پەرلەمانتارێکی جەهەپە رایگەیاند، سەڵاحەدین دەمیرتاش پێیڕاگەیاندووە ئاشتیی گرنگترین رۆژەڤی تورکیایە و پێویستە هەموو لایەک بە بەرپرسیارێتییەوە رۆڵی خۆیان بگێڕن، داواشی کردووە، پەکەکە بە زووترین کات کۆنگرەی خۆی ببەستێت. پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سەزگین تانریقوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاسەرۆکی پێشووتری هەدەپەی لە گرتوخانەى ئەدرنە کرد و لە گرتەیەکی ڤیدۆییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، لە چاوپێکەوتنەکەمدا لەگەڵ بەڕێز دەمیرتاش هیوای خواستووە ئاشتەوایی سەربکەوێت و هەموو لایەکیش پشتیوانی لە پڕۆسەکە بکەن. لە درێژەى گوتەکانیدا ئەو پەڕلەمانتارە گوتیشی: دەمیرتاش رایگەیاندووە بەستنى کۆنگرە بۆ چەکدانان رێگە بۆ ئاشتی و دیموکراسی تورکیا دەکاتەوە و پێویستە لەم پڕۆسەیەشدا تەواوی گەلانی تورکیا پشتیوان بن و دەشبێت تەواوی پارتە سیاسییەکان لە پەڕلەمانی تورکیا پشتیوانی لە پڕۆسەکە بکەن. لەو دیدارەدا دەمیرتاش ئاماژەی بەوەشکردووە، دەبێت پەکەکە بە زووترین کات بڕیاری بەستنى کۆنگرە بدات. لەم پڕۆسەیەدا دەشبێت سەرۆککۆمار، حکومەت، پەرلەمان و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان هەنگاوی کرداری بنێن.
سەرۆكایەتیی سووریا لیژنەیەكی پێنج كەسی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع پێكهێنا و لیژنەكە لەگەڵ مەزڵوم عەبدی كۆدەبێتەوە. بڕیارە لیژنەكە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ مەزڵوم عەبدی کۆدەبێتەوە. لیژنەکە لەلایەن حوسێن سەلامە پارێزگاری پێشووی دێرەزور سەرۆکایەتی دەکرێت بەگوێرەی زانیارییەكان لیژنەكە سەرپەرشتی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە دەكات كە لە نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع واژۆكرا، دوای كۆبوونەوەكە لەگەڵ مەزڵوم عەبدی لیژنەی تایبەتمەند بۆ بابەتە ئابووریی و سیاسی و سەربازییەكان پێكدەهێنرێت". دووشهممه، 10ـی ئاداری 2025، سهرۆكایهتیی كۆماری سووریا له ڕاگهیهنراوێكدا ڕایگهیاند، ئهحمهد شهرع، سهرۆكی قۆناغی ڕاگوزهری سووریا و مهزڵووم عهبدی، فهرماندهی گشتیی هێزهكانی سووریای دیموكرات (ههسهده) ڕێككهوتن. سهرۆكایهتیی كۆماری سووریا ڕایگهیاندووه، شهرع و عهبدی ڕێككهوتوون ههسهده بخرێته ناو سیستهمی هێزی بهرگریی نیشتمانی سووریا. ههروهها ڕێككهوتوون سهرجهم دامهزراوه مهدهنییهكانی باكووری ڕۆژههڵاتی سووریا لهوانهش دهروازه سنوورییهكان، فڕۆكهخانه و كێڵگهكانی نهوت و غاز به دیمهشقهوه ببهسترێنهوه. سهرۆكایهتیی كۆماری سووریا ئاماژهی بهوهش كرد، شهرع و عهبدی له ڕێككهوتنهكهیاندا جهختیان لهسهر یهكپارچهیی خاكی سووریا و ڕهتكردنهوهی دابهشكردنی سووریا كردووهتهوه. ههروهها به پێی ڕێككهوتنهكه دهبێت مافی ههموو سوورییهكان پارێزراو بێت له نوێنهرایهتی و بهشداریی پرۆسهی سیاسی و سهرجهم دامهزراوهكانی دیكهی دهوڵهت لهسهر بنهمای لێوهشاوهیی و كارامهیی و دوور له ههر پاشخانێكی ئایینی و نهژادی. له ڕێككهوتنهكهدا جهخت كراوهتهوه، كۆمهڵگهی كوردی كۆمهڵگهیهكی ڕهسهنه له دهوڵهتی سووریا و ئهو دهوڵهتهش مافی هاووڵاتیبوون و سهرجهم مافه دهستوورییهكانی دهستهبهر دهكات.
