وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق گەیشتینە ڕێکكەوتن. لەڕاگەیەندراوێکدا، کە لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاویانکردوەتەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریى دەڵێن: دوای کۆبوونەوەی لیژنەی سەرەکی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بەهاوتاکردنی مووچەی خانەنشیان لە ڕۆژی دوو شەممە ( ١٠ی شوباتی ٢٠٢٥ ) لە شاری بەغداد، لیژنەکە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ( ٩ ) ساڵی ( ٢٠١٤ ) ی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق گەیشتنە ڕێکكەوتن. هەروەها ئەوەشى خستوەتەڕوو: بەجۆرێک ئەو هاوتاکردنەی هەرێمی کوردستان لەمانگی تەمووزی ساڵی ٢٠٢٤ تایبەت بە خانەنشینانی مەدەنی جێبەجێی کردووە، هاوشێوەی خانەنشینانی حکومەتی فیدراڵە و وەک خۆی جێبەجێ کراوە.     

  ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل دەڵێت سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی میسڕ عەبدلفەتاح سیسی و ئەگەری هەیە لەگەڵ شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعودیە محەمەد بن سەلمانیشدا کۆببێتەوە. لێدوانەکە ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، وەکو وەڵامێک هات بۆ پرسیارێک سەبارەت بە پێشنیارەکەی ئەمدواییانەی ترامپ بۆ گرتن و گەشەپێدانی کەرتی غەززە. سەرۆکی ئیسرائیل باسی لەوە نەکرد کۆبوونەوەکان لە کوێ ئەنجام دەدرێن، هەروەها باسی لە ناوەڕۆکی بابەتەکانیش نەکرد. ئاماژەی بەوەدا دۆناڵد ترامپ بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ پاشای ئوردن عەبدوڵادا کۆببێتەوە. هێرزۆگ وتیشى: ئەمانە هاوبەشێکن کە دەبێت گوێیان لێبگیرێت، دەبێت قسەیان لەگەڵدا بکرێت. دەبێت ڕێز لە هەستییان بگرین و بزانین چۆن پلانێک دابنێین کە لە داهاتوودا بەرگە بگرێت. عەرەبستانی سعودیە پێشنیارەکەی سەرۆک ترامپی بۆ غەززە ڕەت کردووەتەوە. ڕۆیتەرز پێشتر بڵاویکردەوە کە پاشا عەبدوڵای ئوردن بە نیازە لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ترامپ پێی بڵێت کە پێشنیارەکەی دەبێتە هۆی توندڕەویی و بێسەروبەری لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاودەکاتەوە، هەروەها ئاشتی ئوردن لەگەڵ ئیسڕائیلدا دەخاتە مەترسییەوە. لەهەفتەى ڕابردوودا، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دەیەوێت ئەمەریکا خاوەندارێتی کەرتی غەززە بکات، دوای ئەوەی داوای کرد فەلەستینییەکان لەو ناوچە بە جەنگ وێرانبووە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی دراوسێی ئوردن و میسر. ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەى ڕابردوو، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی ترامپ ڕایگەیاند، "ئەمەریکا کەرتی غەززە دەگرێتەدەست و کار بۆ نۆژەنکردنەوەی دەکات." لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەدان هەزار فەلەستینی لە باشووری غەززە بەرەو باکوور گەڕانەوە سەر ماڵەکانیان، دوای ئەوەی ئیسرائیل ڕێگەی بە گەڕانەوەی خەڵک دا لە چوارچێوەی ئاگربەستێک لەگەڵ حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان. ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد، "دەیەوێت گەشە بە ناوچەکە بدات و ببێت بە ناوچەیەکی گەشتیاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".

لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا ١٥٦ کەسایەتی و هەلسوڕاوی سیاسی، لەپاڵ پشتگیری کردنیان لە هەموو داخوازیەکانی مامۆستایان و هەلسوڕاوانی مانگرتوو،  داوا لە مانگرتووان دەکەن کە بۆ بەردەوام بوون لە خەبات دەستبەرداری مانگرتن لە خواردن بن! بۆ مامۆستایانی مانگرتوی خۆشەویست لە سلێمانی و سەرجەم موچەخۆرانی چین و توێژە جیاوازەکان! بەڕێزان! ئێمەی ژنان و پیاوانی داکۆکیکەر لە ماڤی مرۆڤ، لە دەرەوەی ووڵات بە دڵێکی پڕ لە ڕێز و خۆشەویستییەوە ئەم نامەیەتان بۆ دەنووسین بۆ ئەوەی لەم ڕۆژە سەختەدا پشتیوانی و هاوسۆزی خۆمان لەگەڵتان دەرببڕین. ئێوەی مامۆستای دڵسۆز، نەک هەر ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پەروەردەکردنی نەوەکانی داهاتوو، بەڵکو دەنگی دادپەروەرین بە نوێنەرایەتی سەرجەم چین و توێژەکان لە کۆمەڵگادا.  ئێمە زۆر باش دەزانین کە خەباتی ئێوە بۆ مافەکانتان شەڕێکە بۆ ئایندەیەکی باشتر و گەشاوەتر. بە هەوڵ و خۆبەخشی خۆتان، نەک هەر فێرخوازەکانتان فێری زانست دەکەن بەڵکو بەها مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان لە دڵیاندا دەچێنن. بەڵام ئێستا لەم ساتەوەختە گرنگەدا، پێویستی پشتیوانی و هاودەنگی زیاتر لە جاران هەست پێدەکرێت.  دڵنیاتان دەکەینەوە کە گوێمان لە دەنگی ئێوە دەبێت و هەمیشە لە تەنیشتتان دەبین. شەڕی ئێوە بۆ مافە دادپەروەرەکان تەنها شەڕی مامۆستا نییە، بەڵکو شەڕە بۆ هەموو مرۆڤەکان. مافی خۆتانە لە ژینگەیەکی سەلامەت و دادپەروەرانەدا کار بکەن و ئەم هەڵوێست و نارەزایەتیەشتان وانەیەکە بۆ لاوان و فێرکاران بۆ بێدەنگ نەبوون لە ئاست داخوازییە کانیان. هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی لێکەوتە جددی و مەترسیدارەکانی مانگرتن لە خواردن، داوا لە هەموو مانگرتووان دەکەین گرنگی بە تەندروستی خۆیان بدەن مانگرتن لە خواردن رابگرن. بانگهێشتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەکەین کە پەلە بکەن بۆ پشتگیریکردنتان و یارمەتیدەر بن لە گۆڕینی دۆخی ئێستا بە هاوسۆزی و هاودەنگی. با پێکەوە دەنگی دادپەروەری و ئازادی لە کۆمەڵگادا دەنگ بداتەوە و جیهانێکی باشتر و دادپەروەرتر بەدەست بهێنین. لەم نارەزایەتیانەتاندا هەمیشە لە تەنیشتتان دەبین و شانازی بە تێکۆشانتان دەکەین. بە هیوای سەرکەوتن و بەدیهێنانی داخوازییەکان. لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستی،   بزوتنەوەی ژنان و داکۆکیکارانی ماڤی مرۆڤ لە دەرەوەی وڵات 1. نەجیبە مەحمود 2. سدیقە محەمەدی 3. فەریدە رزایی 4. سورەیا فەتاحی  5. چنور سدیق 6. روناک شوانی 7. رێواس ئەحمەد بانیخێڵانی 8. ناهیدە ئەحمەد 9. نالیا ئیبراهیم 10. حەمەی نەبەوی 11. ئاسۆ کەمال - لەندەن 12. فەراسەت ساڵحی  13. گەلاوێژ رۆستەمی 14. گەوهەر معمارزادە 15. شنە ئەحمەد رەشید 16. ناهید موکری 17. گەلاوێژ حسینی 18. ئەڤین عزیز 19. ئامینە کاکەباوە 20. شەهین شەهلای  21. عەتیفە مازوجی 22. پڕشنگ خۆرمی 23. هەژیر نینا 24. تەرزە عەباسی-ئەڵمان 25. پڕشنگ بهرامی 26. شەهلا رەحیمی -کانەدا 27. ژیلا حەیدەری 28. مریەم مستەفا سوڵتانی 29. حەمەی عوزەیری 30. تەڵا سەمەدی 31. جەمیل نەوەڕە -مامۆستای پێشوو 32. حەمید شەعبانی 33. کەریم ئەمینی -دانمارک  34. ئیبراهیم رۆستەمی 35. سەنا پیرخزرانیان 36. جەواد زەمانی 37. عەزیز (خانە) ماملێ ، مافناس و پارێزەر 38. موزەفەر پاکسرشت  39. سوهیلا قادری ،مێژووناس 40. چیمەن دارابی  41. هادی ڕەحیمی  42. ئیبراهیم ڕۆستەمی 43. سنا پیرخزرانیان 44. جەواد زەمانی 45. سالەح سەرداری 46. کەیومەرس کابۆلی 47. م.شەکیب 48. جەبار محەمەدی 49. شیوا سوبحانی  50. ڕێبوار مورادی 51. ئەبوبەکر مهرەبانی(عەبو گاگڵی ) 52. عیزەت دارابی  53. خەبات دهدار 54. فەرەج شەهابی  55. شەرافەت کەیوان  56. موسڵح ڕێبوار 57. یوسف خەلیل پورئازەر 58. هۆمایون گۆدازگەر  59. هێرش فەتحی  60. مەهین دارایی 61. حسێن عارفی  62. محەمەد حەمیدی 63. شەمسی خۆرەمی 64. مەحمود ئەحمەد -چالاکوانی سیاسی  65. عەلی شەریفزادە 66. مەنسور خالدی 67. شیوا توانایی 68. لوقمان گەلەداری 69. عۆمەر مینایی 70. کاروان سەعید -مامۆستا -سوید 71. جەلیل رەزایی 72. ئەڵماس فەرزی  73. عەلی لەگزی 74. شایستە موحەمەدیان 75. نینا سرافراز 76. نازاەنین حەسەن  77. شەمسی سلیمانی  78. ئەسرین قادری 79. شەمی سەلواتی  80. مریەم افراسیابپور 81. لاوژە جەواد -هەڵسوڕوای بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان 82. سۆران وەهاب 83. سوهەیلا روحانی 