هەوڵەکانی عێراق بۆ جێگرتنەوەی غازی ئێرانی بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی 60 ڕۆژدا گرێبەستێک بۆ هاوردەکردنی غازی جەزائیر بۆ عێراق ڕابگەیەنرێت. بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەک کە قسەیان بۆ ماڵپەڕی "الطاقة" کردووە، گرێبەستەکە لە ماوەی دوو مانگدا ڕادەگەیەنرێت و کاتێکیش کە عێراق ژێرخانی بۆ هاوردەکردن تەواو دەکات، دەست بە هەناردەکردنی دەکرێت.   دوای بڕیاری ئیدارەی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە لێخۆشبوونی هاوردەکردنی وزە لە ئێرانەوە، عێراق هەوڵدەدات پێش هاتنی وەرزی گەرما سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین بکات و گازی شل یەکێکە لە چارەسەرەکان. ئەم بابەتەش بەندە بە تەواوبوونی ئامادەکارییەکانی ژێرخانی ئابووری چ لە بەندەری خور زوبەیر یان بەندەری فاو. بەگوێرەی سەرچاوەکە، عێراق ئێستا کار لەسەر ئامادەکردنی ژێرخانی بەندەری خور زوبەیر لە پارێزگای بەسره دەکات، بەمەبەستی هاوردەکردنی گازی شل کە ڕەنگە 3 بۆ 5 مانگ بخایەنێت. بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، گرێبەستی گازی شلکراوی جەزائیر لەگەڵ عێراق پاڵپشتی کەرتی کارەبای بەغدا دەکات لە هاوینی 2025 یان لە سەرەتای زستاندا.

  بەپێی ئامارەکانی دادگاکانی بەرامبەر چوار حاڵەتی هاوسەرگیریی حاڵەتێکی جیابونەوە تۆمارکراوە، بەراورد بە 2023 لە هەولێر جیابوونەوە کەمی کردووە و هاوسەرگیری زیادی کردووە، بەڵام لە سلێمانی جیابوونەوە زیادی کردووە و هاوسەگیریش کەمی کردووە. بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و گەرمیان بەم شێوەیەیە کە لە هەولێر زیادی کردووە و لە سلێمانی کەمی کردووە؛ هەولێر: 17591 بەراورد بە 2023 زیادی کردووە سلێمانی: 18522 بەراورد بە 2024 کەمی کردووە دهۆک: 12199 بەراورد بە 2023 کەمی کردووە گەرمیان: 2706 بەراورد بە 2023 زیادی کردووە. سەبارەت بە ئامارەکانی 2024، جیابوونەوە رێژەی24.27%ـی حاڵەتەکانی هاوسەرگیریی پێکدەهێنێت و زۆرترین جیابونەوەش لەدادگاکانی سلێمانی تۆمارکراوە و گەرمیان کەمترین جیابوونەوەی تێدا بووە، بەپێی دەستەی دادوەری هەرێمی کوردستان ئامارەکان بەم شێوەیەیە: هەولێر: 3878 حاڵەتی جیابونەوە سلێمانی: 5745 حاڵەتی جیابونەوە دهۆک: 2033 حاڵەتی جیابونەوە گەرمیان: 728 حاڵەتی جیابونەوە. لە هەولێر زۆرترین ئاماری رێپێدان هەبووە بۆ ژنی دووەم کە 45 حاڵەت بووە، دوای ئەویش دهۆک دێت بە 34 حاڵەت، سلێمانیش لە پلەی سێیەم دێت بە 19 رێپێدان، هەروەها لە دادگاکانی گەرمیان هیچ رێپێدانێک بۆ ژنی دووەم تۆمار نەکراوە. سەبارەت بە هۆکارەکانی جیابونەوە لە دادگاکانی هەولێر وەک لە ئامارەکاندا هاتووە، 1068 هاوسەر بەهۆی نەگونجان لەگەڵ یەکتر جیابوونەتەوە کە زۆرترینە، دوای ئەویش هۆکاری کۆمەڵایەتییە بە 211 حاڵەت، هەروەها 129 بەهۆی ئامێرەکانی مۆبایلەوە بووە.