ئەنجوومەنی یەکێتى ئەوروپا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی پرۆگرامی هاوکاری دارایی بۆ کیێڤ، بڕی ٣.٥ ملیار یۆرۆی بۆ ئۆکرانیا پەسەند کردووە. لە بەیاننامەکەدا کە ئەنجومەنەکە بڵاویکردووەتەوە کە ئەمڕۆ دووشەممە لە برۆکسل کۆدەبێتەوە، تێیدا هاتووە:ئەنجومەنەکە قۆناغی سێیەمی پەسەندکردووە کە نزیکەی ٣.٥ ملیار یۆرۆیە بۆ ئۆکرانیا. هەروەها ئەوەش دەخەنەڕوو بەم بەشە سێیەمەوە ئۆکرانیا نزیکەی ٢٠ ملیار یۆرۆی لە ژێر سندوقی ئۆکرانیا وەرگرتووە لە ساڵی دامەزراندنیەوە لە ساڵێک لەمەوبەرەوە. پێشتر کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا پێشنیاری پێشکەشکردنی هاوکارییەکانی ئۆکرانیای کردبوو کە بەهاکەی لە نێوان ٢٠ بۆ ٤٠ ملیار یۆرۆ (٢٢-٤٤ ملیار دۆلار)دایە. لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕۆژی دووشەممە، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا باسیان لە دەستپێشخەرییەکی نوێ کرد کە دەتوانێت بە ملیارەها یۆرۆ وەک هاوکاری سەربازیی زیادە پێشکەش بە ئۆکرانیا بکات و وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بە پشتبەستن بە هێزی ئابووری خۆیان بەشداری بکەن. ئەم هاوکاریەى یەکێتی ئەوروپا لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، سبەی (سێشەممە 18-03-2025) لەبارەی ئۆکراینا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا قسە دەکات. درەنگانی شەوی یەکشەممە بەکاتی واشنتن، واتە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە بەکاتی هەولێر، ترەمپ لەکاتی رۆیشتنی لە فلۆریداوە بۆ واشنتن، لە فڕۆکەی Air Force Oneدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد. ترەمپ گوتی، "سەیر دەکەین بزانین تاوەکو رۆژی سێشەممە شتێک رابگەیێنین. سێشەممە قسە لەگەڵ پووتین دەکەم. کۆتایی هەفتە زۆر کار کراوە. دەمانەوێت سەیر بکەین و بزانین ئەو جەنگە کۆتایی پێدەهێنین." رووسیا لە سێ ساڵی رابردووی جەنگدا بەشێکی بەرچاوی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵ کردووە. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بابەتانەی دەیانەوێت گفتوگۆیان لەسەر بکەن، دابەشکردنی خاک و وێستگەکانی وزەیە لەنێوان ئۆکراینا و رووسیا، بۆئەوەی جەنگەکە بوەستێت.
