عەلى باپیر سەرۆکى کۆمەڵى دادگەریی کوردستان پەیامێکى سەبارەت بە مانگرتووانى سلێمانى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: گیانلەدەستدانی هەر كامێك لە مانگرتووە فیداكارەكان ئۆباڵ بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆی بەرپرسانی هەرێمدایە بۆ دنیا و قیامەت. ئەمیرى کۆمەڵى دادگەرى هەر لەو پەیامەیدا هۆشداریی بە بەرپرسانی هەرێم دەدات، ئەو دەلێت: هەرچی زووتر دڵسۆزانە بەدەم هاوار و داواكارییەكانیانەوە بچن، كە هی هەموو خەڵكە. ئەو وتیشى: با وەك جارانی دیكەی ڕابردوو گرێی دەستان نەخەنە ددانان، وازیش لە قسەی سارد و سڕ و بێ جێ بێنن، دۆخەكە زۆر لەوە هەستیارترە بە تۆمەت بەخشینەوە و، لەپشت پەردەی ڕەشەوە تەماشاكردنی خەڵك و میللەت، چارەسەر بكرێ. ئەمەش دەقى پەیامەکەی سەرۆکى کۆمەڵە:- مانگرتن و خۆپێشاندان و هەڵوەستەیەك نزیك دوو هەفتەیە ژمارەیەك لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەستیان بەمانگرتن لە خواردن كردوە، وەك هەڵوێست نواندن لە بەرانبەر شكست و كەمتەرخەمیی حكومەتی هەرێم، لە دابینكردنی مووچەی مامۆستایان و سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆراندا. بەوبۆنەیەوەش دەڵێم: 1- بێگومان مانگرتن و خۆپێشاندانی بەشێك لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم، لە شێوازەكانی بەرگرییكردنیان لە ژیان و گوزەرانی كۆی هاوڵاتییان، شایستەی سوپاس و پێزانینی هەموو لایەكە. 2- هۆشدارییش بە بەرپرسانی هەرێم دەدەم هەرچی زووتر دڵسۆزانە بەدەم هاوار و داواكارییەكانیانەوە بچن، كە هی هەموو خەڵكە و، با وەك جارانی دیكەی ڕابردوو گرێی دەستان نەخەنە ددانان و، وازیش لە قسەی سارد و سڕ و بێ جێ بێنن و، دۆخەكە زۆر لەوە هەستیارترە بە تۆمەت بەخشینەوە و، لەپشت پەردەی ڕەشەوە تەماشاكردنی خەڵك و میللەت، چارەسەر بكرێ. 3- بێگومانیش گیانلەدەستدانی هەر كامێك لە مانگرتووە فیداكارەكان ئۆباڵ و بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆی حكوومەت و بەرپرسانی هەرێمدایە بۆ دنیا و قیامەت، بەو هیوایەی بەزووترین كات ئەو كێشە و گرفتە چارەسەر بكرێ. هیچ كەسێكی خاوەن ئیمان و ویژدانیش، ناتوانێ لەگەڵ ستەملێكراواندا نەبێ و، دژی ستەم و بێدادیی نەبێ. عەلی باپیر 9 شەعبانی 1446 ك 8 / 1 /2025 ز
کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە ڕۆژی شەممە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی لە تاران لەگەڵ سەرکردەی کاتی حەماس خەلیل ئەلحەیا و دوو سەرکردەی دیکەی حەماسدا کۆبووەتەوە. خامنەئی لەو کۆبوونەوەیەدا بە بەرپرسانی حەماسی ڕاگەیاند " ئێوە شکستتان بە ڕژێمی زایۆنی هێنا. ڕێگەتان نەدا هیچ کام لە ئامانجەکانییان بە دەستبهێنن." کەناڵەکە وتی سەرکردە فەلەستینییەکان لە تاران بوون بە مەبەستی پیرۆزباییکردن لە خامنەئی بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامی 1979 ی ئێرانەوە. سوپاسی پشتیوانییەکانی ئێرانییان کردووە. شاندەکەی حەماس کە سەرۆکی ئەنجومەنی حەماس موحەمەد دەروێش و بەرپرسی باڵای حەماس نزار عەوەزوڵاشیان تێدا بووە، ڕاپۆرتێکییان داوە بە خامنەئی سەبارەت بە دۆخی ئێستای غەززە و کەناری ڕۆژئاوا. تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەلحەیا بە خامنەیی وتووە "ئەمڕۆ بە شانازییەوە هاتووین بۆ بینینیت." هەروەها خامنەیی لەو کۆبوونەوەیەدا وتویەتی هەڕەشەکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بیرکردنەوەی خەڵکەکەمان نییە." ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە پرسی فەلەستین بۆ ئێران، پرسێکی سەرەکییە، سەرکەوتنی فەلەستینیش بۆ ئەوان پرسێکی دیاریکراوە، هەروەها لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ڕێبەرانی بزووتنەوەی حەماس وتی: بە فەزڵی خودا ڕۆژێک دێت کە هەمووتان بە شانازییەوە پرسی قودستان بۆ جیهانی ئیسلامی یەکلایی کردبێتەوە و بە دڵنیاییەوە ئەو ڕۆژە ڕوودەدات.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانى کوردستان، ڕایدەگەیەنێت باشترە حكومەت گوێ لە خۆپیشاندەران بگرێت نەك رێگریان لێبكات بێنە هەولێر فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان بانگەوازێك ئاڕاستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر دەكات و داوایان لێدەكات، سبەی مانگرتنی سەرتاسەری ڕابگەیەنن و هەروەها پشتیوانیش دووپات دەكاتەوە بۆ ئەومامۆستایانەی بڕیارە لە سلێمانییەوە بێنە هەولێر و خۆپیشاندان لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان ئەنجامبدەن. لەوبارەیەوە مستەفا عەبدوڵا سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانى کوردستان ڕاگەیاند: حكومەتی هەرێم فاشیل و خەمساردە بەرامبەر بە داواكاریەكانی خەڵكی كوردستان، لەجیاتی ڕێگری لەخۆپیشاندان و گردبونەوە و تۆمەت دروستكردن بۆ مامۆستا وفەرمانبەران دروست بكات، باشترە گوێیان لێبگرێت و داواكارییەكانیان جێبەجێبكات. ئەنجومەنى مامۆستایانى ناڕازیی و تیمی پشتیوانی لە مانگرتووان بڕیاریانداوە، ڕۆژى یەکشەممەى داهاتوو بچنە شارى هەولێر بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى. ئەوان لە ڕاگەیەندراوێکیاندا داوایان لە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان کرد نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ، شیوعی، هەڵوێست، بەرەی گەل، گۆڕان، بزووتنەوەی ئیسلامی هاوكارو پشتیوان بن لەم خۆپیشاندانەی كە رۆژی یەكشەمە لە هەولێر دەكرێت. ئەمڕۆش لەزۆربەى شارو شارچکەکەکانى هەرێم دەستکرا بەناونوسین و ئامادەکارى بۆ بەشداریکردنى مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیان لەو خۆپیشاندانەى سبەینێى هەولێر. ئەمڕۆش وەک رێگرییەک لە خۆپیشاندان و نارەزاییەکان هەر لە ئێستاوە رێگری لە هاووڵاتییانی سلێمانی دەکرێت بچنە هەولێر. لای خۆیەوە نەجمەدین محەمەد مامۆستای ناڕازی بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ لە بازگەی دێگەڵە رێگە بە هیچ هاووڵاتییەکی سلێمانی نادرێت بچێتە شاری هەولێر. ئەم رێگرییەی پارتی لە کاتێکدایە بڕیارە سبەینێ لە شارەکانی تری هەرێمەوە مامۆستایان و فەرمانبەران ڕوو لە شاری هەولێر بکەن، لە بەرامبەر نەبوونی مووچە و نادادی و راگرتنی پلە بەرزکردنەوە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی رێکبخەن. هاوکات وتەبێژى مامۆستایانى مانگرتوو ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆش درێژە بەمانگرتن و ناڕەزایەتیەکانیان دەدەن داواش لەهاوڵاتیان دەکات بەشدارى خۆپیشاندانەکەى هەولێر بکەن. ئەمرۆ شەممە ماوەى ١٢ رۆژە ١٣ مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووەو داوای موچەو تەوتین و پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم دەکەن.