  ئەندامى کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە ڕایگەیاند، پێویستە نەورۆزی 2025 نەورۆزی ئازادکردنی ئۆجالان بێت، چونکە ئازادکردنی ئۆجالان و چارەسەری کێشەی کورد گرێدراوی یەکن. موراد قەرەیلان لە بەشێکى ترى چاوپێکەوتنەکەیداا لەگەڵ سترێک تیڤی رایگەیاند، پڕۆسەی ئاشتی بۆ گەلی کورد و تورکیش گرنگە و بۆ سەرخستنیشی دەبێت زەمینە بڕەخسێندرێت و زمانی دەوڵەت ئاشتیانە بێت نەک زمانێکی دوژمندارییانە. قەرەیلان جەختیکردەوە، ئەوان بە تەواوی پابەندی بڕیارەکانی ئۆجەلانن، “بە دڵنیاییەوە باوەڕمان پێیەتی و هاوڕای ئەوین. بەڵام ئەگەر دەوڵەت ئامادە نەبێت بۆ ئەمە و بڵێت بە چەکەوە دەتاننێژین، ئێمە چۆکدا نادەین و بژاردەی سیاسی و سەربازی خۆمان هەیە بە حوکمی ئەو 41 ساڵ پاشخانەی هەمانە و خۆمان لە هەر جۆرە هێرشێک دەپارێزین”.  ئەو وتیشى: ئێمە ئامادەین بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی ڕێبەر ئاپۆ و بۆ ئەمەش هەوڵ دەدەین. بۆ ئەمە پێویستە دەوڵەت ڕێگە لە بەردەم ڕێبەردا بکاتەوە تا بە کردەیی هاوکار بێت لەگەڵمان. مادام باس لە ئاشتی دەکرێت پێویستە ژمارەیەک شت قبوڵ بکات. بەم جۆرە چەک پەراوێز دەخرێت. وەک ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت خەباتی چەکداری دەگۆڕێت بۆ زەمینەی سیاسی و یاسایی. ئێمە دەتوانین ئەمە بکەین بەڵام پێویستە لایەنی بەرامبەر دروست تاوتوێی ئەمە بکات”.  موراد قەرەیلان دەشڵێت “ئەمە بە نە خوێندنەوەی بەرامبەر، قسە فڕێدان و شەڕی دەرونی و جموجۆڵ تاکلایەنە بەدی نایەت. بە کورتییەکەی ئێمە هەم بۆ ئاشتی چارەسەری پرسەکە ئامادەین وەک ئەوەی لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆدا هاتووە، هەم ئەگەر دەوڵەت ئەمە قبوڵ نەکات ئامادەین بۆ شەڕ”.  موراد قەرەیلان دەشڵێت، گەریلاکانیان خۆیان رادەستی تورکیا ناکەنەوە و گیان فیدایین، رایگشتی ئاگادارنییە لەوەی تەکنیکیان هەیە و دەتوانن تا 800 کیلۆمەتر ناوەڕاستی تورکیا بۆردومان بکەن.

سەرچاوەیەکى ئاگادار ڕاگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتى کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیى کوردستان لە هەولێر کۆدەبنەوە. بەگوێرەى زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان گفتوگۆیان لە بارەوە دەکرێت. ڕۆژى 16ـی ئازارى 2025 بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و مەسرور بارزانى، جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوە و جەختیان لەوەکردەوە، "لێکتێگەیشتنەکانیان ئەرێنییە و بەزووترین کات حکومەت پێکدەهێنن". رۆژى 17ـی ئازار قوباد تاڵەبانى، رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان و مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتى کوردستان لێکتێگەیشتنی باش دروست بووە لەسەر پرسە گرنگەکانی پەیوەندیدار بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو. رۆژى 4ـی شوباتی 2025، پێنجەمین کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو و لە راگەیەندراوێکى هاوبەشدا رایانگەیاند، لێكتێگه‌يشتنى هاوبه‌ش و رێككه‌وتنى سه‌ره‌تايى له‌سه‌ر زۆربه‌ى ته‌وه‌ره‌كان هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ و ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌كان ده‌خرێته به‌رده‌ستى ليژنه‌ى باڵاى دانوستانكارى هه‌ردوولا بۆ پەسەندکردنی. بەگوێرەى زانیارییەکان لە کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، رەشنووسی شێوازی حکومڕانیی هەرێمى کوردستان نووسراوەتەوە کە لە 17 لاپەڕە و 9 تەوەر پێکدێت. لە پاش ئەنجامدانى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، دوو جار شاندى باڵای یەکێتى و پارتى لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە. پارتى دیموکراتى کوردستان، 39 کورسى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستانى بەدەستهێناوە و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان 23 کورسى بەدەستهێناوە، هەردوولاش شاندى دانوستانکاریان پێکهێناوە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى دیکەش کۆبوونەتەوە.

  بەرپرسێکی بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، لە بۆردومانەكەی  بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، بارمتەیەكی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە کوژراوەو دوو بارمتەی دیکەش برینداربوون، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەلشیفەى غەززەش ڕایدەگەیەنێت هیچ سیستەمێکی تەندروستی ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەم ژمارە زۆرەى قوربانیەکان بکات. بەرەبەیانى ئەمڕۆ ئیسرائیل کۆتایی بە ئاگربەست هێنا و هێرشی ئاسمانیی بەرفراوانی کردە سەر کەرتی غەززە.  هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بە درێژایی شەو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوو، بەهۆیەوە زیاتر لە (٣٦٠) کەس کوژراون و بێسەروشوێن بوون، ئەمە جگە لەوەی دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون، بەگوێرەی ئامارەكانی نوسینگەی راگەیاندنی حکومەتی غەززە. محەمەد ئەبو سەلمیە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەلشیفە لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: لە هەر خولەکێکدا کەسێکی بریندار بەهۆی نەبوونی پێداویستیەکانەوە گیان لەدەست دەدات، تەنها ٤ قەرەوێڵەی چاودێری چڕمان هەیە. ئەو بەرپرسەى تەندروستى وتیشى: لە ژێر داروپەردوودا دەنگی قوربانییەکان دەبیستین، بەڵام ناتوانین ڕزگاریان بکەین، ئێستا بنەڕەتیترین پێکهاتەکانی سیستەمی تەندروستی لەم بارودۆخە هەستیارانەدا غیابن. لەلایەکى دیکەوە مەیجر مەحمود باسال، وتەبێژی بەرگری شارستانی لە غەززە ڕایگەیاند، "بەهۆى هێرش و کۆمەڵکوژیەی ئیسرائیل کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممەوە بەردەوامە، زیاتر لە 130 منداڵ لەخۆدەگرن، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر ژنیشیان تێدایە". بەسەل ئەوەشى ڕاگەیاندوە، ژمارەی بریندارانی سەختی لە نەخۆشخانەکان زۆر زۆرە، ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی بەرگری شارستانی توانای ئەوەیان نییە مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو ناوچانە بکەن کە بە ئامانج گیراون. بەرپرسێکى باڵاى زووتنەوەی  حەماسیش ڕایدەگەیەنێت: ئەمریکا کە پێشوەختە ئاگادار کراوەتەوە لەهێرشەکەى ئیسرائیل، هاوبەشی ڕاستەوخۆى شەرەکەیە، واشنتۆن  پشتیوانیەکى بێسنوورى ئیسرائیل دەکات و بەرپرسیارێتی تەواوەتی لە ئەستۆیە لە کۆمەڵکوژی و کوشتنی ژنان و منداڵان لە غەززە. بەرپرسەکەى بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، لە بۆردومانەكەی  بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، بارمتەیەكی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە کوژراوەو دوو بارمتەی دیکەش برینداربوون. ئاژانسی هەواڵی "مەعەن"ی، فەلەستینی، لە زاری ئەو سەرچاوەیەوە بڵاویکردەوە، ئەو روداوە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیەکانی ئیسرائیل بووە بۆ سەر کەرتی غەززە.

  عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامێکی بۆ گەلی ئێزدی ناردووە و تێیدا هاتووە، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی وەڵامە بۆ ٧٣ کۆمەڵکوژیی، ئەو پڕۆسەیەی، کە دەستمان پێکردووە زۆرترین بوون و ئازادیی بۆ گەلی ئێزدیمان دەهێنێت. لە چوارچێوەی بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک،ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، پەیامێکی بۆ گەلی ئێزدی ناردوە، دوێنێش لە ئاهەنگی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لە شنگال پەیامەکە خوێندرایەوە. لەبەشێکى ئەو پەیامەدا هاتووە: لە هەموو بارودۆخێکدا پشتگیری لە تێکۆشانی ئەوان دەکەم. ئازادیی ئێزدییەکان و ئازادی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە یەکەوە بەستراونەتەوە.  عەبدوڵا ئۆجەلان ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات لەم چوارچێوەیەدا، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی وەڵامە بەرانبەر بە ٧٣ کۆمەڵکوژیی دژی ئێزدییەکان. دەشڵێت: ئەو پڕۆسەیەی کە دەستمان پێکردووە زۆرترین بوون و ئازادی بۆ ئێزدییەکان بەدیدێنێت. ئەم بانگەوازە ڕێنیسانسە و زۆرترین ڕێنیسانس دەبێت بۆ گەلی ئێزدیمان. ئەم پڕۆسەیە بە هەست و تێکۆشانی هاوبەش سەردەکەوێت. دووبارە سڵاوی بێ پایانی خۆم دەنێرم. پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ گەلی ئێزدی بەم شێوەیەیە: “مێژووی گەلی ئێزدیمان مێژوویەکە کە بووەتە شایەتی کۆمەڵکوژی، ئاوارەیی، زوڵم و ئازاری گەورە. واتە بەو قۆناغ و تاقیکردنەوانەدا تێپەڕیوە. ئێزدیەتی یەکێکە لە باوەڕە هەرە کۆنەکان و کۆمەڵگە هەرە کۆنەکانی مێزۆپۆتامیا. بۆ پاراستنی کەلتوور، ناسنامە و بوونی خۆیان قوربانی گەورەیان داوە. تراژیدی و کۆمەڵکوژیی کە بەسەریاندا سەپێنراوە، نەک تەنها لە ویژدانی گەلەکەماندا، بەڵکو لە ویژدانی هاوبەشی مرۆڤایەتیشدا بە قووڵی جێگیر بووە. لە تەواوی مێژوودا ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، بە بەرگری کردن درێژەیان بە بوونی خۆیان داوە. لە سەدەی ڕابردوودا کۆمەڵکوژییەکان کە لە ئەنجامی هێرشەکانی خاوەن زهنییەتی دەوڵەتە نەتەوەییەکان ڕوویداوە لە ئاستی جینۆسایددا بوون. کۆمەڵکوژی شنگال لە ساڵی ٢٠١٤، بەردەوامی ئەو زهنییەتە بوو کە ئامانجی سڕینەوە و لەناوبردنی ئێزدییەکان بوو. بەڵام ئەمجارە گەلی ئێزدیمان بە زوویی گەیشتنە تێکۆشانی ئازادیی، خۆیان ڕێکخست و دەستیان بە بەرخۆدان کرد. بەم شێوەیە، بە بەرخۆدانێکی مێژوویی وەڵامی کۆمەڵکوژییەکانیان دایەوە. بەشداری ژنان لەم بەرخۆدانە زۆر بە واتایە. ئەوان کەوتوونەتە ئەو پڕۆسەیەی کە داهاتووی خۆیان بە دەستی خۆیان بوونیاد دەنێن. داهاتووی گەلی ئێزدیمان بە هێز و ئیرادەی ئەوان لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراتی کە پشت بە ئیرادەی دیموکراتی دەبەستێت شێوە دەگرێت و بەرجەستە دەبێت. پێویستە ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی وا پێکبهێنن کە بتوانن بە باوەڕی خۆیان بە شێوەیەکی ئازاد بژین. لەم قۆناغەدا کە ئێمە بیرمان دەکردەوە و پێی گەیشتین، دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتی بۆ پاراستنی هەبوونی مێژوویی و بەردەوامی پێدانی زۆر گرنگە. لەسەر بنەمای دیدگای کۆمەڵگەی دیموکراتی، داهاتوویەکی یەکسان و ئازاد بۆ گەلان دەتوانرێت درووست بکرێت. پێویستە ئێزدییەکان لە خەباتی دیموکراتیزەبوون و درووستکردنی کۆمەڵگەی دیموکراتی کە پشت بە ژیانێکی ئازاد و یەکسان دەبەستێت، ببنە هێزی چالاک و کارا. هیچ ڕوانگەیەک کە ئازادیی گەلی ئێزدیمان دان پێدا نەنێت و پشتگوێی بخات، نایاسایی و ناڕەوایە. پێویستە گەلی ئێزدیمان لە هەر شوێنێک هەبن بە خۆڕێکخستن داهاتووی خۆیان بخەنە ژێر پارێزگاری و ئاسایشی خۆیان مسۆگەر بکەن. تێکۆشان بۆ ژیانێکی ئازاد، یەکسان و دیموکراتی بەرپرسیارێتی هەموو گەلەکانمانە. بەم بۆنەیەوە، سڵاو لە تێکۆشانی گەلی ئێزدیمان دەکەم. دەمەوێت بڵێم؛ من لە هەموو بارودۆخێکدا پشتگیری لە تێکۆشانی ئەوان دەکەم. ئازادیی ئێزدییەکان و ئازادی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە یەکەوە بەستراونەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی وەڵامە بەرانبەر بە ٧٣ کۆمەڵکوژیی دژی ئێزدییەکان. ئەو پڕۆسەیەی کە دەستمان پێکردووە زۆرترین بوون و ئازادی بۆ ئێزدییەکان بەدیدێنێت. ئەم بانگەوازە ڕێنیسانسە و زۆرترین ڕێنیسانس دەبێت بۆ گەلی ئێزدیمان. ئەم پڕۆسەیە بە هەست و تێکۆشانی هاوبەش سەردەکەوێت. دووبارە سڵاوی بێ پایانی خۆم دەنێرم. عەبدوڵا ئۆجالان”

