بەپێى پێشبینیەکانى، بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بولەمەرزەزانی سلێمانی ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، بەڵام سبەینێ پێنج شەممە لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لە ئەنجامی هاتنی شەپۆڵێکی بەفر و باران لەسەر ناوچەکەمان ، باران بارین بەشێوەی نمە بارانی پچڕ پچڕ دەست پێ دەکات. ئەمڕۆ چوار شەممە   12- 02 -  2025 کەش/  ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت ، لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور . پلەکانی گەرما /  کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ . ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت . خێرای با /   لەسەرخۆ- مام ناوەند دەبێت (10 - 20) کم/ک مەودای بینین / لەنێوان (8  – 10 ) کم دەبێت . سبەی پێنج شەممە  13- 02 -  2025  کەش/ ئاسمان بەگشتی نیمچە هەور دەبێت ، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لە ئەنجامی هاتنی شەپۆڵێکی بەفر و باران لەسەر ناوچەکەمان ، باران بارین بەشێوەی نمە بارانی پچڕ پچڕ دەست پێ دەکات ، لە کاتەکانی ئێوارەدا کاریگەری ئەم شەپۆڵە زیاد دەکات و بارانی مام ناوەند دەبارێت ، بەفر بارین لەسەر ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و سنووریەکان دەبارێت ، وە ئەو ناوچانەی بەرزاییان لە (1000 ) م زیاتر بێت ئەگەری بەفر بارینی هەیە، سەنتەری پارێزگای سلێمانی و سەنتەری پارێزگای دهۆک ئەگەری بەفری هەیە بە تێکەڵی لەگەڵ باران . پلەکانی گەرما / کەمێک نزم دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت . خێرای با /   لەسەرخۆ- مام ناوەند دەبێت (10 - 20) کم/ک مەودای بینین / لەنێوان (8   – 10) کم دەبێت ، لەکاتی باران ( 5 – 7 ) کم دەبێت . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر     : 15 پلەی سیلیزی سلێمانی  :  12پلەی سیلیزی دهۆک     : 12 پلەی سیلیزی کەرکوک  : 16 پلەی سیلیزی زاخۆ      :  12 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 13  پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران: 0  پلەی سیلیزی سۆران: 11پلەی سیلیزی گەرمیان  : 20 پلەی سیلیزی

شا عەبدوڵڵا شای ئوردن دیدارەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ بە کۆبوونەوەیەکی "بنیاتنەر" ناوبردوە، هاوکات ترەمپ پێداگری دەکات کە ئەمریکا غەززە دەگرێتە دەست لەکاتێکدا چاوی بە شا عەبدوڵڵا کەوت. لە پۆستێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتى (ئێکس) شای ئوردن، نوسیویەتى: سوپاسگوزارە بۆ بەخێرهاتنی گەرمی لەلایەن ترەمپەوە، هاوکات دەشڵێت، ئەوان لەکۆبونەوەکەیاندا  باسیان لە هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات کردووە. شا عەبدوڵا دەشڵێت: هەڵوێستی چەسپاوی ئوردنم لە دژی ئاوارەبوونی فەلەستینییەکان لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا بۆ ترەمپ دووپاتکردەوە، ئەو وتیشى "ئەمە هەڵوێستی یەکگرتووی عەرەبە، ئاوەدانکردنەوەی غەززە بەبێ ئاوارەکردنی فەلەستینییەکان و چارەسەرکردنی دۆخی ترسناکی مرۆیی دەبێت لە پێشینەی کارەکانی هەمووان بێت". پاشاى ئوردن پابەندبوونی خۆی بە چارەسەری دوو دەوڵەتی وەک ڕێگەیەک "بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری ناوچەکە" دووپات دەکاتەوە. ئەوە یەکەم کۆبوونەوەیان بوو لە دوای ئەوەی ترەمپ پێشنیاری خۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچەیە و گواستنەوەی دانیشتوانی دوو ملیۆن فەلەستینی بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لە نێویاندا ئوردن ڕاگەیاند. سەرەتای ئەم هەفتەیە، ترەمپ پێشنیاری کردبوو کە دەتوانێت یارمەتییەکانی ئوردن و میسر ڕابگرێت، مەگەر ئەوان ڕازی نەبن بە وەرگرتنی ئەو غەززییانە. ئوردن کە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئێستاوە شوێنی نیشتەجێبوونی ملیۆنان فەلەستینییە و ئەو پێشنیازەی ڕەتکردووەتەوە. بەڵام لە قسەکانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ، کە شا عەبدوڵڵا لە لای ڕاستی دانیشتووە، ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە گۆڕانکاری لەسەر بیرۆکەکەی ناکات کە بووە هۆی ئیدانەکردنی جیهانی کاتێک هەفتەی ڕابردوو پەردەی لەسەر لادا. سەبارەت بە غەززە وتی: "ئێمە دەیبەین. ئێمە دەیگرین. ​​ئێمە بە نرخی دەزانین". ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە "هەلی کارێکی زۆر" لە سەرانسەری ناوچەکەدا دروست دەبێت ئەگەر دەستبەسەرداگرتنی ئەو خاکە وێرانبووە لەلایەن ئەمریکاوە ڕووبدات. ترەمپ زیادی کرد: پێموایە لە ئوردن و میسر پارچە زەوییەک دەبێت کە فەلەستینیەکان تێیدا بژین. ئاماژەی بەوەشکرد، باوەڕی بەوە نییە حەماس ڕۆژی شەممە وەک دوا وادە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دیاری بکات. ترەمپ درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: ئێمە زۆر بە باشی غەززە بەڕێوە دەبەین و نایکڕین فەلەستینییەکان لە شوێنێکی تر جگە لە غەززە بە سەلامەتی دەژین و دەزانم دەتوانین بگەینە چارەسەرێک.