هەپەگە ڕایگەیاند هێرشەکانی سوپای تورک بەردەوامە، هێزی پارستنی ئاسمانیش شەوى ڕابردوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیامان لە بایرەکتار خستەخوارەوە. درەنگانێکى شەوى ڕابردوو لە گوندی سۆفیانی سنووری ناحیەی بنگرد، درۆنێكى تورکیا كەوتەخوارەوە، درۆنەکە لەکاتى کەوتنەخوارەوەیدا دەکەوێتە سەربانی ماڵێک و هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێنەکەوتۆتەوە. لە ڕاگەیەندراوێکیاندا هەپەگە ئەوەدەخەنەڕوو یەکینەیەکی سەر بە هێزەکانی بەرگری ئاسمانی شەهید دەلال، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە جۆری ئاکینجی کە بە بەرزی لە ئاسمانی قەندیل دەفڕی و دەوڵەتی تورک پێی وابوو ناخرێتەخوارەوە، خرایە خوارەوە. نرخی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی تورکیا نزیکەی 25 ملیۆن دۆلارە، بەوەش تەنها لە خستنەخوارەوەیان زیاتی 100 ملیۆن دۆلار لە تورکیا کەوتوە و لەسەر ئاستی جیهانیش کە زۆرترین خواستی لەسەر بووە، بازاڕی بە تەواوەتی شکاوە. کۆمپانیای بایکار، کە فڕۆکەی (بەیرەقدار تی بی 3) دروست دەکات، شەشەم کۆمپانیای تەکنەلۆجی بەرهەمهێنەری ئەو فڕۆکانەیە لەسەر ئاستی جیهان. فڕۆکەکە، درێژییەکەی هەشت مەترە، بەرزی دو مەتر و درێژی هەر باڵێکی 14 مەترە. دەقى ڕاگەیاندراوەکەی ناوەنی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە بەم شێوەیە: "دوای بانگەوازی مێژوویی ڕێبەر ئاپۆ، بڕیاری ئاگربەستی پارتەکەمان (پەکەکە) بە تەواوی لەلایەن هێزەکانمانەوە جێبەجێ دەکرێت. بەڵام سەرەڕای ئەمە، چالاکییە هەواڵگرییەکانی هێزەکانی سوپای تورک بەرەو ناوچەکانمان چڕتر بوونەتەوە، هێرشەکانی ئاسمانی و تۆپبارانەکان بەردەوام بوون. هەر چالاکییەکی هەواڵگری هێرشێکە. چونکە چالاکییەکە کە ئامادەکاری بۆ هێرش دەکات. لەو کاتەوەی کە ئاگربەست ڕاگەیانراوە، سوپای تورک هەشت جار هێرش بە چەکی قەدەغەکراو، ٩٣ جار هێرشی ئاسمانی و پێنج هەزار و ٥٢ جار هێرشی بە چەکی قورس، تۆپ و هاوەن بۆ سەر ناوچەکانی پاراستنی مەدیا ئەنجام داوە. لە بەرامبەر ئەمەدا، لە کاتژمێر ٠٧:٢٠ خولەکی ئێوارەی ١٦ـی ئاداری ٢٠٢٥، لەلایەن یەکینەیەکی سەر بە هێزەکانی بەرگری ئاسمانی شەهید دەلال، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە جۆری ئاکینجی کە بە بەرزی لە ئاسمانی قەندیل دەفڕی و دەوڵەتی تورک پێی وابوو ناخرێتەخوارەوە، خرایە خوارەوە. ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن، ئێمەش مافی خۆمانە بۆ مەبەستی بەرگری ئەم جۆرە فڕۆکە هەواڵگرییانە بخەینە خوارەوە و ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکرێت."
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 48 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی بۆ مانگی دوو رادەستی بەغداد كرد. وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ رایگەیاند، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لەداهاتی نانەوتی هەرێم خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ، کە بڕەکەی ( ٤٨،٧٢٢،٢٣٩،٠٠٠) چل و هەشت ملیارو حەوت سەدو بیست و دوو ملیۆن و دوو سەدو سی و نۆ هەزار دینارە. وەزارەتەکە ئەمڕۆ دووشەممە راشیگەیاند، پارەکە بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. مانگی رابردووش وەزارەتی دارایی هەرێم زیاتر لە ٥٠ ملیاری خستە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، کە لەو بارەوە سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لەو بارەوە دەڵێت،: بەغداد بۆ مانگی یەک بە ٥١ ملیار رازی نەدەبوو هەرێم بۆ مانگی دوو ٤٨ ملیاری ناردووە.
هاوڵاتى ئیدارەی خۆسەری لە ڕۆژئاواى کوردستان، ڕایدەگەیەنێت دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەردەوامە لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دژ بە خەڵکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. شەوى ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، خێزانێکی کوردی لە کۆبانێ کۆمەڵکوژ کرد و لەیەک هێرشدا نۆ ئەندامی خێزانەکەی کوشت و دوو کەسیشیان برینداربوون. لەبەیاننامەیەکدا ئیدارەی خۆسەر بەتوندى ئیدانەى ئەوکارە دەکات، دەڵێت: کۆمەڵکوژییەکەی کۆبانێ یەکەم کۆمەڵکوژی تورکیا نییە بەرامبەر کورد لە سوریا، لەبەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ میدیاکان هانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان دا کە پێکەوە بوەستن و پێکەوە بوەستن. هەروەها ئەوەش دەخەنەڕوو ئێمە لە ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو تاوانانەی کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دژی ناوچەکانمان و گەلەکەمان ئەنجامی داوە، داوا دەکەین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەبێت هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەو کۆمەڵکوژیانە ڕوون بکەنەوە و بێدەنگییان بشکێنن، چونکە ئەم گەلە منداڵەکانی خۆی کردووە بە قوربانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری جیهانی کە داعش نوێنەرایەتی دەکات بەناوی هەموو جیهانەوە. بەیاننامەکەى ئیدارەى خۆسەر داواش دەکات لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی بۆ ئەم بابەتە بکرێتەوە و فایلەکانی ئەو کۆمەڵکوژی و تاوانە جەنگییانەی کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئەنجامی داوە، ئاراستەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکرێت.