  ئەمڕۆ لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاداری 2025 بە سیستمی پەیرۆڵ بە تیمێکی تەکنیکیدا دەنێردرێتە بەغداد، پێشتریش 48 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بە کاش خرایە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، حکومەتی هەرێمیش چاوەڕێیە پێش جەژن مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی بۆ بنێردرێت. سەرچاوەیەکى ئاگادار لەوەزارەتى دارایی هەرێم، ڕایگەیاند تیمەکان بەردەوام خەریکى ئامادەکردنى لیستەکەبوون و بەرەبەیانى ئەمڕۆ لیستی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان تەواوکراوەو هەموو تێبینییەکانى تەیف سامی لەسەر لیستى مووچە چاککراوە. بڕیارە پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێ شەممە شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لەگەڵ خۆیاندا لیستەکە ببەنە بەغداد و رادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی بکەن. لیستی مووچەی مانگی سێ، هاوشێوەی پێشوو بە سیستمی "پەیرۆڵ" ئامادەکراوە، بەراورد بە مانگی دوو گۆڕانکارییەکی کەمی تێدا کراوە. پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی کوردستان شەوی دووشەممە (17ـی ئاداری 2025) رایگەیاند: "هەمو شتێك تەواو بووە و رۆژ سێشەممە لیستی مووچە بۆ بەغدا دەنێرین، حیسابی ئەوەشمان کردووە، ئەگەر بەغدا بیانوویەک بگرێت، پێنج بۆ شەش رۆژمان لەبەردەستە بۆ چاککردنی بیانووەکان. رۆژی دووشەممە 17ـی ئاداری 2025 وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوباتی 2025، کە بڕەکەی (48.722.239.000) چل و هەشت ملیار و حەوت سەدو بیست و دوو ملیۆن و دوو سەدو سی و نۆ هەزار دینارە، ، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. بەراورد بە مانگی رابردوو ئەو بڕە پارەیە زیاتر لە 3 ملیار و 172 ملیۆن دیناری کەمیکردووە. رۆژی 12ـی شوباتی2025، وەزارەتی دارایی رایگەیاند: بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی کانونی دووەمی 2025، کە بڕەکەی (51.895.457.877) پەنجاو یەک ملیارو هەشت سەدو نەوەدو پێنج ملیۆن و چوار سەدو پەنجاو حەوت هەزارو هەشت سەدو حەفتاو حەوت دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

ئاژانسی هەواڵی "بلۆمبێرگ"ی ئەمریكی، بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئاگاداری تورکیا لەو بابەتە، بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، کاردەکات بۆ رێكخستنی کۆبونەوەیەک لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، كە رەنگە تا کۆتایی مانگی نیسانی داهاتوو ئەنجامبدرێت.  سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەکردووە، پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا بۆ سەقامگیری ناوچەکە زۆر گرنگە، بەتایبەتی کە ئەنكەرە بە دوای رۆڵی گەورەتردا دەگەڕێت لە نێوەندگیریی ململانێکان لە ئۆکرانیا تا سوریا. لە شەڕی داعش لە سوریا، ئەمریکا هاوپەیمانی هێزێكی کوردی سوریایە، کە تورکیا بە گروپێکی تیرۆریستی ناویدەبات و ڕەخنەی توند لەم هەڵوێستەی ئەمریکا دەگرێت و بە ناپاكی لە هاوپەیمانێکی ناتۆی دەزانێت. هەروەها کڕینی سیستەمی بەرگری مووشەکی ئێس (٤٠٠)ی روسی لەلایەن تورکیاوە لە ساڵی (٢٠١٩)بووە هۆی سزاکانی ئەمریکا و دوورخستنەوەی ئەو وڵاتە لە بەرنامەی فڕۆکەی جەنگی ئێف (٣٥). ئەردۆغان، رۆژی یەکشەممەی رابردوو، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ ترەمپ قسەی کرد و، هەوڵەکانی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان روسیا و ئۆکرانیا و گەڕاندنەوەی سەقامگیری لە سوریا تاوتوێ کرد.

  موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبردنی پەکەکە رایگەیاند، سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند، دەبێت هەموو کەسێک ئەوە بزانێت ژمارەیەک لە هەڤاڵان، فەرماندە و جەنگاوەرانيان باوەڕیان بەوە نییە لەو دۆخەدا چەک دابنێن. ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەوڵەت دەڵێن دەبێت ئیلا ئاوا بکرێت و چەکدانان نابێت دوا بخرێت، ئەوە پێویستی بەوەیە زەمینەی بۆ ساز بکرێت. موراد قەرەیلان، لە میانی بەشداریکردن لە بەرنامەی تایبەتی کەناڵی ستێرک تیڤی لەبارەی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە ڕایگەیاند، نەورۆزی ئەمساڵ بە دروشمی بانگەوازەکەی ئۆجەلان کە "بانگەوازی کۆمەڵگای دیموکرات و ئاشتی"یە بەرز ڕادەگیرێت و ئازادی ئۆجەلان بە واتای ئازادی گەلی کورد و چارەسەرکردنی پرسی کورد دێت و ئاشتەوایی لە نێوان گەلانی کورد و تورک بەدی دێت.  قەرەیلان ئاماژە بەوە دەدات کە کەسانێک ڕەخساندنی هەلومەرج بۆ بەستنی کۆنگرەی پەکەکە وەک مەرج لە قەڵەم دەدەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە مەرج نییە بەڵکو پێویستییە.  جەختیشدەکاتەوە، دەبێت ڕێگە بە ڕێبەر ئاپۆ بدرێت لە پرۆسەکەدا چالاک بێت. واتا ئازاد بێت و ئازادانە جموجۆڵ بکات. “دەگوترێت پەیامەی ئۆجەلان بە ژمارەیەک لە هەڤاڵانمان دەگەیەندرێت کە لە گۆڕەپانەکە نین لە دەرەوەن یان زیندانیکراون. بەڵام ئەوە بەس بە گەیاندنی پەیام بەدی نایەت. بۆ نمونە ئەگەر کۆنگرە ببەسترێت دەبێت ڕێبەر ئاپۆ ئاگاداری تەواوی قۆناغەکان و ئەو بڕیارانە بێت کە دەدرێن”.  ”ڕاستە لەوانەیە نەکرێت بێتە کۆنگرەکە و لە دەرەوە بەشدار بێت، بۆ ئەمەش پێویستە دەرفەتی تەکنیکی بڕەخسێندرێت و شاندی ئیمراڵی هاتوچۆ بکات. دەبێت شاندەکە لە دیدگای ئۆجەلان ئاگادارمان بکاتەوە و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو هەڤاڵانەماندا بکرێت کە هێشتا ڕازی نەبوون بە دانانی چەک”.  قەرەیلان باسى لەوەشکردووە، دەبێت هەموو کەسێک ئەوە بزانێت ژمارەیەک لە هەڤاڵان، فەرماندە و جەنگاوەرانيان باوەڕیان بەوە نییە لەو دۆخەدا چەک دابنێن. ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەوڵەت دەڵێن دەبێت ئیلا ئاوا بکرێت و چەکدانان نابێت دوا بخرێت، ئەوە پێویستی بەوەیە زەمینەی بۆ ساز بکرێت. موراد قەرەیڵان ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان وەک پەکەکە دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان کە بە دەستپێشخەری دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە کۆنگرە ببەستێت، بە دەم داواکارییەکەی ئۆجەلانەوە چوون و پابەندی خۆیان بە بانگەوازەکەوە ڕاگەیاند و ئاگربەستیان ڕاگەیاند، بەڵام هێشتا هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە بەردەوامن و ناشتوانن لە دۆخێکدا کە لە شەڕدان چەک دابنێن و ئەمە پێویستی بە زەمینەسازییە.  قەرەیلان باسى لەوەکرد، تا ئێستا بەرپرسانی تورکیا بە پرۆسەکە دەڵێن “تورکیای بێ تیرۆر” و دەڵێت "ئەگەر ئەوەی ئێمە کردبمان تیرۆر بێت، ئەوا دەوڵەتی تورکیا کاری تیرۆریستی زیاتر ئەنجام داوە و لە باکورى کوردستان 17 هەزار و 525 تاوانی بکوژ نادیار بە دەستی دەوڵەت ئەنجام دراون. سەدان گوندەکان بە گوندنشیانی کورد چۆڵ کران و ژمارەی کوردە کوژراوەکانیش لەژمار نایەت. قسەکردن بەو زمانە خزمەت بە پرۆسەکە ناکات".  قەرەیلان هۆشداریشیدا لەوەی کەسانێک هەن لەنێو دەوڵەتی تورکیادا و کەسانێک هەن لە نێو کوردیشدا نایانەوێت پرۆسەکە سەربگرێت و دەیانەوێت لەباری ببەن. ئەوانەی دژی پرۆسەکەن بە زمانێکی ژەهراوی دەدوێن و هیچ ناگێڕنەوە، بەڵام ناکرێت گەورە بەرپرسانی حکومەتی تورکیا بەو جۆرە بدوێن. لە وەڵامی یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کە ڕاگەیاند بە هیچ جۆرێک ئاگربەست لەگەڵ پەکەکە ڕاناگەیەنن و دەبێت چەکەکانیان ڕادەست بکەنەوە، قەرەیلان دەڵێت: "ئەدی چۆن لەنێو شەڕدا پرۆسەکە بەڕەوە ببرێت؟ خۆی کێشەکە ئا ئەوەیە. بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە پێویستە کۆتایی بەو جۆرە قسانە بهێندرێت، چونکە ئەمە پرۆسەکە دەگەیەننە بنبەست".

