ئەمڕۆ جارێکی دیکە بەرپرسانی ئەمریکا و روسیا لە سعودیە چاویان بەیەک دەکەوێت، لەبارەی ئاگربەستی کاتیی ئۆکراین دانوستان دەکەن. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە جەنگی سێ ساڵەی ئۆکراین رابگرێت، هیواش دەخوازێت بەردەوامی دانوستانەکان لە سعودیە رێگایەک بێت بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە. دانوستانەکە دوای ئەوەدێت شەوی رابردوو تیمی ئۆکراین بە سەرۆکایەتیی وەزیری بەرگریی وڵاتەکە لەگەڵ ئەمریکییەکان لەسەر هەمان پرس کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە وەزیری بەرگریی ئۆکراین گوتی، وڵاتەکەی کار بۆ بەدیهێنانی ئامانجی خۆی لە ئاشتی دادپەروەرانە و هەمیشەیی دەکات. دواتر ستیڤ ویتکۆف نێردەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، گەشبینە بەوەی هەر رێککەوتنێک بکرێت رێگا خۆش دەکات لەبەردەم ئەوەی ئاگربەستی تەواوەتی بێتەئاراوە. بەپێی راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز-ی ئەمەریکی، ڤلادمیر پوتن گفتوگۆکانی روسیا و ئەمەریکا سەبارەت بە ئاگربەست وەکو هەلێک دەبینیت بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی فراوانتری جیوپۆڵەتیک و ئابووری. ئامانجێکی دیکەی کریملن ئەوەیە کە ئەمەریکا گەرەنتی بکات ئۆکراینا نابێتە بەشێک لە هاوپەیمانی ناتۆ. وەک لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا هاتووە، روسیا بەنیازە خواستی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاشتی و ئاگربەست بەکاربهێنێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی روسیا و ئەمەریکا لە پێناو سوککردنی سزاکانی سەر روسیا و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا. بەرپرسانی روسیا رایانگەیاندووە پرسی پەیوەندییەکانی واشنتن و کریملن بەجیاواز گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و پاکیجێکی جیاوازە لە پرسی ئاگربەست و شەڕی ئۆکراینا، چونکە کاری لە پێشینەی پوتن لەئێستادا باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتە، لە هەمانکاتدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای روسیا بۆ سەر ئۆکراینا بەردەوامە. روسیا هیواخوازە خواستی ترەمپ بۆ بەرژەوەندیی ئابووری بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی باش بکات و ئامانجی زیاتر بەدەستبهێنێت. بەڵام نادڵنیایی هەیە کە ئایا ترەمپ دەتوانرێت بەکاربهێنرێت و رێککەوتنەکە ئاڵۆز بکرێت. بەپێی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، ترەمپ دەیەوێت رێککەوتنەکان بە خێرایی بکات، بەڵام ئەگەر ببینێت جیاوازی گەورە هەیە لە رێککەوتنەکاندا، رەنگ نائومێد بێت و کاردانەوەی چاوەڕواننەکراوی دەبێت. 

  جەهەپە، هەڵبژاردنی پێشوەختەی بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆککۆمار کرد. ئۆزگور ئۆزەل دەڵێت، 14 ملیۆن و 850 هەزار کەس دەنگیان بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو داوە.    رۆژی یەکشەممە (23ـی ئاداری 2025) پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە رێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و نێوخۆیی پارتەکەیەوە، بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دیاریکرد. هەڵبژاردنەکە کاژێر 08:00ـی بەیانی دەستیپێکرد و کاژێر 19:00 کۆتاییهات.    تاکە بەربژێری پارتەکە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی دوورخراوەی ئیستەنبووڵ بوو.    ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لە پێنجەمین رۆژی خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان لە گۆڕەپانی سەراجهانە لەبەردەم باڵەخانەی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵەوە رایگەیاند، جەهەپە خاوەنی یەک ملیۆن و 753 هەزار ئەندامە؛ گوتیشی، یەک ملیۆن و 653 هەزار ئەندام دەنگیان بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو داوە.    ئۆزەل گوتی، هێشتا دەنگی 2 هەزار و 671 سندووق جیانەکراوەتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد ئەو ئەندامانەی دەنگیان داوە لەگەڵ ئەندامانی ''سندووقی هاوپشتیوانی'' پێکەوە 14 ملیۆن و 850 هەزار کەسن، بەو جۆرە 13 ملیۆن و 211 کەس وەک لایەنگر چوونەتە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگیان بە ئیمامئۆغڵو داوە.    سەرۆکی جەهەپە گوتی، حیزبەکەی بەربژێری خۆی دیاریکرد و بە هەموو جیهانی راگەیاند، "داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەین. ئەوە مەیدان، ئێمە لێرەین؛ داوا لە ئاکپارتیش دەکەین بەربژێری خۆیان دیاری بکەن."     لەلایەکی دیکەوە سەلین سایەک بۆکە، سکرتێری جەهەپە رایگەیاند، پێنج هەزار و 600 سندووق لە هەموو تورکیا و باکووری کوردستان دانرابوون.    سەلین سایەک گوتیشی، لە هەڵبژاردنەکەدا هەموو هاووڵاتییانی تورکیا دەیانتوانی دەنگ بدەن، بۆ ئەم مەبەستە سندووق بۆ ئەندامانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دانرابوو و سندووقی دیکەش بە ناوی ''سندووقی هاوپشتیوانی'' دانرابوو کە خەڵکی دیکە دەیتوانی دەنگی لێبدەن.   ئەگەرچی بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردنەکانی تورکیا، تاوەکو ساڵی 2028 هیچ هەڵبژاردنێک ناکرێت، بەڵام جەهەپە دەستی بە ئامادەکاری کردووە و داوا دەکات هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت.

