هاوڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا، رایگەیاند نایەوێت کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ئەنجام بدات تاوەکو هێزەکانی تورکیا لە خاکی وڵاتەکەی نەکشێنەوە، دەشڵێت، گروپە تیرۆرستییەکانی ناو سوریا دەستکردی ئەنقەرەن و هەوڵی ئەنجامدانی کۆبونەوە لەگەڵ سوریا بۆ ئەوەیە رەوایەتی بدات بەو "گروپە تیرۆرستیانە". لەدوای هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆککۆماری تورکیا لە حوزەیرانی ئەمساڵدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان چەند جارێک ئاماژەی بەوە داوە کە ویستی کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی سوریا هەیە، بەتایبەت لەگەڵ بەشار ئەسەد و رەنگە لوتکەیەکی ئاشتی ببەستن. لەسەر ئەم لوتکەی ئاشتییە بەشار ئەسەد لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز رایگەیاند، کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ئەنجام نادات چونکە "هەوڵی ئەردۆغان بۆ بەستنی کۆبونەوەیەکی لەو جۆرە تەنها ئامانج لێی پێدانی رەوایەتییە بە بوونی هێزەکانی تورکیا لە سوریا." سەرۆکی سوریا ئەوەشی خستەڕوو بەشداری لە هیچ لوتکەیەک ناکات تاوەکو تورکیا هێزەکانی خۆی نەکشێنێتەوە لە سوریا و پاڵپشتی خۆی نەوەستینێت بۆ "گروپە تیرۆرستییەکانی وەک بەرەی نوسرە و ئەحرار شام و گروپەکانی تر کە ناوی تریان هەیە." ئەسەد دەشڵێت، "تیرۆرستان دەستکردی تورکیان و تورکیا هەتا ئێستاش هاوکارییان دەکات" بۆیە نابێت تورکیا بڵێت تیرۆرستان هەڕەشەن بۆ سەر خاکەکەی.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی ئاب لە وەڵامی رۆژنامەنووسەکان دەربارەی گۆڕینەوەی زیندانی لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند:" ماوەی چەند مانگە لە رێگای قەتەر و عومانەوە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە و وتوێژدەکەین بۆ گۆڕینەوەی زیندانییەکان". وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی ئەوەی کە دەوترێت چەند رۆژ لەوە پێش ژنێکی ئەمریکی- ئێرانی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمریکا دەستگیرکراوە، خۆی لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکە لاداو نە ئەوە بوو پشتڕاستی بکاتەوە یان رەتی بکاتەوە. دەربارەی ژمارەی ئەو ئەمریکییانەی لە ئێران لە زیندانن وەزیری دەرەوەی ئێران وتی :" ژمارە گرینگ نییە، گرینگ نییە چەند کەسن کە لە زیندانن، گرینگ ئەوەیە بتوانین زیندانیەکان ئاڵوگۆڕ پێ بکەین." ئەوەشی ڕونکردەوە :" پرسی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان پرسێکی ئینسانییە و ئێمە هیچ مەرجێکمان نییە بۆ ئاڵوگۆڕپێکردنیان و بە قەتەر و عومانمان راگەیاندووە لە چوارچێوەی رێکەوتندا، ئامادەین زیندانییەکان ئاڵوگۆڕ پێ بکەین". ئێران پێشتر رایگەیاندووە چاوەڕوانی ئەوەیە ئەو سەرمایانەی ئێران کە بە هۆی گەمارۆکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و ئەمریکا ناهێڵێت بگاتەوە دەستیان، ئازاد بکرێن. واتە دەیەوێت لە بەرامبەر ئاڵوگۆڕی زیندانییەکاندا دەستی بە سەرمایەکانی بگات. هاوکات ئەمریکا پێشتر رایگەیاندووە ئێران ئەو کەسانە وەک بارمتە بەکار دەهێنێت بە مەبەستی نەهێشتنی گەمارۆ ئابوورییەکان و ئەو مەرجە قبوڵ ناکەن جێگەیباسە بە گوێرەی زانیارییەکان پێنج هاوڵاتی ئەمریکی لە زیندانەکانی ئێران دەستبەسەرن و تۆمەتی سیخوڕیان دراوەتە پاڵ.
هاوڵاتی بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە ٧ی ئاب، لە دیدارێکدا لەگەڵ وەفدێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەمریکا، جارێکیتر داواکاری خۆی بۆ هەڕەشەی سەربازی لە ئێران بە مەبەستی ڕێگەگردن بە دەستپێڕاگەشتنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە چەکی ناوکی دووبارە کردەوە. نێتانیاهوو رایگەیاند :" گرینگترین بابەت ئەوەیە هەڕەشەی سەربازی جیددی لە ئێران بکرێت. دەشڵێت، "ئێمە نامانەوێ جیهانێک ببینین کەتیایدا ئێران بتوانێت هەڕەشەی سڕینەوەی نیۆیۆرک، واشنگتۆن، یان لۆسانجلێس یان هەر شوێنێکی دیکە بکات بە چەکی ”ناوکی". سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی ڕونکردەوە کە ئەوان بەگری لە خۆیان دەکەن بە بوونی ڕەزامەندی ئەمریکا یان نەبونی . ئەم وتانەی لە کاتێکدایە کە بە پێی دوایین هەڵسەنگاندنەکانی ئەمریکا، ئێران لە ئێستادا چالاکییەکانی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی ڕاگرتووە ،لە کاتێکدا پەرەی بە چالاکییە ناوکییەکانی داوە. نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتی زانیارییەکانی ئەمریکا رۆژی ٩ی تەمووز کۆمەڵێک زانیاری لە سەر چالاکییە ناوکییەکانی ئێران بڵاو کردەوەو وتی :" ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠ هەوڵی داوە ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی باشتر بکات، بەڵام دەستی نەکردووە بە دروستکردنی چەکی ناوکی".
هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ئەمڕۆ سێ شەممە ٨ی ئاب، لە ماڵپەڕ و رۆژنامە ناوخۆییەکانی ئێران بڵاو کراوەتەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەکانەوە تا ئێستا، زیاتر لە ١٠٠ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون و بەشێکیان سزای زیندانیان بەسەردا سەپاوە. ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی ئاب ( ١٧ی گەلاوێژ) لە ئێران بە رۆژی رۆژنامەنووس ناسراوەو بەم بۆنەوەیە رۆژنامەکان باسیان لە دۆخی ئازادی و دۆخی رۆژنامەنووسەکان کردووە رایانگەیاندووە لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ رۆژنامەنووس و دەستبەسەر کراون و بەشێکیان سزای زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە. رۆژنامەی (هم میهن)، لیستێکی دوور و درێژی بڵاو کردۆتەوە لە ناوی ئەو رۆژنامەنووسانەیی تێدایە کە لە سەردەمی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا گیراون و ئاماژەی بە ناوی ٧٦ رۆژنامەنووس و پەیامنێر کردووە . هاوکات ئەکبەت مونتەجی، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی رۆژنامەنووسەکانی تاران بە جەختکردنەوە لە سەر ئەوەی :" لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون"، وتشی :" بەم قۆڵبەستکردن و زیندانیکردنانە رەوتی گەیاندن و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان ناوەستێت و وەک ئاو رێگای خۆی ئەدۆزێتەوە". هاوکات بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی رۆژنامەنووسەکانی تاران، ساڵی رابردووی وەک " سەردەمی رەشی رۆژنامەنووسی" ناوبردو وتی :" سەردەمی رەشی رۆژنامەنووسی کۆتایی نەهاتووەو یەکدەستکردنەوەی سیستەم مانای سڕینەوەو دوورخستنەوەی دەنگە جیاوازەکان و هەروەها زیندانی کردن و دوورخستنەوەی میدیاکار و رۆژنامەنووسەکانە." لە راپۆرتەکاندا یەکێک لەو رۆژنامەنووسانەی ئاماژەی پێدراوە، نازیلا مەعرووفیان، کچە رۆژنامەنووسی سەقزییە کە لە زیندانی ئێڤین دەستبەسەرەو لە ئێستادا باری تەندروستی ناجێگیرەو چەن رۆژ لەوە پێش گەیەنرایە نەخۆشخانە. هەروەها ئاماژە دراوە بە ناوی "نیلووفەڕ حامیدی" پەیامنێری رۆژنامەی شەرق و ئیلاهە محەممەدی پەیامنێری رۆژنامەی (هم میهن) کە ٣٢٠ رۆژە لە زیندانن بە هۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی سەردەمی خۆپیشاندانەکانی ژن ژیان ئازادی. ئێران بە گەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوەو یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ئازادی راگەیاندن تێیدا زۆر سنووردارە. دوای چین ئێران وەک گەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسەکان لە دونیا دەناسرێت.
