رۆژنامەی "زەمان"ی توركی بڵاویكردووەتەوە، بۆ چوارەمین رۆژ لەسەریەک، هاوڵاتیانی تورکیا لە راپەڕین بەردەوامن، لە دژی بڕیارەکەی حکومەت بۆ دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ، لە شارو ناوچە جیاوازەكانی ئەو وڵاتە. ئەستەنبوڵ لە چوارەمین رۆژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ و کاندیدی گریمانەکراوی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، سەدان هەزار هاوڵاتی سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، لە گۆڕەپانی ساراچانی ئەستەنبوڵ کۆبونەوە. ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) لە وتارێكدا رایگەیاند، ئەگەر سبەی بێزارمان بکەن، ئەوا لە تەقسیم دەبین. بەوتەی سەرچاوەكە لەكاتی قسەكانی ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی جەهەپە لە ساراچان، هێزەكانی پۆلیس، غازی بیبەریان دژی خۆپیشاندەران بەکارهێناوە. ئەنكەرە لە ناو زانکۆی هاجیتیبی، خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو. خوێندکاران لە بەیاننامە رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: هێرشێکی هەمەلایەنە هەیە بۆ سەر بنەما دیموکراسیەکان، تورکیا لە مەترسی نغرۆبوندایە لە تاریكی، لەسایەی بە كەسیكردنی دەسەڵاتی دەوڵەت، کە یاسا و كاری دەستوری بۆ هەڵبژاردن هەڵوەشاندووەتەوە. ئیزمیر پۆلیس غازی بیبەری رشاندووە بە خوێندکارانی زانکۆی (٩)ئەیلول، کە ناڕەزایەتیان دەربڕیووە بەرامبەر دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئەستەنبوڵ، دوای ئەوەی بڕوانامەی زانكۆكەی لەلایەن دادگاوە هەڵوەشێندرایەوە،  لە کاتی پەلامارەكانی پۆلیس خوێندکارێک بریندار بووە و (10)خوێندکار دەستگیرکراون. ئێلازیگ سەدان کەس لە دانیشتوانی ئێلازیگ لەسەر بانگهێشتی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) لە باڵەخانەی پارێزگاکە کۆبوونەوە، ئۆنور ئۆزکان، سەرۆکی (جەهەپە) لە پارێزگاكە رایگەیاندووە، ئەم خەباتە تەنها خەباتی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو و جەهەپە نییە، ئەم خەباتە خەباتێکە بۆ پاراستنی ئایندەی (٨٦)ملیۆن کەس، ئەمڕۆ ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، جەهەپە و نەتەوە گەورەکەمان کە بە توندی و خۆڕاگرانە دژی ئەو كودەتایە وەستاون. ریز لە شاری ریزە، دەیان هاوڵاتی لە شەقامی ئەتاتورک لە قەزای ئەردەسن کۆبونەوەو ڕێپێوانێکیان بۆ پشتیوانی لە ئیمام ئۆغڵو رێکخست. کۆجایلی خوێندکارانی زانکۆی کۆجایلی بە وتنەوەی دروشم لەسەر شەقامەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بڕیاری دەستگیرکردنەكە. خوێندکاران و ئەندامانی (جەهەپە) و پارتی کرێکارانی تورکیا لەسەر شەقامەکە کۆبونەوە، خۆپیشاندەران ویستبویان بە پێ بچنە گۆڕەپانی شارەکە کە نزیکەی کیلۆمەترێک دوورە، بەڵام پۆلیس ڕێگەی بە ڕێپێوانەکە نەداو، خۆپیشاندەران هەوڵی شكاندنی بەربەستی پۆلیسیان دا، لەبەرامبەردا هێزەکانی پۆلیس بە سپرای گازی بیبەر هێرشیان كردە سەر خۆپیشاندەران و (١٤) کەس دەستگیرکران. دەنیزلی خوێندکارانی زانکۆی باموکالی ویستیویانە رێپێوانێک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو ئەنجام بدەن، پۆلیس رێگری لە رێپێوانەکە کردووەو ژمارەیەك لە خوێندکاریان دەستگیرکراون، دوای ئەوەی بە گازی بیبەر هێرشیان كراوەتە سەر. بۆرسا هەزاران کەس لە شاری بۆرسا لە گۆڕەپانی فۆماراوە تا گۆڕەپانی شار خۆپیشاندانیان کردووە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەی حکومەتی تاک کەسی وردە وردە دەسەڵات لەدەست دەدات، فشارەکانی زیاد دەکات، لێکۆڵینەوەکان لە دژی سیاسەتمەدارە هەڵبژێردراوەکانی جەماوەر و رۆژنامەنوسانی ئۆپۆزسیۆن و هەر کەسێک دەکاتەوە کە بیرکردنەوەی جیاواز هەبێت، یاسا وەك گۆپاڵێك بەکاردەهێنرێت و هەموو دەنگە ناڕازییەکان سەرکوت دەکات. قۆنیا دانیشتوانی شاری قۆنیا دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ، خۆپیشاندانیان رێكخست دروشمی "ماف، یاسا، دادپەروەری و دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت"یان بەرزکردەوە. قارس لە میانی گردبونەوەیەکی پشتیوانیدا کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی  قارسی جەهەپە ڕێکخرا، پۆلیس سێ كەسی دەستبەسەرکرد، کە دەیانویست پۆستەرێکی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو لە قەڵای قارس هەڵبواسن. شانلی ئورفا لە ناوچەی شانلی ئورفا، پارتی گەلی کۆماری رێپێوانێکی بۆ پشتیوانی لە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی دەستبەسەرکراوی ئیستەنبوڵی رێکخست، هاوكات لەناوچەكانی تۆکات، سینۆپ، ئەنقەرە، کرەمان، قەیسەری، غازی عەنتاب، سامسون، کرشەهیر و یۆزگات خۆپیشاندانیان بەڕێوەچوو.  

  بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی کۆڵبەرنیوز، لە ماوەی ساڵێکدا 183 کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و برینداربوون. کۆڵبەرنیوز ئاماژەی بەوەکردووە، زۆرینەی قوربانییەکان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کراونەتە ئامانج، لە کۆی 183 حاڵەت، 52 کۆڵبەر کوژراون و 131 کۆڵبەریش برینداربوون. هەروەها 78%ی حاڵەتەکان بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانەوە بووە، 11 مێردمنداڵی کۆڵبەریش لەنێو قوربانییەکاندا هەبوون. ئامارەکانی کوژرانی کۆڵبەران بە بەراورد بە ساڵی پێشووتر، 18% زیادیکردووە. زۆرترین حاڵەتەکان لە پارێزگاکانی سنه، کرماشان و ورمێ تۆمارکراون، شارەکانی بانە، مەریوان و سەردەشت لەڕووی ژمارەی قوربانییەکانەوە لە پلەی پێشەوەدان. کۆڵبەرنیوز ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پێنج ساڵی رابردوودا بە گشتی هەزار و 314 کۆڵبەر کوژراون و برینداربوون، کە زۆرینەیان بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە بووە.

  بەگوێرەی میدیا جیهانییەکان، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا، داوای لە هاوتا ڕووسەکەی، ڤلادیمێر پوتین کردووە، بەشار ئەسەد ڕادەست بکەنەوە تاوەکوو بەفەرمی دادگایی بکەن. دۆسیەی ڕادەستکردنەوەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕژێمی پیشووی سووریا، مەرجێکی بنەڕەتیی حکوومەتی کاتیی سووریایە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانان لەگەڵ ڕووسیا، سەرەڕای ئەو پەیامە ئەرێییانەی بەرپرسانی ئیدارەی نوێ سەبارەت بەم بابەتە بڵاویان کردۆتەوە. هەندێک لە ڕاپۆرتەکان ڕەتی ناکەنەوە کە دۆسیەی ڕادەستکردنەوەی "ئەسەد" بەشێکە لە ڕێککەوتنی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی نێوان دیمەشق و ڕووسیا،  هەروەها ڕەنگە پێدانی قەرەبووی گەلی سووریاش لە ڕێککەوتنەکەدا هەبێت، ئەمەش دەتوانێت داهاتووی ڕووسیا لە سووریا دیاری بکات. ئەحمەد شەرع، لەیەکەم پەیوەندی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتیندا، پەیوەندی ستراتیجی نێوانیان دووپات کردەوە. بەیانی ڕۆژی 8-12-2024 ئۆپۆزسیۆنی سوریا گەیشتە دیمەشقی پایتەخت و شەڕی 13 ساڵەی نێوان سوپای سوریا و ئەسەد بە كەوتنی حوكمی بەعسی سوریا پاش نزیكەی 54 ساڵ كۆتایی هات، ئەسەدیش بە فڕۆكەیەك هەڵات  بەرەو ڕوسیا. سەرۆکی هەڵهاتووی سووریا لە 11 ئەیلوولی 1965 لە شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا لەدایک بووە، لە ساڵی 2000 و لە تەمەنی 35 ساڵی چووە شوێنی باوکی و بووە سەرۆکی سووریا.  لە شەڕی سوریا زیاتر لە 12 ملیۆن كەس ئاوارەبوون، جگە لە گیانلەدەستدانی زیاتر لە نیو ملیۆن كەس، سەدان چیرۆكی ئەشكەنجە و زیندان و كوشتن لەدوای ئەسەد بەجێمان.

  ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق رۆژى دووشەممە کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەى یەکەم بۆ پرۆژەیاساى دەستەى حەشدى شەعبى دەکات. بەگوێرەى کارنامەى دانیشتنەکە، رۆژى دووشەممە 24ـى ئازارى 2025، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق گفتوگۆ لەسەر حەوت بڕگە دەکرێت. لە بڕگەی چوارەمدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاساى هەموارى دەستەى حەشدى شەعبی دەکرێت، کە تایبەتە بە خزمەت و خانەنشینیى ئەندامانی دەستەى هێزەکانی حەشدی شەعبى، کە لایەنە شیعەکان پێداگیرییان دەکرد بخرێتە بەرنامەى کارەوە. فراکسیۆنە شیعەکان بە تایبەتی دەوڵەتی یاسا و سادیقون بەهۆی ئەوەی لەماوەی رابردوودا پرۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی نەخرابووە کارنامەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنەکەوە، بایکۆتی دانیشتنەکانیان کردبوو، بەوهۆیەشەوە ئەنجوومەنی نوێنەران ماوەی مانگێکە نەیتوانیوە رێژەى یاسایی ئامادەبوون تەواو بکات. هەر بەگوێرەی کارنامەکەی رۆژی دووشەممە، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی یاسای لێخۆشبوون لە هەڵگرتنی پاسپۆرتی دیپلۆماسی و خزمەتگوزاری لە نێوان حکومەتی عێراق و قوبرس دەکات.

  نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا ناوەڕۆکی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێران ئاشکرا دەکات کە زیاتر لە دوو هەفتەیە گەیشتوەتە تاران و چاوەڕوانی وەڵامن. ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی ئەو نامەیەی ئاشکرا کرد کە ماوەیەک لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ بە دیپلۆماتکارێکی ئیماراتدا ئاڕاستەی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێرانی کرد، رایگەیاند: سەرۆک ترەمپ پەیامی ئاشتی ئاڕاستەی تاران کردووە و جەختی کردوەتەوە کە نایەوێت پەنا بباتە بەر رێگای سەربازیی. ویتکۆف رایگەیاندووە: سەرۆکی ئەمەریکا جەنگی ناوێت و نایەوێت پەنا بباتە بەر رێگەچارەی سەربازی بۆ وەستاندنی شەڕەکان، ئەوە تاکە هۆکارە کە ئەو رێگەیەی گرتوەتەبەر، سەبارەت بە دۆسیەی ئێران و چەکە ئەتۆمییەکەی، نایەوێت پەنا بباتە بەر ئەو رێگەیە، دەوێت لەسەر مێزی دانوستان کێشەکان چارەس بکات. نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا ناوەڕۆکی بەشێکی دیکەی نامەکەی ئاشکرا کردووە و ترەمپ بۆ بەرپرسانی تارانی نوسیووە :"من سەرۆکی ئاشتیم، نامەیەوێت پەناببەمە بەر چارەسەری سەربازی، پێویستە دانوستان بکەین، تێگەیشتنە هەڵەکان راست بکەینەوە، چاودێریی و وردبینی بکەین، بۆ ئەوەی هیچ لایەنێک دوو دڵ نەبێت لە چەکی ئەتۆمی". عەلى خامنەیی رابەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە وتاری نوێژی هەینیدا پەیامێکى توندى ئاڕاستەى ئەمەریکا کرد و هەڕەشەى گورزى کوشندەى کرد ئەگەر بێت و هێرشبکاتە سەر وڵاتەکەى. جەختی کردەوە، گروپە چەکدارەکانى ناوچەکە سەربەخۆن، ئەوەش لە وەڵامێکدا بۆ بەرپرسانى ئەمەریکا کە دەڵێن گروپەکان سەر بە ئێرانن و لەلایەن ئەو وڵاتەوە ئاڕاستەدەکرێن، کە زۆرجار هێرشدەکەنە سەر سەرباز و بەرژەوەندییەکانى ئەمەریکا. عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی (20ـی ئاداری 2025) لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: نامەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێران هەلی پێشنیاز كردووە، بەڵام زیاتر نزیكە لە هەڕەشەوە، ئێران ئێستا سەرقاڵی تاوتوێكردنی نامەكەیە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەڵامی دەداتەوە.

  ئەمشەو وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند چەند چەکدارێک تەقەیان لە کونسوڵخانەی عێراق لە ئیستەنبوڵ کردووە، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن. وەزارەتەکە دەڵێت: کاتژمێر 9:00ی شەوی هەینی، تەقەکراوە لە بینای کونسوڵخانەی عێراق لە ئەستەنبوڵ لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کە ماتۆڕسکیلێکیان پێبووە، بەپێى ڕاگەیەندراوەکە ئەوانەى تەقەکەیانکردووە تفەنگی کڵاشینکۆفیان بەکارهێناوە و پێش هەڵاتن هەشت فیشەکیان ئاراستەی ڕووبەری بیناکە کردووە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکە، کونسوڵی گشتی عێراق و نوێنەرانی کونسوڵخانەکە بەرەو شوێنەکە ڕۆیشتن بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکان. دەسەڵاتدارانی ئەمنی تورکیا شەقامی دەوروبەری کونسوڵخانەکەیان داخست و دەستیان بە لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان کردوە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی نوێنەری دیپلۆماسی عێراق. وەزارەتی دەرەوەى عێراق جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە ئەوان بەدواداچوونی بەردەوامی خۆیان دەکەن لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی تورکیا بۆ دڵنیابوون لە ئاشکرابوونی بارودۆخی ڕووداوەکە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو ڕووداوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە بە زووترین کات نەوتی کوردستان هەناردە بکرێتەوە و حکومەتی نوێیش لە هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت.   بەپێی راگەیێندراوێک کە ئەمڕۆ هەینی 21ی ئاداری 2025 حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مایکڵ واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە. هەردوولا هاوڕابوون لە سەر پێویستیی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە نزیکترین کاتدا. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى حکومەتى هەرێم ئەمڕۆ هەینی 21ی ئادار، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مایکل واڵتز ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، بە تەلەفۆن قسەیان کرد. سەرۆکی حکومەت و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەمەریکا کرد. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لە زووترین کاتدا. هەروەها دووپاتیان کردەوە کە پێویستە لە نزیکترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە. لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پێشهات و گۆڕانکارییە خێراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگی پاراستنی سەقامگیری ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

  سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، ئێوارەى ئەمڕۆ براوەتە بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى ئیستەنبووڵ و لەلایەن چەند ئەفسەرێکەوە وتەى لێوەرگیراوە لەسەر ئەو دۆسیانەى کە دەستگیرکراوە، بەڵام ئەکرەم ئیمامئۆغڵو هەموو تۆمەتەکانى ڕەتکردوەتەوە. بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025 لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئیستەنبووڵ دەستگیرکرا. لەسێیەم ڕۆژى دەستگیکردنیدا وتەى لێوەرگیراوە، دواى تەواوبونى وتەکانیشى داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بەڕۆژنامەنوسانى ڕایگەیاند، سبەی کاتژمێر نۆى بەیانى بەکاتى تورکیا ئیمامئۆغڵو ڕەوانەی دادگا دەکرێت. لەلایەکى دیکەوە، لە پارێزگاکانی ئەنقەرە و ئیزمیر بۆ ماوەی پێنج رۆژ چالاکییەکانی وەک، گردبوونەوە، خۆپێشاندان و کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی قەدەخە کران.   هەردوو پارێزگەی ئەنقەرە و ئیزمیر رۆژی هەینی، 21ـی ئاداری 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایانگەیاند، ''بەمەبەستی پاراستنی دۆخی گشتی و رێگریکردن لە هەر کارێکی تێکدەرانە لە سەرتاسەری پارێزگاکە، لە رۆژی 21ـی ئاداری 2025ـەوە تاوەکو  25ـی ئاداری 2025 هەموو جۆرە گردبوونەوە، خۆپێشاندان و کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی قەدەخە کراوە". یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025 لە گوتارێکیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ کراون، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی ''هاوکاریکردنی ریکخراوی تیرۆریستی و گەندەڵیی دارایی'' دەستگیرکراوە.   بە گوتەی وەزیری دادی تورکیا، هەر لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانە دا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 105 کەسی دیکەش دراوە. تاوەکو ئێستا 87 کەسیان دەستگیرکراون.

  وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاشکرایدەکات، سوپاکەی ڕاسپاردووە دەست بەسەر ناوچە زیادەکانی غەززەدا بگرن و دانیشتووانی غەززە چۆڵ بکەن و ناوچە ئەمنییەکان لە دەوروبەری غەززە فراوان بکەن بۆ پاراستنی شارۆچکە و سەربازەکانی ئیسرائیل. رۆژی هەینی 21-03-2025 یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: "فەرمانم بە سوپا کردووە رووبەری زیاتری غەززە کۆنترۆڵبکەن. حەماس چەند ئازادکردنی بارمتەکان رەتبکاتەوە، خاکی زیاتر لەدەستدەدات کە بە ئیسرائیلەوە دەلکێندرێت."   ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە، ئیسرائیل چوار رۆژە، ئەو ئاگربەستەی لە 19ـی کانوونی دووەم کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، شکاندووە و بۆردوومانەکانی بۆ سەر غەززە دەستپێکردووەتەوە.   بەرگریی شارستانیی غەززە دوێنێ پێنجشەممە گوتی، 504 کەس لە بەرەبەیانی سێشەممەوە کوژراون.   کاتس گوتی: "ئەگەر حەماس پابەند نەبێت، ئێمەش ناوچەی دابڕێندراو لە دەوروبەری غەززە فراوانتر دەکەین بۆ ئەوەی سڤیلی ئیسرائیلی بپارێزین؛ هەروەها سەربازەکانمان بۆ هەمیشە لەوێ جێگیردەکەین."   کاتس گوتی: "ئۆپەراسیۆنەکان لە زەوی، دەریا و ئاسمانەوە چڕتر دەکەینەوە؛ ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکانمان بەردەوام دەبن تاوەکو هەموو بارمتەکان ئازاد دەکەین و حەماسیش لەنێودەبەین."   بەگوتەی ئەو وەزیرە، یەکێک لە بژاردەکان بریتییە لە جێبەجێکردنی پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ چۆڵکردنی غەززە و ئاوەدانکردنەوەی.    لەگەڵ تەواوبوونی قۆناخی یەکەمی ئاگربەست لە سەرەتای مانگی ئادار، ئیسرائیل ویستی قۆناخی یەکەم درێژبکاتەوە و حەماسیش ویستی بچنە قۆناخی دووەم. دوو لایەنەکە پێکنەهاتن و بەرەبەیانی 18ـی مانگ ئیسرائیل بۆردوومانی دەستپێکردەوە.   ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دوێنێ پێنجشەممەدا نیگەرانیی خۆی لەو بڕیارەی ئیسرائیل دەربڕی و گوتی: "دەستپێکردنەوەی شەڕ شتێکی زۆر چاوەڕواننەکراو بوو، لە کاتێکدا ئێمە هێشتا بەدوای ئەرکی پیرۆزی گەڕاندنەوەی بارمتەکانمانین."   لەو 251 بارمتەیەی حەماس لە 07-10-2023 رفاندنی، 58ـیان هێشتا لە غەززەن و سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 34ـیان کوژراون.

  ئاژانسێکی عێراقی بڵاویکردەوە، وەزارەتی دارایی عێراق بە نیازە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا مووچەی مانگی سێی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات، بە مەرجێک هیچ کێشەیەک لە لیستی مووچەدا نەبێت. ئەمڕۆ هەینی ٢١ـی ئازاری ٢٠٢٥، ئاژانسی بەغدا ئەلیەوم ڕایگەیاند، فەرمانبەرانی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی عێراق سەرەڕای هەبوونی پشووی فەرمی بەردەوامن لە وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی سێ (ئازار)ـی هەرێم. ئاماژە بەوەشکراوە، چاوەڕوان دەکرێت وەزارەتی دارایی عێراق تا کۆتایی رۆژی دووشەممەی داهاتوو وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی سێ تەواوبکات و بڕیاری خەرجکردنی پارەکە بدرێت. ڕوونیشیکردەوە، ئەگەر هیچ كێشەیەك لەبەردەم لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروست نەبێت ئەوا وەزارەتی دارایی عێراق دوای خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی خۆی راستەوخۆ و هەفتەی داهاتوو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش رەوانە دەكرێت. ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای نزیکەی ١٠ رۆژ لە دواکەوتن دارایی حکومەتی کاربەرێکەر رۆژی ١٨ـی ئەم مانگە لیستی مووچەی مانگی سێی راوانەی بەغدا کرد و وەزارەتی دارایی عێراقیش وردبینی لە لیستەکەدا دەستپێکرد.

