فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە دوای رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەرەوە ئامانجی سەرەکی سیاسیەت و هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان ئەوەبووە عێراق لە ئاگری شەڕ دوربخەنەوە و لەوەشدا سەرکەوتووبوون. فواد حسێن قسەى بۆ میدیای فەرمی حکومەتی عێراق کردووە و دەڵێت، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بەردەوامە و پێویستیان بەکارکردنە لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا، داوایانکردوە لەمساڵدا خولێکی دیکەی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا بەڕێوەبچێت، ئەمریکاش داوای لە عێراق نەکردوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ببچڕێنێت. وەزیری دەرەوەی عێراق دەشڵێت، “لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق پەیاممان پێگەیشتووە، کە ئاماژە بوون بۆ دەستپێکردنی زنجیرەیەک هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق، بەڵام لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکە سەرکەوتووبووین لەدورخستنەوەی عێراق لە هێرشەکان.” دەشڵێت، دوای روخانی رژێمی سوریا داعش چەک و تەقەمەنی زۆری دەستکەوتوە و مەترسی لەسەر عێراق و سوریا دروستدەکات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کەرتی غەززە ئەنجامدا، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان زیاتر لە ٣٥٠ کەس کوژراون کە ژمارەیەکیان کەسیان سەرکردەی حەماس بوون. نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززەی فەڵەستین دوایین ئامارەکانی قوربانیانی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە (18ـی ئاداری 2025)ی ئیسرائیلیان بۆ سەر کەرتی غەززە بڵاوکردەوە، کە لایەنی کەم ٣٥٠ کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون. نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە؛ فەرمان بە هێزی ئاسمانی کراوە بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بەرپرسانی بزوتنەوەی حەماس لەناو کەرتی غەززە ئەوەش بەهۆی پابەند نەبونیان بە ئازادکردنی بارمەتە ئیسرائیلییەکانەوە. نوسینگەی ناتانیاهۆ بڵاوی کردەوە: دەستپێکردنەوەی پڕۆسە سەربازی و هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر حەماس لە غەززە، بەهۆی رەتکردنەوەی پێشنیازێکی ئەمەریکا بووە لەلایەن حەماسەوە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست، لەئێستاوە ئیسرائیل هێزی زیاتر دژی حەماس بەکاردەهێنێت و پلانەکەش لەلایەن بەرپرسانی سەربازییەوە پێشنیاز کراوە و لەسەر ئاستی باڵای سیاسی پەسەندکراوە. بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆک وەزیران؛ سەرۆک وەزیر و وەزیری بەرگری فەرمانیان بە سوپا کردوە رێکاری بەهێز دژی حەماس بگرێتەبەر و بۆ ئەوەش سوپا و دەزگای ئاسایشی گشتی (شاباک) هێرشی ئاسمانی چڕیان کردوەتە سەر بەرپرسانی حەماس. بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بێت، هێرشەکان بەردەوام دەبن." ئەو بەرپرسە گوتوویەتی، ئامانجی ئیسرائیل لەم هێرشە دا "فەرماندە پلە مامناوەندەکان، سەرکردەی سیاسی و ژێرخانی تیرۆرستیی حەماسە". هەر بە گوتەی ئەو بەرپرسە، هێرشەکان لە سنووری هێرشی ئاسمانیدا نامێننەوە، بەڵکو فراوان دەبن. رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ناونەهێنراوی ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل پێکردووە بۆ ئەوەی دەست بکاتەوە بە هێرشکردنە سەر غەززە.