هاوڵاتی رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووری ئەمرۆ دوو شەممە ٧ی ئاب، لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە ئیسرائیل جارێکیتر هێرشی کردۆتەوە سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و لە ئەنجامدا ٦ کەس لە سەربازانی ئێران و ٤ سەربازی ئەرتەشی سووریا کوژراون. باسی لەوەشکردوە کۆگای چەک و تەقەمەنیەکانی ئێران لەم ناوچەیە تەقێنراوەتەوە. بە پێی ئاماری رێکخراوەکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەمە ٢٥ ەمین هێرشی ئیسرائیلە بۆ خاكی سووریا کە ١٧ جار هێرشی ئاسمانی بووەو ٥ جار هێرشی زەمینی. دەشڵێت، لەم هێرشانەدا " ٥٩ کەس لەوانە ٢٢ سەربازی سەر بە ئێران سووری و نەتەوەکانیتر، ٦ سەربازی سوپای پاسداران و ٤ سەربازی سووری سەر بە ئێران و ٣ ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنان کوژراون". کۆماری ئیسلامی بە گەورەترین پارێزەر و لایەنگری ئەسەد لە ناوچەکە دەزانرێت و ژمارەیەکی زۆر سەربازی (ئەفغانستانی و پاکستانی و ئێرانی) لە سووریا جێگیر کردووەو ئیسرائیل بوونی ئەو سەربازانە لە سووریا بە مەترسی ئەزانێت بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆی .
هاوڵاتی بە پێی ئاژانسەکانی هەواڵی ناوخۆی ئێران، شارەوانی تاران ٤٠٠ کەس وەک " پارێزەری حیجاب" بە مووچەی مانگانە ١٢ میلیۆن تمەن لە مێترۆکان دامەزراندووە. بە پێی ئەو زانیاریانەی لە میدیاکانی ناوخۆی ئیرانەوە بڵاو بوونەتەوە، ئەرکی ئەم هێزی " پارێزەری حیجاب"ە لە مێترۆی تاران، ئاگادار کردنەوەو پێشگرتن و هەروەها دەستگیرکردنی ئەو ژنانەیە کە ئامادە نین حیجابی زۆرەملێ بپۆشن. جێگەیباسە پێش ئەم بڕیارە کۆمەڵێک ڤیدیۆی جیاوازبڵاوکرایەوە کە تیایدا لە وێستگەکانی مێترۆ کۆمەڵێک هێزی جیاواز بۆ داسەپاندنی حیجاب بە سەر ژنان لە مێترۆکان هەڕەشەیان لە ژنان دەکرد. بە پێی ئەو ڤیدیۆیانە، سەرەتا کۆمەڵێک ژنی سەرداپۆشراو و حیجاب، ژنەکان ئاگادار دەکەنەوە ئەبێ حیجاب بکەن، لە هەنگاوی دووهەمدا کۆمەڵێک پیاو بە جل و بەرگی ئاساییەوە دێن و ژنان ئاگادار ئەکەنەوە ئەگەر حیجابیان نەبێت ئیزنیان پێ نادرێت بچنە مێترۆوە. لە هەنگاوی سێهەمدا هێزەەکانی " یەکەی پارێزەر"ی شارەوانی بە جلی تایبەتەوە پێش بەو ژنانە ئەگرن کە سواری مێترۆ ببن. رۆژنامەی " فەراز" دەربارەی یەکەی نوێی " پارێزەری حیجاب" لە شارەوانی تاران لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە نووسیویەتی :" ئەم هێزانە وەک (پارێزەری حیجاب) لە لایەن یەکەی پارێزەری شارەوانی تارانەوە هەڵبژێردراون و خولی تایبەتیان بینوەو بەم زوانە لە وێستگەکانی مێترۆ جێگیر دەکرێن.
هاوڵاتی رێنمای جێبەجێکردنى بودجەى گشتیى عێراق لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، بەوەش یاساکە بە تەواوى دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە. ئەمڕۆ دوشەممە رێنماییەکانی جێبەجێکردنی بودجەی گشتی عێراق بڵاوکرایەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە نزیکەی دو مانگ بەسەر پەسەندکردنی یاساکەدا لە پەرلەمانی عێراق تێدەپەڕێت. رێنماییەکانی جێبەجێکردنى بودجەى گشتیى عێراق بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکراوەتەوە کە لەلایەن تەیف سامى، وەزیرى داراییەوە واژۆ کراوە، کە لە 36 ماددە پێکهاتوە و بەسەر حەوت بەشدا دابەش بون. یاسای بودجەى گشتی لە 12ى حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا، لە 26ى هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، پارەکەى 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە. بڵاوکردنەوەى رێنماییەکانی جێبەجێکردنى بودجەى گشتى لەدواى ئەوە هات کە ئەمڕۆ دووشەممە 7ى ئاب دادگەى باڵاى فیدراڵى سەرجەم سکاڵاکانى لەبارەى یاساى بودجە یەکلاکردەوە.
هاوڵاتی سەرۆکى دەستەى دەستپاکى فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەستگیرکردنى عەلى عەلاوى، وەزیرى دارایی پێشو و چەند بەرپرسێکى باڵاى حکومەتەکەى کازمى پێکرد و دەڵێت: تۆمەتبارن لە کەیسى "دزى سەدە". حەیدەر حەنون ئەمڕۆ یەکشەممە لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەکە لە عەلی عەلاوی، وەزیری پێشوی دارایی عێراق و بەڕێوەبەری نوسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق و بەڕێوەبەری پێشوی هەواڵگری بەتۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی "دزی سەدە" دەرچوە و داوا لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و بریتانیا دەکات کە ڕادەستیان بکەنەوە. باسى لەوەشکرد کە مانەوەى ئەو تۆمەتبارانە لە دەرەوەى زیندان زۆر ناکێشێت و وتى: "هەریەکە لەو تۆمەتبارانە زیاتر لە 100 ملیار دیناریان بردوە". لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو دەرکەوت بڕی سێ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینار لە پارەی باجی بانکی رافیدەین نادیارە و دادگای کەرخی پارێزگای بەغدا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە دەرکرد.