84. ئەردشیر نەسڕوڵلا بیگی 85. ڕزگار خەلیفەزادە 86. شەهین حەیدەری 87. رەئوف ئەفسایی- بەریتانیا 88. ئیبراهیم باتمانی 89. سیروان بالانی 90. ئارام حمەساڵح - ئەمریکا 91. حمە سوڵتانی(دەرزی وەلی) 92. ئیسمائیل مەولودی ( بایزید) 93. سەلاح کەفاشی  94. سلیمان قاسمیانی 95. لۆقمان وەیسی ئەندامی پێشوو ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-مەریوان 96. جمشید اساسی 97. سیروان قادری 98. مینو میرانی 99. تۆفێق پیرخزری  100. سردار عەبوڵا حەمە 101. ئەنوەر عەزیزیان  102. تۆفێق فەرەجی 103. ئەختەر کەمانگەر 104. مەسعود شەریفی 105. ئێقباڵ نەزەرگاهی 106. ئیسمائیل مەردۆخی 107. جەماڵ کرێکار 108. ئاوات ڕەسوڵ لە ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەڵتەرناتیڤی نان کار ئازادی ئیدارەدانی شورایی 109. ئیسمائیل مەولودی 110. کورش حەواری نەسەب 111. خالد عەلی پەنا 112. فەرزاد میرەکی 113. فەرەج زارعی 114. سەعید یەگانە 115. کاردۆ ئابان 116. ڕێبوار عارف 117. علی خدری 118. مەدح کاکەیی 119. ئاسیە مەجید 120. عەبدوڵا مەحمود/ سەرنوسەری بڵاوکراوەی بۆپێشەوە 121. بیژەن جەهانبەخش 122. سەردار قادری 123. دلێر سفیدی 124. سەبا پڕمێهر  125. ڕۆژین ئەمینی 126. ئامانج خالسی 127. پەریسا کڵاوقوچی 128. سەرکەوت ڕۆستەم گورجی 129. جەمشید دەویق فەرد 130. حەبیب سوڵتانی 131. محەمەد وەلەدی 132. مۆختار محەمەدی 133. مستەفا باهیر ١٣٤. گوڵاڵە مەعروف ١٣٥. ابراهیم حسێن ١٣٦. بنار مستەفا ١٣٧. سروە حەوێز ١٣٨. تاژان ساڵح ١٣٩. شیرین حەمەعەلی ١٤٠. عمر هەنگاو ١٤١. تاهیر عیسا ١٤٢. ئالان دانیار ١٤٣. سندس سامی ١٤٤. چیمەن قەرەداغی ١٤٥. ئاکام محمد ١٤٦. سیروان 

سەنتەری میترۆ بە توندی ئیدانەی هەڵكوتانە سەر نوسینگەی كەناڵی كەی ئێن ئێن و دەستگیكردنی تیمی رۆژنامەوانی پۆلەتیك دەكات و رایدەگەیەنێت ئەمرۆ دەیان پێشێلكاری جۆراجۆر رویانداوە لەوەنەش رێگەنەدان بە گەڕانەی تیمەكانی میدیایی شاری هەولێر كە بۆ روماڵ هاتبوونە دێگەڵە. دامەزراوەی میدیایی گۆڕان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە باسلەوەدەكەن كە نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزێكی نەناسراو بەناوی ئاسایشی هەولێر و بە جلوبەرگی مەدەنی و بە ئۆتۆمۆبێلی بێژمارە، هەڵیانكوتاوەتە سەر نوسینگەی كەناڵی KNN لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و دوای ئەوەی دەستیان گرتوە بەسەر كامێرا و مۆبایلی كارمەندەكانمان، سویچ و ساڵانەی ئۆتۆمبێلەكانیان لێوەرگرتوون و بەشێك لە وێنە و ڤیدیۆی تۆماركراوی ناو مۆبایلەكانیان سڕیوەتەوە، دواتر هێزە نەناسراوەكە نوسینگەكەیان بەجێهێشتوە. ئێوەاری ئەمڕۆ د. سەربەست حسێن، سەرنووسەری دەزگای میدیای پۆلەتیك پرێس بە سەنتەری میترۆی راگەیاند تیمێكیان (تەمەن رەواندوزی و نەبی مەلیك فەیسەڵ) كە لەكاتی پەخشی راستەوخۆبوون لە لایەن هێزێكی ئەمنییەوە پەلاماردراون و دەستبەسەر كەلوپەلی رۆژنامەوانی تیمەكەیاندا گیراوە ووتی"  بە پێی بەدواداچوونمان تیمەكە لە ئاسایشی گوندی كۆری دەستبەسەرن و پەیوەندیمان لەگەڵیاندا پچڕاوە" هەروەها نەبەز رەشاد پەیامنێری بوار بە میترۆی ووت" چەندین تیمی میدیای كە لە هەولێرەوە هاتبووینە دێگەڵە بۆ روماڵكردن ناهێڵن بچینەوە هەولێر" . سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت ئەم شەپۆلە لە توندوتیژییەی ئەمرۆ كاری رۆژنامەنوسانی قورسكرد، بە توندی ئیدانەی دەكەین و لەگەڵ هیچ یاسایەكی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی كە ئازادی رۆژنامەنوسی دەپارێزێت ناگونجێ. هەروەها داوادەكات هێزە ئەمنییەكانی بازگەی دێگەڵە رێگە خۆشبكەن تا تیمەكانی رۆژنامەنوسانی هەولێر، بگەڕێنەوە ناو خێزانەكانیان. پێشتر تۆڕی هاوپەیمانی 19 بە وردی تیشكی خستە سەر توندوتیژی بەرامبەر بە مامۆستایانی ناڕازی و رۆژنامەنوسان كە روماڵی ئەم چالاكییەن كردوە و لە لاپەڕەی سەنتەری میترۆو تۆڕی 19 بە زمانی عەربی بڵاوكراوەتەوە.