هاوڵاتى وەفدەكەی پارتی یەكسانی و دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) کە پێکهاتوون لە، سری سورەیا ئۆندەر، تونجەر باکرهان، تولای حاتەم ئۆغڵاری، گولای کۆچیت، بەردەوامن لە خولی دووەمی وتوێژەكانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی توركیا. لەو چوارچێوەیەدا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، وەفدەكەی دەم پارتی، سەردانی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا (مەهەپە) ی كرد لە پەرلەمانی توركیا، بڕیارە کاتژمێر (٢:٠٠)ی پاشنیوەڕۆ ئەمڕۆش، لە بارەگای پەرلەمانی توركیا لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان كۆببێتەوە. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپە لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا ئامادەنەبووە، ئەوە لەكاتێكدا دوێنێ باخچەلی لە لێدوانێکی نوسراودا وتبوی، کۆبونەوەكانی وەفدی دەم پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و پاڵپشتیکردنی لە توركیایەكی دوور لە تیرۆر، جێگای دەستخۆشییە. راشیگەیاندووە، بە دڵنیاییەوە پێم خۆشە سبەی لە دووهەمین سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ لای پارتی مەهەپە ئامادە بم و بیروڕا ئاڵوگۆڕ بكەين، بەڵام پێم وایە هاوڕێکانم کە بۆ نوێنەرایەتی حیزبەکەمان دەستنیشانکراون، وەک من باش دەبن و بە میزاجێکی روون و پاکەوە بیرۆکەکانمان دەگەیەننە قسەکەرەکانیان. بەم بۆنەیەوە، سڵاو لە هەڤاڵانی بەڕێزم و شاندی دەم پارتی دەکەم و پیرۆزبایی لە بزوتنەوەکەمان دەكەم، لەپێناو تورکیایەكی دوور لە تیرۆر، پێموایە دەبێت بەدوربین لە هەر جۆرە لێدوانێک کە ببێتە هۆی خراپ لێکتێگەیشتن و ناسەقامگیری لەم دۆخە ناسکەدا، پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە بكرێت.
بەگوێرەی پێشبینییەکانى کەشناسى بۆ کەشوهەواى 48 کاتژمێرى داهاتو، باران بارین و سەرما دەستپێدەکات. بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسى و بومەلەرزەزانى سلێمانى پێشبینى دەکات کە لەمڕۆوە پلەکانى گەرما نزم ببێتەوەو لەسبەینێشەوە دابارین بەشێوەی نمە باران لەناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم دەست پێ دەکات. کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ دوو شەممە17- 03- 2025 کەش / ئاسمان بەگشتی نیمچە هەور دەبێت . خێراى با / لەسەرخۆ ( 5 – 15 )کم/س دەبێت . ئاراستەی با /ئاراستە گۆڕاو دەبێت . پلەکانی گەرما بەگشتی نزم دەبێتەوە بە نزیکەی ( 1 – 3 ) پلەى سیلیزى لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ زیاتر لەناوچە بەرزەکاندا وەک لەسەر نەخشەى خوارەوە ئاماژەى پێدراوە . مەوداى بینین / 8 – 10 کم دەبێت. سبەی سێ شەممە 18- 03- 2025 کەش/ ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەور تەواو دەگۆڕێت , لەکاتەکانی ئێوارە دابارین بەشێوەی نمە باران لەناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم دەست پێ دەکات پاشان کاریگەری درێژدەبیتەوە بۆ ناوچە سنووریەکانی باکوورلەگەل کەمیک بەفر بارین وە لەکاتەکانی درەنگانی شەو نمە باران زۆربەی ناوچە کانی هەرێم دەگرێتەوە کەهەندی جار هەورە بروسکەو تاوە بارانیشی لەگەل دەبێت زیاتر لەناوچە شاخاوییەکان. . خێراى با / لەسەرخۆ - مامناوەند ( 5 – 15 )کم/س دەبێت. لەکاتەکانی ئیوارە کەمێک چالاک دەبێت. بۆ سەروی 20 کم/س ئاراستەی با / باشووری خۆرهەڵات دەبێت . پلەکانی گەرما / نزم دەبێتەوە بەنزیکەی (2-4) پلە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ بەتایبەتی لەناوچە شاخاوییەکاندا وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەوداى بینین / 6 – 8 کم دەبێت. لەکات و شوێنی دابارین لەنێوان (5-7) کم دەبێت بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 27 پلەی سیلیزی سلێمانی : 22 پلەی سیلیزی دهۆک : 22 پلەی سیلیزی کەرکوک : 28 پلەی سیلیزی زاخۆ : 23 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 23 پلەی سیلیزی سۆران : 24 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 12 پلەی سیلیزی گەرمیان : 27 پلەی سیلیزی
