بەگوێرەی پێشبینییەکانى کەشناسى بۆ کەشوهەواى 48 کاتژمێرى داهاتو، باران بارین و سەرما دەستپێدەکات. بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسى و بومەلەرزەزانى سلێمانى پێشبینى دەکات کە لەمڕۆوە پلەکانى گەرما نزم ببێتەوەو لەسبەینێشەوە دابارین بەشێوەی نمە باران لەناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم دەست پێ دەکات. کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ دوو شەممە17- 03- 2025 کەش / ئاسمان بەگشتی نیمچە هەور دەبێت . خێراى با / لەسەرخۆ ( 5 – 15 )کم/س دەبێت . ئاراستەی با /ئاراستە گۆڕاو دەبێت . پلەکانی گەرما بەگشتی نزم دەبێتەوە بە نزیکەی ( 1 – 3 ) پلەى سیلیزى لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ زیاتر لەناوچە بەرزەکاندا وەک لەسەر نەخشەى خوارەوە ئاماژەى پێدراوە . مەوداى بینین / 8 – 10 کم دەبێت. سبەی سێ شەممە 18- 03- 2025 کەش/ ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەور تەواو دەگۆڕێت , لەکاتەکانی ئێوارە دابارین بەشێوەی نمە باران لەناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم دەست پێ دەکات پاشان کاریگەری درێژدەبیتەوە بۆ ناوچە سنووریەکانی باکوورلەگەل کەمیک بەفر بارین وە لەکاتەکانی درەنگانی شەو نمە باران زۆربەی ناوچە کانی هەرێم دەگرێتەوە کەهەندی جار هەورە بروسکەو تاوە بارانیشی لەگەل دەبێت زیاتر لەناوچە شاخاوییەکان. . خێراى با / لەسەرخۆ - مامناوەند ( 5 – 15 )کم/س دەبێت. لەکاتەکانی ئیوارە کەمێک چالاک دەبێت. بۆ سەروی 20 کم/س ئاراستەی با / باشووری خۆرهەڵات دەبێت . پلەکانی گەرما / نزم دەبێتەوە بەنزیکەی (2-4) پلە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ بەتایبەتی لەناوچە شاخاوییەکاندا وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەوداى بینین / 6 – 8 کم دەبێت. لەکات و شوێنی دابارین لەنێوان (5-7) کم دەبێت بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 27 پلەی سیلیزی سلێمانی : 22 پلەی سیلیزی دهۆک : 22 پلەی سیلیزی کەرکوک : 28 پلەی سیلیزی زاخۆ : 23 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 23 پلەی سیلیزی سۆران : 24 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 12 پلەی سیلیزی گەرمیان : 27 پلەی سیلیزی
وتەبێژى وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە هەڕەشەکانی ترەمپ ڕایدەگەیەنێت هەر پێشێلکارییەک بەرامبەر خاک و بەرژەوەندییەکانمان بکرێت وەڵامى توندمان دەبێت بۆى لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی ئازار بەڕێوەچوو، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامى چەند پرسیارێکى ڕۆژنامەنوسانى دایەوە. سەبارەت بەوەڵامدانەوەى نامەکەى دۆناڵد ترەمپ، وتەبێژەکەى وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتى: ئێمە هیچ نیازێکمان نییە ناوەڕۆکی پەیامەکەی ترەمپ بڵاوبکەینەوە و ئەوەی لە میدیاکاندا لەبارەیەوە بڵاودەکرێتەوە ورد نییە. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەرۆکى ئەمریکا بۆ ئێران هاوشێوەی لێدوانەکانییەتی و شتێکى گشتیە زیاتر، ئیسماعیل بەقائى وتیشى: دوای لێکۆڵینەوە لە پەیامەکەی ترەمپ وەڵامێکمان بۆ نامەکەى دەبێت. سەبارەت بەگەشتەکەی وەزیری دەرەوە بۆ عومان کە پەیوەندى بە نامەکەى ترەمپەوە هەیە، وتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئێران وتى: گەشتەکەی وەزیری دەرەوە بۆ عومان هیچ پەیوەندییەکی بەم نامەیەوە نەبوو و پێشوەختە پلانی بۆ دانرابوو، ئێمە لەڕێگەى گونجاوەوە وەڵامى نامەکە دەدەینەوە. ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە وەڵامی ئێران چی دەبێت بۆ هەڕەشەکانى ئەمریکا سەبارەت بە ئێران، ئەو وتى: ئێمە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەدەینەوە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی ئێران، ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران و هیچ گومانێک لەوەدا نییە. هەروەها ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، هێرشکردنە سەر خەڵکى خۆڕاگر و قارەمانی یەمەن لەلایەن ئەمریکاوە، ڕێگایەکە بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکانی خۆیان لە ماوەی ٢٠ مانگی ڕابردوودا. ناوبراو وتیشى: هەروەک پێشتر بیستوتانە گەلی یەمەن و حکومەتی یەمەن بە شێوەیەکی سەربەخۆ بڕیار لەسەر ئەو کارانە دەدەن کە بە پێویستی دەزانن بۆ پشتیوانیکردن لە فەلەستین و ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ بڕیارەکانی یەمەنییەکان و پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕەوای گەلی فەلەستین.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ لە ئۆکراین، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سبەی قسە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا دەکات. ترەمپ لەنێو فڕۆکەکەیدا بە رۆژنامەنووسانی گوت، “زۆرێک لە کارەکان تەواوبوون و سبەی قسە لەگەڵ سەرۆک پوتن دەکەم، زۆر بابەت گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە لەگەڵ روسیا و ئۆکراینیش، لەنێویاندا پرۆسەی دابەشکردنی زەوی و وێستگە کارەباییەکان لەنێوان هەردوو وڵاتەکە.” ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە لەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ بووەتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا بەردەوامە لە فشارخستنەسەر روسیا بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی ئۆکراین کە سێ ساڵە بەردەوامی هەیە. پەیوەندییەکە دوای ئەوەش دێت ئەم هەفتەیە ئۆکراین رەزامەندی دەربڕی بەرامبەر بە پێشنیازی ئەمریکا بۆ ئاگربەستیی کاتیی 30 رۆژەی جەنگ بەو مەرجەی روسیاش بە ئاگربەستەکەوە پابەندبێت. ترەمپ هەوڵدەدات پاڵپشتی پوتین بۆ پێشنیازی ئاگربەستی 30 ڕۆژە بەدەستبهێنێت کە ئۆکرانیا هەفتەی ڕابردوو قبوڵیان کرد، تەنانەت لە کاتێکدا هەردوولا لە کۆتایی هەفتەدا بەردەوام بوون لە هێرشە ئاسمانییە توندەکان و ڕووسیا لە دەرکردنی هێزەکانی ئۆکرانیا لەو ناوچەیەی چەند مانگێکە لە کورسکی ڕۆژئاوای ڕووسیا نزیک بووەوە. رۆژی یەکشەممە، بەرپرسانی ئەمریکا گەشبینیی خۆیان بەرامبەر ئاگربەست نیشاندا، دوای ئەوەی لە دوو هەفتەی رابردوودا دوو جار لە سعودیە دانوستاندن کرا. واشنتن و وڵاتانی ئەورووپا هەوڵ دەدەن گوشار لە مۆسکۆ بکەن بە وەستاندنی شەڕ رازی بێت، بەڵام پووتین دەڵێت، ئەوە بێ مەرج نابێت. ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ دانوستاندنەکانی جەنگی ئۆکراینا چەند رۆژێک لەمەوبەر، بە کەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاند، "ئەم هەفتەیە هەردوو سەرۆک گفتوگۆیەکی زۆر باش و ئەرێنییان دەبێت." بە گوتەی ویتکۆف، "ترەمپ پێشبینی دەکات لە چەند هەفتەی داهاتوودا جۆرێک لە رێککەوتن بەدیبهێندرێت، منیش بڕوام وایە وا دەبێت." رۆژی شەممە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کرێملنی تۆمەتبار کرد بەوەی نایەوێت کۆتایی بە جەنگ بێنێت؛ هۆشداریی دا، مۆسکۆ دەیەوێت "سەرەتا پێگەی خۆی لە گۆڕەپانی جەنگ بەهێز بکات" و دواتر لەسەر مێز دەست بە گفتوگۆ بکات.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانى نەوتى هەرێمى کوردستان بەردەوامە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە تەکنیکییەکانى بەردەم هەناردەکردنەوەى نەوت. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "محەمەد شیا ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی تورکیا پێشوازی لە وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا، ئەلپەرسلان بەیرەکتەری کرد. لەو دیدارەدا سودانى ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەت هەوڵی زۆر دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە"، هەر بەپێى ڕاگەیەندراوەکە سودانى وتویەتى "دانوستاندنەکان بەردەوامن لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت کە گرێبەستیان لەگەڵ هەرێم هەیە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی تەکنیکی پەیوەست بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن". بەگوێرەی بەیاننامەکە، سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە "پەرۆشی حکومەت بۆ بەرزکردنەوەی هاریکاری هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکان لە کەرتە جیاجیاکاندا، جگە لە هاریکاری لە کەرتی وزە، سەرچاوەکانی کە حکومەت کار بۆ هەمەچەشنکردنی دەکات، لەوانەش زیادکردنی پێدانی کارەبا لە ڕێگەی پێکەوەگرێدانی هاوبەشەوە. جگە لە جەختکردنەوە لەسەر بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش لە کەرتی ئاو، بۆ دڵنیابوون لە هاوردەکردنی ئاوی بەردەوام بۆ عێراق. لای خۆیەوە، بایراکتار "ویستی وڵاتەکەی بۆ هاوکاری زیاتر لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا دەربڕی، لەوانەش پڕۆژەی پاڵاوگە و پترۆکیمیایی، هەروەها گرنگی هەناردەکردنی نەوت لە بەسرە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە"، ئاماژەی بە "پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و ئەو دەرفەتە بەڵێندەرانەی وەبەرهێنان کرد کە لەخۆی دەگرێت". لەلایەکى دیکەوە وەزیرانی کارەبای عێراق و تورکیا رێککەوتن لەسەر زیادکردنی بڕی کارەبای عێراق لە ڕێگەی تۆری کارەبای تورکیاوە بۆ 600 مێگاوات. لە راگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزیری کارەبای عێراقدا هاتووە، زیاد عەلی فازڵ وەزیری کارەبا پێشوازی لە ئاڵپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا و شاندی یاوەریکردووە لە بارەگای وەزارەت لە بەغداد . بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، وەزیری کارەبا جەختیکردووەتەوە کە وەزارەتەکەیان سەرجەم ڕێوشوێنە لۆجستی و تەکنیکییەکانی تەواو کردووە بۆ زیادکردنی توانای دابینکردن لە ڕێگەی تۆری کارەبای عێراق و تورکیاوە.