گەورەترین فڕۆکەخانە لە ئەوروپا داخرا، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە وێستگەیەکی کارەبایی، کە وزەی بۆ فڕۆکەخانەکە دابین دەکرد، بە گوێرەى ئەو کۆمپانیایەشی فڕۆکەخانەی هیسڕۆی لەندەن بەڕێوەدەبات، داخستنی فڕۆکەخانەکە بە درێژایی ئەمڕۆ هەینی بەردەوام دەبێت. کۆمپانیای هیسڕۆ ئایرپۆرت هۆڵدینگز لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، فڕۆکەخانەی هیسڕۆ پچڕانێکی گەورەی کارەبای بەخۆیەوە بینیوە، بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی سەرنشینەکانمان و هاوکارەکانمان، فڕۆکەخانەی هیسڕۆ تا کاتژمێر 23:59 (کاتی ناوخۆیی) لە 21ـی ئازاردا دادەخرێت”. هەروەها گوتەبێژی فڕۆکەخانەکە رایگەیاندووە، لە سەرتاسەری فڕۆکەخانەکەدا تووشی پچڕانی کارەبای گەورە بوون”، هەروەها هۆشداریی داوەتە گەشتیاران، کە تا ئاگادارکردنەوەی نوێ روو نەکەنە فڕۆکەخانەکە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، پێشبینی دەکەن لە چەند رۆژی داهاتوودا پشێوی گەورە رووبدات، داواش لە گەشتیاران دەکات، لە هیچ بارودۆخێکدا نەچنە فڕۆکەخانە تا ئەوکاتەی دەکرێتەوە. بە گوێرەى هەواڵێکی ماڵپەڕی سکای نیوز، لە ئێستادا ماڵپەڕی فڕۆکەخانەی هیسڕۆ لەکارکەوتووە، بەهۆی ئەوەی گەشتیاران کێشەیان هەیە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری. هەر بە گوێرەى هەواڵەکە، ئاگرەکە لە وێستگەیەکی کارەبا لە شاری هایس کەوتووەتەوە، کە نزیکەی میل و نیوێک لێیەوە دوورە و پێدەچێت هەزاران ماڵ بێ کارەبا بوون. هاوکات تیمی ئاگرکوژێنەوەی لەندەن رایگەیاند،10 ئۆتۆمبێل و نزیکەی 70 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنی رووداوەکە بوون لە شەقامی نێستڵز. ئاماژە بەوەشکراوە، محاویلەیەکی کارەبایی لەناو وێستگەی لاوەکیدا گڕی گرتووە، بەڵام تا ئێستا هۆکاری ئاگرەکە نەزانراوە. فڕۆکەخانەی هیسڕۆ یەکێکە لە قەرەباڵخترین فڕۆکەخانەکانی جیهان و ساڵی رابردوو ژمارەیەکی پێوانەیی 83.9 ملیۆن سەرنشینی تۆمارکردووە، نزیکەی هەر 45 چرکە جارێک فڕۆکەیەک دەنیشێتەوە، یان هەڵدەفڕێت.

  کۆما جڤاکێن کوردستان – کەجەکە لە پەیامێکدا کە لە ئاهەنگی نەورۆزی قەندیلدا خوێندرایەوە رایگەیاند، پێویستە ئیمراڵی نەمێنێت و عەبدوڵا ئۆجەلان بەزووترین کات ئازاد بکرێت. پەیامی کەجەکە لە ئاهەنگی پیرۆزکردنی نەورۆز لە قەندیل خوێندرایەوە و وێڕای پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لە هەموو گەلی کورد ڕایانگەیاند، گەلی کورد چیتر ناتوانێت چاوەڕوانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بکات، بۆیە پێویستە سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمرالی کۆتایی پێ بێت و ڕێبەر ئاپۆ بەزووترین کات ئازاد بکرێت، بۆ ئەمەش پێویستە ئاستی تێکۆشان بەرزتر بکەین و لە هەموو کاتێک زیاتر ئەم داواکارییە زوڵاڵتر بێنینە سەر زمان. هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەرێوەبەرایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، لە ئاهەنگی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لە قەندیل بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و پەیامەکە لەلایەن سارا کەریمەوە خوێندرایەوە. دەقی بەیاننامەکەی کەجەکە بەمشێوەیەیە: “گەلی وڵاتپارێز و شکۆمەند ئامادەبووانی نەورۆزی قەندیلی قەڵای ئازادیی و خۆڕاگریی گەلی هێژای قەندیل و هەموو ئەوانەی دڵتان بۆ ئازادیی لێدەدات و بەشداری نەورۆزی قەندیل بوون، بەخێربێن بۆ واری شۆڕش و ژیار، بەخێربێن بۆسەر زەمینی دڵڕفێن و ئەفسوناوی قەندیلی سەرکەش و وارگەی ئۆجاخی هۆرییەکان. ئێمە لێرەوە لە عەرد نیگاری و ناوەندی جیۆکەلتووری مەدیاوە، بە گەرمای ئاگری نەورۆز و حەسرەتی ئازادییەوە، بەڕێزەوە سڵاوتان لێدەکەین و دەڵێین نەورۆزی ژیانەوە و سەرەتای ساڵی نوێی کوردیتان پیرۆز بێت. ئەو نەورۆزەی