مـ.ــوراد قـ.ـەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، داوادەکات گەلى کورد لەهەرچوارپارچەکەى کوردستان و وڵاتانى ئەوروپا بەفراوانى بەشدارى ئاهەنگەکانى نەورۆز بکەن، بەتایبەتى ئاهەنگى نەورۆزى شارى ئامەد. هەروەها جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە دروشمى سەرەکى ئاهەنگى نەورۆزى ئەمساڵ، نەورۆزى ئازادى ڕێبەر ئاپۆ بێت و ببێتە نەورۆزى چارەسەرى گەلێکى کورد. لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى ستێرک تیڤی، موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، یەوە باس لە دواین گۆڕانکارییەکان و پرسی ئاشتی و دانانی چەک دەکات. لەبەشێکى ئەو چاوپێکەوتنەکە بەگرنگیەوە باسى نەورۆز دەکات، دەڵێت نەورۆز وەک ڕۆژێکى پیرۆز پێشوازى لێدەکەین، دەستپێکى نەورۆز لەڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەم، لەدایکانى شەهید لە هەر چوارپارچەى کوردستان پیرۆزدەکەم، هەروەها جەژنى ڕەمەزان هەیە ئەوەش پیرۆزدەکەم لەتەواوى موسڵمانان و گەلى ئێمە. ئەو وتیشى: نەورۆزى ٢٠٢٥ وەک نەورۆزى ئازادى ڕێبەر ئاپۆ دادەنێین، ببێتە نەورۆزى چارەسەرى گەلێکى کورد، داوادەکەن هەوڵبدەن بەهەموو هەوڵ و هێزو تواناى خۆتانەوە ئامادەببن. موراد قەرەیلان بەپێویستى دەزانێت هەموو تاکێکى گەلى کوردو هەرکەس بەشداربێت لە نەورۆز، هەم لەکوردستان و هەم لە وڵاتانى ئەوروپا، ئەو وتى: نەورۆزى ئەمساڵ تایبەتمەندى خۆى هەیە، نەورۆز بکەنە جێگەیەک بۆ بانگەوازى ئازادى سەرۆک ئاپۆو پرسى چارەسەرى کورد.
سەرچاوەیەکى باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەوەى ئاشکراکرد، کاتژمێر 11ـى شەوی رابردوو سەرجەم گەنجینەکان لیستی مووچەی مانگی سێیان تەواوکرد و دەسبەجێ ناردوویانە، بەڵام تیمى وەزارەت فریا نەکەوتن ئەمڕۆ لیستی مووچە ئامادە بکەن. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، لە دەستپێکى دەوامى ئەمڕۆوە تیمێک لە بەڕێوەبەرایەتیی ژمێریاریی وەزارەت سەرقاڵی وردبینییە و تائێستا بەشێکی زۆری کارەکان تەواوکراون، چونکە لیستەکە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی تێدا نەکراوە و هەمان لیستی مانگی شوباتە، لە ماوەى یەک دوو رۆژی داهاتوودا ئامادە دەبێت و ڕەوانەى وەزارەتى دارایی فیدراڵى دەکرێت. سەرچاوەکە وتیشى: لانیکەم 700 هەزار مووچە خۆر ناویان لەڕێی سیستمی پایڕۆڵ ئامادەکراوە و کەمتر لە 200 هەزار مووچەخۆر ماون ناویان تۆمار بکرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستیی تایبەت بە سیستمی کۆن لیستەکەیان ئامادە دەکرێت، ئەوانیش وردبینی بۆ دەکرێت و لە یەک دوورۆژی داهاتوودا ئامادە دەبێت. سەرچاوە باڵاکە لە وەزارەتى دارایی دەڵێت، بۆ ئەم مانگەش تیمی تەکنیکی لیستەکە دەبەنە بەغداد، رەنگە بەغداد پێش جەژنى رەمەزان مووچە بنێرێت. گوتیشی، کێشەى ئەوتۆ نییە ببێتە رێگر لەبەردەم ناردنى مووچە، تەنها گۆڕینی بەڕێوەبەری ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق هەیە، چونکە نازانین ئەم بەڕێوەبەرە نوێیە مامەڵەی لەگەڵ لیستی مووچەى هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت. هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە بۆ ئەوەی پێش جەژنی ڕەمەزان مووچەی مانگی سێ دابەش بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە هەفتەی ڕابردووەوە سەرجەم وەزارەتەکان ڕاسپێردراون لیستی نوێی مووچە بەخێرایی ئامادە بکەن.