هاوڵاتی ئەبولفەزل قەدیانی، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی پێشتری کۆماری ئیسلامی و کەسایەتییەکی دیاری بزووتنەوەی سەوز و نزیک بە میرحسێن مووسەوی، لە وتارێکدا لە ماڵپەڕی " سحام نیوز" نووسیویەتی :" شەپۆلی دووهەمی بزووتنەوەی گۆڕان خولقێن و پڕخێر و بەرەکەتی ژن، ژیان، ئازادی" بەم زوانە سەر هەڵدەداتەوە. ئەم کەسایەتییە دیارەی پێشتری کۆماری ئیسلامی دوای ٢٠١٠ و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سەوز، یەکێکە لە رەخنەگرەکانی دەسەڵات دەربارەی رەشنووسی نوێ بۆ داسەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لە مەجلیس نووسیویەتی :" ئەم گەڵالە و رەشنووسە هەر لە ئێستاوە شکستی هێناوەو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دژی دەوەستنەوەو عەلی خامنەیی سەرکوتگەر ناتوانێ بە ئامانجەکانی بگات". دوای چەند مانگ لە بانگەشە و پڕووپاگەندە حکوومەتییەکان دەربارەی شێوە نوێکانی کۆنتڕۆڵی جل پۆشینی ژنان، ئێران رەشنووسی یاسایەکی نوێی ناردۆتە پەڕلەمانی ئێران بۆ پەسەندکردن، کە بە پێی ئەو یاسا نوێیە کۆمەڵێک سزای نوێ بە سەر ئەوانەدا دادەسەپێنرێت کە حیجابی زۆرەملێ رەچاو نەکەن و نەیپارێزن. لەو سزایانەی کە ئاماژەی پێدراون ئەمانەن:" بێبەبەری بوون لە خزمەتگوزاری حکوومەتی، دەست بەسەرداگرتنی سەیارە، داخستنی شوێنی کار و سزای نەختی قورس". لە رەشنووسی ئەم یاسایەدا کە دراوەتە پەڕلەمان بۆ پەسەندکردن، بە چەندین جۆر دەرکەوتنی قژی ژنان بە بێ حیجابی پێناسە کراوەو سزای قورسی لەسەرە. ژمارەیەک لە نوێنەرەکانی پەڕلەمانی کۆماری ئیسلامی ئەم رەشنووسە یاساییە بە توندڕەوانە ناو دەبەن و لایان وایە زێدەڕۆیی تێدا کراوە. لەگەڵ نزیکبوونەوە لە سالڕۆژی دەستپێکی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و مەرگی "ژینا ئەمینی" کچە کوردی سەقزی لە شاری تاران بە هۆی ئەشکەنجەی پۆلیسی ئەخلاقەوە، دەسەڵات هەوڵ دەدات گوشارەکان لە کۆمەڵگا زیاتر بکات و دوای چەند مانگ بە دانانەوەی "پۆلیسی ئەخلاق" لە سەر شەقامەکان، گوشار بۆ سەر کۆمەڵگا زیاتر ئەکات. ئەبولفەزل قەدیانی، کەسایەتی دیاری بزووتنەوەی سەوز و یەکێک لە بەرپرسانی پێشتری کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ رەخنەگرتن لەم رەشنووسە یاساییە، لای وایە ژنان و پیاوانی ئێرانی بەردەوام ئەبن لەم شۆڕشە و شەپۆلی دووهەمی ئەم شۆڕشە زۆر نزیکە.
هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆسیەتێدپرێس، رۆژی پێنج شەممە ٣ی ئاب، لە راپۆرتێکدا لە دەمی پێنج بەرپرسی پلەباڵای سەربازی ئەمریکاوە رایگەیاند، ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی جێگیرکردنی سەربازەکانی خۆیەتی لە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە کاتی پەڕینەوە لە گەرووی هۆرمۆز لە کەنداو. ئەم وتەیەی ئەم بەرپرسە باڵا سەربازیانەی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ ناردنی هەزاری کۆماندۆ و سەربازی هێزی دەریایی و مەلەوان بۆ کەنداو لە کەشتی هێرشبەری ( یو .ئێس. ئێس باتان ) و کەشتی ( یو. ئێس. ئێس. کارتەر هاڵ). ئەم پێنج بەرپرسە سەربازییە نەیانویستووە ناویان بڵاو بێتەوە، بەڵام جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە هێشتا بڕیاری کۆتایی لەم بارەوە نەدراوەو بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا لە گفتوگۆ و راوێژدان لەگەڵ هاوپەیامنە عەرەبەکانی ئەمریکا لە کەنداو. ئەو بەرپرسە سەربازییانە باسیان لەوە کردووە، مەلەوان و چەکدارە دەریاییەکان، هەرکات لە لایەن کەشتییە بازرگانییەکانەوە داوایان لێ بکرێت، بەهانای کەشتییەکانەوە ئەچن و ئەمنییەتیان دەپارێزن. بەرپرسێکی سەربازی پرۆسەکەی بە پرۆسەیەکی ئاڵۆز ناوبرد و وتی:" جێگیر کردنی سەربازە ئەمریکاییەکان لە سەر هەر کەشتییەکی بازرگانی، پێویستە لە لایەن ئەو وڵاتەوە کە ئاڵاکەی لە سەر کەشتییەکەیە ڕێگە پێدراو بێت و هەروەها ئەو وڵاتەی کە بەناویەوە تۆمار کراوە". ئەم بەرپرسە کە ناوی نەهاتووە ئەڵێت :" تا ئێستە وا نەبوە کە سەربازەکان لە سەر کەشتییەکان جێگیر بن و رەنگە پێویستی بە کات بێت". پێش نیوەڕۆی رۆژی پێنج شەممە، براد کۆپەر، فەرماندەی فەرماندەی یەکەی پێنجەمی هێزی دەریایی جێگیرکراو لە بەحرین لەگەڵ رێبەرانی شەش وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو، واتە بەحرەین، کوێت، عوممان، قەتەر، سعوودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کۆبۆوە. هەرچەن لە راگەیاندنی کۆتایی ئەم دانیشتنەدا ئاماژە بەو بابەتە نەکراوە کە رۆژنامەی ئەسۆشەیتێدپرێس باسی ئەکات، بەڵام لەو راگەیاندنەدا باس لەوە کراوە کە "کۆپەر" لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتانە دەربارەی بەهێزکردنی هاوکارییەکانیان و کارکردن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان و ناوچەییەکان، ڕاو بۆچوونیان گۆڕیوەتەوە. ئەگەر بێتوو ئەم پرۆسەیە جێبەجێ بکرێت و هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان جێگیر بکرێن، ئەمە دەبێت بە هۆی ئەوەی ئەمریکا بەرپرسایەتییەکی زۆر بکەوێتە سەرشانی بە مەبەستی پاراستنی ئەمنییەتی کەشتییە بارهەڵگرەکان و لە هەمانکاتدا رێگرییە لە هەنگاوەکانی ئێران و رووسیا و چین لەم ناوچە دەریاییە. ئەمریکا تەنانەت لە جەنگی ناسراو بە جەنگی نەوت هەلگرەکان، ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، هێزە سەربازییەکانی خۆی بەم شێوەیە لەسەر کەشتییە بارهەڵگر و نەوتهەڵگرەکان جێگیر نەکردبوو. لە سەردەمی جەنگی عێراق- ئێران، لە ساڵی ١٩٨٥-١٩٨٨ بە مەبەستی بەرگرتن بە بازرگانیکردن و فرۆشتنی نەوت، هەرکام لە وڵاتانی ئێران و عێراق هێرشیان دەکردە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی یەکتر و ئەمریکا بە مەبەستی پاراستنی بازرگانی لە کەنداو. دوو پاپۆڕی گەورەی " یو.ئێس. ئێس . باتان" و " یو. ئێس. ئێس. کارتەرهاڵ" رۆژی ١٠ی تەمووز بە مەبەستی پاراستنی ئەمنیەتی بازرگانی ئازاد لە گەرووی هۆرمۆز لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران کە هەڕەشەی تێکدان و وەستاندنی بازرگانی ئازاد ئەکات لەم رێگا بازرگانییە نێردراونەتە ناوچەکە. "یو. ئێس. ئێس. باتان" هەفتەی رابردوو لە گەرووی گیبرالتار ( جبل الطارق)ەوە گوزەری کرد بەرەو کەنداو. ئەمریکا لە مانگی رابردوودا بە مەبەستی وەستانەوە بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ئێران، فڕۆکەی جەنگی (ئەی-١٠)، ( تاندرلێبت -٢)، ( ئێف-١٦) و ( ئێف- ٣٥) و هەروەها پاپۆڕشکێنی (یو.اس.اس. تۆماس هادنەر) ناردۆتە کەنداو. چەند رۆژ لەوە پێش و رۆژی چوارشەممە ٢ی ئاب، سوپای پاسداران نمایشێکی سەربازی لە کەنداوی فارس و لە سێ دوورگەی ( تونبی گەورە، تونبی بچووک، ئەبوومووسا) بەڕێوەبرد ناوی نابوو " نمایشی هێز و ئامادەیی بۆ بەرگری لە ئەمنیەتی کەنداو و سێ دوورگەکە" حسێن سەلامی فەرماندەی سپای پاسداران دەربارەی ئەم نمایشە سەربازییە وتی :" هیچ پێویستێکمان بە ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی ئەوان نییە لە ناوچەکە". هەڵبژاردنی ئەو سێ دوورگەیە (ئەبوومووسا، تونبی گەورە و تونبی بچووک) بۆ نمایشی سەربازی لەگەڵ ئەوەی پەرچەکردارە بە بوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، هاوکات وەڵامدانەوەیە بە دانیشتنی ٦ وڵاتی کەنداو و رووسیا دەربارەی خاوەندارێتی ئەم سێ دوورگەیە کە رۆژی ١١ی تەمووز لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو و ناڕەزایەتی گەورەی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی ئێرانی لێکەوتەوە. ئیمارات خۆی بە خاوەنی ئەو ٣ دوورگەیە ئەزانێت و ئێران هەموو گفتگوگۆ دەربارەی خاوەندارێتی ئەو ٣ دوورگەیە رەت ئەکاتەوە.
