وەزیری دەرەوەی عێراق و کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ئاشکرای کرد، مارك ساڤایا وەكو نێردەی ترەمپ بۆ كاروباری عێراق نهماوه. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 کە کاتژمێر 10ـی ئەمشەو پەخش دەکرێت گوتی: مارك ساڤایا وەكو نێردەی ترەمپ بۆ كاروباری عێراق نهماوه و تۆم بەڕاک لە شوێنی ئەو کاروباری عێراق بەڕێوە دەبات. لە بارەی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش، ئەو كاندیدەی پارتی بۆ پۆستی سهرۆك كۆمار دەڵێت: چوارچێوەی ھەماھەنگی جەخت لەسەر كاندیدیكردنی نووری مالیكی دەكاتەوە، بەڵام ھەڵوێستی ئەمریكا دۆخێكی نوێی ھێناوەتە ئاراوە، کە نازانرێت بۆچوونەکەی واشنتن لەسەر مالیکی کاتییە یان هەمیشەیی. لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکان فوئاد حوسێن باسی لە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کرد و رایگەیاند: پارتی مافی ئەوەی هەیە کاندیدی بۆ پۆستەکە هەبێت، بەڵام پارتی ئامادەیە سەرجەم پۆستەکانی لە بەغدا لە بری سەرۆککۆمار بداتە یەکێتی. هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە باشتر بوو پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێک رێکبکەون. بە گوتەی ئەو، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، پەرلەمان پرسی سەرۆککۆمار یەکلایی دەکاتەوە.
بۆچی 22 دەوڵەتی عەرەبی نەیانتوانیوە ئابڵوقەی سەر غەززە لاببەن؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی هەرچەندە کورد خاوەنی دەوڵەت نییە و عەرەب 22 دەوڵەتیان هەیە، بەلام ئەوەی کورد بۆ کۆبانێی کرد لەماوەی هەفتەیەک، عەرەب نەیتوانیوە بە زیاتر لە 800 رۆژ بۆ غەززەی بکات. لە شەڕ و پەلاماری حکومەتی سوریا بۆ سەر هەسەدە، یەکگرتوویی و دەنگهەڵبرینی کورد وایکرد ئابڵوقەی کۆبانێ لە کەمتر لە هەفتەیەکدا هەڵبگیرێت و کاروانی هاوکارییەکان بگاتە شارەکە، بەڵام لەدوای 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە غەزە ئابڵوقەی لەسەرە، کە ناوە ناوە کەمێک هەڵدەگیرت، کەچی عەرەب بە 22 دەوڵەتەوە نەیتوانیوە بەتەواوەی ئەو گەمارۆیە بشکێنێت. با کەمێک بە مێژوودا بچینەوە بۆ ئەوەی لە دۆخەکە تێبگەین. ساڵی 1973 کاتێک سوپای سوریا و میسر پەلاماری ئیسرائیلیاندا، توانیان گورزێکی کوشندە لە ئیسرائیل بدەن، بە ئامانجی ئەوەی بەشێک لە خاکە داگیرکراوەکەیان لە ئیسرائیل وەربگرنەوە، وەک بەرزاییەکانی جۆلانی سوریا و نیمچە دورگەی سینای میسر، بەڵام بەهۆی هاوکارییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاوە، نەک نەیانتوانی وەریبگرنەوە بەڵکو جارێکی دیکە تێکشکان. بەهۆی ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا و ئەوروپاوە، وڵاتانی عەرەبی بە کۆی گشتی ڕێککەوتن نەوت بەو وڵاتانە نەفرۆشن کە هاوکاری ئیسرائیلیان کردووە لە جەنگەکەدا. ئەم بڕیارە وایکرد قەیرانێکی گەورەی وزە لە جیهاندا دروست ببێت، لەدوای ئەم بڕیارەشەوە بە ناچاری ئیسرائیل بارودۆخی فەڵەستینی ئاسایی کردەوە و وازی لە فراوانخوازییەکانی هێنا. میسر ساڵی 1979 بڕیاریدا دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا بنێت لەپێناو وەرگرتنەوەی خاکەکەی و دواتر لە ساڵی 1994 ئوردنیش بە ناچاری لەگەڵ ئیسرائیل ڕێککەوتنی ئاشتیی واژۆکرد بە ئامانجی ئەوەی بتوانێت رێڕەوی ئاویی خۆی لە دەریای