جارێکی دیکە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا باسی لە کەنەدا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە کەنەدا ٥١هەمین ویلایەتی ئەمریکایە. ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاند، حاکمی کەنەدایە. ترەمپ هەروەها ئەوەشى وت: کەنەدا حاکمى سەربازیی پێویستی نییە و پارەمان پێنادات بۆ پاراستنی، ئێمە 20% باج بەسەر ئەوروپادا دەسەپێنین، ئەو باجە نوێیانەش هەلی کار دەڕەخسێنن. ترودۆش بە توندی وەڵامی ئەو قسانە دەداتەوە، ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات کە جەستن ترودۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا پێشتر ڕایگەیاند کە کەنەدا بە تەواوی سەربەخۆیە و بە شێوەیەکی ڕستەیی هەر ئەگەرێکی پەیوەستبوونی بە ئەمریکاوە ڕەتکردەوە. ترودۆ لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە برۆکسل، کە لە کۆتایی سەردانەکەیدا بۆ ئەوروپا بەڕێوەچوو، بە تۆنێکی پتەو و جەختی لە پابەندبوونی وڵاتەکەی بە سەروەری و ناسنامەی نەتەوەیی وڵاتەکەی کردەوە، وتی: بە هیچ شێوەیەک هیچ ڕێگەیەک نییە کە کەنەدا ببێتە ویلایەتى 51، ئەمە بە تەواوی لە پرسیار دەرچووە". ترودۆ هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دوای هەشت ساڵ لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، درک بە گرنگی وەرگرتنی لێدوانەکانی بە جددی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کەنەدا کردووە. دۆناڵد ترەمپ دوو هەفتە لەمەوپێش ڕایگەیاندبوو ئەگەر ئەگەر مەکسیک و کەنەدا نەتوانن کێشەی سنوور، کۆچبەران و ماددەی هۆشبەر چارەسەربکەن 25% باجی زیادکراو بەساریاندا دەسەپێنێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەرێم پشتیوانی لە بەشداریکردنی کورد لە پرۆسەی سیاسی سوریا دەکات و پێشی وایە، هەسەدە نوێنەرایەتی تەواوی کورد ناکات. مەسرور بارزانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبیەی سعودی، ئاماژەی بەوە کردووە، کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد روخسارێکى سیاسییان هەیە و هەرێمی کوردستان پشکی دادپەروەرانەی خۆی لە بودجەی عێراق پێنادرێت. هەروەها باسی لەوەشکردووە، دەنگۆی بوونی هێزی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان دوورە لە راستییەوە، بەڵام هەرێم خواستی پێشوازیکردن لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە. مەسرور بارزانی بە کەناڵی عەرەبیەی گوتووە، تاوەکو ئێستا پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا نەبووە. هەر لە چاوپێکەوتنەکەدا، مەسرور بارزانی خواستی خۆی بۆ هاتنی ژمارەیەکی زیاتر لە کۆمپانیاکانی سعودییەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە. لەلایەکى دیکەوە، مەسرور بارزانی، لە چوارچێوەی بەشداریی لە لووتکەی جیهانی حکوومەتەکان لە دوبەی، لەگەڵ سوهەیل ئەلمەزروعی، وەزیری وزە و ژێرخان و شێخ سەیف بن زاید ئال نەهیان، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری ناوخۆی ئیمارات کۆبووەوە. سەرۆک وەزیرانى هەرێم، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیوویەتی، بە هاوبەشیی بەهێزتر و چاکسازیی بوێرانە و دیدگای ڕوون، کوردستان لەگەڵ ناوچەکە پێشدەکەوێت.