  وەزیرى نەوتی عێراق ئاشکرایدەکات، هیچ دەسەڵاتێکیان بەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە نییە و رێکخراوی ئۆپیکیان ئاگەدارکردووەتەوە، لەئێستادا هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 290 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت. حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتی عێراق لە دیمانەیەکی کەناڵی عێراقییەی فەرمییدا رایگەیاند "بەگوێرەى یاسای بودجە، بڕی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان دیارییکراوە و رێکخراوی ئۆپیکیان لەوە ئاگەدارکردووەتەوە، هەرێمی کوردستان لەکاتی ئێستادا رۆژانە 286 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت". حەیان عەبدولغەنی راشیگەیاند، وەزارەتەکەی هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە نییە. ئەم گوتانەی وەزیرى نەوتی عێراق لەکاتێکدایە، پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، رێگرییەکانی بەردەم پرۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەماوە، بەڵام وەزارەتەکانی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکان و کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، نەگەیشتوونەتە رێککەوتن سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.

وەزارەتی داد ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی زیندانی چەمچەماڵ لە مانگی داهاتوودا دوای تەواوکردنی نۆژەنکردنەوە و ئامادەکرنى بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکان.  موراد ئەلسەعدی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتەکە بە ڕۆژنامەى سەباحی عێراقى ڕاگەیاند: ماوەی دە ساڵە زیندانەکە هیچ زیندانێکى تێدانیەو لەخزمەت دەرچووە، بۆیە وەزارەت دەستپێشخەری کرد بۆ نۆژەنکردنەوەی بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکان، بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لە چاکسازییەکان و باشترکردنی بارودۆخی زیندانییەکان".  ئەو بەرپرسە ڕوونیشیکردەوە، کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە بریتی بوون لە بەرزکردنەوەی ژێرخانی زیندانەکە و بەرزکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان، هەروەها دانانی نوێترین کامێرا و گرتنەبەری تەکنەلۆجیای سەردەمیانە لە هۆڵەکاندا، کە بە یەکەکانی فێنککەرەوە و تەندروستی دانراوە. هەروەها جەختی لە جێبەجێکردنی بەرزترین ستانداردی مافی مرۆڤ لە ناو خانەکان و ناوچەکانی دەوروبەری کردەوە، جگە لە دامەزراندنی هۆڵی تایبەت بە وۆرکشۆپی مەشق و ڕاهێنان. ئەلسەعدی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو زیندانیانەی دەگوازرێنەوە بۆ زیندانی چەمچەمال ئەوانەن کە بە تاوانی تاوانکاری لە پارێزگاکانی سەلاح الدین و نەینەوا و کەرکوکەوە سزا دراون، ئەمەش دڵنیای دەدات کە زیندانییەکان بە ئاسانی دەتوانن چاویان بە خێزانەکانیان بکەوێت.

وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل شەوی یەکشەممە گەورەترین نەخۆشخانەی باشووری ناوچە فەلەستینییە گەمارۆدراوەکەی بۆردوومانکرد، کە بووە هۆی کوشتنی کەسێک و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە و کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە.   زیانەکە بەر بەشی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی ناسر لە شاری خان یوونس کەوت، ئەمەش چەند رۆژێک دوای ئەوەی ئەم نەخۆشخانەیە پڕ بووە لەوانەی بەهۆی هێرشی چەند رۆژ لەمەوبەری ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، سەرەڕای ئاگربەست، بریندار بوون یان کوژراون.   سوپای ئیسرائیل پشتڕاستیکردەوە؛ هێرشی کردووەتە سەر نەخۆشخانەکە و رایگەیاند "چەکدارێکی حەماسی" کردووەتە ئامانج.   هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکان، بەپێی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، تاوانی جەنگە، بەڵام ئیسرائیل بەرپرسیاریێتیی کوژرانی خەڵکی سڤیل دەخاتە ئەستۆی حەماس، بەو بیانووەی "لەنێو خەڵکدا خۆیان دەشارنەوە."    وەک دامەزراوەکانی دیکەی تەندروستی لە سەرتاسەری غەززە، نەخۆشخانەی ناسر لە کاتی شەڕەکەدا کە 17 مانگ لەمەوبەر دەستیپێکرد، بەر هێرش و بۆردوومانی ئیسرائیل کەوتووە و زیانی گەورەی پێگەیشتووە.   وەزارەتی تەندروستیی غەززە دوێنێ (یەکشەممە، 23-3-2025) رایگەیاند؛ زیاتر لە 50 هەزار فەلەستینی لە شەڕەکەدا کوژراون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.   سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لەوەتەی لە رۆژی سێشەممەوە دەستی بە جەنگ کردووەتەوە، "دەیان چەکدار"ـی حەماسی کوشتووە، لە ژمارەیەک هێرشدا کە بوونە هۆی کوژرانی سەدان کەس.    رۆژی یەکشەممە، ناڕەزایەتییەکان لە ئیسرائیل سەبارەت بە غەززە و کێشە سیاسییەکان پەرەیان سەند. تووڕەیی بەرامبەر بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل زیادبوون، دوای ئەوەی بڕیاردرا متمانە لە داواکاری گشتیی ئیسرائیل بسەندرێتەوە، کە لەلای زۆر کەس وەک هاوسەنگکەری دەسەڵاتی هاوپەیمانێتییەکەی سەیردەکرێت.  

متمانە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە سەنرایەوە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، متمانەی لە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە سەندەوە و دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ ئەو پۆستە کردەوە.  دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 23-03-2025، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بە ئامادەبوونی 11 ئەندام، بۆ لێپرسینەوە لە عمر کروی، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە. سەرچاوەیەکى ئاگادار ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە هۆی 'خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەنجوومەن' بە زۆرینەی دەنگ متمانەی لە کروی سەندەوە، چونکە ئەندامان لە وەڵامەکانی ناوبراو بۆ پرسیارەکانیان ناڕازیبوون.  هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، دوای دوورخستنەوەی کروی، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە کردەوە.   عمر کرویش دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ڕایگەیاند "بڕیاری دوورخستنەوەم یاسایی نییە و لە دادگا سکاڵە لەسەر دانیشتنی ئەنجوومەنەکە و بڕیارەکە تۆمار دەکەم." پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 29-10-2024، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە ئامادەبوونی 9 ئەندام کۆبووەوە، تێیدا عومەر کروی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دوورخستەوە.   بەگوێرەی رێککەوتن، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە پشکی سوننەیە. عومەر کروی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەن ئەندامی پارتی سیادەیە و نزار لهێبی، سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنەکە لە حیزبی تەقەدوومی محەممەد حەلبووسییە.   رۆژی 29ـی 10، نزار لهێبی، سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرۆکی دوورخراوەی ئەنجوومەن بۆ بەرژەوەندیی لایەنی خۆی کاری دەکرد و تاکڕەوانە مامەڵەی دەکرد، بۆیە لە پۆستەکەی دوورمان خستەوە."   ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە 15 ئەندام پێکهاتووە؛ حەوت سوننە و حەوت شیعە و نوێنەرێکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان. بڕیاردان بە پەنجا کۆ یەک دەبێت، بەوەش پێویستی بۆ نۆ ئەندامە.