بەهای دراوی ئێران بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکایی بۆ نزمترین ئاستی پێوانەیی دابەزی، دوای ئەوەی ڕابەری باڵای ئێران گفتوگۆی لەگەڵ ئەمەریکا ڕەتکردەوە و سەرۆک دانۆڵد ترامپ هەوڵیدا هەڵمەتی " زۆرترین فشار " بۆ سەر تاران بگەڕێنێتەوە. بەپێی ماڵپەڕی ئاڵوگۆڕی بیانی alanchand.com، ڕۆژی یەکشەممە نرخی تمەن لە بازاڕە نافەڕمییەکاندا بۆ 900,500 تمەن دابەزی، بە بەراورد بە 869,500 تمەن لە ڕۆژی شەممەدا.  ماڵپەڕی bazar360.com دەڵێت دۆلار بە 883,100 تمەن فرۆشراوە. ماڵپەڕی Asr-e-no بڵاویکردەوە کە نرخی دۆلار بە 891,000 تمەن مامەڵەی پێوەکراوە. لە کاتێکدا کە ڕووبەڕووی ڕێژەی هەڵاوسانی فەڕمی لە سەدا 35 بوونەتەوە، ئێرانییەکان بەدوای پەناگەیەکی پارێزراودا دەگەڕێن بۆ پاشەکەوتەکانییان، دۆلار و دراوی قورسی دیکە و زێڕ دەکڕن. دوای هەڵبژاردنەوەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ وەکو سەرۆکی ئەمەریکا، نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن بەرزبووەوە و بە نزیکەی 690,000 تمەن مامەڵەی پێوەکرا، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییەکانەوە سەبارەت بەوەی ترامپ سیاسەتی " زۆرترین فشار " بەسەر ئێراندا بسەپێنێت و سزای توندتر بخاتە سەر ئەو وڵاتە و دەسەڵات بە ئیسڕائیل بدات هێرش بکاتە سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران. لە ساڵی 2018 دا سەرۆک ترامپ کە ئەو کاتەش سەرۆکی ئەمەریکا بوو لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا. ڕێککەوتنەکە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی سنووردار دەکرد و لە بەرامبەریشدا سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران سووک دەکران. ئێرانیش لە وەڵامدا زۆربەی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەی پێشێل کرد و پیتاندنی یۆرانیۆمی خێراتر کرد. لە دوای سەپاندنەوەی سزاکانەوە لە ساڵی 2018 دا، تمەنی ئێرانی زیاتر لە سەدا 90 ی بەهاکەی لە دەستداوە.

لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، سکاڵای یاسایی لەسەر هەریەکە لە سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق تۆمار کردووە، لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ یەکشەممە، هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکى سکاڵاکانى خستەڕوو. ناوبراو ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، سکاڵاکەى سەرۆک کۆمار، لە رۆژی 20-01-2025، تۆمار کراوە 19 رۆژ بەسەر سکاڵاکەیان تێپەڕ بووە، بەڵام لەو ماوەیەدا چاوەڕوانی بڕیاری دادگا بوون.   هاوڕێ تۆفیق وتى: داوامان کردووە دادگەی فیدراڵی فەرمانی وەلائی دەربکات بۆ خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی بەردەوام و بێ دواکەوتن بابەتە هونەرییەکان نەبنە هۆکاری دواخستنی مووچە. بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد لە سکاڵاکەیان دا داوایان کردووە دادگای فیدراڵی، ئەنجوومەنی نوێنەران پابەند بکات بە پەسندکردنی مادەی 12، بڕگەی ج لە یاسای بودجەی فیدراڵی کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە رۆژانی رابردوو ئەوە کرا.   رۆژی 02-02-2025، پەرلەمانی عێراق دەنگی بە هەمواری یاسای بودجە دا. مادەی 12 لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق تایبەتە بە خەرجیی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان، پێشنیاز کراوە 16 دۆلار بێت، لە عێراق خەرجییەکە 6 دۆلارە، لەو ماددەیەدا بە خاڵ لایەنە یاساییەکەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان باسکراوە. هاوڕێ تۆفیق لە بەشێکی قسەکانی دا باسی لەوەش کرد، دادگاییەکە رۆژ 12ـی مانگ دەکرێت و "هەموو لایەک چاوەڕوانین دادگەی فیدراڵی بڕیاری دەستووریی خۆی دەربکات".   بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لەتیف رەشید "پەرۆشی دۆخی مووچەخۆران و سەرجەم هاووڵاتییان و پێکهاتەکان لە هەموو عێراق، بۆیە ئێمەی راسپارد بۆ داکۆکی لە مووچەخۆران، ئەو سکاڵایە تۆمار بکەین". ئەمڕۆ 13 رۆژە بەشێک لە مامۆستا و فەرمانبەرانی سلێمانی بەهۆی دواکەوتنی مووچە، خێوەتیان هەڵداوە و مانیان لە خواردن گرتووە. هاوڕێ تۆفیق باسی لەوە کرد، سەرۆککۆمار داوای کردووە، دادگەی فیدراڵی، وەزارەتی دارایی عێراق بە خەرجکردنی سەرجەم مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی رابردوو و تەواوی مانگەکانی داهاتوو پابەند بکات.

  وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەرباری رێزگرتن لە مافی خۆپێشاندان، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رێگری لێدەکرێت و هەر هەوڵێک بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان بێت، رێگەی پێنادرێت". ئەمڕۆ یەکشەممە، دەیان مامۆستا و فەرمانبەرى ناڕازى، بەمەبەستى خۆپیشاندان و گردبوونەوە لە سنورى سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ناوچەکانى دیکەوە، چونە هەولێر، بەڵام لە چەند شوێنێک لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە رێگریان لێکراو دواى تێپەڕاندنى بازگەى دێگەڵە، هێزە ئەمنییەکان بە زەبری هێز و گازی فرمێسکڕێژ کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا. لەڕاگەیەندراوێکیدا وەزارەتى ناوخۆى هەرێم دەڵێت: جەند رۆژێکە لە سلێمانی گردبوونەوەی ژمارەیەک فەرمانبەر بەدی دەکرێت. داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران و چین و توێژەکان هەمیشە لە خشتەی کارە لەپێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان. وەزارەتى ناوخۆ هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، دەڵێت: کۆمەلێک کەس و لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی لە عێراق دەیانەوێت ئەم داواکارییانە بە کاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان و هەندێک لایەنی پاشکۆ، لایەنەکانی لە یاسا دەرچوو ، پ. ک. ک. و کەسانی تر سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە  بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەکانی تری هەرێم بەکاری بهێنن. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى  وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان جەند رۆژێکە لە سنووری سلێمانی گردبوونەوەی ژمارەیەک فەرمانبەر بەدی دەکرێت. داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران و چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە لە خشتەی کارە لەپێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان و لەو پێناوەش بە بەردەوامی لەگەل حکوومەتی فیدرال لە بەغدا کار بۆ بەدیهاتنیان کراوە و تا رادەیەکی باش بەرەو پێشچوون هەیە. بە هەماهەنگی لەگەل بەغدا لە هەولی چارەسەرکردنی بابەتە هەلواسراوەکانین.  ئەوەی جێگای هەلوەستەیە، کۆمەلێک کەس و لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی لە عێراق دەیانەوێت ئەم داواکارییانە بە کاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان و هەندێک لایەنی پاشکۆ، لایەنەکانی لە یاسا دەرچوو ، پ. ک. ک. و کەسانی تر سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە  بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەکانی تری هەرێم بەکاری بهێنن و بەمەش داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران تێکەڵ بە مەرامەکانیان دەکەن. سەرباری رێزگرتن لە مافی خۆپیشاندان، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رێگرییان لێدەکرێت و هەر هەولێک بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان بێت رێگەی پێنادرێت.

دادگای باڵای فیدراڵی ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی شوبات وەک وادەی تانەدان دیاریکرد کە دژی دەنگدان لەسەر سێ یاساکە پێشکەشکرابوون. لە بەیاننامەیەکی دادگاکەدا، ئەوە خراوەتەڕوو ڕۆژی 11ی شوباتی وەک وادەی تانەدان داناوە کە لە دژی دەنگدان لەسەر سێ یاسای (لێبوردنی گشتی، باری کەسی و گەڕانەوەی خانووبەرە) پێشکەشکراون. پێشتر دادگای باڵای فیدراڵی فەرمانی دادوەری بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاساکانی لێبوردنی گشتی و باری کەسی و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی دەرکردبوو. پێشتر ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەڵێت یاساکانی لێبوردنی گشتی، باری کەسی و گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان تائێستا لە ڕۆژنامەی وەقائیع بڵاونەکراونەتەوە و نەکەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەهۆیەش ناکرێت فەرمانی سالارییان بۆ ڕاگرتنی کارپێکردنیان دەربچێت، بەڵام دادگای فیدڕاڵی جەخت دەکاتەوە کە بڕیارەکەی دەستوورییە و دەبێت هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن. ڕۆژنامەی شەرقلئەوست لە سەرچاوەیەکی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی شەوی ڕابردوو لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت بەمەبەستی دەرفەتدان بە دادگای فیدڕاڵی دواخراوە تا چارەسەرێک بۆ ئەو فەرمانە سالارییەی بدۆزێتەوە کە بۆ ڕاگرتنی کارکردن بە سێ یاسا دەریکردووە. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئێستا لایەنەکان کار بۆ چارەسەری ئەو ناکۆکییە کەم وێنەیە دەکەن کە بەهۆی سێ یاساکە لەنێوان ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دادگای فیدڕاڵی ڕوویداوە، لایەنەکان بەگشتی و چوارچێوەی هەماهەنگیش بەتایبەتی دەیانەوێت چارەسەرێکی خێرا بۆ ئەو ناکۆکییە بدۆزنەوە کە بۆ خوێندنەوەی دەستوور دروستبووە.

بەڕێوەبەری بانكی خانەنشینی پێشمەرگە: كێشەی موچەی خانەنشینانی پێشمەرگە چارەسەر دەكرێت بەڕێوەبەری بانكی خانەنشینی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، لە مانگی داهاتووەوە كێشەی موچەی خانەنشینانی پێشمەرگە چارەسەر دەكرێت و وەك پێشوی لێدێتەوە. عەزیز عەلی بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە، لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: ئەو پارەیەی لە موچەی مانگی یەك لێیان بڕاوە، لەگەڵ موچەی مانگی دوو بۆیان قەرەبوو دەكرێتەوە ئەمڕۆ یەكشەم نۆی شوبات، ژمارەیەك لە خانەنشینانی پێشمەرگە دژی بڕینی نیوەی موچەكانیان لەبەردەم بانكی خانەنشینی سلێمانی گردبونەوە. وەك ئەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە باسی دەكەن، لە مانگی یەكدا بەبێ لەبەرچاوگرتنی ساڵانی خزمەت و گەڕانەوە بۆ ئەو یاسایەی پێی خانەنشینكراون، موچەی تێكڕای خانەنشینانی پێشمەرگە بۆ 500 هەزار دینار كەمكراوەتەوە. هەر ئەمرۆ لە سلێمانی ژمارەیەك لە خانەنشینانی پێشمەرگە دژی بڕینی بەشێك لە موچەكانیان گردبونەوە و وەك خۆیان دەڵێن: نزیكەی پێنج هەزار ئەفسەر و پێشمەرگەی خانەنشینن بەبێ گەڕانەوە بۆ ساڵانی خزمەت و پلەكەی خانەنشین كراون و بڕێكی زۆر پارەیان لێبڕاوە.