هاوڵاتى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەى توند لە ئێران و حوسییەکانى یەمەن دەکات، دەڵێت "لەمەودوا حووسییەکان تەقەیەک بکەن، وا سەیری دەکەین ئێران کردبێتی و ئەگەر هێرش بکەن، لێپێچینەوە لە ئێران دەکەین". سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نوسیویەتى، با کەس فریو نەدرێت ئەو سەدان هێرشەی کە لەلایەن حوسییەکانەوە دەکرێت، حوسییە بەڵتەجییەكان بنکەکانیان لە یەمەنە، لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت و ئەو دروستیكردوون، بەڵام لەلایەن گەلی یەمەن ڕقیان لێیانە. لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، حووسییەکان دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دەریای سوور، کەنداوی عومان و ناوچەکە، ئەوەش بە گوتەی خۆیان، وەک سەرخستنێک و پشتیوانییەک بۆ خەڵکی فەلەستین. سەرۆکى ئەمریکا لەپەیامەکیدا هۆشدارى دەدات و دەشڵیت: هەر هێرشێکی دیکە یان تۆڵەسەندنەوەیەکی دیکە لەلایەن حوسییەکانەوە بکرێت، ئەوا بە هێزێکی زۆرەوە بەرەوڕوویان دەبینەوە، هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئەو هێزە لەوێدا بوەستێت. ترەمپ جەخت لەسەر ئەوەکردەوە هەر هێرشێكی تر یاخود وەڵامدانەوە لەلایەن حوسییەكانی یەمەنەوە، بەشێوەیەكی زۆر بەهێز وەڵامدەدرێتەوە. هەروەها وتیشى: ئێران رۆڵی قوربانییەكی بێتاوان دەبینێت بۆ تیرۆرستە لە یاسادەرچووەكان كە كۆنترۆڵیان لەدەستداوە، بەڵام وانییە، ئەوان چەك و پارەو كەلوپەلی سەربازیی و تەنانەت زانیاری هەواڵگریشیان پێدەدەن. لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا سەرۆکى ئەمریکا دەڵێت: هەر فیشەكێك كە لەلایەن حوسییەكانەوە تەقێندراوە، لەمەودوا وا تەماشا دەكرێت كە بەچەك و فەرماندەیی ئێران تەقێندراوەو ئێران بەرپرسیارێتییەكەی دەگرێتەئەستۆو ئاكامی ترسناكی دەبێت. ئێوارەی رۆژی شەممە، حووسییەکان رایانگەیاند، ژمارەیەک شوێنی ژێر کۆنترۆڵیان بۆردوومانکراون. ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، پێشانیدەدەن دووکەڵی رەش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا بەرزدەبێتەوە کە بنکەیەکی سەربازیشی لێیە. هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکان چەند رۆژێک دوای ئەوە دێن کە گرووپە چەکدارەکە رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتەوە سەر غەززە، ئەوا دەست بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل دەکەنەوە. بەڵام لەو کاتەوە هیچ هێرشێکیان نەکردووە. هەر ئەم مانگە، پێچەوانەی رێککەوتنی ئاگربەست و یاسای نێودەوڵەتی، ئیسرائیل گەمارۆی تەواوی خستەوە سەر کەرتی غەززە و رۆیشتنی هەموو یارمەتی و کەلوپەلێکی بۆ ناوچە فەلەستینییەکە وەستاند. هەروەها هەڕەشەی کرد، رێکاری زیاتر بگرێتەبەر ئەگەر حەماس بە درێژکردنەوەی قۆناخی یەکەمی ئاگربەست رازینەبێت، لە کاتێکدا گفتوگۆ لەسەر دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی ئاگربەست بەردەوامن. لە هێرشەکانی رابردوودا، حووسییەکان زیاتر لە 100 کەشتییان بە مووشەک و درۆن بە ئامانج گرتوون، دوو کەشتییان نوقمکردووە و چوار دەریاوانیان کوشتووە.
