ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا (ترۆیکای ئەورووپی) سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، ڕایانگەیاند، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران کارا کرایەوە. ئەم بڕیارە دوای تەواوبوونی میکانیزمی سناپباک، واتا "گەڕانەوەی سزاکان" دێت و وەک کاردانەوەیەک بۆ جێبەجێنەکردنی ئەرکەکانی تاران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی لێکدرایەوە. وەزیرانی دەرەوەی هەرسێ وڵات لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، داوایان لە ئێران کرد خۆی لە هەر هەنگاوێکی هەڵکشان بپارێزێت و بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە ئەرکەکانی لە ژێر پارێزبەندییە یاساییە پابەندکەرەکاندا. ئەوان ئاماژەیان بەوەش کرد، دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی دیپلۆماسی نییە. سێ زلهێزەکە ڕایانگەیاند، بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی نوێ، بە مەبەستی دڵنیابوون لەوەی ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت. جەختیشیان لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی خێرای ئەو سنووردارکردنانەی کە دووبارە سەپێنراونەتەوە، کردەوە و داوایان لە هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد ئەو سزایانە جێبەجێ بکەن. لای خۆیەوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، داوای لە ئێران کرد دوای سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕازی بێت لەسەر دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا. ڕوبیۆ ڕایگەیاند، بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا پشتڕاستی دەکاتەوە، جیهان ملکەچی هەڕەشەکانی نابێت و تاران لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. ئاماژەی بەوەشدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بە ڕوونی باسی لەوە کردبوو، دەرگای دیپلۆماسی بە کراوەیی ماوەتەوە و گەیشتن بە ڕێککەوتن بە باشترین بژاردە بۆ گەلی ئێران و جیهان دەمێنێتەوە. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە وڵاتانی دیکە کرد "بەپەلە سزاکان جێبەجێ بکەن" گەمارۆکانی بۆ سەر تاران دەستپێبکەن.
بەپێى هەواڵى میدیاکانى تورکیا، نووسەر و کۆمەڵناسی بەناوبانگی تورک ئیسماعیل بێشیکچی ئەمشەو جەڵتەى مێشک لێى داوەو ئێستا لەنەخۆشخانەى دیاربەکرە. زانیاریەکان ئەوەش دەخەنەڕوو کە ناوبراو بارودۆخى تەندروستى ناجێگیرە، پزیشکەکان ئیستا سەرقاڵى چارەسەرکردنین لەبەشى چاودێرى چڕ. میدیاکان دەڵێن: بێشیکچی لە میانی گفتوگۆیەکدا دوای نمایشکردنی فیلمی دیکۆمێنتاریی تەواوی ژیانی لە نۆیەمین فێستیڤاڵی فیلمی دۆکیۆمێنتاری فیلم لە دیاربەکر بارى تەندروستى تێکدەچێت و بە پەلە دەگەبەندرێتە نەخۆشخانە. ئیسماعیل بێشیكچی نووسهر و كۆمهڵناسی بهناوبانگی تورك بهدۆستی كورد ناسراوه، له 7ـی1ـی1939 له پارێزگای چۆڕوم لهدایكبووه. دهرچووی كۆلێژی زانسته سیاسییهكانه له زانكۆی ئهنقهره. له ساڵی 1965 دكتۆرای له بواری كۆمهڵایهتی بهناونیشانی "گۆڕانكاری له رۆژههڵات و كێشه بونیاتنهرهكان و كۆچی هۆزهكان" بهدهستهێنا. بههۆی بۆچوونه سیاسییهكان و دۆستایهتیكردن كورد، له ساڵی 1970 دكتۆرایهكهی لێ سهندرایهوه و له ساڵی 1971 له ئامهد بۆ ماوهی 17 ساڵ و دوو مانگ زیندانیكرا.