کە گەلی کورد پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە جەژنێکی هەرە کۆنی دیرۆکی مرۆڤایەتییە، نەورۆز بووتە سیمبولی بەرخۆدان لە بەرامبەر ستەمکاری (زووحاک)ـدا، ئەم جەژنە بە هەزاران ساڵە لەلایەن گەلانی میزۆپۆتامیا، ئێران، ئەنادۆڵ، قەوقاس و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوین پیرۆز دەکرێت. ئێمە دووبارە لە بەردەم ئێوە نەورۆز لە گەل، ژن و گەلانی میزۆپۆتامیا، بە تایبەت گەلانی کوردستان، ئێران، ئەنادۆڵ، قەوقاسیا و هەر کەسێک کە لە قوڵایی دەروونییەوە هەست بەجۆشی نەورۆز دەکات پیرۆز دەکەین. بێگومان گەلی کوردستان ئافرێنەری نەورۆزە، بۆیە بەشێوەیەکی سرووشتی لە ناخی دڵەوە بە گەرمایی نەورۆز ژیان دەکات، زاڵم و  ستەمکارەکان بە درێژایی مێژوو هەوڵیان داوە گەلی کورد لەناوبەرن، لە بەرامبەردا گەلی کوردستان بە ڕۆحی نەورۆز بەرخۆدانی کردووە و پارێزگاری لە بوونی خۆی کردووە، بۆیە نەورۆز بۆ گەلی کوردستان بووتە سیمبوولی یەکێتی و یەکبوون و ئازادیی، گەلی کورد بە نەورۆز خۆی ئافراندووە و خۆی ئازاد کردووە، لەبەر ئەم حەقیقەتەیە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت (گەلی کورد گەلێکی نەورۆزییە، تاکو نەورۆز هەبێت ئەم گەلە کۆتایی پێنایەت) ئەم ڕاستییە لەناو مێژوودا بەڕوونی خۆی ئاشکرا کردووە. ئێمە بەم هەست و جۆشەوە جارێکی تر لە بەرامبەر شەهامەت و گەورەیی ئێوەدا نەورۆزی گەلی بەرخۆدێر و تەواوی ئەو کەسایەتی و ساتە مێژووییانەی کە بوونەتە هۆکاری ئەوەی نەورۆز بە زیندووی بمێنێتەوە و تا ڕۆژی ئەمڕۆمان بەردەوام بێت پیرۆز دەکەین. گەلی وڵاتپارێز و کۆڵنەدەر ڕێبەر ئاپۆ بناغەی پەکەکەی لە ڕۆژی نەورۆزدا بونیادنا، کاوەی سەردەم لە ڕۆژی نەورۆزدا بە بانگەوازە مێژووییەکەی “بەرخۆدان ژیانە” هاواری ئازادیی گەلێکی بن دەستی گەیاندە ژێر عەرش لە بەرامبەر زووحاکەکان و ئەوانەی دەیان خواست کورد لەناوبەرن، بە پڕشنگ و تروسکایی ئەو ئاگرەی کە بە جەستەی خۆی مەشخەڵیدا ئەو تاریکییەی ڕەواندەوە کە باڵی بەسەر کۆمەڵگەدا کێشا و بەم شێوەیە جارێکی تر نەورۆزی خستەوە سەر جەوهەر و ڕێڕەوی مێژوویی خۆی، بۆیە مەزڵوم دۆغان بوو بە کاوەی هاوچەرخ لە مێژووی کوردستاندا. ئەو تروسکاییەی ٤٣ ساڵ پێش ئێستا لە لایەن کاوەی سەردەم “مەزڵووم دۆغان”ـەوە داگیرسا، ئەمڕۆ لە دڵ و ڕۆحی ملیۆنان کەسدا گەش و بڵێسەدارتر بووە و ڕێگا و ئاسۆی ئێمەی ڕۆشنتر کردووەتەوە، لە کاتێکدا ئێمە ئەو ڕۆژە واتادار و پڕشنگدارە پیرۆز دەکەین، پێویستە ئەو شەهیدانەی کە جەستەی خۆیان و ئاگری نەورۆزیان کرد بەیەک و ئەم ئاگرەیان بەگڕدانی جەستەی خۆیان مەزنتر و بڵێسەدارتر کرد و بوون بە ڕێزانی ڕێگای نەورۆز و تاوەکو ڕۆژی ئەمڕۆمان نەورۆزیان زیندوو هێشتەوە لە بیریان نەکەین و بەم هەستانە مەزڵووم دۆغان و هەموو شوێنهەڵگرانی، زەکیە، ڕەوشەن، ڕوناهی، بێریڤان و هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراتییەت بەبیر بهێنینەوە و بە زیندووی لەناخی خۆماندا هەڵیان گرین و منتباری خۆمانیان بۆ دووپات بکەینەوە، ئەم تێکۆشانەی پەکەکە کە بە ڕۆحی نەورۆز دەستیپێکردووە، ئێستا گەیشتووەتە قۆناغی بونیادنانی یەکێتی گەلی کورد، لەم پانتایی و بوارەدا پێگە و بەشداری گەلی باشووریش ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە، ئەو کەسایەتییانەی کە لە هەناوی کۆمەڵگەی باشوور دەرچوون، وەکو دکتۆر سیروان، دیار غەریب، ڤیان سۆران، مامۆستا شەماڵ، ڕەئوف ئاکرەیی، علی شەعبان ئامێدی، سادق عمر، هەروەها بە هەزاران شەهیدی قارەمان بوونە کۆڵەگەی سەرەکی ئازادیی کوردستان و یەکێتی نەتەوەیی، بۆیە دەبێت ئێمە بە خەون و خەیاڵی ئەوان بژین و بەردەوامی بەم شێوازە لە ژیان بدەین. گەلی وڵاتپارێز ئەمساڵ بانگی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتی ڕێبەر ئاپۆ واتایەکی نوێی بە نەورۆز بەخشی، ئێمە دەبینین گەلی