هەرچەندە کرێملین چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پشتڕاستی کردەوە کە ڕووسیا و ئەمریکا هێشتا وردەکاریی کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان سەرۆک ڤلادیمێر پوتین و دۆناڵد ترەمپیان تاوتوێ نەکردووە، بەڵام ئەم دووەمیان لێدوانی نوێی دا. سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ هاوتا ڕووسیەکەی قسەی کردووە بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکرانیا. لە وەڵامی پرسیارێکدا کە لەناو فڕۆکەی تایبەتى سەرۆکایەتیدا بوو، سەبارەت بەوەى چەند جار قسەی لەگەڵ پوتین کردووە، ترەمپ وتی "پێم باشە نەیڵێم". ترەمپ هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پوتین "نایەوێت هیچ مردنێکی دیکە زیاتر بێت"، بەپێی ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاویکردەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە پێدەچێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کۆببێتەوە و تاوتوێی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بکەن. ترەمپ ڕوونیشیکردەوە کە هەمیشە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ پوتین هەبووە، ئاماژەی بەوەشکرد، پلانێکی کۆنکرێتی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەم شەڕە زۆر خراپە و وتی "دەمەوێت کۆتایی بەشەڕو ململانێ نەفرەتییە بهێنم".

  سەرلەبەیانى ئەمرۆ لەزۆربەى شارو شارۆچکەکانى سنوۆى سلێمانى و هەوڵەبجەو گەرمیانەوە دەیان مامۆستاو فەرمانبەرى ناڕازى بەپاس بەڕێکەوتوون بۆ ئەوەى بچنە هەولێر بەمەبەستى ئەنجامدانى خۆپیشاندان. لەدوو رۆژى ڕابردوودا، ئەنجومەنى مامۆستایانى ناڕازیی و تیمی پشتیوانی لە مانگرتووان بڕیاریانداو بانگەوازیانکرد، ڕۆژى یەکشەممە دەچنە شارى هەولێر بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى. ئەوان لە ڕاگەیەندراوێکەیاندا داوایان لە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان کرد نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ، شیوعی، هەڵوێست، بەرەی گەل، گۆڕان، بزووتنەوەی ئیسلامی هاوكارو پشتیوان بن لەم خۆپیشاندانەی كە رۆژی یەكشەمە لە هەولێر دەكرێت.  بەشێک لەو حزبانە وەک یەکگرتووى ئیسلامى، کۆمەڵى دادگەریی نەوەى نوێ و ڕەوتى هەڵوێست لەڕێگەى فراکسیۆنەکانیانەوە پشتیوانى خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دەربڕى و رایانگەیان داواکانیان رەوایە. وەک رێگرییەک لە خۆپیشاندان و نارەزاییەکان دوێنێ شەممە رێگری لە هاووڵاتییانی سلێمانی دەکرا بچنە هەولێر. لای خۆیەوە نەجمەدین محەمەد مامۆستای ناڕازی بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: لە بازگەی دێگەڵە رێگە بە هیچ هاووڵاتییەکی سلێمانی نادرێت بچێتە شاری هەولێر. هاوکات وتەبێژى مامۆستایانى مانگرتوو ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆش درێژە بەمانگرتن و ناڕەزایەتیەکانیان دەدەن داواش لەهاوڵاتیان دەکات بەشدارى خۆپیشاندانەکەى هەولێر بکەن. ئەمرۆ یەکشەممە ماوەى ١٣ ڕۆژە ١٣ مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووەو داوای موچەو تەوتین و پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم دەکەن.

عەلى باپیر سەرۆکى کۆمەڵى دادگەریی کوردستان پەیامێکى سەبارەت بە مانگرتووانى سلێمانى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: گیانلەدەستدانی هەر كامێك لە مانگرتووە فیداكارەكان ئۆباڵ بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆی بەرپرسانی هەرێمدایە بۆ دنیا و قیامەت. ئەمیرى کۆمەڵى دادگەرى هەر لەو پەیامەیدا هۆشداریی بە بەرپرسانی هەرێم دەدات، ئەو دەلێت: هەرچی زووتر دڵسۆزانە بەدەم هاوار و داواكارییەكانیانەوە بچن، كە هی هەموو خەڵكە. ئەو وتیشى: با وەك جارانی دیكەی ڕابردوو گرێی دەستان نەخەنە ددانان، وازیش لە قسەی سارد و سڕ و بێ جێ بێنن، دۆخەكە زۆر لەوە هەستیارترە بە تۆمەت بەخشینەوە و، لەپشت پەردەی ڕەشەوە تەماشاكردنی خەڵك و میللەت، چارەسەر بكرێ. ئەمەش دەقى پەیامەکەی سەرۆکى کۆمەڵە:- مانگرتن و خۆپێشاندان و هەڵوەستەیەك نزیك دوو هەفتەیە ژمارەیەك لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەستیان بەمانگرتن لە خواردن كردوە، وەك هەڵوێست نواندن لە بەرانبەر شكست و كەمتەرخەمیی حكومەتی هەرێم، لە دابینكردنی مووچەی مامۆستایان و سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆراندا. بەوبۆنەیەوەش دەڵێم: 1- بێگومان مانگرتن و خۆپێشاندانی بەشێك لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم، لە شێوازەكانی بەرگرییكردنیان لە ژیان و گوزەرانی كۆی هاوڵاتییان، شایستەی سوپاس و پێزانینی هەموو لایەكە. 2- هۆشدارییش بە بەرپرسانی هەرێم دەدەم هەرچی زووتر دڵسۆزانە بەدەم هاوار و داواكارییەكانیانەوە بچن، كە هی هەموو خەڵكە و، با وەك جارانی دیكەی ڕابردوو گرێی دەستان نەخەنە ددانان و، وازیش لە قسەی سارد و سڕ و بێ جێ بێنن و، دۆخەكە زۆر لەوە هەستیارترە بە تۆمەت بەخشینەوە و، لەپشت پەردەی ڕەشەوە تەماشاكردنی خەڵك و میللەت، چارەسەر بكرێ. 3- بێگومانیش گیانلەدەستدانی هەر كامێك لە مانگرتووە فیداكارەكان ئۆباڵ و بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆی حكوومەت و بەرپرسانی هەرێمدایە بۆ دنیا و قیامەت، بەو هیوایەی بەزووترین كات ئەو كێشە و گرفتە چارەسەر بكرێ.  هیچ كەسێكی خاوەن ئیمان و ویژدانیش، ناتوانێ لەگەڵ ستەملێكراواندا نەبێ و، دژی ستەم و بێدادیی نەبێ. عەلی باپیر 9 شەعبانی 1446 ك 8 / 1 /2025 ز

کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە ڕۆژی شەممە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی لە تاران لەگەڵ سەرکردەی کاتی حەماس خەلیل ئەلحەیا و دوو سەرکردەی دیکەی حەماسدا کۆبووەتەوە. خامنەئی لەو کۆبوونەوەیەدا بە بەرپرسانی حەماسی ڕاگەیاند " ئێوە شکستتان بە ڕژێمی زایۆنی هێنا. ڕێگەتان نەدا هیچ کام لە ئامانجەکانییان بە دەستبهێنن." کەناڵەکە وتی سەرکردە فەلەستینییەکان لە تاران بوون بە مەبەستی پیرۆزباییکردن لە خامنەئی بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامی 1979 ی ئێرانەوە. سوپاسی پشتیوانییەکانی ئێرانییان کردووە. شاندەکەی حەماس کە سەرۆکی ئەنجومەنی حەماس موحەمەد دەروێش و بەرپرسی باڵای حەماس نزار عەوەزوڵاشیان تێدا بووە، ڕاپۆرتێکییان داوە بە خامنەئی سەبارەت بە دۆخی ئێستای غەززە و کەناری ڕۆژئاوا. تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەلحەیا بە خامنەیی وتووە "ئەمڕۆ بە شانازییەوە هاتووین بۆ بینینیت." هەروەها خامنەیی لەو کۆبوونەوەیەدا وتویەتی هەڕەشەکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بیرکردنەوەی خەڵکەکەمان نییە." ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە پرسی فەلەستین بۆ ئێران، پرسێکی سەرەکییە، سەرکەوتنی فەلەستینیش بۆ ئەوان پرسێکی دیاریکراوە، هەروەها لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ڕێبەرانی بزووتنەوەی حەماس وتی: بە فەزڵی خودا ڕۆژێک دێت کە هەمووتان بە شانازییەوە پرسی قودستان بۆ جیهانی ئیسلامی یەکلایی کردبێتەوە و بە دڵنیاییەوە ئەو ڕۆژە ڕوودەدات.

  سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانى کوردستان، ڕایدەگەیەنێت باشترە حكومەت گوێ لە خۆپیشاندەران بگرێت نەك رێگریان لێبكات بێنە هەولێر فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان بانگەوازێك ئاڕاستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر دەكات و داوایان لێدەكات، سبەی مانگرتنی سەرتاسەری ڕابگەیەنن و هەروەها پشتیوانیش دووپات دەكاتەوە بۆ ئەومامۆستایانەی بڕیارە لە سلێمانییەوە بێنە هەولێر و خۆپیشاندان لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان ئەنجامبدەن. لەوبارەیەوە مستەفا عەبدوڵا سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانى کوردستان ڕاگەیاند: حكومەتی هەرێم فاشیل و خەمساردە بەرامبەر بە داواكاریەكانی خەڵكی كوردستان، لەجیاتی ڕێگری لەخۆپیشاندان و گردبونەوە و تۆمەت دروستكردن بۆ مامۆستا وفەرمانبەران دروست بكات، باشترە گوێیان لێبگرێت و داواكارییەكانیان جێبەجێبكات. ئەنجومەنى مامۆستایانى ناڕازیی و تیمی پشتیوانی لە مانگرتووان بڕیاریانداوە، ڕۆژى یەکشەممەى داهاتوو بچنە شارى هەولێر بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى. ئەوان لە ڕاگەیەندراوێکیاندا داوایان لە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان کرد نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ، شیوعی، هەڵوێست، بەرەی گەل، گۆڕان، بزووتنەوەی ئیسلامی هاوكارو پشتیوان بن لەم خۆپیشاندانەی كە رۆژی یەكشەمە لە هەولێر دەكرێت. ئەمڕۆش لەزۆربەى شارو شارچکەکەکانى هەرێم دەستکرا بەناونوسین و ئامادەکارى بۆ بەشداریکردنى مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیان لەو خۆپیشاندانەى سبەینێى هەولێر. ئەمڕۆش وەک رێگرییەک لە خۆپیشاندان و نارەزاییەکان هەر لە ئێستاوە رێگری لە هاووڵاتییانی سلێمانی دەکرێت بچنە هەولێر. لای خۆیەوە نەجمەدین محەمەد مامۆستای ناڕازی بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ لە بازگەی دێگەڵە رێگە بە هیچ هاووڵاتییەکی سلێمانی نادرێت بچێتە شاری هەولێر. ئەم رێگرییەی پارتی لە کاتێکدایە بڕیارە سبەینێ لە شارەکانی تری هەرێمەوە مامۆستایان و فەرمانبەران ڕوو لە شاری هەولێر بکەن، لە بەرامبەر نەبوونی مووچە و نادادی و راگرتنی پلە بەرزکردنەوە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی رێکبخەن. هاوکات وتەبێژى مامۆستایانى مانگرتوو ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆش درێژە بەمانگرتن و ناڕەزایەتیەکانیان دەدەن داواش لەهاوڵاتیان دەکات بەشدارى خۆپیشاندانەکەى هەولێر بکەن. ئەمرۆ شەممە ماوەى ١٢ رۆژە ١٣ مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووەو داوای موچەو تەوتین و پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم دەکەن.