هاوڵاتى ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، ڕایدەگەیەنن، چاوەڕوانین هاوڕێ مانگرتووەکانمان دوای (48) کاتژمێر لە نەخۆشخانە بە تەندروستییەکی باشەوە بگەڕێنەوە ناومان؛ ئەم ماوەش وەک مۆڵەتێک دەدەین بە دەسەڵاتی زۆنی سەوز؛ تا خۆی یەکلابکاتەوە لەنێوان (تەوتین) و (هەژماری من)؛ ئەگەرنا دوای ئەو ماوەیە سەرچاوەی داهاتەکانیان پەکدەخەین. لە بەیاننامەیەکدا، ئەو ئەنجومەنە دەڵێن: بایکۆتی دەوام لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا؛ بڕیارێکی خۆڕسکانەی خودی مامۆستایانە.سەرلەبەری چەواشەکاری و تۆمەتەکانی پارتی دەسەڵاتداری هەولێر؛ لە ڕێی وەزارەتی ناوخۆ و پەیجە فەیک و سێبەر و ڕاوێژکارە دابەستە و نووسەرە دەربارەکانیان؛ ڕەتدەکەینەوە. هاوکات ئەوەشدەخەنەڕوو، لە ئاییندەکانی نزیکدا؛ لە ڕێی ئامار و ڕاپۆرتی ورد و ڕاستەوە، تەواوی پێشلکارییەکانی دەسەڵات لە خۆپیشاندانەکەی دێگەڵە، ئاڕاستەی UN و کۆنگرێسی ئەمریکا و پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا دەکەن. دەقى بەیاننامەکە.. بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان مانگرتووانی خۆڕاگر و سەربەرز مامۆستایان، فەرمانبەران، مووچەخۆران، ڕای گشتی دەسەڵاتی تاڵانکار و چەواشەکار سەبارەت بە خەباتی پیرۆزی مانگرتن؛ خۆپیشاندانە مێژووییەکەی دێگەڵە و چەواشەکارییەکانی دەسەڵاتی ترسنۆک و ملهوڕ؛ هەڵوێست و جووڵەی ئاییندەمان؛ بەباشمان زانی ئەم خاڵانەی خوارەوە، بخەینەڕوو: هەڵوێست و خەباتی ئەو (13) خوشک و برا مانگرتووە خۆڕاگر و جوامێرەمان بەرزدەنرخێنین؛ کە  بۆماوەی (15) ڕۆژ مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرت؛ ئەم خەباتەش درێژکراوەی ئەو خەباتە مەدەنییە بوو؛ کە مامۆستایان و فەرمانبەران و دادخوازان؛ لەماوەی (10) ساڵی ڕابردوودا دژ بە ستەم و نادادی ئەنجامیانداوە. ئێستا و پاش ڕازیبوون بەو هەموو داوا و فشار و ڕوولێنان و قورئانهێنانەڕووەی؛ تا کۆتایی بە مانگرتن بێنن، لەلایەن کەسوکار و هاوڕێ و دڵسۆزان و چین و توێژە جیاوازەکانی ئەم کۆمەڵگەیەوە. ئێمە ڕێز و پێزانیمان بۆ بڕیارەکەیان و بەدەمەوەهاتنی داواکاری هەمووانەوە هەیە و بە سەرکەوتن و کارێکی گەورەی دەبینین. لەپاڵ خەباتی مانگرتندا؛ پایەیەکی تری بەهێزی خەباتەکەمان؛ خەباتی 9ی شوباتی تێکشکانی خەندەق و بڤەبەندی دێگەڵە بوو؛ کە پێ بەپێ لەگەڵ مانگرتنەکەدا؛ هاوار و داوای ستەملێکراوانی بە ناوخۆ و جیهانی دەرەوە گەیاند؛ تا دەنگ و دۆزەکەمان لە چوارچێوەی زۆنێکدا قەتیس نەبێت؛ هەر ئەمەش وای کرد، ئەوەی بەتەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکان نەکرا؛ مامۆستایان و فەرمانبەران و ئازادیخوازان، لێبڕاوانە و قوربانیدەرانە ئەو تەلبەندە بەڕقکێشراوە شەلوپەت بکەن. بایکۆتی دەوام؛ لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا؛ بڕیارێکی خۆڕسکانەی خودی مامۆستایانە و وابەستەنییە بە بە بڕیاری پێشوەختەی هیچ ئەنجومەن و دەستەیەک و مانگرتووانەوە؛ بۆیە ئێمە پاڵپشت و پشتیوانی هەر بڕیارێکین کە ئەوان دەیدەن. سەرلەبەری چەواشەکاری و تۆمەتەکانی پارتی دەسەڵاتداری هەولێر؛ لە ڕێی وەزارەتی ناوخۆ و پەیجە فەیک و سێبەر و ڕاوێژکارە دابەستە و نووسەرە دەربارەکانیان؛ ڕەتدەکەینەوە، وەک هەمیشە سەلماندیان کەسانی خێڵەکی و نەخوێندەوار شیاوی دەوڵەتداری نین؛ ئەگەر ڕاستگۆن! فەرموون چی بەڵگەیەکی پێشێلکاری و تێوەگلانمان لەگەڵ هێزی دەرەکی و ئیقلیمی هەیە، بۆ ڕای گشتی بڵاوبکەنەوە. لە ئاییندەکانی نزیکدا؛ لە ڕێی ئامار و ڕاپۆرتی ورد و ڕاستەوە، تەواوی پێشلکارییەکانی دەسەڵات لە خۆپیشاندانەکەی دێگەڵە، ئاڕاستەی UN و کۆنگرێسی ئەمریکا و پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا و ڕێکخراوە جیهانییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، سەرۆکایەتییەکانی (کۆمار، ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی نوێنەران، دەسەڵاتی دادوەری)ی عێراق دەکەین و بەڵگە و ڤیدیۆ و وێنەکانی لەگەڵدا هاوپێچ دەکەین. چاوەڕوانین هاوڕێ مانگرتووەکانمان دوای (48) کاتژمێر لە نەخۆشخانە بە تەندروستییەکی باشەوە بگەڕێنەوە ناومان؛ ئەم ماوەش وەک مۆڵەتێک دەدەین بە دەسەڵاتی زۆنی سەوز؛ تا خۆی یەکلابکاتەوە لەنێوان (تەوتین) و (هەژماری من)؛ ئەگەرنا دوای ئەو ماوەیە و بەمنزیکانە دەست بۆ جوڵەیەک دەبەین، کە سەرچاوەی داهاتەکانیان پەکدەخەین. ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی

سەرۆکی کاتی سوریا ئەحمەد شەرع لە لێدوانێکدا وتی باوەڕی وایە پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ بۆ گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە و خاوەندارێتیکردنی کەرتەکە " تاوانێکی مەترسیدارە و لە کۆتاییدا شکست دەهێنێت." ترامپ پێشنیاری ئەوەی کردووە ئەمەریکا کەرتی غەززە بگرێت بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوەی و گەشەپێدانی لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەوەش دوای ئەوەی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە دەگوازرێنەوە. شەرع لە پۆدکاستێکی The Rest Is Politics ی بەڕیتانیاییدا وتی پێشنیارەکەی سەرۆکى ئەمریکا دۆناڵد ترامپ سەرکەوتوو نابێت. ئەو وتیشى: باوەڕم وایە هیچ هێزێک ناتوانێت خەڵک لە خاکی خۆیان دەربکات. زۆرێک لە وڵاتان هەوڵی ئەوەیان داوە و هەموویان شکستییان هێناوە، بە تایبەتی لە ماوەی جەنگەکەی ئەمدواییانەدا لە غەززە." سەرۆکى کاتى سوریا دەشڵێت: لە ماوەی 80 ساڵی ئەم ململانێیەدا، سەرجەم هەوڵەکان بۆ ئاوارەکردنییان شکستییان هێناوە، ئەوانەی کە ماونەتەوە لە بڕیارەکەیان پەشیمان بوونەتەوە. وانەی فەلەستینییەکان کە هەموو نەوەکان فێری بوون گرنگیی دەستگرتنە بە خاکی خۆیانەوە. هەریەک لە وڵاتانی میسڕ و ئوردن و وڵاتانی دیکەی عەرەبی بە توندی دژایەتی هەر هەوڵێکییان کردووە بۆ پاڵنان بە فەلەستینییەکانەوە بۆ ناو وڵاتانییان.

دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە بە واژۆی عەبدولقادر دەخیل پارێزگاری نەینەوا فەرمانی دەستبەکاربوون بۆ 14 پۆستی کارگێڕی ئەو پارێزگایە دەرچوو، ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستى پارتى دەڵێت ئێمە ئەو دابەشکاریە ڕەتدەکەینەوەو پارتی بەو گۆڕانکارییانە ڕازی نابێت. مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو، بەرەی نەینەوای موستەقبەل لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بەبێ ئامادەبوونی بەرەی نەینەوا لیئەهلیها کە پارتی تیایدا بەشدارە، دەنگیدا لەسەر گۆڕانکاری لە 21ـی پۆستی ئەو پارێزگایە، یەکێک لە پۆستەکان قایمقامی قەزای مەخموورە. شێروان دووبەردانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان، لەوبارەیەوە ڕاگەیاند، ئەو بڕیارەی دراوە سیاسییە و پارتی ڕەتیدەکاتەوە و هەڵوێستی دەبێت.  ئەو وتیشى: ئێمە وەکو لیژنەی تایبەتی هەرێم و پارێزگاکان نووسراومان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان ناردووە پێمان وتوون کە بڕیارەکە نایاساییە، شەش لەو پۆستانەی لە ئەنجوومەن دەنگیان لەسەر دراوە کێشەی یاساییان هەیە. شێروان دووبەردانی باسی لەوەشکرد، ئەو بڕیارەی دوێنێ پارێزگاری نەینەوا داویەتی بە ناچاری بووە، چونکە بەپێی یاسای ژمارە 111ـی ساڵی 1969 هەموو بەرپرسێک لەماوەی 10 ڕۆژدا ئەگەر بڕیاری دادگا جێبەجێ نەکات ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی توند دەبێتەوە سزاکەی تا دوو ساڵ زیندانی دەبێت. بەڵام پارێزگار لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای تۆمارکردووە و چاوەڕێی ئەنجامی دادگاین. ئەو وتیشى:بەپێی یاسای ژمارە 21ـی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ساڵی 2008، هەموو ئەو پۆستانەی دیاریکراون بە کۆمەڵێک ڕێکار تێپەڕ دەبن، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هیچ یەک لەو ڕێکارانەی جێبەجێ نەکردووە.

هاوڵاتى دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری دا کە سکاڵا دژی سێ یاسای تایبەت بە گەڕانەوەی موڵک و ماڵ، لێخۆشبوونی گشتی و باری کەسێتی ڕەت بکاتەوە و کار بە یاساکە بکرێت، ئەو سکاڵایانەى دژی سێ یاساکە ڕەت بکاتەوە. ئەمڕۆ سێ شەممە، بە مەبەستی تاوتوێی کردنی کۆمەڵێک سکاڵا لەوانەش سکاڵا دژی سێ یاسا کە ئەوانیش گەڕانەوەی موڵک و ماڵ، لێخۆشبوونی گشتی و باری کەسێتی بوو، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق کۆبوویەوە. رۆژی ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەریەک لە پڕۆژەیاساکانی باری کەسێتی، لێبوردنی گشتی، گەڕاندنەوەی زەوی زارە زەوتکراوەکان بۆ خاوەنەکانیان، پەسند کرا. پڕۆژە یاسای باری کەسێتی لەلایەن کوتلەکانی شیعە، پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی لەلایەن سوننەکان و ھەروەھا پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی زارە زەوتکراوەکان بۆ خاوەنەکانیان لەلایەن فراکسیۆنە کوردەکانەوە پێشکەش کرابوو. ڕۆژی سێشەممە ٤ی شوبات، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق، لەسەر بنەمای چەند سکاڵایەک، (فەرمانی وەلائی) بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە یاسانە، دەرکرد. دادگاکە بڕیاریشی دابوو کە تا ئەو کاتەی سکاڵاکان لەسەر یاساکان یەکلا دەکرێتەوە، کار کردن بە هەر سێ یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ، لێخۆشبوونی گشتی و باری کەسێتی هەڵپەسێردرێت. ئەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ناڕەزایەتی ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی وڵاتەکەی لێکەوتبوویەوە و بە "نایاسایی" وەسفی کرد. ڕاگرتنی یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ ناڕەزایەتی کورد و لێخۆشبوونی گشتییش ناڕەزایەتی سوننەکانی لێکەوتبوویەوە. لە دانیشتنی ئەمڕۆدا، دادگای فیدڕاڵی عێراق دوای تاوتوێ کردنی سکاڵاکان، بڕیاری دا کە سکاڵا دژی سێ یاسای تایبەت بە گەڕانەوەی موڵک و ماڵ، لێخۆشبوونی گشتی و باری کەسێتی ڕەت بکاتەوە و لەمەولاوە کار بە یاساکە بکرێت.

سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترامپ، لەگەڵ پاشا عەبدوڵای ئوردندا کۆدەبێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ پێشنیارێکی کرد بۆ دووبارە گەشەپێدانەوەی غەززە و مەترسییەکانی بڕینی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ وڵاتانی عەرەبی هاوپەیمانی ئەمەریکا ئەگەر ئەو وڵاتانە ڕەتی بکەنەوە هاووڵاتیانی فەلەستینی وەربگرن. بڕیارە ئێوارەى ئەمڕۆ (بەکاتى ئەمریکا) ڕۆژی سێشەممە، 11ی مانگی دوو ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجامبدرێت، ترامپ پێشنیاریکردوە ئەمەریکا کۆنتڕۆڵی غەززە بکات و دانیشتوانەکەی بگوازێتەوە و غەززە بگۆڕێت بۆ "ڕێڤیێرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، وڵاتانی عەرەبیش کاردانەوەیەکی نەرێنییان هەبوو بۆ ئەو پێشنیارە. هاوکات ڕۆژی دووشەممە حەماس وتی ئازادکردنی بارمتە ئیسڕائیلییەکان ڕادەگرێت، وتی ئیسڕائیل ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەی بۆ کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی پێشێل کردووە. دواتر ترامپ پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەی کرد ئەگەر حەماس تاوەکو کۆتایی هەفتە سەرجەم ئەو بارمتانە ئازاد نەکات کە لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا لەلایەن حەماسەوە ڕفێندران. پاشا عەبدوڵا وتی هەر جووڵەیەک بۆ لکاندنی خاکەکە و ئاوارەکردنی فەلەستینییەکان ڕەت دەکاتەوە. ڕۆژی سێشەممە پێشبینی دەکرێت پاشا عەبدوڵا بە سەرۆک ترامپ بڵێت کە ئەو هەنگاوە ڕەنگە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی توندڕەویی و بێسەروبەریی لە ناوچەکەدا، هەروەها ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئاشتییەکەی ئوردن لەگەڵ ئیسڕائیلدا بکەوێتە مەترسییەوە. ترامپ ڕۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی سەبارەت بە پاشا عەبدوڵا وتی " پێم وایە پەنابەرەکان وەردەگرێت." کاتێک پرسیاری لێکرا لەسەر ئەوەی ئەگەر ئوردن و میسڕ پێشنیارەکەی پەسەند نەکەن، ئایا یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ ئەو دوو وڵاتە ڕادەگرێت؟ سەرۆک ترامپ وتی " بەڵێ، ڕەنگە، بە دڵنیاییەوە، بۆ نا، ئەگەر ڕازی نەبن ئەوا یارمەتییەکان ڕادەگرم." ئوردن پێشترین میوانداریی زیاتر لە 2 ملیۆن ئاوارەی فەلەستینی کردووە لە نێو دانیشتوانە 11 ملیۆنییەکەیدا، دۆخ و دابینکردنی پێداویستی بۆ ئاوارەکان لە مێژە بوونەتە هۆی بێزاریی سەرکردایەتی وڵاتەکە. ماوەی چەندین دەیەیە ئوردن پشتی بە یارمەتییەکانی ئەمەریکا بەستووە لە ڕووی ئابووریی و سەربازیشەوە، لە ئێستادا ئەو یارمەتییانە ساڵانە دەگەنە زیاتر لە 1 ملیار دۆلار. لە ساڵی 1994 دا ئوردن پەیماننامەیەکی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیلدا واژۆ کرد، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا گرژ کردووە. سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی پێشنیارەکەی سەرۆک ترامپ شایەنی ئەوەیە هەوڵی بۆ بدرێت.

  سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، ڕایدەگەیەنێت بەدوا داچونمان کردووە لەسەر دەستگیر کردنی ئادەم عوسمان بڕیارە لەئاییندەیەکی نزیک ئازادبکرێت. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە، 11-02-2025 لە راگەیەندراوێکدا  لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە کەسێکیان بەناوی ئادەم عوسمان سلێمان دەستگیرکردوە، کە رۆژی 09-02-2025 شۆفێریی بۆ عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان دەکرد. لەو کاتەشدا پەرلەمانتاری ناوبراو سەرقاڵی وێنە و ڤیدیۆگرتنی چەند شوێنێک بووە. دەستەى مافى مرۆڤ ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی شوبات لەسەر داوای علی حمە ساڵح ئەندامی پەرلەمان کەپەیوەندی کردبوو بەبەڕێز سەرۆکی دەستە داوای کردبو دەستە بەدوا داچون بکات لەسەر دەستگیر کردنی هاوڵاتی ئادەم عوسمان بکات. ڕاگەیەندراوەکە دەڵێت بۆ ئەو مەبەستە مونا یاقۆ سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەیاوەری رواێژکاری دەستە فیض اللە محمد سەڕدانی ئاسایشی هەولێریان کرد لەلایەن بارزان قصاب پێشوازیان لێ کراوە، بەمەبەستی بە دواداچوونی کەیسی ناوبراوچاویان پێ کەوت لەنزیکەوە وە بڕیارە لەئاییندەیەکی نزیک ئازادبکرێت. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "لە هەندێک لە پلاتفۆڕمەکانی نەیاری قەوارەی هەرێمی کوردستان، بۆ چەواشەکاری و هاندانی خەڵک و تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک وێنە و ڤیدیۆی نادروست بڵاوکراونەوە، بۆیە پۆلیس بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاسایشی هەولێر بەدواداچوونیان دەستپێکرد و گەیشتنە ئەنجام. لەبەرامبەردا عەلی حەمەساڵح رایگەیاند، ئادەم عوسمان یەکێک بووە لەو سێ پاسەوانەی وەکو پەرلەمانتار تاوەکو ساڵی 2022 لەگەڵیدا بوون. گوتیشی "ئەو رۆژەی بڕیاربوو مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ داواکردنی مووچە لە سلێمانییەوە بێنە هەولێر، ئەو هاوڕێیەی من کە ناوی ئادەمە، تەلەفۆنی کرد و گوتی: حەزناکەم بەتەنیا بیت. ئۆتۆمبێلەکەی خۆشم کێشەی هەبوو، هات بەدوامدا و چووینە بەردەم یوئێن و ئەنجوومەنی وەزیران و خۆم ڤیدیۆم کردووە و بڵاومکردووەتەوە." عەلی حەمەساڵح گوتی "من، ڤیدیۆم بە ئاشکرا لە فەیسبووکی خۆم بڵاوکردووەتەوە، جا سایتی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی هەرکەس وەریگرتبێت {پەیوەندی بە منەوە نییە}. ئێستا پێیانوایە دانپێدانانێکی گەورەیان دەستکەوتووە، کە عەلی ڤیدیۆی سەر شەقامی گرتووە، ئەوە چی قەدەخەیەکی تێدایە؟"

