تەحسین حمێداوی، یاریدەدەری جیهادیی "سەرایای سەلام" باڵی سەربازی رەوتی سەدر رایگەیاند، رێنمایی لە موقتەدا سەدر، رابەری رەوتەكەوە بۆ سەرایا هاتووە، لەوانە هەڵنەگرتنی چەک لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و گەڕانەوە بۆ مەرجەعە ئاینی و داناكان، ئەگەر عێراق توشی دوژمنكاری دەرەکی بوو. حمێداوی، ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەشداوە، لە نێو ئەو رێنماییانەدا داوای وازهێنان لە لێدوانی تائیفی كردووە، چونکە لێکەوتەی ترسناکی دەبێت و زیان بە عێراق و گەلەکەی دەگەیەنێت. لە رێنماییەكانی سەدردا ئەوەش هاتووە، بەکارهێنان چەك و بەرزكردنەوەی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بە توندی قەدەغەیە، بەوپێیەی چارەنوسی نیشتمان و گەلەکەی لەلایەن تاک و گروپێکەوە دیاری ناکرێت. وتوشیەتی: ئەگەر عێراق تووشی دوژمنكاری بوو، پێویستە بگەڕێنەوە بۆحەوزەو مەرجەعەكان و داناکان، نەگەڕێنەوە بۆ لای  گەندەڵکاران و ستەمکاران. رێنمایانەی سەدر لە کاتێکدایە، گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە سەریهەڵداوەتەوە، بەتایبەت دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی سەربازیی ئەمریکا لە دژی حوسییەکان لە یەمەن، هەروەها کۆتایی هێنان بە ئاگربەستی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و دەستپێکردنەوەی بۆردومانی قورسی کەرتی غەززە. میدیا رۆژئاواییەکان لەم دواییانەدا هۆشدارییان دا لە تەشەنەسەندنی ململانێکانی ناوچەکە بۆ عێراق، بەتایبەتی دوای هۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێران سەبارەت بە پشتیوانیکردنی لە حوسییەکان.

  بڕیارە ئەمرۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بكات و سێ بڕگە تاووتوێ دەكات. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆ چوارشەممەى ئەنجومەنى وەزیران باس لە سێ تەوەر دەکرێت. لە بڕگەی یەكەمدا، پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ درێژكردنەوەی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە داشكاندنی ڕێژەی (20%)ی سەرپێچیی هاتوچۆ بۆ ماوەی 6 مانگی دیكە (لە 2025/1/1 تا 2025/6/30) تاووتوێ دەكرێ. لە بڕگەی دووەمدا یەكلاییكردنەوەی كێشەی دامەزراوان لەسەر میلاكی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم بە هەمیشەیی و گرێبەست، كە لە ڕێكەوتی 2024/7/1 ـەوە مووچەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری بەهۆی جێگیرنەبوونی میلاكی مانگی تەمووز لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە بۆ نەبەستراوە، تاووتوێ دەكرێ. لە بڕگەی سێیەمدا بابەتی دەرچوانی ساڵی 2024 ی كۆلێژی پزیشكیی گشتیی زانكۆ حكومییەكان بە گوێرەی پێشنیارە هاتووەكان لە نووسراوی وەزارەتی تەندروستی بە ژمارە (30689) لە 2025/12/5 تاووتوێ دەكرێ.

  هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایدەگەیەنێت، دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکۆنە دەکەین و داوا دەکەین دەستبەجێ ئازاد بکرێت، ئەوەى ڕویداوە بێهیواکردنى خەڵکى تورکیایە لەئاشتى و دیموکراسى. ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ و کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی خولی داهاتووی سەۆکایەتى تورکیا بەرەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە دەستبەسەرکرا، ئەوەش دواى رۆژێک لە هەڵوەشاندنەوەى بڕوانامەکەى لەلایەن زانکۆى ئیستەنبوڵەوە. هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایانگەیاند، دەستبەسەرکردنی ئەکرم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ ئیدانە دەکەین و پێویستە دەستبەجێ ئازاد بکرێت. تولای حاتیمئۆغڵولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە پۆستەکەیدا رایگەیاندووە، دەستبەسەرکردنى سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ کە گەورەترین پارێزگای ئەم وڵاتەیە، رووداوێکی شەرمەزارییە کە سەدان ساڵ لەبیرناکرێت. هاوکات ئەوەشدەخاتەڕوو دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو تۆڵەسەندنەوەیە لە شکستی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان. تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس راشیگەیاند، ئۆپراسیۆنی دەستبەسەراگرتنى سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئیستانبوڵ هێرشێکی روونە بۆ سەر دیموکراسی و ئیرادەی گەل. بەکرهان دەشڵێت، ئێمە وەک دەم پارتی، بەردەوام دەبین لە دژی هەموو جۆرە فشارێک لەسەر سیاسەتی دیموکراسیی و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە دەستبەسەرکراون.

  بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ئاسایش چووە سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و دەستگیری کرد. بڕیاری دەستگیرکردن بۆ زیاتر لە 100 کەسی دیکەش دەرچوو. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا موراد ئۆنگون، راوێژکاری میدیایی ئیمامئۆغڵو بە مەبەستی وەرگرتنی گوتە، دەستگیرکراوە.   هاوکات گەڕان و پشکنین و هەڵکوتانە سەر زیاتر لە 100 ناونیشان بەردەوامە و بڕیاری دەستگیرکردن بۆ زیاتر لە 100 کەس دەرکراوە. دەستگیرکراوان دەگوازرێنەوە بارەگای ئاسایش و گوتەیان لێ وەردەگیرێت.   بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیای تورکیادا بڵاوکراونەتەوە، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر ژمارەیەک تەندەری پەیوەندیدار بە میدیایە و داواکاری گشتی لە راپۆرتەکەیدا باسی گەندەڵی و هاوبەشیی نێوان جەهەپە و پەکەکەی کردووە.   هاوکات سازانی شارەکان یەکێک لەو بابەتانەیە کە داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بڕیاری لێکۆڵینەوە، پشکنین و دەستگیرکردنی لەسەر داوە.   ئەمە لەکاتێکدایە سازانی شارەکان تاکتیکی تایبەت بە هەڵبژاردن بوو و یەکێک لەو رێککەوتنانە بوو کە جەهەپە لەگەڵ دەم پارتی لەسەری رێککەوتبوون و لە هەندێک شوێندا هاوئاهەنگییان لە نێوان دەنگدەرانیان دروستکردبوو.   میدیای نزیک لە دەسەڵاتیش ئاماژە بە بوونی گەندەڵی دەکەن و رەتی دەکەنەوە پەیوەندیی بە سازانی شارەکانەوە هەبێت.

لە چوارچێوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیدا، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان پەیامێکی بۆ گەلی ئێزیدی نارد، ئەمە دەقەکەیەتی: مێژووی گەلی ئێزدیمان مێژوویەکە کە بووەتە شایەتی کۆمەڵکوژی، ئاوارەیی، زوڵم و ئازاری گەورە. واتە بەو قۆناغ و تاقیکردنەوانەدا تێپەڕیوە. ئێزدیەتی یەکێکە لە باوەڕە هەرە کۆنەکان و کۆمەڵگا هەرە کۆنەکانی مێزۆپۆتامیا. بۆ پاراستنی کەلتوور، ناسنامە و بوونی خۆیان قوربانی گەورەیان داوە. تراژیدی و کۆمەڵکوژیی کە بەسەریاندا سەپێنراوە، نەک تەنها لە ویژدانی گەلەکەماندا، بەڵکو لە ویژدانی هاوبەشی مرۆڤایەتیشدا بە قووڵی جێگیر بووە. لە تەواوی مێژوودا ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، بە بەرگری کردن درێژەیان بە بوونی خۆیان داوە. لە سەدەی ڕابردوودا کۆمەڵکوژییەکان کە لە ئەنجامی هێرشەکانی خاوەن زهنییەتی دەوڵەتە نەتەوەییەکان ڕوویداوە لە ئاستی جینۆسایددا بوون. کۆمەڵکوژی شنگال لە ساڵی ٢٠١٤، بەردەوامی ئەو زهنییەتە بوو کە ئامانجی سڕینەوە و لەناوبردنی ئێزدییەکان بوو. بەڵام ئەمجارە گەلی ئێزدیمان بە زوویی گەیشتنە تێکۆشانی ئازادیی، خۆیان ڕێکخست و دەستیان بە بەرخۆدان کرد. بەم شێوەیە، بە بەرخۆدانێکی مێژوویی وەڵامی کۆمەڵکوژییەکانیان دایەوە. بەشداری ژنان لەم بەرخۆدانە زۆر بە واتایە. ئەوان کەوتوونەتە ئەو پڕۆسەیەی کە داهاتووی خۆیان بە دەستی خۆیان بونیاد دەنێن. داهاتووی گەلی ئێزدیمان بە هێز و ئیرادەی ئەوان لەسەر بنەمای کۆمەڵگای دیموکراتی کە پشت بە ئیرادەی دیموکراتی دەبەستێت شێوە دەگرێت و بەرجەستە دەبێت. پێویستە ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی وا پێکبهێنن کە بتوانن بە باوەڕی خۆیان بە شێوەیەکی ئازاد بژین. لەم قۆناغەدا کە ئێمە بیرمان دەکردەوە و پێی گەیشتین، دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتی بۆ پاراستنی هەبوونی مێژوویی و بەردەوامی پێدانی زۆر گرنگە. لەسەر بنەمای دیدگای کۆمەڵگای