مانگرتنى مامۆستایان پێدەنێتە ١٥ رۆژ، پاشنیوەڕۆى ئەمرۆش بۆ پشتیوانى مانگرتووان دریژە بە ناڕەزایەتیەکان دەدرێت و  كاتژمێر دوو لەبەردەم چادرى مانگرتووان خۆپیشاندانێکى بەرفراوان ڕێکدەخرێت. لەو بارەیەوە عوسمان عەبدوڵا گوڵپی وتەبێژی مانگرتووان لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا دەڵێت: دۆخی تەندروستی مانگرتوان خراپە تیمە پزیشكیەكان دەڵێن مانگرتنەكەیان كاریگەری لەسەر جەستەیان درووستكردووە بەتایبەت گورچیلەكانیان.  وتەبێژى مانگرتووان دەشڵێت داواتان لێدەكەین ئەمڕۆ سێ شەممە كاتژمێر (2) هەمووتان بۆ پشتیوانی مانگرتووان لێرەبن بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانێکى بەرفراوان. عوسمان گوڵپى جەختى لەسەر ئەوەکردەوە ئەوان، توڕەن لە میدیا دابەستەكان، وتیشى: توڕەین لە خاوەنەكانیان ، تكاتان لێدەكەین بازرگانیتان بە هەموو شتێكەوە كرد بازرگانی بە گیانی خەڵكەوە رابگرن. ئەمرۆ سێ شەممە ماوەى ١٥ رۆژە 13 مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووەو داوای موچەو تەوتین و پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم دەکەن. بەشێک لە مانگرتووەکان ناو بەناو دۆخی تەندروستییان تێکدەچێت و ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن.  

  لە دوو ڕۆژى ڕابردوودا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە کۆڕبەندی سەکۆ میوانداریدارى کراوە، لە دیدارەکەدا نزیکە ٧٠ ئەکادیمیی کوردستانیی و نێودەوڵەتیی بەشداریان کردوە عەبدى قسەی لەسەر ئەو ئاڵەنگارییانە کرد کە ڕۆژاڤا و هەسەدە و سووریا لە دوای ڕووخانی ئەسەد ڕووبەڕووی بوونەتەوە. شێرکۆ کرمانج، نوسەرى دیارى کورد یەکێک بووە لەبەشداربوانى کۆڕبەندەکە، لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بابەتێکى لەسەر نوسیوەو ناوەڕۆکى دیدارەکەى خستوەتەڕوو، لەبەشێکیدا دەڵێت: هەسەدە، یان کورد لە ڕۆژاڤا، حەز ناکەن ببنە ئۆپۆزسیۆن، چونکە شەڕ لە قازانجی کەس نییە. وتیشی ئێمە هەوڵ دەدەین پرسەکان بە گفتوگۆ و دیبلۆماسی چارەسەر بکەین. دەقى نوسینەکە جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی میوانی سەکۆ بوو چی گوت؟ لە چەند خاڵێکدا دەیخەمەڕوو شێرکۆ کرمانج دوێنێ شەو کۆڕبەندی "سەکۆ" میوانداری لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، کرد. لە دیدارەکە کە نزیکە ٧٠ ئەکادیمیی کوردستانیی و نێودەوڵەتیی بەشداریان کرد، بەڕێزیان قسەی لەسەر ئەو ئاڵەنگارییانە کرد کە ڕۆژاڤا و هەسەدە و سووریا لە دوای ڕووخانی ئەسەد ڕووبەڕووی بوونەتەوە. دواتریش وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری ئامادەبووانی بە دوورودرێژی دایە، کە بووە مایەی گفتوگۆیەکی پیشەییانە و ئەکادیمییانە. هەوڵدەدەم لێرە لە چەند خاڵێک کورتیان بکەمەوە بەڵام بە سەرنجێک دەست پێدەکەم: سەرنجەکە لە مێژە ڕەخنەیەکی زۆرم لە سیاسەتمەدارانی کوردستان هەیە، لەوەی کە ئامادەن چاوپێکەتن لەگەڵ ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمییە ڕۆژئاوایی و عەرەبەکان بکەن بەڵام زۆر کەم لە سەکۆ و میدیا کوردییەکان دەردەکەون. مەزڵووم عەبدی پێناچێت لەو توخمە لە سیاسەتمەدارانی کوردستان بێت. ئەم هەلە دەقۆزمەوە بڵێم کە کۆڕبەندی سەکۆ دەرگای ئاواڵەیە بۆ هەموو سیاسەتمەدارانی کوردستان لە هەر حیزب و ڕێکخراوێک بن، بەڵی لە هەر حیزب و ڕێکخراوێک، ئێمە بەخۆشحاڵییەوە ئامادەین لە سەکۆ دیداری کراوە یان تایبەتیان بۆ ڕێکبخەین و هەلی قسەکردن و گفتوگۆیان بۆ بڕەخسێنین. ڕۆژاڤا و باشوور مەزڵووم عەبدی درکی بەو دابەشبوونە کردووە کە لەنێو ماڵی کوردیی‌دا هەیە لە ڕۆژاڤای کوردستان. هەر ئەوەش بووەتە هۆکاری سەرەکی سەردانەکەی بۆ هەولێر. ئەو سەردانەکەی هەولێر و ڕۆڵ و دیدارەکەی لەگەڵ کاک مەسعود بارزانی زۆر بە ئەرێنی دیت و پێی وابوو کە سەرەتایەکی نوێ لە پەیوەندی نێوان باشوور و ڕۆژاڤاـیە.  گوتیشی کە فەڕەنسییەکان هاوکارمانن لە پرس و پڕۆسەی دیالۆگی کوردی-کوردی. ئەو گوتی ئێمە ئیش لەسەر ئەوە دەکەین کە کورد، ئەوان و ئەنەکەسە، وەک یەک گرووپ لە دانووسانەکان لەگەڵ دیمەشق بەشدار بن، بەڵام پێناچێت تا ئێستا دانیشتنەکەی بارزانی و مەزڵووم، هەروەها هەوڵەکانی فەڕەنسا هیچ بەرهەمێکی ئەوتۆی هەبێت، بەڵام بەگشتی زۆر گەشبین بوو و پێی وابوو لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرهەمی دەبێت. مەزڵووم پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە لە ڕۆژاڤا یەک هێزی سەربازیی هەیە و هەر یەک هێزی سەربازیی دەمێنێتەوە و نایانەوێت هەڵەکانی باشوور لە پەیوەند بە فرەهێزی چەکداریی دووبارە بکەنەوە. ڕۆژاڤا و ئەمریکا مەزڵووم عەبدی گوتی پەیوەندی و هاوکاری ئێمە لەگەڵ ئەمریکییەکان مێژوو و بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەڕ دژی تیرۆر، داعش. هاوکات، بوونی ئەمریکاییەکانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بە گرنگ دەزانی. گوتیشی ئەمریکییەکان زیاتر لەو ناوچانە هاوکاریمان دەکەن کە ناوچەی ناکوردیین. پێدەچوو مەبەستی ئەوە بێت کە ئەو شەڕ و بەرخۆدانەی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزا بەبێ هاوکاری