وتەبێژى وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە هەڕەشەکانی ترەمپ ڕایدەگەیەنێت هەر پێشێلکارییەک بەرامبەر خاک و بەرژەوەندییەکانمان بکرێت وەڵامى توندمان دەبێت بۆى لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی ئازار بەڕێوەچوو، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامى چەند پرسیارێکى ڕۆژنامەنوسانى دایەوە. سەبارەت بەوەڵامدانەوەى نامەکەى دۆناڵد ترەمپ، وتەبێژەکەى وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتى: ئێمە هیچ نیازێکمان نییە ناوەڕۆکی پەیامەکەی ترەمپ بڵاوبکەینەوە و ئەوەی لە میدیاکاندا لەبارەیەوە بڵاودەکرێتەوە ورد نییە. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەرۆکى ئەمریکا بۆ ئێران هاوشێوەی لێدوانەکانییەتی و شتێکى گشتیە زیاتر، ئیسماعیل بەقائى وتیشى: دوای لێکۆڵینەوە لە پەیامەکەی ترەمپ وەڵامێکمان بۆ نامەکەى دەبێت. سەبارەت بەگەشتەکەی وەزیری دەرەوە بۆ عومان کە پەیوەندى بە نامەکەى ترەمپەوە هەیە، وتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئێران وتى: گەشتەکەی وەزیری دەرەوە بۆ عومان هیچ پەیوەندییەکی بەم نامەیەوە نەبوو و پێشوەختە پلانی بۆ دانرابوو، ئێمە لەڕێگەى گونجاوەوە وەڵامى نامەکە دەدەینەوە. ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە وەڵامی ئێران چی دەبێت بۆ هەڕەشەکانى ئەمریکا سەبارەت بە ئێران، ئەو وتى: ئێمە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەدەینەوە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی ئێران، ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران و هیچ گومانێک لەوەدا نییە. هەروەها ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، هێرشکردنە سەر خەڵکى خۆڕاگر و قارەمانی یەمەن لەلایەن ئەمریکاوە، ڕێگایەکە بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکانی خۆیان لە ماوەی ٢٠ مانگی ڕابردوودا. ناوبراو وتیشى: هەروەک پێشتر بیستوتانە گەلی یەمەن و حکومەتی یەمەن بە شێوەیەکی سەربەخۆ بڕیار لەسەر ئەو کارانە دەدەن کە بە پێویستی دەزانن بۆ پشتیوانیکردن لە فەلەستین و ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ بڕیارەکانی یەمەنییەکان و پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕەوای گەلی فەلەستین.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ لە ئۆکراین، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سبەی قسە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا دەکات. ترەمپ لەنێو فڕۆکەکەیدا بە رۆژنامەنووسانی گوت، “زۆرێک لە کارەکان تەواوبوون و سبەی قسە لەگەڵ سەرۆک پوتن دەکەم، زۆر بابەت گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە لەگەڵ روسیا و ئۆکراینیش، لەنێویاندا پرۆسەی دابەشکردنی زەوی و وێستگە کارەباییەکان لەنێوان هەردوو وڵاتەکە.” ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە لەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ بووەتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا بەردەوامە لە فشارخستنەسەر روسیا بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی ئۆکراین کە سێ ساڵە بەردەوامی هەیە. پەیوەندییەکە دوای ئەوەش دێت ئەم هەفتەیە ئۆکراین رەزامەندی دەربڕی بەرامبەر بە پێشنیازی ئەمریکا بۆ ئاگربەستیی کاتیی 30 رۆژەی جەنگ بەو مەرجەی روسیاش بە ئاگربەستەکەوە پابەندبێت. ترەمپ هەوڵدەدات پاڵپشتی پوتین بۆ پێشنیازی ئاگربەستی 30 ڕۆژە بەدەستبهێنێت کە ئۆکرانیا هەفتەی ڕابردوو قبوڵیان کرد، تەنانەت لە کاتێکدا هەردوولا لە کۆتایی هەفتەدا بەردەوام بوون لە هێرشە ئاسمانییە توندەکان و ڕووسیا لە دەرکردنی هێزەکانی ئۆکرانیا لەو ناوچەیەی چەند مانگێکە لە کورسکی ڕۆژئاوای ڕووسیا نزیک بووەوە. رۆژی یەکشەممە، بەرپرسانی ئەمریکا گەشبینیی خۆیان بەرامبەر ئاگربەست نیشاندا، دوای ئەوەی لە دوو هەفتەی رابردوودا دوو جار لە سعودیە دانوستاندن کرا. واشنتن و وڵاتانی ئەورووپا هەوڵ دەدەن گوشار لە مۆسکۆ بکەن بە وەستاندنی شەڕ رازی بێت، بەڵام پووتین دەڵێت، ئەوە بێ مەرج نابێت. ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ دانوستاندنەکانی جەنگی ئۆکراینا چەند رۆژێک لەمەوبەر، بە کەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاند، "ئەم هەفتەیە هەردوو سەرۆک گفتوگۆیەکی زۆر باش و ئەرێنییان دەبێت." بە گوتەی ویتکۆف، "ترەمپ پێشبینی دەکات لە چەند هەفتەی داهاتوودا جۆرێک لە رێککەوتن بەدیبهێندرێت، منیش بڕوام وایە وا دەبێت." رۆژی شەممە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کرێملنی تۆمەتبار کرد بەوەی نایەوێت کۆتایی بە جەنگ بێنێت؛ هۆشداریی دا، مۆسکۆ دەیەوێت "سەرەتا پێگەی خۆی لە گۆڕەپانی جەنگ بەهێز بکات" و دواتر لەسەر مێز دەست بە گفتوگۆ بکات.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانى نەوتى هەرێمى کوردستان بەردەوامە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە تەکنیکییەکانى بەردەم هەناردەکردنەوەى نەوت. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "محەمەد شیا ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی تورکیا پێشوازی لە وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا، ئەلپەرسلان بەیرەکتەری کرد. لەو دیدارەدا سودانى ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەت هەوڵی زۆر دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە"، هەر بەپێى ڕاگەیەندراوەکە سودانى وتویەتى "دانوستاندنەکان بەردەوامن لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت کە گرێبەستیان لەگەڵ هەرێم هەیە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی تەکنیکی پەیوەست بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن". بەگوێرەی بەیاننامەکە، سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە "پەرۆشی حکومەت بۆ بەرزکردنەوەی هاریکاری هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکان لە کەرتە جیاجیاکاندا، جگە لە هاریکاری لە کەرتی وزە، سەرچاوەکانی کە حکومەت کار بۆ هەمەچەشنکردنی دەکات، لەوانەش زیادکردنی پێدانی کارەبا لە ڕێگەی پێکەوەگرێدانی هاوبەشەوە. جگە لە جەختکردنەوە لەسەر بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش لە کەرتی ئاو، بۆ دڵنیابوون لە هاوردەکردنی ئاوی بەردەوام بۆ عێراق. لای خۆیەوە، بایراکتار "ویستی وڵاتەکەی بۆ هاوکاری زیاتر لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا دەربڕی، لەوانەش پڕۆژەی پاڵاوگە و پترۆکیمیایی، هەروەها گرنگی هەناردەکردنی نەوت لە بەسرە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە"، ئاماژەی بە "پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و ئەو دەرفەتە بەڵێندەرانەی وەبەرهێنان کرد کە لەخۆی دەگرێت". لەلایەکى دیکەوە وەزیرانی کارەبای عێراق و تورکیا رێککەوتن لەسەر زیادکردنی بڕی کارەبای عێراق لە ڕێگەی تۆری کارەبای تورکیاوە بۆ 600 مێگاوات. لە راگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزیری کارەبای عێراقدا هاتووە، زیاد عەلی فازڵ وەزیری کارەبا پێشوازی لە ئاڵپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا و شاندی یاوەریکردووە لە بارەگای وەزارەت لە بەغداد . بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، وەزیری کارەبا جەختیکردووەتەوە کە وەزارەتەکەیان سەرجەم ڕێوشوێنە لۆجستی و تەکنیکییەکانی تەواو کردووە بۆ زیادکردنی توانای دابینکردن لە ڕێگەی تۆری کارەبای عێراق و تورکیاوە.