سوردا بەکاربهێنێت. هەرچی سوریایە هەتا ئێستاش نەیتوانیوە بەرزاییەکانی جۆلان لە ئیسڕائیل وەربگرێتەوە و لە ڕێککەوتنی مانگی رابردووش لەگەڵ ئیسرائیل دەستبەرداری نزیکەی 600 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکەکەی بووە بۆ ئیسرائیل. لە ساڵی 2020 هەریەکە لە ئیماڕات، بەحرەین، مەغریب و سودان پەیوەندییەکانیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئیبراهیمی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە، عومانیش بەتەواوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە. ئەم جیاخوازی و پەرتەوازەییە وایکردووە عەرەب نەتوانێت گەمارۆی سەر غەززە بشکێنێت و تا ئێستا نەیتوانیوە بڕیارێکی گشتگیر لە پێناو پاراستنی خەڵکی غەززە بدەن، کە تا ئێستا ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشکرنە سەری. بەڵام بە پێچەوانەی وڵاتانی عەرەبییەوە؛ کورد توانیویەتی چەند جارێک بە یەکگرتن هاوکێشەکان بگۆڕێت و دوژمنەکانیان بشکێنن یان ناچاری گفتوگۆی بکەن. ساڵی 2014 کاتێک تیرۆرستانی داعش هێرشیانکردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، هێزی پێشمەرگە توانی لەنێو خاکی تورکیاوە، کە گەورەترین نەیاری ڕۆژئاوای کوردستان بوو، خۆی بگەیەنێتە شاری کۆبانی و هاوکاریی شەڕڤانان بکەن لە تێکشکاندنی تیرۆرستانی داعش، ئەوەش یەکەم شکانی داعش بوو لەدوای دروستبوونییەوە. هەروەها ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سوریا و هێرشی حکومەتی دیمەشق و گرووپە چەکدارەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، جارێکی دیکە کوردی لە تەواوی جیهان یەکخست و بەم یەکگرتنەش توانییان سوپای سوریا ناچار بە گفتوگۆ بکەن و لە هێرشکردن بیانوەستێنن. هەروەها بەم یەکگرتنە کورد توانی نەک تەنها هێرشەکان بوەستێنێت، بەڵکو سۆزی زۆرینەی وڵاتانی جیهانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، بە تایبەتی لە دوای بڕینی کەزیەی شەڕڤانە کوردەکەوە کە بووە سیمبولی بەرخۆدانی ڕۆژاڤا.
فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران ڕایگەیاند، تەواوی جموجۆڵەکانی "دوژمن" لە ناوچەکەدا لەژێر چاودێریی وردی هێزەکانیاندایە. فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان و "پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانە" بۆ وەڵامدانەوەی هەر ئەگەرێک. ئەمیر حاتەمی هۆشداریی داوە کە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر سەروەریی خاکی ئێران، ئەوا ئاسایشی ناوچەکە و ئاسایشی ئیسرائیل دەکەونە مەترسییەوە. جەختیشی کردووەتەوە کە لە کاتی هەر هێرشێکدا، تەواوی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەبنە ئامانجی هێرشەکانیان. محەممەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا نیازی هێرشی سەربازیی بۆ سەر وڵاتەکەیان هەیە. ناوبراو هۆشداریی دا کە ئەگەر شەڕ ڕووبدات، تەنیا لە سنوورەکانی ئێراندا نامێنێتەوە، بەڵکو تەواوی جوگرافیای ناوچەکە دەگرێتەوە. ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) چەند وێنەیەکی نوێی ئامادەکاری و ڕێکخستنی کەشتییە جەنگییەکانی لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردووەتەوە. ئەم هەنگاوەی واشنتن وەک ئامادەکارییەکی ڕاستەوخۆ بۆ هێرشی سەربازیی ئەگەری بۆ سەر ئێران لێکدەدرێتەوە.