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ڕایدەگەیەنێت حکومەتی کاتی سوریا دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی لەبارەی کوشتنی هاووڵاتیانی لەلایەن وڵاتانی دیکەوە هەڵبگرێت، هاوکات جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە ئاگربەست لە سەرتاسەری سوریا بۆتە پێویستیەکی ڕەها. لەپەیامێکیدا بەبۆنەى شەهیدکردنى نۆ ئەندامى خێزانێکی کوردی لە شارى کۆبانێ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە سەكۆی (ئێكس) پەیامێکى بڵاوکردەوە. لەبەشێکى ئەو پەیامەدا، مەزڵوم عەبدى دەڵێت: پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیانی بێتاوان دەکەین، کە لە بۆردومانێكی تورکیادا تەواوی خێزانێک لە گوندەواری کۆبانی گیانیان لەدەستدا، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. هەروەها دەڵێت: بەئامانجگرتنی جوتیارێک و منداڵەکانی تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی، پێویستە لەسەر حکومەت بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بەرامبەر بە کوشتنی هاوڵاتیانی لەلایەن وڵاتانی دیکەوە.داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزە چالاکەکان دەکەین ئەم تاوانانە رابگرن. فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، هەر لەو پەیامەیدا نوسیویەتى: ئاگربەست لە سەرتاسەری سوریا بۆتە پێویستی بۆ سەرکەوتنی قۆناغی راگوزەر بەرەو سوریایەکی سەقامگیرو ئارام. شەوى ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، خێزانێکی کوردی لە کۆبانێ کۆمەڵکوژ کرد و لەیەک هێرشدا نۆ ئەندامی خێزانەکەی کوشت و دوو کەسیشیان برینداربوون. ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بڵاوی کردەوە؛ شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، هێرشێکی ئاسمانیان بۆ سەر کێڵگەیەکی کشتوکاڵی خێزانێک لە نێوان هەردوو گوندی قۆمجی و بەرخ بۆتان ئەنجامدا و بەهۆیەوە نۆ ئەندامی خێزانەکە گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەشیان بە سەختی برینداربوون. بەپێی راگەیەندراوەکە؛ منداڵەکان بەناوی (ئاهین، دیجلە، دلۆڤان، یاسر، عەزیزە، ساڵیحە، ئاڤێستا) و باوکەکە بەناوی عوسمان و دایکەکە بەناوی غەزالە گیانیان لەدەستداوە و دوو منداڵی دیکەی خێزانەکەش بەناوەکانی رۆنیدا و نارین برینداربوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
پەرلەمانتارێکی جەهەپە رایگەیاند، سەڵاحەدین دەمیرتاش پێیڕاگەیاندووە ئاشتیی گرنگترین رۆژەڤی تورکیایە و پێویستە هەموو لایەک بە بەرپرسیارێتییەوە رۆڵی خۆیان بگێڕن، داواشی کردووە، پەکەکە بە زووترین کات کۆنگرەی خۆی ببەستێت. پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سەزگین تانریقوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاسەرۆکی پێشووتری هەدەپەی لە گرتوخانەى ئەدرنە کرد و لە گرتەیەکی ڤیدۆییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، لە چاوپێکەوتنەکەمدا لەگەڵ بەڕێز دەمیرتاش هیوای خواستووە ئاشتەوایی سەربکەوێت و هەموو لایەکیش پشتیوانی لە پڕۆسەکە بکەن. لە درێژەى گوتەکانیدا ئەو پەڕلەمانتارە گوتیشی: دەمیرتاش رایگەیاندووە بەستنى کۆنگرە بۆ چەکدانان رێگە بۆ ئاشتی و دیموکراسی تورکیا دەکاتەوە و پێویستە لەم پڕۆسەیەشدا تەواوی گەلانی تورکیا پشتیوان بن و دەشبێت تەواوی پارتە سیاسییەکان لە پەڕلەمانی تورکیا پشتیوانی لە پڕۆسەکە بکەن. لەو دیدارەدا دەمیرتاش ئاماژەی بەوەشکردووە، دەبێت پەکەکە بە زووترین کات بڕیاری بەستنى کۆنگرە بدات. لەم پڕۆسەیەدا دەشبێت سەرۆککۆمار، حکومەت، پەرلەمان و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان هەنگاوی کرداری بنێن.
