سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند، وردبینی بۆ لیستی مووچە کراوە و هیچ کێشەیەکی نییە. سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ڕاگەیاند "وردبینیی لیستی مووچە تەواو بووە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەگەشت بگەڕێتەوە و ئیمزای بکات و بودجەکە بنێردرێ." سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕاشیگەیاند "لیستی مووچە هیچ کێشەیەکی نییە، دەبوو لەم دوو ڕۆژەدا بودجەکە بنێرن، بەڵام ناگاتە هەفتەی داهاتوو." هاوکات سەرچاوەیەکی دیکە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، سەرجەم گەنجینەکانمان ئاگادارکردووەتەوە ئامادەکاری بکەن بۆ دابەشکردنی مووچە، چونکە لە نزیکترین کاتدا بەغداد مووچە دەنێرێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دا لەوەی ئەگەر دانوستانە دیپلۆماتییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران شکست بهێنن، ئەوە کارەسات لە ناوچەکە ڕوو دەدات. فوئاد حوسێن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی 'شەرق' ڕایگەیاند، عێراق بەتەواوی پشتگیریی لە پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران دەکات، هیوای خۆی بۆ گەیشتن بە لێکگەیشتن و دەرئەنجامە ئەرێییەکان دەربڕی کە خزمەت بە سەقامگیری بکات. وەزیری دەرەوەی عێراق، هۆشداریشی دا لەوەی کە شکستی ئەو بژاردە دیپلۆماتییە لێکەوتەی کارەساتبار بۆ ناوچەکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەروەها گوتیشی، "ئەگەر ڕێککەوتنی ئەمەریکا و ئێران بکرێت، ئەوە لەسەر حیسابی هیچ لایەنێکی دیکەی ناوچەکە نابێت." فوئاد حوسێن ڕاشیگەیاند، بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، وای لە بەغدا کردووە بەدوای سەرچاوەی جێگرەوەدا بگەڕێت بۆ هاوردەکردنی غاز، کە نزیکەی 33%ی کارەبای عێراق لە غازی ئێران دابین دەکرێت. ڕوونیشی کردەوە، دانوستانەکان لەگەڵ چەند وڵاتێک لە ئارادایە، لەوانە تورکیا، ئوردن و وڵاتانی کەنداو، بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی کارەبا. وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەش کرد، لە گفتوگۆکانی واشنتن باسیان لە دۆخی سووریا کردووە، کە ئیدارەی ئەمریکا هەشت مەرجی بۆ ئیدارەی نوێی دیمەشق داناوە. هەروەها جەختیشی لە گرنگیی دەستەبەرکردنی سەقامگیری سووریا سەبارەت بە عێراق کردەوە و گوتی، ئێمە زۆر گرنگی بە دۆخی سووریا دەدەین، چونکە ئەوەی لەوێ ڕوو دەدات هەم کاریگەری نەرێنی و هەم ئەرێنی لەسەر ئێمە هەیە. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕۆژی پێنجشەممە 24ـی نیسان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتن دی سی و لەو ماوەیەدا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئیدارەی ئەمەریکا کرد.
روانگەی سووری بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاشکرایکرد، لە ماوەی چوار مانگدا رێکخراوى داعش 68 هێرش و پەلامارى لەناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى بەرێوەبەرایەتیى خۆسەر هەبووە و بەهۆیەوە 28 کەس لە هاوڵاتیی سڤیل و ئەندامی هەسەدە گیانیان لەدەستداوە. روانگەی سووری رایگەیاندووە، لەمدواییەدا پەلامارەکانى داعش زیاتر بووە و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتى هەسەدەشی کردووەتە ئامانج. روانگەکە دەڵێت، چەکدارانی داعش رۆژی 28ـی ئەم مانگە بنکەیەکی سەربازیی هەسەدەیان لە دێرەزوور کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە دەستبەجێ پێنج ئەندامى هەسەدە گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکە بریندار بووە. بەگوێرەی ئاماری روانگەکە، تەنیا لە مانگی کانوونی یەکەمدا داعش 16 پەلامارى داوە و 10 ـان لە دێرەزۆر بووە و بەو هۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە. لە مانگی شوباتیشدا داعش 11 پەلامارى داوە و نۆیان لە دێرەزۆر بووە پاشان لە مانگی ئازاردا 20 پەلامارى دیکەی هەبووە و زۆرینەشیان لە دێرەزۆر بوون. هاوکات لەسەرەتاى مانگى نیسانەوە تاوەکو ئێستا، لە 21 پەلامارى داعشدا کە 19ـیان لە دێرەزۆر بووە و 12 کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەرپرسێکى باڵاى ئەمریکا، ڕایگەیاند وڵاتەکەى له مانگی ئازارەوه کەهەڵمەتێکى چڕوپڕى ئاسمانی له دژی حوسییەکان دەستپێکردوە، ٧ فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانی جۆرى MQ-9 Reaper لەیەمەن لەدەستداوە، هەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیش نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. ئەو بەرپرسە بەبێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە ئایا ئەو فڕۆکانە بە تەقەی حوسییەکان خراونەتە خوارەوە یان بە هۆکاری دیکە لەدەستچوون، وتی: لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە حەوت فڕۆکەی جۆری MQ-9مان لەدەستداوە. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی MQ-9 دەتوانرێت بۆ سیخوڕی بەکاربهێنرێت، کە پێکهاتەیەکی سەرەکی هەوڵەکانی ئەمریکایە بۆ دەستنیشانکردن و بە ئامانجگرتنی ئەو شوێنانەی کە حوسییەکان بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکان بەکاریدەهێنن، هەروەها بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان کە هەریەکەیان نزیکەی 30 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، هێزەکانی ئەمریکا لە 22ی نیساندا حەوتەمین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لەدەستداوە. ناوچەکانی حوسییەکان لە یەمەن نزیکەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی دەبنەوە، لەو کاتەوەی واشنتۆن لە ١٥ی ئازاردا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە دژی ئەوان ڕاگەیاند بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانیان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن. ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە زیاتر لە ٨٠٠ ئامانجی لە یەمەن داوە و سەدان چەکداری حوسی لە نێویاندا ئەندامانی سەرکردایەتی گرووپەکەیان کوژراون.
وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە) ڕایگەیاند، لە ڕۆژئاوای سووریا داعش هێرشی کردووهتە سەر هێزەکانیان و لە ئەنجامدا پێنج شەڕڤان شەهید بوون. دووشەممە 28ـی نیسانی 2025، فەرهاد شامی، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە) بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە، داعش لە دێرەزوور لە ڕۆژئاوای سووریا هێرشیان کردووەتە سەر هێزهكانیان. هاوکات وتەبێژی هەسەدە ئاماژەشی داوە، پێنج شەڕڤان لەڕوبەڕوبونەوەکاندا شەهید بوون. ئەو ئاژانسە ڕاشیگەیاندووە، داعش ساڵانێک بوو یاسای توندی ئیسلامی بەسەر بەشێک لە ناوچەكانی سووریا و عێراق سەپاندبوو، ئێستاش هەموو هەوڵێک دەدات بگەڕێتەوە و چالاكییهكانی دهست پێ بكاتهوه. پارێزگای دێرەزوور لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵ کرابوو، بەڵام لە ساڵی 2017 لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموكراتهوه کۆنترۆڵ کراوە.
وەزیری ناوخۆی ئێران، ڕایدەگەیەنێت کەمتەرخەمی هەبوو لە چاودێری کردنی بەندەرکە، ڕەچاوی رێکارەکانی خۆپاراستن نەکراوە، بەوهۆی ڕووداوەکەشەوە چەند کەسێکمان دەستگیرکردووە. بەپێى دواین ئاماریش لەتەقینەوە گەورەکەی بەندەر عەباسدا تا ئێوارەى ئەمڕۆ 46 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کەسى دیکەش بریندار بوون. ئەسکەندەر مؤمنی، وەزیری ناوخۆی ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، ئەو تەقینەوەکەى ڕۆژی شەممە لە گەورەترین بەندەری بازرگانی وڵات ڕوویدا، بەهۆی "کەمتەرخەمی" و پارێزگارى لە ڕێوشوێنە ئەمنییەکان نەکراوە. مؤمنی لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمى وڵاتەکەى وت: بەشێک لە تاوانباران ناسراونەتەوەو دەستگیرکراون. ئاماژەی بەوەشکردووە، "کەمتەرخەمی هەبووە، بەتایبەتی پابەندنەبوون بە ڕێکارە ئەمنییەکان و کەمتەرخەمی لەلایەن بەرگری شارستانییەوە". رۆژی شەممە، 26ـی نیسانی 2025، لە بەندەری شەهید رەجایی سەر بە شاری بەندەر عەباس، ناوەندی پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران تەقینەوەیەکی گەورە روویدا و دوای ئەوە ئاگرێکی گەورە لە بەندەرەکە کەوتەوە، کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و کۆنترۆڵ نەکراوەتەوە. ئێران هێشتا هۆکاری رووداوەکەی بەندەری رەجایی بەندەرعەباسی ئاشکرانەکردووە و دیار نییە هۆکاری ئاگرگرتن و تەقینەوەکە چییە. بەڵام بەرپرسانی ئەو وڵاتە جەخت لە بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان دەکەن. هاوکات ئەمڕۆ مێهرداد حەسەنزادە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای هورموزگان رایگەیاند: "ژمارەی گیانلەدەستدان لە تەقینەوەکەی بەندەری رەجایی سەر بە شاری بەندەرعەباس بۆ 46 کەس بەرزبووەتەوە." مێهرداد حەسەنزادە گوتی: "لە رووداوەکەدا 1210 کەسیش برینداربوون. هەزار و 72 کەسیان دوای چارەسەرکردنیان لە نەخۆشخانە رەوانەی ماڵەوە کراون و ئێستا 138 بریندار لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون." لەلایەکی دیکەوە، ناوی 23 قوربانی رووداوەکە کە تەرمەکانیان ناسراونەتەوە، لەلایەن بەرپرسانی پارێزگای هوموزگانەوە بڵاوکرایەوە.
پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" ڕایگەیاند،"تائێستا هیچ هەنگاوێكی بەرچاو بۆ جێبەجێكردنی بانگەوازەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەلایەن حكومەتەوە نەنراوە". کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بە بۆنەی ١ـی ئایار ڕۆژی کرێکاران ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە. لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەدا هاتووە: شاندی دەم پارتی لێدوانی گەشبینانە دەدات، دەبیستین کە ڕێبەر ئاپۆ هیوای هەیە و درێژە بە کارەکانی دەدات، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەرچاو بۆ جێبەجێکردنی ئەو بانگەوازە لەلایەن حکومەتەوە نەنراوە. هەروەها دەشڵێن: هیوادارین ئەم دۆخە بگۆڕێت، ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت بە ئازادیی هەوڵ و کارەکانی بەرەو پێش ببات و بتوانێت کۆنگرەی پارتیمان کە هەمووان چاوەڕێی دەکەن، ببەستێت. ڕاگەیاندراوەکەی پەکەکە بەم شێوەیەیە: “ئێمە لە ١ـی ئایاردا ڕۆژێکی نوێی یەکڕیزیی، یەکگرتن و تێکۆشانی چینی کرێکار دەژین، لە دوای ٨ـی ئادار و نەورۆز، لە ١ـی ئایاردا، کرێکاران و گەلانی زەحمەتکێش گۆڕەپانەکان پڕ بکەن و لە هەموو گۆڕەپانێک تێکۆشانی دیمووکراسیی دژە فاشیست بەرز بکەنەوە، بە دەنگی بەرز داوای خۆیان بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی ئازاد و یەکسان و دادپەروەرانەی دیموکراسیی دەردەبڕن و دژی فاشیزم تێبکۆشن، بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای ئازادیی ژنان و ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیی یەکێتی، یەکگرتن و تێکۆشانی خۆیان پتەو بکەن. لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە ١ـی ئایار بە تایبەت لە ڕێبەر ئاپۆ، لە هەموو هەڤاڵان، کرێکاران و ڕەنجدەران، ژنان، گەنجان، گەلی وڵاتپارێزمان و دۆستە دیموکراتییکەکانمان پیرۆز دەکەین، لە ١ـی ئایاری ساڵی نوێدا هیوای سەرکەوتنی گەورە بۆ هەموو ئەو کەسانە دەخوازین کە بۆ ئازادیی و دیموکراسیی تێدەکۆشن، لە کەسایەتی فەرماندە گەریلا محەمەد قەرەسوونگور، محەمەد ئەمین ئاسلان و ڕەمەزان کاپلاندا شەهیدانی تەقسیم لە ساڵی ١٩٧٧ و هەموو شەهیدانی ١ـی ئایار، بە ڕێز و خۆشەویستی و سوپاسگوزارییەوە بەبیر دەهێنینەوە، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ هەڤاڵ و هاوڕێمان سری سوورەیا ئۆندەر دەخوازین کە لە پرۆسەی ١ـی ئایاردا شەڕێکی بەهێز بۆ ژیانی خۆی دەکات. ١ـی ئایار یەکێکە لە میراتە مانادار و زیندووەکانی سۆسیالیزمی بنیاتنراو، بێگومان ئەوەی ئەم ڕۆژە مانادار دەکات، ڕاستی شەهید و بەرخۆدانییەتی، بەرخۆدانی ڕزگاری لە فشار، زۆرداری و ڕەنجخۆرییە، کە لەو پێناوەدا شەهید دراوە، هەمیشە بەهایەک کە ڕێگا نیشان دەدات و هێز دەدات بە تێکۆشانی ئازادیی، یەکسانیی و دادپەروەری بنیاتناوە، هەرچەندە زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی سۆسیالیزمی بنیاتنراو بە درێژایی مێژوو تێپەڕێندراون، ڕاستی ١ـی ئایار وەک ئەستێرەیەکی ڕێنیشاندەر کە ئیلهامبەخشە، لە یادەوەری خەڵکی کرێکاردا ماوەتەوە. تەڤگەری ئازادیی کوردستان و گەلی کورد بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ، بەرخۆدانێکی مێژوویی ئازادییان پەرەپێدا، ٨ـی ئادار و نەورۆز بە مانایەکی هەرە ڕاست پیرۆزکران، هەروەها خەباتی ئازادیی و دیموکراسییان لە ١ـی ئایاردا بەرزکردەوە، ئەم تێکۆشانە مانادارترین ژیانی پیشاندا، هەموو ١ـی ئایارێک بووەتە ڕۆژی نوێبوونەوەی هۆشیاری و ئیرادەی سۆسیالیستی دیموکراتیک، لە هەمان کاتدا بووەتە ڕۆژێک کە تێیدا ڕێکخستن و چالاکیی بەردەوام لە پەرەسەندندایە، تیۆری شارستانییەتی دیموکراتیک کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە، وایکردووە کە لە ١ـی ئایار وردتر تێبگەین و بەپێی ماناکەی بژین. بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان ئەم ١ـی ئایارە لەسەر بنەمای “بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک” کە ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ـی شووباتدا پێشکەشی کرد تێدەپەڕێنن، ئاشکرایە