نورەدین ئەحمەد ناسراو بە ئەبو عومە خانیکە، لە ساڵی 1969 لە شاری قامیشلۆ لە دایکبووە و خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمە ئەندازیاری میکانیک و کارەبا لە زانکۆی دیمەشق. لە ساڵی 1993 تا ساڵی 2012 وەک ئەندازیار لە بەرێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی حەسەکە و قامیشلۆ کاری کردووە، کاتێک رژێمی لابراو لە کارەکەی دوورخستەوەتەوە و بەهۆی بەشداریکردنی لەو خۆپیشاندانانەی کە داوای روخاندنی دەسەڵاتەکەی ئەسەدیان دەکرد. دواتر ناوبراو لە چوارچێوەی ئەنجومەنە خۆبەڕێوەبردنەکاندا کاری کردووە و چالاک بووە لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی مەدەنی و لە سەرەتای ساڵی 2014وە وەک ئەفسەری پەیوەندییە گشتیەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کاری کردووە و ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتە. رۆژی 30 مانگی رابردوو، هەسەدە و دیمەشق، رێکەوتنێکی ئاگربەستیان ئەنجامدا بۆ یەکخستنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، هەسەدە کاندیدی بۆ پۆستەکانی پارێزگاری حەسەکە و یاریدەدەری وەزیری بەرگری و چەند پۆستێکی تر کە کە تا ئێستا ئاشکرا نەکراون دەبێت
سوپای تورکیا بە 3 مەرج ئامادەیە لە خاکی سووریا بکشێتەوە. مەرجەکان بریتین لە: چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتی سووریا لە سەرانسەری وڵاتەکە، دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکانی تورکیا، و لەناوبردنی ئەو "هەڕەشە تیرۆریستییانەی" کە لەسەر ئەنقەرە هەن. بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، ئەم مەرجانە بە فەرمی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر ڕاگەیەندراون. تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە تەنیا لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەدا ئامادەیە سەربازانی لەو ناوچانە بکشێنێتەوە کە لە ئێستادا تێیدا جێگیرن. سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق، ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بۆ ناو سوپای سووریا دەبێت بە شێوەی تاکەکەسی بێت. تورکیا تەنیا ڕازی دەبێت ئەو کەسانە بچنە ناو سوپاوە کە پێشتر لە "کردەوەی تیرۆریستی" نەگلاون. ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە کە ئەرکی پۆلیس و جەندرمەی تورکیا لە عەفرین کۆتایی هاتووە و گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان، چونکە حکومەتی سووریا دۆسیەی ئەمنیی ئەو ناوچانەی وەرگرتووەتەوە کە پێشتر تورکیا ئۆپراسیۆنی تێدا ئەنجامداون. لەگەڵ ئەوەشدا، سەربازانی سوپای تورکیا تاوەکو ئێستا لە بنکە سەربازییەکانیان لە ناوچەکەدا ماونەتەوە.
بارەگای بارزانی ناوەرۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆک بارزانی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریای بڵاوکردەوە و ئاماژەیداوە، جیا لە تاوتوێی بارودۆخی ئێستای سووریا، گفتوگۆیان لە بارەی هەنگاوەکانی داهاتووی رێککەوتنی نێوان حکوومەت و هەسەدەیان کرد. یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکی ئێوارەی رۆژی شەممە 31ی كانوونی دووەمی 2026، نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سووریا و دوایین گۆڕانكارییەكان و رێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات و هەنگاوەكانی داهاتوو كرا. هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، جەخت لە پێویستیی بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا كرایەوە و ئەوەش دووپاتكرایەوە كە دیالۆگ و لێكتێگەییشتن تەنیا رێگەی چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكیەكان بێت.
ئیسرائیل چەند ناوچەی سوریای بەدەستەوەیە و سوریا چۆن ڕازیبووە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی تەنها لە ماوەی 25 ڕۆژدا نەخشەی سوریا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە، لە لایەک بەشێکی زۆری خاکەکەی بۆ ئیسرائیل لەدەستداوە و لە لایەکی دیکەش خاکێکی زۆری ژێر دەسەڵاتی هەسەدەی کۆنترۆڵ کردووە. لە دوای رێککەوتنەکەی 6ـی مانگ لەنێوان سوریا و ئیسرائیل لە پاریس، هەمووشتێک گۆڕا. هەر دوای ئەو رێککەوتنە بڕیاری هێرش بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر درا، بەڵام لە هەمان ڕێککەوتندا بەشێکی زۆری خاکی سوریا درا بە ئیسرائیل بەبێ ئەوەی بەرپرسانی دیمەشق ناڕازیی بن لەسەری. لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، ئیسرائیل 400 بۆ 600 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی سوریای لە پارێزگای قونەیتەرە و دەرعای داگیرکرد و چیای جەبەل شێخیش کە تەنها 40 کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە دوورە، بە دەستی ئیسرائیلەوەیە، ئەمە جگە لە پارێزگای سوەیدا کە بەدەست دروزەکانەوەیە و هاوپەیمانێکی نزیکی ئیسرائیلن. ئیسرائیل 59 ساڵیشە 1200 کیلۆمەتر چوارگۆشەی بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکردووە. بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، سوریا