ناوەندى ڕاگەیاندنى قەسەدە ڕایگەیاند لە ٢٤ کاتژمێری کۆتایی بەرخۆدانی هێزەکانییاندا، ١٤ چەتە کوژراون، ٣ سەربازی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و ١٦ چەتەی دیکەش بریندار بوون، هەروەها تۆتۆمبیلێکی داگیرکەرانیش تێکشکێندرا. لەڕاگەیەندراوێکیاندا هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) ئاماری شەڕ و چالاکییەکانی ٢٤ کاتژمێری کۆتایی لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەی قەسەدەدا ئەم زانیارییانە بڵاوکراوەتەوە: "لە چەندین بەرەوە چالاکییە ڕەواکانی هێزەکانمان لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەردەوامە. دوێنێ لە بەرەی دێر حافیر چەتەکەک کوژرا. یەکنەکانی شەهید هاروونیش گورزی لە ئۆتۆمبیلێکی گوێزەرەی چەتەکان وەشاند و بەتەواوەتی تیكشێندرا. شەڕڤانانمان بەرپەرچی هێرشێکی چەتەکانیان دایەوە بۆسەر خاڵێکی هێزەکانمان لە گوندەواری باکووری بەنداوەی تشرین و شەڕ و پێکدادان درووست بوو. لە ئەنجامی شەڕەکەدا ٣ چەتە کوژران و ٥ی دیکەش بریندا بوو. جموجۆڵی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە ئاسمانی هەرێمەکەدا بەردەوام بوو. هاوکات لە دەوروبەری بەنداوی تشرین بە قورسی بە تۆپهاوێژ تۆپباران کرا. لە ئەنجامدا زیانی ماددی بەر ماڵ و موڵکی خەڵکی هەرێمەکە کەوت. هێزەکانمان چالاکی کاریگەرییان لە دژی بارەگای داگیرکەران لە گردی قەرەقۆزاقی باشووری کۆبانێ ئەنجامدا. لە ئەنجامدا تەقینەوەیەکی گەورە لە بارەگاکەدا درووستبوو کە نزیکەی ٤ کاتژمێر بەردەوام بوو. هاوکات یەکینەی شەهید هاروون لە هەمان گرددا گورزی لە هێزەکانی سوپای تورکی داگیرکەر وەشاند و ژمارەیەک سەرباز بریندار بوون. هێزەکانمان خێمەیەکی داگیرکەرییان لەنابرد. هەروەها لە چوارچێوەی چالاکییە ڕەواکاندا لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانیدا، یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) چالاکی کاریگەرییان لە دژی بارەگای سوپای تورکی داگیرکەر لە گردی قەرەقۆزاق ئەنجامدا. لە چالاکییەکەدا خاڵێکی سەربازی خاپور کرا، ١٠ چەتەیش کوژران و ١٤ چەتە برینداربوون کە ٣ دانەیان سەربازی تورکی داگیرکەر بوون. فرۆکەی جەنگی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر گوندی تینی بۆمباران کرد. لە ئەنجامدا زیانی ماددی لە ماڵ و موڵکی مەدەنییەکان کەوتەوە. لە هەمانکاتدا گوندەکانی تینی، جادا، بیر حەسۆ، دیکان، خەسەق، مەلحا، پری قەرەقۆزاق و گرێ شێڤیی لە باشووری کۆبانێ بە هاوەن، موشەک، تانک بۆمباران کران. بە هۆکاری تۆپبارانەکە زیانی ماددی کەوتەوە. فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دوێنێ کاتژمێر ٨:٠٠ دوو جار شارۆچکەی شیوخی بۆمباران کرد و زیانی ماددی لە ماڵ و موڵکی دانیشتووانی کەوتەوە. دوێنێ کاتژمێر ١٦:٠٠ هێزەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە بارەگای خۆی لە گوندی هۆشەری، بە موشەک گوندی تۆرمانی تۆپباران کرد. لە ئەنجامدا زیانی ماددی لە ماڵ و موڵکی دانیشتووانی کەوتەوە. فرۆکەی بێفرۆکەوانیش لە هەرێمەکە دەگەڕا. ئاماری دوێنێی زیانەکانی چەتە ە داگیرکەران بەمجۆرەیە: ١٤ چەتە کوژرا، ٣ سەربازی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و ١٦ چەتە بریندار بوون. هەروەها ئۆتۆمبێڵێکی گواستنەوەی سەربازی تێک شکێنرا.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئەنجامی بۆردوومانێکی مانگی رابردووی هێزەکانی بۆ سەر پێگەکانی چەکدارانی داعش راگەیاند، 7 چەکدار کوژراون، سیان بەرپرسن و یەکێکیان والی کەرکوکى داعشە لهبهیاننامهیهكی فهرماندهیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئەمرۆ شەممە، ڕایدەگەیەنت، لەڕێگەى فڕۆكهكانی ئێف 16وە له 31ی 1ی 2025، هێرشێکى ئاسمانیی کرایە سەر مۆڵگەیەکى داعش. به پشتبهستن به زانیاریی ههواڵگریی دروستی ناو بهڕێوهبهرایهتی ههواڵگری سهربازی و لهژێر چاودێری و پلاندانان و بهدواداچوون، حهشارگهیهكی تیرۆریستانی كرده ئامانج لهناوچهی زهركه لهناو كهرتی فهرماندهیی ئۆپهراسیۆنهكانی سهڵاحهدین و له ناوهوهیدا مهفرهزێكی تیرۆریستی ههبووه. بەیاننامەکە ئاماژهی بهوهشكردوە: دوای ههوڵی تهكنیكی و بهدواداچوون و بهكارهێنان و پشكنینی زانیاری، و ئهنجامدانی پشكنین لهسهر تهرمی 7 كوژراوهكه لهم ئۆپهراسیۆنهدا، لهلایهن بهڕێوهبهرایهتی ههواڵگری سهربازییهوه، به ههماههنگی تهكنیكی و ههواڵگری لهگهڵ هاوپهیمانی نێودهوڵهتی، ئهوه پشتڕاستكرایهوه و یهكلاكهرهوه بوو كه سهركرده گرنگه تیرۆریستهكان كوژراون. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئەوەش دەخاتەڕوو: لهنێو ئهم سهركردانهدا بریتین له: 1- تیرۆریست دههام محهمهد علێوی مهكهنی (ئهبو سهعید دهندوشی) بهناو والی كهركوك، بهرپرسه له چهندین ئۆپهراسیۆنی تیرۆریستی و كوشتنی هاووڵاتیانی بێتاوان و تاوانی تیرۆریستی له دۆڵی شای و چیای حهمرین و حهویجه له كهرتی كهركوك. 2- تیرۆریست شهحازه عهلاوی ساڵح مهكهنی (ئهبو عیسا)، بهناو بهرپرسی كهرتی حهمرینی چهتهكانی داعش. 3- تیرۆریست بهناو ڕهبیع بهتوش، یهكێك له توخمه تیرۆریستییه گرنگهكانی ناو چهتهكانی داعش.