دیموکراتی، داهاتوویەکی یەکسان و ئازاد بۆ گەلان دەتوانرێت دروست بکرێت. پێویستە ئێزدییەکان لە خەباتی دیموکراتیزەبوون و دروستکردنی کۆمەڵگای دیموکراتی کە پشت بە ژیانێکی ئازاد و یەکسان دەبەستێت، ببنە هێزی چالاک و کارا. هیچ ڕوانگەیەک کە ئازادیی گەلی ئێزدیمان دان پێدا نەنێت و پشتگوێی بخات، نایاسایی و ناڕەوایە. پێویستە گەلی ئێزدیمان لە هەر شوێنێک هەبن بە خۆڕێکخستن داهاتووی خۆیان بخەنە ژێر پارێزگاری و ئاسایشی خۆیان مسۆگەر بکەن. تێکۆشان بۆ ژیانێکی ئازاد، یەکسان و دیموکراتی بەرپرسیارێتی هەموو گەلەکانمانە. بەم بۆنەیەوە، سڵاو لە تێکۆشانی گەلی ئێزدیمان دەکەم. دەمەوێت بڵێم؛ من لە هەموو بارودۆخێکدا پشتگیری لە تێکۆشانی ئەوان دەکەم. ئازادیی ئێزدییەکان و ئازادی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە یەکەوە بەستراونەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی وەڵامە بەرانبەر بە ٧٣ کۆمەڵکوژیی دژی ئێزدییەکان. ئەو پڕۆسەیەی کە دەستمان پێکردووە زۆرترین بوون و ئازادی بۆ ئێزدییەکان بەدیدێنێت. ئەم بانگەوازە ڕێنیسانسە و زۆرترین ڕێنیسانس دەبێت بۆ گەلی ئێزدیمان. ئەم پڕۆسەیە بە هەست و تێکۆشانی هاوبەش سەردەکەوێت. دووبارە سڵاوی بێ پایانی خۆم دەنێرم. ١٧/٣/ ٢٠٢٥ عەبدوڵا ئۆجالان

لە چوارچێوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیدا، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان پەیامێکی بۆ گەلی ئێزیدی نارد، ئەمە دەقەکەیەتی: مێژووی گەلی ئێزدیمان مێژوویەکە کە بووەتە شایەتی کۆمەڵکوژی، ئاوارەیی، زوڵم و ئازاری گەورە. واتە بەو قۆناغ و تاقیکردنەوانەدا تێپەڕیوە. ئێزدیەتی یەکێکە لە باوەڕە هەرە کۆنەکان و کۆمەڵگا هەرە کۆنەکانی مێزۆپۆتامیا. بۆ پاراستنی کەلتوور، ناسنامە و بوونی خۆیان قوربانی گەورەیان داوە. تراژیدی و کۆمەڵکوژیی کە بەسەریاندا سەپێنراوە، نەک تەنها لە ویژدانی گەلەکەماندا، بەڵکو لە ویژدانی هاوبەشی مرۆڤایەتیشدا بە قووڵی جێگیر بووە. لە تەواوی مێژوودا ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، بە بەرگری کردن درێژەیان بە بوونی خۆیان داوە. لە سەدەی ڕابردوودا کۆمەڵکوژییەکان کە لە ئەنجامی هێرشەکانی خاوەن زهنییەتی دەوڵەتە نەتەوەییەکان ڕوویداوە لە ئاستی جینۆسایددا بوون. کۆمەڵکوژی شنگال لە ساڵی ٢٠١٤، بەردەوامی ئەو زهنییەتە بوو کە ئامانجی سڕینەوە و لەناوبردنی ئێزدییەکان بوو. بەڵام ئەمجارە گەلی ئێزدیمان بە زوویی گەیشتنە تێکۆشانی ئازادیی، خۆیان ڕێکخست و دەستیان بە بەرخۆدان کرد. بەم شێوەیە، بە بەرخۆدانێکی مێژوویی وەڵامی کۆمەڵکوژییەکانیان دایەوە. بەشداری ژنان لەم بەرخۆدانە زۆر بە واتایە. ئەوان کەوتوونەتە ئەو پڕۆسەیەی کە داهاتووی خۆیان بە دەستی خۆیان بونیاد دەنێن. داهاتووی گەلی ئێزدیمان بە هێز و ئیرادەی ئەوان لەسەر بنەمای کۆمەڵگای دیموکراتی کە پشت بە ئیرادەی دیموکراتی دەبەستێت شێوە دەگرێت و بەرجەستە دەبێت. پێویستە ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی وا پێکبهێنن کە بتوانن بە باوەڕی خۆیان بە شێوەیەکی ئازاد بژین. لەم قۆناغەدا کە ئێمە بیرمان دەکردەوە و پێی گەیشتین، دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتی بۆ پاراستنی هەبوونی مێژوویی و بەردەوامی پێدانی زۆر گرنگە. لەسەر بنەمای دیدگای کۆمەڵگای دیموکراتی، داهاتوویەکی یەکسان و ئازاد بۆ گەلان دەتوانرێت دروست بکرێت. پێویستە ئێزدییەکان لە خەباتی دیموکراتیزەبوون و دروستکردنی کۆمەڵگای دیموکراتی کە پشت بە ژیانێکی ئازاد