♦️ترەمپ سوورە لەسەر راگواستنی دانیشتوانی غەززە، میسر و ئوردنیش ئەو داوایە رەتدەکەنەوە. ♦️پێشنیار کراوە ئەزموونی ژاپۆن بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە بەکاربهێنرێت. ئامادەکردنی: هاوڵاتی دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، پێشنیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا تەواوی جیهانی هەژاند، کاتێک رایگەیاند پلانیان هەیە دانیشتوانی غەززە بۆ هەریەک لە میسر و ئوردن بگوازنەوە. ترەمپ کە ماوەی تەنها ٢٦ رۆژە سەرۆکایەتی ئەمریکای وەرگرتووە، تا ئێستا چەندین جار ئەو داوایەی دوپاتکردوەتەوە، دواجاریش لە میانی پێشوازیکردنی لە شا عەبدوڵای دووەم شای ئوردن، ترەمپ رایگەیاند، ئەمە شتێکی قورس و ئاڵۆز نییە. ئەگەر ئەمریکا کۆنترۆڵی ئەو ناوچەیە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بکات، ئەوا بۆ یەکەمجار سەقامگیری روو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. ئەوەش بەو واتایە دێت ترەمپ سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەراستی بەستوەتەوە بە چۆڵکردنی غەززەوە. لەبەرامبەردا هەر یەک لە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و شا عەبدوڵای دووەم شای ئوردن جەختدەکەنەوە لەسەر گرنگی دەستبەجێ دەستکردن بە ئاوەدانکردنەوەی غەززە بە بێ راگواستنی دانیشتوانەکەی. پێشتریش شای ئوردن رایگەیاندبوو، پێویستە ئەمریکا بزانێت کە وڵاتەکەی و وڵاتانی دیکەی عەرەبیش پلان و بەرنامەی خۆیان بۆ داهاتووی کەرتی غەززە هەیە. ئەوەش لە کاتێکدایە بەپێی خەمڵاندنێکی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاوەدانکردنەوەی غەززە بڕی ٥٣ ملیار دۆلاری پێویستە. نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر چەندین جار رایگەیاندبوو، ئاوەدانکردنەوەی غەززە پێویستی بە هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی هەیە و ئاماژەی بەوەش کردبوو، تەنیا پاککردنەوەی داروپەردووی غەززە لانیکەم 15 ساڵی پێویستە. تا ئێستاش چەندین پێشنیار بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە خراونەتەروو یەکێک لەو پێشنیارانە سوود وەرگرتنە لە ئەزموونی ژاپۆن لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەیان لە دوای جەنگی جیهانی دووەم بە تایبەت هەردوو شاری هێرۆشیما و ناکازاکی کە بەهۆی شەڕەکە و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی تەواو داروخابوون، ژاپۆنییەکانیش بۆ ئاوەدانکردنەوەیان کۆی داروپەردووی پاشماوەی شەڕەکەیان فرێدایە ناو دەریای چواردەوری وڵاتەکەیان کە ملیۆنان تۆن داروپەردووبوو، لەو رێیەوە رووبەری وشکانیان لە ژاپۆن بە رێژەی %0.5 زیاد کرد، بەناوباگترین ئەو ناوچانەش ژاپۆنییەکان لەم رێگەیەوە دروستیان کردن ناوچەی ئودیبایە لە کەنداوی تۆکیۆ و فرۆکەخانەی کانسای نێودەوڵەتی لە کەنداوی ئۆساکا. بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززەش دکتۆر محەمەد سەید عەلی کە ئەندازیارێکی میسرییە و لە ژاپۆن نیشتەجێیە پێشنیاری کردووە داروپەردوی شاری غەززە کە بە هەزاران تۆن مەزەندە دەکرێت فرێبدرێنە کەناراوەکانی ئەو شارە تا لەرێیەوە بتوانرێت سنووری وشکانی پێزیادبکەن و سود لەو ئەزموونەی ژاپۆنییەکان وەرگرن. ئەو پێشنیارەش لە کاتێکدایە ترەمپ سوورە لەسەر پلانەکەی بۆ راگواستنی دانیشتوانی غەززە بۆ میسر و ئوردن، وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش دژی پێشنیارەی سەرۆکی ئەمریکا وەستاونەتەوە، بۆ تێچووی ئاوەدانکردنەوەشی کە وەک نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت ٥٣ ملیار دۆلاری پێویستە، تا ئێستا کەس خۆی نەکردووە بە ساحێبی و روونیە ئایا کێ دەچێتە ژێرباری هاوکاریکردنی فەلەستینییەکان لە کاتێکدا ئەگەر رێگەیان پێبدرێت ئەو شارە ئاوەدانبکەنەوە.
هاوڵاتى مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، ڕەنگە دوژمنانی تاران بتوانن هێرش بکەنە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە، بەڵام ئەوان ناتوانن ئێران لە توانای بنیاتنانی ناوەندی ئەتۆمی نوئ بێبەش بکەن." ئەم لێدوانانەی پزشکیان دوای ئەوە دێت کە رۆژنامەی واشنتن پۆست بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک لە هەواڵگری ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە ئیسرائیل پێدەچێت تا ناوەڕاستی ئەمساڵ هێرشی پێشوەختە بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەستپێبکات. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا مەسعود پزشکیان، وتی: ئەوان هەڕەشەمان لێدەکەن کە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان دەدەن. ئەگەر ئێوە لە سەد لەوانە بدەن، ئێمە هەزاری دیکە دروست دەکەین. دەتوانن باڵەخانەکان و شوێنەکان بکەنە ئامانج، بەڵام ناتوانن لەئەوانەی دروستی دەکەن، بکەنە ئامانج". دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، ئەگەری لێدانی ئیسرائیلی لە ئێران هێنایە ئاراوە و ڕایگەیاند کە لەبری هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران، پێی باشترە ڕێککەوتنیان لەگەڵ بکات. ترامپ وتی: هەمووان پێیان وایە ئیسرائیل بە هاوکاری ئێمە یان ڕەزامەندی ئێمە لێیان دەدات و بۆردومانیان دەکات، من پێم باشە ئەوە