ئەمریکییەکان ئەنجام دەدەن. لە پەیوەند بە مانەوە و دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا شتێکی ڕوونی نەگوت، پێناچێت هیچ شتێکی کۆنکریتیان لە ئەمریکییەکان، دوای هاتنی ترەمپ، بیستبێت لەسەر مانەوە یان دەرچوون. بەڵام گوتی ئێمە هێزێکین پێش هاتنی ئەمریکییەکان بوونمان هەبوو، بەدەرچوونی ئەمریکییەکانیش هەر دەمێنین. گوتی لەوانەیە دۆخەکە سەخت بێت بۆمان، بەڵام ئێمە کۆڵنادەین و بەرخۆدان بەردەوام دەبێت. کورد و دیمەشق مەزڵووم عەبدی سەردانەکەی بۆ دیمەشق بە ئەرێنی وەسف کرد و گوتی کە لەسەر خەتە گشتییەکان لێک تێگەیشتنمان هەبوو، بەڵام کەم باسی وردەکارییەکانمان کرد. بەکورتی، نیواونیوی دەدیت، واتە لەلایەک باش و لەلایەک خراپ. دڵی بە قسەکانی ئەحمەد شەرع خۆش بوو و پێی وابوو کە پێدەچێت گۆڕانکارییەک لە هەڵوێست و تێگەیشتنی ئەو کەسە دروست بووە، بەڵام هاوکات نیگەران بوو لە هەڵسوکەوتەکانی هەیئەی تەحریری شام و شەرع، بەتایبەتی لە پەیوەند بە بڕیاردان بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕێڤەبەریا خۆسەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لایەنەکانی دیکە. ئەو پێی وابوو کە گرووپەگەلی جیاواز، کە زۆرینەیان سەلەفی و توندڕەو و لاپەڕ و جیهانیین، لەنێو هەیئەی تەحریری شام بوونیان هەیە و ئەگەری زۆرە کە کێشە بۆ گرووپە میانڕەوەکان دروست بکەن و دەوڵەت بەرەو ئاقاری حوکمی شەریعە ببەن. هەر لەو پەیوەندە گوتی ئەگەر بەو شێوەیەی کە تا ئێستا هەیئەی تەحریری شام ئیدارەی دەوڵەت دەدات بەردەوام بێت، بەتایبەتی بڕیاردانی تاکلایەنانە، ئەوە ئەوان بەشداری پڕۆسەی سیاسی ناکەن. هاوکات، ئەو دەیگوت کە هەسەدە، یان کورد لە ڕۆژاڤا، حەز ناکەن ببنە ئۆپۆزسیۆن، چونکە شەڕ لە قازانجی کەس نییە. گوتیشی ئێمە هەوڵ دەدەین پرسەکان بە گفتوگۆ و دیبلۆماسی چارەسەر بکەن. چارەسەر چییە؟ مەزڵووم عەبدی دەڵێت کە ئەوان نایانەوێت سووریا دابەش بکەن و لەو باوەڕەدان کە لە ڕێگەی لامەرکەزی دەتوانن چارەسەری نەک هەر پرسی کورد بەڵکوو هەموو گرووپە دینی و نەتەوەییەکانی دیکەی سووریا بکەن. سەرەڕای ئەوەی کە پرسیاری ئەوەی لێ کرا کە مەبەستتان چییە لە لامەرکەزی، بەڵام وەڵامەکەی زۆر ڕوون نەبوو. وا پێدەچێت ئەوەی ئەوان دەخوازن هەر جۆرێکە لە فیدڕالیزم بەڵام فیدڕالیزمێکی نانەتەوەیی بەڵکوو جوگرافی. هۆکاری ئەوەش وەک لەنێوان قسەکانی دەردەکەوتن دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بەشێکی زۆری خەڵکەکەی کورد نین، یان ناوچەی کوردستانیی نین. ئەوان ڕازین بەوەی کە هێزەکانی هەسەدە ببن بە بەشێک لە سوپای سووریا بەڵام بە مەرجێک کە هێزەکانی هەسەدە جۆرێک لە سەربەخۆییان هەبێت و گرووپێکی پەرشوبڵاو نەبن بەڵكوو لە ناوچەکانی خۆیان، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بمێننەوە. ئەم خاڵە و پرسی لامەرکەزی دووان لە خاڵە ناکۆکی لەسەرەکان لەگەڵ دیمەشق. من پێم وایە، ئەگەر دیمەشق ئەوە قەبوڵ بکات ئەوە ڕێڤەبەریا خۆسەری هەنگاوی بەرەو کۆنفیدراڵی دەنێت. مەزڵووم گوتی ئێمە پێشنیازی چەندین ساڵمان کردووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی جێکردنەوەی هێزەکانی هەسەدە لەناو سوپای سووریا. دڵی بەوە خۆش بوو کە فشارێکی زۆر، بەتایبەتی لەلایەن هەندێک وڵاتی ئەوڕوپی، لەسەر حکومەتی دیمەشق هەیە. ئەو پێیوابوو ئەم فشارانە نەبێت، یان نەمێنن، حکومەتی سووریا لەوانەیە بە ئاقاری توندڕەوی هەنگاو بنێت.   چارەنووسی داعش لە پەیوەند بە گیراوەکانی داعش، مەزڵووم گوتی کە ئەوان بێجگە لە داعشە سوورییەکان کەسی دیکەیان دادگایی نەکردووە، بەڵكوو دەیانەوێت ڕەوانەی وڵاتەکانی خۆیان بکەنەوە. بەڵام پێناچێت هیچ وڵاتێک بەدەم ئەو داوایەی هەسەدە هاتبن تا ئێستا. ئەو دەیگوت، ڕووخانی ڕژێم بووەتە مایەی بەهێزبوونی داعش چونکە چەک و تەقەمەنیان لە ئاکامی ئەو فەوزایەی سەری هەڵداوە لە سووریا بەدەستهێناوە و هەندێک کەس و لایەن پەیوەندیان پێوە کردوون.  کورد و تورک مەزڵووم عەبدی تورکیای وەک هەڕەشەیەکی جددی وێنا دەکرد. ئەوە لە کاتێکدا کە وەک ئەو دەیگوت تورکیا ئێمە بەو شێوەیە دەبینێت.  ئەو گوتی کە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە هەوڵی هێور کردنەوەی دۆخەکەیان داوە بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە قەناعەت بە تورکیا بکەن کە هێرش و هەڕەشەکانی ڕابگرێت. ئەگەر تورکیا ئێمەی مەشغولی شەڕێکی لابەلا نەکردبا، ئەگەری هەبوو کە هێزەکانمان جووڵەیان بکردابایە بەرەوە دیمەشق، مەزڵووم ئاوا وەڵامی پرسیارێکی دایەوە لەو پەیوەندەدا. تاکە گەشبینییەک لە پەیوەند بە کێشە و ململانێکان و پێکدادانەکانیان لەگەڵ تورکیا کە مەزڵووم عەبدی هەیبوو پڕۆسەی ئاشتی بوو لە تورکیا. ئەو پێی وابوو ئەگەر پڕۆسەی ئاشتی بەروپێش بچێت ئەوە ئەگەری زۆرە هەڵوێستی تورکیا لەبەرانبەر ئەوانیش بگۆڕێت. لە کۆتاییدا داوای لە هەموو ئەکادیمییانی کوردستان و ڕۆژئاوا کرد کە بە هەر جۆرێک بۆیان دەکرێت و گونجاوە فشار لەسەر حکومەتەکانی خۆیان بکەن هەم بۆ پشتیوانی لە ڕۆژاڤا هەم بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕناگێزییەکانی تورکیا و تاکڕەویی لە دیمەشق.

  بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست رایگەیاند، هاوڕێیەکم بەناوی ئادەم عوسمان، دوێنێ لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەری خۆپیشاندەربوین، ئەم ئێوارە لە لایەن ئاسایشی هەولێرەوە بانگکراوەو تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارەو تەلەفونەکانی داخراوە. عەلى حەمەساڵح بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست و ئەندامى پەرلەمانى کورردستان. ئەمشەو، لەسەر پەرەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەلایەتى فەیسبوک، ڕاگەیەندراوێکی  بڵاوکردوەتەوە. ئەو دەڵێت: هاوڕێیەکی من  بەناوی (ئادەم عوسمان) دوێنێ هاوڕێی من بوە کە لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەری خۆپیشانداندا بوین، ئەم ئێوارە لە لایەن ئاسایشی هەولێرەوە بانگکراوەو تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارەو تەلەفونەکانی داخراوە، سەلامەتی لە ئەستۆی هێزە ئەمنیەکان و ئاسایشی هەولێرە.  لەبەشێکى دیکەى نوسینەکەیدا، عەلى حەمەساڵح، دەڵێت: کاک ئادەم پێشتر وەک میلاک بەناوی پاسەوان هاوکاری من بوە، سەرجەم پاسەوانەکانیان لێوەرگرتمەوە، ئێستا ئەو کاتانەی دەوامی نیە وەک هاوڕي هەندێک کات لەگەڵ من دەبێت و هاوکاریم دەبێت.  ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەمە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لەڕاگەیەندراوێکیاندا دەڵێن: چەند لایەنێکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەوڵی شێواندنی دۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیانداوە. هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، پۆلیسى هەولێر ئەوەش دەخەنەڕوو: هەندێک لەو کەسانەی وەکو ئامرازی برەوپێدانی ئەو هەڵمەتە ناڕەوایە دەستنیشان کران، یەکێکیان دەستگیر کراوە.

هاوڵاتى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە فەلەستینییەکان مافی گەڕانەوەیان بۆ غەززە نابێت بەپێی پلانەکەی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو خاکە، ئەمە وتانەى لەمیانەى چاوپێکەوتنێکدا کردووە کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکرایەوە. لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ڕێگە بە فەلەستینییەکان دەدرێت بگەڕێنەوە، ترەمپ بە کەناڵى فۆکس نیوزی ڕاگەیاندوە: نا، ئەوان خانووبەرەی زۆر باشتر بەدەست ناهێنن. دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردوە، بە واتایەکی تر باس لە دروستکردنی شوێنێکی هەمیشەیی بۆ ئەوان دەکەم، ئاماژەی بەوەشکرد کە ژیانکردن بۆ چەند ساڵێک لەکەرتى غەززە بەردەوام نابێت.  لەو چاوپێکەوتنەکەدا کە ڕۆژی دووشەممە بەشی یەکەم پەخش دەکرێت، وتی کۆمەڵگەی سەرسوڕهێنەر بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن فەلەستینی دانیشتووی غەززە دروست دەکات. وتیشی: کۆمەڵگەی سەلامەت دروست دەکەین، کەمێک دوور لەو شوێنەی ئێستا کە هەموو مەترسییەکانی لێیە، بیر لەوە بکەرەوە وەک گەشەپێدانێکی خانووبەرە بۆ داهاتوو، ئەوە پارچە زەوییەکی جوان دەبێت. ترامپ خواستی خۆی بۆ وەرگرتنی ژمارەیەک لە خەڵکی غەززی بۆ ئوردن و میسر دووپاتکردەوە و دەشڵێت: پێدەچێت باس لە ملیۆن و نیوێک بکەین، ئێمە بە سادەیی هەموو ناوچەکە پاک دەکەینەوە. وەک دەزانن بەدرێژایی سەدەکان ئەم ناوچەیە شایەتی ململانێی زۆر بووە، نازانم بەڵام دەبێت شتێک ڕووبدات. دوای ماوەیەکی کەم لە دەستبەکاربوونی لە ٢٠ی مانگى یەکى ڕابردوو، سەرۆکی ئەمریکا بیرۆکەی کۆنترۆڵکردنی ئەمریکا بەسەر غەززە و بەشداریکردنی هەوڵە بەرفراوانەکانی ئاوەدانکردنەوەی غەززەی خستەڕوو.  ترامپ پێشنیاری کرد کە ئەمریکا پاش نیشتەجێکردنی فەلەستینییەکان لە شوێنێکی دیکە، غەززە لە ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵ بکات و "ریڤێرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" دروست بکات. دیار نییە ئەمریکا لەژێر چ دەسەڵاتێکدا داوای کۆنترۆڵکردنی غەززە دەکات. ئەم ڕاگەیاندنەی ترەمپ ڕەخنەی دەستبەجێی چەند وڵاتێکی لێکەوتەوە.