هاوڵاتی زیاتر لە 10 مانگ بەسەر ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا ئەمینیدا تێدەپەڕێت و تائێستاش مەرگی بریندارەكانی خۆپیشاندانەكان و كەسوكاری كوژراوان و خۆكوشتنی دەستگیركراوان چیرۆكی پڕژانی ئەو سەرهەڵدانەن و لەنوێترین حاڵەتیشدا گەنجێكی ئەشكەنجەدراو دوای ئازادكردنی خۆی كوشتووە. كۆماری ئیسلامی ئێران ترسشی لێ نیشتووە لەزیادبوونی ناڕەزاییەتییەكان بەتایبەت لەساڵیادی ژینا ئەمینیدا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی گەورە دروست ببێت، بۆیە لەئێستاوە فشارەكانی بەتایبەت لەشارەكانی رۆژهەڵات توندتر كردووەتەوە لەڕێگەی دەستگیركردن و ئەشكەنجەدانیانەوەو ترساندنی كەسوكارەكانیان. چیرۆكی مەلیحە، ئەو دایكەی دوای كوژرانی رۆڵەكەی لەشاری سەقز جەڵتە لێیداو باری قورسی خەمی مەرگی كوڕەكەی وای كرد دوای حەوت مانگ بێهوشبوون لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستبدات و ئەوەش بەشێكن لەچیرۆكە ئازاربەخشەكانی ئازادی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران. گرتن و دەستبەسەركردنی كەسوكاری شەهیدانی ناڕەزایەتییەكان و گیانلەدەستانی ژمارەیەك لەبریندارەكانی رابردوو بووەتە هۆی تۆماركردنی زنجیرەیەك چیرۆك كە هەمووی ئاماژەیە بۆ قوڵبوونەوەی ناڕەزایەتییەكان. تراژیدی خۆكوشتنی ئەو كەسانەی لەزیندانەكان ئازاد دەكرێن بەچیرۆكی مەرگی گەنجێكی رۆژهەڵات دووبارە بووەوە، چونكە لەدوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانەوە چەند گەنجێك هەوڵی خۆكوشتنیان داوە و لەزۆربەی حاڵەتەكاندا ئەو گەنجانە گیانیان لەدەستداوە. ئەو دایكەی بەرگەی ژانی مەرگی كوڕەكەی نەگرت گیانلەدەستدانی دایكی یەكێك لەكوژراوانی رۆژهەڵاتی كوردستان دوای حەوت مانگ لەبێهۆشبوون چیرۆكێكی دڵتەزێنی دایكێكی جەرگ سوتای رۆژهەڵاتی كوردستانە كە دوای مەرگی رۆڵەكەی جەڵتە لێیدابو.و مەلیحە حەسەنژاد، دایكی محەمەد حسێنی، گەنجێكی شاری سەقزە كە لەكاتی ناڕەزایەتییەكانی ئەو شارەدا تەرمەكەی لەناو ئۆتۆمبێلێكدا لەنزیك ناوچەی قەوخ دۆزرایەوە ئەو دایكە تەنها ماوەیەكی كورت لەدۆزینەوەی تەرمی كوڕەكەی بەئەشكەنجەكراوەی، تووشی جەڵتەی مێشك بوو و رەوانەی نەخۆشخانەیەك لەتاران كرا و پاش حەوت مانگ بێهۆشبوون دواجار گیانی لەدەستدا. تەرمی مەلیحە بە رێوڕەسمێكی جەماوەریی رەوانەی شاری سەقز كرایەوە و لەتەنیشت گۆڕی كوڕەكەی بەخاكسپێردرا و چیرۆكی مەرگی ئەو دایكەو كوژرانی رۆڵەكەی بەئەشكەنجە ئازارێكە لەهەوڵدان بۆ ئازادیی لە رۆژهەڵاتی كوردستان. محەمەد حسێنی لە 20 تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو دوای 24 كاتژمێر لە بێسەروشوێنبوونی تەرمەكەی لەدەرەوەی شاری سەقز دۆزرایەوە و پزیشكی دادی سەر بەدامودەزگای فەرمی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندبوو كە ئەو گەنجە بەهۆی ژەهراویبوونەوە گیانی لەدەستداوە بەڵام دواتر رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئاشكرایان كرد كەئەو گەنجە ئەشكەنجە دراوەو چەندجارێكیش بەئۆتۆمبێل بەسەریدا رۆیشتون و ئەوەش هۆكاری مەرگی محەمەد بووە كە لە ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا لەشاری سەقز دەستگیركرابوو. كوژران لەپێناو ئازادی خۆكوشتن بۆ رزگاربوون لە فشارەكان بریندارێكی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵات و ئێران دوای هەشت مانگ گیانی لەدەستداو گەنجێكیش كە پێشتر دەستگیركرابوو بەخۆهەڵواسین كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا. یەكێك لەبریندارەكانی ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی، بەهۆی سەختی برینەكەی دوای هەشت مانگ و شەش رۆژ گیانی لەدەستدا. ئەبولفەزل ئەمیرعەتایی تەمەن 16 ساڵ كە لەناڕەزایەتییەكانی شاری (رەی) سەر بەتاران گوللـە بەر سەری كەوتبوو دوای زیاتر لە هەشت مانگ بەهۆی سەختی برینەكەی هەینی رابردوو گیانی لەدەستدا. پێشتر دایكی ئەبولفەزل ڤیدیۆیی كوڕەكەی بڵاوكردبووەوە كە تەنها دەیتوانی پەنجەكانی و پێڵوی چاوەكانی بجوڵێنێت و ئەوەش ببوە هۆی دڵخۆشیی و گەڕانەوەی هیوا بۆ دایكی بەڵام مەرگی ئەو لاوە خەون و هیواكانی دایكی لەگەڵ خۆی برد. هەر لەماوەی رابردوودا و لەدرێژەی چیرۆكە بێ كۆتاییەكانی ئازارەكانی ئازادی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران گەنجێكی تەمەن 18ساڵ دوای سێ مانگ زیندان و ئەشكەنجە لەگەڵ ئازادبوونی خۆی هەڵواسی و گیانی لەدەستدا. ئیحسان جەواهیری، خەڵكی گوندێكی سەر بەشاری كامیاران لە رۆژهەڵاتی كوردستان بوو كە بەبیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی دەستگیركراو بەپێی زانیارییەكانی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئەو گەنجە ماوەی زیاتر لەسێ مانگ ئەشكەنجە دراوەو دوای ئازادكردنی لە رۆژی هەینی (21/7/2023) بە خۆهەڵواسین كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە. پێشتر سەرچاوەكانی مافی مرۆڤ و تەنانەت تەلەفیزیۆنی سی ئێن ئێن كۆمەڵێك بەڵگەی ئەشكەنجەی دڕندانەو دەسترێژییان بۆ سەر دەستگیركراوانی ناڕەزایەتییەكان بڵاوكردبووەوە و ئاماژەیان بەوە كردبوو بەشێك لەقوربانیانی ئەو ئەشكەنجانە لەژێر فشاری دەروونیدا پەنایان بۆ خۆكوشتن بردووە و ژمارەیەكیان گیانیان لەدەستداوە. ترس لەشۆڕشی ژینا مستەفا رۆستەمی، سەرۆكی ناوەندنی نوێنەرایەتیی عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاندووە؛ بەپێی پێشبنییەكانی ئەو ناوەندە ئەمنیی و