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، بنیامین نەتەنیاهوو لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ناچار بوو گوتار پێشکێشی کورسییە بەتاڵەکانی هۆڵەکە بکات. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا دەڵێت: نەزمی نێودەوڵەتی درزو كەلێنی تێكەوتووە، ئەو سیستەمەی لە دوای جەنگی جیهانی دووەم لەلایەن براوەكانی جەنگەوە دامەزرا، کاریگەری و متمانەی خۆی لەدەستداوە، رۆژ بە رۆژ کێبڕکێی جیهانی لە توندبونەوەدایە، روبەڕوی ئاڵنگاری جۆراوجۆر دەبینەوە، لە قەیرانی ئاو و کەشوهەوا تا دەگاتە شەڕی بازرگانی. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی دیپلۆماسی بۆسفۆرس لە ئیستەنبووڵ کە رۆژی شەممە 27-09-2025 بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێش کرد و بە تووندی رەخنەی لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرت. ئەردۆغان، بنیامین نەتەنیاهووی بە کەسێکی "کۆمەڵکوژکار" ناوبردەوە و گوتی، "رێک دوو ساڵە بە بەرچاوی تەواوی خەڵکەوە، کۆمەڵکوژییەکی شێتانە و شەرمەزاری لە غەززە هەیە. نەتەنیاهوو و ستافە کۆمەڵکوژەکەی بە پێشکەوتووترین چەک هێرش دەکەنە سەر بێتاوانەکان و بۆمبیان بەسەردا دەبارێنن." ئەردۆغان گوتی، "بەساڵاچووان و منداڵان، تەنانەت کۆرپەی نێو شووشە لەلایەن ستافی کۆمەڵکوژییەوە بێ بەزەییانە لە غەززە دەکوژرێن. هەروەها برسیەتی وەک چەکێکی قڕکەر بەکاردێ. کارمەندانی تەندروستیی رزگارکەر و ئەو میدیاکارانەی کۆمەڵکەژییەکە تۆماردەکەن، بەبەر چاوی جیهانەوە دەکوژرێن." سەرۆککۆماری تورکیا کاتی گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەبیر ئامادەبووان هێنایەوە کە بەشێکی زۆر لە میوانان هۆڵەکەیان جێهێشت و گوتی، "دوێنێ لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ئەو بکوژەی نەتەنیاهووی پێدەڵێن، ناچار بوو گوتار پێشکێشی کورسییە بەتاڵەکانی هۆڵەکە بکات. کاتێک ئاهی ستەمدیدە دەتگرێ، بە هێواشی تۆڵەت لێ دەکاتەوە." لەو گوتارەی کە لە هەشتایەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکێشی کرد، ئەردۆغان بەشی هەرە زۆری گوتەکانی تایبەت بە غەززە بوو و رەخنەی تووندی لە ئیسرائیل گرت.
ئەمڕۆ شەممە یەک دۆلار ١١٠ هەزار تمەنی تێپەڕاند، کە بەرزترین ئاستی نرخی دۆلاری ئەمریکییە لە بەرامبەر تمەن. ئەمڕۆ شەممە یەک دۆلار بە 108 هەزار 500 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت کە بەرزترین ئاستی نرخی دۆلاری ئەمریکییە لە بەرامبەر تمەن. لە سەروبەندی گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران، لە بازاڕی ئازادی ئێران یەک دۆلار بە ١١٠ هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت، هەروەها نرخی دیزاینە نوێیەکەی دراوەکە بەناوی "ئیمامی" ١١١ ملیۆن تۆمانی تێپەڕاندووە. هەروەها نرخی یۆرۆ گەیشتە نزیکەی ١٣٠ هەزار تۆمان. هاوکات ڕێژەی هەڵاوسان لە مانگی ئەیلولدا زیاتر لە 45% بووە، بە پێی ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران، لەم مانگەادا ڕێژەی هەڵاوسانی ماڵەکانی وڵات لە سەدا ٤٥.٣ بووە. شەوی رابردوو، ئەنجوومەنی ئاسایش پرۆژەیەکی پێشنیازکراوی چین و رووسیای رەتکردەوە کە داوای کردبوو سەپاندنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران دوابخرێت بۆ ئەوەی بوار بۆ گفتوگۆی زیاتر لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بڕەخسێت. پێشنیازەکە دەنگی نەهێنا و بەوپێیەش لە رۆژی یەکشەممەوە گەمارۆ تووندەکانی وڵاتانی رۆژئاوایی لەسەر ئێران دەسەپێندرێنەوە. ئەوەش کاریگەری لەسەر دابەزینی زیاتری بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی داناوە. لە ماوەی یەک هەفتەدا نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن بە رێژەی 5.5٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەمڕۆ شەممە 9/27، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ محەمەد شیاع سوودانی پێگەیشت. لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان بە دەستکەوتێکی گرنگ ناوبرد کە لە خزمەتی هەموو عێراقییەکاندایە. سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ سوپاسی سەرۆکی حکومەتی کرد بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنە گرنگە و سەرۆکی حکومەتیش دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرد بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواست ئەم ڕێککەوتنە ببێتە ڕێخۆشکەر بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گاز. سەرۆکی حکومەت داواشی کرد کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببێت بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی کوردستان لە دڵەڕاوکێدا نەبن. گوتیشی نابێت مووچەکانی ئەمساڵیش بفەوتێن. سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆکی حکومەت هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لە بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2026، پێویستە هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی هەبێت. سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ جەختی کردەوە کە دەرفەتی ئابووری گرنگ لە ئارادان بۆ ئەنجامدانی گەشەپێدانی زیاتر لە هەموو عێراق، لە بەسڕەوە تا هەرێمی کوردستان. لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە گرنگیی ئەنجامدانی پڕۆژی ڕێگەی گەشەپێدان کرا ، کە بۆ ئەم مەبەستە، بەم زووانە لیژنەیەکی تایبەت لە بەغداوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ نەهێشتنی هەموو ئاستەنگەکان لە بەردەم جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گرنگە کە کاریگەرییەکی گەورەی لە سەر گەشەپێدانی ئابووری لە هەموو عێراقدا دەبێت