دوای 15 ڕۆژ مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازیی، بڕیاریاندا مانگرتنەکەیان هەڵپەسێرن، ئەویش لەسەر داواو فشارى هاولاتیان و سەدان خۆپیشاندەر کە ئەمڕۆ لەبەردەم دروشمیان دەوتەوە. مامۆستا هادى حەمەڕەشید، یەکێک لەمانگرتووەکان لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا، وتى:  دواى بەدەستهێنانى کۆمەڵێک دەستکەوت، ئێمە لەژێر فشاری ئەو دایکانە بووین کە بەدەست قورئانەوە داوایان کرد مانگرتن بشکێنین، توانیمان شکۆ بگەڕێنینەوە بۆ شەقام، بۆیە ئەمڕۆ بڕیارمانداوە مانگرتنەمان هەڵپەسارد. لەدواى شکاندنى مانگرتنەکەیان، بە ١٣ ئۆتۆمبێلى فریاکەوتن سەرجەم مانگرتووان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەى فریاکەوتنى سلێمانى، بۆ ئەوەى چارەسەر وەربگرن، چونکە دۆخى تەندروستى سەرجەمیان تێکچووبو. لە ٢٨ى مانگى یەکى ڕابردوو، ١٣ مامۆستاو فەرمانبەرى سلێمانى و هەڵەبجەو سەیدسادق، ماوەى 15 ڕۆژ مانگرتنیان لەخواردن ڕاگەیاند، ئەوان لەبەرامبەر ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی لەژێر چادردا مانەوەو چەند داواکارییەکیان هەبوو تایبەت بەمووچەو پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران. پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێ شەممە، سەدان هاوڵاتى و کاسبکار و فەرمانبەر و مامۆستا، خۆپیشاندانێکى بەرفراوانیان لە بەردەم چادرى مانگرتووان ڕێکخست و دروشمى جۆراوجۆریان دەوتەوە. ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانەى سلێمانی مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندبوو، داوای موچەو تەوتین و پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێمیان بەرزکردبوویەوە، بەشێک لە مانگرتووەکان ناو بەناو دۆخی تەندروستییان تێکدەچوو ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکران، ئەمرۆ دۆخى تەندروستى سێ لە مانگرتووان تێکچووەو بەوتەى بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی ئەو سێ کەسە تووشی خوێنبەربوون بوون و ڕەتیشیانکردوەتەوە چارەسەر وەربگرن.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بە سەرۆكایەتی دادوەر محەمەد جاسم عەبود، لەکۆبوونەوەو گفتوگۆدایە،  لەبارەی سێ یاسا مشتومڕاوییەکە؛ دادگاکە بڕیار لەسەر یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان دەدات، پێش ئەم دانیشتنە، ئەو سکاڵایەى لەیەر هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتەکانی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو رەتکرایەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، 11ى شوباتى 2025، شەرمین بەهجەت خدر، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد لە دادگاى باڵاى فیدراڵییەوە پێمان راگەیێنرا کە سکاڵاى هەڵوەشاندنەوەى ئەو دوو وەزارەتە رەتکراونەتەوە. سکاڵاکان لەلایەن کەسێکەوە بە ناوى خالید مستەفا حوسێن تۆمارکرا بوون و پاساوەکانى بۆ ئەو دوو داوایە، پشتبەستن بوو بە هەردوو مادەى 103 و 104 ى دەستوور کە دەبێت ئەو جۆرە دامەزراوانە دەستەی سەربەخۆ بن نەک وەزارەت.   بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان وتى: "دانیشتنى دادگە بۆ رەتکردنەوەى ئەو دوو سکاڵایە بەبێ دادبینى بووە، ئێمە لە وەڵامنامەکاندا ئاماژەمان بەوەدابوو کە ئەوە پرسێکى دەستوورى نییە تاوەکو لەو دادگەیە تانەى لێ بدرێت و لە تایبەتمەندی دادگەى فیدڕاڵى نییە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکارى رەتکردنەوەى سکاڵاکانمان پێ رانەگەیێنراوە". وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینیى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى یاسایەکى پەرلەمانى کوردستانى ساڵى 2007  پێکهێنراوە، وەزارەتى شەهیدان و کاروبارى ئەنفالکراوانى هەرێمى کوردستانیش بە گوێرەى یاسای ژمارە 8ى ساڵى 2006 پێکهێنراوە. ئێستا دانیشتنى دادگاى فیدراڵى بەڕێوەدەچێت کە تەرخانکراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو تانانەی کە لە دژی سێ یاساکە پێشکەش کراون.

مانگرتنى مامۆستایان پێدەنێتە ١٥ رۆژ، پاشنیوەڕۆى ئەمرۆش بۆ پشتیوانى مانگرتووان دریژە بە ناڕەزایەتیەکان دەدرێت و  كاتژمێر دوو لەبەردەم چادرى مانگرتووان خۆپیشاندانێکى بەرفراوان ڕێکدەخرێت. لەو بارەیەوە عوسمان عەبدوڵا گوڵپی وتەبێژی مانگرتووان لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا دەڵێت: دۆخی تەندروستی مانگرتوان خراپە تیمە پزیشكیەكان دەڵێن مانگرتنەكەیان كاریگەری لەسەر جەستەیان درووستكردووە بەتایبەت گورچیلەكانیان.  وتەبێژى مانگرتووان دەشڵێت داواتان لێدەكەین ئەمڕۆ سێ شەممە كاتژمێر (2) هەمووتان بۆ پشتیوانی مانگرتووان لێرەبن بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانێکى بەرفراوان. عوسمان گوڵپى جەختى لەسەر ئەوەکردەوە ئەوان، توڕەن لە میدیا دابەستەكان، وتیشى: توڕەین لە خاوەنەكانیان ، تكاتان لێدەكەین بازرگانیتان بە هەموو شتێكەوە كرد بازرگانی بە گیانی خەڵكەوە رابگرن. ئەمرۆ سێ شەممە ماوەى ١٥ رۆژە 13 مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووەو داوای موچەو تەوتین و پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم دەکەن. بەشێک لە مانگرتووەکان ناو بەناو دۆخی تەندروستییان تێکدەچێت و ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن.  