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، ماڵی خێزانێکی کوردی لە کۆبانێ کۆمەڵکوژ کرد و لەیەک هێرشدا نۆ ئەندامی خێزانەکەی کوشت و دوو کەسیشیان برینداربوون. ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بڵاوی کردەوە؛ شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، هێرشێکی ئاسمانیان بۆ سەر کێڵگەیەکی کشتوکاڵی خێزانێک لە نێوان هەردوو گوندی قۆمجی و بەرخ بۆتان ئەنجامدا و بەهۆیەوە نۆ ئەندامی خێزانەکە گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەشیان بە سەختی برینداربوون. بەپێی راگەیەندراوەکە؛ قوربانییەکان منداڵەکان بەناوی (ئاهین، دیجلە، دلۆڤان، یاسر، عەزیزە، ساڵیحە، ئاڤێستا) و باوکەکە بەناوی عوسمان و دایکەکە بەناوی غەزالە گیانیان لەدەەستداوە و دوو منداڵی دیکەی خێزانەکەش بەناوەکانی رۆنیدا و نارین برینداربوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە. هێرشەکەی تورکیا، درەنگانی شەوی رابردوو ئەنجامدراوە، لەوکاتەی خێزانەکە لەناو کێڵگەکەی خۆیان لە خەودا بوون، دوای رۆژێکی درێژی کارکردن لە کێڵگە کشتوکاڵییەکەیان.
ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریکا، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاشکرای کرد، عێراق لە مانگی شوباتی ٢٠٢٥دا نزیکەی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی بۆ ئەمریکا هەناردە کردووە. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئابووری باسی لەوە کردووە کە هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ ئەمریکا لە ماوەی مانگی شوباتدا لە 6.23 ملیۆن بەرمیل لە مانگی یەکدا بۆ 4.9 ملیۆن بەرمیل لە مانگی شوباتی 2025 دابەزیوە. بەپێی ئەو ئامارانەی لە هەفتەی چوارەمی مانگی شوباتدا، عێراق بە تێکڕا 257 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا هەناردەی ئەمریکا کردووە، لە هەفتەی دووەمدا 228 هەزار بەرمیل، لە هەفتەی سێیەمدا ڕۆژانە 46 هەزار بەرمیل و لە هەفتەی چوارەمدا ڕۆژانە 170 هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردە کردووە. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئابووری ئاماژەی بەوەدا کە عێراق لە ماوەی مانگی شوباتدا شەشەم وڵاتی هەناردەکاری نەوتە بۆ ئەمریکا، دوای کەنەدا کە گەورەترین وڵاتی دابینکەری نەوت بووە بۆ ئەمریکا، مەکسیک، سعودیە، بەرازیل و ڤەنزوێلا. هەروەها عێراق دووەم گەورەترین وڵاتی دابینکەری نەوتی ئەمریکا بوو لە ناوچەی عەرەبی، دوای سعودیە و لیبیا. بەپێی ڕاپۆرتێکی مانگانەی نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا، عێراق لە ماوەی مانگی یەکی ساڵی 2025 بە بەهای 442 ملیۆن دۆلار نەوتی بۆ ئەمریکا هەناردە کردووە، کە کۆی گشتی نەوتی هەناردەی ئەمریکا بووە، کە 5.62 ملیۆن بەرمیل بووە. لە ساڵی ٢٠٢٤دا هەناردەی نەوتی خاو و وەرگیراوەکانی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا ٩٥ ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاند.
پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی یەکێک لە تۆمەتبارانی هەڵکوتانە سەر رێستۆرانتەکەی سلێمانی راگەیاند، جەختیشدەكات لەوەی لە گەڕان بەدوای تۆمەتبارەکانی دیکەدا بەردەوامە. پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندووە، شەوی رابردوو لە رێستۆرانتی فانسی لە شاری سلێمانی شەڕ و ئاڵۆزی دروست بوو و تەقەکراوە، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی بەردەوام بوون لە گەڕان و بەدواداچوونەکان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران، سەرئەنجام یەکێک لە تۆمەتبارەکان خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کرد. ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەدا دەستگیراوە بەسەر چەکێک لە جۆری دەمانچەی تورکیداو، لە ئێستادا تۆمەتبار (ز،ح،ع ) بەبڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەردەوامە. پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، هێزەکانمان بەردەوامن لە گەڕان بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی دیکە کە لەلایەن دادوەرەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە.
سکرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان، لەیادى هەڵەبجەدا ڕەخنەى توند لە حکومەتى عێراق دەگرێت و دەڵێت: دەبوایە حکومەتى عێراق قەرەبووى هەڵەبجەى بکردایەتەوەو داواى لێببوردنى لەخەڵکەکەى بکردایە، بەڵام ئێستا ڕیگرن لەوەى بکرێتە پارێزگاش. بەر لە 37ساڵ و لە 16-3-1988 دا ڕژێمی بەعسی عێراق كۆمەڵكوژییەكی گەورەی بە چەكی كیمیایی دژ بە خەڵكی بێتاوانی هەڵەبجە ئەنجام دا، لە لە ئاكامدا زیاتر لە پێنج هەزار منداڵ و ژن و پیر ژیانیان لێسەندرایەوە و بە هەزارانیش بریندار بوون. لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا لەمەراسیمى یادى هەڵەبجەدا، سکرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان، محەمەدى حاجى مەحموود قسەى بۆ ڕۆژنامەنوسان کرد. لەبەشێکى قسەکانیدا وتى: دەبوایە حکومەتى عێراق قەرەبووى هەڵەبجەى بکردایەتەوەو داواى لێببوردنى لە خەڵکەکەى بکردایە، بەڵام ئێستا پارێزگابوونى هەڵەبجەشى بەستوەتەوە بە تەلەغفەرو چەند ناوچەیەکى ترەوە. محەمەدى حاجى مەحموود وتیشى: لەیادى هەڵەبجەش بەڕاستى لام سەیربوو ئەمڕۆ ئەو ئاڵایەى کە هەڵەبجە لەژێریدا بۆمبارانکراو کیمیاى لێدرا، ئێستا ئەو ئاڵایە لێرە هەڵواسرابوو تەنها سێ ئەستێرەکەى لێ لابراوە. ئەو ئاماژەى بۆ ئەوەکرد دەبوایە حکومەتى هەرێم ئەمڕۆى بکرایە بەپشوو، ئەو وتیشى: پشووەکەى عێراق بۆ کۆمەڵێک بابەتى تربوو، چواریان هیچى بەهەڵەبجەوە نەبووە. 37 ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژى 16ى ئازار ساڵى 1988 دەیان فڕۆکەى جەنگى بە زیاتر لە 200 بۆمبی کیمیایی بەچڕى ناوەندى شارى هەڵەبجە و دەورووبەریان بۆردوومانکرد. رووداوەکە هاوکات بوو لەگەڵ جەنگى هەشت ساڵەى نێوان عێراق- ئێران، کاتێک رۆژى 14ى ئازار سوپای ئێران ئۆپەراسیۆنى بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی هەڵەبجە، خورماڵ، بیارە و تەوێڵە، دەستپێکرد و توانیی بەشێکى ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکات، رژێمى عێراق دواى شکستهێنانى لە بەرپەرچدانەوەى هێرەشەکانى ئێران بۆردوومانەکانى بۆسەر هەڵەبجە و دەورووبەرى بە چەکی کۆکوژ چڕکردەوە.
هەرچەندە بڕیاربوو نۆى ئەم مانگە شێروان شێروانی، یەکێک لە حوکمدراوانی بادینان، بە ئازادکردنی بە مەرج ئازاد بکرێت دواى سێ جار دواخستنى ئەمڕۆش دادوەری دۆسیەکە رەتیکردەوە ئازادی بکات. ڕەمەزان ئەرتیسی، یەکێک لە پارێزەرانی شێروان شێروانی، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند: لە یەکشەممەی رابردووەوە لە هەوڵداین بۆ ئازادکردنی شێروان شێروانی، بەڵام ئەمڕۆ دادوەر رەتیکردەوە بە ئازادکردنی بەمەرج ئازادی بکات. هەروەها محەمەد عەبدوڵڵا، یەکێکى دیکە لە پارێزەری شێروان شێروانی ئەوەى وت: جارێکی تر ستەم کردن لە شێروان شێروانی کراو دادوەر بریاریدا بە رەتکردنەوەی داواکاری بریکاردارم رۆژنامەنوس شێروان ئەمین ناسراو بە شێروان شێروانی بە ئازاد بوونی بە مەرج، کە بەداخەوە بریارێکی چاوەڕوان نەکراو بوو. بەوتەى ئەو پارێزەرە دادوەر بڕیاریداوە بە هێشتنەوەی شێروان شێروانى لە زیندان تا 2025/9/9، دەبێت شەش مانگی دیکە لە زیندان بمێنێتەوە. شێروان شێروانی زیاتر لە چوار ساڵە لە زینداندایە و دوای بڕیارێکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سزاکەی بۆ نیوە کەمکرایەوە. هەفتەى پێشوو بارزان شێروانی ڕایگەیاند، بەهۆی تەواونەبوونی رێکارە ئیدارەییەکان ئازادکردنی شێروان شێروانی دوادەکەوێت. لەبارەی ئەوەی تا ئێستا دۆسییەی دیكە لەسەر ئەو ڕۆژنامەنووسە كراوەتەوە وتی، تا ئێستا هیچ دۆسییەك لە دژی شێروان نەكراوەتەوە. ئەوەش لەكاتێكدایە، ڕۆژی ١٦-٢-٢٠٢١ دادگای هەولێر بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی بڕیاری دەستگیركردن بۆ شێروان شێروانی دەرچوو و لەوكاتەشەوە چەندین دۆسییەی دیكەی لەسەر كراوەتەوە بە مەبەستی درێژكردنەوەی ماوەی وادەی زیندانیكردنی. مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ـی