ناوەندى ڕاگەیاندنى قەسەدە ڕایگەیاند لە ٢٤ کاتژمێری کۆتایی بەرخۆدانی هێزەکانییاندا، ١٤ چەتە کوژراون، ٣ سەربازی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و ١٦ چەتەی دیکەش بریندار بوون، هەروەها تۆتۆمبیلێکی داگیرکەرانیش تێکشکێندرا. لەڕاگەیەندراوێکیاندا هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) ئاماری شەڕ و چالاکییەکانی ٢٤ کاتژمێری کۆتایی لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەی قەسەدەدا ئەم زانیارییانە بڵاوکراوەتەوە: "لە چەندین بەرەوە چالاکییە ڕەواکانی هێزەکانمان لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەردەوامە. دوێنێ لە بەرەی دێر حافیر چەتەکەک کوژرا. یەکنەکانی شەهید هاروونیش گورزی لە ئۆتۆمبیلێکی گوێزەرەی چەتەکان وەشاند و بەتەواوەتی تیكشێندرا. شەڕڤانانمان بەرپەرچی هێرشێکی چەتەکانیان دایەوە بۆسەر خاڵێکی هێزەکانمان لە گوندەواری باکووری بەنداوەی تشرین و شەڕ و پێکدادان درووست بوو. لە ئەنجامی شەڕەکەدا ٣ چەتە کوژران و ٥ی دیکەش بریندا بوو.  جموجۆڵی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە ئاسمانی هەرێمەکەدا بەردەوام بوو. هاوکات لە دەوروبەری بەنداوی تشرین بە قورسی بە تۆپهاوێژ تۆپباران کرا. لە ئەنجامدا زیانی ماددی بەر ماڵ و موڵکی خەڵکی هەرێمەکە کەوت. هێزەکانمان چالاکی کاریگەرییان لە دژی بارەگای داگیرکەران لە گردی قەرەقۆزاقی باشووری کۆبانێ ئەنجامدا. لە ئەنجامدا تەقینەوەیەکی گەورە لە بارەگاکەدا درووستبوو کە نزیکەی ٤ کاتژمێر بەردەوام بوو. هاوکات یەکینەی شەهید هاروون لە هەمان گرددا گورزی لە هێزەکانی سوپای تورکی داگیرکەر وەشاند و ژمارەیەک سەرباز بریندار بوون. هێزەکانمان خێمەیەکی داگیرکەرییان لەنابرد. هەروەها لە چوارچێوەی چالاکییە ڕەواکاندا لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانیدا، یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) چالاکی کاریگەرییان لە دژی بارەگای سوپای تورکی داگیرکەر لە گردی قەرەقۆزاق ئەنجامدا. لە چالاکییەکەدا خاڵێکی سەربازی خاپور کرا، ١٠ چەتەیش کوژران و ١٤ چەتە برینداربوون کە ٣ دانەیان سەربازی تورکی داگیرکەر بوون. فرۆکەی جەنگی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر گوندی تینی بۆمباران کرد. لە ئەنجامدا زیانی ماددی لە ماڵ و موڵکی مەدەنییەکان کەوتەوە. لە هەمانکاتدا گوندەکانی تینی، جادا، بیر حەسۆ، دیکان، خەسەق، مەلحا، پری قەرەقۆزاق و گرێ شێڤیی لە باشووری کۆبانێ بە هاوەن، موشەک، تانک بۆمباران کران. بە هۆکاری تۆپبارانەکە زیانی ماددی کەوتەوە. فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دوێنێ کاتژمێر ٨:٠٠ دوو جار شارۆچکەی شیوخی بۆمباران کرد و زیانی ماددی لە ماڵ و موڵکی دانیشتووانی کەوتەوە. دوێنێ  کاتژمێر ١٦:٠٠ هێزەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە بارەگای خۆی لە گوندی هۆشەری، بە موشەک گوندی تۆرمانی تۆپباران کرد. لە ئەنجامدا زیانی ماددی لە ماڵ و موڵکی دانیشتووانی کەوتەوە. فرۆکەی بێفرۆکەوانیش لە هەرێمەکە دەگەڕا. ئاماری دوێنێی زیانەکانی چەتە ە داگیرکەران بەمجۆرەیە: ١٤ چەتە کوژرا، ٣ سەربازی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و ١٦ چەتە بریندار بوون. هەروەها ئۆتۆمبێڵێکی گواستنەوەی سەربازی تێک شکێنرا.