هەواڵگرییەكانی وڵاتەكە، ئەگەر لەیەكەم ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینیدا خۆپیشاندانەكان دووبارە نەبنەوە لایەنگرانی دروشمی « ژن، ژیان، ئازادی» بەتەواوەتی شكست دەهێنن. بەوتەی ئەو دوژمنانی كۆماری ئیسلامی هەوڵدەدەن لەیادی مەرگی ژینادا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لەزانكۆكانەوە دەستپێبكەنەوە. رۆستمەمی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی بەكاری ئاژاوەگێڕانەو تێكدەرانە دژی كۆماری ئیسلامی ناوهێناوە و جەختی كردووەتەوە كە ئەگەر ناڕەزایەتییەكان لەیەكەم ساڵیادی مەرگی ژیناو سەرهەڵدانەكانی دوای مەرگی ئەو كچە دەستپێنەكەنەوە چیتر ناتوانن ناڕەزایەتیی دەربڕن چونكە لایەنگرانی ئەو خۆپیشاندانانە بەتەواوەتی شكست دەهێنن. لێدوانی ئەو بەرپرسەی كۆماری ئیسلامی لەكاتێكدایە نزیكەی دوو مانگی ماوە بۆ یەكەم ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینی كەدوای دەستبەسەركردنی بەبیانوی نەگونجاوبوونی باڵاپۆشیەكەی لە تارانی پایتەخت و دوای سێ رۆژ بێهۆشبون لە 16ی ئەیلولی ساڵی 2022 لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستداو ئەوەش ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و سەرتاسەری ئێرانی لێكەوەتەوەو لەزۆربەی وڵاتانی جیهانیش بۆ پشتیوانیی لەو ناڕەزایەتییانە گردبوونەوەو خۆپیشاندان بەڕێوەچوو. لەماوەی رابردوودا بەهۆی ترس لەسەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەكان دەیان گەنج و لاوی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیركراون كەئاماژەی ترسە لەبریسكەی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانی فراوان لەو بەشەی كوردستان و شارەكانی ئێران.
هاوڵاتی دوای تەقاندنەوەی تاوەرەکانی هێڵی گواستنەوەی کارەبا لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا محەمەد شیاع سودانی فەرمانی کرد بە لێپرسینەوەکردن لەگەڵ هەر یەک لە فەرماندەی کەرتەکە و ئەفسەری هەواڵگری و ئەو فەرماندەیەی کە ناوچەکە دەکەوێتە ژێر بەرپرسیارێتییەوە. بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی کارەبا، هێڵی گواستنەوەی کارەبای 400 کەی ڤی (رۆژهەڵاتی بەغدا- دیالە) لە ناوچەی خان بەنی سەعد تەقێندراوەتەوەو و رووداوەکە کاژێر 08:30 شەوی رابردوو روویداوە و لە رێگەی بۆمبی چێندراوەوە بووە. لەم بارەیەوە، یەحیا ڕەسوڵ عەبدوڵا، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "لە کاتێکدا کە حکومەتی عێراق هەوڵدەدات باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاوڵاتیان بکات و بارگرانییەکانیان لەسەر کەمبکاتەوە، هاوکات لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەکانی گەرمادا چەتە تیرۆریستییە شکستخواردوەکان هەوڵدەدەن زیان بە ژێرخانەکان بگەیەنن و تاوەرەکانی کارەبا بکەنە ئامانج" ئاماژەی بەوەشکردوە، دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان زانیاری هەواڵگری وردیان هەبوە سەبارەت بە بونی هەوڵێک لەم ڕوەوە و سەرەداوی گرنگیان دەستکەوتوە لەسەر ئەو کەسانەی کە ئەم کارە تیرۆریستییە ترسنۆکەیان ئەنجامداوە و ئارامیی هاوڵاتیان دەکەنە ئامانج و هەروەها ئەو لایەنانەی کە بە دورنین نین لەپشت ئەم ئامانجەوە. ماوەیەکە لە چەند ناوچەیەک ئەو رووداوانە دووبارە دەبنەوە هاوکات رۆژی 29-07-2023 ژمارەیەک تاوەری گواستنەوەی کارەبا لە سەلاحەدین تەقێنرانەوە. ئەو کات وەزارەتی کارەبای عێراق بڵاویکردەوە، هێڵی گواستنەوەی کارەبای سەلاحەدین - حەدیسە بە ژمارەیەک بۆمبی چێندراو کراوەتە ئامانج و "بەو هۆیەوە سێ تاوەر کەوتوون." جێگەیباسە عێراق هەفتانە بە هۆکاری جیاواز رووبەڕووی پچڕانی کارەبا دەبێتەوە. بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، عێراق پێویستی بە 34-35 هەزار مێگاواتی رۆژانە هەیە، بەڵام لە لووتکەی توانایاندا، بە گوێرەی بەرپرسانی عێراق، وێستگەکانی وڵاتەکە 26 هەزار مێگاوات لە رۆژێکدا بەرهەمدێنن.
هاوڵاتی بە پێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی هەنگاو بڵاوی کردۆتەوە، لە مانگی تەمووزدا لانیکەم ٢٢٥ کەس لە ئێران لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون. لەم ژمارەیە ١٣١ کەسیان کردن کە دەکاتە لە سەدا ٥٨ (٥٨٪) دەستبەسەرکراوەکان. ١٩ کەسیان بەلووچە . لە کۆی دەستبەسەرکراوەکان ٢٩ کەسیان ژن و ٧ کەسیان مناڵن. ١١ کەسیان سەر بە کەمایەتی ئایینی بەهاییەکانن کە لە ئێران بەردەوام لە ژێر چاودێریدان و ئاینێکی قەدەغەیە. لە مانگی ٦ی زایینی، ١٦٨ کەس لە ئێران دەستبەسەر کران و زۆربەی زۆری دەستبەسەرکراوانی مانگی ٦ هەر کورد و بەلووچ بوون. هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردێکی سەقز و دەستپێکی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی) لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، گوشاری لایەنە ئەمنییەکان بۆ سەر خەڵک زیاتر بۆتەوە. دەسەڵات دەیەوێت بەر بە هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک بگرێت و بۆ دەستیکردووە بە گرتن و زیندانی کردنی بەکۆمەڵی خەڵک. ژینا ئەمینی رۆژی ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە شاری تاران دوای سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، بەهۆی ئەوەی لە لایەن پۆلیس ئەخلاقی کۆماری ئیسلامییەوە لێیدرابوو، گیانی لە دەستدا و مەرگی ژینا ئەمینی شۆڕشی (ژینا)ی لێکەوتەوە کە چەند مانگ لە ئێران بەردەوام بوو.