سەرۆكایەتیی سووریا لیژنەیەكی پێنج كەسی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع پێكهێنا و لیژنەكە لەگەڵ مەزڵوم عەبدی كۆدەبێتەوە. بڕیارە لیژنەكە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ مەزڵوم عەبدی کۆدەبێتەوە. لیژنەکە لەلایەن حوسێن سەلامە پارێزگاری پێشووی دێرەزور سەرۆکایەتی دەکرێت بەگوێرەی زانیارییەكان لیژنەكە سەرپەرشتی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە دەكات كە لە نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع واژۆكرا، دوای كۆبوونەوەكە لەگەڵ مەزڵوم عەبدی لیژنەی تایبەتمەند بۆ بابەتە ئابووریی و سیاسی و سەربازییەكان پێكدەهێنرێت". دووشهممه، 10ـی ئاداری 2025، سهرۆكایهتیی كۆماری سووریا له ڕاگهیهنراوێكدا ڕایگهیاند، ئهحمهد شهرع، سهرۆكی قۆناغی ڕاگوزهری سووریا و مهزڵووم عهبدی، فهرماندهی گشتیی هێزهكانی سووریای دیموكرات (ههسهده) ڕێككهوتن. سهرۆكایهتیی كۆماری سووریا ڕایگهیاندووه، شهرع و عهبدی ڕێككهوتوون ههسهده بخرێته ناو سیستهمی هێزی بهرگریی نیشتمانی سووریا. ههروهها ڕێككهوتوون سهرجهم دامهزراوه مهدهنییهكانی باكووری ڕۆژههڵاتی سووریا لهوانهش دهروازه سنوورییهكان، فڕۆكهخانه و كێڵگهكانی نهوت و غاز به دیمهشقهوه ببهسترێنهوه. سهرۆكایهتیی كۆماری سووریا ئاماژهی بهوهش كرد، شهرع و عهبدی له ڕێككهوتنهكهیاندا جهختیان لهسهر یهكپارچهیی خاكی سووریا و ڕهتكردنهوهی دابهشكردنی سووریا كردووهتهوه. ههروهها به پێی ڕێككهوتنهكه دهبێت مافی ههموو سوورییهكان پارێزراو بێت له نوێنهرایهتی و بهشداریی پرۆسهی سیاسی و سهرجهم دامهزراوهكانی دیكهی دهوڵهت لهسهر بنهمای لێوهشاوهیی و كارامهیی و دوور له ههر پاشخانێكی ئایینی و نهژادی. له ڕێككهوتنهكهدا جهخت كراوهتهوه، كۆمهڵگهی كوردی كۆمهڵگهیهكی ڕهسهنه له دهوڵهتی سووریا و ئهو دهوڵهتهش مافی هاووڵاتیبوون و سهرجهم مافه دهستوورییهكانی دهستهبهر دهكات.
ئەنجوومەنی یەکێتى ئەوروپا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی پرۆگرامی هاوکاری دارایی بۆ کیێڤ، بڕی ٣.٥ ملیار یۆرۆی بۆ ئۆکرانیا پەسەند کردووە. لە بەیاننامەکەدا کە ئەنجومەنەکە بڵاویکردووەتەوە کە ئەمڕۆ دووشەممە لە برۆکسل کۆدەبێتەوە، تێیدا هاتووە:ئەنجومەنەکە قۆناغی سێیەمی پەسەندکردووە کە نزیکەی ٣.٥ ملیار یۆرۆیە بۆ ئۆکرانیا. هەروەها ئەوەش دەخەنەڕوو بەم بەشە سێیەمەوە ئۆکرانیا نزیکەی ٢٠ ملیار یۆرۆی لە ژێر سندوقی ئۆکرانیا وەرگرتووە لە ساڵی دامەزراندنیەوە لە ساڵێک لەمەوبەرەوە. پێشتر کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا پێشنیاری پێشکەشکردنی هاوکارییەکانی ئۆکرانیای کردبوو کە بەهاکەی لە نێوان ٢٠ بۆ ٤٠ ملیار یۆرۆ (٢٢-٤٤ ملیار دۆلار)دایە. لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕۆژی دووشەممە، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا باسیان لە دەستپێشخەرییەکی نوێ کرد کە دەتوانێت بە ملیارەها یۆرۆ وەک هاوکاری سەربازیی زیادە پێشکەش بە ئۆکرانیا بکات و وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بە پشتبەستن بە هێزی ئابووری خۆیان بەشداری بکەن. ئەم هاوکاریەى یەکێتی ئەوروپا لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، سبەی (سێشەممە 18-03-2025) لەبارەی ئۆکراینا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا قسە دەکات. درەنگانی شەوی یەکشەممە بەکاتی واشنتن، واتە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە بەکاتی هەولێر، ترەمپ لەکاتی رۆیشتنی لە فلۆریداوە بۆ واشنتن، لە فڕۆکەی Air Force Oneدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد. ترەمپ گوتی، "سەیر دەکەین بزانین تاوەکو رۆژی سێشەممە شتێک رابگەیێنین. سێشەممە قسە لەگەڵ پووتین دەکەم. کۆتایی هەفتە زۆر کار کراوە. دەمانەوێت سەیر بکەین و بزانین ئەو جەنگە کۆتایی پێدەهێنین." رووسیا لە سێ ساڵی رابردووی جەنگدا بەشێکی بەرچاوی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵ کردووە. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بابەتانەی دەیانەوێت گفتوگۆیان لەسەر بکەن، دابەشکردنی خاک و وێستگەکانی وزەیە لەنێوان ئۆکراینا و رووسیا، بۆئەوەی جەنگەکە بوەستێت.