کە ئاشتی بەبێ ئازادیی و دیموکراسیی نابێت، بەبێ ئاشتی لە کوردستاندا، مەحاڵە کۆتایی بە شەڕ بهێنرێت و ئاشتییەکی ڕاستەقینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بەدی بهێنرێت، چونکە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری جیهانی لەسەر بنەمای پارچەکردنی کوردستان و هەژموونی داگیرکاری بنیات نا، بۆیە ئاشتی ڕاستەقینە لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها بە ئاشتی لە کوردستاندا جێگیر دەبێت. کۆمەڵگای دیموکراتیک پێگەیەکی سروشتییە کە لەگەڵ سروشتی مرۆڤدا دەگونجێت، ئەم کۆمەڵگایە کۆمەڵگەیەکی ئابووری، ئیکۆلۆژی، ئازادیی ژن، کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و سۆسیالیستی دیموکراتیکە، لە ڕۆژی ئەمڕۆدا ژنان و گەلی کورد و بندەستان زیاتر لە هەموو کەسێک پێویستیان بە ئاشتیی و گەشەپێدانی کۆمەڵگای دیموکراتیکە، بۆیە گەلەکەمان و دۆستانمان بەتایبەت ژنان و گەنجان، باشتر و قووڵتر لە مانای “بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک” تێدەگەن و چالاکییەکانی ١ـی ئایار دەکەنە دەرفەتێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو هۆشیاری و چالاکییە، بە بڵاوکردنەوەی پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک لە سەرانسەری جیهاندا، هۆشیاریی ئینتەرناسیۆنالیستی سۆسیالیستی دیموکراتیک و هاودەنگی لە هەموو گۆڕەپانەکاندا بەرەوپێش دەبەن. گەلەکەمان و جەماوەری دیموکراتیک باش دەزانن کە ئێمە وەک تەڤگەر و گەل لە ٢٧ـی شووباتدا بە هەموو توانامانەوە پشتیوانیمان لە بانگەوازیی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک کرد و لە ماوەی دوو مانگی ڕابردووشدا هەوڵمانداوە بە دروستی لەم بانگەوازە تێبگەین و بە سەرکەوتوویی جێبەجێی بکەین، ئێمە بە ڕوونی ئەو هەڵوێستەمان لە لێدوانەکانی ١ـی ئادار و نەورۆزدا ڕاگەیاند. سەرەڕای دواکەوتنەکانی حکومەتی ئاکەپە، ئێمە بەردەوامین لە پاراستنی ئەم هەڵوێستە، چونکە ئێمە بڕیارێکی جددییمان لە چارەسەرکردنی کێشەکان ڕاگەیاندووە، هەروەها بە تێگەیشتنێکی فراوانەوە لەگەڵ دۆخەکە مامەڵە دەکەین و هەوڵدەدەین نەبینە لایەنێک کە پرۆسەکە هەڵوەشێنێتەوە. شاندی دەم پارتی لێدوانی گەشبینانە دەدات، دەبیستین کە ڕێبەر ئاپۆ هیوای هەیە و درێژە بە کارەکانی دەدات، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەرچاو بۆ جێبەجێکردنی ئەو بانگەوازە لەلایەن حکومەتەوە نەنراوە، هیوادارین ئەم دۆخە بگۆڕێت، ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت بە ئازادیی هەوڵ و کارەکانی بەرەو پێش ببات و بتوانێت کۆنگرەی پارتیمان کە هەمووان چاوەڕێی دەکەن، ببەستێت. لێرەدا جارێکی دیکە، گەل و دۆستانمان ئاگادار دەکەینەوە و داواتان لێدەکەین بۆ ئەوەی بە دروستی لە پڕۆسەکە تێبگەن و بە سەرکەوتوویی بانگەوازی ٢٧ـی شووبات جێبەجێ بکەن، زۆر ڕوونە کە بانگەوازی ٢٧ـی شووبات بۆ ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک، بانگەوازێک نییە بۆ ئەوەی چاوەڕێی وەرگرتنی شتێک لە حکومەت یان دەوڵەت بکرێت، بە پێچەوانەوە بانگەوازێکە بۆ پەروەردە، ڕێکخستن و چالاکیی دیموکراتیکی کۆمەڵگا بە هۆشیاری ئازادیی و دیموکراسییەوە. ئاشتی لە ڕێگەی ئەمەوە بەدی دێت و کۆمەڵگای دیموکراتیک تەنها لەسەر ئەم بنەمایە پێکدێت، بۆیە نابێت کەس لە دۆخی نیگەرانی و چاوەڕوانیدا بێت، بەڵکوو پێویستە هەمووان بەگوێرەی سروشتی یەکڕیزیی و یەکگرتووی و تێکۆشانی ١ـی ئایار کۆببنەوە و بۆ پەرەپێدانی هۆشیاری، ڕێکخستن و یەکڕیزیی سۆسیال-دیموکراتیک هەموو بندەستان، لەسەر ئەو بنەمایە سەفەربەر ببن. پێش هەموو شتێک دەبێت مرۆڤ زهنییەت و شێوازی ژیانی خۆی بگۆڕێت، بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک، پێش هەموو شتێک بانگەوازێکە بۆ شۆڕش لە عەقڵییەت و ژیاندا، پێویستە زۆر باش لەم ڕاستییە تێبگەین، لە هێڵی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیکدا کاتی گۆڕان و گۆڕانکارییە و ئەم پڕۆسەیەش ئیتر دەستی پێکردووە، هەرچەند بەرۆخۆدانیش بکەین هیچ کەسێک ناتوانێت لە دەرەوەی ئەم گۆڕان و گۆڕانکارییە بمێنێتەوە. ڕێبەر