  موتەلیب ئەحمەدیان، زیندانی سیاسی کوردی خەڵکی بانە کە زیاتر لە 15 ساڵە لە زینداندایە، نامەیەک لە زیندانی ئێڤینی تارانەوە بڵاودەکاتەوە کە تیایدا باسی ئەو ئەشکەنجانە دەکات کە لە زیندان و لەکاتی لێکۆڵینەوەکان ڕووبەڕووی بووەتەوە. ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە بە ئاماژەدان بەوەی کە بارودۆخی ناجێگیرە، نووسیویەتی، "داواکاری گشتی تاران بە تایبەتی ڕێگری لە ڕێکاری پێویست دەکات بۆ ڕزگارکردنی ژیانم و لە ڕاستیدا لە جیاتی داری سێدارە، سزای مەرگی بەکاوەخۆی بەسەردمدا سەپاندووە." ئەحمەدیان کە سزای 30 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە، نووسیوێتی " تا ئێستا 15 ساڵ سزای زیندانیکردنم تەنانەت بە بێ ڕۆژێک و سەعاتێک مۆڵەتی چوونەدرەو لە قورسترین بارودۆخدا بەسەر بردووە" و سەبارەت بە لێپرسینەوە و ئەو ئەشکەنجەیەی کە لە زینداندا بەسەریدا هاتووە نووسیویەتی "لە ساڵی 2010 لە تەمەنی 25 ساڵیدا دەستگیرکرام ولە کاتی لێپرسینەوەشدا ڕووبەڕووی شێوەگەلێک لە ئەشکەنجە بوومەتەوە کە ئەگەر باسی بکەم ترس دەخاتە دڵی هەر مرۆڤێکی بە ویژدان." ناوبراو لە نامەکەدا دەشڵێت "لە کاتی لێپرسینەوە و دەستبەسەرکردنمدا لە ورمێ، چەند مانگێک لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرابووم، لەو ماوەیەدا لێکۆڵەران قاچمیان شکاند، شانیان لەجێ بردم، بڕبڕەی پشتمیان شکاند، جگە لە سێ ددانم هەموو ددانەکانیان لە دەممدا ورد کرد و مشت و شەق و لێدان بەشی شەو و رۆژم بووە." ئەحمەدیان لە نامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئەنجامی ئەشکەنجەدانی قورس و درێژخایەن لە زینداندا تووشی تەسکبوونەوەی بڕبڕەی پشت، هەوکردنی کۆئەندامی زاوزێ، هەوکردنی قۆڵۆن و خوێنبەربوونی گەدە، پچڕانی فتق و پردەی گەدە، پێچانی گەدە، ڕشانەوەی ڕۆژانە، لێدانی دڵ، تەنگەنەفەسی، شێرپەنجە و برینی ریخۆلە و کێشەی گورچیلە بووە. دەشڵێت "سەرەڕای پێویستی بەپەلەی چاودێری پزیشکی و نەشتەرگەری کە لەلایەن پزیشکی دادوەری، بەشی تەندروستی زیندان و سەرجەم کەسایەتی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان پشتڕاست کراوەتەوە، بەڵام داواکاری گشتی تاران، ماوەی ساڵێکە بە زیادکردنی بڕی کەفالەت بۆ 8 ملیار تمەنی ئێران، ڕێگری لە موڵەتم دەکات بۆ وەرگرتنی چارەسەری. ئەو زیندانییە سیاسییە هەروەها نووسیویەتی "لە پێناو ئازادی و باوەڕەکانم هیچ ترسێکم لە مردن نییە، بەڵام ناتوانم بە بەبێ شەڕ و بە بێدەنگی قبووڵی ئەوە بکەم، بۆیە داوا لە هەموو ویژدانێکی بەئاگا و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەم کە دەنگی من بن." ئەحمەدیان لە نامەکەیدا ڕوو لە هەموو دەسەڵاتدارانی یاسایی، دادوەری و نێودەوڵەتی و نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دەڵێت کە بەرپرسیارێتی ژیانی ئەو لە ئەستۆی داواکاری گشتی تاراندایە. لە کۆتاییدا نووسیویەتی چیتر بێدەنگ نابێت و بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت کە بە هەر شێوەیەک کە لە توانایدا بێت ناڕەزایەتی خۆی دەرببڕێت. ئەحمەدیان لە مانگی دەی ساڵی 2010 بە تۆمەتی "موحاریبە لە ڕێگەی ئەندامێتی لە حزبی کۆمەڵە" دەستبەسەرکرا و سزای 30 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ھاوڵاتى دەستەی پشتیوانانی مانگرتووانی سلێمانی داوای لە دوکاندارەکانی ناوبازاڕ کردووە، بەمەبەستی پشتیوانی لە مانگرتووان، سبەینێ سێشەممە، بۆماوەی یەک کاتژمێر دوکانەکانیان دابخەن. دەستەی پشتیوانیکردن لە داواکارییەکانی مانگرتووان، ئەمڕۆ لەناو بازاڕی سلێمانی کارتیان بەسەر دوکاندارەکانی ناوبازاڕی سلێمانیدا دابەشکرد و داوایان لێکردن، سبەینێ سێشەممە، بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە مانگرتووان لە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ تاوەکو 12ی نیوەڕۆ، دوکانەکانیان دابخەن. لەوبارەیەوە بەهار مونزیر چالاکوان و ئەندامی دەستەکە رایگەیاندووە، "داوای داخستنی دوکانەکانمان لە کاسبکاران کرد، نەخشەکەمان بە ئاراستەی جیاواز دەستنیشانکرد و ئەوانیش بە شۆڕ و شەوقێکی زۆرە پێشوازیان لێکردین". ماوەی دوو هەفتەیە 13 مامۆستا و فەرمانبەر لە سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە و داوای ئەوە دەکەن، چیتر دەست بۆ موچەکانیان نەبرێت و لەکاتی خۆیدا موچەیان پێبدرێت، هەروەها موچەی موچەخۆران بە بانکی بکرێت. دوێنێ یەکشەممە، دەیان مامۆستا و فەرمانبەرى ناڕازى، بەمەبەستى خۆپیشاندان و گردبوونەوە لە سنورى سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ناوچەکانى دیکەوە، چونە هەولێر، بەڵام لە چەند شوێنێک لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە رێگریان لێکراو دواى تێپەڕاندنى بازگەى دێگەڵە، هێزە ئەمنییەکان بە زەبری هێز و گازی فرمێسکڕێژ کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا. وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەرباری رێزگرتن لە مافی خۆپێشاندان، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رێگری لێدەکرێت و هەر هەوڵێک بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان بێت، رێگەی پێنادرێت".

بڕیارە شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی سەردانى هەرێمى کوردستان بکەن و لەگەڵ چەند بەرپرسێکى باڵاى حکومەت و سەرکردەى حزبەسیاسیەکان دیدارو کۆبوونەوە ئەنجامبدەن. ئەو سەردانە بڕیترە ڕۆژی شەممەی داهاتوو 16ی مانگ ئەنجامبدرێت و سەرەتاش دەچنە هەولێرو دیدارێک لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکى پارتى و  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدەن و دواتر سەردانى سلێمانى دەکەن. شاندی دەم پارتی رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆ.جـ.ـەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجـ.ـەلان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە. دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە. دەم پارتی دەڵێت، شاندەکە لە سێ کەس پێکدێن کە بریتین لە سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و کاسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان لە تورکیا. شاندەکەی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە 22-01-2025 سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجـ.ـەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە؛ دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "کارەکانی بەڕێز ئۆجـ.ـەلان لەبارەی پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە."

ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دوێنێ بۆ ڕوماڵکردنی چالاکییەکانی مامۆستایان چوونە بازگەی دێگەلە، ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە هەولێر بەهۆی رێگرییەکانی پەدەکەوە لە گەڕانەوەیان. فشارەکانی پارتى دیموکراتى کوردستان، بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان، مامۆستایان، فەرمانبەران و هاووڵاتییان لە باشووری کوردستان تادێت زیاتر دەبێت و لە ئێستادا رێگا نادات ڕۆژنامەنووسانی سنووری هەولێر بگەڕێنەوە شارەكەیان. دوێنێ یەکشەممە، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و کۆیە بڕیاریاندا کە چالاکییەکەیان ببەنە ناو هەولێر، بەڵام ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی ڕوویان لە هەولێر کرد لەلایەن سەربازانی پەدەکەوە لە بازگەی دێگەڵە ڕێگرییان لێکرا. پێشتریش زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی و هەولێر سەردانی بازگای دێگەڵەیان کردبوو بۆ ڕووماڵکردنی چالاکیی مامۆستایان، دوای ئەوەی پەدەکە ڕێگەی نەدا مامۆستایان بچنە هەولێر، زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی هەولێر کە هاتبوونە شوێنی چالاکوانان نەیانتوانی بچنە ناو هەولێرەوە. بەپێی زانیارییەکان، لە ئێستادا زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی هەولێر لە سلێمانین و ناتوانن بگەڕێنەوە هەولێر. ڕۆژنامەنووس نەبەز ڕەشاد یەکێک بوو لەو ڕۆژنامەنووسانەی خەڵکی هەولێرە کە ئێستا لە سلێمانییە و ناتوانێت بگەڕێتەوە پەیامێکی لە سۆشیال میدیای خۆی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ “لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەولێرەوە دەرکرام و ناهێڵن بگەڕێمەوە، دوای ڕووماڵکردنی چالاکی مامۆستایان لە دێگەڵە جارێکی دیکە ڕێگەمان پێنەدرا وەک ڕۆژنامەنووس بگەڕێینەوە هەولێر و ئێستا لە سلێمانیین، سوپاسی هەموو هاوڕێ ڕۆژنامەنووسەکانم دەکەم بۆ ئەو میواندارییە”.

وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق گەیشتینە ڕێکكەوتن. لەڕاگەیەندراوێکدا، کە لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاویانکردوەتەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریى دەڵێن: دوای کۆبوونەوەی لیژنەی سەرەکی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بەهاوتاکردنی مووچەی خانەنشیان لە ڕۆژی دوو شەممە ( ١٠ی شوباتی ٢٠٢٥ ) لە شاری بەغداد، لیژنەکە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ( ٩ ) ساڵی ( ٢٠١٤ ) ی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق گەیشتنە ڕێکكەوتن. هەروەها ئەوەشى خستوەتەڕوو: بەجۆرێک ئەو هاوتاکردنەی هەرێمی کوردستان لەمانگی تەمووزی ساڵی ٢٠٢٤ تایبەت بە خانەنشینانی مەدەنی جێبەجێی کردووە، هاوشێوەی خانەنشینانی حکومەتی فیدراڵە و وەک خۆی جێبەجێ کراوە.     

  ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل دەڵێت سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی میسڕ عەبدلفەتاح سیسی و ئەگەری هەیە لەگەڵ شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعودیە محەمەد بن سەلمانیشدا کۆببێتەوە. لێدوانەکە ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، وەکو وەڵامێک هات بۆ پرسیارێک سەبارەت بە پێشنیارەکەی ئەمدواییانەی ترامپ بۆ گرتن و گەشەپێدانی کەرتی غەززە. سەرۆکی ئیسرائیل باسی لەوە نەکرد کۆبوونەوەکان لە کوێ ئەنجام دەدرێن، هەروەها باسی لە ناوەڕۆکی بابەتەکانیش نەکرد. ئاماژەی بەوەدا دۆناڵد ترامپ بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ پاشای ئوردن عەبدوڵادا کۆببێتەوە. هێرزۆگ وتیشى: ئەمانە هاوبەشێکن کە دەبێت گوێیان لێبگیرێت، دەبێت قسەیان لەگەڵدا بکرێت. دەبێت ڕێز لە هەستییان بگرین و بزانین چۆن پلانێک دابنێین کە لە داهاتوودا بەرگە بگرێت. عەرەبستانی سعودیە پێشنیارەکەی سەرۆک ترامپی بۆ غەززە ڕەت کردووەتەوە. ڕۆیتەرز پێشتر بڵاویکردەوە کە پاشا عەبدوڵای ئوردن بە نیازە لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ترامپ پێی بڵێت کە پێشنیارەکەی دەبێتە هۆی توندڕەویی و بێسەروبەری لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاودەکاتەوە، هەروەها ئاشتی ئوردن لەگەڵ ئیسڕائیلدا دەخاتە مەترسییەوە. لەهەفتەى ڕابردوودا، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دەیەوێت ئەمەریکا خاوەندارێتی کەرتی غەززە بکات، دوای ئەوەی داوای کرد فەلەستینییەکان لەو ناوچە بە جەنگ وێرانبووە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی دراوسێی ئوردن و میسر. ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەى ڕابردوو، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی ترامپ ڕایگەیاند، "ئەمەریکا کەرتی غەززە دەگرێتەدەست و کار بۆ نۆژەنکردنەوەی دەکات." لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەدان هەزار فەلەستینی لە باشووری غەززە بەرەو باکوور گەڕانەوە سەر ماڵەکانیان، دوای ئەوەی ئیسرائیل ڕێگەی بە گەڕانەوەی خەڵک دا لە چوارچێوەی ئاگربەستێک لەگەڵ حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان. ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد، "دەیەوێت گەشە بە ناوچەکە بدات و ببێت بە ناوچەیەکی گەشتیاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".

لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا ١٥٦ کەسایەتی و هەلسوڕاوی سیاسی، لەپاڵ پشتگیری کردنیان لە هەموو داخوازیەکانی مامۆستایان و هەلسوڕاوانی مانگرتوو،  داوا لە مانگرتووان دەکەن کە بۆ بەردەوام بوون لە خەبات دەستبەرداری مانگرتن لە خواردن بن! بۆ مامۆستایانی مانگرتوی خۆشەویست لە سلێمانی و سەرجەم موچەخۆرانی چین و توێژە جیاوازەکان! بەڕێزان! ئێمەی ژنان و پیاوانی داکۆکیکەر لە ماڤی مرۆڤ، لە دەرەوەی ووڵات بە دڵێکی پڕ لە ڕێز و خۆشەویستییەوە ئەم نامەیەتان بۆ دەنووسین بۆ ئەوەی لەم ڕۆژە سەختەدا پشتیوانی و هاوسۆزی خۆمان لەگەڵتان دەرببڕین. ئێوەی مامۆستای دڵسۆز، نەک هەر ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پەروەردەکردنی نەوەکانی داهاتوو، بەڵکو دەنگی دادپەروەرین بە نوێنەرایەتی سەرجەم چین و توێژەکان لە کۆمەڵگادا.  ئێمە زۆر باش دەزانین کە خەباتی ئێوە بۆ مافەکانتان شەڕێکە بۆ ئایندەیەکی باشتر و گەشاوەتر. بە هەوڵ و خۆبەخشی خۆتان، نەک هەر فێرخوازەکانتان فێری زانست دەکەن بەڵکو بەها مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان لە دڵیاندا دەچێنن. بەڵام ئێستا لەم ساتەوەختە گرنگەدا، پێویستی پشتیوانی و هاودەنگی زیاتر لە جاران هەست پێدەکرێت.  دڵنیاتان دەکەینەوە کە گوێمان لە دەنگی ئێوە دەبێت و هەمیشە لە تەنیشتتان دەبین. شەڕی ئێوە بۆ مافە دادپەروەرەکان تەنها شەڕی مامۆستا نییە، بەڵکو شەڕە بۆ هەموو مرۆڤەکان. مافی خۆتانە لە ژینگەیەکی سەلامەت و دادپەروەرانەدا کار بکەن و ئەم هەڵوێست و نارەزایەتیەشتان وانەیەکە بۆ لاوان و فێرکاران بۆ بێدەنگ نەبوون لە ئاست داخوازییە کانیان. هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی لێکەوتە جددی و مەترسیدارەکانی مانگرتن لە خواردن، داوا لە هەموو مانگرتووان دەکەین گرنگی بە تەندروستی خۆیان بدەن مانگرتن لە خواردن رابگرن. بانگهێشتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەکەین کە پەلە بکەن بۆ پشتگیریکردنتان و یارمەتیدەر بن لە گۆڕینی دۆخی ئێستا بە هاوسۆزی و هاودەنگی. با پێکەوە دەنگی دادپەروەری و ئازادی لە کۆمەڵگادا دەنگ بداتەوە و جیهانێکی باشتر و دادپەروەرتر بەدەست بهێنین. لەم نارەزایەتیانەتاندا هەمیشە لە تەنیشتتان دەبین و شانازی بە تێکۆشانتان دەکەین. بە هیوای سەرکەوتن و بەدیهێنانی داخوازییەکان. لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستی،   بزوتنەوەی ژنان و داکۆکیکارانی ماڤی مرۆڤ لە دەرەوەی وڵات 1. نەجیبە مەحمود 2. سدیقە محەمەدی 3. فەریدە رزایی 4. سورەیا فەتاحی  5. چنور سدیق 6. روناک شوانی 7. رێواس ئەحمەد بانیخێڵانی 8. ناهیدە ئەحمەد 9. نالیا ئیبراهیم 10. حەمەی نەبەوی 11. ئاسۆ کەمال - لەندەن 12. فەراسەت ساڵحی  13. گەلاوێژ رۆستەمی 14. گەوهەر معمارزادە 15. شنە ئەحمەد رەشید 16. ناهید موکری 17. گەلاوێژ حسینی 18. ئەڤین عزیز 19. ئامینە کاکەباوە 20. شەهین شەهلای  21. عەتیفە مازوجی 22. پڕشنگ خۆرمی 23. هەژیر نینا 24. تەرزە عەباسی-ئەڵمان 25. پڕشنگ بهرامی 26. شەهلا رەحیمی -کانەدا 27. ژیلا حەیدەری 28. مریەم مستەفا سوڵتانی 29. حەمەی عوزەیری 30. تەڵا سەمەدی 31. جەمیل نەوەڕە -مامۆستای پێشوو 32. حەمید شەعبانی 33. کەریم ئەمینی -دانمارک  34. ئیبراهیم رۆستەمی 35. سەنا پیرخزرانیان 36. جەواد زەمانی 37. عەزیز (خانە) ماملێ ، مافناس و پارێزەر 38. موزەفەر پاکسرشت  39. سوهیلا قادری ،مێژووناس 40. چیمەن دارابی  41. هادی ڕەحیمی  42. ئیبراهیم ڕۆستەمی 43. سنا پیرخزرانیان 44. جەواد زەمانی 45. سالەح سەرداری 46. کەیومەرس کابۆلی 47. م.شەکیب 48. جەبار محەمەدی 49. شیوا سوبحانی  50. ڕێبوار مورادی 51. ئەبوبەکر مهرەبانی(عەبو گاگڵی ) 52. عیزەت دارابی  53. خەبات دهدار 54. فەرەج شەهابی  55. شەرافەت کەیوان  56. موسڵح ڕێبوار 57. یوسف خەلیل پورئازەر 58. هۆمایون گۆدازگەر  59. هێرش فەتحی  60. مەهین دارایی 61. حسێن عارفی  62. محەمەد حەمیدی 63. شەمسی خۆرەمی 64. مەحمود ئەحمەد -چالاکوانی سیاسی  65. عەلی شەریفزادە 66. مەنسور خالدی 67. شیوا توانایی 68. لوقمان گەلەداری 69. عۆمەر مینایی 70. کاروان سەعید -مامۆستا -سوید 71. جەلیل رەزایی 72. ئەڵماس فەرزی  73. عەلی لەگزی 74. شایستە