  لە دوو ڕۆژى ڕابردوودا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە کۆڕبەندی سەکۆ میوانداریدارى کراوە، لە دیدارەکەدا نزیکە ٧٠ ئەکادیمیی کوردستانیی و نێودەوڵەتیی بەشداریان کردوە عەبدى قسەی لەسەر ئەو ئاڵەنگارییانە کرد کە ڕۆژاڤا و هەسەدە و سووریا لە دوای ڕووخانی ئەسەد ڕووبەڕووی بوونەتەوە. شێرکۆ کرمانج، نوسەرى دیارى کورد یەکێک بووە لەبەشداربوانى کۆڕبەندەکە، لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بابەتێکى لەسەر نوسیوەو ناوەڕۆکى دیدارەکەى خستوەتەڕوو، لەبەشێکیدا دەڵێت: هەسەدە، یان کورد لە ڕۆژاڤا، حەز ناکەن ببنە ئۆپۆزسیۆن، چونکە شەڕ لە قازانجی کەس نییە. وتیشی ئێمە هەوڵ دەدەین پرسەکان بە گفتوگۆ و دیبلۆماسی چارەسەر بکەین. دەقى نوسینەکە جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی میوانی سەکۆ بوو چی گوت؟ لە چەند خاڵێکدا دەیخەمەڕوو شێرکۆ کرمانج دوێنێ شەو کۆڕبەندی "سەکۆ" میوانداری لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، کرد. لە دیدارەکە کە نزیکە ٧٠ ئەکادیمیی کوردستانیی و نێودەوڵەتیی بەشداریان کرد، بەڕێزیان قسەی لەسەر ئەو ئاڵەنگارییانە کرد کە ڕۆژاڤا و هەسەدە و سووریا لە دوای ڕووخانی ئەسەد ڕووبەڕووی بوونەتەوە. دواتریش وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری ئامادەبووانی بە دوورودرێژی دایە، کە بووە مایەی گفتوگۆیەکی پیشەییانە و ئەکادیمییانە. هەوڵدەدەم لێرە لە چەند خاڵێک کورتیان بکەمەوە بەڵام بە سەرنجێک دەست پێدەکەم: سەرنجەکە لە مێژە ڕەخنەیەکی زۆرم لە سیاسەتمەدارانی کوردستان هەیە، لەوەی کە ئامادەن چاوپێکەتن لەگەڵ ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمییە ڕۆژئاوایی و عەرەبەکان بکەن بەڵام زۆر کەم لە سەکۆ و میدیا کوردییەکان دەردەکەون. مەزڵووم عەبدی پێناچێت لەو توخمە لە سیاسەتمەدارانی کوردستان بێت. ئەم هەلە دەقۆزمەوە بڵێم کە کۆڕبەندی سەکۆ دەرگای ئاواڵەیە بۆ هەموو سیاسەتمەدارانی کوردستان لە هەر حیزب و ڕێکخراوێک بن، بەڵی لە هەر حیزب و ڕێکخراوێک، ئێمە بەخۆشحاڵییەوە ئامادەین لە سەکۆ دیداری کراوە یان تایبەتیان بۆ ڕێکبخەین و هەلی قسەکردن و گفتوگۆیان بۆ بڕەخسێنین. ڕۆژاڤا و باشوور مەزڵووم عەبدی درکی بەو دابەشبوونە کردووە کە لەنێو ماڵی کوردیی‌دا هەیە لە ڕۆژاڤای کوردستان. هەر ئەوەش بووەتە هۆکاری سەرەکی سەردانەکەی بۆ هەولێر. ئەو سەردانەکەی هەولێر و ڕۆڵ و دیدارەکەی لەگەڵ کاک مەسعود بارزانی زۆر بە ئەرێنی دیت و پێی وابوو کە سەرەتایەکی نوێ لە پەیوەندی نێوان باشوور و ڕۆژاڤاـیە.  گوتیشی کە فەڕەنسییەکان هاوکارمانن لە پرس و پڕۆسەی دیالۆگی کوردی-کوردی. ئەو گوتی ئێمە ئیش لەسەر ئەوە دەکەین کە کورد، ئەوان و ئەنەکەسە، وەک یەک گرووپ لە دانووسانەکان لەگەڵ دیمەشق بەشدار بن، بەڵام پێناچێت تا ئێستا دانیشتنەکەی بارزانی و مەزڵووم، هەروەها هەوڵەکانی فەڕەنسا هیچ بەرهەمێکی ئەوتۆی هەبێت، بەڵام بەگشتی زۆر گەشبین بوو و پێی وابوو لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرهەمی دەبێت. مەزڵووم پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە لە ڕۆژاڤا یەک هێزی سەربازیی هەیە و هەر یەک هێزی سەربازیی دەمێنێتەوە و نایانەوێت هەڵەکانی باشوور لە پەیوەند بە فرەهێزی چەکداریی دووبارە بکەنەوە. ڕۆژاڤا و ئەمریکا مەزڵووم عەبدی گوتی پەیوەندی و هاوکاری ئێمە لەگەڵ ئەمریکییەکان مێژوو و بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەڕ دژی تیرۆر، داعش. هاوکات، بوونی ئەمریکاییەکانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بە گرنگ دەزانی. گوتیشی ئەمریکییەکان زیاتر لەو ناوچانە هاوکاریمان دەکەن کە ناوچەی ناکوردیین. پێدەچوو مەبەستی ئەوە بێت کە ئەو شەڕ و بەرخۆدانەی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزا بەبێ هاوکاری ئەمریکییەکان ئەنجام دەدەن. لە پەیوەند بە مانەوە و دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا شتێکی ڕوونی نەگوت، پێناچێت هیچ شتێکی کۆنکریتیان لە ئەمریکییەکان، دوای هاتنی ترەمپ، بیستبێت لەسەر مانەوە یان دەرچوون. بەڵام گوتی ئێمە هێزێکین پێش هاتنی ئەمریکییەکان بوونمان هەبوو، بەدەرچوونی ئەمریکییەکانیش هەر دەمێنین. گوتی لەوانەیە دۆخەکە سەخت بێت بۆمان، بەڵام ئێمە کۆڵنادەین و بەرخۆدان بەردەوام دەبێت. کورد و دیمەشق مەزڵووم عەبدی سەردانەکەی بۆ دیمەشق بە ئەرێنی وەسف کرد و گوتی کە لەسەر خەتە گشتییەکان لێک تێگەیشتنمان هەبوو، بەڵام کەم باسی وردەکارییەکانمان کرد. بەکورتی، نیواونیوی دەدیت، واتە لەلایەک باش و لەلایەک خراپ. دڵی بە قسەکانی ئەحمەد شەرع خۆش بوو و پێی وابوو کە پێدەچێت گۆڕانکارییەک لە هەڵوێست و تێگەیشتنی ئەو کەسە دروست بووە، بەڵام هاوکات نیگەران بوو لە هەڵسوکەوتەکانی هەیئەی تەحریری شام و شەرع، بەتایبەتی لە پەیوەند بە بڕیاردان بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕێڤەبەریا خۆسەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لایەنەکانی دیکە. ئەو پێی وابوو کە گرووپەگەلی جیاواز، کە زۆرینەیان سەلەفی و توندڕەو و لاپەڕ و جیهانیین، لەنێو هەیئەی تەحریری شام بوونیان هەیە و ئەگەری زۆرە کە کێشە بۆ گرووپە میانڕەوەکان دروست بکەن و دەوڵەت بەرەو ئاقاری حوکمی شەریعە ببەن. هەر لەو پەیوەندە گوتی ئەگەر بەو شێوەیەی کە تا ئێستا هەیئەی تەحریری شام ئیدارەی دەوڵەت دەدات بەردەوام بێت، بەتایبەتی بڕیاردانی تاکلایەنانە، ئەوە ئەوان بەشداری پڕۆسەی سیاسی ناکەن. هاوکات، ئەو دەیگوت کە هەسەدە، یان کورد لە ڕۆژاڤا، حەز ناکەن ببنە ئۆپۆزسیۆن، چونکە شەڕ لە قازانجی کەس نییە. گوتیشی ئێمە هەوڵ دەدەین پرسەکان بە گفتوگۆ و دیبلۆماسی چارەسەر بکەن. چارەسەر چییە؟ مەزڵووم عەبدی دەڵێت کە ئەوان نایانەوێت سووریا دابەش بکەن و لەو باوەڕەدان کە لە ڕێگەی لامەرکەزی دەتوانن چارەسەری نەک هەر پرسی کورد بەڵکوو هەموو گرووپە دینی و نەتەوەییەکانی دیکەی سووریا بکەن. سەرەڕای ئەوەی کە پرسیاری ئەوەی لێ کرا کە مەبەستتان چییە لە لامەرکەزی، بەڵام وەڵامەکەی زۆر ڕوون نەبوو. وا پێدەچێت ئەوەی ئەوان دەخوازن هەر جۆرێکە لە فیدڕالیزم بەڵام فیدڕالیزمێکی نانەتەوەیی بەڵکوو جوگرافی. هۆکاری ئەوەش وەک لەنێوان قسەکانی دەردەکەوتن دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بەشێکی زۆری خەڵکەکەی کورد نین، یان ناوچەی کوردستانیی نین. ئەوان ڕازین بەوەی کە هێزەکانی هەسەدە ببن بە بەشێک لە سوپای سووریا بەڵام بە مەرجێک کە هێزەکانی هەسەدە جۆرێک لە سەربەخۆییان هەبێت و گرووپێکی پەرشوبڵاو نەبن بەڵكوو لە ناوچەکانی خۆیان، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بمێننەوە. ئەم خاڵە و پرسی لامەرکەزی دووان لە خاڵە ناکۆکی لەسەرەکان لەگەڵ دیمەشق. من پێم وایە، ئەگەر دیمەشق ئەوە قەبوڵ بکات ئەوە ڕێڤەبەریا خۆسەری هەنگاوی بەرەو کۆنفیدراڵی دەنێت. مەزڵووم گوتی ئێمە پێشنیازی چەندین ساڵمان کردووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی جێکردنەوەی هێزەکانی هەسەدە لەناو سوپای سووریا. دڵی بەوە خۆش بوو کە فشارێکی زۆر، بەتایبەتی لەلایەن هەندێک وڵاتی ئەوڕوپی، لەسەر حکومەتی دیمەشق هەیە. ئەو پێیوابوو ئەم فشارانە نەبێت، یان نەمێنن، حکومەتی سووریا لەوانەیە بە ئاقاری توندڕەوی هەنگاو بنێت.   چارەنووسی داعش لە پەیوەند بە گیراوەکانی داعش، مەزڵووم گوتی کە ئەوان بێجگە لە داعشە سوورییەکان کەسی دیکەیان دادگایی نەکردووە، بەڵكوو دەیانەوێت ڕەوانەی وڵاتەکانی خۆیان بکەنەوە. بەڵام پێناچێت هیچ وڵاتێک بەدەم ئەو داوایەی هەسەدە هاتبن تا ئێستا. ئەو دەیگوت، ڕووخانی ڕژێم بووەتە مایەی بەهێزبوونی داعش چونکە چەک و تەقەمەنیان لە ئاکامی ئەو فەوزایەی سەری هەڵداوە لە سووریا بەدەستهێناوە و هەندێک کەس و لایەن پەیوەندیان پێوە کردوون.  کورد و تورک مەزڵووم عەبدی تورکیای وەک هەڕەشەیەکی جددی وێنا دەکرد. ئەوە لە کاتێکدا کە وەک ئەو دەیگوت تورکیا ئێمە بەو شێوەیە دەبینێت.  ئەو گوتی کە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە هەوڵی هێور کردنەوەی دۆخەکەیان داوە بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە قەناعەت بە تورکیا بکەن کە هێرش و هەڕەشەکانی ڕابگرێت. ئەگەر تورکیا ئێمەی مەشغولی شەڕێکی لابەلا نەکردبا، ئەگەری هەبوو کە هێزەکانمان جووڵەیان بکردابایە بەرەوە دیمەشق، مەزڵووم ئاوا وەڵامی پرسیارێکی دایەوە لەو پەیوەندەدا. تاکە گەشبینییەک لە پەیوەند بە کێشە و ململانێکان و پێکدادانەکانیان لەگەڵ تورکیا کە مەزڵووم عەبدی هەیبوو پڕۆسەی ئاشتی بوو لە تورکیا. ئەو پێی وابوو ئەگەر پڕۆسەی ئاشتی بەروپێش بچێت ئەوە ئەگەری زۆرە هەڵوێستی تورکیا لەبەرانبەر ئەوانیش بگۆڕێت. لە کۆتاییدا داوای لە هەموو ئەکادیمییانی کوردستان و ڕۆژئاوا کرد کە بە هەر جۆرێک بۆیان دەکرێت و گونجاوە فشار لەسەر حکومەتەکانی خۆیان بکەن هەم بۆ پشتیوانی لە ڕۆژاڤا هەم بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕناگێزییەکانی تورکیا و تاکڕەویی لە دیمەشق.

  بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست رایگەیاند، هاوڕێیەکم بەناوی ئادەم عوسمان، دوێنێ لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەری خۆپیشاندەربوین، ئەم ئێوارە لە لایەن ئاسایشی هەولێرەوە بانگکراوەو تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارەو تەلەفونەکانی داخراوە. عەلى حەمەساڵح بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست و ئەندامى پەرلەمانى کورردستان. ئەمشەو، لەسەر پەرەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەلایەتى فەیسبوک، ڕاگەیەندراوێکی  بڵاوکردوەتەوە. ئەو دەڵێت: هاوڕێیەکی من  بەناوی (ئادەم عوسمان) دوێنێ هاوڕێی من بوە کە لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەری خۆپیشانداندا بوین، ئەم ئێوارە لە لایەن ئاسایشی هەولێرەوە بانگکراوەو تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارەو تەلەفونەکانی داخراوە، سەلامەتی لە ئەستۆی هێزە ئەمنیەکان و ئاسایشی هەولێرە.  لەبەشێکى دیکەى نوسینەکەیدا، عەلى حەمەساڵح، دەڵێت: کاک ئادەم پێشتر وەک میلاک بەناوی پاسەوان هاوکاری من بوە، سەرجەم پاسەوانەکانیان لێوەرگرتمەوە، ئێستا ئەو کاتانەی دەوامی نیە وەک هاوڕي هەندێک کات لەگەڵ من دەبێت و هاوکاریم دەبێت.  ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەمە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لەڕاگەیەندراوێکیاندا دەڵێن: چەند لایەنێکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەوڵی شێواندنی دۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیانداوە. هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، پۆلیسى هەولێر ئەوەش دەخەنەڕوو: هەندێک لەو کەسانەی وەکو ئامرازی برەوپێدانی ئەو هەڵمەتە ناڕەوایە دەستنیشان کران، یەکێکیان دەستگیر کراوە.