  بڕیارە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە تەلەفۆن قسە بکەن؛ ئەمە بە هەنگاوێکی چارەنووسساز بۆ وەستاندنی شەڕی ئۆکرانیا دادەنرێت، کە ماوەی سێ ساڵە بەردەوامە.    هەردوولا، گەشبینیی خۆیان سەبارەت بە دانوستاندنەکانی ئەم دواییەی نێوان واشنتن و مۆسکۆ دەربڕیوە، بەڵام هاوڕابوون کە تەنیا پەیوەندییەکی ئاستی باڵا، دەتوانێت ئاڵۆزترین خاڵەکانی ئاگربەستێکی 30 رۆژە چارەسەر بکات.   ئۆکرانیا بە ئاگربەستەکە رازی بووە، بەڵام کیێڤ و ئەورووپا گومانیان هەیە لەوەی پووتین خاوەخاو بکات و پرسیار دەکەن؛ 'ئایا ترەمپ ئامادەیە گوشار لە سەرکردەیەک بکات، کە پێدەچێت بەنیازی ئەوە بێت پەیوەندییەکانی لەگەڵدا ئاسایی بکاتەوە؟'    ترەمپ رۆژی دووشەممە گوتی "بڕیارە پەیوەندییەکی زۆر گرنگمان (لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین) هەبێت. ئێمە دەگەینە قۆناخێکی زۆر گرنگ."    دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیدا (ترووس سۆشیاڵ)، ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، "رێککەوتن لەسەر زۆر خاڵی رێککەوتننامەی کۆتایی، کراوە."    گوتیشی "زۆر ئومێدم بەو پەیوەندییە لەگەڵ سەرۆک پووتین هەیە."   پووتین هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو؛ لایەنگری ئاگربەستە، بەڵام هۆشداریشی دا لەوەی "پرسیاری جیدی" سەبارەت بە چۆنیێتیی جێبەجێکردنی هەیە.   لە کاتێکدا مۆسکۆ بەشێکی باشوور و رۆژهەڵاتی ئۆکرانیای کۆنترۆڵکردووە، بەرپرسانی ئەمریکا بە روونی رایانگەیاندووە؛ پێدەچێت ئۆکراینا لە هەر رێککەوتنێکدا ناچار بێت بەشێکی خاکی وڵاتەکەی بەدەستەوە بدات.   ترەمپ، رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ئەو و پووتین باسی "دابەشکردنی هەندێک شت" دەکەن، لەوانە زەوی و وێستگەکانی کارەبا.

  فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە دوای رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەرەوە ئامانجی سەرەکی سیاسیەت و هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان ئەوەبووە عێراق لە ئاگری شەڕ دوربخەنەوە و لەوەشدا سەرکەوتووبوون. فواد حسێن قسەى بۆ میدیای فەرمی حکومەتی عێراق کردووە و دەڵێت، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بەردەوامە و پێویستیان بەکارکردنە لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا،  داوایانکردوە لەمساڵدا خولێکی دیکەی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا بەڕێوەبچێت، ئەمریکاش داوای لە عێراق نەکردوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ببچڕێنێت. وەزیری دەرەوەی عێراق دەشڵێت، “لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق پەیاممان پێگەیشتووە، کە ئاماژە بوون بۆ دەستپێکردنی زنجیرەیەک هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق، بەڵام لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکە سەرکەوتووبووین لەدورخستنەوەی عێراق لە هێرشەکان.” دەشڵێت، دوای روخانی رژێمی سوریا داعش چەک و تەقەمەنی زۆری دەستکەوتوە و مەترسی لەسەر عێراق و سوریا دروستدەکات.

  بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کەرتی غەززە ئەنجامدا، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان زیاتر لە ٣٥٠ کەس کوژراون کە ژمارەیەکیان کەسیان سەرکردەی حەماس بوون. نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززەی فەڵەستین دوایین ئامارەکانی قوربانیانی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە (18ـی ئاداری 2025)ی ئیسرائیلیان بۆ سەر کەرتی غەززە بڵاوکردەوە، کە لایەنی کەم ٣٥٠ کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون. نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە؛ فەرمان بە هێزی ئاسمانی کراوە بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بەرپرسانی بزوتنەوەی حەماس لەناو کەرتی غەززە ئەوەش بەهۆی پابەند نەبونیان بە ئازادکردنی بارمەتە ئیسرائیلییەکانەوە. نوسینگەی ناتانیاهۆ بڵاوی کردەوە: دەستپێکردنەوەی پڕۆسە سەربازی و هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر حەماس لە غەززە، بەهۆی رەتکردنەوەی پێشنیازێکی ئەمەریکا بووە لەلایەن حەماسەوە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست، لەئێستاوە ئیسرائیل هێزی زیاتر دژی حەماس بەکاردەهێنێت و پلانەکەش لەلایەن بەرپرسانی سەربازییەوە پێشنیاز کراوە و لەسەر ئاستی باڵای سیاسی پەسەندکراوە. بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆک وەزیران؛ سەرۆک وەزیر و وەزیری بەرگری فەرمانیان بە سوپا کردوە رێکاری بەهێز دژی حەماس بگرێتەبەر و بۆ ئەوەش سوپا و دەزگای ئاسایشی گشتی (شاباک) هێرشی ئاسمانی چڕیان کردوەتە سەر بەرپرسانی حەماس. بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بێت، هێرشەکان بەردەوام دەبن."   ئەو بەرپرسە گوتوویەتی، ئامانجی ئیسرائیل لەم هێرشە دا "فەرماندە پلە مامناوەندەکان، سەرکردەی سیاسی و ژێرخانی تیرۆرستیی حەماسە".   هەر بە گوتەی ئەو بەرپرسە، هێرشەکان لە سنووری هێرشی ئاسمانیدا نامێننەوە، بەڵکو فراوان دەبن.    رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ناونەهێنراوی ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل پێکردووە بۆ ئەوەی دەست بکاتەوە  بە هێرشکردنە سەر غەززە. 

مـ.ــوراد قـ.ـەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، داوادەکات گەلى کورد لەهەرچوارپارچەکەى کوردستان و وڵاتانى ئەوروپا بەفراوانى بەشدارى ئاهەنگەکانى نەورۆز بکەن، بەتایبەتى ئاهەنگى نەورۆزى شارى ئامەد. هەروەها جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە دروشمى سەرەکى ئاهەنگى نەورۆزى ئەمساڵ، نەورۆزى ئازادى ڕێبەر ئاپۆ بێت و ببێتە نەورۆزى چارەسەرى گەلێکى کورد. لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى ستێرک تیڤی، موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، یەوە باس لە دواین گۆڕانکارییەکان و پرسی ئاشتی و دانانی چەک دەکات. لەبەشێکى ئەو چاوپێکەوتنەکە بەگرنگیەوە باسى نەورۆز دەکات، دەڵێت نەورۆز وەک ڕۆژێکى پیرۆز پێشوازى لێدەکەین، دەستپێکى نەورۆز لەڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەم، لەدایکانى شەهید لە هەر چوارپارچەى کوردستان پیرۆزدەکەم، هەروەها جەژنى ڕەمەزان هەیە ئەوەش پیرۆزدەکەم لەتەواوى موسڵمانان و گەلى ئێمە. ئەو وتیشى: نەورۆزى ٢٠٢٥ وەک نەورۆزى ئازادى ڕێبەر ئاپۆ دادەنێین، ببێتە نەورۆزى چارەسەرى گەلێکى کورد، داوادەکەن هەوڵبدەن بەهەموو هەوڵ و هێزو تواناى خۆتانەوە ئامادەببن. موراد قەرەیلان بەپێویستى دەزانێت هەموو تاکێکى گەلى کوردو هەرکەس بەشداربێت لە نەورۆز، هەم لەکوردستان و هەم لە وڵاتانى ئەوروپا، ئەو وتى: نەورۆزى ئەمساڵ تایبەتمەندى خۆى هەیە، نەورۆز بکەنە جێگەیەک بۆ بانگەوازى ئازادى سەرۆک ئاپۆو پرسى چارەسەرى کورد.