موحەمەدیان 75. نینا سرافراز 76. نازاەنین حەسەن  77. شەمسی سلیمانی  78. ئەسرین قادری 79. شەمی سەلواتی  80. مریەم افراسیابپور 81. لاوژە جەواد -هەڵسوڕوای بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان 82. سۆران وەهاب 83. سوهەیلا روحانی 84. ئەردشیر نەسڕوڵلا بیگی 85. ڕزگار خەلیفەزادە 86. شەهین حەیدەری 87. رەئوف ئەفسایی- بەریتانیا 88. ئیبراهیم باتمانی 89. سیروان بالانی 90. ئارام حمەساڵح - ئەمریکا 91. حمە سوڵتانی(دەرزی وەلی) 92. ئیسمائیل مەولودی ( بایزید) 93. سەلاح کەفاشی  94. سلیمان قاسمیانی 95. لۆقمان وەیسی ئەندامی پێشوو ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-مەریوان 96. جمشید اساسی 97. سیروان قادری 98. مینو میرانی 99. تۆفێق پیرخزری  100. سردار عەبوڵا حەمە 101. ئەنوەر عەزیزیان  102. تۆفێق فەرەجی 103. ئەختەر کەمانگەر 104. مەسعود شەریفی 105. ئێقباڵ نەزەرگاهی 106. ئیسمائیل مەردۆخی 107. جەماڵ کرێکار 108. ئاوات ڕەسوڵ لە ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەڵتەرناتیڤی نان کار ئازادی ئیدارەدانی شورایی 109. ئیسمائیل مەولودی 110. کورش حەواری نەسەب 111. خالد عەلی پەنا 112. فەرزاد میرەکی 113. فەرەج زارعی 114. سەعید یەگانە 115. کاردۆ ئابان 116. ڕێبوار عارف 117. علی خدری 118. مەدح کاکەیی 119. ئاسیە مەجید 120. عەبدوڵا مەحمود/ سەرنوسەری بڵاوکراوەی بۆپێشەوە 121. بیژەن جەهانبەخش 122. سەردار قادری 123. دلێر سفیدی 124. سەبا پڕمێهر  125. ڕۆژین ئەمینی 126. ئامانج خالسی 127. پەریسا کڵاوقوچی 128. سەرکەوت ڕۆستەم گورجی 129. جەمشید دەویق فەرد 130. حەبیب سوڵتانی 131. محەمەد وەلەدی 132. مۆختار محەمەدی 133. مستەفا باهیر ١٣٤. گوڵاڵە مەعروف ١٣٥. ابراهیم حسێن ١٣٦. بنار مستەفا ١٣٧. سروە حەوێز ١٣٨. تاژان ساڵح ١٣٩. شیرین حەمەعەلی ١٤٠. عمر هەنگاو ١٤١. تاهیر عیسا ١٤٢. ئالان دانیار ١٤٣. سندس سامی ١٤٤. چیمەن قەرەداغی ١٤٥. ئاکام محمد ١٤٦. سیروان 

سەنتەری میترۆ بە توندی ئیدانەی هەڵكوتانە سەر نوسینگەی كەناڵی كەی ئێن ئێن و دەستگیكردنی تیمی رۆژنامەوانی پۆلەتیك دەكات و رایدەگەیەنێت ئەمرۆ دەیان پێشێلكاری جۆراجۆر رویانداوە لەوەنەش رێگەنەدان بە گەڕانەی تیمەكانی میدیایی شاری هەولێر كە بۆ روماڵ هاتبوونە دێگەڵە. دامەزراوەی میدیایی گۆڕان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە باسلەوەدەكەن كە نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزێكی نەناسراو بەناوی ئاسایشی هەولێر و بە جلوبەرگی مەدەنی و بە ئۆتۆمۆبێلی بێژمارە، هەڵیانكوتاوەتە سەر نوسینگەی كەناڵی KNN لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و دوای ئەوەی دەستیان گرتوە بەسەر كامێرا و مۆبایلی كارمەندەكانمان، سویچ و ساڵانەی ئۆتۆمبێلەكانیان لێوەرگرتوون و بەشێك لە وێنە و ڤیدیۆی تۆماركراوی ناو مۆبایلەكانیان سڕیوەتەوە، دواتر هێزە نەناسراوەكە نوسینگەكەیان بەجێهێشتوە. ئێوەاری ئەمڕۆ د. سەربەست حسێن، سەرنووسەری دەزگای میدیای پۆلەتیك پرێس بە سەنتەری میترۆی راگەیاند تیمێكیان (تەمەن رەواندوزی و نەبی مەلیك فەیسەڵ) كە لەكاتی پەخشی راستەوخۆبوون لە لایەن هێزێكی ئەمنییەوە پەلاماردراون و دەستبەسەر كەلوپەلی رۆژنامەوانی تیمەكەیاندا گیراوە ووتی"  بە پێی بەدواداچوونمان تیمەكە لە ئاسایشی گوندی كۆری دەستبەسەرن و پەیوەندیمان لەگەڵیاندا پچڕاوە" هەروەها نەبەز رەشاد پەیامنێری بوار بە میترۆی ووت" چەندین تیمی میدیای كە لە هەولێرەوە هاتبووینە دێگەڵە بۆ روماڵكردن ناهێڵن بچینەوە هەولێر" . سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت ئەم شەپۆلە لە توندوتیژییەی ئەمرۆ كاری رۆژنامەنوسانی قورسكرد، بە توندی ئیدانەی دەكەین و لەگەڵ هیچ یاسایەكی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی كە ئازادی رۆژنامەنوسی دەپارێزێت ناگونجێ. هەروەها داوادەكات هێزە ئەمنییەكانی بازگەی دێگەڵە رێگە خۆشبكەن تا تیمەكانی رۆژنامەنوسانی هەولێر، بگەڕێنەوە ناو خێزانەكانیان. پێشتر تۆڕی هاوپەیمانی 19 بە وردی تیشكی خستە سەر توندوتیژی بەرامبەر بە مامۆستایانی ناڕازی و رۆژنامەنوسان كە روماڵی ئەم چالاكییەن كردوە و لە لاپەڕەی سەنتەری میترۆو تۆڕی 19 بە زمانی عەربی بڵاوكراوەتەوە.