بەپێى پێشبینیەکانى بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بوومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە بارانبارین لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەكرێت بەفربارین بگاتە سەنتەری شار و شارۆچكەكان. لەبەرەبەیانى زوەوەو شەپۆڵێكی چڕی بەفر و بارانبارین هەرێمی كوردستان گرتووەتەوە و پلەكانی گەرماش دابەزین، ئەمەش بەهۆی کاریگەری تێكەڵبوونی دوو تەوژمە هەوای پەستان نزمی دەریای ناوەڕاست و بارستە هەوای ساردی سیبریی ڕووسیا ڕوودەدات و تا ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت. لەڕاگەیەندراوێکیاندا، بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بوومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان، ئاماژە بەوەدەکەن: ئهمڕۆ شهممه ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، لە چەند شوێنێكیش هەوری سووپەرسێلی چڕ ئاسمان دادەپۆشێت، لەگەڵ بارینی نمەباران لە ناوچە جیاجیاكان. هەروەها بەپێى پێشبینیەکان هەندێك كات بارانی مامناوەند دەبارێت بە تایبەت لە بەشی باشوری هەرێمی كوردستان، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەكان بەفر دەبارێت و پێشبینی دەكرێت لە پارێزگای سلێمانی و بەشێكی پارێزگای هەولێر، بەفر بگاتە سەنتەری شار و شارۆچكەكان." پێشبینییەکانی بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بوومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان سەبارەت پلەکانی گەرما بەمشێوەیە: پلەکانی گەرما زیاتر نزم دەبێتەوە بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو، ئاڕاستەی با باشووری رۆژهەڵات دەبێت، خێرایی با لەسەرخۆ- مام ناوەند و لهنێوان 10 بۆ 20 كیلۆمهتر له كاتژمێرێكدا دهبێت و لە رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان، هەندێکجار چالاک دەبێت بۆ سەرووی 25 كیلۆمهتر له كاتژمێرێكدا. نزمترین پلەی گەرمی پێشبینیكراو لە ناوچە سنوورییەكان بەتایبەت لە حاجی ئۆمەران تۆماردەكرێت كە (-1) پلەی سیلیزییە و بەزرترین پلەی گەرمیش لە ئیدارەی گەرمیان دەبێت كە 13 پلەی سیلیزیە.