سزاکەیان لابرا، جگە لە شێروان شێروانی کە 50% کەمکرایەوە. دوای لێخۆشبوونەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، 16-03-2023 سێ کەس لە حوکمدراوان کە بریتی بوون لە ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید ئازاد کران و دوای دوو سزای دیکە، گوهدار محەممەدیش ئازاد کرا. بەگوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەبوو ئەیلوولی 2023 شێروان شێروانی ئازاد بکرایە، بەڵام پێش ئەو کاتە و لە 20ـی تەمموزی 2023، شێروانی بە مادەی 298 و 295 لە یاسای سزادانی عێراق، بە چوار ساڵ بەندکردن سزا درایەوە، دواتر بە بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوار ساڵەکە کرایەوە بە دوو ساڵ و بڕیاربوو ئەمڕۆ ئازاد بکرێت.
سەرۆککۆماری عێراق داوادەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان پەلە بکەن لەگۆڕینی هەڵەبجە بۆ پارێزگا هەنگاوە یاساییەکانی لەئەنجومەنی نوێنەران تەواو بکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافە بۆ شارەکە. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 16-03-2025) لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە. لەبەشێکى بەیاننامەکەیدا سەرۆک کۆمار دەڵێت تراژیدیای شاری هەڵەبجە ئەمڕۆ داوامان لێدەکات بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین بۆ چەسپاندنی ئەزموونی دیموکراسی لە وڵاتەکەماندا. هەروەها ئەوەخراوەتەڕوو: داواکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکە کۆکوژیە قەدەغەکراوە نێودەوڵەتییەوە و ڕاگرتنی جەنگ و ململانێکان و چەسپاندنی سەقامگیری ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکە و جیهاندا. لەتیف رەشید لە کۆتایی بەیاننامەکەى دەڵێت: هانی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدەین پەلە بکەن لەگۆڕینی هەڵەبجە بۆ پارێزگا و هەنگاوە یاساییەکانی لەئەنجومەنی نوێنەران تەواو بکەن. هەروەها هاتوە: ئەمەش بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافە بۆ شارەکە وبەرجەستەکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێویستیان پێیەتی و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان لەبەرامبەر ئەو زیانانەی کە هێشتا بەدەستیانەوە دەناڵێنن. بەیاننامە لەم ڕۆژەدا بە ئازار و غەمێکی قووڵەوە، یادی قێزەونترین تاوان لە مێژووی هاوچەرخدا بەبیر دەهێنینەوە، کاتێک ڕژێمی دیکتاتۆری تاوانی بۆردومانکردنی شاری هەڵەبجەی بەچەکی کیمیایی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی ئەنجامدا. ئەو تاوانە دڕندانەیەی کە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی هەزاران منداڵ و ژن و بەساڵاچووان و وێرانکردنی چەندین گوندی کوردی، کە ڕەنگدانەوەی ڕادەی ستەم و زۆرداری ڕژێمی پێشوو بوو دەرهەق بە هاوڵاتیانی سیڤیلی کورد بە تایبەتی و گەلی عێراق بە گشتی . تاوانی هەڵەبجە ویژدانی جیهانی هەژاند و دڕندەیی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکانی وێنا کرد و پێویستی هەوڵی زیاتر و کاری هاوبەشی نیشاندا بۆ پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی پرەنسیپەکانی دیموکراسی و پاراستن و دەستەبەرکردنی ئازادی و مافی گەلان، لەهەژموونی ڕژێمە تۆتالیتارەکان. تراژیدیای شاری هەڵەبجە ئەمڕۆ داوامان لێدەکات بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین بۆ چەسپاندنی ئەزموونی دیموکراسی لە وڵاتەکەماندا، هاوکات داواکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکە کۆکوژیە قەدەغەکراوە نێودەوڵەتییەوە و ڕاگرتنی جەنگ و ململانێکان و چەسپاندنی سەقامگیری ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکە و جیهاندا. هەروەها جەخت لەسەر گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی نێودەوڵەتی دەکەینەوە بۆ دۆکیۆمێنتکردنی ئەو تاوانانەی کە دژ بە هاوڵاتیان ئەنجام دراوون بۆ ئەوەی ببنە بەڵگە