بەهای دراوی ئێران بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکایی بۆ نزمترین ئاستی پێوانەیی دابەزی، دوای ئەوەی ڕابەری باڵای ئێران گفتوگۆی لەگەڵ ئەمەریکا ڕەتکردەوە و سەرۆک دانۆڵد ترامپ هەوڵیدا هەڵمەتی " زۆرترین فشار " بۆ سەر تاران بگەڕێنێتەوە. بەپێی ماڵپەڕی ئاڵوگۆڕی بیانی alanchand.com، ڕۆژی یەکشەممە نرخی تمەن لە بازاڕە نافەڕمییەکاندا بۆ 900,500 تمەن دابەزی، بە بەراورد بە 869,500 تمەن لە ڕۆژی شەممەدا.  ماڵپەڕی bazar360.com دەڵێت دۆلار بە 883,100 تمەن فرۆشراوە. ماڵپەڕی Asr-e-no بڵاویکردەوە کە نرخی دۆلار بە 891,000 تمەن مامەڵەی پێوەکراوە. لە کاتێکدا کە ڕووبەڕووی ڕێژەی هەڵاوسانی فەڕمی لە سەدا 35 بوونەتەوە، ئێرانییەکان بەدوای پەناگەیەکی پارێزراودا دەگەڕێن بۆ پاشەکەوتەکانییان، دۆلار و دراوی قورسی دیکە و زێڕ دەکڕن. دوای هەڵبژاردنەوەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ وەکو سەرۆکی ئەمەریکا، نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن بەرزبووەوە و بە نزیکەی 690,000 تمەن مامەڵەی پێوەکرا، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییەکانەوە سەبارەت بەوەی ترامپ سیاسەتی " زۆرترین فشار " بەسەر ئێراندا بسەپێنێت و سزای توندتر بخاتە سەر ئەو وڵاتە و دەسەڵات بە ئیسڕائیل بدات هێرش بکاتە سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران. لە ساڵی 2018 دا سەرۆک ترامپ کە ئەو کاتەش سەرۆکی ئەمەریکا بوو لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا. ڕێککەوتنەکە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی سنووردار دەکرد و لە بەرامبەریشدا سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران سووک دەکران. ئێرانیش لە وەڵامدا زۆربەی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەی پێشێل کرد و پیتاندنی یۆرانیۆمی خێراتر کرد. لە دوای سەپاندنەوەی سزاکانەوە لە ساڵی 2018 دا، تمەنی ئێرانی زیاتر لە سەدا 90 ی بەهاکەی لە دەستداوە.

لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، سکاڵای یاسایی لەسەر هەریەکە لە سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق تۆمار کردووە، لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ یەکشەممە، هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکى سکاڵاکانى خستەڕوو. ناوبراو ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، سکاڵاکەى سەرۆک کۆمار، لە رۆژی 20-01-2025، تۆمار کراوە 19 رۆژ بەسەر سکاڵاکەیان تێپەڕ بووە، بەڵام لەو ماوەیەدا چاوەڕوانی بڕیاری دادگا بوون.   هاوڕێ تۆفیق وتى: داوامان کردووە دادگەی فیدراڵی فەرمانی وەلائی دەربکات بۆ خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی بەردەوام و بێ دواکەوتن بابەتە هونەرییەکان نەبنە هۆکاری دواخستنی مووچە. بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد لە سکاڵاکەیان دا داوایان کردووە دادگای فیدراڵی، ئەنجوومەنی نوێنەران پابەند بکات بە پەسندکردنی مادەی 12، بڕگەی ج لە یاسای بودجەی فیدراڵی کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە رۆژانی رابردوو ئەوە کرا.   رۆژی 02-02-2025، پەرلەمانی عێراق دەنگی بە هەمواری یاسای بودجە دا. مادەی 12 لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق تایبەتە بە خەرجیی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان، پێشنیاز کراوە 16 دۆلار بێت، لە عێراق خەرجییەکە 6 دۆلارە، لەو ماددەیەدا بە خاڵ لایەنە یاساییەکەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان باسکراوە. هاوڕێ تۆفیق لە بەشێکی قسەکانی دا باسی لەوەش کرد، دادگاییەکە رۆژ 12ـی مانگ دەکرێت و "هەموو لایەک چاوەڕوانین دادگەی فیدراڵی بڕیاری دەستووریی خۆی دەربکات".   بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لەتیف رەشید "پەرۆشی دۆخی مووچەخۆران و سەرجەم هاووڵاتییان و پێکهاتەکان لە هەموو عێراق، بۆیە ئێمەی راسپارد بۆ داکۆکی لە مووچەخۆران، ئەو سکاڵایە تۆمار بکەین". ئەمڕۆ 13 رۆژە بەشێک لە مامۆستا و فەرمانبەرانی سلێمانی بەهۆی دواکەوتنی مووچە، خێوەتیان هەڵداوە و مانیان لە خواردن گرتووە. هاوڕێ تۆفیق باسی لەوە کرد، سەرۆککۆمار داوای کردووە، دادگەی فیدراڵی، وەزارەتی دارایی عێراق بە خەرجکردنی سەرجەم مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی رابردوو و تەواوی مانگەکانی داهاتوو پابەند بکات.

  وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەرباری رێزگرتن لە مافی خۆپێشاندان، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رێگری لێدەکرێت و هەر هەوڵێک بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان بێت، رێگەی پێنادرێت". ئەمڕۆ یەکشەممە، دەیان مامۆستا و فەرمانبەرى ناڕازى، بەمەبەستى خۆپیشاندان و گردبوونەوە لە سنورى سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ناوچەکانى دیکەوە، چونە هەولێر، بەڵام لە چەند شوێنێک لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە رێگریان لێکراو دواى تێپەڕاندنى بازگەى دێگەڵە، هێزە ئەمنییەکان بە زەبری هێز و گازی فرمێسکڕێژ کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا. لەڕاگەیەندراوێکیدا وەزارەتى ناوخۆى هەرێم دەڵێت: جەند رۆژێکە لە سلێمانی گردبوونەوەی ژمارەیەک فەرمانبەر بەدی دەکرێت. داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران و چین و توێژەکان هەمیشە لە خشتەی کارە لەپێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان. وەزارەتى ناوخۆ هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، دەڵێت: کۆمەلێک کەس و لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی لە عێراق دەیانەوێت ئەم داواکارییانە بە کاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان و هەندێک لایەنی پاشکۆ، لایەنەکانی لە یاسا دەرچوو ، پ. ک. ک. و کەسانی تر سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە  بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەکانی تری هەرێم بەکاری بهێنن. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى  وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان جەند رۆژێکە لە سنووری سلێمانی گردبوونەوەی ژمارەیەک فەرمانبەر بەدی دەکرێت. داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران و چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە لە خشتەی کارە لەپێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان و لەو پێناوەش بە بەردەوامی لەگەل حکوومەتی فیدرال لە بەغدا کار بۆ بەدیهاتنیان کراوە و تا رادەیەکی باش بەرەو پێشچوون هەیە. بە هەماهەنگی لەگەل بەغدا لە هەولی چارەسەرکردنی بابەتە هەلواسراوەکانین.  ئەوەی جێگای هەلوەستەیە، کۆمەلێک کەس و لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی لە عێراق دەیانەوێت ئەم داواکارییانە بە کاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان و هەندێک لایەنی پاشکۆ، لایەنەکانی لە یاسا دەرچوو ، پ. ک. ک. و کەسانی تر سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە  بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەکانی تری هەرێم بەکاری بهێنن و بەمەش داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران تێکەڵ بە مەرامەکانیان دەکەن. سەرباری رێزگرتن لە مافی خۆپیشاندان، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رێگرییان لێدەکرێت و هەر هەولێک بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان بێت رێگەی پێنادرێت.