ڕوونەدات." بەڵام عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دوای قسەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دانوستانەکانی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی سەرۆک ترامپ ڕەتکردەوە و وتی نە "ژیرانە" و نە "زیرەکانە"یە ئەگەر دانوستاندن بکەین و دوابەدوای ئەویش بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامیش دژی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا هاتنە دەنگ. ئیسرائیل لەم دواییانەدا دوو هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و بەرپرسانی ئیسرائیل و شارەزایانی سەربازی باسیان لەوە کردووە کە هێرشی دووەم زیانی وێرانکەری بە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران گەیاندووە. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئەمە ڕەتدەکەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور ڕایدەگەیەنێت توانیویانە ٥ تۆمەتباری شوێنەواری دەستگیربکەن و هەروەها دەستبەسەر بڕی ١٤٤٤ سکەى شوێنەواریدا بگرن. لەڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانیدا، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور دەڵێن لە چالاکیەکیاندا هێزەکانی ئاسایش بەهاوکاری کۆماندۆی کوردستان توانیان دەستبەسەربڕی(١٤٤٤) سکەی جۆراوجۆری شوێنەواریدا بگرن. هەروەها لەچالاکی دووەمدا، هێزەکانی ئاسایش توانیان دەستبگرن بەسەر (سێ) ئامێری پشکنینی ناوچە شوێنەوارییەکان. دەقى ڕاگەیەندراوەکە 1444 سکەی شوێنەواری دەستی بەسەر دا گیرا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور(٥)تۆمەتباری شوێنەواری دەستگیرکرد لەماوەی دوومانگی ڕابردوودا، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور، دوای چاودێریکردن و کۆکردنەوەی زانیاری ورد و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە، لە دووچالاکی جیاوازدا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە مامەڵە و بازرگانیکردنێک بەپارچە شوێنەوارییەکان و پاراستنی و ڕێگریکردن لەگەڕان و پشکنینی نایاسایی ناوچە شوێنەوارییەکان، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەپارێزگای هەڵەبجە و قەزای سەیدسادق توانیان(٥) تۆمەتباری شوێنەوار دەستگیربکەن. لەچالاکی یەکەمدا، هێزەکانی ئاسایش بەهاوکاری کۆماندۆی کوردستان توانیان دەستبەسەربڕی(١٤٤٤) هەزار و چوارسەت و چل و چوار سکەی جۆراوجۆری شوێنەواریدابگرن. لەچالاکی دووەمدا، هێزەکانی ئاسایش توانیان دەستبگرن بەسەر (سێ) ئامێری پشکنینی ناوچە شوێنەوارییەکان. لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی (٢٤)ی شوێنەوار دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.
پۆلیسی شاری میونشن لە باشووری ئەڵمانیا ڕۆژی پێنجشەممە 13ی مانگی دوو ڕایگەیاند شۆفێری ئۆتۆمبێلێک کە بە ئەنقەست خۆی کێشاوە بە خەڵکی بەشداری گردبوونەوەیەک لەسەر شەقامێکی ئەو شارە، پەنابەرێکی تەمەن 24 ساڵەی ئەفغانی بووە. میدیا ناوخۆییەکانی ئەڵمانیا ژمارەی بریندارانی ڕووداوەکەیان بە 28 کەس ڕاگەیاندووە و ڕایانگەیاندووە کە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە دەستگیرکراوە. ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بە پشتبەستن بە پۆلیسی میونشن، ناسنامەی تۆمەتباری ڕووداوەکەی بە گەنجێکی پەنابەری ئەفغانی ڕاگەیاندووە. پێدەچێت ئەو ڕاستییەی کە ئەنجامدەری ڕووداوەکە پەناخواز بووە، جارێکی دیکە مشتومڕەکانی ئەڵمانیا سەبارەت بە پێویستی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران و کۆچبەرانی نایاسایی زیاتر بکات. تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی کوژرانی کەس لەو ڕووداوە بڵاونەکراوەتەوە. ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری پارێزگاری ویلایەتەکەوە ڕایگەیاندووە پۆلیس وەک "هێرشێکی گوماناوی" مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکەدا دەکات. هێرشکردنە سەر گردبوونەوەیەک لە میونشن تەنها ڕۆژێک پێش کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دێت کە بڕیارە میوانداری چەندین میوانی باڵا بکات، لەوانە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی و جی. د. ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، دانۆڵد ترامپ. بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕووداوەکە بە دووری کەمتر لە دوو کیلۆمەتر لە شوێنی کۆنفڕانسەکە ڕوویداوە. ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە پۆلیس "ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان"ی لە دەوروبەری وێستگەی ناوەندی شەمەندەفەری میونشن دەستپێکردووە. بەپێی ڕاپۆرتێکی میدیای ناوخۆیی، ئۆتۆمبێلەکە هێرشی کردووەتە سەر ئەو کەسانەی کە بەشدارییان لە گردبوونەوەیەکی سەندیکاکانی کرێکاران کردووە. لەکاتێکدا ئەمە لە ئاڵمانیا ڕوودەدات کە کەمتر لە دوو مانگ لەمەوبەر ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە شاری ماگدێبۆرگ خۆی کێشا بە خەڵک و بەهۆیەوە چەند کەسێک گیانیان لەدەستدا. هێرشەکە بۆ سەر بازاڕێکی جەژنی کریسمس لە شاری ماگدێبۆرگ لەلایەن "پزیشکێکی سعودییەوە" ئەنجامدرا و تێیدا لانیکەم پێنج کەس کوژران و زیاتر لە 200 کەسیش برینداربوون.
وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ٩١٦٥ ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە، فەرمانی تەرخانکردنی زەویان بۆ دەرچووە، پارێزگای سڵێمانی (٦٢٧) ناو، زاخۆ(١١٤) ناو، هەڵەبجە (١٨) ناو، راپەرین(٤٩٠) ناو، هەولێر (٣٨٩٩) ناو، دهۆک(٢٤١٣)ناو. هاوکات هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا وەزارەتى پێشمەرگە ئەوەشدەخەنەڕوو، پڕۆسەکە بەردەوامی دەبێت و بۆیە داوا لە هەموو ئەو هێز و یەکانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین، کە تاکوو ئێستا فۆرمەکانیان تەواو نەکردووە پەلەبکەن لە ڕێکخستن و بە داتاکردنی فۆرمەکانیان. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى پێشمەرگە. فەرمانی پێدانی زەوی بۆ ژمارەیەک ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە دەرچوو راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە دوای بریاری ئەنجومەنی ژمارە (٢٤٢ لە ٢٠٢٤/٣/٢٧) نوسراوی گشتاندنی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە(٧٨٢٠ لە٢٠٢٤/٦/١٢) تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و هێزە ئەمنیەکان و خانەنشینان بە پێی ڕێنمایی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٤ تایبەت بە دابەشکردنی زەوی، وەزارەتی پێشمەرگە لە گەڕی دووەمی پڕۆسەیە لە کۆی ئەو(١٨٨٧٩) ناوەی کە بە دوو وەجبە ڕەوانەی وەزارەتی شارەوانی کردووە، ناوی(٩١٦٥) ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە، فەرمانی تەرخانکردنی زەویان بۆ دەرچووە، بە پێی ئەم خشتەیەی کە لە خوارەوە هاتووە:- -سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ(١١٤) ناو. -سنوری پارێزگای هەڵەبجە (١٨) ناو. -سنوری ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین(٤٩٠) ناو. -سنوری پارێزگای سڵێمانی (٦٢٧) ناو. -سنوری پارێزگای هەولێر(٣٨٩٩) ناو. -سنوری پارێزگای دهۆک(٢٤١٣)ناو. -سنوری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان(٤٨)ناو. -سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران(١٥٤٤)ناو. پڕۆسەکە بەردەوامی دەبێت و بۆیە داوا لە هەموو ئەو هێز و یەکانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین، کە تاکوو ئێستا فۆرمەکانیان تەواو نەکردووە پەلەبکەن لە ڕێکخستن و بە داتاکردنی فۆرمەکانیان و بە ڕێک و پێکی ناردنیان بۆ لیژنەی زەوی وەزارەتمان و هاوکارمان بن لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێنماییانەی بۆیان نێردراوە بۆ ئەوەی زۆرترین پێشمەرگە سوودمەندبێت لەم پڕۆسەیە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەى پزیشکی دادوەری لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجامی هاوتاکردنی پاشماوەی 53 شەهید لە دوو گۆڕستانی شنگال و حەمام ئەلعەلیل بڵاوکردەوە، هاوکات لە حەویجە گۆڕێکی بەکۆمەڵیان دۆزیوەتەوە، کە رووفاتی 17 پێشمەرگەی تێدایە. بەڕێوەبەرایەتی گشتیی فەرمانگەی دادپزیشکی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 13ـی شوباتی 2025) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئەنجامی پشکنینی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی پێشمەرگەی لە حەویجە راگەیاند. یاسەمین مونزر، بەڕێوەبەری بەشی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، رایگەیاند هەڵمەتێکیان دەستپێکرد بۆ کۆکردنەوەی نموونە لە کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە لە ناوچەی حەویجە، کە لە هەولێر دوو رۆژی خایاند. گوتیشی "هەفتەی داهاتووش هەڵمەتەکە تەواو دەبێت، کە