بەرەبەیانی ئەمڕۆ، داواکاری گشتی تورکیا داوایكرد ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی دەستبەسەرکراوی ئەستەنبوڵ، بە فەرمی دەستگیربكرێت، کە رکابەری دیاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیایە، بە تۆمەتی گەندەڵی و تیرۆر. چاوەڕوان دەكرێت دادگا بڕیارێك دەربكات لەبارەی ئەگەری ئاڕاستەكردنی  تۆمەكان دژی ئیمام ئۆغڵو و راگرتنی تا كاتی دادگاییکردن. دەستگیرکردنی ئیمام ئۆغڵو لەم هەفتەیەدا گرژییە سیاسییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو لە توركیا توندكردەوەوناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لە سەرانسەری تورکیا لێکەوتەوە، خۆپیشاندەران لە چەند شارێکدا گردبونەوە بۆ دەربڕینی دژایەتی خۆیان. رۆژنامەی جمهوریەت، دوێنێ‌ بڵاویكردەوە، پۆلیسی تورکیا بۆ ماوەی نزیکەی پێنج کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ ئیمام ئۆغڵو کردووە، ئەوەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی هاوکاریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).  رۆژی هەینی رابردوش، بە تۆمەتی گەندەڵی، بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا، سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ لە هەردوو لێکۆڵینەوەکەدا هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە ئاراستەی کراوە.

  وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە چوارەمین شەوی گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەرامبەر دەستبەسەرکردنی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ 323 کەس دەستبەسەرکراون.   عەلی یەرلیکایا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 23ـی ئاداری 2025 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ 323 کەس لە چالاکییەکانی پەیوەست بە دەستبەسەرکردنی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەستبەسەرکراون.   یەرلیکایا گوتی: "هەر هەنگاوێک زیان بە تێکدانی ئاسایشی گشتی بگەیەنێت، رێگەی پێنادرێت".    وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی شەممە 22ـی ئادار لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، لە چوار رۆژدا لە گرژی نێوان خۆپێشاندەران و پۆلیسی شارەکەدا 11 پۆلیس برینداربوون و 373 خۆپێشاندەر دەستبەسەرکراون.    ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ لە 19ـی ئاداری 2025، لە چوارچێوەی دوو لێکۆڵینەوەی جیاواز بە فەرمانی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی "گەندەڵی و هاوکاریکردنی پەکەکە"دەستبەسەرکرا.    داواکاری گشتی لە هەردوو لێکۆڵینەوەکەدا فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ 105 کەس دەرکردووە و تاوەکو ئێستا 90 کەسیان دەستبەسەرکراون.   لەدوای دەستبەسەرکردنەکانەوە، جەهەپە لە بەردەم گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و چەند شارێکی دیکەی تورکیا دەستی بە خۆپێشاندان کرد.   داود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ، بەهۆی دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، لە 19ـی ئادارەوە تاوەکو 23ـی ئاداری 2025، بۆ چوار رۆژ لە سنووری پارێزگای ئیستەنبووڵ خۆپێشاندان و گردبوونەوەی قەدەخە کرد.    رۆژی شەممە 22ـی ئادار پارێزگاری ئیستەنبووڵ، بڕیاری قەدەخەی خۆپێشاندان و گردبوونەوەکانی تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی 27ـی مانگ درێژکردەوە. 

  روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایدەکات، تاوەکو ئێستا تەرمی سەدان قوربانیی کۆمەڵکوژیی ناوچە کەناراوییەکان لە ساردکەرەوەی نەخۆشخانەکاندا ماونەتەوە و هەزاران کەسی دیکەش بێسەرشوێنن. بەگوێرەى روانگەکە، تەرمی سەدان قوربانیی کۆمەڵکوژییەکەی چەند رۆژی رابردوو، لە نەخۆشخانەکانی لازقییە و ناوچە کەناراوییەکانن و نادرێنەوە بە کەسوکارەکانیان. ئاماژەبەوەشکراوە، تاوانی ناوچە کەناراوییەکانی سووریا، تەنیا بە کوشتن و تاڵانی و راگواستن نەوەستاوە، بەڵکو تاوەکو ئێستاش بەردەوامیی هەیە و سەدان تەرم لەبریی گەڕاندنەوەیان بۆ کەسوکاریان، دەستیان بەسەرداگیراوە و زۆرینەی کاتیش لە گۆڕی بەکۆمەڵدا بەخاک دەسپێردرێن یاخود دەسوتێندرێن. بەگوێرەى روانگەی سووری، ئامانج لەو رەفتارانە، شاردنەوەی ناسنامەی قوربانییەکان و ئاشکرانەبوونی راستییەکانە، ئەمەش قەبارەى گەورەیی ئەو تاوانانە دەردەخات، بەرامبەر خەڵکی ناوچەکە ئەنجامدراوە. بەگوێرەى نوێترین ئامارى روانگەی سووری، تاوەکو ئێستا کوژرانی هەزار و 614 هاوڵاتیی سڤیل بەهۆی رووداوەکانی ناوچە کەناراوییەکانەوە تۆمارکراوە، کە رۆژی 6ـی ئەم مانگە دەستیپێکرد و ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی دیکەش بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.