و یەکسان دەبەستێت، ببنە هێزی چالاک و کارا. هیچ ڕوانگەیەک کە ئازادیی گەلی ئێزدیمان دان پێدا نەنێت و پشتگوێی بخات، نایاسایی و ناڕەوایە. پێویستە گەلی ئێزدیمان لە هەر شوێنێک هەبن بە خۆڕێکخستن داهاتووی خۆیان بخەنە ژێر پارێزگاری و ئاسایشی خۆیان مسۆگەر بکەن. تێکۆشان بۆ ژیانێکی ئازاد، یەکسان و دیموکراتی بەرپرسیارێتی هەموو گەلەکانمانە. بەم بۆنەیەوە، سڵاو لە تێکۆشانی گەلی ئێزدیمان دەکەم. دەمەوێت بڵێم؛ من لە هەموو بارودۆخێکدا پشتگیری لە تێکۆشانی ئەوان دەکەم. ئازادیی ئێزدییەکان و ئازادی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە یەکەوە بەستراونەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی وەڵامە بەرانبەر بە ٧٣ کۆمەڵکوژیی دژی ئێزدییەکان. ئەو پڕۆسەیەی کە دەستمان پێکردووە زۆرترین بوون و ئازادی بۆ ئێزدییەکان بەدیدێنێت. ئەم بانگەوازە ڕێنیسانسە و زۆرترین ڕێنیسانس دەبێت بۆ گەلی ئێزدیمان. ئەم پڕۆسەیە بە هەست و تێکۆشانی هاوبەش سەردەکەوێت. دووبارە سڵاوی بێ پایانی خۆم دەنێرم. ١٧/٣/ ٢٠٢٥ عەبدوڵا ئۆجالان

شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە و دەڵێن، کۆبوونەوەکەیان "ئەرێنی" بوو. بەرپرسێکی یەکێتیش دەڵێت لە کۆبوونەوەی داهاتوودا باسی دابەشکردنی پۆستەکان دەکەین. کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ سێشەممە، 18-03-2025، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر کرا. دوای کۆبوونەوەکە، پارتی و یەکێتی راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، "گەیشتنە دواڕەشنووسی دیدگای هاوبەش بۆ قۆناخی داهاتوو کە دەبێتە ئامرازێک بۆ پێکهێنانی حکومەت و دامەزراوەکانی تر و باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان". شاندەکەی پارتی هۆشیار زێباری و یەکێتی قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتییان دەکرد. بەرپرسێکی یەکێتی کە ئاگاداری کۆبوونەوەکانە، ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ زۆر ئەرێنی بوو. لە قۆناخی کۆتایی نزیکین". دەشڵێت، "لە قۆناخی کۆتایی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکین و لە کۆبوونەوەی داهاتوودا باسی دابەشکردنی پۆستەکان دەکەین." رۆژی یەکشەممە، 16-3-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.  مەسرور بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی گوتی: "ئەمە دووجارە دوو کۆبوونەوەی زۆر ئەرێنی و باشمان کرد بۆ لێکنزیکبوون و تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی کە گرنگن بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکەمان بەشێوەیەکی گشتی". سەرۆکوەزیرانی باسی لەوەش کرد، "ئومێدەوارم تیمەکانیش بتوانن هەر بەو رووحیەتە بگەنە رێککەوتنێکی تەواو لەسەر پێکهێنانی حکومەت لە کاتێکی نزیکدا بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان دڵیان خۆش بێت بە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی نێوانمان". هاوکات، بافڵ تاڵەبانی لەبارەی کۆبوونەوەکە باسی لەوە کرد، "کۆبوونەوەکەمان زۆر زۆر باش بوو؛ لە سەر چەند شتی ستراتیژی کە بۆ میـلەتەکەمان باش بێت، رێککەوتین. گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن. ئامانجی هەردووکمان ئەوەیە بە زووترین کات حکومەتێک دروستبکەین بۆ خزمەتی گەلەکەمان".  مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، ئەو قسانەیان دوای کۆبوونەوەکەیان کرد و دواتر بە تەوقەیەکی گەرم ماڵئاواییان لە یەکدی کرد.