هەموو خێزانەکان لە پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە." سەبارەت بە ژمارەی قوربانییان لە گۆڕەکەی حەویجە، یاسەمین مونزر وتی 17 رووفاتن. جەختیشی کردەوە لەوەی هەڵمەتی دیکە لە داهاتوودا رێکدەخرێن، کاتێک گۆڕی نوێ هەڵدەدرێنەوە، کە رووفاتی شەهیدانی پێشمەرگەیان تێدایە. بەڕێوەبەری گشتیی بەشی پزیشكی دادوەری زەید عەلی لە میانی كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ئەنجامەكانی هاوتەریبكردنی دوو گۆڕستانە ونبووەكانی شەنگال و حەمام عەلیل ڕاگەیەندرا، بەو پێیەی پێشتر ژمارەی تووشبووان لە شنگال 243 حاڵەت بووە، و ئەمڕۆش 32 حاڵەتمان هەیە، بەمەش كۆی گشتی یارییەكان گەیشتە 275 حاڵەت. ناەوبراو ئاماژەی بەوەشكرد: كۆی گشتی گۆڕەبەكۆمەڵەكان 696 حاڵەتە و جگە لە 102 حاڵەت كە لە لایەن ستافی پزیشكی دادی موسڵ هەڵكەنراوەنەتەوە وكۆی ژمارەكەی گەیشتە 798 حاڵەت و ئەمەش ئاماژەی بۆ ئەوەیە رەنگە ڕێژەی هاوتاكردن كەمتربێت لەوەی چاوەڕوان دەكرا،هۆكاری سەرەكیش بۆ ئەوەیە كەتا بنكە زانیارییەكی پێویست و بەرفراوان زیاتر هەبێت، ڕێژەی هاوتاكردن زیاتر بێت.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا تۆمەتبار کراوە بەوەی بە بێدەنگی ڕێگری لە داواکاری ڕەگەزنامەی هەزاران پەنابەر کردووە و دەکات کە بە بەلەمی بچووک یان بە خۆحەشاردان لەناو ئۆتۆمبێلدا چوونەتە ناو وڵاتەکەوە. لە ڕێنماییەکی نوێی حکومەتی بەریتانیا هاتووە لەمەودوا ئەوانەی لە ڕێگەی گەشتێکی مەترسیدارەوە دەچنە ناو بەریتانیا یان چوونەتە ناو بەریتانیا و داوای رەگەزنامە دەکەن، داواکارییەکەیان ڕەتدەکرێتەوە، ئەمەش بەبێ گوێدانە ئەوەی چەندە لەو وڵاتەدا ژیاون. ئەم گۆڕانکاریانە وەک نیشانەی هەڵوێستی توندی حکومەتی کیەر ستارمەر سەرۆکی پارتی کرێکاران بەرامبەر بە پەنابەران سەیر دەکرێت؛ هەڵوێستێک کە پێدەچێت بۆ بەرپەرچدانەوەی پەرەسەندنی پێگە و جەماوەری پارتی چاکسازی بەریتانیای دژە کۆچبەری گیراوەتەبەر. پەرلەمانتارێکی پارتی کرێکاران لەگەڵ هەندێک لە ڕێکخراوە خێرخوازیەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەو ڕێنماییەیان کردووە. ستێلا کریسی لە سۆشیال میدیادا نووسیویەتی "ئەم سیاسەتە پێویستی بە گۆڕینی دەستبەجێ هەیە. ئەگەر ئێمە پێگەی پەنابەریمان بە کەسێک بەخشیوە، دروست نییە دواتر ڕێگایان لێبگرین کە نەبنە هاووڵاتی." کریسی ڕایگەیاندووە گۆڕانکارییەکان بەو مانایە دێت کە "پەنابەران هەمیشە وەک هاووڵاتی پلە دوو دەمێننەوە". لە ڕێسا نوێیەکەدا کە ڕۆژی دووشەممە بە کارمەندانی بەشی ڤیزە و کۆچبەری وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕاگەیەندراوە، تێیدا هاتووە: "هەموو ئەو کەسانەی پێشتر بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە بەریتانیا و لە 10ی مانگی دووی سالی 2025 ەوە داوای ڕەگەزنامەیان کردووە، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ڕەت دەکرێنەوە، بەبێ گوێدانە ئەو ماوەیەی کە تێپەڕیوە لە هاتنە ژوورەوەی نایاسایییانەوە". لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیادا هاتووە، "گەشتە مەترسیدارەکان بریتین لە گەشتکردن بە بەلەمی بچووک، یان خۆ شاردنەوە لەناو ئۆتۆمبێل یان ئامرازەکانی تری گواستنەوەدا." پێشتر ئەو پەنابەرانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی دەچوونە ناو بەریتانیا، دەبوو دە ساڵ چاوەڕێ بکەن تا داواکاریان بۆ وەرگرتنی مافی هاوولاتیبوون جێبەجێ بکرێت. ساڵی ڕابردوو نزیکەی 37 هەزار کەس بە بەلەمی بچوکەوە کەناڵی مانشیان لە فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بەزاندووە.