هەپەگە ڕایگەیاند هێرشەکانی سوپای تورک بەردەوامە، هێزی پارستنی ئاسمانیش شەوى ڕابردوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیامان لە بایرەکتار خستەخوارەوە. درەنگانێکى شەوى ڕابردوو لە گوندی سۆفیانی سنووری ناحیەی بنگرد، درۆنێكى تورکیا كەوتەخوارەوە، درۆنەکە لەکاتى کەوتنەخوارەوەیدا دەکەوێتە سەربانی ماڵێک و هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێنەکەوتۆتەوە. لە ڕاگەیەندراوێکیاندا هەپەگە ئەوەدەخەنەڕوو یەکینەیەکی سەر بە هێزەکانی بەرگری ئاسمانی شەهید دەلال، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە جۆری ئاکینجی کە بە بەرزی لە ئاسمانی قەندیل دەفڕی و دەوڵەتی تورک پێی وابوو ناخرێتەخوارەوە، خرایە خوارەوە. نرخی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی تورکیا نزیکەی 25 ملیۆن دۆلارە، بەوەش تەنها لە خستنەخوارەوەیان زیاتی 100 ملیۆن دۆلار لە تورکیا کەوتوە و لەسەر ئاستی جیهانیش کە زۆرترین خواستی لەسەر بووە، بازاڕی بە تەواوەتی شکاوە. کۆمپانیای بایکار، کە فڕۆکەی (بەیرەقدار تی بی 3) دروست دەکات، شەشەم کۆمپانیای تەکنەلۆجی بەرهەمهێنەری ئەو فڕۆکانەیە لەسەر ئاستی جیهان. فڕۆکەکە، درێژییەکەی هەشت مەترە، بەرزی دو مەتر و درێژی هەر باڵێکی 14 مەترە. دەقى ڕاگەیاندراوەکەی ناوەنی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە بەم شێوەیە: "دوای بانگەوازی مێژوویی ڕێبەر ئاپۆ، بڕیاری ئاگربەستی پارتەکەمان (پەکەکە) بە تەواوی لەلایەن هێزەکانمانەوە جێبەجێ دەکرێت. بەڵام سەرەڕای ئەمە، چالاکییە هەواڵگرییەکانی هێزەکانی سوپای تورک بەرەو ناوچەکانمان چڕتر بوونەتەوە، هێرشەکانی ئاسمانی و تۆپبارانەکان بەردەوام بوون. هەر چالاکییەکی هەواڵگری هێرشێکە. چونکە چالاکییەکە کە ئامادەکاری بۆ هێرش دەکات. لەو کاتەوەی کە ئاگربەست ڕاگەیانراوە، سوپای تورک هەشت جار هێرش بە چەکی قەدەغەکراو، ٩٣ جار هێرشی ئاسمانی و پێنج هەزار و ٥٢ جار هێرشی بە چەکی قورس، تۆپ و هاوەن بۆ سەر ناوچەکانی پاراستنی مەدیا ئەنجام داوە. لە بەرامبەر ئەمەدا، لە کاتژمێر ٠٧:٢٠ خولەکی ئێوارەی ١٦ـی ئاداری ٢٠٢٥، لەلایەن یەکینەیەکی سەر بە هێزەکانی بەرگری ئاسمانی شەهید دەلال، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە جۆری ئاکینجی کە بە بەرزی لە ئاسمانی قەندیل دەفڕی و دەوڵەتی تورک پێی وابوو ناخرێتەخوارەوە، خرایە خوارەوە. ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن، ئێمەش مافی خۆمانە بۆ مەبەستی بەرگری ئەم جۆرە فڕۆکە هەواڵگرییانە بخەینە خوارەوە و ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکرێت."
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 48 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی بۆ مانگی دوو رادەستی بەغداد كرد. وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ رایگەیاند، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لەداهاتی نانەوتی هەرێم خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ، کە بڕەکەی ( ٤٨،٧٢٢،٢٣٩،٠٠٠) چل و هەشت ملیارو حەوت سەدو بیست و دوو ملیۆن و دوو سەدو سی و نۆ هەزار دینارە. وەزارەتەکە ئەمڕۆ دووشەممە راشیگەیاند، پارەکە بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. مانگی رابردووش وەزارەتی دارایی هەرێم زیاتر لە ٥٠ ملیاری خستە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، کە لەو بارەوە سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لەو بارەوە دەڵێت،: بەغداد بۆ مانگی یەک بە ٥١ ملیار رازی نەدەبوو هەرێم بۆ مانگی دوو ٤٨ ملیاری ناردووە.