ئاپۆ گۆڕان و گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانەی خۆی ئەنجامدا، پەکەکەش لەسەر بنەمای ئەم گۆڕان و گۆڕانکارییە دەژی، لەسەر ئەم بنەمایە هەموو گەلی کورد، ژنان و گەنجانی کورد گۆڕان و گۆڕانکاریی دیموکراتیک ئەنجام دەدەن و ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕان و گۆڕانکاریی دیموکراتیک لە سەرتاسەری تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەم ١ـی ئایار و هەمیش مانگی شەهیدان دەبێتە دەرفەتێک بۆ گەلەکەمان و دۆستانمان بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان بە ئەزموونی ئەو جۆرە گۆڕان و گۆڕانکارییەوە بژین. هەر لەسەر ئەو بنەمایانەش، جارێکی دیکە پیرۆزبایی ١ـی گوڵان لە هەموو کرێکاران، ڕەنجدەران، ژنان و گەنجان، هێزە سۆسیالیست و شۆڕشگێڕەکان دەکەین، لە کەسایەتی هەڤاڵ حەقی قەرار، محەمەد قەرەسونگور و هۆزان مزگیندا هەموو شەهیدانی مانگی گوڵان بە ڕێز و خۆشەویستی و سووپاس و پێزانینەوە بەبیر دەهێنینەوە، داوا لە هەموو گەلی وڵاتپارێزمان و دۆستانی دیموکراسییمان دەکەین کە لە هەموو شوێنێک، بە شێوەیەکی چالاکانە و بەهێز بەشداری پیرۆزباییەکانی ١ـی ئایار بکەن.”
بەگوێرەی راپۆرتێکی نێودەوڵەتی، خەرجیى بەرگریى تورکیا لە ساڵی 2024دا بەراورد بە ساڵی 2023 بە رێژەى 110% زیادیکردووە و لەسەر ئاستی جیهان دوو پلە سەرکەوتووە. پەیمانگەی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاشتی (SIPRI) راپۆرتی خەرجیی بەرگریی وڵاتانی جیهان لە ساڵی 2024دا بڵاوکردەوە و تیایدا باس لەوەکراوە، ئەنقەرە لە ساڵی 2024دا بەراورد بە 2023، 12% خەرجیی بەرگریی زیادکردووە و بەوشێوەیەش لە پلەی 19ـەمینەوە بۆ پلەی 17ـەمین لە لیستی ئەو وڵاتانەی زۆرترین خەرجیی بەرگرییان هەیە، سەرکەوتووە. راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە کۆی گشتیی خەرجیی بەرگریی وڵاتانى جیهان 2.7 ترلیۆن دۆلاری ئەمریکییە. تورکیا کە خاوەنی دووەم گەورەترین سوپای ناتۆیە، لە ساڵی 2024دا 1.9%ـی کۆی گشتیی داهاتی نیشتمانیی بۆ بەرگریی خەرجکردووە و نزیکبووەتەوە لە ئامانجی 2% کە ناتۆ بۆ ئەندامانی داناوە. پشكی تورکیا لە خەرجیی بەرگریی لەسەر ئاستی جیهان 1%ـە. بەو پێیە خەرجیی ساڵانەی سەربازیی تورکیا دەکاتە نزیکەی 27 ملیار دۆلار. بەگوێرەی راپۆرتەکەی پەیمانگەی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاشتی (SIPRI) خەرجیی بەرگریی لە تورکیا لەنێوان ساڵانی 2015 تاوەکو 2024، بەرێژەی 110% زیادیکردووە.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە وڵاتەکەی بە تەواوی دڵنیایە لە توانای خۆی بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێکی لایەنە دەرەکییە بەدخوازەکان بەمەبەستی تێکدەری یان سەپاندنی ویستی خۆیان بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا. عێراقچی لە لێدوانێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، بانگەشەکانی ئیسرائیل بەوەی کە دەتوانێت فەرمان بەسەر ئێراندا بکات بە “خەیاڵپڵاوی و دوور لەڕاستی” ناوبرد و رەخنەی لە بنیامین نەتانیاهۆ گرت کە هەوڵدەدات سیاسەتی دیپلۆماسی ئەمریکا بەرامبەر ئێران ئاڕاستە بکات. عێراقچی دەشڵێت، ئێران هێندە بەهێزە کە رووبەڕووی هەموو هەوڵێکی لەم شێوەیە ببێتەوە و هیوای خواست ئەمریکاش بەهەمان ئەندازە خۆڕاگر بێت. هەروەها، وێڕای رەتکردنەوەی هەر بژاردە و چارەسەرێکی سەربازی، هۆشداریدا کە هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران دەستبەجێ وەڵامی هاوشێوەی دەدرێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستانی نێوان واشنتن و تاران بە باشی بەڕێوەدەچێت و خەریکە دڵنیابێت لەوەی رێککەوتن لەگەڵ تاران دەکرێت بەبێ ئەوەی پێویست بە هێرشی سەربازی بکات. هەروەها بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوێنێ لە وتارێکدا رایگەیاند، تاکە رێککەوتنی قبوڵکراوی نێوان واشنتۆن و تاران رێککەوتنێکە کە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و سنووردارکردنی بەرنامە مووشەکییەکەی. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز پێشتر بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئێرانی رایگەیاندبوو، بەرنامەی مووشەکیی ئێران پرسێکی گەورەترە لە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا. بەگوێرەی راپۆرتەکان، یەکێک لە پێشنیازەکانی ئێران لە دانوستانەکاندا هەڵگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانە لە وڵاتێکی دەرەوە، روسیا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە یۆرانیۆمەکەی ئێران بگوازێتەوە بۆ وڵاتەکەی.