هاوڵاتى بەڕێوەبەرایەتى کەشناسى، ڕایدەگەیەنێت، ئەمرۆ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو، سبەینێ هەینى، باران بارین تەواوی هەرێم دەگرێتەوە و بەفر لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەكان دەبارێت، لە سەنتەری دهۆك و سلێمانی و قەزا و ناحیەكانی ئەو دوو پارێزگایەدەبارێت. کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ پێنج شەممە 13-02-2025 کەش/ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو . لە ئەنجامى هاتنی شەپۆڵێکى بەفر و باران بۆ سەر ناوچەکەمان . سەرەتا باران بارین لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆ لە پارێزگای دهۆك و ئیدارەی زاخۆ بە شێوەی نمە باران و بارانی مامناوەند دەست پێدەكات و پاشان كاریگەریەكەی درێژ دەبێتەوە بۆ ئیدارەی سۆران و ڕاپەرین و پارێزگای هەولێر وە لە ناوچە شاخاوییەكانی باكورو باكوری ڕۆژهەلاتی هەرێم بەفر و و كڕێوە دەبارێت . بۆ درەنگانی شەو و بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی باران بارین تەواوی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و بەفر لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەكان دەبارێت هەروەها پێشبینی دەكرێت بەفر لە سنتەری پارێزگای دهۆك و پارێزگای سلێمانی و قەزا و ناحیەكانی ئەو دوو پارێزگایە و ئیدارە سەربەخۆكان ببارێت . .پلەکانی گەرما / كەمێك نزمتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ . ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت . خێراى با / لەسەرخۆ- مامناوەند دەبێت (10 - 20) کم/ک مەوداى بینین / لەنێوان ( 8 - 10 ) کم دەبێت ، لەکاتى باران ( 5 – 7 ) کم دەبێت . سبەى هەینی 14-02-2025 کەش/ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت ، لە كاتەكانی بەیانیدا نمە باران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی دەبارێت . بەفر لە ناوچەكانی پارێزگای دهۆك و پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین دەبارێت لە ناوچە شاخاویەكان بەفر بارین زیاتر دەبێت . بۆ كاتەكانی شەو كاریگەری ئەو شەپۆڵە لەسەر ناوچەكەمان كۆتایی دێت . پلەکانی گەرما / بە نزیكەی 4 تــــا 6 پلە نزمتر دەبێت لە تۆمارکراوەکانى ئەمرۆ ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت . خێراى با / لەسەرخۆ- مامناوەند دەبێت (10 - 20) کم/ک مەوداى بینین / لەنێوان ( 6-8 ) کم دەبێت لەو ناوچانەی بەفر بارین دەبێت لە نێوان ( 2-5 ) کم دەبێت . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 11 پلەى سیلیزى سلێمانی : 9 پلەى سیلیزى دهۆک : 9 پلەى سیلیزى کەرکوک : 13 پلەى سیلیزى زاخۆ : 9 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 10 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: 3- پلەى سیلیزى سۆران: 8 پلەى سیلیزى گەرمیان : 17 پلەى سیلیزى بەشى پێشبینى 13-02-2025
ڕوانگەی سوری رایگەیاند، هاوپەیمانان پشتیوانی زیاتری سەربازییان رەوانەی رۆژاڤای کوردستان کرد، لە عێراقەوە فڕۆکەیەکی بارهەڵگر، کە چەک و تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی و پزیشکی هەڵگرتبوو لە بنکەی سەربازی خەراب جیری دەوروبەری رومێلانی باکوری حەسەکە نیشتوەتەوە. ڕۆژی 4ـی ئەم مانگەش فڕۆکەیەکی دیکەی بارهەڵگر، کە چەک و تەقەمەنی پێشکەوتوو، سیستمی رادار و ژمارەیەک سەربازی پێبوو لە بنکەی سەربازی خەربا جیری حەسەکە نیشتەوە. هاوکات لەماوەی ئەم هەفتەیەشدا ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستانەوە 42 بارهەڵگریان گەیاندووەتە بنکە سەربازییەکانیان لە حەسەکە، کە تانک و زرێپۆست و چەک و تەقەمەنیان پێبوە. لەباکوور و رۆژهەڵاتى سووریا 11 بنکەى سەرەکى و چەند بنکەیەکى لاوەکیى ئەمریکا جێگیرکراون. هاوپەیمانان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا بە 72 فڕۆکە، 233 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، چەک و کەرەستەی سەربازییان گواستووەتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان. لە پاش کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتى ڕژێمی پێشووى سووریا لە مانگى کانوونى یەکەمى ساڵی ڕابردوو، ئەمریکا و هاوپەیمانان، بەردەوام کەرەستە و کەلوپەلى سەربازیى زیاتر ڕەوانەى بنکە سەربازییەکانیان دکەن.