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند: رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، بە ئامانجی ئەوەیە کۆنترۆڵی تەواوی سەرجەم داهاتەکان بکرێت هەروەها وتیشى: پڕۆسەی ناردنە دەرەوەی نەوت بەشێوەی رێکوپێک بەڕێوەدەچێت و لە رۆژانی داهاتوودا رێژەکە زیاتر دەبێت وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، "رێککەوتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی رێکوپێک بەڕێوەدەچێت و ئامانجی کۆنترۆڵکردنی سەرجەم داهاتە نەوتییەکانە." عەبدولغەنی جەختی لەوەشکردەوە، "لە رۆژانی داهاتوودا ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرزدەبێتەوە." هاوکات وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "کاتژمێر (7:00)ی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی کەرکووک - جیهان بە سەرکەوتووانە دەستیپێکرد." دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، کاتژمێر 6:50 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025 هەناردەکردنەوەی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی نەوتی پێشابوورەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستی پێکردەوە و ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی کوردستان لەو بەندەرە بەبازاڕ دەکرێت. دوای چەندین کۆبوونەوەی شاندی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، دواجار ڕێککەوتنی سێقۆڵی لەنێوان هەردوو وەزارەت و کۆمپانیا بیانییەکانی وەبەرهێنانی نەوت کرا، بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جیهان دەکرێتەوە. هەر ئەمڕۆ عامر خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران، محەممەد شیاع سوودانی و بە چاودێری وەزیری نەوت، حەیان عەبدولغەنی و بەهاوکاری ڕاستەوخۆی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە.
ئێران باڵوێزەکانی خۆی لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بانگهێشت دەکاتەوە بۆ ڕاوێژ میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردەوە، ئێران باڵیۆزەکانی لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بانگهێشتکردووەتەوە بۆ ڕاوێژکردن، دوای ئەوەی سێ وڵاتەکە میکانیزمێکیان دەستپێکردووە بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر تاراندا. تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران بڵاوی کردەوە کە "دوای هەنگاوی نابەرپرسانەی سێ وڵاتی ئەوروپی بۆ کاراکردنەوەی بڕیارنامە هەڵوەشاوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، باڵوێزەکانی ئێران لە ئەڵمانیا، فەرەنسا و شانشینی یەکگرتوو بانگهێشتی تاران کران بۆ ڕاوێژکاری". سەپاندنەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا بووە بە ئەنجامێکی پێشوەختە دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایش دەنگی بەدژی دواخستنی ئەو هەنگاوە دا، سەرەڕای دەستپێکردنەوەی پشکنینی شوێنە ئەتۆمیەکانی ئێران لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییەوە. عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا لە رووی یاساییەوە نادروستە، ئەوەش دوای شکستی هەوڵێکی روسیاوچین بۆ دواخستنی دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر تاران هات. عراقچی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راگەیاند: چالاککردنی "سناپباك" لەلایەن ترۆیکای ئەوروپی (ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا) بۆ سەپاندنەوەی سزاکان لە ڕووی یاساییەوە نادروستە، لە ڕووی سیاسییەوە هەڵەشەییە و لە ڕووی رێکارەکانەوە کەموکوڕی تێدایە. وتیشی: فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا روبەڕوبونەوەیان هەڵبژاردووە لەبری دیالۆگ، داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد سەپاندنەوەی سزاکان بە نایاسایی بزانێت. جەختیشكرد: گەمارۆکان زیان بە گەلی ئێران دەگەیەنن و ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا دەرئەنجامە خراپەكانی دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر تاران لەئەستۆ دەگرن. عراقچی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای وتەکانی لە ئەنجومەنی ئاسایش جەختی لەوە کردەوە: دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان شکست دەهێنێت و چارەسەریش لە گفتوگۆدایە. رونیشی کردەوە: بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی ئاشتیخوازانەیە و تاران تەنانەت دوای کشانەوەی واشنتۆنیش لە رێککەوتنە ئەتۆمییەكە پابەند بووە.
شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا دەستی پێکردەوە. لەدوای ئاداری ساڵی 2023 بۆ یەکەمجار نەوتی کوردستان رەوانەی بازاڕەکانی نەوتی جیهان دەکرێت. بەیانیی رۆژی شەممە، قوفڵی بۆرییەکان کرانەوە. رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2025، بە ئامادەبوونی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیای سۆمۆ رێوڕەسمی کردنەوەی بۆرییەکە بەڕێوەچوو. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بەرەبەیانى ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 06:00 بەیانیی ئەمڕۆ هەناردەکردنەکە لە هەموو کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە." رۆژی هەینی 26ی ئەیلوولی 2025 عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، نەوتی خاوی بەرهەمهێندراو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت دەکرێت، 50 هەزار بەرمیل رۆژانە بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان دەبێت و سامانە سرووشتییەکان سەرپەرشتیی بەکارهێنانی دەکات. بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاماژەی بەوەکرد، "کۆبوونەوەکان زیاتر لە 30 مانگیان خایاند و رێککەوتنەکە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی سێ ساڵە بوو." لە قۆناخی یەکەمدا 190 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت، ماوەی 24 بۆ 48 کاژێر پێویستە تاوەکو نەوت دەگاتە بەندەری جەیهان. عەلی نزار دەڵێت، دەکرێت هەر بەم رێککەوتنە نەوتی کەرکووکیش لە رێگەی بۆریی تورکیاوە هەناردە بکرێتەوە. سەبارەت بە پارەی نەوتیش، بەڕێوەبەری سۆمۆ گوتی، "پارەی نەوت دەخرێتە سەر هەژماری عێراق لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا." لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی پاریس کە دوو ساڵ و نیو پێش ئێستا درا، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا، کە ئەوکات لەگەڵ نەوتى کەرکووکدا بڕەکەى رۆژانە دەگەیشتە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل. بەڵام دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر شێوازی هەناردەکردنەوە و رێککەوتنی سێقۆڵیش لەگەڵ کۆمپانیاکان، ئەمڕۆ جارێکی دیکە هەناردە دەستیپێکردەوە.
بەڕێوەبەری سۆمۆ جەخت دەكاتەوەلەوەی بنەماكانی رێككەوتنە سێقۆڵیەكە چارەسەری كۆتایین بۆ تەواوی كێشەكانی رابردوو. عەلی نزار، بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق-سۆمۆ راگەیاند، بە گوێرەی ئەو رێككەوتنەی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم كراوە، پارێزگا بەرهەمهێنەكانی نەوت لە هەرێم هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عیراق، نەوتەكەیان رادەستی حكومەتی فیدراڵی دەكەن، بەوەش هیچ گرفتێك لەبەردەم خەرجكردنی مووچەی موچەخۆرانی هەرێم نامێنێت. ئاماژەی بەوەشكرد، رێككەوتنەكە بۆ ناردنی موچە نەبووە لەبەرانبەر وەرگرتنی نەوتدا، بەڵام ئەو بنەمایانەی رێككەوتنەكەی لەسەر جێگیر كراون چارەسەری كۆتایین بۆ تەواوی ناكۆكی و گرفتەكانی پێشوو لەبارەی توركیاشەوە دووپاتیكردەوە، ئامادەكاریی تەواوی كردووە بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە نەوتەی