تەنها لەبارەی جەبەل شێخ ناکۆکی هەیە و دەیەوێت سوپای ئیسرائیل لەو ناوچەیە بکشێتەوە و بۆ ناوچەکانی دیکە سازشی کردووە، بەڵام ئیسرائیل ئەو چیایەی بە هیڵی سوور داناوە و بە بەرپرسانی ئەمریکای گوتووە، لەوێ ناکشێنەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تەنها ماوەی مانگێکی داناوە بۆ ئەوەی هەردوولا ڕێکبکەون و رێککەوتنەکەش بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنن. لە بەرامبەردا حکومەتی سوریا، لە شەشی مانگەوە هێرشی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر دەستپێکرد و لەو ماوەیەدا دەستی گرت بەسەر دوو گەڕەکە کوردییەکەی حەلەب؛ پارێزگای دێرەزوور، رەققە و شارۆچکەی تەبقا. لە ئێستادا 80%ـی ئەو خاکەی 25 رۆژ لەمەوبەر بەدەست هەسەدەوە بوو، ئێستا حکومەتی سوریای تێدا جێگیرە، ئەمەش بە یارمەتی هۆزە عەرەبەکانی ئەو ناوچانە بوو کە لە هەسەدە هەڵگەڕانەوە و چوونە پاڵ چەکدارانی دیمەشق. سەرەڕای ئەو هەموو پیشێلکارییەی بەرامبەر کورد و شەڕڤانانیان کرد، کە زۆربەی رێکخراوە ناوخۆیی و جیهانییەکان بە تاوانی جەنگی ناودەبەن، چەکدارانی دیمەشق نەیانتوانی تەنها یەک بستی خاکی رۆژاڤا داگیربکەن و تەنانەت گوندێکی کوردیش نەکەوتووەتە دەستیان. لە بەرامبەردا، میدیای ئیسرائیل دەڵێت، کە جگە لە بێدەنگی دیمەشق لەسەر ئەو ناوچانەی ئیسرائیل لە رۆژئاوای وڵاتەکەی داگیریکردوون، ڕازیشبووە بەوەی تا کۆتایی ساڵ باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە دیمەشق بکرێتەوە و بچێتە نێو رێککەوتنامەی ئیبراهیمییەوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل. میدیای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، هەموو ئەمانە بە فشاری ترەمپ لەسەر ئەحمەد شەرعە و دەیەوێت بەزووترین کات رێککەوتنەکە رابگەینرێت. بە چوونی سوریا بۆ نێو رێیکەوتننامەی ئیبراهیمی، وڵاتەکە دەبێتە پێنجەم وڵاتی عەرەبی دوای ئیمارات، مەغریب، بەحرەین و سودان کە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە لەکاتێکدا بەرپرسانی دیمەشق و ئەنقەرە چەندین جار هەسەدەیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و ئیسرائیل ناهێڵێت هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سوریا ببێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند وڵاتەکەی ئامادەیە پابەندبێت بەوەی كە نەبێتە وڵاتێكی خاوەنی چەکی ئەتۆمی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی "دادپەروەرانە و هاوسەنگ" کە بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران لەبەرچاو بگرێت، جەختیشی کردەوە کە لادانی سزاکان مەرجێکی سەرەکییە بۆ هەر لێکتێگەیشتنێکی ئەگەری. عەباس عێراقچی، ئەمڕۆ شەممە لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "X" ڕونیکردەوە کە ئێران "هیچ ڕۆژێک هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەداوە"، جەختیشی کردەوە کە تاران کراوەیە بۆ ڕێککەوتنێک کە پرەنسیپی "بەدەستنەهێنانی چەکی ئەتۆمی" مسۆگەر بکات لەگەڵ پێشکەشکردنی گرەنتی ڕون بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی. وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەو ڕۆڵە کرد کە تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەیگێڕن لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی ئاشتی و سەقامگیری، و سوپاسی تارانی دەربڕی بۆ ئەوەی ناوی برد بە "هەوڵە برایانەکان" کە ئامانجیان کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانە لە ناوچەکەدا. عێراقچی جەختیکردەوە کە ئێران پێشوازی لە هەر دەسپێشخەرییەکی بونیادنەری ناوچەیی دەکات، و هەمیشە ئامادەیە بۆ پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی و ڕێگریکردن لەوەی ناوی برد بە "دەستدرێژییە نایاساییەکان". لە لێدوانەکانی پێشودا، عێراقچی وتی تاران ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام دانوستانەکان دەبێت دادپەروەرانە بن و نابێت تواناکانی بەرگری ئێران بگرێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێزە ناوچەییەکان کار دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی ململانێیەکی سەربازی لە نێوان هەردوو ڕکابەرەکەدا.