بۆ ئەو تاوانانەی کە ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان بەرامبەر بە خەڵکی بێتاوان ئەنجامیان داوە. یادکردنەوەی ئەم ساڵیادە داوای هەوڵی هاوبەشمان لێدەکات بۆ بەردەوامی ئەم ساڵیادە تا لە یادەوەری نەوەکانی داهاتوودا بەزیندویی بمێنێتەوە. بەرپرسیارێتی نیشتمانی و مرۆییمان داوامان لێدەکات کەهانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بدەین پەلە بکەن لەگۆڕینی هەڵەبجە بۆ پارێزگا و هەنگاوە یاساییەکانی لەئەنجومەنی نوێنەران تەواو بکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافە بۆ شارەکە وبەرجەستەکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێویستیان پێیەتی و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان لەبەرامبەر ئەو زیانانەی کە هێشتا بەدەستیانەوە دەناڵێنن. له کۆتاییدا سڵاو لەشەهیدانی هەڵەبجه و سەرجەم شەهیدان خودا عێراق و گەلەکەی بپارێزێت. سەرۆکایەتی کۆمار
لە 37ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، مەسعود بارزانى دەڵێت: بەرپرسیارێتیی ئەو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە و ئەنجام و ئاسەوارەكانی، تا قەرەبووكردنەی کەسوکاری قوربانیان، لەسەر شانی دەوڵەتی عێراقە. ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی ئاداری 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، مەسعود بارزانی، پەیامێکی بەبۆنەی لە 37ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، بڵاوکردەوە و دەڵێت: زام و ئازاری تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بۆ هەتایە لە ناخ و دڵی هەموو كوردستانییەكدا دەمێنێتەوە و لەیاد ناکرێت. دەقى پەیامەکەى بارزانى لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا زام و ئازاری تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بۆ هەتایە لە ناخ و دڵی هەموو كوردستانییەكدا دەمێنێتەوە و لەیاد ناکرێت. بەرپرسیارێتیی ئەو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە و ئەنجام و ئاسەوارەكانی، تا قەرەبووكردنەی کەسوکاری قوربانیان، لەسەر شانی دەوڵەتی عێراقە. لە سی و حەفت ساڵەی کارەساتی بۆمببارانکردنی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی هەڵەبجە و خانەوادە و كەسوكاری شەهید و بریندارانی ئەو تاوانە دەنێرین.
ئیدارەى ترەمپ دواى 83 ساڵ پەخشکردن دەنگى ئەمریکای داخست، ئەمڕۆ کارمەندەکانیان ناردە ماڵەوە، کە ژمارەیان هەزار و ٣٠٠ کارمەندە، سەرۆکەکەى دەڵێت، ترەمپ بڕیارى بێدەنگکردنى دەرکردین. مایک ئەبرامۆویتز، بەڕێوەبەرى گشتیى دەنگى ئەمریکا لە تۆڕى لێنکدئین نووسیویەتى، دەنگى ئەمریکا رۆڵى کاریگەرى هەبووە لە شەڕى ئازادى و دیموکراسى و گەیاندنى دەنگى راستى لە سەرانسەرى جیهاندا، بێدەنگکردنى دواى ٨٣ ساڵ لە کارکردن نیگەرانى کردووین. ویلیام گالۆ، بەڕێوەبەرى دەنگى ئەمریکا لە سیئۆلى پایتەختى کۆریاى باشوور رایگەیاند، ئەمڕۆ هەموو ئەکاونتەکانى دەنگى ئەمریکایان لە سیئۆل راگرتووە و سیستمەکەیان کوژاندووەتەوە. داخستنى دەنگى ئەمریکا دواى ئەوە دێت، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا پاڵپشتى دارایى ئاژانسى ئەمریکا بۆ میدیاى جیهانى کە شەش ئاژانسى فیدراڵى و دوو رادیۆ دەگرێتەوە رابگرێت. بەگوێرەى ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز، ساڵى رابردوو ئەمریکا ٨٨٦ ملیۆن دۆلارى بۆ ئەو ئاژانسە خەرجکردووە کە سێ هەزار و ٥٠٠ کەس کاریان تێداکردووە. ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی دەزگایەکی سەربەخۆی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە و سەرپەرشتی پەخشی هەواڵ و زانیاری دەکات بە زیاتر لە 50 زمان، لەوانە کوردی، فارسی، تورکی و زمانەکانی دیکە. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دوای دەستبەکاربوونی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەتی فیدراڵی و خێراتر و کاراترکردنی کارەکان دراوە. هاوکات لایەنگرانی ئەم دەزگایانە دەڵێن ئەوان بەشێکی گرنگی دیپلۆماسیەتی ئەمەریکان.