هاوڵاتى ئیدارەی خۆسەری لە ڕۆژئاواى کوردستان، ڕایدەگەیەنێت دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەردەوامە لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دژ بە خەڵکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. شەوى ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، خێزانێکی کوردی لە کۆبانێ کۆمەڵکوژ کرد و لەیەک هێرشدا نۆ ئەندامی خێزانەکەی کوشت و دوو کەسیشیان برینداربوون. لەبەیاننامەیەکدا ئیدارەی خۆسەر بەتوندى ئیدانەى ئەوکارە دەکات، دەڵێت: کۆمەڵکوژییەکەی کۆبانێ یەکەم کۆمەڵکوژی تورکیا نییە بەرامبەر کورد لە سوریا، لەبەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ میدیاکان هانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان دا کە پێکەوە بوەستن و پێکەوە بوەستن. هەروەها ئەوەش دەخەنەڕوو ئێمە لە ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو تاوانانەی کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دژی ناوچەکانمان و گەلەکەمان ئەنجامی داوە، داوا دەکەین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەبێت هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەو کۆمەڵکوژیانە ڕوون بکەنەوە و بێدەنگییان بشکێنن، چونکە ئەم گەلە منداڵەکانی خۆی کردووە بە قوربانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری جیهانی کە داعش نوێنەرایەتی دەکات بەناوی هەموو جیهانەوە. بەیاننامەکەى ئیدارەى خۆسەر داواش دەکات لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی بۆ ئەم بابەتە بکرێتەوە و فایلەکانی ئەو کۆمەڵکوژی و تاوانە جەنگییانەی کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئەنجامی داوە، ئاراستەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکرێت.
هاوڵاتى وەفدەكەی پارتی یەكسانی و دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) کە پێکهاتوون لە، سری سورەیا ئۆندەر، تونجەر باکرهان، تولای حاتەم ئۆغڵاری، گولای کۆچیت، بەردەوامن لە خولی دووەمی وتوێژەكانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی توركیا. لەو چوارچێوەیەدا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، وەفدەكەی دەم پارتی، سەردانی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا (مەهەپە) ی كرد لە پەرلەمانی توركیا، بڕیارە کاتژمێر (٢:٠٠)ی پاشنیوەڕۆ ئەمڕۆش، لە بارەگای پەرلەمانی توركیا لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان كۆببێتەوە. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپە لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا ئامادەنەبووە، ئەوە لەكاتێكدا دوێنێ باخچەلی لە لێدوانێکی نوسراودا وتبوی، کۆبونەوەكانی وەفدی دەم پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و پاڵپشتیکردنی لە توركیایەكی دوور لە تیرۆر، جێگای دەستخۆشییە. راشیگەیاندووە، بە دڵنیاییەوە پێم خۆشە سبەی لە دووهەمین سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ لای پارتی مەهەپە ئامادە بم و بیروڕا ئاڵوگۆڕ بكەين، بەڵام پێم وایە هاوڕێکانم کە بۆ نوێنەرایەتی حیزبەکەمان دەستنیشانکراون، وەک من باش دەبن و بە میزاجێکی روون و پاکەوە بیرۆکەکانمان دەگەیەننە قسەکەرەکانیان. بەم بۆنەیەوە، سڵاو لە هەڤاڵانی بەڕێزم و شاندی دەم پارتی دەکەم و پیرۆزبایی لە بزوتنەوەکەمان دەكەم، لەپێناو تورکیایەكی دوور لە تیرۆر، پێموایە دەبێت بەدوربین لە هەر جۆرە لێدوانێک کە ببێتە هۆی خراپ لێکتێگەیشتن و ناسەقامگیری لەم دۆخە ناسکەدا، پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە بكرێت.