حەیدەر یوسف خەلخال، سەرۆکی لیژنەی وردبینی لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (الصباح): پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆری جەیهانی تورکیەوە، پرسێكی تەکنیکییە لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی هەرێم. پیشەسازی نەوت لە هەرێم بەگشتی سروشتی تایبەتی خۆی هەیە، بەوپێیەی چەندین لیژنە لە نێوان هەردوو وەزارەتە پەیوەندیدارەکەدا پێکهێنراون. گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان كۆتوبەندی تیادایە، سەبارەت ئاشکراکردنی بڕگەكانی. سەبارەت بە دەروازە سنوریی و گومرگیەکانی هەرێمی، لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری پلاندانان پێکهێنراوەو، بەردەوامە لە کارەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. کۆی ئەو بڕە پارەیەی بۆ ساڵی 2024 بۆ هەرێمی کوردستان دابینکراوە، بۆ کۆی گشتی 12 مانگی تەواو، زیاتر لە 10 ترلیۆن دینار بووە بۆ موچەخۆران. لەگەڵ ئەوەشدا هەرێم موچەی تەنها 11 مانگی ساڵی 2024 بۆ موچەی فەرمانبەران داوە، بە پاساوی بەشنەكردنی پارەكە. جیاوازی هەیە لە نێوان دارایی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی و ئابوری لە هەرێم لە دیاریکردنی موچەخۆران. وەزارەتی دارایی فیدراڵی تێبینی زۆری دەستنیشان کردووە، بەتایبەتی لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا، لە ئەنجامی ئەو تێبینیانە هەندێک بڕە پارەی بڕی، ئەوەش جیاوازی دروستكرد لە كۆی موچەی خەرجكراو. وەزارەتی دارایی فیدراڵی جەختدەكات تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێمی بۆ موچەی مانگەکانی ساڵی ٢٠٢٤ خەرجكردووە. سەبارەت بە تەوتیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەم پرۆسەیە زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر لەڕێگەی پڕۆژەی "هەژماری من" و هەڵبژاردنی هەشت بانک بۆ تەواوکردنی ئەم پرۆسەیە دەستیپێکردووە، سەرجەمیان لەژێر چاودێری بانکی ناوەندی عێراقدان. تا مانگی شوباتی ئەمساڵ، پێدانی موچەی بە ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی کارتی بانکی و لە ڕێگەی شەش بانکەوە کاراكراوە: بانکی ئیسلامی عێراق بە هەزار و 800 فەرمانبەر، هەزار و 900 فەرمانبەرلە بانکی بی بی ئەی، 136 هەزار و 900 فەرمانبەر لە بانکی جیهان، هەروەها بانکی بازرگانی هەرێم بە 98 هەزار و 500 کارمەند، جگە لە بانکی بەغداد و بانکی نیشتمانی بانکی عێراقی. ژمارەی ئەو موچەخۆرانەى کە سوودمەند بوون لەم پرۆسەیە، بەجۆرێک کە دوای چالاککردنی کارتەکانیان موچەکانیان وەرگرتووە، گەیشتووەتە نزیکەی ٢٧٣ هەزار کەس، کە نزیکەی لەسەدا ٢٥ی موچەخۆران لە هەرێم پێکدەهێنن. ئەوەش ئاماژەیە بۆ خاوی بەڕێوەچونی رێکارەکان، بەهۆی ناکارامەیی ئەو بانکانەی گرێبەستیان لەگەڵدا کراوە بۆ ئەم ئەرکە. جیاوازی هەیە لە نێوان موچەی خانەنشینانی هەرێم و موچەی خانەنیشانی حکومەتی فیدراڵی، بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی هەڵوەشێنراوەوە. بەڵام دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیارەکەی دەرکرد کە داوا دەکات یاسای خانەنشینی یەکگرتوو جێبەجێ بکرێت، لیژنەیەک لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و هەندێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە، كە راسپاردەی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو داناوە. هەرێم لە سەرەتای مانگی تەمموزی ساڵی رابردوودا دەستیپێکردووە، بەڵام ئەم جێبەجێکردنە بەشێکی بووە، چونکە تەنها لە هەموارکردنەوەی موچە یان کەمترین موچەدا ناوەستێت، بەڵکو هەموارکردنەوەی تەمەنی یاسایش لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵان دەگرێتەوە. دەبوو لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستبكرایە بە پرۆسەی هەمواركردنەوەو ئەوانەی تەمەنیان گەیشتووەتە خانەنیشی رەوانەی خانەنشینی بكرێن، ئەوەش ژمارەیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. سەبارەت بە رادەستكردنی داهاتی نا نەوتی لە حکومەتی هەرێمەوە بۆ حکومەتی فیدراڵیش، هەرێم بەشێکی داهاتەکانی رادەستی حکومەتی فیدراڵی کردووە. پاساوی هەرێم بۆ ئەوە ئەوەیە، حکومەتی فیدراڵی خەرجییە ئاساییەکانی بەکاربردنی بۆ خەرجنەكردووە. هەرێم ئاماژەی بەوەداوە بەشێک لەو داهاتانە بۆ موچە خەرج دەکرێت، چونکە ئەوەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە بۆ هەرێم دەنێرێت، بەشی تەواوی موچەو قەرەبوکردنەوەو خانەنشینان و تۆڕی چاودێری كۆمەلایەتی و وەرگرانی تری موچەو هاوكارییەكان ناكات.
بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، تائێستا دۆخی تەندروستی سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمراڵی ناجێگیرە و ماوهى 13 ڕۆژە لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە. رۆژنامەی ئەڤرەنسەلی تورکی بڵاویکردوە، سری سورەیا ئۆندەر کە لە رۆژی 15ـى ئەم مانگەوە نەشتەرگەریی دڵی بۆ کراوە و لە نەخۆشخانەیە، تائێستا باری تەندروستی ناجێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانی بەردەوامە بەوهۆیەوە لەژێر چاودێری چڕی پزیشکدایە. سری سورەیا ئۆندەر یەکێکە لە ئەندامانی شاندی ئیمڕاڵی بۆ پڕۆسەی ئاشتی و چەند جارێک چاوی بە عەبدوڵا ئۆجالان کەوتووە. ئۆندەر پەرلەمانتاری دەمپارتیشە لە پەرلەمانی تورکیا. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، تائێستا دوو جار نەشتەرگەری بۆ ئۆندەری تەمەن 62 ساڵ کراوە.
سێنتکۆم ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر پێگەکانی حووسییەکان لە یەمەن بەردەوامە. هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕاف ڕایدەرەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا زیاتر لە 800 پێگەی حووسییەکانی بۆمباران کردووە؛ ئەم هێرشانە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان چەکداری حووسی و زۆرێک لە سەرکردەکانیان، لەنێویاندا فەرماندەی باڵای مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان." ئاماژەی بەوەش کردووە "هێرشەکان چەندان دامەزراوەی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، دامەزراوەی پێشکەوتووی دروستکردنی چەکی و شوێنی هەڵگرتنی چەکی پێشکەوتوویان لەناو بردووە. ئەم دامەزراوانە چەکی ئاسایی پێشکەوتوویان لەخۆگرتبوو، لەنێویاندا مووشەکی کروز بالیستی و دژە کەشتی، سیستەمی ئاسمانی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە هێرشی حووسییەکان لەسەر هێڵەکانی کەشتیوانی نێودەوڵەتی بەکاردەهێنران." ڕوونیشی کردەوە، لەکاتێکدا حوسییەکان بەردەوام بوون لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانمان، ئۆپەراسیۆنەکانمان فراوانتر دەکرد، بەو هۆیەوە هێرشەکانیان کەم کردەوە. هەڵدانی مووشەکی بالیستی بەڕێژەی 69% کەم بووەتەوە. هەروەها هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەڕێژەی 55% کەم بووەتەوە. هەروەها هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا توانای وەرگرتنی سووتەمەنی بەندەری ڕەئس عیسایان لەناو برد، ئەمەش کاریگەری نەرێیی لەسەر توانای حووسییەکان هەبوو، لەو ڕێگەوە ملیۆنان دۆلار داهاتییان بوو بۆ کار و چالاکییەکانیان دەست دەکەوت. باسی لەوەش کرد، لە 15ی ئادارەوە هەڵمەتێکی چڕ و بەردەواممان بۆ سەر حووسییەکان دەست پێ کردووە، ئەوەش لە پێناو گەڕاندنەوەی ئازادیی کەشتیوانی و پاراستنی گیانی کەشتیوانانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان. ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە بەکارهێنانی زانیاری هەواڵگری ورد و هەمەلایەنە کراون، کە کاریگەرییە کوشندەکان لە دژی حووسییەکان هەبووە، لە هەمان کاتدا کەمترین مەترسیی هەبووە بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی."