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە 37ـەمین ساڵڤەگەڕی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دا ڕایگەیاند پێویسته قهرهبووی خهڵكی ههڵهبجه و ههموو قوربانيیانی جینۆساید و ئهنفال بكرێتهوه و له ههموو بوارهكاندا باشترین خزمهتگوزاریيان پێشكهش بكرێت. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 16-3-2025) لە ساڵڕۆژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە. رۆژی 16ـی ئاداری 1988، حکومەتی ئەوکاتی عێراق بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر هەڵەبجە، بەو هۆیەوە لانیکەم 5 هەزار هاونیشتمانی شەهید بوون، بەشێکی خەڵکەکەش بەهۆی کاریگەریی چەکی کیمیایی لەسەریان، تووشی نەخۆشیی جۆراوجۆر بوون و تاوەکو ئێستاش ئاسەواری نەخۆشییان لەسەرە. لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەى نێچیرڤان بارزانی هاتووە: ئهركی حكوومهتی عێراقه بهرپرسیاريهتيی یاسایی و ئهخلاقيی خۆی بهرانبهر قوربانیيان و ههموو پابهندییهكانی دەرهەق بە ههڵهبجه و دانیشتوانهكهی جێبهجێ بكات و دادپهروهرييان بۆ بهدی بهێنێت. دەقى پەیامەکە له يادى پڕ له ئازارى كارهساتى كيميابارانكردنى ههڵهبجهدا، سهرى ڕێز و نهوازش بۆ گیانی زیاتر له پێنج ههزار شههیدی ههڵهبجه دادهنهوێنین و به شكۆوه یادی ههموو شههیدانی كوردستان دهكهینهوه كه لهپێناو ئازادیدا گيانيان بهخت كرد. سڵاو و ڕێز بۆ بنهماڵه و كهسوكاری سهربهرزى شههیدان و برينداران و قوربانیيان كه تا ئهمڕۆش هێشتا بهدهست لێكهوتهكانى ئهو تاوانه سامناكهوه، ئازار دهچێژن. كیمیابارانكردنی ههڵهبجه تهنيا تاوانێك نهبوو، بهڵكوو بهشێكی خهمناك بوو له زنجیرهیهك تاوان و جینۆساید كه ئامانجیان نههێشتنى گهلی كوردستان بوو. گهلێك كه تهنيا تاوانی، داواكردنی مافی ڕهوای خۆی بوو له ژیان و ئازادی. ههڵهبجه بووه هێمایهكی جیهانی بۆ ستهملێكراويى گهلهكهمان و شایهتحاڵێك بۆ دڕندهیيی ئهو تاوانانهی دژی ئهنجام دران. ئهگهر دادپهروهرييهكی ڕاستهقینه ههبووایه، ئهم كارهساته به تهنیا بهس بوو بۆ داننان به ههموو مافه ڕهواكانی گهلی كوردستاندا. لهم یادهدا، جارێكی دیكه جهخت دهكهينهوه كه پێویسته قهرهبووی خهڵكی ههڵهبجه و ههموو قوربانيیانی جینۆساید و ئهنفال بكرێتهوه و له ههموو بوارهكاندا باشترین خزمهتگوزاریيان پێشكهش بكرێت. ئهركی حكوومهتی عێراقه بهرپرسیاريهتيی یاسایی و ئهخلاقيی خۆی بهرانبهر قوربانیيان و ههموو پابهندییهكانی دەرهەق بە ههڵهبجه و دانیشتوانهكهی جێبهجێ بكات و دادپهروهرييان بۆ بهدی بهێنێت، ههروهها ههموو ڕێكارهكانى بهپارێزگابوونى ههڵهبجه تهواو بكات، پێويسته كۆمهڵگەی نێودهوڵهتییش له ههوڵهكانی بۆ دڵنیابوون له دووبارهنهبوونهوهی ئهم جۆره تاوانانه له ههر شوێنێكی جیهان، بهردهوام بێت. ههرێمی كوردستان ئهمڕۆ به قهوارهى دهستووری و فیدراڵی و تهواوى دهستكهوتهكانييهوه، بهرههمی خهبات و قوربانیدانی شههیدانه، ئهركی ههموومانه به یهكڕیزی و تهبايى، بیانپارێزن. وهفاداری بۆ قوربانیيانی ههڵهبجه و ههموو شههیدانی كوردستان، ههروهها دڵنيابوون له داهاتوويهكى باشتر بۆ ههمووان، به پتهوكردنى پێكهوهيى و لێكگهيیشتن و هاريكارى لهپێناو پاراستنی مافهكانی گهلی كوردستاندا دهبێت. سڵاو و دروود بۆ گیانی شههیدان. نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان
37 ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژى 16ى ئازار ساڵى 1988 دەیان فڕۆکەى جەنگى بە زیاتر لە 200 بۆمبی کیمیایی بەچڕى ناوەندى شارى هەڵەبجە و دەورووبەریان بۆردوومانکرد. رووداوەکە هاوکات بوو لەگەڵ جەنگى هەشت ساڵەى نێوان عێراق- ئێران، کاتێک رۆژى 14ى ئازار سوپای ئێران ئۆپەراسیۆنى بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی هەڵەبجە، خورماڵ، بیارە و تەوێڵە، دەستپێکرد و توانیی بەشێکى ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکات، رژێمى عێراق دواى شکستهێنانى لە بەرپەرچدانەوەى هێرەشەکانى ئێران بۆردوومانەکانى بۆسەر هەڵەبجە و دەورووبەرى بە چەکی کۆکوژ چڕکردەوە. کاتژمێر 11:00ى سەر لە بەیانیی رۆژى 16ى ئازار ساڵى 1988 رژێمى عێراق بە چەکی کیمیایی و بۆمبی نیو تۆنی هێرشى کردە سەر هەڵەبجە، لە ماوەی ئەو رۆژەدا تاوەکو بەرەبەیانیى رۆژى 17ى ئازار بەردەوام بۆردوومانی هەڵەبجەکرا، ئەو گازە کیمیاییانەی بەکارهێنرابوون بریتیبوون لە گازەکانی سارین، سیانید، تابوون، خەردەل، ڤی ئێکس. هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئامارێکى دروست سەبارەت بە ژمارەى قوربانیانى کیمیابارانى هەڵەبجە لەبەردەست نییە، بەڵام بەگوێرەى رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ پێنج هەزار و 461 کەس گیانیان لەدەستداوە و 12 هەزار و 800 کەسیش برینداربوون، کە 68%ى قوربانییەکان لە خوار تەمەنى 18 ساڵەوە بوون. هەروەها 211 منداڵى 74 خێزانیش ونبوون، کە تاوەکو ئێستا چارەنووسى بەشێکیان بەنادیارى ماوەتەوە. بەگوێرەى ئامارەکان، زیاتر لە 700 برینداری تۆمارکراوی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە هەن و بەشێکى زۆریان دۆخى تەندروستییان ناجێگیرە. هەروەها دوای کیمیابارانکردنی ناوچەکە، رێژەی لەبارچوون 14 هێندە زیادی کردووە، شێرپەنجەی قۆڵۆن 10 هێندە و نەخۆشییەکانی دڵ چوار هێندە زیادیان کردووە، لەگەڵ زیادبوونى نەخۆشییەکانی هەناسەدان و کێشەی پێست و چاو. بەگوێرەى ئامارى کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، بەر لە کیمیابارانەکە ژمارەی دانیشتوانی هەڵەبجە و گوندەکانی دەوروبەرى بەگوێرەى سەرژمێری ساڵی 1987، 115 هەزار و 540 کەس بوون، کە لە شارەکە و 216 گونددا نیشتەجێبوون، بەڵام دواى کیمیابارانەکە لە کۆى 216 گوند تەنیا 18 گوند بە ئاوەدانی مانەوە و سامانى ئاژەڵ و کشتوکاڵی ناوچەکەش بەتەواوى لەناوچوو.
بڕیارە لە ئایندەیەکى نزیکدا ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا سەردانى عێراق بکات و بۆ ئەم مەبەستەش تیمێكی دووقۆڵی عێراق و فەرەنسا وادەیەك بۆ سەردانەكەی دیاریدەکەن. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانى عێراق لە بەیاننامەیەكدا، ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ شەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا پێگەیشتوە سەرجەم دۆسیە و بابەتەكانی بەرژەوەندی هاوبەشى هەردوو وڵات تاوتوێ كران. هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەوەشكراوە هەردوولا هاوڕابوون لەكاتی نزیکدا تیمێكی دووقۆڵی وادەیەك بۆ سەردانەكەی ماكرۆن بۆ بەغدا دیاری بكات، و گفتوگۆش لەسەر ئەگەری ئەنجامدانی سێیەمین كۆنفرانسی هاریكاری و هاوبەشی بەغدا بكەن. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا بۆچوونەكانی نێوان عێراق و فەرەنسا لێك نزیك بوون سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی نوێ لە سوریا، كە دەبێت گوزارشت لە فرەچەشن كۆمەڵایەتی بكات. هاوكات جەخت لەسەر پێویستی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و كاركردن بۆ گەیشتن بە پرۆسەیەكی سیاسی فرەیی و هەمەلایەنە و گرنگی سەقامگیركردنی لوبنان و بەرزكردنەوەی هەوڵەكان بۆ ئاوەدانكردنەوەی غەززە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بۆ ئەوەکراوە گرنگە کار لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێكی ئاشتیانە بۆ دۆسیەی ئێران و پێویستی چارەسەركردنی ناكۆكیەكان لە ڕێگەی دیالۆگەوە كرایەوە. عێراق پەرۆشە بۆ بەردەوامی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و بەرزكردنەوەی هاوكارییەكان لەسەر ئاستە جیاوازەكان، بەتایبەتی لەبوارەكانی ئابووری و ڕۆشنبیری، ئاماژەی بە ئەو پڕۆژە گرنگانەی كە كۆمپانیا فەرەنسییەكان ئەنجامی دەدەن، و ئەگەری فراوانكردنیان لەژێر ڕۆشنایی سەردانەكەی داهاتووی سەرۆكی فەرەنسا بۆ عێراق.