راپۆرتی: میدڵ ئیست ئای وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا کاتێک خالید ئەحمەد رۆیشت بۆ سەرۆکایەتی ئەستەنبوڵ لەبەشی بەرێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەری بەمەبەستی تازەکردنەوەی ناونیشانەکەی، نەیدەزانی کەسەردانە رۆتینییەکەی چی بەسەردێنێت. دروستبونی دەمەقاڵێیەک لەنێوان ئەحمەدو فەرمانبەرێکی حکومی بووە هۆی ئەوەی دەستیگیربکرێت و رەوانەی بەندیخانە بکرێت لەشارێکی تری تورکیا. دوای مانەوە لەبەندیخانە بۆ ماوەی مانگێک لەشاری کیلیس لەباشوری تورکیا، ئەحمەد بەناچاری و بەزۆر بەڵگەنامەیەکی ئیمزاکرد کە بەپێی بەڵگەنامەکە رازیبوونی خۆی دەربڕی بۆ گەڕانەوەی «ئارەزوومەندانە» بۆ باکوری رۆژئاوای سوریا. ئەحمەد تەمەن 53 ساڵ باسی لەوە کردووە کە «لەلایەن پۆلیسێکی گەنجی تورکییەوە لەسەرو قاچی دراوە». ئێستا کە لەماڵی هاوڕێیەکی دەمێنێتەوە لەشاری عەزازی سوریا، کە 10 کیلۆمەتر لەسنوری تورکیاوە دوورە، ئەحمەد ترسی ئەوەی هەیە هەرگیز جارێکی دیکە خێزان و منداڵەکانی نەبینێتەوە. «ماوەی هەشت ساڵە لەئەستەنبوڵ دەژیم و کاردەکەم، منداڵەکانم لەئەستەنبوڵ دەچن بۆ قوتابخانە، هەموو بەڵگەنامەیەکی فەرمیمان هەیە بۆ مانەوەمان لەوێ، بەڵام ئێستا لەیەک جیابووینەتەوە، نازانم کەی دەیانبینممەوە»، ئەحمەد وای وت. بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، نزیکەی هەزار سوری، کە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن، لەسەرەتای مانگی رابردووەوە بەشێوەی زۆرەملێ لەتورکیاوە دیپۆرت کراونەتەوە بۆ سوریا. هەڵمەتە زۆرەملێکە لەساڵی رابردووەوە دەستیپێکردووە، بەڵام دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بردەوە لەحوزەیرانی ئەمساڵدا، هەڵمەتەکە زیاتر کرا. ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەکاتێکدا بوو کە ئاستی جیاکاری و رقلێبوونەوە لەئاوارەکانی سوریا لە ئاستێکی بەرزدا بوو، لەگەڵ ئەوەی هەردوو کاندیدی هەڵبژاردنەکانیش بەڵێنی ناردنەوەی بەکۆمەڵی ئاوارەکانیان دەدا. کەمال کیلیچدارئۆغلۆ، کاندیدی ئۆپۆزسیۆن، چەندینجار بەڵێنی ئەوەیدا کە تەواوی ئاوارەکانی سوریا دیپۆرت بکاتەوە. هەرچەندە ئەردۆغان لەسەرەتاوە پاڵپشتی ئەو سوریانەی دەکرد کە لەجەنگ رادەکەن، بەڵام ئەمیش بەڵێنیدا «بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە» نزیکەی ملیۆنێک سوری بنێرێتەوە بۆ باکوری وڵاتەکەیان. دوای گەڕانەوە لەوڵاتانی کەنداو لەکۆتایی مانگی رابردوو، ئەردۆغان رایگەیاند کە حکومەتەکەی هەنگاوی باشی ناوە لەپلانەکەیدا. «دروستکردنی خانوو لەباکوری سوریا بەردەوامە، ئێستا گەیشتووین بە 100 هەزار بۆ 150 هەزار خانوی دروستکراو،» ئەردۆغان وای وت. قۆچی قوربانی بەشێوەیەکی بەرچاو ئاوارەکانی سوریا بوونەتە قۆچی قوربانی قەیرانی ئابوری تورکیا کە تێیدا خەڵکی تورکیا هێزی بازاڕکردنیان لەدەستداوە بەهۆی بەرزبوونەوەی لەڕابەدەری هەڵاوسان و خێرا دابەزینی بەرچاوی لیرەوە. ئاوارە سورییەکان ناویشیان بەوشککەرەوەی سەرچاوەکانی تورکیا دەهێنرێت و لۆمەش دەکرێن بۆ چەندین گرفت لەوڵاتەکەدا، هەر لەگێچەڵی سێکسسیەوە بگرە تا تاڵان کردن، ئەمەش دوای بومەلەرزە کوشندەکەی مانگی شوباتی ئەمساڵ. تەها ئەلغەزالی، شیکەرەوەیەکی سیاسی و چالاکوانێکی بواری مافی مرۆڤ، دەڵێت کە رێکارە توندەکانی ئەنقەرە بێئومێدکەرن بەڵام چاوەڕواننەکراو نین. «بەداخەوە، تەنگوچەڵەمەی ئاوارە سورییەکان بۆ بەرژەوەندی سیاسی بەکاردەهێنرێت لەلایەن پارتەکانەوە،» ئەلغەزالی ئەمەی وت و راشیگەیاند سەرۆککۆماری تورکیا دەیەوێت زۆرترین سوری بنێرێتەوە بۆ وڵاتی خۆیان پێش هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەساڵی داهاتوودا چونکە «ئەو دەزانێت خەڵکی تورکیا دەیانەوێت ئاوارەکان بگەڕێنرێنەوە». بەپێی ئاماری نەتەوەیەگرتووەکان، تورکیا نزیکەی چوار ملیۆن ئاوارەی لەخۆگرتووە کە سێ ملیۆن و 600 هەزار کەسیان بەناچاری لەسوریاوە ئاوارە بوون. لەئێستادا، زیاتر لە 500 هەزار سوری ناویان تۆمارکراوە کە لەئەستەنبوڵ دەژین لەکاتێکدا شارەکانی باشوری وڵات وەک غازیعەنتاب، ئورفە، هەروەها هاتای هەریەکەیان هەزارەها ئاوارەیان لەخۆگرتووە. بەنزیکەیی، هەموو ئاوارەیەک کارتێکی پارێزگاری دراوەتێ کە بەتورکی بە «کیملک» ناسراوە و بەو کارتە دەتوانن لە تورکیا بمێننەوە هەتا ئەوکاتەی وڵاتی خۆیان بەسەلامەت لە قەڵەمدەدرێت یان خۆیان بیانەوێت ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە. بەڵام ئەلغازی دەڵێت ئەم هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوەیە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە پێچەوانە و سنوربەزاندنی رێککەوتننامەی 1951ی نەتەوە یەکگرتووەکانە لەسەر ئاوارەکان چونکە دۆخی سوریا چ لەژێر دەستی حکومەتی بەشار ئەسەد و چ لەژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن بەرەوپێش نەچووە هەرچەندە شەڕو جەنگ لەنێوانیان دامرکاوەتەوە. دەرکردنی ئاوارە سورییەکان هاوتایە لەگەڵ ئەو هەوڵانەی لەسەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەراست دەدرێن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق و گەڕانەوە بۆ پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان بۆ پێش ساڵی 2011. هەرچەندە پێشتر ئەردۆغان، بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریای بە «بکوژ» ناودەبرد، بەڵام لەم دواییانەدا نیازی خۆی دەربڕیووە بۆ ئەنجامدانی لوتکەیەکی ئاشتی لەگەڵ ئەسەددا. سووکایەتی پێکردن و لێدان عەبدولڕەحمان عیسا کە تەمەنی 28 ساڵە و ئەمیش یەکێکە