هاوڵاتى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە فەلەستینییەکان مافی گەڕانەوەیان بۆ غەززە نابێت بەپێی پلانەکەی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو خاکە، ئەمە وتانەى لەمیانەى چاوپێکەوتنێکدا کردووە کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکرایەوە. لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ڕێگە بە فەلەستینییەکان دەدرێت بگەڕێنەوە، ترەمپ بە کەناڵى فۆکس نیوزی ڕاگەیاندوە: نا، ئەوان خانووبەرەی زۆر باشتر بەدەست ناهێنن. دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردوە، بە واتایەکی تر باس لە دروستکردنی شوێنێکی هەمیشەیی بۆ ئەوان دەکەم، ئاماژەی بەوەشکرد کە ژیانکردن بۆ چەند ساڵێک لەکەرتى غەززە بەردەوام نابێت.  لەو چاوپێکەوتنەکەدا کە ڕۆژی دووشەممە بەشی یەکەم پەخش دەکرێت، وتی کۆمەڵگەی سەرسوڕهێنەر بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن فەلەستینی دانیشتووی غەززە دروست دەکات. وتیشی: کۆمەڵگەی سەلامەت دروست دەکەین، کەمێک دوور لەو شوێنەی ئێستا کە هەموو مەترسییەکانی لێیە، بیر لەوە بکەرەوە وەک گەشەپێدانێکی خانووبەرە بۆ داهاتوو، ئەوە پارچە زەوییەکی جوان دەبێت. ترامپ خواستی خۆی بۆ وەرگرتنی ژمارەیەک لە خەڵکی غەززی بۆ ئوردن و میسر دووپاتکردەوە و دەشڵێت: پێدەچێت باس لە ملیۆن و نیوێک بکەین، ئێمە بە سادەیی هەموو ناوچەکە پاک دەکەینەوە. وەک دەزانن بەدرێژایی سەدەکان ئەم ناوچەیە شایەتی ململانێی زۆر بووە، نازانم بەڵام دەبێت شتێک ڕووبدات. دوای ماوەیەکی کەم لە دەستبەکاربوونی لە ٢٠ی مانگى یەکى ڕابردوو، سەرۆکی ئەمریکا بیرۆکەی کۆنترۆڵکردنی ئەمریکا بەسەر غەززە و بەشداریکردنی هەوڵە بەرفراوانەکانی ئاوەدانکردنەوەی غەززەی خستەڕوو.  ترامپ پێشنیاری کرد کە ئەمریکا پاش نیشتەجێکردنی فەلەستینییەکان لە شوێنێکی دیکە، غەززە لە ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵ بکات و "ریڤێرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" دروست بکات. دیار نییە ئەمریکا لەژێر چ دەسەڵاتێکدا داوای کۆنترۆڵکردنی غەززە دەکات. ئەم ڕاگەیاندنەی ترەمپ ڕەخنەی دەستبەجێی چەند وڵاتێکی لێکەوتەوە.

  موتەلیب ئەحمەدیان، زیندانی سیاسی کوردی خەڵکی بانە کە زیاتر لە 15 ساڵە لە زینداندایە، نامەیەک لە زیندانی ئێڤینی تارانەوە بڵاودەکاتەوە کە تیایدا باسی ئەو ئەشکەنجانە دەکات کە لە زیندان و لەکاتی لێکۆڵینەوەکان ڕووبەڕووی بووەتەوە. ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە بە ئاماژەدان بەوەی کە بارودۆخی ناجێگیرە، نووسیویەتی، "داواکاری گشتی تاران بە تایبەتی ڕێگری لە ڕێکاری پێویست دەکات بۆ ڕزگارکردنی ژیانم و لە ڕاستیدا لە جیاتی داری سێدارە، سزای مەرگی بەکاوەخۆی بەسەردمدا سەپاندووە." ئەحمەدیان کە سزای 30 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە، نووسیوێتی " تا ئێستا 15 ساڵ سزای زیندانیکردنم تەنانەت بە بێ ڕۆژێک و سەعاتێک مۆڵەتی چوونەدرەو لە قورسترین بارودۆخدا بەسەر بردووە" و سەبارەت بە لێپرسینەوە و ئەو ئەشکەنجەیەی کە لە زینداندا بەسەریدا هاتووە نووسیویەتی "لە ساڵی 2010 لە تەمەنی 25 ساڵیدا دەستگیرکرام ولە کاتی لێپرسینەوەشدا ڕووبەڕووی شێوەگەلێک لە ئەشکەنجە بوومەتەوە کە ئەگەر باسی بکەم ترس دەخاتە دڵی هەر مرۆڤێکی بە ویژدان." ناوبراو لە نامەکەدا دەشڵێت "لە کاتی لێپرسینەوە و دەستبەسەرکردنمدا لە ورمێ، چەند مانگێک لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرابووم، لەو ماوەیەدا لێکۆڵەران قاچمیان شکاند، شانیان لەجێ بردم، بڕبڕەی پشتمیان شکاند، جگە لە سێ ددانم هەموو ددانەکانیان لە دەممدا ورد کرد و مشت و شەق و لێدان بەشی شەو و رۆژم بووە." ئەحمەدیان لە نامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئەنجامی ئەشکەنجەدانی قورس و درێژخایەن لە زینداندا تووشی تەسکبوونەوەی بڕبڕەی پشت، هەوکردنی کۆئەندامی زاوزێ، هەوکردنی قۆڵۆن و خوێنبەربوونی گەدە، پچڕانی فتق و پردەی گەدە، پێچانی گەدە، ڕشانەوەی ڕۆژانە، لێدانی دڵ، تەنگەنەفەسی، شێرپەنجە و برینی ریخۆلە و کێشەی گورچیلە بووە. دەشڵێت "سەرەڕای پێویستی بەپەلەی چاودێری پزیشکی و نەشتەرگەری کە لەلایەن پزیشکی دادوەری، بەشی تەندروستی زیندان و سەرجەم کەسایەتی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان پشتڕاست کراوەتەوە، بەڵام داواکاری گشتی تاران، ماوەی ساڵێکە بە زیادکردنی بڕی کەفالەت بۆ 8 ملیار تمەنی ئێران، ڕێگری لە موڵەتم دەکات بۆ وەرگرتنی چارەسەری. ئەو زیندانییە سیاسییە هەروەها نووسیویەتی "لە پێناو ئازادی و باوەڕەکانم هیچ ترسێکم لە مردن نییە، بەڵام ناتوانم بە بەبێ شەڕ و بە بێدەنگی قبووڵی ئەوە بکەم، بۆیە داوا لە هەموو ویژدانێکی بەئاگا و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەم کە دەنگی من بن." ئەحمەدیان لە نامەکەیدا ڕوو لە هەموو دەسەڵاتدارانی یاسایی، دادوەری و نێودەوڵەتی و نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دەڵێت کە بەرپرسیارێتی ژیانی ئەو لە ئەستۆی داواکاری گشتی تاراندایە. لە کۆتاییدا نووسیویەتی چیتر بێدەنگ نابێت و بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت کە بە هەر شێوەیەک کە لە توانایدا بێت ناڕەزایەتی خۆی دەرببڕێت. ئەحمەدیان لە مانگی دەی ساڵی 2010 بە تۆمەتی "موحاریبە لە ڕێگەی ئەندامێتی لە حزبی کۆمەڵە" دەستبەسەرکرا و سزای 30 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.