لەسەری رێككەوتوون سەرچاوەیەكی باڵای وەزارەتی نەوتی عیراقیش راگەیاند، لە قۆناغی یەكەمیدا حەوت لە كێڵگەكانی خورمەڵە، تاوكێ، شێخان، ئەتروش، سەرسەنگ، هەولێر و گەرمیان، نەوت رەوانەی بەندەری جەیهان دەكرێت. هاوکات ئەمڕۆ هەینی 26ی ئەیلوولی 2025 عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، نەوتی خاوی بەرهەمهێندراو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت دەکرێت، 50 هەزار بەرمیل رۆژانە بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان دەبێت و سامانە سرووشتییەکان سەرپەرشتیی بەکارهێنانی دەکات. دوێنێ پێنجشەممە 25ى ئەیلوول محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە پۆستێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "گەیشتینە رێککەوتنێکى مێژوویی، کە بەگوێرەى رێککەوتنەکە وەزارەتى نەوتى فیدراڵ، نەوتى بەرهەمهێندراوى هەرێمى کوردستان وەردەگرێت و لە رێگەى بۆریى عێراق - تورکیاوە هەناردە دەکرێت." بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاماژە بەوە دەکات، "کۆبوونەوەکان زیاتر لە 30 مانگیان خایاند و رێککەوتنەکە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی سێ ساڵە بوو." لە ئاداری ساڵى 2023وە و لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، کە ئەوکات لەگەڵ نەوتى کەرکووکدا بڕەکەى رۆژانە دەگەیشتە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل.
سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کورتولموش لە ٢٨هەمین خولی سێیەمین کۆبوونەوەی هەڵسەنگاندنی ساڵی یاسادانان سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی لێدوانی دا. کورتولموش گوتی: "دەبێت پەلە بکەین" و ڕایگەیاند پرۆسەکە هەم بەگوێرەی ماف و شکۆی کوردان، هەم بەگوێرەی هەستیارییەکان تورکەکان بەڕێوەدەچێت. هەروەها گوتی: "لەلایەک دەبێت ماف و شکۆی کوردان لەبەرچاوبگیرێت، لەلایەکی تر دەبێت هەستیاری و شکۆی تورکەکان کە زۆرینەی تورکیان، لەبەرچاو بگیرێت. بۆیە بە ڕەچاوکردنی ئەم هەستیارییە گەیشتووەتە ئەم ئاستە". هێشتا کۆبوونەوە لە پلاننامەدا نییە کورتولموش تیشکی خستەسەر بانگەوازەکانی ڕێبەر ئاپۆ و ڕایگەیاند کە سووتاندنی چەکەکان و بڕیاری کۆتاییهێنان بە چالاکییەکان لەژێر ناوی پەکەکەدا، پرۆسەکە خێراتر دەکات. سەبارەت بە پرسیاری "ئایا کۆمیسیۆن لەگەڵ ئۆجالان کۆدەبێتەوە؟"، کورتولموش گوتی: "هێشتا لە پلاننامەدا نییە". کورتولموش ڕایگەیاند "ئەگەر ئەم باسە بێتە نێو پلاننامەی کارەوە، کۆمیسیۆن بڕیاری لەسەر دەدات. بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگ دەدرێت. بڕیارەکە تەنها بە دەستی من نییە، هەموو بڕیارەکان بە زۆرینەی دەنگەکان دەدرێن. هەموو شتەکان لەبەر چاوی ڕای گشتی دەبن". هەروەها جەختی کردەوە کە ئەرکی کۆمیسیۆنەکە یاسادانان نییە، چاودێریی پرۆسەکە و پێشکەشکردنی چوارچێوەیەکە، گوتی کە سەرۆکی میت و وەزیر بەشداری دوایین کۆبوونەوەی گوێگرتن دەبن. بەم نزیکانە یاسای پەیوەندیدار دەردەکرێن هەروەها ڕایگەیاند کە ئەرکی کۆمیسیۆن ئامادەکردنی یاسا نییە، ئەرکی سەرەکی کۆمیسیۆنەکە چاودێریکردنی سەرخستنی پرۆسەکە و کۆنتڕۆڵکردنی و پێشەنگایەتی و ئامادەکردنی