لەوانەی مانگی رابردوو دیپۆرتکراوەتەوە بۆ باکوری سوریا، دەڵێت بەپێچەوانەی ئەوەی کە مافی مانەوەی یاسایی لەتورکیا هەیە بەڵام لەوڵاتەکە دەرکراوە. «سوکایەتیم پێکراو لێشمدرا، پۆلیسێک دەستی گرتم و بەزۆر پەنجەمۆری پێکردم لەسەر پەڕەی قایلبوون بەدیپۆرتکردنەوەی ئارەزوومەندانە،» عیسا وای وت. عیسا دەشڵێت، «ژن و کچەکەم ئێستا لەهاتای دەژین بەبێ پاڵپشتی دارایی لەکاتێکدا من لە رەققە دەژیم کە شاری خۆشم نییە، من خەڵکی حەلەبم بۆچی ناردیانم بۆ رەققە؟» بەپێی وتەی قسەی لەهەندێک خەڵکی سوریا، پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەکان سوکایەتی و زۆرەملێی تێدا بووە کە بەشێکی زۆر لەئاوارەکان لەڕێگەی خاڵە سنورییەکانی ژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ەوە بردراون. ئێستا کە لە رەققە گیریخواردووە، عیسا دەڵێت پێناچێت جارێکی تر بگەڕێتەوە سوریا. «لەئێستادا چاوەڕێی ئەوەم بەسەلامەتی بگەمە ئیدلیب کە ئەویش کارێکی قورسە، کە گەیشتم ئەوکات داوا لەژنەکەم دەکەم تورکیا بەجێبهێڵێت و پێکەوە شاد ببینەوە،» عیسا وای وت. وتەبێژێکی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) باسی لەوە کرد کە رێکخراوەکەیان «زانیاری باوەڕپێکراوی بیستووە لەسەر جێگۆرکێکردنی سورییەکان بۆ سوریا لەکەمپی ئەلبیسی لە کیلیس لەکاتی جەژنی قورباندا لەمانگی حوزەیران». «بەڵام رێکخراوەکەمان لەئێستادا لێکۆڵینەوەی نوێی خۆی ئەنجام نەداوە، هەرچەندە ئەم راپۆرتانە هاوتەریبن لەگەڵ ئەو شتانەی بەشێوەیەکی سەرەتایی بۆمان ئاشکرا بوون،» وتەبێژەکە وای وت. لەمانگی نیساندا رێکخراوەکە لە راپۆرتێکیدا ئاشکرایکرد کە پاسەوانی سنوری تورکیا بەشێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەیان لەهاووڵاتی سوری کردووە لەسەر سنور. لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە کە ئەوانەی هەوڵی مافی مانەوە دەدەن و کۆچبەرانیش کەدەیانەوێت سنوری تورکیا ببڕن دووچاری ئەشکەنجەو هێز بوونەتەوە. ‹تەواوی ژیانم تیاچوو› ئەحمەد یاسینی تەمەن 24 ساڵ کە لەئەنقەرە دەژیا ئەوەی ئاشکراکرد کە لەخەودا بووە کاتێک لە بەرەبەیانی 4ی کانونی یەکەمی 2022 هێزێکی پۆلیس لەدەرگاکەیانداوە. ئەو دەڵێت کاتێک دەرگاکەی کردووەتەوە، دەستبەجێ لەگەڵ خێزانەکەیدا دەستگیرکراون و بردراون بۆ بنکەی پۆلیس. «دواتر رەوانەی بەندیخانەی ئەنقەرە کراین کە لەوێ دوو رۆژ نانمان نەخوارد،» یاسین وای وت. یاسین دەشڵێت، «دواتر پۆلیسیك داوای لێکردین بەڵگەنامەیەک ئیمزا بکەین و وتی تەنها پەڕەیەکە بۆ ئەوەی شتەکانمان لەبۆکسێکی سەلامەتدا دابنێین، بەڵام خێزانم کە دەتوانێت تورکی بخوێنێتەوە زانی ئەوە بەڵگەنامەی قایلبوونە بۆ دیپۆرتکردنەوە». یاسین باس لەوە دەکات کە کاتێک رەتیکردووەتەوە بەڵگەنامەکە ئیمزا بکات، لێیدراوە و بەزۆر ئیمزای پێکراوە. «ئێستا لەحەلەب دەژیم، ئێرە سەلامەت نییەو لێرە کارم نییە، تەواوی ژیانم تیاچوو،» یاسین وای وت. لەسەرەتای ئەمساڵەوە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، مردنی 11 کەس و برینداربوونی 20 کەسی تری لەسەر دەستی پاسەوانی سنوری تورکیا تۆمارکردووە لەسەر سنوری سوریا-تورکیا. لەسەرەتای هەفتەی رابردوو، میدیاکانی ناوخۆی تورکیا رایانگەیاند، لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا چەندین سوری وەک دەربڕینی نارەزایی خێمەیان هەڵداوە «بەئامانجی ئەوەی بەرپرسانی تورکیا قایل بکەن رێ بەنەخۆشانی شێرپەنجە بدەن بچنە تورکیاوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر». ئەم کەمپینە دوای ئەوە ئەنجامدرا کە لەمانگی شوباتی ئەمساڵەوە بەرپرسانی تورکیا رێگە دەگرن لە نەخۆشانی شێرپەنجە بچنە نێو تورکیاوە، ئەمەش بووەتە هۆی مردنی چەندان کەس.
هاوڵاتی ئەسۆشەیتدپێریش رۆژی دووشەممە ٣١ی تەمووز لە راپۆرتێکدا دەربارەی قووڵتربوونەوەی کێشەکانی نێوان سعودیە و کوێت لەگەڵ ئێران لەسەر کێگڵەگی غاز و نەوتی " الدرە" لە کەنداو، نووسیویەتی کێشە لەسەر ئەم کێلگە غازی و نەوتییە، کێشەکانی نێوان تاران و ریازی قووڵتر کردۆتەوە. سعوودیە و کوێت، بە هاوبەشی خۆیان بە خاوەنی مەیدانی غازی "الدرە" ئەزانن کە ئێرانیەکان پێی ئەڵێن "ئارەش"، لە کاتێکدا ئێرانیەکان سوورن لەسەر ئەوەی کە مافیان هەیە بە سەر ئەم کێڵگە غازییەوە کە لە باکووری بووشەهر و کەنارەکانی رۆژهەڵاتی سعوودیا و کوێتەوەیە. چوار مانگ لەمەوپێش گفتوگۆی نێوان دوو لایەن لە سەر دیاریکردنی سنووری ئەم کێلگە غازییە لە کەنداودایە دەستی پێکرد، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوو. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، رۆژی دووشەممە ، وتەکانی جواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێرانی دووپار کردەوە کە سەرەتای ئەم هەفتەیە وتبووی :" ئێران بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافەکانی خۆی لە کێڵگەی نەوتی ئارەش ( الدرە) نابێت و لە هیچ وڵاتێک قبووڵ ناکات مافەکانی ئێران لەبەرچاو نەگرێت". کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی ٣١ی تەمووز لە وتەکانیدا دەربارەی ئەم کێڵکە غازییە وتی :" ئێران ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی کوێتی لەمبارەوە گفتوگۆ بکات، بەڵام ئەگەر ویستێک نەبێت بەوەی بە شێوەی هاوبەش کەڵک لەم کێڵگەیە وەربگیردرێت کۆماری ئیسلامی یەک لایەنانە دەست ئەکات بە گەڕان و دۆزینەوەو دەرهێنانی غاز لەم کێڵگەیە." ئێران خۆی بە خاوەنی ٤٠٪ کێڵگەی غازی "الدرە" ئەزانێت، بەڵام کوێت و سعوودیە سوورن لەسەر ئەوەی ئەوان بێ گوێدان بە ئێران ئەو کێڵگەیە بە