  سەرچاوەیەکى باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەوەى ئاشکراکرد، کاتژمێر 11ـى شەوی رابردوو سەرجەم گەنجینەکان لیستی مووچەی مانگی سێیان تەواوکرد و دەسبەجێ ناردوویانە، بەڵام تیمى وەزارەت فریا نەکەوتن ئەمڕۆ لیستی مووچە ئامادە بکەن. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، لە دەستپێکى دەوامى ئەمڕۆوە تیمێک لە بەڕێوەبەرایەتیی ژمێریاریی وەزارەت سەرقاڵی وردبینییە و تائێستا بەشێکی زۆری کارەکان تەواوکراون، چونکە لیستەکە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی تێدا نەکراوە و هەمان لیستی مانگی شوباتە، لە ماوەى یەک دوو رۆژی داهاتوودا ئامادە دەبێت و ڕەوانەى وەزارەتى دارایی فیدراڵى دەکرێت. سەرچاوەکە وتیشى: لانیکەم 700 هەزار مووچە خۆر ناویان لەڕێی سیستمی پایڕۆڵ ئامادەکراوە و کەمتر لە 200 هەزار مووچەخۆر ماون ناویان تۆمار بکرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستیی تایبەت بە سیستمی کۆن لیستەکەیان ئامادە دەکرێت، ئەوانیش وردبینی بۆ دەکرێت و لە یەک دوورۆژی داهاتوودا ئامادە دەبێت. سەرچاوە باڵاکە لە وەزارەتى دارایی دەڵێت، بۆ ئەم مانگەش تیمی تەکنیکی لیستەکە دەبەنە بەغداد، رەنگە بەغداد پێش جەژنى رەمەزان مووچە بنێرێت. گوتیشی، کێشەى ئەوتۆ نییە ببێتە رێگر لەبەردەم ناردنى مووچە، تەنها گۆڕینی بەڕێوەبەری ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق هەیە، چونکە نازانین ئەم بەڕێوەبەرە نوێیە مامەڵەی لەگەڵ لیستی مووچەى هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت. هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە بۆ ئەوەی پێش جەژنی ڕەمەزان مووچەی مانگی سێ دابەش بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە هەفتەی ڕابردووەوە سەرجەم وەزارەتەکان ڕاسپێردراون لیستی نوێی مووچە بەخێرایی ئامادە بکەن.

هاوڵاتى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەى توند لە ئێران و حوسییەکانى یەمەن دەکات، دەڵێت "لەمەودوا حووسییەکان تەقەیەک بکەن، وا سەیری دەکەین ئێران کردبێتی و ئەگەر هێرش بکەن، لێپێچینەوە لە ئێران دەکەین". سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نوسیویەتى، با کەس فریو نەدرێت ئەو سەدان هێرشەی کە لەلایەن حوسییەکانەوە دەکرێت، حوسییە بەڵتەجییەكان بنکەکانیان لە یەمەنە، لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت و ئەو دروستیكردوون، بەڵام لەلایەن گەلی یەمەن ڕقیان لێیانە. لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، حووسییەکان دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دەریای سوور، کەنداوی عومان و ناوچەکە، ئەوەش بە گوتەی خۆیان، وەک سەرخستنێک و پشتیوانییەک بۆ خەڵکی فەلەستین.  سەرۆکى ئەمریکا لەپەیامەکیدا هۆشدارى دەدات و دەشڵیت: هەر هێرشێکی دیکە یان تۆڵەسەندنەوەیەکی دیکە لەلایەن حوسییەکانەوە بکرێت، ئەوا بە هێزێکی زۆرەوە بەرەوڕوویان دەبینەوە، هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئەو هێزە لەوێدا بوەستێت. ترەمپ جەخت لەسەر ئەوەکردەوە هەر هێرشێكی تر یاخود وەڵامدانەوە لەلایەن حوسییەكانی یەمەنەوە، بەشێوەیەكی زۆر بەهێز وەڵامدەدرێتەوە.  هەروەها وتیشى: ئێران رۆڵی قوربانییەكی بێتاوان دەبینێت بۆ تیرۆرستە لە یاسادەرچووەكان كە كۆنترۆڵیان لەدەستداوە، بەڵام وانییە، ئەوان چەك و پارەو كەلوپەلی سەربازیی و تەنانەت زانیاری هەواڵگریشیان پێدەدەن.  لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا سەرۆکى ئەمریکا دەڵێت: هەر فیشەكێك كە لەلایەن حوسییەكانەوە تەقێندراوە، لەمەودوا وا تەماشا دەكرێت كە بەچەك و فەرماندەیی ئێران تەقێندراوەو ئێران بەرپرسیارێتییەكەی دەگرێتەئەستۆو ئاكامی ترسناكی دەبێت. ئێوارەی رۆژی شەممە، حووسییەکان رایانگەیاند، ژمارەیەک شوێنی ژێر کۆنترۆڵیان بۆردوومانکراون. ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، پێشانیدەدەن دووکەڵی رەش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا بەرزدەبێتەوە کە بنکەیەکی سەربازیشی لێیە.    هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکان چەند رۆژێک دوای ئەوە دێن کە گرووپە چەکدارەکە رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتەوە سەر غەززە، ئەوا دەست بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل دەکەنەوە. بەڵام لەو کاتەوە هیچ هێرشێکیان نەکردووە.   هەر ئەم مانگە، پێچەوانەی رێککەوتنی ئاگربەست و یاسای نێودەوڵەتی، ئیسرائیل گەمارۆی تەواوی خستەوە سەر کەرتی غەززە و رۆیشتنی هەموو یارمەتی و کەلوپەلێکی بۆ ناوچە فەلەستینییەکە وەستاند. هەروەها هەڕەشەی کرد، رێکاری زیاتر بگرێتەبەر ئەگەر حەماس بە درێژکردنەوەی قۆناخی یەکەمی ئاگربەست رازینەبێت، لە کاتێکدا گفتوگۆ لەسەر دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی ئاگربەست بەردەوامن.    لە هێرشەکانی رابردوودا، حووسییەکان زیاتر لە 100 کەشتییان بە مووشەک و درۆن بە ئامانج گرتوون، دوو کەشتییان نوقمکردووە و چوار دەریاوانیان کوشتووە.