پارێزگاری ئەنقەرەى وڵاتى تورکیا، واسیپ شاهین بڵاویکردەوە ٣٣ کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختە لە شارەکە گیانیان لەدەستداوە، ٢٠ کەسی دیکە لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری چڕدان. لە وتارێکیدا لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی بنکەیەکی پۆلیس لە ئەنقەرە پێشکەشی کرد، شاهین ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕووداوی مردن بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختە لە ئەنقەرە ڕووی لە هەڵکشان کردووە، ئەوەیش نیگەڕانی کردوون، وای لێکردوون لە ئامادەکاری زیاتردابن. شاهین باسی لەوە کرد کە هێزە ئەمنییەکان شەو ڕۆژ بەردەوامن لەسەر هەڵمەتەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کەسانەی بە بەرهەمهێنانی خواردنەوەی کحولی ساختە ژیانی هاووڵاتیان دەخەنە مەترسییەوە. پارێزگاری ئەنقەرە شاهین ئەوەیشی خستەڕوو کە ٣٣ کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختە لە شارەکە گیانیان لەدەستداوە و، ڕایگەیاند: "لە ئێستادا٢٠ کەس لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری چڕدان. ڕێکاری یاسایی لە بارەی ٣٢ کەس بەهۆی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی خواردنەوەی کحولی ساختە گیراوەتەبەر و، لەوانەیش ١٣ کەسیان دەستبەسەر کراون". هاوکاتداود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ رایگەیاند، مانگی رابردوو بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە 70 کەس لە پارێزگاکە گیانیان لەدەستداوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، بە مەبەستی رێگریکردن لە بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە کحولی ساختە، تیمەکانیان چەندین هەڵمەتیان ئەنجامداوە. داود گوڵ، 15ی کانوونی دووەمی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، مۆڵەتی فرۆشتنیان لە 63 فرۆشگەی کحول وەرگرتووەتەوە و دایانخستوون. 10ی تشرینی یەکەمی 2024یش پارێزگای ئیستەنبووڵ رایگەیاند، بە مەبەستی رێگری لە بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە کحولی ساختە، بڕیاردرا لە هەموو فرۆشگەکان سیستمی کامێرای چاودێریی 24 کاژێری دابنرێت. بەگوێرەی ئامارێکی پارێزگای ئیستەنبووڵ، پار لەو پارێزگەیە 48 کەس بە هۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەرپرسێکی ڕێکخراوی CPTـی ئەمریکی دەڵێت، دوێنێ سێ گوندی سنووری قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک بەهۆی چڕبوونەوەی بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا، سێ گوندی سنوری ناحیەی دینارتە چۆڵکران. کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)ـی ئەمریکی، ئەمڕۆ شەممەڕایگەیاند دوانیوەڕۆی دوێنێ هەینى، بەهۆی بۆردوومانی چڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا و مەترسی ئۆپەراسیۆنی خاکڕەوی لە ناوچەکەدا سێ گوند چۆڵیانکردوە. ئەو وتیشى: گوندنشینانی هەر سێ گوندی (نپاخێ، بێرکەکورێ و کافیا) لە بناری چیای گارا، لە ناوچەی زێباری، لە ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ، گوندەکانی خۆیان چۆڵکرد و ڕویان لە ماڵی خزم و کەسوکارەکانییان لە ناحیەی دینارتە و قەزای ئاکرێ کرد. بەوتەى کامەران عوسمان، لە ڕۆژی ٤ی شوباتدا، هێزە ئەمنییەکانی قەزای ئاکرێ، دانیشتووانی هەر سێ گوندی نپاخێ، بێرکەکورێ و کافیایان ئاگادارکردبۆوە، کە لە ماوەی سێ ڕۆژدا گوندەکانیان چۆڵبکەن، ئەگەرنا سەلامەتی گیانیان لەسەر خۆیانە. ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئەم وەرزە وەزی سماق بڕین و کاری کشتوکاڵییە بۆ گوندنشینانی ناوچەکە. بەهۆی ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشییە بەردەوامەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا ١٨٣ گوند بەتەواوی چۆڵبوون. ٦٠٢ گوندی تر مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە و نزیکە ٤٠٠ گوندیش نەتوانراوە ئاوەدان بکرێنەوە.
حەماس ئامادەکاری دەکات بۆ ڕادەستکردنی سێ بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرامبەر دیلەکانی فەلەستینی لە دوایین قۆناغی ڕێککەوتنی ئاگربەست کە ئامانج لێی خۆشکردنی ڕێگایە بۆ کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە. بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، لە بیست و یەکهەمین ڕۆژی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی و ئیسرائیل، پێنجەمین پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیل و بارمەتەكان ئەنجامبدەن، بەپێی رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە. بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: ئوهاد بن عامی و ئەلیاهو شەرابی، كە لەڕۆژی (7) تشرینی یەكەمی ساڵی (2023) لە کۆمەڵگەی بیئری بە بارمتەی گرتوون، لەگەڵ ئور لێڤی کە هەمان ڕۆژ لەکاتی بەشداریکردن لە ڤیستیڤاڵی مۆسیقای نۆڤا بە بارمەتەگیرا، ئەمڕۆ رادەستیان دەكات. نوسینگەی ڕاگەیاندنی حەماس دەڵێت: لەبەرامبەر ئازادكردنی ئەو سێ بارمتەیە، ئیسرائیل (183) زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات کە (18)کەسیان زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، (54) کەسیان سزای درێژخایەنیان بەسەردا سەپێنراوە، (111) کەسیشیان لە کەرتی غەززە دەستگیرکراون. دوێنێ هەینی یانەی دیلەكانی فەلەستین ڕایگەیاند، ئیسرائیل ڕۆژی شەممە (183) دەستگیرکراوی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئازاد دەکات، لە بەرامبەر سێ بە بارمەتگیراوی پیاو، کە یەکێکیان هەڵگری رەگەزنامەی ئەڵمانی-ئیسرائیلیەو لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن.