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هیزەکانی سووریای دیموکرات، لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی خۆیی و ئەحمەد شەرع و ڕێککەوتنەکەی بۆ ئاشکرا کردوون. دەقی قسەکانی دیکەی مەزڵووم عەبدی بۆ ئاڤا: ٠ بەپێی ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، کورد چوار لیوای دەبێت لەنێو سوپای سووریادا، سیانیان هەسەدەن لەپارێزگای حەسەکە، لیوایەکیش لە کۆبانێ بەناوی هێزەکانی کۆبانێ. ٠ هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە، وەکو خۆیان دەمێننەوە، ئاسایشی سەر بە حکومەتی سووریایش، لەنێوان شارە کوردییەکاندا هیچ بازگەیەکیان نابێت. ٠ چەندین جار داوایان لێکردووم پۆست وەربگرم، وەکو جێگری وەزیری بەرگری سووریاو چەندین پۆستی دیکەیش، بەڵام من ڕەتمکردووەتەوەو وتوومە لەناو خەڵک و شەرڤانان دەمێنمەوەو پۆستم ناوێت. ٠ ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع ئۆنلاین بووە، پرۆسەی جێبەجێکردنیشی کاتی دەوێت، لەماوەی ئەم شەڕەیشدا چوار جار ئەحمەد شەرعم بینیوە. ٠ هێزەکانی یەپەژەیش وەکو خۆیان دەمێننەوە هەتا میکانیزمێکیان بۆ دەدۆزرێتەوە. ٠ ئەگەر شەڕ نەما، ئەندامەکانی هەسەدە کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان نین دەگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، ئەگەریش حەز بکەن، دەتوانن لە رۆژئاوای کوردستان نیشتەجێ بن وەکو هاوڵاتییەکی ئاسایی. ٠ بەڕاستی سەرکردایەتی کورد لە هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی زۆر کاریگەرییان هەبووە، رۆژانە پەیوەندییان هەبووە، بەردەوام ئاگاداری دۆخەکە بوون و لەگەڵ ئێمە بوون، لەمەودوا خۆم کار بۆ یەک دەنگی و یەکخستنی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەکەم، بۆ ئەوەی وەکو یەک بەرەی کوردی مامەڵە لەسەر هەر پرسێک بکەین، کاری سەرەکی من لەمەودوا ئەوە دەبێت. ٠ خۆپیشاندانەکان و یەک دەنگی کورد کاریگەری هەبووە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێنایە سەر هێڵ. ٠ ترەمپ پەیامی بە شەرع داوە کە نابێ کۆمەڵکوژی دژی کورد هەبێت. ٠ ماکرۆن زۆرترین هەڵوێستی هەبووە، ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێتە سەر هێڵ.
ئەگەر لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر کاندید کردنی نوری مالیکی نەگەن بەرێککەوتن، پێدەچێت سبەینێ یەکشەممە، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام نەدرێت یان نیسابی یاسایی تەواو نەکرێت. بڕیارە ئەمشەو، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەماڵی نوری مالیکی کۆببنەوە، ئامانج لە کۆبوونەوەکە گفتووگۆکردنە لەسەر مانەوە یان پاشەکشەکردنی مالیکی بەهۆی رەتکردنەوەی لەلایەن ئەمەریکاوە. سەرچاوەیەکی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەگەر ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگی کێشەی کاندیدکردنی مالیکی یەکلایی نەکاتەوە، ئەوا پێناچێت سبەی سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت. سەرچاوەکە دەڵێت: مالیکی پێداگیرە لەسەر خۆ کاندیدکردنەوە و لایەنە شیعەکانیش دەترسن، مالکی توڕەیە و دوورخستنەوەی بە شکست دەزانێت. دەشڵێت: گفتووگۆیەکی وا کراوە گوایە مالیکی دوور نەخرێتەوە و لە پەرلەمان متمانەی پێنەدرێت، بەڵام ئەگەر ئەمەریکا لەسەر فشارەکانی بەردەوام بێت خۆری مالیکی ئاوابووە.
نوری مالیکی، کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەبارەی پێکهێنانی حکومەت دەڵێت: رێزگرتن لە ئیرادە، دیموکراسی و مافی گەلەکەمان بۆ هەڵبژاردنی سیستمی سیاسی و سەرکردەکان لەڕێی دامەزراوە دەستوورییەکانەوە بناغەیەکی گرنگە بۆمان. نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساو كاندیدی لایەنە شیعەكان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران لەوەڵامی رۆژنامەنوساندا لەرێگەی سایتی نوسینگەی راگەیاندنی خۆیەوە: *ژیانی سیاسی و دیموکراسی لە عێراق لە دوای خەباتێکی سەخت و قوربانیدانی بێئەندازە و خوێنی شەهیدان لەدایک بوو، تا بەهاکانی دیموکراسی و گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لەسەر ئاستی فیدراڵی و پارێزگاکان جێگیرکران. *ئەنجامی هەڵبژاردنە یەک لە دوای یەکەکان ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە گەلی عێراق و دامەزراوە دەوڵەتییەكانی ئیلهامیان لە بنەماکانی دیموکراسی و ئازادی و هاوبەشی سیاسی وەرگرتووەو، لەم ڕوانگەیەوە دووپاتی دەکەینەوە کە دەستبەرداری ئەم دەستکەوتە نابین و سازش لەسەر مافی گەلی عێراق ناکەین بۆ هەڵبژاردنی ئەو کەسانەی کە متمانەیان پێیەتی و بە لێهاتووی دەزانن بۆ سەرکردایەتیکردنی قۆناغەكە. *ئێمە ڕێز لە ئیرادەی نیشتمانی و بڕیارە سەربەخۆمان دەگرین، چاوەڕوانیش دەکەین کەسانی دیکە ڕێز لەم بڕیارە بگرن، هەروەک چۆن ئێمە ڕێز لە ئیرادەی ئەوان دەگرین بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆی خۆیان. *هەڵبژاردنی حکومەت و سەرکردەکانمان بابەتێکی نیشتمانییە کە دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت، هەروەک چۆن ئێمە ڕێز لە هەڵبژاردنی ئەوانی تر دەگرین. لەم چوارچێوەیەدا ئێمە چاومان لە دامەزراندنی پەیوەندییەکی هاوسەنگی سیاسی، ئابوری و ئەمنییە لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەكەو زلهێزەكان، بەتایبەتی ئەوانەی کە هاوکارییان کردوین و لە داهاتوودا هاوکاری دەکەن، لەسەر بنەمای هاوبەشی و بەرژەوەندی هاوبەش، دوور لە هەر دەستوەردانێک یان پەیوەندییەكی نەرێنی. *ڕێزگرتن لە ئیرادەو دیموکراسی و مافی گەلەکەمان بۆ هەڵبژاردنی سیستمی سیاسی و سەرکردەکانی لەڕێگەی دامەزراوە دەستورییەکانەوە، بۆ ئێمە پرەنسیپێکی بنەڕەتییە و، بەردەوام دەبین لە پشتبەستن بەم بنەمایەو پاشەكشێی لێ ناكەین.