  فاینێنشاڵ تایمز ڕایگەیاندووە، بەهۆی دەستگیرکردنی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ، تورکیا کۆنترۆڵی بازاڕی وڵاتەکەی لەدەست داوە و ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری بووەتەوە. شەممە 22ـی ئاداری 2025، ڕۆژنامەی فاینێنشاڵ تایمزی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ و دابەزینی بەهای لیرە، بانکی ناوەندیی وڵاتەکە نزیکەی 12 ملیار دۆلاری بۆ پاڵپشتیکردنی لیرە خەرج کردووە. بە پێی ڕۆژنامەکە، وەبەرهێنەرانی تورکیا ترسیان لەوە هەیە کە ئاڵۆزییەکان لە وڵاتەکە درێژەی هەبێت و بەهای لیرە زیاتر دابەزێت، کە ئەمەش وادەکات زیانی دارایی زیاتر بکەن. بانکێکی تورکیا بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، کە بەرپرسانی وڵات کۆنتڕۆڵی بازاڕیان لەدەست داوە، هەر ئەمەش بووەتە هۆی نەمانی متمانەی وەبەرهێنەران. چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025، هێزێکی ئەمنیی تورکیا هەڵیکوتایه‌ سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ و دەستگیریان کرد. دەستگیرکردنیشی کاردانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە، هاووڵاتییان بۆ پشتگیریکردن لە ئیمامئۆغڵو ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندانێکی بەرفراوانیان کرد. پێنجشه‌ممه‌، 20ـی ئاداری 2025، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو له‌ تۆڕی (ئێكس) داوای له‌ هاووڵاتییانی توركیا كرد، بێده‌نگ نه‌بن و له‌ دژی ئه‌و "شه‌ڕ"ـه‌ی له‌ توركیا هه‌یه‌، ده‌نگ هه‌ڵبڕن. گوتووشیه‌تی، پرسی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی پرسێكی به‌ ته‌نیا پارته‌كه‌ی نییه‌، به‌ڵكوو په‌یوه‌ندیی به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی توركیاوه‌ هه‌یه‌.

پۆلیسی فەرەنسا رزگارکردنی 168 کۆچبەری نایاسایی راگەیاند کە بەنیازبوون لە کەناڵی ئینگلیزەوە بە بەلەمی بچووک خۆیان بگەیەننە بەریتانیا. پۆلیسی فەرەنسا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، چوار هەڵمەتی رزگارکردنی کۆچبەرانیان ئەنجامداوە و سیان لەو کۆچبەرانەش بە برینداری رەوانەی نەخۆشخانە کراون. بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و گونجاوی کەشوهەوا، هەوڵی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ گەیشتنیان بە وڵاتانی ئەوروپا زیادیکردووە، بەڵام هێشتا ئەنجامدانی کۆچ بە بەلەمی بچووک مەترسیدارە بەو پێیەی ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر لە بەلەمێکی بچووکدا هەوڵی تێپەڕین دەدەن. هەفتەی رابردووش، دوو کۆچبەر لەکاتی تێپەڕینیان بە کەناڵی ئینگلیز بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیانەوە گیانیانلەدەستدا، بەوەش ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لەمساڵدا لەو ناوچەیە گیانیانلەدەستداوە، گەیشتە هەشت کەس.

  ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە ئاشکرایدەکات، ڕۆژانى نەورۆزیش گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی لۆلان و گۆشینی هەرێمی خواکوڕک ٢ جار، گۆڕەپانەکانی دێڕەشێ و سیانی هەرێمی گارە ٥ جار، بەگشتی ١٤ جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانکراون. دەقى ڕاگەیەندراوەکە ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هەپەگە گوتی: "بە ڕێز و خۆشەویستییەوە سڵاو لە گەلی وڵاتپارێزمان دەکەین کە بە داخوازی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ گۆڕەپانەکانی نەورۆزیان پڕکرد و بە جۆشێکی مەزن نەورۆزیان پیرۆز کرد. بەو هێز و مۆراڵەی لە گەلەکەمانەوە وەرمانگرتووە، بەهێزتر درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین. بەرپرسانی دەوڵەتی تورک بەزارەکی باس لەوە دەکەن کە ئەم نەورۆزە وەک جەژنی بەهار و خوشک_برایەتی پیرۆز دەکەن. کەچی سوپای داگیرکەری تورک لە ڕۆژانی نەورۆزدا بێ وەستان چیاکانی کوردستانی بۆردوومان کرد.  بێگومان لەم هێرشانەدا، هێزەکانی گەریلامان ڕێکاری گونجاویان گرتەبەر و هیچ زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشت. بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد بەهار پیرۆز دەکات، ٧١٢ جار لە ئاسمان و زەوییەوە بۆردوومانی کرد و زیان بە سرووشتی جوان گەیشت". هەپەگە دەربارەی وردەکاری هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک بۆ سەر هێزەکانی گەریلا، ئەم زانیارییانەی بڵاوکردەوە. "هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورک" ٢٠ و ٢١ و ٢٢ ی ئادار، گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی لۆلان و گۆشینی هەرێمی خواکوڕک ٢ جار، گۆڕەپانەکانی دێڕەشێ و سیانی هەرێمی گارە ٥ جار، گۆڕەپانی بەرخۆدانی بێشیلی هەرێمی مەتینا ٣ جار، گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای بەهاری هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ ٤ جار؛ بەگشتی ١٤ جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانکراون. هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک بە چەکی قورس و تۆپ و هاوەن ٢٠ و ٢١ ی ئادار ، گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی سنین و لۆلان و بەری زینێی هەرێمی خواکوڕک ٨٥ جار، گۆڕەپانەکانی دێڕەشێ و گەرگەشێ و سپیندار و مژێ و گردی کون و زێڤکێ و گردی ڕەشید و گردی زەنگڵ و دەشتی کافێ و هەفتەباخی هەرێمی گارە ٣٨٠ جار، گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بێشیلی و شێلازێ و سەری مەتینای هەرێمی مەتینا ٨٩ جار، گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای بەهاری هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ ١٤٤ جار؛ بەگشتی ٦٩٨ جار بە چەکی قورس و تۆپ و هاوەن، تۆپباران کران".

  رۆژنامەی (الشرق الاوسط) بڵاویکردەوە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان ناوەڕۆکی پەیامێکی ئێرانیان بۆ سەرکردەی گروپە شیعەکان لە عێراق ئاشکرا کردووەو، لە پەیامەکەدا رێنمایی توندی تێدابوو بۆ ئەوەی ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکان تۆڕە نەکەن، هۆشداریشیدراوە لە هێرشكردنە سەر بەغداد هاوشێوەی ئەو هێرشانەی کە گروپی حوسییەکان لە یەمەن كردووەتە ئامانج. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە سەردانێکی ئەم دواییەیدا بۆ عێراق پەیامەکەى ئێرانی گەیاندووە. قائانی، هۆشداری داوە بە سەرکردەی گروپە چەكدارەكان، هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر حوسییەکان دەتوانێت بە خێرایی وەربگێڕێت بۆ بەغداد. قائانی، داوای گروپە چەكدارە عێراقیەكان كردووە، لەم قۆناغە هەستیارەدا خۆیان لە ئەنجامدانی هەر چالاکییەکی سەربازی بەدوور بگرن، جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی گرتنەبەری رێوشوێنی زیاتر بۆ راگرتن یان کەمکردنەوەی دیاردەی چەکداری. فەرماندەیەکی گروپە چەكدارەكانی شیعە رایانگەیاندووە، قائانی رێنمایی توندی سەرکردایەتی ئێرانی گەیاندووەو، داوا دەکات لایەنە عێراقیەکان خۆیان بەدوور بگرن لە هەموو جۆرە ئیستفزازییەک دژ بە ئەمریکیەکان یان ئیسرائیلیەکان، كە رەنگە پریشکێک ببێتە هۆی كردنەوەی بەرەیەک لە دژی عێراق. لە پێشهاتێکی هاوشێوەدا، سەرچاوەکان ئاشكرایانكردووە، گروپی حوسییەکانی یەمەن بارەگایەکی ستراتیجییان لە گەڕەکێکی ناوەڕاستی بەغداد، لە نزیک ناوچەی سەوز چۆڵ کردووە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو پێگەیە سەرپەرشتی چالاکییە بازرگانی و میدیاییەکانی لە بەغداد کردووە، كە لە دوای هێرشەكەی تۆفانی ئەقساوە چالاكییەكانی زیادی کردووە. لەگەڵ زیادبونی فشارە نێودەوڵەتییەکان و دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر حوسییەکان، گروپەکە بارەگاکانی بەغدادی داخستووە، لەسەر داوای گروپێكی شیعە، ئەو گروپە وەڵامی داواکارییەكەی داوەتەوەو بارەگاکەیان چۆڵکردووە، دوای ئەوەی دڵنیابون لەوەی کۆدەنگی شیعەکان هەیە بۆ راگرتنی هەر چالاکییەکی ئیستفزازی. سەرچاوەکان باسیان لەوەشكردووە، رەنگە  حوسییەکان دوو بارەگای دیکەیان لە بەغدادو شارێکی دیکەی باشوری عێراق دابخەن، ئەوەش دوای زیادبونی فشارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی.

  ئەندامێکی شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کاتی وردبینیی لیستی مووچەی مانگی سێ لە وەزارەتى دارایی عێراق، تائێستا هیچ کێشەیەک دروست نەبووە. دەڵێت، فەرمانبەرانی بەشی ژمێریاریی دارایی عێراق، دوێنێ هەینى دەوامیان کردووە، بۆئەوەى وردبینیی لیستەکە تەواو بکەن، ئێمەش هەر لە بەغدادین هەر پرسیارێکیان لەسەر لیستەکە هەبووبێت بەزووى وەڵاممانداوەنەتەوە، هەرچەندە پرسیاریان کەمە و ئەم مانگە کەمترین تێبینییان لەسەر لیستەکە هەیە. بەگوتەى ئەو ئەندامەی شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی، وردبینییەکە بەخێرایی دەکرێت و دەڵێت، ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت لە دوو رۆژى داهاتوودا کارەکانی وردبینیی لیستەکە بە پێداچوونەوەی تەیف سامی، وەزیری داراییشەوە تەواودەکرێت. پێشتر بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى دارایی دەڵێت، چاوەڕوانین رۆژى سێشەممە یان چوارشەممە بەغداد مووچە بنێرێت، ئەو ئەندامى شاندى داراییش لە بەغداد هەمان چاوەڕوانی هەیە و دەڵێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە دوو رۆژەدا تەمویلی مووچەی مانگی سێ دەکرێت. لە رۆژى چوارشەممەوە شاندى تەکنیکى لە بەغدادن و لیستى مووچەیان داوە بە وەزارەتى دارایی، وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بەنیازە پێش جەژنى رەمەزان مووچە دابەش بکات، ئەگەر ئەم هەفتەیە بەغداد بینێرێت.