حەماس ئامادەکاری دەکات بۆ ڕادەستکردنی سێ بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرامبەر دیلەکانی فەلەستینی لە دوایین قۆناغی ڕێککەوتنی ئاگربەست کە ئامانج لێی خۆشکردنی ڕێگایە بۆ کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە. بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، لە بیست و یەکهەمین ڕۆژی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی و ئیسرائیل، پێنجەمین پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیل و بارمەتەكان ئەنجامبدەن، بەپێی رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە. بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: ئوهاد بن عامی و ئەلیاهو شەرابی، كە لەڕۆژی (7) تشرینی یەكەمی ساڵی (2023) لە کۆمەڵگەی بیئری بە بارمتەی گرتوون، لەگەڵ ئور لێڤی کە هەمان ڕۆژ لەکاتی بەشداریکردن لە ڤیستیڤاڵی مۆسیقای نۆڤا بە بارمەتەگیرا، ئەمڕۆ رادەستیان دەكات. نوسینگەی ڕاگەیاندنی حەماس دەڵێت: لەبەرامبەر ئازادكردنی ئەو سێ بارمتەیە، ئیسرائیل (183) زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات کە (18)کەسیان زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، (54) کەسیان سزای درێژخایەنیان بەسەردا سەپێنراوە، (111) کەسیشیان لە کەرتی غەززە دەستگیرکراون. دوێنێ هەینی یانەی دیلەكانی فەلەستین ڕایگەیاند، ئیسرائیل ڕۆژی شەممە (183) دەستگیرکراوی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئازاد دەکات، لە بەرامبەر سێ بە بارمەتگیراوی پیاو، کە یەکێکیان هەڵگری رەگەزنامەی ئەڵمانی-ئیسرائیلیەو لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن.
لە ئۆپرسیۆنێکى تایبەتدا، حکومەتی بەریتانیا دوو قاچاخچی دەستگیر دەکات بە تۆمەتی گواستنەوەی خەڵک بە ڕێگەی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئەو دووکەسە لەلایەن وڵاتی فەرەنساوە داواکراوبوون و لە لە لەندەن دەستگیرکراون و یەکێکیان کوردەو ناوى ڕێبینە. ئاژانسی ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانەکان لە بەریتانیا ڕایگەیاند: ماوەیەکە چاودێر ئەو دووسەکە دەکەن، دواجا دوێنێ لەلایەن ئەفسەرانی پسپۆڕی یەکەی ڕادەستکردنەوەی نیشتمانی لە ناوەندی هاوبەشی تاوانە نێودەوڵەتییەکانی دەزگای تاوانی نیشتمانی بەناوی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا دەستگیرکراون. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، ئەو دوو قاچاخچیە کە دەستگیرکراون، خەڵکیان لە کەناڵی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا پەڕاندووەتەوە و کاری سپیکردنەوەی پارەشیان کردووە. پۆلیس دەڵێت یەکێک لەو قاچاخچییانەی کە دەستگیرکراوە کە ناوی ڕێبین شەریفە و تەمەنی 25 ساڵە و خەڵکی هەرێمی کوردستانە، ئەوى دیکەشیان ناوى لولزم براهاجی بەڕەگەز ئەلبانییە و تەمەن 47 ساڵە، هەردوو تۆمەتبار لە لەندەن دەستگیر کراون. ئەو دوو تۆمەتبارە، هەردووکیان لە فەرەنسا داواکراون کە داواکارانی گشتی تۆمەتباریان دەکەن بەوەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا خەڵکیان لە کەناڵی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا پەڕاندووەتەوە و کاری سپیکردنەوەی پارەشیان کردووە، ئەو پارەو داهاتانەى دەستیان کەوتوە لە نێوان مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢١ تا حوزەیرانی ٢٠٢٣ سپیانکردوەتەوە. ئەمە یەکەمجار نییە حکومەتی بەریتانیا قاچاخچیی بە ڕەگەز کورد دەستگیر بکات، پێشتریش هەر یەکە لە بەرزان مەجید ناسراو بە "دووپشک" و ئامانج حەسەنزادەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەستگیر کردووە. یەکێک لەو ئەفسەرانەى بەشدارى ئۆپراسیۆنەکەى کردووە دەڵێت: باندەکانی قاچاخچییەکان ژیانی ئەو کەسانە دەخەنە مەترسییەوە کە تەنها بۆ قازانج و تەماح دەیانگوازنەوە، گرنگی بە مەترسییەکان و سەلامەتی خۆیان نادەن". ئەو وتیشى: ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی خەڵک لە پێشینەی کارەکانی NCA و ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردنی نزیکمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە فەرەنسا و لە سەرانسەری ئەوروپا بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێک بدەین بۆ تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی گروپەکانی پشت ئەم کارانەوەن.