پێشنوێژ و گوتاربێژی مزگەوتی گەورەی نەجەف رەخنەی تووند لە ئیدارەی ترەمپ دەگرێ سەبارەت بە دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە "شکاندنی ویستی گەل" ناوی دەبات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەندێک بڕیاری وەزارەتەکان پێویستیان بە پێداچوونەوەیە. سەدرەدین قەبانچی، گوتاربێژی مزگەوتی گەورەی نەجەف لە گوتاری نوێژی هەینی (30ی کانوونی دووەمی 2026) رایگەیاند، "هەندێک لە بڕیارە وەزارییەکانی ئەم دواییە لەگەڵ ویستی گەل یەکناگرنەوە، داوا دەکەین پێداچوونەوە بەو بڕیارانەدا بکرێ، بەتایبەت لە کەرتی خوێندن و بوارەکانی دیکەدا کە پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی گشتییەوە هەیە." سەبارەت بە پرسی دەستنیشانکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، قەبانچی هێرشی کردە سەر هەڵوێستی ئیدارەی ترەمپ و گوتی، "هەڵوێستی ئەمریکا هەوڵێکە بۆ شکاندنی ویستی عێراقییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران. ئێستا رەتکردنەوەیەکی جەماوەری و سیاسیی بەرفراوان هەیە، چونکە ئەم هەڵوێستە بەزاندنی سەروەریی عێراقە." پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی نەجەف بە زمانێکی تووند باسی لە سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی، "سەرۆکی ئەمریکا بەداخەوە بێ ئەدەبە. عێراق وەک هەندێک وڵاتی ناوچەکە نییە کە ئەو بە مانگای شیردەر وەسفیان دەکات. عێراق گەلێکە سەرشۆڕی قبووڵ ناکات." قەبانچی ئاماژەی بەوەش کرد کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبەردەم دوو بژاردەدایە؛ پاشەکشەکردن لە بڕیارەکانی کە ئەوە بەواتای داننان بە نەمانی سەروەری دێت یانیش چارەسەرکردنی دۆخەکە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە. لەبارەی ململانێی نێوان تاران و واشنتن، سەدرەدین قەبانچی گوتی، "ئەمە جەنگی ئیسلام و سەروەریی ئیسلامییە. ئەمریکا لە هەوڵەکانی بۆ رووخاندنی ئێران شکستی هێناوە. ئێمە بڕوامان وایە ئێران ناکەوێ تاوەکو ئاڵاکە رادەستی ئیمامی مەهدی دەکات." قسەکانی قەبانچی لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی سێشەممەی رابردوو لە چەند لێدوانێکدا دژایەتیی خۆی بۆ بەربژێرکردنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و پێکهێنانی حکومەتی نوێ راگەیاند، ئەمەش کاردانەوەی فراکسیۆنە سیاسیەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لایەنگرانی مالیکی لێکەوتەو
روانگەی ئیکۆ عێراق بڵاویکردەوە، مووچەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (سەرۆکایەتی کۆمار، پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران) نزیکەی 11.5%ـی کۆی گشتیی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت پێکدەهێنێت، ئەو مووچانەی بە "بەرز و بێ پاساو" وەسف کرد بەراورد بە هاووڵاتیی ئاسایی. ئەمڕۆ شەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2026، روانگەی ئیکۆ عێراق لە راگەیەندراوێکەدا ئاشکرای کرد، "کۆی گشتیی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت تا مانگی تشرینی دووەمی 2025، گەیشتووەتە نزیکەی 56 ترلیۆن دینار." لەبارەی وردەکاریی مووچەی سەرۆکایەتییەکان لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "مووچەی ئەنجوومەنی وەزیران نزیکەی 5.9 ترلیۆن دینار بووە، ئەنجوومەنی نوێنەران 0.5 ترلیۆن دینار و سەرۆکایەتی کۆمار 0.04 ترلیۆن دینار بووە. بەمەش کۆی مووچەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە دەگاتە 6.46 ترلیۆن دینار." روانگەی ئیکۆ عێراق پێی وایە، "ئەم خەرجییە خەیاڵییانەی سەرۆکایەتییەکان لەسەر حساب و پشکی ئەو خزمەتگوزارییە گشتییانەیە کە هاووڵاتی بە شێوەیەکی راستەوخۆ پێویستییەتی، ئەمەش بە جۆرێک لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دادەنرێت." روانگەکە دەشڵێت، "ئەم سێ سەرۆکایەتییە راستەوخۆ خزمەتگوزاری پێشکەش ناکەن و هاووڵاتی هەست بە خزمەتەکانیان ناکات، لەکاتێکدا ملیۆنان فەرمانبەر لە بەرامبەر کارە رۆژانەکانیاندا مووچەیەکی کەم وەردەگرن." لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، بەردەوامبوونی ئەم دۆخە نیشانەی پرسیاری گەورە دەخاتە سەر دادپەروەری لە دابەشکردنی داهاتە گشتییەکاندا.
جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ کەناڵی روناهی: *دوای ئەنجامدانی پەیوەندی لەگەڵ سەرۆك ئەحمەد شەرع، رێککەوتنەكەمان واژۆ کردو بۆ گەلی سوریامان راگەیاند. *رێککەوتنەکە شەڕی راگرت و مافە رەواکانی گەلی کورد دەپارێزێت. *هێزێکی سنوردار لە کارمەندانی ئاسایشی ناوخۆ دەچنە چوارچێوەی ئەمنی حەسەکەو قامیشلۆ بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی یەکگرتن. *هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان ئەرکی خۆیان لە پاراستنی ئاسایشی ناوچە کوردنشینەکان جێبەجێ دەکەن، ئێمەش بەردەوام کاردەکەین بۆ تێکەڵکردنیان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی سوریا. *بەرپرسانی خۆجێی و دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکانی کۆبانی و جزیرە ئیدارەی ناوچەكانی خۆیان دەکەن. *ئەوەی سەبارەت بەو ناوچانە رێککەوتنی لەسەر کراوە، لە عەفرین سەرێ كانیش جێبەجێ دەكرێت. *هێزەکانی دیمەشق هیچ رۆڵێکیان لە شارەکاندا نابێت؛ گەلەکەمان با دڵنیا بێت. *لە جەزیرە و کۆبانی هێزەکانی هێزەکانی سوریای دیموكرات لە چوارچێوەی لیوادا دەمێننەوە. *رێککەوتنەکە لە 2ی شوباتەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەوپێیەش هێزەکانمان و هێزەکانی حکومەت لە بەرەکانی پێشەوەی کۆبانی و جزیرە دەکشێنەوە. *هێزە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لە رێککەوتنەکەمان دەکەن و گەرەنتی ڕێککەوتنەکە دەکەن، بە پەیوەندییەكەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریاشەوە. *سەبارەت بە پرسی ڕفێندراوان، دیل و بێسەروشوێنەکان لەگەڵ لە پەیوەندیداین. *هیچ پۆستێکی حکومی قبوڵ ناکەم، لە ناو گەلەکەمدا دەمێنمەوە، لەگەڵیان دەوەستم و کار بۆ دامەزراندنی مەرجەعییەتێكی سیاسی بۆ کورد لە سوریا دەکەم. زۆر پۆستم پێشکەش کرا، بەڵام هەڤاڵەکانم بۆ ئەو پۆستانە کاندید کرد. *هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ یەکخستنی ریزەکانی کورد و دروستکردنی جەستەیەكی کوردی بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە خەبات بکەین بۆ گەیشتن بە مافەکانمان.