  نووسینگەی وەزیری بەرگری ئەمریکا، پیت هێگسێت رایگەیاند، داوای هاوکارییان لە هەواڵگری سەربازی کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە دزەپێکردنی زانیارییە نهێنییەکان لە ناوخۆی پینتاگۆنەوە. وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئەمڕۆ شەممە لە بەیاننامەیەکدا ئاشكرای كرد، زانیاری هەستیاری پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی ئاشکرا کراون، لەوانە پەیوەندییە نهێنییەکان، ئەمەش پێویستی بە لێکۆڵینەوەی خێرا و ورد هەبووە. نووسینگەی وەزیر داوای لە بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی کردووە، بە پەلە بەدواداچوون بۆ ئەو دزەپێکردنانە بكات. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان راپۆرتێکی تۆکمە بۆ وەزیری بەرگری ئامادە دەکرێت، کە وردەکاری تەواو لەبارەی ئەو دزەپێکردنانە و چۆنیەتی روودانی لەخۆ دەگرێت. پێشتر ئیلۆن مەسک خاوەنی كۆمپانیای سپەیس ئێكس، كە ئێستا لە سەرۆكی ئەمریكا زۆر نزیكە، هەڕەشەی لە کارمەندانی پینتاگۆن کردبوو، کە رەنگە لە پشت دزەپێکردنی زانیارییەکانەوە بن و رایگەیاندبوو، بڕیارە زانیارییەکی کورت لەبارەی ئەگەری شەڕی نێوان ئەمریکا و چین وەربگرێت. ئێوارەی پێنجشەممەی رابردوو رۆژنامەی نیویۆرک تایمز هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، چەند بەرپرسێكی ئەمریکی، کە ناوی ئاشكرا نەكراوە، پشتڕاستیان کردووەتەوە کە پینتاگۆن بەنیازە رۆژی هەینی سەبارەت بە پلانەکانی سوپای ئەمریکا بۆ ئەگەری هەر شەڕێك دژی چین، زانیاری بە ئیلۆن مەسك بدات. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، بەرپرسانی پینتاگۆن و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستیان کردەوە کە کۆبوونەوەی پلان بۆ داڕێژراو ئەنجام دەدرێت، بەڵام رەتیانکردەوە گفتوگۆکان پەیوەندی بە پلانی سەربازیی پەیوەست بە چین هەبێت. ترامپ لەسەر پلاتفۆرمی خۆی، “تروس سۆشیال ” نووسیویەتی: “هەواڵی ساختە گەڕاوەتەوە، ئەمجارەیان لە نیویۆرک تایمزی فزوڵییەوە، ئەوان بە هەڵە نووسیویانە ئیلۆن مەسک سەردانی پینتاگۆن دەکات بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەیەکی کورت لەسەر “ئەگەری جەنگ لەگەڵ چین”. ترەمپ دەڵێت، “ئەم قسە بێمانایە چییە؟ تەنانەت ناوی چین نەهاتووە و باسیشی نەكراوە، ناشیرینییەکان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی میدیاکان متمانەی خۆیان لەدەست بدەن بەو جۆرە درۆیانە، بەهەرحاڵ، ئەم چیرۆکە درۆیەکی تەواوە”. راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز کە کۆشکی سپی توڕە کرد، ئاماژەی بەوەبوو، کە كارێكی لەو شێوەیە لەلایەن پینتاگۆنەوە رۆڵی بەرفراوانی ماسک فراوانتر دەکات، هەروەها تیشک دەخاتە سەر پرسیارەکان سەبارەت بە ئەگەری دژبەیەكی سەرچاوەکان، بە تایبەتی کە ماسک قووڵتر دەچێتە ناو بیرۆکراسی حکومەتی فیدراڵی لە هەمان کاتدا بەردەوامە لە بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکانی وەک سپەیس ئێکس کە بەڵێندەرێکی گەورەیە بۆ حکومەت، جگە لەوەی بازرگانی لە چین دەکات.

  بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ شەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت هەندێکجار دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور، لەگەڵ بارینى نمە باران بە تایبەتى لە ناوچە شاخاوییەکانى باکورى هەرێم و بارینی بەفرێکى کەم لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکان . ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمڕۆ پلەكانی گەرما، نزیك دەبن لە تۆماركراوەكانی دوێنێ. ئەوەشی خستۆتەڕو، سبەی یەكشەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ دروستبونی هەندێك پەڵە هەور و پلەكانی گەرماش 1 تا 2 پلە بەرزتر دەبن لە چاو تۆماكراوەكانی ئەمڕۆ. كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم جۆرە بن: ھەولێر: 19، سلێمانی: 17، دھۆک: 17، کەرکوک: 22، ھەڵەبجە: 16، زاخۆ: 18، حاجی ئۆمەران: 7، سۆران: 15، گەرمیان: 22 پلە.

