆ ئەو داعشانەی تورکیا پشتیوانی دەکرد، ئەمرۆش بە هەمان ئیرادەوە رایدەگەیێنین کە شارەکانمان لە دێرکەوە تاوەکو حەسەکە و کۆبانێ، دەکەینە گۆڕستان بۆ داعشە نوێیەكان کە لە لایەن تورکیاوە ئاراستە دەکرێن." - سنورەكان تێكبشكێنن و یەكلگرن ئەمرۆ رۆژی کەرامەت و بەرپرسیارێتیی مێژووییە؛ ئێمە جارێکی دیکە نیشانی دەدەین کە ئیرادەی گەلان لە هەر جۆرە داگیرکارییەک بەهێزترە.
هەسەدە چۆن تێکەڵ بە سوپای سوریا دەکرێت؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی لەماوەی 48 کاتژمێردا کورد لە رۆژاڤا خاکێکی زۆری لەدەستدا و ناچارکرا بە کشانەوە، بەڵام چەندین هۆکار هەبوون کە گرینگترینیان ئەمریکای لەپشتە. هەروەک چۆن واشنتن لەساڵی 2019 گڵۆپی سەوزی بۆ ئەنقەرە هەڵکرد تا گرێسپی و سەرێکانی لە رۆژاڤا داگیربکات، ئەمجارەش وادەردەکەوێت ئەمریکا هەمان کاری بۆ دیمەشق کردبێت چونکە لە راستیدا ئەمریکا هەسەدە وەک هاوپەیمانێکی نابینێت، بەڵکو تەنها وەک هاوبەشێکی بازرگانی تەماشای دەکات و هەرکات بەرژەوەندی لەگەڵ نەما وازی لێدەهێنێت. ئەمە قسەی خودی چەند بەرپرسێکی ئەمریکییە کە خۆیان لەبارەی هەسەدەوە کردوویانە. ئێستا لەنێو کورد تووڕەیەکی زۆر دژی ئەمریکا دروستبووە، بەتایبەتی لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەم هەنگاوەی واشنتن بە "خیانەت" ناوزەند دەکەن، بەڵام من پێتان دەڵێم بەشێک لە بەرپرسە ئەمریکییەکان پێشتر چۆن باسی کورد و هەسەدەیان کردووە. ساڵی 2017 جۆناسان کۆوهن، کە بەرپرسێکی خانەنشینی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە، لە پانێڵێکدا باسی سیاسەتی ئەمریکای بەرامبەر هەسەدە کرد و گوتی، سیاسەتێکی کاتی، مامەڵەکاری و تاکتیکییە. هەر ئەمە نییە، بەڵکو ئیدارە یەکلەدواییەکەکانی ئەمریکا هەڵوێستیان بەمجۆرە بوو بەرامبەر کورد و هەسەدە چونکە پێشتریش جەیمس جێفری، نێردەی پێشووی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا، لە کۆتایی ساڵی 2018 لەبارەی هەسەدەوە گوتی، پەیوەندییەکی هەمیشەییەمان لەگەڵ قەوارەی خوار دەوڵەت نییە، پەیوەندی ئێمە بە هەسەدەوە تەکتیکییە و سروشتێکی مامەڵەکاری هەیە. تەنانەت تۆم باراک، کە ئێستا نێردەی ترەمپە بۆ کاروباری سوریا، لەناوەراستی ساڵی رابردوو قسەیەکی تووندتری کرد و گوتی: هەسەدەیە یەپەگەیە، یەپەگەش بەشێکە لە پەکەکە، ئەمریکا پشتگیری لە دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ هەسەدە یان کوردستانێکی ئازاد ناکات. لەبەر ئەم هۆکارەیە ئەمریکا هەرکات کاری بە هەسەدە نامێنێت بەمجۆرە پشتی تیێدەکات، هەر بۆیە بەرپرسێکی باڵای یەکێک لە وڵاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە پێگەی ئەلمۆنیتەری گوتووە، ئەمریکا وەک "کۆمپانیایەکی سیکیوریتی" تەماشای هەسەدە دەکات. هۆکارێکی دیکەی لەدەستدانی ئەو خاکەی بەدەست بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرە بوو، هەڵگەڕانەوەی هۆزە عەرەبەکان بوو لە تەبقا، رەققە و دێرەزوور کە پێشتر هەسەدە لەدەستی داعش پاراستنی، بەڵام بە رۆژێک خیانەتیان کرد و پشتیان تیکرد. پێگەی ئەلمۆنیتەر دەڵێت، هەر ئەمە بوو وای لە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە کرد، بە ناچاری رێککەوتنەکەی حکومەتی سوریا واژۆ بکات. بەشێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ بێدەنگی ئیسرائیل، چونکە ئەلمۆنیتەر دەڵێت، ئەو رێککەوتنەی ئیسرائیل لەگەڵ سوریا لە شەشی ئەم مانگە واژۆیکرد بەجۆرێک ئیسرائیلی قایلکردووە کە خیتابەکانی لەسەر سەربەخۆی کورد و دروزەکان کەمبکاتەوە. ئەوەی لە رێککەوتنەکەدا سوودێکی زۆر دەکات تورکیایە چونکە جێبەجێکردنی بەشێکی زۆری خواستەکانی تورکیایە، بەتایبەتی لەبارەی تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سوریا. پێنجشەممەی رابردوو هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هەسەدە هێشتا کیشەیە لە سوریا و لەساڵی 2026 ئەو کێشەیە ناهێڵین. پێش ئەم قسەیەی هاکان فیدان، سوریا بەوە رازیبوو بوو هەسەدە بە سێ فیرقەی جیاواز بچێتە نێو سوپاوە، بەڵام لەدوای ئەم قسەیەوە هەموو شتەکان گۆران و لە رێککەوتنەکەدا ئەوە چەسپێنراوە کە دەبێت سەرجەم هێزەکانی هەسەدە بە تاک بچنە نێو سوپای سوریا، واتە هەسەدە هەڵدەوەشێتەوە و شەڕڤانانیش تاک تاک دابەش دەبن بەنێو سوپا و کاریگەرییان نامێنێت، ئەمە جگە لەوەی رەنگە بەهۆی پاساو و تۆمەتی "تیرۆر" لە پرۆسەی هەڵسەنگاندندا بەشێکیان لە سوپای وەرنەگیرێن.