کوردستان بەو جۆش و مۆڕاڵەی لە پەیامە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆی وەرگرتووە، مەیدان و گۆڕەپانەکانی نەورۆزی پڕ کردووە و نەورۆز بە هەیبەتێکی مەزن پیرۆز دەکات، بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتی سەدایەکی مێژووییە، مانیفستۆی ئازادیی سەردەمە. ڕێبەر ئاپۆ بەم بانگەوازییەی کە لە گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی کرد، ئاسۆیەکی نوێی کردەوە، ئەگەر گەلان و ژنان دەخوازن بگەن بە ژیانێکی ئازاد، بێگومان لەسەر بنەمای ئەو میتۆد و ئاسۆیە پێک دێت کە ڕێبەر ئاپۆ ڕێگەی لەبەردەم کردووەتەوە، تاکە ڕێگای دەرچوون لە شەڕ و زەخت و تاڵان و گێژاوی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری، کۆمەڵگەی دیموکراتیکە. ئێمە لە بەردەم ئێوەدا خۆشەویستی و ڕێز و سۆزداری خۆمان بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەنێرین، ڕێبەر ئاپۆ ٥٠ ساڵ زیاترە پێشەنگایەتی تێکۆشانی ئێمە دەکات، لە کۆتایشدا لە ڕێگەی پەیامی سەدەوە ئاسۆ و گۆشەیەکی نوێی بۆ ئێمە کردەوە، ئێمە نەورۆزی ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین، ئیدی گەلی کورد چیتر ناتوانێت چاوەڕوانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بکات، بۆیە پێویستە سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمڕالی کۆتایی پێ بێت و ئیمرالی نەمێنێت و ڕێبەر ئاپۆ بەزووترین کات ئازاد بکرێت، بۆ ئەمەش پێویستە ئاستی تێکۆشان بەرزتر بکەین و لە هەموو کاتێک زیاتر ئەم داواکارییە زوڵاڵتر بێنینە سەر زمان، هاوکات ساڵی ٢٠٢٥ بکەینە ساڵی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، لەسەر ئەو بنەمایە بەهەست و باوەڕی ئازادیی، ئێوە بە ڕێزدارییەوە سڵاو دەکەین و نەورۆزی ئێوە پیرۆز دەکەین. نەورۆز پیرۆز بێت بژی نەورۆز”

هاوڵاتى ئاسایشی هەولێر بە جل و بەرگی مەدەنییەوە دوو چالاکوان دەڕفێنن و دواتر دەیانبەنە ئاسایشی هەولێر و ئاسایشی گشتی، تا ئێستاش خانەوادەکانیان بێ ئاگان لەوەی بۆچی و لەسەرچی ڕفێندراون، سەرچاوەیەکیش دەڵێت، ئەو دوو چالاكوانە بە تۆمەتی بانگەوازیی بۆ ئاهەنگی نەورۆز دەستگیرکراون. ئێوارەی ١٩ـی ئادار هاوڕێ کوردی یەکێک لە چالاکوانەکانی هەولێر لەلایەن چەند چەکدارێکەوە، کە جلی مەدەنی و ئۆتۆمبێلی مەدەنیان پێبووە دەیڕفێنن و دەیبەنە ئاسایشی هەولێر. بە پێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، دوای ئەوەی هاوڕێ کوردی چالاکوانێکی دیاری شاری هەولێر لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە دەڕفێندرێت، دواتر دەبرێتە ئاسایشی هەولێر، هاوکات، ئێوارەی دوێنێش براوەتە ئاسایشی گشتی هەولێر. هاوکات، ئێوارەی دوێنێ زێوەر کوردی یەکێکی دیكە لە چالاکوانە دیارەکانی هەولێر، دوای ئاگادارکردنەوەی بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی زانیاری نیشتەجێبون بانگهێشتی ئاسایشی هەولێر کراوە لەگەڵ گەشتنی بە نزیک ئاسایش، لەلایەن کۆمەڵێک ئاسایشەوە بە لێدان و بە زۆر دەخرێتە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە و تا ئێستاش کەس نازانێت بۆ کوێ براوە. هەر بە پێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، هەردوو چالاکوان ” هاوڕێ کوردی و زێوەر گەردی، لەسەر بانگەوازی بۆ بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆزی قەندیل دەستگیرکراون، کە لە هەژماری تایبەتی خۆیان لە دیجیتاڵ میدیا بڵاویان کردووەتەوە. جێگای ئاماژەیە، ئەم کارەی ئاسایشی هەولێری پەدەکە لە کاتێکدایە، هیچ مادەیەکی یاسایی نییە، کە بانگەشە و بانگەوازی بۆ ئاهەنگی نەورۆز قەدەغە بکات لە هەرجێیەکی کوردستان بێت، بۆیە گومان دەکرێت هاوشێوەی سیناریۆکانی دیكە ئاسایشی پەدەکە بۆ ڕەوایەتیدان بەو کارە بێ یاساییەی بە سیناریۆیەکی ئەکشن ئاسا ڕەوایەتی بدات بە کارە نایاساییەکانی خۆی.