چوارچێوەیەکە، گوتی: "دەبێت لەم ڕووەوە هەنگاوبنرێت و بەم شێوەیە چوارچێوەیەکی بنەڕەتی پێشکەشی پەرلەمان دەکەین". هەروەها جەختی کردەوە هەرکات پارتەکان لەدەرەوە ڕێکبەون دەرکردنی یاسا ئاسان دەبێت، لە درێژەدا گوتی: "بەم نزیکانە یاسای پەیوەندیدار دەردەکرێن". سەرۆکی پەرلەمان سەبارەت بە گفتوگۆکان دەربارەی دەستووری نوێ ڕایگەیاند ئەم دەستوورەی ئێستە وەڵامگۆی پێویستییەکانی تورکیا نییە، نوێکردنەوەی دەستوور و یاساکان پێویستە.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق وەڵامى قسەکانى سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیلى دایەوەو وتى: لێدوانەكەی بنیامین ناتانیاهۆ لەبارەی ئەگەر كرىدنی ئامانجی ناوخۆی عێراق قبوڵكراو نییەو بە تەواوی رەتیدەكەینەوە. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی، لە شاری نیویۆرک لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان قسەی کرد. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەڕەشە لە سەرکردەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات و دەڵێت، ئەگەر هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، "لەنێودەبرێن." لەوەڵامى ئەو قسانەى ناتانیاهۆدا، فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق ڕایگەیاند، عێراق هەر هەڕەشەیەك رەتدەكاتەوە سەروەری وڵاتەكە بكاتە ئامانج. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو کە لێدوانەكەی بنیامین ناتانیاهۆ لەبارەی ئەگەر كرىدنی ئامانجی ناوخۆی عێراق قبوڵكراو نییەو بە تەواوی رەتیدەكەینەوە. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا وەزیرى دەرەوەى عێراق وتى: عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەرەییەو رێگە نادات ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێكان یان هەڕشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە. هاوکات ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق بەپێی لێكگەیشتنە واژۆکراوەکان بەردەوام دەبێت و بڕیارە تا ساڵی 2026 تەواو بکرێت.، وتیشى: کشانەوەكە بە پێی رێککەوتنێکی هاوبەش دەبێت لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، لە چوارچێوەی گفتوگۆی ستراتیژی و بەبێ هیچ پەرەسەندنێک. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نەخشەیەکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پیشانی ئامادەبووانی هۆڵەکە دا، کە هۆڵەکە نیمچە چۆڵ بوو. ئەو شوێنانەی کە ئیسرائیل پێیوایە لە بەرەی ئێران-دان، بە سوور رەنگ کرابوون. وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو سەرکردانەی لەدوای جەنگی غەززەوە ئیسرائیل کوشتوونی، نەتەنیاهوو گوتی، "نیوەی سەرکردەکانی حووسییەکان رۆیشتن. یەحیا سنوار لە غەززە، رۆیشت. حەسەن نەسروڵڵا لە لوبنان، رۆیشت. رژێمی ئەسەد لە سووریا، رۆیشت." لەگەڵ باسکردنی هەر سەرکردەیەک، نەتەنیاهوو بە پێنووسێک لەسەر نەخشەکە نیشانەیەکی بەسەر ناوچەکەیدا دەهێنا. دواتر هاتە سەر عێراق و گوتی، "ئەو میلیشیایانەی لە عێراق کە لەم کاتەدا پێشیان لێگیراوە، ئەگەر ئەوان هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، سەرکردەکانی ئەوانیش دەڕۆن."
وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، بۆ یەکەم جار دواى زیاتر لە 20 ساڵ نەوتى بەرهەمهێنراوى هەرێمى کوردستان رادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ دەکرێت. راشیگەیاند، وەک قۆناخى یەکەم رۆژانە لە نێوان 180 بۆ 190 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت. ئەو گوتانەى وەزیرى نەوتى عێراق لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەڤانیدا بوو، کە ئەمڕۆ هەینى 26ى ئەیلوولى 2025 لە پارێزگاى بەسرە کردی. حەیان عەبدولغەنی رایگەیاند، رێککەوتنى سێ قۆڵى لە نێوان حکومەتى فیدراڵى وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانى نەوتى هەرێمى کوردستان "بە سەرکەوتوویی واژۆ کرا. وەزیرى نەوتى عێراق گوتى: "بۆ یەکەمجار دواى زیاتر لە 20 ساڵ نەوتى بەرهەمهێنراوى هەرێمى کوردستان رادەستى کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ) دەکرێت کە باڵى فرۆشتنى نەوت و بەرهەمەکانێتى لە وەزارەتى نەوت". رێککەوتنە سێ قۆڵییەکە لە 22ی ئەیلوولی 2025 واژۆ کرا، بەڵا دوێنێ بە فەرمی راگەیێندرا. سەرچاوەیەک لە بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئەمڕۆ تیمەکانمان چوونەتە پیشابوور بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکەن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە شەشی بەیانی رۆژی شەممە." وەزیرى نەوتى عێراق گوتی: "بەگوێرەى رێککەوتنەکە نەوتى بەرهەمهێنراوى سەرجەم کێڵگەکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان وەردەگیرێت و بۆ قۆناخى یەکەم رۆژانە لە نێوان 180 بۆ 190 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت. بەگوتەى حەیان عەبدولغەنى بەرهەمى ئێستاى رۆژانەى کێڵگەکانى نەوتى هەرێمى کوردستان لە نێوان 240 بۆ 250 هەزار بەرمیلە کە 50 هەزار بەرمیلى بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی دەبێت. لەساڵى 2023 ەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، کە ئەوکات لەگەڵ نەوتى کەرکووکدا بڕەکەى رۆژانە دەگەیشتە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل . حەیان عەبدولغەنى گوتى: "بۆ یەکەمجار لەدواى دوو ساڵ لە راگرتنى، بۆریى نەوتى عێراق- تورکیا دەخرێتەوە کار بۆ هەناردەکردنى نەوت، بەگوێرەى هەموارى یاسای بودجە، وەزارەتى نەوت شایستەى دارایی بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان دەدات." وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، ئەو بڕە نەوتەى لە هەرێمى کوردستانەوە هەناردە دەکرێت بۆ ئەو نەوتە زیاد دەبێت، کە لە رێگەى بەندەرەکانى بەسرە هەناردە دەکرێت و رۆژانە سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلە. گوتیشی: "کۆی نەوتەکە داهاتى زۆر بۆ عێراق دەهێنێت."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەچەند ڕۆژى ڕابردوو داواى لەسوپاو هێزى بەرگرى کردوە لەڕێگەى چەند بڵندگۆیەکەوە وتارەکەى ناتانیاهۆ بۆ دانیشتوانى غەززە بگوازنەوە کەبڕیارە پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشى بکات. لەبەرانبەردا بەشێک لەبەرپرسەباڵاکانى سوپاو هێزە ئەمنییەکان ڕەخنەى توندیان لەوکارە گرتووەو بەکارێکى پڕ مەترسیانداناوە، چونکە ئەو کارە پێویستى بەچونە ناوەوەى هێزهەیەو ئەگەر هەیە لەلایەن چەکدارانى حەماسەوە هێرشیان بکرێتەسەرو ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان بکەوێنە مەترسیەوە. نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل، سوربوون لەسەر ئەوەى دانیشتوانی کەرتی غەززە گوێبیستی وتارەکەی نەتانیاهۆ بن لە نەتەوە یەکگرتووەکان. هەروەها ئەو هێزانەی لە مەیدانەکەدا شەڕ دەکەن، لە خاڵگەلێکی دوور لە دانیشتوانی غەززە نیشتەجێن و بەزۆری بەرکەوتنی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ حەماسدا نییە. سەرچاوەکانی سوپا دەڵێن، داواکاریی نووسینگەی نەتانیاهۆ بۆ پەخشکردنی وتارەکە بۆ دانیشتوانی کەرتی، دەتوانێت مەترسیی ئۆپەراسیۆنی بۆ ئەو چەکدارانە دروست بکات کە ناچار دەبن بەرگرییەکان بەجێبهێڵن بۆ ئەوەی ئەو بڵندگۆیانە دابنێن.