  ترەمپ و پوتین بە تەلەفۆن قسەیانکردوەو هەردوولا تاوتوێی ئاگربەستى جەنگی ڕوسیا - ئۆکراینیان کردووە پەیوەندییەکەیان زیاتر لە کاتژمێرێکى خایەند. کۆشکی سپی دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا و  ڤلادیمیر پووتین سەرۆکى ڕوسیا لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی بە کاتی ئەمریکا پەیوەندی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە،دان سکاڤینۆ یاریدەدەری دۆناڵد ترەمپ لەکۆشکی سپی دەڵێت پەیوەندیە تەلەفۆنیەکە بە باشی بەڕێوەچووە. بەوتەى یاریدەدەرەکەى زۆری گفتوگۆکانی ترەمپ و پوتین تایبەتن بە رێککەوتنى ئاگربەستی جەنگی روسیا-ئۆکراین بووە. ئەمەش دووەم جارە کە ناسراوە هەردوو سەرکردە قسە بکەن لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ پۆستەکەی لە مانگی یەکدا. سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە بەنیازە لەگەڵ پوتین تاوتوێی "زەوی"، "وێستگەی کارەبا" و "دابەشکردنی هەندێک سەروەت و سامان" بکات پوتین لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە کە بووەتە سەرۆکی ڕووسیا، لەگەڵ پێنج سەرۆکی دانیشتووی ئەمریکا کۆبووەتەوە.

  فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) باس لە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت، سوورن لەسەر سەرخستنی ئەو کۆبوونەوە و گفتوگۆیانە.  ڕۆژی سێشەممە، 18ی ئایاری 2025، پەیەدە و ئەنەکەسە لە رۆژئاوای کوردستان بە سەرپەرشتی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش، مەزڵووم عەبدی رایگەیاند، ئەوجۆرە کۆبوونەوانە بەردەوام دەبن.  فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیوویەتی: "ئەمڕۆ هەردوولایەنی کوردی پەیەدە و ئەنەکەسە بۆ دیاریکردنی نەخشەڕێیەکی هاوبەش و یەکخستنی ریزیی کورد لە قۆناخی هەنووکەییدا کۆبوونەوە. هەڵوێست و بۆچوونی هەردوولا جێگەی خۆشحاڵی بوو."   فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت: "ئەمە هەنگاوی یەکەمی زنجیرە کۆبوونەوەکان بوو بۆ دروستکردنی یەکڕیزیی کوردی. بۆ هەبوونی سووریایەکی فرەڕەنگ و دیموکراسی کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا مسۆگەر بێت، ئێمە لەسەر ئەوە سوورین کە ئەم دیالۆگە سەربخەین." پەیەدە باڵی سەربازیی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگەی هەیە کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هەسەدەیە. چاوەڕێ دەکرێت دوای ئەم کۆبوونەوەیە، کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا زیاتر بەرەو یەک گوتاری و نزیکبوونەوە لە یەکدی بچن تاوەکو هەڵوێستی کورد بەرامبەر دیمەشق یەکگرتووتر بێت. ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار کۆبوونەوەی پارتی یەکێتیی دیموکرات- پەیەدە و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا- ئەنەکەسە لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو. چاوەڕێ دەکرێت پاش ئەم کۆبوونەوەیە، کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا زیاتر بەرەو یەک گوتاری و نزیکبوونەوە لە یەکدی بچن، تاوەکو هەڵوێستی کورد بەرامبەر دیمەشق یەکگرتوو بێت.