ئێران لە قۆناغێکی هەستیاردایە لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا. چاودێران دەڵێن قەیرانی ئابووری، ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی خەڵک و سەرکوتکردنیان بە شێوەیەکی دەڕەندانە لەلایەن حکومەتەوە و سزاکانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا بۆ سەر تاران، وردە وردە سیستەمی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی بەرەو داڕمان دەبات. دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەن و بەرزبوونەوەی خێرای نرخی دۆلار، بەشێوەیەکی گشتی ئابووری وڵاتەکەی پەکخستووە. بەرزبوونەوەی نرخەکان، لە خۆراک و دەرمانەوە بۆ خانووبەرە و وزە، ژیانی ڕۆژانەی ملیۆنان خەڵکی ئێرانی ڕووبەڕووی کێشەی جددی کردووەتەوە و هەژاری کردووەتە دیاردەیەکی بەربڵاوی وڵاتەکە و وایکردووە قەیرانە ئابوورییەکە ببێتە قەیرانێکی سیاسی و وجودی بۆ تاران. بە گوێرەی هەواڵەکان، نرخی یەک دۆلاری ئەمەریکا، ڕۆژی پێنجشەممە، 29ی مانگی یەک، 160هەزار تمەنی لەو وڵاتە تێپەڕاندووە. لەئەنجامی دوایین خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە کە سەرەتا لەکاردانەوە بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەستیان پێکرد، تاکو ئێستا هەزاران کەس بە تەقەی هێزەکانی حکومەت کۆژران و هەزارانی دیکەش بریندار و بێسەروشوێن کراون. هاوکات بەرزبوونەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئەمەریکا و ڕۆژئاوا و ئەگەری کردەوەی سەربازیی ئەمەریکا وایکردووە دۆخی ئێرانی بەرەو خراپتربوون بڕوا. هەڕەشەی جموجۆڵی سەربازی له ناوچەکه و هۆشدارییە دیپلۆماسییەکان تا دێت بازاڕی دراو و ژیانی خەڵکی ناجێگیر کردووه . لەم جۆرە هەلومەرجەدا متمانەی گشتی ڕووخاوە و دەوترێت خەڵکەکە هەوڵی دەرکردنی پارە و داراییەکانیان لەبانکەکانی ئێران دەدەن. هاووڵاتییەک لە ناوخۆی ئێرانەوە سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای ئەو وڵاتە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "خەڵک لە ترسی ئەوەی بەهای پارەکەیان هێندەی دیکە بشکێت و وەک خەڵکی جارانی سوریا و عێراقیان بەسەر بێت، هەوڵدەدەن پارەکانیان لە بانکەکان بهێنە دەرەوە و بیگۆڕن بۆ دۆلار، بەڵام ئەمە بۆ خەڵکەکە جێبەجێ نابێت." بە وتەی ئەو هاووڵاتییە هۆکاری ئەمەش ئەوەیە نەوەک نەختینەیی نییە، بەڵکو پارەی ئێران هێندە بێ بەها بووە کە بانکەکان دراوی پێویستیان نییە و ئەگەر هەشبێت قەبارەی پارەکە ئەوەندە زۆر دەبێت کە ناتوانرێت بجوڵێنرێت و کاری پێبکرێت. ئەو هاووڵاتییە دەشڵێت، بازاڕی ئێران لەڕادەبەدەر ناجێگیرە "بە هەواڵێک، نرخەکان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەرز و نزم دەبنەوە، هیچ شتێک پێشبینی ناکرێت." دەشڵێت "ئەوانەی کەمێک دۆخی ئابووریان باشترە، لە ترسی شەڕ خواردن و خۆراکێکی زۆریان کڕیوە، بەڵام زۆربەی خەڵکی دیکە لەم ڕۆژانەدا لە ژیانێکی مان و نەماندا بەسەر دەبەن." ئەم هاووڵاتییە لە کۆتاییدا دەشڵێت " زۆرینەی خەڵک هیوای بەستوە بە ترامپ و داوا دەکەن ئەم دۆخە بە لابردنی ئەم حکومەتە بگۆڕێت، چونکە هیچ ئومێدێک نەماوە بۆ چاکسازی لە ناوەوە". زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە لە نەبوونی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لەو وڵاتە، تاران کەوتووەتە ڕێڕەوێکەوە کە بەرەو داڕمان دەڕوات. شارەزایەکی بواری ئابوری لە ناخۆی ئێران کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای وت "قەیرانی ئابووری کاتێک دەبێتە هەڕەشەیەکی وجودی بۆ سەر حکومەت کە لەیەک کاتدا سێ ئەرکە سەرەکییەکەی حکومەت تێکدەدات کە بریتین لە دابینکردنی بژێوی ژیان و پاراستنی متمانەی گشتی و بەڕێوەبردنی نەزمی کۆمەڵایەتی کە هەر سێیان ئێستا پەکیان کەوتووە." دەشڵێت "ئێستا داڕمانی دراوی نیشتمانی ئێران وایکردووە حکومەت نەتوانێت نرخەکان کۆنترۆڵ بکات و بێمتمانەیی بە سیستەمی بانکی دروستبووە و حکومەت بێتوانایە لە وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵک بۆ بژێوی ژیانیان و ئەمەش وایکڕدووە ناڕەزایەتییەکان ببنە بەشێک لە دیاردەیەکی هەمیشەیی ئەم وڵاتە."