رۆژنامەی "زەمان"ی توركی بڵاویكردووەتەوە، بۆ چوارەمین رۆژ لەسەریەک، هاوڵاتیانی تورکیا لە راپەڕین بەردەوامن، لە دژی بڕیارەکەی حکومەت بۆ دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ، لە شارو ناوچە جیاوازەكانی ئەو وڵاتە. ئەستەنبوڵ لە چوارەمین رۆژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ و کاندیدی گریمانەکراوی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، سەدان هەزار هاوڵاتی سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، لە گۆڕەپانی ساراچانی ئەستەنبوڵ کۆبونەوە. ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) لە وتارێكدا رایگەیاند، ئەگەر سبەی بێزارمان بکەن، ئەوا لە تەقسیم دەبین. بەوتەی سەرچاوەكە لەكاتی قسەكانی ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی جەهەپە لە ساراچان، هێزەكانی پۆلیس، غازی بیبەریان دژی خۆپیشاندەران بەکارهێناوە. ئەنكەرە لە ناو زانکۆی هاجیتیبی، خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو. خوێندکاران لە بەیاننامە رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: هێرشێکی هەمەلایەنە هەیە بۆ سەر بنەما دیموکراسیەکان، تورکیا لە مەترسی نغرۆبوندایە لە تاریكی، لەسایەی بە كەسیكردنی دەسەڵاتی دەوڵەت، کە یاسا و كاری دەستوری بۆ هەڵبژاردن هەڵوەشاندووەتەوە. ئیزمیر پۆلیس غازی بیبەری رشاندووە بە خوێندکارانی زانکۆی (٩)ئەیلول، کە ناڕەزایەتیان دەربڕیووە بەرامبەر دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئەستەنبوڵ، دوای ئەوەی بڕوانامەی زانكۆكەی لەلایەن دادگاوە هەڵوەشێندرایەوە،  لە کاتی پەلامارەكانی پۆلیس خوێندکارێک بریندار بووە و (10)خوێندکار دەستگیرکراون. ئێلازیگ سەدان کەس لە دانیشتوانی ئێلازیگ لەسەر بانگهێشتی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) لە باڵەخانەی پارێزگاکە کۆبوونەوە، ئۆنور ئۆزکان، سەرۆکی (جەهەپە) لە پارێزگاكە رایگەیاندووە، ئەم خەباتە تەنها خەباتی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو و جەهەپە نییە، ئەم خەباتە خەباتێکە بۆ پاراستنی ئایندەی (٨٦)ملیۆن کەس، ئەمڕۆ ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، جەهەپە و نەتەوە گەورەکەمان کە بە توندی و خۆڕاگرانە دژی ئەو كودەتایە وەستاون. ریز لە شاری ریزە، دەیان هاوڵاتی لە شەقامی ئەتاتورک لە قەزای ئەردەسن کۆبونەوەو ڕێپێوانێکیان بۆ پشتیوانی لە ئیمام ئۆغڵو رێکخست. کۆجایلی خوێندکارانی زانکۆی کۆجایلی بە وتنەوەی دروشم لەسەر شەقامەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بڕیاری دەستگیرکردنەكە. خوێندکاران و ئەندامانی (جەهەپە) و پارتی کرێکارانی تورکیا لەسەر شەقامەکە کۆبونەوە، خۆپیشاندەران ویستبویان بە پێ بچنە گۆڕەپانی شارەکە کە نزیکەی کیلۆمەترێک دوورە، بەڵام پۆلیس ڕێگەی بە ڕێپێوانەکە نەداو، خۆپیشاندەران هەوڵی شكاندنی بەربەستی پۆلیسیان دا، لەبەرامبەردا هێزەکانی پۆلیس بە سپرای گازی بیبەر هێرشیان كردە سەر خۆپیشاندەران و (١٤) کەس دەستگیرکران. دەنیزلی خوێندکارانی زانکۆی باموکالی ویستیویانە رێپێوانێک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو ئەنجام بدەن، پۆلیس رێگری لە رێپێوانەکە کردووەو ژمارەیەك لە خوێندکاریان دەستگیرکراون، دوای ئەوەی بە گازی بیبەر هێرشیان كراوەتە سەر. بۆرسا هەزاران کەس لە شاری بۆرسا لە گۆڕەپانی فۆماراوە تا گۆڕەپانی شار خۆپیشاندانیان کردووە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەی حکومەتی تاک کەسی وردە وردە دەسەڵات لەدەست دەدات، فشارەکانی زیاد دەکات، لێکۆڵینەوەکان لە دژی سیاسەتمەدارە هەڵبژێردراوەکانی جەماوەر و رۆژنامەنوسانی ئۆپۆزسیۆن و هەر کەسێک دەکاتەوە کە بیرکردنەوەی جیاواز هەبێت، یاسا وەك گۆپاڵێك بەکاردەهێنرێت و هەموو دەنگە ناڕازییەکان سەرکوت دەکات. قۆنیا دانیشتوانی شاری قۆنیا دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ، خۆپیشاندانیان رێكخست دروشمی "ماف، یاسا، دادپەروەری و دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت"یان بەرزکردەوە. قارس لە میانی گردبونەوەیەکی پشتیوانیدا کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی  قارسی جەهەپە ڕێکخرا، پۆلیس سێ كەسی دەستبەسەرکرد، کە دەیانویست پۆستەرێکی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو لە قەڵای قارس هەڵبواسن. شانلی ئورفا لە ناوچەی شانلی ئورفا، پارتی گەلی کۆماری رێپێوانێکی بۆ پشتیوانی لە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی دەستبەسەرکراوی ئیستەنبوڵی رێکخست، هاوكات لەناوچەكانی تۆکات، سینۆپ، ئەنقەرە، کرەمان، قەیسەری، غازی عەنتاب، سامسون، کرشەهیر و یۆزگات خۆپیشاندانیان بەڕێوەچوو.  

  بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی کۆڵبەرنیوز، لە ماوەی ساڵێکدا 183 کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و برینداربوون. کۆڵبەرنیوز ئاماژەی بەوەکردووە، زۆرینەی قوربانییەکان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کراونەتە ئامانج، لە کۆی 183 حاڵەت، 52 کۆڵبەر کوژراون و 131 کۆڵبەریش برینداربوون. هەروەها 78%ی حاڵەتەکان بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانەوە بووە، 11 مێردمنداڵی کۆڵبەریش لەنێو قوربانییەکاندا هەبوون. ئامارەکانی کوژرانی کۆڵبەران بە بەراورد بە ساڵی پێشووتر، 18% زیادیکردووە. زۆرترین حاڵەتەکان لە پارێزگاکانی سنه، کرماشان و ورمێ تۆمارکراون، شارەکانی بانە، مەریوان و سەردەشت لەڕووی ژمارەی قوربانییەکانەوە لە پلەی پێشەوەدان. کۆڵبەرنیوز ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پێنج ساڵی رابردوودا بە گشتی هەزار و 314 کۆڵبەر کوژراون و برینداربوون، کە زۆرینەیان بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە بووە.

  بەگوێرەی میدیا جیهانییەکان، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا، داوای لە هاوتا ڕووسەکەی، ڤلادیمێر پوتین کردووە، بەشار ئەسەد ڕادەست بکەنەوە تاوەکوو بەفەرمی دادگایی بکەن. دۆسیەی ڕادەستکردنەوەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕژێمی پیشووی سووریا، مەرجێکی بنەڕەتیی حکوومەتی کاتیی سووریایە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانان لەگەڵ ڕووسیا، سەرەڕای ئەو پەیامە ئەرێییانەی بەرپرسانی ئیدارەی نوێ سەبارەت بەم بابەتە بڵاویان کردۆتەوە. هەندێک لە ڕاپۆرتەکان ڕەتی ناکەنەوە کە دۆسیەی ڕادەستکردنەوەی "ئەسەد" بەشێکە لە ڕێککەوتنی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی نێوان دیمەشق و ڕووسیا،  هەروەها ڕەنگە پێدانی قەرەبووی گەلی سووریاش لە ڕێککەوتنەکەدا هەبێت، ئەمەش دەتوانێت داهاتووی ڕووسیا لە سووریا دیاری بکات. ئەحمەد شەرع، لەیەکەم پەیوەندی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتیندا، پەیوەندی ستراتیجی نێوانیان دووپات کردەوە. بەیانی ڕۆژی 8-12-2024 ئۆپۆزسیۆنی سوریا گەیشتە دیمەشقی پایتەخت و شەڕی 13 ساڵەی نێوان سوپای سوریا و ئەسەد بە كەوتنی حوكمی بەعسی سوریا پاش نزیكەی 54 ساڵ كۆتایی هات، ئەسەدیش بە فڕۆكەیەك هەڵات  بەرەو ڕوسیا. سەرۆکی هەڵهاتووی سووریا لە 11 ئەیلوولی 1965 لە شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا لەدایک بووە، لە ساڵی 2000 و لە تەمەنی 35 ساڵی چووە شوێنی باوکی و بووە سەرۆکی سووریا.  لە شەڕی سوریا زیاتر لە 12 ملیۆن كەس ئاوارەبوون، جگە لە گیانلەدەستدانی زیاتر لە نیو ملیۆن كەس، سەدان چیرۆكی ئەشكەنجە و زیندان و كوشتن لەدوای ئەسەد بەجێمان.

  ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق رۆژى دووشەممە کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەى یەکەم بۆ پرۆژەیاساى دەستەى حەشدى شەعبى دەکات. بەگوێرەى کارنامەى دانیشتنەکە، رۆژى دووشەممە 24ـى ئازارى 2025، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق گفتوگۆ لەسەر حەوت بڕگە دەکرێت. لە بڕگەی چوارەمدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاساى هەموارى دەستەى حەشدى شەعبی دەکرێت، کە تایبەتە بە خزمەت و خانەنشینیى ئەندامانی دەستەى هێزەکانی حەشدی شەعبى، کە لایەنە شیعەکان پێداگیرییان دەکرد بخرێتە بەرنامەى کارەوە. فراکسیۆنە شیعەکان بە تایبەتی دەوڵەتی یاسا و سادیقون بەهۆی ئەوەی لەماوەی رابردوودا پرۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی نەخرابووە کارنامەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنەکەوە، بایکۆتی دانیشتنەکانیان کردبوو، بەوهۆیەشەوە ئەنجوومەنی نوێنەران ماوەی مانگێکە نەیتوانیوە رێژەى یاسایی ئامادەبوون تەواو بکات. هەر بەگوێرەی کارنامەکەی رۆژی دووشەممە، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی یاسای لێخۆشبوون لە هەڵگرتنی پاسپۆرتی دیپلۆماسی و خزمەتگوزاری لە نێوان حکومەتی عێراق و قوبرس دەکات.

  نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا ناوەڕۆکی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێران ئاشکرا دەکات کە زیاتر لە دوو هەفتەیە گەیشتوەتە تاران و چاوەڕوانی وەڵامن. ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی ئەو نامەیەی ئاشکرا کرد کە ماوەیەک لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ بە دیپلۆماتکارێکی ئیماراتدا ئاڕاستەی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێرانی کرد، رایگەیاند: سەرۆک ترەمپ پەیامی ئاشتی ئاڕاستەی تاران کردووە و جەختی کردوەتەوە کە نایەوێت پەنا بباتە بەر رێگای سەربازیی. ویتکۆف رایگەیاندووە: سەرۆکی ئەمەریکا جەنگی ناوێت و نایەوێت پەنا بباتە بەر رێگەچارەی سەربازی بۆ وەستاندنی شەڕەکان، ئەوە تاکە هۆکارە کە ئەو رێگەیەی گرتوەتەبەر، سەبارەت بە دۆسیەی ئێران و چەکە ئەتۆمییەکەی، نایەوێت پەنا بباتە بەر ئەو رێگەیە، دەوێت لەسەر مێزی دانوستان کێشەکان چارەس بکات. نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا ناوەڕۆکی بەشێکی دیکەی نامەکەی ئاشکرا کردووە و ترەمپ بۆ بەرپرسانی تارانی نوسیووە :"من سەرۆکی ئاشتیم، نامەیەوێت پەناببەمە بەر چارەسەری سەربازی، پێویستە دانوستان بکەین، تێگەیشتنە هەڵەکان راست بکەینەوە، چاودێریی و وردبینی بکەین، بۆ ئەوەی هیچ لایەنێک دوو دڵ نەبێت لە چەکی ئەتۆمی". عەلى خامنەیی رابەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە وتاری نوێژی هەینیدا پەیامێکى توندى ئاڕاستەى ئەمەریکا کرد و هەڕەشەى گورزى کوشندەى کرد ئەگەر بێت و هێرشبکاتە سەر وڵاتەکەى. جەختی کردەوە، گروپە چەکدارەکانى ناوچەکە سەربەخۆن، ئەوەش لە وەڵامێکدا بۆ بەرپرسانى ئەمەریکا کە دەڵێن گروپەکان سەر بە ئێرانن و لەلایەن ئەو وڵاتەوە ئاڕاستەدەکرێن، کە زۆرجار هێرشدەکەنە سەر سەرباز و بەرژەوەندییەکانى ئەمەریکا. عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی (20ـی ئاداری 2025) لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: نامەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێران هەلی پێشنیاز كردووە، بەڵام زیاتر نزیكە لە هەڕەشەوە، ئێران ئێستا سەرقاڵی تاوتوێكردنی نامەكەیە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەڵامی دەداتەوە.