  کوڕێکى خالیدى خولەسور، سەبارەت بەگرژى و ئاڵۆزیەکانى کافتریاکەى سلێمانى دەڵێت: ئەوەى ڕوویداوە بەهێندەی ئەوە گەورە نییە کە سۆشیال میدیای ئامانجدار گەورەی کردووە و هەرزوو نزیکبووینەوە لە چارەسەری بابەتەکە. دەشڵێت: هەر لە شەوی ڕووداوەکە کە کەسێک وەک تەقەکەر دەستنیشان کرابوو، ڕادەستی یاسا و لایەنە ئەمنییەکان کرا.  چەند شەوێک لەمەوبەر ژمارەیەک چەکدار بەجل و بەرگى سەربازیەوە چوونە سەر  کافتریایەک لە گەڕەکى چوارچراى سلێمانى و تەقەیانکردوەو گرژى و ئاڵۆزیان دروستکردوە. ئەوکەسەى کە تۆمەتبارى سەرەکى ڕوداوى تەقەکردنەکەیە زاناى خالیدى خولەسورەو دادگای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ سلێمانی‌ به‌پێی‌ ماده‌ی‌ 405ی‌ یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌، فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ بۆ ده‌ركردوە،  بەڵام ئەو کەسە سلێمانی بەجێهێشتووەو بەرەو هەولێر هەڵهاتووە. شاهۆ خالید سەرۆکى قەبیلەی غەوارەیەو براگەورەى زانایە، رونکردنەوەیەکى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا دەڵێت: ئەوەی ڕوویداوە بەهیچ شێوەیەک کارێکی پلان بۆ دانراو نەبووە و پێشینەی نەبووە،  نە من و نە هیچ کەسێکی تر لە براکانم و خانەوادەکەم ئاگاداری نەبووین، بەڵکو هەڵچوونێکی کتوپڕی نێوان دوو کەس بووە. لەبەشێکى دیکەى ڕونکردنەوەکەیدا دەڵێت: هەرچەندە لەم جۆرە شەڕ و دەمەقاڵەیانە ڕۆژانە لە شارەکانی کوردستان ڕوودەدات، کە ئێمە خوازیارین ڕوونەدات، بەڵام هیچیان بەقەد کێشەیەکی بچووکی ئێمە گەورە ناکرێت. هەروەها شاهۆى خالیدى خولەسور ئەوەش دەخاتەڕوو ئێستا یەکلاییکردنەوەی ئەو دەمەقاڵەیەی ڕوویداوە لای یاسایە، ئێمەش بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی لە یاسا دەکەین و تاوەکو ئەوپەڕی هاوکار دەبین، هەر لە شەوی ڕووداوەکە کە کەسێک وەک تەقەکەر دەستنیشان کرابوو، ڕادەستی یاسا و لایەنە ئەمنییەکان کرا. بەپێى زانیاریەکانى پەیامنێرى هاوڵاتى شەوى رابردوو هێزێکى ئەمنی چونەتە سەر ماڵى  زانای خالیدی خولە سوور، تۆمەتیارى سەرەکى ڕوداوى تەقەکردنەکەى سەر کافتریاکەى سلێمانیە، بەڵام ئەو کەسە سلێمانی بەجێهێشتووەو بەرەو هەولێر هەڵهاتووە. لەدواى ڕوداوەکە هێزە ئەمنیەکان بەوردى چاودێرى ماڵ و باخ و چەند شوێنێکیانکردوە، کە گومانیان هەبووە لەوشوێنانە بمێنێتەوە، بەڵام دواتر دەرکەوتوە لەسلێمانى نەماوەو  دەستبەسەر باخ و شوقەکانیدا گیراوە. هەر لەسەر ئەو ڕوداوە دگای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ سلێمانی‌ به‌پێی‌ ماده‌ی‌ 405ی‌ یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌، فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ بۆ زانا خالید خوله‌سور كه‌ پیشه‌ی‌ ئه‌فسه‌ره‌، ده‌ركرد.

  هەوڵەکانی عێراق بۆ جێگرتنەوەی غازی ئێرانی بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی 60 ڕۆژدا گرێبەستێک بۆ هاوردەکردنی غازی جەزائیر بۆ عێراق ڕابگەیەنرێت. بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەک کە قسەیان بۆ ماڵپەڕی "الطاقة" کردووە، گرێبەستەکە لە ماوەی دوو مانگدا ڕادەگەیەنرێت و کاتێکیش کە عێراق ژێرخانی بۆ هاوردەکردن تەواو دەکات، دەست بە هەناردەکردنی دەکرێت.   دوای بڕیاری ئیدارەی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە لێخۆشبوونی هاوردەکردنی وزە لە ئێرانەوە، عێراق هەوڵدەدات پێش هاتنی وەرزی گەرما سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین بکات و گازی شل یەکێکە لە چارەسەرەکان. ئەم بابەتەش بەندە بە تەواوبوونی ئامادەکارییەکانی ژێرخانی ئابووری چ لە بەندەری خور زوبەیر یان بەندەری فاو. بەگوێرەی سەرچاوەکە، عێراق ئێستا کار لەسەر ئامادەکردنی ژێرخانی بەندەری خور زوبەیر لە پارێزگای بەسره دەکات، بەمەبەستی هاوردەکردنی گازی شل کە ڕەنگە 3 بۆ 5 مانگ بخایەنێت. بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، گرێبەستی گازی شلکراوی جەزائیر لەگەڵ عێراق پاڵپشتی کەرتی کارەبای بەغدا دەکات لە هاوینی 2025 یان لە سەرەتای زستاندا.