جەعفەر شێخ مستەفا: یەكخستنەوەی پێشمەرگە بە خاوی دەڕوات جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تا ئێستا كێشە و گرفت و تەنانەت رێگریی و دەستوەردانى دەرەکى هەیە لەپرسی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و پڕۆسەکە بەخاوی بەڕێوەدەچێت. ئەو قسانەى جەعفەر شێخ مستەفا جێگرى سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى ئەنجومەنى باڵاى بەرژەوەندییە باڵاکانى یەکێتى لەمیانەى چاوپێکەوتنێکیدا هات لەگەڵ رۆژنامەى زمانحاڵى حزبەکەى کە تێیدا باسى پرسی یەکخستنەوەى پێشمەرگە کردووە. جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت "ئێستا كێشە و گرفت و تەنانەت هەندێ رێگریش هەیە، رەنگە كەسانێك هەبن بەرژەوەندیی تایبەتی لەوەدا بێت هێزی پێشمەرگە یەكنەگرێتەوە، تەنانەت دەستتێوەردانی دەرەكییش هەیە، كۆسپ و گرفت زۆرن لە بەردەم پرۆسەكەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قۆناغ بە قۆناغ و بەپێی ئەو یاداشتنامەیەی كە ئیمزاكراوە و بەپێی هەوڵەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ چاكسازیی، پێموایە لەو ماوەیەی كە دیاریكراوە هێزی پێشمەرگە یەكدەخرێتەوە". جەختیشیکردەوە پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بە خاوی دەڕوات و كێشە و كۆسپ و گرفت زۆرن، جگە لە كێشە و گرفتە ناوخۆییەكان، كێشەی دیكەش هەیە، یەكێك لەوانە نەبوونی بودجەیەكی دیاریكراو بۆ ئەو پرۆسەیە، كە پێویستی بەوەیە بودجەیەكی باش دابنرێت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە. سەرەڕاى خاوى پرۆسەكە، جەعفەر شێخ مستەفا پێیوایە ئومێدێكی باش هەیە "هەنگاوی باشیش نراوە لەم ماوەیەدا چەند فیرقەیەك دروستكراون و بەشێكی زۆری هێزی پێشمەرگە لە ناو ئەو فیرقانەدا رێكخراون، هەر لەم ماوەیەدا دوو فەرماندەیی ناوچە دروست دەكرێن بۆ سەرپەرشتیكردنی ئەو فیرقانە، فەرماندەیی ناوچەی یەكەم لە هەولێر و دهۆكە، ئەوی دیكەش لە سلێمانی و كەركوك و گەرمیان و هەڵەبجە و ئەم سنوورە دەبێت". بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان گەیشتوەتە 125 هەزار کەس، بەشێکیان لە چوارچێوەی لیوا هاوبەشەکان و بەشەکەی دیکەیان بەسەر هێزەکانی 80ی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزەکانی 70ی سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و چەند یەکە و لیوایەکی دیکەی سەر بە بەرپرسانی ئەو حیزبانەدا دابەش بوون. بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراق کە لە ساڵی 2005 لە راپرسی سەرتاسەری پەسەندکراوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان دامەزراوەی بەرگری نیشتیمانی سەر بە هەرێمی کوردستانە و بەهێزەکانی پاراستنی هەرێمی کوردستان ناسێنراوە، کە بەشێکە لە سیستمی بەرگری عێراق.
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە رێکاری نوێ بەرامبەر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بگرێتەبەر، سودانی فەرمانیکردووە لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئینتەرنێتی کۆمپانیاکە ببڕێت. سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند: لیژنەی نەزاهەی پەرلەمان داوای لە حکومەت کردووە رێکار بەرامبەر کۆڕەک بگرێتەبەر و سودانیش فەرمانیکردووە ئینتەرنێتی کۆمپانیای کۆڕەک ببڕدرێت. بەمەش ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێبکرێت بەشداربووانی کۆڕەک تیلیکۆم لە ئینتەرنێت بێبەشدەبن. بۆ ڕێگری لەم کێشە تازەیەی بەرۆکی گرتووە، کۆمپانیای کۆڕەک تیمی ناردووەتە دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق و داوای رێککەوتنی کردووە، بەڵام رێکنەکەوتوون و بڕیارداوە لە ماوەی 24 کاتژمێردا بڕیارەکە جێبەجێبکرێت. هەروەها، حکومەتى بەغدا بەم هەنگاوەوە ناوەستێت، پلانی هەیە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کۆمپانیاکە وەکو هەنگاوی دواتر تاوتوێ بکات. ئەم رێکارانەی حکومەتی عێراق بەهۆی کێشەی باجەوەیە، بەغداد دەڵێت، باجی سەر کۆمپانیاکە گەیشتووەتە ملیارێک دۆلار، بەڵام کۆڕەک رێکارەکانی حکومەتی عێراق بە فشاری سیاسی دەزانێت.