هاوڵاتى لە ئاهەنگی نەورۆز لە ئامەد پەیامی مەسعود بارزانی خوێندرایەوە. لە پەیامەکەیدا پشتیوانی لە پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا دەکات و رایگەیاند: "هیوادارین لە کاتێکی نزیکدا بەڕێز عەبدوڵڵا ئـ.ـۆجەلان ئازاد بکرێت."   لە ئامەدی باکووری کوردستان دەیان هەزار هاوڵاتى گردبوونەتەوە و بەشدارن لە ئاهەنگی گەورەی جەژنی نەورۆز، هێزە ئەمنییەکان رێوشوێنی ئەمنییان گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی خەڵک لە کاتی ئاهەنگەکە. خەڵک و ئامادەبووانی ئاهەنگەکە دەڵێن، ئەم ساڵ ئاسانکاری کراوە و رێوشوێنەکان تووند نین.  بارزانی ئاشتی "بە تاکە رێگەی راست و دروستی تێپەڕاندنی کێشەکان" دەزانێت. رایگەیاند: جەخت لە فەرهەنگی پێکەوەژیان و پەیامی ئاشتیخوازانە دەکەینەوە.    هەروەها بارزانی باسی لە دۆخی رۆژئاوای کوردستانیش کرد و گوتی، "هیوادارم کوردانی سووریا لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی سووریا بگەنە رێککەوتن." ئەمڕۆ نەورۆزی ئامەد لە پارکی نەورۆز لە ناوچەی باگلاری سەر بە ڕێزان پیرۆز و بە درووشمی ” ڕێبەرتی ئازاد، کۆمەڵگەی دیموکراتیک” و  بە بەشداریی سەدان هەزار کەس پیرۆز دەکرێت. دەقی پەیامەکە: نەورۆز بۆ گەلی کوردستان، بەهار و نوێبوونەوە  و ئازادییە، نەورۆز واتای ژیانێکی تازە و موژدەی سەرکەوتنی رووناکی بەسەر تاریکی و زووڵم دەدات. بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە، پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان دەکەم. پیرۆزبایی نەورۆز لە هەموو رۆڵەکانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەم. پیرۆزبایی لە هەموو ئەو نەتەوانە دەکەم کە نەورۆز بووەتە بەشێک لە کولتوور و دابونەریتیان. لێرەدا دەمەوێت بەگەرمی پیرۆزبایی نەورۆز لە رەوەندی کوردی و لەو ملیۆنان کوردە بکەم کە بە هەستێکی بەرزەوە و دوور لە خاکی نیشتمان جەژنی نەورۆز بەبەرزی رادەگرن و بەهاکانی نەورۆز بە هەموو جیهاندا بڵاودەکەنەوە، پێیان دەڵیم کە ئێوە هەمیشە لە هزر و ویژدانی ئێمەدان. خۆشی و جەژنەکانتان درێژکراوەی خۆشی و جەژنەکانی ئێمەیەز  جێگەی شانازییە کە دەبینین لە نەورۆزدا ئاڵای ئازادی و شکۆ بەرزدەکەنەوە، زۆر خۆشحاڵم کە لە شاری کۆڵنی وڵاتی ئەڵمانیا ئاهەنگی نەورۆز سازدەکرێت و سۆزی خۆتان بۆ وڵاتەکەتان دووپاتدەکەنەوە. ئێوە دەنگ و رەنگی گەلەکەتانن و دەستخۆشیتان لێدەکەم. لە رۆژی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا بەشانازییەوە جەخت لە فەرهەنگی پێکەوە ژیان و پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان دەکەینەوە. هەر لەو سۆنگەیەشەوە پشتیوانی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە تورکیاین.  هیوادارین لە کاتێکی نزیکدا بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بکرێت و ئاشتی بە تاکە رێگەی راست و دروستی چارەسەرکردنی کێشەکان دەزانین. هەر لەو بۆنەیەدا بەو هیوایەن کۆتایی بە ئێش و ئازارەکانی کورد لە سووریا بێت. کورد بە هەڵوێستێکی هاوبەش و رێکارێکی ئاشتییانە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی سووریا بگەنە ئەنجامێک کە لە خزمەتی هەموو لایەک دابێت. هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە دەستپێکێک بۆ ئاسوودەیی و خۆشی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی، ئەو نەورۆزە و هەموو جەژنەکانیان لە کامەرانی و ئاشتیدا بەڕی بکەن. ئومێدی ئەوە دەخوازم گەلانی ناوچەکە بتوانن لەژێر سایەی ئارامی و سەقامگیریدا لە کەشێکی ئاشتییانە و برایانە دا بژین. نەورۆزتان پیرۆز، بمێنن بەخێر و خۆشی.  مەسعود بارزانی 

  ئاهەنگی  نەورۆز لە پارکی نەورۆز لە ناوچەی ڕێزانی ئامەد ئەنجام دەدرێت. بۆ ئاهەنگی نەورۆزکە بە دروشمی 'ڕێبەرێتی ئازاد کۆمەڵگەی دیموکراتیک' و 'کۆمەڵگەی دیموکراتیک بۆ ئازادی' ئەنجام دەدرێت، لە بەرەبەیانی لە شارەکە، ناوچە، شارۆچکە، گوندەکانی دەوربەری بە هەزران کەس بە ڕێکەوتن. جۆش و خرۆش لە چوارلای شارەکە بڵابووتەوە و بە ١٠یان هەزار کەس بەرەو گۆڕەپانی نەورۆز چوون. چوونە گۆڕەپانی نەورۆز لە ٦ خاڵی پشکنینەوە بەردەوامە. گەنجان لە چەندین خاڵەوە بە کاروان چوونە گۆڕەپانی نەورۆز. چەندین دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێت"، "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "زیندانیانی سیاسی شکۆمانن" بەرزکرایەوە. ژنان بە جل و بەرگی کوردی، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕێپێوانیان کرد. لە ٧ ساڵ تاوەکو ٧٠ ساڵ لە هەموو تەمەنەکان گەل بەشداری ئاهەنگەکە بوو. دایکانی ئاشتی بە دروشمی "بژی نەورۆز، بکی ئاشتی" چوونە گۆڕەپانی نەورۆز. گەنجان لەگەڵ دایکان ڕێپێوانیان کرد و دروشمی "بژی دایکانی ئاشتی" بەرزکرایەوە. لە دەروازەکان چەندین هاووڵاتی لە چاوەڕوانی تێپەڕینن بۆ گۆڕەپانەکە. لە هەندێک خاڵی پشکنینی پۆلیس دەستیان بەسەر ڕەنگەکانی سەوز، سوور، زەرد گرت. ئەمەش ڕێگەی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین کردەوە.  بە دەیان هەزار کەس چوونە گۆڕەپانی بە دەهۆڵ و زوڕنا و گۆرانی کوردی هەڵدەپەڕن. پۆستەری ڕێبەر ئاپۆ لە گۆڕەپانەکە دەشەکێنرێتەوە و جۆش و خرۆش لە گۆڕەپانەکە تا دێت زیاتر دەبێت.