جێگری نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مۆرگن ئۆرتاگوس ڕایگەیاند: ئەمەریکا هێڵێکی سووری داناوە لەسەر ئەوەی کە گروپی چەکداریی حزبوڵای شیعە نابێت بەشداری لە حکومەتی دواتری لوبناندا بکات، ئەوەش دوای شکستە سەربازییەکەی ساڵی ڕابردووی بەرامبەر ئیسڕائیل. ئۆرتاگوس یەکەم بەرپرسی باڵای ئەمەریکایە سەردانی لوبنان بکات لە دوای دەستبەکاربوونی سەرۆک دانۆڵد ترامپەوە و لە دوای ئەوەشەوە کە جۆزیف عەون وەکو سەرۆکی لوبنان هەڵبژێردرا. سەردانەکەی ئۆرتاگوس لە کاتێکدایە کە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە لوبنان چەقی بەستووە، لە کاتێکدا کە پۆستەکانی حکومەت لەسەر هێڵی تائیفی دابەش دەکرێن. حزبی ئەمەلی هاوپەیمانی حزبوڵا سوور بووە لەسەر پەسەندکردنی سەرجەم وەزیرە شیعەکان، ئەوەش وایکردووە پڕۆسەکە چەق ببەستێت. دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی لوبناندا، ئۆرتاگوس وتی: لە حزبوڵا ناترسێت چونکە لە ڕووی سەربازییەوە شکستییان هێناوە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک لەسەر شەڕەکەی ساڵی ڕابردووی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت. وتیشی " هێڵی سووری ڕوون و ئاشکرامان لە ئەمەریکاوە داناوە لەسەر ئەوەی نەتوانن گەلی لوبنان تیرۆر بکەن، بە ئەندامێتیشییانەوە لە حکومەتدا."
بڕیارە لە هەفتەى داهاتوودا، دادگاى فیدراڵى عێراق چوار سکاڵا لەبارەى هەرێمى کوردستانەوە تاوتوێبکات کە تایبەتن بە هەڵوەشاندنەوەى سزاى هاتوچۆ و مەرجى فرەژنى و دوو وەزارەت. سکاڵاکان رۆژى سێشەممەى داهاتوو لەلایەن دادگاوە تاوتوێدەکرێن، ئەوەش بەپێی کارنامەى دانیشتنى دادگا کە لەپێگەى فەرمى دادگا بڵاوکراوەتەوە. یەکێک لە سکاڵاکان لەسەر سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزیرى ناوخۆ تۆمارکراون و تایبەتە بە سزاکانى هاتوچۆ. لە سکاڵاکەدا داواکراوە دادگا بڕیارى نادەستورى بوونى پێدانى دەسەڵات بە وەزیرى ناوخۆ بدات بە راوێژ لەگەڵ وەزیرى دارایی بۆ زیادکردن و کەمکردنەوەى باج و رسومات و پێبژاردنى هاتوچۆ بەپێی یاساى هاتوچۆ ژمارە 86 ى ساڵى 2004. یەکێکە دیکەیە لەو سکاڵایانەى دادگاى فیدراڵى تاوتوێى دەکات، بڕیاردان لەسەر نادەستورى بوونى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى هەرێمى کوردستان، کە تێیدا داواکراوە جگە لە هەڵوەشاندنەوەى ئەو وەزارەتە، پەرلەمان و حکومەتى هەرێم پابەند بکرێن بە پێکهێنانى دیوانى جیاجیاى ئاینى بۆ مەزهەب و ئاینە جیاوازەکان وەکو دەستەى سەربەخۆ. هەروەها لەلایەن هاوڵاتییەکەوە سکاڵایەک لەسەر سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە کە تێیدا داوایکردووە دادگا بڕیار لەسەر نادەستورى بوونى ماددەیەکى هەموارى یاساى بارى کەسێتى بدات لە هەرێمى کوردستان، کە تێیدا رازى بوونى ژنانى لەبەردەم دادگا کردووەتە مەرج بۆ ئەوەى هاوسەرەکانیان بتوانن هاوسەرگیرى دووەم بکەن. بڕیاردان لەسەر نادەستورى بوونى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى هەرێمى کوردستان، یەکێکە دیکەیە لەو سکاڵایانەى دادگاى فیدراڵى تاوتوێى دەکات کە تێیدا داواکراوە جگە لە هەڵوەشاندنەوەى ئەو وەزارەتە، پەرلەمان و حکومەتى هەرێم پابەند بکرێن بە پێکهێنانى دیوانى جیاجیاى ئاینى بۆ مەزهەب و ئاینە جیاوازەکان وەکو دەستەى سەربەخۆ. هەڵوەشاندنەوەى وەزارەتى شەهیدانى هەرێمى کوردستان و پێکهێنانى دەستەى دامەزراوەى شەهیدان، یەکێکى دیکە لە سکاڵاکان کە پەیوەست بێت بە حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە.