ئەكرەم ئیمامئۆغلو سەرۆكی دەستگیركراوی شارەوانی ئیستەنبوڵ، دوای ئەوەی ئەمڕۆ دادگا بڕیاری دەستگیركردنیدا لەچوارچێوەی لێكۆڵینەوە لێی بەتۆمەتی گەندەڵی و پشتیوانی تیرۆر، یەكەم لێدوانی لەبارەی بڕیارەكەوەدا. ئیمامئۆغلو لە بڵاوكراوەیەكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "ئێكس" نوسیویەتی "پێكەوە بەرەنگاری ئەو گورزە و پەڵە ڕەشە دەبینەوە لە دیموكراسییەكەمان، بەپێوە وەستاوم و چۆك دانادەم". سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵ داوا لە لایەنگرانی حزبەكەی دەكات "هیوا لەدەست نەدەن و تێكنەشكێن". دەشڵێت "دەست بە دەست ئەو پەڵە ڕەشە ئابڕوبەرە دەسڕینەوە لەسەر دیموكراسییەكەمان، خۆم ڕادەست ناكەم و هەموو شتێك باش دەبێت". لەلایەن خۆیانەوە پارێزەرانی ئیمامئۆغلو ڕایانگەیاندووە تانە لە بڕیاری زیندانیكردنی دەدەن. هاوشێوەی ئەكرەم ئیمامئۆغلو سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵ كە بە ڕكابەری سەرسەختی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا دادەنرێت و لە چوارشەممەوە بە تۆمەتی گەندەڵی و پشتیوانیكردنی تیرۆر دەستگیركراوە، ئێوارەی شەممە 90 كەسی دیكەش بە هەمان تۆمەت لەبەردەم دادگای چاغلیان لە ئیستانبوڵ ئامادەبوون. بەرەبەیانی ئەمڕۆ داواكاری گشتیی توركیا داوای لە دادگا كرد فەرمانی دەستگیركردن بەشێوەیەكی فەرمی لەسەر ئەكرەم ئیمامئۆغلو سەرۆكی دەستگیركراوی شارەوانی ئیستانبوڵ جێبەجێ بكات. كاریگەری دەستگیركردنی ئیمامئۆغلو چوار ڕۆژە لە توركیا دەركەوتووە، بەشێوەیەك شەو و ڕۆژ لایەنگرانی پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە" لە سەرشەقامەكانن و خۆپیشداندان دەكەن، بەوهۆیەشەوە گرژی لەنێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران دروستبووە و پۆلیسی توركیا سەدان كەسی دەستگیركردووە. زۆرێك لە چاودێران پێیان وایە، دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغلو هۆكاری سیاسی لە پشتە، ئامانج لێی دوورخستنەوەیەتی لە پێشبڕكێكی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی داهاتووی توركیا كە بڕیارە ساڵی 2028 بكرێت، بەڵام حكومەت بە سەرۆكایەتی ئاكپارتی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكاتەوە و دەڵێت "دادگاكانی توركیا سەربەخۆن". دەركردنی بڕیارەكە هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی هەڵبژاردنی ناوخۆیی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی داهاتووی توركیا.

  ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری عەباس عراقچیی وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە دەڵێت، هەندێک شت هەن پێویستە بگۆڕدرێن، ئەمجا ئێران دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ واشنتندا دەستپێبکات. لەم مانگەدا تاران نامەیەکی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای پێگەشتووە، تێیدا ماوەی دوو مانگ دیاریکردووە، کە ئێران بتوانێت تێیدا بگەڕێتەوە و گفتو لەبارەی هەوڵە ئەتۆمییەکانی خۆیەوە بکات. دەبێت لەم دوو مانگەدا ئێران خۆی یەکلاییبکاتەوە، ئایا دەتوانێت گفتوگۆ بکات، یان ئەوەتا دەبێت چاوەڕوانی سزای زۆر قورسی ئەمریکا بکات. عەلی خامنەئیی رێبەری باڵای ئێران لە رووی پرەنسیپەوە ئەنجامدانی گفتوگۆی لەگەڵ ئەمریکادا رەتکردۆتەوە، بەڵام عراقچیی وەزیری دەرەوەیان گوتی ئێران لە ماوەیەکی نزیکدا وەڵامی هەڕەشەکان و ناوەڕۆکی نامەکەش دەداتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە جارێکی دیکە عراقچی گوتی هۆکاری رەتکردنەوەی گفتوگۆ لەلایەن ئێرانەوە، سەرسەختیی ئەم وڵاتە نییە، بەڵکو ئەنجامی ئەزموون و مێژووە، پێش ئەوەی تاران ببێت بە لایەنی گفتوگۆکردن، دەبێت واشنتن سیاسەتەکانی خۆی چاک بکاتەوە. رؤژى هەینی 21-03-2025، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بە گرژییەکانی ساڵی رابردووی هەتاوی لە ناوچەکە کرد و رایگەیاند، ''ساڵێکی پڕ رووداو بوو و تێچووی زۆرمان داوە، هەڵبەت دەبێت بەو روانگەیەوە سەیری بکرێت کە بەرەی حەق لەو بەرەنگارییانەدا تێچووش دەدات.''   عەلی خامنەیی وێڕای ئاماژەدان بە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران گوتی، ''لە بەرەنگاربوونەوەی حەق و ناحەقدا، سەرکەوتن لەگەڵ حەقە، بەڵام ئاساییە، بەرەی حەقیش هەموو کات تێچوو دەدات''. ساڵی رابردووی هەتاوی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵێکی سەخت بوو، حەسەن نەسڕوڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، ئیسماعیل هەنیە و یەحیا سینوار رێبەرانی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و چەندین فەرماندەی پلە باڵای سوپای پاسداران لە شەڕ و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل کوژران، ئەوە جیا لە رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا کە هاوپەیمانی ئێران بوو.   رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی: ''تێچووەکانی ساڵی رابردوو لە چوارچێوەی سەرکەوتنی کۆتاییدا بوون، راستە چەندین کەسایەتیی ئێرانی، لوبنانیی گەورەمان لەدەستدا و ئەوە کارەسات بوو بۆ ئێمە، بەڵام بۆ سەرکەوتنی حەق بەسەر ناحەقدا ئەم تێچووانە پێویستە.''   عەلی خامنەیی گوتیشی، ''گومانتان نەبێت ئەنجامی ئەو خۆڕاگرییانەی خەڵکی ئێران شکستی دووژمنان دەبێت، شکستی رژێمی ناپاک و گەندەڵی زایۆنی''.

  تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی وەرگرتنی تەمویلی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە قۆناخی کۆتایدایە.    وەزارەتی دارایی دەڵێت، "سەرجەم رێکارەکان لە قۆناخی کۆتاییدان و چاوەڕێ دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەموویلی مووچەی مانگی ئازار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتمان."                                         تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە جنێڤ بوو بۆ بەشداریکردن لە چواردەیەمین کۆنگرەی نێوەدەوڵەتیی بەڕێوەبردنی قەرز، ئەمڕۆ گەڕاوەتەوە بۆ دەوام و لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەبەردەستی ئەودایە. وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ماوەی پێنج رۆژە تیمی تەکنیکیی وەزارەتەکەیان لە بەغدان بۆ ئەوەی رێکارەکانی ناردنی مووچە تەواو بکەن. تیمەکە ئێستا لەگەڵ فەرمانگەی بودجە و ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە قۆناخی تەواوکردنی رێکارەکانی وەرگرتنی تەمویلی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانن.  دەقى ڕاگەیەندراوەکە. تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی؛ ڕێکارەکانی وەرگرتنی تەموویلی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی کۆتایدایە.                                                                ماوەی پێنج ڕۆژە تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی ئازار لە شاری بەغدان، لە ئێستادا تیمەکە لەگەڵ فەرمانگەی بودجەو ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەقۆناغی تەواوکردنی ڕێکارەکانی وەرگرتنی تەموویلی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانن، سەرجەم ڕێکارەکان لە قۆناغی کۆتایدایەو چاوەڕێ دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەموویلی مووچەی مانگی ئازار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان.                          تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان.                                       

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی شەرقییە رایگەیاند، عێراق بەشێک نییە لە بەرەی موقاوەمە و هەر گرووپێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت نایاساییە. فوئاد حسێن دەڵێ، دەستووری عێراق رێگە نادات هیچ گرووپێکی چەکدار لە دەرەوەی دامەزراوە سەربازییەکانی عێراقدا بوونی هەبێت، رێگەپێدراویش نییە بە بڕیاری تاکلایەنە بڕیاری جەنگ بدرێت. لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆسەر ئیسرائیل، فوئاد حسێن گوتوویەتی، ئەوەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە چەند مانگی رابردوو ئەنجامیاندا، زیانی بە عێراق گەیاندووە و هیچ سوودێکیشی بۆ دۆزی فەڵەستین نەبوو. دەشڵێ، دەرفەتێک هەیە بۆ لێکتێگەشتن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان و دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکانی هێرشی ئەمریکی یان ئیسرائیلی بۆسەر عێراق. وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداریشی داوە، ئەگەر ئێران ببێتە ئامانجی هێرشی ئیسرائیل و رێککەوتن شکست بهێنێت، ئەوا عێراق و ناوچەکدا رووبەڕووی کارەسات دەبنەوە.