بەگوێرەی پێشبینییەکانى کەشناسى بۆ کەشوهەواى 48 کاتژمێرى داهاتو، باران بارین و سەرما دەستپێدەکات. بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسى و بومەلەرزەزانى سلێمانى پێشبینى دەکات کە لەمڕۆوە پلەکانى گەرما نزم ببێتەوەو لەسبەینێشەوە دابارین بەشێوەی نمە باران لەناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم دەست پێ دەکات. کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ دوو شەممە17- 03- 2025 کەش / ئاسمان بەگشتی نیمچە هەور دەبێت . خێراى با / لەسەرخۆ ( 5 – 15 )کم/س دەبێت . ئاراستەی با /ئاراستە گۆڕاو دەبێت . پلەکانی گەرما بەگشتی نزم دەبێتەوە بە نزیکەی ( 1 – 3 ) پلەى سیلیزى لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ زیاتر لەناوچە بەرزەکاندا وەک لەسەر نەخشەى خوارەوە ئاماژەى پێدراوە . مەوداى بینین / 8 – 10 کم دەبێت. سبەی سێ شەممە 18- 03- 2025 کەش/ ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەور تەواو دەگۆڕێت , لەکاتەکانی ئێوارە دابارین بەشێوەی نمە باران لەناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم دەست پێ دەکات پاشان کاریگەری درێژدەبیتەوە بۆ ناوچە سنووریەکانی باکوورلەگەل کەمیک بەفر بارین وە لەکاتەکانی درەنگانی شەو نمە باران زۆربەی ناوچە کانی هەرێم دەگرێتەوە کەهەندی جار هەورە بروسکەو تاوە بارانیشی لەگەل دەبێت زیاتر لەناوچە شاخاوییەکان. . خێراى با / لەسەرخۆ - مامناوەند ( 5 – 15 )کم/س دەبێت. لەکاتەکانی ئیوارە کەمێک چالاک دەبێت. بۆ سەروی 20 کم/س ئاراستەی با / باشووری خۆرهەڵات دەبێت . پلەکانی گەرما / نزم دەبێتەوە بەنزیکەی (2-4) پلە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ بەتایبەتی لەناوچە شاخاوییەکاندا وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەوداى بینین / 6 – 8 کم دەبێت. لەکات و شوێنی دابارین لەنێوان (5-7) کم دەبێت بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 27 پلەی سیلیزی سلێمانی : 22 پلەی سیلیزی دهۆک : 22 پلەی سیلیزی کەرکوک : 28 پلەی سیلیزی زاخۆ : 23 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 23 پلەی سیلیزی سۆران : 24 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 12 پلەی سیلیزی گەرمیان : 27 پلەی سیلیزی
وتەبێژى وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە هەڕەشەکانی ترەمپ ڕایدەگەیەنێت هەر پێشێلکارییەک بەرامبەر خاک و بەرژەوەندییەکانمان بکرێت وەڵامى توندمان دەبێت بۆى لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی ئازار بەڕێوەچوو، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامى چەند پرسیارێکى ڕۆژنامەنوسانى دایەوە. سەبارەت بەوەڵامدانەوەى نامەکەى دۆناڵد ترەمپ، وتەبێژەکەى وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتى: ئێمە هیچ نیازێکمان نییە ناوەڕۆکی پەیامەکەی ترەمپ بڵاوبکەینەوە و ئەوەی لە میدیاکاندا لەبارەیەوە بڵاودەکرێتەوە ورد نییە. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەرۆکى ئەمریکا بۆ ئێران هاوشێوەی لێدوانەکانییەتی و شتێکى گشتیە زیاتر، ئیسماعیل بەقائى وتیشى: دوای لێکۆڵینەوە لە پەیامەکەی ترەمپ وەڵامێکمان بۆ نامەکەى دەبێت. سەبارەت بەگەشتەکەی وەزیری دەرەوە بۆ عومان کە پەیوەندى بە نامەکەى ترەمپەوە هەیە، وتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئێران وتى: گەشتەکەی وەزیری دەرەوە بۆ عومان هیچ پەیوەندییەکی بەم نامەیەوە نەبوو و پێشوەختە پلانی بۆ دانرابوو، ئێمە لەڕێگەى گونجاوەوە وەڵامى نامەکە دەدەینەوە. ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە وەڵامی ئێران چی دەبێت بۆ هەڕەشەکانى ئەمریکا سەبارەت بە ئێران، ئەو وتى: ئێمە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەدەینەوە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی ئێران، ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران و هیچ گومانێک لەوەدا نییە. هەروەها ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، هێرشکردنە سەر خەڵکى خۆڕاگر و قارەمانی یەمەن لەلایەن ئەمریکاوە، ڕێگایەکە بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکانی خۆیان لە ماوەی ٢٠ مانگی ڕابردوودا. ناوبراو وتیشى: هەروەک پێشتر بیستوتانە گەلی یەمەن و حکومەتی یەمەن بە شێوەیەکی سەربەخۆ بڕیار لەسەر ئەو کارانە دەدەن کە بە پێویستی دەزانن بۆ پشتیوانیکردن لە فەلەستین و ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ بڕیارەکانی یەمەنییەکان و پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕەوای گەلی فەلەستین.