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، ماڵی خێزانێکی کوردی لە کۆبانێ کۆمەڵکوژ کرد و لەیەک هێرشدا نۆ ئەندامی خێزانەکەی کوشت و دوو کەسیشیان برینداربوون. ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بڵاوی کردەوە؛ شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، هێرشێکی ئاسمانیان بۆ سەر کێڵگەیەکی کشتوکاڵی خێزانێک لە نێوان هەردوو گوندی قۆمجی و بەرخ بۆتان ئەنجامدا و بەهۆیەوە نۆ ئەندامی خێزانەکە گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەشیان بە سەختی برینداربوون. بەپێی راگەیەندراوەکە؛ قوربانییەکان منداڵەکان بەناوی (ئاهین، دیجلە، دلۆڤان، یاسر، عەزیزە، ساڵیحە، ئاڤێستا) و باوکەکە بەناوی عوسمان و دایکەکە بەناوی غەزالە گیانیان لەدەەستداوە و دوو منداڵی دیکەی خێزانەکەش بەناوەکانی رۆنیدا و نارین برینداربوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە. هێرشەکەی تورکیا، درەنگانی شەوی رابردوو ئەنجامدراوە، لەوکاتەی خێزانەکە لەناو کێڵگەکەی خۆیان لە خەودا بوون، دوای رۆژێکی درێژی کارکردن لە کێڵگە کشتوکاڵییەکەیان.
ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریکا، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاشکرای کرد، عێراق لە مانگی شوباتی ٢٠٢٥دا نزیکەی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی بۆ ئەمریکا هەناردە کردووە. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئابووری باسی لەوە کردووە کە هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ ئەمریکا لە ماوەی مانگی شوباتدا لە 6.23 ملیۆن بەرمیل لە مانگی یەکدا بۆ 4.9 ملیۆن بەرمیل لە مانگی شوباتی 2025 دابەزیوە. بەپێی ئەو ئامارانەی لە هەفتەی چوارەمی مانگی شوباتدا، عێراق بە تێکڕا 257 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا هەناردەی ئەمریکا کردووە، لە هەفتەی دووەمدا 228 هەزار بەرمیل، لە هەفتەی سێیەمدا ڕۆژانە 46 هەزار بەرمیل و لە هەفتەی چوارەمدا ڕۆژانە 170 هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردە کردووە. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئابووری ئاماژەی بەوەدا کە عێراق لە ماوەی مانگی شوباتدا شەشەم وڵاتی هەناردەکاری نەوتە بۆ ئەمریکا، دوای کەنەدا کە گەورەترین وڵاتی دابینکەری نەوت بووە بۆ ئەمریکا، مەکسیک، سعودیە، بەرازیل و ڤەنزوێلا. هەروەها عێراق دووەم گەورەترین وڵاتی دابینکەری نەوتی ئەمریکا بوو لە ناوچەی عەرەبی، دوای سعودیە و لیبیا. بەپێی ڕاپۆرتێکی مانگانەی نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا، عێراق لە ماوەی مانگی یەکی ساڵی 2025 بە بەهای 442 ملیۆن دۆلار نەوتی بۆ ئەمریکا هەناردە کردووە، کە کۆی گشتی نەوتی هەناردەی ئەمریکا بووە، کە 5.62 ملیۆن بەرمیل بووە. لە ساڵی ٢٠٢٤دا هەناردەی نەوتی خاو و وەرگیراوەکانی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا ٩٥ ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاند.
پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی یەکێک لە تۆمەتبارانی هەڵکوتانە سەر رێستۆرانتەکەی سلێمانی راگەیاند، جەختیشدەكات لەوەی لە گەڕان بەدوای تۆمەتبارەکانی دیکەدا بەردەوامە. پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندووە، شەوی رابردوو لە رێستۆرانتی فانسی لە شاری سلێمانی شەڕ و ئاڵۆزی دروست بوو و تەقەکراوە، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی بەردەوام بوون لە گەڕان و بەدواداچوونەکان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران، سەرئەنجام یەکێک لە تۆمەتبارەکان خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کرد. ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەدا دەستگیراوە بەسەر چەکێک لە جۆری دەمانچەی تورکیداو، لە ئێستادا تۆمەتبار (ز،ح،ع ) بەبڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەردەوامە. پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، هێزەکانمان بەردەوامن لە گەڕان بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی دیکە کە لەلایەن دادوەرەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە.
سکرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان، لەیادى هەڵەبجەدا ڕەخنەى توند لە حکومەتى عێراق دەگرێت و دەڵێت: دەبوایە حکومەتى عێراق قەرەبووى هەڵەبجەى بکردایەتەوەو داواى لێببوردنى لەخەڵکەکەى بکردایە، بەڵام ئێستا ڕیگرن لەوەى بکرێتە پارێزگاش. بەر لە 37ساڵ و لە 16-3-1988 دا ڕژێمی بەعسی عێراق كۆمەڵكوژییەكی گەورەی بە چەكی كیمیایی دژ بە خەڵكی بێتاوانی هەڵەبجە ئەنجام دا، لە لە ئاكامدا زیاتر لە پێنج هەزار منداڵ و ژن و پیر ژیانیان لێسەندرایەوە و بە هەزارانیش بریندار بوون. لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا لەمەراسیمى یادى هەڵەبجەدا، سکرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان، محەمەدى حاجى مەحموود قسەى بۆ ڕۆژنامەنوسان کرد. لەبەشێکى قسەکانیدا وتى: دەبوایە حکومەتى عێراق قەرەبووى هەڵەبجەى بکردایەتەوەو داواى لێببوردنى لە خەڵکەکەى بکردایە، بەڵام ئێستا پارێزگابوونى هەڵەبجەشى بەستوەتەوە بە تەلەغفەرو چەند ناوچەیەکى ترەوە. محەمەدى حاجى مەحموود وتیشى: لەیادى هەڵەبجەش بەڕاستى لام سەیربوو ئەمڕۆ ئەو ئاڵایەى کە هەڵەبجە لەژێریدا بۆمبارانکراو کیمیاى لێدرا، ئێستا ئەو ئاڵایە لێرە هەڵواسرابوو تەنها سێ ئەستێرەکەى لێ لابراوە. ئەو ئاماژەى بۆ ئەوەکرد دەبوایە حکومەتى هەرێم ئەمڕۆى بکرایە بەپشوو، ئەو وتیشى: پشووەکەى عێراق بۆ کۆمەڵێک بابەتى تربوو، چواریان هیچى بەهەڵەبجەوە نەبووە. 37 ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژى 16ى ئازار ساڵى 1988 دەیان فڕۆکەى جەنگى بە زیاتر لە 200 بۆمبی کیمیایی بەچڕى ناوەندى شارى هەڵەبجە و دەورووبەریان بۆردوومانکرد. رووداوەکە هاوکات بوو لەگەڵ جەنگى هەشت ساڵەى نێوان عێراق- ئێران، کاتێک رۆژى 14ى ئازار سوپای ئێران ئۆپەراسیۆنى بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی هەڵەبجە، خورماڵ، بیارە و تەوێڵە، دەستپێکرد و توانیی بەشێکى ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکات، رژێمى عێراق دواى شکستهێنانى لە بەرپەرچدانەوەى هێرەشەکانى ئێران بۆردوومانەکانى بۆسەر هەڵەبجە و دەورووبەرى بە چەکی کۆکوژ چڕکردەوە.