کۆمپانیای دانەگاز پووختەی رایگەیاند، 151 ملیۆن دۆلار قازانجیان کردووە. دەشلێت کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی 'پێرڵ پێترۆڵیۆم' تەواوی پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆری لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووە و بڕی 67 ملیۆن دۆلار قەرزیان لای هەرێمی کوردستانە. ئەمڕۆ هەینی، کۆمپانیای دانەگاز راپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی دارایی 2024 بڵاوکردەوە. کۆمپانیاکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، بەراورد بە ساڵی 2023، ساڵی رابردوو داهاتییان 5٪ زیاتر بووە. لە ساڵی 2023 داهاتی کۆمپانیاکە 423 ملیۆن دۆلار بووە. هەرچی لەبارەی پوختەی قازانجی کۆمپانیاکەشە، ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵی 2023 پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە کەمیکردووە. چونکە ساڵی رابردوو، پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە 151 ملیۆن دۆلار بووە و ساڵی 2023ـێش پوختەی قازانجی 160 ملیۆن دۆلار بووە. ئەوەش پەیوەندی بە کەمبوونەوەی پشکی کۆمپانیاکەوەیە لە میسر. کۆمپانیاکە دەشڵێت: لە چوار مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو، بەراورد بە چوار مانگی کۆتایی ساڵی 2023 داهاتییان 64٪ زیادیکردوو. کۆمپانیای دانەگاز لە کێڵگەی کۆرۆمۆر گازی سروشتی بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمی ڕۆژانەی دەگاتە 37 هەزار بەرمیل نەوتی هاوتا. بەرهەمەکەی لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ 3٪ زیادیکردووە.
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی دوودا گەشت بۆ چوار وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕایگەیاند کە دەیەوێت ئەمەریکا خاوەندارێتی غەززە بکات و فەلەستینییەکان بگوازێتەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی دراوسێ. بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕوبیۆ لە 13-18 ی مانگی دوودا دەچێت بۆ کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ و لەوێیەوە دەچێتە ئیسڕائیل و ئیماڕات و قەتەڕ و سعودیە. ڕوبیۆ ڕۆژی چوارشەممەى پێشوو وتی فەلەستینییەکانی غەززە دەبێت بۆ ماوەیەکی "کاتی" غەززە جێبهێڵن، ئەمەش لە کاتێکدا کە دوای جەنگەکە غەززە دووبارە ئاوەدان دەکرێتەوە. بەرپرسەکەی ئەمەریکا وتی ڕوبیۆ لە ماوەی گەشتەکەیدا باس لە غەززە و لێکەوتەکانی هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی 2023 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل دەکات و هەروەها هەوڵی جەختکردنەوە دەدات لە هەوڵەکانی سەرۆک ترامپ بۆ گۆڕینی دۆخی هەنووکەیی لە ناوچەکەدا. بەرپرسەکە وتی: دۆخە هەنووکەییەکە ناکرێت بەردەوام بێت، وەکو شوشتن و پاککردنەوە و دووبارەکردنەوە وایە. ئاشنا دەبیت بە دۆخەکە و هەست دەکەیت کە ئەمە ژیانەکەیە و هەر ئەمەی لێ چاوەڕێ دەکرێت. سەرۆک ترامپ و مارکۆ ڕوبیۆ لەو باوەڕەدان کە ئەمە نابێت بەوشێوەیە بێت، باوەڕییان وایە کە شتەکان دەکرێت بگۆڕدرێن. لە 25 ی مانگی یەکەوە سەرۆک ترامپ چەند جارێک پێشنیاری ئەوەی کردووە کە فەلەستینییەکانی غەززە دەبێت لەلایەن وڵاتە عەرەبییەکانی ناوچەکەوە وەربگیرێن، لەوانە میسڕ و ئوردن، وڵاتانی عەرەبی و فەلەستینییەکانیش ئەو بیرۆکەیەیان ڕەت کردووەتەوە. جەنگەکەی ئیسڕائیل و حەماس لە غەززە لە ئێستادا لە ڕێی ئاگربەستێکی ناجێگیرەوە ڕاگیراوە، بە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل دەستیپێکرد کە تێیدا هەزار و دوسەد کەس کوژران و سەروی دوسەد کەسیش لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران.