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ژمارەی هاوپەیمانێتییە تۆمارکراوەکان 64 هاوپەیمانێتییە کە پێشتر سەرجەمیان تۆمار کراون. هەروەها کۆمیسیۆن بەردەوامە لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران. یەکشەممە 27ـی نیسان، عیماد جهمیل، سهرۆكی تیمی ڕاگهیاندن له كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند: لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا 64 هاوپەیمانێتی تۆمار کرابوون، بەڵام تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەکی نوێ تۆمار نەکراوە. سهرۆكی تیمی ڕاگهیاندن له كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق، باسی لەوە کرد، کۆمیسیۆن بەردەوامە لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ڕەنگە هەندێک لە هاوپەیمانێتییەکان گۆڕانکاریان بەسەردا بێت، کە ئەمەش پێویستی بە نوێکردنەوەی داتاکانیان هەیە. لەبارەی ژمارەی حزبەکانیش، عیماد جهمیل، گوتی: ژمارەی ئەو حزبانەی کە ڕێگەپێدراون بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن 314 حزبە، بەڵام لەو ژمارەیەش تا ئێستا 70ـیان بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن خۆیان لە کۆمیسیۆن تۆمار کردووە. جەختی لەوە کردەوە، کۆمیسیۆن درێژترین ماوەی داناوە بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، بە ئامانجی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ سەرجەم هاووڵاتییان بۆ نوێکردنەوەی زانیارییەکانیان. سهرۆكی تیمی ڕاگهیاندن له كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق، گوتیشی: ستافی کۆمیسیۆن تەنانەت لە ڕۆژانی پشووشدا بەردەوام دەبن لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، هەروەها لە ڕۆژانی داهاتوودا کارەکانی پرۆسەی نوێکردنەوەکە خێراتر دەکرێن. چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11ـی تشرینی دووەمی 2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد. جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆمیسیۆن ئامادەیە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان لەو وادەیەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دیاریی کراوە، بەڕێوە ببات. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ژمارەی پارتە سیاسییە تۆمارکراوەکان 320 حزبی تێپەڕاندووە، هاوکات ژمارەی هاوپەیمانییە سیاسییە تۆمارکراوەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 60.
سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی نوێ لە غەززە هەندێک پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە بەڵام ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە هێشتا بە زەحمەتە. شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران هاوکات وەزیری دەرەوەی قەتەریشە، ڕایدەگەیەنێت وتی "ئێمە لە پێنجشەممەدا کەمێک پێشکەوتنمان بینیوە بە بەراورد بە کۆبوونەوەکانی دیکە، بەڵام پێویستە وەڵامێک بدۆزینەوە بۆ پرسیاری کۆتایی: چۆن کۆتایی بەم شەڕە بهێنرێت. ئەوە خاڵی سەرەکی تەواوی دانوستانەکانە". بەگوێرەی ڕاپۆرتێکى ئاکسیۆس، ڕۆژی پێنجشەممە هەفتەی ڕابردوو دەیڤید بارنیا، بەڕێوەبەری مۆساد، سەفەری دەوحەی کرد و چاوی بە شێخ محەممەد کەوت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی نوێ لە غەززە بەردەوامە. شێخ محەمەد باسی لەوەکرد حەماس و ئیسرائیل لەسەر ئامانجی کۆتایی دانوستانەکان ناکۆکن، وتیشى: ئەو گروپە چەکدارە ئامادەیە هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکانی ماوەتەوە بگەڕێنێتەوە ئەگەر ئیسرائیل کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت. بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت حەماس ئەو بارمتە ماوەتەوە ئازاد بکات بەبێ ئەوەی دیدێکی ڕوون بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە پێشکەش بکات. لە 19ی تشرینی دووەمی پاردا ئیسرائیل و حەماس ئاگربەستێکیان راگەیاند و بۆ دوو مانگ بەردەوام بوو، بەڵام لە 18ی ئاداری ئەم ساڵدا سوپای ئیسرائیل ئاگربەستی شکاند و دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە کردەوە، حەماسی تۆمەتبار کرد بەوەی پابەندی مەرجەکانی ئاگربەست نەبووە.