  بەپێی ئامارەکانی دادگاکانی بەرامبەر چوار حاڵەتی هاوسەرگیریی حاڵەتێکی جیابونەوە تۆمارکراوە، بەراورد بە 2023 لە هەولێر جیابوونەوە کەمی کردووە و هاوسەرگیری زیادی کردووە، بەڵام لە سلێمانی جیابوونەوە زیادی کردووە و هاوسەگیریش کەمی کردووە. بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و گەرمیان بەم شێوەیەیە کە لە هەولێر زیادی کردووە و لە سلێمانی کەمی کردووە؛ هەولێر: 17591 بەراورد بە 2023 زیادی کردووە سلێمانی: 18522 بەراورد بە 2024 کەمی کردووە دهۆک: 12199 بەراورد بە 2023 کەمی کردووە گەرمیان: 2706 بەراورد بە 2023 زیادی کردووە. سەبارەت بە ئامارەکانی 2024، جیابوونەوە رێژەی24.27%ـی حاڵەتەکانی هاوسەرگیریی پێکدەهێنێت و زۆرترین جیابونەوەش لەدادگاکانی سلێمانی تۆمارکراوە و گەرمیان کەمترین جیابوونەوەی تێدا بووە، بەپێی دەستەی دادوەری هەرێمی کوردستان ئامارەکان بەم شێوەیەیە: هەولێر: 3878 حاڵەتی جیابونەوە سلێمانی: 5745 حاڵەتی جیابونەوە دهۆک: 2033 حاڵەتی جیابونەوە گەرمیان: 728 حاڵەتی جیابونەوە. لە هەولێر زۆرترین ئاماری رێپێدان هەبووە بۆ ژنی دووەم کە 45 حاڵەت بووە، دوای ئەویش دهۆک دێت بە 34 حاڵەت، سلێمانیش لە پلەی سێیەم دێت بە 19 رێپێدان، هەروەها لە دادگاکانی گەرمیان هیچ رێپێدانێک بۆ ژنی دووەم تۆمار نەکراوە. سەبارەت بە هۆکارەکانی جیابونەوە لە دادگاکانی هەولێر وەک لە ئامارەکاندا هاتووە، 1068 هاوسەر بەهۆی نەگونجان لەگەڵ یەکتر جیابوونەتەوە کە زۆرترینە، دوای ئەویش هۆکاری کۆمەڵایەتییە بە 211 حاڵەت، هەروەها 129 بەهۆی ئامێرەکانی مۆبایلەوە بووە.

  ئەندامى کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە ڕایگەیاند، پێویستە نەورۆزی 2025 نەورۆزی ئازادکردنی ئۆجالان بێت، چونکە ئازادکردنی ئۆجالان و چارەسەری کێشەی کورد گرێدراوی یەکن. موراد قەرەیلان لە بەشێکى ترى چاوپێکەوتنەکەیداا لەگەڵ سترێک تیڤی رایگەیاند، پڕۆسەی ئاشتی بۆ گەلی کورد و تورکیش گرنگە و بۆ سەرخستنیشی دەبێت زەمینە بڕەخسێندرێت و زمانی دەوڵەت ئاشتیانە بێت نەک زمانێکی دوژمندارییانە. قەرەیلان جەختیکردەوە، ئەوان بە تەواوی پابەندی بڕیارەکانی ئۆجەلانن، “بە دڵنیاییەوە باوەڕمان پێیەتی و هاوڕای ئەوین. بەڵام ئەگەر دەوڵەت ئامادە نەبێت بۆ ئەمە و بڵێت بە چەکەوە دەتاننێژین، ئێمە چۆکدا نادەین و بژاردەی سیاسی و سەربازی خۆمان هەیە بە حوکمی ئەو 41 ساڵ پاشخانەی هەمانە و خۆمان لە هەر جۆرە هێرشێک دەپارێزین”.  ئەو وتیشى: ئێمە ئامادەین بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی ڕێبەر ئاپۆ و بۆ ئەمەش هەوڵ دەدەین. بۆ ئەمە پێویستە دەوڵەت ڕێگە لە بەردەم ڕێبەردا بکاتەوە تا بە کردەیی هاوکار بێت لەگەڵمان. مادام باس لە ئاشتی دەکرێت پێویستە ژمارەیەک شت قبوڵ بکات. بەم جۆرە چەک پەراوێز دەخرێت. وەک ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت خەباتی چەکداری دەگۆڕێت بۆ زەمینەی سیاسی و یاسایی. ئێمە دەتوانین ئەمە بکەین بەڵام پێویستە لایەنی بەرامبەر دروست تاوتوێی ئەمە بکات”.  موراد قەرەیلان دەشڵێت “ئەمە بە نە خوێندنەوەی بەرامبەر، قسە فڕێدان و شەڕی دەرونی و جموجۆڵ تاکلایەنە بەدی نایەت. بە کورتییەکەی ئێمە هەم بۆ ئاشتی چارەسەری پرسەکە ئامادەین وەک ئەوەی لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆدا هاتووە، هەم ئەگەر دەوڵەت ئەمە قبوڵ نەکات ئامادەین بۆ شەڕ”.  موراد قەرەیلان دەشڵێت، گەریلاکانیان خۆیان رادەستی تورکیا ناکەنەوە و گیان فیدایین، رایگشتی ئاگادارنییە لەوەی تەکنیکیان هەیە و دەتوانن تا 800 کیلۆمەتر ناوەڕاستی تورکیا بۆردومان بکەن.