لەکاتێکدا وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تورکیا هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی بە پابەندنەبوون بەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ دیمەشق تۆمەتبار کرد، بەرپرسێکی باڵای کوردى ڕۆژئاواى کوردستان پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی هەسەدە مەترسی لەسەر تورکیا دروست ناکات. بەدران چیا کورد، جێگری سەرۆکایەتی هاوبەشی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ کاروباری سیاسی، ڕەخنەی لە ڕۆڵی تورکیا لە قەیرانی سوریا گرت و ئاماژەی بەوەدا کە "ئەنقەرە هەوڵدەدات قەیران و ململانێکانی ناوخۆی خۆی لەسەر پرسەکانی ئاشتی و دیالۆگی ناوخۆیی هەناردە بکات بۆ سوریا". جەختیشی لەوە کردەوە کە "ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە هیچ شێوەیەک هیچ مەترسییەک بۆ سەر وڵاتێکی دراوسێ دروست ناکەن". هەروەها بانگەشەى ئەوەى کرد کە " دیمەشق گرەو لەسەر فاکتەری کات دەکات تا کۆتایی ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنی 10ی ئازار، پاشگەزبوونەوە لە بەڵێنەکانی و وەستان لە کۆبوونەوەکاندا." ناوبراو پێیوابوو کە دیمەشق "مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی جیاواز لێکدەداتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریاى دیموکراتی بۆ ناو سوپا و کاتی جێبەجێکردنی ئەو مەرجانەی کە ماونەتەوە و ڕێککەوتنی ١ی نیسان کە لە نێوان ئێمە و دیمەشقدا ئەنجامدرا سەبارەت بە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب". ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە.نێت/ئەلحەداس.نێت ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە بڕگەی کۆتایی ڕێککەوتنەکەی ١٠ی ئازاردا هاتووە کە هەردوولا هەوڵدەدەن تا کۆتایی ساڵ هەوڵی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە بدەن و ڕەنگە ئەم پرسانە ماوەیەکی درێژتر بخایەنێت"، ئاماژەیە بۆ ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەی ڕێککەوتنەکە. سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکا، جیا کورد، کرانەوەی ئیدارەی ئەمریکای بەڕووی دیمەشقدا بە پراگماتیک و کاتیی زانی، ئامانجی پاڵنانی هەندێک ڕێککەوتن بوو. ناوبراو هیوای دەربڕی کە واشنتۆن بە پێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریا مامەڵە لەگەڵ پرسی سووریا بکات. داوای لە دەسەڵاتدارانی سوریا کرد "کۆدەنگی نیشتمانی ناوخۆیی وەک بنەمایەک بۆ بنیاتنانی داهاتووی وڵاتەکە وەربگرن". جیا کورد هەروەها پێیوابوو کە " ئەو پرۆسەی هەڵبژاردنەی کە بڕیارە لە 5ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەبچێت، نوێنەرایەتی خواستەکانی گەلی سوریا ناکات، هەروەها ناتوانرێت نوێنەری ڕاستەقینەی ئیرادەی سیاسی سوریا هەڵبژێردرێت". وتیشی، "بۆ نمونە لیژنەیەکی لاوەکی بۆ پارێزگاکانی ڕەقە و حەسەکە پێکهێنرا بۆ هەڵبژاردنی نوێنەر بۆ ئەو ناوچانە، بەڵام ئێمە بەڕاشکاوی و بەڕوونی دەیڵێین: ئەمانە نوێنەرایەتی هیچ کەسێک ناکەن. ناوبراو پێیوابوو "ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نوێنەریان هەیە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن"، وتی، "هیچ هەڵبژاردنێک شایەنی باسکردن لەم ناوچانەدا ڕوونادات لەکاتێکدا پێشتر لەسەر ئەم بابەتە نەگەیشتوینەتە ڕێککەوتن".
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: گفتوگۆی زۆر باشمان ئەنجامداوە سەبارەت بە راگرتنی شەڕ لە غەززە، بۆ ئەو مەبەستەش قسەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردووە. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ هەموو سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قسەی کردووە کە هەموویان کەسانی نایابن و زۆر نزیکن لە رێککەوتن لەسەر غەززە، رەنگە تەنانەت ئاشتی بێت. وتیشی، دەتوانن بارمتەکان بە زیندووی یان مردوو بگەڕێننەوە و لە رێگەی دانوستانی تایبەتەوە ئاشتی بەدەست بهێنین. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، رێگە نادات ئیسرائیل کەرتی رۆژئاوا بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە. پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ رۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هاوڕایە لەسەر پێویستی تەواوکردنی ئامانجەکانی شەڕ لە غەززە. ناتانیاهۆ ئاشکراشیکردبوو، ئەو ئامانجانەی لە غەززە لەگەڵ ترەمپ هاوبەشە، بریتین لە گەڕانەوەی هەموو بارمتەکان و شکستی حەماس و فراوانکردنی بازنەی ئاشتی. جێگەی ئاماژەیە، رۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیدارەی ترەمپ پلانێکی ئاشتیی 21 خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی کەرتی غەززە پێشکەش بە سەرکردە عەرەبی و ئیسلامییەکان کرد.