شێوەی هاوبەش بەکاربێنن. رۆژی ٢٧ی تەمووز وەزیری نەوتی کوێت لە وتووێژ لەگەڵ "سکای نیوزی عەرەبی" وتبووی، کوێت دەست دەکات بە دەرهێنانی غاز لەم کێڵگەیە و چآوەڕێی ئەوە نییە کە سنوورە دەریاییەکانی لەگەڵ ئێران دیاری بکرێت. دوو دەیە لەمەوپێش کوێت داوا لە کۆماری ئیسلامی کرد سنوورە دەریاییەکانی ئەم ناوچەیە دیاری بکرێت، لە سەرەتای ٢٠١٠ ەوە کوێت داوا لە ئیران دەکات زانیارییەکانی تایبەت بە بوومەلەرزەیی ئەم کێڵگە غازییە بنێرێت بۆیان. لە مانگەکانی رابردوودا و بە پشتبەشتن بە زانیاری بوومەلەرزەیی کۆمپانیای نەوتی شێل، کە لە بەریتانیایە، کوێت ئەڵێت ئێران هیچ پشکێکی لەم کێلگە دەریاییە نییە و مافی سعودیەو و کوێتە غازی ئەم کێلگەیە دەربهێنن و بەکاری بهێنن. کۆماری ئیسلامی ئەڵێت :" کۆمپانیای نەوتی (فەلاتی قارە) پێشتر زانیارییەکانی بوومەلەرزەیی ئەم کێڵگەیەی کۆکردۆتەوەو ٤٠ لە سەدی ژێرخانی غازی ئەم کێڵگەیە لە بەشی ئێراندایە. تا ئێستە هیچ سەرچاوەیەک ئەم زانیارییەی پشتڕاست نەکردۆتەوە. ئەوەجی، وەزیری نەوتی ئیران رۆژی یەکشەممە ٣٠ی تەمووز لە وتووێژ لەگەڵ ناوەندی هەواڵنێری "شانا" سەر بە وەزارەتی نەوتی ئێران وتی :" کۆماری ئیسلامی خوازیاری " چارەسەری دۆستانەی" پرسی سنوورە وشکانی و دەریاییەکانە لەگەڵ دراوسێکاندا، دەربارەی کێڵگەی نەوتی ئارەش ( الدرە)ش لەسەر ئەو باوەڕەین بە هاوبەش و هاوئاهەنگ کەڵک لەم کێڵگەیە وەربگرین. ئەم وتانەی وەزیری نەوتی ئێران لە کاتێکدایە ئێران ٤ کێڵگەی هاوبەشی نەوت و غازی لەگەڵ سعوودیە هەیە کە بریتین لە "ئەسفەندیار" ، "فەرزاد"، فەرزاد ب" و " فرووزان" ، بەڵام سعوودیە بە بێ گوێدان بە کۆماری ئیسلامی و پشکی ئێران، پەرەی بە دوو دانە لەو کێلگانە داوە کە لەگەڵ ئێران هاوبەشن و بەرهەمهێنانی نەوت و غازی لەو کێڵگانە دەست پێکردووە. سعوودیە هەروەها دەستی کردووە بە پەرەپێدان و گەورەکردنەوەو دەرهێنانی نەوت و غاز لە کێڵگەی نەوت و غازی مەرجان کە ئێرانییەکان "فروزان"ی پێ دەڵێن و ٢١ میلیارد دۆلار سەرمایەی لەو کێڵگە داناوەو پێش بینی دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ٥٠٠ بۆ ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لەو کێڵگەیە دەربهێنێت. لەکاتێکدا ئێران تەنها ٤٠ هەزار بەرمیل لە رۆژدا، لەو کێڵگەیە نەوت بەرهەم دەهێنێت و لە هیچکام لە سێ کێڵگە هاوبەشەکەی دیکەی ئێران و سعوودیە، ئێران نەوت و غاز دەرناهێنێت. کۆماری ئیسلامی جگە لەوەی کێشەی دیاریکردنی سنووری دەریایی هەیە لە گەڵ دوو وڵاتی سعوودیە و کوێت لەو کێڵگە نەوت و غازییانەدا، لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کێشەی خاوەندارێتی سێ دوورگەی " تونبی گەورە"، "تونبی بچووک" و "ئەبوومووسا"ی هەیە و ئەمە وایکردووە کێشەی ئێران لەگەڵ ئەم وڵاتە عەرەبیانە قووڵتر بێتەوە. سعودیەو و ئێران دوای چەند ساڵ کە پەیوەندی دیپلۆماتیکیان نەمابوو، لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵەوە پەیوەندییەکانیان دەستی پێکردوەتەوە. لە چەند ساڵی رابردوودا سعوودیە و ئێران لە کێشەکانی یەمەندا یەکتریان بەوە تاوانبار ئەکرد کە بشێوی ئەنێنەوە لە ناوچەکە و ئێران بە ئاشکرا پشتیوانی لە حووسیەکانی یەمەن ئەکرد بەرامبەر بە ریاز. لە سەرەتای بەهارەوە دوای ٧ ساڵ لە پچڕانی پەیوەندی ئەم دوو وڵاتە، هەنگاوەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە دەستی پێکردووە. وەفدی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و سعوودیە لە مانگەکانی رابردوودا سەردانی ریاز و تارانیان کردووەو ئێران و سعوودیە باڵیۆزی نوێی خۆیان دیاری کردووە. مەحموود عینایەتی، باڵیۆزی دیاریکراوی ئێران بۆ عەرەبستان، باسی لەوە کردووە کە باڵێۆزخانەی عەرەبستان لە تاران هێشتا نەکراوەتەوە. ئەسۆشەیتێد پریس هەروەها لە راپۆرتەکەیدا لەسەر کێشەکانی نێوان ئێران و سعوودیە ئەڵێت:" سەرەڕای ئاگڕبڕی ١٥ مانگە لە جەنگی ناوخۆیی یەمەن، ئێران و سعوودیە بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی لایەنە دژبەرەکان لەو وڵاتە". سعوودیە لە ئێستادا لە گفتووگۆدایە لەگەڵ ئەمریکا لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، لە حاڵێکدا کۆماری ئیسلامی بەردەوام ئیسرائیل وەک " دمڵێکی شێرپەنجەیی" دەبینێت و دروشمی نەمان و سڕینەوەی ئیسرائیل ئەدات. جۆ بایدن، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، هەفتەی رابردوو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەوڵەتەکەی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ سعوودیە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رۆژی دووشەممە ٣١ی تەمووز دەربارەی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل وتی :" هەر هەنگاوێک بە مەبەستی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی لەگەڵ رژێمی داگیرکەر، ئازادی زیاتر ئەدات بەم رژێمە زاڵمە بۆ ئەوەی تاوانی زیاتر بەرامبەر بە خەڵکی فەلەستین ئەنجام بدات." ئەسۆ شەیتێدپرێس دەڵێت، دیار نیە کێشەی ٦ دەیەیی ئێران لەگەڵ ولآتانی کەنداو لە سەر کێڵگە غازی و نەوتییەکان، تەنها لە قسەکردندا دەمێنێتەوە یان نا و ئاخۆ کێشەکە قووڵتر ئەبێتەوە یان نا؟ بەمەشەوە بە پێی راپۆرتی هەواڵنێرییە ئەمریکاییەکان، کێشەکانی کەنداو تا دێ قووڵتر ئەبێتەوە، بە شێوەیەک ئەمریکا بە مەبەستی بەرگرتن بە ئەگەری هەر هەڕەشەیەک لە لایەن ئێرانەوە بۆ سەر کەشتییە نەوتییەکان، هێزی زیاتری ناردۆتە کەنداو و هەروەها فڕۆکەی جۆری (ئێف-٣٥) و (ئێف- ١٦) و (ئەی-١٠)ی ناردۆتە کەنداو، لەگەڵ هێزی کۆماندۆی تایبەت. .