  بەرەبەیانی ئەمڕۆ، داواکاری گشتی تورکیا داوایكرد ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی دەستبەسەرکراوی ئەستەنبوڵ، بە فەرمی دەستگیربكرێت، کە رکابەری دیاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیایە، بە تۆمەتی گەندەڵی و تیرۆر. چاوەڕوان دەكرێت دادگا بڕیارێك دەربكات لەبارەی ئەگەری ئاڕاستەكردنی  تۆمەكان دژی ئیمام ئۆغڵو و راگرتنی تا كاتی دادگاییکردن. دەستگیرکردنی ئیمام ئۆغڵو لەم هەفتەیەدا گرژییە سیاسییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو لە توركیا توندكردەوەوناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لە سەرانسەری تورکیا لێکەوتەوە، خۆپیشاندەران لە چەند شارێکدا گردبونەوە بۆ دەربڕینی دژایەتی خۆیان. رۆژنامەی جمهوریەت، دوێنێ‌ بڵاویكردەوە، پۆلیسی تورکیا بۆ ماوەی نزیکەی پێنج کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ ئیمام ئۆغڵو کردووە، ئەوەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی هاوکاریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).  رۆژی هەینی رابردوش، بە تۆمەتی گەندەڵی، بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا، سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ لە هەردوو لێکۆڵینەوەکەدا هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە ئاراستەی کراوە.

  وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە چوارەمین شەوی گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەرامبەر دەستبەسەرکردنی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ 323 کەس دەستبەسەرکراون.   عەلی یەرلیکایا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 23ـی ئاداری 2025 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ 323 کەس لە چالاکییەکانی پەیوەست بە دەستبەسەرکردنی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەستبەسەرکراون.   یەرلیکایا گوتی: "هەر هەنگاوێک زیان بە تێکدانی ئاسایشی گشتی بگەیەنێت، رێگەی پێنادرێت".    وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی شەممە 22ـی ئادار لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، لە چوار رۆژدا لە گرژی نێوان خۆپێشاندەران و پۆلیسی شارەکەدا 11 پۆلیس برینداربوون و 373 خۆپێشاندەر دەستبەسەرکراون.    ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ لە 19ـی ئاداری 2025، لە چوارچێوەی دوو لێکۆڵینەوەی جیاواز بە فەرمانی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی "گەندەڵی و هاوکاریکردنی پەکەکە"دەستبەسەرکرا.    داواکاری گشتی لە هەردوو لێکۆڵینەوەکەدا فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ 105 کەس دەرکردووە و تاوەکو ئێستا 90 کەسیان دەستبەسەرکراون.   لەدوای دەستبەسەرکردنەکانەوە، جەهەپە لە بەردەم گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و چەند شارێکی دیکەی تورکیا دەستی بە خۆپێشاندان کرد.   داود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ، بەهۆی دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، لە 19ـی ئادارەوە تاوەکو 23ـی ئاداری 2025، بۆ چوار رۆژ لە سنووری پارێزگای ئیستەنبووڵ خۆپێشاندان و گردبوونەوەی قەدەخە کرد.    رۆژی شەممە 22ـی ئادار پارێزگاری ئیستەنبووڵ، بڕیاری قەدەخەی خۆپێشاندان و گردبوونەوەکانی تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی 27ـی مانگ درێژکردەوە. 

  روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایدەکات، تاوەکو ئێستا تەرمی سەدان قوربانیی کۆمەڵکوژیی ناوچە کەناراوییەکان لە ساردکەرەوەی نەخۆشخانەکاندا ماونەتەوە و هەزاران کەسی دیکەش بێسەرشوێنن. بەگوێرەى روانگەکە، تەرمی سەدان قوربانیی کۆمەڵکوژییەکەی چەند رۆژی رابردوو، لە نەخۆشخانەکانی لازقییە و ناوچە کەناراوییەکانن و نادرێنەوە بە کەسوکارەکانیان. ئاماژەبەوەشکراوە، تاوانی ناوچە کەناراوییەکانی سووریا، تەنیا بە کوشتن و تاڵانی و راگواستن نەوەستاوە، بەڵکو تاوەکو ئێستاش بەردەوامیی هەیە و سەدان تەرم لەبریی گەڕاندنەوەیان بۆ کەسوکاریان، دەستیان بەسەرداگیراوە و زۆرینەی کاتیش لە گۆڕی بەکۆمەڵدا بەخاک دەسپێردرێن یاخود دەسوتێندرێن. بەگوێرەى روانگەی سووری، ئامانج لەو رەفتارانە، شاردنەوەی ناسنامەی قوربانییەکان و ئاشکرانەبوونی راستییەکانە، ئەمەش قەبارەى گەورەیی ئەو تاوانانە دەردەخات، بەرامبەر خەڵکی ناوچەکە ئەنجامدراوە. بەگوێرەى نوێترین ئامارى روانگەی سووری، تاوەکو ئێستا کوژرانی هەزار و 614 هاوڵاتیی سڤیل بەهۆی رووداوەکانی ناوچە کەناراوییەکانەوە تۆمارکراوە، کە رۆژی 6ـی ئەم مانگە دەستیپێکرد و ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی دیکەش بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.

  فاینێنشاڵ تایمز ڕایگەیاندووە، بەهۆی دەستگیرکردنی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ، تورکیا کۆنترۆڵی بازاڕی وڵاتەکەی لەدەست داوە و ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری بووەتەوە. شەممە 22ـی ئاداری 2025، ڕۆژنامەی فاینێنشاڵ تایمزی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ و دابەزینی بەهای لیرە، بانکی ناوەندیی وڵاتەکە نزیکەی 12 ملیار دۆلاری بۆ پاڵپشتیکردنی لیرە خەرج کردووە. بە پێی ڕۆژنامەکە، وەبەرهێنەرانی تورکیا ترسیان لەوە هەیە کە ئاڵۆزییەکان لە وڵاتەکە درێژەی هەبێت و بەهای لیرە زیاتر دابەزێت، کە ئەمەش وادەکات زیانی دارایی زیاتر بکەن. بانکێکی تورکیا بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، کە بەرپرسانی وڵات کۆنتڕۆڵی بازاڕیان لەدەست داوە، هەر ئەمەش بووەتە هۆی نەمانی متمانەی وەبەرهێنەران. چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025، هێزێکی ئەمنیی تورکیا هەڵیکوتایه‌ سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ و دەستگیریان کرد. دەستگیرکردنیشی کاردانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە، هاووڵاتییان بۆ پشتگیریکردن لە ئیمامئۆغڵو ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندانێکی بەرفراوانیان کرد. پێنجشه‌ممه‌، 20ـی ئاداری 2025، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو له‌ تۆڕی (ئێكس) داوای له‌ هاووڵاتییانی توركیا كرد، بێده‌نگ نه‌بن و له‌ دژی ئه‌و "شه‌ڕ"ـه‌ی له‌ توركیا هه‌یه‌، ده‌نگ هه‌ڵبڕن. گوتووشیه‌تی، پرسی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی پرسێكی به‌ ته‌نیا پارته‌كه‌ی نییه‌، به‌ڵكوو په‌یوه‌ندیی به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی توركیاوه‌ هه‌یه‌.

پۆلیسی فەرەنسا رزگارکردنی 168 کۆچبەری نایاسایی راگەیاند کە بەنیازبوون لە کەناڵی ئینگلیزەوە بە بەلەمی بچووک خۆیان بگەیەننە بەریتانیا. پۆلیسی فەرەنسا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، چوار هەڵمەتی رزگارکردنی کۆچبەرانیان ئەنجامداوە و سیان لەو کۆچبەرانەش بە برینداری رەوانەی نەخۆشخانە کراون. بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و گونجاوی کەشوهەوا، هەوڵی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ گەیشتنیان بە وڵاتانی ئەوروپا زیادیکردووە، بەڵام هێشتا ئەنجامدانی کۆچ بە بەلەمی بچووک مەترسیدارە بەو پێیەی ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر لە بەلەمێکی بچووکدا هەوڵی تێپەڕین دەدەن. هەفتەی رابردووش، دوو کۆچبەر لەکاتی تێپەڕینیان بە کەناڵی ئینگلیز بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیانەوە گیانیانلەدەستدا، بەوەش ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لەمساڵدا لەو ناوچەیە گیانیانلەدەستداوە، گەیشتە هەشت کەس.