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی ♦️یهكێتی و پارتی تا ئێستا باسی دابهشكردنی پۆستهكانیان نهكردووه و دهشڵێن چهند خاڵێكی كهمیان ماوه لهسهری رێكبكهون ♦️رۆژ بهرۆژ قهیرانهكان رووی له ئاڵۆزی زیاتر دهكهن، كهڵهكهبوونی قهیرانهكانیش ههڕهشهی جدییان بۆ سهر چارهنووسی ههرێم دروستكردووه ماوهی نزیكهی چوارمانگ بهسهر ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان تێدهپهرێت تا ئێستا یهكێتی و پارتی نهیانتوانییوه لهسهر پێكهێنانی حكومهت رێكهوتن بكهن و هێڵه گشتییهكانی كارنامهی كابینهی نوێ دابرێژن. بۆ ئهم خولهی پهرلهمانی كوردستان كه ژمارهی ئهندامهكانی 100 پهرلهمانتاره، تا ئێستا تهنها یهك دانیشتنی كردووه، كه لهلایهن بهتهمهنترین پهرلهمانتارهوه سهرۆكایهتی كراوه، لهو دانیشتنهشدا پهرلهمنتاران سوێندی یاساییان خواردووه و بهشێوهیهكی فهرمی بونهته خاوهنی كۆی ئهو ئیمتیازانهی پێیان دهدرێت له بارهی مووچه و پاسهوان و شؤفێر و شوێنی نیشتهجێبوون. به واتایهكی تر بارگرانییهكی تریان بۆ سهر قاسه بهتاڵهكهی وهزارهتی دارایی دروستكردووه و له كۆی رووداوهكان و خهمی هاوڵاتیان له مانگرتن و خۆپیشاندان له دژی نهدان و دواكهوتنی مووچه بوونی ئهوتۆیان نەبووە، ههرچی ههوڵهكانیشه بۆ دهستپێكردنی دانیشتنهكانی پهرلهمان و ههڵبژاردنی دهستهی سهرۆكایهتی له سهرۆك و جێگر و سكرتێری پهرلهمان تا ئێستا شكستیهێناوه. ههرچی یهكێتی و پارتیشه ههر خهریكی كۆبونهوهن و تا ئێستا كۆبونهوهكانیان هیچی لێ سهوز نهبووه و نهیانتوانیوه هیچ جۆره رێكهوتنێك بكهن. لهوبارهیهوه مهحمود محهمهد وتهبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگهیاندووه، تا ئێستا لهگهڵ یهكێتی باسی دابهشكردنی پۆستهكانیان نهكردووه، بهڵام لهههمانكاتدا دهشڵێت چهند خاڵێكی كهمیان ماوه لهسهری رێكبكهون. به گوتهی وتهبێژهكهی پارتی لهچهند رۆژی داهاتوو یان ههفتهی داهاتوو كۆبونهوه دهكرێت و كۆتایی بهو چهند خاڵهش دههێنن. ههموو لایهك دهزانن ناكۆكی سهرهكی یهكێتی و پارتی بۆ پێكهێنانی كابینهی نوێ دابهشكردنی پۆسته باڵاكانه، ئیتر چۆن بهبێ باسكردنی دابهشكردنی پۆستهكان تهنها چهند خاڵێكی كهمیان دهمێنێت تا رێكهوتنی لهسهر بكهن. دواكهوتنی پێكهێنانی حكومهتی ههرێمی كوردستان بۆ ماوهی نزیكهی چوار مانگ له كاتێكدایه ههرێم رووبهرووی چهندین قهیرانی جدی بوهتهوه، كۆی قهیرانهكانیش بێ چارهسهر ماونهتهوه، نهپهرلهمان ههیه تا به دواداچوونی بۆ بكات نهحكومهتیش ههوڵی جدی داوه تا ئاستێكیان بۆ دابنێت، سەرباری هەموو قەیرانەکانیش ههریهك له سهرۆك وهزیران و جێگرهكهی ئێستا سهردانی ئیماراتیان كردووه بهمهبهستی بهشداریكردن له " لووتكهی جیهانی حكومهتهكان له دوبهی" بهپێی بهرنامهی لوتكهكهش سهرۆك وهزیرانی ههرێم بهشداری پانێلێكی تایبهت به تێپهڕاندنی ئاڵنگاریهكان و لهدهستنهدانی دهرفهتهكان دهبێت. له ههرێمی كوردستانیش قهران لهسهر قهیران روو له هاوڵاتیان دهكات و دهسهڵاتیش دهرفهت له دوای دهرفهت لهدهستدهدات و نهتوانراوه ههرێمی كوردستان به كهناری ئارامی بگهیهنن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا قسەی کردووە سەبارەت بە دەستپێکردنی دەستبەجێ دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا. ترەمپ لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای خۆیدا ڕایگەیاندووە، "هەروەها ڕێککەوتووین کە تیمەکانی خۆمان دەستبەجێ دەست بە دانوستانەکان بکەن، دەستپێدەکەین بە پەیوەندیکردن بە سەرۆک زێلێنسکی، ئۆکرانیا، بۆ ئاگادارکردنەوەی لە گفتوگۆکە، شتێک کە من لە ئێستادا ئەنجامی دەدەم". ترەمپ دەڵێت هەردووکیان هاوڕا بوون کە "دەمانەوێت ئەو ملیۆنان مردنە بوەستێنین کە لە شەڕی ڕووسیا/ئۆکرانیادا ڕوودەدەن". ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو دووانە ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە نزیکەوە پێکەوە کاربکەن، لەنێویاندا سەردانی هاوبەش بۆ نەتەوەکانی خۆیان. هاوکات کریملین ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی کاتژمێر و نیوێک پوتین و ترەمپ بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و ئەو دوو کەسە ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەى یەکتربینین. ترامپ لە مێژە ڕایگەیاندووە کە بە خێرایی کۆتایی بە شەڕی ئۆکرانیا دەهێنێت، بەبێ ئەوەی بڵێت چۆن ئەم کارە بە ئەنجام دەگەیەنێت. هەروەها ڕێککەوتوون کە تیمەکانمان دەستبەجێ دەست بە دانوستانەکان بکەن، دەستدەکەن بە پەیوەندیکردن بە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، بۆ ئەوەی لە گفتوگۆکە ئاگاداری بکەنەوە تیمی دانوستانکاری ئەمریکا بریتی دەبێت لە وەزیری دەرەوە، مارکۆ ڕوبیۆ؛ بەڕێوەبەری سی ئای ئەی، جۆن ڕاتکلیف؛ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، مایکل والتز، و باڵیۆز و نێردەی تایبەت ستیڤ ویتکۆف.