سەرچاوەیەکى ئاگادار ڕاگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتى کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیى کوردستان لە هەولێر کۆدەبنەوە. بەگوێرەى زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان گفتوگۆیان لە بارەوە دەکرێت. ڕۆژى 16ـی ئازارى 2025 بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و مەسرور بارزانى، جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوە و جەختیان لەوەکردەوە، "لێکتێگەیشتنەکانیان ئەرێنییە و بەزووترین کات حکومەت پێکدەهێنن". رۆژى 17ـی ئازار قوباد تاڵەبانى، رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان و مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتى کوردستان لێکتێگەیشتنی باش دروست بووە لەسەر پرسە گرنگەکانی پەیوەندیدار بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو. رۆژى 4ـی شوباتی 2025، پێنجەمین کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو و لە راگەیەندراوێکى هاوبەشدا رایانگەیاند، لێكتێگه‌يشتنى هاوبه‌ش و رێككه‌وتنى سه‌ره‌تايى له‌سه‌ر زۆربه‌ى ته‌وه‌ره‌كان هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ و ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌كان ده‌خرێته به‌رده‌ستى ليژنه‌ى باڵاى دانوستانكارى هه‌ردوولا بۆ پەسەندکردنی. بەگوێرەى زانیارییەکان لە کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، رەشنووسی شێوازی حکومڕانیی هەرێمى کوردستان نووسراوەتەوە کە لە 17 لاپەڕە و 9 تەوەر پێکدێت. لە پاش ئەنجامدانى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، دوو جار شاندى باڵای یەکێتى و پارتى لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە. پارتى دیموکراتى کوردستان، 39 کورسى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستانى بەدەستهێناوە و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان 23 کورسى بەدەستهێناوە، هەردوولاش شاندى دانوستانکاریان پێکهێناوە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى دیکەش کۆبوونەتەوە.

  بەرپرسێکی بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، لە بۆردومانەكەی  بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، بارمتەیەكی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە کوژراوەو دوو بارمتەی دیکەش برینداربوون، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەلشیفەى غەززەش ڕایدەگەیەنێت هیچ سیستەمێکی تەندروستی ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەم ژمارە زۆرەى قوربانیەکان بکات. بەرەبەیانى ئەمڕۆ ئیسرائیل کۆتایی بە ئاگربەست هێنا و هێرشی ئاسمانیی بەرفراوانی کردە سەر کەرتی غەززە.  هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بە درێژایی شەو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوو، بەهۆیەوە زیاتر لە (٣٦٠) کەس کوژراون و بێسەروشوێن بوون، ئەمە جگە لەوەی دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون، بەگوێرەی ئامارەكانی نوسینگەی راگەیاندنی حکومەتی غەززە. محەمەد ئەبو سەلمیە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەلشیفە لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: لە هەر خولەکێکدا کەسێکی بریندار بەهۆی نەبوونی پێداویستیەکانەوە گیان لەدەست دەدات، تەنها ٤ قەرەوێڵەی چاودێری چڕمان هەیە. ئەو بەرپرسەى تەندروستى وتیشى: لە ژێر داروپەردوودا دەنگی قوربانییەکان دەبیستین، بەڵام ناتوانین ڕزگاریان بکەین، ئێستا بنەڕەتیترین پێکهاتەکانی سیستەمی تەندروستی لەم بارودۆخە هەستیارانەدا غیابن. لەلایەکى دیکەوە مەیجر مەحمود باسال، وتەبێژی بەرگری شارستانی لە غەززە ڕایگەیاند، "بەهۆى هێرش و کۆمەڵکوژیەی ئیسرائیل کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممەوە بەردەوامە، زیاتر لە 130 منداڵ لەخۆدەگرن، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر ژنیشیان تێدایە". بەسەل ئەوەشى ڕاگەیاندوە، ژمارەی بریندارانی سەختی لە نەخۆشخانەکان زۆر زۆرە، ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی بەرگری شارستانی توانای ئەوەیان نییە مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو ناوچانە بکەن کە بە ئامانج گیراون. بەرپرسێکى باڵاى زووتنەوەی  حەماسیش ڕایدەگەیەنێت: ئەمریکا کە پێشوەختە ئاگادار کراوەتەوە لەهێرشەکەى ئیسرائیل، هاوبەشی ڕاستەوخۆى شەرەکەیە، واشنتۆن  پشتیوانیەکى بێسنوورى ئیسرائیل دەکات و بەرپرسیارێتی تەواوەتی لە ئەستۆیە لە کۆمەڵکوژی و کوشتنی ژنان و منداڵان لە غەززە. بەرپرسەکەى بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، لە بۆردومانەكەی  بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، بارمتەیەكی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە کوژراوەو دوو بارمتەی دیکەش برینداربوون. ئاژانسی هەواڵی "مەعەن"ی، فەلەستینی، لە زاری ئەو سەرچاوەیەوە بڵاویکردەوە، ئەو روداوە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیەکانی ئیسرائیل بووە بۆ سەر کەرتی غەززە.